وەرگێڕان Archives - ژنەفتن

پشیلەی ژێر باران
لە‌و هۆتێلە‌دا، تە‌نیا دوو ئە‌مەریکایی مابوونە‌وە‌. کاتێ بە پلیکانە‌کاندا بۆ ژوورە‌کە‌یان سە‌ردە‌کە‌وتن و دەهاتنە خوار، هیچ کام لە‌وانە‌یان نە‌دە‌ناسی کە بە لایاندا تێدە‌پە‌ڕین. ژوورە‌کە‌یان لە نهۆمی دووە‌م، ڕووی لە دە‌ریادا بوو. هاوکات دیمەنی باخچە گشتییەکە و مۆنۆمێنتی جەنگەکەشی لێوە دیار بوو. لە ناو باخچە گشتییە‌کە دارخورمای قە‌دبە‌رز و کورسیی سە‌وزباو بەرچاو دەکەوتن.

لە‌و ڕۆژانەی هە‌تاو بە دە‌رە‌وە‌ بوو، هە‌میشە وێنە‌کێشێک بە سێ‌پاکە‌یە‌وە‌ لە‌وێ دە‌ردە‌کە‌وت. هونە‌رمە‌ندان حە‌زیان لە شێوازی باڵاکردنی دارخورماکان و ڕە‌نگە گە‌شە‌کانی ئە‌و هۆتێلانە بوو کە دە‌یانڕوانییە سە‌ر باخچە و دە‌ریاکە. ئیتاڵیایییە‌کان ڕێی دوور و درێژیان دە‌بڕی بۆ بینینی مۆنۆمێنتەکەی جە‌نگ؛ لە برۆنز درووست کرابوو و لە ژێر باراندا دە‌درە‌وشایە‌وە. باران دە‌باری. دڵۆپ دڵۆپ لە گە‌ڵای دارخورماکانە‌وە‌ دە‌تکایە خوار، ئاو لەسەر ڕێڕەوە چەوڕێژەکاندا گۆماوی درووست کردبوو. دە‌ریاش، وەک هێڵێکی درێژ خۆی بە کەنارەکەدا دەدا و جا شۆڕ دەبووەوە خوارێ، تا دیسانەوە هەڵکشێت و وەک هێڵێکی درێژ لەناو باراندا خۆی بکێشێتەوە بە کەنارەکەدا. ئۆتۆمبێلە‌کان گۆڕە‌پانە‌کە‌ی تە‌نیشت مۆنۆمێنتە‌کە‌ی جە‌نگیان چۆڵ کردبوو. لە‌وبە‌ری گۆڕە‌پانە‌کە‌وە‌، لە‌ بە‌ر دە‌رگای قاوە‌خانە‌کە‌دا، گارسۆنێک ڕاوە‌ستابوو، چاوی بڕیبووە گۆڕە‌پانە چۆڵە‌کە.

خانمە ئەمەریکایییەکە لە لای پەنجەرەکە ڕاوەستابوو، چاوی بڕیبووە دەرەوە. لە دەرەوە، ڕێک لە بن پەنجەرەکەیان، پشیلەیەک لەژێر یەکێ لە مێزە سەوزە دڵۆپەکردووەکاندا خۆی مات دابوو. پشیلەکە هەوڵی دەدا خۆی هێندە گرژ بکاتەوە تا دڵۆپەکانی بەرنەکەوێت.

ژنە ئەمەریکیایییەکە وتی، «دەچمە خوارێ ئەو پشیلۆکەیە دەهێنم.»

مێردەکەی لەسەر جێگاکەوە پێشنیاری کرد، «من دەیهێنم.»

«نەخێر، خۆم دەیهێنم. ئەو پشیلۆکە داماوە لە دەرەوەیە، لەژێر مێزێکدا هەوڵ دەدات تەڕ نەبێت.»

مێردەکەی بەردەوام بوو لە خوێندنەوە؛ لە خوارووی جێ‌خەوەکەیدا پاڵکەوتبوو و بە دوو سەرین پشتی دابووەوە.

وتی، «تەڕ نەبیت.»

ژنەکە چووە خوارەوە، وەختێ بە لای ئۆفیسەکەدا تێپەڕی، خاوەن هۆتێلەکە هەستا و سەری بۆ دانەواند. مێزەکەی لەوسەری ئۆفیسەکە بوو. پیاوێکی بەتەمەن و زۆر باڵابەرز بوو.

ژنەکە وتی، «ئیل پیۆڤی.» [1]خاوە‌ن هۆتێلەکەی بەدڵ بوو.

«سی، سی، سینیۆرا، برووتۆ تیمپۆ.[2] کەشوهەوایەکی نالەبارە.»

پیاوەکە لە پشت مێزە‌کە‌یە‌وە‌، لە‌و سە‌ری ژوورە کە‌مڕووناکە‌کە‌دا ڕاوەستابوو. ژنە‌کە پیاوە‌کە‌ی بە‌دڵ بوو. ئەو شێوازەی پێ جوان بوو کە بەوپەڕی ڕژدییەوە بەدەم گازاندەکانەوە دەهات. ئە‌و سە‌نگینییە‌ی لێی دە‌باری، ئە‌و پە‌رۆشییە‌ی بۆ  خزمە‌تکردنی هە‌یبوو، لە‌گە‌ڵ ئە‌و شانازییەی بە پیشە‌کە‌یەوە دەیکرد وە‌ک بە‌ڕێوە‌بە‌ری هۆتێل، هە‌مووی بەدڵ بوون. حەزی لە ڕووخسارە بە‌تە‌مە‌ن  و پڕ لە هە‌یبە‌تە‌کە‌ی و دە‌ستە گە‌ورە‌کانیشی بوو.

هەر بەو هەستە خۆشەیەوە، دە‌رگاکە‌ی کردە‌وە‌ و سە‌یری دە‌رە‌وە‌ی کرد. باران بە‌خوڕتر دە‌باری. پیاوێک بارانییە‌کی پلاستیکی لە‌بە‌ر بوو، لە گۆڕە‌پانە چۆڵە‌کە‌وە‌ بە‌رە‌و قاوە‌خانە‌کە‌ دەپەڕیەوە. پشیلە‌کە‌ش دەبوو لە لای ڕاستە‌وە‌ بێت. بیری لەوە دەکردەوە ڕەنگە بتوانێت بە پەنای دیوارەکە و بە ژێر گوێ‌سوانەکاندا بڕواتە لای. کاتێ لە چوارچێوەی دەرگاکە وەستابوو، لە پشت سەرییەوە چەترێک کرایەوە. خزمەتکارەکە بوو، هەمان ئەو کچەی کە خزمەتی ژوورەکەیانی دەکرد.

بە زە‌ردە‌خە‌نە‌یە‌کە‌وە‌ و بە زمانی ئیتاڵی گوتی، «نابێت تەڕ ببیت.» دیار بوو خاوە‌نی هۆتێلە‌کە ناردبووی. لە کاتێکدا خزمە‌تکارە‌کە چە‌ترە‌کە‌ی بۆ ڕاگرتبوو، ئە‌ویش بە ڕێڕە‌وە چە‌وڕێژە‌کە‌دا ڕۆیشت هە‌تا گە‌یشتە ژێر پە‌نجە‌رە‌کە‌ی خۆیان. مێزە‌کە لە‌وێ بوو، بارانە‌کە شوشتبوویە‌وە‌ و ڕە‌نگێکی سە‌وزی بریسکە‌داری پێ دابوو، بە‌ڵام پشیلە‌کە دیار نە‌بوو. دەمودەست هە‌ستی بە ناهومێدی کرد. خزمە‌تکارە‌کە‌ش چاوی تێ بڕی.

ژنە خزمە‌تکارە‌کە پرسیی، «ئا پێردوتۆ کوالکێ کۆزا، سینیۆرا؟»[3]

کچە ئە‌مەریکایییە‌کە وتی، «ئەرێ، پشیلە‌یە‌کی لێ بوو.»

«پشیلە؟»

«سی، ئیل گاتۆ.»[4]

«پشیلە؟» خزمە‌تکارە‌کە پێکە‌نی، «پشیلە لە ژێر باراندا؟»

ژنە‌کە وتی، «بە‌ڵێ، لە ژێر مێزە‌کە بوو.» جا درێژەی دایێ، «ئای، چە‌ندم حە‌ز لێ بوو. ئە‌و پشیلۆکە‌یە‌م دە‌ویست.»

کاتێ ژنە‌کە بە ئینگلیزی قسە‌ی کرد، ڕوخساری خزمە‌تکارە‌کە گرژ بوو.

«وە‌رە، خاتوون. دە‌بێ بچینە‌وە ژوورە‌وە. دەنا تە‌ڕ دە‌بیت.»

کچە ئە‌مەریکایییە‌کە وتی، «وا دیارە.»

بە ڕێڕە‌وە چە‌وڕێژە‌کە‌دا گە‌ڕانە‌وە و لە دە‌رگاکە‌وە چوونە ژوورێ. خزمە‌تکارە‌کە لە دە‌رە‌وە‌ مایە‌وە بۆ ئە‌وە‌ی چە‌ترە‌کە دابخات. وەختێ کچە ئە‌مەریکایییە‌کە بە‌لای ئۆفیسە‌کە‌دا تێپە‌ڕی، خاوە‌ن ‌هۆتێلە‌کە لە‌پشت مێزە‌کە‌یە‌وە سە‌ری بۆ دانە‌واند؛ وای لێ کرد لە یەک کاتدا هەم خۆی زۆر بە بچووک بێتە بەرچاو، هەم زۆریش هەست بە گرنگیی خۆی بکات. بۆ چرکەساتێک، هەستی کرد ژنێکی لەوپەڕی شکۆ و گرنگیدایە. بە پلیکانە‌کاندا سە‌رکە‌وت. دە‌رگای ژوورە‌کە‌ی کردە‌وە‌. جۆرج لە‌سە‌ر جێگاکە بوو. خە‌ریکی خوێندنە‌وە بوو.

جۆرج پە‌رتووکە‌کە‌ی دانا و پرسیی، «پشیلە‌کە‌ت هێنا؟»

«لەوێ نەمابوو.»

چاوە‌کانی لە خوێندنە‌وە‌ دوورخستە‌وە‌ و وتی، «دە‌بێ بۆ کوێ چووبێت؟»

ژنە‌کە لە‌سە‌ر جێگاکە دانیشت. وتی، «زۆر حە‌زم لێی بوو. نازانم بۆچی ئە‌وە‌ندە دە‌مە‌ویست. ئە‌و پشیلۆکە بێچارە‌یە‌م دە‌ویست. هیچ خۆش نییە پشیلە‌یە‌کی بێچارە بیت لە ژێر باراندا.»

جۆرج دیسان دە‌ستی کردە‌وە‌ بە خوێندنە‌وە‌.

کچە‌کە چووە بە‌ردە‌م ئاوێنە‌ی مێزی ئارایشتەکە دانیشت و لە ئاوێنەیەکی دە‌ستییە‌وە ورد سەرنجی ڕووخساری دەدا، سە‌رە‌تا لایە‌کی و جا لایە‌کە‌ی تری. دواتر تەماشای پشتە‌سە‌ر و ملی کرد.

دیسانە‌وە‌ سە‌یری لادیمە‌نی خۆی کرد و پرسیی، «پێت وا نییە باشتر بێت پرچم درێژ بکە‌مە‌وە‌؟»

جۆرج سە‌ری هە‌ڵبڕی و پشتی ملی بینی، کە وە‌ک هیی کوڕان کورت کرابووەوە.

«من هەر ئاوا پێم جوانە.»

ژنە‌کە گوتی، «زۆر بێزارم لێی. بێزارم لە‌وە‌ی شێوە‌م لە کوڕ بچێ.»

جۆرج لە‌سە‌ر جێگاکە خۆی جووڵاند. هە‌ر لە‌و کاتە‌وە‌ی دە‌ستی بە قسە‌کردن کردبوو، چاوی لێ لانە‌دابوو.

پیاوە‌کە وتی، «تۆ زۆر جوان دیاریت.»

ژنە‌کە ئاوێنە‌کە‌ی لە‌سە‌ر مێزی ئارایشتە‌کە دانا و چوو بۆ لای پە‌نجە‌رە‌کە و سە‌یری دە‌رە‌وە‌ی کرد. دنیا خە‌ریک بوو تاریک داد‌ەهات.

وتی، «حەز دەکەم قژم تووند و ساف بەرەو دواوە دابهێنم و لە پشتی سەرمەوە گرێیەکی گەورەی لێ بدەم و هەستی پێ بکەم. حەزیش دەکەم بێچووە پشیلەیەکم هەبێت، لەسەر کۆشم دایبنێم و کاتێک دەستی بەسەردا دەهێنم، خرپەخرپ بکات.»

جۆرج لە‌سە‌ر جێگاکە‌وە وتی، «بە‌ڕاست؟»

«جا حە‌ز دە‌کە‌م لە‌سە‌ر مێزێک بە کە‌وچک و چە‌تاڵی زیوینی تایبە‌ت بە خۆم نان بخۆم و مۆمیش داگیرسێنم. دە‌مە‌وێت وە‌رزی بە‌هار بێت، لە بە‌ردە‌م ئاوێنە‌یە‌کدا قژم شانە بکە‌م، پشیلە‌یە‌کم هە‌بێت، و چە‌ند دەستە جلێکی نوێشم دە‌وێت.»

جۆرج وتی، «دە دە‌مت دابخە و شتێک بهێنە بیخوێنێتە‌وە‌،» دیسان سەری خستەوە سەر خوێندنە‌وەکەی.

ژنەکە لە پەنجەرەکەوە دەیڕوانییە دەرەوە. لەو کاتەدا دنیا بەتەواوی تاریکی داهێنابوو، بارانیش هێشتا بەسەر دار خورماکاندا دەباری.

«جا هە‌رچییە‌ک بێ، من پشیلە‌یە‌کم گە‌رە‌کە،» وتی، «پێویستم بە پشیلە‌یە‌کە! هە‌ر ئێستا دە‌مە‌وێت! مادام ناتوانم قژم درێژ بێت و هیچ کە‌یف و خۆشییە‌کیشم نە‌بێت، با لانی کە‌م پشیلە‌یە‌کم هە‌بێت.»

جۆرج هەر گوێی نەدەدایێ. سەری خستبووە سەر پەرتووکەکەی و دەیخوێندەوە. ژنە‌کە‌ی سە‌یری دە‌رە‌وە‌ی پە‌نجە‌رە‌کە‌ی دە‌کرد، لە‌وێ چرای گۆڕە‌پانە‌کە‌ داگیرسابوو.

کە‌سێک لە دە‌رگای دا.

جۆرج وتی، «ئاڤانتی[5]،» سە‌ری لە‌سە‌ر پەرتووکە‌کە‌ی هە‌ڵبڕی.

لە ‌بە‌ر دە‌رگاکە خزمە‌تکارە‌کە‌ وە‌ستابوو. پشیلە‌یە‌کی گە‌ورە‌ی پە‌ڵە‌پە‌ڵە‌ی [6]تووند بە خۆیە‌وە‌ گرتبوو، کە بە‌رە‌و خوار بە جە‌ستە‌یە‌وە‌ شۆڕ ببووە‌وە‌.

گوتی، «ببوورن. خاوەن هۆتێلەکە داوای لێ کردم ئەم پشیلەیە بۆ خاتوون بهێنم.»

[1] بە زمانی ئیتاڵییە، واتە: “بارانە.”

[2]واتە: “بەڵێ، بەڵێ، خانمەکەم. کەشێکی نالەبارە.”

[3] واتە: “شتێکت ون کردووە، خاتوون؟”

[4] واتە: “بەڵێ، پشیلە.”

[5] ئاڤانتی: وشە‌یە‌کی ئیتاڵییە‌ بە مانای “وە‌رە ژوورە‌وە‌” یان “فە‌رموو”. لێرە‌دا وە‌ک خۆی هێڵراوە‌تە‌وە‌ بۆ پاراستنی کە‌شی چیڕۆکە‌کە‌.

[6] پە‌ڵە‌پە‌ڵە‌: وە‌سفێکە بۆ ئە‌و پشیلانە‌ی تووکە‌کە‌یان تێکە‌ڵە‌یە‌کە لە ڕە‌نگی پرتە‌قاڵی/زە‌ردباو، قاوە‌یی، و ڕە‌ش، هاوشێوە‌ی قاوغی کیسە‌ڵ.

سەرچاوەی دەقی ڕەسەن:

https://web.ntpu.edu.tw/~language/course/english/cat%20in%20the%20rain.pdf

The post  پشیلەی ژێر باران appeared first on ژنەفتن.

شیعری “قەلەڕەش” و نەستە لاکانییەکەی وەرگێڕان
قەلەڕەشەکەی پۆ بەدەر لەوەی یەکێکە لە سەختترین شیعرەکانی ڕۆمانتیسیزمی تاریک، یەکێکیشە لەو شیعرە پێکداچووانەی کە زمان دەخاتە دۆخی زەمینلەرزەوە. شیعرەکە هەر خۆی لە ڕێگەی ئەم زەمینلەرزەیەوە دێتە بوون کە دەنگ بەسەر ماناوە دەکات بە زیادەیەک و دووبارەبوونەوەی ئەم دەنگە زمان لە نێوەندگیرێکەوە بۆ دیوێکی تەمومژساز و ترسناک دەگۆڕێت. هەر لەبەر ئەمەشە وەرگێڕانی شیعرێکی لەم جۆرە دەبێت بە یەکێک لە قورسترین هەوڵەکان. وەرگێڕان بەرەوڕووی زمانێک دەبێتەوە کە لە ئاست گواستنەوەدا بە توندترین شێوە بەرهەڵستی دەنوێنێت. لە ڕاستییدا، پۆ فەزایەکی شیعری هێند چڕوپڕ بۆ ژوورجیهانی شیعرەکەی ئافراندووە کە لەناویدا دەنگ هاوچەشنی تاریکە سێبەرێک بە هەموو ئاراستە و پێچ و خولێک مانا قفڵ دەدات، بە قفڵدانی ماناش زمان دڵتەنگ، وشە بەرتەنگ، و وەرگێڕانیش لێڵ و خێچ و مەنگ دەبێت. واتە گەر بە دیوێکی تر جیا لە چیرۆکی شیعرەکە سەیری خودی شیعرەکە بکەینەوە، دەبینین ماخۆلیا سەرەکییەکەی ناوی بەتەنیا هەڵگۆزراوی غیابی لێنۆر نییە، هێندەی هەڵگۆزراوی شکستی زمانە لە پاتەبوونەوە و گەڕانەوەی دەنگە ئاشنایە نائاشناکان. خوێنەر لە خوێندنەوەی کۆپلەی یەکەمەوە تا چوارەم و پێنجەم وردە وردە پەی بەوە دەبات کە خوێندنەوەی شیعرەکە خۆی وەردەگەڕێت بۆ ئەزموونێکی نەستەکی، بەو مانایەی چیتر تەنیا جموجۆڵ و ڕێ و زمانی گێڕانەوەکە بەلایەوە گرنگ نابن، هەر خۆی دەکەوێتە داوی وشە تەمومژاوییەکانەوە، ئەو وشانەی بە ڕەمزوڕازی دەنگەوە خەفەکراون. ئەم فشارە ناوەکییەی شیعرەکە کە خوێنەر دوای خوێندنەوەی دووچاری دەبێت وای کردووە شیعرەکە نەک هەر تەنیا خەسڵەتێکی تارماویی یانەخۆ مەرگاویی وەربگرێت، بگرە بووەتە هۆی ئەوەی وەک گشتێک سروشتی شەبەنگێک وەربگرێت و لێکدانەوەی بە دیوێکی جێگیر یاخود ماقووڵ ببێت بە مەحاڵ. واتە شیعری قەلەڕەش بێ ئەملاوئەولا دەرگیری ڕەهەندە نەستەکییەکەی زمان دەبێت.

پێدەچێت گرفتێک لە گرفتەکانی وەرگێڕان لە کارەکانی پۆ بەتایبەت ئەم شیعرە وشە و دەستەواژە بێت. بەڵام لێرەدا فەرهەنگ و قامووسەکان دێنە ئارا و ئەم کارەمان بۆ ئاسانتر دەکەن. کەواتە کێشەکە لەمەدا نییە. کێشە ڕاستەقینەکە لە شوێنێکی ترەوە سەر دەردەهێنێت، کە ئەویش لەناو جەستەی ئەو زمانەوەیە وا شیعرەکەی پێ نووسراوە. زمانی شاعیر وەک دەزگایەک کۆمەڵێک کێش و سەروای ناوەکی و هاوپیتی بەکار هێناوە، کە توندکردنی هەر یەکێکیان لە وەرگێڕاندا لەقکردنی ئەوەی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، و بە پێچەوانەشەوە لەقکردنی هەر کامێکیان دەبێتە هۆی توندکردنی ئەوی تر. هەر ناوونیشانی شیعرەکە خۆی هەڵگری فشارێکی هەستەکییە وەک لەوەی گوزارشت بێت لە باڵندەیەک. بەدەر لە ناوونیشانەکە، تاکە وشەیەک کە لە کۆتاییی زۆربەی کۆپلەکان دووبارە دەبێتەوە بریتییە لە “ئیتر ئەستەم”. کارکردی ئەم وشەیە وەڵامی قەلەڕەشەکە نییە بۆ پرسیاری گێڕەرەوەکە، بەڵکوو وشەکە لە درێژەی دووبارەبوونەوەیدا سروشتێکی تەواو دەنگی وەردەگرێت و دەبێت بە برینێک کەوا جار لەدوای جار گێڕەرەوەکە بێهیواتر دەکات. بوونی “نێڤەرمۆڕ” لەناو ئەم شیعرەدا لە زمانێکی ئاسایی جیا دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ دالێکی تراومایی کە هەم گێڕەرەوە دەتۆقێنێت هەمیش خوێنەر، دالێکی نەڕەمزێنراو کە تایبەتمەندە بە کڕۆکێکی زبر و بەشێوەیەکی پاشەوپاش بەرەو خەرەندی ڕیاڵ پاڵەپەستۆمان دەخاتە سەر. واتە کۆی خەم و پەژارەکانی شاعیر بەدرێژاییی کۆپلەکان و دواتریش کڵۆمدانییان بە گوریسەوشەیەکی وەک “ئیتر ئەستەم “Nevermore وا دەکات بەشێک لە زمان خەسڵەتێکی چەوسێنەر وەربگرێت. بۆیە وەرگێڕان لێرەدا بەر هاودژییەکی تۆقێنەر دەکەوێت: هەوڵ دەدەیت ماناکە بپارێزیت و وەک خۆی بیگوازیتەوە کەچی لەم هەڵبژاردنەدا تەلارێک لە هەستی چنراوی پشتبەست بە دەنگ خاپوور دەبێت. ڕەنگ بێت وەرگێڕان بەشێوەیەکی ورد مامەڵەیەکی سەرڕاستانە لەگەڵ کۆمەڵێک دیو و ڕەهەندی شیعرەکە بکات، بەڵام لەم پرۆسەیەی گواستنەوە و هەڵگێڕ و وەرگێڕکردنەوەیەدا نەستی زمانەکە خۆی نادات بەدەستەوە، سفتوسۆڵی زمانی ئامانج [بۆ وەرگێڕدراو] بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەم کڕۆکە دڕکاوییەی زمانی سەرچاوەکە [لێ وەرگێردراو] بگوازێتەوە و بیخاتە ناو پانتاییە ڕەمزییەکەی خۆیەوە.

ئەم کێشەیە بەتەواوی لەدوای بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانەکەدا دەردەکەوێت، بەتایبەتییش کاتێک وەرگێڕانەکە بەراوردی دەقە ڕەسەنەکە دەکرێتەوە. زمان لەم بەراوردکردنەدا شکستی وەرگێڕانەکە دەردەخات، لەوەی چۆن سەرەڕای هەستیاریی هەڵبژاردنی وشە و داڕشتنەوەی ئاوازی ڕستەکان بەپێی فەزای شیعرەکە و ناوەکیکردنەوەی بۆ ناو زمانی کوردی هێشتا نەیتوانیوە ئامانجەکە بپێکێت. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئاواز و مانای زمانی ئینگلیزی و زمانی پۆ دەرکەوتەی نەستێکی مێژوویی زۆر جیاوازترن لە نەستی کوردی. بە مانا لاکانییەکە، وەرگێڕان بەرەنگاربوونەوەی نێوان دوو بونیادی نەستە نەوەک تەنیا دوو زمان. باشتر وایە بەر لەوەی ڕاستەوخۆ وەرگێڕان بلکێنین بە تێڕوانینە لاکانییەکە، بە هەمان تێڕوانین ڕاوەستەیەک لەسەر زمان و نەست بکەین و لە شیعرەکەشدا بەرجەستەی بکەین.

گوتمان وەرگێڕان بەرەنگاربوونەوەی نێوان دوو بونیادی نەستە نەوەک تەنیا دوو زمان. واتە هەموو زمانێک کە خاوەنی نەستی تایبەت بە خۆیەتی بارکراوە بە ئارەزوو، غیاب، ئۆبێکت-هۆکاری ئارەزوو و کۆمەڵێک یادەوەریی هەمەجۆر وا مەحاڵە هەروا بەسادەیی بۆ زمانێکی تر بگوازرێنەوە. گەر ڕستەکەی لاکان لێرە دابنێین، دەتوانین باشتر لەسەر ئەم ڕەهەندە بوەستین. لاکان لە ڕستە تەلموودییەکەیدا دەڵێت: “نەست وەک زمان ڕسکاوە.” دیارە ئەمە بەو مانایە نایەت کە نەست بەمانای وشە لە ڕستەیەکی ئاساییدا دەربکەوێت یاخود ڕاستەوخۆ بەیان ببێت. لاکان لێرەدا مەبەستی ئەوەیە ئارەزووی نەست بەشێوەیەک دەجووڵێتەوە و ئەرکدار کراوە کە هاوتایە لەگەڵ بونیادی زمان خۆی. بۆ نموونە، شوێنگۆڕکێ و جێگرتنەوە، یان خلیسکان و چڕبوونەوە، یانیش دووبارەبوونەوە و یەکتربڕینی دالەکان بەتەواوی گوزارشت لەم تایبەتمەندییەی نەست دەکەن کە وەک زمان ڕسکابێت. چۆن؟ نەست لەژێر زنجیرەی دالەکان و خلیسکانەکاندا خۆی پیشان دەدات نەوەک بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ. نەست بە زایەڵە و دووبارەبوونەوە و خەونەکان گوزارشت لە مانایەکی ڕاکشاوی ژێر پانتایییە ڕەمزییەکە دەکات. ئارەزوو هەر خۆی بەشێوەیەکی هاونشینانە بەبەردەوامی لە دالێکەوە بۆ دالێکی تر لە جووڵەدایە بەبێ ئەوەی بگات بە ڕەزامەندییەکی تەواو و کامڵ. خاڵە سەرەکییەکەی لاکان لەوەدایە کە دوو میکانیزمی زمانەوانیی قەرز دەکات و دەیخاتە ناو دەروونشیکاری، ئەوانیش بریتیین لە خوازە [مێتافۆڕ] و هاونشینیی [مێتۆنیمی]. کارکردی خوازە لە ڕێگەی جێگرتنەوەوەیە کە دالێک شوێنی دالێکی تر دەگرێتەوە و بەمەش مانایەکی چڕبووەوە بەرهەم دێنێت. بەڵام کارکردی هاونشینیی لەڕێگەی شوێنگۆڕکێوەیە و بەمەش جووڵەیەکی بێکۆتای دالەکان دێتە ئارا. ئارەزوو لە دەروونشیکاریی لاکاندا هاونشینانەیە و بۆیەش هەرگیز ناگات بە ئۆبێکتەکەی.

ئەمەی کە باس کرا، بەتەواوی لە هەموو کون و کەلەبەرێکی شیعری “قەلەڕەش”دا بوونی هەیە. ئەم شیعرە هێندەی لە ڕێگەی دووبارەبوونەوە، گەڕانەوەیەکی ڕەمزی، شوێنگۆڕکێ و جێگرتنەوەدا خوێنەر تەنگەتاو دەکات، ئەوا هێندە لە ڕێگەی دەربڕینێکی ڕاستەوڕاستانە کار ناکات. “لێنۆر” [یانیش لینۆر] بەم لێکدانەوەیە نەک هەر تەنیا ژنێکی لەشمەند و لەدەستچوو نییە، ئەو دەبێت بە غیاب و غیاببوونیشی بەشێوەیەکی هاونشینانە لە دالێکەوە بۆ دالێکی تر بەرجەستە دەبێت تاکو گێڕەرەوە دەگات بە دالی “ئیتر ئەستەم/ نێڤەرمۆڕ”. واتە “لێنۆر” لە شیعرەکەدا کۆی زنجیرەی دالەکانی ناچار کردووە بە دەستگەیشتن بە ئۆبێکتێکی دەستپیانەگەیشتوو. بەپێچەوانەوە، کارکردی وشەی “ئیتر ئەستەم/ نێڤەرمۆڕ” جیاوازترە. ئەوەیان زیاتر خوازەییە پشتبەست بەوەی کە دالەکە لە کۆتاییدا لە مانایەکی ڕووت و ڕاستەوخۆدا هەڵدەکشێت و دەبێت بە زیادەیەک، ئەم زیادەیەش سەرلەبەری بونیادە هەستەکیییەکەی شیعرەکە چڕتر دەکاتەوە بۆ دەنگێکی تراومایی چەندبارەبووەوە. واتە جار لەدوای جار وشەکە گوزارشت لە چڕبوونەوە دەکات: جار دەبێت بە ئازار، جار قەدەغە، جارێک چارەنووس و جارێکیش دالێکی زبر و نەڕەمزێنراو کە بەبەردەوامی پانتاییی ڕەمزیی شیعرەکە دەهەژێنێت.

