ڕەخنە Archives - ژنەفتن
(پەیمانی کۆن)
(ئامادە: چرک!) ناونیشانی سێییەنە چیرۆکێکە، بەختیار حەمەسوور نووسەرەکەیەتی و کتێبخانەی یادگار لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاوی کردووەتەوە.
ژن و پیاوێکی گەنج کە زۆر نییە هاوسەرگیرییان کردووە، پاش قەرزوقۆڵەیەکی زۆر و دەستپانکردنەوە لەم و لەو خانووەیەک دەکڕن. ئەمە دەستپێک نییە، بەڵام سەرەتای چیرۆکی چیرۆکەکانە. تەنیا شتێک کە گێڕەرەوە دەیزانێت ئەوەیە کە خانووەکەیان گڵە. بە ڕەوت و ڕیتمی هاوسەنگی چیرۆکەکان ئەوەش بۆ ئێمە ئاشکرا دەبێت، خانووی نوێی ئەم ژن و مێردە لە گەڕەکی جوولەکانە. شوێنی نیشتەجێبوونی جووەکان لە ڕابردوودا.
ڕووبەرگی (ئامادە: چرک!) بەختیار حەمەسوور، چاپی دووەم، چاپخانەی سەردەم ٢٠٢٥
جوولەکان لە سلێمانی واتا شوێنی ڕووداوەکانی ئەم چیرۆکانە مێژوویەکی دیاری خۆیان هەن. ئەوان لە ڕابردوودا بەشداری ڕامیاری و کۆمەڵەیەتی و کولتووری خۆیان هەبووە لە شاردا، بێئەوەی بە تەواوی خۆیان بتوێننەوە لەناو ئەوانی تری زۆرینە ناجوودا. بە دەستپێوەگرتن و پاپەندبوونیان بە ئایینەکەیان و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خۆیان بەشدارییان لە کۆمەڵگەی ئەوکاتی شاردا کردووە. بەوپێیەی ئەو هۆشیارییە لای ئەوان هەبووە کە مانەوە و حەوانەیان لە یەک شوێندا هەمیشەیی نییە، پێچەوانەی زۆرینەی خەڵکی بژێوی ژیانیان لەسەر پیشەکانیان، بە دەربڕینە ئاشناکە سونعات بنیاتناوە. پیشە شتێکە مرۆڤ فێری دەبێت و بۆ هەرکوێیەک کە بچێت لەگەڵ خۆیدایە. واتا ئەگەر دارتاشێک و زێڕنگەرێک ناچار بکرێن شوێن و واری خۆیان جێبهێڵن، بەبێ گرفتێکی زۆر دیار دەتوانن لە شار و وڵاتێکی تر دەستبکەنەوە بە ژیانی پیشەییی خۆیان. پێچەوانەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. ئەوان بە هۆکاری نادڵنیایی لە ڕەوش و چارەنووسیان زۆر بایەخیان بە زێر داوە. بەو ئاگایییەی کە زێڕ وەک مادە هەڵگرتن و گواستنەوەی بە نرخێکی زۆر هیچ کارێکی نەکردە و زەحمەت نییە. پاش چێبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل جووەکان ناچارکران شار و وڵات جێبهێڵن. بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی خۆیان ناچار بە ڕۆیشتنیان بۆ شوێنێک کران تا ئەو کاتیش هیچ دڵنیایییەک نەبوو کە ببێتە پەنایەکی ئارام بۆیان. شتێک کە نەیانتوانی و ناکرێت لە کاتی ڕەو و ئاوەرەییدا مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا بیبات، ماڵە. ئەوان لە ماڵەکانیان وەدەرنران و بە دڵشکاوی ڕۆیشتن، دەوڵەتیش دەستیگرت بەسەر ماڵیاندا(سامانیشیان).
نرخ و گرنگی ماڵ لە ژیانی مرۆڤدا هەرگیز لە بەها ماددییەکەیدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو بەهای مەعنەویشی هەیە، کە بۆ هەندێک ئەو بەها مەعنەوییە زۆر لە نرخە ماددییەکەی باڵاترە. نرخی مەعنەوی ماڵ بێهەسترین مرۆڤ لە کاتی دوایین جێهێشتنیدا دەخاتە گریان. لە زمانی کوردیدا خانوو گوزارشتە لە نرخە ماددییەکەی ماڵ، بە پێچەوانەشەوە ماڵ گوزارشتە لە نرخە مەعنەوییەکەی خانوو. بۆ نموونە: ئەم خانووە بۆ فرۆشتن. خانووکڕین. نرخی خانووەکە بیست دەفتەرە. ئەو گوزارشتانەی سەرەوە و زۆری تریش ئەگەر وشەی ماڵ بخەینە شوێنی وشەی خانوو، نەگونجاو و نەشازن بۆ تێگەیشتن، چونکە هەمیشە وشەی خانوو لەگەڵ سەودا و مامەڵەدا پەیوەندی هەیە کە ئەویش دنیا ماددییەکەیە. لە زمانی کوردیدا وشەی ماڵ تەنیا کاتێک دێتە بەکارئانین کە گوازارشت بێت لە نرخ و بەهای مەعنەوی خانوو. بۆ نموونە: ماڵت ئاوەدان بێت. گەڕانەوە بۆ ماڵ. ماڵم بەقوربانت. ماڵەباوان. ئەو دەربڕینانەی سەرەوە و زۆری تریش… ئەگەر وشەی خانوو لە بری وشەی ماڵ جێ بکەینەوە، ئەوانیش نامۆ و نەشازن بۆ تێگەیشتن.
