هێرشی مشکەکان

وتبووی لە بەر پەیکەرەی مەستوورە خانمی ئەردەڵان کۆ بینەوە، هەر لەوێ وێنەیەکی بێ سەرپۆش بگرین و لە پەیجی ژیڤانۆ داینێین و ڕێ کەوین. ژنان بێ سێ و دوو قەبووڵیان کردبوو. زووتر لە هەمووان گەیشت. هەر کە گەیشتە نێو کافە، دایکی زەنگی بۆ لێ دا:

– ئەوە هایتە کوێ ئازادە؟ فاتمە خانم ئێژێ شار شلۆقە و خەڵک ڕژیاگنەسە دەرەو، بمزانیای واسە نەمەهێشت بچی.

– گووی خوارد ئەو عەجووزە! ئەو گشتە تەعەهۆدمە داگە، چۆن ئەچمە ناو شلۆقییەو؟ من کارم چەس! هیچ خەوەرێکیش نییە، ئەو دەوا گەلتە بۆ ئەسێنم و …

– دوام گەرەک نییە بە توون! خوام ئەکرد ماڵەکەیان ئەکڕاندەو! نازانم بەم شلۆقییە بۆ چە ئەو قژە درێژتە ئاوا پەخشەو کردەو؟ ئەو کەنیشکە داماگیانە لە تارانا هەر لە سەر چکێ قژ کوشت.

دەیزانی هەتا نیو سەعاتی تر، ژیان دەکەوتە چەرخەیەکی ورووژێنەر و نائاسایییەوە، وەک چۆن فاتمە خانم ڕۆژی حەشری وا دەگێڕایەوە دەبا سوورەتی ” التکویر” ئاوی بە دەستەکانیدا کردبایە. دوایین هیوای لەو کاتەدا، زیندوومانەوە و بینینەوەی ئەو سەرهەڵدانە بوو لەسەر ڕۆژمێرەکانی داهاتوودا. هاتەوە پێش چاوی ئەو دیمەنە: بە تیرێکەوە پێوە دەبوو، هەتا ساڵێک لای بنەماڵە و کەس و کارییەوە هەموو کەلوپەلەکانی بە چەشنێکی گاڵتەئامێز پیرۆز دەبوونەوە. بۆیە دەبا لەو چەند چرکەیە دوایین قسەی کردبایە لەسەر ماڵەکان. لەوانەش بوو وا دەرنەچێت و ئۆخەیان بە کوشتنی کردبایە و ماڵەکە فرۆشرابایە و دایکی ببوایتە کرێچیی براکانی. لە دوای سەرکەوتن، بەپێی ئەو ئەمانەتییانەی لای دۆستان، لەوانەیە فیلمێکی دێکۆمێنتاریشیان لەسەر ژیانی ساز کردبایە.

–دایە! ئەو ماڵە ئیتر کۆنە و ئاڕوفتەس، بیە بیکوتن و بیکەنەو. با واحدێکی بۆ خوەت بێ، هەر لەو مەحەلە، لەسەر ئەو خاکە، وەلێ ماڵێ تازە، خوەش، بەرژەوەن دار. خوەیشت خاون ماڵی…

جاران دەیگوت: “بیکەینەوە”، دایکی ئاشوفتەتر لەوە بوو لێی تێبگات و هەر خەمی قژەکانی بوو.

– هۆشۆ بە خوەتەو بێ ڕۆڵە! خوزگە پەلکەت کردای، یا بتخستایتە ناو کراسەکەت، یا هەر ناچواتای. ئۆف! داخۆم ئەمڕا چە پەنێ بێریتە سەرما ئازادە! بە خوا هیچکە نییە بێتە شۆنتا. نە من پای هەڕا هەڕام هەس و نە برا جواوت ئاتەو، خوایزانێ بتگرن چەت پەنگەلێ بێرنە سەرتا… جا تۆیش قوڵم و ناحاڵی، ئەوانیش بێڕەحم و بێ دایک و باوک… ئەی خوا شکورم بە بەشت خوا!

