خود وەک بتخانەیەک

قسەیەکی باو، یانژی وەکچۆن (حەکیم و داناکان) و بەشێک لە نووسەر و ڕۆشنبیران پێی دەڵێن: حیکمەتێک هەیە، ئەویش “گەڕانەوە بۆ خود”ە. لەنێو گوتارە سیاسی-ڕۆشنبیری-ئایینی-عیرفانییەکاندا ئەم حیکمەتە بە زەقی بەدی دەکرێت و، وەکوو فێرکارییەکی زێرین و پێودانگێکی ڕاست کە بەرەو (حەقیقەت)ـمان دەبا، بانگی بۆ دەدەن. ئاشکرایە لە کۆنتێکستی کۆمەڵگای کوردیدا بەگشتی و باشوور بەتایبەتی، شتێکی زیندەبەچاڵکراو هەیە ئەویش “خود“ە. مەبەستیشم لە سوبێکتێکی ئازاد و نوێیە و پاکژکراوە لە ئایدۆلۆژیای ئایینی و خێڵەکی لەنێو پانتاییی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. ئەگەرچی شیکردنەوە و پێناسەکردنی “خود” کارێکی دژوارە، ڕەنگە زێدەڕۆییش نەبێ بڵێین مرۆڤی ژیر بە درێژاییی مێژووەکەی، سەرقاڵی ئەم پرسەیە. هەر بۆیە لێرەدا هەوڵێک دەخەمە ڕوو بۆ کۆکردنەوەی بەشێک لەو ڕاڤانەی بە گرنگیان دەزانم و شرۆڤەکارییەک بۆ خودێتیی تاکی کوردی، وەکوو پێشنۆرەیەک بەرلەوەی بچمە نێو بابەتەکە و وەڵامدانەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکە لە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە: «خود چییە؟»

سەهویرەکان

گەر ورد سەرنج بدەین، دەبینین لەو ڕستەیەدا (من کێم؟) دوو سوبێکت بوونیان هەیە. یەکێکیان ئەو منەیە کە دەپرسێ و دەگەڕێ، ئەوی تریان ئەو خۆمەیە کە ونە. دەمەوێ ڕادیکاڵانە بپرسم، ئاخۆ ئەم زمانەی هەنووکە پێی دەدوێم، دروستکراوی خۆمە؟ بێگومان نەخێر. ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا. ئەگەر بە شێوەیەکی سەرەکی وەک بونیادێکیش لە زمان بنۆڕین، دەبینین سیستەمێکە یاسا و ڕێساگەلێکی تێدا هەن و کۆمەڵێک دال و مەدلوولی تێدا هەڵگیراوە و تێیاندا بیرکردنەوەکانمان دەڕسکێن و تێیاندا بیر دەکەینەوە و بیریان پێ دەکەینەوە. دەروونشیکاریی لاکانی فێری کردووین کە زمان، بونیادێکە هەمانشێوەی بونیادی نەست، یان دوورتر بڕۆین، لە ڕاستیدا، بونیادی زمان پێکهێنەری نەستە. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی -ئەگەرچی دەربڕینێکی ڕەشبینانەیە- ئێمە لەنێو زماندا گیرمان خواردووە، زمانێک بەر لە ئێمە بوونی هەبووە و مەدلوولگەلێک بۆ دالەکانی داڕێژراونەتەوە. مادام ئێمە بەم زمانە دەدوێین، واتا بەم زمانە بیر دەکەینەوە؛ کەوایە هەر ئەم بیرکردنەوانەیشمان جێی گومانن کە هی خۆمان بن. ژاک دێریدا جیاوازییەک لەنێوان (نامۆ) و (سەهویر – تارمایی – Ghost) دەکات، کە یەکەمیان لەنێو تونێلەکانی ئیگۆدا هەیە و دووەمیان لە نەستی ئەوی ترەوە دێ و ڕاومان دەنێت. بەپێی ئاماژەکانی دێریدا بێت، ئەوەی ئەبراهام[1] ناوی دەنێ ناواخنکردنەوە[2] بە واتای ئەوە دێ کە مردوو لەنێوماندا بوونی هەیە و لەزاگەکەیمان (تابووتەکەیمان) هەڵگرتووە، بەڵام ناگۆڕێت بۆ ئەوەی ببێتە “ئێمە”، شوێنێکی تایبەتی لە جەستەماندا داگیر کردووە و دەتوانێ بەتەنیا خۆی قسە بکات و دەکارێ لە نێوماندا و تەنانەت لە گوتارە شەخسییەکانیشماندا بژی. بەو مانایە بێ، سەهویرگەلێکمان لە نێودا هەیە و لەبری “ئێمە” دەدوێ، بەڵام بەڕواڵەت وا دەردەکەوێ کە ئەوە خۆمانین وا قسە دەکەین و دەدوێین و “ئەمە بیروڕای شەخسی خۆمانە.” ئۆسکار وایڵد لە نامەیەکدا بۆ لۆرد ئەلفرێد دۆگلاس دەنووسێت: “زۆرینەی خەڵکی، خەڵکی ترن. بیروڕایان بیرسای خەڵکی ترە، ژیانیان لاساییکردنەوەیە و، هەستوسۆزەکانیان کۆتەیشنە.”[3] پێدەچی ئەم سەهویرە زۆر جار لە نەستی ئۆبێکتێکدا نەبێ، تەنانەت لە شێواندنێکیشەوە نەبێ لەلایەن ئیگۆوە، بەڵکوو ئەو سەهویرە لەڕێی “نەستی ئەوی ترەوە” دێت. نەستی ئەوی تر دەرگایەکی کراوە/داخراوە و سەکۆیەکی چڕی سەهویرەکانە. ئەو قورساییەی سەهویرەکان هەیانە بەسەر شانی نەوە نوێیەکان، ئاماژەی ئاشکرا و ڕوونی نەوە دێرینەکانی تێدا بەدی دەکرێت. دێریدا دەڵێت: “لە مردن و نەماندا، شینگێڕان هەیە، لە شینگێڕاندا، سەهویر هەیە.” هەروەها دەڵێت: “ئێمە هەرگیز وەرەسە وەرناگرین بەبێ ئەوەی خۆمان بە چەندین سەهویرەوە ڕوون نەکەینەوە.”[4] ئاشکرایە ئەمە مانای ئەوەیە “تاکوو خۆم بم، پێویستم بە ڕۆشناییی چاوەکانی خەڵکانی ترە، هەر بۆیە ناکارم تەواو دڵنیا ببمەوە لەوەی خۆم چیم.”[5] ئێستا ئەوەی پێویستە لەسەرمان ڕوونی بکەینەوە، ئەو سەهویرانە چین، یان کێن. سەهویرەکان زۆرن، بەڵام ئێمە لێرەدا جەخت لەسەر چەند دانەیەک دەکەینەوە، کە سەهویرە زەبەلاحەکانن لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا. ئەوانەیش بریتین لە (دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتە ڕەمزییەکانی وەک ئایین، نەریت، خێڵ و خێزان). ئەم ئۆتۆریتانە لە ڕاستیدا هەموویان پارچەیەک قوماشن و بە یەکەوە دووراو و گرێدراون و گەرەکە تاک و کۆمەڵگە لەبەریان بکات و خۆیانی پێ داپۆشن.

