تیۆری کویر (Queer)

تیۆری کویر(Queer)؛ تیۆر و کۆمەڵە بۆچوونێکی کۆمەڵناسانەیە بە تایبەت لە پانتاییی سێکسوالیتەدا کە پەیوەست بووە بە باسی ھۆمۆسێکسوال (ھاوڕەگەزخوازی) و دووڕەگەزی و ئەوانی دیکە. بەم شێوەیە کویر دابڕانێکە لە دیواری سێکسوالیتەی ئۆرتۆدۆکس و ڕاستگەرادا بەدی ھاتووە. ئەم دابڕانە لادانێکی ئەخلاقی/سیاسییە لە چوارچێوە باو و زاڵەکان لە بواری سێکسدا.

دابڕانێکی بەم شیوەیە کارێکی کردووە کە بێدەنگیی کۆمەڵناسانی سەرەتایی یەکسەر تێک بشکێ و ڕەوتی سێکسوالیتە بە واتای بنەمایەکی مەعریفی و ئیبستمولۆژی ببێتە بنەمایەکی نوێ بۆ ناسین .

وشەی کویر (queer) لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ دا بە واتای شتێکی نەناسیاو و سەیروسەمەرە و نائاسایی بوو. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە واتای وشەی نەشیاو (جنێو) بەکار دەھێنرا، زیاتریش بۆ کەسانێک بوو کە ھەستێکی ڕەگەزیی نائاسایییان ھەبوو.[1] ئەم ڕوانگەیە بە تایبەت لە دوای ١٩٧٠وە وەکوو بەشێکی سەرەکی لە کۆمەڵناسی و بە تایبەت لە بەرانبەر ڕەوتی زاڵی سێکسوالیتەدا سەری ھەڵدا . کویر دەتوانێ ناوێک یان کردارێک یان بابەتێک بێت، بەڵام بە تەنیایی لە خۆیدا بەستێنێکی میتۆدۆلۆژیکی و چەمکی نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک سەرقاڵبوونی فیکری و پراکتیکییە کە لە بواری سێکس و ڕەگەز و مەیلی سێکسیدا سەری ھەڵداوە. ھەرچەند تیۆری کویر، قوتابخانە و ڕێبازێکی فکری و سەربەخۆ نییە لە چەشنی مارکسیزم یان پێکھاتەخوازی و….ھتد، بەڵام لقێکی زانستییە کە بە شێوەیەکی نائۆرتۆدۆکسی و پێچەوانەخوازنە کۆمەڵێک بابەت و ڕێبازی ڕەخنەگرانەی لە رێبازەکانی دیکە لەخۆ گرتووە.[2] باسی کویر بە واتای دابڕانێک لە بابەتی سێکس و پەیوەندیی ئاساییی سێکس کە پێی دەوترێ ھێترۆسێکوالیتە (جیاڕەگەزخوازی Heterosexuality ) ئەمڕۆکە لە زۆربەی بوارەکاندا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لەخۆ گرتووە.

ستین و پلامێر (stein , Plummer)  لە وتارەکەیاندا لە کتێبی “تیۆری کویر/کۆمەڵناسی “، چوار نیشانەی تیۆریی کووئیر دێننەوە کە کووئیر لەم ڕێگەوە ھەڵوێستی گرتووە؛

یەکەم: بڕوا بەوەی کە دەسەڵاتی ڕەگەزی لە سەرانسەری ژیاندا بەردەوامە و لە ڕێگەی سنووردانان و دابەشکارییە دووانەییەکانەوە بەھێزتر دەبێتەوە.

دووەم: پڕۆبڵماتیککردنی بابەتە ڕەگەزی و سێکسوالیتەییەکان بە شێوەی شتانێک کە ھەمیشە بنەمایەکی ئاڵۆز و ناڕوونیان ھەیە.

سێیەم: پەسەندکردنی ستراتیژی مافی سڤیل و لایەنگری لە پێکھاتەشکێنی و ناوەندشکێنی و خوێندنەوە پێداچوونەوەییەکان و سیاسەتەکانی دژە یەکسانسازی.

چوارەم: خوازیاری پرسینەوە لەو بەستێنانەی کە وەک پانتاییی بابەتە ڕەگەزییەکان ناناسرێن.

