ژڤان حەبیب, Author at ژنەفتن

لەنێوان بوون و هەبووندا، ئێمە هەبوونمان هەڵبژارد
کاتێک ئاوڕ لە مێژووی ئەدەبیات دەدەینەوە، دەقگەلێک هەن کاتێک مرۆڤ دەیانخوێنیتەوە هەست دەکات نەشتەرێکی تیژی گرتووە و ڕێک دەستی خستووەتە سەر ئەو برینەی کە ساڵانێکە هەن و لێی بێدەنگین. برینێک تا دێت بەسوێ و قووڵتر دەبێ. (پاڵتۆ)ی نیکۆلای گۆگۆل هەر تەنها چیرۆکێک نییە و بەس، بەڵکوو تاقیگەیەکی گەورەی بێبەزەییبوونی مرۆڤە. پاڵتۆ یەکێکە لەو ئاوێنە تێکشکاوانەی کە برینێکی قووڵ و پر لە ناسۆری لەسەر جەستەی مرۆڤایەتیدا جێ هێشت. وەک دۆستۆیڤسکی دەیگوت: ئێمە هەموومان لەژێر پاڵتۆکەی گۆگۆلەوە هاتووینەتە دەرەوە. ئەم ڕستەیە تەنها پیاهەڵدانێکی سادە نییە، بەڵکوو دانپێدانانە بەوەی کە گۆگۆل یەکەم کەس بوو توانیی کە مرۆڤی پەراوێزخراو و بچووک لە پەراوێزی فەرامۆشکراوی مێژووەوە ڕاپێچی ناو شکۆی بەرزی ئەدەب بکات.

ئەم شاکارە گەشتێکە بۆ ناو ژیانی ئاکاکی ئاکاکیڤیچ، ئەو فەرمانبەرێکی سادەیە کە هەموو بوونی لەناو دووبارەبوونەوەی نووسراوە بێکۆتاکان قەتیس ماوە. ئاکاکی قارەمانی ناو ئەفسانەکان نییە، ئەو قارەمانی ئارامگرتن و بێدەنگییە. لە جیهانێکدا دەژیت کە تێیدا تەنها پۆشاک و پلەوپایە بەهای مرۆڤ دیاری دەکەن، نەک دڵ و دەروون. لەو جیهانە سارد و سڕەدا کە تەنها بەرگەکان تێیدا دەدوێن، هیچ کاتژمێرێک هەمیشە بە ڕێکی کار ناکات و جەستەیەک کە بووەتە ئامێر، ڕۆژێک خیانەت بە بەرگەکەی دەکات. کاتێک پاڵتۆ کۆنەکەی دەدڕێت، ئاکاکی تەنها پارچە قوماشێکی لەدەست نەدا، بەڵکوو تاکە قەڵغانی بەرگریی خۆی بەرانبەر بە سەرما و سووکایەتییەکانی دەوروبەر لەدەست دەدات.

بۆ ئاکاکی، کڕینی پاڵتۆیەکی نوێ تەنها پێویستییەکی جەستەیی نەبوو، بەڵکوو پرۆسەیەکی سەخت بوو بۆ سەلماندنی بوون. ئەو مانگانە شەوان نانی لە دەمی خۆی دەگرتەوە، لە تاریکییەکی سڕدا دادەنیشت و چراکەی دانەدەگیرساند، تەنها بۆ ئەوەی بڕە پارەیەک پاشەکەوت بکات. ڕێک وەک ئەو شتانەی ئێمە ئەمڕۆ شەڕیان بۆ دەکەین. بۆیە پاڵتۆیەکی نوێ دەبێتە مەعشووق دەبێتە ئەو ئامانجە تاقانەیەی کە مانا بە ژیانە بێڕەنگ و تەمومژاوییەکەی دەبەخشێت. گۆگۆل لێرەدا وەک پزیشکێکی دەروونی نیشانمان دەدات کە چۆن مرۆڤی تەنیا، کاتێک لە مرۆڤەکانی دەوروبەری بێئومێد دەبێت، پەنا بۆ کەرەستە بێگیانەکان، دەبات بۆئەوەی هەست بە بوونی خۆی بکات.