وەرگێڕان لەم نێوانەدا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەم دوو بونیادە دەبێتەوە. ڕێکخستن و درووستکردنی مێتافۆڕ و هاونشین لە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی بەتەواوی لە یەکتری جیاوازن. لەبەر ئەوەی هەردووکیان خاوەن نەستی تایبەت بە خۆیانن. ئەو دالانەی لەناو زمانی ئینگلیزیدا هەن کە بەهۆی تایبەتمەندییە دەنگی و وشەیییەکانەوە کۆمەڵێک کاریگەریی هەستەکی درووست دەکەن، لەڕووی بەکارهێنان و زرینگانەوە دەنگییەکەیان خاوەنی ڕیشەیەکی مێژووییی تایبەتن کە بە هیچ شێوەیەک بۆ ناو زمانی کوردی ناگوازرێنەوە [نەک هەر زمانی کوردی، بەڵکوو هەر زمانێکی تر]. ئەمە لە کاتێکدایە، کە زمانی کوردییش هەڵگری قووڵایییەکی ڕەمزی و مێژووییی خۆیەتی و بەرهەمهێنانەوەی فەزا ئینگلیزییەکە لەناویدا کارێکی ئەستەمە. لە وەرگێڕانیشدا، هەوڵدان بۆ هاوئەندازەکردنی ئەم دوو سیستەمەی نەست هەوڵێکی شکستخواردووە، چونکە هەردوو سیستەمەکە شتێکیان هەیە بە ناوی ئارەزوو، ئارەزووش لەو دوو پانتاییە زمانەوانییە بەشێوەیەکی جیاواز بەردەوامی بە سووڕی خۆی دەدات.

هەر بۆ نموونە، وەک نووسرا یەکێک لە تایبەتمەندییە تەمومژاوییەکانی شیعرەکانی پۆ، دەنگە. وشە ئەفسووناوییەکانی هەندێکجار دەبن بە دەنگێکی هێند زاڵ، کە پانتاییی تەواوی شیعرەکە دەتەننەوە. بەو  مانایەی، دەنگی وشەکان لە خودی وشەکان پێکداچووترە. دووبارەکردنەوەی وشەگەلی وەک ئیتر ئەستەم، ژوورەکەم، لێنۆرەکەم، پێچدار و تەم، زیاد و کەم هاوشێوەی چکەچکی میلی کاتژمێرێک ئاوازێکی گومانهەڵگر لە هزری خوێنەردا درووست دەکەن. پاتەبوونەوەی هەر دەنگێک سەختگری و دڕندەییی کاتمان پیشان دەدات، لەوەی چۆنچۆنی یادەوەری دووبارە و چەندبارە بۆ هەمان برینی قەتماغەنەگرتوو دەگەڕێتەوە. سەرباری ئەوەش، ئەم وشانە بە دووانەییی مانا بارگاویین، هەر دەڵێی بیچمی ئەم وشانە لەبری سێبەرێک خاوەن دوو سێبەرە. بۆ نموونە، گوریسە وشەی ئیتر ئەستەم Nevermore وەک نەفییەک دەکرێت بە شێوازی ئیتر هەرگیز نا، ئیتر هەرگیز، چیتر نا، ئیدی بۆ هەمیشە و زۆر شێوازی تر دابڕێژرێتەوە. لە فەڕەنسیدا، بۆدلێر و مالارمێ کردوویانە بە “Jamais Plus!” کە بە واتای “هەرگیز چیتر” دێت.

Then this ebony bird beguiling my sad fancy into smiling,

By the grave and stern decorum of the countenance it wore,

“Though thy crest be shorn and shaven, thou,” I said, “art sure no craven,

Ghastly grim and ancient Raven wandering from the Nightly shore—

Tell me what thy lordly name is on the Night’s Plutonian shore!”

Quoth the Raven “Nevermore.”

ئەودەم قەلەڕەش پەژارە خەیاڵبردەکانمی وەراند، بەرەو خەندە و بزەی وەرچەرخاند

بەو نیگا توندگرە بەسامەی پۆشیبوویە چاو و دەم

گوتم: “هەرچەند ڕووتەنە شکڵ و شێوەت، قرچالە نیت و خاوەن جورئەت،

ئەی مڕومۆچی تۆقێنەر، قەلەڕەشی دێرینی پەڕەوازەی لێوار شەوگاری تار و تەم

پێم بڵێ ناوە ڕەسەنەکەت لە کەوشەنی ژوورجیهانی ڕازئامێزت بێ زیاد و کەم!”

قەلەڕەش  وەڵامی دایەوە: “ئیتر ئەستەم.”

قەلەڕەش

بەستەری دەقی قەلەڕەش بە وەرگێرانی ئەحمەد کاوە

لێرەدا، بە جۆرەها شێواز وەرگێڕانی تری لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە، دەکرێت دێڕی یەکەم بەم شێوەیە وەربگێڕدرێت: “ئەودەم قەلەڕەش کەڵکەڵەی کەیلی خەممی ڕەواندەوە“. بەڵام کێشەکە لە ئافراندنەوەی فەزا شیعرییەکەیە کە سەرەکییترین کەرەستەش بریتییە لە دەنگ. هەر سەبارەت بە “نێڤەرمۆڕ”، کێشەی وەرگێڕانی وشەی Nevermore لەوەدایە وەختێک کارەکتەری ناو شیعرەکە لە قەلەڕەشەکە دەپرسێت ناوت چییە، قەلەڕەش لە وەڵامدا دەڵێت: “نێڤەرمۆڕ”، واتە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە وشەکە بە وەرنەگێڕدراوی بمێنێتەوە و وەک خۆی دابنرێت. بە بارێکی دیکەش، ئەم وشەیە کە وەک وەڵامێک بۆ زانینی ناوەکەی دەیڵێت وشەیەکی مانادارە نەک بە پێچەوانەوە. زیاتر لەوەش بۆ وەرگێڕان هەڵگری کۆمەڵێک توانستە لەوەی چۆنچۆنی دابڕێژرێتەوە. ئەم کۆپلەیە بریتییە لەو پارچەیەی بۆ یەکەم جار وشەکەی لێ بەکار دەهێنرێت، دواتر لە وەڵامی پرسیارەکانی تریشدا هەر هەمان وشە دەردەبڕێت. ئاشکرایە کە مانا وردترەکە لە  چوارچێوەی وەرگێڕاندا “ئیتر هەرگیز“ە تا “چیتر ئەستەم“، بەڵام دانانی وشەی “هەرگیز” هۆکارێکە بۆ لە مۆسیقاخستنی شیعرەکە کە یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی، و جگە لەمەش خودی وەڵامەکە وەک دەربڕینێک کە بەدرێژاییی شیعرەکە دووبارە دەبێتەوە گوزارشتکردنە لە کۆمەڵە شتێک – ناکرێت تەنیا بە یەک شت یاخود کەسێک ببەسترێتەوە – کە چیتر ناگەڕێنەوە، بەم شێوەیەش بێت گەڕانەوەیان واتە مەحاڵ و ئەستەم. باشتر وایە لە دۆخێکی وەهادا لەبری ئەوەی دیوە ڕووکارەکییەکەی وشەکە وەربگیرێت، دیوە ناوەکییەکەی دەرەکی بکرێتەوە کە دەرخەری مەحاڵێتیی گەڕانەوە و حزوورە.

وەرگێڕان دەکەوێتە دووڕیانێکەوە کە ململانێ لەنێوان هاوسەنگکردنی دوو ئابووریی جیاوازیی ئارەزوو دەکات لەناو زماندا. زمانەکەی پۆ یانەخۆ ئینگلیزییەکەی پۆ بە زنجیرەیەک دالی لێئکئاڵاوەوە گوزارشت لە ماخۆلیایەک دەکات، ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەم ماخۆلیایە بخەینە ناو زمانێکی ترەوە. بۆ نموونە، هەر قەلەڕەشەکە خۆی دەبێت بە فیگەرێکی زۆر بەهێزی ئەم پرۆسەیە. باڵندەکە وەک ئۆبێکتێکی دەرەکی پێ دەخاتە ناو دۆخ و فەزای شیعرەکە، گەرچی گێڕەرەوە دەیەوێت وردە وردە بە کۆمەڵێک دالەوە کە گوزارشت لە پەژارەیییەکەی دەکەن، ڕامی بکات، بەڵام دواجار ناتوانێت. قەلەڕەش تەنیا یەک وشە دەڵێت و ئیتر هەمان وشە دووبارە دەکاتەوە. یەک وشە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئارەزوو پاشەوپاشانە خۆی بەرهەم دێنێتەوە، ئەم وشەیەش لە دووبارەکردنەوەیدا ئازاری نوێتر لە بەروەخت بەرهەم دێنێتەوە. بە دەربڕینێکی لاکانی، قەلەڕەشەکە خۆی ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی ڕیاڵ لەناو زماندا. واتە چەندبارەکردنەوەیەک کە گێڕەرەوە توانستی ئەوەی نییە بەسەریدا زاڵ بێت. لەودیو گێڕەرەوەوە کە وەرگێڕ[ان] هەیە، هەمان ئەزموونی گێڕەرەوەکە دەچێژێت کە لە گواستنەوە و ئامادەکردن و ڕێکخستنی فەزا بۆ ئەم کڕۆکە زبرەی ناو شیعرەکە دەگات بە بنبەست. وەرگێڕ لە هەموو کۆپلەیەکدا مانا و زایەڵەی جیاواز و پڕووکێنەری دووچار دەبێت کە سەرەڕای زەمینەسازکردن و بەرهەمهێنانی فەزایەکی تاریک لەناو زمانی کوردیدا، شتێک هەر بە نەڕەمزێنراوی دەمێنێتەوە و دەرگیری پرۆسەی گواستنەوەکە نابێت.

هەمدیس پەیوەست بە وشەی “نێڤەرمۆڕ“ەوە، گومان لەوەدا نییە هێزی وشەکە هەڵقووڵاوی پێچەقاندنێکی کێشمەندە. بەڵام خاڵە سەیرەکە لێرەدایە کە وشەکە پێگەیەک لە پانتاییی ڕەمزیی شیعرەکە داگیر دەکات و سەرسووڕهێنەرتر لەوەش بەشێنەیی پێ دەخاتە ناو ڕووبەری ڕیاڵەوە [یانیش دەتوانین بڵێین ڕیاڵ خۆی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم وشەیەوە پانتاییی شیعرەکە هەڵبپێچیت]. بۆ لاکان، ڕیاڵ ئەوەیە کە بەتەواوی لە ڕەمزاندن هەڵدێت. هەمان ئەزموون لە شیعرەکەدا دەردەکەوێت، “نێڤەرمۆڕ“یش ئەو دەربڕینەیە کە سەرتاپاگیرانە نوێنەرەوەی بەرەنگاریی و نەڕەمزانێکە دژ بە زمانە ڕەمزێنراوەکە. بەشێوەیەکی تر، کۆی شیعرەکە کە گێڕەرەوە تیایدا بەبێ پچڕان خەم و ئازارەکانی دەردەبڕێت و دەیەوێت لەڕێگەی زمانەوە غیابی لینۆری لەدەستچوو ساڕێژ بکات، کەچی سەرەڕای هەموو تینوتاوەکەی لە ئاست ئەم دۆخەدا هەر بەسەرنەکەوتوویی دەمێنێتەوە. سەرنەکەوتنی گێڕەرەوە دەبێتە هۆی ئەوەی گێڕەرەوە لە قسەکردن بەردەوام بێت، بەردەوامبوون لە قسەکردن وا دەکات گێڕەرەوە دووچاری دووبارەبوونەوە بێت، دووبارەبوونەوەش دەبێت بە ژویسانس [چێژ/ژان]. ئەمانە هەموویان بەیەکەوە گوزارشتی چێژێکی بە ئێش و ژان دەکەن ئەویش لە ڕێگەی گەڕانەوەیەکی بەردەوامەوە بۆ ئۆبێکتە لەدەستچووەکە. گێڕەرەوەکە لەم ئازارچەشتنەی دەربڕینی “نێڤەرمۆڕ”ی قەلەڕەشەکەوە چێژێک وەردەگرێت کە هۆکارە بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێک ڕەزامەندی. لێکچوونی قەلەڕەش و دەربڕینەکەی کە وادەکەن وەک ئۆبێکتێکی لە ڕیاڵەوە هاتوو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، هۆکارێکیشە بۆ دەرخستنی بونیادە تراوماییەکە، بونیادێک کە سوبێکت جار لەدوای جار دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ژان.

تۆ بڵێی وەرگێڕ و وەرگێڕان ڕووبەڕووی هەمان چێژ و ژانەکەی گێڕەرەوە ببنەوە؟ یانیش دەربڕینێکی وەک “نێڤەرمۆڕ” کە لەناو زمانە ڕەسەنەکەشدا وەک ناوکێکی مەحاڵ خۆی نادات بەدەستەوە، چۆن بۆ زمانێکی تر وەردەگێڕدرێت؟ گەر لە زمانە ڕەسەنەکەدا دەربڕینێکمان هەبێت و وەک ڕیاڵێکی لاکانی دەقەکە بهەژێنێت، ئەوا بێ چەندوچون لە کاتی وەرگێڕاندا کۆی شیعرەکە دەبێت بە مەحاڵێک و هەر ئەمەشە کە وەرگێڕان لەدوای وەرگێڕانی شیعرەکە وا دەکات وەرگێڕ[ان] دەرگیری ژویسانس [چێژ/ژان]ێک ببێت و لەم نێوانەدا هەم بە وەرگێڕانی شیعرەکە پەشیمانە و هەمیش بە وەرنەگێڕانی. لەبەرئەوەی هەر لە وەرگێڕانی یەکەم کۆپلە و دەستەوئەژنۆبوون لەگەڵ دەقی ڕەسەن، وەرگێڕ بەر بونیادە تراوماییەکەی دەقی ئەسڵ دەکەوێت، دەقێک کە هەر بە ناوونیشانەکەیەوە فەزایەکی قەترانی و لەدەستچوو دەخولقێنێت. سا تێگەیشتنێکی وەها گومان دەخاتە سەر ئەو بۆچوونەش کە پێی وایە وەرگێڕ توانستی ئەوەی هەیە لە ڕەهەندە ماناییەکە سەربکەوێت و دەقەکە بگوازێتەوە، بەڵام ناتوانێت ئەو بەشەی ژێرەوەی ماناکەش کە بریتییە لە نەستی دەق، بۆ زمانی ئامانج بگوازێتەوە. گەر تێڕوانینی وەرگێڕی بەتوانای فارس، ساڵح نەجەفی، لەمەڕ وەرگێڕ/وەرگێڕان لێرە دابنێینەوە، و دواتریش تێهەڵکێشی فەزا لاکانییەکەی بکەین، لەوانەیە بەرچاومان زیاتر ڕوون ببێت. ساڵح نەجەفی لە شوێنێکدا سەبارەت بە سوبێکتی وەرگێڕ دەنووسێت:

“لە سەرەتاترین چرکەساتی دەستپێکردنت بە وەرگێڕان دەتزانی کە وەرگێڕێکی باش نیت و هەرگیزیش نابیت بە وەرگێڕێکی باش. ئێشتاش بە خۆت دەڵێی: ‘پێویستە وەرگێڕی باش توانای وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی هەبێت.’ هیچ وەختێکیش توانای وەرگێڕانی ڕاستەوخۆت نەبووە. ئەسڵەن بەبێ بەکارهێنانی فەرهەنگ و وشەدان هەر لە تواناتدا نەبووە وەرگێڕان ئەنجام بدەیت. تۆ لە بنەڕەتدا ڕێگایەکی هەڵەت هەڵبژاردووە. تۆ وەرگێڕێکی نەگونجاویت، لەڕێگەی هەڵبژاردن و هەڵەکردنێکی بێکۆتاوە بەسەختی کارت لەسەر وەرگێڕان کردووە و لەگەڵ چەند وتار و کتێبێکیشدا لە کێشمەکێشدایت، بە کۆمەڵێک ڕێگای جیاوازەوە ڕستەکانت وەرگێڕاوە… پاشانیش کتوپڕ لە ساتێکی وەهادا، هەستی کوڵوکۆیەک بۆ وەرگێڕان تۆی تەنییەوە کە بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوانی دەرکەوتنی نەبوویت. تۆ ڕێچکەیەکت گرتەبەر. پێت وابوو ئەمە شوێنێکە ناتوانیت لێی بگەڕێیتەوە، تاکو ئەمڕۆش تەنیا یەک ڕێگەی تر لە بەردەمتدا هەیە: ئەویش ببیت بە وەرگێڕ و مامۆستای وەرگێڕان. ئەوەیشی زیاتر لە هەموو شتێک دەتەوێت ئەنجامی بدەیت، ڕێگریکردنە لە هەر کەسێکی تر کە دەیەوێت ڕێچکەکەت هەڵبژێرێت[1].”(نجفی، ١٣٩٦).

گەر بۆچوونەکەی ساڵح نەجەفی بە تێزە لاکانییەکەوە باربەست بکەین، دەبێت بڵێین شکستی وەرگێڕ هەر تەنیا لە نەزانینی مانا و سنوورداری تواناکەی نییە لە گواستنەوەی دەقدا، بەڵکوو شکستەکە لە بونیادی زمان و نەستە کە بەشێوەیەکی هاوتا و پێکداچوو ڕسکاون. واتە ئەمە وا دەکات بڵێین وەرگێڕان وەک پرۆسەیەک ناتوانێت تەنانەت دیوە مانایییەکەش بەسەرکەوتوویی بگوازێتەوە، چونکە گواستنەوەی ئەم دیوە چنراوە بە دیوە نەستەکییەکەی ترەوە کە ژوورجیهانی ماناکە پێک دێنێت و ئەسڵەن مانا بێ ئەم ژوورجیهانە هیچ شتێکی تری لێ نامێنێتەوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە، دەتوانین لێرەدا ناوبڕێک -گەر کورتیش بێت- درووست بکەین و بڵێین لەپاڵ ئەمانەشدا بەلایەنی کەم شتێکی تریش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەکرێت دەقی وەرگێڕدراو سەرەڕای هەموو شکستێکی وەک نەفییەک تەماشا بکرێت. پاش ئەوەی دەقی ڕەسەن وەک دالێک لە چوونەناو زمانێکی نوێوە بەشێک لە چڕێتییەکەی خۆی لەدەست دەدات، ئەوا پێ دەخاتە ناو سیستەمێکی تری زمان و پانتایییەکی ڕەمزیی جیاوازتر کە هەر لە ئانوساتی هاتنەناوەوە و جێکەوتبوونییدا نەستی زمانەکە دەیەوێت کۆمەڵێک مانای تری بخاتە سەر و لەڕێگەی چڕبوونەوەوە مانایەکی نوێ درووست بکات [سەرەڕای مانا ڕەسەنەکە].

لاکان لە “هەڵگێڕانەوەی سوبێکت و دیالەکتیکی ئارەزوو لە نەستی فرۆیدی[2]“دا چوار هێڵکاری سەبارەت بە درووستبوونی سوبێکت و سووڕی هاتنەناو پانتاییی ڕەمزی دەخاتەڕوو، کە هەریەکەیان بەشێوەیەکی سەرنجڕاگر کڕۆکی دەروونشیکاریی لاکان نیشان دەدەن. تیژبینی و وردیی هێڵکارییەکان هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵێک چوارچێوەی جیاوازتر بەکار بهێنرێن و سوودیان لێوەربگیرێت، وەکچۆن لێرەشدا شیکارییەکی درشت و ماتماتیکییانەمان پێشکەش دەکەن لەوەی پرسن و نێژراودۆزن. دەشێت هێڵکاریی سێیەم گرنگترین هێڵکاری بێت تاکوو ئەزموونی وەرگێڕانی پێ ڕاڤە بکرێت. ڕاستییەکەی هێڵکاریی چوارەم زۆر لە هی سێیەم گرنگتر و ڕاڤەهەڵگرترە، بەڵام وا دەکات شوێنێکی زیاتر بگرێت و لەپاڵیشییدا کۆمەڵێک بابەتی تر ڕاکێش دەکات. هێڵکاریی یەکەم و دووەمیش کە باس لە درووستبوونی سوبێکت دەکەن و دواتریش وەرگرتنی دالەکانی ئەوی تری گەورە لەلایەن سوبێکتەوە، ناتوانن بەپێی پێویست گوزارشت لەم پرۆسەیە بکەن. هەر بۆیە سێیەمیان هەڵبژێردراوە. لە بەشی سێیەمدا، زمان و دەربڕینەکانی سوبێکت بەدەوری هیوابڕییەکی بێکۆتاوە دەخولێنەوە، ئەویش ڕازیکردنی ئەوی تری گەورەیە یانیش دەرهێنانی سەرەداوێکە لەوەی سوبێکت بزانێت ئەویتری گەورە چی لەو دەوێت، تاکو بزانێت ئەویش ئارەزووی چی بکات. لەم قۆناغەدا، ئارەزوو لە داشکاندنی نێوان داواکردن و پێویستییەوە دروست دەبێت، واتە لە دۆخێکدا کە مانا تێکدەشکێت و بۆشایییەک درووست دەبێت لە بەرانبەر ئەوەی کە سوبێکت چی دەڵێت و ئەوی تری گەورەش گوێی لە چی دەبێت. بۆ نموونە، نەخۆش کە قسە بۆ دەروونشیکار دەکات نازانێت دەروونشیکار وەک ئەوی تری گەورە چی لەو دەوێت. ئاخاوتنەکانی نەخۆشەکە لە زنجیرەیەک دەربڕینی سادەوە دەگۆڕێت بۆ هەوڵێک تاکو ئارەزووی دەروونشیکار بدۆزێتەوە. بەتایبەتی ئەمە لە کاتێکدایە، کە نەخۆشەکە زۆر بەوردی دەکەوێتە قسەکردن و چاوەڕێی ئەوە دەکات دەروونشیکار کاردانەوەیەکی جیاوازی هەبێت، کەچی دەروونشیکار بە سووکە دەربڕینێکی وەک “بەڵێ، بەردەوام بە.” یانیش هەر تەنیا منگەمنگ و سەر لەقاندنێک ستوونێکی توندتر بۆ نوقسانی و هەڵنەهێنانی مەتەڵی ئارەزووەکە درووست دەکات. ئەمەیان تەنیا نموونەیەکە و دەکرێت دەیان شتی تر لەم هێڵکارییە دابنرێت و وەک نموونە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. هەر ئەزموونی سوبێکت خۆی دەقاودەق هێڵکارییەکە دەگرێتەوە، ئەوەی کە سوبێکت دوای بەسوبێکتبوون دێتە ناو پانتاییی ڕەمزی و لەڕێگەی دالەکانی ئەوی تری گەورەوە دەیەوێت ئارەزووەکانی خۆی دەستنیشان بکات، بەڵام بەتەواوی نازانێت ئەوی تری گەورە چی لێ دەوێت، ئیتر بە چنینی فەنتازیا و خۆبەستنەوە بە واقیع و خۆبەدوورگرتن لە ڕیاڵە زبرەکە دەکەوێتە ناو ململانێیەکی ناکۆتادا.        [3]

وەرگێڕ وەک سوبێکتێکی لەتبوو، یانیش وەرگێڕان وەک پرۆسەیەکی کەرتبوو دەکەوێتە جێگەی سوبێکتە لەتبووەکەی هاوکێشەکەوە ($) . لەوێدا هێشتا سەنگ و کێشی ئایدیاڵ ئیگۆی پانتاییی خەیاڵی بە کۆمەڵێک وێنەی کامڵەوە ڕێبەستی دەکات، ئەو وێنەیەی کە سوبێکت لەگەڵیدا هاوشووناس بووە و فەنتازیای ئاغایەتییەکی بۆ درووست کردووە. وەرگێڕان لەو نێوانەدا دەیەوێت ئەم وێنەیە بپارێزێت، ئەم سەروەرێتییە خەیاڵییە لەنێوان زمانەکاندا بەپارێزراوی بگوازێتەوە. بێئاگا لەوەی ئەم وێنەیە دوای هەر چوونەپێشەوەیەک وردە وردە تێکدەشکێت و ئارەزووی وەرگێڕان خلۆری دەکاتەوە. پرسیاری “چیت دەوێت؟” لە قولەپۆپەی هاوکێشەکە سەرلەبەری پرۆسەی وەرگێڕان دەتەنێتەوە. بەڵام شێوازی پرسیارکردنەکە کەمێک دەگۆڕێت، چونکە لێرەدا دەقی “قەلەڕەش” دەبێت بە ئەویتری گەورە و وەرگێڕانیش لەناو ئەم پانتایییە ڕەمزییەدا کە موڵکی ئەوی تری گەورەیە [واتە شیعری قەلەڕەش]، دۆش دادەمێنێت و دەپرسێت: “شیعر[ئەوی تری گەورە]ەکە چی لێم دەوێت؟ زمانی ئەم دەقە چی لە زمانەکەم دەوێت؟” یان هەروەک پرسیارەکە زۆر ڕوون و ڕاشکاو لە دەقەکە دەپرسێت: “چیت دەوێت؟”، لێرەدا وەرگێڕان دووچاری سەختییە سەرەکییەکە دەبێتەوە بەوەی ئەوی تری گەورە ناتوانێت هیچ جۆرە وەڵامێک بۆ پرسیارەکانی دابین بکات و بەمەش نازانێت ئەوی تری گەورە [دەقەکە] ئارەزووی چی دەکات و چۆن سیستەمی دالەکانی هەڵبگرێت و بەنێو پانتایییە ڕەمزییەکەی خۆی بدوورێتەوە [چونکە ئەوی تری گەورە خۆی نوقسانە]. لێرەدا جگە لە فەنتازیاسازییەک بۆ خۆگرتنەوە و پەیوەستبوون بە واقیعی پرۆسەکەوە هیچ بژاردەیەکی تر نییە. تەنانەت بەم بارەش، ناتوانین لە کڕۆکی ئارەزووی دەقەکە بگەین، ئاخۆ بزانین دەقەکە چی لێمان دەوێت، دەیەوێت تەنیا ماناکەی لێ بگوازینەوە؟ یان ژوورخانە هەستەکی و پڕهەژەندەکەی بئافرێنینەوە؟ یاخود هەردووکی و یانیش هیچیان [هەر وەرینەگێڕین]؟ ئیتر لە هەوڵ و دەستەویەخەبوونێکی وەهادایە کە دەمانەوێت ستایل و شێوازە کەسییەکەی خۆمان بەسەر دەقەکە بسەپێنین و لە وەرگێڕانییدا پرۆسەکە سوبێکتیڤ بکەینەوە، ئەو ستایل و وێنەیەی ئایدیاڵ ئیگۆ پێمانی دەدات. بەڵام بەهۆی خاڵێکەوە ئەم هەوڵە سەرناگرێت، خاڵێک کە هاوجۆرە لەگەڵ نیگای ئەوی تری گەورە و ئێمە لێیەوە لە چاوی ئەوی تری گەورەوە لە خۆمان دەڕوانین، کە ئەویش پێچەوانەی ئایدیاڵ ئیگۆیە و پێی دەگوترێت ئیگۆ ئایدیاڵ. ئایدیاڵ ئیگۆ گەر سەر بە پانتاییی خەیاڵی بێت، ئەوا ئیگۆ ئایدیاڵ سەر بە پانتاییی ڕەمزییە. ئەو خاڵەیە وا ئێمە لەلایەن ئەویتری گەورەوە دەناسرێینەوە. لە ڕێگەی ئەوەوە خۆمان بە پانتاییی ڕەمزی ڕاگیر دەکەین و نەک وەک گشتەباسێک، بگرە زۆر بە وردی سەرنجی خۆمان دەدەین لەوەی چۆنچۆنی دەبینرێین. ئەمە بەتەواوی بۆ وەرگێڕانیش دروستە، دەقەکە وەک ئەوی تری گەورە خاڵی ئیگۆ ئایدیاڵ دروست دەکات، بەم شێوەیە یاسا و قەدەغەکان چڕتر دەکاتەوە. وەکچۆن ئێمە لە هەر جووڵە یاخود قسەکردنێکمان گریمانەی ئەوی تری گەورە دەکەین و سەیرێکی ئەملاو ئەولا دەکەین داخۆ چۆن بینراوین، بە هەمان شێوە لە وەرگێڕانی هەر وشە و ڕستەیەکیشدا بۆ ئەوی تری گەورە [دەقەکە] دەگەڕێینەوە و بەراوردی دەکەینەوە و دەمانەوێت بزانین ئاخۆ لەم وەرگێڕانەماندا تا چەند ڕێنوێنییمان لە دەقەکە کردووە، ئەرێ لە چاوی دەقەکەوە چۆن دەبینرێت، و تا چەند ئەومان ڕازیی کردووە. خودی بەراوردکردنی وەرگێڕانەکە بە دەقی ڕەسەن ئیگۆ ئایدیاڵ زەق دەکاتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە نابێت ئارەزوو و گوژمی زمانی وەرگێڕان ئاراستەی دەقە ڕەسەنەکە بەبێ کێشانە و پێوانەی خۆی بگوازێتەوە، ناوەکیکردنەوەی ئەمە نزیکبوونەوەیە لەو وێنەیەی کە ئەوی تری گەورە لەژێر ناوی “وەرگێڕی باش پێویستە بەم جۆرە بێت” دایدەتاشێت. لە وەها دۆخێک نە دەکرێت بەتەواوی پەیڕەوی لە ئیگۆ ئایدیاڵ بکەین، نە ئایدیاڵ ئیگۆش پیادە بکەین بەوەی شێوازی کەسیی خۆمانی بەسەر بسەپێنین. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا وەرگێڕان خۆیەتی بە هەموو گرێ و پێچە سەختەکانییەوە کە گوزارشت لە لۆژیکە تاقاناکەی ئارەزووی لاکانی دەکات. ئارەزووێک کە دەیەوێت دەقێکی دەستپیانەگەیشتوو دەستبخات، دەق کە گواستنەوەی مەحاڵە و ئارەزووی وەرگێڕانی دەقیش لە بەرەنجامی نوقسانییەوە دروست بووە! واتە ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا دەمێنێتەوە وەرگێڕانێکی تۆقێنەرە بۆ وەرگێڕانی [دەستخستنی] ئۆبێکت-هۆکاری ئارەزوو.

