بێگەرد سووزەنی, Author at ژنەفتن

چاو زیت!
چیرۆکی خۆشەویستیم بۆ کوندەبوو لە کارتۆنێکی منداڵییەوە سەرچاوەی دەگرت. هاوڕێیەکی ژیر، بوێر و وەفادار بۆ «بەنێر»ی بچووک، کە لە یەکەم ناسینیاندا هاتبوو سەمۆرەکان ڕاو بکات، بەڵام ئازایەتیی بەنێر دەستەمۆی کردبوو و ببوونە هاوڕێی یەکدی. لە چاوەکانی منداڵیمدا، کوندەبوو هێمای زانایی، وەفا و ئەمەگ بوو. بۆ من، کوندەبوو هاوڕێی میهرەبانی ناو چیرۆکەکان بوو، چی دیکە گرنگ نەبوو بیر و بڕوای باوی ناوچەکەم ناوی نابوو «نەهامەتی و شوومی و وێرانی». ناوێک کە تەنانەت مامۆستا هێمنیش لە شیعرێکدا ئاماژەی پێکردبوو:

“کورد مەگەر کوندە کە هەر وێرانە بێ هێلانەکەی؟

نیشتمانی ئاوەدانی جوانی ڕەنگینم دەوێ”

بەڵام ڕۆژێک، واقیع و خەیاڵ بەیەک گەیشتن. براکەم کە خولیای ئاژەڵان بوو، کوندەبوویەکی باڵ‌قرتاوی هێنایەوە ماڵەوە. سەرەڕای ناڕەزایەتی و بۆڵەبۆڵی دایکم و خزم و کەس، هێنامانە داوێنی بنەماڵەکەمان.
بۆ یەکەم جار کە لە نزیکەوە دیتم، سەرسام بووم بە چاوە زیت و خڕەکانی، بە هەڵسووڕانی خێرای سەری و دەنگە سەیرەکەی لە نیوەشەودا؛ لە ناو حەوشەیەکدا کە بە هەوڵی باوەگەورەم، پارچەیەک بوو لە بەهەشت؛ پڕ لە تامی میوەی تازە و بۆنی سەوزە تەڕەکانی پێش ژەمی نانخواردن.

ئەو رۆژەی کە کوندەبووەکەمان ڕاگرت، شەو لەو سەعات دە و شتەدا بوو کە دەنگی دەرگا هات. سێ میوانی نەناسراو لە ورمێوە ناوونیشانی ماڵی ئێمەیان گرتبووە بەر کە دوایی زانیم یەکیان ناوی دیلانە. ماڵی ئێمە، بە هۆی کراوەیی و میوانپەروەریی باوکمەوە، هەمیشە ئاوەدان و ئاوەڵا بوو. دایکم بە پەلە هێلکەوڕۆنێکی بۆ ئامادە کردن. دوای نان و چایی خواردن و قسەکردن، ئێمە چووینە ژوورەکەی دیکە و خەوتین.

بەیانی کە لە قۆتابخانە هاتینەوە ئەوان ڕۆیشتبوون و شەوی دواتر گەڕانەوە. لەو سەردەمەدا تازە کەناڵی «میدیا تیڤی» دانرابوو و خەڵک زۆر پێی دڵخۆش بوون دەچوویتە هەر ماڵێک لە سەر ئەو کەناڵە بوو. لە یادمە ئەو ساتەیش لە شاشەکەوە گەنجان بە جلی کوردییەوە چەشنە هەڵپەڕکێیەکی نوێیان دەکرد، هێندە بە لای ئێمەوە جوان و تازە بوو کە لە قوتابخانە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە خودامان دەخواست کە کاتی بێکاریمان هەبێت یان دانەیەک لە مامۆستاکانمان نەخۆش کەوی و نەیێتەوە و ئێمە کاتی ئەوەمان هەبێ کە ڕاهێنانی ئەو شێوازە هەڵپەڕینە بکەین.

ئەمجارە دیلان و هاوڕێکانی چەن کتێب و و شریتی ڤیدیۆییان بۆ باوکم هێنابوو تا ڕای خۆی لەسەریان بدات و سەرقاڵی قسەکردن بوون. بۆ تاوێ دیلان ئەوانی بەجێهێشت و هات بۆ لای من و براکەم و باسی ڕێبەرایەتی و ڕێنمایییەکانی دەکرد؛ باسی سیاسەت و دزەکردنە ناو داگیرکەرانی کرد بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان. هەوڵی دەدا برا بچووکەکەشم کە خولیای ئۆتۆمبێل و لێخوڕین و چەک بوو، هان بدات… ئێمەیش بە زەوقەوە گوێمان لێ دەگرت… چ کەیف خۆشبووین بە قسەکانی.

