وتار Archives - ژنەفتن

تیامان لە نێوان شەبەنگی جەمسەرەکانی پاڵەوانکوژی و پاڵەوانپەرستی
وا هەڵناکەوێت هەموو ڕۆژێک ببینە خوێنەری چیرۆکگەلێک کە کاراکتەرەکانی هەمەڕەنگ و سەرنجڕاکێش و چاوەڕواننەکراو بن. پەیکەرتاشێک دەبێتە هۆگری پەیکەرە بە دەست هەڵکۆڵراوەکانی، نووسەرێک دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی کاراکتەری ناو چیرۆکەکانی و پەیوەندیی سەیر و ڕیزپەڕ لەگەڵ باڵندەکاندا درووست دەکات و گەچکارێکی فیلمسازیش کە بەخشکەیی لە ژێر کارە سپیکارییەکانی باڵەخانەکانی هەولێردا چەندان پارچە شیعری جێهێشتووە و خۆیشی بە ڤیدیۆ تۆمار کردووە کاتێک ئەو دێڕانەی لەسەر دیوارەکان نووسیوە و شارەکەی بە شیعر ئاوس کردووە.

لە خوێندنەوەی یەکەم دەقی دابان عەتار چەند ساڵێک لەمەوبەر تاوەکوو ئێستا، وەک یەک لە هەرە دڵخوازترین چیرۆکنووسی کورد لە لام کەمەندکێشی کردووم. شێوازی نووسینی دابان تایبەتە و کەموێنەیە. بەمەش پێم وایە ئێمە زۆر بەبەختین کە شتێک دەخوێنینەوە هاوتای نییە. بێهاوتایی واتای ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو کەسێک چیرۆکەکانی دابانی دەچێت بە دڵا، لێ شتێک دەخوێنینەوە کە دەگمەنە.

خاسیەتێکی چیرۆکەکانی دابان، هیچ نەبێت بە لای خۆمەوە،  ئەوەیە کە زۆر جار وەک مەحاڵ وایە بە یەک خوێندنەوە سەری لێ دەربکەیت. یەک، دوو، بگرە سێ بۆ چوار کەڕەت پێویستە بە هەمان دەقدا بچیتەوە. ئالەنگاریی وەهاش لەم سەردەمەدا تا دێت کەم دەبێتەوە، ئەمەش بۆ هەردوو لای خوێنەران و نووسەران ڕاستە. ڕەنگە خوێنەرێکی ئەم سەردەمە چیدیکە ئۆقرەی دەقی درێژ و پڕڕاز و قورسنووسراو نەگرێت، هاوکات ڕەنگە نووسەرانیش نەیانەوێت چیرۆکێک بنووسن کە خوێنەران بێئۆقرە بکات.

هەڵبەت، ناڵێم هەموو خوێنەران و نووسەران وەها بیر دەکەنەوە یان گەر دەقێک تایبەتمەندیی ئاستەنگی و ئالەنگاری نەبێت دەقێکی باش و جوان نییە، بەڵام سەردەمەکە وا خۆی نیشان دەدات کە دەگمەن بێت دوو جار ببیتەوە نێچیری هەمان قولاپی دەقێک یان کتێبێک کە لە ئاستێک لە ئاستەکاندا ماندووت بکات. ئەم تێگەیشتنەش چەوتە و جار نا جارێک دەقێک ئالەنگاریی تێگەیشتنمان بکات و داوامان لێ بکات کە وزەی تێدا خەرج بکەین شایەنی ئەوەیە خۆمانی بۆ بەدەستەوە بدەین و وەک چۆن ڕاوچی بۆ نێچیرەکەی دادەنیشیت، خوێنەریش ئا ئاوها بۆ دەقەکە دابنیشێت و شەنوکەوی بکات.

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم کە شیکارییەک بۆ تێما و ڕەهەندە سەرەکییەکانی نوێترین کۆمەڵەچیرۆکی دابان بکەم بە ناوونیشانی “کودەتای گاڵتەجاڕی” کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە لایەن وەشانی نووسیارەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لە سێ چیرۆک پێک هاتووە بەم ڕیزبەندییە: زیندانی بەرد، دوورگەی شەڕ، کودەتای گاڵتەجاڕی (کە هەر ناوونیشانی ئەم چیرۆکەیانە بووەتە ناو و ناسنامەی کتێبەکە). مەرج نییە لێکدانەوەکانی من مەبەستی پەیامەکانی پشت نووسینەکانی پێکا بێت یان بەشێک لە مەتەڵی ئەم کتێبەی هەڵهێنابێت، بەڵام دواجار ئەوە ئەرکی بەرهەمە ئەدەبییەکانە وا بکات بیر لە دەقەکە بکەینەوە و چەشنێک لە زۆرانبازیی هزری ئەنجام بدەین. دواجار، چەند چێژ لە دەقێک دەبینین، دەبێت هێندەش چێژ لە تێڕامان لەو دەقە ببینین.

پاراتێکستی تەڵەوێنەی[1] سەر بەرگەکە

یەک لەو خووانەی لە خوێندنەوەی کتێبەکان هەمیشە هەمبووە بریتییە لە پشکنین و تێفکرین لە بەرگی کتێبەکان و نووسین و وێنەکانی سەری. چەند سەیرە کاتێک کتێبێک دەخوێنیتەوە ڕەنگە نەخش و ڕەنگی بەرگەکەی وەک هیی کاتی پێش خوێندنەوەی لێ نەیەتەوە. ڕێی تێدەچێت پێش خوێندنەوەی کتێبێک، وێنەی سەر بەرگەکەی تێگەیشتنێک لە ئەندێشەماندا بنەخشێنێت یان لە لامان ببێتە ڕازێک، کەچی پاش خوێندنەوەی کتێبەکە دیزاینی کتێبەکە مەتەڵەکەی هەڵبهێنرێت یان پڕڕازتر بێت و واتاکەی خۆی نەدات بەدەستەوە، ڕەنگیشە (وەلەو ئەمەیان کەمێک جێی نیگەرانییە) لە بنەماوە هیچ مانایەک یان مەبەستێکی هونەری نەبێت چ بۆ نووسەرەکە یان دیزاینەری بەرگەکە. وەلێ، دواجار، نەخشونیگاری سەر بەرگی کتێبەکان دەشێت پێش و پاش خوێندنەوەی دەقەکە تێڕوانیمان بۆیان بگۆڕدرێن. وەک کەمێکی تر پەی پێ دەبەین، ئەمە بە دڵنیایییەوە بۆ نەخشونیگاری سەر بەرگی کتێبەکەی دابان درووستە.

پاراتێکست (کە بە کوردی دەتوانین وەریبگێڕین بۆ هاوەڵدەق، باندەق، بانتێکست، سەروودەق یان سەرووتێکست) ئاماژەیە بۆ هەموو ئەو توخمانەی لەسەر بەرگی کتێبێک یان لە ناو کتێبێکدا هەن (وەک ناوونیشانی کتێبەکە، بەشی پێزانین، پێشەکی و پاشەکییەکان، وێنە و نیگارەکانی سەر و ناوەوەی کتێبەکە، هتد)، یانیش تەنانەت ئەو توخمانەی لە دەرەوەی کتێبەکەوەن (وەک چاوپێکەوتنەکانی نووسەرەکە، پۆستەرەکانی ڕێکلامی کتێبەکە، ئەو ڕانانەی لە بارەیەوە نووسراون، هتد) بەڵام خۆیان بەشێک نین لە دەقە سەرەکییەکە.

چەمکی پاراتێکست لە لایەن ژێرارد ژێنێتەوە، کە فەیلەسووف و ئەدەبناسێکی فەڕەنسی بوو، داهێنراوە و لە کتێبەکەیدا شیکاری بۆ پاراتێکستەکانی دەقێکی بە سیستەماتیک کردووە. سا با شیکارییەکی پاراتێکستواڵانە بۆ سەر بەرگی کتێبەکەی دابان بکەین و بزانین بەرگی کودەتای گاڵتەجاڕی گوزارشت لە چی دەکات، ئەویش گەر بیکات. دواجار کاتێک کتێبەکە تەواو دەکەیت، وا هەست دەکەیت هیچ شتێک لە جێی خۆی نییە، گومان دەبەیت تۆش کاراکتەرێکی ناو چیرۆکەکەیت و نووسەر فێڵی لێ کردوویت کە کتێبەکەی ئەو دەخوێنیتەوە. ڕەنگە ئەوەش بە مێشکتدا بێت ئەو دابانیش ڕاستەقینە نییە و لە چینێکی دیکەی کەتوارەوە ئاڕاستە دەکرێت تا کار لە خۆت و کەتوارەکەی تۆ بکات. جا چجای ئەوەی بزانین کە بۆ بەرگی ئەم کتێبە هەڵکەوتووە بەم جۆرە بێت کە هەیە!

تاوێک لە وێنەی سەر بەرگی “کودەتای گاڵتەجاڕی” بڕوانە. پێم وایە دەشێت هەموو هاوڕا بین لەوەی نەخشی سەر بەرگی کتێبەکە بەرگێکی جوان نییە (وەلەو جوانی چەمکێکی تایبەتە، شتێک بۆ من جوان یان ناشیرین بێت مەرج نییە ئەو ئەزموونە بۆ تۆ بە هەمان شێوە بێت)، ناجوانی بەو مانایەی بوونەوەرێک دەبینی لە شێوەی لێبووکێک کە بە شێوەیەک دەمی بە خەندەیە نائاسودەکەرە و تەنانەت بۆ هەندێك دەشێت مایەی تۆقین بێت (گەر بینەری فیلمی ترسناکی هاوشێوەی ئەوەی سمایڵ بوو بێتیت) و ئەم ڕووخسارە لێبووکییەش وەک بڕبڕە تا خوارەوەی جەستەی هاتووە و بەشەکانی جەستەشی لە نووسین، بەتایبەتی لە شێوەی دەستنووسی کۆن پێکهاتووە و تامارێکی مۆریش دەوری بوونەوەرەکەی داوە. باکگراوندی ئەم بوونەوەرە لێبووکییە ڕەشە و لەسەر ڕەشەکەش پارچەی پێکبەستراوی تەڵەوێنەن و سێ پارچە تەڵەوێنەش بە ڕەنگی جیاواز لە دەوری بوونەوەرەکەوەن.

سوودێکی بەرگی کتێبەکە ئەوەیە کە ڕەنگە بتوانین بەکاری بهێنین بۆ ئەوەی بزانین کامە هاوڕێمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانمان بلۆک بکەین، ئەگەر هاوڕێیەکت بینی وتی ئەم بەرگە جوانە، بێ دوودڵی بلۆکی بکە، چونکە ئەو کەسە یان کێشەی بینینی هەیە یان ماسۆکیستە و حەزی لە ئەشکەنجەی دەروونیی خۆیەتی. دوور لە تەنز، ئایا هەر بەڕاستی بەرگی ئەم کتێبە بۆ وایە؟ دابان و زاری (کە دیزاینەری بەرگی کتێبەکەیە) بۆ وایان کردووە؟ ئایا کتێبەکەیان بە پەنگ بردووە یان تێمای چیرۆکەکان دیزاینێکی وا دەخوازن؟

پێم وایە ئەم دیزاینە هەمووی بە مەبەست کراوە. چیرۆکەکانی ناو کتێبەکە وەک بەرگەکەی دەمانخاتە کەشێکی سەیر و سوریالیستانە. بەرگەکە نائاسوودەکەرە چونکە لە بنەماوە نائاسوودەهێنن، ئایا چ شتێک لەوە نائاسوودەهێنترە کەتوار و خەیاڵی خۆت لە یەکتری جیا نەکەیتەوە؟!

زاری دیزانەرێکی لێهاتووە و زۆرینەی کارەکانی دیزاینی کتێبەکانی نووسیار (لە نێویاندا دوو بەرهەمی خۆم) لە لایەن ئەوەوە کراون. سا کێشەکە نە لە دیزاینەرە، نە بڵاوکار، نە نووسەر، بگرە هیچ کێشەیەکی دیزاین نییە و زۆر بە ژیرانە ئەنجام دراوە. چیرۆکەکان وا دەخوازن کە بەرگەکە بەم شێوەیە بنەخشێنرێت، سا بەرگی کتێبەکە پۆشاکێکی پڕبەپێستە بۆ جەستەی دەقی چیرۆکەکانی ناو ئەم کتێبە. پاش خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ناو کتێبەکە، گەر خوێنەر کات بۆ تێڕامان لە بەرگەکە تەرخان بکات، ڕەنگە ئەم ڕاستییەی بۆ دەربکەوێت و بتوانێت هەندێک لە مەبەستەکانی پشت وێنەی ئەو بەرگە هەڵبهێنێت. با لە هەندێک لە واتا و ڕەهەندەکانی ئەو بەرگە بڕوانین.

توخمێکی سەرەکیی دیزاینی بەرگی کتێبەکە بریتییە لە پارچەکانی تەڵەوێنەکان کە لە باکگراوندی کتێبەکە هەن کە سنوورەکانیان ڕەنگیان مۆرە و ناوەوەی پارچەکانیش بەتاڵە. تەڵەوێنە خۆی لە خۆیدا یارییەکی مەتەڵاوییە، یاریکەر دەبێت پارچە تێکەڵبووەکانی وێنەیەک بە یەکدییەوە بلکێنێتەوە تاوەکوو وێنە ڕەسەنەکە خۆی بدات بە دەستەوە. سا هەر خودی هەبوونی ئەم مەتەڵە یارییە وەک توخمێکی سەرەکیی دیزاینی بەرگی کتێبەکە ئاماژەیە بۆ شتێک کە پەرتبوو و پارچەپارچەبووە (ڕەنگە لە کۆنتێکستی ئەم چیرۆکانەی داباندا شتەکە کەتوار بێت)، یان شتێک کە پێویستی بە چارەسەرکردن و شیکارکردن هەیە. سا کاراکتەری نێو چیرۆکەکانیش وان، یان هیچ نەبێت ئەو دونیا تێکستواڵییەی تێیدان وەهایە.

چیرۆکەکانی دابان فراگمێنتن، واتە پارچەپارچەن و ڕەنگە بۆ خوێنەر سەخت بێت بە یەکجار خوێندنەوە لە هێڵ و کاتەهێڵی چیرۆکەکان تێبگات. چەند پاراگرافێک دەخوێنیتەوە، کەچی لە پڕێکدا سەرنجمان دەچێتە سەر چیرۆک و پرسێکی تر و ئینجا دێتەوە سەر ئەوەی پێشوو ئینجا بۆ شوێنێکی دیکە سەرنجمان ئاڕاستە دەکرێت، ئەمە ڕێک وەک تەڵەوێنە وەهایە. خوێنەر وەک یارییەکی تەڵەوێنە دەبێت پارچەکان بدۆزێتەوە و بیانخاتە شوێنە ‘ڕاستەکەی’ خۆیان تاوەکوو وێنەی چیرۆکەکە ڕوون خۆی نیشان بدات. جیا لە شێوازی خوێندنەوەی چیرۆکەکان کە وەک تەڵەوێنەن، دەروون و یادەوەریی کاراکتەرەکانیش پارچەپارچەن. لە کۆتاییی چیرۆکەکانیشدا ڕەنگە هەندێک شت لە لامان هەر جێی پرسیار بن، ئەمەش ئاسایییە، ئاخر خۆ لەسەر بەرگی وێنەکەش چەند پارچەیەکی تەڵەوێنەکە لە دەوری لێبووکەکە هەن و چارە نەکراون کە دەشیت ئەوە دەربخەن هەندێک لە پارچەکانی نێو چیرۆکەکان بزر بن و لە جێی دیکەدا بدۆزرێنەوە یان هەر نەدۆزرێنەوە. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دەقئاوێزان[2].

هەرچی لێبووکەکەیە، جەستەی لە دەستنووسێک پێکهاتووە، ڕەنگە عەباش بێت، وەلحاڵ دەستنووسەکە دەشێت هێما بێت بۆ ئەو دەقئاوێزانەی لە چیرۆکەکاندا هەیە و نووسەر چەند دێڕێکی شیعری مەحوی ئاوێتەی نووسینەکەی کردووە. هاوکات، ئەم پۆشاکە عەبائاسایەی لێبووکەکە کە هاوشێوەی دەستنووسە کۆنەکانە دەشێت هێما بێت بۆ چەند شتێک: سەرجەم کاراکتەرەکان پێکهاتەیەکن لە زمان و مێژوو، بەم پێیە دەرخەری تەکنیکی مێتافیکشنە کە زۆر لە کۆمەڵەچیرۆکەکەدا بەکار براوە. ئاماژەیەکی دیکە ئەوەیە کە دەستنووسەکە هێمای پیرۆزی و پیرۆزاندنی دەقەکانی ڕابردووە. بەڵام، لێبووکەکە ڕێک پێچەوانەی ئەم هێمایەیە و نیشانەی پووچێتی و گاڵتەجاڕیی ناوونیشانی کتێبەکەیە.

هاوکات دەشێت تەواوی پۆشاکە دەستنووسەکە لەگەڵ سەرە لێبووکییەکان تێکڕا ئاماژەش بن بۆ سێیەمین چیرۆک – کودەتای گاڵتەجاڕی— کە تێیدا باس لە خاڵێکی وەرچەرخانی هزری دەکات و ڕۆشنبیران هەموو دەیانەوێت لاف و گەزافی ئەوە لێ بدەن کە ئەوان ڕابەر و دەسپێکەری ئەو ڕووداوە بوون کە لە چیرۆکەکەدا بەو قۆناغە نوێ و شۆڕشگێڕانەیە دەگوترێت سەرهەڵدانی مەزن. سا لێبووکەکە کودەتایە بەسەر ئەو دەستنووسەدا و ئەوانەشی کە دەیانەوێت بانگەشەکانی خۆیان بکەنە دەستنووسێکی دیکەی پیرۆز بۆ ئایندە.

خۆی لە ڕابردوودا لێبووکەکان لە کۆشکدا پێگەیەکی گرنگیان هەبووە. ئەمان تەنها قەشمەرجاری دەستی پاشاکان و دارودەستەکەی نەبوون، بەڵکوو لێبووکەکان ئەرکێکی گرنگیان هەبووە ئەویش بریتی بووە لە گوتنی ئەو ڕاستییانەی کە کەس لە میرنشینێکدا نەیوێراوە بە پاشای بڵێت. بەڵام، لێبووک بە گوتنی ڕاستییە تاڵەکە بەڵام لە فۆڕمی گاڵتەوگەپدا توانیویەتی دەنگە کپکراوەکان بە پادشا و دەسەڵات بگەیەنێت. سا ئەدەبیاتی تەنز و ئەزموونی و شۆڕشگێڕانە بە هەمان ڕۆحیەتەوە دەیەوێت مرۆڤ بە ڕاستییەکان بتاسێنێت. لێبووک لێرەدا ڕابەرایەتی کودەتایەک دەکات بەسەر پیرۆزیی پادشا و دەسەڵاتدا. کاراکتەری شاکار، کە دەکرێت وەک لێبووکێک وێنا بکرێت، لە چیرۆکی سێیەمدا کە فیلمە یەک خولەکییەکەی دەردەهێنێت و بەڕاستی لەوێوە پاڵەوانکوژی سەرهەڵدەدات، هاوکات دژ بە سەرپەرشتیاری پڕۆژە زانکۆیییەکەی کۆڵ نادات و دەرهێنان بۆ فیلمەکە دەکات. شاکار بە هەمووان و دەسەڵاتی سەرپەرشتیارەکەی پێکەنی و ئەو پاڵەوانانەی کردە نوکتە.

باوجوو، لێرە پرسیارێک بە مێشکمدا دێت: ئایا کۆمەڵەچیرۆکەکەی دابانیش گێڕانەوەی نوکتەیەک نییە هاوشێوەی فیلمە یەکخولەکییەکە (ئاخر چۆن بڕوا بکەین کوڕێک پەیکەرێکی خۆش بووێت و لەبەر ئەو ببێتە پاسەوانی مۆزەخانەیەک. ئاخر چۆن نووسەرێک شێتانە هۆگر و عاشقی کاراکتەرێکی نێو چیرۆکێکی خۆی دەبێت زیاد لە هاوسەرەکەی خۆی و دواتریش چۆن فیلمێکی ماوە یەکخولەکی شۆڕشێکی سەرتاسەری سیاسی-ئەدەبی-کۆمەڵایەتی دەهێنێتە کایەوە کە هەموو ڕۆشنبیران شەڕی لەسەر بکەن تاوەکوو خۆیان بکەن بە خاوەنی)؟ بەڵام دەبێت بڵێم کە دابان پێمان ڕانابوێرێت، بەڵکوو دەیەوێت مشتەکۆڵەیەک ڕاستیمان لە ڕێی ئایرۆنی، گاڵتەجاڕی، تەنز و کۆمیدیای تاریک و تراژیدییەوە پێ ڕابگەیەنێت.

پێم وایە دەشێت زۆر زیاتر لەسەر بەرگی کتێبەکە بڵێین و بە چیرۆکەکانی ببەستینەوە، بەڵام شتێکی گرنگ سەبارەت بە پاراتێکستی ناوونیشانی کتێبەکە هەیە: ئایا هەر بەڕاستی کتێبەکە ناوی ”کودەتای گاڵتەجاڕییە”؟ یانیش ئەوەتا ناونیشانە ڕاستەقینەکەی لە پشت ناوونیشانی ”کودەتای گاڵتەجاڕی”ـیدا شاردراوەتەوە؟ دوایین وشەی سێیەمین چیرۆک و کۆتاییی کتێبەکە ئەمەیە: پاڵەوانکوژ. لە کۆتاییی چیرۆکی سێیەمدا، لێکۆڵەرە ئەدەبییەکە پێداگری دەکات کە دەبێت ناوی چیرۆکەکە یان وتارەکەی “پاڵەوانکوژ” بێت، سا لە دەقەکەدا بە قەبارەیەکی گەورەتر نووسراوە و وشەکەش تۆخ کراوە. ئەمەش هاوشێوەی شاکاری فیلمساز و سپیکار، دابان ناونیشانی ”کودەتای گاڵتەجاڕی” وەک گەچ بەکار هێناوە و لە ژێر ئەم چینەدا ناوونیشانەکەی شاردوەتەوە. چەند چینێک لە چیرۆک دەبێت لا بدەین تا ناوونیشانە ‘ڕاستەقینەکە’ خۆی بۆمان دەربخات (کە ئەویش پاڵەوانکوژە). ئایا ئەمە چارەسەری تەڵەوێنەکەیە؟ ڕەنگە وا بێت، ڕەنگە وا نەبێت.

چۆن ژانری کتێبەکە پۆلێن بکەین؟

پۆلێنکردنی ئەم کۆمەڵەچیرۆکە کارێک نییە بگاتە مەحاڵ بەڵام هێندەش ئەرکێکی سادە و بێگرێوگۆڵ نییە. سەرنجڕاکێشە گەر بە هەمان نەریت و کرۆکی دەقی کتێبەکە ژانرەکەی بە “پۆست-پاڵەوان” یان “ئەدەبیاتی پاڵەوانکوژی” پۆلێن بکەین. بەهەرحاڵ، با ئێمەش لە کەتوار دانەبڕێین و بزانین لە کەتواری خۆمان چۆن ئەم کتێبە لە ژێر سێبەری ژانرێکدا پۆلێن بکەین.

بە شێوەیەکی گشتی، دەتوانرێت ژانری کۆمەڵەچیرۆکەکە وەک ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرن پۆلێن بکرێت چونکە چەندان تەکنیکی گێڕانەوەی پۆستمۆدێرنانە لە چیرۆکەکاندا هەن. یەک لە خاڵە سەرەکییەکان بریتییە لە بەکارهێنانی مێتافیکشن، واتە چیرۆک دەربارەی چیرۆک، یان چیرۆک لە ناو چیرۆک. لە چیرۆکی ئاساییدا، خوێنەر وا هەست دەکات چاو لە جیهانێکی ڕاستەقینە دەکات، دیوارێک لە نێوان ئێمەی خوێنەر و کاراکتەرەکاندا هەیە کە پێی دەگوترێت دیواری چوارەم. ئەم دیوارە مێتافۆرییە بەربەستی جیهانی ئێمە و جیهانی ئەوانە. ئەوان پەی بەوە نابەن کاراکتەرانێکی نووسراون و لە جیاتی گۆشت و خوێن، پەیڤ و پیتن. بەڵام لە مێتافیکشندا، نووسەر یان کاراکتەری گێڕەرەوە لەناكاو ڕوو دەکاتە خوێنەر و دەڵێت: “ئێستا خەریکم ئەم بەشەی چیرۆکەکە دەنووسم” یان “با بزانین ئەم کارەکتەرە چی بەسەر دێت”. یان کاراکتەر پەی بەوە دەبات و هۆشەمەندە بەوەی ئەو کاراکتەری ناو چیرۆکێکە، بەمە دیواری چوارەم دەبەزێنرێت. ئەمە وا دەکات خوێنەر هەمیشە لە یادیدا بێت کە ئەوەی دەیخوێنێتەوە بەرهەمی خەیاڵە. مێتافیکشن تەکنیکێکە وا دەکات خوێنەر گومان لە ڕاستییەکان بکات، بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت “ڕاستیی ڕەها”. هەروەها، ئەم تەکنیکی گێڕانەوەیە وا دەکات خوێنەر بەژدارییەکی کارای هەبێت و تەنها ناچالاکانە لە دەق نەڕوانێت بەڵکوو هاوتای نووسەر بە دوای مانای دەقەکەدا بگەڕێت و شێوە بە مانای دەقەکە بدات. بەم پێیەش خوێنەر لەگەڵ دەقەکەدا بیر دەکاتەوە و دەستەمۆ نییە.

مێتافیکشن چەشنێکە لە پارۆدی[3]، پارۆدیش جۆرێکە لە لاساییکردنەوەی بەرهەمێک بەڵام لەگەڵ خستنەڕووی سەرنج، ڕەخنە و زۆرجاریش دووبارە داڕشتنەوەی بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە و توانجئامێزانە، کە خۆی لە خۆیدا زۆر لەگەڵ تێما سەرکییەکەی چیرۆکەکاندا دێتەوە.

بەڵام، پێم وایە خاڵێک گرنگە لە بەکارهێنانی مێتافیکشن بەتایبەتی لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا: دابان لە ڕێی ئەم تەکنیکەوە دەشێت ڕەخنە لە ئاوەزی کورد بگرێت لەوەی تاکی کورد مێژوو و ئێستا وەک خاڵێکی وەستاو دەبینێت و گێڕانەوە مێژوویییەکان پیرۆز دەکات و ناوی داستانیان لێ دەنێت، بەڵام دابان دەڵێت کە هەموو ئەو مێژووەی کورد و مێژووی هەموو گەلەکانی دیکەیش گێڕانەوەن و ئەم گێڕانەوانەش درووست دەکرێن و بونیاد دەنرێن و خۆڕسک ناڕوێن، سا پێویستە کودەتا بەسەر ئەو بیرتەسکییە بکەین کە مێژوو و بونیادنانی دونیای ئێستا و ئایندەمان تەنها وەک بت و پەیکەرێک دەبینێت. هەر بۆیەشە دەرهێنەرە بزرەکەی نێو کودەتای گاڵتەجاڕی تەنانە پاش دۆزینەوەشی لە لایەن ڕەخنەگرەکەوە هەر بێناو دەمێنێتەوە و ناوی نازانین. ئەوەی دەیزانین ئەوەیە لە جێگەیەکی دەقەکە بە “شاکار” ناوی دەهێنرێت بەڵام دەزانین کە ئەوە ناوی خۆی نییە و لە دەرئەنجامی فیلمەکەیەوە هاوڕێکەی ئەو ناوەی لێناوە. هەمدیس لە ناونەنانی ئەم کاراکتەرە دابان دەیەوێت ناڕاستەوخۆ ئەمانە بخاتە ڕوو: ڕێ لە خودی شاکار دەگرێت ببێتە فیگەرێکی “پاڵەوان” و مێژوویی، هاوکات ئەو بیرۆکە بونیادگەرییەش دووپات دەکاتەوە کە بیرۆکەکان لەسەر تاقە کەسێک تاپۆ ناکرێن، وەک لە دەسپێکی چیرۆکەکەوە دەبینین نووسەران هەموو شەڕیانە بیرۆکەی بزووتنەوەیەک بە ناوی ئەوانەوە بلکێنرێت لە پێناو شکۆمەندییەکی بەتاڵ.

تەکنیکێکی دیکەی بەکاربراو کە زۆرجاریش لە دەقە پۆستمۆدێرنستییەکاندا دەبینرێت بریتییە لە دەقئاوێزان. دەقئاوێزان بریتییە لە تێکهەڵکێشکردنی دەقی بەردەست بە دەقی دەرەوەی خۆی، جا چ ئەو دەقە ئاوێتەیە یان تێهەڵکێشکراوە هیی نووسەر خۆی بن یان هیی دەقی نووسەرانی دیکە بن. هەڵبەت دەقئاوێزان پرسێکی فرەڕەهەندە و لێرە ناپڕژێینە سەری، بەڵام کتێبی کودەتای گاڵتەجاڕی بە ئاشکرا و نائاشکرا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژەی تێدایە بۆ دەقگەلی دیکە یان دەقگەلی دیکە ئاماژەیان بۆ ئەو تێدایە[4]، بەمەش مانا و مەبەست و هێماکانی ناو دەقەکە ئاڵۆزتر دەبن و ڕەنگە تەڵەوێنەی نوێ بن بۆ خوێنەر.

یەک لەو دەقئاوێزانانەی بەری دەکەوین لە چیرۆکی دوورگەی شەڕ دێڕێکی مەحوییە (ل.٤١، دێڕەکەی مەحوی تۆخ کراوە):

“نەمزانی کامیان بوون، وێنەکە بوو یان…؟ لە لێوی ڕامام. لێوی سەرەوەی لە هەردوو لایەوە تەسک بووبوونەوە، کرابوونەوە، ویستبووی شتێک بڵێت؟ خونچەدڵ بوونم لە حەسرەت لێوی تۆیە خونچەدەم! شتێکی گوت؟ ئایا ئەو دەنگە ئەو بوو؟”

هەر وەک چۆن لە چیرۆکەکەدا باڵندەکان بوونێکی زەقیان هەیە، وەهاش لە شیعرەکەی مەحوی: غولغولی بولبول؛ مورغی خەمۆش. شتێک کە سەرنجی ڕاکێشام کاتێک لێکدانەوەی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیسم لەمەڕ ئەم شعرە خوێندەوە ئەم تێبینییەی ئەو بوو لە پەراوێزی دوادێڕدا: “لە دەستنووسەکانی بەردەستماندا لە نێوان ئەم بەیتە و بەیتی پێشوودا، جێگەی بەیتێک بە بۆشی ماوەتەوە. دیارە فەوتاوە. شێخ موحەممەدی مەحویش نووسیویە زۆرمان هەوڵدا، دەستمان نەکەوت.” مەحوی لە کۆتادێڕدا خۆی بە ”مورغی خەمۆش”، واتە باڵندەی کپ و بێدەنگ، دەچوێنێت. لە بەرانبەردا کاراکتەرەکەی دابان لە پڕێکدا دەست دەداتەوە نووسینی شیعر و هەوڵ دەدات ئەو خامۆشییە بشکێنێت. بەهەرحاڵ، دیارنەمانی دێڕەکەی پێش کۆتا دێڕی شیعرەکەی مەحوی وێنەدانەوەیەکی جوانە هاوشانی بەرگی کتێبەکەی دابان، ئاخر ئەو دێڕەش وەک پارچەیەکی تەڵەوێنەیەک وایە و دیار نەماوە تا وێنەکە بەتەواوی تەواو بکات، تۆ بڵێیت ئەم چیرۆکەی دابان بە جۆرێک لە جۆرەکان دۆزینەوەی ئەو بەیتە نەبێت؟

یەک بیرۆکەی دیکە کە دەمەوێت سەبارەت بە ژانری ئەم کتێبە بیخمە ڕوو بەڵام کەمێک دڕدۆنگم، ئەدەبیاتی کارلێککەرە[5]. ئەم چەشنە لە ئەدەبیات زیاتر ئەو ڤیدیۆگەیم و بەرهەمە دیژیتاڵییانە (هاوشێوەی وێژەی هایپەرتێکست[6]) دەگرێتەوە کە یاریکەر ڕۆڵی دەبێت لە ڕێڕەوی چیرۆکی یارییەکە یان دەقە دیژیتاڵییەکە. بڕیارەکانی یاریکەر، ئەو ئینپوتانەی دەیخاتە ناو چیرۆکەکەوە، هەموو دەبنە هێنانە ئاراوەی دەرئەنجام و گێڕانەوەیەکی جیاواز، یان هەر هیچ نەبێت خوێنەر بەدەستی خۆی ڕێڕەوی دەقەکە دیاریی دەکات، هاوشێوەی ئەوەی لە وێژەی هایپەرتێکست دەیبینین، کە ئەوە خوێنەر خۆیەتی دەیەوێت کلیک لەسەر کامە بەستەر و هایپەرلینک بکات. بێگومان ئەم بەرهەمەی دابان ناشێت وەک ئەدەبیاتێکی وەها وێنای بکەین کە خوێنەر بە کردەیی ڕێڕەوی چیرۆکەکان دەگۆرێت یان دیارییان دەکات، بەڵام لە خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا، وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، ئەرکی خوێنەرە پارچە مەتەڵەوێنەییە جیاوازەکانی چیرۆکەکان بە یەکدییەوە بلکێنێت تا ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە لە نێو ڵێڵاییەکانی سنووری نێوان کەتوار و خەیاڵی چیرۆکەکان. هەر لە بەرگی کتێبەکەوە، کە وێنەی تەڵەوێنەیە، نووسەر بانگهێشتی خوێنەر دەکات یاری بە پارچەکانی دەقەکە بکات.

دوورگە دابڕاوەکان

لە هەر سێ چیرۆکەکەدا دەتوانین هەست بە بوونی تڕاوما (زەبری دەروونی) بکەین. لە هەر چیرۆکێکیاندا زەبری دەروونی بە هێما و شێوەی جیاواز خۆی دەردەخات. چیرۆکەکانی دابان گەڕانێکی نائۆرتۆدۆکسیانەیە بۆ ئەو کاراکتەرانەی نامۆ بوون بە هۆی جەنگ و نائارامییەوە. ڕەنگە ڕاستەوخۆ وا نەڵێت، بەڵام لە ڕێگەی خوێندنەوەیانەوە زۆر شت ڕوون دەبێتەوە. ئەوانەی ئەزموونی زەبری دەروونی یان تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی[7] دەکەن، کەتوار بۆیان دەشێوێت و لە خاڵێکی کات و مێژوودا گیر دەخۆن و بەند دەبن.

لە چیرۆکی ”زیندانی بەرد”ـدا بۆ نموونە، تەنانەت ناوونیشانەکەش هێمایە بۆ زەبری دەروونی و گیرخواردن لە نێو ڕێڕەوی کاتدا. کاراکتەری ئەم چیرۆکە لە دەسپێکی چیرۆکەکەوە باسی دەکات کە شوێنەکەیان دادەڕمێت و بە بەرچاوییەوە باوکی قاچی دەشکێت، پێشمەرگەی برینداریش دەبینێت کە بە هۆی پێکانەوە بە شەلەشەل گوزەر دەکەن، ئەمانە هەمووی دیمەنگەلێکن کە منداڵێکی بچووک دەشێت لە ڕێگەیەوە تووشی زەبری دەروونی بێت. لەم سۆنگەیەوە، چیرۆکەکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە وەختێک مرۆڤ بە دەردەسەری و زامی دەروونیدا گوزەر دەکات دەشێت دڵی لەو پڕۆسەیەدا ببێتە بەرد، یانیش وەک داهۆڵەکان ناخبەتاڵ بمێننەوە.

ئەو شێوازە گێڕانەوەی چیرۆکەکانیش، بەتایبەتی وەک ئەوەی لە زیندانی بەرددا دەیبینین کتومت هاوشێوەی ئەزموونی زەبری دەروونییە. لە زەبری دەروونیدا، یادەوەرییەکان چیدیکە لەسەر یەک ڕاستەهێڵ نین و یەک لە دوای یەک بە ڕێڕەوی کاتتدا ئەزموون بکرێن، بەڵکوو لە زەبری دەروونیدا ڕابردوو و ئێستا تێکەڵ دەبن. دەروونبریندارەکان وەک ئەوەی لە ئێستادا ڕووبدات ئەزموونی زەبرە دەروونییەکانیان دەکەنەوە. داهۆڵەکانیش، دایکەداهۆڵ و باوکەداهۆڵ، هێمان بۆ داڕمانی هەستی پارێزگاری. خۆی بۆیە مرۆڤ تووشی تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو بڕوا و پێوابوونەی هەیبوو لەوەی دونیا شوێنێکی پارێزراو و سەلامەتە وردوخاش دەبێت. سا داهۆڵەکان تەنها وەهمێکی پارێزگاریی بوون بۆ کاراکتەرەکەی زیندانی بەرد و پاسەوانانێکی بێدەسەڵاتبوون.

لە چیرۆکی ”دوورگەی شەڕ”ـیشدا، کاراکتەرەکە بەهۆی لەدەستدانی دایکییەوە تەنگی پێهەڵچنراوە.  بووەتە دوورگەیەک، هەمیشە لە جیهانە خەیاڵییەکەیدا دوورگەیەکی پڕ باڵندەی چەکدار دەنەخشێنێت. هەڵبەت، هەر خۆی نەخشاندنی ئەو دوورگەیە ناخی خۆیەتی، مرۆڤ کە گیرۆدەی زامی دەروونییە دەبێتە دوورگەیەک و لە خاکەکانی دیکە دادەبڕێت. تەنانەت شێوازی گێڕانەوەکەش کە پارچەپارچەیە ڕێک هێمایە بۆ ئەو پارچەپارچەبوونەی زنجیرە یادەوەرییەکانی ئەوانەی بە دۆخێکی زەبراویدا تێدەپەڕن.

لە چیرۆکی ”کودەتای گاڵەتەجاڕی”ـیشدا زەبری دەروونی زیاتر ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە. ئێمە زۆر دەربارەی کاراکتەری شاکار نازانین. نازانین کە منداڵی چۆن بووە، بۆچی دەیەوێت ببێتە دەرهێنەر، هیچ لە بارەی ڕابردوویەوە نازانین. ئاخۆ دەبێت زەبرێکی دەروونی هەبێت کە وا سەرسەختانە هەوڵ بدات قەشمەری بە پاڵەوانەکان بکات؟ خۆی، لەم چیرۆکەدا گەر زەبری دەروونییەک هەبێت، دانەیەکی بەکۆمەڵ و سیستەماتیکانەیە. شەڕ لێرە هاوشێوەی زیندانی بەرد نییە کاراکتەرکە ڕاستەوخۆ لێکەوتەکانی جەنگ ببینێت، یان وەک دوورگەی شەڕ کاراکتەرێک ناخ و خەیاڵی ببنە دوورگەیەک پڕ لە باڵندەی چەکدار، بەڵکوو لێرەدا گەر شەڕێک هەبێت شەڕی دەمەبۆڵەی دەستەبژێرەکانە، یانیش ئەو شۆکەیە کە پاش ڕاپەڕین هاتە کایەوە. بە جۆرێک لە جۆرەکانیش دەشێت ناڕاستەوخۆ هێمای جەنگی ناوخۆ بێت. ڕەنگە ڕەفتارە سەیرەکەی شاکار لە نووسینی شیعر لەسەر دیوارەکان و دواتر داپۆشینیان لە نێو ئەو باڵەخانانەی کاری تێدا دەکردن هێما بێت بۆ ئازارەکان و پاشان چەپاندیان و نەویستنی ئەوەی یادەوەرییەکان بێنەوە یاد هاوشێوەی ئەوانەی زەبری دەروونیان هەیە خۆیان لەو یادەوەرییانە بەدوور دەگرن کە دەشێت دووبارە بیانگەڕێنێتەوە بۆ ساتی ڕووداوەکە.

دواجار، زەبری دەروونی یەکێکە لە تێما سەرەکییەکانی چیرۆکەکان جا چ ڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ درابێت یان ناڕاستەوخۆ. تڕاوما لە ناو چیرۆکەکاندا سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکی بنەڕەتی دەکەن بۆ شوناسی کاراکتەرەکان، کە تێیدا کاراکتەرەکان هەوڵی مانەوە دەدەن بەمەش ناچارانە دەچنە دۆخی بەبەردبوونەوە و خۆیان لە نێو زیندانێکی بەردیندا بەند دەکەن، یانیش هەڵدێنە ناو خەیاڵ یان هۆگری شتانێکی بێگیان دەبن وەک پەیکەرەکان، داهۆڵەکان، دیوارەکان و پەیوەندیبەستن لەگەڵ ئەو کاراکتەرانەی خۆمان فرانکنستاینئاسایانە لە ئەندێشەدا دەیانئافرێنین، بەڵام لە باتی پێوەنانی پەلوپۆ بڕاوە جیاوازەکان، کاراکتەرەکان، دەقەکانی دیکەیش، لە وشە و یادەوەری و ئەندێشە بڕاوە جیاوازەکانەوە دەئافرێنرێن.

کوشتنی پاڵەوانی بێخەوش

ڕەنگە تەوەر و تێمای هەرە گرنگی کۆمەڵەچیرۆکەکە بریتیی بێت لە پرسی پاڵەوانکوژی. لە ڕێگەی چیرۆکی کودەتای گاڵتەجاڕییەوە، دابان ڕەخنەیەکی توند لە ئەقڵی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد دەگرێت. پوختەیەکی چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە:

گێڕەرەوەی چیرۆکەکە نووسەر و توێژەرێکە کە لە بنچینە و هاتنە ئاراوەی ئەو بزووتنەوەیە یان ئەو قۆناغە دەکۆڵێتەوە کە بە “سەرهەڵدانی مەزن” دەیناسێنێت. چیرۆکەکە بەوە دەست پێ دەکات کە چەندان ڕۆشنبیر و دەستەبژێر شەڕ و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوە کارەکانی ئەوان بووە بووەتە هۆی هێنانە کایەوەی سەرهەڵدانی مەزن. لە بەرەنجامی خوێندنەوەی چەندان وتار و نووسراوی هەمەچەشن بۆ توێژینەوەکەی، ڕۆژێک وتارێک دەخوێنێتەوە کە ئاماژەی تێدایە بۆ فیلمێکی یەکخولەکی و وا دەردەکەوێت کە بەڕاستی ئەم فیلمە دەسپێکی هەڵگیرسانی سەرهەڵدانی مەزن بووە. ئیدی ئەم نووسەرە دەیەوێت دەرهێنەرە ونەکەی ئەم فیلمە بدۆزێتەوە و دیدارێکی لەگەڵدا بکات. پاشان لە ڕێگەی ژنی وەزیریی ڕۆشنبیرییەوە کە خۆشەویستە کۆنەکەی فیلمسازەکە بووە، زیاتر دەربارەی دەرهێنەرەکە دەزانێت کە وەختی خۆی لە هونەرە جوانەکان قوتابی بووە و وەکوو پڕۆژەی ساڵی چوارەم ویستوویەتی فیلمێک دەربهێنێت و تێیدا پاڵەوان وەک گەلحۆ و نوکتەیەک نمایش بکات. بەڵام، مامۆستای زانکۆکەی کە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەی بوو ئەم بیرۆکە گاڵتەجاڕانە و مەزەئاسایانە ڕەت دەکاتەوە. کچەی خۆشەویستیشی ناپاکی لێ دەکات و بە دزیی ئەوەوە داوا لە مامۆستای زانکۆکە دەکات کە پشت لە کوڕەکە نەکات. بەڵام دواجار کۆڵنادات و فیلمەکە هەر بەرهەم دەهێنێت بەس ناچار دەبێت کە فیلمەکە بکات بە یەکخولەک. دواجار، نووسەرەکە فیلمسازەکە دەدۆزێتەوە کە ئێستا بووەتە گەچکارێک، بەڵام بەردەوام شعر لەسەر دیوارەکانی ئەو باڵەخانانەی کارییان تێدا دەکات دەنووسێت و پاشان بە گەچ ڕووپۆشیان دەکات، لە کاتی نووسینی شعرەکانیش لەسەر ڕووی ئەو دیوارانە ڤیدیۆی خۆی تۆمار دەکات.

بێگومان چیرۆکەکە چەندان ڕەهەندی جیاواز لە خۆ دەگرێت و چەندان تەوەری جیاوازیش دەوروژێنێت، لێ یەک لە تێما هەرە سەرەکییەکانی بریتییە لە پاڵەوانکوژی و ژێرتێماکانی. بە گوێرەی چیرۆکەکە، پێش ئەو ڕووداوە وەرچەرخێنەری ڕوویدا و ڕێڕەوی تێگەیشتن لە چەمکی پاڵەوان گۆڕی، پاڵەوانەکان ئەفسانەئاسا و خودان هێزی سەرووسرووشتی بوون و هەردەم لە خلیسکێنەی ترۆپکی ملاملانێی چیرۆکەکەوە بۆ بردنەوە دەخلیسکان. هەمیشە براوەبوون و بەسەر دژەپاڵەوان و شەڕانگێزەکاندا سەرکەوتنیان بەدەست دەهێنا.

بەشێکی زۆری گێڕانەوەکانی ئێمە، چ نووسراو بن یان کرابن بە بەرهەمی سینەمایی یان هیی کایەی نێو کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە بن، هێشتا مۆرکێکی گێڕانەوەی نەریتییان تێدایە. مێژووی کوردی و گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار بە دەوری بیردۆزی “پیاوە مەزنەکان”ـدا دەسوڕێنەوە. ئەو پیاوانەی بەسەر دوژمنەکاندا زاڵ دەبن و داستانەکان دەئافرێنن. بەڵام شاکار پاڵەوانی نێو فیلمە یەکخولەکییەکەی بە شێوەیەکی پووچ و ناپاڵەوانانە دەکوژێت و دەیکاتە گاڵتەجاڕ. خۆی کودەتاکەی شاکار کودەتا ڕەسەنەکەیە، کەچی سەرهەڵدانی بیرۆکەی پاڵەوانکوژی دەبێتە بیرۆکە و ڕێبازێک کە زۆرێک لە ڕۆشنبیران لەسەر تاپۆکردنی ئەو بیرۆکەیە دەبێتە شەڕ و دەمەبۆڵەیان.

لێرەدا دابان گاڵتەجاڕی و پووچیی ئەو ڕۆشنبیرانە دەردەخات کە خواخوایانە خۆیان بکەن بە خاوەن و مەشخڵهەڵگری بیرۆکەیەک کە لە کرۆکدا ڕەتی پاڵەوان دەکاتەوە، کەچی بیرمەندەکان خۆیان شەڕی ئەوەیانە ببنە پاڵەوانی ڕەوتی پاڵەوانکوژی. ئەوان لەسەر ئەوە دەجەنگن کە کێ “خاوەنی” بیرۆکەی پاڵەوانکوژییە، بەمەش دەبنەوە بە هەمان ئەو شتەی کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد تێکیان شکاندووە. لە لایەکەوە لاف و گەزافی ئەوەیانە چەمکی پاڵەوانیان هەڵوەشاندوەتەوە، کەچی لە لایەکی دیکەوە ئەم ڕیسە دەکەنەوە خوری. سا پێش-سەرهەڵدانی مەزن و پاش-سەرهەڵدانی مەزن، کە گوایە پاڵەوانگەرایی و دژەپاڵەوانگەراییدا ناکۆکن، کەچی نین، ئەمەش لە ڕاستیدا پارادۆکس و دژگۆیییە. چونکە لەو چەرخە نوێیە پاڵەوانکوژییەدا، هێشتا خەڵکانێک هەن بێزوو بە بوونە پاڵەوانی ڕەوتی پاڵەوانکوژی دەکەن.

دەبێت هەردەم نیگەرانی ئەوە بین کە ڕەوت، بزووتنەوە و  سەردەمە نوێیەکان لە لایەن هەلپەرستەکانەوە دەڕفێنرێن و هەوڵ دەدەن جڵەوی خاوەنداریەتی بگرنە ئەستۆی خۆیان.

بەهەرحاڵ، لەوانەیە خاڵێکی تری گرنگی چیرۆکەکە ئەوە بێت کە بپرسێت هونەری ڕاستەقینە چییە؟ ئایا کێ هونەرمەندی ڕاستەقینەیە؟ شاکار بە گەچ شیعرەکانی دەشارێتەوە، هونەرەکەی خۆی بۆ خۆی هەڵگرتووە، تەنانەت فیلمەکەی ئەوە کە ڕەوتە نوێیەکە دەهێنێتە کایەوە، کەچی بێناو ماوەتەوە و خراوەتە ئەودیوی پەراوێزەکانەوە. خۆیشی بە لایەوە گرنگ نییە کە ببێتە پاڵەوانی ئەو ڕەوتە نوێیەی کە لە فیلمەکەیەوە وەک بیگ بانگ دەستی پێ کردووە. ڕەنگە دابان لە ڕێی درووستکردنی ئەم دۆخەوە پێمان بڵێت کە هونەری ڕاستەقینە هونەرێکە شاراوە، هونەرێکە مرۆڤ بۆ خۆی دەستی داوەتێ و بە دڵسۆزییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەمە لە دۆسییەی شاکاری کاراکتەری ناو چیرۆکەکە کەمێک زیادەڕەوی تێدایە، چونکە مەبەستە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە کە خوێنەر لە دەقەکانمان داببڕێنین، لێ خەمەکە ئەوەیە نووسین و کارەکانی نووسەرێک نەبنە نمایش.