لە سەرانسەری ئەم چوار نیشانەیەدا ، کویر دژ بەو ھەڵوێستە زاڵە ڕادەوەستێ کە ھێترۆسێکسوالیتە (ناھاوڕەگەزخوازی- یان جیاڕەگەزخازی) وەک لایەنی دروستی ژیانی سێکسی ڕەچاو دەکا و لەم ڕێگەیەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناھێترۆسێکسوالیتە یان ھەمان ھاوەڕەگەزخوازیدا دەسەپێنێت.[3]

تیۆری کویر، کۆمەڵێک ئامرازی دیکانستراکتیڤی بە دەستەوەیە کە لە تیۆرییەکانی پاش پێکھاتەخوازی (Post-structuralism) و دیکانستراکشێن (Deconstruction) و دەروونشیکارییەوە وەرگیراوە. بیرمەندانی وەک میشێل فوکۆ و ژاک دێریدا و کۆمەڵناسانی وەک سێجوێک (Eve Sedgwick) و جۆدیت باتلێر کاریگەرییەکی زۆریان ھەبووە لەسەر ئەم ئەندێشەیە. بە تایبەت کارێکەی فوکۆ لەسەر “مێژووی سێکسوالیتە”، جۆرێک داڕشتنەوەی تازە بوو لەسەر چەمکسازیی ڕەگەزی و مێژووی لەمەڕ سێکسوالیتە. لە سەرانسەری ئەم بۆچوونە و بۆچوونەکانی دیکەدا، شوناسی ڕەگەزی لە خۆیدا بابەتێکی سروشتی و زاتی نییە، بەڵکوو لای فوکۆ و ئەم بیرمەندانە شوناسی ڕەگەزی وەک شوناسەکانی دیکە کەنستراکتی کۆمەڵایەتییە و ھەڵقوڵاوی کۆمەڵێک پەیوەندیی زاڵە لە کۆمەڵگەدا وەکوو دەسەڵات و سیستەمی سیاسی و ئابووری و…ھتد. سێجویک پێی وایە سازەییبوون چەمکی دووانەی ھاوڕەگەزخواز لە زاتی فەلسەفەی ڕۆژئاوادایە کە ئەمە لە خۆیدا لە گوتارێکی زاڵی دژھاوڕەگەزخوازی پێک ھاتووە. 

میشێل فوکۆ زۆرترین کاریگەری ھەبووە لەسەر تیۆری کویر، کتێبی مێژووی سێکسوالیتە لە ساڵی ١٩٧٠ دا نووسرا لە ئەنجامدا بزاڤێکی سێکسی لەنێو کولتووری ڕۆژئاوادا بەدی ھێنا.[4] فۆکۆ بە ڕەچاوکردنی ڕوانگەیەکی مێژوویی، لە ڕاستیدا ئاکاری ھاوڕەگەزخوازی وەکوو بابەتێکی کانستراکتیڤ و مێژوویی ناوزدە دەکات کە لەژێر کاریگەریی ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی/مێژووییدا پێک ھاتووە و ھەنووکە بە واتای بەشێک لە وتاری زاڵی سێکسی بووەتە بنەمایەک بۆ ڕژێمە دەسەڵات/حەقیقەتەکان. بە ڕای فوکۆ چەمکی سێکسوالیتە لە سەردەمی مۆدێرندا تووشی گۆڕانێک و وەرچەرخانێکی سەرەکی ھاتووە. 