بەڵام لە سێیەم هاتنەوەیاندا شتێک لە دڵمدا شکا. ئەو شەوە لە کاتێکدا من و براکەم خەریکی دەرس و دەور بووین، دیلان ڕووی تێکردم و بە ئارامی گوتی:

لە قوتابخانە ببە بە بەسیج! لە مۆدیر و مامۆستا پەروەرشییەکەت نزیک ببەوە و نێوانت لەگەڵیان خۆش بکە .
هەستم کرد کەسێک بە یەکجارە هەناسەی لێ بڕیم. لە منداڵییەوە فێر کرابووم نابێ خەیانەت لە گەل و نەتەوە بکرێ. بێ ئەوەی بیر بکەمەوە، گوتم:

“من قەت نابمە جاش. “

ئەو بە ئارامی وەڵامی دامەوە و هەوڵی دا ڕازیـم بکات کە ئەوە سیاسەتە، نە خەیانەت.

هەستێکی ناخۆشم هەبوو. منێک کە لە قوتابخانەدا بە هۆی ئامادەنەبوونم لە ڕێپێوانەکاندا سزا درابووم، مامۆستای ڕاهێنەر لە ڕیزدا و بە بەرچاوی هاوڕێکانمدا لێی دابووم و بانگهێشتی ئیدارە کرابووم، ئێستا دەیانویست بە دەستی خۆم بچمە ناو ئەو بازنەیەوە! قسەکانی بۆ من قیزەون و نامۆ بوون.
دیلان هێشتا بە هێمنی قسەی دەکرد، بەڵام من لە هیچ وشەیەکی تێنەدەگەیشتم. هەموو گوێم بۆ دەنگی دڵی خۆم بوو. ئەو دڵەی کە پێی دەگوتم شتێک لێرەدا هەڵەیە.

لە دەرەوە، کوندەبووەکەم لە ناو قەفەزەکەی لەسەر لێواری باخچەکە دانیشتبوو. هەندێک جار سەری دەسووڕاند و بە چاوە زیتەکانی لە ژوورەکەی دەڕوانی. هەستم دەکرد ئەویش گوێی لە باسەکانە.

دیلان بەردەوام بوو:

“هەندێک جار بۆ گەیشتن بە ئامانج، پێویستە لە شوێنێک بیت کە کەس چاوەڕوانی ئەوەت لێ ناکات. ئەوە خەیانەت نییە، زیرەکییە. “

چاوم لە باوکم کرد لە ژوورەکەی دیکە لەگەڵ هاوڕێکانی دیلان گفتوگۆی دەکرد، هاتم بچم بۆ لای و بڵێم ئەشا دیلان چی دەڵێت بەڵام ئەویش لە ناوچاویدا هێڵێکی گرژ و تووڕە دیار بوو هەستم کرد کە ئەویش لە وتووێژەکانیان تووڕە و بێزارە.

کوندەبووەکەم لە قەفەزەکەی دەرهێنا و لە باوشم کرد دەستم بە سەری نەرم و بچووکەکەیدا هێنا و ماچم کرد و بە ئەسپایی لە بن گوێیدا چرپاندم: بە ڕای من… ئەم کەسانە نەهامەتی و خەسار لەگەڵ خۆیان دێنن، نە تۆی چاوزیتی خڕ…

ئەو شەوە تا درەنگان خەوم لێ نەکەوت. کوندەبووەکەم لە قەفەزە دارینەکەی بە خەبەر بوو جار جاریش دەنگێکی لێوە دەهات، چاوەکانم دەکردەوە و سەیرم دەکرد. لە تاریکی ژوورەکەدا تەنها بیرم لە یەک پرسیار دەکردەوە: ئایا هەموو ئەوانەی بە ناوی ڕزگاری خەبات دەکەن، هەمان شتیان دەوێت؟

بەیانی، کاتێک تیشکی هەتاو هێواش هێواش لە نێوان گەڵای دارەکاندا دەهاتە ژوورەوە، میوانەکانمان ئامادەی ڕۆیشتن بوون. دیلان پێش ئەوەی لە دەرگاکە بچێتە دەرەوە، وەستا، ڕووی لێکردم و بە زەردەخەنەیەک گوتی: »ڕۆژێک، مانای قسەکانم دەزانیت». رۆیشتن و ئیتر نەگەڕانەوە.