ئەوانەی بۆیان دەگەڕێیتەوە، خۆت نین

کەوایە لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەو مرۆڤەی پەروەردە دەکرێ (ڕەنگە گونجاوتر بێ گەر بڵێم تەڵقین دەدرێت) لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاوە -لەم جوگرافیایە- مرۆڤێکە پێکهاتووە لە باوانی، بە دەربڕینێکی دی، پێکهاتووە لە هزری ئایینی و خێڵەکی، ئەمانەیش دوو هزری تەواو داخراو و کۆنکرێتین، هەروەتر خاوەن ڕۆحێکی ئەپۆکالیپسی و دژەژیان و دژەکرانەوە و دژە(موسەقەف)ـن. مرۆڤێکی نیرۆسیس و تەنراو بە خورافە و پڕ لە دژیەکی و، زەندەقچوو لە نوێگەری و خوێندنەوە و بیرکردنەوە، پەڕگیرانە پارێزگاری لە تێگەیشتنگەلێک دەکات کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە خۆیشی تێیاننەگەیشتووە (زۆر جار هەر ئەم تێنەگەیشتنەیشە وا دەکا مرۆڤەکە بەرهەڵستی بکات)، تەنها لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی باوانییەتی. دیارە لێرەدا دەتوانین لە گۆشەنیگایەکی ترەوە خوێندنەوە بۆ بابەتەکە بکەین: ئایا ئەو شتەی ئەو مرۆڤە پارێزگاری لێ دەکات، تێگەیشتنەکانییەتی، یان باوکەلەدەستچووەکەی، یان منداڵییەلەدەستچووەکەی؟ ئەم پرسیارە بە کراوەیی جێ دەهێڵم.