بیرکردنەوە لە کۆبوونەوەی ئەندامانی خێزان لە سەر سفرەیەک، ئاهەنگگێران و میوانداری خزمان و دۆستان، زویربوون و ئاشتبوونەوەی ئەندامانی خێزان تێیدا، یەک یەک شووکردنی خوشک و ژنهێنانی برا و ڕۆیشتنیان و پاشان گەڕانەوەیان بۆ میوانداری بە کۆشێک منداڵەوە، ئێوارەخوانی پڕ بۆن و بەرامەی خواردن، دەنگی مەنجەڵ و کەوچک و دەوری. خربوونەوە لە سۆپایەک لە شەوی درێژی زستان. هاتنەوەی ناگەهانی پسووڵەی کارەبا و بیرکردنەوە لێی کە ئەگەر ئەو پارە زۆرە نەهەتایەتەوە چیم پێ دەکڕی. پەنای نەخۆشی و ناخۆشی. خۆپاراستن لە شەڕ و سەرماوسۆڵە و زۆری تریش بەهای مەعنەوی دەبەخشن بە خانوو تا ڕادەی پیرۆزی. بەو شێوەیە ماڵ دەبێتە هەڵگری زەمەن. نالی کە لە غەرییبیدایە بە تەنیا بیری نیشتمانەکەی ناکات، بەڵکو بیری چەقی نیشتمانەکەی واتا حوجرەکەی دەکات، بیری ژور و هەیوان و تاق و ئەو کەرەسانەیش کە تێیدان دەکات. جووەکان کە لە ماڵەکانیان وەدەرنران ئەو بەها مەعنەوییەیان لێ زەوت کرا. بەڵام گەلۆ ئەوەی کە ڕوویدا هەروا تێدەپەڕێت؟
ئەی یەزدان، خودای تۆڵە، ئەی خودای تۆڵە بدرەوەشێرەوە. [زەبوورەکان ٩٤:١]
ئەگەر بە تێگەیشتن و ڕوانینە گشتییەکە بێت، بەڵێ، ئەوەی کە ڕوویدا تێپەڕی و ژیان شایەتی ناڕەواییەکی تر بوو، بەڵام جگە لەو ڕوانین و تێگەیشتنە سەرپێیانە بۆ ئەو ڕووداوە، دەکرێت تێگەیشتن و ڕوانینی تریش هەبێت، کە تەنیا ڕەنگە لە پەرتووکە ئاسمانییەکان یان شیعر و چیرۆکدا جێگایان هەبێت. ئەم چیرۆکانە ئەو ڕوانین و تێگەیشتنەن کە پەیمانی کۆن وەک پەرتووکی پیرۆزی ئەو گەلەی ڕۆژانێک لێرە بوون پێوەرەکەیەتی، نەک تێگەیشتن و ڕوانینی ئێمە. ئەوەی کە ڕوویدا لەم چیرۆکانەدا جارێکی تر دێتەوە بەر چاومان و ناچارین ئەم جارە بە تێگەیشتن و ویژدانی مرۆییانەی خۆمان لێی نەڕوانین، بەڵکو بە تێگەیشتن و حیکمەتی ئەو گەلەی کە ڕۆژانێك لێرە بوون. بۆ ئەمەش پەیمانی کۆن وەک سێبەرێکی کاڵ (بەڵام هەبوو) بەسەر ئەم چیرۆکانەوە هەست پێ دەکرێت. ئەو کاریگەرییەی پەیمانی کۆن لەسەر ئەم چیرۆکانە لە سێ ئاستدا بە ڕوونی هەست پێ دەکرێت: زمان، سیمبوڵ، ئایدیا.
وەک زمان
خانووەکەمان گڵ بوو، سەرەتا هەر ئەوەندەم دەزانی. [ئامادە: چرک!]
لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەوی بەدیهێنا. [پەیمانی کۆن]
خوێنەر بەرگی هەردوو پەرتووکەکە هەڵبداتەوە بەر ئەم دوو دەستپێکە لێک نزیک و ئاشنابەیەکترە دەکەوێت. لە (پەیمانی کۆن)دا خودا چیرۆکی بەدیهێنانی ژیان وەک شوێنمان بۆ دەگێڕێتەوە. شوێن وەک چەقی چیرۆک. دواتر ئەو شوێنە دەبێتە مەیدانی ڕوودانی هەموو ڕووداوەکان. لە (ئامادە: چرك!)دا دیسان یەکەم ڕستە بەر شوێن(خانوو) دەکەوین و وەک سەرەتا و چەقی ئەم چیرۆکانە. لێرەشدا خانووەکە دەبێتە مەیدانی ڕووداوەکانی ناو ئەم چیرۆکانە.