خۆ دەشێت ئەوە ڕاست بێت کە کاتێک دەنووسین دەبێت لە هاوکێشەکانماندا ڕەچاوی خوێنەریش بکەین، بەڵام بە شێوەیەک نەبێت لە پێناوی بەرزکردنەوەی تیراژی چاپ و ڕازیکردنی خوێنەر خۆمان بدۆڕێنین و چۆنیەتیی بیرکردنەوەمان بنێژین. کتێبێک دەنووسیت و خوێنبەرەکانی دەستت بە دیار دەکەون لە تاو ماندووبوونی بێوچانی وەشاندنی پەنجەکانت بەسەر تەختەکلیلەکەدا شەو تا بەیانی، لێ چ پێویست دەکات وێنەی موولوولە دەرکەوتووەکانی دەستت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکەیتەوە؟

خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە گێڕەرەوەکەی سەرقاڵی نووسینی توێژینەوەکەیەتی دەربارەی سەرهەڵدانی سەرهەڵدانی مەزن، ئەویش لە کۆتاییی چیرۆکەکەدا دێتە سەر ئەوەی نووسینەکەی لە ژێر ناوی نووسەرێکی دیکەدا بڵاو بکاتەوە. چەشنێکە لە کودەتا بەسەر ئیگۆی خۆیدا. ئەرێ دابان پێمان دەڵێت گەر کەسێک خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە چیرۆکنووس/نووسەر/بیرکەرەوە، دەبێت وەک نووسەر/پاڵەوان پێ بەسەر ئیگۆی خۆیدا بنێت؟ خۆی ڕەنگە ئەمە یەکەم هەنگاوی هەرکەسێک بێت گەر بیەوێت بێتە نێو دونیای هزر و بیرکردنەوە. شەیکسپیر سەدان ساڵ لەمەوبەر گوتویەتی “گوڵ هەر ناوێکی دیکەی هەبووایە، بۆنی هەر خۆش دەبوو”[8]. ئایا چیرۆکێک ناوی دابان، من، یان تۆ یان هیی ناحەزێکی نێو مێژووی بە سەرەوە بووبێت، گەر ئەو چیرۆکە لە ڕووی هونەرییەوە بێکەموکوڕی بێت و بمانتاسێنێت، گرنگە نووسەرەکەی کام بژاردەیەیانە؟

لێرەشەوە جیاکاری و پۆلێن لە نێوان دوو چەشنی هونەردا دەبینین، هونەرێکی بە دامەزراوەییکراو یان دەستەمۆ و هونەرێکی شاراوە یان خۆبەختکاری. هونەری مامۆستای زانکۆکە، بۆ نموونە، هونەرێکی تینووی ناوبانگ، خەڵات، فەرشی سووری فێستیڤاڵەکان و دانپێدانان و ئەو کۆتادیمەنانەی ئەو جۆرە فیلمانەن کە لە لایەن جەماوەر و ئاپۆڕایەکی زۆرەوە پەسەند بکرێت و هەرس بکرێت. بەڵام هونەری شاکاری گەچکار هونەرێکی شاراوەیە. ڤیدیۆی خۆی تۆمار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی بێ جەماوەر، تەنها لە پێناوی ئەوەی شیعرەکانی بە ئەرشیڤ بکات. ئایا هونەرەکەی ئەو “ڕاستەقینەیە، لەبەر ئەوەی نمایشێک نییە بۆ جەماوە؟ چونکە مەترسییەکە لەوەدایە کە کاتێک بیرۆکەیەک دەبێتە ”براند”، ”مۆدە”، ”فاشیۆن”، یان باو و بە بزووتنەوە دەکرێت، مەترسی ئەوە دێتە کایەوە کە ڕۆحی ئەو بیرۆکەیە جێمان بهێڵێت و بمرێت.

وەهمی ڕکێف و کەتوار

وەک چۆن مرۆڤی سەردەم هەست بە بوونی بۆشایییەکی دەروونی لە ناخیدا دەکات، بە هەمان شێوە چەشنێک لە بۆشاییی دەروونی لە ناخی کاراکتەرەکاندا هەیە. ڕەنگە ئەم بۆشاییەش سەری بۆ تەنیاییبوون کێشا بێت، بە جۆرێک کاراکتەرەکانی نێو چیرۆکەکان تەنیا و نامۆن. ئەم پاڵەوانە تەنیایانە پەنا دەبەنە بەر خەیاڵ یان شتانێکی نائاوێتە بە کەتوار تاوەکوو مانا بە ژیانیان بدەن. لە زیندانی بەرددا، پاڵەوانەکە پەنا دەباتە بەر پەیکەرەکان. لە دوورگەی شەڕدا، پاڵەوانەکە پەنا دەباتە بەر خۆشویستنی کاراکتەرێکی خەیاڵی نێو چیرۆکەکانی. لە کودەتای گاڵتەجاڕیشدا، توێژەرەکە وێڵی گەڕانە بە دوای فیلمێکی ونبوو و نائەرشیڤکراو.

سەرئەنجام، کودەتای گاڵتەجاڕی دەرخەری پووچیی هەوڵ و کۆششەکانی مرۆڤە: مرۆڤ خۆیەتی دەبێتە درووستکاری زیندانەکانی خۆی و لە نێویشیاندا خۆی تێدا بەند دەکات. کاڵبوونەوەی هێڵی نێوان ئەوەی بە دونیای ڕاستی دادەنێین لەگەڵ وەهم و وڕێنە. گۆڕانی سەنگی هێز و ڕاپەڕینی سوڕیالی کە هیچ ئامانجێک لە ئاسۆکەیدا نابینرێت. گرێی بوونە فریادڕەس و نیمچەخودا لە هەر ڕەوتێکی نوێ کە سەرهەڵدەدات.

وەهمی ئەو جڵەو و ڕکێفەی بەسەر دونیا و ئەوانی ترەوە هەمانە: هەرەسی کەتوار و بزربوونی مانا، جەنجاڵیی و دادوبێدادیی لۆژیک. گرنگ نییە لە چیدا هەست دەکەیت کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکت کردوە— شعر، چیرۆک، فیلم، دەسەڵات، قارەمانی، خۆشەویستی، ناکۆتا هتد— گاڵتەجاڕی و پووچی هەمیشە ئامادەباشن کودەتا بەسەر خۆت و واتاکانتدا بکات.

[1] تەڵەوێنە یان مەتەڵەوێنە دوو وشەی داتاشراون و لە بەرانبەر jigsaw puzzleـی ئینگلیزی بەکار هاتوون. وشەکان لە تەڵە- یان کورتکاروەی مەتەڵ(+ە)- لەگەڵ پێکەوەلکانی بە “وێنە”ـەوە بەرهەم هاتوون. یاری تەڵەوێنە وێنەیەک یان تابلۆیەک دەکرێت بە چەندان پارچەی جیاواز و تێکەڵ دەکرێن. یاریکەر دەبێت هەوڵی دووبارە ڕێکخستنەوە و پێکەوەلکاندنی پارچەکان بداتەوە تا دووبارە شێوە بە تابلۆ ڕەسەنەکە بداتەوە.

[2] Intertextuality

[3] Parody

[4] دابان عەتار. شارێکی ئاوس بە شیعر. گۆڤاری دنیای چیرۆک، ژمارە ٢، هاوینی ٢٠٢٥. ل. ١٠٦-١٢٠

[5] Interactive Fiction

[6] ‌Hypertext Fiction

[7] Post-Traumatic Stress Disorder (PTSD)

[8] شەیکسپیر، شانۆنامەی ڕۆمیۆ و جولێت

The post تیامان لە نێوان شەبەنگی جەمسەرەکانی پاڵەوانکوژی و پاڵەوانپەرستی appeared first on ژنەفتن.

گەڕانەوە بۆ ماڵەوە
گەڕانەوە بۆ ماڵەوە یەکێکە لە کۆنترین ئەو چیرۆکانەیە کە تا ئێستە بە چەندان شێوازی جیاواز بووە بە بەشێکی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتی. ئەمە هەر کردە یان ویستێک نییە و زۆر پێش ئەوەی ببێتە بابەتێکی ئەدەبی، پێویستییەکی بایۆلۆجی بووە. باڵندەکان هەزاران کیلۆمەتر کۆچ دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی بگەنەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستیان پێ کردبوو. ماسییە سالمۆنەکان بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکەن بەرەو ئەو ڕووبارەی تیایدا لەدایک بوون. سەرەڕای ئەم ویستە نەبڕاوەیە، مرۆڤ گەڕانەوە بۆ ماڵەوەی گۆڕی بۆ شتێکی زۆر ئاڵۆزتر: یادەوەری. مرۆڤەکان تەنیا ناگەڕێنەوە بۆ شوێنێک، بەڵکوو دەگەڕێنەوە بۆ ماناکان. بەو واتایەی، ماڵ تەنیا جوگرافیا نییە، بەڵکوو ناسنامەیە.

یەکەمین گەڕانەوە بۆ ماڵ لەوانەیە قارەمانانە نەبووبێت. نە کەشتی هەبوو، نە پاشا، نە جەنگ، نە پێنێلۆپییەک کە لە تەنیشت ئامێری جۆڵاییەکەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئۆدیسیەس بکات. تەنیا گرووپێکی بچووک لە مرۆڤە سەرەتایییەکان هەبوون، بەسەر  شاخ و بەناو دەشتدا دەڕۆیشتن، لە کۆتاییی ڕۆژەکەدا، دەگەڕانەوە بۆ لای ئاگرێک. سەیپیەنسەکان، ماڵ و پەناگەکانیان بۆ ڕاوکردن، کۆکردنەوەی خۆراک، دۆزینەوەی ئاو، شوێنکەوتنی ئاژەڵەکان، ڕزگاربوون لە سەختیی کەشوهەوا، جێدەهێشت. بەڵام بەهای ئەم جێهێشتنە لەم شوێنەدا دەگەیشتە لووتکە، کە بەر لە جێهێشتن، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە گەورەترین ئامانج بوو. زۆر پێش ئەوەی ماڵ شێوەی خێوەتگە، خانوو، یان باڵەخانەیەک وەربگرێت، تەنیا بازنەیەک بوو لە خەڵک. هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، کۆنترە لە خودی هۆشیاریی مرۆڤ بۆ هەبوونی پەناگەیەک.

هەزاران ساڵ دواتر، مرۆڤەکان شارستانیەتەکانیان بونیاد نا، بەناو زەریاکاندا گەشتیان کرد، بیابانەکانیان بڕی، جەنگیان بەرپا کرد، بوونە پەنابەر، گەشتیان بۆ سەر مانگ کرد، ژیریی دەستکردیان بەرهەم هێنا، بەڵام هێشتا، یەکێک لە کۆنترین پرسیارەکان، تەنانەت لەناو ئەم هەموو شۆڕشە تەکنەلۆژیدا بە زیندوویی ماوەتەوە: دوای ئەوەی زۆر دوورکەوتینەوە، دەگەڕێینەوە بۆ کوێ؟ ئەم پرسیارە سەیپیێنسەکان بە ئۆدیسێوسەوە، گلگامێش بە پەنابەرانەوە و ڕەنگە ڕۆژێکیش مرۆڤ بە ڕۆبۆتەکانەوە ببەستێتەوە.

مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆچەرە بەڵام ئەوەی هێزی شاراوەیە لە پشت ئەم کۆچەرییە هەستی سەر بە شوێنێک بوونە. دەمانەوێت ئەوە بدۆزینەوە کە لە بەرزترین لوتکەی چیاکاندایە، بەڵام ئەمە بەبێ بیرکردنەوە لەو گوندانەی کە لە دوامانەوە جێمان هێشتوون، ناگاتە ئامانج. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەناو قووڵاییی مێژوو و کولتووری مرۆڤدا ڕەگی داکوتاوە. تەنانەت تێڕوانینیشمان بۆ مەرگ زۆرجار لە ڕێگەی زمانی گەڕانەوەوە بۆ ماڵەوە دەربڕدراوە: گەڕانەوە بۆ خاک، گەڕانەوە بۆ باوباپیران، گەڕانەوە بۆ لای خودا، گەڕانەوە بۆ سروشت. هەر بۆیە، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە هەمیشە بە مانای گەڕانەوە بۆ ناو پەناگە یان خانوو نایەت. هەندێک جار دەگەڕێینەوە بۆ لای کەسێک، بۆ لای زمانێک، بۆ لای باوەڕێک. یان هەندێک جار بۆ وەشان (version)ێکی لەبیرکراوی خودی خۆمان.

گەڕانەوە بۆ ماڵەوە وەک تێما و مێتافۆری ئەدەبی

یەک: لە زمانی گریکیدا وشەیەک هەیە، پەیوەستە بە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە: نۆستۆس (nostos). لەمەوە یەکێک لە وشە دیارەکانی ناو ئەدەب و کولتوور و زانستە مرۆڤاییەکان سەرچاوە دەگرێت، نۆستالژیا (nostalgia). ئەو ویست و ئازارەی کە پەیوەستە بە تامەزرۆیی و تاسەی ماڵ، شار، یان سەردەمێک. هەر بۆیە یەکێک لە بەهێزترین تێما و دیارتریان بابەتەکان لەناو ئەدەبیاتدا، نۆستالژیایە. (گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو)ی مارسێل پروست و (گاتسبیی مەزن)ی سکۆت فیتزگێرالد و (سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون)ی میلان کۆندێرا، لە نموونەی ڕۆمانە ناودارەکانن کە نۆستالژیا تێیاندا بابەت و تێمای سەرەکییە. لە شیعردا (قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور)ی نالی و (ئۆدیسی)ی هۆمێر و (وێرانە خاک)ی تی. ئێس. ئیلیەت لە دیارترین نموونەکانن.

ڕەنگە کۆنترین هێڵی ئەدەبی بۆ گێڕانەوە بریتی بێت لە:  جێهێشتن  وێڵبوون  گۆڕان  گەڕانەوە.

لەناو ئەدەبدا، گەڕانەوە بۆ ماڵ تاقیکردنەوەیەکی نموونەیی بۆ ناسنامە دروست دەکات. بەو مانایەی کە تێکستە ئەدەبییەکە دەیان پرسیار وەک پایەی گێڕانەوەی چیرۆکەکە و دروستکردنی وێنەکە دەخەنە ڕوو. گریمان کارەکتەرێک بۆ ماوەی بیست ساڵ، ماڵ جێدەهێڵێت؛ کاتێک دەگەڕێتەوە، (کێ) یان (چی) بە تەواوی دەگەڕێتەوە؟ هەمان جەستە؟ هەمان کەسایەتی؟ هەمان بیرەوەری؟ ئەی چی ئەگەر ماڵەکە مابێت، بەڵام خەڵکەکەی ڕۆیشتبن؟ چی ئەگەر خەڵکەکەی مابن، بەڵام ماڵەکە و کۆڵان و شارەکە گۆڕابن؟

ئەم پرسیارانە، گەڕانەوە بۆ ماڵ دەگۆڕن بۆ شتێکی زۆر ئاڵۆزتر لە گەشتکردن، دەبێتە ویستێکی دەورەدراو بە بیرکردنەوەی فەلسەفی و کێشەی بوون. لەناو ئەدەبدا، گەڕانەوە بۆ ماڵ دەمانخاتە بەردەم ئارگومێنتێکی ئاڵۆز و قووڵ: دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ هەمان شوێن بەبێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ هەمان جیهان!

دوو: گلگامێش، گەڕانەوە بۆ ماڵ وەک دانایی

گلگامێش، یەکێکە لە کۆنترین چیرۆکەکانی مرۆڤایەتی کە تا ئێستە بە درەوشاوەیی مابێتەوە، کە گەڕانەوەیەکی قووڵ بۆ ماڵەوە لەخۆ دەگرێت. گلگامێش دوای مەرگی ئەنکیدۆ، ئوروک جێدەهێڵێت. بۆ یەکەم جار، پاشا مەزنەکە تێدەگات کە هێز ناتوانێت بەسەر مەرگدا زاڵ بێت. بۆیە، بەدوای نەمریدا، گەشت دەکات بۆ ئەودیوی جیهانە ئاشناکەی. بەناو ناوچە مەترسیدارەکاندا تێدەپەڕێت. چاوی بە بوونەوەری نائاسایی دەکەوێت. دەگاتە ئوتناپیشتیم، ڕزگاربووانی لافاوە گەورەکە. بەدوای ئەو نهێنییەدا دەگەڕێت کە لەوانەیە لە مەرگ ڕزگاری بکات، بەڵام شکست دەهێنێت.

دواتر گلگامێش دەگەڕێتەوە بۆ ئوروک. ئەم گەڕانەوەیە گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە، ئەو ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە لەکاتێکدا نەمریی هەڵگرتبێت، ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ لەکاتێکدا زانین (knowledge)ی هەڵگرتووە. دیوارەکانی ئوروک پێش گەشتەکەیشی لەوێ بوون. بەڵام ئێستە گلگامێش بە جۆرێکی تر دەیان بینێت. گەڕانەوەکەی بۆ ماڵ یەکێک لە دێرینترین ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو، هەندێک جار دەبێت ماڵ جێبهێڵین بۆ ئەوەی تێبگەین نەک هەر ماڵ مانای چییە، بەڵکوو بوون و خودی خۆمان چ مانایەک هەڵدەگرن.

سێ: ئۆدیسیۆس، نموونەی باڵای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

ئەگەر گلگامێش یەکێک لە کۆنترین گەڕانەوەکان بۆ ماڵ بێت، ئەوا ئۆدیسیۆس بەناوبانگترینیمان پێشکەش دەکات. (ئۆدیسی)ی هۆمێر لە بنەڕەتدا وەڵامێکی گەورەیە بۆ ئارەزوویەکی سادە: دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە. هیچ بەرهەمێک هێندەی ئۆدیسی پێناسەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ناکات. لە دوای جەنگی ترۆی، ئۆدیسیۆس دە ساڵ بەسەر دەبات لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ (ئیساکا). ڕووبەڕووی دڕندە، باهۆز، خوداوەندەکان، فریودان، دوورگەکان، زیندانیکردن، وەسوەسە و مەرگ دەبێتەوە. هەموو دێو و درنجێک دوای دەخات. هەموو وەسوەسەیەک سەرنجی دەڕفێنێت. هەموو دوورگەیەک ژیانێکی دیکەی پێشکەش دەکات. دووبارە و دووبارە، جیهان جێگرەوەی پێشکەش دەکات. بەڵام ئۆدیسیۆس ڕەتیان دەکاتەوە. بۆچی؟ چونکە هیچ کام لەوانە ”ماڵەوە “نین. چونکە ئیساکا تەنیا خاکێک نییە. ئیساکا پێنێلۆپی، تەلەماکوس، مێژووەکەی، ناوەکەی، تێدایە.

ئۆدیسیۆس تەنیا سەلامەتی ناوێت، ئەو بەدوای ناسنامەکەی، بەدوای مێژوو، بەدوای خۆیدا دەگەڕێت. ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە قووڵترین ماناكانی ماڵ: ماڵ ئەو شوێنەیە کە پێویست ناکات بە تەواوی ڕوونی بکەینەوە ئێمە کێین. ئۆدیسیۆس گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە گەشتێکی جەستەیییەوە گۆڕی بۆ تامەزرۆیییەکی بوونگەرایی. پرسیاری کرد: تۆ کێیت کاتێک هیچ کەسێک ناوی تۆی لە یاد نەماوە؟ لە ئۆدیسیدا پرسیارەکە ئەمەیە: تا چەند گەشت دەکەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەو شوێنەی پێمان وایە سەر بەوێین؟

چوار: گەڕانەوە بۆ ماڵەوە وەک دێرینترین و نەبڕاوەترین تێما لەناو ئەدەب

مێژووی ئەدەب پڕە لەو تێکستانەی کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو تێما و بابەت و مێتافۆری ویست و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەخولێنەوە. گەشتی دانتێ تەنیا بۆ دۆزەخ و بەرزەخ و بەهەشت نییە، بەڵکوو گەشتێکی چەند قۆناغە بەناو ماڵی ڕوحیدا. کۆمیدیای یەزدانی گەڕانەوەیەکی دیکەیە بۆ ماڵەوە. دانتێ بە ناو دۆزەخ و بەرزەخ و بەهەشتدا گەشت دەکات تەنیا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە ڕاستەقینەکەی خۆی. ماڵ چیتر فلۆرەنس یان شارێک نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی ڕۆحییە. لای دانتێ گەڕانەوە بۆ ماڵ گەڕانەوەیەکی ڕۆحییە.

شەیکسپیر چەندین جار گەڕانەوە بۆ ماڵ وەک بابەتێکی دیار لەناو شانۆنامەکانی بەکار دەهێنێت، پاشاکان دەگەڕێنەوە، تارمايییەکان دەگەڕێنەوە، دەربەدەرەکان دەگەڕێنەوە. لای شەیکسپیر، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە گەڕانەوەیە بۆ ناو سیستمی ژیان و بوون و ڕەچەڵەکی مانەوە. لەناو ئەدەبی مۆدێرنیشدا، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە چەندین فۆڕمی نوێی وەرگرت. مۆدێرنیتە دڵنیایی و سەقامگیریی ماڵی تێکشکاند، پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان ملیۆنان کەسی گواستەوە بۆ شارەکان. جەنگەکان نەتەوەکانیان ئاوارە کرد، کۆلۆنیالیزم سنوورەکانی سەرلەنوێ کێشایەوە. لەپڕ ماڵ خۆی بوو بە شتێکی ناسەقامگیر. مارسێل پروست نیشانی دا کە چێژتنی یەک پارچە کێکی (مادلین) دەتوانێت کەسێک بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ماڵەی کە لە منداڵیدا تێیدا گەورە بووە. جەیمس جۆیس لە (ئولیس)دا ئۆدیسیۆسێک لە یەک ڕۆژدا چڕ دەکاتەوە، بە واتایەک کە ڕەنگە مەزنترین گەشت بە گەڕانەوە بۆ ماڵێکی ئاسایی کۆتایی بێت. جەی. ئار. ئار. تۆڵکین، (شای ئەنگوستیلەکان) بە یەکێک لە خەمناکترین گەڕانەوەکانی مێژووی ئەدەب کۆتایی پێ دەهێنێت. فرۆدۆ دەگاتە (شایەر) بەڵام چیتر ناتوانێت لەوێ بژی، جەنگ ئەوی گۆڕیوە. ئاڵۆزترین و قوورسترین گەڕانەوە ئەوەیە کە بۆت دەردەکەوێت چیتر سەر بەو شوێنە نیت کە تامەزرۆی بوویت.

پێنج: ئەدەبی تاراوگە (ئاوارەیی و خەونی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە)

مێژووی مرۆڤایەتی تا دێت زیاتر پڕ دەبێت لە کۆچ و جێهێشتنی ماڵ بە زۆرەملێیانە. جووەکان، کوردەکان، ئەرمەنەکان، ئەفریقییەکان لەسەر خاکی خۆیان، وەدەردەنرێن و چی دیکە چێژ لە ماڵ وەک بەشێک لە ناسنامە وەرناگرن. ڕەنگە لە جیهانی ئەمڕۆدا ژمارەی پەنابەران و ئەوانەی کە ماڵی خۆیان جێهێشتووە و لەناو حەسرەتی گەڕانەوەدان، هاوتای ژمارەی ئەوانە بێت کە لە ماڵەکانی خۆیدا هەست بە بوونی خۆیان دەکەن. بۆ ئەوان ئێستە گەڕانەوە لە ناو یادەوەریدا ڕوو دەدات. ئەدەبی تاراوگە، لە زۆر ڕووەوە، ئەدەبی گەڕانەوەیەکی پچڕاوە بۆ ماڵەوە. پەنابەر لە نێوان دوو شوێندا دەژیت: ئەو وڵاتەی کە لە ڕووی جەستەیییەوە لەدەست دراوە و ئەو وڵاتەی کە بەردەوامە لە بوون لە ناو بیرەوەریدا. هەر بۆیە ئەدەبیاتی تاراوگە زۆرجار وەسفی نەرم و هەتسبزوێنی خواردن، بۆن، شەقامەکان، گۆرانییەکان و وەرزەکانی ماڵی تێدایە. کاتێک جوگرافیا دەگۆڕێت و سنوورەکان دەبن بە بەرد، یادەوەری دەبێتە ماڵ، دەبێتە نیشتمان.

عەبدولڕەزاق گوڕنە، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب – ٢٠٢١، لە ڕۆمانی (بە تەنیشت دەریاوە)، یەکێکە لە دیارترین ڕۆمانە مۆدێرنەکان دەربارەی تاراوگە و ویست بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، ڕەتی دەکاتەوە گەڕانەوە بۆ ماڵ وەک شتێکی سادە یان سۆزدارییانە پێشکەش بکات. ڕۆمانەکە دەربارەی جیهانی ناوەوەی ساڵح عومەر دەدوێت، کە پیاوێکی بەتەمەنی خەڵکی زانزیبارە، بە مەبەستی داواکردنی پەنابەری دەگاتە ئینگلتەرا. هەروەها دەربارەی لەتیف مەحموود، پەنابەرێکی تری زانزیبار کە ڕابردووی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە ڕابردووی ساڵحەوە بەستراوەتەوە. هەردوو پیاوەکە هەمان نیشتمانیان جێهێشتووە، بەڵام بیرەوەریی جیاواز لەسەر نیشتمان و برینی جیاوازی ماڵەوەیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. لە جیهانی گوڕنەدا، تاراوگە لە سنوورەوە دەست پێ ناکات. ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە خودی بیرەوەری دەبێتە شتێکی ناسەقامگیر. ماڵ ئیتر شوێنێکی جێگیر نییە، بەڵکوو چیرۆکێکی جێی ململانێیە، کە لە ڕێگەی یادەوەرییەکان و تێڕامانە نەبڕاوەکان و ویستە هەمیشەییەکان دووبارە دروست دەکرێتەوە.

ئەوەی ڕۆمانی بە تەنیشت دەریاوە بەتایبەتی گرنگ دەکات بۆ بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، ئەوەیە کە ڕۆمانەکە دەپرسێت ئایا گەڕانەوە ئەگەری هەیە کاتێک ڕابردوو ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە؟ ساڵح و لەتیف لە ڕووی جوگرافییەوە زۆر دوورن لە زانزیبار، بەڵام لە ڕووی سۆزدارییەوە هێشتا لە ناویدا دەژین. گفتوگۆکانیان دەبنە جۆرێک لە گەشتی گەڕانەوە. لە ڕێگەی چیرۆکگێڕانەوەوە، دووبارە سەردانی ململانێ خێزانییەکان و ئاڵۆزییە سیاسییەکان و ناپاکی و ئەو بارودۆخانە دەکەنەوە کە ناچاریان کردن ماڵەوە جێبهێڵن. کەچی ئەو ماڵەی لە ڕێگەی بیرەوەرییەوە بۆی دەگەڕێنەوە، ئاشتییانە یان بێتاوان نییە. ئاڵۆزە و هەندێک جاریش ئازاربەخشە. هەر بۆیە گوڕنە ئاڵنگاریی ئەو بیرۆکە ڕۆمانسییە دەکات کە دەڵێت کەسی دوورخراوە تەنیا بە سادەیی تاسەی گەڕانەوە دەکات. هەندێک جار نیشتمان هەمان ئەو شوێنەیشە کە پێویست بوو مرۆڤ لێی ڕابکات!

بۆچی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە؟

مرۆڤەکان دەگەڕێنەوە چونکە ناسنامە پێویستی بە بەردەوامییە. ئێمە بەردەوام دەگۆڕێین، بیروباوەڕەکانمان دەگۆڕێن، شارەکانمان دەگۆڕێن. بەبێ خاڵێکی گەڕانەوە، ئەو دەزووە لەدەست دەدەین کە خودی ڕابردوومان بە خودی ئێستامانەوە دەبەستێتەوە. لە ڕووی دەروونییەوە، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە پێویستییەکی بنەڕەتی بۆ سەر بە شوێنێک بوون تێر دەکات. کاتێک ماڵ یان شوێنیش دەگۆڕێت، نەخشەی هەست و یادەوەرییەکە هەر دەمێنێتەوە. تەنانەت دەکرێ بڵێین چارەسەری دەروونی زۆرجار لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەچێت.

سەدەی بیست و یەک جارێکی تر گەڕانەوەی بۆ ماڵەوەی گۆڕیوە. ئەمڕۆ، ملیۆنان کەس لە وڵاتانێکدا کار دەکەن کە تیایدا لەدایک نەبوون. ماڵ تا دێت زیاتر گەڕۆک و هەڵگرتنی ئاسان دەبێت. هەندێک جار لە زمانێکدا دەدۆزرێتەوە. یان لەو وێنە هەڵگیراوانەی ناو مۆبایلێکدا. دەروونناسان تا دێت زیاتر (ماڵی دەروونی) وەک هەستێکی سەلامەتی، ئاشنایی، ڕەسەنایەتی پێناسە دەکەن کە دەتوانێت سەربەخۆ لە شوێنێکی دیاریکراو بوونی هەبێت. بەڵام هێشتا یەکێک لە کۆنترین پرسیارەکان وەک خۆی ماوەتەوە. نەک ئەو پرسیارەی کە بەرەو کوێ دەڕۆیت؟ بەڵکوو پرسیاری ”لە دوای هەموو شتێک، تۆ سەر بە کوێیت؟“

ئەو پرسیارە لە دیوارەکانی ئوروکەوە، بەسەر دەریاکانی ئیساکادا، بە ناو دەربەدەریی نەبڕاوەی ئاوارە و پەنابەرێکدا، و تا سەردەمی دیجیتاڵی دەنگ دەداتەوە. هەر سەردەمێک ڕێگەکان دەگۆڕێت، بەڵام مەبەستەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە دواجاردا گەڕانە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شوێنە، ئەو کەسانە، یان ئەو خودەی کە ڕێگەمان پێدەدات بە دڵنیایییەوە بڵێین: من گەیشتم. مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە، گەڕانەوەیان بۆ ماڵ لە هەموو کاتێک نامۆتر و ئاڵۆزتر کردووە. ملیۆنان کەس دوور لەو ماڵانەی تێیدا لەدایکبوون دەژین، خێزانەکان بەسەر وڵاتاندا دابەش بوون. پەنابەران بیرەوەری ئەو ماڵانەیان هەڵگرتووە کە لەوانەیە هەرگیز دووبارە نەیانبیننەوە. کۆچبەران هەندێک جار دوای دەیان ساڵ دەگەڕێنەوە و بۆیان دەردەکەوێت کە ئەو شوێنەی بە بێگەردی لە بیرەوەرییاندا پارێزرابوو، نەماوە.

لە هەمان کاتدا، تەکنەلۆژیا ڕێگەمان پێ دەدات لە یەک کاتدا لەناو ماڵ و دوور لە ماڵ بین، ئاڵۆزانە و تێکشکاوانە. کەسێک لە لەندەن دەتوانێت هەموو ئێوارەیەک قسە لەگەڵ دایکی لە سلێمانی بکات، لە پشتییەوە دیوار و دەرگاکانی ماڵی منداڵی ببینێت. پەنابەرێک لە بەرلین دەتوانێت لە ڕێگەی مۆبایلێکەوە ڕاستەوخۆ سەیری شەقامەکانی هەولێر بکات. ئەمە جۆرێکی دیکەیە لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، بە شێوەیەک کە بەردەوام و خێرا لە ڕێگەی دیجیتاڵییەوە بگەڕێینەوە ماڵەوە، بەڵام چ گەڕانەوەیەک! بێهەست و بریندارانە.

ڕۆبۆتەکان و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

بۆ هەزاران ساڵ، گەڕانەوە بۆ ماڵ ویستێکی مرۆیی بووە، چونکە مرۆڤەکان ئەو بوونەوەرانەن کە بیرەوەرییان هەیە، هەستی وابەستەبوون بە ماڵ و بە شوێن هەیە. بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئەم چیرۆکە گەشتی نوێ و سەیر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. چیرۆکەکانمان وێنەی بوونەوەرە دەستکردەکان دەکەن کە پرسیاری سەرسوڕهێنەرانە دەکەن.

لە کوێوە هاتووم؟

بۆچی بوونم هەیە؟

سەر بە کوێم؟

ئەم پرسیارانە، ڕۆبۆتەکان دەکەنە یەکێک لە تازەترین کارەکتەرەکانی ئەدەبی دێرینی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە. ڕۆمانی (فرانکشتاین)ی ماری شێلی، زۆر پێش تەکنەلۆژیا، پێشبینی ئەم کێشەیە دەکات، دروستکراوەکە بەدوای دروستکەرەکەیدا دەگەڕێت، بەدوای ماڵەکەی، بە دوای بنەچەکەیدا دەگەڕێت.گەشتەکە بەشێکی گەڕانە بە دوای بنەچە و سەرچاوە و ناسنامەدا.

دواتر، خەیاڵی زانستی ئەم پرسیارانە قووڵتر دەکاتەوە. لە بلەید ڕەنەر (Blade Runer)دا، بوونەوەرە دەستکردەکان بەدوای دروستکەرەکەیاندا دەگەڕێن چونکە وەڵامیان دەوێت دەربارەی ژیان و مەرگ. لەپڕ کێشە کۆنەکەی گلگامێش لە ناو جەستەیەکی دەستکرددا دەگەڕێتەوە. ئەمە یەکێکە لە جوانترین دەستکەوتەکانی خەیاڵی زانستی. پرسیارە کۆنەکانی مرۆڤ دەبەخشێتە ئەقڵە نامرۆیییەکان. ڕۆبۆتەکان بۆ کوێ دەگەڕێنەوە؟ بۆ کۆدەکان، بۆ کارگەکان، بۆ تاقیگەکان کە لەوێوە چالاک کران، یان جارێکی تر بۆ ئەو خەیاڵ و بیرۆکەیەی مرۆڤ کە بووە هۆی بەرهەمهێنانیان!

ئەگەر ڕۆبۆتەکان بەڕادەیەکی پێویست پێشکەوتن و ڕۆژێک لە ڕۆژان فۆڕمێکی بەردەوامی ناسنامە گەشە پێبدەن، پرسیارە سەرنجڕاکێشەکە ڕەنگە ئەوە نەبێت کە ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، بەڵکوو لەوانەیە ئەوە بێت کە ئایا دەتوانن بە تەواوی شتێک وەک ماڵ بناسنەوە. مرۆڤەکان ماڵ بە منداڵییەوە دەبەستنەوە، چونکە ئێمە لەوێوە دەست پێ دەکەین، لەوێوە خۆمان دەدۆزینەوە. ئەمەش ڕەنگە هەمان ویست بێت بۆ ڕۆبۆتێک. ڕەنگە ڕۆبۆت بپرسێت: یەکەمین وەشانم چی بوو؟ بۆ ئەنجامدانی چی دیزاین کرابووم؟ ئێستە لە کوێم؟ چی شتێکی وەشانی سەرەتام لە ناومدا ماوەتەوە؟ چۆن دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ سەرەتام؟ ئەمانە پرسیاری تەکنەلۆژین، بەڵام هاوشێوەی هەمان ئەو پرسیارانەن کە مرۆڤ لەناو خەیاڵ و ویستی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە خۆی دەکات.

گەشتی هەمیشەییی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

لە گەڕانەوەی سەیپیەنسەکانەوە، تا گەڕانەوەی گلگامێش بۆ ئوروک، لە ئۆدیسیۆسەوە تا ئەو کۆچبەرانەی لەم سەری کیشوەرەکانەوە لە ڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە باوەش بە ماڵەوەدا دەکەن، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە بەردەوامی فۆڕم و شێوازی خۆی گۆڕیوە. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکەی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بە نەگۆڕی ماوەتەوە.

گلگامێش دەپرسێت: چی دەمێنێتەوە کاتێک من نەتوانم بۆ هەمیشە بمێنمەوە؟

ئۆدیسیۆس دەپرسێت: سەر بە کوێم؟

پەنابەرێک دەپرسێت: ئایا بیرەوەری دەتوانێت ببێتە ماڵ؟

مرۆڤی مۆدێرن و ڕۆبۆتێک دەپرسن: ئایا هێشتا دەتوانم لەناو ئەم هەموو ژاوەژاوەدا بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە؟

هەر ئەمەشە وا دەکات گەڕانەوە بۆ ماڵ وەک یەکێک لە بەردەوامترین چیرۆکەکانی مرۆڤایەتی بمێنێتەوە. چونکە ڕۆیشتن شتێکی حەتمییە. منداڵی جێدەهێڵین، شوێنەکان جێدەهێڵین، کەسەکان جێدەهێڵین، باوەڕەکان جێدەهێڵین، وەشانەکانی پێشووتری خودی خۆمان جێدەهێڵین. ژیان بە بەردەوامی دوورمان دەخاتەوە لەو شوێنەی لێییەوە دەستمان پێ کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، لە شوێنێک لە ناخماندا، شتێک بە بەردەوامی ئاوڕ دەداتەوە. چونکە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە ڕاستیدا هەرگیز دەربارەی گەڕانەوە بۆ دواوە نەبووە. بەڵکوو دەربارەی ئەوەیە بە بڕی پێویست دوور گەشت بکەین بۆ ئەوەی تێبگەین لە کوێوە هاتووین. ماڵ مەرج نییە ئەو شوێنە بێت کە بۆی دەگەڕێینەوە. لەوانەیە ماڵ ئەو شوێنە بێت کە لە کۆتاییدا ڕوونی بکاتەوە بۆچی جێمان هێشت.

The post گەڕانەوە بۆ ماڵەوە appeared first on ژنەفتن.

دیوە ئەفسانەیی و دیوە واقیعییەکەی ڕۆمانی (مامزێر)ی ڕۆماننووس (کاروان عومەر کاکەسوور)
(١)

سەرەتا کە کتێبی (مامزێر)م لە کتێبخانەکەمدا دەرهێنا تا بیخوێنمەوە، ناوی ڕۆمانەکە بە ناوێکی کوردی تێگەیشتبووم. چونکە پێشوەختە دەزانم (کاروان عومەر کاکەسوور) ڕۆماننووس و نووسەرێکی کوردە، ناوی ڕۆمانەکەش (مام- زێڕ) دوو ناوی کوردین، بۆیە وا تێگەیشتم ڕۆمانەکە لەبارەی کەسێکەوە بێت کە ناوی مامزێر بێت، یان ڕووداوێکی ناوخۆیی و خۆماڵی هەبێت پێوەندی بە ناوەکەوە هەبێت.

کاتێک لاپەڕەی ڕۆمانەکەم هەڵدایەوە، بینیم ڕۆماننووس پێش ئەوەی دەست بە گێڕانەوەی ڕۆمانەکەی بکات، واتای ناوی (مامزێر) ڕوون دەکاتەوە، کە وشەیەکی عیبرییە و واتای (زۆڵ) دەدات. هەروەها لە کۆتاییی کتێبەکەشیدا تێماندەگەیەنێت، ئەو کاتەی لە زانکۆ خەریکی خوێندنەوەی مێژووی ئایینەکان بووە، زۆر سەرنج و تێبینی لای خۆی تۆمار کردووە، لەم ڕۆمانەدا سوودی لێ بینیوە.

لێرەوە تێگەیشتم کە ڕووداوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، دەبێت سەر بە مێژووی کۆن و کولتووری جووەکان بێت. لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکەش، لە سەرەتادا، بینیم زمانی گێڕانەوەکە بە دین و ئەفسانەوە بارگاوی کراوە. چووەتە نێو بازنەی فەرهەنگێکی سەرەتاییی دینی. سەرەتایی بە واتای حیکمەتی تەورات، عەهدی قەدیم، قەدیم هەم بە واتای کۆن و هەم بەواتا عیبرییەکەی (خۆرهەڵات- کەدیم)، واتا زمانێک تەماهی دەکات خۆرهەڵاتی کۆن بە ئەفسانە و چیرۆک و دینەکەی لە ئێستایەکی واقیعیدا، بە ڕووداو بکاتەوە. ڕووداوێکی ئەدەبی، لە شێوەی ڕۆماندا.

(٢)

لەگەڵ یەکەم خوێندنەوەم بۆ ڕۆمانەکە، بە تایبەتیش کە لە کۆتاییی کتێبەدا ڕۆماننووس دەڵێت: (لە ڕۆژگاری زانکۆ کاتێ خەریکی خوێندنەوەی مێژووی ئایینەکان بووم، زۆر سەرنج و تێبینیم لای خۆم یاداشت کردبوو، کە لێرەدا سوودم لێ بینین[1]) تێگەیشتم کە خوێندنەوەی مێژووی ئایینەکان، زانیاری و مێژوو و چیرۆک و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی نێو تەورات، وەک سەرچاوەیەکی مەعریفی- ئەپیستمی بۆ نووسینی ئەم ڕۆمانە سوودیان لێ وەرگیراوە. لێرەوە پێش ئەوەی بیر لە ڕووداو و یاد و قسە و باس و خواسەکانی نێو ڕۆمانەکە بکەمەوە، بیرم لە خوێندنی زانکۆیی ئایین و سوودوەرگرتن لەم خوێندنە کردەوە، کە بە ناوی مێژووی دینەکان دەکرێت.

سوودوەرگرتن لە کولتوور و چیرۆکەکانی تەورات و دینی جوو، بۆ نووسەرێک کە لە کەشێکی تری دینی و ڕوحیی جیاواز لە جوو پەروەردە بووە، وجوودی بە دینێکی تر ئاودێر کراوە، پرسیارێک لەبارەی هێز و وزەی ئەو دینە دروست دەکات، بەوەی لە ڕێی چیرۆکەکانی نێو دەقێکی موقەدەسی جووییدا، چەند دەتوانێت لای خوێنەری کورد ببێتە مەراقێکی ڕوحی و وجوودی و مەعریفی؟

لەنێو ڕۆماننووسانی کورددا ئەزموونی ڕۆماننووس (میران ئەبراهام)مان هەیە، کە بە ڕوح و وجوودێکی جوویییانە (نیشتمانی سارا) و (شەوگەڕەکان)ی نووسیوە. ئەم دوو ڕۆمانە بۆ ڕۆماننووس، ئەزموونێکی ئەدەبی باڵا و ڕوحێکی ڕەسەن و بێگەرد بەرجەستە دەکەن.

لە غەیرە کورد نموونەی نووسەرێکی مەسیحی وەک (ئەمین مەعلوف)مان هەیە، کە (باخچەکانی نوور) و (سەمەرقەند) و چەندین ڕۆمانی تری نووسیون، سەرکەوتووانە مێژووی مانی و ئیسلامەکانی بە ڕۆمان کردووە. ئەوەی وای کردووە ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکانی (ئەمین مەعلوف) لەبارەی مانی و ئیسلام، ببێ بە پارچەیەک لە مەراقە ڕوحی و وجوودی و مەعنەوی و ڕەمزییەکانی خوێنەریش، ئەمەیە کە ئەو وەک ڕۆماننووس، ڕووداوەکانی نێو مێژووی ئیسلام و مانی و دینەکانی تر، دەکەنە ڕووداوێکی ئەدەبی و مۆری ڕۆماننووسی  خۆی لەسەر دادەنێت.

ئەمین مەعلوف سنووری ئەو پەروەردە مەسیحییە تێدەپەڕێنێت و تێکەڵ بە فەزای ڕوحی گشت دین و مرۆڤەکان دەبێت. بابەتەکانی خودا و ئیمان و ئەخلاق و پەیام لە ڕێی ڕۆمانەوە دەکاتە شتێکی گشتی، ئەمەش پێوەندی بە توانای ڕۆمان هەیە وەک ئەدەب، کە ڕووداوەکان لە مێژوو، لە دین، لە کەسەکان و ئەندامەکانی دەستێنێتەوە و بە هێزی خەلاقی خۆی دەیکاتە مەراقێک بۆ ڕوحی گشت مرۆڤەکان.

واتا ئەگەر ڕۆمان بتوانێت ڕووداوەکانی نێو مێژوو، چیرۆکەکانی هەر دینێک، کەسیێتی و بابەت و ناوەکانی تر، بکاتە ڕووداوێکی (روائی)، واتا ڕۆماننووس ئەندامی هەر دینێک و نەتەوەیەک و کۆمەڵێک بێت، یان نەبێت! جارێکی دیکە، بە ڕۆمان ڕووداوەکە بگێڕێتەوە، لە ڕووی تەکنیکەوە سەرکەوتوو بێت، کارێکی نایاب پێشکەش بە خوێنەران دەکات.

کەواتە یەکەم پرسیار بیکەین ئەوەیە، بۆ ڕۆمانێک بخوێنینەوە، کە کەسەکەی لەژێر هەژموونی ڕووداوێکی دیاریکراوی جووەکانەوە نووسراوە؟ چ پێوەندی بە ڕوحی ئێمەوە هەیە؟ لە چیدا دەتوانین لە ڕووی ڕوحی و ڕەمزی و ئەخلاقی و مەعنەوییەوە لەم ڕووداوەدا بەشدار بین؟ ئەم ڕووداوە (کەوتنی هەیکەلی سێیەمی جووەکان) دەتوانێت چی لە ویژدانی ئێمەدا ڕووناک بکاتەوە؟

کەلتووری دینی جوو، چ لە ڕێی تەورات و هەموو ئەو میراتەی بە درێژاییی هەزار ساڵ بۆ کاملکردن و پڕکردنەوەی بۆشایییەکانی عەهدی قەدیمەوە نووسراون، سەر بە هەرێمێکی ڕوحانی دوورن لەو  کەشە ڕوحی و پەروەردەیی و فێرکردنەی کە لە هەرێمی ڕوحی ئێمەدا ئامادەیە و پێی پەروەردە بووین. دوورە لەو کەشە دینییە ئیسلامییەی بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی زۆربەماندا زاڵە.

ئەگەر ئێمە لەو ڕوانگەیەوە تەماشای ڕۆمانەکە بکەین، پاساوێکی بەهێزمان نابێت بۆ نووسین و خوێندنەوەی، بەڵام بۆ ئەوەی من لەم بارەدا هاوکاری نووسەر و خوێنەرانی تری ئەم ڕۆمانە بکەم، ڕووداوی مێژووی نێو ڕۆمانەکە، بە چیرۆکی گشت ئیبراهیمییەکان دەبەستمەوە، تا لەوێوە نزیکبوونەوەیەکی مێژوویی و  ڕوحی و مەعنەوی بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بدەم، لەوەش بیبەمە دەرەوە، کە تەنیا چەند سەرنجێکی ئەکادیمی و زانکۆیی بێت! چونکە بە سەرنجی زانکۆیییانە ڕوحمان لەنێو ئێستاماندا باڵا ناکات و ویژدانمان لە نێو فەزای ئەمڕۆی ئیبراهیمییەکان بەرەو مرۆڤ و جوانی و ژیان ناجووڵێنێت.

فەزای ئیبراهیمییەکان بە گشتی، ئەمڕۆ لە دۆخێکی قەیراندایە، سەرنجی ئەکادیمی، تێبینیی زانکۆکان ناتوانێت لەم دۆخە دەربازی بکات، کە نووسینەوەی ئەم ڕۆمانەش دەکەوێتە نێو ئەو دۆخە مەعریفی و پەروەردەیی و زانستییەی کە هەیە و گەمارۆی دەدات. بۆیە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆمانە لەنێو ئەو دۆخە قەیراناوییە جیا بکەینەوە و لەڕێی ئەم چیرۆکە تەوراتییەشدا قسەیەک لەسەر گشت ئیبراهیمییەکان بکەین و لە تەئویلێکی نوێدا، بیر لە بیرکردنەوەی ئیبراهیمییەکان بکەینەوە و لەم قەیرانەدا بە هزر و تەئویلێکی نوێ و هاوچەرخانە هاوکاریی خۆمان بکەین.

(٣)

کاروان عومەر کاکە سوور، لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، وا پیشان دەدات، وەک ئەوەی ڕووداوی ڕۆمانەکە لە زار و هۆشیاریی کەسێکی جوو دەگێڕدرێتەوە، کە دوای ڕووخانی هەیکەلی سێیەم، بە دیل گیراوە و بە ڕووتی لەنێو قەفەسێکدا بەند کراوە. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەمە فێڵێکی تەکنیکی نووسەرە و دوای چەند دێرێکی خوارتر تێدەگەین، باسی کەسێک دەکات هاوچەرخی خۆمانە، چیرۆکنووسە، بەڵام لە خۆمان ناچێت!

ئەو کەسەی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، خۆی بە وێنەی چیرۆکنووسێک وەسف دەکات، کە هیچ شتێک وەک خۆی ناگێڕێتەوە. ئینجا لە ژێر سێبەری چیرۆکەکانی نێو تەوراتدا، لە کەشێکی دینی و ئەفسانەییدا، لەڕێی کۆمەڵێ ناو و کەس و ڕووداوی تر، بوون و ژیان و ڕۆشەنبیری و پێگە و کەسیێتی و بیرکردنەوەی خۆی و کەسانی دەوروبەریشی دیار دەدات، بەڵام ڕۆماننووس هەوڵ دەدات، خوێنەر نەزانێت بە ڕاستی ئەوە کێیە قسە دەکات؟ کەسێکی جووی دیلی ڕووداوێکی پێش زایینە؟ یان کەسێکە لە پایتەختی وڵاتێکی وەک عێراق دەژیەت؟ کەسێکە لەنێو واقیع دەچێتە نێو تەورات، یان لەنێو تەوراتەوە دێتەوە نێو واقیع؟

ڕۆماننووس هەوڵ دەدات، تا کۆتاییی ڕۆمانەکە ئەم تەکنیکە بەردەوام بکات و خوێنەرەکانی بخاتە دۆخێکی ئەفسانەیی و واقیعی و لەسەر زەمینی هیچ کامیشیاندا ڕای نەگرێت، بەڵکوو وەک ژیانی کەسەکە لەنێو واقیع و ئەفسانەدا خوێنەرەکان بسووڕێنێتەوە. بەڵام ئەگەر لای ڕۆماننووس ئەمە تەنیا سوودوەرگرتن بێت لە خوێندنێکی زانکۆیی، یان تەکنیکێک بێت تا خوێنەران مەراق بکات و خۆیشی وەک ڕۆماننووسێکی نوێ، خاوەن شێوازێکی تایبەتی لە گێڕانەوەدا پێشکەش بکات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەمانە هۆکاری نووسینی ئەم ڕۆمانە نین بەو شێواز و ناوەڕۆکەی کەوتۆتەوە. هەتا ئەگەر لە ناسنامەی کتێبەکەش هەڵەیەک هەبێت، بەوەی لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسراوە (ڕۆمان) و لە ناوەوە کاروان عومەر کاکەسوور پێی دەڵێت (نۆڤێللا)، ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی هۆشیارییەکی سەرتاپاگیر، لە پشت ئەم نووسینەدا زاڵبوونێکی هەیە. ئەم هۆشیارییە لە شێوەی کۆمەڵێ هۆکاری دەروونی و ڕوحی و مێژوویی و سیاسی و کۆمەلایەتی، هەژموونی چیرۆکەکانی تەورات و ئەو کەسە دیلە دەکاتە سەرچاوەی کارەکە!

(٤)

کاروان عومەر کاکەسوور لە ڕۆمانەکەدا، ئاماژە بەمە دەدات کە واقیع و ئەفسانە لەیەک کاتدا ژیانی کاراکتەرە سەرەکییەکەیان هەڵدەسووڕاند. بۆیە غەریب نییە، کە ئێستا دیلی نێو قەفەزێکە، خۆی لەو واقیعەوە بۆ ئەفسانە و چیرۆکەکانی نێو تەورات بگوازێتەوە. نەوەک تەنیا خۆی، بەڵکوو کەسوکار و دایک و باوک و کەسەکانی دەوروبەریشی بۆ هەمان ئەفسانە بگوازێتەوە. وەک ئەوەی خۆی و هەموو کەسەکانی، لەنێو هەمان دۆخی ئەفسانەییدا بژین، هەموویان لەو واقیعەوە بەرە و ئەفسانە و لە ئەفسانەوە بۆ واقیع بگوێزرێنەوە. ئەمەش لە هەقیقەتدا (نهێنی)یە، بەڵام ڕۆماننووس دەیەوێت وەک (هونەر) پیشانی بدات!