مادام گریمانەکەی ئێمە ئەوەیە کە ئەو خۆمەی بۆی دەگەڕێمەوە، من نیم، کەوایە ئێستا کاتی خۆیەتی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئەدی کێیە؟ پێناچێ یەک کەس، یان یەک شت بێ، گومان لەوەدا نییە کە دەزگا زەبەلاحەکانی -با ڕەمزییش بن- وەک خێڵ و ئایین هێشتا لە نەستی ئەو مرۆڤەدا ماوە، -دەروونشیکاری فێرمان دەکات کە بنەڕەتیترین خواستی مرۆڤ ئەوەیە بگەڕێتەوە ئەو سرەوتنە هەمیشەیی لەدەستی داوە-، بەڵام بەر لەو ئارەزووە بنەڕەتییە، قۆناغگەلێک هەیە مرۆڤ ئارەزووی گەڕانەوەی بۆیان هەیە (بەدەستهێنانەوەیان)، یان بیانپارێزێ، ئەویش بەدیاریکراوی باوک‌ە. باوک لێرەدا وەک فڕۆیدیش ئاماژەی پێ کردووە؛ هەم وەک خودایەک، هەم وەک دەسەڵات وێنا دەکرێت، فالووسێکە بە دیوە ئەرێنییەکەی بێت، یان نەرێنییەکەی؛ ئامانجەکە گەیشتنە بەو، یان دەتوانین بڵێین لاساییکردنەوەیەتی (بنەڕەتیتر بدوێین، ئامانجەکە ئەوەیە ببێتە ئەو باوکە). پێدەچێ ترسی تاکی ئێرە لە داماڵینی لەو باوک‌انە، هەمان ئەو ترس لە خەسان[6] و، گرێی خەساندنە[7]بێت، بە دەربڕینێکی تر، پارێزگاریکردن لەو باوکانە، لە ئاستێکدا پارێزگاریکردنە لە فالووس[8]. بە تێگەیشتنی (زانایانی ئایینی) و سیاسەتکارانی ئەم کۆمەڵگایە -کە تێگەیشتنی هەرەزۆری خەڵکیش بەرهەمی ئەوانە-، بێگومان ئەمە شتێکی خراپە و دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا. فڕۆید لەمەڕ باسی خراپە (Evil) دەنووسێت: “خراپە، بەگشتی ئەو شتە نییە زیان و مەترسی بۆ ئیگۆ هەبێت، بەپێچەوانەوە، شتێکە پێشوازی لێ دەکات و چێژیشی لێ وەردەگرێت. کەواتە لێرەدا کارتێکردن (فاکتەر)ـێکی دەرەکی لە ئاڕادایە کە چاکە و خراپە دەستنیشان دەکات.”[9] ئەمەیش بەو مانایە دێ لە بنەڕەتدا ئارەزووی خراپەکردن، ئارەزوویەکی دانپێدانراوە لەلایەن ئیگۆوە، بەڵام ئەوەی وا دەکات بە زیانبەخش و مەترسی بکەوێتەوە، کارتێکەرێکە لە دەرەوەی ئیگۆوە. لێرەوە فڕۆید ئاماژە بەوە دەکات مادام مرۆڤەکە ملکەچی ئەو کارتێکەرە دەرەکییە دەبێت -جا هەرچییەک بێت-، ئەوا دەبێ مۆتیڤێکی بۆ ئەم کارەی هەبێت و ناوی دەنێت (ترسان لە لەدەستدانی ئەشق). دیارە ئەم وابەستەبوونە بە ئوبێکتێکەوە، ئاسان شی نابێتەوە و ڕەنگە دەیان ترس و تراوما زیندوو بکاتەوە، یان دروست بکات. فڕۆید دواتر دەنووسێت: “بۆیە خراپە لە سەرەتاوە ئەو شتەیە کە هەڕەشەی لەدەستدانی ئەشق لە مرۆڤ دەکات. مرۆڤ ناچارە بەهۆی ئەو ترسەی لەم لەدەستدانە هەیەتی، خۆی لە خراپە بپارێزێت.”[10] هەر بۆیە کەسانێکی خراپن و خراپەکارن ئەوانەی دەخوازن ئەم مرۆڤە نەگەڕێتەوە بۆ خۆی (چونکە دەبنە هۆی تێکشکاندنی ئەو بت و سەهویرانەی کە خودێتیی تاکی ئێرەیان پێک هێناوە). بە دەربڕینێکی دی، مادام داخوازییەکە ئەوەیە دەستەبەرداری ئەو ئەشقە بێ (ئەو ئەشقەی بە بنەڕەت لە سەرەتاوە لەدەست چووە) و، بەهۆی ترسی لە لەدەستدانی ئەم ئەشقەی، داخوازیکاران و داخوازییەکە خراپن. مرۆڤەکە بەهۆی هەستکردنی بە گوناه، بە جۆرێک لە جۆرەکان توندتر دەبێتەوە و فڕۆید واتەنی: “دەبێتە هۆی هێشتنەوە و درێژەدان بەو شتەی ڕابردووە و تێپەڕێنراوە، بە چەشنێک خۆی دەنوێنێت کە شتەکان هەر لە بنەڕەتەوە لە دۆخی سەرەتاییی خۆیاندا دەمێننەوە.”[11] لەبەر ئەوەیشی زۆرینەی تاکەکانی ئێرە مرۆڤێکی تەقواکار(پارێزکار)ـن، پێدەچێ ئەوان توندتر هەست بە گوناه بکەن. پارێزگاریکردن لە خێزان و کۆمەڵگایەک کە شیرازەکەی تۆقاندن و خەساندن و دڵەڕاوکێیە، بەڵێنی هیچ ڕۆشنگەری و نوێگەری و تاکگەرایییەک نادا، تەنانەت ئیمکانەکانی گفتوگۆکردن لەمەڕیان ناهێنێتە پێشەوە و، چارەنووسەکەی هەر هەڵوەشاندنەوەیە. لەمەڕ پێویستبوون بە سزا و سزادەر، پێویستە ئاماژە بە سەهویرێکی تر بدەم لەنێو دەروونیی تاکی ئێرەدا ئەویش چارەنووسە. فڕۆید دەنووسێت: “چارەنووس، وەک جێگرەوەی ئۆتۆریتەی [«سزادەر»]ـی دایک‌وباوک سەیر دەکرێت، کاتێک تاکەکەس تووشی ناکامی و چارەڕەشی دێت، ئیدی بەو واتایەیە کە ئەم دەسەڵاتە هەرەباڵایە چیدی ئەوی خۆش ناوێت و مرۆڤ دەکەوێتە بەر هەڕەشەی لەدەستدانی ئەشق، بۆیە جارێکی تر لە بەرانبەر نوێنەری دایباب‌دا کە دەکەوێتە سوپەرئیگۆوە، سەری کڕنووش دادەنەوێنێت.”[12] شیرازە(بونیاد)ـی خێزان و کۆمەڵگای کوردی -بەتایبەت هی باشوور- لە ژینگەی ماڵەوە بیگرە تاکوو پەروەردگا و پەرستگا و دادگاکانەوە (بەو فیگەرانەی نوێنەرایەتی ئەو دەزگایانەیش دەکەن)، پارێزگاری لە نێرینەیەک دەکرێت و ئەو دەزگایانە یەکتری بەرهەم دەهێننەوە. ئەگەر دەروونشیکاری وەک سەرچاوەیەک وەرگرین، ئەوا پێناچێ هیچ قسە و کردارێک هەبێ ڕەگەزێکی سێکسواڵی تێدا نەبێ؛ لێرەدا دەکارم بڵێم ئەم مرۆڤەی پارێزگاری لەو شیرازەیە دەکات، پارێزگاری لە فیتیشەکەی[13] دەکات، کە سەرچاوەی ورووژانە سێکسییەکانیشییەتی.

سیگمۆند فرۆید (١٨٥٦-١٩٣٩) فەیلەسووف و دەروونناسی ئەڵمانی

ئێستا کاتی هاتووە بپرسین ئایا کێشەدار نییە وەختێ بە تاکێکی نێو ئەم کۆمەڵگایە دەگوترێ “بگەڕێوە بۆ نێو خۆت” -لە ناواخنی هەر گوتارێکیشدا بێ- و پەیڕەو دەکرێ بەبێ ئەوەی ڕوون بکرێتەوە ئەو “خۆت”ـە چییە و کێیە؟ وا دیارە ئاخێوەران و فرۆشیارانی ئەم بیرسا هەرزانە بۆیان ڕوونە ئەو “خۆت”ـە کێیە و چییە و دەبێ چۆن بێت، جگە لە گوتاردەرانی ئایینی و سیاسی، تەنانەت بەشێکیان کەسانێکن بە ڕواڵەت یاخیگەر و شۆڕشگێڕیشن و، ڕەنگە بانگەشەی ئەوەیش بکەن ڕۆشنبیرن، بەڵام پێدەچێ “زۆرکات سیستەم ڕۆحی خۆی لە فۆڕمی کەسانی یاخی و بەرەنگار و لاتەریکی شێوە شۆڕشگێڕدا بەرجەستە دەکات، کە وەک بتشکێن دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا جێگای هەڵگرتن و پاراستن و نمایشی پەیامە تایبەتییەکانی سیستەمن.[14]” دەرئەنجام، گەڕانەوە بۆ خود، گەڕانەوەیە بۆ ئەوانی تر لەنێو ئەم خودەدا. یان بە دەربڕینێ تر، پیرۆزکردن و زیندووهێشتنەوەی تەوتەمێکە و، هەرجارەو ئەمە ڕوو دەدات، ئەو تابووانەی ئەم تەوتەمە دایناون قووڵتر ڕۆ دەچن و هەستی گوناه چڕتر دەبێتەوە، دڵەڕاوکێکان پتر ڕەگ دادەکوتن و پرسی سێکسواڵیتە لەگەڵ ئەوەی قەدەغەتر دەبێ؛ هاوکات زیاتر باڵ دەکێشێ و دەبێتە چەقی کێشەکان، ئاوایش توندڕەوی و پەڕگیری زیاتر دەبێت.