حەفتە دوای حەفتە، کوندەبووە چاوخڕەکەمان لەژێر سێبەری میهرەبانیی بنەماڵەکەماندا پەڕ و باڵەکانی گەشەیان کردەوە، برینەکانی سارێژ ببوون و تەندروستی گەڕابووەوە. ڕاهاتبوو لەسەر شانی من و براکەم بنیشێتەوە؛ بە هەڵچەرخاندنی سەری و بە نیگایەکی پڕ لە زانایی و دەنگە سەیرەکەی ببوە هاوڕێی نوێمان.
بەڵام ئێمە دەمانزانی کە شوێنی ئاسایی ئەم باڵندە زانایە، بەندی حەوشەیەک یان لێواری پەنجەرەیەک نییە؛ شوێنی ئەو دەوەن و لێڕەوار و دارستانە.

ڕۆژێکی هەینی، لە بەیانییەکی زوودا کە نمە نمەی باران لەسەر گەڵای دارەکانی باخچەکە نیشتبوو و هەوا پڕ بوو لە بۆنی خۆڵی تەڕ، من و باوکم و براکەم کوندەبووەکەمان برد بۆ بەرزاییی گردەکەی پشتی ماڵمان. تیشکی زێڕینی خۆر تازە لە پشتی چیاکانەوە سەری دەرهێنابوو.

دەستم بە پەڕە نەرمەکانی پشتی هێنا، ناوچاوانیم ماچ کرد و بە گوێچکەکانیدا چرپاندم:

_ بۆ کوێ دەفڕیت بفڕە، بەڵام هەمیشە وەک کوندەبووەکەی “بەنێر”  زانا و وەفادار بمێنەوە… لە هیچ شوێنێکیش هێمای وێرانی مەبە.

براکەم بە هێوری هەڵیدا بەرەو ئاسمان. کوندەبووەکە بۆ ساتێک سەری هەڵسووڕاند، چاوە زەقەکانی لێمان بڕی؛ نیگایەک کە تژی لە سپاس و ماڵئاوایییەکی بێدەنگ بوو. دواتر بە باڵەکانی، کە ئیتر تەواو چاک ببوونەوە، لە شەقەی باڵی دا و ڕووە و ئاسمان فڕی.

من و براکەم تا ئەو جێگەیەی چاومان بڕی کرد، تەماشای فڕینەکەیمان کرد.

ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە کە لە وێنەیەک، لاپەڕەیەک، کارتۆنێکدا کوندەبوویەک دەبینم لە بەر خۆمەوە دەڵێم هەندێک دۆستی، لە یەک چرکەدا، دەبنە یەکێک لە گەورەترین تاقیکردنەوەکانی ژیان، هەروەها هیچ بیرۆکەیەک نابێت ئازادیی بیرکردنەوە لە مرۆڤ بستێنێت.

The post چاو زیت! appeared first on ژنەفتن.

خۆڵەمێش و پەپوولە
​لە ماڵی ئێمەدا چیرۆکێک هەبوو، هەمیشە وەک مۆتەکەیەک دووبارە دەبووەوە: چیرۆکی کتێبە سووتاوەکان. من کچێک بووم لەناو دووکەڵی گێڕانەوەکانی باوکمدا گەورە بووم؛ چیرۆکی ئەو لاپەڕانەی پێش هاتنی جەلادەکان، دەبوونە خۆڵەمێش.

​ئێستا نیوەشەوە. سوکنای کچم سەری لەسەر قۆڵمە و بەدیار چیرۆکی “نەرەمۆڵ؛ ئەو کرمەی دەبێتە پەپوولە”، خەو بردوویەتەوە. ئەو نووستووە، بەڵام من لەناو لاپەڕەکاندا ڕاوەستاوم و سەیری دووکەڵی ساڵانی دوور دەکەم. هەرکات باوکم باسی ئەو کتێبانەی دەکرد، دەنگی دەلەرزا؛ وەک ئەوەی ناوی هاوڕێیەکی نزیکی بهێنێت کە لەسێدارە دراوە. دەیگوت: «هەموویان کرد بە خۆڵەمێش…». من نەمبینیبوو کتێب چۆن دەسووتێت، بەڵام بۆنی کاغەزی سووتاو ببووە بەشێک لە هەناسەم. لە خەیاڵمدا هەمیشە دەستم بۆ ناو ئاگرەکە درێژ دەکرد تا ڕستەیەک، وشەیەک لە نەزانی ڕزگار بکەم.