واڵتەر بنیامینیش لە “ئەرکی وەرگێڕ[4]“دا تێگەیشتنێکی تر لەمەڕ ئەم شکستەی وەرگێڕ دەخاتەڕوو. بنیامین لەم وتارەیدا لەپاڵ ئەوەی وەرگێڕان وەک هەوڵێک دەناسێنێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەقی ڕەسەن، باس لەوەش دەکات کە وەرگێڕان وەک پرۆسەیەک دۆخی پەرتەوازەیی و لەتبوویی زمان ئاشکرا دەکات. هەموو زمانێک سنووردار و ناتەواوە، بۆیەش بەدوای شتێک دەگەڕێت کە لەودیو سنوورەکانی خۆیەوە بێت. وەرگێڕان بەم بارە دەرخەری مەودایەکی نادیارە کە دەبێتە هۆکار بۆ جیاکردنەوەی وشە لە مانا و واتا ژێرینەکان. ئیتر وەرگێڕ وەک سوبێکتێکی ناو ئەم پرۆسەیە دەچێتە پێگەیەکی تراژیدییەوە: چونکە سەرەڕای ئەوەی دەزانێت بەهیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نابێت، کەچی هەر دەیەوێت یەکانگیرییەک لەنێو زمانەکان بخولقێنێت. لێرەوەیە کە بنیامین وەرگێڕان لە پرۆسەیەکی تەکنیکی و زمانەوانییەوە دەگۆڕێت بۆ چارەنووسێکی فەلسەفی. قڵیش و درزە بنیامینییەکە بە هەمان شێوەی نوقسانییە لاکانییەکە لە “قەلەڕەش”دا بەرچاو دەکەوێت. چونکە شیعرەکە پشتبەستە بە پەیوەندییەکی ماتماتیکییانەی نێوان دەنگ و کارکردی هەست. وەرگێڕانی دەقێک کە بە پەیوەندییەکی وەها تەلبەند کراوە تەنیا لە ڕێگەی قوربانییەوە وەردەگێڕدرێت. واتە وەرگێڕانێکی کامڵ تەنیا وەک ئۆبێکتی بچووکی ئەی لە ئارەزووی وەرگێڕدا بوونی هەیە و هەمیشە وەک شتێکی دەستپیانەگەیشتوو دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بتوانێت ڕامی بکات. وەرگێڕان بەردەوامە لەبەرئەوەی کامڵبوون مەحاڵە و هەر بە مەحاڵییش دەمێنێتەوە. وەرگێڕان هەر خۆی ماخۆلیایە.

هەر سەبارەت بە “ئەرکی وەرگێڕ”، بنیامین لە وتارەکەیدا کۆمەڵێک خاڵی ورد دەورووژێنیت و لەپاڵیشیدا نموونە دەهێنێتەوە. یەکێک لەم خاڵانە سەبارەت بە وەرگێڕە کە وەک غەریبەیەکی تاسەمەند لێی دەڕوانێت، سوبێکتێک نە پێی وایە لەناو زمانی بیانییدا لە ماڵە و نە بە زمانی خۆیشی ڕەزامەندە. دواتر، بۆ ئەو جیاوازی شاعیر و وەرگێڕ لەوەدایە کە شاعیر لەناو زماندا کار دەکات، بەڵام وەرگێڕ لە دەرەوەی ئەم دارستانەدایە کە ناوی زمانە و ئامانجی وەرگێڕیش بریتییە لە زمان وەک گشتێک. مەبەستیش لەم ئامانجەی تێکۆشانێکە بۆ ئافراندنی زایەڵەی دەقی ڕەسەن. بنیامین ئاماژە بە تێڕوانینی فەیلەسووف و شاعیری ئەڵمانی، ڕودۆلف پانویتس، دەکات. بەبڕوای ناوبراو، وەرگێڕانە خراپەکان ئەو وەرگێڕانانەن کە هەوڵ دەدەن دەقی ڕەسەن بەخۆماڵی بکەن [چونکە خۆماڵیکردنی دەقی ڕەسەن لەئەفسوونداماڵین و خەساندنی دەقەکەی لێ دەکەوێتەوە]. بۆ نموونە، ئەو وەرگێڕە ئەڵمانییانەی دەیانەویست دەقی یۆنانی بە ئەڵمانی بکەن [بئەڵمانێنن]، لەکاتێکدا دەبێت بەپێچەوانەوە بێت. واتە بەپێی ڕودۆلف پانویتس، نابێت لە وەرگێڕانی دەقێکی ئینگلیزیدا هەوڵی بەکوردیکردنی دەقە ئینگلیزییەکە بدەین، بەڵکوو دەبێت هەوڵی بەئینگلیزیکردنی زمانەکەی خۆمان بدەین! ئەمە مانای کوشتنی زمانەکەت نییە؟ نەخێر، چونکە مەبەست لە بەئینگلیزیکردنی کوردی یان بەیۆنانیکردنی ئەڵمانی لەوەدایە کە دەقی سەرچاوە بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بگوازرێتەوە کە لەکاتی خوێندنەوە هەست بەوە بکرێت زمانی کوردی لەو جیڕییەی هاتووەتە دەرەوە و لەڕێگەی ئەم وەرگێڕانەوە خۆی لێککشاندووەتەوە لەپێناو کردنەوەی کۆمەڵێک پێچ و شاڕێی پڕ هەڵبەز و دابەز بۆ پێشوازیکردن لە دەقە ڕەسەنەکە و نواندنەوەی دەقەکە، لانی کەم، وەک ئەوەی هەبووە. بۆ نموونە، لە ئەدەبدا پێویستە دەقی نووسەرێکی هاوچەرخ بەشێوەیەکی ئێستایی و هاوچەرخانە وەربگێڕدرێت نەوەک بە کوردییەکی پەتیگەرا، کە بە تێڕوانینە لاکانییەکە هەر خۆی ئەم هەوڵی کورداندنە بریتییە لە کشانەوەیەک بۆ باوەشە بێخەوشەکەی ئەوی تری سەر بە ئارەزوو: دایک   .[M]Other واتە بەکوردیکردن و کورداندن هەر خۆی هۆکارە بۆ هەژاری و کوشتنی زمان. لای بنیامین، تاکە کەسێک کە لە ئەرکی وەرگێڕ تێگەیشتبێت، ئەوا فرێدریک هۆڵدەرلینی شاعیرە. ئەو لە وەرگێڕانی ئەنتیگۆن و ئۆدیپ پاشای سۆفۆکلیسدا ڕچەوڕێکاری پانویتسی بەکارهێنا، بەڵام زیاد لە ڕاددە ئەم تەکنیکەی پەیڕەو کرد و دەیەویست زمانی ئەڵمانی و یۆنانی یەکبخات، کە بنیامین بە هەوڵێکی “تۆقێنەر” ناوزەدی دەکات. ئەو ڕەتی کردەوە دەقەکە بەخۆماڵی بکات، بەڵام لەم نێوانەدا زیاد لە ڕاددە سەرکێشی کرد و تەنانەت ڕستەسازیی ئەڵمانی بە شێوازی ڕستەسازیی گریکی داڕشتەوە، پانتاییی ڕەمزیی زمانی خۆی خستە ژێر پانتاییی ڕەمزیی زمانێکی تری وەک یۆنانی، ئەم خستنەژێرە بە واتای لەناوبردنی پانتاییی ڕەمزیی زمانەکەی خۆی نایەت، بەڵکوو بە مانای کردنەوە و درووستکردنی پانتایییەکی نوێ دێت کە هەردوو زمانی ئەڵمانی و یۆنانی تیایدا یەکبگرن [ئەی ئاسایییە بڵێین هەوڵەکەی هۆڵدەرلین تێکشاندنی دوو زمان بووە لەپێناو درووستکردنی زمانێکی نوێ؟!]. بۆ ئەوەی ئەم پەرەگرافە تەواو ببێت و درێژەی پێ نەدرێت، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە لای بنیامین، ئەم شێوازە نەریتییەش ڕەت دەکرێتەوە وا جەخت لەسەر دوو جۆری وەرگێڕان دەکاتەوە وەک “وشە بۆ وشە” و “مانا بۆ مانا”. وەرگێڕان بە مانا بنیامینییەکە، نە پێویستە لاساییی مانا ڕەسەنەکە بکاتەوە، نە داڕشتنەوەیەکی دەقاودەقییش، بگرە دەبێت بە ئەشقەوە هەوڵی یەکخستن و ئافراندنەوەی شێوازی مانا ڕەسەنەکە بدرێت، هاوشێوەی کۆکردنەوەی کەلوپەل و پارچەکانی پاپۆڕێکی تێکشکاو. وەرگێڕان و دەقی ڕەسەن بریتیین لەم کەلوپەلە کە گوزارشت لە شتێکی باڵاتر دەکەن، ئەمەش بەو مەبەستە نییە کە هەردووکیان پێویستە لە یەکتری بچن، بەپێچەوانەوە دەبێت هەردووکیان لەم قۆرت و گرێیانەدا بەستنگەیەکی گونجاو درووست بکەن.

گەر تێزەکەی بنیامین تێهەڵکێشی تێڕوانینە لاکانییەکە بکرێت، دواجار وەرگێڕان وەک پرۆسەیەکی لێ دێت کە دەیەوێت مەحاڵێتیی خودی وەرگێڕان نیشان بدات. وەرگێڕان وەک دەرگیربوونێک بۆ ڕەمزاندن، بەرجەستەکردنی کۆمەڵێک دالە بۆ نیشاندانی ناوکێکی زبر کە وەرناگێڕدرێت و هەر بە وەرنەگێڕدراوییش دەمێنێتەوە. دەقی سەرچاوەش وەک ئۆبێکت [و ئەوی تری گەورە] ناچارمان دەکات لە غیابی کۆمەڵێک ڕەهەندی زمانەکەمان ڕابمێنین. ئەم تێڕامان و خۆئامادەکردنە دەرهەق بە غیابی زمان وەرگێڕانی لێ دەکەوێتەوە و وەرگێڕانی دەقەکەش بریتییە لە کوشتنی دەقەکە و نواندنەوەی لەناو زمانێکی تر. ئەم نواندنەوەیە هەر خۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ترە لەگەڵ غیابی زمان. واتە وەرگێڕانی دەقێک بۆ سەر چەندین زمانی جیاواز ڕێکاوڕێک هەوڵی نواندنەوەی دەقە ڕەسەنە غیابەکەیە. زیندوومانەوەی دەقەکەش خۆی لە سەرنەکەوتنی وەرگێڕاندا دەبینێتەوە، زیندوومانەوەکەی لەوەدایە کە هیچ وەرگێڕانێک ناتوانێت دەقەکە بەتەواوی وەک خۆی بگوازێتەوە و بینوێنێتەوە. ڕاستە کە دالەکان لەم پرۆسەیەدا هەوڵی گواستنەوەی دالە نەڕەمزێنراوەکانی تر دەدەن، بەڵام مەودایەک هەیە لە توانای دال بەدەرە و ناتوانێت بەتەواوەتی بیکوژێت [بینوێنێتەوە]. نەمریی دەقەکە لە درووستکردنی برینێکی نەمر و ساڕێژنەبوودایە، وەرگێڕانی دەقەکەش داو و دەرمانێکن بۆ ساڕێژکردنی ئەم برینە. کەواتە وەرگێڕانی دەق بەهیچ شێوەیەک بەمانای گەشتکردنی دەقەکە نایەت بۆ ناو زمانێکی تر، بەڵکوو ئەم دەقە هەر لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و وەرگێڕان دەیەوێت بگات بەو شوێنەی کە دەقەکەی لێیە. دەق ماڵ جێناهێڵێت و تەنانەت دەرگای ماڵەکەشی لەسەر ئێمە قفڵ نادات، ئەوەیشی وا دەکات نەزانین بە چ شێوازێک لە دەرگای دەقەکە بدەین و سەردانی بکەین نوقسانییەکی بونیادی پانتایییە ڕەمزییەکەی وەرگێڕانە. وەکچۆن سوبێکت لە هەوڵی بەسوبێکتبووندا شکست دێنێت و ئەم شکستە بریتییە لە خودی سوبێکت، بەهەمان شێوە بۆ وەرگێڕانیش درووستە، ئەم نەزانینە لە نزیکبوونەوە و لە دەرگادانی دەقەکە بریتییە لە خودی وەرگێڕانی دەقەکە.

[1] نجفی، صالح. (١٣٩٦، ٢٥ خرداد). نامه اول. پیج‌ز مگزین.

https://www.pagesmagazine.net/fa/articles/first-letter

[2] Lacan, J. (2006). The subversion of the subject and the dialectic of desire in the Freudian unconscious. In Écrits: The first complete edition in English (B. Fink, Trans.; pp. 671–702). W. W. Norton & Company.

[3] Graph 3 (Lacan, Écrits, 2006, p. 690)

[4] Benjamin, W. (1968). The task of the translator (H. Zohn, Trans.). In Illuminations. Harcourt, Brace & World.

The post شیعری “قەلەڕەش” و نەستە لاکانییەکەی وەرگێڕان appeared first on ژنەفتن.

ئەوپەڕی چاکە، کە لە تواناتدایە ئه‌نجامی بده‌یت
ڕێگه‌ بده‌ با له‌ ده‌ستپێکی ئاشنابوونت به‌ فه‌لسه‌فه‌‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین، وه‌ک خوێندکارێک، چ فه‌یله‌سووفێک له‌و کاته‌دا که‌ له‌ سه‌ره‌تای گه‌شته‌ فه‌لسه‌فییه‌که‌تدا بوویت، زۆرترین کاریگه‌ری له‌سه‌رت هه‌بووه‌؟ چۆن وه‌سفی ئه‌و کاریگه‌رییه‌ ده‌که‌یت‌؟

سینگه‌ر: کاتێک خوێندکاری زانکۆ بووم، کاریگه‌رترین فه‌یله‌سووف له‌سه‌رم “هنری جۆن مه‌ککلۆسکی-H.J. McCloskey” بوو، که‌ یه‌که‌مین کۆرسی ئه‌خلاقی پێ وتم. ئه‌مه‌ش له‌ به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی له‌ زانکۆی مێلبۆرن بوو، که‌ زۆر کاریگه‌ریی ڤیتگنشتاین و جۆن ئۆستن و فه‌لسه‌فه‌ی “زمانی ئاسایی” له‌سه‌ر بوو، که‌ بریتییه‌ له‌ شیکردنه‌وه‌ی واتای وشه‌کان. مه‌ککلۆسکی له‌سه‌ر ته‌رزی کۆن ئه‌ژمار ده‌کرا، چونکه له‌و کاته‌دا‌ هێشتاکه‌ بڕوای وابوو که‌ مشتومڕکردن له‌سه‌ر پرسه‌ جه‌وهه‌رییه‌کانی ئه‌خلاق و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، کارێکی سوودبه‌خشه‌. به‌لای منه‌وه‌، ئه‌وه‌ زۆر مایه‌ی گرنگیپێدان بوو -له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پێچه‌وانه‌ی شیکردنه‌وه‌ی زمانه‌وانییه‌وه‌، ده‌کرێت جیاوازییه‌ک له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا درووست بکات. هه‌رچه‌نده‌ زۆر ناکۆک بووم له‌گه‌ل مه‌ککلۆسکی له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌خلاقییه‌ جه‌وهه‌رییانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بوایه‌، پێ نه‌ده‌چوو له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا به‌رده‌وام بم.

له‌ ماوه‌ی  گه‌شته  فه‌لسه‌فییه‌که‌تدا که‌ ده‌گاته‌ ٥٥ ساڵ، ئه‌و ڕووداوه‌ (یان ڕووداوانه‌) چی بوو که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌رکت به‌وه‌ کرد که‌ له‌ ڕێگادای به‌وه‌ی ببیته‌ زیاتر له‌ فه‌یله‌سووفێکی ئاسایی؟ پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، چۆن مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌شه‌ ژیانتدا کرد؟

سینگه‌ر: ڕووداوه یه‌کلاکه‌ره‌وه‌که‌‌ له‌ ساڵی ١٩٧٠دا ڕووی دا، کاتێک خوێندکاری خوێندنی باڵا بووم له‌ زانکۆی ئۆکسفۆرد. خوانێکی نێوه‌ڕۆ به‌ ڕێککه‌وت، له‌گه‌ڵ ڕیچارد کیشن – که‌ خوێنکارێکی که‌نه‌دیی خوێندنی باڵا بوو- ژیانی گۆڕیم، چونکه‌ کاتێک مه‌عکه‌رۆنیی سپاگێتی بۆ پێشنیاز کرا، پرسیاری کرد ئایا گۆشت له‌ ناو سۆسه‌که‌دایه‌، کاتێک پێی وترا به‌ڵێ تێیدایه‌، ڕه‌تی کرده‌وه قاپه‌که‌ وه‌ربگرێت‌. من پێشتر ڕێککه‌وتی هیچ ڕووه‌کخۆرێکم(vegetarian) نه‌کردبوو، بۆیه‌ پرسیارم لێ کرد بۆچی گۆشت ناخوات. پێی گوتم شتێکی درووست نییه‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵاندا ده‌یکه‌ین پێش سه‌ربڕینیان بۆ خواردن. سه‌رم سوڕما. بێگومان ده‌مزانی ئاژه‌ڵه‌کان سه‌ر ده‌بڕدرێن بۆ دابینکردنی گۆشت بۆمان، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌کم نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ زۆربه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی که‌ بۆ خواردن به‌خێو ده‌کرێن تێده‌ته‌پێنرێنه‌ نێو گه‌وڕ و ته‌ویله‌کانه‌وه‌،‌ که‌ ئه‌مه‌ش وایان لێ ده‌کات ژیانێکی مه‌ینه‌تبارانه‌ بژین، که‌ به‌ هیچ به‌شێوه‌یه‌ک ‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ پێویستییه‌کانیاندا. ئه‌مه‌ش پاڵی پێوه‌نام که‌ بیر بکه‌مه‌وه‌ له‌ ئه‌خلاقیبوونی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌کاندا، ده‌رکم به‌وه‌ کرد که‌ من ناتوانم به‌رگری له‌وه‌‌ بکه‌م. له‌و کاته‌دا‌ خوێندکاری خوێندنی باڵا بووم له‌ فه‌لسه‌فه‌دا، و به‌تایبه‌تی ته‌رکیزم له‌سه‌ر ئه‌خلاق بوو، که‌چی هه‌موو ڕۆژێک شتێکم ده‌کرد که‌ چیتر نه‌مده‌توانی پاساوی بۆ بهێنمه‌وه‌. بۆیه‌ وازم له‌ خواردنی گۆشت هێنا و بۆ یه‌که‌مین جار به‌شێوه‌یه‌کی ڕیشه‌یی بیرکردنه‌وه‌م له‌باره‌ی ئه‌خلاقه‌وه‌ گۆڕا، نه‌ک ته‌نیا بیروڕام، به‌ڵکوو ژیانی ڕۆژانه‌شم. ئه‌مه‌ش منی  له‌ “فه‌یله‌سووفه‌ ئاسایییه‌کان” جیا کرده‌وه‌، وای لێ کردم ببمه‌ یه‌کێک له‌ داکۆکیکه‌ره‌ سه‌ره‌تایییه‌کانی “ئه‌خلاقی کرده‌یی-پراکتیکی”.

پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، با که‌مێک بچینه‌ نێو گفتوگۆوه‌ له‌باره‌ی کاره‌ فه‌لسه‌فییه‌کانت. زۆربه‌ی کاره‌ فه‌لسه‌فییه‌کانت له‌باره‌ی ئه‌خلاقه‌وه‌یه‌، بۆچی ئه‌خلاق له‌ پێشینه‌ی کاره‌کانه‌ لای تۆ؟

سینگه‌ر: من له‌ ڕاستیدا هه‌ندێک سه‌ره‌داوم له‌باره‌ی ئه‌و پرسیاره‌وه‌ پێ دایت. ئه‌خلاق له‌ پێشینه‌ی کاره‌کانمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌و شێوازه‌ی که‌ پێویسته‌ ژیانی پێ به‌ڕێ بکه‌ین. جیاوازییەک لە ژیانماندا درووست دەکات و لە ڕێگەی کردارەکانمانەوە کاریگەری لەسەر جیهانیش دادەنێت. چ بوارێکی تر هه‌یه‌ به‌و شێوازه‌‌ ژیان بگۆڕێت وه‌ک ئه‌وه‌ی خوێندنی ئه‌خلاق ده‌یگۆڕێت؟

پیتەر سینگەر (١٩٤٦-) فەیلەسووفی ئوسترالیایی

بێگومان، ئه‌خلاق جیاوازییه‌ک له‌ ژیانماندا دروست ده‌کات، به‌ڵام هێشتاکه‌ سه‌رم سوڕماوه‌ بۆچی پێت وایه‌ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی “پێویسته‌ چۆن بژین” کاریگه‌ریی زیاتره‌ له‌سه‌ر ژیانمان تا تێگه‌یشتن له‌وه‌ی “چۆن پێویسته‌ بزانین” -بۆ نموونه‌- یان له‌ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی “چۆن له‌ واقیعدا ده‌ژین و ده‌زانین”؟

سینگه‌ر: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له‌ ده‌ربڕینی “تێگه‌یشتن له‌وه‌ی چۆن پێویسته‌ بزانین” تێگه‌یشتن بێت له‌وه‌ی کام ڕێگه‌یه‌ دروسته‌ پشتی پێ ببه‌سترێت بۆ ناسینی ئه‌وه‌ی که‌ ڕاسته‌، و کامه‌شیان وا نییه‌، ئه‌وا ئه‌مه‌‌ پرسیارێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش و گرنگه‌. ستیڤن بینکه‌ر به‌م دوایانه‌ کتێبێکی نایابی له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ بڵاو کرده‌وه‌، به ‌ناوونیشانی “عه‌قڵانیه‌ت: چییه‌؟ بۆچی ده‌گمه‌ن ده‌رده‌که‌وێت؟ و بۆچی گرنگه‌؟“، که‌ من پێشنیاری ده‌که‌م بۆ خوێنه‌ران. ڕه‌نگه‌ ئه‌م بواره‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ و ده‌روونناسیشدا، به‌ هه‌مان شێوه‌ی بواره‌ ئه‌خلاقییه‌که‌ بتوانێت ژیان بگۆڕێت. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، له‌و بڕوایه‌دام تێگه‌یشتن له‌و شێوازه‌ی که له‌ واقیعدا پێی ده‌ژین، چاوه‌ڕوان ناکرێت ژیانمان بگۆڕێت، یان لانی که‌م دووره‌ له‌وه‌ی بیگۆڕێت مه‌گه‌ر هاوشان بێت له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵوێستێکی ئه‌خلاقیدا. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن له‌ چۆنیه‌تیی ژیانمان بابه‌تێکی وه‌سفییه‌‌ (Descriptive). که‌ ئه‌و پرسیاره‌ ناوروژێنێت: ئایا ئه‌مه‌ باشترین شێوازی ژیانه‌؟ خستنه‌ڕووی ئه‌م پرسیاره،‌ ئه‌رکی بواره‌‌ ئه‌خلاقییه‌که‌یه‌‌‌.

پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، با بچینه‌ سه‌ر ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی که‌ ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر گرنگیدان به‌ بواری ئه‌خلاق بخرێنه‌‌ ڕوو. هه‌ندێک که‌س ده‌شێت دژی گرنگیدان به‌ ئه‌خلاق بن، به ‌تایبه‌تی وانه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌خلاق، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه‌ی که‌ خه‌ڵکی بڕیاره‌‌ ئه‌خلاقییه‌کانیان له‌سه‌ر بنه‌مای بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقی داده‌ڕێژن، له‌ کاتێکدا زۆرێک له‌ توێژینه‌وه‌کانی ده‌روونناسیی ئه‌خلاق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بڕیاره‌ ئه‌خلاقییه‌کانمان زۆربه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای حه‌دسه‌ ئه‌خلاقییه‌کانمان بونیاد نراون، ته‌نانه‌ت کاتێکیش بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیش به‌کار ده‌هێنین، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌کی پاشه‌کی (بعدی) به‌کاری ده‌هێنین، بۆ پاساوهێنانه‌وه‌ بۆ حه‌دسه‌ ئه‌خلاقییه‌کانمان. به‌م شێوه‌یه‌، وا دیاره‌ که‌ وانه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌خلاق کارێکی کاریگه‌ر نه‌بێت، ماده‌م توانامان له‌ به‌کارهێنانی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیدا سنوورداره‌. چۆن به‌رسڤی ئه‌مه‌ ده‌ده‌یته‌وه‌؟

سینگه‌ر: وه‌ڵامی ئه‌م ئاڵه‌نگارییه‌م به‌ سه‌لماندنی پووچه‌ڵییه‌که‌ی داوه‌ته‌وه‌، یان له‌ باشترین دۆخدا، ته‌نیا به‌شێکه‌ له‌ ڕاستی. بواری ئه‌خلاق شێوازی ژیانی خه‌ڵکی ده‌گۆڕێت. بێگومان هه‌مووان به‌ بواری ئه‌خلاق کاریگه‌ر نابن، به‌ڵام هه‌ندێک پێی کاریگه‌ر ده‌بن. ئه‌مه‌شم ده‌مێ ساڵه‌ زانیوه‌، چونکه‌ که‌سانێک که‌ کتێبه‌کانی منیان خوێندۆته‌وه‌ یاخود هاتوونه‌ته‌ پۆله‌کانمه‌وه‌ ئاگاداریان کردوومه‌ته‌وه‌ که‌ چۆن تێفکرینه‌کانم ژیانیانی گۆڕیوه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ڕاستیدا ته‌نیا چیرۆکگه‌لێکن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ دوو هاوپیشه‌م، ئه‌وانیش ئێریک شویتزگێبڵ و برادفۆرد کۆکلێت، له‌ دوو توێژینه‌وه‌ی توند کۆنتڕۆڵکراودا، پیشانمان دا که‌ ئه‌و خوێندکارانه‌ی که‌ به ‌شێوه‌یه‌کی هه‌ڕه‌مه‌کی هه‌ڵبژێردرابوون بۆ به‌شداریکردن له‌ پۆلێکی گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌خلاقیاتی خواردنی گۆشت‌، دواتر داوای ئه‌و ژه‌مانه‌یان کردبوو که‌ گۆشتی که‌متر تێدابوو، به‌ به‌راورد به‌ کۆمه‌ڵه‌ خوێندکارێکی هاوشێوه‌ که‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر بابه‌تێکی جیاواز‌ له‌گه‌ڵدا کرابوو. بڕوانه‌ ئه‌م دوو توێژینه‌وه‌یه‌: “ئایا بابه‌ته‌کانی ئه‌خلاق کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌فتاری خوێندکاران داده‌نێت؟ لێکۆڵینه‌وه‌ی حاڵه‌ت: وانه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیاتی خواردنی گۆشت“، cognition، به‌رگی ٢٠٣، (ئۆکتۆبه‌ری ٢٠٢٠)، (له‌گه‌ڵ ئێریک شویتزگێبڵ و برادفۆرد کۆکلێت)، و “خوێندکاران بڕێکی که‌متر گۆشت ده‌خۆن دوای خوێندنی ئه‌خلاقیاتی گۆشت“، پێداچوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ و ده‌روونناسی (Review of Philosophy and Psychology)، ٦ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٢١، (له‌گه‌ڵ ئێریک شویتزگێبڵ و برادفۆرد کۆکلێت).

ئایا پێت وایه‌ هۆکاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ ‌-وه‌ک کاریگه‌ریی یاریده‌ده‌رانی وانه‌وتنه‌وه‌- بووبێته‌‌ ‌هۆی گۆڕێنی ڕه‌فتاری خواردن لای ئه‌م خوێندکارانه‌؟

سینگه‌ر: ئێمه‌ له‌ دووه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌و دوو توێژینه‌وه‌یه‌ی که‌ باسمان کرد، ئه‌و بابه‌ته‌مان تاقی کرده‌وه‌، وادیاره‌ وه‌ڵامه‌که‌ نه‌خێره‌‌، ئه‌وه‌ پاڵنه‌ری گۆڕانکارییه‌که‌ نه‌بووه‌.

ئایا پێت وایه‌ درووست بێت‌ که‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌باره‌ی ئه‌خلاقیاتی خواردن له‌و دوو توێژینه‌وه‌یه‌دا پێی گه‌یشتوون، به‌سه‌ر بواره‌کانی تری ئه‌خلاقدا بگشتێنرێت؟ چۆن؟

سینگه‌ر: پێده‌چێت وابێت. به‌پێی که‌سییه‌کانه‌وه‌، زۆر له‌ خه‌ڵکی پێیان ڕاگه‌یاندووم که‌ له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و کۆرسانه‌ی که‌ ده‌یانڵێمه‌وه‌‌، هاندراون تاوه‌کوو زیاتر ببه‌خشن به‌و که‌سانه‌ی که‌ که‌متر له‌وان به‌ختیان هه‌یه‌، واته‌ ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ژارییه‌کی ڕه‌هادا ده‌ژین. هه‌روه‌ها ڕێکخراوی (ئه‌و ژیانه‌ی که‌ ده‌توانیت ڕزگاری بکه‌یت-The life you can save) -که‌ دامه‌زراوه‌یه‌کی خێرخوازییه‌، خۆم داممه‌زراندووه‌، به‌ ئامانجی هاندانی خه‌ڵکی بۆ کۆمه‌ککردن به‌و دامه‌زراوه‌ خێرخوازییه‌ زۆرتر کاریگه‌رانه‌ له‌ هاوکاریکردنی ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ژارییه‌کی ڕه‌هادا ده‌ژین- پیشانی داوه‌، که‌ به‌ڵگه‌ ئه‌خلاقییه‌کان بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ژاران، هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی باشترین ڕێگاکانی ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌، ده‌کرێت ببێته‌ هۆی زیادبوونی ژماره‌ی به‌خشه‌ران، به‌ جۆرێک که‌ ده‌یان ملیۆن دۆلاری زیاتر بۆ هاوکارییکردنی هه‌ژاران فه‌راهه‌م ببێت.