دوای ئەوەی کە ئاکاکی خۆی لە سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیان بێبەش دەکات، دواجار دەتوانێت پاڵتۆیەک نۆێ بکرێت. بەڵام ڕێک لێرەوە بەشە تاڵی و مەینەتییەکەی دەست پێ دەکات کە پاڵتۆکەی لێ دەدزرێت. کاتێک بە دڵێکی شکاوەوە ڕوو لە کەسایەتییە گرنگەکان دەکات بۆ هاوکاری، ئەوان بە توندوتیژی و لەخۆباییبوونێکی ساردەوە دەیشکێننەوە. ئەم تێکشکانە تەنها ڕووداوێکی کەسی نەبوو، بەڵکوو کێشانی پەردە بوو لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی ئامێرێک کە جگە لە وردکردنی ڕۆحی مرۆڤ، هیچ ئەرکێکی تری نییە. گۆگۆل لێردا  ڕەخنەیەکی کوشندە لە بیرۆکراسی دەگرێت، سیستمێک کە تێیدا یاسا و مۆر و واژۆ لە ڕۆحی مرۆڤ پیرۆزترن. ئاکاکی لەبەر سەرما نامرێت، ئەو لەبەر ئەو سەرمایە دەمرێت کە لە دڵی مرۆڤە پلەدارەکاندایە.

گۆگۆل چیرۆکەکە بە مەرگی ئاکاکی کۆتایی پێ ناهێنێت. دەیکاتە خێوێک کە لە شەقامە تاریکەکانی سانت پترسبۆرگدا پاڵتۆی دەوڵەمەندەکان دادەکەنێت. ئەم وەرچەرخانە خەیاڵییە، وەک هاواری قوربانییەک وایە لەو دنیاوە، پەیامێکە بۆ هەموو ئەوانەی لەسەر کورسیی دەسەڵاتن کە مرۆڤی بچووک ئەگەر لە ژیانیشدا بێدەنگ بێت، لە مەرگدا دەبێتە کابووس بۆ ئەو سیستمە نادادپەروەرە. ئەم تۆڵەگیرییە خەیاڵییە دەیسەلمێنێت کە چەوسانەوە هەرگیز کۆتایی نایەت، تەنها شوێن و کارەکتەرەکانی دەگۆڕێت.

کاتێک گۆگۆل لە ساڵی ١٨٤٢ـدا ئەم چیرۆکەی نووسی، ڕەنگە بیری لەوە نەکردبێتەوە کە دوای نزیکەی دوو سەدە، ملیۆنان مرۆڤ هێشتا لەناو هەمان ئەو بازنەدا دەخولێنەوە کە ئاکاکی تێیدا خنکا. ئەگەر ئەمڕۆ بە وردی سەیری دەوروبەری خۆمان بکەین، دەبینین ئێمە هێشتا لەناو دێرەکانی ئەو چیرۆکەدا دەژین، تەنها جۆری مەرەکەبەکە گۆڕاوە. ئەرێ بەڕاست ئێمە هەموومان کەمێک ئاکاکی نین؟ ئەو لەناو بیرۆکراسییەکی وشکدا و ئێمەش لەناو جیهانێکی پڕ لە ژاوەژاودا، هەردووکمان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەی لە ناخماندایە، پەنا بۆ شتی کاتی دەبەین. ڕۆژانە هەمان ڕەفتار و هەمان ستایلی ژیان دووبارە دەکەینەوە تەنها بۆ ئەوەی لەلایەن سیستم و کۆمەڵگەوە قبووڵ بکرێین.

ئەم قبووڵکردنە وەک ڕاکردن وایە بەدوای سەرابێکدا. ئێمەش بۆ ئەوەی هەست بکەین هەیین، پێویستمان بە پاڵتۆیەکی نوێ هەیە، جارێک مۆبایلێکی نوێیە، یان نمایشکردنی ژیانێکی ڕازاوە کە لە ڕاستیدا هیی خۆمان نییە. ئێمە کەسمان خۆمان نین، ئێمە دەترسین ئەم پاڵتۆیانەمان بستێنرێتەوە، چونکە دەزانین لەژێر ئەو نمایشە وێنەییەدا، مرۆڤێکی تەنیا و ڕووتین کە کەس نایبینێت. کاتێک شاشەکان دەکوژێنەوە، ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە دەبینەوە کە گۆگۆل پێی گوتین: لەژێر هەموو ئەم پۆشاکەدا، مرۆڤێکی تەنیا هەیە کە کەس بەڕاستی نەیبینیوە.