بۆیە لێرەدا ئەم ڕۆمانە وەک هونەرێک ناخوێنینەوە، بەڵکوو ڕاستتر وەک نهێنییەک کەشفی دەکەین! بۆیە ئەوەی درێژە بە خوێندنەوەی ئێمە بۆ ئەم ڕۆمانە دەدات، هونەری ڕۆمانەکە نییە، بەڵکوو نهێنییەکەیەتی! نهێنییەک لە ژێر ئەو هونەرەی ڕۆماننووس دەیەوێت بیشارێتەوە، یان ڕاستتر نەوەک ڕۆماننووس، بەڵکوو ئەو هۆشیارییەی گەمارۆی بیرکردنەوە و ژیانی کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکەی داوە، ئێمەش وەک خوێنەرێک، واقیعی ڕۆمانەکە و کەسەکانی نێوی لە هونەرەوە بۆ نێو نهێنییەکان دەگوازینەوە، تا لەوێوە هۆشیاری بەم هۆشیارییە پەیدا بکەین، کە ڕۆمانەکەی پێ نووسراوە و ژیانی بە کۆمەڵێ کاراکتەر بەخشیوە.

ئەوەی وا دەکات کاراکتەری ڕۆمانەکە، لەنێوان واقیع و ئەفسانە بگوازرێتەوە، هونەر نییە، بەڵکوو نهێنییە، نهێنییەکەش، (مێژووە) ڕۆژی (نۆی ئاب) وەک ڕووداوێکی گرنگ، وەک نهێنییەکی مێژوویی لەنێو هۆشیاریی جووەکاندا، دوایی گشت ئیبراهیمییەکاندا، ماوەتەوە و لە ژێرەوە کاری خۆی دەکات. مێژوویەک وا دەکات هەرگیز لە بیرمان نەچێت، مرۆڤی بێ پەرستگە، بێ موقەدەس، بێ شوێنی پاک، بێ ماڵ، بێ نیشتمان، دیلی قەفەزێکە لە دەشتێکی تاقەتپڕوکێندا!

ڕۆماننووس، یان ڕاستتر هۆشیاریی زاڵ، وای کردووە ڕۆماننووس بۆ نیشاندانی ئەم مێژووە، جگە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە، لە کۆتاییی کتێبەکەشدا دە پەراوێز دابنێت.

هۆشیارییەکە وا دەکات، زەمەنی ڕۆمانەکە، بە ئەفسانە دەست پێ بکات، ڕوو لە واقیع بکات و واقیعەکە بباتەوە نێوەخۆی، هەروەها خۆیشی بە هەموو توانا و هێزییەوە، بێتەوە نێو واقیع و بیپێچێتەوە. زەمەنی فیزیکی بۆ نێو زەمەنێکی میتافیزیکی دەگویزێتەوە و مرۆڤەکانیش لە جەستەیەکی ئێستایییەوە بۆ نێو دەروونێکی ئەشکەنجەکێش لەژێر زەبری ڕووخانی هەیکەلدا دەگوازێتەوە. ئەم هۆشیارییە کەسەکانی نێو ئەو ڕۆمانە، لە جەستەوە دەکا بە ڕەوان، شاریش لەژێر هەڕەشە و گوڕەشەی تۆپ و تەقینەوەکان دەباتەوە ژێر پەردووی ڕووخانی هەیکەلی سێیەمەوە.

(٥)

ئێستا لە ڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە تێدەگەین، هۆشیارییەک، قورساییی چیرۆکەکانی عەهدی قەدیم، مێژووی جووی بەسەر واقیعدا زاڵ کردووە. واتا لەنێو واقیعی ڕۆمانەکەدا، ڕووداوێکی مێژوویی دەبێتە ڕووداوی گێڕدراوەی نێو ڕۆمانەکە. ئەم ڕووداوە هۆشیارییەک لەنێو ڕۆمانەکەدا پەیدا دەکات، کە وەک بازنەیەک و سەرەتا و کۆتاییی ڕووداوەکانی تری نێو ڕۆمانەکە بسڕێتەوە، واتا ڕووداوەکان سەرەتا و کۆتاییان نییە، بەشێوەیەکی بازنەیی هەن، هۆشیارییەکە سەرەتا ناهێڵێت ڕووداوەکە لەنێو مێژووەکە بێتە دەرەوە و بچێتە نێو ڕۆمانەکەوە، دەیەوێت وا نیشان بدات ڕۆمانەکە خۆی ڕووداوێکی سەرەکی سەربەخۆی نەبێت، تەنیا ئەم ڕووداوە مێژوویییە هەڵسووڕێنەری ڕۆمانەکە بێت.

بەڵام دوای بیست لاپەڕەیەک دەبینین، گێڕەڕەوە، کۆمەڵێ ڕووداو دەگێڕێتەوە، کە زۆربەیان ڕووداوی پاژەکی واقیعێکی شێواون، کە لە ڕاستیدا وەک شوێنەواری دەروونی ئێستای ئەم ڕووداوە مێژوویییە دەردەکەون. واتا لە ڕۆمانەکەدا ڕووداوێکی سەربەخۆ  پەیدا نابێت، کە بکرێت لەنێو ڕۆمانەکەدا بە شێوەیەکی بەردەوام یان پچڕپچڕ و یان بە تێکشکاوی بگێڕدرێتەوە. ئەوەی دەگێڕدرێتەوە، شوێنەواری ئەو ڕووداوە مێژوویییەیە، کە لەسەر ژیان و واقیع و دەر و دەروونی کەسەکاندا دەیبینینەوە.

واتا لێرەوە ئەم هۆشیارییە زاڵە وا دەکات، مێژووی ڕووخانی هەیکەل وەک تاکە ڕووداوی سەرەکی و گەورە دەربکەوێت و ئەوەی تر کە لەواقیعی ژیانی کەسەکاندا، لە زەمەنی ئێستادا ڕوودەدات، لە پاشماوە و شوێنەواری ئەو ڕووداوە زیاتر نین. واتا ئەم هۆشیارییە ڕێگە نادات، جگە لەڕووخانی هەیکەل، ڕووداوێکی تر لەنێو ڕۆمانەکدا پەیدا ببێت. ئەوەی پەیدا دەبێت تەنیا شوێنەوار و پاشماوەی ئەم ڕووداوەن و بە پچرپچڕی دەگێڕدرێنەوە.

ڕووداو و شوێنەواری ڕووداو، دوو پانتایی پێکەوە بەندن، بەڵام جیاوازیشن. ڕووداو خودێکی هەیە، لەگەڵ شوێنەوار و سیفەتەکانی جیاوازە، باسکردنی شوێنەوار و سیفەتی ڕووداو، یەکسان نابێت بە باسکردن و ناسینی خودی ڕووداوەکە. بۆیەشە ئەوەی لەم ڕووداوە مێژوویییەدا باس دەکرێت، دیوێکی مێژووەکە نیشان دەدات کە دیوێکی ماددییە و لەنێو شوێنەوار و سیفەتەکانی ڕووداوەکەدا دیار دەبن، بەڵام دیوە نادیارەکەی مێژووەکە، لە نێو خودی ڕووداوەکەدا پەنهانە و لە شوێنەوار و سیفەتەکانیدا دیار نابێت. بۆ ناسینی دیوی نادیار و ناماددی ڕووداوەکە دەبێت لە خودی ڕووداوەکە بکۆڵینەوە نەوەک پاشماوە و شوێنەوارەکانی، هەر لە ڕێی ئەم خودەوە دیوی نادیاری مێژووەکەش دیار دەبێت. هەروەها بۆ ناسینی واقیعی کەسەکە و کەسانی نێو ڕۆمانەکە، دەبێت لە دیوە ئەفسانەیییەکە بگەین، واتا بۆ ناسینی واقیعی ژیان پێویستە دیوە ئەفسانەیییەکەی ئەزموون بکەین. بۆ ناسینی واقیعی ئەم ڕۆمانەش دەبێت دیوی ئەفسانەییی ڕۆمانەکە ئەزموون بکەین.

لەڕووی شێوازەوە، کە ڕۆمانێک بە ڕووداوێکی سەرەکی دەست پێ دەکات، دوایی لەڕێی گێڕانەوەی کۆمەڵێ ڕووداوی پاژەکی و پارچەپارچەیی، کە وەک جۆگەلەی باریک دەڕژێنەوە نێو ڕووباری ڕووداوە سەرەکییەکە، کارێکی چەندین جار و لە چەندین ئەزمووندا دووپات بۆتەوە، بەتایبەتی لای ئەو نووسەرانەی ڕەهەندێکی هزری، دینی، ئەفسانەیی، پێشین و خۆرهەڵاتی بە ڕۆمانەکەیان دەبەخشن. چونکە ئەم ڕەهەندە خۆی ئەو چیرۆک و پاژانە لەنێوەخۆیدا هەڵدەگرێت، یان بە دەربڕێنێکی تر، ئەو ئاگامەندییە خۆرهەڵاتییە، ناوەرۆک و شێوازی ئەم ڕۆمانانە پەیدا دەکات!

(٦)

ڕووداوی سەرەکیی نێو ڕۆمانەکە، دوو دیوی هەیە، دیوێکی ماددی و دیوێکی ناماددی. سەرەتا ئەوەی دیار دەبێت دیوە ماددییەکەیە، ڕووی ماددیی ڕووداوە سەرەکییەکە، دیلکردنی کەسێک، وەک دیلکردنی کەسێکی جوو دوای ڕووخانی هەیکەلی سێیەم. ئەمە تەنیا ڕووی دەرەوە و ڕواڵەتی ڕووداوەکەیە، خودی ڕووداوەکە نییە، دیلبوونی کەسێک وەک کەسێکی جوو، دەرکەوتەی ڕووداوی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، لەبن ئەو ڕواڵەتەدا دیوە ناماددییەکەی دەپۆشێت. – کە دوایی ئاشکرای دەکەین-

دەبێت لەمەش بگەین کە ڕووخانی پەرستگەی جوو، ڕووداوی سەرەکیی مێژووە، ئیمکانی هێزەکی تێدایە بۆ ئەوەی ببێتە ڕووداوی سەرەکیی ڕۆمانەکە، ئەمەش بەمە بەدی دێت، کە ڕووداوی مێژووییی ڕووخانی پەرستگە و دیلبوونی ژمارەیەک جوو، لە دیوە ماددییەکەی دەربهێندرێت و دیوە پەنهان و ڕوحی و ڕەمزی و نادیار و ناماددییەکەی ئاشکرا بکرێت. ئەگەر ڕۆمان ڕووداو لە دیوی ماددییەوە بۆ دیوی ناماددی نەگوازێتەوە، ئەوا ڕووداوەکە دەبێتەوە بە بەشێک لە کتێبێکی مێژوویی. کە کۆمەڵێ زانیاری لەبارەی ڕووداوەکە و شوێنەوارەکانی بە خوێنەر دەدات.

لەم ڕۆمانەدا دەبینین، چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، چ لە ڕووی تەکنیکەوە، گواستنەوەکە ئەنجام دراوە، بەڵام دیسانیشەوە کێشەیەکی قووڵ و گەورە ڕووبەڕووی ئەم گواستنەوەیە دەبێتەوە، کێشەی گواستنەوەی ڕووداو لە ڕووە ماددییەکەی بۆ ڕووە ناماددییەکەی، کێشەیەکی وجوودییە، پێش ئەوەی مەعریفی بێت. بۆیە پێویستی بە تەئویلکردنە، نەوەک تەفسیرێکی ڕواڵەتی. ئەمەش قووڵاییی ڕووداوە مێژوویییەکەیە، کە قووڵاییەکی وجوودی و مرۆییش بە ڕۆمانەکە دەبەخشێت، وا دەکات ڕۆمانەکە شایستەی نەوەک تەنیا خوێندنەوە بەڵکوو تەئویلکردن بێت. مەبەستیشم لێرەدا لە تەئویلکردن بە واتا لاهووتییەکەی نییە، کە بێین و لەبارەی پەرستگە-هەیکەل و ڕەهەندەکانی دینی و ئەفسانەیی و لاهووتی و خواوەندییەوە قسە بکەین. ئەگەر چی ئەمەش بابەتێکی دەوڵەمەندە و دەکرێت بە درێژی لەسەر کاریگەرییە قووڵ و گەورە و مێژووییی پەرستگە لەسەر مرۆڤ بدوێین، بەڵام ئەمە مەبەستی من نییە، چونکە من شتێکی دیکەی تایبەت لەم دەقەدا، دەبینمەوە و دەمەوێت ئەو دۆزینەوەیە تەئویل بکەم و بە ڕووداوە مێژوویییەکەی ببەستمەوە.

لەم ڕۆمانەدا، وێنە بچووکەکەی ڕووداوی سەرەکی، جوویەکی دیلە، وێنە گشتییەکەی ڕووداوەکە، مێژووی ڕووخانی پەرستگەی جووەکانە. لەم دوو وێنەیەدا دەتوانین ڕووتی و ڕووخان،  پۆشین و سڕینەوە، بەیەکدی بەراورد بکەین. واتا ڕووە ماددییەکەی هەردوو وێنەکە لەنێو یەکدیدا بدۆزینەوە و بزانین وێنە گشتییەکە بریتییە لە دەیان وێنەی بچووک، دەیان وێنەی بچووکیش دەبنە وێنە گشتییەکە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی دەردەکەوێت شوێنەواری ڕووداوەکەیە و خودی ڕووداوەکە نییە! هۆکاری ئەمەش ئەمەیە، کە ڕۆمانەکە پتر دووپاتی ئەو ئازارە دەروونی و کێشە ڕەوانییە دەکاتەوە کە جووەکان لە ئەنجامی ڕووخانی (پەرستگە- جیهان) تووشی دەبن. ڕۆمانەکە بە قووڵی وێنەی ئەو ئازار و کاریگەرییە دەروونی و ڕوحییە دەکێشێت، کە مرۆڤی جوو ناتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە و مانگی (ئاب) لە تەقویمەکانی خۆی دەسڕێتەوە. نیشاندانی کاریگەریی ڕووە دەروونییەکەی ڕووخانی پەرستگە، یەکسانە بە ڕووخانی جیهان بۆ جووەکان، لەم بارەیەوە دەکرێت، لەژێڕ ڕۆشناییی تیۆرییەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی زۆر قسە بکرێت، بەڵام من لەم بارەیەشەوە قسە ناکەم و دەمەوێت قووڵتر و دوورتر بڕۆم و هەموو ئەو تەفسیرە ڕواڵەتییانەی دەکرێت بە سادەیی بۆ ئەم چەمک و ناو و بابەتانە بکرێن بەجێبێڵم، تا بگەمە کڕۆکی ڕووداوەکە، یان خودی ڕووداوەکە لەخۆیدا.

دەرنەکەوتنی خودی ڕووداوەکە، پێوەندی بە گەمەیەکی زمانەوانی، یان تەکنیکی نووسین نییە، بەڵکوو ڕووداوەکە خۆی لە ئاستی تایبەتی و گشتیدا، دیوێکی ناوەکی و دیوێکی دەرەکی هەیە، ئەوەی لە دەرەوە دیارە، پەردەیە و شتێکی ناوەکی دەشارێتەوە، کە ئەسڵی ڕووداوەکە لەوێدا پەنهانە، بۆیە بۆ تێگەیشتن لە خودی ڕووداوەکە نەوەک دەرکەوتە و شوێنەوارەکانی، دەبێت پەردە لەسەر ئەم کڕۆکە هەڵدەینەوە تا دیار ببێت. لێرەشدا من ئەوە دەڵێم، کە مەرج نییە، هۆشیاریی ڕۆماننووس، یان ئاگامەندییەکەی پەی بەم دیوە ناماددییەی ئەو ڕووداوە بردبێت، کە ئەو لە خوێندنەوەی تەورات ناسیویەتی. ڕەنگە ئەم دیوە ناماددییە، تەنیا هۆشیاریی من پەی پێ بردبێت و کەشفی کردبێت. واتا ئەوەی ئەم دیوە ناماددییەی خستۆتە نێو ڕووداوەکەوە، ڕۆماننووس نییە، ئەوەی کەشفیشی دەکات من نیم، بەڵکوو ئەوە خودی ڕووداوەکەیە، کە لەنێو شوێنەوارەکانیدا ڕادەچەنێت و خۆی بۆ هۆشیاریی ئێمە دیار دەدات.

واتا ڕووداو خۆی، هێز و وزەیەکی سەربەخۆی هەیە، لەژێر دەسەڵاتی ڕۆماننووس و ڕەخنەگردا کپ نابێت و تەسلیمی هیچ هێزێکی دەرەکی، لە دەرەوەی خۆی نابێت. بەڵکوو ئەو هێزە لە کات و ساتی گونجاوی خۆیدا خۆی لە نێو بوون و ژیان و جیهاندا مانیڤێست دەکات.

ڕووداوگەلی پاژەکی و چیرۆک و کەس و وردە گێڕانەوەکانی تر، کە وەک نەرمە ڕووناکی کۆ دەبنەوە، دەتوانن کەمێک لە دیوی ناماددیی ڕووداوە سەرەکییەکە ڕۆشن بکەنەوە. ڕووداوە سەرەکییەکە، لە ڕووی ماددییەوە لە ڕێی کەسێک و مێژوویەکدا دەردەکەوێت. بەڵام بە ناسینی دیوی ناماددی ڕووداوەکە، دەزانین ئەم ڕووداوە تەنیا هی کەسێک و هی هەموو جووەکان نییە، بەڵکوو هی گشت ئیبراهیمییەکانە.

(٧)

لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، دەزانین ئەو کەسە گرفتی ئەوەی هەیە، دایکی لەسەرەتای ژیانی گوێی لێ نەگرتووە و باوکیشی فەرامۆشی کردووە. مرۆڤێکی بێ کارە. کەسێکە ناتوانێت ڕووداو پەیدا بکات، چیرۆک دابهێنێت، کەس و شتەکانی دەوروبەری بجووڵێنێت. ڕووتی و دیلی و بەندییەکەی، تەواوکەری ئەو دۆخەیە کە لە سەرەتای ژیانیدا پێی دەکەوێتە نێو جیهانەوە. ئەو جیهانە کە لە سەرەتادا بریتییە لە گوێلێنەگرتن و فەرامۆشکردن و بەندکردنی لە ژوورێکدا، یان وەک خۆی دەڵێت لە (ئەشکەوت)ێکدا، کە ڕەهەندەکانی لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆن دەچێت، چونکە لەوێدا ناتوانێت جەستەی دایکی ببینێت، وێنەکان دەتوێنەوە، دەبن بە وێنەی باڵندەی خورافی، وێنەکان دیوی ماددی خۆیان لەدەست دەدەن و لەبەر چاوەکانیدا بەرجەستە ناکرێنەوە. زمانی ناجووڵێت، ناتوانێت دەنگ دەربهێنێت، شتەکان وەک ئەوەی لەنێو تەمدا بن ئاوا وێنە دەگرن، وەک وێنەکانی نێو ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن، کە لە وردەهێلی ڕووناکیی کز وەک سێبەر بەسەر دیواردا دەردەکەون.

ئەم باس و وێنە زمانییانەی لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەخوێنینەوە، وەک سەرەتا خۆیان دیار دەدەن، بەڵام لە هەقیقەتدا ئەم زمانە باسی پاشماوە و شوێنەواری ڕووداوێک دەکات کە قەوماوە. واتا ئەم زمانە تەنیا تەکنیک نییە کە ڕۆماننووس بەکاری هێنابێت، بەڵکوو پارادۆکسی ژیان و گێڕانەوەیەکی گەورەی ئیبراهیمییە، ڕووداوی سەرەکی دەمێکە ڕووی داوە، ئەوەی ئێستا دەبیندرێت و قسەی لەبارەوە دەکرێت، شوێنەواری ڕووداوەکەیە، ئاسەوارەکانیێتی نەوەک خودی ڕووداوەکە. ڕووداوەکە قەوما و کۆمەڵێ شوێنەواری وەک پاشماوە لەسەر جیهان جێهێشتووە. بۆیە ئەوەی لە سەرەتای ڕۆمانەکە وەک پێشەکی باس دەکرێت، لە هەقیقەتدا پاشماوەی ڕووداوێکی گەورەیە، شوێنەواری شکستێکی گەورەیە، ئەم پارادۆکسە وجوودییە، لە تەکنیکی نووسینی ڕۆمانەکەدا خۆی دووپات کردۆتەوە، ڕۆمانەکە بە کۆتاییی ڕووداوەکان دەست پێ دەکات و وردە وردە دەکەوێتە نێو باسکردنی شوێنەواری ڕووداوەکان.

بەڵام ئەو خاڵەی من بە تۆخی دەیبینم، ئەوەیە کە ڕووداوی ڕۆمانەکە لە ڕووی ماددییەوە، دەرکەوتنێکی ئاچووخی هەیە، ئەوەی لە ڕووی ماددییەوە دەردەکەوێت، کەس و چیرۆکی پاژەکی و پاشماوەی ڕووناکی ڕووداوێکن، نەوەک خودی ڕووداوەکە. ڕووداوەکە دێت و دەقەومێت، دەکەوێت، بەواتای ئەوەی دەبێتە واقیع-کەوتن- کەتوار. بەڵام ڕووداوەکە لە جیاتی ئەوەی خودی ڕۆشن ببێتەوە، سیفەت و شوێنەوارەکانی دەردەکەون. واتا خودی ڕووداوەکە هەر بە نادیاری و لەژێر پەردەدا دەمێنێتەوە، ئەوەی دەردەکەوێت دەرکەوتە و شوێنەوار و سیفەتەکانی ئەم ڕووداوەن! واتا (ڕووداوەکە خۆی بەجێدێڵێت و دەکەوێتە نێو شوێنەوارەکانی خۆیدا!). ئەمەش لە ڕووی وجوودی و تەکنیکی ڕۆماننووسین، پێوەندی بە هۆشیاری و توانای هزری و زمانی و تێگەیشتنی ڕۆماننووسەوە هەیە. بەو واتایەی ڕۆمان هەڵگری ئاگامەندی نووسەرە، کە ئەو ئاگامەندییە چەند (ڕووداو) هەڵدەگرێت و چەندیش (وتار).

(٨)

ئەم قسەیە: (ڕووداوەکە خۆی بەجێدێڵێت و دەکەوێتە نێو شوێنەوارەکانی خۆیدا!). واتای چییە؟ بۆ ئەوەی لەم دەستەواژەیە بگەین، دەبێت بزانین ڕووداو چییە؟ شوێنەوارەکانی ڕووداو چین؟

با سەرەتا سەرنج لە دیوە ئەفسانەیییەکە بدەین؛ کەسێکی جوو بە دیلی گیراوە، بە ڕووتی لەنێو قەفەسێکدا، لە دەشتێکی گەرمدا بەندیان کردووە، ئەم سەرەتایە، سەرەتای ڕووداوی سەرەکیی نێو ڕۆمانەکەیە، نەوەک هی ڕۆمانەکە، چونکە ڕووداوەکە لە ڕاستیدا مێژوویییە، کە کەسێکی جوو، واتا سەر بە گێڕانەوەی ئیبراهیمی، پێش ئەوەی پێ بخاتە نێو جیهانەوە، دەیخەنە نێو قەفەزەوە. ئەمە ڕووداوێکی گەورەیە، خودی ڕووداوەکە ئەوەیە کە کەسێکی ئیبراهیمی، دەیەوێت پێ بخاتە جیهانەوە! بێت لە سایەی گێڕانەوەیەکی ئیبراهیمیدا ئەزموونی ژیان بکات، واتا هاتنی کەسێکی ئیبراهیمی بۆ نێو جیهان ڕووداوە سەرەکی و گەورەکەیە! یان ڕاستتر ئەمە دیوی ناماددی و هەقیقیی ڕووداوەکەیە! دیوی ئەفسانەییی ڕۆمانەکەیە لە هەمان کاتدا! بەڵام ئەم کەسە کە باسی هاتنی خۆی بۆ نێو جیهان دەکات، باسی خودی ڕووداوەکە ناکات، چونکە خودی ڕووداوەکە بەکۆمەڵێ دەرکەوتە و سیفەت و ئاسەوارەوە پەردەپۆش کراوە، واتا کەسەکە لە جیاتی ئەوەی باسی ناوەڕۆکی ڕووداوەکە بکات، باسی شوێنەوارەکانی دەکات، باسی دوای ڕووداوەکە دەکات، باسی ئیبراهیمییەکان لە دەرەوەی جیهاندا دەکات.

کەسەکە بۆ ئەوەی باس لە هاتن و فڕین و ئازادی و هەقیقەتی ئیبراهیمییەک لە جیهاندا بکات، ئاگامەندی دەچێتە سەر باسی وێنەی جۆرەها باڵندەی نەبیندراو و کەسنەدیو و خوڕافی. ئەو دۆخە دەناسێنێت کە لەنێو کۆشکدا بە دەستبەسەرکراوی هەیبوو و نەدەبوایە دوو پێی بخاتە دەرەوە. وەک ئەوەی وەک مرۆڤی نائاگامەند لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆن بێت، یان وەک مرۆڤی ڕووت و دیلی نێو قەفەزەکەی ئێستایدا بێت.

ئەزموونی ژیانی ئەو ئیبراهیمییە، ئەزموونی بەندی و قەفەسە، ئەزموونی بێ باڵی و ڕووتییە، کەسێک لە پەراوێزی ژیاندا کەوتووە. ئەم کەوتنە فڕێدانیێتی بۆ نێو جیهانی (قەفەس- ئەشکەوت- ماڵ – کۆشک)، کەوتنە نێو ئەو ناوانە، کەوتنە نێو یەک واقیعە، کە چیرۆکی ئەو پەیدا دەکەن. چیرۆکە واقیعییەکەی مرۆڤی ئیبراهیمی، یان واقیعی چیرۆکەکەی، کەوتنیێتی بۆ نێو جیهانێک ،کە نایناسێت و لە پەراوێزدا گیری دەکات، واقیع وێنەی قەفەزێک وەردەگرێت، کە بەڕووتی تێیدا بەندە و ناتوانێت دوو پێیەکانی بخاتە دەرەوەی.  وێنەگەلی چڕی سەرەتای ئەم ڕۆمانە، دیوی تاکەکەسیی مرۆڤی پەراوێزخراو و دیلی ئەشکەوت، وەهم و چیرۆکەکانی دین، لە فەزای گشتیدا، لە نێو زمانی گێڕانەوەیەکی ئیبراهیمیدا دەکێشێت. مرۆڤ لە ئەنجامی خەتایەکانی، دەبێت بە ڕووتی لەنێو قەفەزی ژیاندا، لە چلەی دەشتێکی گەرم و پڕوکێنەردا، ئەزموونی خۆی بکات.

ئەم ئەزموونە لەم ساتەدا زیندووە، واتا لە ڕووی زەمەنییەوە ئێستایە، بەڵام ئەم ئێستایە، لە دۆخێکی هەمیشەییدایە بۆ مرۆڤ، دۆخێک لە سەرەتاوە تا گێڕانەوەی چیرۆک و ئەفسانە و واقیعەوە، هەمیشە دۆخێکی (تراژیدی-کۆمیدی)یە، کە هەردوو دیوەکەش هەمان شتی یەک ژیان و یەک دین و یەک چیرۆکن! چیرۆکێک کە تەواو بووە و گەیشتۆتە نێو قەفەسی خۆی و وەک باڵندەیەکی خورافی و ئەفسانەیی توانای فڕینی نەماوە، ئەوەی لێی ماوەتەوە تەنیا پاشماوەی چیرۆکەکانێیتی، پاشماوەیەک کە ناتوانێت، زیندوویێتی بە کەس و ڕووداوەکان بداتەوە.

ئەم پاشماوەیە شوێنەوارەکانی ڕووداوەکەن، شوێنەواری مرۆڤ، کە هات و بێرەدا ڕەت بوو، شوێنەواری ئەزموونەکانی مرۆڤ، کە بە وێنەیەکی تراژیدی، یان کۆمیدی ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئەوانی تر بەش کرد و کەوتە نێو چیرۆکەکانی مێژوو و گێڕانەوەکانی ئیبراهیم. لێرەشدا گێڕانەوەی ئیبراهیمی کە لە سەرەتای خۆیەتی، سەردەمی جوو، پێش ئەوەی مەسیحییەکان و موسڵمانەکان شتی تر بگێڕنەوە. هەر لە سەرەتادا مرۆڤی گێڕەوەوە، یان پێغەمبەر، دەکەوێتە قەفەزدا. گێڕانەوەکە دەکەوێتە قەفەزەوە، قەفەزێک لە دەشتێکی تاقەتپڕووکێنەردا.

پاشماوەی ڕووداوەکان، ڕووداوەکان خۆیان نین، ئەم ڕۆمانەش کە لە نێو سەرەتای گێڕانەوەیەکی ئیبراهیمیدا پەیدا دەبێت، کەسەکەی، پێغەمبەرەکەی، گێڕەڕەوەکەی مەحکوومە بە قەفەز و نەناسین و پەراوێزخستن و زمانگیران و پێ نەخستنە نێو جیهان و ژیانەوە. خۆ ئەگەر پێی خستبێتە نێو جیهانیش ئەوا لێی دەردەکرێت و فڕێ دەدرێتە جیهانەوە. یان جیهانەکەی دەڕووخێندرێت.

(٩)

ئەزموونی ئەم کەسە ئیبراهیمییە، لەگەڵ زمانی ڕۆمانەکەدا یەکانگیرن، یان بە دەربڕینێکی تر، کە هۆشیاریی ڕۆماننووس لەبارەی گێرانەوەیەکی ئیبراهیمی دەناسین، لەگەڵیدا ئەو زمانەش دەناسین، کە دەربڕین لەو هۆشیارییە دەکات.

زمانی ڕۆماننووس لەگەڵ تێگەیشتنی بۆ تەورات و چیرۆکەکانی، هەروەها تێگەیشتنی بۆ ڕۆمان و ئەفسانە و واقیع، لەنێو ئەو زمانەدا یەکدەگرنەوە، کە دەربڕین لە زمانی نووسین و خوێندنەوە و ڕۆمانی نووسەر دەکات. دەربڕینێک کە کەس ناتوانێت وەک دەقەکە خۆی دیوی دەر و دەروونی نووسەر دیار بدات! لە هەمان کاتیشدا، ئەم هۆشیارییە تاکە دەسەڵاتە، کە ڕۆمانەکە بەو شێوە و ناوەڕۆکە دەخاتەوە. لێرەوە ڕۆمان دەبێتە لۆگۆس! واتا ئێمە لەنێو ئەو لۆگۆسەدا، دەتوانین لە (ڕووداو) و (شوێنەوارەکانی ڕووداو)ی ئەم ڕۆمانە بگەین. با بپرسین لەم ڕۆمانەدا، ڕووداو، یان شوێنەوارەکانی ڕووداو، کامەیان پانتایییەکی فروانتری گرتووە؟

بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، دەبینین شوێنەواری ڕووداوەکان پتر سێبەری بەسەر ڕۆمانەکەدا کردووە. لە زۆر شوێندا، زمانی ڕۆماننووس لەنێو ڕووداودا دەرناکەوێت، یان با بڵێین زمانەکە ڕووداو دیار نادات، بەڵکوو زمانەکە پتر لایەنێکی هزری، شیعری، وتاری دیار دەدات. ئەم لایەنە هزرییە، شیعری و وتارییە، وەک ڕووداو بوونی ڕۆمان ناجووڵێنێت، خودی ڕووداوەکە ڕووناک ناکاتەوە، بەرەو جیهان و ژیانێکی کردەکی نابات، لەنێو گێڕانەوەکەدا شتەکان لە ڕووداو خاوتر ڕوودەدەن، زانیاریی مێژوویی و سروشتی دەبەخشن، کە ئەمەش خودی ڕووداوەکە ڕووناکتر ناکاتەوە، بەڵکوو وەسفی ڕووداوەکە درێژتر دەکات، ناتوانیت بەقەد هێزی ڕووداو ژیان و جیهانی ڕۆمانەکە بەرەو پێشەوە ببەن. هەر بۆ نموونە لاپەڕە (١١) و (١٢) لەبارەی ناوی ئەسپەکانەوە، یان لە لاپەڕە (٢٤)ەوە لەبارەی (ئیسکاتۆلۆجییەوە) قسە دەکرێت، یان ئەو وشانەی لە لاپەڕەکانی دواتردا لەبارەی (خەوزڕان)ەوە دەنووسرێن، هەروەها زۆر بابەتی تریش وەک ڕووتی و پۆشین و شیعر و ماینی پێغەمبەر و شتی تریش سەر بە خودی ڕووداو نین، بەڵکوو وەسفن، ناوەڕۆکی ڕووداوەکە ڕۆشنتر ناکەنەوە، ئەمە واتای ئەوە نییە، کە من ئەو پاژ و وەسف و پارچە نووسینانە لەنێو ڕۆماندا ڕەت بکەمەوە، نەخێر ڕەتیان ناکەمەوە، چونکە ئەرکێکی مەعریفی و هونەری و ئەیستەتیکیش ڕادەپەڕێنن، بەڵام ئەوە ڕوون دەکەمەوە، کە ئەو پەرەگراڤ و لاپەڕانە قووڵایی بە ڕۆمانەکە نابەخشن و کڕۆکەکەی دیار نادەن. زۆربەی ڕۆمانەکان کەموزۆر، وەسفکردنێکی جوانی تێدەکەوێت، کە لە ڕاستیدا، کڕۆکەکان ڕۆشن ناکەنەوە. هەر لەم بارەیەوە، لە ساڵی ٢٠١٢ کە ڕۆمانی (ماڵی ڕێحان)م بڵاو کردەوە، نووسەر (ڕێبین خدر) ئەو سەرنجەی لەسەر ڕۆمانەکەم هەبوو، ڕاستیشی دەکرد!

لەم ڕۆمانەدا سەرەتا ڕووداو هەیە، ئینجا دەگێڕدرێتەوە، واتا بکەرێک هەیە، هێز بە وەرگرەکانی دەدات و دەیانجووڵێنێت. بەڵام کەسەکان ئەوەندەی زانیاری و قسە بۆ ڕۆماننووس دەکەن، ئەوندە کار ناکەن، ژیانی کەسەکان پتر لە ڕێی قسە و خوێندنەوە و زانیاری بەخشینەوە دەکرێت، واتا کەسەکان ئەوەندەی باسی ژیان دەکەن، ئەوەندە ژیان ناکەن. بۆیەشە ئەو جۆرە ژیانە پتر شوێنەواری ڕووداوێکی سەرەکی بەسەرەوەیە، نەوەک ڕووداوەکە خۆی بێت. بۆیەشە لێرەدا ڕەنگە لەمە بگەین، کە سەرتاپای ئەم ڕۆمانە لەم لۆگۆسەدا دەرهاتبێت، چونکە درک دەکات، ڕووداو کەوتۆتە نێو واقیعێک، کە هێزی ژیان و ئەزموونکردنی جیهانی نەماوە. بۆیە ژیانەکە ناتوانێت بەتەنیا لە ڕێی ڕووداودا خۆی بەیان بکات، بۆیە زمانەکە وەسفی ژیان دەکات. واتا کە مرۆڤ ناتوانێت پێ بخاتە نێو جیهانەوە، ناتوانێت پەی بە جیهان ببات و ئەزموونی بکات، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت ڕواڵەتەکەی وەسف بکات. بە دەربڕینێکی تر، ئەگەر ڕووداو هەقیقەت بێت، ئەوا مرۆڤ پەی پێ نەبردووە، بۆیە ناچارە بە ڕێژەیی وەسفی بکات.

لێرەدا لەبەردەم دوو باردا دەبین، یەکەم باری تەکنیکی، واتا ڕۆماننووس بە چ تەکنیکێک ڕووداوەکە دەگێرێتەوە، بە شێوازێکی ئاسایی، یان نامۆ و نوێ؟ ئەمە لایەنێکی تەکنیکییە و ڕۆماننووس وەک وەزیفەیەکی ئەدەبی و ڕەخنەیی و ئەیستەتیکی ڕەچاوی دەکات. تا شێوازی ڕۆمانەکەی باشتر و بەهێزتر و تۆکمەتر دەربکەوێت، واتا هەوڵ دەدات چەندین سیفەتی ئەرێنی لە ڕووی شێوازەوە بە ڕۆمانەکەی خۆی ببەخشێت.

لایەنی دووەم باری ئۆنتۆلۆجییە، دۆخێکی ڕەمزییە کە ڕووداوەکان پەیدا دەکەن، نەوەک تەکنیکی گێڕانەوەی ڕووداوەکان. واتا لەم بارەدا، ڕووداو بۆ نموونە (کەسێکی ئیبراهیمی چۆن دێتە نێو جیهانەوە؟!) ئەم ڕووداوە هاتنە نێو جیهانی مرۆڤێکی ئیبراهیمی، خۆی ڕووداوە. ڕووداوێکە دیوێکی ئەنتۆلۆجی و مەعریفی هەیە. ئەگەر لە ڕووە مەعریفییەکەی پێشبەر بکرێت، دەبێت بە بەڵگەی مێژوویی و ئەدەبی و دەقگەلی موقەدەس و هتد..، بەڵگەی بۆ بهێنرێتەوە. ئەگەر لە ڕووە ئۆنتۆلۆجییەکەش بخرێتە ڕوو، دەبێت ڕۆماننووس تەسەورێکی تایبەتی خۆی بخاتە ڕوو. لێرەوە ڕووداو ڕوو دەدات! ئیشکردن لەسەر چیرۆکەکانی تەورات و هەر گێڕانەوەیەکی تری ئیبراهیمی، توانا و وزەیەکی چاک بە نووسەر دەدەن تا باسی هاتنی  مرۆڤیی ئیبراهیمی بۆ نێو جیهان بکات. (چۆن دێت؟ بە چی دێت؟ دەتوانێت بێت؟ ئەگەر هات چۆن ئەزموونی دەکات؟ لەگەڵ کێ بەشی دەکات؟) دەکرێت کۆمەڵێ پرسیاری تری لەم جۆرە بکرێن.

لێرەدا پێش چیرۆکەکە، تێدەگەین ڕووداو ئەوەیە، مرۆڤ بێتە نێو جیهانەوە، واتا ئەزموونی جیهان بکات، بۆ ئەوەی کەشفی جیهان بکات، لە ڕێی جیهانەوە ئەزموونی ئیمان و هەقیقەت و واقیع و ژیان بکات، ئەمەش لە ڕێی خولقاندنی ڕووداوەوەیە، کەسەکان دەبێت بجووڵێن، تا ڕووداو بخوڵقێنن. ڕۆماننووسیش دەبێت گێڕانەوەی ڕووداوەکان بکات بە ڕووداوێکی ئەدەبی، یان فەلسەفی یان فەرهەنگی و ڕۆشنبیری.

ڕووداو دۆخە، بارە، حاڵەتە. هۆشیارییە، ڕۆماننووس دەکەوێتە نێوی، لەنێویدا دەجووڵێت. ئەوەی دەجووڵێت هۆشیارییە، هێز و وزەیەکی مرۆیییە، ئەو لۆگۆسەیە کە درک بە خودی ڕووداو دەکات و بە زمانیش دەربڕینی لێ دەکات. مەرجیش نییە ئەوەی لەم هۆشیارییە دەکەوێت،  دۆخێکی ئەرێنی بێت، واتا جووڵەکە بارێکی ئەرێنی ڕووناک بکاتەوە، وەک ئەوەی کەسەکە دەتوانێت پێ بخاتە جیهانەوە. ئەگەری ئەوەش دانەنرێت کە نەتوانێت پێ بخاتە جیهانەوە. لەهەردوو باردا ڕووداو ئامادەیە، چ پێ بخاتە جیهانەوە، یان نەخاتە جیهانەوە. چونکە ڕووداو مەرجدار ناکرێت بە بارێکی ئەرێنی یان نەرێنی، چونکە ئەگەر ڕووداوەکە بە بارێکی ئەرێنی یان نەرێنی وەسف کرا، ئەوا ڕووداوەکە دەکەوێتە نێو شوێنەوارەکانی!

قسەکەی ئێمەش لەسەر ئەوەیە، مرۆڤێکی ئیبراهیمی بە ڕووتی لەنێو قەفەزدایە، ناتوانێت بەرەو جیهان جووڵە بکات. ئەگەرچی قەفەز و دەشت و گەرما تاقەتپڕووکێنەکە هەمووی بەشێکن لە جیهان. بەڵام هاتنە نێو جیهان ئەزموونە، هەتا لەنێو قەفەزیشدا بێت. قەفەز ناتوانێت ئەزموونی هاتن و نەهاتنی مرۆڤ بۆ نێو جیهان ڕابگرێت، یان پێشی بخات. بەڵکوو خۆی دەبێتە ڕووداو و توانای دیاریدانی مرۆڤ و جیهان و پێوەندیی نێوانیان هەیە، وزەی ئەوەی تێدایە ئەزموونی جیهان و ژیان و ئیمانی مرۆڤ ئاشکرا بکات.

(١٠)

با بگەرێینەوە لای کاراکتەرەکەی نێو قەفەزدا و لە دیوە واقیعییەکە تەماشای بکەین، ئەو ئاگامەندییە ببینین، کە لەبارەی جیهانەوە دەدوێت، ئایا جیهان پەرستگەیە، یان پەرستگە جیهانە؟ ئایا ئیبراهیمییەکان پێ ناخەنە جیهانەوە، یان لە جیهانەوە فڕێدرانە دەرەوە؟ ئایا جیهان لە سنووری پەرستگەدایە، یان لە دەرەوەی پەرستگەدا جیهان هەیە؟

دەکرێت ئەم پرسیارانە و وردە پرسیاری تریش لەبارەی تێگەیشتن لە مێژووی پەرستگە و  جیهان و پێوەندیی نێوان ئەزموونی پەرستگە و ئەزموونی جیهان بکرێت. ئایا هۆشیاریی بە پەرستگە، چەند بەشدارە لە هۆشیاربوون بە جیهان و بە پێچەوانەشەوە؟ کامەی پێش کامیان دەکەوێت و کامەیان ڕووداوە و کامەیان شوێنەواری ڕووداوە؟ ئایا ئەسڵ بۆ پەرستگەیە یان بۆ جیهان؟ من لە پەرستگەم بۆیە ئەزموونی جیهان دەکەم، یان لە جیهانم بۆیە ئەزموونی پەرستگە دەکەم؟

بێگومان ئەم پرسیارانە لە فەزای لاهووتی جوویی پێشبەر دەکرێن، پەرستگە وەک مەودایەکی موقەدەس، خۆی جیهانی گەلێکە کە خودایەکەی هەڵیبژاردووە! پەرستگە جیهانێکی موقەدەسە لەنێو جیهاندا، پەرستگە زاتی جیهانە بۆ جوو و ئیبراهیمییەکان بە گشتی. پەرستگە پێوەندیی نێوان ئیبراهیمییەکان و جیهان ڕێک دەخات و دادەڕێژێت و قانوون و ڕێسای بۆ دادەنێت. ئیبراهیمییەکان و غەیری ئیبراهیمییەکانیش دەبێت شوێنێکی موقەدەسیان هەبێت لە نێو جیهاندا، تێیدا خودیان تەحقیق ببێت، تا لەوێدا بێنە نێو جیهانەوە و ئەزموونی بکەن.

پەرستگە دامەزراندنی جیهانێکە لە نێو جیهاندا، حزووری شتێکە کە توانای حازربوونی هەیە. پەرستگە خۆی جیهانێک لە نێوخۆیدا حازر دەکات. سنوورێک بۆ پاکی و قودسیبوون دەکێشێت. زەوی پەرستگە لە زەوی جیهان جیا دەکاتەوە، یان مەدوای زەوی موقەدەس لە زەوی جیهان جیا دەکاتەوە. لێرەشدا پێوەندی نێوان زەوی و جیهان، دێتە پێشەوە. جیهان لەسەر زەویدا خۆی دەردەخات، پەرستگەش لەسەر زەویدا خۆی لە شێوەی ئاوایی حەرەمێکی موقەدەسەوە دیار دەکات. ئەو زەوییەی پەرستگەی لەسەر ئاوا دەکرێت، دەبێتە زەوییەکی موقەدەس و لە پارچە زەوییە ئاسایییەکانی تری جیا دەکاتەوە، واتا لەسەر زەویدا شوێن و جێ پەیدا دەبن. ئەشکەوت و کۆشک و کتێبخانە و پەرستگەکان دەبنە جێ لەنێو شوێندا. ڕۆمانەکەش بە ئاگاداری و بێ ئاگاداری نووسەر، کۆمەڵێ باس لە بارەی شوێن و پیرۆزی و فەزای کراوەی بەهەشت و دۆزەخ و شار و ئیمکانی تر بۆ شوێن و جێ دەکاتەوە.

کردنەوەی شوێن و پێوەندی بە پیرۆزی و دەسەڵاتەوە، دەمانخاتە نێو پێوەندیی وجوود و مەعریفە و هەقیقەت و ڕاستی جیهان و جیهانی ڕاستییەوە. هێڕشکردنە سەر وڵات و پەرستگەی گەلی هەڵبژێردراوی خودا و ماڵی خودا و هەقیقەت، ماڵی هەقیقی مرۆڤی ئیبراهیمی، ئەم هێڕشکردنە خۆی دەبێتە ڕووداو و شوێنەوارەکانی لەسەر جیهان و زەوی و هەموو شوێنەکاندا دیار دەکات.

لێرەشدا پێوەندییەک لەنێوان شوێن و هەقیقەتدا دێتە گۆڕێ، شوێنی هەقیقی و هەقیقەتی شوێن. پەرستگە وەک شوێنێکی هەقیقی بۆ ڕاستی، بۆ حزووری خودا، لەسەر زەویدا دیار دەبێت. ڕووخانیشی، ڕووخانی هەموو بەهاکانی ئەم شوێن و ڕاستییەیە کە لە خۆیدا هەڵیدەگرێت. ڕووخانی بەهاکانی خودای ئیبراهیمە لەسەر زەویدا، هەر لەڕێی ئەم ڕووداوەدا، پێوەست بە کات دەبێت، ڕۆژێکی دیاریکراو، وەک (نۆی ئاب) یان ڕۆژی جەژن و یادە و بۆنەکان، ئەو کاتانە لەم شوێنانەدا، پێوەندیی خودا، جیهان و مرۆڤ لەسەر زەوی لەخۆ دەگرن.

هایدێگەر دەڵێت: (ئەسەری تەلارسازیی پەرستگەیەکی گریکی بۆ نموونە، وێنەی هیچ شتێک ناکات، بە سادەیی لەنێو بەردەلانە درزبردووەکان قیت دەبێتەوە، ئەم ئەسەرە تەلارسازییە وێنەی خودا لەخۆ دەگرێت و ئەم ناپەنهانییە لە مەجالی موقەدەسدا لە ڕێی ڕێڕەوە کراوە و ستوندارەکانی دیار دەدات، بە هۆی پەرستگەوە خوداوەند لە پەرستگە حازر دەبێت، ئەم حزوورەی خوداوەندە لە خودی خۆیدا بڵاوبوونەوە و گەمارۆدانی مەودایە وەک مەودایەکی موقەدەس. بەڵام پەرستگە و مەودایەکەی لە بێسنووریدا نافڕن، پەرستگە وەک ئەسەرێک ئەوەیە هەموو تولەڕێگە و جومگەکان کۆ دەکاتەوە، کە تێیدا لەدایکبوون و مردن، کارەسات و نیعمەت، سەرکەوتن و بەزین، خۆڕاگری و شکان بۆ بوونەوەری مرۆیی شێوەی قەدەری خۆیان وەردەگرن. فەزای کراوەی ئەم جومگە کراوانە لە پەیدابوونیان، جیهانی ئەم گەلە مێژوویییەیە، بە دەستپێکردن لەم جیهانەوە و لەم جیهانەدا ئەم گەلە بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە تا ئەوە بەدی بێنێت کە بۆی دانداراوە.) [2]

پەرستگە حزووری خوداوەند حازر دەکات، خودی خوداوەند دەهێنێتە نێو پەرستگە، نەوەک سیفەت و کارەکانی. لەوێوەش هەمو ئەو ڕێیانە بە مرۆڤ دەبەخشێت تا لەنێو جیهاندا، لەسەر زەویدا پێی بگاتەوە بەو قەدەرەی کە خواوەند بۆی نووسیوە. حزووری خواوەند ڕووداوی سەرەکیی پەرستگەیە، شوێنەوارەکانیشی لە دەرەوەی پەرستگە لە شێوەی لەدایکبوون و مردن، خۆشی و ناخۆشییەکان، سەرکەوتن و دۆڕان، خۆڕاگری و شکان و هەر کارێکی تر، بۆ مرۆڤ ڕەنگ دەگرن. واتا پەرستگە ڕووداوە و جیهان شوێنەوارەکانی ئەو ڕووداوەن.

ڕووداو موقەدەس و پاک و یەک و جێگیر و خۆگرە، لە ڕێی حزووری خوداوەند خۆی دەردەخات و ئاشکرا دەکات، بەڵام کە دێتە نێو جیهانی ئاسایی، دەبێتە کۆمەڵێ ڕووداوی پاژەکی و کۆمەڵێ شوێنەواری ئاساییی مرۆیی. لە پێناو ئەوەی، ئەوەی خوداوەند ئەمری پێ کردووە بەدی بێت. بەڵام ئەو وردە ڕووداو و شوێنەوارانە هەر وا بە سادەیی و بێ کێشە ناکەونە نێو جیهانەوە، چونکە جیهان بە پێچەوانەی پەرستگە، فرە و زۆر و ناجێگیر و ناڕێک و ناجۆرە، مرۆڤیش تێیدا لەنێو شهووددا ئەزموونی ژیان دەکات، بۆیە ناو و چەمک و پێناسە و زانیاری و زانینەکانی یاری پێدەکەن، پیسی دەکەن، دەیخەنە نێو جیهانی ئارەزوو و حەز و ماددەی ئاسایییەوە. جیهان هەوڵ دەدات گەمارۆی پەرستگە و مەودای موقەدەسی گەلێکی هەڵبژێردراو بدات، نەهێڵێت قەدەری خۆیان لە جیهاندا جێبەجێ بکەن. دەکرێت جیهان یان زەوی ناپیرۆز و ئاسایی لە ڕێی کەسێکی (مامزێر)ەوە گەمارۆی ئەزموونکردنی موقەدەس و پەرستگە لە جیهان بدات.