ئەو ​ساڵانە هەر جارێک کە پێنووسم دەگرتە دەست، پەنجەکانم دەلەرزین؛ دەترسام نووسینەکانم ببنە دووکەڵ. ئێستا کە دەست بە قژی کچەکەمدا دەهێنم، ئەو نازانێت کاتێک دایکی چیرۆکی بۆ دەخوێنێتەوە، بۆچی پەنجەکانی دەلەرزن.

​ئەو هەینییە شوومەی کە “ترس” لە چیرۆکەوە بوو بە ڕاستی و ڕژایە ناو ماڵەکەمان، هەرگیز لە یادم ناچێت. حەوشەکەمان بەهۆی دەستە ڕەنگینەکانی باپیرمەوە، پڕ بوو لە بۆنی ڕێحان و نەعنا. باپیرم هەمیشە دەیگوت ئەم باخچەیە هێشتا «گریک»ی تێدا ماوە و زستانی تێپەڕاندووە. ئەو ڕۆژەش ئەو لە لای ئێمە بوو. نانی نیوەڕۆمان خوارد و باوکم بۆ کارێکی کتوپڕ چوو بۆ دەرەوە. ئێمە خەریکی تەماشای کارتۆن بووین و دایکم و باپیرم لە حەوشە خەریکی باخچەکە بوون.

​لەناکاو دەرگا بە توندی کوترا. منداڵێکی دراوسێمان بە هەناسەبڕکێوە خۆی کرد بە ماڵدا و تەنیا یەک ڕستەی گوت: «گرتیان… بردیان…». دایکم ڕەنگی پەڕی. بەپەلە جانتایەکی ڕەش و بۆخچەیەکی لەناو کارتۆنێک دەرهێنا و دایە دەستم: «بڕۆ… لە دیوارەکەی پشت حەوشەوە سەرکەوە و ئەمانە بگەیەنە دراوسێی ئەوبەر».

​من لەسەر ئەو بلۆک و ئاجوورانەی بۆ ڕۆژی تەنگانە کۆ کرابوونەوە، سەرکەوتم. ئەوەی من هەڵمگرت جانتایەک نەبوو، مێژوویەکی قورسم لەسەر شان بوو. بەپەلە ڕۆیشتم، بەڵام ترس لە هێزی من گەورەتر بوو. خزام… کەوتم… و خوێن لە چەناکەمەوە ڕژا. ئەو ڕۆژە ئازار و ترس و وشەکانی باوکم تێکەڵ بە خوێنی من بوون. برینی سەر چەناکەم بوو بە مۆرێکی هەمیشەیی کە پێم بڵێت: نووسین باجی هەیە. یادگاریی ئەو ڕۆژە هێشتا لەژێر پێستمدا ماوە.

​ئەو کات «ئۆڵدوز»م دەخوێندەوە. لە خەیاڵمدا، من و ئەو هەردووکمان لەژێر سێبەرێکی ڕەشی ستەمدا دەژیاین؛ ئەو لە دەست زڕدایک و من لە دەست ئەو نەزانییەی کتێبی دەسووتاند. دراوسێکەمان لەو بەری دیوارەکەوە من و ئەمانەتەکانی باوکمیان لە ئامێز گرت. من لە سووچێک کزۆڵەم کردبوو، لەناو ئازاری جەستەمدا چاوەڕوانی هەواڵێکی ماڵەوە بووم.