له‌ وه‌ڵام به‌ ته‌نگه‌ژه‌ی ئاواره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی پاکستان له‌ ساڵی ١٩٧٢دا، وتاره‌ به‌ناوبانگه‌که‌ت نووسی به ‌ناوونیشانی: “قاتوقڕی، خۆشگوزه‌رانی و ئه‌خلاق”، له‌و کاته‌وه‌ تۆ به‌ توندی پابه‌ندی به‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌وه‌، مه‌به‌ستم فه‌لسه‌فه‌ی “ئه‌ویتردۆستی کاریگه‌ر”ه‌. ده‌کرێت به‌ کورتی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ویتردۆستی کاریگه‌رمان بۆ شی بکه‌یته‌وه‌؟

سینگه‌ر: ئه‌ویتردۆستی کاریگه‌ر فه‌لسه‌فه‌ و بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌. له ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه‌‌، بیرۆکه‌که‌ به‌ واتای کردنی جیهان به‌ شوێنێکی باشتر پێویسته‌ ببێت به‌ یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانمان له‌ ژیاندا. ئه‌مه‌ به‌ واتای ئه‌وه‌ نایه‌ که‌ تاکه‌ ئامانجی ژیانمان بێت، که‌مینه‌یه‌ک له‌ خه‌ڵکی له‌ قه‌دیسه‌کانن (پیاوچاکان-saints). به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ گرنگ بێت به‌لامانه‌وه‌، و مانا و ئاسووده‌گی به‌ ژیانمان ببه‌خشێت. ئه‌مه‌ به‌شی په‌یوه‌ست به‌ “ئه‌وتردۆستییه‌” له‌ چه‌مکی “ئه‌ویتردۆستی کاریگه‌ر”. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌شی “کاریگه‌ر”ه‌وه‌، ئه‌وه‌ زۆر به‌ ساده‌یی، بریتییه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی باشترین به‌های گونجاو له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌ک که‌ ته‌رخانی ده‌که‌یت بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ی که‌ خۆی له‌ کردنی جیهان به‌ شوێنێکی باشتردا ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و بنه‌مایه‌یه‌ که‌ زۆربه‌مان له‌به‌رچاوی ده‌گرین کاتێک شمه‌کێکی به‌کاربردن ده‌کڕین، که‌مێک به‌دواداچوون ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌وه‌ خه‌رج نه‌که‌ین که‌ پێویستمانه‌ له‌ کاتی کڕینی مۆبایلێک، کۆمپیوته‌رێک یاخود ئۆتۆمبێلێکی نوێدا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌، کاتێک بۆ‌ کاره‌ خێرخوازییه‌کان ده‌به‌خشین، که‌مینه‌یه‌ک له‌ خه‌ڵکی ئه‌و بنه‌مایه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن، زۆربه‌یان به‌ هه‌ڕه‌مه‌کی پاره‌ خه‌رج ده‌که‌ن، به‌ بێ زانینی بڕی ئه‌و سووده‌ی که‌ ده‌شێت به‌خشینه‌کانیان به‌دی بهێنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، توێژینه‌وه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن که‌ باشترین دامه‌زراوه‌ خێرخوازییه‌کان، ڕه‌نگه‌ سه‌د هێنده‌ زیاتر له‌ دامه‌زراوه‌ خێرخوازییه‌ ئاسایییه‌کان کاریگه‌رییان هه‌بێت. بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ باشترین دامه‌زراوه‌ خێرخوازییه‌کان، ده‌توانیت سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی  ‌https://www.thelifeyoucansave.org/ بکه‌یت‌.

ئایا ئه‌مه‌ به‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌سی خاوه‌ن باڵاترین ڕه‌وشت، زیاتر گرنگی ده‌دات به‌ کردنی جیهان به‌ شوێنێکی باشتر؟ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ بێت، ئه‌وا ژیانی ئه‌خلاقیی ته‌واو، به‌ بڕوای من، ژیانێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش نابێت. چونکه‌ که‌سێک که‌ زۆر گرنگی ده‌دات به‌وه‌ی جیهان بکات به‌ شوێنێکی باشتر، کاتی پێویستی نابێت بۆ شادی و هاوڕێیه‌تی و خولیاکانی..، هتد. ئایا له‌و بڕوایه‌دا نیت شتێکی هه‌ڵه‌ له‌م تیۆرییه‌ ئه‌خلاقییه‌دا هه‌بێت که‌ جۆره‌ تێگه‌یشتنێک له‌سه‌ر ژیانی ئه‌خلاقیی ته‌واو به‌رهه‌م ده‌هێنێت؟

سینگه‌ر: به‌ڵکوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، پێم وایه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ به‌ دیار ده‌خات که‌ شتێکی هه‌ڵه‌ له‌و جیهانه‌دا هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ تێیدا ده‌ژین: زۆر شت هه‌ن‌ که‌ ده‌توانین بیانکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جیهان بکه‌ین به‌ شوێنێکی باشتر، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی خه‌ڵکی نایکه‌ن! هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، من هاوڕا نیم له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕوانگه‌یه‌دا که‌ ده‌ڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌خلاقی بژی، پێویسته‌ ده‌ستبه‌رداری شادی و هاوڕێیه‌تی ببێت. که‌مینه‌یه‌ک له‌ ئێمه‌ له‌ قه‌دیسه‌کانین، به‌بێ بوونی سروشتێکی قه‌دیسانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ و زۆر ده‌گمه‌ن، مه‌حاڵه‌‌ بتوانین خۆمان به‌ ته‌واوی ته‌رخان بکه‌ین بۆ پرسه‌ چاکه‌کارییه‌کان به‌ جۆرێک واز له‌ هه‌موو چێژه‌کان بهێنین، و چیتر هیچ کاتێکمان بۆ هاوڕێکانمان نه‌بێت. زۆر خه‌ڵکم بینیوه‌ که‌ هه‌وڵیان داوه‌ به‌و شێوازه‌‌ بژین، به‌ڵام زۆربه‌یان بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ خۆیان ڕانه‌گرتووه‌ و هێزیان له‌به‌ر بڕاوه‌، هه‌ر بۆیه‌، کاریگه‌ریشیان زۆر که‌متر بووه‌ته‌وه‌ به‌راورد به‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر که‌مێک پشوویان بدایه‌.

پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاکێشه‌ له‌ گرنگیدانی تۆدا به‌ ئه‌ویتردۆستیی کاریگه‌ر، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی تێڕامانه‌‌ فه‌لسه‌فییه‌کانته‌وه‌ ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌‌، به‌ڵکوو له‌ ڕێگه‌ی چالاکییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشته‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بووه‌‌. چۆن ده‌کرێت تێڕامانی فه‌لسه‌فیی فه‌یله‌سووفێک و چالاکییه‌کانی پێکه‌وه‌ هه‌ڵبکه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌کێکیان ئه‌ویتر بشێوێنێت و وزه‌که‌ی په‌رت بکات؟

سینگه‌ر: فه‌یله‌سووف و چالاکوان ده‌کرێت له‌ناو یه‌ک که‌سدا کۆ ببنه‌وه‌، به‌ڵام  له‌ هه‌مان کاتدا نا. وه‌ک مامۆستایه‌کی فه‌لسه‌فه‌، هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م خوێندکاره‌کانم له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌رگۆمێنته‌کان په‌روه‌رده‌ بکه‌م. بۆیه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ ده‌یانڵێمه‌وه‌ هه‌رچییه‌ک بن، من هه‌م ئه‌و به‌ڵگانه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو که‌ پاڵپشتی له‌و هه‌ڵوێسته‌ ده‌که‌ن که‌ خۆم گرتوومه‌ته‌ به‌ر، و هه‌م ئه‌و به‌ڵگانه‌ش که‌‌ دژ به‌ ڕاکانی منن. من خۆم به‌ بێلایه‌ن نیشان ناده‌م، ئه‌مه‌ کارێکی ڕاستگۆیانه‌ نییه‌، و به‌هه‌ر شێوازێک بێت خوێندکاره‌کانم به‌ خێرایی ئه‌وه‌ی ده‌دۆزنه‌وه‌ که‌ نووسیومه‌‌. به‌ڵام داوایان لێ ده‌که‌م ڕه‌خنه له‌وه‌ بگرن که‌ نووسیومه‌، وه‌ دڵنیا ده‌بمه‌وه‌ له‌وه‌ی بزانن نمره‌کانیان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ئاستی کوالێتی و جۆری گفتوگۆکانیانه‌وه‌، و ئه‌وان ئه‌نجامێکی زۆر باشتر به‌ده‌ست ده‌هێنن ئه‌گه‌ر بتوانن به‌ڵگه‌ی به‌هێز دژ به‌ ڕاکانی من بدۆزنه‌وه‌، به‌ به‌راورد به‌وه‌ی که‌ ته‌نیا هه‌ستن به‌ دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی من نووسیومه‌. له‌ کتێب و توێژینه‌وه‌ فه‌لسه‌فییه‌کانمدا، هه‌وڵ ده‌ده‌م سه‌رنجه‌ دژه‌کان و ڕه‌خنه‌یییه‌کانی سه‌ر ڕاکانی خۆم به‌ ویژدانانه‌ترین شێوه‌ بخه‌مه‌ ڕوو. ته‌نانه‌ت وه‌ک چالاکوانێکیش، مامه‌ڵه‌کردنی نه‌یاره‌کان به‌ ڕاستگۆیی و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌‌ شتێکی زۆر گرنگه‌، به‌ڵام ڕوونه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێک داوای لێدوانم لێ بکات، و بزانم که‌ ته‌نیا لێدوانێکی ده‌نگیی کورتم پێ ده‌درێت که‌ پێکهاتووه‌ له‌ هه‌شت چرکه‌، ئه‌وا ناچارم ته‌نیا ئه‌و قسانه‌ بکه‌م که‌ پێم وایه‌ زۆر ڕاست و له‌ هه‌موو شتێک گرنگترن، له‌وکاته‌دا چیدیکه‌ کاتێکی وا نییه‌ بۆ ده‌ربڕینی وه‌رده‌کارییه‌کانی بابه‌ته‌که‌، که‌ هه‌میشه‌ ئاره‌زوو ده‌که‌م له‌و بۆنانه‌دا پێشکه‌شی بکه‌م که‌ ده‌رفه‌تی زیاترم هه‌یه‌ بۆ قسه‌کردن.

پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، کاتێک خه‌ڵکی ده‌چنه‌ نێو چالاکییه‌که‌وه‌ به‌ ئامانجی داکۆکیکردن له‌ دۆزێک، زۆرجار په‌یوه‌ندییه‌کی سۆزداریی به‌هێز له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆزه‌دا دروست ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش وایان لێ ده‌کات زیاتر ڕووبه‌ڕووی “بیرکردنه‌وه‌ی پاڵنه‌رئامێز‌- Motivated Reasoning– التفکیر المتحفز” ببنه‌وه‌، ئایا پێت وانییه‌ کاتێک یه‌کێک بیه‌وێت ڕۆڵی فه‌یله‌سووف بگێڕێت، مه‌ترسییه‌ک هه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووی زه‌حمه‌تی ببێته‌وه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م کاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌ له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌‌‌؟ ئه‌گه‌ر  دۆخه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ بێت، ئایا هاوڕایت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ فه‌یله‌سووفه‌کان به‌رپرسیارێتیی ئه‌وه‌یان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ که‌ خۆیان به‌دوور بگرن له‌و شتانه‌ی که‌ وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ببنه‌‌ هۆی خراپتربوونیان له‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانیاندا؟

سینگه‌ر: سه‌رباری ئه‌و مه‌ترسییه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی که‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌که‌یت، پێم وایه‌ که‌ ده‌کرێت، به‌ڵکوو په‌سه‌ندتریشه‌‌ له‌ هه‌ندێک دۆخدا، فه‌یله‌سووفه‌کان چالاکوانیش بن. ئه‌مه‌ش به‌ بڕوای من له‌به‌ر دوو هۆکاره‌ په‌سه‌نده‌، یه‌که‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سووفه‌کان ده‌توانن داکۆکی له‌و دۆزه‌ بکه‌ن  که تێیدا‌ چالاکن، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای هاوکارییکردن دیاریکردنی پاساوه‌کانی ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن به ‌شێوه‌یه‌کی زۆر ڕوونتر و توندوتۆڵتر به‌دی بهێنن. دووه‌م: کاتێک خوێندکاره‌کان ده‌بینن ‌ مامۆستاکانیان له‌ واقیعدا گرنگی به‌و پرسانه‌ ده‌ده‌ن که‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش لانی که‌م پاڵ به‌ هه‌ندێک له‌ خوێندکاره‌کانه‌وه‌ ده‌نێت که‌ ده‌رک به‌وه‌ بکه‌ن که‌ فه‌لسه‌فه‌ ته‌نیا ڕاهێنانێکی فیکری بێ ئامانج نییه‌، وه‌ک چاره‌سه‌کردنی مه‌ته‌ڵێکی شه‌تره‌نج-، به‌ڵکوو بابه‌تێکی به‌ڕاستی گرنگه‌. ئێستا، وه‌ک پێشتریش ددانم پێدا نا، ده‌شێت مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌بێت که‌ چالاکوانێک له‌ ڕووی سۆزدارییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ک وابه‌سته‌ بێت که‌ ببێته‌ هۆی دابه‌زینی کوالێتیی بیرکردنه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌و دۆزه‌ی که‌ داکۆکی لێ ده‌کات. به‌ڵام پێویسته‌ فه‌یله‌سووفه‌کان ده‌رک به‌م مه‌ترسییه‌ بکه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌ کاتی  وانه‌وتنه‌وه‌یاندا، وه‌ دڵنیاببنه‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌میشه‌ ته‌نیا به‌ خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی که‌ خۆیان پاڵپشتی ده‌که‌ن سنووردار نه‌که‌ن، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ش بخه‌نه‌ ڕوو که‌ نه‌یاره‌کانی ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ ده‌یانهێننه‌وه‌، ناکرێت پۆلی فه‌لسه‌فه‌ ببێته‌ مه‌یدانێک بۆ چالاکوانی، به‌ڵکوو له‌بری ئه‌وه‌، به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌کانیان هه‌ڵبسه‌نگێنرێن، نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاده‌ی هاوڕابوونیان له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی مامۆستاکانیاندا.

پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، با بڕۆینه‌ سه‌ر بوارێکی تری ئه‌خلاق، وه‌ک ده‌زانیت، “ژیریی ده‌ستکرد” شێوازی ژیان و کارکردنمان ده‌گۆڕێت. به‌ بڕوای تۆ، ژیریی ده‌ستکرد چ کاریگه‌رییه‌ک له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیمان داده‌نێت، و ده‌رئه‌نجامێکی بۆ بواری ئه‌خلاق به‌ گشتی چین؟

سینگه‌ر: ببووره‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ بابه‌تێکی ته‌واو جیاواز و فراوانه‌ و ئێستا کاتم نییه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بکه‌م.

ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ک ئامۆژگاریت هه‌بێت بۆ فه‌یله‌سووفه‌ لاوه‌کان، ئه‌و ئامۆژگارییه‌ چی ده‌بێت؟

سینگه‌ر: بگه‌ڕێن به‌دوای ئه‌و بابه‌ته‌‌ گرنگانه‌دا که‌ ده‌تانه‌وێت گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بکه‌ن، بابه‌تگه‌لێک که‌ ده‌توانن گۆڕانکاریی تێدا درووست بکه‌ن. توانای عه‌قڵانی خۆتان به‌کار بهێنن، به‌شێوازێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌و بیرۆکانه‌ بکۆڵنه‌وه‌‌ که‌ خه‌ڵکانی تر وه‌ک یه‌کلابووه‌وه‌‌ (به‌ڵگه‌نه‌ویست) لێیان ده‌ڕوانن.

پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، سه‌رقاڵییه‌کانی ئێستات چین، بابه‌تی کتێبی داهاتووت له‌سه‌ر چییه‌؟

سینگه‌ر: خه‌ریکی پێداچوونه‌وه‌ی کتێبی “ئازادکردنی ئاژه‌ڵ-Animal Liberation”م،  نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌‌ له‌مێژه‌ کاتی هاتووه‌. ئارگۆمێنته‌ فه‌لسه‌فییه‌کانی‌ به‌ درێژاییی ساڵان به‌ به‌هێزی ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆرێک له‌و ڕاستییانه‌ی که‌ له‌وێدا باسم کربوون گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌. من هێشتاکه‌ گرنگی به‌و پابه‌ندییانه‌ ده‌ده‌م که‌ ئێمه‌ی خۆشگوزه‌ران له‌ ئه‌ستۆماندایه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ هه‌ژارییه‌کی ڕه‌هادا ده‌ژین. هه‌روه‌ها جاروبار کار له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ ده‌که‌م که‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ بایۆئه‌خلاق (Bioethics)، چه‌ندین وتارم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ نووسیوه‌ که‌ په‌تاکه (کۆرۆنا)‌ وروژاندی. زۆر له‌ وتاره‌ کورته‌ گشتییه‌کانی خۆشم به‌ ناوونیشانی “ئه‌خلاق له‌ جیهانی واقیعیدا-Ethics in the Real World” کۆ کراونه‌ته‌وه‌‌، و ئێستا خه‌ریکی ئاماده‌کردنی چاپێکی نوێی ئه‌و کتێبه‌م.

سه‌رچاوه‌: https://mana.net/peter-singer/

*  حه‌سه‌ن ئه‌لشه‌ریف مامۆستای فه‌لسه‌فه‌ له‌ زانكۆی تیبه‌، هاودامه‌زرێنه‌ری سه‌نته‌ری سعودییه‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌خلاق (سكۆپ-) ئه‌م گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ڵ پیته‌ر سینگه‌ر ساز كردووه‌ و له‌ به‌رواری ٧ی ئاداری ٢٠٢٤ له‌ ماڵپه‌ڕی عه‌ره‌بی مانا نێت- https://mana.net/ بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

The post ئەوپەڕی چاکە، کە لە تواناتدایە ئه‌نجامی بده‌یت appeared first on ژنەفتن.

قەلەڕەش
کەڕەتێک لە نیوەشەوێکی خەماویی، ئەو دەمەی ڕادەمام بە کزیی و لەپێکەوتوویی،

دەمکرد موتاڵای کۆمەڵێک کتێبی پڕ ڕاز و بەسەرهاتی ئەودەم — [1]

هەرچەن دەچەمیمەوە، خەو دەیبردمەوە، کتوپڕ لەدەرگادانێک بۆرژانی لێ بردمەوە،

چەشنی لێدانێکی ئەسپایی، پیاکێشێتە دەرگای ژوورەکەم

چرپاندم: “هەر سەرلێدەرێکە، پیادەکێشێتە دەرگای ژوورەکەم—

تەنیا ئەمەیە و شتێک نییە بە پێچ و تەم.”

ئاهـ، ڕوون ڕوون بیرمە و یادهێن، لە بەفرانبارێکی هیوابڕی ورەبەزێن؛

هەر سەرەبزووتێکی سەر ئەرزەکەش پەرتەواز و خێوهێن، سازی دەکرد شۆپی دێوەزمەیەکی پڕ ترس و بۆر.

ئارەزووی سبەینێ بووم تاسەمەندانە؛ لە تەقەلادا بووم پڕوپووچانە

لەناو کتێبەکانم بۆ هەتوانی ئەم برینەم، زامی لەدەستچووەکەم؛ لێنۆر—

بۆ ئەو شەنگۆڵە کەمپەیدا و درەوشاوەیەی وا فریشتەکان گازیان دەکرد بە ناوی لێنۆر—

ئەمێستاش لێرە بێناو ماوەتەوە و تاهەتایە بێناو و چۆڵ.

خشەخشە ناسک و ژاکاو و گومانبارەکەی هەریەک لە پەردە ئاوریشمیینەکان

هەژاندمیان، تژیان کردم بە ترسێکی خوونەگرتووی سەمەرە وا هیچوەختێک نەبووە ئەم هەستەم:

بۆ خاوکردنەوەی ترپەترپی دڵم، هەڵستام و چەندپاتەم کردەوە:

“هەر سەرلێدەرێکە داوای هاتنە ژوورەوە دەکات بۆ ژوورەکەم—

تەنیا سەرلێدەرێکی ناوەختە دەیەوێت بێتە ژوورەکەم—

هەر ئەوەندەیە و شتێک نییە زیاد و کەم.”

دەسبەجێ ڕۆحم گۆڕا و بوێرانەتر؛ لە باری دڕدۆنگییدا نەبوو چیتر

گوتم: “کاکە، یان دادە، لە ناخمەوە بەخشینتان لێ داوا دەکەم.

دەی ڕاستییەکەی خەو دەیبردمەوە، تۆش بە کزە لێدانێکی هێند ئەسپایی و

هێند نەرم و سووک دەتکێشا بە دەرگاکە، بە دەرگای ژوورەکەم،

کە نیوەچڵ لە بیستنی خاترجەم بووم.”— لەم سەروبەینەدا پانوپۆڕ کردمەوە دەرگاکەم؛—

ئەمما جگە لە تاریکاییەکی قەترانیی شتێک نەبوو پێچدار و تەم.

قووڵ لەو تاریکییە ڕامام، سەروەختێکی دوورودرێژ لەوێ وەستام، دەحەپەسام، دەترسام

گومانکرد دەمام، ئەندێشەی خەیاڵگەلێکم دەکرد نەکراوە جورئەتی بینینی لای هیچ کەسێکی دەرەگۆڕ

بەڵام کشوماتییەکە هەروا مایەوە نەشکێندراو، کپوکڕییەکە نەیدەدا کزەیەکی بیستراو

تاقە پەیڤێک لەوێ گوترا پەیڤە چرپێندراوەکە بوو: “لێنۆر؟”

ئەوەم چرپاند و زایەڵەیەک بە سرتە گەڕایەوە: “لێنۆر!”

هیچ شتێکی تر، هەر تەنیا ئەمەیە و پەنهان و چۆڵ.

بامداوە بۆ ناو ژوورەکەم، کڵپەی بوو سەرتاپای ناخ و دڵە گڕگڕتووەکەم،

ئەمجارە لە بەروەخت بەرزتر، هەمدیس بیستمەوە تەقەی دەرگاکەم.

گوتم: “بێ ئەملاوئەولا، دەنگەکە لە پەرژینی پەنجەرەکەوەیە؛

سا با بنۆڕم و بزانم چییە، ئەم ڕازە کپ و ماتە سەر بخەم—

دڵم بۆ چرکەساتێک بسرەوێت و ئەم ئەفسوونە دەرخەم —

ئەفسووس تەنیا فووە بایەکە، شتێک نییە پێچدار و تەم!”

واڵام کرد بەربەندی پەنجەرەکەم لووتوبزووت، هات دەنگی باڵ لێدان و شەقوکوت،

قەلەڕەشێکی ڕۆحزل و مەند، پەیوەست بە ڕۆژگارێکی کەونار و دێرین، شەقاوە باڵی نایە ژوورەکەم؛

نەینواند تەنانەت تیزە ڕێزێکیش، نەدەوەستا و نەدەحەجما بۆ ساتێکیش؛

کەچی بە خوودوخدەی خانمێک یانەخۆ گەورەزادێک، نیشتەوە سەر دەرگای ژوورەکەم —

هەڵنیشتە سەر نیمچەپەیکەری پاڵاس[2]، ڕێک لەبان دەرگای ژوورەکەم —

هەڵنیشت، بێخشپە دانیشت، ئیتر هەر ئەوەندە، شتێک نەبوو زیاد و کەم.

ئەودەم قەلەڕەش پەژارە خەیاڵبردەکانمی وەراند، بەرەو خەندە و بزەی وەرچەرخاند

بەو نیگا توندگرە بەسامەی پۆشیبوویە چاو و دەم

گوتم: “هەرچەند ڕووتەنە شکڵ و شێوەت، قرچالە نیت و خاوەن جورئەت،

ئەی مڕومۆچی تۆقێنەر، قەلەڕەشی دێرینی پەڕەوازەی لێوار شەوگاری تار و تەم

پێم بڵێ ناوە ڕەسەنەکەت لە کەوشەنی ژوورجیهانی ڕازئامێزت [3]بێ زیاد و کەم!”

قەلەڕەش وەڵامی دایەوە: “ئیتر ئەستەم.”

مەدهۆش مام ئەو فڕندە خاووخلیچکە سستەپەڵە وەها ڕوونچەشن وشە دەردەبڕێ

گەرچی چکە وەڵامەکەی پێبەند نەبوو بە مانای شکە پرسیارەکەم

سا گەرەکە تەواو هاوڕابین، نەبووە وەک من تاقە مرۆک و بەختیارترین

وەها بەهرەوەر بووبێتم بە بینینی باڵدارێک بەسەر دەرگای ژوورەکەم—

فڕندە یانیش دڕندەیەکی هەڵنیشتوو لەبان نیمچەپەیکەری سەر دەرگای ژوورەکەم،

بە ناوێکی نائاشنا و سەمەرەی وەک “ئیتر ئەستەم.”

کەچی قەلەڕەش، تەنیای تەنیا بەسەر پەیکەرە سرەوتووەکە هەڵنیشتبوو،

وەک ئەوەی سەرلەبەری ڕۆحی پڕژاندبێتە ناو ئەم وشەیەوە، تەنیا وتی: “ئیتر ئەستەم”.

نەیگوت شتێکی تر— نەیجووڵاند دەنکێ پەڕوباڵی تر—

تا بە ئاستەم منگەوپرتەم کرد: “پێشوەخت لێم هەڵفڕیون زۆرێک هاودەم—

بەیانی ئەویش جێمدێڵێ، وەک چۆن جێیانهێشتم ئارەزوو و هیوای ئەودەم.”

ئەوسا قەلەڕەش هاتەوە گۆ: “ئیتر ئەستەم.”

بە وەڵامێکی هێند لەبار و گونجاو، لە ئاست پچڕانی کپوماتییەکە ڕاچڵەکاو،

گوتمە خۆم: “ئەرخەیانم ئەوەی دەیڵێ تاکە دەسمایەیەتی بێ زیاد و کەم

چنگی کەوتبێ لە ئەربابێکی بەدشانس و کڵۆڵ

ئەربابێک وا ڕۆژەڕەشی شۆپەوشۆپ ڕاوی ناوە تا هەڵبەستەکانی باربەست کراون لە داخ و خەم —

تاکو بەستەی پرسەباری تەما و هیوا لەکیسچووەکانی کۆڵکێشکران لە هەمان باری ماخۆلیا و خەم

بارکراو بە سەنگ و گوشاری: ‘ئەستەم — ئیتر ئەستەم'”.

هەمدیس قەلەڕەش پەژارە خەیاڵبردەکانمی وەراند، بەرەو خەندە و بزەی وەرچەرخاند،

یەکەوڕاست کورسیێکی ڕاحەتم ڕاکێش کردە بەر فڕندەکە، بەردەم پەیکەر و دەرکی ژوورەکەم،

ئەوسا لەناو کورسییە قەدیفەکە خۆم قووڵپاند، خەیاڵ دوای خەیاڵم لە یەکتری دەئاڵاند

واقوڕماو لە باڵندەی کەوناری شووم و جیهانی ئەودەم —

تۆبڵێی قەلەڕەشی شێلگری بارناخۆشی قاقڕی ورەبەری نەگریسی کەوناری ئەودەم

مەرامی چی بووبێت لە قیڕاندنی: “ئیتر ئەستەم.”

زارم نەیگوت یەک دەنکە بڕگە، دانیشتم بە خەیاڵ و گومان دەستەویەخە

لەو باڵدارە چاو گڕکێشەی ئەمێستا دەیسووتاند کڕۆکی ڕۆحە بارخەمەکەم؛

دانیشتم پتر دەبووم نوقم و نخوون، سەرم لارکردەوە ئاسوودە و ڕوون

لەسەر باڵنجی ئەو کورسییە ئەرخەوانییە مەخمەڵییەی دەبریقایەوە لەژێر چرا نەبزواوەکەی فانووسەکەم،

ئەو نێوپۆشە ئەرخەوانییە مەخمەڵییەی دەبریقێتەوە لەژێر چرا نەبزواوەکەی فانووسەکەم،

ئاهــ، جارێ تر نایەتەوە سەری، ئیتر ئەستەم!

ئەودەم ئەندێشەم کرد هەوا خرسەک دەبوو و تێکترنجاو، بە قانگی عەتری بخوورێکی نابەرچاو

بردەوهێن ڕایدەژەند فریشتەی باڵا، تەپەوخشپەی پای جرینگەجرینگیان بوو لەسەر ئەرزە دارینەکەم.

زیکاندمە خۆم: “لێقەوماوی بەستەزمان، خوا بۆ تۆ ناردوویەتی، بەو فریشتەیە بۆت هاوردوویەتی؛

وردیلەیەک حەسانەوە، پشووێکی کورتەماوە، بە شەرابێکی پەرجووتیرە بۆ خامۆشکردنی یاد و بوویەری لێنۆرەکەم؛

قووڵ هەڵیقووڕێنە، گوڕی کە ئەم شەرابە زامڕەوێنە، با لەیاد بکرێت پەژارەی لێنۆرە لەدەستچووەکەم!”

وەڵامی دایەوە قەلەڕەش: “ئیتر ئەستەم.”

گوتم: “پێشبین! وەیا هۆ قێزەوەنی سەربار پێشبینی بەدڕەسەن! — گەر فڕندە بیت یانیش ئەهریمەن! —

گەر ڕەوانەی کردبێتی ئەهریمەن، یانیش تووڕهەڵدرابیتە ئەم زەمینە بە باهۆزێکی تار و تەم،

تەنیای کزوماتی خاڵی لە ترسان، لەسەر زەمینێکی تەلەسماویی و چۆڵستان —

لەم ماڵە خێوڕیزەی پڕتارمایی — پێم بڵێ بەدروستی و ڕاستی، دەپاڕێمەوە و تکا دەکەم:

ئەرێ هەیە — هەیە هەتوانێک لە گرد و تەپۆڵکە پیرۆزەکانی ئەودەم[4]؟ — بڵێ پێم — پێم بڵێ، تکا دەکەم!”

قەلەڕەش گوتی: “ئیتر ئەستەم.”

دیسان گوتم: “پێشبین! وەیا هۆ قێزەوەنی سەربار پێشبینی بەدڕەسەن! — گەر فڕندە بیت یانیش ئەهریمەن!

بۆ خاتری ئەو بەهەشتاسمانەی لەبانمان نووشتاوە— بۆ خاتری ئەو یەزدانەی ستایشی دەکەین بێ زیاد و کەم —

بڵێ بەم ڕۆحە کۆستکەوتووەی مات و مەلوول، داخۆ لە فیردەوسی تەریک و دوور،

ئامێزگر دەبم بەو شۆخە دەستلێنەدراوە پیرۆزەی فریشتەکان گازیان دەکرد بە ‘لێنۆرەکەم’ —

باوەشگر دەبم بەو شەنگۆڵە کەمپەیدا و تیشکدەرەی وا فریشتەکان گازیان دەکرد ‘لێنۆرەکەم؟’”

قەلەڕەش قیڕاندی: “ئیتر ئەستەم.”

هەڵبەزیم و لێم گوڕاند پشووتەنگ: “باڵندە وەیا شەیتانی دڕندە! ڕێبدە ئەم وشەیەی لێکبوونمان ببێتە مۆر و بەرژەنگ.

بگەڕێوە نێو توندەبای تیژوتەنگ، بایدەوە نێو کەوشەنی ڕاخستەی مەرگاویی، نیشتنگەی ڕەشتاڵەی تومان و تەم!

بۆ ئەو چەوتەوشانەی ڕۆحت هەڵیڕشتن چەتوون و سەختناک! تاریکە شاپەڕێکیش مەهێڵە وەک ژێتۆن و میناک،

واز لە تەنیایی ڕووتم بێنە و مەیخە ناو جل و پۆشاک! — دابەزە لە پەیکەری بان ژوورەکەم!

دندووکت لە دڵم وەدەربێنە، لایبەرە کۆتە و کەلاکت بەسەر دەرگای ژوورەکەم!”