قەدەری مرۆڤ ئەوەیە ئەزموونی جیهان و ژیان بە پاکی و قودسییەتەوە بکات، ئەو حزوورەی بۆ خوداوەند لەنێو پەرستگەدا پەیدا دەبێت، لە ڕێی کارەکانییەوە، بیخاتە نێو جیهانەوە، تا قەدەری مرۆڤ لە ژیانێکی پاک و بێگەرددا شێوەی خۆی بگرێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەزانین کە خودای جوو، خودایەکە لەسە زەوی و بێ پەرستگەش دەتوانێت، جیهانی خۆی لەسەر زەویدا فەرش بکات! وەک خوای مەسیحی و ئیسلام نییە کە لە ئاسمان بێت. بۆیە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان پەرستگەی جوو و پەرستگەکانی یۆنان و دواتریش لەگەڵ کڵێسە و مزگەوتدا هەیە. هەروەها جیاوازییەکی گەورە لە وێنەکانی پێغەمبەرەکاندا لەنێوان تەورات و ئینجیل و قورئاندا هەیە، لەمەدا ئیبراهیمییەکان بە قووڵی جیا دەبنەوە، وێنەی ئادەم و ئیبراهیم و لووت و موسا و داود و سلێمان لە تەوراتدا بە شێوە و ناوەڕۆکێکە و لە ئیسلامدا بە شێوە و ناوەڕۆکێکی تر.

(١١)

یەکێک لەو چەمکانەی لەم ڕۆمانەدا هەوڵی داوە، ڕۆشنی بکاتەوە و لەبارەی ناوەڕۆکەکەیەوە بدوێت، (ڕووتی)یە. ڕۆماننووس لە لاپەڕە (١٥) تا لاپەڕە (٢٠) باسی ڕووداوێکی کەسەکەی نێو قەفەسەکە دەکات، کە ئێوارە تای گەرم خستوویەتی و تلی پێ دەدا، چاوی بەردەوام دەکەوتە ڕەشکە و پێشکە، سەرنجی دایکی دەدات، بە درێژاییی ئەو لاپەڕانە، چەند وردە ڕووداوێک باس دەکرێن، بەڵام دوایی لەسەر یەک واتا دەگیرسێتەوە کە ئەویش ڕووتییە، کە هەستکردن بە ڕووتی ڕایدەچڵەکێنێ.

سەرەتای بابەتەکە بۆ ئەوە دەڕوات، کە لە کۆتاییی خەونەکە لەبارەی دایکییەوە چڕ ببێتەوە و شتێک لەبارەی ژن، یان دایک، یان مێ لە عەهدی قەدیمدا بڵێت، بەڵام دایکەکە، کە سەرەتا ڕووداوە، دوایی دەبینین لە ڕووداوەکە دەکەوێت و شوێنەواری تر جێگەی دەگرێتەوە، کۆتاییی خەونەکە بە ڕووتی نێو قەفەسەکە گرێ دەداتەوە. ڕووتبوون بە سەرچاوەی ئازارەکان دادەنێت. لەگەڵ ئەمەدا ڕووداوەکان بەجێ دەمێنن و باسی ڕووتی دەبێتە ناوەندی قسەکردنەکە، بە (بینین) گرێ دەدرێتەوە، بینین مەودای قسەکردنەکە پاوان دەکات، بەوەی بینین کە دەکەوێتە سەر جەستە و ڕۆحی تێدا دەخوڵقێنێت و ماهیێتی ڕۆحەکەش دەردەخات.

پێوەندییەک لەنێوان جەستە و جلپۆشین و ڕۆح دادەنێت و لەرێی وتووێژی نێوان کەسەکە و (بیبی کەناری) ناوێک قسەی لەسەر دەکات. جل بە قەفەز گرێ دەداتەوە، قەفەزیش ئاماژەیە بۆ کۆتاییی گیان و خەیاڵ و قاڵبی جەستە.

دوای ئەمە دەبینین، نووسین وەک ئازارێکی دڕندە باس دەکات، (چ هەستێکی قێزەوەن و چ ڕشانەوەیەکی مەرگبەخشە!!)[3] ڕایدەگەیەنێ ڕۆژی ڕووخانی هەیکەلی سێیەمە، چارەنووسی کەسەکانی نێو کۆشک دیار نییە چییان بەسەر دێت. لەنێو ئەم بیرانەدا، جارێکی تر دێتەوە سەر باسی سیمای دایکی، بەڵام هەر زوو دەپەڕێتە سەر باسکردنی باوکی، دوایی دێتەوە سەر باسکردنی دایکی و دەیبەستێتەوە بە ترسی لە ڕووتبوونەوە. بەڵام درێژە بە باسەکە نادات و دەچێتەوە سەر بیرۆکەی کۆتاییی شتەکان و ژیان، ترسان و بیرکردنەوە لە قیامەت، واتای مردن لای ئیبراهیم  خەلیل و مرۆڤی مۆدرن، دیسانەوە دێتەوە سەر باسی ڕووتی و ئەمجارە ڕووتی بە سەرچاوەی زەندەقچوون دادەنێت. هەروەها بە هاندەری دادەنێت بۆ بیرکردنەوە لە ڕابردووی پر لە گومانی. دوایی لەسەر زاری دیلەکانی تردا باسی ڕووتی ئادەم و داپۆشینی دەکات. دوای ئەوە ڕووتی بە سەرچاوەی هێمنی دیلەکان دادەنێت، بە ڕووتی نێر وەک مێی لێ دێت، ئینجا دێتە سەر باسی پێوەندیی ڕووتی و هێمنی و نەرمی زمان و قسەکردن. هەروەها ڕووتبوونەوە وەک سەرچاوەی گەڕانەوە بۆ ناوەوە دیار دەدات. هەروەها دوای ئەوە دەڵێت ڕووتی چ هەستێکی دووفاقییە!

دوای لاپەڕەیەک لەم باسە ئەو جارە ڕووتی بەربارانی (ڤادڤیلا) باس دەکات، ئینجا دەگەرێتەوە سەر ڕووتییەکەی خۆی لەنێو قەفەزدا و بە سەرچاوەی ڕیسوابوونی دەزانێت. ئینجا دەپەڕێتەوە سەر باسی شیعر و خەوزڕان و شوانی و کوشتنی مێگەڵەکەی، فۆبیای مەرگ و دیسانەوە باسی شیعر و ئینجا دێتەوە سەر باسی ڕووتی و ڕاکردن، ڕووتی سەرچاوەی داپڵۆسینی ڕۆحە، چونکە ڕووتی کە دەبێتە کردار، نەوەک بە تەنیا جەستە بەڵکوو ئیرادەش ڕووت دەکاتەوە.

ئینجا دێتە سەر باسی ڕووتی ئادەم و حەوا لە بەهەشت و پۆشتەبوونیان لە سەر زەویدا، ڕووتی هۆکاری بیرکردنەوە بوو لە خواوەندێک، خواوەندێکی پۆشتە تا ڕووتی مرۆڤ بشارێتەوە. بۆیە ئەزموونی مرۆڤ لەگەڵ خودا، لەسەر زەوی دەبێتە ئەزموونی خۆڕزگارکردن لە ڕووتی. ئینجا کەسەکە تێدەگات، دایکی ڕووتە، ئەستێلای دراوسێیان ڕووتە، ئینجا ڕووتی وەک حاڵەتێکی شیعری باس دەکات. دوای ئەمانە دێتە سەر ڕووتبوونەوەی دایکی و حەزی ئەوەی نیشانەی سەر جەستەی دایکی ببینێت، هەروەها ئەو قسانەی خەڵک لەبارەی ڕووتی دایکییەوە دەیکەن و لەوێوە دێتە سەر باسی ناوی دایکی (دیدیلاز) و چۆنیەتیی پەیدابوونە ئەفسانەیییەکەی ئەم ناوە. ئینجا توڕەبوون و دایکی و حەزی ڕاکردن لە ماڵەوە و بوونە شوانی کۆمەڵە ئاژەڵێکی خوڕافی. ئینجا دێتە سەر باسی دیارنەبوونی نەناسینی باوکی و پاکییەکەی، دوووکەرتبوونی لەنێوان پارچەیەکی پیس و پاکدا، ئینجا دێتە سەر باسی هەندێ منداڵ و پیاوی عارەب، وردە ڕووداوی تر و باسی (مانتیس) و ناولەپ خوێندنەوە و خوێندنەوەی بەخت و خوێندنەوەی غەیب و ڕمللێدان و ئیشی فالچییەکان. دوای ئەوە دێتە سەر باسی پووری و پێوەندی لەگەڵ دایکی، هەروەها پێوەندیی پووری لەگەڵ کوڕێک و نووسینی نامە دڵدارییەکانی. ئینجا چەند باسێکی لاوەکی دەکاتەوە تا دەگات بە ناسینی کەسێک بە ناوی (سیڤەر مارژەن)، سیڤەریش چەند لاپەڕەیەک بە ڕووداوی پاژەکی پڕ دەکاتەوە تا دەگاتە سەر باسکردنی کەسێکی تر کە ئەویش (گۆڵدا)یە.

لەم لاپەڕانە و ئەوانەی تریشدا، دەبینین کەشی ڕۆمانەکە دۆخی جووەکان و ڕووخانی هەیکەل و قەفەز و ڕووتی و ئەو مێژووە بەجێدێڵێت، هەموو قسەکان لەبارەی ژیانی شارێکی ئاساییی وڵاتێکی وەک کوردستان یان ئێراقە. کەسەکان و ڕووداوەکان و جۆری خانوو و کۆڵان و ژیانی کەسەکان، پێوەندی بە مێژووی دوور و جووەکانەوە نییە، مەگەر ناوی دایکی گۆڵدا نەبێت کە ناوی (ئەستێر)ە، ئەگەر نا هیچ ئاماژەیەک نییە باسی دیرۆک و ڕووداوێکی کۆن بێت. باسەکان بەم شێوەیە، بە زمانێکی وەسفی درێژ دەبنەوە. لە لاپەڕە ٦٤ باسی کەسێک دەکات، چیرۆکی کوشتنی ژنەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، باسەکان دێنە سەر کوشتنی نووسەرانی سەردەمی ئێستا وەک عەبدولخالیق مەعروف و فەرەج فۆدە و هی تر.

لە لاپەڕەکانی دواتردا گۆڵدا و عیشقی ئەم کچە دەبێتە هەوێنی لاپەڕەکان تا لە لاپەڕە ٧٣دا جارێکی دی دەگەڕێتەوە سەر واتای ڕووتی. دواییش لەسەر زاری ڤادڤیلا دەنووسێت: (جەستەی هەمیشە ڕووتم پەراوێزی ئاسمانە و ماناکانی گوناهی لەسەر ڕاڤە دەکرێت). ئینجا لە لاپەڕە ٧٥-٨٤ دوو گفتوگۆی کوڕەکە، لەگەڵ ڤادڤیلای پووری و گۆڵدای خۆشەویستی دەنووسرێن، ئەو لاپەڕانە ئەوەندە چڕ نووسراون، کە من چەندین جارم خوێندنەوە بۆ ئەوەی بزانم ئەو کەسە لەگەڵ دەدوێت؟ تا ڕادەی ئەوەی گومان بکەم لە نەخشەسازی کتێبەکەدا تێکەڵی پێکەڵی لەنێوان ئەو دوو وتووێژە هەبێت، چونکە لە کاتێکدا لەگەڵ پووری دەدوێت، گۆڵدا دێتە ناو بابەتەکە و کە لەگەڵ گۆڵداش دەدوێت پووری دێتە نێو باسەکە، بۆیە دوای خوێندنەوەی چەند جاری ئەم لاپەڕانە، هێشتا گومانم هەیە لەوەی ڕاستییەکەی بە دڵنیایییەوە چی بوو؟! لە لاپەڕە ٨٤یشەوە تا ٨٩ وتووێژی کەسەکە و سیڤەری مارژەن و ڤادڤیلا تێکەڵ دەبن، ئەگەر چەند جارێک نەگەڕێیتەوە سەریان نازانی کێ قسەکان دەکات؟ کەسەکەیە، یان سیڤەری مارژەن، یان ڤادڤیلا؟! ئینجا دوای ئەوە لەگەڵ پووری لەبەر شەڕ لەنێو پایتەختدا دەڕۆن، هەڵدێن، بەرەو شوێنێک کە تەنیا بە پیتی (ش) ناودێری دەکات. ئیدی لە باسی شارەوە لەگەڵ پوورەکەی دەچێتە سەر دەستنووسی کەسێک بە ناوی (مەروان نابلسی) و باسی ڕوحی کتێب و ڕوحی نووسەر دەکات، دواتریش باسی کچە نیگارکێشەکەی (فریدا) دەکات و لەگەڵیاندا دەبێتە هاوڕێ، دوای چەند لاپەڕەیەک دەگەرێتەوە لای پوورەکەی و جێهێشتنی شار و کۆچکردن و ڕای سیڤەری مارژەن و دواتریش باسەکە دەچێتە سەر شیعر وەک سەرچاوەیەک بۆ مەترسی و تا ڕادەی ئەوەی شیعر شێوەی هەموو کارەساتەکانی مرۆڤ بێت. دوایی دێتەوە سەر بابەتی ڕووتی و لە دێرێکدا دەنووسێت: (منی ڕووتوقووت زەحمەتە ئەو ئاگرە بدۆزمەوە و بچمە ناو ئەشکەوتی ناخی خۆمەوە.) ل ١٠٥ لە ڕۆیشتن و کۆچکردنەکەدا، پووری ون دەبێت، شەڕ تەواو دەبێت، ئەو دەگەڕێتەوە نێو شار، کەس نابینێتەوە.

دەگەڕێتەوە سەر (نۆی ئاب) و واقیعە تراژیدییەکەی، دەکەوێتەوە نێو دۆخی دیلبوونی لەنێو قەفەزدا بە ڕووتی و سەرمای شەوی بیابان کە تا بەیانی دەیکوژێت. دوایی باسی دۆخی نێو شار دەکات، کەشێکی سوریالی بە ڕووداوی شۆڕشی دایک و باوکی دەدات، دواتریش ڕووخانی خانوەکەی ئەوان و هەیکەل بەیەکدی بەراورد دەکات. دواتر دێتە سەر ئەوەی کە چۆن دەگیرێت. دۆخی خۆی بە دۆخی (فریدا) بەراورد دەکات، کە ئەو ڕەنگە لە ماڵەوە بەتەنیا، بێ زار و زمان، بە ترس و لەرز، لە پشت پەنچەرە شکاوەکانی ماڵەکەی، بە سەختی شەو بکاتەوە. ئەویش بە ڕووتی لە بیاباندا.

لەو گێڕانەوە درێژەی سەرەوە، تێدەگەین، ڕۆمانەکە باسی کەسێک دەکات، گیراوە، لە بیاباندا، لە شەوێکی سارددا بیری ئەو ڕووداوانە دەکاتەوە کە لە منداڵییەوە تا گەنجێتی و گیرانی بەسەر خۆی و دایکی و پووری و چەند کەسێکییەوە هاتوون. هێلی ڕووداوەکان زۆر کورتە، ئەوەی ڕووداو بێت، شەڕ و هەڵاتن و گیرانیێتی. شتەکانی تر، یادکردنەوەی هەندێ وردە ڕووداو و ڕا و قسەن. بەراوردکردنی دۆخی ئێستا، ڕووخانی خانووەکەیان، بە دۆخێکی پێشین و سەرەتایی کە ڕووخانی هەیکەلی سێیەمی جووەکانە.

لەم باسەی سەرەوە تێدەگەین ڕووتی لەم ڕۆمانەدا، سەرچاوەی زۆر شتە لەوانە: (ڕاچڵەکین، ئازار، ترس، زەندەقچوون، بیرکردنەوە لە ڕابردوو، هێمنی، مێبوون، گەڕانەوە بۆ ناوەوە، هەستی دووفاقی، ڕیسوابوون، داپڵۆسینی ڕوح، داپڵۆسینی ئیرادە و بیرکردنەوە لە خوداوەند).

لەم وەسفانەی سەرەوە وا دیار دەبێت، لەسەر کاریگەری و کردارەکانی ڕووتی قسە دەکرێت، نەوەک لەسەر خودی ڕووتی خۆی. هەموو ئەو  هەست و شتانەی لەئەنجامی ڕووتییەوە پەیدا دەبن، شتێکی ئەوتۆ لەبارەی خودی ڕووتی دیار نادەن، بەڵکوو ئەم دیاردانە، شتێکی تر لەژێر خۆیاندا دەشارنەوە. جگە لە ڕووتی دەکرێت زۆر شتی تر ببنە سەرچاوەی ئەو هەست و شتانەی سەرەوە، دەکرێت پۆشین، دەنگ، نووستن، بەئاگابوون، یان هەر دۆخێکی تر کە مرۆڤ بە جەستە و ڕەوانەوە تێی بکەوێت ڕایچڵەکێنێت، بیترسێنێت، ئازاری بدات، زەندەقی ببات و هتد..، ئەم جۆرە وەسفانە مرۆڤ نابەنەوە نێو خودی خۆی و هەر لە دەرەوە دەیهێڵنەوە. ئەم شتانەی دەوترێن، ڕواڵەتی دەرەوەی ڕووتین. ڕووتی لە دەرەوە نیشان دەدات نەوەک لە ناوەوە.

ڕووتی ئەگەر ڕووداوی واقیعی نێو ڕۆمانەکە بێت. وەک دیوە ئەفسانەیییەکە دەکەوێتەوە نێو شوێنەوارەکانی خۆی. ڕووتی لە ژێر سێبەری سیفەتەکانی ڕوون دەکرێتەوە، نەوەک لە ناوەوە ڕۆشن بکرێتەوە. هەستی ترس، ئازار، هێمنی و ڕیسوابوون و هتد..، لە ڕێی پێنچ هەستگەلی دیار و نادیاری مرۆڤەوە درکیان پێ دەکرێت. واتا سەرچاوەی ئەم شتانە هەستەکانی مرۆڤن، نەوەک ڕووتی. ڕووتی ئەگەر نەبیندرێت، واتا هیچ کاریگەری و هێزێکی لەسەر پەیدابوونی ئەم هەستانە نابێت. کە کاریگەریشی لەسەر هەبوونی ئەم هەستانە هەبێت، واتا لە خودی خۆی دەرچووە و کەوتۆتە نێو سیفەتەکانی!

تا ئێستاش مرۆڤ لە هەندێ فەرهەنگی سەرەتایی و  کۆن و ڕەسەندا، بە ڕووتی دەژیەت و ئاسایی ژیانی خۆی دەکات، بێ ئەوەی کاریگەریی شارستانی کۆمەڵگەی مرۆڤی هاوچەرخی بەسەرەوە بێت، کە لە ژێر کاریگەریی دین و بەهاکانی کۆمەڵگەی نوێ، جەستەیان بشارنەوە، یان دایبپۆشن. بینینیان بۆ جەستەی ڕووت، پێوەندی بەم هەستانەوە نییە کە لای مرۆڤی شارستانییەوە هەیە. لای ئەوان جەستە هێشتا هی مرۆڤی یەکەمە، مرۆڤی ڕەسەن، مرۆڤی سەرەتا کە جەستەی لەنێو خودی خۆیدایە و نەچووەتە دەرەوەی خۆی، هێشتا لە شوێنی ڕەسەنی خۆیەتی و لەژێر کاریگەریی سیفەت و کردارەکانی دەرەوەی خۆی پێناسە ناکرێتەوە. جەستەی مرۆڤی سەرەتایی کە ڕووتە، چونکە خۆی ڕووتە نەوەک لەبەر هۆکارێکی تری تایبەت بە شارستانی یان کولتوور و کۆمەڵگە ڕووت کرابێتەوە.

ڕووتی مرۆڤی سەرەتایی، وێنەی بێگەردی مرۆڤە وەک خۆی، بێ قانوون و ڕێساکانی کۆمەڵێک یان وڵاتێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی و تێگەیشتنەکانی خۆی لە شێوەی سستمێکی قاییم و تۆکمەدا دایدەمەزرێنێت.

ڕووتی تا سەرچاوەی ئەم هەستانە بێت کە کەسەکەی نێو ڕۆمانەکە باسی دەکات، بە دیوە ئەرێنی و نەرێنییەکەیەوە، جۆرێکە لەو دۆخە دەروونییەی تێگەیشتنی مرۆڤی شارستانی بۆ جەستەی داناوە و دەیەوێت لە سروشتی دەربهێنێت و واتای تایبەتی خۆی پێ ببەخشێت. لەنێو ئەم هەستانەدا، ئیدی مرۆڤ ڕووت نییە، ڕووتی سروشت نییە، بەڵکوو کە ڕووت دەکرێتەوە، واتایەکی دیکەی شارستانی و کولتووری و کۆمەڵایەتی بە جەستە دەدات، یان بەسەریدا دەسەپێنێت. لە نێو کۆمەڵگە شارستانییەکاندا جەستەی ڕووت هەرگیز ڕووت نییە. ڕووت نییە واتا پاک و بێگەرد و موقەدەس نییە. بەڵکوو بارگاویکراوە بە هەموو ئەو بەها و نرخ و خورافانەی دنیای مۆدێرن بەسەر جەستەدا دەیسەپێنێت. جەستە لە نێو سستەمە نوێکاندا کە ڕووت دەبێتەوە، واتایەک و ناوێکی دیاریکرا و بە جەستە دەبەخشێت، تا ڕادەی ئەوەی جەستەکە لە خودی کەسەکە دەستێنێتەوە.

لە جیهانی هاوچەرخدا ڕووتی هەرگیز ڕووتی نییە، هەرگیز ڕووتی مرۆڤی یەکەم و سروشتی نییە، ڕووتەکان ڕووت نین! بەڵکوو هەمیشە بە نرخێک، بەهایەک، تێگەیشتنێک دادەپۆشرێن. ڕووتی یەکەم مرۆڤ، مرۆڤی سروشت، هاڕمۆنی بە مرۆڤ و دەوروبەری دەبەخشێت، لەگەڵ ڕووتی سروشت و جیهان یەکتری تەواو دەکەن. کە لەجیهانی نوێشدا ئەم هاڕمۆنیایە ونە، ئەوا جەستەش لە خودی ون دەبێت و دەبێتە سەرچاوەی ئەو هەستانەی لەم ڕۆمانەدا باس دەکرێن.

لە لاپەڕە ١١٣ ئەم ڕۆمانەدا، لە باسکردنی ڤادڤیلا ئەم وێنەیە دەبینین: (لە دامێنی یەکەمین کێودا بەدەم ڕۆیشتنەوە یەک یەک جلەکانی دادەکەند و بۆ ئەملاوئەولای هەڵدەدان، ئەنجام جەستەیەکی ڕووتوقووتی لێ مابووەوە و وێنەی مرۆڤی چاخی بەردین بەو ڕێگایەدا هەڵدەزنا).

ئەمە ئەو وێنەیەیە کە ڕۆمانەکە کامل دەکات، بەهایەکی بەرز بە جەستە و ڕۆحی مرۆڤ دەداتەوە!

(١٢)

بیژی، مامزێر، زۆڵ و هەر ناوێکی تر، واتایەکی نەرێنی، دیتنێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بە منداڵێک، یان مرۆڤێک دەبەخشێت، وەک کەسێکی (تاوانبار) دەبیندرێت. کە ژن و پیاوێک لە دەرەوەی سستەمی دینی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە کەسێک، سێکس دەکەن و منداڵێکی لێ پەیدا دەبێت. ئەو منداڵە باجی ئەم سێکسکردنە دەدات. کێشەکە لە بنەڕەتدا سێکسکردنە بە شێوە و ناوەڕۆکێک کە لەگەڵ سستەمی باوی کۆمەڵایەتیی ئەو ژن و پیاوە ناگونجێت. کۆمەڵگە ڕازی نییە ئەو ژن و پیاوە بە ئازادی سێکس بکەن و لەدەرەوەی دەستووری دانپێدانداروی ئەواندا منداڵ پەیدا بکەن، بە تێگەیشتنی کۆمەڵگە، ئەگەر کردیان ئەوان کەسانێکی پیسن و منداڵەکەشیان پیسە و تاوانبارە، یان بە لایەنی کەمییەوە؛ بەری تاوانێکە کە دوو کەس بە ئەنجامدانی سێکسێکی ناشەرعی- ناکۆمەڵایەتی، ناپاک کردوویانە.

لە لاپەڕە (٤٣- ٤٤)ی ڕۆمانەکەدا هاتووە: (باوکت فریشتەیەک بووە لە دنیای پاکی و دڵی بە دیدیلازێکی گڵاوی ئەم دنیا پیسوپۆخڵەدا چووە… هاتۆتە لای و سکی پڕ کردووە… هەر خێرا خواوەند سزای داوە و خستوویەتیە ناو زێرابەکانەوە … تۆی لە دوای خۆیدا هێناوەتە بوون و هەموو هیوایەکی بەوەیە لەم مەرگەساتە ڕزگاری بکەیت … تۆ نیوەت بۆگەنە و نیوەت پاک … نیوەتت لە باوکتەوە وەرگرتووە و نیوەکەی ترت لە دنیای دایکت، بەڵام نازانی بە چ ڕێگایەک ئەو دوو لایەت لە یەکتر جیابکەیتەوە، پاکی لە کوێتەوە دەست پێ دەکات و پیسی لە کوێتەوە کۆتایی دێت، دواجار سەرتاپای گیانت بە پیس دەزانی، بەوەی تۆ بەرهەمی ساتێکی بەنەفرەتکراوی … ئەو ساتەی باوکت لەسەر شێوازی “ئادەم”ی باوە گەورەی فریوی خوارد و پاکیی بە پیسی گۆڕیەوە).

ئەم پەرەگرافە کورتە پوختەی تێگەیشتنی خوداوەند و کۆمەڵگە و تەنانەت کەسەکە خۆیشی پیشان دەدات لە بارەی بیژیبوونەوە. وشەکانی بۆگەنی و ناپاکی و پیسی و نەفرەتکردن و فریوخواردن و سزادان، تەواوی ئەو جیهانە پیشان دەدەن کە بیژی فڕێ دەدرێتە نێوی.

کێشەی بیژی، لە بنەمادا کێشەی جەستەیە. جەستە کە لە بن دەسەڵاتی خواوەند و کۆمەڵگە و قانوون دەردەچێت و بە ئازادی خۆی ڕووت دەکاتەوە و تێکەڵ بە جەستەیەکی تر دەبێت و دەیەوێت عاشقانە دادوەری و ڕاستی و جوانیی خۆی جێبەجێ بکات. لەم دۆخەدا جەستەی (ژن) بەر نەفرەتی خوداوەند و کۆمەڵگە دەکەوێت و منداڵەکەشی بە پیس و بۆگەنی دەکەوێتە جیهانەوە.

مرۆڤی بیرکەرەوە، کە زمان و شارستانی و کولتووری داهێنا، چەمک و ناوەکانی تایبەت بە جەستە و ڕووتبوونەوە و داپۆشین، واتا ئەو دۆخە ئەخلاقییەی مرۆڤ بۆ گەمارۆدانی جەستەی پەیدا کرد، بیژیبوونی کردە ئاماژەیەک بۆ ئەو ناوانەی لەسەرەوە باس کران. بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەتوانین بە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەی ئەم ڕۆمانە بۆ مرۆڤی بیژی باسی دەکات، بە جۆرێکی دیکە تەماشای بکەین و تێی بگەین. مرۆڤی بیژی لە ڕەهەندێکییەوە، مرۆڤی سەرەتایی، مرۆڤی سروشتییە، مرۆڤێک تەنیا دایکی دەناسێت، لە ڕەهەندێکی دیکەشەوە مرۆڤی خێزانێکە کە یەک ژن و چەند مێرد پێکی دێنن، ئێستاش کۆمەڵگەی مرۆیی هەن، بە کۆمەڵێ هۆکار، ژنێک چەند مێردێکی هەیە و کە منداڵیشی دەبێت، منداڵەکە هی هەمووانە! منداڵێک کە باوکی دیار نییە و هی هەموو مێردەکانە!

جەستەی مرۆڤ، لە گێڕانەوە ئیبراهیمییەکان، لە کۆمەڵگەی شارستانی بە کۆمەڵێ وەهم و خورافە و خەیاڵی کوشندە گەمارۆ دراوە. ئەو گەمارۆدانەش لەپێناو ئەوەیە هێزی جەستە، هێزی ژیانی جەستە، توانای تێکەڵبوونی لەگەڵ جەستەکانی تر، هێزی سێکسکردنی جەستە، ئارەزووی کۆنتڕۆڵ بکرێت و بەپێی ویستی مرۆڤانەی خۆی دیار نەبێت.

جەستەی پیاو کە حەز دەکات، جگە لەژنەکەی لەگەڵ جەستەی تریش تێکەڵ ببێت، جەستەی ژنیش هەر وایە. جەستەی ئەویش ئارەزووی تێکەڵبوونی لەگەڵ جەستەی تر هەیە. بەڵام بۆ دەبێت هەمیشە لە گێرانەوە ئیبراهیمی و شارستانییەکاندا جەستەی ژن بەشە پیسەکە بێت و بەر نەفرەتی خواوەند و کۆمەڵگە بکەوێت؟

ئێستا کۆمەڵگەی مرۆیی، لە هەندێ شوێندا هەوڵ دەدات لە ڕێی قانوون، بابەتی جەستە و ئارەزووی سێکسکردنی مرۆڤ چارەسەر بکات  و ئەو ئازادییە بخاتە بەردەستی تاکەکانی کۆمەڵگە تا بە پێی ئارەزوو  ویست و ئیرادەی ئازادی خۆیان، کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤی سروشتدا دەگونجێت هەڵسوکەوت بکەن. لە هەندێ کۆمەڵگەدا ناوی بیژی لە نێو قانوونەکاندا نەماوە و سەودای قانوونی لەگەڵ ئەم منداڵانە یان کەسانە لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە دینی و کۆمەڵایەتییە نییە کە بە تاوانباری ببینێت. ئێستا لە زۆر وڵاتان، ژنان ئەزموونی هەڵبژاردنی سپێرمی پیاوێک دەکەن و لە هێلکەدانی خۆیاندا دەیچێنن و منداڵەکە بێ ئەوەی باوکی هەبێت، یان خاوەنی سپێرمەکە بناسێت، وەک کوڕ یان کچی دایکی خۆی ئەزموونی بوون و ژیان دەکات. ئیدی منداڵ منداڵی باوکی خۆی نییە! ئەمەش مەترسییەکە ڕووبەڕووی پیاوی ئیبراهیمی دەبێتەوە! لەلایەکی دیکەوەش ئەو منداڵەی کە بەو شێوەیە بێ سێکسکردن پەیدا دەبێت هەڕەشەیەکە بۆ پیاوان. لەلایەکی دیکەوەش دەکرێت ژنێک دوای سەد ساڵی تر سپێرمی پیاوێک لە هێلکەدانی خۆیدا بچێنێت، کە لە ژیاندا نەماوە؟! ئیدی ئەو ئاسۆیەی مرۆڤ لەبەرابەر جەستە و لەدایکبوون و پەیدابوونی منداڵ و مرۆڤی ئاییندە دەیکاتەوە، لە ئاسۆی ئیبراهیمییەکاندا بە نێو کۆمەڵێ تاوان و سزا و قوربانیداندا تێدەپەڕێت.

لەمەودوا بیژی، وەک ئاماژەی کێشەیەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و دینی تەماشای ناکرێت، هەروەها ئەو ئازادییە سێکسییەی داوا دەکرێت، مرۆڤ دەباتە قۆناغێکی تری کۆمەڵایەتییەوە، چونکە ئازادیی سێکسکردن، بەو واتایەی ژن لەگەڵ ژن و پیاو لەگەڵ پیاو، ژن لەگەڵ هەموو پیاوێک کە ئارەزووی دەکات و پیاو لەگەڵ هەر ژنێک کە ئارەزووی دەکات، کاریگەرییەکانی لەسەر خێزان و کۆمەڵگە و ژیاندا گەورە دەبێت، دەبێتە هۆی هاتنە کایەی ئەخلاقێکی نوێ، کە جیاواز تەماشای جەستە و ڕووتی و منداڵبوون دەکات. بە شێوەیەک دەبێتە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ ئەو سەردەمەی ناوی بیژی لە هیچ فەرهەنگێکدا نەبوو. دەرچوون لەبازنەی ئەو ئەخلاقەی وەک بیژی تەماشای مرۆڤ دەکات، گەڕانەوەیە بۆ مرۆڤی سەرەتایی.

(١٣)

لەم ڕۆمانەدا، شوێن (مەکان) لە هەندێ ڕەهەندەوە بیری لێ کراوەتەوە، وەک شوێنی موقەدەس، شوێنی ئاسایی، دۆزەخ، شار، ناشوێن، فەزا، قاوغ و چەندین ناوی تریش بەکار هاتوون بۆ ئەوەی خزمەتی بیرۆکەی شوێنی موقەدەس و ئاسایی بکات. بە جێنشینبوون و کۆچکردنی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تری ببەستێتەوە.

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی منە، لەم ڕۆمانەدا جیاوازی لەنێوان شوێن و (جێ – محل)دا نەکراوە، ناوی شوێن بۆ هەردوو تێگەکە بەکار هاتوون، شوێن – مەکان لە جێ فراوانتر و گشتیترە، جێ دەکرێت دەستنیشان بکرێت، خاڵێکی دیار بێت.

شوێن تا ئێستا لە کشاندایە و ناجێگیر و لە بننەهاتووە، ناکرێت سنووری دەستنیشان بکرێت، بوون دەکشێت و فراوانتر دەبێت، بەڵام جێ دەستنیشان دەکرێت و سنوورەکانی دیاری دەکرێن. شوێن ڕەهایە بۆیە ناشوێنیشە! چونکە ئەو مەودایەی کە هێشتا شوێن بۆی نەکشاوە، کوێیە؟! هەیە یان نییە؟ عەدەمە؟ کەواتە شوێن عەدەمە و لەگەڵ کشانی جێگاکاندا پەیدا دەبێت.

جێگە، جێ و ڕێ، خاڵێکی دەستنیشانکراوە، بوونێکی دیارە و دەرکەوتووە. ئەو شتانەی دەکەونە نێو جێوە، دیارن، بە پێچەوانەی دۆزەخ و بەهەشت و هەر جێیەک کە دیار نییە، لەنێو ناشوێندایە، کە جێیەکەی دیار بوو شوێنەکەی دەردەکەوێت! واتا شوێن لە نێو جێدا خۆی دەردەخات، ئەو بەها ئەخلاقی و ئۆنتۆلۆجییەی هەڵیشیدەگرێت هەر لە جێدا دیار دەبێت.

لێرەدا پێوەندیی نێوان جێگە و جێنشینی و نیشتەجێبوونی مرۆڤ پەیدا دەبێت. ئەو پێوەندییە خودی شوێن ڕوون دەکاتەوە. نەوەک وەسفەکانی شوێنەکە. بۆ نموونە دۆزەخ، کە جێ نییە و دیار نییە دەکەوێتە کوێوە، هیچ کەسێکی تێدا نیشتەجێ نەبووە تا ئێستا. بۆیە نابێت بە جێ، بەڵکوو شوێنێکی ڕەهایە. دیار نییە، هەرچییەکیشی لەبارەوە بوترێت ڕێژەییە و دەبێتە وەسفکردنی شوێنەکە.

جێ دەکرێت لەنێویدا نیشتەجێ ببین، بیبینین، دەستی لێبدەین، بیکەینە ماڵ و لەنێویدا بوونی خۆمان دیار بدەین. بەڵام لەگەڵ شوێندا ئەم کارە نەکردەیە. لە ڕۆمانەکەدا کێشەیەک لەنێوان (جەستەی گوناهبار و شوێنی پیرۆز)، هەروەها (شوێنی سووتێنەر و ڕۆحی میهرەبان) پەیدا دەکات، ئەم کێشەیە کێشەیەکی هەقیقی نییە، بە دوو هۆکار:

یەکەم- لە ئەنجامی جیاوازی نەکردن لەنێوان شوێن و جێدا پەیدا بووە. ئەگەر هۆشیاریی ڕۆمانەکە پەی بەوە بردبا، کە جەستەی گوناهبار دەکەوێتە نێو دنیا، جێ نەوەک شوێن بەو پێیەی ڕەهایە و جێنشینی مرۆڤ نییە. ڕوحی میهرەبانیش لە جێدا دیار نابێت، بەڵکوو سەر بە شوێنە. بۆیە ئیمکانێکی کردەکی نییە بۆ کۆبوونەوەی جەستەی گوناهبار و شوێنی پیرۆز، بۆ (ڕۆحی میهرەبان و شوێنی سوتێنەریش) ئەگەر سووتان هەبوو، ئەوا لەنێو جێدا دەبێت نەوەک لەنێو شوێندا. ئەگەر ڕۆحێکی میهرەبانیش هەبوو، ئەوا لەنێو شوێندا دەبێت. بۆیە ئەگەر دۆزەخ و بەهەشت هەبن، ئەگەر فریشتە و گوناهبار هەبن، ئەوا لە نێو جێدا دەبن، ئەو جێیەی نیشتەجێبوونی مرۆڤی تێدا ڕوو دەدات. جێ ڕووداوە، نیشتەجێبوون دەرکەوتەی ئەو ڕووداوەیە. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو ڕووداوەش بۆ خۆی، بۆ ئەوانی تریش دەردەکەوێت، وەک ڕووناکی، ئەوەی تێیدا نیشتەجێ بێت دیار دەبێت، ئەوەی دیار نەبێت، سەر بە شوێنە، کە تاریکە، عەدەمە.

ئادەم و حەوا لە شوێنەوە کەوتنە نێو جێ. جیهان لە نێو جێدایە، مرۆڤ لەنێو جێدایە، جێ ماڵی بوونە. ماڵی مرۆڤە.

دووەم- لە ڕۆمانەکەدا درک نەکراوە، کە لە دۆزەخ و لە بەهەشتیشدا، مرۆڤ پێویستی بە بەها مرۆیییەکان و مافی مرۆڤ و هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتی و دین و دنیایی نییە. بەهای مرۆیی و ڕوحی میهرەبانی و پیرۆزی و گوناه و هەر چەمکێکی دیکە، لەوێدا هیچ پێویست نین و نە مرۆڤ و نەخودا کاری پێیان نییە! بۆیە ئەو جۆرە پرسیارانەی لە ڕۆژی قیامەت دەکرێن، بەو ئەقڵە ناکرێت کە لێرەدا لەنێو جیهاندا خۆی دەردەخات، ئەو هۆشیارییە تەنیا بۆ ئێرەیە، بۆ ئەوێ ئەو هۆشیارییە ناتوانێت ئەو جۆرە پرسیارانە بکات. چونکە لەوێ نە ئەم دنیایە و نە ئەم کۆمەڵگەیە و نە ئەو ماددەیە هەیە کە لێرەدا ئێمە تێیدان. بەهاکانی مرۆڤ تایبەتن بە کۆمەڵگە لە ژیانی دنیادا.

٢٠٢٢

[1] ل ١٢٧

[2]  مارتن هايدجر، كتابات اساسية، الجزء الاول، منبع الاثر الفني، ترجمة و تحرير: اسماعيل المصدق. المجلس الاعلى للثقافة. 2003 ص92-93

[3] ل٢٢

The post دیوە ئەفسانەیی و دیوە واقیعییەکەی ڕۆمانی (مامزێر)ی ڕۆماننووس (کاروان عومەر کاکەسوور) appeared first on ژنەفتن.

(کاتێک دەرگا ناکرێتەوە)
دیمەنەكانی ئەو قەسیدەیە لەسەر بنەمای دەركەوتنی (بنین، دەرگا و بێدەنگی) خۆی دەنوێنێ و شاعیر (پەخشان عەبدولڕەحمان) هەوڵ دەدات چەمكی (جەنگ) وەک دیاردەیەکی (ناوەوەی مرۆڤ) ڕوون بکاتەوە و نیشانی بدات کە کردنەوەی (دەرگا) لە قەسیدەكەدا نە هیوایە و نە ڕاستی، بەڵکە لەلایەك ڕەنگدانەوەی سەرکوتکردنی ئارەزووە و لەلایەكی دیكە گوزارشت لە بەردەوامیی كۆمەڵگایەكی داخراو دەكات؛ لە چنینی ئەو قەسیدەیەدا فەزایەکی شانۆیی دەخولقێنێ و خوێنەر و بێدەنگی بە ئاگایی و بێهیوایی دەسپێرێت.

كەواتە (با لە دەرگاکە بدەینەوە) دەنگی کێیە؟ ئەگەر بانگەوازێک نەبێ بۆ (ئازادی) ئەوە دووبارەکردنەوەی نمایشێکی بێدەنگی فرۆیدییانەیە؟! چونكە لە قەسیدەكەدا، داخستنی دەرگا ڕووداو نییە، تا بەرانبەرەکەی (کردنەوە) مانایەکی شۆڕشگێرانەی هەبێت؛ دەرگا پێشتر داخراوە، نەكـ هەر لە دەرەوە، بەڵکە لە ناوخۆی مرۆڤدا؛ بەم جۆرە جەنگ لە دەنگەوە سەرچاوەی ناگرێت، بەڵکە لە (بینین)ی چەپێنراودا خۆی مت داوە! لەو كۆمەڵگا دواكەوتووە وە هەڵقوڵاوە، کە ئازادی قبووڵ نییە.

كەواتە (با لە دەرگاکە بدەینەوە) دەتوانرێت وەک ڕەنگدانەوەی سەرکوتکردنی ئارەزوو بخوێندرێتەوە، نەكـ تێكشکاندنی سیستەم! چونكە بینینی چەپێنراو ناتوانێت لە سیستەم دەربچێت- دەرگا داخراوە؛ لە کۆتاییدا، (با)ی سەرەتایی (لە دەرگاکە بدەینەوە) لە بێدەنگییەکی شانۆییدا دەخنكێ و ئەکتەرەکانیش لەژێر ئەو تاسەیەدا دەمێننەوە، یان لە گۆڕەپانی ئاگایی و بێهیواییدا دەجەنگن.

پەخشان عەبدولرەحمان

با لە دەرگاکە بدەینەوە

پەخشان عەبدولڕەحمان

پێش ناسین

کەشەکە سارد بوو

دەکرێ وەک چیرۆکێک بارانیشی بۆ زیاد بکەین

کەواتە کەشەکە سارد و باراناوی بوو

دەنگێک دوور لە هەمووان باسی مەیدانی جەنگی دەکرد

هۆڵەکە بێدەنگ بوو

ئەمە وەک شانۆیەک دەتوانین بیگێڕینەوە

تەنیا ئەو بوو هەر جارێک سەنگەرەکەی دەگواستەوە

ئێمەش هەموو لەدوای ئەوەوە دەبا هەست بە نزیکی دوژمن بکەین

هۆڵەکە گۆڕابوو بۆ مەیدانی جەنگ

پێی وابوو باوەڕ دەتوانێ هەموو شتێک بخولقێنێ

لەگەڵ هەر هەڵچوون و داچوونێکی

کۆترەکانی ئەو دیوو پەنجەرە دوورتر هەڵدەفڕین

ئێمە دەمانتوانی گریمانەی کۆترەکان بکەین بە باڵی خوێناوییەوە

تەنانەت هەندێکمان بە پێکەنینەوە هۆڵەکە جێبهێڵین

دوایش پشت بکەینە مەیدانەکە بۆ ئەو

دوایی بینیمان

تەنیا و دوورەپەرێز لە هەریەکەمان ڕادەما

ئێستا بێدەنگ بوو، ئێمەش هەروەها

ئێمە دووژمن نەبووین

تەنانەت براوەش نەبووین

ناسین

پێدەکەنی

ئێمەش لەدوایەوە قاقا

تەنیا شتێک کە لێی دەترساین

کەس دڵنیا نەبوو لە نوکتەیەکییەوە نەکەوینەوە ناو مەیدانێکی دیکەی جەنگەکانی

بێگومان ئێستا سەیری کەسمانی نەدەکرد

ئەگەر ڕاستگۆتر بم

ڕەنگە هیچ کات سەیری نەکردبێتین

ئەو ڕۆژانە ئاسان بوو لەبارەی هەرشتێکەوە دواباین

بێئەوەی کەسمان سەرنجمان لە شوێنێک جێبمێنێ

ئەگەرچی هەوڵمان دا شوێنەواری جەنگەکە لەبیرکەین

بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆ دەبووینەوە

ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین

ئەویش جەنگەکان

دوای ناسین

دەرگای هۆڵەکە داخرابوو

شانۆکە گەشتبوویە کۆتایی

هیچ چەپڵەیەکیش نەبوو بۆ کۆتایییەکی چاوەڕواننەکراو

کورسییەکان وەک لە چاوەڕوانی تەرمێکدا بن وابوون

درەختەکان بەهۆی گەرمی زۆرەوە یا هەر هۆکارێکی دیکە

لە گەشە وەستابوون، تەنانەت سەوزبوونیش

ئێمە کەی بێرە گەیشتین؟

قسەکانمان گۆڕابوون بۆ هیواخواستن بۆ یەکتر

ئایا دەکرا دووبارە خۆمان بە یەکتر بناسێنینەوە؟

پاشان بە ڕوویەکی بەخەندەوە لەبارەی سەرماوە قسە بکەین؟

یا لەبارەی گەمژەییی هاوڕێیەک و سوودەکانی خواردنەوەی چا بەبێ شەکر

بە ئەگەری زۆرەوە هیچ دەرگایەکمان بەکراوەیی جێ نەهێشتبوو

پاش ئەوەی چاوەکانت لە ئاست هەموو شتێک داخستبوون

ئێستا هەست دەکەم جەنگەکە بەشێكە لە هەریەکەمان

بەڵام ئێستا کە باشتر ئاشنای یەکین بێدەنگترین

وەک ڕێزێکیش بۆ ئەو نزیکییە خەریکە دوور دەکەوینەوە.

پێش ناسین

(جەنگ وەک شانۆ)

قەسیدەكە لە فەزایەکی سارد و باراناوی وەک ڕووداوێکی ڕاستەقینە بەرەو گوتاردەبێتەوە، سەرەتا وەک چیرۆک یان شانۆ پیشان دەدرێت، بەڵام بە هێواشی بینین لە بێدەنگیی هۆڵەکەدا بۆ مەیدانی جەنگ دەگۆڕێت؛ واتە جەنگ وەک (نمایش) دەست پێ دەکات و بۆ (ڕاستی) دەگۆڕێت؛ چونكە جەنگ بەرهەمی گوتار و باوەڕە، نەكـ بەرهەمی ڕاستییەکی ماددی! بەمجۆرە کاتێک دەڵێت: (باوەڕ دەتوانێ هەموو شتێک بخولقێنێ) وەك ئەوە وایە بڵێ: مرۆڤ بە هۆی باوەڕەوە دەتوانێ جەنگ بنێتەوە، هەرچەندە دوژمنێکی ڕاستەقینەش نەبێت! بە دیوەكەی دیكە (باڵی خوێناوییی‌ کۆترەکان) ئەوە پیشان دەدات کە لەژێر کاریگەریی جەنگدا، تەنانەت هێمای ئارامییش دەگۆڕێت. بەم شێوەیە شاعیر لە دەقەکەیدا جەنگ دەکاتە نمایشێکی شانۆیی. ئەگەرچی لە نمایشی شانۆییشدا ترسی ئەوەی هەیە ڕاستی تەواو لەناو بچێ؟!.

بێگومان ڕووداو پێویستى بە یەكگرتنە، بەڵام (با لە دەرگاكە بدەینەوە) وەك گوتار گەرِانەوەیە بۆ ناخی مرۆڤ؛ دەمەوێ بڵێم هەمیشە جەنگ پڕە لە دوودڵی، هەمیشە جەنگ ئەو پیلانانە جێبەجێ دەكات كە نەخشەی بۆ كێشراوە؛ بەڵام شانۆ- گێرِانەوەیە و بەسەرهاتەكانی خۆی دەگێڕێتەوە؛ دەكرێ (جەنگ) و (شانۆ)، (ڕوودا) و (گوتار) تەرجەمەی (شیعر) و (قەسیدەی پەخشان) بكەم و بڵێم: هەمیشە شیعر دڵ- لە دڵدانە، ئەوە دەڵێ‌ كە دانراوە؛ بەڵام قەسیدەی پەخشان- گێڕانەوەیە، هەموو چركەكانی گوتار بە هی خۆی دەزانێ- كەواتە (با لە دەرگاکە بدەینەوە) لەنێوان شیعر و قەسیدەی پەخشاندا، بەرەو قەسیدەی پەخشان دەچێت.

بۆ دڵنیابوون، دەتوانم یارمەتی لە (ئونسی ئەلحاج- پێشەكی كۆمەڵە شیعری «لن» كە ساڵی 1960دا بڵاو بۆتەوە، وەردەگرم كە دەڵێ: (قەسیدەى پەخشان) پێویستى بە ئامرازى گێرِانەوە، وەسف، ئەزموون، جیهانبینییە، بەڵام لە (شیعر)دا شاعیر پێش خوێنەر دەكەوێت، چونكە ئەو ئامرازانە دەناسێنێ كە شیعرى پێ دروست دەكرێت؛ هەمیشە (شیعر) لەڕێگاى لەرەى موزیكاوە دەچێتە دڵى خوێنەرەوە، بەڵام (قەسیدەى پەخشان) وەك ئەزموونێكى قووڵ و بەهێز بەو پرِشنگانە دەناسرێتەوە كە بڵاوى دەكاتەوە. بۆ زێتر شارەزایی لەبارەی شیعر و پەخشانە شیعر و قەسیدەی پەخشان، بڕوانە: أنسی الحاج، دیوان (لن)- المقدمە.ط3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27. بۆ زێتر تەرجەمەكردنی ئەو قسانەش دەتوانی قەسیدە پەخشانی (با لە دەرگاکە بدەینەوە)ی (پەخشان عەبدولڕەحمان) بخوێنیتەوە.

كەواتە قەسیدە پەخشانی (با لە دەرگا بدەینەوە) گوزارشت لە درەوشانەوەی ناوەوەی مرۆڤ دەكات! بەڵام ترسی ئەوەش هەیە تەنها نمایشێكی شانۆیی بێت و بە ئاراستەی ئەوەی كە گوتراوە بڕوات، بە ئاراستەی ناسینەوە، نەك نزیکبوونەوە لە مرۆڤ… ئەوەش ئاوێتەبوونی شیعر و پەخشان، شانۆ و گوتار، ڕووداو و جەنگی لێدەكەوێتەوە.

بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆدەبووینەوە

ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین

ئەویش جەنگەکان.

ناسین

(کاتێک جەنگ نییە، جەنگ هەیە)

مرۆڤ لە مەیدانی جەنگدا بوونی دەكەوێتە لەرزەوە؛ لەنێوان جەنگ و جەنگێکی دیکەدا، ترسی ئەوە هەیە کە ڕاستییەکان تەنها «نوکتە» بن؛ بەم شێوەیە، (ناسین) بە مانای نزیکبوونەوە لە ڕاستی نییە، بەڵكە بە مانای بەشداربوونە لە جەنگێکی دیکەدا؛ بە مانای ئامادەیییە بۆ جەنگێکی تر! بۆیە کاتێک جەنگ نییە، جەنگ هەیە.