​بەڵام ئێستا کات گۆڕاوە. من چیتر ئەو کچە ترساوە یازدە ساڵانە نیم کە لەسەر دیوارەکە دەخلیسکێت. من ئێستا دایکم. سەیری کچەکەم دەکەم و کاتێک دەبینم چۆن بە هێمنی نووستووە؛ دەزانم کە من ئەو چیرۆکە سووتاوەم گۆڕی. من نەمێشت وشەکان بببنە خۆڵەمێش؛ من وشەکانم پاراست تا بیکەم بە لایەلایەیەک بۆ خەوی کچەکەم. بیری ئەم شیعرە دەکەومەوە:

“ئاگر هانێ باڵەکانم

پێی هەڵفڕە

لەوپەڕ جەنگەڵ

تاریکایی دەستی تا لای خودا چووە…”

باوکم ڕاستی دەکرد، هەموویان کرد بە خۆڵەمێش… بەڵام پێی نەوتم کە لەناو ئەو خۆڵەمێشەدا، پەپوولەیەک لەدایک دەبێت کە چیتر لە سێبەری هیچ دیوارێک و هیچ ئاگرێک ناترسێت. منیش ئیتر لە نووسین ناترسم؛ من ئێستا پاسەوانی وشەکانم.

The post خۆڵەمێش و پەپوولە appeared first on ژنەفتن.

ئەو لای من لە تەمدا
پاییزە و دوانیمەڕۆیەکی بارانی کە زۆرتر لە ئیوارە دەچێ…

باران بە نەرمی دەبارێ وەک ئەو کەسانەی کە فێر بوون بە بێدەنگی بگرین. شووشەکان هەڵم گرتوویانە و هێڵی تنووکی باران دایپۆشیون، هێڵەکان لە یەکدی جیا دەبنەوە و دیسان یەک دەگرنەوە وەک بیرەوەرییەکان…

لە پشت پەنجەرەکە لە سەر کورسییەک دانیشتووم، کتێبم بە دەستەوەیە و قاوەیەکی تازەشم لە تەنیشتە، هەڵمی قاوەکە تێکەڵ بە هەڵمی شووشەکان دەبێ و خەیاڵیشم هەوەتر…

لە دوێنەوە خوێندنەوەی ڕۆمانی “باڵندەکانی دەم با”م دەست پێ کردووە، ڕەوتی گێڕانەوەی  چیرۆکەکە و ترپەی باران دۆخێکی هێوەر و دوور لە قرموقاڵی ڕۆژانەی بۆ ساز کردووم. بە ئەسپایی ماملێ لە تەلەفۆنەکەمدا دەچریکێنێ؛ (وەی وەی وەی بارانە… ئەی پاییزە و گەڵاڕێزانە…) لە پڕا دەنگی زەنگی تەلەفۆنی ماڵی دراوسێکەمان دێت و هەموو ‌هێوربوونمی وەک لمی بن لێوانێکی بنەنیشتە تێکەڵ دەکات. سەر هەڵدێنم چاو لە کاتژمێرەکە دەکەم ٣:١٥یە، دیسان هەمان کات، هەمان خولەک؛ ئەو کاتەی کە هەموو ڕۆژێک دەگاتە ئەوەی بۆ ماوەیەک هەستێکی سەیر هەموو جەستەم لەخۆ دەگرێ… وەک ئەوی کات ڕاوەستابێت و تەنیا من بمێنمەوە لەگەڵ خۆم. لەو ساتەدا دەنگەکان دوور دەکەون، چاوەکان وەک وێنەی کامێرایەک لە سەرەتا لێڵ دەبێ و دواتر دیمەنێکی ڕوونت پیشان دەدا…

سەر هەڵدێنم دەنگی زەنگی تەلەفۆنە سەوزە تۆخەکەی ماڵ پوورم دێت، من لە ژوورە بچووکەکەی پشتەوە خەوتووم، هەموو بە هۆی ئازادبوونی باوکمەوە لەوێن، بەڵام سەیرە بۆ کەس هەڵی ناگرێت؟ بۆ کەس وڵامی تەلەفۆنەکە ناداتەوە؟ خەوم دێت چاوم دەبەستم و پەتووە بچکۆلانەکەم کە بەس تا ئەژنۆکانم دادەپۆشێ دەدەم بەسەر دەموچاومدا، بەڵام دیسان دەنگی تەلەفۆنەکە ناهێڵێت…

چاو لە ژوورەکە دەکەم دایکم لام نەماوە ڕەنگە کاتێ کە من خەوتووم چووبێتە بۆ لای میوانەکان. دەنووزێنم دەڵێم بەشکم دایکم بێت بۆ لام، بەڵام کچە پوورم کە دوو ساڵ لە من گەورەترە دەرگاکە دەکاتەوە دەڵێ تەلەفۆنەکە هەڵگرە، سەیری دەکەم و هیچ ناڵێم، تەلەفۆنەکە دادەخەن. دوای چەن چرکە دیسان زەنگ دەخواتەوە. کچی پوورم دەستم دەگری و دەمباتە لای تەلەفۆنە سەوزە تۆخەکە.. چەن ڕقم لەو ڕەنگە بوو لە ڕەنگی جلی پاسدارەکانی زیندان دەچوو.

تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم: ئەلۆ

:سلام خوبی؟[1]

فارس بوو!!!

:خوبی دختر جان.[2]

تەمەنم هێند بچووک بوو کە هەمووان سەریان سووڕدەما لەوەی دەزانم بە فارسی قسە بکەم!

گێژ بووم بەڵام کوتم ممنون

:خوشحالی کە بابات اومدە خونە دیگە مارو نمی بینی؟[3]

وتم؛ بلە خیلی خوشحالم. ئەو ڕوژانەی وا دەچووین بو تاران و بەر دەرکەی زیندانم هاتەوە یاد کە دایکم و ئەوان بە زۆر فێریان دەکردم کە بە فارسی بڵێم باباجان خوبی، دوست دارم، کی میای خونە؟

:انشااللە کە منو یادتە؟[4]

هیچم نەکوت، ترسابووم…

: منم برادر…

زۆر ترسام نەمتوانی هیچ بڵێم

:زنگ زدم بگم مرخصی بابات تموم شدە بهش بگو تا یک ساعتە دیگە میام دنبالش…[5]

زریکاندم…

دەنگی زریکانی من و گاڵتە و قاقا و پێکەنینی مام و ئامۆزا و پوورزاکانم تێکەڵ بە یەک بوون…

بیستۆکی تەلەفوونەکە لە دەستم داکەوت و دای بە سەر قامکە گەورەکەی قاچمدا…

هەموو گیانم دەلەرزێ، کتێبەکە لە دەستم بەردەبێتەوە.. ڕیک وەک بیستۆکی تەلەفۆنەکە… قامکی پێم هەمان زامی جارانی دەکولێتەوە، کتێبەکە هەڵدەگرمەوە، لاپەڕەکان ئاڵۆزاون وەک هێڵی تنووکی بارانی سەر شووشەکە… شوێنەواری ئەوەی کە تا کام لاپەڕەم خوێندەتەوە وەک دڵۆپی باران لە هیچ شوێنێک دیار نەبوو، کتێبەکە چیرۆکی خۆی درێژەدابوو و مێشکی منیش چیرۆکی خۆی.

ئەو ساڵانە هەموو کەس دەیگوت مەترسە، بەڵام ترس هەموو کات زووتر لە خۆم لە خەو هەڵدەستا. ئەو کات لام وابوو خەو، تاریکی، دەنگ و زمانی نامۆ بەشێکن لە ترس و لە پشت دەرگاکانەوە وەستاون.

ئێستا ساڵانێک و تەمەنێکی زۆر تێپەڕیوە، خانووەکە، ژوورەکە، ڕوخسارەکان و… گۆڕاون، بەڵام هەندێک دەنگ هێشتا وەک خۆیان ماون…

(لە داخی ڕۆژگارە گیانە تۆبە لە تۆبەی دەکەم…) بە دەنگی ماملێ دێمەوە بەخۆمدا، بۆنی قاوەیەکی ساردەوەبوو و کتێبێکی  زەردهەڵگڕاو کە تیشکی برووسکەیەکی ئاسمان لێی داوە تێکەڵ بەیەکدی دەبن. هێشتا باران دەبارێ بەڵام نەک بە هێوری…

زەردەخەنەیەک دەکەم و دەڵێم ڕەنگە ئاسمانیش پێداچوونەوەیەکی لە ڕابردووی خۆی کردووە.

[1] سڵاو باشی؟

[2] باشی کچە گیان؟

[3] خۆشحاڵی باوکت هاتووەتەوە ماڵ و ئیتر ئێمە نابینی؟

[4] ئینشائەڵا منت لەبیرە؟

[5] زەنگم دا بڵێم مۆڵەتەکەی باوکت تەواو بووە، پێی بڵێ تا یەک سەعاتی تر دێم بە دوایدا

The post ئەو لای من لە تەمدا appeared first on ژنەفتن.