قیڕاندی قەلەڕەشی تۆخڕەنگ و تەم: “ئیتر ئەستەم.”

قەلەڕەشی هێشتا هەڵنیشتوو و نەبزواو، دانیشتووە مات و هەڵترووشکاو

لەبان نیمچەپەیکەری ڕەنگپەڕیو و بزرکاو، ڕێک بەسەر دەرگای ژوورەکەم؛

چاوەکانیشی دروست و یەکبین، هاوچەشنن بە چاوی شەیتانێکی خەوبین،

چرا بریسکەدارەکەی فانووسەکەش، سایەکەی هەڵدەڕێژێتە سەر ئەرزی ژوورەکەم؛

ڕۆحیشم ڕاکشاو لەژێر خەفکەی ئەم سێبەرە تەنیوەی سەر ئەرزی ژوورەکەم

نابینێ ئاواڵە و دەرەتان بۆ هەردەم — ئیتر ئەستەم!

ئێدگار ئالێن پۆ (١٨٠٩-١٨٤٩)  شاعیر و نووسەری ئەمریکی

چەند ڕستەیەک دەربارەی شاعیر

لەنێو پانتایی ئاڵۆز و تاریکڕێژی ئەدەبیی گۆتیکدا، پۆ (١٨٠٩-١٨٤٩) لەو دەنگانەیە وا هەمیشە بە زایەڵەیەکی قووڵی تەنراو و هۆشبەر سەرتاپای ناخی خوێنەر دەهەژێنێت. هەر وشەیەکی بە دەربڕینێکی چڕبێژ ژوورۆچکەیەکی تاریکی پڕ لە نهێنی لەناو هزرماندا دەکاتەوە کە تیایدا ترس و تاسەباریی، تاوان و ئارەزووێکی بێکۆتا بە کێش و سەروایەکی ڕووەودوا بە قووڵایی ناخماندا ئاواز دەچرپێنن. خوێندنەوەی پۆ دەمەونخوونبوونە بەنێو قووڵایی داڵانە پێچەڵاوپێچەکەی ناخی مرۆڤ. داڵانێک وا عەشق دەگۆڕێت بۆ لەدەستچوون، لۆژیک و ئاگایی لەرزیوئاسا بەرانبەر ئەندێشەیەکی تیژڕەوی تاریکی ترسێنەر، هەڵدەکورمێن. هەڵە نییە گەر بڵێین تاقە نووسەری سەردەمی خۆی بوو کە جوانیی لەنێوان ترس و تۆقیندا بینی، بەختەوەری لەنێو بێهیوایی، و ترپە و ژەنینی ژیانیش لەنێو کڕۆکی هۆڤێتیی. شیعرەکانی جیاواز لە هەر پارچە نووسینێکی تری، لەمەڕ جیهان و بابەتێکی دەرەکییەوە نین، بگرە ڕۆچوونە ناو نیوەشەوێکی ناواخنبووەوەمانە وا هەریەک لە ئێمە لەناو دەروونە تاریک و لێڵەکەماندا، قفڵمان داوە.

“پۆ” وەک تاقە ناوێک ماتەوزەی ئەوەی تیایە کۆی قورسایی ئەدەبیاتی گۆتیک هەڵبگرێت. هەرچەندە گۆتیک تەنیا بینا ڕووخاو و قەڵا ترسێنەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ناگرێتەوە کە بە بروسکە و هەورەتریشقەی خێوئاساوە دەورەدرابێت [بەڵکوو ئەو ئەدەبیاتە تەمتومانەی سەدەی هەژدەیەمیش دەگرێتەوە کە هەستی تۆقین و ترس وەک شاهێزی بونیادی دەقەکانی لە هەموو گۆشە و گوێ چەمێکی وشەکان حزووریان هەیە. هەڵبەت، تەوری شووم و قەترانیی ڕۆمانتیسیزمی تاریکی ئەوکاتی ئەمریکاش بەدەست کەسێکی پڕاوپڕ لەم تایبەتمەندییانە بوو: ئێدگار ئالان پۆ]. نووسینە تاریکەکانی پۆ دەستەویەخەن بە خێچکردنەوەی دەروونی مرۆڤ. شیعرەکانی چەشنە نووسینێکن وا لە منداڵدانی ترسە شاراوە و ئارەزووە لاڵکراوەکانەوە لەدایکبوون. تاراماییەکانی پۆ یادەوەریین. دێوەزمە و دەعباکانی سۆز و ئەڤینن. خانوو و ژوورە تۆقێنەرەکانیشی ڕووبەرە دەستەپاچەبووەکەی هزرن. لەم شیعرەیدا، قەلەڕەش، کە هەم بەناوبانگترین شیعری ناوبراو و هەمیش سەردەمەکەی خۆیەتی -واتە ڕۆمانتیسیزم-، پۆ وێنەی باڵندەیەک وەردەگێڕێتە سەر ڕەمزی بیرنەچوونەوەیەکی بێکۆتا، وەک ئەوەی بڵێین شەقەی دوو باڵی قەترانیی بۆ تاهەتایە لە ئاسماندا ئاوازی پەژارەیی دەچڕێنن. شیعرەکە لە یەک کاتدا هەم ئاوازدارە و هەمیش سەرووئاواز. بە مانایەکی تر، ئاواز و مانای دەقەکە بەشێوەیەکی هێند پێکداچوو بەنێو یەکتری ئاخنراون، کە فەرامۆشکردنی هەر کامێکیان لەقکردنی ئەوەی دیکەی لێ دەکەوێتەوە.

سەرچاوە

Poe, E. A. (1902). The Raven. In J. A. Harrison (Ed.), The complete works of Edgar Allan Poe.

[1] — بۆشایی درێژ لە شیعرەکانی پۆ هاوشێوەی وشە دووبارەبووەکانی ئامادەییەکی زۆریان هەیە کە ئاماژەن بۆ وەستانی شاعیر یاخود پچڕان لە هزر یانیش نووسین، بەمەش تۆنگۆڕکێیەک دێنێتە ئارا و لەپاڵ ئەمەشدا، ناجێگیریی و دڵەڕاوکێی دەروونیی شاعیر نیشان دەدەن.

[2] ئەم پەیکەرە ئاماژەیە بۆ خواژنی دانایی لە ئووستوورەی یۆنانییدا. هەرچەندە لە ئووستوورەی یۆنانیی ئەتێنا وەک خواژنی دانایی هەژمار دەکرێت، کە لە مێشکی زیوس لە-باوک-دەبێت، بەڵام لە هەندێ گێڕانەوەکاندا ناوی پاڵاس لەبری ئەتێنا بەکاردێت، گوایە پاڵاس پەرییەک بووە و جارێکیان خۆی و ئەتێنا زۆرانبازییەکی هاوڕێیانە دەکەن، ئەتێنا لە ئانوساتی دۆڕاندا دەبێت و زیوس بە بینینی ئەمە -ئەگەرچی زۆرانبازییەکە هاوڕێیانە بووە- تووڕە دەبێت و بە قەڵغانەکەی خۆی پاڵاس دەکوژێت. لە ئەنجامدا ئەتێنا تووڕە دەبێت و وەک ڕێزلێنان و شکۆیەک بۆ پاڵاس، ناوەکەی دەخاتە سەر ناوی خۆی، واتە هەردووکیان چ ئەتێنا و چ پاڵاسیش ئاماژەن بۆ خواژنی دانایی.

[3] لێرەدا شاعیر پێچێکی پێویست لێدەدات و لە ئووستوورەی یۆنانییەوە بەرەو ئوستوورەی ڕۆمانیی دەگیرسێتەوە، کە لە دەقەکەدا بەمشێوەیەیە  “Night’s Plutonian shore”، پلوتۆ ئاماژەیە بۆ سەردار، یاخود خواجیهانی ژێرەوە، جیهانی ژێرەوەش واتە جیهانی مردووەکان، کە لە ئووستوورەی یۆنانییدا هەیدیس سەرداری ئەم جیهانەیە و ڕۆح و کێشانی ڕۆح لەژێر دەسەڵاتی ئەودان. Plutonian لەم بەستێنەدا بە مانای ئەو شوێنگەیە دێت وا پلوتۆ تیایدا دەسەڵاتدارە. Nightیش هەروا بەسادەیی مانای شەو نادات بەدەستەوە، بەڵکوو مەبەست لێی جیهانەکەیە، واتە ئەو جیهانەی کە پلوتۆ تیایدا حوکم دەکات جیهانێکی تاریکە چەشنی شەو، بۆیەش لە وەرگێڕانەکە جیهان لەبری شەو بەکارهاتووە. پۆ مەبەستی لەو ئاماژەدانە شوێنگۆڕکێکردنێکە بە قەلەڕەشێکی ئاساییەوە بۆ ئۆبێکتێکی مەرگاویی ڕەمزدار، کە نیگابڕکێ لەگەڵی بە بیرهێنەرەوەی لەدەستچووەکان کۆتایی دێت.

[4] لێرەدا پۆ ئاماژە بۆ شوێنێک دەکات بە ناوی جەلعاد “balm in Gilead”، کە لە ئینجیلدا لە کتێبی جێرێمایا [ئیڕمیا]دا ئاماژەی پێ کراوە وەک شوێنێک وا ماتەوزەی خودای تیادا شوێنگر بووە بۆ ڕەوینەوە و نەهێشتنی ئازارە دنیاییەکانی مرۆڤ. لە ئەمڕۆدا، ئەم شوێنە دەکەوێتە باکووری ئوردن، کە ناوچەیەکی شاخاویی و بەپیتە.

The post قەلەڕەش appeared first on ژنەفتن.

هێڵێک بە ژێر (تێپەڕین)دا
١

كاتی کەمتر

کاتێکی کەمتری پێویستە بۆ وتن، کەمتر لەو فرمێسکەی پێیدەچێت  بۆ مردن؛

من حسابم بۆ هەموو شتێك کردووە، لەوانەی تۆ هەتە.

سەرژمێریی بەردەکانم کردووە، ئەوان ژمارەیان هەیە، وەک پەنجەکانی من و هەندێکی تر؛

هەندێک نامیلکەم بەسەر ڕووەکەکاندا دابەش کرد، بەڵام هەموویان ئامادە نەبوون قەبوڵی بکەن،

تەنیا یەک چرکە هاوەڵیی مۆسیقام کرد و ئێستا من چیتر نازانم بیر لە چی خۆکوشتن بکەمەوە،

چونکە هەرکات گەر بمەوێت لە خۆم جیا ببمەوە، دەرچوونەکە لەم لایەوەیە، بەدئاکام بۆی زیاد دەکەم،

دەرگای چوونە ژوورەوە، دووبارە چوونە ژوورەوە لە لایەکی ترەوەیە.

دەبینی چیتر دەبێ بکەیت، کاژێرەکان، خەمناکی، حسابێکی ماقوڵیان بۆ ناکەم،

من تەنیام، لە پەنجەرەکەوە تەماشای دەرێ دەکەم؛ ڕێبوارێك نییە، یان باشتر وایە بڵێین کەس تێناپەڕێت،

(هێنانی هێڵ بە ژێر تێپەڕین). تۆ ئەم پیاوە دەناسی؟ ئەوە کاک هەمان شتە

ئەی ئایا دەتوانم خانم خاتوونت پێ بناسێنم؟ وهەروەها منداڵەکانیان.

پاشان دەگەڕێمەوە سەر هەنگاوەکانم، هەنگاوەکانم، هەروا گەڕانەوە دواوە،

بەڵام تەواو نازانم دەگەڕێنەوە سەر چی؟ ڕاوێژ بە خشتەیەك دەکەم؛ کە

ناوی شارۆچکەکان گۆڕدراوە بە ناوی ئەو کەسانەی ڕادەیەك لە منەوە نزیک بوون،

ئایا بچم بۆ (ئەی)، پاشان بگەڕێمەوە بۆ (بی)، لە (ئێکس) بیگۆڕم، بەڵێ، بەدڵنیایییەوە، من لە (ئێکس) دەیگۆڕم.

فەراهەم هێنراوە، من پەیوەندی بە بێزارییەوە لەدەست نادەم! ئێمە لەوێین: بێزاری، ئەی هاوتەریبی جوان،

چەندە هاوتەریبەکان جوانن لە ژێر گومبەزی ئاسماندا.

٢

مۆنۆمێنتی تا

پیادە بە  پارکەکەدا چووم بۆ مۆنۆمێنتی تا.

لە ناوەندی چوارگۆشەیەکی شووشەییدا بوو

دەورە درابوو بە گوڵ و نافورەی سوور.

مۆنۆمێنت لە شێوەی ئەسپی دەریاییدا بوو،

تابلۆیەکیش نووسرابوو:

گەرم بووین و مردین..

٣

شەپقەی کافکا

لەگەڵ بارینی بارانەکەدا

بە نەشتەرگەری لەسەر سەقفەکە،

قاپێ ئایسکرێمم خوارد

کە لە کڵاوی کافکا دەچوو.

قاپێ  ئایسکرێمی ئاوها بوو

تامی مێزی نەشتەرگەری دەدا

کاتێك نەخۆشەکە نیگا دەکات

لە بنمیچەکە.

بایۆگرافی و ستایڵ:

ڕیچارد گاری بڕاتیگان ( ٣٠/١/١٩٣٥ – ١٤ /٩/ ١٩٨٤) نووسەری ئەمریکی، خاوەنی ١٠ پەڕتووکی هۆنراوەو ١١ ڕۆمان و ١ پەڕتووکی کورتە چیرۆكە، هەروەها پەخشانیشی نووسیوە. لە تاکۆمای واشینگتۆن لەدایک بووە، لەساڵی ١٩٥٦ چووتە سانفراسیسکۆ، هەر لەو ساڵانەشدا خۆی لە دنیای نووسین و داهێناندا بینیوەتەوە و بەرەو جیهانیبوون هەنگاوی نا، مه‌خابن ناوی لە لیستی ١٠٠ نووسیارو بیرمه‌ندی دیدایە کە لە سەدەی بیست و لە ١٤ی سیبتەمبەری ١٩٨٤ بە ڕووداوی خۆکوژی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
وێڕای ئەوەی سەر بە ڕێبازی پۆستمۆدێرنیزم ناوزەد دەکرێت؛ ئەمڕۆ نووسەران، خوێنەران، هونەرمەندان، میوسیکژەنان …. ئیلهام لە کارەکانی  وەردەگرن و پەرچڤەی سەر زیاد لە بیست و پێنج زمان کراون. دوا ڕۆمانی (ژنێکی بێ بەخت) لەساڵی ٢٠٠٠دا لە چاپدرا.

هەر لەسەرەتای لاوی و گەشەکردنیەوە ژیانی زبرو برسێتی حزوری بەردەوامیان هەبوو لای براتیگان ، بۆ نموونە لە تەمەنی بیست ساڵیدا ئەو دەسگیرکرا چونکە بەردێکی گرتبووە پەنجەرەی پۆلیسخانەیەك. تا بچێتە زیندان و لەوێ بواری نان خوارنی بۆ دەرەخسێت ، بەڵام لەبری زیندان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی ئۆریگۆن کرا.   بیانوی توشبوونی حاڵه‌تی شیزۆفرینیای به‌دگومانیی.

دیکنسن و ولیەم کارۆلس ویلیەمس کاریگەریان لەسەر بەرهەمەکانی  بووە، پەخشانەکانی زۆر جار بەلای شێتۆکەیی و سەمەرەدا دەچن، بەسەرهاتە سوریالیەکان، یان ئەو تێبینی و وێکچواندنانەی لەگەڵ یەکدا بەرەنگاردەبنەوەو نەگونجان و دوورکەوتنەوەیەکی گەورەیان لەخۆ دەگرت، لە کارەکانیدا تێبینی دەکرێن بەڵام جارانێکی تریش سادەوئاسان بوون. ئەو حەزی دەکرد ڕۆمانەکان لەگەڵیەکدا بدورێت، پەرەگرافی بەشەکان به‌جۆرێك درێژدەبوونەوە لە نێوان هاتن و چووندا، لە نێوان داڕشتنە لەناکاوەکان و ئاڵۆسکاندنی سۆزداری و وێناکردنی سادەی تێبینیکراوی ژیانی ڕۆژانە.
چەندڕەگەزێکی دیاری کراو لە بوونەوەران و شمەك لە نووسینەکانیدا دووبارە دەبوونەوە، وەك تەختەدارەکان، ماسییە خاتوونەکان، ڕووبارەکان .. چیرۆکەکانیشی پڕ بوون لە گۆڕانکاریە سەیرەکان: ناوەکان دەبوون بە کردار، مرۆڤەکان دەبوونە بیرۆکەکان، ناونیشانی پەڕتووکەکان دەبوونە پیت.

ڕیچارد گاری بڕاتیگان ( ٣٠/١/١٩٣٥ – ١٤ /٩/ ١٩٨٤) نووسەری ئەمریکی

(ئەبۆت کیت )ی ڕەخنەنووس دەڵێت: شیکاری ڕەخنەیی بۆ شێوازی بڕاتیگان وای ڕاڤەدەکەن کە برەوی بڕاتیگان وەك نووسەر لە شێوازی کاریگەری بەکارهێنانی زۆرانبازی و گرژی نێوان واقیع و خەیاڵدایە.
باشترین ڕۆمانی لە ساڵی ١٩٦٧دا چاپکرد بە ناوی ( ڕاوکردنی ماسیەخاتوونە لە ئەمریکا).
جێگۆڕکێیه‌کی سه‌یر له‌ زاراوه‌و وشه‌کاندا هه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تاو ناوه‌ندو کۆتایی ده‌قه‌کاندا، جارانێك گوێ به‌ هیچ یاسایه‌ك نه‌دراوه‌ له‌ ناویاندا، جارانێکیش ساتیرو گاڵته‌کردنه‌ به‌ عه‌قڵی مرۆڤگه‌لێك، جارانێك سیفه‌ته‌ دژه‌کان پێکه‌وه‌ ده‌گونجێنێت، تیایاندا  ئایرۆنیکییه‌کی جوان و بێ ئازار ده‌بینرێته‌وه‌.. هه‌ڵقوڵاو له‌ نامه‌عقولی ژینی که‌ڵه‌ نووسه‌رێکی به‌دبه‌خت و ناکام..

سەرچاوەکان:

1- Poetry Book, Richard Brautigan, Atlas  Pack, October 1969

2- richardbrautigan.net ,  poems and Biography,

The post هێڵێک بە ژێر (تێپەڕین)دا appeared first on ژنەفتن.

شەوێک لە ئۆتێلدا
کارمەندی پێشوازییەکە، بە نینۆکە تازە کراوەکانی، دەستی بەسەر تێنووسە بچووکەکەدا هێنا؛ بەداخەوە! شانی هەڵتەکاند و ڕووی بۆ لای ڕاست وەرگێڕا، جلەکانی لەژێر باڵیدا بەتوندی کشان، پاشان وتی: (ئەمە تەنها چارەسەرە؛ لەم کاتە درەنگەدا هیچ ژوورێکی یەککەسی لە هیچ شوێنێک نادۆزیتەوە. بێگومان بڕیار لای ئێوەیە، دەتوانیت پرسیار لە ئۆتێلەکانی تر بکەیت، بەڵام لە ئێستاوە پێت دەڵێم؛ کە بێ ئەنجام گەڕایتەوە بۆ ئێرە، ئێمە ناتوانین یارمەتیت بدەین، چونکە ئەو جێخەوە بەتاڵەی لە ژوورە دووکەسییەکەدا ماوە-کە نازانم لەبەر چ مەبەستێک- ناتەوێت، بەردەست نابێت).

شفام* وتی: (باشە، ئەم جێگایەم دەوێت. بەڵام تەنها، بێگومان تێدەگەیت، دەمەوێت بزانم ژوورەکە لەگەڵ کێ هاوبەش دەکەم؟ نەک لەبەر ئەوەی دەترسم، هیچم نییە لێی بترسم، هاوبەشەکەم -پێم وایە ئەو کەسانەی شەویان لەگەڵ بەسەر دەبەین بە هاوبەش ناو دەبرێن- ئێستا لە ژوورەکەدایە؟).

(بەڵێ، لە ژوورەکەدایە و نووستووە).

(نووستووە!) شفام وشەکەی دووبارە کردەوە، پاشان فۆڕمی تۆمارکردنەکەی وەرگرت، بۆ کارمەندی پێشوازییەکەی پڕ کردەوە و دایەوە، دواتر ڕۆیشتە سەرەوە. کاتێک شفام ئەو ژوورەی بینی کە کارمەندەکە ژمارەکەی پێدابوو، کاوەخۆ هەنگاوەکانی خاو کردەوە و  هەناسەی خۆی ڕاگرت، بەو هیوایەی گوێی لە دەنگەدەنگێکی پیاوە بێگانەکە بێت. پاشان لەبەردەم کونی دەرگاکە چەمییەوە، ژوورەکە تاریک بوو. لەم کاتەدا گوێی لە کەسێک بوو بە قادرمەکەدا سەردەکەوت، ئێستا دەبێت شتێک بکات. دەتوانێت بڕوات، یان وا خۆی دەربخات کە هەڵەی لە ڕێڕەوەکەدا کردووە، یان دەتوانێت؛ بچێتە ژوورەوە، ئەو ژوورەی ژمارەکەیان پێداوە، کە دوو جێخەوی تێدایە، یەکێکیان کەسێکی لەسەر خەوتووە.

شفام دەستی خستە سەر دەسکی دەرگاکە و کردیەوە. پاشان لە دوای خۆی دایخستەوە، بە دەستەکەی تریشی بە دوای پلاکی گڵۆپەکە دەگەڕا، بۆ ساتێک وەستا -وا بیری کردەوە کە هەردوو جێخەوەکە دەبێت لەم شوێنە بن- گوێی لە دەنگێک بوو، کە تێر و توند بوو:

(بووەستە! تکایە گڵۆپەکە هەڵمەکە. چاکەیەکم لەگەڵ دەکەیت ئەگەر ژوورەکە بە تاریکی بهێڵیتەوە).

شفام بە سەرسامییەوە وتی: (ئایا چاوەڕێی من بوویت؟)، بەڵام هیچ وەڵامێکی دەست نەکەوت، لەجیاتی ئەوە بێگانەکە گوتی: (نەکەویت بەسەر گۆچانەکەمدا، تکایە وریابە نەکەویتە سەر جانتاکانیشم. بهێڵە بەرەوە جێخەوەکەت ئاڕاستەت بکەم؛ سێ هەنگاو بەرەو لای دیوارەکە بڕۆ، پاشان بەرەو لای چەپ سێ هەنگاوی تر بڕۆ، دەستت بەر تەختەی جێخەوەکەت دەکەوێت).

شفام گوێڕایەڵی پیاوەکە بوو، گەیشتە جێخەوەکە و جلەکانی دانا و خۆی خزاندە ژێر پەتووەکەوە. گوێی لە هەناسەی پیاوە بێگانەکە بوو، لە دڵی خۆیدا هەستی بەوە کرد بەو جۆرە خەوی لێ ناکەوێت.

دوای چەند ساتێک بە دوو دڵییەوە وتی: (بەڕاست، ناوم شفامە).

(باشە!) بێگانەکە وتی، (تۆ لەبەر کۆبوونەوەیەک لێرەیت؟)

(نەخێر، ئەی تۆ؟)

(نەخێر)

(لەبەر ئیش؟)

(نەخێر، لەڕاستیدا نا!)

شفام وتی: (ڕەنگە نامۆترین هۆکارم هەبێت بۆ ئەوەی یەکێک گەشت بۆ ئەم شارە بکات). لەسەر شۆستەی ویستگەکە، یەکێک لە شەمەندەفەرەکان ڕێڕەوەی خۆی دەگۆڕێت، زەوییەکە لەرییەوە، لەگەڵ لەرینەوەکەی هەردوو جێخەوەکەش کە ئەو دوو پیاوەی لەسەر پاڵ کەوتبوون، لەرینەوە.

بێگانەکە وتی: (دەتەوێت لەم شارە خۆت بکوژیت؟)

شفام گوتی: (نەخێر، وا دەردەکەوم؟)

بێگانەکە وتی: ( نازانم چۆن دەردەکەویت، ژوورەکە تاریکە).

شفام بە تۆنێکی دڵخۆش و نادڵنیاوە وتی: (کوڕێکم هەیە، دێوێکی بچکۆلە، لەپێناو ئەودا لێرەم).

(لە نەخۆشخانەیە؟)

(کێ وای وتووە؟ ئەو ساغە. کەمێک بێڕەنگە، دەتوانم ئەوە بڵێم، بەڵام هەر ساغە. دەمەوێت پێت بڵێم بۆ چی من لێرەم، لەم ژوورەدا لەگەڵ تۆم، وەک چۆن وتم، بابەتەکە پەیوەستە بە کوڕەکەمەوە. ئەو زۆر هەستیارە، شنەبایەک برینداری دەکات، سێبەرێک وەڕسی دەکات. ئەم نەگریسە، ڕۆحیکی شووشەیی هەیە. هەموو بەیانییەک، کاتێک دەچێت بۆ قوتابخانە، لە پشت پەرژینەکە دەبێت بووەستێت، چاوەڕێی تێپەڕینی شەمەندەفەری بەیانییان بێت. ئەم منداڵە لەوێ دەوەستێت و دەست ڕادەوەشێنێت، بە پەرۆشی و نائومێدییەوە دەست ڕادەوەشێنێت).

(پاشان چی؟)

(پاشان) شفام بەردەوامی پێدا (پاشان، دەچێت بۆ قوتابخانە، کاتێکیش دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە واق وڕماو و کاسە، هەندێک جاریش بە گریان دەتەقێتەوە. ناتوانێت ئەرکەکانی قوتابخانەی جێبەجێ بکات. نایەوێت لەگەڵ کەسیش یاری بکات یان بدوێت. یەک مانگە ئەوە دۆخەکەیەتی. ڕۆژ دوای ڕۆژ، ئەم منداڵە زۆر بە سادەیی خۆی نەخۆش دەخات).

(چی وای لێ دەکات وا هەڵسوکەوت بکات؟)

شفام وتی: (سەیرکە، شتەکە نامۆیە! منداڵەکە دەست ڕادەوەشێنێت- چەند خەمگینە بۆ ئەو- هیچ یەکێکش لە سەرنشینەکانی شەمەندەفەرەکە دەستی بۆ ڕاناوەشێنن. ئەویش زۆر جدییانە لە بابەتەکە دەڕوانێت. بە ڕادەیەک –خۆم و هاوژینەکەم- ترسێکی زۆرمان هەیە، ئەو دەست ڕادەوەشێنێت و کەسیش لە بەرامبەردا دەستی بۆ ڕاناوەشێنێتەوە، ناتوانرێت زۆر لە سەرنشینەکان بکرێت بۆ ئەم بابەتە).

(کەواتە تۆ، بەڕێز شفام، دەتەوێت بە گەشتکردنت بە شەمەندەفەرەکەی سبەی بەیانی، دەست بۆ کوڕەکەت ڕابووەشێنێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازارەکەی؟)

(بەڵێ، بەڵێ).

بێگانەکە وتی: (منداڵان هیچ گرنگ نین بەلامەوە، ڕقم لێیانە، خۆمیان لێ دوور دەخەمەوە، چونکە بەهۆی ئەوانەوە -ئەگەر ئەم ڕستەیە بەڕاستی وەرگریت- هاوژینەکەم لەدەست دا، ئەو لە ژانی لەدایکبوونی یەکەم منداڵماندا مرد).

شفام وتی: (بەداخەوەم). پاشان لە جێخەوەکەیدا پشووی دا. هەستی کرد کە دەتوانێت ئێستا نووقمی خەو ببێت.

بێگانەکە پرسی: (کەواتە گەشت بۆ کورتزباخ دەکەیت، وایە؟)

(بەڵێ).

بێگانەکە ڕاشکاوانە وتی: (هیچ بیرۆکەیەکت هەیە سەبارەت بەوەی ئەنجامی دەدەیت؟ شەرم لە خۆت ناکەیت، لەوەی منداڵەکەت دەخەڵەتێنیت؟ ئەوەی پلانت داناوە ئەنجامی بدەیت، دەبێت دانی پێدا بنێیت کە هەڵخەڵەتاندنە).

شفام بە تووڕەیییەوە وەڵامی دایەوە: (خۆت بە کێ دەزانیت؟ چۆن بەو شێوەیە قسە دەکەیت؟) پاشان سەری خۆی بە پەتووەکە داپۆشی، چەند ساتێک بەو شێوەیە مایەوە تا خەوی لێکەوت.

بۆ سپێدەی ڕۆژی دواتر کە خەبەری بوویەوە، سەرنجی دا بە تەنیا لە ژوورەکەدایە. تووشی شۆک بوو کە سەیری کاتژمێرەکەی کرد، تەنها پێنج خولەکی ماوە بۆ شەمەندەفەری بەیانیان، ئەستەمە پێی ڕابگات.

پاش نیوەڕۆ، کە زانی خەرجی شەویکی تری ئەم شارەی پێ نییە، نائۆمێدانە گەڕایەوە شارەکەی خۆی.

کوڕەکەی دەرگای بۆ کردەوە، دڵخۆش بوو، خەریک بوو لە دڵخۆشیدا دەفڕی. خۆیدا بەسەر باوکیدا، پەرۆشانە دەیکێشا بە ڕانی باوکیدا. پێی وت: (ئەمڕۆ یەکێک دەستی بۆ ڕاوەشاندم، بۆ ماوەیەکی درێژ دەستی بۆ ڕاوەشاندم).

شفام پرسی: (گۆچانی پێ بوو؟)

(بەڵێ، پیاوێک بە گۆچانەوە، دەستسڕەکەی بە گۆچانەکەیەوە بەستبووەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە پەنجەرەکەوە گۆچانەکەی بۆ ڕاوەشاندم، تا لە ئاستی بینینم ونبوو).

*شفام، ناوی پاڵەوانی ئەم چیرۆکەیە، ناوەکەشی بە واتای (ئیسفنج) دێت.

-زیگفرید لینز (١٩٢٦-٢٠١٨) یەکێکە لە دیارترین نووسەرانی ئەڵمانیای دوای جەنگ. زیاتر لە بیست ڕۆمان و شانۆگەری و کۆمەڵە چیرۆکی هەیە، ساڵی ٢٠٠٠ براوەی خەڵاتی گۆتە بووە بۆ سەرجەم نووسینەکانی.

The post شەوێک لە ئۆتێلدا appeared first on ژنەفتن.