بەئوبێکتبوون

ئێمە بەتایبەت لە دەروونشیکارییەوە فێر دەبین کە منداڵ دەبێتە خەزێنەی زمانی خێزانەکەی، زمانی ژینگە و کولتوورەکەی. سیاسەت و دەسەڵاتەکانی بە باوکێکی سەرەکیی ئەم پڕۆسەیەیش دادەنرێت، گوتارگەلێک بە مانا فوکۆییەکەی کە سیاسەت پێشکەشیان دەکات، یان ڕێگە دەدات پێشکەش بکرێت، هەر ئەو بەندینخانەیەیە کە تاکەکان تێیدا بەکۆیلە و ملکەچ دەکرێن. ئەو گوتارانە بەرهەمەکانی سیاسەتن و لە ڕێیانەوە ئەو سیاسەتە خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. هەوڵ بۆ هاوشوناسبوونەوەیەک ڕوو دەدا، تا ڕادەیەک ڕوونە لە ترسێکەوە سەرچاوە دەگرێت، ترس لە لەدەستدانی ئەشق و خەساندن. بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم “خود”ە، بریتییە لە هەمان کەس، واتا باوک، چ باوکی زیندوو، چ باوکی دێرین. بە دەربڕینێکی تر، ئەم خودە، خودێکی نوێ نییە، بەڵکوو بتخانەیەکە و پێکهاتووە لە سەدان ڕووخسار و خۆی وەک ڕزگارکەرێکی تاقوتەنیای چاوەڕوانکراو دەناسێنێ بۆ درێژەدان بە فکری ئایینی-خێڵەکی-باوکسالاری کە مێژووەکەی بۆ پتر لە ٧٠٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. لەمەڕ ئەم “خود”ەی باسی لێوە دەکەن، سلاڤۆی ژیژەک لە وتارێکدا[15] باسی مانای دروشمی نازییەکان لای ئەدۆرنۆ دەکات: “لای “ئەدۆرنۆ” مانای دروشمی نازییەکان “ئەڵمانیا، لە خەو ڕابە!” لە ڕاستیدا پێکدژە: ئەگەر وەڵامی ئەم بانگەوازەتان بدایەتەوە، دەتانتوانی لە خەو و خەون بەردەوام بن.” پێم وایە گونجاوە لێرەدا بپرسین، ئایا مەبەست لە “بگەڕێوە بۆ نێو خۆت”، “خۆت مەبە، تێماندا بتوێوە و خۆت فەرامۆش بکە” نییە؟ گەر ئاوڕێکیش لە دیوێکی تری ئەم “گەڕانەوە بۆ خود”ە بدەینەوە -کە پێدەچێ دۆخی ڕزگاری لەوێ ببینرێتەوە-، گریمانەی ئەوە دەکەین مرۆڤەکە گەیشتووە بە خۆی و گەڕاوەتەوە، بەڵام دەبینین هێشتا ئەوە بەش ناکات. واتا ئەمە ڕزگارییە ڕاستەقینەکە نییە، هەر ئەو خاڵەیە ئاڕاستەی دەکات بۆ گەڕان بەدوای ڕزگارکەرێک، بەختیار عەلی دەڵێت “گەر لێرەدا بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارە بنەڕەتییە: بۆچی خەڵکی وا ئاسان دەبن بە سوژدەبەر؟ وەڵامەکەی کەمێک ڕوونە: چونکە سیاسەت پێیان دەڵێت تا ڕزگارکەر نەدۆزیتەوە ڕزگارت نابێت، تا ئەوی تری گەورەت نەبێت، ناتوانیت خۆت ڕزگار بکەیت، تا سەنتەرێکی موقەدەست نەبێت، کۆمەڵگا دروست نابێت. ئەوە کڕۆکی سیستەمی ئایدۆلۆژیی فاشیزیمی خۆرهەڵاتییە.”[16] بە دەربڕینێکی تر، لە چرکەساتی سەرکەوتنی سیاسەتی “گەڕانەوە بۆ خود”، ونکردنی خودە لەنێو وێنەکانی ئەوی تری گەورە و، بوونە بە یەکێک لەوان. ئەوی تری گەورە بانگەشە بۆ جۆرێک لە بێهۆشکردن و بێدەنگبوون دەکات، هەم هەڕەشەی تەنیایی و کوشتن و تەنانەت خۆکوشتنیش دەکات، لەلایەکی ترەوە، هەم خۆیشی بەڵێنی ژیانێکی بەختەوەر، ئارام و ڕێزلێگیراو دەکات. درێژەپێدەری ئەو باوەڕەی مرۆڤ جەوهەرێکی (یان سروشتێکی) بنەڕەتی هەیە و بێ هیچ دەستێوەردانێک هەبووە، بانگەشەیەکی لەو جۆرەیە کە گەرەکە تاک بگەڕێتەوە خاڵی سەرەتا، واتا گەڕانەوە بۆ مەرجەع. دیارە بۆ گەڕانەوەیەکی لەم شێوەیە، پێشوەختە دەبێ مەرجەعێک هەبێت، لە کۆمەڵگای کوردیدا دوو مەرجەع و ئۆتۆریتەی سەرەکی هەن کە هەردووکیان دوو دیوی یەک دراون، ئەویش ئایین و خێڵە کە هەر لە منداڵییەکی زووەوە دەبنە پەروەردەکار و فێرکارییەکانیان بریتی دەبن لە دژایەتیکردنی فرەڕەنگیی کۆمەڵگا و بەرهەمهێنانەوەی کۆنەپارێزی و دروستکردنی تاکێکی دۆگما. ڕێگری لە پڕۆسەی پێشڤەچوونیی ڕۆشنگەری و درێژەدان بە کۆنەپەرستی بزوێنەری سەرەکیی فاشیزمە. “مرۆڤی کورد لەگەڵ ڕۆشنبیربوونیدا دەست بۆ عەقڵ و ویژدانی خۆی دەبات، لە دەرەوەی دین و خێڵ. واتە یەکەم ڕووداوی ڕۆشنبیری، بریتی بوو لە یەکەم ساتی دەرچوون لە مەرجەعیەتی دین و خێڵ. لەدایکبوونی ڕۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا، هاوکاتە لەگەڵ بیرکردنەوە لەگەڵ چەمکی ئازادیدا. بەڵکە بگرە هاوکاتە لەگەڵ خودی بیرکردنەوە خۆیدا، بیرکردنەوە بەمانا هەرە مۆدێرنەکەی.”[17] بەڵام ئەوەی ئێستا لە سیستەمی پەروەردە و دەسەڵات و تەنانەت لە ئاستێکی کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا بەدی دەکەین ئەوەیە کە مرۆڤی ئێرە سوبێکت نییە، بەڵکوو بریتییە لە ئوبێکتێک بەدەستی وێنەکانی ئەوی تری گەورەوەو چۆنیان گەرەک بێ، مرۆڤەکە وا دەکا و، ئەو شتە دەڵێ و، بەو شێوەیە دادەنیشێ و، بۆ ئەو شوێنە دەڕوا. لە کۆمەڵگایەکی چەشنی کۆمەڵگای نێو ڕۆمانی میرا’ی کریستۆڤەر فڕانکەوە ئاشنایدەبین کە تێیدا تاکایەتی و تاکگەرایی قەدەغەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان [وێنەکانی ئەوی تری گەورە] “فێرت دەکەن هەر ئەوەندە بە تەنێ بووی، لە ترسانا بیکەیە هاوار. فێرت دەکەن حیز و خوێڕی کزی گۆشەی دیواران بیت. […] هەموو شتێکت لێ تێک دەدەن، فکرت دەشێوێنن تا بێزار بی لەوەی دەتویست پێی بگەی، لەوانەی وا بەکەیفت بوون و پێیان دەگەشایەوە. وات لێ دەکەن لە خۆت هەڵێی و هەر ئەوەندە نێوی ئارەزووەکانت بێ؛ بترسی و بڕشێیەوە.”[18] داواکارییەکە لە تاک ئەوەیە هەرگیز “بێوەفایی” بەرانبەر بە ئوبێکتە ئیسلامی، خێڵەکی و نەریتییەکەی نەنوێنێ و بەردەوام ئامادەیییان لەنێویدا هەبێ و هەرکاتێ پێویستی پێیان بوو، بۆیان بگەڕێتەوە. پێم وانییە ئەم گوتاری “گەڕانەوە بۆ خود”ە هیچ جیاوازییەکی هەبێ لەگەڵ ئەو قسانەی مەلا و سەرۆکخێڵ و شێخ و باوک و تەنانەت ئەو ژنانەیشی کە سەرسەختانەتر پشتگیری لەو سیستەمە دەکەن و نوێنەرێکی توندی باوکسالارین، دەیڵێنەوە “بگەڕێوە بۆ لای خودا، تەوبە بکە و تد.” وەکبڵێی بە ناڕاستەوخۆ بڵێن بگەڕێنەوە بۆ لامان و بەلاڕێدا نەچن، خۆ ئەگەر وا نەکەن دونیاتان بەسەر خراپ دەبێ و …تد. ئاشکرایە ئەم (دونیای وا دەڕووخێ بە سەرتدا و خراپ دەبێ و تد.) بەشێک بێ لە هەڕەشە ئایینی و سیاسییەکان، نموونەی زۆریشمان هەیە.