وەک سیمبوڵ
ڕۆڵی سیمبوڵ یان هێما لەم چیرۆکانەدا دەستگرتن و ئاراستەکردنە. وەک چۆن لە پەیمانی کۆندا هەمان ئەو ڕۆڵە دەبینێت. یەک لە هێماکانی ناو پەیمانی کۆن ژمارەیە و ئەو ژمارەیەش ژمارە (حەوت)ە. ژمارە حەوت پێگەیەکی بەرز و پیرۆزی لای گەلی جوو هەیە، هێمای پەیوەندیی بەهێزیی خودا و گەلی جووە. ژمارە حەوت وەک کامڵبوونی ژیان سەیر دەکرێت، بەوپێیەی خودا لە ڕۆژی حەوتەمدا ئیتر ژیانی بەدیهێنا و پشووی دا. هەموو پیرۆزی ژمارە حەوت لەو سەرەتایەوە سەرچاوە دەگرێت و ئیتر ئەم ژمارەیە پێگەیەکی هێمایی، پیرۆز و بنەڕەتی وەردەگرێت و دەبێتە بنەمای دیاریکردنی بۆنە و کاتەکانیان. ڕۆژی حەوتەم (شەبات) پێگەی پیرۆزترین ڕۆژەکانی هەفتە وەردەگرێت. ساڵی شەممە کە بۆنەیەکی گرنگی جووەکانە هەر حەوت ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت. جەژنی هەفتەکان دەکەوێتە پاش بژاردنی حەوت هەفتە پاش جەژنی فەتیرە. جەژنی کەپرەشینە کە حەوت ڕۆژ دەخایەنێت.
مینۆرا پیتاکێکی  گرنگ و بنەڕەتی ناو چادرگەی پەرستنە، کە بریتییە لە ئاگردانێکی حەوت پەلی و لەسەر هەر یەکێکیان ئاگرێک دەئایسێت. بەگشتی ژمارە حەوت ژمارەیەکی هێمایی و پیرۆزە لای جووەکان.
ئەگەر سەرنجی ژمارەکانی ناو ئەم چیرۆکانەی (ئامادە: چرک!) بدەین، دەگەین بەوەی هەموو ژمارەکانی پەیوەست بەو خانووەوە ژمارە حەوتن. خانووەکەی ناو ئەم چیرۆکانە ژمارەی حەوتە. بەرواری بوون بە خاوەنی خانووەکە لەلایەن گێڕەرەوە حەوتی مانگی حەوتە. بینینی خەونێکی چەندبارە لەلایەن ژنی گێڕەرەوە کە لە خەونەکەدا ژنێک مۆمدانێکی حەوت پەلی پێیە و لەسەر هەر یەکێکیان مۆمێک واتا حەوت مۆم دەئایسێن. بێگومان ئەوە هەر مینۆراکەی ناو چادرگەی پەرستنە و بە مۆمدان گوزارشتی لێ دەکرێت. ژمارە حەوت لەم چیرۆکانەدا کاری ڕێکەوت و سوتفە نییە. هاتنی سێ جار ژمارە حەوت وەک ژمارەی خانووەکە لەم چیرۆکانەدا ئەوە دەسەلمێنێت.
وەک ئایدیا
ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەسێنێتەوە، بەڵام بۆ لامەخ حەفتاوحەوت جار. [پەیدابوون ٤:٢٤]
لە چیرۆکەکانی ناو پەیمانی کۆندا خودا هیچکات بێهەڵوێست نابێت لە بەرانبەر هەر نادادیی و زوڵمێکدا کە بەسەر گەلی جوودا دێت. خودا لە چەندین شوێندا بەڵێنی حەقسەندنەوە دەدات بە گەلەکەی.
هاتنی ئەم ژن و پیاوە بۆ ماڵی نوێیان نەک هەر ئارامیهێن و شوێنێک نییە بۆ حەوانەوە، بەڵکو پڕە لە ڕووداوی ناخۆش و تۆقێنەر. ترس لەم ماڵەدا باڵ دەکێشت بەسەر ئەم ژن و پیاوەدا، نائارامییەک دەخوڵقێت کە باجی گەورە دەدەن بەو هۆکارە. ترس لەم ماڵەدا ژنەکە یەکەم جار هەستی پێ دەکات، دواتر ژنەکە تەنیا ئەزموونی دەکات و بێئەوەی هەستی پێ بکات. بەڵام پیاوەکە هەم هەست هەم ئەزموونی دەکات. یەکەمین بەرکەوتنیان بە خانووەکە بەرکەوتنێکی پرسیارهەڵگر و گوماناوییە. (ئاننا ئەگەر نەیگوتبا “خانووەکە جۆرێکە!” منیش ئەگەر نەمگوتبا “چ جۆرێک؟” و ئاننا ئەگەر نەیگوتبا “نازانم” و منیش ئەگەر هیچ تێنەگەیشتمایە.) [ئامادە: چڕک!]
لێرەوە ئیتر ڕووداوە هەراسانکەر و تۆقێنەرەکان ڕوو دەدەن. ترس باڵ دەکێشێت بەسەر ئەم ماڵەدا. ژیانی ئاساییی ئەم ژن و پیاوە چیتر ئاسایی نییە و بێئەوەی بە تەواویی هەستیشی پێ بکەن. کێن ئەوانەی ڕۆژانە دێن بۆ سەردانی ژنەکە؟ ئایا بەڕاستی ئەوانە دراوسێکانن یان خەڵکانێکی تر کە لە نادیارەوە ڕەوانە کراون؟ ئەم نادڵنیابوونە خوێنەریش دەخاتە بەردەم ترس و گومانەوە. (سەرەتا سەرقاڵ بووین، دواتر سەرقاڵتر. دەرگامان دەکردەوە چاوەدزێ و ملەقوتەیان بوو لەودیو دەرگا و درزی دەرگا، لە دیوار و بەرپەنجەرە. لە سەربان و لێوارستارە. ئاسایی نەبوو. ئاننا دەیگوت: “ئاساییە.” پاشتر، کە وەک پوورەهەنگی مرووکاو تێمان ئاڵان و مێروولەئاسا بەرەو ماڵمان ڕێچکەیان گرت، بە ئاننام گوتەوە. گوتی: “غەڵەتی. زۆر ئاساییە. بەخێربێن. ماڵیان گوتووە و میوانی…” دەیگوت: “بەرچاوتەنگ”م، نەبووم، ئێستاش کە کەمۆکەیەک کاسم و زایەڵەی دەنگیان لە سەرمدا دەزرنگێتەوە، نیم.) [ئامادە: چرک!]