شاعیری شار، سه‌رده‌می پیشه‌سازی، چین و توێژه‌كان
پاریسی  پیر چیتر نییه (‌ فۆڕمی شار، مه‌خابن! خێراتر له‌ دڵی مرۆڤ ده‌گۆڕێت(

له‌ زه‌ینمدا ته‌نیا كه‌مپی كابینه‌كان ده‌بینم

زۆری سه‌قفه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان و گنه‌داره‌كان

گیاكه‌ڵه‌[1]و گابه‌رده ‌له‌گیاداپۆشراوه‌كانیی نێو چاڵئاوەكه ‌و‌[2]

شڕوشیتا‌ڵه‌ ئاڵۆزكاوه‌كان كه‌ له‌سه‌ر كاشییه‌كان ده‌دره‌وشێنه‌وه‌[3]

بۆدلێر شاعیری مه‌زنی شاره‌. ئه‌و ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانی له‌ سه‌رده‌می ئێستا و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌‌ی كه‌ زاڵه‌به‌سه‌ریدا وه‌رده‌گرێت، شاری گه‌وره‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی دونیای سه‌رده‌می نوێیه‌، شوێنێكی “قه‌ره‌باڵخ” و “پڕله‌خه‌ون” له‌گه‌ڵ ئه‌و تارمایییانه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژی ڕووناكدا چنگاوشی[4] ڕێبواران ده‌كه‌ن‌”. لێره‌دا چیتر باس، باسی گوڵ و باخچه‌ و كه‌ژ و ده‌شت نییه‌، ته‌نانه‌ت باسی دیمه‌نه‌ دڵگیره‌ شاعیرانه‌كانیش. له‌ شیعری “ئه‌نگۆره‌دا[5]” بۆدلێر وێنه‌یه‌ك له‌ ناشیرینییه‌كانی شار ده‌نه‌خشێنێت:

له‌شفرۆشی شه‌قامه‌كان ڕووناك ده‌كاته‌وه‌

له‌شفرۆشی وه‌ك مێرووله‌ گشت شوێنه‌كانی هاتووچۆی ده‌كاته‌وه‌

له‌شفرۆشی له‌ هه‌موو شوێنێك ڕێگایه‌كی نهێنی ده‌كاته‌وه‌

وه‌ك دوژمنێك ده‌ستی هاوكاری بۆ ببا

له‌شفرۆشی له‌ هه‌ناوی ئه‌م شاره‌چڵپاوه‌ خۆی ده‌له‌قێنێ

وه‌ك كرم له‌ مرۆڤی ده‌دزێ ئه‌و شته‌ی كه‌ ده‌یخوا

بۆ بۆدلێر پاریس پایته‌ختێكی كۆنه‌ كه‌ به‌ هه‌ڵاتنی خۆر چالاكییه‌ تاقه‌تپڕووكێنه‌كانی ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌:

كازیوه‌ی له‌رزۆك به‌ كراسی سوور و سه‌وزه‌وه‌

له‌سه‌رخۆ به‌ره‌و ڕووباری چۆڵی سێن مل ده‌نێ

پاریسی تاریك چاو هه‌ڵئه‌گڵۆفێ

كه‌ره‌سته‌كانی به‌ده‌ست ده‌گرێت، پیره‌مێردی ئیشكه‌ری چالاك[6]

بۆدلێر به‌ گۆڕانكاری  له‌ وێنه‌ی هه‌ژاری و ناشیرینی كه‌ له‌ شاری گه‌وره‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌‌ تا ئاستێكی سوریالی به‌رز ده‌كاته‌وه‌. دیمه‌نه‌كانی شار، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دونیای مۆدێرنن، به‌و گۆڕانه‌ی كه‌ شاعیر ده‌یكات ده‌بنه‌ دونیایه‌كی تر. هه‌ڵبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ بۆدلێر تێیدا ده‌ژیا گۆڕان و گۆڕانكاری له‌ ڕه‌هه‌ندێكی تره‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی گۆڕانی شاری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بۆ شاری مۆدێرن ڕوویدا.

ئه‌و پاریسه‌ی كه‌ هه‌وێنی ئافراندنی باشترین به‌رهه‌مه‌كانی بۆدلێر بوو، به‌ تایبه‌ت په‌خشانه‌شیعره‌كانی له‌ كۆبه‌رهه‌میی “وه‌ڕه‌سییه‌كانی[7]“دا، په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌رده‌مێكه‌وه‌ كه “جۆرج ئۆژن هۆسمان” به‌ فرمانی ناپلیۆنی سێیه‌م، پاریسی به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو و به‌ مه‌به‌ستی به ‌مۆدێرنكردنی شار، سه‌ره‌تا ڕووخاند و دواتر سه‌رله‌نوێ دروستی كردەوه‌. هۆسمان كۆمه‌ڵه‌ بوولڤارێكی[8] فراوانی له‌ ناوه‌ڕاستی به‌شه‌ كۆنه‌كه‌ی شاردا دروست كرد كه‌ بڕیار بوو ئه‌م بوولڤارانه‌‌ ڕۆڵی شاده‌ماره‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ سیستمی شاردا ببینن. دروستكردنی ئه‌م بوولڤارانه‌‌، ڕووخاندنی ته‌واوی ناوچه‌ له‌چینكۆدروستكراوه‌كان و زۆرێك له‌ بیناكان، ئاواره‌بوونی دانیشتووانه‌كانیان و لەو‌ناچوونی هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی شاری لێ كه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری تێكشاندنی ئه‌و په‌ڕژینه‌ی كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك به‌ چوارده‌وری جیهانه‌ هه‌ژارنشینه‌كانی شاردا كێشرابوو. به‌م شێوه‌ هه‌ژاره‌كان بۆ یه‌كه‌مجار به‌ره‌و به‌شه‌كانی تر شار ڕۆیشتوون و هه‌نگاویان نایه‌ نێو ئه‌م میوانی و خوانه‌ تازه‌یه‌وه‌. له‌ هه‌ردوو به‌ری گه‌ڕه‌كه‌كاندا، فرۆشگا و نووسینه‌گه‌ی بازرگانی و بینای شووشه‌یی و چه‌نده‌ها ڕێستۆران و كافتریا به‌ چرا و گڵۆپی غازی و د‌ره‌وشانه‌وه‌ فریوده‌ر و ڕازاوه‌یییه‌‌ سیحرئاساكه‌یان دروست بوون، ئیدی به‌م شێوه‌یه‌ ژیانی شه‌وانه‌ی پاریس له‌گه‌ڵ شانۆكان و جوانكارییه‌كانی و عه‌یش و نۆشه‌كانی شه‌وانه‌ی ده‌ستی پێ كرد و خوو و خولیای خه‌ڵكی به‌ره‌به‌ره‌ تووشی گۆڕان كرد. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م وێنه ‌و دیمه‌نانه‌ به چه‌ندین جار له‌ به‌رهه‌مه‌كانی بۆدلێردا به‌دی ده‌كه‌ین. بۆ نموونه‌ له‌م پارچه‌یه‌ی “چاوی هه‌ژاران[9]“دا وه‌سفی دیمه‌نه‌ دره‌و‌شاوه‌كه‌ی شار به‌م شێوه‌یه‌یه‌:

بوولڤارێكی پڕ له‌ داروپه‌ردوو كه‌ شكۆی خۆی له‌ كافتریایه‌كی نوێدا ده‌خاته‌ ڕوو. شه‌وقی ڕووناكی به‌ د‌ره‌وشاوەیییه‌وه‌ دیمه‌نێكی شكۆمه‌ندی دروست كردووه‌… ڕووناكییه‌ك كه‌ به‌ هه‌موو هێزیه‌وه‌ سپیایییه‌‌ به‌رچاوه‌كه‌ی دیوار و ئاوێنه‌ گه‌وره‌كان و پێچوخواری سه‌قف و ئاوێنه‌كان ئاشكرا ده‌كات…[10]

خستنه‌ڕووی ئه‌م دیمه‌نانه‌ له‌گه‌ڵ وه‌سفی ڕازاوه‌یی به‌رچاوی فه‌زای نێو كافتریاكان له‌گه‌ڵ وێنه‌ و په‌یكه‌ری زۆری خواوه‌نده‌كان، خواوه‌ندی ژن، ساقییه‌كان، باز و تانجییه‌كان پێكه‌وه‌ ته‌واو ده‌كرێت. دواتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م دیمه‌نه‌ ڕازاوه ‌و پڕله‌شكۆیه‌ له‌نێو چاوی حه‌په‌ساو و ساكاوی ماڵباتێكی هه‌ژاری شڕپۆش ده‌بینین كه‌ به‌ نیگا حه‌په‌ساو و واقوڕماوه‌كه‌یان، ده‌ڕواننه‌ ئه‌م جیهانه‌ دره‌وشاوه‌. نه‌ ڕق و كینه ‌و تووڕه‌یییه‌كیان له‌ دڵدایه‌ نه‌ یاخیبوونێكیان له‌ مێشكدایه‌‌، ته‌نیا ده‌یانه‌وێت ئه‌وانیش له‌م خوان و میواندارییه‌ بێوێنه‌یه‌ ئاماده‌ بن و به‌شێكیان هه‌بێت له‌م هه‌موو نووره‌ فریوده‌ر و دڵڕفێنه‌.

شار له‌ زاتی نووسینی بۆدلێردا، ئاماده‌بوونێكی جیدی هه‌یه‌ و به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌ له‌ تانوپۆی نووسینی ئه‌و. ئه‌و به‌ كتێبێكی شیعری لیریك وه‌ڵامی هه‌موو گۆڕانه‌ گه‌وره‌ كۆمه‌ڵاییه‌تییه‌كان و گۆڕانی بیناسازی شار ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می خۆیدا ڕوو ده‌دات و، هه‌موو ناوه‌ڕۆكه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانانه‌، له‌ خه‌م و دڵگیری نامۆ و سه‌یری شاری نوێ، هه‌مووی به‌ ته‌نیا له‌م كتێبه‌ بچووكه‌ به‌ڵام به‌نرخه‌دا شوێن ده‌كاته‌وه‌. شاعیر ڕوو له‌ هه‌رچی شتی ئاشنا و باوه‌ وه‌رده‌گێڕێت. چه‌ند وشه‌یه‌كی وه‌ك ڤاگۆنی ئه‌سپ، تراموا، چرا و گڵۆپی غازی بۆ یه‌كه‌مجار له‌ قامووسی شیعره‌كانی بۆدلێردا به‌دی ده‌كه‌ین. پۆل كلودل[11] هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ شیعری بۆدلێر به‌ پێكهاته‌یه‌ك له‌ شیعری ڕاسین[12] و په‌یامهێنه‌ری ده‌زانێت.

پرۆژه‌ و پێكهاته‌ی نوێی پاریسی گه‌وره‌، فه‌زایه‌كی دروست كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر و به‌ركه‌وتنی تایبه‌تی نێوانیان و دروستبوونی په‌یوه‌ندیی ناكۆتای نێوانیان، كه‌ ئه‌م شتانه‌ ته‌نیا له‌ نێو ئەم فه‌زایه‌ی شاردا ده‌سته‌به‌ر ده‌بوو. به‌م شێوه‌یه‌ بوو كه‌ چه‌مكی چین و توێژه‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای ڕووخساری شار دروست بوو و بووه‌ یه‌كێك له‌ ناوه‌ڕۆكه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی شیعری بۆدلێر. چین و توێژه‌كان له‌ شیعری بۆدلێردا مه‌به‌ست چینێكی تایبه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌ به‌ڵكوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی چین و توێژێكی بێ فۆرمن له‌ ڕێبواران و پیاسه‌كه‌ران و خه‌ڵكانی سه‌ر شه‌قام، دانیشتووانێكی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆدلێر هه‌رگیز خۆی له‌ بوونی ئه‌واندا بێبه‌ری ناكات به‌ڵام به‌ تایبه‌ت باسی هیچكامیشیان ناكات.

بۆ بۆدلێر شار نه‌ ڕه‌هه‌ندێكی عاتیفی هه‌یه‌ و نه‌ تایبه‌ته‌مه‌ندییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ و دڵڕفێن، به‌ڵكوو شوێنی هاتووچۆی لێقه‌وماوان و به‌دبه‌خته‌كان و نائومێدان و كوێره‌كان و پیره‌ژنه‌ ناشیرینه‌كانی نێو قومارخانه‌كانه‌. قسه‌ی ئه‌و ڕووی له‌ “دایكێكی جه‌رگ سووتاوه‌” ئیتر “له‌شفرۆش بێت یا قه‌دیس”، ڕووی ده‌می له‌وانه‌یه‌ كه‌ كه‌س نایانناسێته‌وه‌ ئه‌گه‌رچی “هێشتا ڕۆحیان تیاماوه‌”، ڕووی ده‌می له‌ “تارمایییه‌كی لاواز و تێكشكاوه‌”، له‌وانه‌ی “له‌ نێو فرمێسكدا تێراو” ده‌بن و “له‌ مه‌مكی ده‌ڵه‌گورگی میهره‌بان ئازار ده‌مژن”، بۆ ئه‌و “هه‌تیوه‌ له‌ڕولاوازانه‌یه‌ كه‌ وه‌گ گوڵ ده‌ژاكێن” بۆ “ئه‌و ژنه‌ ڕه‌شه‌ لاواز و داهێزراوه‌یه‌”، بۆ “مێشكی مرۆڤه‌كان”، بۆ “زیندانییه‌كان، شكستخواردووه‌كان…. و بۆ زۆرێكی تریش!”

لێره‌دا بۆدلێر له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ هه‌ژاران و نائومێده‌كان هاوسۆزی ده‌رده‌بڕێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌ی ئه‌وان له‌ ڕۆحی خۆیدا به‌دی ده‌كات. به‌ سه‌ره‌نجدان بۆ كوێره‌كان، به‌ خه‌مه‌وه‌ بیر له‌م نوقسانییه‌ی ئه‌وان ده‌كاته‌وه‌ و گله‌ییی ئه‌وه‌ له‌ شار ده‌كات كه‌ “تا ئاستی سته‌مكاری فریوی چێژی خواردووه‌”، ئه‌مه‌ ده‌ڵێت و پێده‌كه‌نێت و نه‌ڕه‌ ده‌كات. ته‌نانه‌ت ڕووی ده‌می له‌ ته‌رمێك ده‌كات كه‌ هه‌ڵیانواسیووه‌ و هاوخه‌می خۆی وا باس ده‌كات:

له‌سێداره‌دراوی گاڵته‌جاڕ، ئازاركانت هی منن!

له ‌سیمای ئه‌ندامه‌كانت

وه‌ك ڕشانه‌وه‌یه‌ك كه‌ هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای ددانه‌كانم

هه‌ستم به‌

ڕووباری درێژی تاڵاوی ئازاره‌ دێرینه‌كان كردبوو![13]

به‌زه‌یی و هاوسۆزییه‌ك كه‌ له‌ قووڵاییی ڕۆحی شاعیره‌وه‌ هه‌ڵده‌قووڵێت، له‌ شارێكی لێوانلێو له‌ پاشماوه ‌و زبڵی‌ مرۆیی، هه‌ستی “هاوسۆزییه‌كی به‌ ئازار” له‌ ئه‌ودا به‌ خه‌به‌ر دێنێت كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ شیعره‌كانییدا، له‌ ڕاستیدا كاریگه‌ره‌ و بیرهێنه‌ره‌وه‌ی سۆز و عاتیفه‌یه‌كی مرۆیی و پاكه‌.

من برین و چه‌قۆم

زلله ‌و ڕوومه‌تم

زنجیر و كه‌ره‌سته‌ی ئه‌شكه‌نجه‌م

قوربانیم و ئه‌شكه‌نجه‌ده‌ر

له‌ نێو دڵی خۆمدا ئه‌و خوێنمژه‌م

یه‌كێك له‌و ئاواره‌ گه‌ورانه‌م‌

كه‌ مه‌حكوومی پێكه‌نینێكی سه‌رمه‌دین و

‌ ناتوانن زه‌رده‌خه‌نه‌ بكه‌ن.

بۆدلێر به‌ هەمان شێوه‌ له‌و بڕگه‌ شیعره‌ی “چین و توێژه‌كان”دا باسی ده‌كات، شاعیر به‌ هه‌ڵگری به‌هره‌یه‌كی ناوازه‌ ده‌زانێت كه‌ ده‌توانێت ڕۆ بچێته‌ نێو به‌رگی هه‌ر دیارده‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ بیه‌وێت و شێوه‌ و حاڵه‌تی  خۆی بگۆڕێت و به‌م شێوه‌یه‌ له‌ سێڵاوی پڕ له‌ شه‌پۆلی چین و توێژه‌كاندا به‌ ئاسانی قووت بخواته‌وه‌.[14]

شاعیر خاوەنی ئه‌و پله‌ ناوازه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت به‌پێی ویستی خۆی هه‌م خۆی بێت و هه‌م ئه‌وی تریش. هاوشێوه‌ی ئه‌و ڕۆحه‌ سه‌رگه‌ردانانه‌ی به‌دوای جه‌سته‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن، شاعیر ده‌توانێت هه‌ركاتێك بیه‌وێت ڕۆبچێته‌ نێو هه‌ركه‌سێكه‌وه‌ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت. بۆ شاعیری ته‌نیا، هه‌موو شوێنێك به‌تاڵه‌. ئه‌گه‌ر شوێنێكیش له ‌به‌رانبه‌ریدا داخرا بێت هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تیپه‌ڕین به‌وێدا هیچ نرخێكی بۆی نییه‌. ڕێبواری ته‌نیا و نوقمبووی نێو بیركردنه‌وه‌، له‌م هاوسۆزییه‌ جیهانگره‌ ده‌گاته‌ سه‌رمه‌ستییه‌كی تایبه‌ت. له‌وێدا كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مووان ببێت به‌ یه‌ك، له‌ چه‌ند چێژێكی تاهێنه‌ر تێده‌گات، كه‌ كه‌سێكی خۆپه‌ره‌ستی وه‌ك سندووق داخراو، یان كه‌سێكی ته‌مه‌ڵی وه‌ك گیاندارێكی لیق و نه‌رم و گۆشه‌گیر، تا ئه‌به‌د بێ به‌شه‌ له‌م شتانه‌‌. ئه‌و هه‌موو ئیش و كاره‌كان و هه‌موو چێژ و ڕیسوایییه‌كان كه‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان دروست ده‌كه‌ن ده‌كات به‌ هی خۆی.

ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌ عه‌شقی ده‌زانن، زۆر بچووك و سنووردار و هیچه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌رزه‌بوونه‌ وه‌سف نه‌كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌م سۆزانیبوونه‌ پیرۆزه‌ی ڕۆح، كه‌ خۆی به‌ ته‌واوه‌تی له‌ قاڵبی شیعر و چاكه‌ ته‌سلیمی هه‌ركه‌سێك ده‌كات كه‌ كه‌مجار خۆی ده‌رخات یان بێگانه‌یه‌ك.

بۆدلێر له‌ شیعری جوان و به‌ناوبانگی “بۆ ژنه‌ ڕێبوارێك”، عه‌شقێكی ڕاگوزه‌رمان پیشان ده‌دات كه‌ له‌ به‌ركه‌وتنێكی كتوپڕدا چه‌خماخه‌ ده‌دات، ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و گڕ ده‌گرێت و دواتر نامێنێت. عه‌شقێكی به‌م شێوه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌نیا له‌ قه‌ره‌باڵخی و هه‌راوهوریای شارێكی گه‌وره‌دا بشه‌كێته‌وه‌. چڕی دانیشتووان له‌ شیعری بۆدلێردا وه‌ك په‌رده‌یه‌كی جووڵاوه‌ كه‌ شاعیر له‌ نێو چرچ و لۆچه‌كانیدا له‌ پاریس ده‌ڕوانێت. له‌ شیعری “ژنه‌ ڕێبوارێك”دا ئه‌گه‌رچی ئاماژه‌یه‌كی ڕاسته‌خۆ بۆ دانیشتووان یان شار ناكرێت به‌ڵام له‌ ڕاستیدا سروشتی دانیشتووان و چینوتوێژه‌كانی شاره‌ كه‌ گوڕ و جموجۆڵ به‌ شیعره‌كه‌ ده‌به‌خشێت، هاوشێوه‌ی بایه‌ك كه‌ چارۆكه‌كه‌ ده‌جووڵێنێت:

شه‌قام پڕله ‌ژاوه‌ژاو به‌ چوارده‌ورم ده‌ینه‌ڕاند

به‌رز، باریك، له‌ پرسه‌ی ئازارێكی شكۆدار

تێپه‌ڕی ژنێك كه‌ به‌ده‌ستی ڕازاوه‌ی

دامێنه‌ نه‌خشینه‌كه‌ی ته‌نووره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كرد

برووسكه‌ و ڕووناكییه‌ك ………. پاشان شه‌و! ــ جوانییه‌كی هه‌ڵاتوو

نیگای له‌ ناكاو سه‌رله‌نوێ زیندووی كردمه‌وه‌

ئایا جارێكی تر له‌ ئه‌به‌دیه‌تدا ده‌تبینمه‌وه‌‌؟[15]

سه‌رچاوه‌:

“جنون هوشیاری”، داریوش شایگان، موسسه‌ فرهنگی پژوهشی چاپ و نشر نظر، تهران، چاپ سوم 1395، صص. 75 – 81 .

[1] گیای هه‌رزه‌

[2] چاڵی سه‌ر شۆسته‌ وشه‌قام كه‌ ئاوی تێدا بوه‌ستێت.

[3] خوێنه‌ری به‌رێز هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی بۆدلێر كه‌ له‌م ده‌قه‌دا هاتووه‌، ڕاسته‌وخۆ له‌ فره‌نسییه‌وه‌ وه‌رمگێراون نه‌ك له‌ سه‌ر وەرگێڕانە‌كه‌ی داریۆش شایگان، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن سه‌لیقه ‌و له‌ هه‌ندێك شوێنیش هه‌ستم به‌وه‌ كردووه‌ وه‌رگێرانه‌كه‌ی شایگان ئافراندنه‌وه ‌و نزیكردنه‌وه‌ بووه‌ له‌ شیعری فارسی. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ فارسییه‌كه‌دا جیاوازی له‌ شیعره‌كاندا هه‌بوو‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م دوو بابه‌ته‌‌.

[4] چنگاوش، واته‌ ده‌ست و چنگ بۆ كه‌سێك ده‌وه‌شێنێت یان دوو كه‌س كه‌ ده‌ستیان له‌ یه‌خه‌ی یه‌كتر گیر ببێت، وشه‌كه‌ ، وشه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌ و له‌ گه‌رمیان به‌كاردێت.

[5] Le Crépuscule du soir

[6] Le Crépuscule du matin

[7] Le spleen de Paris ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هه‌موو په‌خشانه‌ شیعره‌كانی بۆدلێر له‌ خۆ ده‌گرێت.

[8] boulevard  له‌ بیناسازی شاردا به‌و شوێنه‌ ده‌وترێت كه‌ چوار شاڕێگه‌ی سه‌ره‌كی یان زیاتری ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر و به‌ چوارده‌وریدا باخچه‌ هه‌یه‌ و بیناكان له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری به‌ درێژی و یه‌كئاستی دروست كراون و كافتریاكانیش له‌ ڕوكنه‌كاندا دروست كراون، كه‌ له‌ شیعری بۆدلێردا زۆر به‌ری ده‌كه‌وین، له‌ كوردیدا هیچ ناوێكم بۆی نه‌دۆزییه‌وه‌ بۆی به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ك خۆی دامنایه‌وه‌.

[9] les yeux des pauvres

[10] له‌م بڕگه‌یه‌ی كه‌ داریۆش شایگان  له‌ “وه‌ڕه‌سییه‌كانیی پاریس ” هه‌ڵیبژاردووه‌  چونكه‌ مه‌به‌ستی پیشاندانی ئه‌م دیمه‌نه‌یه‌ به‌ جۆرێك تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی كردبوو كه‌ من نه‌مده‌توانیی ڕاسته‌وراست له‌ فره‌نسییه‌كه‌ بیكه‌م، چونكه‌ ئه‌م كافتریایه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی هه‌ژاره‌وه‌ سه‌رنج ده‌درێت و شایگان لێره‌ حیكاتخوانی په‌خشانه‌ شیعره‌كه ‌و بڕگه‌كانی گۆرێوه‌ بۆیه‌ وه‌ك خۆی كه‌م به‌ ده‌ستكاری و سه‌ره‌نجدانی بۆ ده‌قه‌كه‌ بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی شایگان بگۆرم دامناوه‌.

[11] paul claudel (1868-1955)

[12] ژان ڕاسینی شاعیری سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌می فره‌نسا.

[13] Un Voyage à Cythère

[14] كه‌وتنه‌ ژێر ئاو و قووتخواردنه‌وه‌ له‌ ئاودا.

[15] À une passante

The post شاعیری شار، سه‌رده‌می پیشه‌سازی، چین و توێژه‌كان appeared first on ژنەفتن.

لێکچووە ترسناکەکان: ئەڵمانیا لە سەردەمی کۆماری ڤایمار و عەرەبە ناسیۆنالیستەکانی ئەمڕۆ
وێنەیەک ئوستوورەی خیانەت پیشان دەدات کە بەنزیکەیی دوای کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەم لەڕێگەی بابەتی ڕۆژنامەیەکەوە بڵاو بوویەوە. وێنەکە گوزارشت لەوە دەکات گوایە ئەڵمانیا بەهۆی بەلشەفی، جوو و تاقمەکانی ترەوە لە سەرکەوتن بێبەش بووە. دواجار [ئەم وێنەیە] کاریگەرییەکی بەهێزی خستە سەر پڕۆپاگەندەی ڕۆژگاری نازی.

ئەو هیستریا دەستەکۆییەی لە میدیا و جیهانی عەرەبیدا دەرهەق بە کورد دەیبینین نە ڕاگوزەر و نە ڕووکەشە. ئەمە درێژکراوەی مێژوویەکی کۆنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو شوێنەی مەعدەنی دروستکردنی کینە و دوژمنایەتییە بۆ “ئەوی تر”. ئەوانەی لە تایبەتمەندیی دەروونیی ناسیۆنالیزمی عەرەب تێنەگەیشتوون سەختە بزانن بنچینەی ئەم هیستریایە لەکوێوەیە. هەرکەسێک بەوردی سەیری مێژووی سەدەی بیست بکات، تێبینی هاوشێوەیەکی سەرنجکێش دەکات لەنێوان دۆخی ئەمڕۆی کورد و جوو لە ساڵانی بەر لە جەنگی جیهانیی دووەم. ئەم لێکچووییە هۆشدارییەکە و دەبێت مەترسیی ئەم هێرشە نوێیەش بەشێوەیەکی جددی ڕەچاو بکرێت.

بەر لەوەی قڕکردنی جووەکان دەست پێ بکات، ئەڵمانیا لەنێو شکستێکی مێژووییی سامناکدا دەژیا، کە من بە زاراوە فرۆیدییەکە پێی دەڵێم برینێکی خودئەڤینی. ئەڵمانیا جەنگی جیهانیی یەکەمی دۆڕاند، و بە بارێکی ئابووریی تێکشکاوەوە هاتە دەر، ناچاریش کرا قەرەبووی گشت زیان و لێکەوتەکان لە ئەستۆ بگرێت. لای هەندێکیان، بەتایبەب ئەوانەی بە ئوستوورەی سەر بە ڕەگەزی باڵاوە شێوەبەند کرابوون، تێگەیشتن لە شکست و داڕووخانە کۆمەڵایەتییەکە شتێکی مەحاڵ بوو. هەستی تێکشکان هاوشان بە ئارەزووی هەستانەوە وەک دوو ئامێری نەوەستاو لە ژیندەروونی کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا وەگەڕخرابوو. هەردوو هەستەکە بەر لەوەی هیتلەر دەسەڵات بگرێتە دەست بەقووڵی حزووریان هەبوو.

پرسی شکست شوێنێکی گرنگی لە ئەدەبیاتی ئەوکاتی ئەڵمانیدا گرتبوو، و بە ڕاشکاوییش لە بەرهەمەکانی ئەو نووسەرانەدا بەرچاوە کە بە ئایدۆلۆژیای نازییەوە هاوپەیوەند بوون. لە نووسینەکانی هانس کۆلبنهایەر، هانس یۆست و هەندێکی تر، ئەڵمانیا  بەشێوەیەکی پاتەبووەوە وەک نوقمبووێکی ناو داڕمان نیشان دەدرا. کۆمۆنیزم، لیبڕالیزم و دیموکراسی وەک هێزگەلێک دەبینران کە هۆکار بوون بۆ لاوازبوونی ڕۆحی ئەڵمانی؛ نەتەوەی ئەڵمان وا پیشان دەدرا وەک ئەوەی لەژێر هەڕەشەی لەناوچوون بێت؛ و ڕۆشنبیرانیش وەک هۆکارێکی سەرەکی کارەساتەکە سەرکۆنە دەکران. کەچی ئەم ژانە تەنیا لای نووسەرە نازییەکان بوونی نەبوو، بگرە لەنێو گەلێک نووسەری گرنگی دەرەوەی پانتایییەکەش جێی سەرنج بوو، وەک لە تۆفانی پۆڵایین[1]ی ئێڕنست یونگەردا دەبینرێت، کە هەندێک کەس ڕۆمانەکە وەک بەردڕێژکردنی ڕێگا بۆ ڕۆحی لەشکرسالاریی نازی وەسف دەکەن. تەنانەت زۆر ڕوونتر، دەکرێت لە بەرهەمە دەسپێکەکانی تۆماس ماندا ئەمە ببینرێت، کە دواتر دەبێت بە یەکێک لە سەرسەختترین نەیارەکانی هیتلەر.

هەستکردن بە شکست تەنیا وەڵامێک نەبوو بۆ تێکشکانی سەربازی و داڕمانی ئابووری؛ ڕەنگدانەوەی ترسێکی دەروونیش بوو دەرهەق بە ونبوون و لەدەستدانی سەنگی کێیەتیی ئەڵمانی. لە تێڕامانەکانی پیاوێکی ناسیاسیدا[2]، تۆماس مان ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەم کەڵکەڵەی “لەکیسچوون” و “دۆڕان”ە، کە لە دیدگای ئەودا بەقووڵی کاریگەری خستووەتە سەر ڕۆحی ئەڵمانی. کتێبەکە لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا نووسرا و بە ماوەیەکی کەم دوای شکستی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩١٨ بڵاو بووەوە، بۆیە هەڵگری کەشی ساتەوەختەکەیە: وردوخاشبوونی شکۆی نەتەوەپەرستی [ناسیۆنالیزم]. تۆماس مان لە پێگەیەکی چەقبەستوودا دەنووسێت و ئەم ترسە دەردەبڕێت کە دەکرێت کەلتووری ئەڵمانی وەک بەرهەمی ڕۆحی ئەڵمانی بەهۆی ئەقڵانییەت و لۆژیکی ساردوسڕی پێشکەوتن و زانستەوە لەناو بچێت.