ئاوێنەکان

گەر ورد سەرنج بدەین، پێدەچێ لەنێو ئەم هەموو ژاوەژاوەدا دەلاقەیەک هەبێ کە بتوانین لێیەوە وێنەیەکی ڕوون ببینین، ئەویش (ئایدۆلۆژیا)یە. ئایدۆلۆژیا بە زەقی خۆی لەنێو کارەکتەر و نەستی تاکی کۆمەڵگای کوردیدا نیشان دەدا، لەنێو زمانیان، شێوەدانیشتن و تەنانەت شوێن(پێگە)ی دانیشتنی کەسانێک لە “مەجلیس و دیوەخانەکانیان”. ئەم ئایدۆلۆژیایە زۆر بەرگی لە خۆی ئاڵاندووە. زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێم دەکارین بەشێکی ژیانی دەروونی و بیروباوەڕی کەسێک بزانین تەنها لەڕێی ئەو شتانەی کە زۆر پوچ و بێبایەخ دەرەکەون، وەک شێوەدانیشتن و مەدلوولیی دالەکانیان و تەنانەت جۆری ئەندازیاری ماڵەکانیان (کە زۆر جار ژووری نوستن -ژووری نهێنی، یان ژووری سێکسکردن-، لە کۆتایی، یان بنی بنەوەی ماڵەکەیە) کە زۆر جار کۆڵەگە و ڕیشەی ئایدۆلۆژیای ئایینی-خێڵەکی و دڵەڕاوکێکانیان ئاشکرا دەکات.