بەخێڵی هات بەو ئارامش و دڵ ئەرخەیانییەی نێو ڕوومەتی مەستووەرە خانم. خانمی شاعیر بە دوو قامکییەوە سووچی کراسەکەی گرتبوو و خەریک بوو بە شێنەیی هەنگاوی دەگواستەوە. کاتێ کاک هادی چرچی ئەو گۆشە کراسەی دەتراشی، ئازادە لە لای بوو. ئەو هێمنی و پێوەندییە ڕۆحییەی نێوان کاک هادی و مەستوورە خانم، بێدەنگیی ناو حەوشی عیمارەتی خەسراو و قیژەقیژی قازەکانی ناو حەوزی عیمارەت، وای کربوو کە بابەتی نامیلکەکەی هەر لەوێ، لەسەر ژیان و شێعرەکانی مەستوورە خانم لە مێشکیدا بیچم بگرێ؛ بەڵام ئێستا دڵی وا لێی دەدا کە نە زەردەخەنەی سەر لێوی مەستوورە خانم، نە گێلگێلەی دەوری کڵاو فەیسەکەی و نەش کراسە ئەتڵەسییە شین و زێڕینەکەی، ئۆقرە پێ نەدەبەخشی.

ئێستا لەو کاتانە بوو وا بە تەقەیان خشپەیەکی بچووک خورپە لە دڵییەوە دەهات. وەک سەربازێکی ئامادەی بەرخۆدان گوێ هەڵدەخست، بێ ئۆقرە دەبوو کاتێ دەیبیست مشک دیوارەکان هەڵدەکڕێنێ و جاڵجاڵۆکە لە بن سرمیچەوە جۆڵانە ساز دەکا و قالۆنچەی چاو قایم پەکی بۆ کەس ناکەوێ و وەک ئەوەی خاوەن ماڵ بێ، بۆ خۆی دێت و دەچێ. کە دەچووە حەمام نەیدەزانی دەبێ دەرگا دابخا یا نا. گەر دایخستبایە ئیتر ئاگای لە دەنگەکانی دەرەوە نەدەبوو و دڵی لە مستیدا بوو نەکوا لەو چارەک و نیو سەعاتە لەشکرێ سەرباز تەپ بدەنە مل سەریو داشیخستبایە، ئەگەری هەردەم دەرگاشکاندن و دەستبەسەرکردنی بە ڕووتی، بۆ چرکەیەکیش بوو نەیدەهێشت لە ژێر دووش چاو ببەستێ. ئەو کاتە وا لێوی دەلەرزی ڕەنگی دەبزرکا و دەست و پێی دەیبەست. خوێن نەدەگەیشتە مێشکی و نەدەسووڕا لە دەماردا، هەناو بەتاڵ دەبووەوە لە گورچیلە و گەدە و ڕیخۆڵە. دڵ، دەبووە بۆمبێکی سەعاتی و زرم و کوتی لێدانی گوێ کەڕکەرە بوو. ئەژنۆ، تاقەتی هەڵگرتنی ئەو بارستایییەی نەدەما و لاق لە بیانوو دەگەڕا لە شتێ – بگرە ڕیشەی پرتووکاوی فەرشێک-  بەربکەوێ و ئەژنۆ بلەرزێ و بڕمێ. عارەقەی سارد دەتکا بەسەر بڕبڕەی پشتیدا و گوێی گەرم دادەهات. ئەو کاتە وا باوەڕ بە سێبەریشی نەدەکرد، جاڵجاڵۆکەکان کامێرای شاراوەیان لە زگدا بوو و تەلەفوون خەبەرچین بوو. هەوا قڕنیس بوو یان سییە کەمکاری دەکرد لە هەڵمژینی؟

گەڕابوو پێشتر بە لیستی چاتەکانیدا و هەموو ئەوانەی بۆنی نووکە دەرزییەک گێچەڵی لێهاتبایە، سڕیبوویەوە. هارد، لەپتاب، فلەش، دەفتەرەکانی بیرەوەریی ئەو دوایین ساڵانە و هەندێ کتێبی لە ماڵی هاوڕێیان دانابوو. کەچی ژێرزەوین جێگای زۆر بوو بەڵام، دەیزانی مشکەکان بە ئاسانی دەیدۆزنەوە.