ئازاری مرۆڤی ئەمڕۆ لەوەدایە کە بازاڕ و سەرمایەداری بە باشی دەزانن ئەو بۆشایییەی ناو دڵماندایە، چییە. دێن و کاڵا وەکوو ژەهرێک بەسەر خەیاڵی ئێمەدا دەڕژێنن. پێمان دەڵێن تۆ بەو شتانە دەناسریتەوە کە هەتە. لێرەدا شوناس لە بوونەوە دەگۆڕێت بۆ هەبوون. ئاکاکی ساڵانێک برسیێتی چەشت بۆ پاڵتۆیەک، ئێمەش هەموو تەمەنمان کار دەکەین و خەو لە چاوی خۆمان دەزڕێنین بۆ کڕینی شتێک کە تەنها چەند کاتژمێرێک هەستی گرنگیمان پێ ببەخشێت. کێشەکە ئەوەیە گرەوی ئەم سیستمە کۆتایی نایەت، هەمیشە پاڵتۆیەکی نوێتر و گرانتر هەیە کە هەمیشە دەستمان پێی ناگات.

کاتێک ئاکاکی پاڵتۆکەی لێ دەدزرێت، دەبینێت کە بۆ ئەو کارگێڕی کە تێیدا فەوتا تەنها پارچەیەکی بەسەرچوو بووە. ئەمەیە ئازارە ڕاستەقینەکە، نەک مەرگ، ئەو ساتەی مرۆڤ تێ دەگات تەمەنێکی بەخشی بە سیستمێک کە تەنانەت ناوی ئەمیشی نەدەزانی. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کاتێک ئەم هەموو پاڵتۆ و پێگەیە بەبا دەچن، ئایا لەژێریاندا مرۆڤێک دەمێنێتەوە؟ ئایا لێدانی دڵێک دەمێنێت کە هیی خۆی بێت؟ بۆ ئەوەی لەم بازنەیە دەربچین، پێویستمان بە یاخیبوونێکی ورد هەیە. نەک یاخیبوونی گەورە، ئەو دژبوونە وردەی لە ژیانی ڕۆژانەدا دەست پێ دەکات کاتێک ئامادەی بیستنی دەنگی کەسێک دەبیت لەگەڵ ئارامیی ناخۆشییەکانی ناختدا دەمێنیتەوە نەک کاتژمێرێک لەناو شاشەکاندا ون بیت.

لە جیهانی گۆگۆلدا پاڵتۆکە تەنها پۆشاک نەبوو، پردی پەیوەندی بوو لەنێوان کەسایەتی و هیچیدا. کاتێک ئاکاکی پاڵتۆکەی پۆشی، هاوکارەکانی بۆ یەکەم جار وەک مرۆڤ سەیریان کرد، نەک وەک ئامێرێکی نووسین. ئەمڕۆش پاڵتۆی ئێمە ئەو وێنە و ناوبانگە ساختەیەیە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆمان دروستمان کردووە. مرۆڤ لێرەوەیە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە دەبێتەوە کە سیستمەکان تەنها بۆ پۆشاکێکی بێرۆح دەچەمێنەوە، نەک بۆ ئەو دڵەی لەژێر قوماشەکاندا خەریکە ورد دەبێت.

ماڵوێرانی گەورەکە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە ئەم بەرگە ساختەیە لە مرۆڤ دەسەنرێتەوە. لەو ساتەدا مرۆڤ ڕووبەڕووی ڕاستییەکی تاڵ دەبێتەوە کە ئەو تەونی هەموو تەمەنت بۆ خزمەتکردنی تەرخان کرد، هیچ هاوسۆزییەکی بۆت نییە. کاتێک ئاکاکی شوناس پڕ پینەکەی لەدەست دا، تێگەیشت کە بۆ ئامێرە گەورەکە تەنها پارچەیەکی بێبەها بووە. ئەمڕۆش مۆدێرنە بە هەمان شێوە مرۆڤ ڕووت دەکاتەوە، ئێمە لەناو جیهانێکی پڕ لە کەرەستەدا دەژین بەڵام لە هەموو کاتێک ڕووتترین و کەمتر مرۆڤین، چونکە ئەوەی پۆشیمانە شوناسی خۆمان نییە، شوناسێکە کە بیرۆکراسی بۆی دووریوین و سەرمایەداری پێی فرۆشتووینەتەوە.