پیاوەکە ڕۆژانە بە کتێبفرۆشییەوە سەرقاڵە. گلەیی زۆری کاتی کارکردنی هەیە، بەیانی تا ئێوارە. بینینی یەکتری ئەم ژن و پیاوە زیاتر لە شەودایە. وەک ئەوەی ئەم هەراسانکردن و خستنەمەترسییەوە بە یەکسانی بەسەر ژن و پیاوەکەدا دابەش کرابێت. شەو بۆ پیاوەکە و ڕۆژ بۆ ژنەکە. شەوان بۆ ژنەکە ئاسایی و بۆ پیاوەکە نائاسایی. ڕۆژ بۆ پیاوەکە ئاسایی و بۆ ژنەکە نائاسایی. ئەو کاتانەی پیاوەکە دەچێتە دەر بۆ کارکردن، دۆخی ماڵەکە بۆ ژنەکە جێگیر و هەموار نابێت. مەترسیداریی ئەم مەترسییە ئەوەیە کە ژنەکە چیدی هەست بە هیچ مەترسییەک ناکات. نایخاتە ئەو گومانەی ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە دێن بۆ ماڵی بەڕاستی دراوسێکانن؟ ئەی بۆ ناویان نییە وەک کاراکتەرەکانی تری دراوسێیان؟
(لێی نزیک بوونەتەوە، نزیکتر، ترساوە پەلاماری بدەن. گوتوویەتی چیتان دەوێت؟ سڵی لێکردوونەتەوە. گوتوویانە ددانت. گوتوویەتی ددانمتان بۆ چییە. گوتوویانە نامەنەوێ، دەمانەوێت بیبینین. دەمی کردووەتەوە، خەریکبووە سەر بکەن بەناو دەمیدا. سەیریان کردووە، ڕێزاوڕێز، سپی، ڕێک و شووشەیی. “چی بەکار دەهێنیت؟” فڵچە و مەعجوونەکەی بۆ هێناون. دەستیان بە جەستەیدا هێناوە. گوتوویانە “مەکسییەکەت!” گوتوویەتی: “مەکسییەکەم؟” گوتوویانە: “لە کوێ کڕیوتە؟ لای کێ دەیدووریت؟”) [ئامادە: چرک!]
پێچەوانەی ژنەکە ماڵ لە شەودا گۆڕستانی پیاوەکەیە. بە ڕۆژ لە ماڵ نییە و شەوان وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ هەراسانکردنی. (بیستم، نیوەشەو. خەوتبووم، ڕاپەڕیم. وشەگەلێک بوون، کوردی نا، وشەی هیچ کام لەو زمانانەش نەبوون کە بە گوێم ئاشنان، تەنانەت لەو وشانەش نەدەچوون ڕۆژانە پێنج جار لە بڵندگۆی مزگەوتەکان و بە تایبەت جومعان دەیبیستم. دڵم نەهات ئانا خەبەر بکەمەوە. سەرینەکەم لابرد، بۆی گەڕام، نەبوو. دۆشەکەڵەکەم هەڵدایەوە، نەبوو. ڕامخستەوە. ڕاکشام. بیستمەوە. پێشتر هاوشێوە و نزیک لەم دۆخە، چەند چیرۆکێکم خوێندبووەوە. هەستام. چووم بۆ سەرئاو. هاتمەوە. دیسان میزم دەهات. ئاننام هەستاند. خاڵی و خەواڵوو بوو دەمووچاوی. تێمگەیاند. گوێی هەڵخست. “هیچ نابیستم.” گوتی ڕەنگە مشک یان ئەو دەعبا پشتپفدراوە ڕەشانە بێ، کە هەر دەڵێی بچووککراوەی کیسەڵن. “بخەوە. هیچ نییە.” خەوتمەوە. نەمتوانی.) [ئامادە: چرک!]
کاریگەریی ترس لەسەر ئەم ژن و پیاوە لەسەرخۆ و جیاواز دەردەکەون، ترس خەوی پیاوەکە و خەونی ژنەکە دەشێوێنن. پیاوەکە خەوی لێ ناکەوێت و ژنەکە خەونی ناخۆش دەبینێت. ژنەکە لە مەترسیدایە بێئەوەی هەستی پێ بکات، پیاوەکە هەستی پێ دەکات و ناچارە دەبێت درۆ بکات کە هەمووشت باشە، بۆ ئەوەی هەمووشت خراپ نەبێت.