لەو کاتەی جەنگ هەیە، مرۆڤەکان باشتر دەناسرێن، نەک ئەکتەرەکان! هەرچەندە تۆنی جەنگ بەرز بێتەوە، مرۆڤ بێدەنگتر دەبێت، کە مرۆڤ لە مەیدانی جەنگدا کۆنترۆڵ دەکرێت، دەسەڵات شانازی بە سەرکەوتنەکانی دەکات؛ بەمجۆرە، (ناسین) لەنێوان ڕاستی و ساختەدا هیچ جیاوازییەکی ڕوون بەجێناهێڵێت؛ و کەس دڵنیا نییە لەوەی: لە (نوکتە)یەکەوە نەکەوێتە ناو مەیدانێکی دیکەی جەنگەکان.

لەنێوان ڕاستی و ساختە، جەنگ و گێڕانەوە، ڕووداو و گوتاردا، (ڕەنگە هیچ کات سەیری نەکردبێتین) بەم مانایەش دەشێ بپرسین: بێ ئەوەی کەسمان سەرنجمان لە شوێنێک جێبمێنێ: ئایا دەکرێ لە گوتاری قەسیدەی پەخشان دەربچین؟ یان قسەکردن لە قەسیدەی پەخشان، مەسافەیەک لە موزیكای ناوەوەی شیعری نزیک دەبێتەوە؟ ئایا بنەمای شیعر پەخشانە؟!

بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆ دەبووینەوە

ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین

ئەویش جەنگەکان

دەشێ جەنگ ڕەگەزێک لە ڕەگەزەکانی گێڕانەوە پەیڕەو بکات، بەوەی کە ریتمەکانی جەنگ هەموو ڕەگەزەکانی گێڕانەوە لە ئاستێکی باڵای موزیكییدا بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت؛ بەوەی کە تۆنە بەرزەكانی جەنگ ئاستە باڵاکانی زمان دەجووڵێنێت؛ بەوەی کە لە جەنگدا سنووری نێوان بینین و بێدەنگی، موزیكای دەرەوە و ناوەوە نامێنێت؛ بەڵام بەدیوەكەی دیكە- ئەگەر ڕاستگۆتر بم- قەسیدەكە لەبری ئەوەی گوزارشت لە گەڕان بەدوای واتادا بکات، بەدوای چڕییدا دەگەڕێت.

دوای ناسین

(کاتێک نزیک دەبین، دووردەکەوینەوە)

دەرگای هۆڵەکە داخرابوو و شانۆکە گەیشتبووە کۆتایی، هیچ چەپڵەیەک نەبوو بۆ ئەم کۆتایییە چاوەڕواننەکراوە، و ئەو بێدەنگییەی پاش شانۆکە؛ ئەو بێدەنگییە وەک بەشێک لە خودی شانۆکە درێژە دەبۆوە! کورسییەکان وەک ئەوەی لە چاوەڕوانی تەرمێکدا بن، ڕێکخراو و بێجووڵە مانەوە.

ئێمە کەی گەیشتینە ئێرە؟

هەڵبەتە ئەم کۆتایییە کۆتایییەک نییە بە قەبارەی ڕووداو، بەڵكە کۆتایییەکە گوتار تێیدا باڵا دەستە؛ كۆتاییەكی موزیكی نییە، گێڕانەوە تێیدا بەرجەستەیە؛ بەمجۆرە کاتێک (باشتر ئاشنای یەکین)، زیاتر بێدەنگ دەبین و دوور دەکەوینەوە؛ واتە هیچ شتێک کۆتایی نایەت، بەڵكە بۆ بەردەوامییەکی بێدەنگ دەگۆڕێت! لەو فەزایەدا، درەختەکان بەهۆی گەرمییەکی زۆر، یان هەر هۆکارێکی نادیار، لە گەشە وەستابوون؛ تەنانەت سەوزبوونیش وەک وێنەیەکی وەستاو دەردەکەوێت، وەک ئەوەی ژیانیش خۆی لەژێر کۆنترۆڵێکی نادیاردا بێت… كەواتە (ئێرە)ی پرسیارەكە زیاتر لەوەی پرسی شوێن بێ، پرسی ناسینە! لەناو ئەو فەزایەدا، کاتیش وەک نواندنی بێدەنگی دەبینرێت، نەک وەک بینینی دڵنیاکەرەوە.

قسەکانمان گۆڕابوون بۆ هیواخواستن بۆ یەکتر

ئایا دەکرا دووبارە خۆمان بە یەکتر بناسێنینەوە؟

دواجار لەو خوێندنەوەیەدا، ئەو هیواخواستنە وەک هەوڵێک دەردەکەوێت بۆ شاردنەوەی ئەوەی کە پێشتر لە بینینی (کەشە سارد و باراناویییەكە) ڕووی داوە، نەک لە نمایشی بێدەنگی جەنگ! ئایا دەکرێ دووبارە یەکتر بناسینەوە؟ یان تەنها دەتوانین شێوازێكی نوێی بێدەنگی بۆ بینین بدۆزینەوە؟! چونكە بە ئەگەری زۆرەوە، هیچ دەرگایەک بە کراوەیی جێ نەماوە، هیچ بێدەنگییەک بینین نییە، وەک ئەوەی دەرگا لێرەدا نە تەنها شتێکی فیزیکی بێت، بەڵكە هێمایەک بێت بۆ ئەو سنوورەی کە لەنێوان نزیکبوون و دوورکەوتنەوەدا دەجووڵێت؛ دەرگای چاوەکانت لە ئاست هەموو شتێک داخستوون، و ئەو داخستنە خۆی وەک فۆرمێكی نوێی بینین دەردەکەوێت، نەكـ بێدەنگی.

لە کۆتاییدا، هەست دەکەم جەنگەکە بەشێکە لە هەریەکەمان؛ جەنگی ناخی مرۆڤ نە کۆتایی پێدێت و نە سەرەتای دیارە؛ بەو مانایە ئەو (قەسیدە پەخشان)ە دەلالەت لە گۆڕینی دەرگا بۆ بینین و دەرگا بۆ بێدەنگی دەكات؛ بە مانایەكی دیكە کاتێک نزیک دەبین، بە شێوەیەکی سەیر دوور دەکەوینەوە؛ نەكـ لەبەر ئەوەی دوژمنین، بەڵكە لەبەر ئەوەی فەزای ناسین بۆ فەزای بنین- دەرگا بۆ بێدەنگی گۆڕاوە؛ بەمانایەكی دیكە ناسین و بینین دوو فەزای یەکسان نین، بەڵکو دوو ئاستی جیاوازن لە تێگەیشتن، چونكە بینین ناتوانێت ڕاستییەکانی ناوخۆ بناسێنێ؛ بۆیە لە قەسیدەکەدا فەزای ناسین فەزایەکی نائاسودەیە، کە تێیدا مرۆڤ هەمیشە لەنێوان (بینین) و (نەناسین)دا جێ دەمێنێ؛ وەكـ چۆن (دەرگا) لە قەسیدەکەدا تەنها شتێکی فیزیکی نییە، بەڵکە هێمای سنوورە، سنوور و بێدەنگی پێکەوە فەزایەکی داخراو دروست دەكەن، کە تێیدا هەوڵی کردنەوەی دەرگا دەبێتە بەشێک لە داخستن؛ كەواتە دەرگا وەك سنوور دەبێتە نیشانەی ئەو سیستەمەی کە مرۆڤ تێیدا دەژیت، و بێدەنگی دەبێتە زمانی ئەو سیستەمە، (با لە دەرگاکە بدەینەوە).

تێبینی:

پەخشان عبدولڕەحمان، ساڵی ١٩٩٣ لە شاری هەولێر لەدایک بووە. مامۆستای زانکۆ و توێژەرە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە.

(با لە دەرگاکە بدەینەوە) لە ماڵپەڕی باڵندە وەرگیراوە.

The post (کاتێک دەرگا ناکرێتەوە) appeared first on ژنەفتن.

دیالێکتیکی ئیستاتیکا و ڕەخنەی کولتووری
پڕۆسەی ئەدەبی هەمیشە لەناو کێشمەکێشێکی ئەبەدیی زمانەوانیدا گەورە دەبێت. شیعر لە بنەڕەتدا هەوڵێکی ڕادیکاڵە بۆ دەربازبوون لە قاڵبە ئۆتۆماتیکییەکانی ئاخاوتنی ڕۆژانە. ئەو کاتەی زمان لە ڕووبەری گەیاندنی سادە دەچێتە دەرەوە، دەبێتە کایەیەکی سەربەخۆ، ئەم سەربەخۆیییە مێژوویەکی درێژی ململانێی لەگەڵ دەزگا جیاوازەکانی دەرەوەی ئەدەب بەرهەم هێناوە. پانتاییی ڕۆشنبیریی هاوچەرخ گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو جەمسەری گەورەیە: یەکەم، تێڕوانینی جوانیناسی (ئیستاتیکی)ی ڕەها، کە بەهای دەق لە پۆتانسێلیی ناوەکیی زماندا کورت دەکاتەوە؛ دووەم، ڕەخنەی کولتووری (ڕۆشنبیری)، کە بەدوای نەسەقە شاراوەکانی دەسەڵات، مێژوو، باوکسالاری و نائاگاییی کولتووریدا دەگەڕێت.

هەوڵ بۆ تێگەیشتن و تیۆریزەکردنی ئەم ململانێیە دەدەین، لە ڕێگەی پێناسەکردنی هەندێک لە چەمکە جەوهەرییەکانی وەک ئاکتوالیزاسیا، ئاشناییسڕینەوە، نامۆکاری و شیعریەت، لە بەرانبەر ستراتیژییەکانی ڕەخنەی کولتووری و چەمکی نەسەق لای عەبدوڵڵا غوزامی. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، پێویستە بە کورتی چەمکە سەرەکییەکانی ئەم باسە پێناسە بکەین.

ئیستاتیکا -جوانیناسی: زانست یان تێڕوانینێکی فەلسەفییە، کە سروشتی جوانی، چێژی هونەری و داهێنانی زمانەوانی دەپشکنێت، بە جۆرێک زۆر کات بەهای دەق لە بونیادە ناوەکی و فۆڕمالیستییەکەیدا کورت دەکاتەوە. ” گرنگی دەدات بە دۆزینەوەی ماهییەتی جوانی و ڕوونکردنەوەی دیاردەکانی جوانی و فۆنیمەکانی لە بابەتەکاندا و جیاوازییەکانی جوانی لە سروشت و دیاردەکانی تری ژیان بەلای مرۆڤەوە”(حسێن،٢٠٠٨، ٢٠). پێناسەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئیستاتیکا توێژینەوەیەکی قووڵی فەلسەفییە، بۆ دۆزینەوەی ماهییەت و بونیادی ناوەکیی جوانی لە بابەتەکاندا. هاوکات سنووری نێوان جوانیی سروشتی و ئەو جوانییە خولقێنراوە ڕوون دەکاتەوە، کە مرۆڤ لە ڕێگەی داهێنانی زمانەوانی و هونەرییەوە بونیادی ناوە.

نەسەق: پێکهاتەیەکی مێژوویی، نادیار و جێگیرە لەناو نائاگای گشتیی کۆمەڵگادا، کە لەڕێگەی زمان و فەرهەنگەوە دەگوازرێتەوە و ڕەفتار و تێڕوانینەکان ئاڕاستە دەکات. “لە قووڵایی گوتارەکاندا خۆی حەشار داوە و لەنێوان زمان و زەینی مرۆڤدا دێت و دەچێت، بەبێ هیچ چاودێرێکی ڕەخنەیی کاری خۆی دەکات، ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕەخنە بە ئیستاتیکاوە خەریکە”(تاتانی:٢٠٢٥، ٨٦) و نایپەرژێتە سەر نەسەق. عەبدوڵڵا غوزامی پێی وایە: “نەسەق لەنێو تێکستدا بە شێوەیەکی پەنهان دەجووڵێتەوە، بەردەوام دەتوانێت ماسک بەکاربهێنێت و خۆی بشارێتەوە، ماسکی جۆراوجۆر لە گرنگترینیان بریتییە لە ماسکی ئیستاتیکای زمانەوانی”(ئەسوەد:٢٠٢٥، ٢٢). لێرەوە جوانیی ڕواڵەتیی زمان دەبێتە پەردەیەک بۆ داپۆشینی ئەو عەیب و دۆگما فەرهەنگییانەی، کە لە نائاگای دەقەکەدا کار دەکەن.

ڕەخنەی کولتووری: ڕەخنەی کولتووری، کە بە-ڕۆشنبیری-یش لە کوردیدا وەرگێڕراوە، مێتۆدێکی شیکاریی فرەپسپۆڕییە، کە ئامانجی لێکۆڵینەوەیە لە دەقەکان نەک وەک کایەی جوانیی ڕووت، بەڵکوو وەک بەرهەمێکی فەرهەنگی، کە سیستمەکانی دەسەڵات، ئایدۆلۆژیا و عەیبەکانی نەسەق لە ناو خۆیدا حەشار دەدات. “گرنگی دەدات بە ڕەخنەی ئەو نەسەقە شاراوانەی لەناو گوتاری کولتووریدا هەن، بە هەموو دەرکەوتە و جۆر و شێوەکانییەوە”(تاتانی: ٢٠٢٥، ٩٨).

ئیستاتیکای هۆشیار: جۆرێکە لە تێڕوانینی ئەدەبیی هاوسەنگ، کە داهێنانی زمانەوانی و بەرزترین ئاستی لادانی مێتافۆری، لەگەڵ هۆشیارییەکی قووڵی مرۆیی و ئەخلاقی لەوێدا بەرانبەر بە واقیع یەک دەگرن؛ ئەم چەمکە وەک فەزایەکی ناوەند وەهایە، کە ڕێگا نادات جوانیی فۆڕم ببێتە دەمامک بۆ شاردنەوەی ستەمکاری و نەسەقە تاریکەکانی دەسەڵات.

جوانیی دەقی شیعری لە توانای شۆککردنی وەرگردا خۆی دەنوێنێت، زمانی باوی کۆمەڵگا زمانێکی خەوتووە، وشەکان بەهۆی دووبارەبوونەوەی بەردەوامەوە بەها هەستیارەکەی خۆیان لەدەست دەدەن. لێرەوە ئەرکی شاعیر دەست پێ دەکات، فۆڕمالیستە ڕووسەکان، بەتایبەت ڤیکتۆر شکلۆڤسکی، چەمکی ‘ئاشناییسڕینەوە’یان وەک کۆڵەکەی سەرەکیی شیعریەت ناساند. دەق-کارە هونەرییەکە شتە ئاشناکان وەردەگرێت، دەیانخاتە ناو سیاقێکی نامۆوە، بەمەش پڕۆسەی وەرگرتن درێژخایەن دەکات. خوێنەر چی تر ناتوانێت بەخێرایی بەسەر وشەکاندا تێبپەڕێت، پێویستە تێ ڕابمێنێت. واتە “ئێمە پێویستمان بەوەیە ئاشنا بکەین بە نامۆ، واتە نائاشنای بکەین- سەرلەنوێ سەیری ئەو شت و ڕووداوانە بکەین، کە بە ڕادەیەک پێیان ئاشنا بووین، وەک ئەوەی نەیانبینین”(بەرزنجی و بەرزنجی:٢٠٢٤، ٤٩٨). ئەرکی هونەر سڕینەوەی سڕبوونی زەینە بەرانبەر بێنرخبوونی زمان؛ لە ڕێگەی ئاشناییسڕینەوەوە، شتە بەردەست و باوەکان سەرلەنوێ سەرسوڕمانی خولقێنەرانەی خۆیان دەست دەکەوێتەوە. شیعر بە درەنگخستنی پڕۆسەی وەرگرتن، خوێنەر لە وەرگرێکی پاسیڤ و ناهۆشیارەوە دەگۆڕێت بۆ تێڕامێنێک، کە لەبری تیپەڕبوون بەسەر ڕووی دەقدا، لە قووڵاییی هۆشیاریی زماندا دەژی.

ئاکتوالیزاسیا پڕۆسەی هێنانەپێشەوەی بونیادی زمان خۆیەتی لەسەر حیسابی پەیامە واقیعییەکە. لە زمانی ئاساییدا، سەرنج لەسەر واتایە، بەڵام لە زمانی شیعردا، فۆڕم، دەنگ، کێش و وێنە شیعرییەکە دەبنە سەنتەر.

هاوشانی ئەم چەمکە، قوتابخانەی پڕاگ چەمکی ‘ئاکتوالیزاسیا’یان پەرە پێ دا. ئاکتوالیزاسیا پڕۆسەی هێنانەپێشەوەی بونیادی زمان خۆیەتی لەسەر حیسابی پەیامە واقیعییەکە. لە زمانی ئاساییدا، سەرنج لەسەر واتایە، بەڵام لە زمانی شیعردا، فۆڕم، دەنگ، کێش و وێنە شیعرییەکە دەبنە سەنتەر. ئەمەش پۆتانسێلی زمان بەرز دەکاتەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی، کە پێویستیی بە هۆشیارییەکی تەواو شاعیرانە هەیە. مۆکارۆڤسکی لە وتاری ‘زمانی ئەدەبی و زمانی شیعری’دا دەڵێت:”ئەرکی زمانی شیعری لەوەدا خۆی دەنوێنێت، کە ئاخاوتن بگاتە ئەوپەڕی ئاکتوالیزاسیا… ئاکتوالیزاسیا پێچەوانەی ئاوتۆماتیزاسیایە، کەواتە ئاکتوالیزاسیا هەڵوەشاندنەوەی ئاوتۆماتیزاسیای کارێکە، تا زیاتر ئاوتۆماتی بێت کەمتر هۆشیاریی لەگەڵدایە”(محەمەد:٢٠٢٣، ٣٨). واتە ئەرکی شیعر شۆککردنی زەینی خوێنەرە لە ڕێگەی لادان لە زمانی باوی ڕۆژانە، کە مرۆڤ بە ناهۆشیاری ڕاهاتووە لەسەری. کاتێک زمان لەو میکانیکیبوونە دادەماڵرێت، فۆڕم و واتای نوێ لەدایک دەبن و خوێنەر ناچار دەکەن سەرلەنوێ بیر بکاتەوە.

شاعیر بۆ هێنانەکایەی ئەم لادانە ئیستاتیکییە، پێویستی بە کێڵگە جیاوازەکانی کولتوور، ئاین و نەریت هەیە. ئەو کەرەستە خاوەکانی خۆی لە باوەڕە گشتییەکان، ئەفسانەکان و هێما مێژوویییەکان وەردەگرێت. کاتێک دەستیان بۆ دەبات، بەپێی یاسای ئاکتوالیزاسیا دایانڕێژێتەوە، مانا باوەکانیان لێ دەسەنێتەوە. ئەمە لادانێکی کولتووریی گەورەیە؛ شاعیر تابووەکان دەشکێنێت، پیرۆزییە دەستکردەکان پووچەڵ دەکاتەوە، ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر فراوان دەکات. خوێنەرێک بە کۆمەڵێک پێشگری فەرهەنگییەوە دەچێتە بەردەم دەق، بە بینینی ئەم وەرچەرخانە زمانەوانییە، ئاسۆ فیکرییەکەی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

گورزە گەورەکەی ڕەخنەی کولتووریی توندڕەو یان دیدگا ئایدۆلۆژییەکان لەم خاڵەدا لە جەستەی ئەدەب دەدەرێت، کە بریتییە لە بەمەجازبوونی واقیع و دروستکردنی مەترسیی پۆلیسێتیی فیکری، چونکە زمانی شیعر زمانێکی مەجازییە و کۆدە شیعرییەکان ئاماژەی ڕاستەوخۆ بۆ واقیعی دەرەکی ناکەن. بۆ نموونە؛ کاتێک دەقێک دەڵێت ‘خوداوەندی ئەوین’، ئەم دەستەواژەیە گۆڕینی فۆڕمی زمانە بۆ گەیشتن بە لووتکەی وێناکردنی جوانی، نەک بڕیارێکی تیۆلۆژی لەبارەی فرەخوایییەوە.

کارەساتەکە کاتێک دەقەومێت، کە ڕەخنەگرێکی کولتووری، پیاوی ئاینی یان سیاسی، کۆدی شیعری بە پێوەرەکانی کۆدی واقیعی بخوێننەوە. ئەوان مەجاز و واقیع تێکەڵ دەکەن و بەم تێکەڵکردنە، دادگاییکردنی شاعیر دەست پێ دەکات. ڕەخنەی کولتووری کاتێک دەبێتە پۆلیسێکی ئەکادیمی، بە ناوی پشکنینی پاشبنەماکانی زمانەوە، ڕێ لە پڕۆسەی ئاشناییسڕینەوە دەگرێت، بەمەش سنوورە ئەخلاقییە نوێیەکان دەبنە کۆتوبەندێکی توند بەسەر دەستی نووسەرەوە؛ چونکە ئەدەب لە جیاتیی ئەوەی کایەیەک بێت بۆ ئازادیی وێناکردن و جوانی، ناچار دەکرێت ملکەچی پێوەرە سیاسی و فەرهەنگی و ئایدۆلۆژییەکانی سەردەم بێت، ئەمەش داهێنان دەکوژێت و جۆرێک لە سانسۆری ناوەکی بەسەر زماندا دەسەپێنێت.

ئەم مەیلی دادگاییکردنە، چەکێکی کاریگەر دەداتە دەست دیکتاتۆرەکان، ئایدۆلۆژیستەکان و توندڕەوە ئاینییەکان و ئەوانیش دێن، بە ناوی پاراستنی قەوارەی نەتەوە، شکۆی ئاین و شۆڕشەوە، لەمپەر لەبەردەم فڕینی شاعیر دادەنێن. ئەوان دەڵێن، مادام زمان بەرپرسیارێتیی واقیعی هەیە، کەواتە شاعیر خائین یان کافرە، یان تێکدەری ڕەوشتی گشتییە. مێژووی ئەدەب پڕە لە هەوڵی دادگایی یان کوشتن و تەرمی ئەو شاعیرانەی بوونە قوربانیی ئەم تێکەڵکردنە کوشندەیەی نێوان مەجاز و واقیع، لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردییشدا کەم نین ئەوانەی کە بەر ئەم پرسە کەوتوون لە نموونەی ‘شێرکۆ بێکەس، محەمەد موکری، شێرزاد حەسەن، قوبادی جەلیزادە و چەندانی تر’. لەم دۆخەدا شاعیر ناچاری دیپلۆماسیەتی زمانەوانی دەکرێت؛ پێش نووسینی هەر دێڕێک، لەبری بیرکردنەوە لە جوانی، بیر لەوە دەکاتەوە چۆن خۆی لەم داوی دادگایییە ڕزگار بکات. ئەنجامەکەش خولانەوەی شیعر دەبێت لەناو بازنەیەکی پاتەبووەوەی سەلامەتدا، کە تێیدا هیچ ئاسۆیەکی چاوەڕوانی نوێ دروست نەبێت و هیچ مەودایەکی ئیستاتیکییش.

بۆ قووڵبوونەوە لە دیوی ڕەخنەی کولتووری، پێویستە ئاوڕ لە پڕۆژە گرنگەکەی عەبدوڵڵا غوزامی- ڕەخنەگری سعوودی بدرێتەوە، بەتایبەت لە پەرتووکی ‘النقد الثقافي: قراءة في الأنساق الثقافية العربية’، کە دکتۆر محەمەد تاتانی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لەم کتێبەدا، غوزامی شۆڕشێکی بەسەر ڕەخنەی ئەدەبی کلاسیکیدا هێنا، سەروەختێک پێ دادەگرێت لەسەر ئەوەی، کە ڕەخنەی ئەدەبی (ئیستاتیکی) مێژوویەکی درێژە خەریکی شاردنەوەی عەیبە گەورەکانی کولتوورە.

ڕووبەرگی پێشەوەی کتێبی (ڕەخنەی کولتووری، خوێندنەوەیەک بۆ نەسقە عەرەبییەکان) ن: عەبدوڵڵا ئەلغەزامی، و: د. محەمەد تاتانی، چاپی ناوەندی ڕۆمان، ٢٠٢٥

غوزامی چەمکی ‘نەسەقی کولتووری’ وەک ئامرازێکی شیکاری بەکار دەهێنێت. نەسەق بریتییە لەو پێکهاتە نادیار، بنەچەیی و مێژوویییەی کە لەناو نائاگای کۆمەڵایەتیدا کارا دەبێت. نەسەقەکان لەڕێگەی زمانەوە دەگوازرێنەوە. بە بڕوای غوزامی، شیعری کلاسیکی عەرەبی (بەتایبەت شیعری ستایش – المدیح) نەسەقێکی ترسناکی وەک ‘شاعیری هەڵتۆقیو’ یان ‘دیکتاتۆری تاکەکەسی’ بەرهەم هێناوە. شاعیر کاتێک بە خەلیفە یان سەرکردەدا هەڵدەدات، وێنەیەکی ئیستاتیکیی زۆر جوانی لێ دروست دەکات، بەڵام لە ژێرەوە، نەسەقی باوکسالاری، خێڵەکی و دیکتاتۆری لەناو مێشک و دەروونی تاکی کۆمەڵگادا جێگیر دەکات. ئەمەش کاریگەریی نەرێنی هەبوو ئەویش “دەرکەوتنی شاعیری پیاهەڵدەر و کولتووری پیاهەڵدان و کەسێتیی ڕۆشنبیری پیاهەڵدەر، لە بەرامبەر ئەمەشدا دەرکەوتنی کەسێتیی پیاهەڵدراو” بوو(تاتانی:٢٠٢٥، ١٦٧). بەو مانایەی کە نەسەقی شاراوە لە شیعری ستایشدا، ئامرازی خولقاندنی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی ناهاوسەنگە؛ بە جۆرێک نەسەقی باوکسالاری، ڕۆشنبیر ڕام دەکات بۆ خزمەتی ناوەندی دەسەڵات و حاکمیش دەکاتە سیمبولێکی پیرۆز و دوور لە ڕەخنە.

تێڕوانینی غوزامی لەم خاڵەدا بەستراوەتەوە بە چەمکی ‘پێکهاتەی فرەکیان’ەوە لەناو دەقدا، ئەو باوەڕی وایە هەر دەقێکی ئەدەبی خاوەنی دوو جۆر مانایە: مانایەکی ئاشکرای ئیستاتیکی، کە نووسەر بە هۆشیارییەوە دایدەڕێژێت، لەگەڵ مانایەکی شارراوەی نەسەقی، کە لە ژێرەوە کار دەکات. ئەم نەسەقە فەرهەنگییە، بەهۆی ئەوەی لە قووڵاییی نائاگای کۆمەڵایەتیدا چەسپاوە، توانایەکی ترسناکی هەیە بۆ فریودانی وەرگر. خوێنەر بەهۆی مەستبوون بە جوانیی ڕووکەش و دەربڕینە هونەرییە باڵاکان و گەمەکانی ڕەوانبێژییەوە، بە ئاسانی ڕێگا دەدات نەسەقە سەرکوتکەرەکان دزە بکەنە ناو سیستمە فیکرییەکەیەوە. لەبەر ئەمە، ڕەخنەی کولتووری پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە تەنیا بەسەرکردنەوەی جوانی، جۆرێکە لە پاکانەکردن بۆ ئەو سیستمە سیاسی، فەرهەنگی، ئاینی و کۆمەڵایەتییانەی مرۆڤ کۆیلە دەکەن.

ئەم گشتگیرییەی نەسەق وای کردووە ڕەخنەی کولتووری سنووری تەسک و نەریتیی پۆلێنکردنی ئەدەبی ببڕێت. ڕەخنە چی تر لە کایەیەکی بەتاڵ لە ململانێدا ناژی و دەبێتە پڕۆسەی داماڵینی دەسەڵات لەو ناوچانەی وا وێنا دەکرێن، کە گۆڕەپانی بێتاوانی و جوانیی ڕووتن.

خاڵێکی دیکەی جەوهەری لە پڕۆژەکەی غوزامیدا، گۆڕینی ئاڕاستەی پێوەرەکانە لە ‘نوخبەگەرایی’یەوە بۆ ‘جەماوەرگەرایی’ چونکە کێڵگەی پشکنینی ڕەخنەیی لە دەقە باڵاکانەوە فراوان بووەوە بۆ گوتاری ڕۆژانە و کایە جەماوەرییەکانی وەک پەند و ئیدیۆمە فۆلکلۆرییەکان، گۆرانییە میللییەکان، نوکتە باوەکان و ڕیتوێڵە کۆمەڵایەتییەکانو …تاد، کە ئەمانەش بە هەمان شێوەی دەقە ئەدەبییەکان هەڵگری نەسەقە شاراوەکانی باوکسالاری، ستەم و چەوسانەوەن و بە نائاگاییی ڕەفتار و تێڕوانینی تاک ئاڕاستە دەکەن. ڕەخنەی ئەدەبیی کلاسیکی هەمیشە دەقە مەزنەکان و شاعیرە ناودارەکانی دەکردە سەنتەر، بەڵام غوزامی پێمان دەڵێت نەسەقە فەرهەنگییەکان لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بوونەتەوە. ئەوان لەناو قسەوباسی ڕۆژانە، ڕیتوێڵە گشتییەکان و فۆلکلۆردا بە هەمان هێزی دەقە باڵاکانەوە ئامادە دەبن. ئەم گشتگیرییەی نەسەق وای کردووە ڕەخنەی کولتووری سنووری تەسک و نەریتیی پۆلێنکردنی ئەدەبی ببڕێت. ڕەخنە چی تر لە کایەیەکی بەتاڵ لە ململانێدا ناژی و دەبێتە پڕۆسەی داماڵینی دەسەڵات لەو ناوچانەی وا وێنا دەکرێن، کە گۆڕەپانی بێتاوانی و جوانیی ڕووتن.

لەم ڕوانگەیەوە، ڕەخنەی کولتووری نایەت بەدوای جوانیی ڕووکەشی دەقدا بگەڕێت، بەڵکوو دەیەوێت ئەو ماسکە ئیستاتیکییە دابماڵێت، کە نەسەقە ستەمکارەکان خۆیانی تێدا دەشارنەوە. غوزامی دەڵێت جوانیناسی زۆرجار دەبێتە خزمەتکاری دەسەڵات؛ سەروەختێک خوێنەر مەست دەکات بە چێژی وشەکانەوە، لە هەمان کاتدا مێشک تەسلیمی بێدەنگی دەکات لەبەردەم نادادپەروەریدا. لێرەوە، ڕەخنەی کولتووری وەک فریادڕەسێکی فیکری دەردەکەوێت. ئەو دێت بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە ژێر کاریگەریی جادووی زمانێک، کە نەیارانی ئازادی بەرهەمی دەهێننەوە. لەم سۆنگەیەوە، پڕۆژەکەی غوزامی و ئاڕاستەی ڕەخنەی کولتووری، ئامانجیان کوشتنی شیعر یان سڕینەوەی ئیستاتیکا نییە؛ هێندەی جەختکردنەوەیە لەوەی، کە چێژی ئیستاتیکی نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ کوێرکردنەوەی هۆشیاریی خوێنەر. ڕەخنەی کولتووری دەیەوێت ئاستی وەرگرتن لە چێژوەرگرتنێکی کوێرانە و پاسیڤەوە بگوازێتەوە بۆ وەرگرتنێکی هۆشیارانە و چالاک. ئەم بەئاگاهێنانەوەیە، نەفیی جوانیی زمان ناکاتەوە، هێندەی ئەوەی زەمینەیەکە بۆ چاوکراوەیی خوێنەر بە دیدگایەکی ڕەخنەیی، کە ڕێک خزمەت بە جێگیربوونی چەمکی ‘ئیستاتیکای هۆشیار’ دەکات.

بە گەڕانەوە بۆ سەرنجەکانی غوزامی لە کتێبەکەیدا، دەشێت ئەوە بەرچاو بخەین، کە ئەگەر تێزەکەی غوزامی بە ڕەهایی وەربگیرێت، زیانێکی گەورە بە جەوهەری شیعریەت دەگات، بەڵام پرسیارێکی تر لێرەدا دێتە گۆڕێ: ئایا ئەگەر ئیستاتیکا و ئاکتوالیزاسیایش تەواو ڕەها و بێباک بن لە هەموو بەهایەکی مرۆیی، نابنە دیکتاتۆرێکی نوێ؟

بە ڕای ئێمە وەڵامەکە ئەرێیە، کاتێک ئازادیی شاعیر دەگاتە لووتکەی دابڕان لە ئێش و ئازار و کەرامەتی مرۆڤەکانی تر، جۆرێک لە ‘فاشیزمی جوانیناسی’ دروست دەبێت. نازییەکان نمایشە سەربازییەکانیان، دروشمەکانیان و تەنانەت پڕۆسەی سڕینەوەی مرۆڤەکانیشیان بە دیزاینێکی فۆڕمالیستی زۆر ڕێک و پیشاندانی وێنەیەکی ئیستاتیکی بەهێز دەکرد، ئەگەر تەنیا بە پێوەری جوانیی فۆڕم بڕیار بدریت، کارێکی بێخەوش بوو، بەڵام خۆ لە ناوەڕۆکدا مرۆڤایەتییان لەناو دەبرد.

شاعیرێک بە ناوی نامۆکاری و ئازادیی زمانەوە، وێنەیەک دروست بکات، کە لە ڕێگەیەوە سووکایەتی بە گرووپێکی چەوساوە، ژنان، یا کەمینە نەتەوەیییەکان بکات، ئەو ئازادیی ڕاستەقینەی بەکار نەهێناوە، بەڵکوو بە بیانووی ئیستاتیکاوە کەرامەتی مرۆڤی کردووەتە قوربانیی کایەکی زمانیی سارد. ئێرە ئەو دۆخەیە کە ڕەهابوونی ئیستاتیکا هێزێکی وێرانکەرە و ئیتر پێویستی بە سنووردارکردن هەیە. ڕەخنەی کولتووری ئیدی لەم ئاستەدا پارێزەری کەرامەتی مرۆڤە و ڕێگا نادات جوانی ببێتە دەمامک بۆ شاردنەوەی ناشیرینییەکانی دەسەڵات و ستەمکاری.

ئەگەر لە ڕابردوودا نەریتی کۆمەڵایەتی دەیگوت ‘ئەم دەقە لادانە لە ئەخلاق’، ئێستا ڕەخنەگری کولتووری دەڵێت ‘ئەم دەقە لادانە لە تیۆرییە هاوچەرخەکان’. بۆ شاعیرەکە ئەنجامەکە یەک شتە ئەویش خنکانی خەیاڵە.

گرفتە گەورەکەی ڕەخنەی کولتووری کاتێک دەردەکەوێت، کە خۆی دەبێتە نەریت، دەبێتە دامەزراوەیەکی جێگیر. ئەم دیاردەیە پێی دەوترێت ‘دامەزراوەبوونی ڕەخنە’، کاتێک ڕەخنەگرانی کولتووری پۆستی پۆلیسی زمان وەردەگرن، بازنەیەکی داخراوی دۆگما بەرهەم دەهێنن، ئەوان بە ناوی دژایەتیکردنی عەیبەکانی کولتووری کۆن، دێن عەیبەی نوێ دروست دەکەن. ئەگەر لە ڕابردوودا نەریتی کۆمەڵایەتی دەیگوت ‘ئەم دەقە لادانە لە ئەخلاق’، ئێستا ڕەخنەگری کولتووری دەڵێت ‘ئەم دەقە لادانە لە تیۆرییە هاوچەرخەکان’. بۆ شاعیرەکە ئەنجامەکە یەک شتە ئەویش خنکانی خەیاڵە. ڕەخنەی کولتووری کاتێک دەبێتە دۆگما، چی تر گوێ لە لایەنی هونەریی دەق ناگرێت، تەنیا دەیەوێت تێزە پێشوەختەکانی خۆی بەسەر شیعردا بسەپێنێت. شیعر لە کایەیەکی پڕ لە سۆز، خەیاڵ و ئەگەرەوە، دادەبەزێنێت بۆ وتارێکی سۆسیۆلۆژیی وشک. زمانەکە قوفڵ دەکات و پۆتانسێلی داهێنان دەکوژێت. ئەمە پاشکەوتووییەکی نوێیە، کە لەژێر ناوی ڕۆشنگەریدا خۆی دەنوێنێت.

لە ئەدەبی کوردیدا، ئەم ململانێیە بە شێوەیەکی تەندروست نییە، یاخیبوونە شیعرییەکان زۆرجار دەبنە زمانبازیی هێندە نامۆ بە واقیع، کە هیچ پێوەندییەکی بە ئازاری مرۆڤی کوردەوە نامێنێت؛ یا ڕەخنەکان دەبنە دادگایییەکی ئایدۆلۆژی و حزبیی وشک، کە ڕەگوڕیشەی شیعریەت لەبن دەهێنن، دەشێت وەک چاودێرێکی بوارەکە ئەوە نیشان بدەین ڕێگای ڕاست، تیۆریزەکردنی ئەم پەیوەندییەیە وەک پێویستییەکی دوو سەرە، کە ئەم دوو دیوە ‘ئیستاتیکا’ و ‘ڕەخنەی کولتووری’ ناتوانن بەبێ یەکتر بژین.

دەربازبوون لە دۆگماتیزمی فۆڕم و تەوقی ڕەخنە پێویستی بە دۆزینەوەی قۆناغی سێیەم هەیە، ئەم قۆناغە نوێیە دەشێت ناوی بنێین ‘ئیستاتیکای هۆشیار’ یان ‘ڕەخنەی داهێنەر’، کە لە بەراییدا ئاماژەمان پێی داوە. لەم قۆناغەدا، شاعیر و ڕەخنەگر لە یەک بڕگەی فیکریدا دەگەن بە یەکتری؛ شاعیر بە باڵاترین ئاستی لادانی زمانی سنوورەکان دەبەزێنێت، بەڵام هاوکات بە هۆشیارییەکی قووڵەوە ڕێ دەگرێت لەوەی مێتافۆرەکانی ببنە ئامرازی شاردنەوەی ستەمکاری. ڕەخنەگرانیش لەبری پۆلیسی زمان، دەبنە پاڵپشتی پۆتانسێلی داهێنان لەپێناو مرۆڤایەتیدا.

ئەم فەزایە نوێیە زەمینەیەکە، کە لە ئامێزیدا داهێنانی هونەری بەرپرسیارێتیی فیکریی خۆی فەرامۆش ناکات. لادانی مێتافۆری لەم قۆناغەدا وەک زەبرێکی توند بۆ سەر ڕواڵەتە چەقبەستووەکانی دەسەڵاتە، بێ ئەوەی کەرامەتی مرۆڤی تێدا بکرێتە قوربانی. بەم شێوەیە شاعیر هۆشیارە بەوەی زمانەکەی چۆن ئاڕاستە دەکات و ڕەخنەگریش فۆڕمی ئیستاتیکی وەک جیهانێکی ناوازە قبووڵ دەکات. ئەم هاوئاهەنگییە بەربەست لەبەردەم فاشیزمی جوانیناسی و هاوکات پۆلیسێتیی ڕەخنەدا دروست دەکات. لەم شوێنەدا، شیعر بزوێنەری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و فیکرییە و دەرگای نوێ بەڕووی جیهانی مەجازدا دەکاتەوە. ئێمە پێمان وایە ئەمە ئەو دۆخە تەندروستەیە، کە ئەدەبی کوردی پێویستی پێیەتی بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی مێژوویی. جگە لەوەش شاعیر پێویستی بە ڕەخنەگری کولتوورییە وەک ئاوێنەیەک، بۆ ئەوەی ناھۆشیارانە نەبێتە پاشکۆی نەسەقە کۆنەکانی باوکسالاری و خێڵەکی و … تاد. ڕەخنەی کولتوورییش پێویستی بە بازدان و یاخیبوونەکانی شاعیرە، چونکە ئەگەر ئەو سەرپێچییە زمانەوانییانە نەبن، تیۆرییەکان وشک دەبن و خوێنی نوێ ناچێتە ناو دەمارەکانی فیکرەوە. دەشێت بشڵێین جوانیی ڕاستەقینەی ئەدەب لە ناو ئەم گرژییە ئەبەدییەدایە، پەتێکە لە نێوان دوو جەمسەردا ڕاکێشراوە، ئەگەر شاعیر بەتەنیا پەتەکە بە لای خۆیدا ڕابکێشێت، شیعر لە بۆشایییەکی بێباکدا ون دەبێت و ئەگەر ڕەخنەگر پەتەکە بە لای خۆیدا ڕابکێشێت، پەتەکە دەپچڕێت و شیعر دەخنکێت، پاراستنی ئەم دیالێکتیکە، تاکە زامنی مانەوەی ئەدەبێکی زیندوو و کۆمەڵگایەکی هۆشیارە.

لە دوادواییدا دەڵێین، کایەی ئەدەبی هاوچەرخ ناتوانێت بە دابڕانی ڕەهای نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک، یان جوانیناسی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی بەردەوام بێت. دادگاییکردنی مەجاز بە پێوەرە وشکەکانی واقیع، خنکاندنی خەیاڵ و پەکخستنی پۆتانسێلی داهێنانی لێ دەکەوێتەوە؛ هاوکات ڕەهاکردنی بێباکانەی ئیستاتیکاش زمان بەرەو فاشیزمێکی نوێ و شاردنەوەی نەسەقە سەرکوتکەرەکان دەبات. چارەسەری زانستی و فیکری لە پێکەوەبەستنی ئەم دوو ئەرکەدایە لەڕێگەی چەمکی ‘ئیستاتیکای هۆشیارەوە’؛ پانتایییەک کە لە میانەیدا شاعیر سنوورەکانی زمان بۆ بەدەستهێنانی باڵاترین ئاستی ئازادی دەبەزێنێت، ڕەخنەگریش وەک ئاوێنەیەک بۆ ڕۆشنگەری پاسەوانی کەرامەتی مرۆڤ دەکات. ڕزگاربوونی ئەدەبی کوردی لە بەشێک لە چەقبەستوویی ئێستای، گرێدراوی قبووڵکردنی ئەم گرژییە بەردەوام و هاوسەنگەیە.

سەرچاوەکان:

١-حسێن، جەبار ئەحمەد (٢٠٠٨). ئیستاتیکای دەقی شیعریی کوردی- کوردستانی عێراق ‘١٩٥٠-١٩٧٠’. چاپی یەکەم. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی.

٢- ئەلغەزامی، عەبدوڵڵا (٢٠٢٥). ڕەخنەی کولتووری خوێندنەوەیەک بۆ نەسەقە کولتوورییە عەرەبییەکان. د. محەمە تاتانی. چاپی یەکەم. ناوەندی ڕۆمان. سلێمانی.

٣- ئەسوەد، د. نەوزاد ئەحمەد(٢٠٢٥). ڕەخنەی ڕۆشنبیری تیۆری و زاراوە. چاپی یەکەم. چاپخانەی کارۆ. سلێمانی.

٤- بەرزنجی و بەرزنجی، عەبدوڵڵا تاهیر و عەلی تاهیر (٢٠٢٤). کلیلدان فەرهەنگی ئەدەب و ڕەخنە. چاپی یەکەم. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی.

٥- محەمەد، ئەنوەر قادر (٢٠٢٣). دەربارەی شیعری گۆران. چاپی یەکەم. چاپخانەی سەردەم. سلێمانی..

The post دیالێکتیکی ئیستاتیکا و ڕەخنەی کولتووری appeared first on ژنەفتن.

بێژەن ئیلاهی؛ شاعیرێک کە ڕامووسانی مەترسیدارتر لە یەک واژۆیە
١- ژیاننامە

٢- چەند تێبینییەک لەمەڕ وەرگێڕانی شیعری خۆرە “شقاقلوس”

٣- شیعری خۆرە

٤- خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکە

٥- فەرهەنگۆکی شیعرە وەرگێڕدراوەکە

٦- سەرچاوەکان

بێژەن ئیلاهی (١٩٤٥-٢٠١٠) شاعیر، وەرگێر، نیگارکێش و توێژەری ئێرانی

١- ژیاننامە

بێژەن ئیلاهی نیگارکێش، شاعیر و وەرگێڕ، لە ١٩٤٥ (١٤ی تیری ١٣٢٤) لە تاران لەدایک بووە، ئەو جگە لەوەی شاعیرێکی ناسراو و نوێخوازی فارسە، وەرگێڕێکی لێهاتوو و کارامە بووە، بە یەکێک لەو وەرگێڕە تایبەت و کەم وێنانە دادەندرێت، کە بە شێوازی تایبەت و ناوازەی وەرگێڕانەکانی، خزمەتێکی گەورەی وەرگێڕان و ئەدەبیاتی فارسی کردووە، کە هەم وەرگێڕان و هەم شیعرەکانی کاریگەرییەکی بەرچاوی خستە سەر ئەدەبیاتی نوێی فارسی.

ئیلاهی، بە یەکێک لە دەنگە نوێیەکانی ئەدەبیاتی نوێی فارسی دادەندرێت و پێشەنگی بزووتنەوەی شیعری ئەویترە ‘شعر دیگر’، کە هەر دوای ئەوەی ئیلاهی وڵات جێدەهێڵێت، ئەم بزووتنەوەیەش هەڵدەوەشێتەوە. ئیلاهی، ساڵانێک لە پاریس بەسەر دەبات و هەر کە دەشگەڕێتەوە ئێران، خۆی دەخزێنێتە کونجی تەنیایی و گۆشەگیربوون، کە سێ دەیەی کۆتاییی ژیانی، دەچێتە خەڵوەتەوە و خۆی لە عیرفان، شیعرنووسین و وەرگێڕانی شیعردا سەرەونگوون دەکات.

لە منداڵییدا مەیلی بەلای نیگارکێشانەوە دەبێت و لاویێتی ئەم مەیلەی بە بێدەنگی، گۆشەگیری و تەنیایی دەگۆڕێت؛ واتە مەیل ڕووەو شیعر و وەرگێڕان و یەکەم شیعری بە ناوونیشانی بەفر لە (١٣٤٣هـ- ١٩٦٤ز) بڵاو کردووەتەوە.

لە دوای مردنی، شیعرەکانی لە دوو بەرهەمدا بڵاو دەکرێنەوە، چونکە خۆی تا لە ژیاندابوو هیچ بەرهەمەشیعرێکی بڵاو نەکردەوە. هەرچەند لە ساڵی ١٩٧٢ (١٣٥٠) بەرهەمە شیعری لەوەڕی سەردەم ‘علف ایام’ بە تیراژی دووسەت دانە چاپ دەکات، بەڵام بەدەستی خۆی ئاوریان تێبەردەدات. لە ماوەی سێ دەیەی کۆتاییی ژیانیدا، نە شیعری بڵاو کردەوە و نە لەبەردەم خەڵکیشدا دەرکەوت. تەنانەت لە کۆڕ و بۆنە ڕۆشنبیریییەکانیش خۆی پەرێزگرت و ژیانێکی بێدەنگ و کپ، بەڵام پڕ بەرهەمی لەدوای خۆی بەجێهێشت. مەسعوود کیمیایی دەڵێت: لە درێژەدان بە بزووتنەوەی ڕەوتی نوێ، ئیلاهی لێوەشاوەترین شاعیرێک بووە، بەڵام جەخار، بە هەر هۆکارێک بووبێت، کە ئاشکرا نییە، شیعر لە پەراوێزی ژیانیدا بوو؛ بە شێوەیەک، کە تا لە ژیاندابوو، هیچ بەرهەمەشیعرێکی بڵاو نەکردەوە.

بەڵێ، بێدەنگی و گۆشەگیریی ژیانێک، کە لەگەڵ خۆی بردییە نێوگۆڕ و وەسیەتنامەکەیشی نەیهێشت جگە لە واژۆکەی، هیچ شتێکی دیکە لەسەر کێلی هەڵبکۆڵدرێت. بەم شێوەیە خۆی کرد بە دەنگێکی شیعری و ژیانێک بەهەرتک دیوا شاعیرانە، کە خودی وەسیەتنامەکەی جۆریک مێتافۆر بوو بۆ ژیان و شیعرە پڕ لە تەنیایی، ترسناک و ڕاڕایییەکانی. بەڵێ “من! من کە ڕامووسانم ترسناکتر لە یەک واژۆیە“

ئیلاهی، لە شیعرەکانیدا، زمانێکی تایبەت بە خۆی بەکار هێناوە، زمانێکی ئاڵۆز، ئاماژەی قووڵ و پڕ لە ڕەمز و ڕاز. تژی و سەرڕێژ لە نوێخوازی، نهێنی و عیرفان، کە سوودی زۆری لە عیرفان و شاعیرە گەورەکانی جیهانی وەرگرتووە و کاریگەریی ئەم سوودوەرگرتنەش بەسەر شیعرەکانییەوە خوویایە.

هاوکات یەدوڵڵا ڕووئیایی لەبارەی ئیلاهییەوە ئێژێت: لەو ڕۆژانەی کە ئێمە تێیداین، ئیلاهی هەمیشە بەیانی بوو. بەیانیی ئەو، لە ڕابوردوویەکی دوورەوە هەڵدەقووڵی و دوێنەیلی دوور، بڕێ جاریش کە تێیدا شاعیر دەبووە دووبەیانی، ئەوسا بەیانییەکەی لادەبرد و بۆ ڕابوردوویەکی دوورتر دەیڕەتاند، لەو نێوانەدا تۆزی سەر ڕابوردووی دادەتەکاند و دەبوو بە دایکی پەیڤ، کە جوێی دەکرد و دەیسازاند. وشەسازکەرێکی “Neologue” ئەڤیندار، ئەوینداری هۆش. زووتر و زێتر لە هەموومان تێگەیشتبوو، کە زوان، پێویستی بە وشەتاشین هەیە و ڕاڕەوی فارسیی نوێش، وەرگێڕانە.

لە شیعرەکانی ئیلاهیدا، تەنیایی، دڵەڕاوکێ، ترس و نیگەرانی بە باڵکێشیی، لە گۆشەگیرییەکەیەوە فرچکیان گرتووە. کە بە شیعرە داهێنەرانە و وەرگێڕانە وردەکانی، توانیویەتی ڕۆڵی بەرچاو لە پێشخستنی ئەدەبیاتی فارسی بگێڕێت. هەروەها شێوازی نووسین و بیرکردنەوەی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەوەی نوێی شاعیر، وەرگێڕ و نووسەرانی ئێران داناوە.

دوای مەرگی ئیلاهی، دوو بەرهەمەشیعری بەنێوەکانی گەنجییەتی “جوانی‌ها” و بینین “دیدن” بە چاپ گەیشتوون. هاوکات چەندین بەرهەمی جیهانییشی وەرگێڕاونەتە سەر زمانی فارسی، وەک: “اشراقها: اوراق مصور آرتور رمبو. صوبح روان: کنستانتین کاوافی. بهانە‌های مأنوس: فلوبر، پروست، جویس و نابوکف. نیت خیر: فریدریش هلدرلین. زمرد و حملە: الیوت + رستان. درە‌ی علف هزار رنگ. مستغلات: هانری میشو. حلاج الاسرار: اخبار و اشعار. لورکا“.