گرنگترین بابەتی ناو کتێبەکە ئەو جیاکارییەیە کە نووسەر لەنێوان “کەلتوور” و شارستانییەت”دا ئەنجامی دەدات. ئەو کەلتوور وەک ڕەهەندێکی گیانەکی، دەروونی، و ناوەکیی قووڵ بەردیدە دەخات کە گرێدراوی شووناسە بۆ ئەڵمانیبوون و لەناو نەتەوەکەدا ڕەگی داکوتیوە. بەپێچەوانەوە، شارستانییەت وەک گشتێکی گەردوونی پیشان دەدات، کە بە زانست و پێشکەوتنە بەربڵاوەکانی خۆرئاواوە بونیادمەند کراوە. بۆ مان، شارستانییەت ئەقڵانییەت و پانتاییی ڕواڵەت دەنوێنێتەوە؛ بەپێچەوانەی کەلتوور، شارستانییەت لە قووڵاییی ڕۆحی نەتەوەییەوە هەڵناگۆزرێت. تۆماس مانی لاو، لەبەرئەوە شارستانییەتی وەک هێزێکی توانادار بۆ لەناوبردنی کەلتووری ئەڵمانیا دەبینی، و ئەمەش بەشدار دەبوو لە هەستکردنێکی قووڵ بە شکست.

پاڵنەر بۆ دۆزینەوەی دوژمنێک، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوانی تر، لاوازبوونی مۆڕاڵی سیاسی و هەڵکشانی خولیا بۆ کوشتن و توندوتیژی هێندە لە پەراوێزدا نامێننەوە.

قۆناغی پێش دەرکەوتنی نازیزم بە لووتکەی هەستکردن بە شکست، تێکشکان، و لەدەستدانی شووناس دیاری کرابوو. زۆرێک لە ڕۆماننووسانی سەردەمەکە وەک ئەلفڕێد دووبلین، ئێریش کێستنەر و کورت توخۆلسکی لەنێو نووسەرانی تردا کۆمەڵگەیان وەها پیشان دەدا کە بەخێرایی بەرەو ئامێزی سەربازگەری و توندوتیژی دەڕوات. یەکێک لە ترسناکترین نیشانەکانی ئەم قۆناغەی تێکشکان دەرکەوتنی جۆرێک “مرۆڤی لاواز” بوو: کەسێک کە لەپێناو گەڕاندنەوەی دەزگا و بەهاکان بەدوای هێزێکدا دەگەڕێت. هەستکردنێک بەوەی ژیان و شووناس لەژێر هەڕەشەدان، وا دەکات ئەم مرۆڤە بەدوای دوژمنێکی ڕاشکاودا بگەڕێت، بەدوای یەکێک تا سەرکۆنەی بکات، ڕوونکردنەوەیەک وەربگرێت بۆ ئەوەی کۆی ئەم دۆڕان و تەریقبوونەوەیە دەرکێش بکات. گەڕانەوەیەک بۆ ئەدەبیاتی ئەڵمانیی ئەوکات پیشانی دەدات کۆمەڵە هاندەرێکی لەم شێوەیە بەپتەوی بۆ بارێکی مۆڕاڵی زاڵ وەردەگەڕێن. پاڵنەر بۆ دۆزینەوەی دوژمنێک، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوانیتر، لاوازبوونی مۆڕاڵی سیاسی و هەڵکشانی خولیا بۆ کوشتن و توندوتیژی هێندە لە پەراوێزدا نامێننەوە. ئەم پاڵنەرانە تەشەنە دەکەن، ئاسایی دەبنەوە [زاڵ دەبن]، و دواجاریش کردە و باوەڕی خەڵک شێوەبەند دەکەن.

گەر بە وریایییەوە سەیر بکەین، ئێستا جیهانی عەرەبیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو ئەزموونی دۆخێک دەکات کە هاوشێوەیە بە ئەڵمانیای پێش نازیزم. بەدرێژاییی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو، لە کەوتنی بەغدادەوە بۆ وێرانکردنی غەززە، ناسیۆنالیزمی ئایینیی عەرەب ڕووبەڕووی زنجیرەیەک گورزی هەڵتەکێنەر بووەوە. دوای یازدەی سێپتێمبەر و ڕووخانی سەددام، ئەم شەپۆلی ناسیۆنالیزمە دووچاری پاشەکشەیەکی سەخت بوویەوە. دەرکەوتنی داعش بۆ ئاوەژووکردنەوەی شکست و بەدەستهێنانەوەی هەستکردنێک بە هەبوونی هێز یەکێک بوو لە هەوڵە هەرە توندڕەوەکانی عەرەبە ناسیۆنالیستە ئایینییەکان. ئەم بەدواکەوتنە دڕندەیە بۆ زیندووکردنەوەی گەلی عەرەب و ئیسلامی [گەل لێرەدا هەم  وەک ‘نەتەوە’ و هەمیش ‘کۆمەڵگە’]، وای کرد داعش پەڕگیرانە و بێسنوور تاوانی تۆقێنەر ئەنجام بدات.

هۆڤێتیی داعش ڕەنگدەرەوەی ترسێکی قووڵنیشتووی سڕانەوەیە لەنێو عەرەبە ناسیۆنالیستە ئایینییەکان. ڕووخانی داعش، و  کۆتاییپێهاتنی ئەوەی پێی دەگوترا خەلیفەی ئیسلامی بە دەستی کورد برینێکی قووڵتری دەروونی و خودئەڤینی خستە ناو ئەم بیرکردنەوە سیاسییەوە. دوای ئەوەی داعش ڕووخا، ئەم قەیرانە چڕتر بووەوە، و زۆرێک لە خەڵکی هاندا بۆ نواندنی پەرچەکردار لەڕێگەی شەپۆلێکی تری ئامادەکاری. هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە بۆ ئیسرائیل و ئەو ڕووداوانەی بەدوایەوە هاتن هەوڵێک بوون بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێک و ڕزگاربوون بوو لەو کەلێنە دەروونییە. بەڵام هەر کە غەززە تووشی سیاسەتێکی نوێ و کارەساتێکی مرۆیی بوویەوە، ئەم هەستکردن بە شکست و بێهیواییە لە دەروونی فاشیست و عەرەبە نەتەوەپەرستەکان بەشێوەیەکی قووڵتر گەڕایەوە.

لەناو ئەم دۆخی تێکشکانەدا، بەدیاریکراوی مرۆڤێکی نیگەران و ملکەچ دەردەکەوێت، کەسێک کە هەلومەرجەکانی ژیانی ئامادەی دەکەن بۆ بوون بە شەڕکەرێکی فاشیست، بۆ دەرپەڕاندنی غەریزە پەلاماردەرەکان لەپێناو ڕزگاربوون لە هەستی دۆڕان و پارچەپارچەبوون.

گەر سەرنج لەم کۆمەڵە شکستە مێژوویییە بدەین، پۆلێک ڕووداوی هاوشێوەش دەبینین کە متمانەی عەرەبە ناسیۆنالیستەکانی لاواز کردووە. قەیرانگەلێکی ئابووریی سەخت بەشێکی گەورەی ئەم کۆمەڵگانەی بەرەو هەژاری بردووە. گۆڕەپانە سیاسییەکە لە وڵاتانی وەک سووریا، عێراق، و لوبنان هێندە بە سەختی تێکشکاوە کە چارەسەرکردنی وەک شتێکی مەحاڵ دەردەکەوێت. زۆرێک لە خەڵک هیوایان بە داهاتوو لەدەست داوە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بەدی ناکەن. بەتێکڕایی، کۆمەڵە بارێکی نەرێنیی لەمشێوەیە بوونەتە هۆکاری بنچینەیی بۆ دۆخێکی دەروونی و سیاسەتێکی ترسناک. لەناو ئەم دۆخی تێکشکانەدا، بەدیاریکراوی مرۆڤێکی نیگەران و ملکەچ دەردەکەوێت، کەسێک کە هەلومەرجەکانی ژیانی ئامادەی دەکەن بۆ بوون بە شەڕکەرێکی فاشیست، بۆ دەرپەڕاندنی غەریزە پەلاماردەرەکان لەپێناو ڕزگاربوون لە هەستی دۆڕان و پارچەپارچەبوون.

گەر ئەمە بە ئەڵمانیای پێش نازی بەراورد بکەین، نەخشەکە ڕوونتر دەبێت. بەدرێژاییی سەردەمی کۆماری ڤایمار، هەستی نزمبوون و شکست مرۆڤێکی ترسلێنیشتوو و لاوازی دروست کرد. لای ئەم جۆرە مرۆڤە وابوو کە ئەڵمانیا پارچەپارچە دەبێت، کەلتووری ئەڵمانی لەناو دەچێت و بەمەش تاکی ئەڵمانی ڕسوا دەبێت. بەڵام ئەم مرۆڤە ترسنۆک و بێئومێدە بە پاسیڤی نەمایەوە. ئەم جۆرە مرۆڤانە بەدوای دوژمنێک دەگەڕان بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم شکستەیان، دوژمنێک بەزاندنەکەی ئاسان بێت، و لەڕێگەی ئەو سەرکەوتنە خەیاڵییەوە، پاڵنەر و ئارەزوویان بۆ توندوتیژی ڕەزامەند بکەن. لەو ساتەدا، جووەکان بە بەهەڵپەرستی وەک دوژمن نیشان دران، وەک ڕەوایەتییدانێک بۆ کارەساتە بەدواهاتووەکە بەکار هێنران.

جووبێزی لە سەردەمی ڤایماردا گەیشتە لووتکە. لەم چوارچێوەیەدا، نووسەرانێک دەرکەوتن وەک دیتریک ئێکارت[3]، ژینگە ئایدۆلۆژییەکەیان بەجۆرێک لە چوارچێوەدا کە دواتر کاریگەری خستە سەر هیتلەر. ئێکارت بۆچوونێکی بڵاو دەکردەوە کە گوایە پیلانگێڕیی جیهانی هەڕەشە لە نەتەوەی ئەڵمان دەکات، و جوو و بەلشەفیکەکانیشی وەک بریکاری سەرەکیی پشت ئەم پیلانگێڕییە دەستنیشان کرد. ناوبراو ڕۆڵی لە زیاترکردنی ڕقی هیتلەر دژ بە جووەکان هەبوو. هەرچەندە ئێکارت کەمتاکوت زووتر مرد، بەڵام کاریگەریی ئەو یارمەتی هیتلەری دا دنیابینییە دژەجووییەکەی بچەسپێنێت و بە تۆڕی جووبێزییەوە بیبەستێتەوە.

کورد وەک جێگرەوەیەک بۆ دوژمنی زایۆنیست دەبینرێت، بەمەش دەبێت بە ئۆبێکتی شوێنگۆڕاوی تووڕەیی و ڕق.

عەرەبە ناسیۆنالیستە شکستخواردووەکان لە ئەمڕۆدا، بەدوای لایەن و نیشانەی لاوازتر دەگەڕێن تاکو شوێنگۆڕکێ بە سەرکۆنەکانیان بکەن، وەکچۆن نازییەکان لە بەستێنێکی مێژووییی جیاوازدا کردیان. لەم سیناریۆیەدا، کورد دەبن بە دوژمنە کۆن-نوێیەکەی عەرەب. شکستە دووبارەبووەوەکانی عەرەب و موسڵمانەکان بە دەستی ئیسرائیل ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتییکردنی ڕاستەوخۆی ئەستەم کردووە، کە بەبێ چارەسەرکردنی هیچ شتێک تەنیا هەستی تەریقبوونەوە قووڵتر دەکاتەوە. ئەمە بۆ گەڕان بەدوای دوژمنێکی لاوازتر ڕێنوێنیان دەکات. ناسیۆنالیزمە برینداربووەکە لەپێناو دروستکردنی سەرکەوتنێکی وەهمیی پێویستی بە ئامانجێکە کە زوو بێتە پێکاندن و بەئاسانی ببەزێندرێت. لەم قۆناغەدا، کورد وەک جێگرەوەیەک بۆ دوژمنی زایۆنیست دەبینرێت، بەمەش دەبێت بە ئۆبێکتی شوێنگۆڕاوی تووڕەیی و ڕق.

پیشاندانی کورد لەناو میدیا فەرمییەکانی عەرەب و کۆمەڵگەی ناسیۆنالیستی عەرەب زایەڵەی نەخشاندنێکە کە نازییەکان بەر لە قڕکردن بۆ نواندنەوەی جووەکان بەکاریان دەهێنا. جووەکان تاوانبار دەکران بەوەی “زیان بە ئابووری دەگەیەنن”، “خزمەت بە هێزگەلی دەرەکی دەکەن”، “سەر بە جەستەی نەتەوەیی نین”، و “هەڵگری کۆمەڵە ئایدیایەکی دوژمنکارانەن بۆ ڕۆحی نەتەوەیی”.

سەرەڕای هاوچەرخی زاراوەکان، گەر ئەمە لەگەڵ ئەم تۆمەتبارکردنە نوێیەی کورد بەراورد بکەین لە میدیای عەرەبی، بونیادەکە یەکجار لێکچوو دەردەکەوێت. بانگەشەگەلێک بڵاو دەبنەوە گوایە کورد لە کێشە و سەختییەکانی ئابووری بەرپرسیارە، گوایە کورد بریکاری ئەمەریکا و ئیسرائیلە، گوایە ئەوان “تەنیا بە ناو موسڵمانن”، و فێمێنیستن، ماڕکسیستن، یانیش بێباوەڕێکن کە یەکپارچەییی نەتەوەیی لاواز دەکەن و برەو بە جوداخوازی دەدەن. ئەم لێکچوونە ناکرێت وەک هەڵکەوتێکی ڕووکەش سەیر بکرێت. فاشیزمی عەرەبی لەپێناو پینەکردنی شکستگەلی مێژوویی بەدوای سەرکەوتنێکی وەهمیدا دەگەڕێت.

لە دەیەی هەشتاکاندا، کۆمەڵە ڕووداوێکی وەک ڕێککەوتنەکانی کامپ دەیڤد و جەنگی لوبنان، بوونە هۆی ئەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەب بە ئەزموونی هەمان کەلێن و هەڵوەشاندا تێبپەڕێت. ئەودەم، سەددام حوسێن بە هێرشکردنە سەر ئێران هەوڵی دا قەرەبووی ئەم برینە خودئەڤینییەی ناو دەروونی عەرەب بکاتەوە. کاتێکیش شکستی هێنا، ڕژێمەکە بە کوشتنی دەیان هەزار کورد توندوتیژییەکەی ناوەکیی کردەوە. دوژمنێکی لاواز و بێپشتوپەنایان بۆ دەرهاوێژکردنی ڕق و کینەکە کردە ئامانج.

لەمڕۆدا، ئێمە لەناو هەمان چرکەساتی مێژووییدا دەژین. عەرەبە ناسیۆنالیستەکان پێیانوایە بەهۆی تێکەولێکەیی، سەرکردایەتیی لاواز و نامرادییەوە تێچەقیون. بۆیە بەدوای ڕەمزێکی نوێدا دەگەڕێن، ڕەمزێک کە بتوانێت پێشنیاری قوربانییەکی نوێ بکات. بۆ زۆرێک لە خەڵک، ئەحمەد شەرع بووەتە ئەو ڕەمزە، لەکاتێکدا کوردیش وەک نێچیر پیشان دەدرێت. لەو باوەڕەدان گەر بتوانن لەم “دوژمن”ە ڕزگاریان بێت، دەتوانن لە زەلکاوی شکستە مێژوویییەکەی خۆیانیش ئازاد ببن. تێگەیشتن لەو دۆخە دەروونییەی کە ڕێگەی بە نازییەکان دا هۆڵۆکۆست ئەنجام بدەن وانەیەکی گرنگە بۆ بەرگرتنی ناسیۆنالیتسە توندڕەوەکان لە دووبارە کردنەوەی هەمان کارەسات دژ بە کورد.

سەرچاوە:

https://www.theamargi.com/posts/terrifying-similarities-germany-in-the-era-of-the-weimar-republic-and-arab-nationalists-today

[1] Jünger, Ernst. Storm of Steel. 1920.

[2] Mann, Thomas. Reflections of a Nonpolitical Man. 1918.

[3] Dietrich Eckart (1868-1923).

The post لێکچووە ترسناکەکان: ئەڵمانیا لە سەردەمی کۆماری ڤایمار و عەرەبە ناسیۆنالیستەکانی ئەمڕۆ appeared first on ژنەفتن.

مێژووی ئاڵای کورد: ئاڵای ڕەنگین
ئاڵای ڕەنگین، کە لە سەوز، سوور و زەرد پێک دێت، ناسراوترین سیمبۆلی نەتەوەییی گەلی کوردە. مێژووی مۆدێرنی ئه‌م ئاڵایه‌ لە سەرەتای سەدەی بیستەمه‌وه‌ دەست پێ دەکات، واته‌ لە چوارچێوەی بێداربوونەوەی سیاسی و کولتووریی کوردانی دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

ئەمڕۆ ئاڵای کورد، لە خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری جیھاندا دەبینرێت، بەتایبەتی لە کۆبوونەوەکانی پشتگیریکردن لە کوردانی ڕۆژاوا. لەم ناوچەیەدا، کوردان بە ئازایەتییەوە دژی تیرۆریستانی داعش جەنگان و نەک تەنیا بەرگرییان لە خاکی خۆیان کرد، بەڵکوو پارێزگارییان لە بەهاکانی ئازادی و پێکەوەژیانیش کرد. ئەم دەرکەوتنە نێودەوڵەتییەی ئاڵای کورد تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆکردنەوەی چالاکانەی ڕەوەندی کوردی، کە توانیویانە هۆشیاری و هەستیارییەکی ڕاستەقینە بەرانبەر ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان دروست بکەن. ڕۆژاوا، وەک سیمبولی بەرگری و خۆبەڕێوەبەریی کوردان، بووەتە خاڵی ناوەندیی ئەم نیشتمانپەروەرییە مۆدێرنە و ئاڵای کوردیش دیارترین نیشانەیه‌تی .

ئەم ئاڵایە هەروەها لەلایەن کوردانی باشووری کوردستانه‌وه‌ لە عێراقیش بەکار دەهێنرێت و بەدەر لە سنوورەکان، ئەمڕۆ سیمبۆلی یەکێتی و ناسنامەی ته‌واوی گەلی کوردە.

لە ئاستی ئەم وتارەدا، ئێمە پشت بە لێکۆڵینەوەکانی سەدات ئوڵوگانا[1] دەبەستین، کە دەچێتە سەر ڕەگ و ڕیشەی ئاڵای کورد. مێژوونووس ئۆڵۆگانا بەتایبەت پشت بە نامەیەک دەبەستێت کە لەلایەن مەمدوح سەلیم بەگ(1880-1976)ەوە بۆ ژەنەڕاڵ ئیحسان نووری پاشا (1892-1976)، ڕێبەری ڕاپەڕینی ئاگری (ئارارات) لە کوردستان، نێردراوە.

ئێمە بە دڵنیاییەوە دەزانین ئاڵای کورد، کە کوردان بە “ئاڵای ڕەنگین” یان “کەسک و سۆر و زەر” ناوی دەبەن، خاوەنی مێژوویەکی ١٠٥ ساڵەیە. لەم پرۆسەیەدا، ئەم ئاڵایە لە سەدان گۆرانی، شیعر، ڕۆمان، شانۆگەری و فیلمدا، مانای سیمبۆلی و وێنه‌یی بەدەست هێناوە کە لە ناخی گەلی کورددا نەخشێندراوە.

لەو نامەیەدا، پێناسەیەکی ورد و تێر و تەسەلی ئاڵای کورد پێشکەش کراوە.

تا ئەمڕۆ، تەنیا سەرچاوەی ناسراو له‌بارەی مێژووی دیزاینی ئەم ئاڵایەوه‌، ڕستەیەک بوو، کە لەلایەن قەدری جەمیل پاشا (1891-1973)وە گێڕدراوەتەوە. بەڵام نامەیەک لە ئەرشیفی تاشناکسوتیۆن (Taşnaksütyun) بە شێوەیەکی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ دەیسەلمێنێت کە ئاڵاکە لە ساڵی ١٩٢٠دا دیزاین کراوە. ئەم نامەیە لەلایەن مەمدوح سەلیم بەگ لە بەیروتەوە بۆ ئیحسان نووری پاشا، نوێنەری سەربازیی خۆییبوون لە چیای ئاگری، کە بە ناوی نهێنی “جەمشید” دەناسرا، نێردراوە.

لەو نامەیەدا، کە مێژووەکەی بۆ ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٨ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هەم گێڕانەوەی پرۆسەی دیزاینکردنی ئاڵاکە و هەم نەخشەیەکی خێرای لێ دەبینرێت، کە بە قەڵەمی ڕەش بە پەلە کێشراوە. مەمدوح سەلیم بەگ تێیدا ڕایدەگەیەنێت کە ئاڵای کورد بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٠ لە ئەستەنبوڵ دیزاین کرا؛ ئەو داوای کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکانی دەوروبەری ئاڵای کورد دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئەم ئاڵایە بێ هیچ مەرجێک لەلایەن لیژنەی بەرگریی چیای ئاگرییەوە پەسەند بکرێت:

«لەو بڕیارەی له‌بارەی ئاڵای نەتەوەییی کوردی دراوە، یەکەم کۆنگرەی کوردی ئەو ئاڵایەی پەسەند کرد کە لە ساڵی ١٩٢٠ لە ڕێکخراوی کوردی لە ئەستەنبوڵ دیزاین کرابوو. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو ئاڵایە لەو کاتەدا لەلایەن هەموو کوردانی ئەستەنبوڵەوە پەسەند کراوە و بە فه‌رمی پێشکەش بە کونسوڵخانەکان و نوێنەرە تایبەتەکانی زلهێزە ئامادەبووەکانی ناو ئەستەنبوڵ کراوە و وەک ئاڵای کوردی ناسێنراوە.

جگە لەوەش، ئەم ئاڵایە لە ڕێگەی نامەوە بۆ شوێنە جیاجیاکانی ئەوروپا و ئەمریکا نێردرا و لە هەمان ئاستی فه‌رمیدا ناسێنرا. لەلایەکی ترەوە، چاپکردن، بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی لە نێوان زۆرێک لە کورداندا ئەنجام درا. کەواتە، ئاڵای کورد کە لەو کاتەدا بڵاو کرایەوە و پەسەند کرا، خاوەنی مێژوویەکی هەشت ساڵەیە.

هەرچەندە ئەم بابەتە بایەخێکی زۆری هەیە، بە هیچ شێوەیەک نابێت پشتگوێ بخرێت؛ لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرە بەبێ گفتوگۆ ئاڵاکەی پەسەند کرد. بڕیارەکانی کۆنگرە، بڕیاری تەواوی نەتەوەن و لەمەودوا ئەگەری گفتوگۆ له‌بارەی پرسی ئاڵا بوونی نییە و ئەم ئاڵایە وەک ئاڵای نەتەوەییی کوردان پەسەند کرا.

شێوەی ئاڵاکە بەم جۆرەیە: بە ڕیز، سوور، سپی و سەوز. ئەم سێ ڕەنگە بە درێژاییی دارئاڵاکە ڕیز کراون. لە ناوەندی پانهێڵه‌ سپییەکەدا، خۆرێکی زەرد هەیە کە بە تەواوی بازنەیییە و خاوەن دیزاینێکی ناوازەیە. تیشکەکانی خۆر بەرەو سەرەوە لە ناوچە سوورەکەدا و بەرەو خوارەوە لە ناوچە سەوزەکەدا درێژ دەبنەوە. لە ئێستادا، نموونەیەک کە بە پەلە ئامادە کراوە، بۆت نێردراوە.»

لەگەڵ ئەوەشدا، ئاڵای ناوبراو لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ئاڵای ئێرانی ئەو سەردەمەدا هەبوو. دەکرێت بگوترێت بزووتنەوەی کوردیی ئەو قۆناغە کە درێغی نەدەکرد لە دەربڕینی هاوسۆزییەکی توند لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی بابەتی “ئاریایی”دا، هەوڵی داوە لە ڕێگەی سیمبۆلی نەتەوەیییەوە، هاوشێوەیییەک دروست بکات. بۆ ئەم مەبەستە، ناتوانرێت ئەگەری دیزاینکردنی ئاڵایەک کە لە ئاڵای ئێرانی ئەو کاتە نزیک بێت، ڕەت بکرێتەوە. لە ڕاستیدا، مەمدوح سەلیم بەگ لە ڕوونکردنەوەی ئاڵاکەدا گوتبووی: “ئەگەر شێرەکەی بۆ زیاد بکەین، دەکرێت بگوترێت ئەمە ڕێک ئاڵای ئێرانە.”

ئەو جیاوازییەی کە ئاڵای کوردییە دیزاینکراوەکەی لە ئاڵای ئێران بە شێر و خورشیدەوە جیا دەکردەوە، پێچەوانەبوونی ڕەنگەکانی سوور و سەوز بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دوو ئاڵایە سەرەڕای لێکچوونیان، لە ڕووی مانای ڕەنگەکان و سیمبۆلی خۆرەوە لەسەر بنەمای وانەیەکی ئەفسانەییی هاوبەش کە لە باوەڕی زەردەشتییانی کۆن و پاشخانی مێژوویی ئیمپراتۆریاكانی ماد و ئێرانه‌وه‌ وەرگیرابوو، بونیاد نرابوون.

لە ڕاستیدا، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥ تا ١٩٧٩، ئێران ئاڵایەکی سێ ڕەنگی سوور، سپی و سەوزی بەکار دەهێنا کە لە ناوەندەکەیدا، شێرێک بە شمشێر و خۆرێکەوە هەبوو. لەم ئاڵایەدا، شێر سیمبولی ڕۆستەمی زاڵ بوو، یەکێک لە پاڵەوانە ئەفسانەیییەکانی ئەفسانە ئێرانییەکان. خۆریش نوێنەرایەتی “ئێرانزەمین” (ناوچەیەکی جەوهەری کە لە ئیمپراتۆریەتی ئێرانی مێژوویییەوە تا ئەمڕۆ بوونی هەبووە) و پاشای ئەفسانەیی ئێرانی “جەمشید”ی دەکرد.

کوردان بۆ ڕەنگەکان و خۆرەکە مانای جیاوازیان دانا: “سوور” نوێنەرایەتی خوێنی شەهیدان و ڕەنگی شۆڕش؛ “سەوز” پیت و بەرەکەت و سەوزاییی زەوییەکانی کوردستان؛ “سپی” ئاشتی؛ و “خۆر” خۆشگوزەرانی و هەروەها ئاینی دێرینی زەردەشتی.

ئەو ئاڵایەی کە ئیحسان نووری بۆ ئەو فەرمانڕه‌واییه‌ی کە لە ئاگری دروستی کردبوو، هه‌ڵی دابوو، تێمایەکی ئیسلامی بەهێزی هەبوو. لە نامەیەکدا بە مێژووی ١ی ئابی ١٩٢٨، کە ئەردەشێر مورادیان، نوێنەری تاشناکسوتیۆن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی چیای ئاگری، بۆ نوێنەری پارتەکە لە خوی، ناردوویەتی، ئەم ئاڵایە ئاوا وەسف کراوە:

«دەبێت ئاڵایەک لە قوماشێکی باش ئامادە بکرێت. پاشزه‌مینه‌ی ئاڵاکە ڕەش دەبێت. ئەو خۆرەی لە سووچەکەدایە، تیشکەکانی و ئەو نووسینەی بەسەریەوەیە سپی دەبن. خۆرەکە و نووسینەکە بە شێوەی درووین به‌ ده‌ست ئامادە دەکرێن. ڕەنگ و شێوەی ئاڵاکە بە شێوەیەکی تایبەت هەڵبژێردراوە تا کاریگەری لەسەر خەڵک هەبێت. ڕەش بە پلەی یەکەم سیمبولی ئاڵای پێغەمبەرە و هەروەها دۆخی سیاسی زۆر تاریکی گەلی کوردە؛ تیشکی خۆر سیمبولی داهاتوو و سەرکەوتنی ئامانجی کوردانە.»

لە کاتێکدا شایەتحاڵانی ئەو سەردەمە باس لە ئاڵایەک بە ڕەنگی “سپی” دەکەن، بەپێی ڕۆژنامەکانی تورکیای ئەو قۆناغە، لە ساڵی ١٩٣٠وە، ئەو ئاڵایەی کە لەلایەن ڕاپەڕیوەکانەوە لەو ناوچەیە و دەوروبەری زیلان هەڵدەدرا، پاشزه‌مینه‌یه‌كی سەوزی هەبووە. لەسەر ئەم ئاڵایە ئایەتی یەکەمی سوورەتی فەتح (اِنَّا فَتَحْنَا لَكَ فَتْحًا مُبينًا) و فەرموودەی « إنَّ الْجَنَّةَ تَحْتَ بَارِقَةِ السُّيُوفِ» نەخشێندرابوو.

دیسانەوە بەپێی هەمان ڕۆژنامەکان، ئەم ئاڵایانە به‌ ڕاپەڕیوە بریندار و دیلەکانه‌وه‌ دۆزراونەتەوە و پاشان بۆ بارەگای سوپا نێردراون تا لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا، ئاڵای ئاماژەپێکراو وەک ئاڵای کۆماری چیای ئاگری، نیشانەیەکی (په‌رچه‌م) بچووک بوو کە هێزە کوردییە بەشداربووەکانی ڕاپەڕینەکە لەسەر کڵاوەکانیان دایاننابوو.

ئەم سیمبۆلە، وێنەی سەر مەدالیایەکی زێڕ یان زیو بوو، کە ئیحسان نووری بە هەندێک لە خەباتگێڕانی به‌خشی بوو بەهۆی سەرکەوتنە سەربازییەکانیانه‌وه. ئیحسان نووری به‌ ڕاشكاوی ئاماژه‌ی به‌م بابه‌ته‌ لە لیستی داواکارییەکانی خۆیدا کردووە.