(وەک ئەوەی بەتانی تەڕ لە سەرمدا گرمۆڵە کرابێت، جێم بە خۆم نەدەگرت. ئەمبارەوبارم بوو. ئاننام خەبەر کردەوە. “چییە دیسان؟” “ناتوانم بخەوم.” دەستی گرتم و خستییە ناو دەستی، نەرم و بلاوێن. دڵی دامەوە. ڕایکێشامە ناو نوێنەکەی. شانی، کە سەرم کەوتبووە سەری، خۆش و گەرم بوو. “ئێوارە باراناوییەکەت بیرە؟” تەماشای کردم. “ئەوەی لەگەڵ کابرای نووسینگە هاتین، گوتم ئەم خانووە جۆرێکە!؟” سەرم لەقاند، یانی بیرمە. نەمگوت ئێستاش لەو “جۆرێکە”یەی ئەوکات تێنەگەیشتووم. چوومە ناو نوێنەکەم. کەوتمەوە ئەمبارەوبار. ئاننا گوتی: “بیر لە چی دەکەیتەوە؟” “منداڵ بووم، سەعاتێکی قەددیوارمان هەبوو، دەنگی بەندۆڵەکەی نەیدەهێشت بخەوم، هەموو شەوێک دەبوو سەعاتەکە دابگرن و بەندۆڵەکەی ڕابگرن، لەوە.”) [ئامادە: چرک!]
کەشی ئەم ماڵە دەگات بە چەپاندنی ئەم ژن و پیاوە. خەمۆکی لە ژنەکەدا درووست دەکات، تا ئەو ڕادەیەی ڕووداوێکی وەک لەبارچوونی منداڵی لێ دەکەوێتەوە. نائارامی و پەشێوی دەقیان پێوەدەگرێت. غەمگینی و تازییەباری باڵیان بەسەردا دەکێشێت. بۆ تێپەڕاندنی کەشی ماتەمی ماڵەکەیە، ژن و پیاوەکە دەگەڕێن بە شوێن ئەو کەسانەدا کە ڕۆژانێک لەم ماڵەدا ژیاون. لە ئەنجامدا پیاوەکە دەگات بەوەی کڕینوفرۆشتن بەم خانووە زنجیرەیە، زنجیرەیەکی زۆر درێژ. خانووەکە وەک ئۆتۆمبێلی کەسێک وایە کە خەلەلێکی تێدەکەوێت و هیچ فیتەرێک سەری لێ دەرناکات، ناچار دەیفرۆشێت بە کەسێکی تر بێئەوەی لەو خەلەلە ئاگاداری بکاتەوە. کەسەکەی تریش کە تێدەگات ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی خەلەلێکی تێدایە و دەیباتە لای فیتەر و چاک ناکرێتەوە، ناچار ئەویش دەیفرۆشێت بە کەسێکی تر بێئەوەی لەو خەلەلە ئاگاداری بکاتەوە. ئەم کەسەی تریش هاوشێوەی ئەوانی تر کە فیتەر بۆ فیتەر دەیگێڕێت و چاک ناکرێتەوە، دەیفرۆشێت بە کەسێکی تر، ئیتر تا درێژ دەبێتەوە. لە گەڕانەکانیان بە شوێن کڕیارانی ئەم خانووەدا، پیاوەکە دەگات بەوەی کە لە ماوەی تەنیا شەست بۆ حەفتا ساڵدا خانووەکە سیانزە جار کڕینوفرۆشتنی پێ کراوە. هەموو ئەوانەی هاتوونەتە ناوی تووشی بەڵای گەورە و ڕووداوی سەیر بوون. پاشان لێی هەڵهاتوون. بە جۆرێک هیچ کەسێک لە کڕیارانی بە سەلامەتی لێی دەرنەچوون. مردنی منداڵ و لەبارچوونی منداڵ دیارترین و زۆر دووبارەبووەی ناو چیرۆکی ئەوانەن کە لەم ماڵەدا ژیاون. هەر کە تێگەیشتوون ئەم خانووە هەڵگری ئەو ترس و گومانەیە، لێی هەڵهاتوون و بێئەوەی کڕیاری دوای خۆیان ئاگادار کردبێتەوە. بێگومان گێڕەرەوەی ئەم چیرۆکانە کە چیرۆکنووسێکی سەرکەچەڵەیە و باری قورسی ژیان هەڵیدانە ئەو شوێنە، ئەویش بێئەوەی کڕیاری دوای خۆی لەو تارمایی و ڕۆحانە ئاگادار بکاتەوە کە شەوانە بەو ماڵەدا تەراتێن دەکەن و ڕووداوی ناخۆش دەخوڵقێنن  بڕیار دەدات بیفرۆشێت و هەڵبێت. لە خوێندنەوەی تەواوی چیرۆکەکاندا مرۆڤ دەگات بەو باوەڕەی ئەوەی لەو ماڵەدا دەگوزەرێت ئاهونزوولە و تۆڵەیە. ئاهونزوولەی ئەو مرۆڤانەی بە هۆش و بازووی خۆیان ئەو ماڵەیان بنیات نا و بەڵام وەدەرنران. وەک چۆن ئەکاکی ئەکاکایڤیچ پاش دزرانی پاڵتۆکەی و دیقکردنی لە داخیدا، کەسێک نەبوو دڵنەوایی بداتەوە بە پاڵتۆیەکی نوێ، چەندین کەس لە شێوەی ئەودا درووست دەبن و شەوان پاڵتۆی خەڵکی خواپێداوان دەفڕێنن.
The post (پەیمانی کۆن) appeared first on ژنەفتن.