دایکی کوتبووی:

-هەر بەم تەڵە ئەونەمە تۆپان نەوێتەو! ئەزانی چۆن؟ نانم چەور کرد و چکێ پەنێرم پیا ساوی، ئەوە چەن ڕۆژە لە خەو هەڵەسم و کارم فڕەدان مشکە تۆپیگە بە زیام نەکرد. ئەهاها… بڕوا چۆن دیوار حەوشەکەیان کونا کردگە، چووگنەسە ژێرزەوین، لەناو دەغڵ و دانەکە بەچکەیان کردگە.

ئەمە کسمی بوو، هەر لە منداڵییەوە وا بوو، هەر مشک و قالۆنچەیەک کوژرابایە، خەمباری بەچکە هەتیوەکانیان دەبوو. دەڵێی دایکی فکری خوێندبووەوە کەوا بە وەڕەزییەوە توانجی لێ دابوو:

– دەی بەشکەم ئەنجوومەن حمایەت لە مشک و قۆلانچەیشم بۆ دانی، خۆ تۆ دەسێکۆ هەس بۆ ئەم بەزم و باوە. بە جێگەی ئەوە سەر داخەیت و بپلکیتە زندگی خوەتەو… خۆ من تا سەر نامێنم بۆ تۆ ڕۆڵە، من و تۆ مێوانین لەم ماڵە، هەر ئەیژم هەتا جوانی بەشکەم دانێ پەیا کەی بە دڵ خوەت و بچنە ناو ماڵ خوەتان و ئەم ماڵیشە بفرۆشین بیەینە دەردێکەو. ئەونەیشە هاتوچووی دادگا و کەڵانتەریت کردگە ئیتر کەس نایتە داواتەو. چە بێژم؟ هەرچێ خوا گیان بیکاتە قسمەت، خوا لەمە خراوتر نەیرێتە سەرمانا! ئەچیتە دەرەو؟ ئەگەر ڕێگەت کەفتە ناو بازاڕ، لە عەتارییەکەی کا شەمسە دەوای مشک و قۆلانچەم بۆ بێرانەو! مشک وریاس. تازە فێر ئەم تەڵە بووگن، ئەشێ بە دەوا چاریان کەم.

جا لە بەر خۆیەوە بۆڵاندبووی:

– ئیتر بە کار ناخوا.

دەبا شتێکی گوتبا، دەبا دەنگی خۆی بیستبایە تا لەو شەڕەی ترس و بوێرییە، ترسی بەزاندبایە. وەک ئەو کاتەی لە هێڵێکی بێ ژمارەوە تەلەفوونیان بۆ دەکرد و بۆ بەیانییەکەی بانگیان دەکردە دایرەی زانیاری و، ئەو بیست و چوار سەعاتە تەواوبوونی بۆ نەبوو؛ گۆرانی گوێ دەدا، تەمرینی چاوقایمی دەکرد لە بەر ئاوێنەوە، هەڵدەپەڕی، هەرچیی دەست کەوتبایە دەیخوارد، دەچووە میوانی، بازاڕ، هەر لە خۆڕا شتی دەکڕی، دەیزانی تەلەفوونەکەی لەژێر چاودێرییە و بەو حاڵەشەوە بۆ هەرکەس پێی خۆش بایە زەنگی دەدا و ئازادانە قسەی دەکرد بەڵام ئەو بیست و چوار سەعاتە هەر دوایی نەدەهات.