ئیلاهی ساڵی ٢٠١٠ (سێشەممەی ٩ی ئازەری ١٣٨٩) لە تەمەنی ٦٥ ساڵییدا بەهۆی نەخۆشیی دڵ، کۆچی دوایی دەکات و  لە ڕۆژی یەکشەمەی (١٤ی ئازەری ١٣٨٩) لە گوندی بێجیدەی نوێی مەرزەناوا ، لە بەرزایییەکانی چیای بەرز “البرز’ بە خاک دەسپێردرێت و جگە لە واژۆکەی خۆی، هیچ شتێک لەسەر کێلەکەی نانووسرێت. ئەمەش نیشاندەری ئەو ژیانە، گومناو، نامۆ و بێدەنگەکەیمان بۆ دەردەخات. چونکە ئیلاهی تەکەزی زۆری خستبووە سەر بێدەنگییەکەی، کە بۆ دوای مردنیشی، بیری لێ کردبووەوە.

٢- چەند تێبینییەک لەمەڕ وەرگێڕانی خۆرە

١- ئەم شیعرە خۆرە، کە لەژێر ناوونیشانی ‘شقاقلوس’ بە زمانی فارسی بڵاو کراوەتەوە، یەکێک لە شیعرە سەخت، ئاڵۆز و ناڕوونەکانی ئیلاهییە، کە تێگەیشتنی شیعرەکە لەپاڵ ئەوەی کە ئیلاهی بۆ خوێنەری فارسیزمانیش سەختە، ئەوە ئەم شیعرەی سەختترینیشە، هەر بۆیە لەپاڵ وەرگێڕانیدا، هەوڵمدا وتارێک لەمەڕ شیعرەکە وەربگێڕم، چونکە ئەم وتارە هاوکارییەکی باشی خوێنەر دەکات بۆ شیکردنەوە، کردنەوەی هەندێک کۆد و توولەڕێ تووناوتوونەکانی خودی شیعرەکە. وەنەبێت خوێندنەوەی تر هەڵنەگرێت، چونکە خودی شیعرەکە دەکرێت لە چەندین ڕووەوە بخوێندرێتەوە، بۆیە تکام وایە خوێنەر تەنیا بە خوێندنەوەی شیعرەکە ڕازی نەبێت، کە باز بەسەر وتارەکەدا بدات، چونکە ئەم وتارە هاوکارییەکی گرینگە، بەتایبەت بۆ پڕکردنەوەی کێماسییەکانی من، چونکە ڕەنگە توانای من لە وەرگێڕانیدا کەمی هێنابێت، بۆیە هیوادارم ئەم وتارە ببێتە هۆی ئەوەی خوێنەر لە کەمتواناییم ببوورێت و ڕووسپیم بکات.

٢- خۆرە کە لە زمانی کوردییدا هەموومان پێی ئاشناین، جۆرە نەخۆشییەکە، کە نەک هەر تشتەکان دووچاری دەبن، بەڵکوو تووشی مرۆڤیش دەبێت. خۆرە کە بۆ ناوونیشانی ئەم شیعرە بەرانبەر ‘شقاقلوس’ی فارسی هەڵمبژاردووە، هامان سێفاکلۆس (cephaclus)ی گرێکییە و لە زمانی ئینگلیزیدا گەنگەرین ‘Gangrene’ی پێدەگوترێت، لە فەرهەنگی ‘کوردستانیکا’دا بۆ “گەنگەرین – gangrene” ئەم وشانەی لە زمانی کوردییدا بۆ هێناوەتەوە:- لاڕەشە، تیراوێ، خۆرە، مەرگ یان داڕزانی شوێنی شانەیەکی نەرم (بەهۆی خوێنپێنەگەیشتن یان نەخۆشیی بەکتریایییەوە).

خۆرە؛ مردن یان گەندەڵبوون و هەوکردنە، تووشی بەشێکی ماسوولکە یان ئێسک و شانەکان دەبێت و دایدەڕزێنێت، بەشی تووشبوو ڕەش و شین دەبێت، خانەکانی لەش بەهۆی کەمی خوێن، سەرمابردوویی و خوێنپینەگەیشتنیان و چەند هۆکارێکی دیکە، دەمرن.

٣- لەمەڕ وەرگێڕانی ئەم شیعرەوە هەم مانا و واتا، هەم جوانکاری، تەکنیک و سەرواتاکانم لە بەرچاو گرتووە و هەوڵی پارێزگاریکردنم داوە. ئەوەی زۆر لام لێ نەکردووەتەوە، ئەوەیە، کە هەر بەتەنگ گواستنەوەی جیهانبینیی شیعرەکەوە ببم، چونکە دەقی شیعری هەر مانا، یان جیهانبینی نییە، ئەوەی وا دەکات ئەم دەقە بژیێنێت، ئەو بزۆزییە سەرشێتییەیەتی لە یاریکردن بە وشە، مانا، ڕەوانبێژی، فرەمانایی، فرەڕەهەندی و …، ئەگەر دەقی شیعری هەر گواستنەوەی مانا بێت، ئەوە هەر دەتوانێت یەک مانای گشتیی دەقەکە بگوازێتەوە، بە مانایەکی دیکە هەر دەتوانێت ڕۆڵی خوێندنەوەیەک بگێڕێت، بەم هۆیەوە شیعرەکە ڕێگە بە وەرگێڕانێکی دەقاودەق، یان وەگێڕانێکی ئازاد نادات، بەڵکوو پێویستی بە وەرگێڕانێک بوو، کە لایەنە ئاشکرا و شاردراوەکانی دەقەکە نەخنکێندرێن و لەبارنەبردرێن، بۆیە نەدەکرا نە وەرگێڕانەکە تەواو وشەیی بێت، نە تەواو وەرگێڕانێکی دەستکراوە و ئازادانەش بێت. بۆیە ئەوەندەی لە توانامدا بووە، لە هەوڵی ڕاگرتنی ئەمانەتی وەرگێڕاندابوومە و لەو شوێنەی پێویستی کردبێت وەرگێڕانێکی وشەیی بێت ئەنجامم داوە و لەو شوێنەیش، کە وەرگێڕانێکی ئازادی پێویست بووبێت یان هەرتکیان، ئەوە لە ماندووبوون بۆ دۆزینەوەی باشترین بژاردە، درێخیم نەکردووە.

٤- بێژەن ناوی شاعیرێکە کە ناو و شیعری دەبردرێن، تاکە شتێک کە بیری لێ ناکرێتەوە وەرگێڕانیەتی، سڵەمینەوە لە وەرگێڕانی شیعری بێژەن، خۆی شیعرێکی سەرشێتە، وەرگێڕانیشی خۆبێزەوەرکردنە. من لە خاڵی یەکەمدا -سڵەمینەوە-؛ ئەمەی دووەم (خۆبێزەوەرکردن) و لە خاڵی دووەمیشیدا -وەرگێڕان- هی دووەم (سەرشێتیی)م هەڵبژارد. واتە سەرشێتی گرتمی و هەستام بە وەرگێڕانی ئەم شیعرەی خۆرە. بۆیە وەها هەوڵێک بۆ بیرکردنەوە لە وەرگێڕانی، ڕووکردن و گرتنەبەری ڕێگەیەکی تژی لە دڵەڕاوکێیە، هەرچۆنێک بێت، هیوادارم بە ڕەخنە و سرنجی وەرگێڕ و خوێنەران دەوڵەمەندتر بکرێت.

٥- ماوەتەوە بێژم، یەک: زمانی کوردی زۆرجار پێویستی بە کۆکردنەوە نییە، چونکە وشەکە واتای هەم تاک هەم کۆ دەگەیەنن، بۆیە وشەکانم بە سادە و بەبێ خستنەسەری نیشانەی کۆ داناون، مەگەر لەو شوێنەی کە وا پێویستی بە نیشانەی کۆ هەبووبێت.

دوو: ١- بەختی کەفاوی: لەمەڕ ئەو وشانەی کە لە شیعرەکەدا سەرواتان، ئەوە هەوڵی ئەوەمداوە کەمێک وەک خۆیان بیانهێڵمەوە، بۆ نموونە: “بخت را کف‌‌آلود” کە لە کۆپلەکانی دواتریش بەر وشەی سپی، کەفی دوای چزووپێڕۆکردن، کەفی سەر زاری کەرەکێوییەکان و هاوکات ڕووناکی و … وایکرد من سوود لە بەختی کەفاوی وەربگرم، چونکە هەم مانای پووچی لەخۆ بارکردووە، هەم ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە زۆر شوێنی دیکەی شیعرەکەدا وابەستەیە بە ڕەنگی سپی، بە مانایەکی دیکە ئەم پووچی و سپییەتییە، سپیەتی وەک دەرکەوتن و تیشکی ڕووناکیش سەرواتای ئەم شیعرەیەن. ئەم جۆرە کارەم بەشێوەی کەمێک دەستکراوەتر لە هەندێک شوێنی دیکەدا ئەنجامداوە.

٢- قەوانی مۆسیقا: لە شیعرەکەدا کە “صفحە‌ی موسيقی” هاتووە، دەکرێت هەم مانای ڕووپەڕ بدات، کە نۆتی مۆسیقای لەسەر دەنووسرێت، هەم دەتواندرێت مانای قەوان لەخۆ بگرێت.

٣- چاڵاوێکی کەندووە؛ کە لە ڕووخسارم هەڵدەنگوێت: دەکرا ئەمە بەم شێوەیەش وەربگێڕدرابوایە: چاڵاوێکی کەندووە کە دەگاتەوە ڕووخسارم، یان بە ڕووخساری من دەگات، یان چەند شێوەی دیکە، بەڵام بژاردەی هونەرییتر و شیعرییتر لەلای من، ئەوەیە کە داندراوە. هەڵبەت ئەمە تەنیا نموونەیەکە، کە هێناومەتەوە.

٤- بە هێواشیی سپاس٤ بکرێت: لە شیعرەکەدا شکر نووسراوە، کە دەکرێت هەم مانای شیرین “شەکر” و هەم مانای سپاس بدات، بەڵام سپاسم بە گونجاوتر زانی.

٣- شیعری خۆرە “شقاقلوس”

خۆرە

بێژەن ئیلاهی

بۆ کوردیی ناوین: سۆران محەمەدەسوورە

١

شەرم لە ڕووناکیدایە و ئا ئەمەش، دووماهیی هەر ئاخافتنێکە،

هاوسەرم!

پیا تۆم بە ڕووناکیی سپاردە، کە جەستەیەکی  فرە بێگەردی هەبوو،

وەرە لەنێو بیابان، ل دو ئەڵقە ونبووەکە بگەڕێ،

کە ئێستاکانێ، با دەنێویدا دەگڤڤێنێت.

ئەڵقەی هاوسەرگری، لەنێو بیابانێکی بێهەتەر، بێهەتەر؛ کە ئێدی شتێک نییە،

[ئەمە هەموویەتی

مەگەر سێگۆشەیەکی کۆنی چکۆلە، سێگۆشەیەکی لە قەلەڕەشان

کەوتووی

ناو سەنگەرێک!

و بەم بەربەیانە کە دووپشک -خوشکە بێنیازەکەم- بەختی

[کەفاوی١ هەست پێکردووە،

لە نەیدا هەوا هەڵدەخولێت، هەروا لە دووندی کەژا.

٢

خانووەکان دادەڕمێن.

ئەم کەرەکێوییانە، کە بە کەفی ڕوونی دەمیان، بلەز ڕادەکەن،

لە قاچی باریکەڵەماندا سەمایان چەند چاک، پێشبینی

[کردگە!

بەسەر وێرانییەکاندا بەنی کۆلارەیەک لە فڕین

[ناکەوێت

لەنێو دەستی منداڵێکی جوانکیلە، منداڵێکی مردوو.

هەنووکە بەر لە باران، زەوییەکی وشک و برینگ دهێتە ناسکرن،

[کە لەودا

ڕووەک، بە تێکڕایی ناودێرکراون.

و بێدەنگیی  وچانی نێوان ئەم دوو دڵۆپەیەش، کە لە میچی شکەفتەکە

[دەتکێت،

ڕێزلێنانێکە لەتۆ، تۆی منداڵم. کە بەسەر مەرگتدا

کەمێ ڕابوریووە،

ڕێزگرتنێکە لە سەما.

لە وچانەکەدا، لەنێوان دوو دڵۆپی دووماهیی، لەپڕ قۆچکەی

[هەموو جڕوجانەوەران

لە ترسانا دتاییسێن.

ئاو دەخۆمەوە و پیاڵەیەکیش دەپڕژێنمە میچەکە

۳

یەکجار دوور، گەلێ دوورتر، فلووسێکم کەفتگە ژێر خاچ.

ئەرێ ڕۆژە؟

لەتاو قرچەی گەرما، ڕووبەند لادەدەین. وەڕێدەکەوین

بۆ دووردەست، بۆ وێ.

لەژێر خاچەکەدا هێلکەیەک بەش دەکەین و ب هەڤڕا دەیخۆین:

[بەخۆشیی!

مەرگیش، بە هەناسەبڕکێ شیوەکە زیویین دەنەخشێنێت.

دوورتر، قەوانی مۆسیقا٢، لەژێر سەتان نینۆکی تەمگرتووی جواندا

[دەخولێتەوە،

و دەنگیش، هەمان دەنگ:

ئەرێ ڕۆژە؟

٤

من بیرێکم پەروەراندووە کە بە ئاو ناگات،

لێ چ تاریکایییەکی جوان! لەودیو، تاریکایی ژێر زەوییەکە،

[چاڵاوێکی کەندووە؛ کە لە ڕووخسارم هەڵدەنگوێت٣

من ئاوم، ئاو! و ڕەشتاڵانی کەساس، بەر لە نوێژ، بەدوای مندا

[هەڵوەدان.

تەماشایەکی ئاسمان، تەیارم دەکات کە بێدەنگ بم.

و لەنێو بێنی دڕاوا، چەکێکی ئاوڕەنگ بدۆزمەوە.

ئەو دەمەی کە ئاو، بە ڕەنگی خۆی هەڵدەشاخێت، من ئەوم،

[ئەو چرکەساتەم.

ڕەنگی ئاویش، چەند زێتر لە ئاو ڕۆبچێت،

زیندووتر دەبێت: شینتر!

٥

نامۆ، بەنێو حەشیمەتدا ڕادەبرم؛ تا چاو بڕبکات تەنێ ڕووەک، بەڵام لە خۆخشاندنی

[پێم ناوم لێدەگرێت.

چاوم نووقاندووە و ناوی ڕووەک، تاری و ڕەشن.

ئیتر لە هیچ شوێنێکدا، هیچ شوێنێک

من بەنێوێک، وشەیەک بانگ مەکە، کە ئێستا، تەواوی زمان

[لە ناوی ڕووەکێکدا، بەختەوەرە.

سەختتر لە ڕووەک، دەستم لێبدە، دەستەکانت پێشکەشت دەکەم

ناسکتر لە گیا، بمگرە باوەش، جەستەتم هەرزان

[دەدەمێ.

و ڕۆژگارێک کە ئاشەکان، لە ڕووناکیدا دەگەڕێن،

دەستەکانت لێکدەنێیت، مستت هەروا گرمۆڵە دەکەیت و

ئەم گرمۆڵەیە، مینا دیارییەک

دحەڤینیت.

٦

ئێستاکە چەنێک خوویا ڕووخسارت ئازار دەدات

گوڵەبەڕۆژە- هەتا هیوایێ بپشکوێت!

کەوایە کێ ئەم چاکەیە دەنوێنێت؟ کەی پێستی سیمات بە ماچ،

[شینومۆر بکات

تا ڕووناکی بپەڕژێت و

بە هێواشیی سپاس٤ بکرێت؟

من! من کە ڕامووسانم، ترسناکتر لەیەک واژۆیە.

هەوای زوڵاڵ پشتڕاست دەکەمەوە و ڕاسانم لەسەر کورسییەکە

ئەڕای ماڵاوایی.

شەپۆلێکی سپی، لەگەڵ دەمامک و گوڵەوەنەوشەکان، ڕەگەڵ مووچڕکەیەکی تاسەباری

[گزنگان، وا نێزیک دەبێتەوە، نێزیک.

دەنێو چەڵەمەکاندا، هەوا دەهەستێندرێت، بەڵام دەنگی بەریەککەوتنی

[ئێسک، مایەی خۆشحاڵییە.

ماڵاوا، لەم چرکەساتە کاکێشانییەدا، دووبارە، هەمدیس، ماڵاوا!

و دەنێو ئەم هەموو ڕاستییانەدا

لە بری سوێند بە چنگێک خۆڵ خووڵکی منی کردووە،

سەرەپێیەکانم دەکوتم کە هێزی بیستنی

لە خاکەوە مەیسەر دەکەم.

هەرتک نووکی پێیەکانم.

۷

لە زەویی بێگەرد با هەڵبڕاو نەبێت چاو

کە تەنیا بووکێک، لەپاڵ ژوورەکەدا، دەکۆکێت.

تایبەتمەندیی- غەزالانە – و هەروا ورەش

لەسەر خوان لە پاڵ ئاو داندراون، ئاو نیشانەیەکی مەزنە

بە لەنجەولارێک لە دیمەنێکدا.

لەوێ، لەدووردەست، بە هێواشی باڵدەگریت، بەڵام لەو

[سەرەوەش

نیگای بەربەنەکەت دەکەوێتە سەر شاران.

ئا لێرە-هەر لێرووکانە-ئارام ئارام، دەژەنم، دەنووکە

[لێدەدەم؛ پەنجەی من، لە بێدەنگیی دادپەروەرترە.

و سەما، پاڕانەوەیەکی گیرابووە

لەو دەمەی زەوی دەلەرێتەوە.

٤- خوێندنەوەیەک بۆ شیعری خۆرە (شقاقلوس)ی بێژەن ئیلاهی

محەمەدحوسێن تۆفیق‌زاده

بۆ کوردیی ناوین؛ سۆران محەمەدەسوورە

پێشەکی

لەمەڕ بێژەن ئیلاهی، سێ قۆناخی شیعریم لەبەرچاو گرتووە، یەکێکیان ئەو شیعرانەن کە لە نامیلکەی شیعریدا چاپ بوون؛ شیعری درێژ، ئاڵۆز و ناڕوونن. قۆناخی دووەم ئەو شیعرانە دەگرێتەخۆی کە کورتن و بەراورد بە شیعرەکانی قۆناخی یەکەم پوختترن و هاوئاهەنگییەکی ئۆرگانیکییان پێکەوە هەیە، بەگشتی زیاتر ڕوون و مانادارترن، بەهەرحاڵ قۆناخی سێیەم ئەو شیعرانەی لەخۆ گرتووە، کە لە گۆڤاری “تماشا”دا بڵاوکراونەتەوە، دەکرێت بگوترێت کە لەم شیعرانەدا بێژەن ئیلاهی بەم شێوە سادە و بێگەردیییە، بە تایبەتمەندیی زمانی خۆی گەیشتبێت.

شیعری ‘خۆرە’ لە شیعرەکانی قۆناخی یەکەمی شیعری ئیلاهییە. واتە شیعری ئاڵۆز، درێژ و بەگشتییش ناڕوون. ئیلاهی کاتێک کە ئەم شیعرەی نووسیوە، تەمەنی بیست و دوو ساڵ بووە.

ئەم شیعرە، شیعرێکی درێژی لە حەوت کۆپلە پێکهاتووە، پەیوەندیی نێوانیان هێندە ئاڵۆز و تووناوتوونە، تێگەیشتن لە هاوپەیوەندیی شیعرەکە زۆر سەخت و تاقەتپڕووکێن دەکات. تەنانەت لە خودی کۆپلەکانیشدا، پەیوەندیی نێوان دێڕ، وێنە و کۆڕستەکان ناڕوون و ئاڵۆزن، لە ڕاستییدا ئەوەی دەبێتە هۆی تێگەیشتن لە مژارێک، ئەوە لێکچوونی ئەو مژارەیە لەگەڵ مژاری پێشەخۆی، واتە هەر مژارێک بۆ ئەوەی دەرک بکرێت پەیوەست کراوە بە مژاری پێشەخۆیەوە.

لێ لەم شیعرەدا بێژەن ئیلاهی وێنەگەلێکی ئافراندووە، کە لەسەر خۆیان هەڵچندراون، واتە پەیوەندییان بە ڕابوردووەوە نییە، پێش ئەوە وەها وێنەگەلێک لە ئارادا نەبوون، کە بکارین بەپشتبەستن بە وێنەگەلی ڕابوردووەوە، مەبەستی وێنە نوێیەکانی هەڵبهێنجین، بە شێوەیەک ئەم وێنانە نە لەم شیعرە و نە لە شیعرەکانی دیکەیدا دووبارە نەبوونەتەوە و نابنەوە. ئەم یەکجارە “ناوازەییبوون”ی وێنە، -دووبارە نەبوونەوەی وێنە-، پێدەچێت گرینگترین هۆکاری لێڵیی و ناڕوونیی شیعری قۆناخی یەکەمی ئیلاهی بێت. ئەم تاقانەبوونەی وێنە، ئەم بێدووبارەیییەی وێنە، لەوانەیە لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی مۆدێرن بێت، ئەدەبی مۆدێرن لە تەوای جیهاندا. ئەدەبێک کە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ نەریت، ڕابوردوو و وێنەی پێشەخۆی هەڵپەساردووە و وێنەی نوێ دەئافرێنێت، کە پەیوەست بە خۆیانن، دووبارە نابنەوە و دووبارە نین.

بە شێوەیەک کە شاعیر دەیەوێت تاکایەتی و نامۆییی شیعرەکەی بەدرووستکردنی وێنەی نوێ پێشان بدات، لەم شیعرەدا نە ڕۆژگار، نە شوێن و نە دیمەن ئا لەمانە هیچ کامێک بەردەوامییان نییە. ئەمەش بە مانای ئەوەی کە ئەو وێنەیەی لە کۆپلەی یەکەمدا دەیبینین، ئیتر دووبارە نابێتەوە، ئەو وێنەیەیش کە لە کۆپلەی شەشەم یان حەوتەمدا دەیبینین، دەلوێت کە پێشەخۆی لە خودی شیعرەکەدا هیچ پاشخانێکی نەبووبێت، وەک بڵێیت شیعرێکە پێکهاتوو لە چەند ئیماژ یان کۆلاژێک لە چەند ئیماژ، ئەم داشکانەوەیە ڕووەو ئیماژ، خواستێکی تەواو مۆدێرنانەیە. ئەو شاعیرانەی بۆنموونە ت. س. ئیلیەت یان ئێزرا پاوەند، کە پێشەنگ و ڕێبەری شیعری مۆدێرنی جیهانن، گرنگییەکی زۆر بە وێنە دەدەن، گرنگییەکی زۆر بە ئیماژ دەدەن. ئیماژ وێنەیەکی جێگیرە، کە هیچ جووڵەیەک تێیدا لەئارادا نییە، شیکردنەوەیەکی بابەتییانە، بەشەکی و هەستپێکراوی شتەکانە.

شاعیر بە خستنەڕووی ئیماژ، هەر تەنێ لە هەوڵی ئەوەدا نییە هەستەکانی خۆی بە خوێنەر پێشکەش بکات، بەڵکوو گەرەکییەتی ئەو ئۆبژەیە، ئەو شتە بە تەواوی بوونی خۆیەوە، دووبارە بە زمان بیسازێنێتەوە، وێنەیەک لەو ئۆبژەیە بخاتەڕوو/ پێشکەش بکات، کە پێشتر لە ئارادا نەبووە. هەر لەبەر ئەمەشە کە پەیوەندیی ئەو وێنەیە لەگەڵ دونیای دەرەوەدا دەپچڕێت. بۆیە ئیلیەت لە پێشنیازەکەی بۆ ڕەخنەگری ئەدەبیدا یێژێت: پێویستە سرنج لەسەر خودی شیعرەکە بێت. ئەوە خودی شیعرەکەیە، کە نوێنەرایەتی و گوزارشت لە خودی خۆی دەکات. گرینگ نییە کە تۆ بزانیت ژینگەی شاعیر چ ژینگەیەک بووە و لە چ دۆخێکدا یان لە چ تەمەنێکدا ئەم شیعرەی نووسیووە، لە کاتێکدا شیعرەکە دیاردەیەکی تەواو جیاواز و دابڕاو بێت لە ژینگەکەی، تەنانەت لە خودی شاعیر جوودا بووبێتەوە، نە وێنەیەکی دووبارەی تێدا بەدی بکرێت، نە پەیوەندییەکی لەگەڵ وێنەکانی پێشەخۆی هەبێت، تەنانەت بە شێوە و پێکهاتەی شیعرەکەش نائاشنایە؛ کاتێک هەموو ئەمانە لە یەک شیعردا هەبن، خوێندنەوە و تێگەییشتن لێی کارێکی سەخت دەبێت.

گەرەکە خوێنەر و بیسەری شیعری مۆدێرن؛ خوێنەری چالاک و بەتوانست بێت، ئەگەر نا ناتوانێت لە شیعرەکە تێبگات، دەبێت بتوانێت هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ شیعرەکە بڕوات، وێنەکان وێنا بکات، بەگشتی کۆی شیعرەکە دووبارە دابڕێژێتەوە. خوێندنەوەی شیعری مۆدێرن زۆر جیاوازە لە خوێندنەوەی شیعری نەریتیی و باو، تەنانەت لە شیعری هاوچەرخی ئێمەدا [فارسی] خوێندنەوەی شیعری نیما یوشیج یان ئەحمەدی شاملوو یان شاعیرانی دیکە، کە شاعیری نوێخوازی ئێمەن، شیعر شێوازی خوێندنەوەی خۆی لەگەڵ خۆی دەئافرێنێت، خوێنەری ئەم شیعرە -خوێنەری شیعری مۆدێرن- گەرەکە شیعرەکە بەو جۆرە بخوێنێتەوە کە لە شیعرەکەدا هەیە، وەک ئەوەی شیعری مۆدێرن بیەوێت خوێنەر بەشدار بێت لە بەرهەمهێنانەوەی شیعرەکە و مانا لە شیعرەکەدا، لە دووماهییدا خوێنەری شیعری مۆدێرن هەر خوێنەرێکی ڕووت و دەستبەستراو نییە، هەموو کەسێکیش ناتوانێت شیعری مۆدێرن بخوێنێتەوە و لە چێژی ئەدەبی شیعرەکە چێژ و کەڵک وەربگرێت.

دەبا بگەڕێینەوە بۆ لای شیعری ‘خۆرە’، ئەم شیعرە کۆلاژێکە لە چەند ئیماژ، وێنەیەک کە پاڵیەکخراون لە پارچەکاندا یان لە کۆپلەی جیاوازدا پێکەوە هاتوون، کە بەڕواڵەت هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە، بە جۆرێک لەم تاریکایییەدا ڕووناکیدانەوەی شیعرەکە بەسەر چەند تابلۆ و وێنەوە پەڕش بووبێتەوە، وێنەیل بۆ وشەیەک، ئاماژەیەک، یانیش دێڕێک یان کۆپلەیەک ڕوون دەکاتەوە و دواتر ئەم وێنانە ون دەبن، بەبێ ئەوەی دەرک بەوە بکەین، کە پەیوەندیی نێوان ئەم وێنانە بەڕاستی چی بووە، بەبێ ئەوەی بتوانین تاڵێک لە پەیوەندیی نێوان ئەم وێنانە هەڵبهێنجین و بدۆزینەوە، بەشێوەیەک کە ئەم وێنانە لە شیکردنەوە و مانا لایان دابێت، ڕێک لەو چرکەیەدا کە خوێنەر یان بەردەنگ هەست بکات کە ماناکەی هەڵهێناوە؛ ئەوە شیعرەکە دەرگە بەسەر وێنەیەکی نوێدا ئاوەڵا دەکاتەوە و مانایەکی دیکە بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە.

بەڵام لە مێشکی شاعیردا پەیوەندییەک لەنێوان ئەم وێنانەدا هەر هەبووە، ئەگەر نا بەسەریەکەوە و لە شیعرێکدا نەیدەخستنەڕوو، ڕەنگە یەکەم دەستپێکمان بۆ کردنەوەی ئەم گڵۆڵە ئاڵۆز و سەرلێشێوێنەرەی شیعری ‘خۆرە’ ناوی خودی شیعرەکە بێت. خۆرە “شقاقلوس” کە لە وشەی سێفاکلۆس وەرگیراوە، جۆرێک نەخۆشییە، بەهۆی ئەم جۆرە نەخۆشییەوە، بەشێکی جەستە دەمرێت و دادەڕزێت، چارەسەرکردنیش لە سەختترین دۆخدا بڕینەوەی ئەو بەشەیە کە مردووە. بۆیە دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین، کە بێژەن ئیلاهی ئا هەر لەم ڕووەوە ئەم شیعرەی ناوناوە، چونکە ئەم شیعرە گوزارشت یان شاردنەوەی ئاوها دۆخێکە. دۆخێک کە بەشێک لە کۆی بەشەکی مردوو، کە پەیوەندیی دەگەڵ ئەو تەکووز “سیستەم” و پێکهاتە پچڕاوەدایە کە وا بڕیارە ببڕدرێت و فڕێ بدرێت؛ دەبێت جیابکرێتەوە. کاتێک هەر لە دەستپێکەوە لە کۆپلەی یەکەمڕا لە شیعرەکە بنواڕین تا دوا کۆپلەی کە کۆپلەی حەوتەمە، ئەوە تێدەگەین کە ڕەنگە ئەم ناوە، هەمان وشە، هەمان ئەم دۆخە بێت، کە ئەم ناوە دەخاتە مێشکی خوێنەرەوە، دەتوانێت هەموو ئەم وێنە دوورانە بەیەکەوە ببەستێتەوە و یەکەیەکی تۆکمە درووست بکات.

بە شێوەیەک کە شاعیر بارودۆخێک دەرببڕێت، تەکووزێک پێشان بدات، جەستەیەک بەرچاو بخات، جەستەی یەک جەستە، پەیوەندییەکی نێوان کەسایەتییەک و یەکێک لەو ئەندامانەی کە تووشی ئەم داڕزاویی شوێنییە (مردنی خۆجێیی-مرگ موضعی) بووە، گەرەکە ئێستاش ئەو ئەندام یان بەشەی کە داڕزاویی شوێنی هەیە، ئەو بەشەی کە گەندەڵ بووە، ببڕدرێت و لەم یەکبوونییەدا داببڕێندرێت. دەکرێت وەها وێنا بکرێت، کە ئەم ناوونیشانە دەمانباتە سەر ئەو تێگە (چەمک) هەمەکییەی کە لەم شیعرەدا لەئارادایە، جیاکردنەوەی زۆرەکی لە پەیوەندییەکی نێوان کەسیدا. ئەو دابڕانەی کە لەگەڵ دەرکەوتنی ڕووناکییدا دەئافرێت، بوومەلەرزەیەک کە خانووەکان تەفروتوونا دەکات، مردنێک کە پشووسوارانە بە شیودا ڕادەبرێت و گەرووەکە (دۆڵ) زیوڕەخشان دەکات، بەسەریەکیشەوە؛ خوداحافیزی و ماڵاواییکردنێک.

یەکەم

شەرم لە ڕووناکیدایە و ئا ئەمەش، دووماهیی هەر ئاخافتنێکە،

هاوسەرم!

پیا تۆم بە ڕووناکیی سپاردە، کە جەستەیەکی  فرە بێگەردی هەبوو،

وەرە لەنێو بیابان، ل دو ئەڵقە ونبووەکە بگەڕێ،

کە ئێستاکانێ، با دەنێویدا دەگڤڤێنێت.

ئەڵقەی هاوسەرگری، لەنێو بیابانێکی بێهەتەر، بێهەتەر؛ کە ئێدی شتێک نییە،

[ئەمە هەموویەتی

مەگەر سێگۆشەیەکی کۆنی چکۆلە، سێگۆشەیەکی لە قەلەڕەشان

کەوتووی

ناو سەنگەرێک!

و بەم بەربەیانە کە دووپشک -خوشکە بێنیازەکەم- بەختی

[کەفاویی هەست پێکردووە،

لە نەیدا هەوا هەڵدەخولێت، هەروا لە دووندی کەژا.

لەم شیعرەدا ڕووناکی کە لە کۆپلەکانی یەکەم، دووەم، پێنجەم و شەشەمدا دەیبینین، یەکێکە لە وشە وەربارەکان. ئەو کاریگەرییەی کە ڕووناکی بەدرێژاییی ئەم شیعرە دەیگێڕێت، سەرەتای لێکهەڵبڕان و جوودایییە. ئەو دەمەی ڕووناکی دەکەوێت، کاتێک کە بەیانییە، لێکهەڵبڕان پێش دێت. لەم نیوەدێڕەدا “شەرم لە ڕووناکیدایە و ئا ئەمەش، دووماهیی هەر ئاخافتنێکە“، ئەو دەمەی کە ڕووناکی دادەکات: شەرم پێش دێت. تا ئێرە تاریکایی بوو و شەرمێک لەئارادا نەبوو، بەڵام هەر کە ڕووناکی دەکەوێت، شەرم سەرهەڵدەدات، ئا لێرەوە گوفتاریش دووماهی لێدێت. ئا لێرەدا کۆتایی پەیوەندی ڕادەگەیێنێت؛ ئەڵقەی هاوسەرگری لە ناو بیابانێکی کاکی بەکاکی ون بووە؛ لە بیابانێکی قاقڕ، کە جگە لە سەنگەرێک هیچ شتێکی دیکەی تێدا نییە، سەنگەرێک کە تەرمی سێ قەلەڕەشی بەشێوەی سێگۆشە لەخۆ گرتووە.

لەم وێنە شیعرییەدا ئێمە وەک خوێنەر چی هەڵدەهێنجین؟ دووبارە بۆ بەشە پیکهێنەرەکانی وێنەکە دەگەڕێینەوە و پێیدادەچینەوە، سەنگەرێک کە بەشێوەی سێگۆشە تەرمی سێ دانە قەڵەڕەشی تێکەوتووە. سەنگەر پەناگەیەکە لە شەڕدا، هاوکات تەرمی ئەم قەلەڕەشانە لە وەها سەنگەرێک کەوتوون، وەک بڵێیت کە لەم شوێنەدا سەنگەریان گرتبێت و شەڕیان کردبێت، بەڵام قەلەڕەش لەگەڵ چ شتێک دەتوانێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت و بجەنگێت! یان دەتوانین چ کار و پەرچەکردارێکی لێ چاوەڕوان بکەین، کە وێنای جەنگی لێ بەدی بکەین! قەلەڕەش لە چاندی (کولتووری) ئێمەدا هێمای هەواڵدان و شوومییە، بە سرنجدانمان لە درێژاییی شیعرەکەدا، بەتایبەت سرنجدان لە مژارێک کە شاعیر لەمەڕ ناو و زمانەوە دەیخاتەڕوو، تەنانەت هەر لە دێڕی یەکەمدا “دووماهیی هەر ئاخفتنێکە” و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیش کە قەلەڕەش پەیڤەکە سەتبارە دەکاتەوە و هەواڵگری دەکات؛ وەک ئەوە وایە کە ئەم سەنگەرە پەناگەی دوان و گوفتار بووبێت، پەناگەی ئاخافتن بووە. ئێستا ئەوەی کە ئەم سەتجارەکییەی گوفتارە دەردەخات، سەلمێنەری ئەم هاواڵگری و گوفتارانە دەکات، دەرخەری گوفتاری شوومە، سڕاوەتەوە و نەماوە. ڕووناکییەک وەدەرکەوت و لەگەڵ خۆیدا تاریکیی نێو سەنگەرەکەی ڕاماڵی و برد. لە لایەکی ترەوە وشەی سێگۆشەمان هەیە، کە وێنەیەکی تیژ و زبراوییمان پێشان دەدات، پێمان یێژێت سێگۆشەیەکی بچووکی کۆن، لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە قسەی شووم، دووبارەبووەوەیی و تووندوتیژانە، لەناو خودی سەنگەرەکەدا لەبەینچوون.

لێرەدا زمان لە ڕووناکیدا کۆتایی پێ هاتووە و هاوکات شەرم پێش بەم زمانە دەگرێت و ڕێبەست بۆ ئاخافتن چێ دەکات. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی پیاوەکە لە ڕووناکیدایە، ئەم شەرمەش تەواوی ئەم پیاوەی تەنیووە. ئەمە چ کاتێک پێشدێت: بەربەیان، کەوتنی ڕووناکی، ئەو ساتەیە کە ناپووختی، ناهاوێری و چڕی لەلایەن بەختکوێرییەوە (بەختی کەفاویی) دەرک کراوە، وێنەیەک کە گوزارشتی ئەمە هەڵدەهێنێت و پێشانمان دەدات، وێنەیەکی نامۆ و غەریبە، “بەم بەربەیانە کە دووپشک-خوشکە بێنیازەکەم- بەختی کەفاوی هەست پێکردووە”. دەکرێت بۆ ئەم وێنە شیعرییە دوو ڕاڤە لەبەرچاو بگیردرێت: یەکێکیان ئەمەیە کە تەنانەت دووپشکیش کە بێباکە و نیازداری هیچ شتێک نییە، کەفاوی و بەختپووچی دەرک کردووە. لەلایەکەی دیکەوە گەرەکە ئەوە لەبەرچاو بگیردرێت؛ کاتێک کە دووپشک بە کەسێک وەدەدات یان چزووی پێڕۆدەکات، ئەوە ڕێک کەف لەنێو زاری ئەو کەسە کۆ دەبێتەوە، لەوڕا دەکرێت ئا بەم شێوەیە ئەم وێنەیە دەرببڕێندرێت و هەڵبهێندرێت؛ لەو بەربەیانەی کە دووپشک هەستی بە بەختەوەری کردووە، بەجۆرێک چزووی بە بەختدا ڕۆکردووە و بەختیش لە پێوەدانی ئەم دووپشکە، کەفی هەڵهێناوە و لە ئاویلکەداندایە.

ڕەشیەتیی دووپشک لەگەڵ سپیەتیی بەربەیان، هاوکات لەلایەکی دیکەشەوە ڕەشیەتیی دووپشک لەگەڵ بەخت، کە چارەڕەشی و کوێرەوەری گوزارشت دەکەن و دەنوێنن، پێویستە لەبەرچاو بگیردرێن. بەشێوەیەکی گشتی ئەو وێنەیە لە کات، کە لەم کۆپلەیەدا دەیبینین، بەربەیانێکە کە بەختێکی کەفاوی تێدایە، بەختێکی کەفاوی هەڵهێناوە، بەربەیانێک کە تێیدا هەست بە ناپاڵاوتەیی، ناپاکی و بێمانایی دەکرێت. لە کۆتا دێڕیشدا، فەزای گشتیی شیعرەکەمان بۆ وێنا دەکاتەوە؛ “لە نەیدا هەوا هەڵدەخولێت، هەروا لە دووندی کەژا“. ئەم وێنە شیعرییە دەتوانێت وێنەیەک لە قامیشەڵانمان بۆ بەرچاو بخات، کە با دەنێویدا خول دەخوات و ڕووەو دۆڵ، باسک و زینووی کێوان هەڵدەگەڕێت. لەلایەکی دیکەشەوە دەنگی سۆزاویی نەی بیر دەخەمەوە، کە با لە نەی و ملەی شاخەکاندا لوول دەخوات.

کۆپلەی یەکەمی شیعرەکە، خویاکەر یان ڤەشارتنی دەستپێکی ئەم دۆخەیەیە، دەستپێکی ساتەوەختی لێکهەڵبڕان. بیابانێکمان بەرچاو دەخات، کە لەوێدا ئەڵقەی هاوسەرگری تێدا وەندا بووە و با تێیدا دەگڤڤێنێت، بەربەیانێک کە بەختکەفاوی، بەختکوێری، پووچی، کڵۆڵی و چارەڕەشی هەست پێ دەکرێت، شەرم و ڕووناکییش دووماهیی هەر جۆرە ئاخافتنێک ڕادەگەیێنێت.

دووەم

خانووەکان دادەڕمێن.

ئەم کەرەکێوییانە، کە بە کەفی ڕوونی دەمیان، بلەز ڕادەکەن،

لە قاچی باریکەڵەماندا سەمایان چەند چاک، پێشبینی

[کردگە!

بەسەر وێرانییەکاندا بەنی کۆلارەیەک لە فڕین

[ناکەوێت

لەنێو دەستی منداڵێکی جوانکیلە، منداڵێکی مردوو.

هەنووکە بەر لە باران، زەوییەکی وشک و برینگ دهێتە ناسکرن،

[کە لەودا

ڕووەک، بە تێکڕایی ناودێرکراون.

و بێدەنگیی  وچانی نێوان ئەم دوو دڵۆپەیەش، کە لە میچی شکەفتەکە

[دەتکێت،

ڕێزلێنانێکە لە تۆ، تۆی منداڵم. کە بەسەر مەرگتدا

کەمێ ڕابوریوە،

ڕێزگرتنێکە لە سەما.

لە وچانەکەدا، لەنێوان دوو دڵۆپی دووماهی، لەپڕ قۆچکەی

[هەموو جڕوجانەوەران

لە ترسانا دتاییسێن.

ئاو دەخۆمەوە و پیاڵەیەکیش دەپڕژێنمە میچەکە

ئەوەی کە لەم کۆپلەیەدا دەخرێتەڕوو، لە دوا کۆپلەدا -کۆپلەی حەوتەم- بەردەوامی پێدەدرێت، بوومەلەرزە و باران، کە لەم کۆپلەیەدا تەکەزی خراوەتەسەر، لەوێدا –لە کۆپلەی حەوتەمدا– ڕوویداوە، گێڕانەوەی دوای ئەوەش هەر لە کۆپلەی حەوتەمدا تێیهەڵدەنگوین. بوومەلەرزەیەک دێت، خانووەکان دادەڕمێن و کەرەکێوییەکان، کە لە هەڵاتندان؛ نیشانە و دەرخەری ئەم بوویەرەن. ئەمەش ئەو بڕوایە پشتڕاست دەکاتەوە، کە گیانەوەران هەست بە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە دەکەن، هەر ئەمەی کە کەرەکێوییەکان وەها پێشبینییەکیان کردووە، هەمان شت پێشان دەدات. بەڵام ئەو (شاعیر) خۆی لە بەکارهێنانی وشەی بوومەلەرزە دەبوێرێت، لەپای ئەوەدا سوود لە وشەی سەما وەردەگرێت، لەجیاتی بڵێت؛ کەرەکێوییەکان پێشبینیی بوومەلەرزە دەکەن، ئەوە یێژێت لە قاچە لاواز و باریکەڵەکانماندا سەمایان پێشبینی کردووە. هاوکاتیش لە کۆپلەی حەوتەمدا دەبینین، کە خودی سەما نزایەکی گیرابووە، لەو دەمەی کە زەمین دەلەرزێت، بە شێوەیەک کە پێویستیی ئێمە سەماکردن بووبێت و بوومەلەرزەکەش گیرابوونی نزاکەمان بووبێت. بەڵام چ شتێک لەم بوومەلەرزەیە دەمێنێتەوە؟ خانووەکان کە وا وێران دەبن و بەسەر ئەم وێرانییەشدا تەنیا کۆلارەیەک لە باڵەفڕەدایە، کۆلارەیەک کە بەنەکەی لە دەستی زارۆکێکی جوانکیلکەی مردوودایە.

منداڵەکە گیان دەسپێرێت و کۆلارەکەش تاقە نیشانەی بوونەکەیەتی، منداڵەکە، بێگەردی، چێژی کایە، سەرگەرمی و شادی … هەموو ئا ئەمانە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە نامێنن، تەنێ یەک نیشانەی لێ دەمێنێتەوە، ئەویش ئەو کۆلارەیەیە کە لە دەستی با دایە. دەکرێت بەم شێوەیە وێنای بکەین، کە تەنیا شتێک کە لە مەرگ دەمێنێتەوە، تاکە شتێک کە دوای مەرگ لەسەر پێیە و دەژیێت، خۆشی و شادییە، کۆلارەیەک کە بەسەر وێرانییەکانەوەیە، لە وێرانییەکان ئازاد و ڕزگار بووە.

لەهەمانکاتدا سەرەداوەکە؛ دەستپێکی ئەم خۆشیی و شادییە؛ لە دەستی منداڵە جوانکیلەکەدایە. بەم ئەگەرەوە کە منداڵەکە مردووە، بەڵام کۆلارەکە هەر بەردەوامە. ئەو شادی، چێژ و سەرمەستییە هەر بەردەوامە. بەگوێرەی کۆپلەی سێیەمی شیعرەکە، دەکرێت کە خۆشی و مەرگ ئاوێزانی یەککراون و بەشێوەیەک وا دیارە مەرگ بەر تەشەر و گاڵتە گیراوە. بۆیە دەکرێت ئەم مژارە بە یەکێک لە سەرواتا (واتای سەرەکی- بنمایە)کانی ئەم شیعرە دابنێین، بە وەلاوەخستنی مەرگ. وێنەی دواتر کە هەر لەم کۆپلەیەدایە، خاک وشکهەڵاتوو وێناکراوە، بەڵام وشکیی ئەم خاکە، وشکییەکی ئاسایی نییە، وشکییەکە کە بەرەنجامی زمان و ناونانە، خاکێکی وشکهەڵاتووە، کە ڕووەکەکانی ناویان لێندراوە و ناونراون. ئەگەریش وایە، باران بەسەر ئەم خاکەدا دابکات و بیشوواتەوە، پێدەچێت باران بەسەر ئەم خاکە وشکهەڵاتووەدا دابکات، کە لەژێر کاریگەریی ناوی وشک بوو و ڕێسابەندیی زمان؛ وشکهەڵاتووە؛ دابکات و ئەم وشکییە ڕابماڵێت. ئەمە بارانە کە گەرەکییەتی وشکیی زمان بسڕێتەوە.

وێنەی دواتر لەناو ئەشکەوتێکدایە، کە لە میچەکەیەوە دڵۆپ دەتکێت، شاعیر یێژێت لەنێوان دڵۆپەکاندا وچانێک هەیە، وچانێک کە لەنێوان هەر تنۆکە ئاوێکدا کە لە میچەکەوەیە و هەیە، ئەم وچانە، ئەم بێدەنگییە، بێدەنگییەکە بۆ ڕێزگرتن لە مەرگ، ڕێزگرتن لە مەرگی منداڵیی من، ڕێزگرتن لەو مەرگەی کە لە بەرداوامیی لەگەڵ بوومەلەرزەکەدا پێشدێت. بەشێوەیەک کە وا ئەم بێدەنگییە خەریکە ئەم بوویەرە پێشبینی دەکات، ئەم بێدەنگییە خەریکە مەرگ و بوومەلەرزە، تەنانەت ئەو سەمایەش، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە پێش دێت، پێشبینی دەکات، چرکە بە چرکەش بێدەنگ دەبێت و ڕێز لەو بوویەرانە دەگرێت. بۆچی ڕێز دەنوێنێت؟ چونکە لە بەرەنجامی ئەو بوومەلەرزەیە، وێرانبوونی خانووەکان و بارینی ئەو بارانەی کە وشکیی زمان ناهێڵێت، بەجۆرێکە کە دەمامکەکان نامێنن، ئازادیی لەدایک دەبێت، کۆلارەیەکیش بەسەر وێرانییەکانەوە تەنیا و ئازاد، دابڕاو لە وێرانییەکان ڕوو بەئاڕاستەی خۆی مل دەنێت؛ ئازادییەکی مەستاوی، مەرگێک، کە لە بەردەوامیی خۆیدا سەرخۆش و ئازادە؛ دەیەوێت ئا لەمە ڕێز بنوێنێت، وەک بڵێیت ڕێزنواندن بێت لە دۆخی هاودژیی و دژبەیەکیی سەما لە ساتەوەختی بوومەلەرزەدا؛ شادی لە ساتەوەختی مەرگدا. ئا ئەم هەستە مەست و ئازادانەیەیە، کە ئەم بێدەنگییە ڕێزی بۆ دەنوێنێت.

وێنەی دوای ئەمە هەر لە ئەشکەوتەکەدا درێژە دەکێشێت، لە وچانی نێوان هەردووک تنۆکی کۆتاییدا، کتوپڕ قۆچکە (شاهەستەوەر)ی هەموو جڕوجانەوەرەکان لە ترساندا دەترووسکێنەوە، لە دەستپێکی کۆپلەکەدا کەرەکێوییەکانمان بینین کە کەفێکی ڕوون (ڕووناک) لەسەر زاریان هەیە، بە ئاگان و کەفی ڕوونی سەر دەمیان، خۆشی و مەستی، جۆشوخرۆش و تامەزرۆییی نوور و ڕووناکیش کە هۆشیارییەکی نوێیە. کەرەکێوییەکان پێشبینیی مەرگ، بوومەلەرزە و هەروەها بارانیش دەکەن. لێرەدا جڕوجانەوەرەکان کتوپڕ بەئاگادێن و قۆچکەکانیان دەبڕیقێتەوە. بەڵام لە ترساندا، ترس لەو بوویەرانەی کە وا بڕیارە پێشبێن. دوو دڵۆپەی کۆتایی، کە بەرەو تەواوبوون دەچن، بەجۆرێک وەک بڵێیت ئەوا ئێستاکانێ ئەم ڕووداوە دەقەومێت، بەڵام شاعیر چ پەرچەکردارێکی هەیە؟ ئاو دەخۆمەوە، قوومێکیشی بە میچەکەدا دەپڕژێنم. ئێمە وەها چۆڕپڕژاندنێک لە نەریتی مەیخۆریدا دەبینین، کە پیاڵەیەک مەی بەسەر خاکدا دەپڕژێندرێت؛ بە یادی مردووان. شاعیر زۆر بەئاسانی یێژێت: لە وەها دۆخێکدا من ئاو دەخۆمەوە، زۆر بە ئاسانی و ئارامانە ئەم ڕاستییانە قەبووڵ دەکەم، نەک هەر تەنیا ئەمەش دەکەم، بەڵکوو ڕەفتارێکی سەرخۆشانە و نوێش ئەنجام دەدەم، پیاڵەیەک ئاو دەپڕژێنمە میچەکە. میچێک، کە تا ئێستا تنۆک تنۆک ئاوی لێ دەتکا، ئەمجارە منیش پیاڵەیەکی دەپڕژێنمە میچەکەوە، هەڵبەت بەیادی مەرگی خۆم، بە یادی داڕووخانی ئەم خانووانە، بە یادی مەرگی منداڵییم، منیش ئا بەم شێوەیە ڕێزی خۆم دەنوێنم، دۆخێکی سەرخۆشانە، چۆڕپڕژاندن. ئەم ڕستەیە لەدرێژەی ڕستەی پێشدا هەواڵ لە بوویەرێک، لە مەرگ و لە جوودایی دەدات.

سێیەم

یەکجار دوور، گەلێ دوورتر، فلووسێکم کەفتگە ژێر خاچ.

ئەرێ ڕۆژە؟

لە تاو قرچەی گەرما، ڕووبەند لادەدەین. وەڕێدەکەوین

بۆ دووردەست، بۆ وێ.

لەژێر خاچەکەدا هێلکەیەک بەش دەکەین و ب هەڤڕا دەیخۆین:

[بەخۆشیی!