blank
تابلۆی “هەڵهاتن لە ڕەخنە”ی هونەرمەند دیل کاسۆ

هەزار ساڵ پترە ڕۆژهەڵاتی ناوین مەرگی چاوەکانـی‌ ڕاگەیاندووە، ئەمەیش بە زەقی خۆی لە بێوێنەییی خودای ئیسلامەوە نیشان دەدات، دەگات بە حەرامکردنی وێنە و شاردنەوەی ڕووخسار و، ئەمەیش ڕێ بۆ هێزی بیستن خۆش دەکات. وای بۆ دەچم تەنانەت دەستەواژەکانی وەک “بیستم، گوێم لێ بوو، گوتیان، بەر گوێم کەوت و دەڵێن فڵان…” بۆ هەموو جۆرە قسە، ناتۆرە و تۆمەتێک و بەڵگاندنێک بەکار دەهێندرێت، بەرهەمی ئایدۆلۆژیایەکی فاشیستی لەو جۆرەن. بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێ، لەڕێی گوتنی “قسە مەکە”، زیاتر لە قسەیەکی وەک “ئەدەمە ناو دەمتا” دەیەوێ بڵێ “بیر مەکەوە” لە ترسی بەهۆشهاتنەوە دەروونی-سیاسی-مێژوویییەکان لە باسەکانی ئەوەی پێی دەگوترێ (سێیەنەی قەدەغە) کە بریتین لە «ئایین، سێکس، سیاسەت»، کە دێتە بەرباسیش دەڵێن “دیوارەکانیش گوێیان هەیە.” کەوایە لێرەوە مەرگی گوێیەکانـیش ڕادەگەیەنرێت؛ دەرئەنجام ئەمانەیش ڕاگەیاندنی پرسەی هۆشـە. بە مانایەکی دەروونشیکارییانەیش، خەساندنە. دەشێ شرۆڤەکارییەکەی ژیژەک لەمەڕ تەوالێتەکان وەک مانیفێستۆی ئایدۆلۆژیا ڕاست بێت کاتێک شرۆڤە بۆ تەوالێتەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئەنگلۆسەکسۆنییەکان دەکات و لە کۆتاییدا دەنووسێت: “بۆ کەسێکی ئەکادیمی ئاسانە کە لەسەر مێزێکی بازنەیی دانیشتووە بانگەشەی ئەوە بکات کە ئێستا ئێمە لە جیهانی پۆست-ئایدۆلۆژیا (پاش ئایدۆلۆژیا) دەژین، بەڵام پاش ئەم گفتوگۆ گەرموگوڕە، هەرکە سەردانێکی تەوالێت دەکات، دیسان دەکەوێتەوە نێو قووڵاییی ئایدۆلۆژیا.”[19] وەکچۆنیش کاتێک تاکی کوردی دەچێتەوە ژووری نوستنەکەی، دەچێتەوە قووڵاییی ئایدۆلۆژیاکەی. پێدەچێ “کە چوویتە شاری کوێران، دەست بە چاوتەوە بگرە” هێشتا وەک بزوێنەرێکی سەرەکی ئەم ئایدۆلۆژیایە ئیش بکات و ڕاستییەکەی ئەوەیە کە “ئەوە گوێیەکانن دیواریان هەیە!” ئایدۆلۆژیا هەمان ئەو ئاوێنەیەیە کە تەنێ چوارچێوەیەکە، لە ناواخندا وێنەی خۆیان و ئارەزوو و ئامانجەکانی خۆیان نیشان دەدەنەوە و بانگی “ئەمە تۆیت، دەبێ وا بیت.” دەدەن. تابلۆ بەناوبانگەکەی دیل کاسۆ بە ناوی “هەڵاتن لە ڕەخنە[20] سەرسامی ئەودیو ئاوێنەکەمان نیشان دەدات، ئەودیو چوارچێوەکە؛ دەرچوون لە چوارچێوەکە هەوڵێکی جددییە بۆ شکاندنی چوارچێوەکان، چوارچێوەی ئایینی، خێڵ، ئایدۆلۆژی و تد.  دەکارین بێژین تابلۆکە سەرسامی ئەودیو ئایدۆلۆژیامان نیشان دەدات کاتێک دەبینین هیچ شتێک وەک ئەوە نییە کە پێمان گوتراوە و لەسەری تەڵقین دراوین. هەمان ئەو هەڕەشەیەی ئایین و سیاسەت دەیکات، ترس و دڵەڕاوکێیەک دەخوڵقێنێ کە فیگەری نێو تابلۆکە، قاچێکی لەودیو چوارچێوەکەیە و قاچێکی تری هێشتا لەناویدایە، وەکئەوەی ئەو قاچەی هێشتا لەنێو چوارچێوەکەدایە، ئەو ئوبێکتە ئایینی-خێڵەکی-کۆنەپارێزیییە بێت کە لە نەستی بەشێک لە ڕۆشنبیراندا هەیە، دەکرێ ئەم تابلۆیە هەڵگری تێگەیشتن و شیکارییەکی وردتریش بێت. هەرگا دەکەوینە کەڵکەڵەی هەڵکۆڵین و شیکاریکردنی ئەم بوونەوەرەی وا بووینەتێ، دەبینین ئایدۆلۆژیا بە توندی ئامادەگی هەیە و ڕێگە نادا بە سانایی خەریکی پڕۆسەکەمان بین. ئەم دەرچوون لەو چوارچێوەیە، هەمان ئەو پرسەیە کە بەختیار عەلی ئاماژە پێ دەکات و دەنووسێت: “گرنگترین چەک بکرێت دژ بە ئایدۆلۆژیست بەکاربهێنرێت، ناسینەوەیەتی، دەرهێنانێتی لەژێر ماسکەکانی، شیکردنەوەی بانگهێشتەکانێتی، فریونەخواردنە بە دەمامکە شۆڕشگێڕ و دروشمە گەورەکانی.”[21]