پاڵتۆ تەنها چیرۆکێکی ڕووسیی سەدەی نۆزدە نییە، بەڵکوو مێژووی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە ئەمڕۆش لە قەرەباڵغی  و ژاوەژاوی شارەکاندا ونن. گۆگۆل پێمان دەڵێت ئاگاداری ئاکاکییەکان بن، چونکە شکاندنی دڵی مرۆڤێکی سادە دەکرێت هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتی بخاتە ژێر پرسیارەوە. خوێندنەوەی ئەم چیڕۆکە تەنها چێژێکی ئەدەبی نییە، تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقی و ویژدانییە بۆ هەر یەکێک لە ئێمە. گۆگۆل کاتێک مەرەکەبی ئەم ژانەی دەڕشت، نەشتەری بۆ برینێک ئامادە دەکرد کە وا دیارە تا ئەبەد سارێژ نابێت.

چیرۆکی ئاکاکی تەنها چیرۆکی پیاوێک نییە کە لە سەرمادا ڕەق بووەوە، بەڵکوو چیرۆکی سەرمای ویژدانی مرۆڤایەتییە. گۆگۆل لەو ساتەی کە ئاکاکی دەکاتە خێوێک و لە شەقامە تاریکەکاندا دوای پاڵتۆی دەسەڵاتداران دەکەوێت، دەیەوێت پێمان بڵێت هیچ کەسێک هێندەی ئەو مرۆڤە ترسناک نییە کە هیچ شتێکی شک نابات تا لەدەستی بدات. ئێمەی مرۆڤی مۆدێرن کە لە پشت شاشەکانەوە خەریکی لاساییکردەنەوەی ژیانێکی بێڕۆحین، پێویستە لە خۆمان بپرسین ئایا ئێمە خەریکی دروستکردنی پاڵتۆین بۆ ئەوەی گەرممان بێتەوە، یان بۆ ئەوەی ڕاستییە ڕووت و بێدەسەڵاتەکەمان بشارینەوە؟

هیچ پەردەیەک هێندە ئەستوور نییە کە بتوانێت ڕاستی و کورتیی تەمەن لە چاوی ویژدان بشارێتەوە. ژیان زۆر کورتترە لەوەی تەنها بە چاوی چاولێکەرییەوە بەسەری ببەین و ببینین، با پێش ئەوەی مەرگ وەک دزێکی شەوانە پاڵتۆی ژیانمان لێ دابکەنێت، فێری ئەوە بین سەیری چاوی یەکتر بکەین نەک سەیری پۆشاک و پلەوپایەی، چونکە لە کۆتاییدا نە شاشەکان دەمانپارێزن و نە ناوبانگی درۆینە. با لە خۆمان بپرسین ئێمە چەندمان ئاکاکین و چەندیشمان ئەو بەرپرسە لوتبەرزەین کە پاڵتۆکەمان لێ دزی؟ من پێم وایە با هەموومان جارێکی تر گوێ لەو دەنگە بگرین کە لەناو دێڕەکانی گۆگۆلەوە هاوار دەکات: من براتانم، بۆچی ئازارم دەدەن؟ ئەمە تەنها ڕستەیەکی ناو کتێبەکە نییە، ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا لەم چیرۆکەدا ئەوە بوو کە ئەگەر مرۆڤایەتی، نەتوانێت وەڵامی ئەم هاوارە بداتەوە، ئەوا هەموومان لەژێر پاڵتۆکەی گۆگۆلدا خەریکی مردنێکی لەسەرخۆ و بێدەنگین.

The post لەنێوان بوون و هەبووندا، ئێمە هەبوونمان هەڵبژارد appeared first on ژنەفتن.