مەرگیش، بە هەناسەبڕکێ شیوەکە زیویین دەنەخشێنێت.

دوورتر، قەوانی مۆسیقا، لەژێر سەتان نینۆکی تەمگرتووی جواندا

[دەخولێتەوە،

و دەنگیش، هەمان دەنگ:

ئەرێ ڕۆژە؟

ئەم کۆپلەیە لە ڕوواڵەتدا پەیوەندیی لەگەڵ کۆپلەکانی پێشەوەدا نییە، بەڵام ئەوە کاتێک ئەم پەیوەندییە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەو مژارەی لە کۆپلەکەدا هەیە، لەگەڵ درێژەی مژاری کۆپلەی پێشەخۆی لەبەرچاو بگرین. ئەمە بە چ مانایەک دێت؟ لەکۆپلەی پێشدا شادی و دڵخۆشیمان لە دەمی مەرگدا بینی، سەمامان لە دەمی بوومەلەرزەدا بینی، هەروەها لەم کۆپلەیەشدا خاچێک دەبینین، کە شادی و مەستی لەژێریدا سەرهەڵدەدات. لە کاتێکدا مەرگ شیوەکە زیوڕەخشان دەکات و لە بەربەیانیشدا مردن دهێت، هەر لەژێر ئا ئەو خاچەدا، ئێمە هێلکەیەک دووکەرت دەکەین و بە خۆشییەوە دەیخۆین.

وێنەی دووکەرتکردن و خواردنی هێلکەکە؛ بەخۆشی، هاوکات بەدەم مەرگەوە لەژێر خاچەکەدا، وێنەیەکی دیکە لەمەڕ خۆشحاڵییەوە هەیە، کە لەمەڕ مەرگ وێنەیەکی تری تەوساوییە، چونکە وا بڕیارە هێلکە بوونێکی نوێ بە دونیا بهێنێت، وەک ئەوەی بوونێکی کۆکراوەی هێلکە، بوونێک کە لە قەپێلکێکدا جێکەوتووە. ئێمە لەژێر خاچەکەدا وێستاوین، مەرگیش کەشەکە دەڕەنگێنێت، تەنانەت لە هەمان ساتدا، ئێمە بوون؛ ئەو بوونە گوشراوەیە دووکەرت دەکەین و ب هەڤڕا دەیخۆین، دۆخی خواردنەکەش بە کەیف، مەستی و شادییەوەیە، وەک بڵێیت کە ئێمە لەگەڵ بوون و مەرگ، ژیان و مردن سەرمەستانە لە بەرخورد داین.

خاڵێکی دیکە، کە لەم کۆپلەیەدا جێگەی سرنجدانە و لە کۆپلەی شەشەمیشدا بە شێوەی جیاواز خراوەتەڕوو؛ ئەمیش دەمامکە. لەم کۆپلەیەدا بە هۆکاری گەرمیی زۆرەوە، دەمامکەکانمان وەلاوە دەنێین. ئاخۆ ئەم گەرمایە بەرەنجامی چی بێت؟ دەکرێت بەرەنجامی ئەم مەستی و شادییە بێت، ئێمە دەمامکەکانمان لەم دەمەی مەستییەدا فڕێ دەدەین و دەبین بە خۆمان، خودی ڕاستینەمان دەردەخەین، بەبێ هیچ دەمامک و فریودانێک، بەبێ ئەوەی نکوڵی لە خۆمان بکەین، لەژێر خاچەکەدا بە ساغڵەمییەوە بوون بەش دەکەین و بە خۆشی و حەنەکەوە دەیخۆین.

دەمی ئەم بوویەرانە هەمان بەربەیانە. هاوکات دووجار پرسیار دەکرێت کە ئاخۆ ڕۆژە؟ تەنانەت ئەو دەنگەی کە لە قەوانی مۆسیقاوە دێت، هەر هەمان دەنگی هەیە، هەمان ڕستە یێژێت، ئایا ڕۆژە؟ بە جۆرێک کە هێشتا ڕۆژ نەبووبێتەوە، دیارە هێشتا هەمان ئەو بەربەیانەیە کە لە دەستپێکی شیعرەکەدا هەیە. کەوایە ئەو هێڵەی کە دەتوانێت ئەم کۆپلەیە بە کۆپلەکانی پێشەوە ببەستێتەوە، سەرواتای ئەم کۆپلەیەیە، واتە شادی و کەیفسازیی بەدەم مەرگەوە.

چوارەم

من بیرێکم پەروەراندووە کە بە ئاو ناگات،

لێ چ تاریکایییەکی جوان! لەو دیو، تاریکایی ژێر زەوییەکە،

[چاڵاوێکی کەندووە؛ کە لە ڕووخسارم هەڵدەنگوێت

من ئاوم، ئاو! و ڕەشتاڵانی کەساس، بەر لە نوێژ، بەدوای مندا

[هەڵوەدان.

تەماشایەکی ئاسمان، تەیارم دەکات کە بێدەنگ بم.

و لەنێو بێنی دڕاوا، چەکێکی ئاوڕەنگ بدۆزمەوە.

ئەو دەمەی کە ئاو، بە ڕەنگی خۆی هەڵدەشاخێت، من ئەوم،

[ئەو چرکەساتەم.

ڕەنگی ئاویش، چەند زێتر لە ئاو ڕۆبچێت،

زیندووتر دەبێت: شینتر!

پەیوەندیی ئەم کۆپلەیە بە کۆپلەکانی پێشەخۆی، لە تێکڕای کۆپلەکانی دیکە لێڵترە. لەم کۆپلەیەدا شوێنەوارێک لە لایەنەکەی دیکە نابیندرێت و شاعیر تەنیا خۆبێژی دەکات. بیرێک کە هەڵمکەندووە بە ئاو ناگات، بەڵام تاریکایی، تاریکاییی ژێر زەوی، لەژێڵڵا چاڵێکی لێداوە، وا پێدەچێت کۆتاییی ئەم چاڵە بە ڕووخساری من بگات، ڕوخساری منیش ئاوە، ڕوخسارم کە ڕووناکی، بێگەردی و پاکییە، ڕوخساری من ئەو ئاوەیە کە دەستنوێژی لەسەر دەگرن، ئاوێکە کە خەڵک پاکژ دەکاتەوە و تەیاریان دەکات بۆ چرکەساتی پیرۆز، وەک بڵێیت گەرەکی نەبووبێت کە بیرێک لێ بدەم، پێویستی نەکردبێت هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ئاو بدەم، خودی ڕوخساری من ئاو بووە. ئەمەشم لە تاریکاییدا بۆ هەڵهێندراوە.

لە ئاسمان هەڵدەنۆڕم و بێدەنگ دەبم، بەشێوەیەک کە ئاسمان ڕێگەی بێدەنگیم پێشان بدات، ئاسمان تەیارم دەکات کە بێدەنگ بم، تا بتوانم بێدەنگ بم، هەتا ئەگەر چەکیشم پێویست بێت، چەکێک لە ڕەنگی ئاو بەدەست بخەم، ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کە ئاسمان پێشانم دەدات، ئەمە ئەو شتەیە، کە ئاسمان بۆیم تەیار دەکات؛ بێدەنگی و بەدەستخستنی چەکێک لە ڕەنگی ئاو. بەڵام ئەم چەکە ئاوڕەنگییە لە کوێ بدۆزمەوە؟ لەنێو قوڕگە دڕاوەکان، گەرووی هەڵدڕاو، دڕاو و لەبەریەکچوو، پارچەپارچە و لەتوکوت کراو، لەکارکەوتوو، کە  بێدەنگی تێیاندا دەژیێت، دەبێت چەکی ئاوڕەنگم لە بێدەنگیی ئەم گەروو (قوڕگ)ـە بێدەنگانەوە مەیسەر بکەم.

لە کۆتاییی ئەم کۆپلەیەدا، دیسان شاعیر خۆیمان پێدەناسێنێتەوە، سەرەتا گوتی کە من ئاوم، بەڵام لێرەدا خۆی سەرووتر لە ئاو هەڵدەکشێنێت. خۆی بەو چرکەساتە لەقەڵەم دەدات، کە ئاو ڕەنگ لە خۆی دەبڕێت، بەگژ ڕەنگی خۆیدا دەچێتەوە، نکوڵی لێدەکات و لە خۆیدا دەیتوێنێتەوە. ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە ئاوەکە خۆی بووە، کەواتە دەیەوێت خۆی بە شین وێنا بکات، کە نایەوێت هیچ ڕووخسارێک پەسند بکات، هیچ ڕەنگێک بگرێتەخۆی، تەنانەت تەواوی ڕەنگەکە لە خۆیدا بتوێنێتەوە، ئاوی بێدەنگی، بێدەنگییەک کە هەموو پەیڤەکان لەخۆیدا دەتوێنێتەوە، تێکڕای زمانەکە لە خۆیدا پووختە و کورت دەکاتەوە، هەروەها تاڕادەیەک خۆی بە ئاو و بە بێدەنگیی دەزانێت؛ کاتێک ڕەنگ و زمانیشی بەتەواوەتی هەر لە خۆیدا تواندەوە، ئەو دەم هەم زمانەکە نوێیە، هەم ڕەنگەکەیش زیندووتر دەبن. بە جۆرێک کە ئەوانە بە نکوڵیکردن و وەلاوەخستنی ڕەنگ و دەنگ، ڕەنگ و زمان، زیندوویان بکات.

بۆیە، ئەگەر بمانەوێت ئەم شیعرە لە سەرواتایەکدا کورت بکەینەوە، کۆپلەی چوارەمی شیعر لە سەرواتایەکدا کورت بکەینەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت بێدەنگی هەڵببژێرین، گەرەکە تێکڕای خوویاکراوەکان لە خۆیدا بتوێنێتەوە. واتە شاعیر یێژێت، من بەم کارە هەڵدەستم، من ئەو چرکەساتەم کە تێکڕای ڕووخسار و ڕواڵەتەکان لەمندا دەتوێنەوە. من پووختەی تێکڕای ئاخافتنەکان، پوختەی تەواوی ڕەنگان دەبم، لە خۆمیاندا دەتوێنمەوە و زیندووتر دەیانهێڵمەوە، تەنانەت لەوەی کە هەن ژێهەڵتر دەیانبەم و دەبمە سەرچاوەی پاکژی، بێگەردیی هزر و زمان.

ئەم سەرواتایە تا ڕادەیەک لە کۆپلەکانی دیکەی شیعرەکەدا ئامادەیی هەیە، وەک لەو شوێنانەی کە تێیدا لەبارەی بێدەنگی، نکووڵیکردن لە ناو، لابردنی ڕووبەند و مژاری دیکەی هاوشێوەوە دەدوێت، شوێنگەلێک هەیە کە دەکرێت ئەم کۆپلەیە بەوێ پەیوەست بکرێت، کە پەیوەندیی ئەم کۆپلەیە بە تێکڕای شیعرەکە خوویا دەکات. بۆیە پەیوەندیی ئەم کۆپلەیە بە کۆی شیعرەکە لە کڕۆک و گەوهەری سەرواتاکەیە، هەر ئەوەی کە گەرەکیەتی لە ناو، ڕەنگ و ڕوواڵەتەکان قوتاری ببێت و تەنانەت ئازادیشیان بکات، نە ناو لە شتێک بنێت، نە ڕەنگێکیش بۆ خۆی هەڵببژێرێت، نە کەسێکیش بە ناوێک گازی بکات. بەڵکوو لە هەموو ئەو سنووردارییەتییانەی کە ڕەنگ، پەیڤ و زمان درووستی دەکەن، ئازاد ببێت. ئەم مژارە لە کۆپلەی دواییدا، بەڕوونی دەیبینین.

پێنجەم

نامۆ، بەنێو حەشیمەتدا ڕادەبرم؛ تا چاو بڕبکات تەنێ ڕووەک، بەڵام لە خۆخشاندنی

[پێم ناوم لێدەگرێت.

چاوم نووقاندووە و ناوی ڕووەک، تاری و ڕەشن.

ئیتر لە هیچ شوێنێکدا، هیچ شوێنێک

من بەنێوێک، وشەیەک بانگ مەکە، کە ئێستا، تەواوی زمان

[لە ناوی ڕووەکێکدا، بەختەوەرە.

سەختتر لە ڕووەک، دەستم لێبدە، دەستەکانت پێشکەشت دەکەم

ناسکتر لە گیا، بمگرە باوەش، جەستەتم هەرزان

[دەدەمێ.

و ڕۆژگارێک کە ئاشەکان، لە ڕووناکیدا دەگەڕێن،

دەستەکانت لێکدەنێیت، مستت هەروا گرمۆڵە دەکەیت و

ئەم گرمۆڵەیە، مینا دیارییەک

دحەڤینیت.

پەیوەندییەکی بەرچاو و ڕوون لەنێوان ئەم کۆپلەیە و کۆپلەی پێشەخۆیدا هەیە. بەم پێیەی کە لەم کۆپلەیەدا دەخوازێت ناو بتارێنێت و زمانیش بخاتە پەراوێزەوە، تەنانەت خۆیشی هەڵگری هیچ ناوێک نەبێت. هەموو ڕووەکێکیش کە بەلای مندا کەوتبن، ناویان بەسەردابڕاوە، بەجۆرێک کاتێک بەلای ئەو ڕووەکانەدا و بەنێویاندا ڕادەبرم، بەردەوام خەریکن ناو دەبەخشن، بەردەوام ئەم ڕووەکانە دەخوازن بە ناوەکانیان سنووردار و پابەندیان بکەم، بەڵام من ئاوها شتێکم نەگەرەکە، بۆیە چاوەکانم دەقووچێنم و ڕووەکەکان نابینم، تا ئیتر ناویان بەسەردا نەبڕم، تا ئیتر خۆیشم ناوێک هەڵنەگرم. هەنووکە تێکڕای زمان لە ناوی تاقە ڕووەکێکدا ئارام و شادە، مینا ئەو دۆخەی ئاو، کە ڕەنگی خۆی لە خۆیدا نووقم کردووە، تێکڕای زمانەکە، لە ناوی ڕووەکێکدا کورتبووەتەوە، لە ناوێکی تواوە و ئارامبووەوەی زمان. لەوڕا گەرەکە دەستبەرداری ناونان ببین، ئێستا کە زمانەکە سادە بووەتەوە، هێندە سادە و پەڕجوویی بووە، کە لە ناوی ڕووەکێکدا پووختە و کورت هاتووە، بۆیە گەرەکە دەستهەڵگری ناونان ببین، ڕووەکەکان بەرم دەکەوتن، تا لەمنەوە، لە پەلکێشبوونیان ڕووەو من، ناو هەڵبگرن.

لە کۆپلەی دواتردا یێژێت دەستم لێبدە، تەنانەت بەگوڕتر لە ڕووەک، بەڵام ئیتر لە منەوە ناونانێک لە تۆ ناندرێت، بەڵکوو دەستەکانت، بەتۆ پێشکەش دەکەم، دەستەکان، بەپێزانینەوە بۆت دەگەڕێنمەوە، بەبێ ئەوەی ناوێکیان لێ بنێم. بەخرۆشەوەتر و تووندتر لە ڕووەک بمگرە باوەش، بەبێ ئەوەی ناوێکت لێبنێم، دووبارە جەستەتم بە هەرزانی دەدەمێ، جەستەت پێشکەش دەکەم و پێتی دەدەمەوە، بەبێ ئەوەی پاوانکاری و وابەستەی بکەم. ئیتر من لە ناو ڕەها بووم، تەنانەت تۆش ڕەها دەکەم. دەست و جەستەت پێشکەش دەکەم، ئەوەی کە پێشتر هەرگیز نەتبووە. دوای ئەوەی بەرم کەوتیت و لە باوەشت گرتم، دوای ئەوە ئیتر دووبارە بۆتیان دەگەڕێنمەوە، بەچەشنێک کە نەتبووبێتن؛ پێشکەشتیان دەکەم و تۆیش زیاتر لە ڕابوردوو لەگەڵیان ئاشنا دەبیت، وەک ڕەنگی ئاو، کە لە ئاودا توایەوە و زیندووتر بوو. تۆش دوای ئەوەی کە دەستت لێدام و گرتمتە باوەش؛ زیندووتر و نوێتر دەبیت.

بەڵام کاتێک کە ڕووناکی بپەڕژێت و بەربەیان بکاتەوە، لەیەکتر جوێ دەبینەوە. تۆ دەستەکانت گرمۆڵە دەکەیت، لێکی دەنێیت و وەک دیارییەک دەیپارێزیت، بەبێ ئەوەی پێشکەش بە کەسێکی بکەیت. بەڕادەیەک دەستەکانت بۆ بەنرخ دەبن، لە فەوتان دەیانگریتەوە، هەڵیاندەگریت، وەک ئەوەی ڕووناکی بێت، سپێدە بکاتەوە، تۆش ڕەها دەبیت. من ئازاد بووم؛ هەروەها تۆش ئازاد دەبیت.

دەتوانین لێرەدا بگەڕێینەوە بۆ کۆپلەی یەکەم و دەستپێکی جیابوونەوەکە. جیابوونەوەی ئێمە دابڕانێکی تاڵ و ژاراوی نییە، جوێبوونەوەیەک نییە کە خەمناک بێت، مەرگی ئێمە، مەرگێک نییە کە دڵتەزێن بێت. بەهۆی مەرگی ئێمەوەیە، کە کۆلارەیەک لە هەوایە و بەسەر وێرانییەکاندا درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. ئازادی لەدوای مەرگەوە هەیە، ئازادیی لەدوای ئەم جوێبوونەوەیە هەیە. ئەوە ئەم جوێبوونەوەیەشە کە هەم من ئازاد دەکات، هەم تۆ.

شەشەم

ئێستاکە چەنێک خوویا ڕووخسارت ئازار دەدات

گوڵەبەڕۆژە- هەتا هیوایێ بپشکوێت!

کەوایە کێ ئەم چاکەیە دەنوێنێت؟ کەی پێستی سیمات بە ماچ،

[شینومۆر بکات

تا ڕووناکی بپەڕژێت و

بە هێواشیی سپاس بکرێت؟

من! من کە ڕامووسانم، ترسناکتر لەیەک واژۆیە.

هەوای زوڵاڵ پشتڕاست دەکەمەوە و ڕاسانم لەسەر کورسییەکە

ئەڕای ماڵاوایی.

شەپۆلێکی سپی، لەگەڵ دەمامک و گوڵەوەنەوشەکان، ڕەگەڵ مووچڕکەیەکی تاسەباری

[گزنگان، وا نێزیک دەبێتەوە، نێزیک.

دەنێو چەڵەمەکاندا، هەوا دەهەستێندرێت، بەڵام دەنگی بەریەککەوتنی

[ئێسک، مایەی خۆشحاڵییە.

ماڵاوا، لەم چرکەساتە کاکێشانییەدا، دووبارە، هەمدیس، ماڵاوا!

و دەنێو ئەم هەموو ڕاستییانەدا

لە بری سوێند بە چنگێک خۆڵ خووڵکی منی کردووە،

سەرەپێیەکانم دەکوتم کە هێزی بیستنی

لە خاکەوە مەیسەر دەکەم.

هەرتک نووکی پێیەکانم.

لەم کۆپلەیەدا لە ماڵاوایی هەڵدەنگوین. جوێبوونەوە؛ ئا ئەوەتا وا پێشدێت، بەڵام چۆن چۆنی ئەم جیابوونەوەیە ڕوو دەدات؟ ئەو ڕووناکییە لەکوێوە دێت کە ئەم جیابوونەوەیەی درووست کردووە؟ لە ڕووخسارتدا ڕووناکیی پەنهانە، بەم هۆکارەوەیە کە گوڵەبەڕۆژە بەردەوام بەرەوڕووت دەسووڕێت، بە شێوەیەک کە بیهەوێت ئازارت پێبگەیێنێت، ئەو ڕووناکییەی کە لە ڕووخسارت؛ لەبن پێستی دەموچاوت؛ پەنهانە، هۆکارە کە گوڵەبەڕۆژەکە ڕووت تێبکات. هەرچەند ئەم ڕووتێکردنە بەردەوامەی، ئازاردەرتە، بەڵام هیواش هەیە، هیوایەک بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم ڕووناکییە و ئەو کەسەیش کە لەگەڵت بەخشندەیە؛ ئەم ڕووناکییەت لێ ئازاد دەکات و جوودای دەکاتەوە لێت، ئەو کەسەش منم و ئامڕازی ئازادکردنی ئەم ڕووناکییەش؛ ڕامووسانە. ڕامووسانێک کە وا لە واژۆ مەترسیدارترە. واژۆکردن پشتڕاستکردنەوە و ڕامووسانی منیش، هەر ئاواها کارێک دەکات. ئەم تایبەتمەندییە مەترسیدارەی کە لێرەدا هەیە، مەرج نییە شتێک بێت کە ببێتە هۆی ترس و خۆف، بەڵکوو وای دابنێ، کە سامناکیمان لە دۆخێکی کەلەجانیی (هەیەجانی)دا بەکار هێناوە، ترسناک بەمانای بەرترس، لە دەرەوەی چاوەڕوانیمانەوە، بەرترس. واژۆ پشتڕاست دەکاتەوە و ڕامووسانەکەی منیش هەر پشتڕاستکردنەوەیە، ئاخۆ بڵێی ئەوە چ شتێک بێت، کە ڕامووسانی من پشتڕاستی دەکاتەوە؟

من بە ڕامووسانت ڕووناکی پشتڕاست دەکەمەوە. ئەوە ڕامووسانی منە، کە وا قووڵاییی تەواوی ناخی شەو، هەوای ساماڵ و ماڵئاوایی واژۆ دەکات، ئەم ڕامووسانە، ڕامووسانی دووماهییە، کە دوای ئەوە ڕووناکی دێت و ماڵاوایی کردن؛ ڕامووسانی جوودایییە؛ وەک ئەوەی کە ڕاتدەمووسم؛ پاکی هەوا بسەلمێنم. بۆ ماڵاوایی لەسەر کورسییەکە ڕادەبم. ئەمە چ کاتێکە؟ شەپۆلی سپی و کەفاوی لەگەڵ دەمامک و گوڵەوەنەوشەکان نزیک دەبێتەوە، لەگەڵ دڵتەنگی و دڵەڕاوکێییەکی تاسەبار و خۆشیی بەربەیان نزیک دەبێتەوە، وا خەریکە بەیان دەنگوێت، ئەمجارەش دەبێت خۆمان دەمامک بدەینەوە، ئەوا ئیتر دووبارە ڕەنگەکان دەردەکەونەوە. ئێمە دەمامکەکانمان لادابوو و لەژێر خاچەکەدا بەختەوەرانە بەخۆشی خواردبوومانەوە، بەڵام ئێستاکانێ هەر کە گزنگ دەبێتەوە، هەمدیسان دەمامکەکان دەکەونەوە سەر دەموچاومان، دووبارە ڕەنگ دەردەکەونەوە. ئەم ڕەنگە، ئەم دەمامک و ناوە، دووبارە لێکمان هەڵدەبڕێننەوە.

وێنەی کۆپلەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایییەکەی، وێنەی ناوازەن؛ هەوا لەنێو چەڵەمەیەکدا (سی) هۆشی دەێتەوەبەر، کەچی دەنگی شکانی ئێسک مایەی خۆشحاڵییە. جۆرە یارییەک هەیە کە پێی دەڵێن یاری چەڵەمەشکاندن، کە گرەو دەکرێت و لە دوولاوە دوو کەس چەڵەمەی مریشکێک دەگرن و دەیشکێنن، لە درێژەی یارییەکەدا هەریەک لە لایەنەکان، هەوڵ دەدەن شتێک بە لایەنی بەرانبەریان ببەخشن؛ شتێک پێشکەش بە لایەنەکەی دیکە بکەن، بەڵام ئەگەر لایەنی بەرانبەریان گرەوەکە لەیاد بکات، ئەوە گرەوەکەی دۆڕاندووە، بۆ ئەوەی بشیسەلمێنێت کە گرەوەکەی لەیادە، دەبێت بڵێت لەیادمە. دوای ئەمە ئەوەی بە ئێمە دراوە، وەری بگرێت، بەڵام ئەگەر لەیادی بکات و نەڵێت لەیادمە، لایەنی بەرانبەر گرەوەکە دەباتەوە و دەڵێت تۆ لەیادمدا نامێنیت.

لەم دێڕەدا بەسەر گرەوکردن هەڵدەنگوین، دەنگی شکانی ئەم ئێسکە خۆشحاڵییە، دەستپێکی یارییەکی نوێیە. چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، یەکڕاست لایەنی بەرانبەر چنگێک خۆڵ پێشکەشی شاعیر دەکات. بەڵام هەر پێش ئەوە، دووبارە شاعیر ماڵاوایی دەکاتەوە. لەم چرکەساتە کاکێشانییەدا، چرکەساتێکی بێکۆتایییە لە چرکەساتێکی ناکۆتا ماڵئاوایی دەکات. پاشان لایەنی بەرانبەر، بەتەواوی ڕاستگۆیی و دڵسۆزیییەوە، لەبری سوێندەکەی، بە چنگێک خۆڵ خووڵکی شاعیر دەکات، ئەگەر شاعیر ئەم چنگەخۆڵەیە وەربگرێت، گرەوەکەی پێ دەدۆڕێنێت، بەشێوەیەک کە یارییەکەی لەیاد کردبێت، بەڵام شاعیر چی دەکات و پەرچەکرداری لە هەنبەر ئەم چنگەخۆڵەیە چی دەبێت کە پێشکەشی کراوە؟ بەم سوێندە نامۆیەی کە بەرانبەر دەیخوات، ئاخۆ جارێکی دیکە سوێند بە چنگێک خۆڵ دەخواتەوە؟

لەوە وردبووینەتەوە، کە ناکرێت یەک مانا بۆ ئەم وێنەیە لەبەرچاو بگیردرێت، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین هەمەکییەکی لێ هەڵبهێنجین، دەبێت هەموو ئەمانە لەبەرچاو بگرین، بۆ ئەوەی لە چرکەساتێکی کاکێشانییدا، لە چرکەساتێکی لەڕادەبەدەردا گرەوێک لەمەڕ بیرهێنانەوە ئەنجام دەدرێت، کە یەکتر لەیاد نەکەن. دەستبەجێ لایەنی بەرانبەر بۆ تاقیکردنەوەی شاعیر، چنگێک خۆڵی پێشکەش دەکات و سوێند بە هەمان چنگەخۆڵەکە دەخوات.

بۆ ئەوەی لە مانای ئەم سوێندە تێبگات، شاعیر پێیەکانی لە زەوی دەکوتێت. ئەم پێ لە زەوی کوتاندنە مکوڕبوونە. بەو مانایەی کە بۆ تێگەیاندنی لایەنەکەی، بڵێت؛ من سوورم لەسەر ئەم سوێندە، چونکە سوێند بە چنگێک خۆڵ بووە. پێیەکانیشی لە زەوی دەکوتێت تا هێزی بیستن لە زەویی مەیسەر بکات، هەتا تێبگات، چونکە خۆڵ لە زەوییە، لە زەوییەوە تێبگات کە ئەم خۆڵە، ئەم سوێندە چ مانایەکی بۆی هەیە. هەر بۆیە گەرەکە هەردووک ڕوانگەی وێنەکە لەبەرچاو بگیردرێن؛ پێداگریی شاعیر لەوەی کە لەیادم ناچێتەوە و هەم کۆششەکەیشی بۆ تێگەیشتن لە مانای وەها سوێندخواردنێکی بە چنگێک خۆڵ.

پەیوەندیی ئەم کۆپلەیە بە کۆپلەکانی پێشەخۆی ڕوون و ئاشکرایە، لە لایەکی دیکەوە لێرەدا بەدووعا و دووماهیی ئەم پەیوەندییە، کۆتاییی شەو وا خەریکە پێشدێت؛ ڕامووسانی ماڵاوایی وا پێشدێت، ڕاسان و ڕابوون لەسەر کورسی بۆ بەدووعا گوتن و گزنگ دەنگوێت، ئیتر وا ئەم لێکجیابوونەوەیە لە یاکام (کەمال)ی خۆی نێزیک دەبێتەوە.

حەوتەم

لە زەویی بێگەرد با هەڵبڕاو نەبێت چاو

کە تەنیا بووکێک، لەپاڵ ژوورەکەدا، دەکۆکێت.

تایبەتمەندیی- غەزالانە – و هەروا ورەش

لەسەر خوان لە پاڵ ئاو داندراون، ئاو نیشانەیەکی مەزنە

بە لەنجەولارێک لە دیمەنێکدا.

لەوێ، لە دووردەست، بە هێواشی باڵدەگریت، بەڵام لەو

[سەرەوەش

نیگای بەربەنەکەت دەکەوێتە سەر شاران.

ئا لێرە-هەر لێرووکانە-ئارام ئارام، دەژەنم، دەنووکە

[لێدەدەم؛ پەنجەی من، لە بێدەنگیی دادپەروەرترە.

و سەما، پاڕانەوەیەکی گیرابووە

لەو دەمەی زەوی دەلەرێتەوە.

ئەم کۆپلەیە، کە دوا کۆپلەی شیعرەکەشە، وا پێدەچێت درێژە و بەرەنجامی کۆپلەی دووەم بێت، لە کۆپلەکەدا وا بڕیار بوو، کە بوومەلەرزەیەک پێش بێت و بارانیش دابکات، بەڵام لەم کۆپلەیەدا -کۆپلەی حەوتەم- باران باریوە، زەویش شۆردراوەتەوە. بڕیار وا بوو کە باران ڕەنگەکان بشواتەوە، ناوەکانیش ڕابماڵێت، ڕووەکەکانیش بۆ سرووشتە ڕەسەنەکەی خۆیان بگەڕێنێتەوە و لە کۆتوبەندی ناو و زمان ڕەهایان بکات. لێرەدا زەوی شۆردراوەتەوە و تەنیا شتێکیش کە مابێتەوە، ئەوە بووکێکە کە لە ژووری تەنیشتییەوە ئامادەییی خۆی، بوونی خۆی پێشان دەدات. بووک؛ کە گەوهەری جوانی و پێگەیشتووییی خاڵی گیرسانەوەی هەردووکیانە، وەک ئەوەی دوای باران، بووکی جوان و نوێ، لەڕاستییدا لە ژووری تەنیشتەوە خودی جوانی و پێگەیشتوویی خەریکی ڕاگەیاندنی ئامادەبوونن؛ جوانی و بێگەردی کە بەرەنجامی پاککردنەوەی ناو، ڕەنگ و هاوکات هەموو شتێکی ڕوواڵەتییە.

وێنەی خوان، وێنەیەکە کە دەکرێت پەیوەندیی لەگەڵ کۆی ئەو وێنانەدا هەبێت، کە لە شیعرەکەدا بینیومانن، خوان نیشانەی خواردن و هەرسکردنە، پاش خواردنی شتی بێگیان، ئەوە تێکەڵی ڕووح و گیانی کەسەکە دەبێت، ئەوەی کە ئێستاش وا بڕیارە بخورێت، لەسەر خوانەکەیە و لێی دەنۆڕین، تایبەتمەندی، هێز و ئاو؛ تایبەتمەندیی غەزالاسا، تایبەتمەندی، باشی و نەریتە جوانەکان لەپاڵ هێز، ناسکی و دژواری؛ ئەم دووانە لەسەر خوانەکەن. ئەم دوویینەیە وا لەسەر سفرەن و هەمیشەش ئاویان لەتەنیشتەوەیە، ئەمانە هەموویان داندراون، کە بخورێن و هەرس بکرێن، هاوکات وا بڕیارە کە لە دواجاردا ئەم دوویینەیە هەر بخورێن و نەمێنن. ناو بەهۆی ئەو بارانەیەوە شۆردراوەتەوە، هەنووکەش تایبەتمەندی و وزەش بڕیارە کە هەرس بکرێن و بۆ شتێکی نوێ بگۆڕێن. ئاویش کە بینیمان ڕەنگی لەخۆدا هەرساندووە و لەسەر سفرەکەش داندراوە، ئەمە هێمایەکی مەزن و نیشانەیەکی گەورەیە لە بەنازی، جوانی و لەنجەولار لە دیمەنەکەدا، ئەوەی لە دیمەنەکەدا؛ بە لەنجەولار ڕۆیشتن و شەنینەوە، ئەوە ئەم وێنەیە پێدەچێت بەو مەبەستە بەکارهاتبێت، کە گەرەکی بێت بێژێت؛ تەنانەت ئێمەش هەر دوای ئەوەی ناوەکان داماڵدران، تایبەتمەندی و وزە هەرس بوون و ئەم دوویینەیەش نەمان، شتێکی نوێتر فراژا، دەڕۆین و دەبین بە بەشێک لە دیمەنەکە (لە خوانەکە)، خۆشمان دەڕۆین و لە دیمەنێکدا دەتوێینەوە.

وا گریمانە دەکرێت کە وێنەی دوایی، هەمان ئەو دیمەنەیە بێت، کە چاوی لە دووردەست بڕیووە، کە لەو دوورانە کەسێک خەریکە بەشێنەیی ڕوو بە هەوا بەرز دەبێتەوە، کەسێک زۆر بەهێواشی خەریکە خول دەخوات و بۆ هەوا هەڵدەکشێت. خولخواردن کردەوەیەکە دەدرێتە پاڵ جادووباز و پەرییان، کە بەبێ پەڕوباڵ لەسەر زەوی ڕووەو هەوا بەرز ببنەوە و بڕۆن. یێژێت تۆ وا خەریکە بەکاوەخۆ خول دەخۆیتەوە و بۆ هەوا دەچیت، لەو بەرزایییەشەوە نیگای نێچیرەکەت دەکەوێتە سەر شاران، لەگەڵ ئەوەی کە وا خەریکە لەم شارانە جوێ دەبیتەوە، دواجار بوومەلەرزەیەک بڕیارە پێشبێت و تۆش خەریکە ئەم زەوییە جێدەهێڵیت و دەڕۆیت. لەگەڵ ئەوەی کە جوێ دەبیتەوە، گەرەکتە لەم شارانە ئازاد و لە ئاسماندا ڕەها بیت، بەڵام ‌وا دیارە کە هیشتاکانێ نیگەرانیت و نیگای چاوزاربڕەکەت بە ئاڕاستەی شاران ڕێ دەکات بەربەنە؛ جادوویەکە بۆ ڕێگری لە چاوزار. بەشێوەیەک کە تۆ نەتەوێت ئەم شارانە وێران ببن، هێشتا دڵت بە شارانەوەیە، بۆیە نیگای بەربەنەکەت دەکەوێتە سەر شار.

لە کۆپلەکانی پێشتردا شتێکمان بینی، کە بەرەو ئاسمان هەڵدەکشا، بەسەر وێرانییەکاندا لەفڕین نەدەکەوت، ئەویش کۆلارەیەک بوو؛ وێدەچێت لێرەدا شاعیر کۆلارەکە بدوێنێت و لەگەڵ بەختیاری بپەیڤێت، بەختیاری، کە وا خەریکە لەم زەمینە جوێ دەبێتەوە و سەرهەڵدەگرێت، بەختیاری کە وا مەودا لەگەڵ ئەم بوومەلەرزەیە وەردەگرێت، هەتاکوو زیانی پێنەگەیێنێت، بۆیە دەچێتە ئاسمان و بەردەوامی بە فڕینی خۆی دەدات، بەڵام ئەم بەختیارییە شوێنەواری خۆی بەجێدەهێڵێت؛ هەروەک کە نیگای بەربەنەکەی بەسەر شاردا دەگێڕێت.

شاعیر لە وێنەی دوای ئەمەدا لەمەڕ خۆیەوە دەدوێت، کە هەر لەو نزیکانە دانیشتووە پەنجە لە تاڵی ئامێری مۆسیقا دەدات و یێژێت: پەنجەکانی من لە بێدەنگی دادپەروەرترن. چەکی شاعیر بێدەنگی بوو، چەکێک بوو کە لە قوڕگە دڕاوەکانەوە بەدەستخرابوو، ئاسمان سازی کردبوو و فێری بێدەنگیشی کردبوو. بەڵام ئەوەتا لێرەدا دووماهیی شیعرەکە کەڵک لەو شتە وەردەگرێت، کە مۆسیقایە، ئیدی زمان لەبنهاتووە و ئەم مۆسیقایەش لە بێدەنگی دادپەروەرتر و لێشی چێترە، ئەو کاتەی کە زمان کۆتایی دێت، ئەوە مۆسیقایە، کە لەڕادەبەدەر دادپەروەری و هاوسەنگیی دەروونی دابین و جێگیر دەکات. دادپەروەرانەتر لە بێدەنگیی ئەم مۆسیقایەیە.

دواجار، وێنەی کۆتایی، بە ڕوودانی بوومەلەرزە دەست پێ دەکات، سەماش پاڕانەوەیەکی گیرابووە لەو دەمەی کە زەوی دەلەرێتەوە. سەماکردن و دڵخۆشی خەونمان بوو. دڵخۆشیی ئێمە بەشێوەیەکی هاودژ و دژیەک دەڕسکێت، لەبری ئەوەی کە خۆمان سەما بکەین، ئەوە زەوی دەلەرزێت و ئێمەش وەسەما دەخات، دەشزانین کە دوای ئەم بوومەلەرزەیە، چی دەقەومێت، لە کۆپلەی دووەمدا خوێندمانەوە؛ خانووەکان دادەڕمێن، زارۆکەکە دەمرێت، تەنیا شتێک کە لەم بوومەلەرزە و سەماکردنە دەمێنێتەوە؛ شتێک کە لە کۆی ئەم شیعرەدا دەمێنێتەوە: ئەوە ئەو کۆلارەیەیە کە بەسەر کەلاوەدا لە فڕینی خۆی ناکەوێت.

کۆتایی

ئەم خوێندنەوەیەی کە بۆ شیعری “خۆرە”ی بێژەن ئیلاهی بە ئەنجام گەیشت، خوێندنەوەیەکی ئەگەریییە بۆ شیعرەکە. ئێمە لەسەر بنەمای ناوونیشانی شیعرەکە دەستبەکار بووین و هەوڵماندا لەنێوان کۆپلەکاندا سەرەداوێک بەدەست بهێنین. هەرچۆنێک بێت، ئاشکرایە کە شیعرەکە، شیعرێکی وێنەخوازیی “ئیماژیزمیی”ـیە، پێدەچێت هەندێک لەم وێنانە -وێنەکانی شیعرەکە- لەگەڵ ئەو ڕاڤەیەی کە ئەنجاممان داوە، یان لەگەڵ ئەو خاڵەی کە لەبەرچاومان گرتووە، نەگونجێت. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە گەرەکە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە شیعری مۆدێرن ڕاڤە ڕەتدەدات و لە مانا خۆی دەبوێرێت، شیعرێکە، بەتایبەت کە شیعرێکی درێژە، بە مەبەستیش ئاڵۆز، لێڵ و ناڕوون؛ بەشێوەی تەواو ڕەمزی و خودی نووسراوە.

کۆششی ئێمە بۆ دۆزینەوە، کردنەوەی کۆد و ڕێژەی پەیوەندییان لەنێوان وێنە و کۆپلەکاندا؛ لەوانەیە ئەنجامێکی باش بەدەستەوە نەدات، بەدڵنیاییشەوە ناتوانین ئەوە بێژین، کە ئەمە تاکە خوێندنەوەی ئەم شیعرەیە و خوێندنەوەی دیکەی گەرەک نییە، ڕاستە دەتوانین بۆ هەندێک لە شاعیران ئەمە بێژین، بۆ ئەو شیعرانەی، کە لەسەر بنەمایەکی باوی ئەدەبی نووسراون، دەکرێت مانایەکی تاق و یەکتا لەخۆ بگرن، تەنانەت دەکرێت خەیاڵی ئەوەش بکەین، کە ئەو شتەی شاعیر مەبەستی بووە، پێیگەیشتووین و پێکاومانە. بەڵام شیعری مۆدێرن وەها وێنایەک هەڵناگرێت، شیعری مۆدێرن لە هەوڵی فرەدەنگییدایە، بە مەرام خۆی لەپشت وێنەی دیکە دادەشارێت. ئێمە تەنیا لەڕێگەی گومان و ئەگەری خۆمانەوە لە شیعرەکە نێزیک دەبینەوە، ناتوانین بە کڕۆکی ئەم شیعرە بگەین، ئێمە ناتوانین کڕۆکی شیعری مۆدێڕن وەدەست بخەین. تەنیا مانایەک لەسەر بنەمای ئەو ڕواڵەتەی کە تێیدا دەبینین، بۆی دەسازێنین؛ لەسەر بنەمای وێنەیەک کە شاعیر لە وێناکردنی ئەزموونی لەگەڵ شیعردا بۆی ئافراندووین.

لە لایەکی دیکەوە پێشنیازێک کە بەشێک لە ڕەخنەگرانی شیعری مۆدێرن بۆ خوێنەرانی شیعری مۆدێرن دەیخەنەڕوو، ئەمەیە کە: بە هیچ جۆرێک بەدوای مانادا نەگەڕێین، لەو دیمەن و وێنانە چێژ وەربگرین، وەک چۆن شاعیر چێژی لێوەرگرتوون و دەریبڕیوون. دەتوانین بیخەمڵێنین و بڵێین هەمان ئەو قسەیەیە کە لەمەڕ نیگارکێشیی مۆدێرن گوتوویانە. کاتێک تەماشای نیگاری “کاندینسکی” دەکەیت، کۆمەڵێک هێل و ئاریشەی ئەندازیاری دەبینیت، کە دەتوانیت بۆ خۆت مانا هەڵبهێنیت، دەتوانیت لەم وێنە و ڕووکەشەی کە دەیبینیت مانا بسازێنیت، بەڵام لەوانەیە نەتوانیت بەو گەوهەر و کڕۆکە هزرییە بگەین، کە دنەی کاندینسکی داوە تا بیکێشێت. هەر بۆیە لە خوێندنەوەی شیعری مۆدێرندا، بەشوێن کڕۆکی ئەو شیعرەدا نین؛ بەدوای ئەوەوە نین، کە شاعیر دەیویست بیڵێت، چونکە شاعیر ئەوەی کە دەیویست بیڵێت، شاردوویەتییەوە و دەرینەخستووە.

مەبەستی شاعیر لە نووسینی شیعر، خودی شیعر بووە، نەک شتێکی دیکە، ئەوە ئێمەین، کە بە هۆی دابونەریتی ئەدەبی و چاندیمانەوە، کە نەریتێکی ماناخوازیییە، ڕووکەشێک کە مانا لەخۆ نەگرێت، بە مردوو و بێگیان دەناسرێت، تەنیا شتێک کە دەتوانین لە چاند و نەریتی ئەدەبیماندا چێژی لێوەربگرین، ڕووکەشێکە کە مانا و گیانی هەبێت، بۆیە تەقەلا دەکەین بۆ شیعری مۆدێرنیش مانای خۆمانی بۆ درووست بکەین، مانایەک کە لەوانەیە تەواو دژیەک و هاودژ بێت لەگەڵ کڕۆکی شیعر و تەنانەت لەگەڵ کڕۆکی هزرێکیش کە دنەی شاعیری داوە.

٥- فەرهەنگۆکی شیعرەکە

تێبینی: ئەم فەرهەنگۆکە تەنیا ئەو مانایەی لەخۆگرتووە، کە لە وەرگێڕانی شیعرەکەدا مەبەستە.

دووماهی: کۆتایی. سپاردە: سپاردووە. پیا: پیاو. ئاخافتن: گفتوگۆ. ل دو: بە دوای. ئێدی: ئیدی. بلەز: لەپڕ، لەناکاو. کردگە: کردووە. دهێتە ناسکرن: دەناسرێت. شکەفت: ئەشکەوت. قۆچکە: شاهەستەوەر (ف. شاخک). دتاییسێن: دەبریقێنەوە، دەترووسکێنەوە، دەدرەوشێنەوە. کەفتگە: کەوتووە. ب هەڤڕا: پێکەوە. وێ: ئەوێ. دحەڤینیت: دەپارێزیت؛ حەڤین؛ گوشین، گرتنی زۆر تووند، پارێزگاریکردن لە شتێک، بۆ نموونە شتێکت لەنێو دەستدایە، دەستت تووند دەگریت، گرمۆڵەی دەکەیت و دەیگوشیت. خوویا: ئاشکرا. ڕابمووسێ؛ ڕامووسین: ماچ. ڕادەبم: هەڵدەستم. ئەڕای: بۆ. دەنووکە لێدەدەم (ف: زخمە می‌زنم): ئامڕازازێکە بۆ ژێی ئامێری مۆسیقا بەکاردەهێندرێت لە بری پەنجە. بەربەنە (ف: نظرقربانی): چاوزاربڕە؛ چاوزاربڕ؛ مرووی چاوزار. بەرترس: ترسی لەڕادەبەدەر زیاد؛ یان یەکجار مەترسیدار.

٦- سەرچاوەکان

١- شریفی. محمد (١٣٩٥). فرهنگ ادبیات فارسی معاصر. فرهنگ نشرنو- تهران. نوبت چاپ: یەکەم. لاپەڕە: ٥٤٩.

٢- الهی، بیژن (١٣٩٩). جوانی‌ها، چاپی پێنجەم. بڵاوکراوەی بیدگل، تاران.

٣- لینکی وتاری ڕاڤە و خوێندنەوەی شیعرەکە:

https://t.me/amirnormohamadi1976/30387

٤- زهرا راه گل: بیجدنو، آخرین سنگر سکوت بیژن الهی: لینک: https://bijdono.blogfa.com/post/54

٥- ویکیپێدیا:

https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%DB%8C%DA%98%D9%86_%D8%A7%D9%84%D9%87%DB%8C

٦- ویکیەدەبیات:

https://wikiadabiat.net/index.php?title=%D8%A8%DB%8C%DA%98%D9%86_%D8%A7%D9%84%D9%87%DB%8C&mobileaction=toggle_view_desktop

٧- https://bijanelahi.hcommons.org/

The post بێژەن ئیلاهی؛ شاعیرێک کە ڕامووسانی مەترسیدارتر لە یەک واژۆیە appeared first on ژنەفتن.

مەتەڵی گوڵە نەگەشاوەکانی ئەو یان ئەوان
بەرایی:

لە دنیای نووسینی شانۆدا، زۆر جار خوێنەر تەنیا بینەر و تەماشاکارێکی بێدەنگە لە پشت پردی پەیڤ و ڕووداوەکانەوە، یاخوود بینەران تەنیا لەناو هۆڵەکان دانیشتوون و هۆشیان دەدەنە دەست پەردە لە دوای پەردەی نمایشەکە، هەندێکجاریش ئەنگوستیان دەگەزن بەدیار دەربڕینێکەوە، بەڵام لە شانۆنامەی (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە)ی (ئەژین فەهمی) لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ئەم سنوورە کلاسیکییە تێکدەشکێنرێت. ئەم دەقە نەوەت لاپەڕەیییە، پڕ لە هەستی ترس و بیم، نیگەرانی و قوربانی، دواجاریش وەفاداری و به‌رپرسیارییه‌تی. شانۆنامەکە خۆی لە شەش دیمەندا دەبینێتەوە، تێیدا سنووری نێوان بینەر و کاراکته‌ره‌كان لە دیمەنی یه‌کەمی شانۆکەدا نامێنێت و دەنگی جیا جیا دەبینین، لە دیمەنەکانی دواتریش پەرجووئاسا خوێنەرانێکیش دەرک بە ئاماده‌ییی خۆیان لەناو دەقەکەدا دەکەن؛ بە جۆرێک کە خۆی لە کاتی خوێندنەوەدا به ‌شێوەیەک لە شێوەکان دەبینین بەشدارێکی چالاکە لە ناو خودی نمایشەکەدا. ئەم وتارە هەوڵ دەدات لەسەر هێڵی گشتی دەقەکە بووەستێت لە ڕێگەی تیشکخستنەسەر ناوەرۆکەکەیەوە، هاوکات دەنگی کارەکتەرەکان، ئاوڕ لێ بداتەوە لە دەرەوەی هەر دەستتێوەردان، یان ئاڕاستەکردنێکی دەرەکیی/ نووسەر، کە خۆیان چیرۆکی ئازار، چاوەڕوانی و خامۆشیی خۆیان دەگێڕنەوە.

ڕووبەرگی پێشەوەی (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە)، ئەژین فەهمی، شانۆنامە، چاپکراوی دەزگای سەردەم، ٢٠٢٦

1

لە پاڵ هەستی ترس و بیم، نیگەرانی و قوربانی، دواجاریش وەفاداری و بەرپرسیارییەتی، هەردوو کۆنسێپتی ژیان و دنیا بوونیان هەیە. ژیان وەک ئەوەی هەیە بە یەکسانی بۆ هەموو کەسێک، بەڵام دنیا وەک ئەوەی لە بنەڕەتدا هیی هیچ کەسێک لە هیی ئەوی دیکە ناچێت و هەر کەسێک دنیای جیای خۆی هەیە و ڕۆڵی هەیە لە درووستکردنیدا. ئەوەی لە کارەکتەری (ژولیا) و (ئازاد)دا دەردەکەوێت، دوو دنیای تەواو جیاوازە لە ژیانێکی هاوبەشدا، بەتایبەت کاتێک ڕووداوەکان دوای جەنگ دەستیان پێ کردووە و دایەلۆگەکان هیی ئەو سەردەمەن.

هەرچی (ئازاد)ە بە پێچەوانەی (ژولیا)، چونکێ لە جەنگ بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیوە و ئەندامێکی جەستەی لە دەست داوە، دۆخێکی مەرگ و ناژیاندۆستی لە دەروونیدا دەرکەوتووە. (ئازاد) دەشێت تا پێش جەنگیش کەسێکی تەواو لە ئێستای خۆی جودا بووبێت، بەڵام ئەو هەنووکە هەمان هاوسەرەکەی جاران نییە؛ جەنگ ئەوی لە دنیای پێش خۆی دابڕیوە و هەنووکە هاوسەرێکە، دەرکی ژیانێکی بێمانا دەکات و بە دەروونێکی پەشۆکاو و نیگەرانەوە ڕۆژ و شەوەکانی تێدەپەڕێنێت. ئەگەرچی ماڵۆچکەکەیان لە دەرەوەی شارە و دوورن لە جەنجاڵی، بەڵام ئەمە تیماری زامە قووڵەکەی ناکات. لێرەوە دنیای (ژولیا)ش درزی تێدەکەوێت و دەبێت بە هەر نرخێک بێت بکۆشێت بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی دنیای هاوسەرەکەی.