– ماڵەکە؟ ئیسە زانیت؟

– نە ڕۆڵە، دەغڵ و دانەکەی ئیمساڵمان ئێژم. گشتی ئەشێ تەفروتوونا کەم، جا مشک چە؟ زلە، ڕەش، هەرکامیان بەقەو تووتکێ ئەون. لە فازڵاوەکەو تێنە سەر خاون تۆپیگ گەلە.

بە تامەزرۆییەوە چاوی گێڕابووە داروبەردی ماڵەکە، وەک کەسێ سی ساڵی ڕەبەق لە جەزیرەیەکی دوور زیندانی بووبێت و تازە ئازاد بووبێ. هێشتا نەچووبوو و بیری دیوارە کاگڵییەکانی دوا بارانی کردبوو.

– ئەوە چوویتەو بۆ حەمام؟ مەگەر دوێشەو نەچووی؟ ئەم قژە پڕە ها بە تۆەو هەر ئەشێ دە ڕۆژ جارێ…

سێشوارەکەی زیاد کردبوو لە قەست نەیبیستووە. لێوی باری گرتبوو و مەگەر تەنیا بە گەرمای سێشوار پەنجەکانی گەرم داهێنابا. نەیدەتوانی بڵێ ئەوە قژی دوێنێ شەو بوو و ئەوڕۆ ڕۆژێکی نوێیە. دەبا ئامادەی کردبا بۆ چارەنووسێکی تر، لەوانەیە ڕەش و لێڵ لە ڕەنگی خۆی. بە خەم و تامەزرۆییەوە تماشای یاریی نێوان هەوای گەرمی سێشوارەکە و قژی کردبوو. بە وەسواسەوە کرێمی لێ دابوو، خەتە چاوێکی ناسک و تێژی کێشابوو وەک نووکی خەنجەر، گەڕابوو بە ڕیزی ڕۆژلەبەکان و سوورترینەکەی لێ دابوو. ئەو ئەنگووستیلەیەی کردبووە قامکییەوە وا شێوەی باڵندەیەکی لە قەفەس بوو. شەرواڵێکی جینی لە پێ کردبوو و بە جێی مانتۆ، کراسێکی پیاوانەی لە بەر کردبوو. تۆڕێکی ناسکی بە سەر دابوو و قژەکانی پەخش کردبووەوە. ئەو پۆششەی وەک بەرخۆدانێ دەبینی کاتێ بانگیان دەکردە دایرەی زانیاری بۆ لێپرسینەوە لە کاروباری ئەنجوومەن. لەو کاتانەدا قژ و ماتیک دەبوونە چەک. ئەنگووستیلەش پەیامێکی نهێنی پێ بوو بۆ نیگاهی تەژیی تەماع  و شەهوەتی ڤەپرسەکان. سۆی ببووەوە بۆ لە ئامێزگرتنی دایکی. کە بۆنی پێوە بکا، کۆڵمە ناسک و گۆشتنەکانی ماچ بکا، دەستی هێنابایە قژە سپییەکانی وا، وەک پێستی بەچکە کەروێشک وابوو. بەڵام وتبووی جەلەسەیەکی نیو سەعاتەی لە ئەنجوومەن هەیە و زوو دەگەڕێتەوە.

– دەوات لەبیر نەچێ! ئەم ماڵی هین ئێمەس چۆڵی ناکەم بۆ مشک و قۆلانچە.

– دایە سەنەد ماڵەکە ئازادە؟

– حای سەنەدۆ بۆچەس؟ نەوەڵا ئابرات دایناگەسە ڕەهن بانک بۆ وام ماڵەکانی. جا ئازادیش بواتای تازە ماڵ هین براکانتە کەنیشکەکەم، گوناعن، خێزاندارن، ناشوکری نەوێ خواگیان، هیچکامیان کاروبارێ دروس و حەساویان نییە… وەلێ دەی خۆ هەر چتێکیش ئانە دەست من و توەو.