لە وێڵگەی دەروونەوە بۆ زیندانی کۆمەڵگە: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “وێڵی”ـی “دلاوەر ڕەحیمی”
سەرەتای هەموو زانست و زانیارییەک تێگەیشتنە لەو ئازارە بەژانەی کە مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە دەیچێژێت. ڕۆمانی “وێڵی” بە قەڵەمی “دلاوەر ڕەحیمی” تەنیا دەقێکی گێڕانەوەیی نییە، بەڵکو هاوارێکی بێدەنگ و بوومەلەرزەیەکە کە بنەماکانی دەروون و کۆمەڵگە دەلەرزێنێت. نووسەر لەم دەقەدا کەسایەتییەکی وێڵ و سەرگەردانمان نیشان دەدات کە لەناو زەمینێکی قاقڕ و بێبەردا بە دوای ترووسکەیەکی ئۆقرە و ئارامیدا دەگەڕێت. ئەم دەقە ئاوێنەیەکە سۆمای دیتنمان پێ دەدات تا بئەزمووین چۆن تاک لە بەردەم نەریت و یاساکاندا دەبێتە نێچیری ئاژەڵێکی دڕندە و، چۆن چێکردنی “وێڵگە” یان “داڵان”ـی دەروون دەبێتە تەنیا بژیو و پەناگە بۆ ڕزگاربوون لەو تەوس و لاقرتێیەی کۆمەڵگەی بێبەزەیی بەسەریدا دەیسەپێنێت. لێرەدا دەروونی تاک بەبێ هیچ کۆڵەکەیەک دەمێنێتەوە و دادەڕمێت و بەرەو دوورەپەرێزی دەخلیسکێت.
وێڵگە وەک پەناگەیەک لە بەرانبەر ترۆما و تێکشکانی کەسایەتیدا
دەقی “وێڵی” تابلۆیەکی ئاڵۆزە لە شیزۆفرینیا و دووفاقیی کەسایەتی. گێڕانەوەکە لەسەر ململانێی نێوان “من” و “تۆ” دامەزراوە. ئەم “تۆ”یە کەسێکی دەرەکی نییە، بەڵکو دەنگدانەوە و سێبەری خودی گێڕەڕەوە خۆیەتی کە لە ئەنجامی تێکشکانی دەروونییەوە لە جەستەی جیا بووەتەوە. کاتێک مرۆڤ تووشی ئازارێکی بەژان و ترۆمایەکی بەردەوام دەبێت، دەروونی ناتوانێت بەرگەی ئەو قورسایییە بگرێت، بۆیە خۆی دەکات بە دوو کەرتەوە؛ یەکێکیان قوربانییەکە و ئەوی تریان چاودێر یان ڕەخنەگرەکە. لێرەدا نووسەر زۆر وەستایانە چەمکی “داڵان” یان “وێڵگە”ی چێ کردووە. ئەم وێڵگەیە بریتییە لە “ڕێکاری بەرگری”. کاتێک کەتوار (واقیع) هێندە قاقڕ و پڕ لە تەوس و دڕندەیییە، عیززەتی نەفسی مرۆڤ بۆ پاراستنی خۆی لە لەناوچوون، جیهانێکی خەیاڵی و زیندانێکی دەروونی دروست دەکات. وێڵگە ئەو شوێنەیە کە کارەکتەرەکە تێیدا ملکەچی هیچ یاسایەکی دەرەکی نابێت، بەڵکو خۆی بە تەنیا لەگەڵ “تۆ”یە خەیاڵییەکەیدا دەدوێت. ئەمەیش هەڵاتنە لە کەتوار بەرەو ناوەوەی خود. کاتێک عیززەتی نەفس لە بەردەم مەترسیی دەرەکیدا هەست بە داڕمان دەکات، پەنا دەباتە بەر دروستکردنی کەتوارێکی جێگرەوە یان گۆشەگیریی دەروونی وەک ڕێکارێکی بەرگری بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و ئازار.[1]
کاتێک مرۆڤ تووشی ئازارێکی بەژان و ترۆمایەکی بەردەوام دەبێت، دەروونی ناتوانێت بەرگەی ئەو قورسایییە بگرێت، بۆیە خۆی دەکات بە دوو کەرتەوە؛ یەکێکیان قوربانییەکە و ئەوی تریان چاودێر یان ڕەخنەگرەکە.
لە دەقەکەدا دەبینین کە “من” بەردەوام لۆمەی “تۆ” دەکات، وەک ئەوەی بیەوێت بڵێت: “تۆ بوویتە هۆی ئەوەی ئێمە بگەینە ئەم سەرئەنجامە”. ئەمە خستنەپاڵە؛ کەسەکە شکستی خۆی لە بەرانبەر نەریت و کۆمەڵگەدا هەڵدەگرێت و دەیخاتە پاڵ بەشەکەی تری کەسایەتییەکەی. کارەکتەرەکە توانای ئەوەی نییە ڕووبەڕووی مامۆستا، پزیشک، یان باوک ببێتەوە، بۆیە ڕووبەڕووی خودی خۆی دەبێتەوە لەناو وێڵگە تاریکەکەدا. ئەم وێڵگەیە هیچ ترووسکەیەکی هیوای تێدا نییە، شوێنێکە کە تێیدا کات دەوەستێت و زەمین دەبێتە زەمینێکی تر بەبێ هەست و خوست. هەروەها دەقەکە پڕە لە ئاماژەی خەمۆکیی قووڵ و بیرکردنەوە لە خۆکوشتن. خەمۆکی لێرەدا تەنیا دڵتەنگییەک نییە، بەڵکو “هەڵهاتن”ـە، هەستکردنە بە بێماناییی هەموو شتێک. ئەو کاتەی کە کارەکتەرەکە لەناو وێڵگەدا گوێ لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک یان عەلی مەردان دەگرێت، مۆسیقا نابێتە هۆی ئاسوودەیی، بەڵکو دەبێتە زەنگێک بۆ بەبیرهێنانەوەی یادەوەرییە بریندارەکان و ئەو خوێنەی کە لە ڕۆحی دەچۆڕێت. ڕۆناڵد لەینگ، دەروونناسی بەناوبانگ، ئەم دۆخە بە باشی وەسف دەکات کاتێک باس لە “خودێکی دابەشکراو” دەکات کە ناتوانێت لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا کارلێک بکات بەبێ ئەوەی هەست بە هەڕەشەی لەناوچوون بکات.[2] لەینگ باس لەوە دەکات کە شیزۆفرینیا و دابەشبوونی خود زۆر جار کاردانەوەیەکی لۆگیکییە بەرانبەر بە جیهانێک کە لە بنەڕەتدا شێت و چەوسێنەرە. ئەو تاکەی شیزۆفرینیای هەیە بۆ پاراستنی ڕۆحی خۆی جەستەی وەک قاوغێک بە جێ دەهێڵێت و لەناو مێشکیدا جیهانێکی تری وەک وێڵگەکەی کابرای ئەم ڕۆمانەی دلاوەر ڕەحیمی ئاوەدان دەکاتەوە. کەواتە شکستی کارەکتەرەکە لەوەدا نییە کە شێت بووە، بەڵکو لەوەدایە کە هێندە هۆشیارە بەو چۆڵییەی دەوروبەری کە ئیتر ناتوانێت درۆ لەگەڵ خۆیدا بکات. ئەو نایەوێت وەک ئاژەڵەکانی دەوروبەری بژی، بۆیە بڕیار دەدات لەناو وێڵگەیەکدا ون ببێت کە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە خۆکوشتنی دەروونی پێش خۆکوشتنی جەستەیی.