نووسەری (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) ئەم گۆڕانە نەخوازراوەی لە ڕێگەی کارەکتەرەکانەوە بەرجەستە کردووە، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێمان بڵێت (ئازاد) نەخۆشە یان دەروونی شێواوە. نووسەر نەهاتووە لە ڕێگەی دەربڕینی ڕوون پەردەکان بەدوای یەکدا ڕێک بخات، بەڵکوو گوڵە ناجێگیرەکانی وەک میتافۆڕ بۆ نیشاندانی دۆخە دەروونییەکان بەکار هێناوە، کە ئەمەیش خاڵی بەهێزی دەقەکەیە. بەبێ تێگەیشتن لە ئایندەی گوڵەکان، ئایندەی کەسایەتییەکان لە بەرچاو لێل دەبێت و کۆتاییی دەقەکە وەک دۆخێکی مەنگبوو وێنا دەکرێت، بەتایبەت ئەو دەمەی دایەلۆگەکان یاری بە کات دەکەن و کارەکتەرەکان لەناو جەماوەردا بەبێ ئیزنخواستن دێنەگۆ:

“هەندێک جار ئێمەی مرۆڤ لە ئاژەڵ دڕندەترین” (فەهمی: 2026، 17).

“من تەنها فەرمانم جێبەجێ کردووە” (فەهمی: 2026، 21).

2

دەرکەوتی کارەکتەری (سەهەند) تەنیا دەرکەوتنێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو دەرخەری کەسایەتیی ئەو هەستیارییەی (ئازاد)ە. ئەمەش وای کردووە (ژولیا) هەمیشە لە هەوڵی درووستکردنی دنیایەکی تردا بێت لە پێناوی مانەوەی (ئازاد)دا، وەک ئەوەی هاوسەرەکەی هه‌ر هیی جاران بێت و جەنگ هیچ شتێکی نەگۆڕیبێت؛ بەڵام هەمان تێگەیشتن لای (ئازاد) بوونی نییە، چونکە ئەو لە واقیعدا هەمان کەس نییە:

“سەهەند: زۆر دڵخۆشم بەسەلامەتی دەتبینم. ئازاد: بەڵێ وایە، سوپاس” (فەهمی: 2026، 76).

“ئازاد: بۆ دەزگیرانەکەت لەگەڵ خۆت نەهێنا؟ بانگی بکە، با ئەویش بێت و بیبینین. سەهەند: دەبێت بڕۆم” (فەهمی: 2026، 79).

لە دیمەنی پێنجەمی شانۆنامەکەدا، لەگەڵ دەرکەوتنی (سەهەند) (ئازاد) دەگۆڕێت و لە گفتوگۆکانیدا دیارە، کە ئاسایی نییە و جۆرێک لە گومان و دەروونێکی پەشۆکاوی هەیە. ئەمەیش ئەرکی دوای ڕۆیشتنی (سەهەند) لای (ژولیا) سەختتر دەکات و دەزانێت دەبێت دیسانەوە قسە لەسەر واقیعە نوێکە بکات بۆ هاوسەرەکەی، ئەمەیش پێوەندی بە ژیان و دنیای ئێستایانەوە نییە.

شانۆنامەکە ڕەگێکی قووڵی دەروونی تێدایە، بە جۆرێک کە نووسەر مامەڵەی لەگەڵ کەسانی جیا و بەرکەوتەی جیاوازدا کردووە و هەموو ئەمانەیش پێوەستن بە مرۆڤ لە دنیای پێش جەنگ و دوای جەنگدا.

3

وەک لە بەراییدا ئاماژەمان پێ دا، یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی شانۆنامەی (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) ئەوەیە، بینەر تەنیا لە کورسییەکەی خۆیدا ناڕوانێتە شانۆکە، بەڵکوو دەبێتە بەشێک لە کۆژانی دەقەکە. کاتێک کارەکتەرەکان لەناو جەماوەرەوە دێنە گۆ، یان دایەلۆگەکان لە دەرەوەی چاوه‌ڕوانییەکان و ئاڕاستەی باو دەردەکەون، جۆرێک لە هەیەجان و خرۆشان دێتە پێشەوە.، نووسەری دەقەکە (ئەژین فەهمی) دەیەوێت بڵێت: جەنگ تەنیا لەسەر تەختەی شانۆ، یان لە بەرەی جەنگدا ڕوونادات، بەڵکوو لە ناخی هەموو تاکێکدا بوونی هەیە. ئەمەیش شانۆنامەکە بەو ئاڕاستەیەدا دەبات (کارەکتەر، بینەر و خوێنەر) بگه‌نه‌ سەر یەک هێڵ، کە کۆئەتمۆسفێری شانۆکە تەواو دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە ناوونیشانی شانۆنامەکە (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) کلیلی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە دەقەکە. هەمیشە گوڵ لە ئەدەبدا هێمای جوانی، ژیان و گەشانەوە بووە؛ کەچی لێرەدا پێچەوانەکەی دەبینرێت. گوڵەکان هەمیشە لە دۆخی هەڵوەرین و ناجێگیری دان، چونکە زەمینەی ژیانی (ئازاد) و (ژولیا) بەتایبەت (ئازاد)ی دوای جەنگ لەسەر خاکی جەنگ و وێرانە بونیاد ناونراوە.

لە (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) دۆخەکە وەک وێنەیەکی مەنگ و نەبزوو دەمێنێتەوە، بە تایبەت کۆتایییەکەی کە خوێنەر لە چاوەڕوانییدا دەهێڵێتەوە. کاتێک کاراکتەرەکان لە دۆخێکی قورسدا کۆتایی بە قسەکانیان دەهێنن، خوێنەر لەبەردەم پرسیارێکی کراوەدا جێدەهێڵن: ئایا ژیان لەگەڵ برینەکاندا بەردەوام دەبێت، یان مەرگی دەروونی زاڵ دەبێت بەسەریاندا؟ ئەمەیش ئەو خاڵەیە کە دەقەکەی بە زیندوویی هێشتووەتەوە؛ چونکە هیچ وەڵامێکی ئامادە و ڕە‌ها بوونی نییە، بەڵکوو (ئەژین فەهمی) دەیەوێت لە ڕێگەی ئامادەییی دەنگی کارەکتەرەکانەوە خۆی لە گێڕانەوەی کلاسیکی ڕزگار بکات و شانۆنامەیەک بەرهەم بهێنێت، کە لە دوای داخستنی پەردەش، هێشتا لە مێشک و دەروونی بینەردا درێژەی هەبێت.

ئەنجام

لە کۆتاییدا، بە خوێندنەوەی شانۆنامەی (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە شانۆ تەنیا چێژبەخش نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئازارە مێژوویی و دەروونییەکانی مرۆڤە لە سایەی جەنگدا. ئەژین فەهمی توانیویەتی لە ڕێگەی تێکشکاندنی سنووری کلاسیکی نێوان شانۆ و بینەر، هەروەها بەکارهێنانی میتافۆری گوڵەکان، مەتەڵێکی گەورە لەبەردەم خوێنەر و بینەردا جێبهێڵێت. کۆتاییی ئەم دەقە تەنیا کۆتاییهاتنی دیمەنەکان نییە، بەڵکوو دەستپێکی زنجیرەیەک پرسیاری کراوەیە: ئایا گوڵەکانی ژیان دەتوانن لەسەر خۆڵەمێشی جەنگ سەرلەنوێ بڕوێنەوە، یان مرۆڤ لە دۆخی جەنگدا هەمیشە لە سایەی بێدەنگی و مەرگی دەروونیدا دەژێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەوە دەسەلمێنێت، دەقەکە لە دوای داخستنی پەردەش، لە ناخ و مێشکی خوێنەردا هێشتا بە زیندویی و ناکۆتا دەمێنێتەوە. هاوکات کۆتایییەکەی وەک مەته‌ڵێکی بێ وەڵام وایه‌، له‌نێوان کارەکتەرەکان، بینەرەکان و خوێنەرەکانی، ئاخۆ تاقە گوڵێک هەیە ئیتر ژاکاوە و سیسە، کە گوزارشتە لە کارەکتەری (ئازاد)، یاخوود گوڵەکان ناگەشێنەوە بۆ مرۆڤانێکی هەمیشە نیشتەجێ بە جەنگ؟

The post مەتەڵی گوڵە نەگەشاوەکانی ئەو یان ئەوان appeared first on ژنەفتن.

مردنی گەڕانەوە
ئەم ماوەیە دیتنی فیلمه نوێیەکەی کریستۆفێر نۆلان، واته ئۆدیسە (۲۰۲۶)، بۆ من هاوکات بوو لەگەڵ خوێندنەوەی شانۆنامەی «هەڵەتێگەیشتن – سوتفاهم»ی ئالبێر کامۆ.

بە بەرچاوڕوونیی فیلمەکەی نۆلان، بۆمان دەرکەوێت «هەڵەتێگەیشتن» تەنها شانۆنامەیەک نییە دەربارەی تاوانێکی بنەماڵەیی و هەڵەیەکی کوشنده، بەڵکوو تێده‌گه‌ین‌ دەقێکە کە لەسەر یەکێک لە کۆنترین مۆدێلە ڕەوایەتییەکانی ئەدەبیاتی جیهان، واتە ڕەوایەتی گەڕانەوە یان نۆستۆس (Nostos)، دامەزراوە.

لە ئەدەبیاتی یۆناندا، نۆستۆس تەنها بە مانای گەڕانەوە و هاتنه‌وه بۆ ماڵ نییە. بۆ ڕەوایەتی نۆستۆس، گەڕانەوە و هاتنه‌وه دەبێ بگات بە ناسینەوە (Anagnorisis)، ناسینەوەش ببێتە هۆی کردار و کرده‌یش بە جێگیرکردنی نەزم، کۆتایی پێ‌بێت. ناسراوترین نموونەی ئەم مۆدێلە ئۆدیسەی هومێرە. ئۆدیسە دوای بیست ساڵ دووری و ئاوارەیی دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، واتە ئیتاکا. سەرەتا شوناسی خۆی ئاشکرا ناکات. ئەم شاردنەوەیە بەشێکە لە پرۆسەی گەڕانەوە. بەرەبەره بەپێی زه‌رووره‌ت دەناسرێته‌وه، دواتر کردار دەست پێ دەکات و لە کۆتاییدا ماڵبات و پاشایەتییەکەی دووبارە ڕێک دەخرێته‌وه. دەتوانین فۆرمولی نۆستۆس بەم شێوەیە کورت بکەینەوە:  گەڕانەوە، (شاردنه‌وه‌ی شوناس)، ناسینەوە، کردار، نەزم و ئارامی.

شانۆنامه‌ی «هەڵەتێگەیشتن»یش بە هەمان فۆرموله‌وە دەست پێ دەکات. «ژان» کوڕی ماڵەکە، ڕێک وەک ئۆدیسە، دوای بیست ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، ئەمیش سەرەتا شوناسی خۆی ئاشکرا ناکات. هه‌ڵبەت هه‌ر ئەم شاردنەوەیە جیا‌ له‌وه‌ی نۆستۆس بەراوەژوو دەکاتەوە، کارەساتی لێدەکەوێتەوە، دایک و خویشک ده‌یکوژن. هەروەک لە «ئۆدیپ شا» و «ڕۆستەم و سۆراب»یشدا، شاردنەوەی شوناس و دواکەوتنی ناسینەوە، بە کارەسات کۆتایی پێدێت. گەرچی لە «شانامە» کارەسات لە مه‌یدانی شەڕدا ڕوو دەدات، لە ده‌قه‌که‌ی کامۆ لە ناو ماڵدا ڕوو دەدات، واته ئەو شوێنەی دەبوو شوێنی ناسینەوە و وەخۆگرتن بێت، دەبێتە شوێنی کوشتن. ئەوەی لە «ئۆدیسە»دا مەرجی سەرکەوتنی گەڕانەوەیە، لە «هەڵەتێگەیشتن»دا دەبێتە مەرجی تراژیدیا. هه‌ڵبەت لێرە‌ش ناسینەوە ڕوو دەدات، بەڵام زۆر درەنگ، کاتێک هەموو شتێک تەواو بووە و هیچ کردارێک ناتوانێت چارەنووس بگۆڕێت، ڕێک وەک درەنگ ناسینی سۆراب و ئۆدیپ. که‌واته ده‌کرێ بڵێین کردار(کوشتن) پێش ناسینەوە ده‌که‌وێت و لە هەر سێ ده‌قی «شانامه» و «ئۆدیپ‌شا» و «هەڵەتێگەیشن»، فۆرمولی نۆستۆس وه‌های لێدێت: گەڕانەوە، (شاردنه‌وه‌ی شوناس)، کردار، ناسینەوە، کاره‌سات.

سه‌ره‌ڕای ئەم باسانه بە ڕای من، جیاوازیی سەرەکیی «هەڵەتێگەیشتن» و «ئۆدیسە» لە شوێنێکی قووڵتردایە. لە «ئۆدیسە»دا تەنها که‌سایه‌تیی ئۆدیسە لە فیکری گەڕانەوەدا نییە، بنەماڵە و ماڵیش چاوەڕێی هاتنه‌وه‌یین. پێنێلۆپێ بیست ساڵه خۆی و ماڵەکە دەپارێزێت تا ئەگەر مێرده‌که‌ی گه‌ڕایەوە، باوەش و شوێنی بۆ مانه‌وه هەبێت. ژن، ماڵ، هاوڕێ و ته‌نانه‌ت سه‌گه‌ پیره‌که‌یش پارێزەری بیرەوەری، شوناس و چاوەڕوانین. بەڵام لە «هەڵەتێگەیشتن»دا، ماڵ چیتر شوێنی چاوەڕوانی نییە. دایک و بە تایبەت مارتای خویشک چاوەڕێی هیچ کەسێک ناکەن. خەونیان گەڕانەوەی ژان نییە، کاتێکیش ژان خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه ته‌نانه‌ت باش سه‌یری ناکه‌ن، بۆ دۆزینه‌وه‌ی هێمای هاوشێوەیی نایپشکنن‌، هیچ نیشانه‌یه‌کی ‌بنه‌ماڵەیی تێدا که‌شف ناکه‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌یانه‌وێ ئاسەوار و شوێنپێی‌‌ بسڕنه‌وه. ئاخر ئەوان ئاماده‌ی ژان نین و‌ ئاره‌زوو و‌ نه‌خشه‌یان پارە بردن و ڕاکردنه له‌و‌ ماڵ و موسافیرخانه‌یه‌. ڕەنگه له‌به‌ر ئەمه بێت کە ئەو تاقه رسته‌ ڕزگاریده‌ره واته «من کوڕی ئەم ماڵەم»، ئیمکانی وتنی بۆ ناڕەخسێت و هه‌رگیز نایه‌ت‌ به‌ زماندا.

لە جیهانی هومێر و زەمەنی بازنەییی ئوستوورەدا، شوناس جێگیرە. پێنێلۆپێ پاش بیست ساڵ هەر هه‌مان ژنی ئۆدیسەیە، تێلێماخۆس هەر کوڕی ئۆدیسەیە، ئارگۆس هەر سەگی ئۆدیسەیە. بیست ساڵ به‌سه‌ر غیابی ئۆدیسەدا تێدەپەڕێت، که‌چی پەیوەندییە بنەڕەتییەکان ناگۆڕێن. به‌ڵام لە ده‌قه‌که‌ی کامۆدا، هەموو پەیوەندی و شوناسێک شەقی بردووه و دوو لەت بووه. ماڵ هەم ماڵە و هەم موسافیرخانە، دایک و خویشک هەم دایک و خویشکن و هەم بکوژ، ژانیش هەم کوڕە و هەم میوان. کەواتە ئەگەر پێنێلۆپێ، ئارگۆس و ماڵ پارێزەری نۆستۆسن، لە ده‌قی کامۆدا دایک، مارتا و خودی ماڵ ئەو توانست و ئیمکانە ڕەت دەکەنەوە.

لێرەدا شکستی نۆستۆس تەنها شکستی ناسینەوە نییە، بەڵکوو شکستی زمانیشە. وا ده‌رده‌که‌وێ ژان توانای ناساندنی خۆی هەیە و خۆی وای پێ‌باشه جارێ نه‌یڵێت، ئەمە ڕواڵەتە، ژان هەرگیز ناتوانێت ئەو وتەیە لانیکه‌م لە کاتی گونجاودا بڵێت، چونکوو زمان لە جیهانی داڕماوی شانۆنامه‌که‌دا چیتر ئامرازی پەیوەندی و خۆپێناسه‌کردن و ده‌رخستن نییە، بەڵکوو بووه‌ته شوێنی داشاردن و خۆشاردنه‌وه، وه‌دواخستن و لێکدانەوەی هەڵە، له‌ملاشه‌وه ده‌ڵێی کەسایەتییەکانیش گوێبیستی زمانی ڕاستیبێژ نین و له ئاستی هەموو نیشانه‌یه‌کدا کوێرن و تەنها به ده‌فته‌رچه‌ی ناسنامه‌ی و په‌ساپۆرت باوه‌ڕ ده‌که‌ن.

لەبەر ئەوە، تراژیدیای «هەڵەتێگەیشتن» تەنها بەهۆی دواکەوتنی ناسینەوە نییە، به‌ڵکوو بە هۆی نه‌تواناییشه له سه‌رگرتنی نۆستۆس و له کارکه‌وتنی زمانی ڕاستی‌بێژ و ئیمکانی ژنه‌فتنی ڕاستی. بەم مانایە، کامۆ تەنها چیرۆکی گەڕانەوە پێچەوانە ناکاته‌وه بەڵکوو بنەمای نۆستۆسیش لەکار دەخات. لە جیهانی کامۆدا هاتنه‌وه ڕوو دەدات، بەڵام نۆستۆس جێبەجێ نابێت. چونکوو وه‌ک بینرا نە ده‌رفه‌ت و زه‌رفییه‌ت بۆ زمان و خۆناساندن ده‌ڕەخسێت، نه ناسینەوە لە کاتی خۆیدا ڕوو دەدات، نە ماڵ هێشتا شوێنی پاراستنی بیرەوەری و شوناسە، نە نەزم ئیمکانێکە کە بتوانرێت سەربگرێتەوە.

لە جیهانی هومێر، سوفوکل و‌ شانامه‌دا، شوناس پێش لە هەر شتێک لە جەستە، بیرەوەری و پەیوەندیی بنەماڵەییدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه. جێ برینی ڕانی و کەوان‌کێشییەکەی ئۆدیسە، برینانی پاژنه‌ی ئۆدیپ، هێز و بازووبەندی سۆراب بەڵگە و ناسنامه‌ن و جیا‌ له نیشانە‌ی جەستەییی که‌سه‌کان بە بیرەوەریی هاوبەشیش دەناسرێتەوە. بەڵام لە شانۆنامه‌که‌ی کامۆدا، شوناس ته‌نها و ته‌نها بووەتە ناسنامە و بەڵگەنامە‌ی کاغه‌زین. ئەمە تەنها جیاوازییەکی پلۆتی نییە، بەڵکوو نیشانەی گواستنەوەیشە لە جیهانێکه‌وه (کە شوناس لە جەستە و بیرەوەریدا دەپارێزرێت)، بۆ ناو جیهانێکی ئابزورد کە تێیدا هه‌موو ئەو پەیوەندییانە (به زمانیشه‌وه)، شکاون. بۆیە لە «هەڵەتێگەیشتن»دا، نۆستۆس تەنها بەهۆی دواکەوتنی ناسینەوە شکست ناهێنێت، بەڵکوو له‌به‌ر ئەوەشە کە لەو جیهانەدا وتنی ڕاستی مەرجەکانی ناسینەوە، گەڕانەوە و دامەزراندنەوەی نەزم لەناو چووگن. واته ئەو جیهانەی وا نۆستۆس تێیدا مانادار بوو، چیتر بوونی نییە.

The post مردنی گەڕانەوە appeared first on ژنەفتن.

فەرهەنگی دێهخودای کوردی
بەم ڕستەیە دەست پێ دەکەم:

لە ڕوانگەی منەوە ــ هەتا ئێستا ــ ڤەژینبووکس ئابڕوومەند ــ معتبر ــ ترین فەرهەنگی کوردییە.

تا ئێرە خوێنەر وا دەزانێت من ڤەژینبووکس و ڤەژین‌لینکسم لێ تێکچووە! بەڵام وا نییە. لەبەر چاوی من ڤەژینبووکس لە ڤەژینلینکس و هەموو قامووسە کوردییەکانی تر دیکشنرییەکی باوەڕپێکراوترە.

لە فەلسەفەی زماندا دەگوترێت؛ مانای ڕاستەقینەی وشەکان لە بەکاربردن و لە کانتێکست و ڕستەکاندا دەر دەکەوێت. هەر لەبەر ئەم ڕاستییەیە کە لە فەرهەنگە زەنگینەکانی دونیادا کاتێک دەیانەوێت مانای وشەیەک دیاری بکەن وشەکە لە ڕستەیەک یان دەربڕینێکدا بەکار دەبەن و دیاری دەکەن کە فڵان وشە لە فیسار بەستێن و کانتێکستدا چ مانایەک دەدات.

لەگەڵ ئەوەی لە بڕێک لە فەرهەنگە کوردییەکاندا هەوڵ دراوە مانای وشەکان بەپێی بەستێن لێک بدرێتەوە، دەبینین لە بڕێک لەو فەرهەنگانەدا مانای وشەکە بە هەڵە لێک دراوەتەوە. سەیری ئەم نموونەیە بکەن کە لە فەرهەنگی ڕەنگی پازار هەڵم بژاردووە:

له لاپەڕی ۱۱۰۰دا ئەم دێڕە شیعرەی کامەران موکری هێنراوە؛

با هەزار و یەک هۆنراوەی ڕەنگاوڕەنگ

وەکوو کچی گۆشی نازی شۆخ و شەنگ.

گوایە ــ بەپێی تێگەیشتنی فەرهەنگنووس ــ لێرەدا وشەی ڕەنگاوڕەنگ وەک ڕەنگێک بەکار هاتووە. بەڵام لێرەدا وشەی ڕەنگاوڕەنگ پەیوەندی بە ڕەنگەوە نییە بەڵکوو مانای فرەچەشن ــ متنوع ــ دەدات.

https://books.vejin.net/

بەم دوو پێشەکییەوە دەتوانیت لە گرنگی ڤەژینبووکس تێ بگەیت. ڤەژینبووکس ماڵپەڕێکە کە بەشێک لە ڕەسەنترین دەقە کوردییەکانی تێدایە. هەر کەسێک بیەوێت مانای ڕاستەقینەی وشەیەک لە بەستێنێکی تایبەتدا بدۆزێتەوە دەتوانێت بە گەڕان بۆ ئەو وشەیە لە ڤەژینبووکسدا دەیان نموونە بدۆزێتەوە. لەم ڕووەوە له ڕوانگەی منەوە ڤەژینبووکس فەرهەنگی دێهخودای کوردییە.

دامەزرێنەرانی ڤەژینبووکس ئەم ئامانجانەیان بۆ کارەیان داناوە:

ــ دروستکردنی کۆگایەکی دەق (corpus) لە بەرهەمی نووسەران و شاعیرانی کورد.

ــ کۆکردنەوەی زانیاریی زیادە (metadata) وەک شێوەزار، ڕێککەوت و … لەگەڵ دەقەکاندا.

ــ دیاریکردنی بەشە تایبەتەکانی نێو دەقەکان وەک تاگی زمان بیانی و تاگی ناوی تایبەت و …

ــ بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی پلەی زمانی کوردی لە ناوەرۆکی سەر وێبدا.

ــ دابینکردنی پێگەیەکی ناوەندی بۆ بەژێدەرکردن و ئاماژەپێدان بە سەرچاوە مێژوویی و ئەدەبییەکانی کوردستان.

هەموو ئەو ئامانجانە بەرزن و ڤەژینبووکس هەموویانی پێکاوە. بەڵام لە ڕوانگەی منەوە ڤەژینبووکس بەم ژێرخانەی هەیەتی دەتوانێت ئامانجی گەورەتر و بەرزتر بپێکێت. ئامانجێک کە دەتوانم پێی بێژم؛ ئامانجی کردنی ڤەژینبووکس بە دێهخودای کوردی. ئامانجی کردنی ڤەژینبووکس بە باوەڕپێکراوترین قامووسی کوردی. قامووسێک کە بۆ هەر وشەیەکی کوردی دەیان نموونەی بەکاربردنی ئەو وشەیە بخاتە بەردەست.

ڤەژینبووکس بە گۆڕینێکی بچووکی ژێرخانەکەی لە ئاستێکی تردا دەتوانێت لەخۆگری مێژووی گەشە و گورانی زمانی نووسینی کوردی بێت. وای دابنێ ڤەژیبووکس لەخۆگری ڕەسەنترین و بایەخدارترین دەقە کوردییەکان بێت، دەقەکانیش بەپێی ڕێککەوت و کرۆنۆلۆژیا ڕیز کرا بن. لە کاتی گەڕان بۆ وشەیەکی کوردی نموونە دۆزراوەکان بەپێی مێژووی نووسینی دەقەکان ریز بکرێن، لەم حاڵەتەدا ئێمە تێ دەگەین فڵان وشەی کوردی سەرەتا لە کام دەقی کوردی‌دا تۆمار کراوە. بەمەش ئێمە دەتوانین مێژووی گەشە و گورانی زمانی کوردی بزانین.

ئەوەی بڕێک دەقە فەلسەفییەکانی دیبێت له گرنگیی مێژووی گەشە و گورانی زمان و وشە تێ دەگات. کە باسی بوتیقا دەکرێت دەگەیت بە پۆئتیک و لە پۆئتیکەوە دەڕۆیت تا دەگەیتە پۆئسیس(دروستکردن) لە زمانی یۆنانیدا.

لە باسی وشەی ئەقڵدا دەتبەنەوە بۆ وشەی عوقولی عەرەبی کە پەتێک بووە بۆ بەستنەوەی چوارپەلی وشتر.

هەزاران نموونەی وا هەیە کە گرنگیی مێژوو و گۆڕاوگۆڕ ــ تطور ــ‌ی وشە لە هزر و فەلسەفەدا نیشان دەدەن. مێژووی فەلسەفە هەر مێژووی دروستبوون و گۆڕانی وشەکانە.

ئەوەی ڤەژینبووکس لای من گەورە و بەرز دەکات ئەو ژێرخانەیە کە هەیەتی و دەتوانێت ببێت بە سەرچاوەیەکی باش بۆ  زانینی مێژووی گۆڕان و گورانی زمانی نووسینی کوردی.

لەم ماوەیەدا کتێبی حەوتەوانەی دکتۆر سەلاحەدین خەدیو بڵاو بوویەوە.

ئەو کتێبە دووبارە گرنگیی بوونی سەرچاوەیەک بۆ زانینینی مێژووی وشەی کوردی دەر دەخات. دکتۆر خەدیو لەو کتێبەدا باسی کۆمەڵێک چەمک و وشە دەکات کە کەی و چۆن هاتنە ناو زمان و دونیای کوردەوە. وشەگەلی وەک گەل، نەتەوە، سەربەخۆیی، ئۆتۆنۆمی و هتد. بوونی ژێرخانێکی پتەوی وەک ڤەژینبووکس ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی هزر و زمان و وشەی کوردی.

خەسارناسیی ڤەژینبووکس

ئامانجی چوارەمی ڤەژینبووکس ئەمە بوو:

ــ دابینکردنی پێگەیەکی ناوەندی بۆ بەژێدەرکردن و ئاماژەپێدان بە سەرچاوە مێژوویی و ئەدەبییەکانی کوردستان.

من ئەم دەقەم نووسی چون ڤەژینبووکس بە ژێرخانێکی گەورەی فەرهەنگیی کورد دەزانم و حەز دەکەم بەڕێوەبەرانی پێداچوونەوەیەک بە کارەکەیاندا بکەن کە باشتر خزمەتی کوردی بکات.

سەرەڕای ئەوەی ڤەژینبووکس لەخۆگری بەشێکە لە ڕەسەنترین دەقەکە کوردییەکان، سەیرکردنی لیستی کتێبەکان نیشان دەدات ڤەژینبووکس خاوەنی پرۆگرامێکی تۆکمە نییە. بەشێکی بەرچاوی ئەو دەقانەی لە ڤەژینبووکسدا دانراون دەقی پلە سێ و پلە چواری کوردین، لە حاڵێکدا زۆرێک دەقی ڕەسەنتر و باوەڕپێکراوتر هەن کە دەبوو هەبن و نین.

بە ڕای من ئەوەی پێویستییەکی هەنووکەیییە بۆ ڤەژینبووکس دیاریکردنی بەرجەوەندێکی کارییە بە جۆرێک سەرەتا لیستێک لەو کتێبانەی دەبێ هەبن دیاری بکرێن و دواتر داوا بکرێت له بەشداربووان کارەکە ڕاپەڕێنن نەک ئەوەی کەسەکان بە دڵخوازی خۆیان دەق هەڵبژێرن.

پێشنیاری من بە هاوڕێیان ئەوەیە بەرجەوندێکی کاریی دیاری بکرێت. دەقەکان دەبێت بەپێی بنەماگەلێک کە بەڕێوەبەران دیاری دەکەن هەڵببژێردرێن. پێشنیاری من ئەوەیە لە هەڵبژاردنی دەقەکاندا چەند خاڵ ڕەچاو بکرێت:

ــ گرنگیی ئەدەبی؛ دەبێ ئەو دەقانەی خاوەنی گرنگییەکی ئەدەبین هەڵببژێردرێن. لەم بابەتەدا نابێت تەنیا گرنگی بە دەقی زۆر کۆن بدرێت. زۆر دەقی نزیکی ئەدەبی هەن دەکرێت بە ڕەزامەندی خاوەنەکانیان کە هێشتا زیندوون دابنێرێن. وەک شیعرەکانی عەبدووڵڵا پەشێو، مودریک کەریمی، سەعید عبادەتیان یان ڕۆمانەکانی محەممەد ئوزوون، فەرهاد پیرباڵ، شارام قەوامی، چیرۆکەکانی عەلی غوڵامعەلی و حەمەفەریق حەسەن.

ــ گرنگی زمانی؛ دەبێ ئەو دەقانەی لە مێژووی زمانی کوردیدا گرنگیان هەیە دابنرێن. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت ڕۆژنامە و گۆڤار کوردییە کۆنەکان بە ڕێنووسی ڤەژینبووکس تایپ بکرێنەوە و دابنرێن. ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، بە تایبەت ئەوانەی نێوان ۱۹۴۰ تا ۱۹٨۰ بە وردی مێژووی گۆڕانی کوردی و دروستبوونی کوردیی نوێ و کوردیی نووسین نیشان دەدەن. لێرەدا گرنگی گۆڤارەکان لە کتێبەکان فرەترە. چون زۆربەی وشە دروستکراو و نوێیەکان کەسانێک دروستیان کردووە کە ڕەنگە قەد نووسینیان بە شێوەی کتێب بڵاو نەکردبێتەوە.

ئەگەر ڤەژینبووکس بتوانێت گۆڤار و ڕۆژنامە کۆنە گرنگەکان بە ڕێنووسی ئەمڕۆ دابنێت؛ کاری لێکۆڵەران بۆ کۆڵینەوە لە وشەی کوردی ــ تۆ بیخوێنەرەوە بیرکردنەوەی کورد بە کوردی ــ ئاسانتر دەبێت.

باسی یەک نموونە دەکەم. وای دابنێ کەسێک بیەوێت بزانێت یەکەم  نووسەران و بیرمەندانی کورد کە باسی استثمار ــ بە فارسی ــ یان exploitation ــ بە ئینگلیزی ــ یان کردووە چ هاوتایەکی کوردییان بۆ داناوە. بە گەڕان لە ڤەژینبووکسدا بۆ وشەی چەوسانەوە دەگەین بە دەقێکی حەسەن قزڵجی لە کتێبی ” کۆبەرهەمی حەسەن قزڵجی”. پاراگرافێک لەو کتێبە ببینن:

سەرمایەداری ڕژێمێکە بناغەی لەسەر چەوسانەوە و ڕەنجخۆری کاری کرێگرتەیە لە لایەن سەرمایەدارەکانەوە. چەوسانەوە و ڕەنجخۆری یاخود سوود لێکێشانەوە ئەوەیە سەرمایەدارەکان ئەو نرخە زیادەیە بۆ خۆیان هەڵئەگرن کە کارگەر بە ڕەنجی شان و کاری خۆی پەیدای ئەکات.

لەم نموونەیەدا یەکێک لەو یەکەم کوردانەی ویستوویە بە کوردی لەسەر چەوسانەوه بنووسێت؛ سێ هاوتای بۆ ئەو چەمکە داناوە؛ ڕەنجخۆری، چەوسانەوە، سوودلێکێشانەوە. ئەگەر بمانەوێت بزانین نووسەران و بیرمەندانی کوردینووس سەرەتا چەمکەکانیان چۆن کردووە بە کوردی؛ دەبێت سەیری ڕۆژنامە و گۆڤارە کۆنەکان بکەین. ئەگەر ڤەژینبووکس بتوانێت ڕۆژنامە و گۆڤارە کۆنەکان لە خۆی بگرێت، گەڕان و کۆڵینەوە لە بیرکردنەوەی کورد ــ بە کوردی ــ ئاسانتر دەبێت.

بێجگە گۆڤار و ڕۆژنامە کۆنەکان کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کوردین، دەکرێت کتێبی نووسەرانێک دابنێرێت کە زمانی نووسینیان کوردییەکی ڕێک و پێکترە. وەک کتێبەکانی مەسعوود محەممەد، جەمال نەبەز، حەمەسەعید حەسەن، شێرزاد حەسەن، فرات جەوەری، عەبدوڵڵا پەشێو، فەرهاد پیرباڵ.

ــ گرنگی شێوەزارەکی؛ خەسارێکی گەورە ئەوەیە دەقەکان بە شێوەی لارەسەنگ بە سەر ناوچە و شێوەزارەکاندا دابەش بوون. ڕوونە کە ناوچە و شێوەزارەکان له ڕووی ژمارەی دەقی ئەدەبییەوە هاوسەنگ نین. بڕێک ناوچە و شێوەزار دەقیان زۆرترە، سەرەڕای ئەمەش ڕێژەیەکی بەرچاوی دەقی پلە چەندم لە ناوچە و بنزارێکی دیاری کراوە دانراوە لە حاڵێکدا بڕێک ناوچە یەک دەقیان لێ دانەنراوە. ئەم خەسارە وا دەکات زۆرێک وشەی کوردی هەن کە لە ڤەژینبووکسدا یەک نموونەشیان لێ نادۆزرێتەوە، چون لە ناوچەیەک بەکار دەبردرێن کە دەقی لە ڤەژینبووکسدا نییە. بۆ ئەم مەبەستە باشترە ڤەژیبووکس ڕێژەیەکی کۆتا بۆ ناوچە و شارە جیاوازەکان دابنێت تا بە جۆرێک ڤەژینبووکس هەموو وشەی کوردی لهخۆ بگرێت.

با نموونەیەک بهێنمەوە. لە ڤەژینبووکسدا ئەگەر بە شوێن وشەی “جوایەز” ــ جیاواز بە بنزاری دەوروبەری هەولێر ــ دا بگەڕێیت؛ ۳ نموونە دەهێنێت کە هی شاعیرێکە بە ناوی ڕاجی. بەڵام ئەگەر بە شوێن وشەی “جیاواز”دا بگەڕێیت ۲۰۷ جار دەدۆزرێتەوە. لێرەدا دەبینی دیوانی ڕاجی چون هی ناوچەیەکی جیاوازترە ڤەژینبووکسی له ڕووی چەشناوچەشنی شێوەزارەییەوە دەوڵەمەند کردووە.

لە کۆتاییدا بە ڕاوێژی کابرا کە گوتی “شێخە گیان تۆ خۆ دوعاکە دەکەی با کوڕ بێت” بە ستافی دڵسۆزی ڤەژینبووکس دەڵێم؛ ئێوە کە زەحمەتەکە دەکێشن، خۆزگە بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەتر بیکەن. حەیفە هێشتا سەدان بەهەمی پلە یەکی کوردی لە ڤەژینبووکسدا دانەنراوە کەچی ڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەم لە ڤەژینبووکسدا دانراوە کە لە هیچ ڕوویەکەوە گرنگییان نییە. نە لە ڕووی ئەدەبییەوە، نە لە ڕووی زمانییەوە، نە لە ڕووی مێژوویییەوە، نە لە ڕووی شێوەزارییەوە.

The post فەرهەنگی دێهخودای کوردی appeared first on ژنەفتن.

ڕێئالیزم، بوون و دۆزینەوەی واقیعی ونبوو
دە مێژووی ئەدەبیاتدا، ڕێئالیزم تەنیا شێوازێکی هونەری نییە؛ جۆرێک هەڵوێستە دە بەرابەر جیهان و بووندا. ڕێئالیزم بەرلەوەی خەونەکان بنووسێ، ڕاستییەکان دەخوێنێتەوە. پێش ئەوەی پاڵەوان درووست بکا، مرۆڤی ئاسایی دەبینێ. بۆیە ڕێئالیزم لە بنەڕەتەوە هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەدەبیات بۆ ژیانی ڕۆژانە؛ بۆ ئەو شوێنانەی کە زۆرجار لەبەر بێدەنگییان لە بیر دەچن. ڕێئالیزم لەو سووچەوە، سەنتێز و دەرهاویشتەی ئەدەب و واقیع و شوێنــ/کاتە. فەلسەفەی ڕێئالیزم لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێ کە جیهان بەر لە بوونی وشیاریی ئێمە، هەیە. واتە ڕاستییەکان بەرهەمی مەیل، ئارەزوو یان خەیاڵی ئێمە نین. هەژاری، نادادی، کۆچ، چاوەڕوانی، شکست و ئومێد هەموویان بوونگەلێکی سەربەخۆیان هەیە، بۆیە نووسەری ڕێئالیستیش هەوڵ دەدا ئەم بوونانە وەک خۆیان نیشان بدا، نە وەک ئەوەی دەیەوێت بیانبینێ. دە چیرۆکی کوردیدا، ڕێئالیزم زیاتر لە هەر شتێک بە ئەزموونی مێژوویی کوردەوە گرێ دراوە. کاتێک مێژووی پڕە لە ڕاپەڕین، کۆچ، چەوسانەوە و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، چیرۆکیش ناچارە ببێتە ئاوێنەی ئەم واقیعە. لێرەدا چیرۆکنووس تەنها گێڕەرەوەی ڕووداو نییە؛ بەڵکوو شایەتێکی سەردەمەکەی خۆیەتی. ئەرکی وشەکانیش کە دیارە. جێگرکردنی بەڵگەمەندی مرۆڤ و کاراکتێر و سۆبێکتەکانە دە مێژوویەکی کاتمەند و ڕووتین و ڕووماڵدا، بە تایبەت کاتێ دەنگ و ئاسەواریان بزر بووە دە نێو ئاپۆڕەی قەرەباڵغی واقیعەکاندا. کۆمەڵە چیرۆکی” پەیڤی ڕەنگاڵەکان” لە نووسینی چیرۆکنووس “ڕزگار ئەمین نژاد”یش دە هەمان ئاسۆدا خەریکی جم و جووڵە.

کارەکتەرەکان دە “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”دا، پاڵەوانی ئەفسانەیی نین؛ مرۆڤی ئاسایین. مرۆڤگەلێ کە بارودۆخ درووستیان دەکا و هەمان کات بارودۆخیش ئەو هەڵچنینە وەک واقیع دەگۆڕێ. گرینگ ئەوەیە: لە ژێر سەیتەرەی ڕووداوەکاندا، خوێنەر بەرامبەر پرسیارێکی فەلسەفی دادەنرێ: مرۆڤ تا چەندە ئازادە دە جیهانێدا کە هێزە کۆمەڵایەتی و مێژوویییەکان بەردەوام چارەنووسی دەنووسن؟ گرینگیی ئەم کۆچیرۆکە دەوەدایە کە واقیع تەنیا وەک دیمەنێکی دەرەکی ناناسێنن. هەوڵ دەدەن ناوەوەی واقیعیش ئاشکرا بکەن؛ ئەو ترس و تەنیایی و ئارەزووانەی کە لە ژێر ڕووی ژیانی ڕۆژانەدا خۆیان شاردووەتەوە. بەو مانایە، ڕێئالیزم لێرەدا تەنها وێنەکردنی ژیان نییە، بەڵکوو ئاشکراکردنی ئەو واقیعانەیە کە دە ژیاندا ون بوون یا بەو جۆرەی کە شیاوە، لێیان نەڕواندراوە. بەو پێیە، ڕێئالیزمی چیرۆکی کوردی پێمان دەڵێ کە هونەر نابێ هەمیشە لە دەرگای خەونەوە بچێتە ژوورەوە. هەندێ جار دەبێ لە پەنجەرەی ڕاستییەوە سەیری جیهان بکا. چونکە لە ناو هەمان ئەو ڕاستییە تاڵەدا، چیرۆک دەتوانێ نەک واتای نوێی مرۆڤبوون بەڵکوو مرۆڤ وەک جیاوازییەک دە بەستێنی واقیعی بووندا بدۆزێتەوە. هەر بەو پێودانگە، چیرۆک لە بنەڕەتەوە تەنیا هونەری گێڕانەوەی ڕووداوە سەرپێیەکان نییە؛ بەڵکوو شێوازێکە بۆ دەرخستنی شێوازی بوون. هەر دەقێکی ئەدەبی، پێش ئەوەی بەرهەمی خەیاڵ بێ، وڵامێکە بۆ پرسیارێکی ئێگزیستانسیالیستی و هەڵوێستگەرایانە دە بەرابەر گشتییەتی واقیعدا. بۆیە کاتێ خوێنەر، سەرانسۆیەکی ئاساییی کۆمەڵە چیرۆکێکی وەک “پەیڤی ڕەنگاڵەکان” بکا، بۆی دەردەکەوێ کە تەنیا بەرامبەر ڕووداو و کاراکتێر دانانیشێ؛ بەڵکوو بەرامبەر بە جۆرێک لە تێگەیشتن لە جیهان و مرۆڤ و واقیع لەنگەر دەگرێ. ئەگەرچی ڕێئالیزم دە گشتییەتی ئەدەبیاتدا زۆرجار بە هەڵە تەنیا وەک وێناکردنی واقیع ناسێندراوە بەڵام، لە ئاستێکی قووڵتردا، ئەو هەڵوێستە دە “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”دا هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە نهێنیی واقیع. ئەوەی دە واقیعدا نابیندرێ بەڵام واقعییەت دەگۆڕێ. ئەوەش پاساوی ئەوە دەکا کە دەو کۆچیرۆکەی “ڕزگار”دا لەبەر واقیع هەمیشە ئەوە نییە کە دەبینرێ بەڵکوو زۆرجار ئەوەی دەبینرێ، دەمامکێکە بۆ ئەو ڕووداوانەی کە نابینرێن نەک لەبەر بێ بایەیخیان بەڵکوو بەهۆی ئەوەی واقیع ڕوخساری گۆڕیون و بزریشی کردوون. ئەرکی نووسەری ڕێئالیست دەوەها هەلومەرجێکی بارمتەکراودا ئەوەیە کە لە پشت دیاردەکانەوە بڕوانێ و ئەو هێزانە بدۆزێتەوە کە ژیانی مرۆڤ درووست دەکەن. بۆ ئەوەش پێویستە لە دەرەوەی نووسەردا لە واقیع بڕوانێ. چیرۆکەکانی “ڕزگار” لەو ئاسۆیەدا خوێندنەوەیان بۆ دەکرێ. لێرەدا مرۆڤی ئاسایی بووەتە ناوەندی گێڕانەوە. نە پاڵەوانی مێژوو، نە کاراکتێری ئەفسانەیی، بەڵکوو تاکی ئاسایی کە بارودۆخی ژیان بەردەوام لە نێوان ئومێد و شکست، ئارەزوو و سنوور، بوون و نەبووندا دەیجووڵێنێ. ئەو هەڵبژاردنە خۆی هەڵوێستێکی فەلسەفییە. چونکە نووسەر لەوێوە دەست پێ دەکا کە واتای مرۆڤ بوون دە ناو ژیانی ڕۆژانەدا بدۆزێتەوە، نە لە ناو میتۆلۆژیا و قەبە ڕەوایەتەکاندا. لە ڕوانگەی دەرکەوتەناسییەوە، جیهانی ئەو چیرۆکانە جیهانێکی ئەزموونکراوە. ڕووداوەکان ئەوەندەی ئاسایین ئەوەندەش دوورەپەرێزن لە نیشاندرانیان وەک بابەتی دەرەکی، بەڵکوو وەک ئەوەی لە وشیاریی کارەکتێرەکاندا دەردەکەون. گوند، شار، کۆچ، بێکاری، چاوەڕوانی و تەنیایی تەنیا ڕووداو نین؛ شێوازگەلێکن لە ئەزموون کردنی جیهان. بە واتایەکی هۆسێرلی، واقیع لێرەدا لە ڕێگەی ئەزموونی ژیاودا واتا وەردەگرێ. دە هەمان کاتدا، دەکرێ چیرۆکەکان لە ڕوانگەی لوکاچیشەوە بخوێندرێنەوە. چونکە ڕێئالیزم لە مانای قووڵی خۆیدا تەنیا باس کردنی تاک نییە؛ ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی تاک و گشتییەتی واقیعە. کارەکتێرەکان دە چیرۆکەکانی “ڕزگار ئەمین نژاد”دا هەمیشە دەنێو تۆڕێکی پێوەندیییە کۆمەڵایەتی و مێژوویییەکاندا دەژین. چارەنووسیان تایبەتە، بەڵام هۆکارەکانی گشتییە. لەبەر ئەوە شکستەکانیان تەنیا شکستێکی تاکی نین؛ نیشانەی قەیرانێکی فراوانتری کۆمەڵایەتین. گرنگترین لایەنی کۆمەڵە چیرۆکی “پەیڤی ڕەنگاڵەکان” دەوەدایە کە زمانی گێڕانەوە تەواو دە خزمەتی ساحەی واقیعی مرۆڤایەتیدا بەکار گیراوە. زمان لێرەدا ئامرازێکی جوانکاری نییە؛ شوێن و شێوازی دەرکەوتنی بوونە. هەر وشەیەک هەوڵێکە بۆ ئەوەی شتێک لە ونبوون بپارێزرێ. هەر چیرۆکێکیش تۆمارکردنی ساتێکە کە ئەگەر نەنووسرابا، دە نەهامەتیی پشتگوێ خراندا دەبوایە سوراغی بگیرێ. “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”، خۆی مانایەکی سیمبۆلی هەڵدەگرێ. ڕەنگاڵەکان ئەو دەنگانەن کە زۆرجار لە دەرەوەی ناوەند دەژین. دەنگی ئەوانەی کە مێژوو کەمتر گوێی لێ گرتوون. بەو مانایە، کتێبەکە تەنها کۆمەڵە چیرۆکێک نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی مافی قسەکردن بۆ ئەوانەی دە پەراوێزی ژیاندا هەڵپەسێراون. “پەیڤی ڕەنگاڵەکان” خوێنەر بانگهێشت دەکات بۆ بیرکردنەوە لە مرۆڤ و ئەو واقیعەی مرۆڤی ئاسایی هەڵدەپەسێرێ. ئەو مرۆڤەی کە لە ژێر بارگراوەندی بارودۆخەکاندا دەژی، بەڵام هەرگیز تەواو نابێتە بەرهەمی بارودۆخەکان. “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”، دە واقعییەتی خۆیدا، خوێنەر وشیار دەکاتەوە کە واقیع، پێش ئەوەی بابەتێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بێت، پرسیارێکی بوونـ/ ــە. پرسیاری ئەوەی کە چ شوێنــ/کاتێ مرۆڤ فڕێ دەداتە ناو دۆخێکی هایدگەری کە دەنێو جیهانێکی پڕ لە ناڕوونی و ناکۆکی و پرسیاردا، وڵام نەک تەنیا بۆ ژیان بەڵکوو بۆ بوونێتی و فەزا بدۆزێتەوە. ئەو ختۆکەیە کە لەلایەکەوە، ئەدەبیات پەلکێشی قۆناخی فەلسەفە دەکا و لەلایەکیش، چیرۆک دەکاتە شێوازێک هەم بۆ دۆزینەوەی واقیعە نەدیتراوەکان، هەم بۆ دەربڕینی شێوازەکانی بوون دە نویساردا. ڕوانینێکی قووڵتر لە “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”، ئەوە دەردەخا کە بابەتی سەرەکیی دەودا تەنیا مرۆڤ و کاراکتێر نییە، بەڵکوو پێوەندیی نێوان مرۆڤ و کات و بوونیشە. هەرکام لە چیرۆکەکان دە کێشەیەکی کاتییەوە سەرچاوە دەگرن. کاراکتێرەکان زۆرجار لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا پەلەقاژەیانە. بیرەوەرییەکان وەک هێزێکی شاراوە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی ئێستا هەیە. بەم شێوەیە، کات لە چیرۆکەکاندا تەنیا پاشخان و پاشکۆی ڕووداوەکان نییە؛ بەڵکوو پاڵنەری سەرەکیی گێڕانەوەشن… ئەو ڕەهەندە دەمانباتە نزیک ڕوانگەی هایدگەر. دە فەلسەفەی هایدگەردا، مرۆڤ بوونێکە کە هەمیشە لەناو کاتدا دەژی. ئێستا بەبێ ڕابردوو و داهاتوو مانای نییە. کاراکتێرەکانی کۆمەڵە چیرۆکی” پەیڤی ڕەنگاڵەکان”، زۆرجار لەژێر سێبەری ئەو شتانەدا دەژین کە ڕوویان داوە. واتە بوونیان هەمیشە بەرامبەر شتێکە کە لە دەرەوەی ساتی ئێستادا هەیە. لێرەوە چیرۆک، نەتەنیا گێڕانەوەی ڕووداوەکانە، بەڵکوو گێڕانەوەی کاتیشە. ئەوەیکە کاراکتێر و کەسایەتییەکان هەندێ جار لە نێوان ئارەزووەکانی خۆیان و جیهانی دەوروبەرییاندا هەڵپەسێراون و ناتوانن هاوسەنگی درووست بکەن، بەر و پتر لەوەیکە وەک ماک و توخمی چیرۆک بێنە ئاراوە، نیشاندەری ئەوەن کە مرۆڤ دە شوێن و شوێنــ/کاتدا پرسیار لە بوونی خۆی دەکا. “ڕزگار” دە “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”دا، ئەو بوونێتییە ئاسایی و ڕووتەڵە و بایۆلۆژیکەی خستۆتە ژێر پرسیار و هەروەها واقیعە سەرسەرەکییەکانی لە کردەیەکی بێ بارگراوەندی ڕۆژانەوە خستۆتە ناو ڕادیکالیزمی بیرکردنەوە لە ڕەهەندی ڕەوایەت و گێڕانەوەدا. ڕێئالیزم بەو مەرجەی بتوانێ دەبەینی بوون و کات و فەزا و واقیع و گێڕانەوەدا، باڵانسێک درووست بکا، دەتوانێ خۆی دەدووتوێی “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”دا بدۆزێتەوە بەو جۆرەی کە ڕێئالە…

The post ڕێئالیزم، بوون و دۆزینەوەی واقیعی ونبوو appeared first on ژنەفتن.