ئاوڕی دابووەوە بۆ ئەو کۆڵانە تەنگەبەرانەی تێێدا گەورە ببوو، بۆ دەلاقەی بەرز و بچووکی ماڵی جووەکان کە کۆتر هێلانەی تێدا کردبوو. تۆڕە ڕەشەکەی خستبووە دەور ملییەوە. لە دوورەوە فاتمە خانمی بینیبوو، لە بەر دەرگا دانیشتبوو و تەزبێحاتی دەکرد. پێی خۆش نەبوو ئەو ڕۆژە چارەنووس سازەی بەو نیگاهە لۆمەگرەیەوە ژەهراوی بکات. ڕەمەزانان کە دایکی دەچووە مزگەوت، فاتمە خانم دڵی پڕ دەبوو بۆ عەزابی قیامەتی ئازادە، دەیگوت: “بەر ئەو کەنیشکتە بگرە خوەیشکە، مەیڵا ئاوا بگەڕێ! قەسەم بە خوا لە ڕۆژ حەشرا بە قژەو هەڵیئەواسن و بە مەقەست دەور لچەسوورەکانی ئەگرنەو، هەر وەک لێوارەی نان”.

مەجبوور ببوو لە کۆڵانێکی ترەوە بچێ، لەو کۆڵانە وا جێی ڕاوەستانی ڕەفیقی براکانی بوو. هەموو ئاوڕیان دابووەوە بۆ ئەو قژە درێژەی وا، پشتە ئەژنۆشی تێپەڕاندبوو و خەریک بوو زەوین گزگ بدا. پێی خۆش بوو کەوتبانە لای شانی، هەموو ئەو کۆڕانەی گەڕەک وا بە تەمای زەردەخەنەیەکی بوون، کۆ بکاتەوە و لەگەڵ خۆی بیانبا. تەنانەت براکانی وا قسەیان لە گەڵ نەدەکرد، بە ڕای ئەوان ئازادە ئابڕوویانی بردبوو بە هاتوچۆی پاسگە و پۆلیس پێ کردن. نە دەچووە ئەورووپا و نە شووی دەکرد و نەش حازر بوو لەو نیوە بەشە میراتەی خۆش بێ بۆیان.

کچان بەرەبەرە هاتنە ناو کافەوە، وەک سەربازێ وا چەک تەحویل بدەن، مۆبایلەکانیان سپاردە دەستی کافەچییەکە. نزیک بە عمارەتی خەسراوا، لە بەر پەیکەرەی مەستوورە خانمی ئەردەڵان کۆ بوونەوە. ئازادە، بۆ دوایین جار قسەکانی کوتەوە. مەستوورە خانم، بە تەمەنترین ژنی ژیوانۆ، دروشمەکانی ئامادە کردبوو، هەریەکەو کاغەزێکیان بەرکەوت. دڵەڕاوکە و تووڕەیی و بوێری لە دەنگ و ڕووخساریاندا دیار بوو. گۆنای گڕی گرتبوو ئازادە. وتبووی باشترە ڕەشپۆش بن و دەمامک لێدەن. هەم بۆ ماتەمینیی ژینا و هەمیش بۆ وەی کامێراکانی ناو شار وا بە ئاسانی دیارییان نەکات. بیستبووی ڕێزوولەیشێنیان پەنجا مێگا پیکسێلە و پێنسەد متر دێنێتە یەک مترییەوە. مەستوورە خانم کوتی:

– بەش چەن ڕۆژێ غەزام درووس کرگە بۆ مناڵەکان، شکور ئەونە گەورە بووگن بێ منیش گوزەران بکەن.

شیوا کوتی:

-لە بیرمان بێ دەست لە یەک بەر نەدەین و وریای یەکتر بین.

ئەو قسانە ورەی پێبەخشی، باڵای بەرزی مەستوورە خانمی ئەردەڵان، چاڵیی چەناگەی و گۆنای ناسک و بێگەردی، گەرمای گەڕاندەوە نێو سەرپەنجەکانی ئازادە.