لە ئەنجامی ئەم ناسینەوە و نەگەڕانەوەیە، دەمەوێ ئاماژە بە ڕووداوی کوشتنی شەهید ماریا سامی بدەم، بۆ من وا دەردەکەوێ مۆتیڤەکانی کوشتنی ماریا -وەکچۆن لە لێدوانەکانی ژێر پۆستەکاندا دەردەکەوت وەک لادەری و بێئابڕوویی و تد.- هەر ئایین و خێڵە، گەرچی ئەوەندەی بزانم ماریا سێ ساڵی کۆتاییی ژیانی، موسڵمان نەمابوو و بووبووە مەسیحی. سەرەڕا پاش کوشتن و مردنیشی، ڕێزی لێ نەگیرا و خرایە نێو گۆڕێکی ئیسلامییەوە. گەرەکمە بەدیاریکراوی ئاماژە بە نووسینی سەر کێڵەکەی بدەم -کە بەشێکە لە ئایەتێکی نێو قورئان-: ” قُل لَّن يُصِيبَنَآ إِلَّا مَا كَتَبَ ٱللَّهُ لَنَا” کوردییەکەی: “بێژە: بێژگە ئەوەی خودا بۆی نووسیبین تووشمان نایە.”[22] و لای سەری کێڵەکە نووسراوە “خودا لێی خۆش بێت.” دەپرسم ئاخۆ هەر ئەو خودایە (ئەو ئەقڵییەت و دەسەڵاتە پەڕگیرە ئیسلامی و باوکسالارە – ئەوی تری گەورە) نەبوو وای نووسی بکوژرێ و هەر ئەو مۆتیڤی کوشتنی نەبوو؟ بەڵام لەولای ترەوە هەر دەبێ بچێتەوە ژێرباری سۆزی وی و دەخوازرێ لێی خۆش ببێ؟ لەلایەکەوە سیستەم ستەم دەکات و دەکوژێ، لەلایەکی دیکەوە شین دەگێڕێ تاکوو بمێنێتەوە، کەناڵگەلێکیش دەکاتەوە تاکوو ئەوەی غەمگینییە و ئەوەی توڕەیییە و ئەوەی ناڕەزایەتییە، لێوەی بەتاڵ بکرێنەوە و ڕووبەڕووی خۆی نەکرێتەوە، زۆرجاریش ئەم سیستەمە خۆی لەژێر ناوی واقع و حەقیقەتدا (واقع و حەقیقەتیش خۆیان لەڕێی ئایین و نەریت و کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسی و تەنانەت خێزانیش نیشان دەدا) حەشار داوە و هەر ئاوایش بەرگری لێ دەکرێ و دەمێنێتەوە. نموونەیەکی دیاری ژیژەک دەهێنمەوە لە وەرگرتنی کۆتەیشنی فیزیسیستێک بە ناوی ستیڤین واینبێرگ[23] کە دەڵێت: “بەبێ ئایین، کەسانی باش، هەر باشن، کەسانی خراپ، هەر خراپن. پێویستت بە شتێکی وەک ئایینە کە وا لە کەسانی باش بکا، شتی خراپ بکەن.” لەو ڕووداوەدا دەبینین براکەی شەهید ماریا بوو بە ئامرازی بەدیهێنانی ئارەزوویەکی فەندەمێنتاڵیی ئایینی و ئایدۆلۆژیی باشووری کوردستانیی ئێستا. ڕۆژانە بەر هەواڵەکانی کوشتن و ڕفاندن و ناوزڕاندن و سووکایەتیپێکردن بە مرۆڤێکی سادەی ئازادیخواز، ئەکتیڤیست، ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر دەکەوین، هەم لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە، هەم لەڕووی فیزیکییەوە. تێزەکەی واڵتەر بنیامین بیرمان دەهێنێتەوە کە هەر هەوڵێک بۆ دامرکاندن و کپکردنی ئەو دەنگانە، لە هەناوی خۆیدا فاشیستییەکی هەڵگرتووە. بیرمان نەچێت، نوێنەرە سەرەکییەکانی فاشیزم، نوێنەرگەلێکی مردوون، زۆرجار ئەوانەیش دەگرێتەوە کە نیکرۆفیلیان[24]، وەکچۆن دەروونشیکاری فڕۆیدی پێمان دەڵێت: “ئەو باوکەی پیرۆز دەکرێت، باوکە زیندووەکە نییە، بەڵکوو باوکە مردووەکەیە.” درێژەپێدەران و پارێزکارانی ئەم ئایدۆلۆژیایە، خاوەندارێتی لەم بیروڕایانە دەکەن و وەک ئارەزوویەک بەدی دەهێنن، لێرەدا گونجاوە تێزەکەی لاکان بهێنمەوە “ئارەزووی من، ئارەزووی ئەوی ترە.[25] وەک ئەوەی کە تاکێک تەنها ئەو شتانە جێبەجێ دەکات و ئەو ئارەزووانە دێنێتە دی کە ئەوانی‌تر ئارەزووی دەکەن. مەبەستیشم لە “ئەوی تری گەورە“ـیە کە خێزان و کۆمەڵگا و خێڵ و ئایین و دەسەڵاتی سیاسییشە، ئەمەیش بەو مەبەستەی لە کۆمەڵگادا جێی ببێتەوە. حەدیسێکی ئایینی ئیسلام وەک “ڕازیبوونی خودا لەگەڵ ڕازیبوونی دایبابدایە، گەر دایبابت لێت ڕازی نەبێ، ئەوا خودایش لێت ڕازی نابێت.” دەتوانێ بەرچاوڕوونییەکی تەواومان بداتێ لەوەی چۆنچۆنی ئارەزووەکانی تاکێکی ئێرە، نوێنەری ئارەزووەکانی دایبابە و بەبنەڕەت ئارەزووی ئەوانیش، ئارەزووی کەسان و شتانێکە کە دەمێکە مردوون، بەڵام پێدەچێ هێشتا ئاشكرا نەکرابن، یان وردتر، نکۆڵی[26] لە مردنیان دەکرێ و، بەرهەڵستی[27] دەنوێنرێ لەبەرانبەر ئاشکراکردنیان. دەبینین لە سەردەمی خۆیشماندا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئامادەییان هەیە لەنێو تاکی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و کوردی بەتایبەتی، تەنانەت زۆرجار لای ئەوانەیش دەبینرێ کە خۆیان وەک ڕۆشنبیر ناساندووە، یان وا ناسێنراون. تاکێکی لەو شێوەیەیش، وەکچۆن بەختیار عەلی لە (ئیمان و جەنگاوەرانی) ئاماژەی پێ دەدات؛ دەبێتە بوونەوەرێک کە هەموو ساتێک ئەگەری ئەوەی تێدایە ببێتە فاشیست. ئەمە لەسەر ئاستی تاک، بەڵام وەختێ لە وێنە گەورەکە دەنۆڕین، لە سیستەمی خێڵ و ئاییندا زۆرجار ئەم بەرگریکردنە سیاسییانەیە و بە بەکارهێنانی چەمکەکانی وەک “ئازادی و لیبڕاڵیزم” دیوە ئایدۆلۆژی-فاشیزمییەکەی دەشاردرێتەوە. گونجاوە لێرەدا تێگەیشتنی نیچە لەبارەی (لیبڕاڵیزم) بهێنمەوە، نیچە دەنووسێت: “هەروەختێ دەزگا لیبراڵییەکان گەیشتن پێی [بە لیبراڵیزم]، لە لیبراڵیزمی دەوەستن: لەوەبەدوا لەو دەزگا لیبراڵییانە جاڕزکەرتر و زیانبەخشتر نییە بۆ ئازادی. […] لیبراڵیزم، بە دەربڕینێکی تر، بریتییە لە کێڵگەیەک بۆ ڕامکردنی (تەڵقیندانی) مێگەل.”[28] بە دەربڕینێکی تر، وەهم و وڕێنەکانی ئازادی لەم کۆمەڵگایەدا، ڕێگە دەدا کە ئاکت و هەڵوێست و گوتاری دژەئازادی و فاشیزمی و دۆگماتیزمی بکرێ و بدرێ، وەک ئازادییەکیش قەبووڵ بکرێ، قوربانیکردنە بە تاکێک لەپێناو گشتدا.