ڕۆمانی وێڵی. دلاوەر ڕەحیمی، ٢٠٢٥
زیندانی کۆمەڵگە و پاسەوانەکانی مەرگی خەون
ئێستا دەڕوانینە ئەو زەوییەی کە ئەم دەروونەی تێدا هاڕدراوە. مرۆڤ لە بۆشاییدا تووشی هەڵهاتن نابێت، بەڵکو ئەوە گرۆی مەردم و ئەو سیستەمە چەوسێنەرەوەیە کە وەک ئاشێکی فرەخێو ڕۆح و خەونەکانی تاک دەهاڕێت. لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردەوارییە دەڵێن: “کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە”، کۆمەڵگەیش هەرگیز دان بەو دڕندەیییەدا نانێت کە بەرانبەر بە تاکەکانی خۆی دەیکات. لە ڕۆمانی “وێڵی”دا کۆمەڵگە تەنیا پاشخانێک یان شوێنێک نییە بۆ ژیان، بەڵکو زیندانێکی گەورەیە، پانتایییەکە کە تێیدا هیچ کۆڵەکەیەک بۆ ئازادی و داهێنان نەماوەتەوە. نووسەر زۆر بەوردی نیشانمان دەدات کە چۆن یاسا و نەریت و کەسانی دەوروبەر دەبنە پاسەوانی ئەم زیندانە و بە تەوس و لاقرتێوە سەیری هەر تاکێک دەکەن کە بیەوێت لەم زەوییەدا جیاواز بفرێت. دەبینین ئەو کەسانەی کە دەبوو ببنە دهەندە و بەخشەری هیوای ژیان (وەک مامۆستا، پزیشک، باوک و خزم)، لەم دەقەدا گۆڕاون بۆ ئامڕازی سەرکوتکردن. مامۆستا لە بری ئەوەی چرای زانست بێت، دەبێتە ئەو کەسەی کە دەیەوێت تاکەکان وەک یەک لە قاڵب بدات و بیانکاتە ئاژەڵێکی کەوی و ملکەچ بۆ سیستمەکە. پزیشک لە بری ئەوەی برینەکانی دەروون ساڕێژ بکات، دەیەوێت بە دەرمان یاخیبوونی کارەکتەرەکە سڕ بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو مێگەلەکە. خزم و کەسوکاريش بە چاوی تەوس و سەرکۆنەوە دەڕواننە کارەکتەرەکە، چونکە ئەو ئامادە نییە بژیو و نانی خۆی بە درۆ و دووڕوویی پەیدا بکات. میشێل فوکۆ، کۆمەڵناسی فەڕەنسایی، لە شیکردنەوەی چەمکی دەسەڵات و زینداندا زۆر بە جوانی ئەم دۆخە ڕوون دەکاتەوە. ئەو پێی وایە کۆمەڵگەی مۆدێرن وەک زیندانێکی “پاناپتیکۆن” کار دەکات کە تێیدا هەموو کەسێک چاودێریی کەسێکی تر دەکات تا ئەو ڕادەیەی تاک خۆی دەبێتە پۆلیس بەسەر خودی خۆیەوە. فوکۆ لەم کتێبەدا باس لەوە دەکات کە چۆن دامەزراوەکانی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە و خێزان هەمان تەکنیکی زیندان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەستە و دەروونی تاکەکان بە کار دەهێنن، بۆ ئەوەی بیانکەنە بوونەوەرێکی گوێڕایەڵ و بێمەترسی بۆ سەر سیستمەکە. جا زیندانی پاناپتیکۆن لە بنەڕەتدا بیرۆکەی فەیلەسووفێکی ئینگلیزە بە ناوی “جێرمی بێنتام” (لە سەدەی هەژدەیەمدا). ئەو کەسە نەخشەی زیندانێکی چێ کرد کە شێوەکەی بازنەیییە. لە ناوەڕاستی ئەم بازنەیەدا قوللەیەک هەیە کە پاسەوانەکەی تێدایە و، لە دەوری قوللەکەیشدا ژووری زیندانییەکان هەیە. فێڵ و کارزانیی ئەم زیندانە لەوەدایە: ئەو پاسەوانەی لە ناوەڕاستدایە چاوی دەکەوێتە سەر هەموو ژوورەکان و هەموو زیندانییەکان دەبینێت، بەڵام زیندانییەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن پاسەوانەکە ببینن. واتە زیندانییەکە هەرگیز نازانێت ئاخۆ لەم چرکەیەدا پاسەوانەکە سەیری