پێش ئەوەی بگەنە مەیدان چەند ژنی تریان تێكەڵ بوو. ئەوانیش سەرپۆشەکانیان فڕە دا و مەستوورە خانم دەستی کردە نێو توورەکەکەی و درووشمی خەڵات کردن. هێزی یەکەی تایبەت بە چەک و باتۆم هاتنە پیراییانەوە. سەرهەنگێکی پیر بە سێ قوبەی سەرشانییەوە داوای لێ کردن هەر زوو بچنە ماڵەوە و واز لە گێرەشێوێنی بێنن. موحتەرەم خانم، وەک ئەوەی لە دادگا و لە پێش دادوەر بێ، بەرامبەر سەرهەنگەکە وەستا و وتی:

– چتەور دڵتان هات ئەی زارووە غەریب کوژ بکەن ها؟ بووچە وەی بیچارە زوورتان شکیا؟

سەربازێکی بە قەلافەت و ڕەشتاڵە هاتە پێش و کوتی:

– خانم، ئیوە کارتان نەوود وەیانە! دەوڵەت خوەی پەیگیری کەید، وە زوانێ خوەش ئەوشین بچن دی! وەیلا…

ژنان دەستیان دایە چەپڵەڕێزان و فیتوو لێدان.

هەر لەوێ لە سەر ڕێی سەربازەکانی هێزی تایبەت دانیشتن و دەستیان کردە دروشم دان. شیوا هەستایە سەرپێ، لە جانتاکەیدا مەقەستێکی دەرهێنا و چەپکەیک لە قژی بڕی و فڕەی دایە بەردەمی سەرهەنگەکە، سەربازێکی مناڵکارە، موبایلەکەی دەرهێنا و دەستیکردە ڤیدیۆگرتن.

ئازادە تاوی دایە مۆبایلەکەی و لێی ڕفاند و فڕێی دایە نێو خەڵک. سەربازەکە هێرشی بۆ برد و کچە هەڵات. موحتەرەم خانم پاڵی بە سەربازەکەوە نا و یەکێ تر بە پێلاقەوە خستیە نێو جۆگەلەیەک و بە باتۆم وەرگەڕایە لەشیدا. نیکا کچی موحتەرەم خانم، قیژاندی بە سەر پیاوەکاندا:

– چرا مث مجسمە وایسادین دارە مامانمو میکشە بیشرف.

هەتا ئەو کاتە پیاون لە قەراغەوە وەستابوون و سەیریان دەکرد. وەکئەوەی بە هێزی یەکەی تایبەت بڵێن ئەمە کێشەی ئێمە نییە، خۆتانن و ژنانی تووڕە لە کوشتنی ژینا، بەڵام کە بینییان موحتەرەم خانم هەناسەی دەرنایە، هێرشیان بردە سەر سەربازەکەوە و لێی دووریان خستەوە و کوڕیکی وەرزشکار پیرەژنەی بە شان دا و ڕفاندییە نێو کۆڵانێکەوە.

چەند کچی مەریوانی لە سەر شەقامەکانی مەریوان، خۆپیشاندانەکانی (ژن، ژیان، ئازادی)

بەم چەشنە پیاوانیش ڕژانە نێو مەیدانی ئازادی و درووشمیان دا. هێزی تایبەت گازی فرمێسکڕێژیان بۆ خستن. ئازادە لەو سەری مەیدانەکەوە، بازی دایە سەر کاپۆتی ماشینێک و سەرپۆشەکەی ئاگر تێبەردا. خولی دا و درووشمی دا، پێش ئەوەی شەماڵەی ئاگر بگاتە دەستی، وێنەی کچێکی باڵابەرزی قژدرێژ، هەر ئەو شەوە بوو بە سەرتیتری هەواڵەکانی جیهان. کەسێک پاڵی پێوە نا و گازی بیبەری پێدا پژاند. دەستی کردە کۆخە و وەختبوو کوێر بێ. دوو پیاو بن باڵیان گرت و بردیانە قەراغ شەقام. یەکێک خێرا دووکەڵی جگەرەی پێدا فوو کرد و بە ئاستەم چاوی کرایەوە. هەرچەند نانی زیادی خواردبوو بۆ پاشکەوتی چەند سەعات یان چەند ڕۆژی بێسەروشوێنی، گشتی هەڵێنایەوە سەر شەقام.