لەنێو هەناوی خۆڵەمێشەوە

دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین ئەو گوتارانەی بانگەشە بۆ گەڕانەوە بۆ خود دەکات، ڕزگاری نییە، بەڵکوو بەدیهانێنی ئارەزووی وێنەکانی ئەوی تری گەورەیە و، درێژەپێدان و پەرەپێدانی کۆیلایەتی و ملکەچییە لە فۆڕمێکی تردا. ئەوەیشی پێویستە ئاشکراکردنی ئەو سەهویر و ئەوی ترانەیە کە جێنشین بوونە تێیدا، ئەمەیش بەو هیوایەی بتوانین بەشی هەرەزۆریان بشکێنین و لەڕێی خۆپەروەردەکردنەوە ببینە سوبێکتێک کە ڕۆحی ئەپۆکالپیسی و ترس و تۆقین داگیری نەکردبێت. ئەگەر سەرۆک خێزان و مامۆستا و دەسەڵاتە ڕەمزییەکانی نێو کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسی، تا ئێستا وەکوو پەروەردەکار و ڕێبەرێک مامەڵەمان لەگەڵ کردبن، دیارە “قوتابی ئەگەر هەر بە قوتابێتی بمێنێتەوە، بەوە پاداشتێکی خراپی مامۆستاکەی داوەتەوە.”[29] هەر بۆیە پێویست وایە ئەو خودەی وا پەڕگیرانە بەرگری لێ دەکرێ و هەموو ڕێیەک دەگیرێتە بەر تاکوو زیندوو بهێڵدرێتەوە و نەمرێ؛ بەتەواوی ناواخنی ئاشکرا بکرێت. ئاشکراکردنی ناواخنی پەروەردەی سیستەم و فێرکارییەکانی، ڕێیەکی دوورودرێژ و سەختە و هەروا سانا نییە، بەڵام دیالێکتیکییانە دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە بە یاخیبوون لێیان و ڕەتکردنەوەی هەموویان، کۆتایی پێ دێت. بێدەنگبوون لەمەڕ ئەو نهێنییانە و شاردنەوەیان، نەک هەر درێژە بەو پڕۆسەی وێرانکاری و ستەمکارییە دەدات، بەڵکوو تاکەکانی نێو ئەو سیستەمەیش ژەهراوی دەکات و دواجار سیستەمەکەیش. پێشبینیی ئەوە دەکەم ئەم بیرسایە بەهۆی سانسۆرەکانی ئیگۆ و داخوازییەکانی سوپەرئیگۆ کە بە جۆرێک ڕەگیان داکوتیوە، ناقۆڵاییان تێدا بەدی بکرێت، ڕەنگە بە خەیاڵپڵاویش ناوزەد بکرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامانجەکە دۆزینەوەی ئیمکانێکە لە ڕەتکردنەوەی ئەم واقیعە و قەبووڵنەکردنییەتی. ئەمەیش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی ڕۆشنبیران و کەسانی ئازادیخواز گوتاری خۆیان هەبێت. پێناچێ ئەم کارە هەروا سادەوساکار بێ و خێرا بێ، هەروەها وێڵکردنیشی بە هەر پۆزشێک بێت، لێکەوتەکانیمان لێ دوور ناخاتەوە و هەمیشە لە بنجوبنەوانەی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان بەدییان دەکەین؛ وا دیارە “ئەوەی دەیەوێ فێر بێت ‘بە ئەندازەی ئاسمان شاد بێت’ دەبێ ئامادە بێت ‘بە ئەندازەی مردن غەمگین بێت’.”[30] ئەگەر ئەمە یاخیبوون لە خود بێت، یاخیبوون بە مانا نیچەیییەکەی ترۆپکی پڕۆسەی خۆپەروەردەکردنە، هەر ئەو یاخیبوونەیشە کە شوناس دەدا بە تاک.


[1]  Carl Abraham

[2]  Incorporation

[3]  De Profundis – Oscar Wilde, from Aliceandbooks.com

[4]  ماذا عن غد (محاورة) – جاك ديريدا واليزابيث رودينسكو, دار كنعان,الطبعة الاولى 2008.

[5]  The Waves – Virginia Woolf, eBook edition created and published by Global Grey 2021

[6]  Fear of castration

[7]  Complex of castration

[8]  Phallic

[9]  شارستانییەت و ناکامییەکانی – زیگمۆند فڕۆید، و: وەلید عومەر – ڕوشدی جەعفەر، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم ٢٠٢١.

[10]  هەمان سەرچاوە

[11]  هەمان سەرچاوە

[12]  هەمان سەرچاوە

[13]  Fetish

[14]  ئایدۆلۆژیست – بەختیار عەلی، لە بڵاوکراوەی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی دووەم ٢٠٢١.

[15]  فڕۆید زیندووە! – سلاڤۆی ژیژەک، و: کازیوە. ک. – دەتوانن درێژەی وتارەکە لێرە بخوێننەوە: https://jineftin.krd/2021/06/12/%d9%81%d8%b1%db%86%db%8c%d8%af-%d8%b2%db%8c%d9%86%d8%af%d9%88%d9%88%db%95/

[16] خۆرهەڵات و لەبیرکراوەکانی – دەربارەی ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان)، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم ٢٠١٩.

[17]  هاوڕێم بڵند ئێزەدی، لە وتارێکیدا لەژێر ناونیشانی (بەرگری لە ڕۆشنبیر) باس لە فاشیزمی و پۆپۆلیزمییەک دەکات لەنێو کەوڵی بەشێک لە ڕۆشنبیران، دەتوانن لەم بەستەرەوە خوێنەری بن: https://negativegroup.org/item.php?id=575&fbclid=IwAR13B1JJafLEh5BO0LKLy10TTFsjNkbAOojFCv0iCvcNK4eKus5rV5nO6JE

[18] میرا – کریستۆڤێر فڕانک. و: عەلی غوڵامعەلی، بڵاوکراوەی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، ٢٠٠٦.

[19]  The Plague of Fantasies – Slavoj Žižek, Verso edition, 2008.

[20]  Pere Borrell del Caso – Escaping Criticism (1874)

[21]  هەمان سەرچاوە.

[22]  قورئان، سوڕەتی تەوبە – و، هەژار موکریانی

[23]  Steven Weinberg

[24]  Necrophilia

[25]  سیمیناری ١١، لاپەڕە ٢٣٥ (Seminar XI, p.235)

[26]  Denial

[27]  Resistance

[28]  غسق الأوثان – فريدريك نيتشه, ت: علي مصباح, منشورات الجمل, الطبعة الأولى 2010.

[29] زەردەشت وەها دووا – فریدریک نیچە، و: ڕەئوف بێگەرد، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، چاپی یەکەم ٢٠١٨.

[30]  العلم المرح – فريدريك نيتشه, ت: محمد الناجي, منشورات افريقيا الشرق, الطبعة الأولى