پێی وایە مانای سێکسوالیتە لە سەردەمی یۆنانی کۆندا پەیوەست بووە بە بابەتی چێژ و ئەخلاقی خۆسەروەری (self-mastery). لە سەردەمی مۆدێرندا سێکس بووە بە بەشێک لە گوتاری حەقیقەت لەم سەردەمەدا، شەپۆلێک لە دەستوور و بڕیاری سێکسی لە پێناو زانستەکاندا وەک دەروونناسی و پزیشکی و جەماوەرناسی بە دەوری سێکسوالیتەوە بەدی ھاتن. بەم پێیە بە ڕای فوکۆ سێکسوالیتە لەم سەردەمەدا دەسکەوت و بەرھەمھاتووی زانستە. کەوابوو سێکسوالیتە نە بەشێکە لە ژین و جەستەی ئێمە نە بابەتێکی نەگۆڕ و سروشتییە. ھەر چەشنە ئاکارێک دژ بە یاسا و بنەما زانستییەکانی سێکسوالیتە، بۆ نمونە ھاوڕەگەزخوای بەشێک بوو لە پێشێلکردنی یاساکان و بەم پێیە ھۆکاری شەرمەزاری و سزا بوو. ڕژێمی سێکسوالیتەی نوێ بە واتای ڕژێمێکی حەقیقەت، جیھانێکی نوێ بەدی ھێنا کە تێیدا کۆمەڵێک ئاکاری وەک ھاوڕەگەزخوازی و ئەنجامدانی خووی نھێنی و ئاژەڵبازی.. ھتد بە واتای بەشێک لە ترازانی کۆمەڵایەتی/ئەخلاقی دەکەوتنە بەرامبەر لایەنی سروشتی و ئەخلاقی پەیوەندیی سێکسی واتە ناھاوڕەگەزخوازی. شەڕی فوکۆ ئەوەیە سیستمی مۆدێرن بە دابەزاندنی ئاستی سێکسوالیتە بۆ پەیوەندییە سێکسیەکان، کۆمەڵێک دابەشکاری چەمکی لەنێو کۆمەڵگەدا بەدی ھێناوە و بەم پێیە ڕێگەی خۆش کردووە بۆ زاڵبوون و دیسپلینی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتدای بەسەر مرۆڤەکان.[5] ھەرچەندە بە ڕای سپارگۆ، ئەم مۆدێلە گشتییەی فوکۆ لە خۆیدا بنەمایەکی سەرەکییە بۆ تیۆری کویر[6]، بەڵام نووسراوەکانی باتلێر لە کتێبی “کێشەی جێندەر”دا (gender trouble)  بوو کە بوونە بەشێکی سەرەکی لە تیۆری کووئیر.

باتلێر ڕەگەز بە واتایەکی نمایشی (perfomativity) ڕەچاو دەکات نەک دیاریکراو، واتە ڕەگەز بریتییە لە کۆمەڵێک بۆچوونی بێ ھۆ کە بنەماییەکی ھەژموونی لەمەڕ شوناسی ڕەگەزی پێک دێنێت. باتلێر بەم پێیە ڕەگەز وەک تێگەشتنێکی کولتووری لە جەستەیەکی بیۆلۆژیکی جیا دەکاتەوە لە سێکس وەکوو جەستەیەکی بیۆلۆژیکی و سێکسوالیتەش بە واتای بەکارھێنانی ئۆبژەی سێکش دێنێتەوە. بەڵام ئەم دیاردانە ڕەنگە ئاوا بەم شێوەیە لەلایەن تاکەوە لێک جیا ناکرێتەوە . چونکە ئەمانە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوی دیدا بەدیھاتوون بوونەتە شوناسی تاک[7]، بۆ نموونە پیاو کەسێکی خاوەن پیاوەتی و ئەندامی نێرینە و جیاڕەگەزخوازە، کەوایە پیاوەتی و جیاڕەگەزخوازی پەیوەندییەکی ئەم ئەوەکییان ھەیە. ڕەگەز لایەنێکی نمایشی دەدات بە تاک کە بەو شێوەیە ژیانێکی سێکسی پێک بێنێت. کەوابوو سێکسوالیتە ھەمان لایەنی نمایشی و کانستراکتی ڕەگەزە، باتلێر چەمکی بیسێکسوال(bisexual) بەکار دەھێنێت بۆ تاووتوێکردنی باسی نمایشیبوون بابەتێکی کارامەیە. بە ڕای باتلێر، درێژەداربوونی نمایشی ڕەگەزە کە ڕێگە دەدات ڕەگەزەکان بە شێوەی کولتووری داسەپێن، ئەمە شێواز و ڕێسای سێکسوالیتە (ژنانەبوون یان پیاوەتی) دیاری دەکات.


[1] .Ahmed,S (2006) Queer phenomenology: orientations,objects , others, London: duke university press, (p/4).

[2] spargo,T (1999) Foucault and queer theory , New York, Totem books , (P/9)

[3] .stein ,A & Plummer,K (1996) “ l can’t even think straight “ : “queer” theory and missing sexual revolution in sociology. In queer theory / sociology ed . S,seidman, Cambridge;Blackwell, (P/134).

[4] spargo,T(1999) Foucault and queer theory, New York , Totem books.(P/10-11).

[5] سیدمن،استیون(١٣٨٦) ، کشاکش آرا در جامعەشناسی، ترجمە :ھادی جلیلی، تھران ، (ص/٦&٢٢٢).

[6] ھەمان سەرچاوەی پێشوو (ص/٢٦)

[7] butler ,J. (2006), gender trouble ,New York, routledge (original work published 1990), (P/23).

سەرنجێک بنوسن