– ماڵتان ها کوێ با بتوەینەو. ماشینەکەمان ها دوو کووچە ئەولاترەو…

بیری دایکی کرد و پێی خۆش نەبوو بگەڕێتەوە. دەیزانی گەر دەوامشکیشی بۆ نەباتەوە، هەر ڕێگایەکی دەدۆزییەوە بۆ کوشتنیان. حەسرەتی ئەو لە ئامێز نەگرتنەی دایکی، بوو بە گەرمە برینێک و گڕی تێبەردا. هەر بەو گڕەوە گەڕایەوە نێو ژنان و شیوا و کچەکانی تری دۆزییەوە و دەستی یەکیان گرت و بە درووشمدان چوونەوە پێش. هێزی یەکەی تایبەت دەستی کردە تەقەکردن، کوڕێکیان پێکا و بە پێلاقەوە نیشتنە ملی. ئازادە بە هەموو هێزییەوە مستێکی کوتایە شەویلکەی یەک لەو هێزە تایبەتانە و هەڵات. پیاوە بەلادا کەوت و کوڕان بۆ تۆڵەسەندنەوە هێرشیان بردە سەری. ئەو مستەی بە سەدان جار، لە وەرزشگا، لە بەر ئاوێنەوە تەمرین کردبوو. کاتێ بە کێشی وەزنەکانی زیاد دەکرد، ئەوەی هێز و وزەی پێ دەبەخشی، وێناکردنی ئەو ڕۆژە بوو. بازی دایە سەر بەرزاییەک و بە دەنگی بەرز درووشمی دا. سەربازەکان دوور بوون و دەرفەتێکی چاک بوو بۆ ورووژاندنی ئەم سەری مەیدان. چەند ژن هاتنە لای و لە گەڵی گوتیانەوە، پۆلێ کوڕی نەوجەوانیش هاتن و بە نەعرەتەوە تۆنی دەنگی ژنانیان شکاند. ئازادە لەو بەرزاییەوە، بەبێ سەرپۆش، وەک تەوار دەیڕوانی بەسەر شەقام و مەیدان و خەڵکدا. بۆ یەکەمجار هەستێکی تایبەت لەنێوان ئەو و شەقام خرۆشییە نێو دڵییەوە. شنەبایەک خوشایە ژێر قژەکانی و خستیە سەماوە. دەموچاوی داپۆشی، لە تۆی قژەکانییەوە تماشای عیمارەتی ئەحمەوزادەی کرد. خۆر دوایین تیشکەکانی دەڕژاندە سەر باڵکۆن و ئرووسییە ڕەنگامەکانی عمارەت. دیمەنێکی هەرە دڵڕفێن، دەتگوت وڵات ئازاد بووە. ئەو ڕامووسانەی نێوان تیشک و ئرووسییەکانی عەمارەت، ئازاری لەش و چاوی بیر بردەوە. ئاوڕی دایەوە بۆ ئاویەر، لێی شەرمەزار بوو کەوا لەبەر سەرقاڵیی کاروباری ژنانی ژیڤانۆوە دەمێک بوو نەچوبووە خزمەتی. مەیدان ئێقباڵ و فێردۆسی، ئەو شەقامەی جاران نەبوو وا بە دەم تواشای ڕیزی دەستفرۆشەکان و ڤیترینی دووکانەکان تێیدا پیاسەی دەکرد و هیچیشی نەکڕیبایە، ئەو فرە ڕەنگییەی جل و بەرگ و خشڵ و مووروویە، بێتاقەتییەکانی دەڕواندەوە. هەستێک فرە ناسیاو و بێ نێوانجی لە نێو خۆی شەقامدا دەبینییەوە، وەک چۆن بە چاو بەستراوی، دەست بدەی لە کەل و پەلی ماڵەکەت و یەک بە یەک بیناسیتەوە. لەو کاتەدا پردی مەڵا وەیسی ببووە ماڵە باوک، ئەو پردەی، کاتێ بە سەریدا دەڕۆیە  نێو بازاڕی ماسیفرۆشەکان، عەمارەت وای سێحر دەکرد، ئاگای لە پێش خۆی نەدەبوو، چەند جاری لاق هەڵکەوتبوو لە سواڵکەر و دەستفرۆشەکان. ئەوە یەکەم جاری نەبوو وا لە سەر ئەو جەعبە کارەبایەی نزیک پردەکە دەوەستا، پار و پێرار، لە “چوارشەمەگەلی سپی”شدا، ڕیک لەوێ سەرپۆشە سپییەکەی بەستبووە چیلکەیەکەوە و بایدابوو. گرتبوویان، لێیان دابوو، لە پاسگە ڕایانگرتبوو هەتا براکانی بە سەنەدی ماڵەکەوە هاتبوون بە دوایدا، تەعەهۆدیان لێستاندبوون و خۆی و براکانیان تف و جنێوباران کردبوو.