دوای ناردنی ڕوونکردنەوە و نەخشەی ئاڵای کورد بۆ چیای ئاگری، لیژنەی بەرگری لە ڕێگەی نووسینگەی تاشناکسوتیۆن لە خوی، بڕێکی زۆر قوماشی سەوز، سوور، سپی و زەردی داوا کردووه‌. بە لێکۆڵینەوە لە لیستەکانی داواکاریی فەرمانگەی ڕاپەڕینی ئاگری بۆ ساڵی ١٩٢٨، دەبینرێت کە نزیکەی هەر لیستێک قوماشی بەم ڕەنگانەی تێدا بووە. بەپێی بەڵگەکان، هاوینی ١٩٢٨، ئاڵای کورد بەپێی ئەو مەرجانەی کە لەلایەن “خۆییبوون”ەوە دیاری کرابوون، دروست کرا و هەڵدرا.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر تەنیا ئەو وێنەیەی کە لە ئاگری گیراوە و ئاڵاکەی تێدا دەبینرێت لێک بدەینەوە، دەبینین کە سەرەڕای وەسفەکەی مەمدوح سەلیم بەگ، ڕەنگەکان بە شێوەی ستوونی و نەک ئاسۆیی ڕیز کراون. لە ڕاستیدا، ماوەیەک دواتر، وەشانێکی ئاڵاکە کە لە بەیروتەوە نێردرابوو، گەیشتە ئاگری و ئەم هەڵەیە ڕاست کرایەوە.

بەم شێوەیە، مێژووی ئاڵای کورد ده‌نه‌خشێنرێت؛ ئەو ئاڵایەی کە لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩٢٠دا دیزاین کرا و سێبەرەکەی، چ ڕاستەقینە بێت یان خەیاڵی، بەسەر گەلی کورددا کێشراوە.

[1] https://nupel.tv/sedat-ulugana-kurt-bayraginin-kisa-tarihi/  (وتارێكه‌ به‌ زمانی توركی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌)

The post مێژووی ئاڵای کورد: ئاڵای ڕەنگین appeared first on ژنەفتن.

زەوییەکەیان بە ئێمە دا
پاش بە ڕێکردنێکی چەندین کاتژمێر بە پێیان، بەبێ ئەوەی بەر سێبەری درەختێک بکەوین، نەکەوتن بەسەر تۆو و بەری دارێک یان بینینی ڕەگ و ڕیشەی هیچ جۆرە شتێکیش، دەنگی وەڕینی سەگ دێنە بەرگوێ.

هەندێک جار ئەشێت، لە ناوەڕاستی ئەم ڕێگە بێکۆتاییەدا، وابێت بە بیرتدا کە لەوێ بەدواوە هیچ شتێکی تر نییە. لەبەری ئەوبەرەوە، لە پاش کۆتاییهاتنی ئەم دەشتە خاک شەقبردووە بە قڵیشی پاش وشکەوەبوونی جۆگەلەکان، هیچ شتێک نادۆزیتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە، شتێک لەم ناوەدا هەیە. لەوێ گوندێک هەیە. وەڕینی سەگەکان دێنە بەرگوێ و بۆنی دووکەڵ لە هەوادا و چێژبینین لەو بۆنوبەرامەی خەڵکی هەروەکو ئەوەی بڵێیت هیوایەک بێت.

بەڵام گوندەکە هێشتا هەر دووردەستە. بەتەنیا (با)یە کە لێمانی نزیک دەکاتەوە.

لە خۆرکەوتنەوە ئێمە بەڕێگەوەین. ئێستاکە کات وا نزیکەی چواری پاش نیوەڕۆیە. یەکێک ڕوو دەکاتە ئاسمان، چاو دەبڕێتە ئەو شوێنەی خۆری پێوەیە، و دەڵێ:

“نزیکی چواری پاشنیوەڕۆیە.”

ئەو کەسە مێلیتۆن-ە. لەگەڵ ئەودا فاوستینۆ و ئێستێبان ڕێ دەکەن و منیش. ئێمە چوار کەسین. ئەیانژمێرم: دووان لە پێشەوە، دووانەکەی تر لە دواوەن. ڕوو وەردەگێرمە دواوەوە و هیچ کەسی تر نابینم. ئەوسا بە خۆم ئەڵێم: “ئێمە چوار کەسین.” دەمێک لەمەوبەر، دەوروبەری سەعات یازدە، زیاتر لە بیست کەس بووین. بەڵام کەم کەم پەرتەوازە بووین، تاوەکو لە کۆتاییدا تەنیا ئەم دەستە بچووکەی ئێمەی لێ مایەوە..

فاوستینۆ دەڵێ:

“ڕەنگە باران ببارێت.”

هەموان ڕوو دەکەینە ئاسمان و هەورێکی ڕەشی قورس دەبینین کە بەسەر سەرماندا تێدەپەڕێت. و پێمان وایە: “ڕەنگە باران ببارێت…”

ئەوەی بیری لێ دەکەینەوە، نایدرکێنین. دەمێکە مەیلی قسەکردنمان لەدەست داوە. بەهۆی گەرماکەوە ئەو ئارەزووەمان نەما. وەکیتر خۆشحاڵ دەبووین کە لەبری ئێرە لە جێیەکی تر قسە بکەین، بەڵام لێرەدا سەختە. لێرە قسە دەکەیت و وشەکان بەهۆی گەرمای دەرەوە لەسەر زارت گەرم دادێن، لەسەر زمانت وشک دەبنەوە و  تاوکو لە کۆتاییدا بێ هەناسە دەبیت.

شتەکان لێرەدا بەم جۆرەن. هەربۆیە کەس نایەوێت قسە بکات.

دڵۆپەبارانێک، گەورە و قورس بەر دەبێتەوە، چاڵێکی بچووک دەکاتە زەوییەکەوە و دەبێتە تۆپەڵێک لیتە، هەروەکو ئەوەی هۆقەیەک تف بێت. بەتەنیا تاقەدڵۆپێکە. لە چاوەڕوانیداین، دڵۆپەبارانی تری بەدوادا بێت، چاو ئەگێڕین بۆیان. بەڵام چیتر هیچ نایەت. چیتر باران نابارێت. ئەگەر چاوێک بە ئاسماندا بخشێنیت، هەورێکی باراناوی دەبینرێت کە لە دوورەوە بەخێراییەکی زۆر بەڕێوەیە. با کە لە گوندەکەوە دێت، لەپشتیەوە خۆی لێ گیر دەکات و بە ئاڕاستەی سێبەری شینی چیاکاندا دەیبات. ئەو دڵۆپانەی، کە بە هەڵە باریون، لەلایەن زەوییەکەوە قووت دەدرێن، تینووێتییەکەی هەڵیاندەمژێت.

کام نەفرەتیە ئەم دەشتە کاکیبەکاکییەی خوڵقاندووە؟

ئاخر بەکەڵکی چی دێت؟

دووبارە دەستمان کردەوە بەڕێکردن. پێشتر لە وچانێکدا بووین، تاوەکو باران بارینەکە ببینین. بەڵام باران نەباری. ئێستا دووبارە دەست دەکەینەوە بە ڕۆیشتن. و وا هەست دەکەم کە ئێمە زۆر زیاتر لەو زەوییەی کە بڕیومانە بە پێیان ڕۆیشتووین. وا هەستەکەم، گەر باران بباریایە، ڕەنگە شتی تریشم بەبیردا بهاتایە. بەڵام ئەوەی لەم دەشتەدا باران باری بێت، ئەوەی پێی دەوترێت باران، ئەوەم هەرگیز بەهیچ جۆرێک نەبینیوە. نا، ئەم دەشتە کەڵکی هیچی نییە. نە کەروێشکی لێیە نە باڵندە. هیچ شتێکی لێ نییە.

بێجگە لە چەند دەوەنێکی دڕکاوی و یەک دوو پەڵەگیای لیمۆ لێرەولەوێ کە گەڵاکانیان لوولی خواردووە. بەدەر لەمانە هیچ شتێکی تر بوونی نییە. لێرەدا ئێمە هەر چوارمان، بە پێیان ڕێ دەکەین. پێشتر ئێمە بەسەر ئەسپەوە بووین و تاقم و تفەنگیشمان لە خۆمان بەستبوو. ئێستا ئێمە چیتر تفەنگمان پێ نییە.

هەمیشە پێم وابووە کە لێسەندنی تفەنگەکان لێمان کارێکی باش بووە. لێرە هەڵگرتنی چەک کارێکی مەترسیدارە. ئەشێت بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشتر بکوژرێیت، ئەگەر تفەنگ بە شانتەوە ببینرێت. بەڵام سەبارەت بە ئەسپ ئەمەیان بابەتێکی ترە. ئەگەر بە ئەسپەوە هاتباین، ئەوە ئێستا ئاوی سەوزی ڕووبارەکەمان خواردبۆوە و ورگمان بەناو کۆڵانەکانی گوندا دەگێڕا تاوەکو خواردنەکە لە ورگماندا شوێنی خۆی بگرێت.

ئەوەمان دەکرد، ئەگەر ئەو ئەسپانەی هەمانبوو، بمابانایە، ئێستا هەموو ئەمانەمان کردبوو. بەڵام لەگەڵ تفەنگەکاندا ئەسپەکانیشیان بردین.

بە هەموولایەکی خۆمدا چاو دەگێڕم و لە دەشتەکە ورد دەبمەوە. خاکێکی گەورە و گران، پارچە خاکێکی وا فراوان و بێکەڵک و هیچی لێ شین نابێت. چاوەکان لەو دەشتەدا بەسەر هەموو شتێکدا دەخلیسکێن بەبێ ئەوەی هیچ شتێک هەبێت، تاوەکو خۆیانی پێوەبگرن. بەتەنها چەند مارمێلکەیەک نەبێت کە سەریان لە کونەکانیانەوە دەردەهێنن، و هەر کاتێک هەست بە تینی گەرمی خۆرەکە دەکەن، بەخێرایی خۆیان دەخلیسکێننە ژێر سێبەری بەردێک. بەڵام ئەی ئێمە، لە دوور خۆر داڵدەیەک لە کوێ بدۆزینەوە، لە کاتیکدا دەبێت لێرە کار بکەین؟ چونکە ئەم خاکە ڕەقە بەردینەییە، کە هیچی لەسەر سەوز نابێت، پێمان دراوە تاوەکو لەسەری چاندن بکەین.

پێمان وترا:

“لە گوندەکەوە تاوەکو ئێرەکانێ هی ئێوەیە.”

پرسیمان:

“ئەم دەشتە؟”

“بەڵێ، ئەم دەشتە، تەواوی ئەم زەوییە فراوانە.”

دەم و لێومان لار کردەوە و وتمان ئێمە ئەم زەوییەمان ناوێت، بەڵکو ئەو زەوییەی دەم ڕووبارەکەمان دەوێت. لە ڕووبارەکەوە تاوەکو ئەو پشتە، ئەو گوێدەریا بەپیتە، لەو جێگەیەی کە درەختە سنەوبەرەکانی تێدا وەستاوە، وەک ئەوەی کە خەڵکی ناوی دەبەن، لەگەڵ ئەو مێرگەی کە گیانی شین و زەوییەکەی بەپیتە. نەوەکو ئەم زەوییە، کە بە چەشنی چەرمی گا ڕەقە.

بەڵام ئێمە ڕێمان پێ نەدرا شتێکی لەو جۆرە بڵێین. لێپرسراوەکەی دەوڵەت نەهاتبوە ئەوێندەرێ، تاوەکو لەگەڵماندا بدوێت. ئەو تەنها بەڵگەنامەکانی پێداین و پێی گوتین: “وە بەهیچ شێوەیەک دوودڵ مەبن، کە ئەم هەموو زەوییە بەتەنها بۆ ئێوەیە!”

“بەڵام بەڕێز جەنابی کۆمیسار، ئەم زەوییە…”

“ئەمە زەوییەکی فراوانی هەزار بە هەزارە.”

“بەڵام لەوێندەرێ هیچ  ئاوێکی لێ نییە. نە بەشی ئەوەی زمانیشی پێ تەڕ بکرێت.”

“ئەی وەرزی باران بارین؟ هیچ کەسێک پێی نەوتن، کە ئێوە زەوییەکی بەراوتان بەردەکەوێت. هەرکاتێک لەوێ باران ببارێت، گەنمەشامییەکان وا دەردەپەڕن، وەکو ئەوەی کەسێک بەهێز ڕایکێشابێتنە دەرەوە.”

“بەڵام بەڕێز جەنابی کۆمیسار، خاکی ئەم دەشتە لەپێکەوتوو و ماندووە، ڕەقە. بڕوا ناکەین، کە گاسن بتوانێت ئەم زەوییە ببڕێت، کە لە شێوەی خاکێکی بەردینە. بۆ تۆوچاندن، ئەبێت بە پاچ چاڵەکان هەڵقەنین. لەگەڵ ئەمەشدا هیچ دڵنیاییەک نیە، کە هیچیان هەڵدەتۆقن. لەوێدا نە گەنمەشامی نە هیچ شتێکی تر گەورە نابێت.”

“ئێوە ئەبێت ئەم گلەییانە بکەنە نووسراوێك. و ئێستا دوور بکەونەوە! ڕووی دەمی گلەییەکەتان بکەنە خاوەن زەوییەکە، نەوەکو دەوڵەت، کە ئەم زەوییەی بێبەرانبەر پێ بەخشیوون.”

یەک چرکە بەڕێز جەنابی کۆمیسار، ئێمە خۆ هیچمان لە دژی لێپرسراوانی دەوڵەت نەوتووە. بەتەنها لە دژی زەوییەکەیە.

شتێک لە دەستماندا نەبێت، ناکرێت. ئەمەمان هەر لە سەرەتاوە پێ ڕاگەیاندن…

بەتەنها یەک چرکە، بە ئەرک نەبێت، ئەمانەوێت بۆت ڕوون بکەینەوە، تەماشا بکە، ئەمانەوێت هەر لەوێوە دەست پێ بکەین، کە هەر لە سەرەتاوە وتمان…

بەلام ئەو نەیئەویست گوێمان بۆ هەڵخات.

هەر بەم شێوەیە ئەم زەوییەیان پێداین. و ئەبێت لەسەر ئەم ساجە داغانە تۆوی شتێک بچێنین، و ببینین کە ئاخۆ شتێک ڕەگ دەگرێت و گەشە دەکات. بەڵام هیچ شتێک لێرەدا گەورەنابێت.

لێرەدا داڵەکەرخۆرەش بوونی نییە. جار نا جار نەبێت دەیانبینین، زۆر بە بەرزی، بەخێرایی دەفڕن، تاوەکو لەم پەڵە سپیە بەردینەییە فراوانە دوور بکەونەوە، کە هیچ شتێک تیایدا نابزوێت، کە لە ڕێکردندا مرۆڤ هەست دەکات هەروەکو ئەوەی ڕووەو دواوەوە بگەڕێتەوە.

مێلیتۆن دەڵێت:

“ئەمە ئەم زەوییەیە کە پێییان داوین.”

فاوستینۆ دەڵێت: “چی؟”

من هیچ ناڵێم. پێم وایە: مێلیتۆن هۆشی لەلای خۆی نییە. بێشک کاریگەریی تینی گەرماکەی لەسەرە، کە وای لێ دەکات شتێکی وابڵێت. تینی گەرماکە لە شەپقەکەیەوە بەتوندی لە کەلەسەری داوە. گەر وانەبێت چۆن دەکرێت شتێکی وا بڵێت؟ چ جۆرە خاکێکە کە بە ئێمەیان داوە، مێلیتۆن؟ ئەوەندە خۆڵ نابینرێت، تاوەکو ئەگەر بایەکە بیویستایە، بەدەم کەمێک یاریکردنەوە بیکردایەتە غوبار.

مێلیتۆن لە قسەکردن بەردەوام دەبێت:

“بۆ هەر شتێک بێت هەر بەکەڵک دێت. ڕەنگە بۆ ئەوەی ماینەکان بە دەوریدا غار پێ بدەن.”

“بۆ چ جۆرە ماینێک؟” ئێستێبان پرسیاری کرد.

پێشتر زۆر سەرنجی ئیستێبانم نەدابوو.

ئێستاکە، لە کاتێکدا کە قسە دەکات. دەسماڵێکی (پۆنچۆ)ی پۆشیوە کە دریژییەکەی دەگاتە سەر ناوکی، لەژێر دەسماڵەکەیدا شتێک سەری دەرهێناوە، پێدەچێت مریشکێک بێت.

بێشک، ئەوەی ئێستێبان لەژێر دەسماڵەکەیدا حەشاریداوە، مریشکێکی سوورە. چاوە خەواڵووەکانی دەبینرێت و دەمی، کە کراوەتەوە، هەروەکو ئەوەی بیەوێت باوێشک بدات.

“تۆ، ئێستێبان، ئەم مریشکەت لە کوێ هەڵگرتەوە؟”

لە وەڵامدا گوتی: “ئەوە هی خۆمە”.

“بەڵام پێشتر پێت نەبوو. لە کوێ کڕیت؟ دانیپێدابنێ!”

“نەمکڕیوە. مریشکی حەوشەی ماڵەوەیە.”

“ئەی خۆ لەگەڵ خۆتدا نەتهێناوە تاوەکو بیخۆێن؟”

“نەخێر، لەگەڵ خۆمدا هێناومە، تاوەکو ئاگاداری ببم. لە ماڵەوە بە تەنهایە، کەس لە ماڵەوە نییە تاوەکو دانی بداتێ. بەردەوام، کە بۆ دوور بڕۆم، لەگەڵ خۆمدا دەیبەم.”

“شوینەکەی تەسکە، لەوێدا دەخنکێت، چاکترە دەریبهێنیتە دەرێ تاوەکو کەمێک هەوای دەرەوە لێی بدات!”

ئەیخاتە ژێر باڵەکانیەوە و لە دەمیەوە بۆنی هەناسەیەکی گەرمی لێوەدێت. پاشان دەڵێت:

“لە لێژگانیەکە نزیک بووینەتەوە.”

چیتر تێناگەم ئیستێبان چی دەڵێت، ئەو لەپێشی پێشەوەی ئەو ڕیزەیە، کە ئێمە بەدوای یەکدا بەستوومانە، تاوەکو بە لێژگانیەکەدا دابەزینە خوارەوە. و دەبینرێت کە هەردوو قاچی مریشکەکەی گرتووە و بەملدا شۆڕی کردوونەتەوە و جارجارە بە جۆلانێکردنەوە بەرزی دەکاتەوە، تاوەکو سەری بەر زەوییە بەردینە نەکەوێت.

تاوەکو زیاتر شۆڕ دەبینەوە، خاکەکە لە چۆنایەتیدا باشتر دەردەکەوێت. تەپوتۆز لەژێر پێمانەوە بەرز دەبێتەوە، هەروەکو ئەوەی ڕەوەئاژەڵێکی شیردارین و دادەبەزینەخوارێ.

بەڵام خۆشحاڵین، کە تۆزاوی دەبین. خۆشحاڵین، کە لەپاش ئەوەی بە درێژایی یانزە کاتژمێر ڕەقایی ئەم دەشتەمان لەژێر پێکانماندا هەست پێ کردووە، هەستێکی چێژبەخشە، کە بەم شتە دەوردرابین کە بەسەرماندا دێت و تامی خۆڵ دەدات. بەسەر ڕووبارەوە، بەسەر بەرزایی درەختی سەوزی سنەوبەرەکاندا، پۆلێک باڵندەی کاچاکالاکاس دەفڕن. ئەمەش خۆشحاڵمان دەکات.

وەڕینی سەگەکان زۆر لە نزیکەوە دێتە بەرگوێمان، چونکە ئەو بایەی کە لە گوندەکەوە هەڵدەکات، بەر دەربەندەکە دەکەوێت و بەتەواوی پڕی دەکات لە ژاوەژاو.

ئێستیبان دووبارە مریشکەکەی لەژێر باڵەکاندایە، کاتێک ئێمە لە یەکەمین ماڵ نزیک دەبینەوە. ئەو گوریسەکە لە قاچەکانی دەکاتەوە، تاوەکو هۆشی بە خۆیدا بێتەوە، دەستبەجێ خۆی و مریشکەکەی لەپشت پەرژینێکی دڕکاوی بزردەبن.

“لێرە لێتان جیا دەبمەوە”، بە ئێمە دەڵێت.

ئێمەی کە ماوینەتەوە، ڕووەو قووڵایی گوندەکە مل دەنێین.

ئەو زەوییەی کە پێیان داوین، وا بەو سەرەوەیە.

پەراوێز:

باڵندەی کاچاکالاکاس جۆرە مریشكێکە کە دەفڕێت و لەسەر درەختەکان دەنیشێتەوە و دەخەوێت.

سەرچاوە:

Juan Rulfo

Der Llano in Flammen

Biblotek Suhrakamp

شتێک دەربارەی ئەم چیرۆکە و دنیای ئەدەبیی ڕۆڵفۆ!

یادداشتی وەرگێڕ

چیرۆکی (زەوییەکەیان بە ئێمە دا) یەکێکە لە بەرهەمەکانی نووسەری مەکسیکی خوان ڕۆڵفۆ. لە ساڵی ١٩٥٣ لە کۆمەڵەچیرۆکێکدا بە ناوی (خاکی سووتاو)ەوە بڵاو کراوەتەوە.

دەربارەی سەرچاوە و پاشخانی پشت بیرۆکەی ئەم چیرۆکە و ئەو دۆخە مێژوویییەی کە لە پشت ئەم چیرۆکەیە و ڕۆڵفۆ هەوڵدەدات کە ڕەخنەی بکات، ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی مەکسیکە (١٩١٠-١٩٢٠) کە ڕوو دەدەن. کە گوایە ئامانجێکی سەرەکیی شۆڕشەکە “چاکسازیی کشتوکاڵی” بووە. کە تیایدا جووتیارانی مەکسیک لەژێر دروشمی “زەوی و ئازادی” خەباتیان کرد، بەو هیوایەی زەوی لە دەستی دەرەبەگ و خاوەن زەوییەکان وەربگرنەوە و بەسەر جووتیاراندا دابەش بکرێت کە تا ئەو کاتە خۆیان کاریان لەسەر کردووە.

ئەوەی ئەم چیرۆکە تیشک دەخاتە سەری و بە ناڕاستەوخۆیی ڕەخنەی دەکات، خیانەتی دەوڵەتە لە بنەما و بەهاکانی شۆڕش و شۆڕشگێڕەکانیەتی. حکومەت بە ڕواڵەت بەڵێنەکەی بردە سەر: زەوییان بە  جووتیارەکان دا، بەڵام، ئەو زەوییەی پێیاندان، بریتی بوو لە دەشتێکی شێوەبیابانی، وشک، گەرم و ڕەق کە هیچی تێیدا ناڕوێت. لە هەمان کاتدا زەوییە بە پیتەکانی نزیک ڕووبارەکان بۆ دەرەبەگەکان و بەرپرسانی دەوڵەت مانەوە.

ئەوەی کە دەبێت ئاماژەی پێ بدرێت، خودی ناونیشانی چیرۆکەکەیە کە لە بنەڕەتدا تەواو گاڵتەجاڕانە و تاڵە. “زەوییەکەیان بە ئێمە دا” وەک سەرکەوتنێک بۆ جووتیاران دێتە بەرگوێ، بەڵام لە ڕاستیدا هەر خۆیان بوونە قوربانیی شۆڕشەکە. وەک دەڵێن: شۆڕشەکە سەری خودی شۆڕشگێڕەکانی خۆی خوارد…

سیمبوڵ لەم چیرۆکەدا

گرووپێک لە پیاو (سەرەتا زیاتر لە بیست کەس بوون، ئێستا بوونەتە چوار) بەم دەشتە گەرمەدا تێدەپەڕن، بە ڕێگەوەن بۆ وەرگرتنی ئەو زەوییەی حکومەت لەسەری تاپۆ کردوون.

لە فلاشباکێکدا، کە تیایدا بەرپرسێکی دەوڵەت پێیان دەڵێت: “تەواوی ئەم دەشتە هی ئێوەیە.” کاتێک جووتیارەکان دەڵێن زەوییەکە ڕەق و وشکە، بەرپرسەکە گوێیان پێ نادات و دەڵێت “با باران ببارێت” یان باسی گەورەیی ڕووبەری زەوییەکەیان بۆ دەکات نەک چۆنایەتیی زەوییەکە.

ڕێکردن بە پێیان: ئەو ماندووبوونە جەستەیییەی باسی دەکرێت (گەرمایەکی پڕووکێنەر، بێدەنگییەکی قووڵ، سەختیی ڕێگاکە) ئاوێنەی جاڕسبوون و ماندووبوونێکی سیاسییانەیە. ئەوان بۆ شۆڕشێک جەنگان و خەباتیان کرد، بەڵام دواجار شۆڕش بەرپاکراوە هیچ بەرهەمێکی بۆ جووتیارەکان لێ شین نەبوو، بێجگە لەم دەشتە وشک و برینگ..

تفەنگ و ئەسپ: وەک لە چیرۆکەکەدا هاتووە، ئەسپ و تفەنگەکانیان لەدەست داوە. ئەمە هێمایە بۆ لەدەستدانی دەسەڵات. لە کاتی شۆڕشدا، ئەوان جەنگاوەری سوارچاک و چەکدار بوون؛ ئێستا بوونەتە جووتیاری پیادە و بێچەک لە بەرانبەر بیرۆکراسیی حکومەتدا و تەواویش بێدەسەڵاتن لە بەرانبەر نادادییەکانیدا.

واقعی ژیانی تایبەتی ڕوڵفۆ و سروشتی ناوچەکە

ڕۆڵفۆ لە ویلایەتی خالیسکۆ لەدایک بووە، ناوچەیەک کە زۆر لە کەش و هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو سروشتە دەچێت کە لە چیرۆکەکەدا هەیە و وەسف کراوە.

دیمەنەکە: للانۆ گراندە (دەشتە فراوانەکە) شوێنێکی ڕاستەقینەیە. وشک و سەختە. ڕۆڵفۆ وەسفی سروشتی منداڵیی خۆی دەکات؛ گەرماکە، زەوییە قڵیشبردووەکان، “پەرژینە دڕکاوییەکان”.

چۆڵی دەشتودەر: ڕۆڵفۆ بە چاوی خۆی بینیویەتی کە ناوچەکەی چۆن دەمرێت. دوای شۆڕش و جەنگەکانی دواتر، زۆرێک لە پیاوان کوژران یان کۆچیان کرد، چونکە زەویی ناوچەکە نەیدەتوانی لە خۆیان بگرێت و بژێوییان دابین بکات. ئەو چۆڵییەی کە گێڕەوە بە چاوەکانی خۆی دەیبینێت (ئاوڕ دەدەمەوە و کەس نابینم) ڕەنگدانەوەی چۆڵبوونی گوندەکانی مەکسیکە لەو سەردەمەدا..

دواجار چیرۆکەکە ڕەخنەیە لە (سیاسەتمەداران کە بەڵێنی درۆیان داوە). خەڵەتاندنی خەڵک و جووتیاران، هەروەکو حکومەت دەڵێت “زەویمان بە هەژاران دا”، بەڵام ڕاستییەکەی جۆرە زەوییەکیان پێدان کە لەسەری برسیکردن.

کاتێک گێڕەوە لە جێگەیەکدا دەڵێت: “وا هەستەکەم زیاتر لەو زەوییەی کە بڕیومانە، بە پێیان ڕۆیشتووین“، دان بەوەدا دەنێت کە خەباتەکەیان (شۆڕشەکە) بە فیڕۆ چوو، چونکە لە ڕاستیدا هیچ بەرەوپێشووچوونێک و باشبوونێک لە دۆخی ژیانیان ڕووینەدا.

سەبارەت بە زمان و کەشی ئەدەبیی ڕۆڵفۆ

بەگشتی لە دنیای ئەدەبدا شێوازێک هەیە، کە تیایدا چیرۆکنووس دێت ڕووداوە گەورە و گرنگەکان لە ڕێی پشت بەخستنەگەڕی هێزی هاودەردیی و هاوسۆزیی پیشان دەدات، لە ڕێگەی تێگەیشتن و هەستیاری ئینسانیانەی خۆیەوە، لەپاڵ هێزی خەیاڵ و سیمبوڵەوە. مەزندەکردن (حەدەس) و هەڵسەنگاندنی دۆخی مرۆڤەکانەوە ئازارەکانیان پیشان دەدات. چۆنیەتیی پیشاندانی سەختی ژیانیان بە شێوەیەک کە بە هیچ جۆرێک لە شکۆ و باڵایی ئینسانیان کەم نەکاتەوە، ئەویش لە ڕێی خۆبەدوورگرتن لە گواستنەوەی واقیع و بەسەرهاتە سەختەکانیان دەقاودەق وەکو خۆی. بەڵکوو پیشاندانی دۆخەکەیان لە شێوەی توحفەیەکی ئەدەبی و باڵا، ئەمەش لە ڕێی دەستگرتن بە وشە و دەربڕینەکانەوە، دووبارە داڕشتنەوەی ڕووداوە واقیعییەکان و بەرجەستەکردنیان بە زمانێکی جیاواز. دەبێت بێدەنگیش لەبیرنەکەین کە وەکو ئەو ڕەگەزە گرنگەی کە لە ڕێیەوە شوێن بۆ نەوتراوەکان فراوان دەکات، کات بە خوێنەر دەدات خەیاڵی بخاتەگەڕ. نەوتراو لەلایەک ئەشێت جارێک هەموو ئەو پرتەوبۆڵانەبێت کە مرۆڤەکان لەدەست سەختی دۆخی نەخوازراوی ژیانی واقعی خۆیان دەیکەن. لەلایەکی تر کە لە ڕێی ڕستەیەکی ناڕوونی وەکو (ئاوڕ دەدەمەوە و کەس نابینم) گرنگترین و سەختترین ڕاستی حەشاردراومان پیشان بدات.

وەک وتم، هەبوونی هاوسۆزی و هاودەردی کە وادەکات چیرۆکەکانی ڕۆڵفۆ وا ناوازە و جیاوازبن، ئەویش لە ڕێی شیوازی پیشاندانی دنیای کەسەکان و توانای زمانی گێڕانەوە لە ڕێی (شاردنەوەی قووڵی، لەپشت زمانێکی سادە، بەڵام تۆکمە)، کە ئەویش شێوازێکە لە گێڕانەوەی ڕەسەنانە دوور لە زمانی شیعرنووسی (زمانێکی نزمی شاعیرانە).

دواجار وای دەبینم کە ڕۆڵفۆ لە ڕێی شێوازی گێڕانەوەکانی جوانییەکانمان لێ بشارێتەوە، تاوەکو خوێنەر بتوانێت لە ڕێی گەمەی خەیاڵ و چێژەوە کەشفکردنیان وەکو دەستکەوتێک بۆخۆی تۆمار بکات.

The post زەوییەکەیان بە ئێمە دا appeared first on ژنەفتن.