عیمارەت بووکێکی خەمڵاو بوو لەنێو گەڕەکەکەیان، “ئاغەزەمان”. پێی خۆش بوو لەوێ ڕاکشێ و تاشەبەردێ بکاتە سەرین و جەستەی ئەو قیرە سەختە هەڵمژێ، شەقام ببووە ماڵە باوان بۆی… لەم خەیاڵانە بو کەوا “لیباس شەخسییەکان” بەر بوونە ناویان. کراس ڕەشێکی ڕیشنی شەرواڵ پارچەیی، باتۆمێکی لە کەمەر دا و خستییە خوارەوە. پیاوێک بە جانتایەکی ڕەشی چکۆلەی لاکەمەرییەوە ،هێرشی بۆ برد و بە پێلاقە وەرگەڕایە سەروچاویدا. گشت لیباس شەخسییەکان ئەو جانتا چکۆلانەیان پێ بوو و لەنێو خەڵک بڵاوەیان کردبوو و بە باتوم لە خەڵکیان دەدا. سەربازێ لە دوورەوە هات و بە تفەنگەکەی چەند جاری کێشا بە سەردا. خوێن لە گوێچکەی ئازادەوە فیچقەی کرد. وەک چۆن فاتمە خانم دەیگۆت لە ڕۆژی حەشر مەعموورەکانی جەحەنەم  بە قژەوە خاوکێشیان دەکرد، ئاوا ڕایانکێشایە نێو پاسی پۆلیسەوە. کراسەکەی لە بەر دڕا و چۆڕاوگەی خوێن دەتکا بەدوایدا. یەک لە لیباس شەخسییەکان بە پوتینەوە لە سەر قژی وەستا دەستی کردە جنێودان. پێستی ساف و لووسی زگی ئازادە خستییە تەماحەوە. نەدەبزووت، دەموچاوی سوور هەڵگەڕابوو لەژێر قژە ڕەشەکانییەوە، تەنیا خوێنێکی گەرم لە گوێچکەی دەڕۆی.

– ها کوڕەگە چە بییە؟ ئەڕا وەی جوورە کەی؟ ئەڕا دەسماڵیش کەی ها؟ چە توایید؟

– میخوام ببینم نفس میکشە یا واقعن مردە.

– هیزگرە کوڕەخەر! کار فرە دیریم، وڵ کە ئەی جوندە! بووش بێن ویرە جەمی کەن، سەی کە چە کردییە وە خوەی! ئێنگار چوود ئەڕای زەماون باوگی.

٢٢/ ٧/ ١٤٠١