دەکات یان نا! جا چونکە زیندانییەکە نازانێت کەی چاودێری دەکرێت، هەمیشە وای دێتە بەرچاو کە لە هەموو چرکەیەکدا چاوێکی بێبەزەیی لەسەریەتی. بۆیە لە ترساندا هەمیشە ئاکاری خۆی چاک دەکات و دەبێتە ئاژەڵێکی کەوی و ملکەچ. لێرەدا زیندانییەکە ئیتر پێویستی بەوە نییە کەسێک بە دار و کوتەکەوە بە سەریەوە بێت، بەڵکو خۆی دەبێتە پاسەوان بەسەر خودی خۆیەوە! دواتر “میشێل فوکۆ” هات و ئەمەی کردە پەندێک بۆ کۆمەڵگەی مۆدێرن. فوکۆ گوتی: کۆمەڵگەی ئێمەیش ڕێک بووەتە پاناپتیکۆن! گرۆی مەردم لە قوتابخانە، لە نەخۆشخانە، لە کۆمپانیا، لە کارگە و لەناو خێزاندا هەمیشە هەست دەکەن چاوێک چاودێرییان دەکات (چاوی کۆمەڵگە، چاوی یاسا، چاوی خەڵک). بۆیە مرۆڤەکان لە ترسی قسەی خەڵک و سزای کۆمەڵگە خۆیان ئارەزووەکانی خۆیان خەساندووە و بوونەتە مەخلووقێکی دەستەمۆ. ئەوان خۆیان زیندانی و خۆیشیان پاسەوانن![3]
لەم دۆخەدا کارەکتەری “من/تۆ” تووشی قووڵترین ئاستی “نامۆبوون”دەبێت. شار بەو هەموو جەنجاڵییەیەوە دەبێتە بیابانێکی وشکارۆ و قاقڕ کە تێیدا مرۆڤەکان وەک ئامێر دێن و دەچن. کارەکتەرەکە هەست دەکات کە ئەو سەر بەم گرۆ و و پێڕ و هۆزە نییە؛ زمانەکەیان تێ ناگات و ئەوانیش لە ئازارەکەی ناگەن. ئەم دۆخەی نامۆبوون لە ئەنجامی دابڕانی مرۆڤ لە جەوهەری خۆی چەکەرە دەکات. هەندێک لە دەروونناسان نامۆبوون بۆ چەند لایەنێک دابەش دەکەن: هەستکردن بە بێدەسەڵاتی، بێمانایی، بێپێوەری، گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و، نامۆبوون لە خود. کارەکتەری ڕۆمانی “وێڵی” تەواوی ئەم پێنج لایەنەی تێدا بەرجەستە بووە، بە تایبەتی گۆشەگیری و نامۆبوون لە خود کە پاڵی پێوە دەنێت بەرەو ناو وێڵگەکەی.[4] کەواتە زیندانەکەی ناو ڕۆمانەکە تەنیا چوار دیوار نییە، بەڵکو ئەو چاوانەن کە بێبەزەیییانە خوێنی تاک دەمژن و ئۆقرەی لێ دەبڕن. کۆمەڵگە بە یاسا و نەریتەکانیەوە گەورەترین بکوژی داهێنانە و، هەر تاکێک بیەوێت لەم ڕێسایە لا بدات یان دەبێت شێت ببێت، یان خۆی لەناو هەڵهاتن و دوورەپەرێزیدا ون بکات.
لایەنی ئەدەبی و هونەریی ڕۆمانەکە
ئەگەر بمانەوێت بزانین نووسەر چلۆن ئەم بارە گرانەی خستووتە سەر قاقەز، دەبێت بڕوانینە تەکنیکەکانی گێڕانەوە. “دلاوەر ڕەحیمی” لەم دەقەدا پەیڕەوی لە گێڕانەوەی کلاسیک و هێڵی ڕاستەوخۆ نەکردووە، بەڵکو تەکنیکی “تەوژمی هۆش” و خۆدوێنیی ناوەکیی بە کار هێناوە. ئەم شێوازەیش بۆ خۆی بۆ خوێنەر قورسە و ڕەنگە بگاتە ئاستی ئازاردانی خوێندنەوەیی. واتە خوێنەر بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە ئازار بدرێت. بیرکردنەوەکانی کارەکتەرەکە پچڕپچڕن، باز دەدەن لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر، لە یادەوەرییەکی مناڵییەوە بۆ ئازارێکی هەنووکەیی. ئەمەیش زۆر بە وردی وێنەی دەروونێکی پارچەپارچەبوومان بۆ دەکێشێت. مێشکی کارەکتەرەکە ئۆقرەی لێ بڕاوە و، وشەکان وەک خوێنی برینێکی کراوە دەچۆڕێنە سەر پەڕەکان. ویلیام جەیمس کە یەکەم جار چەمکی “تەوژمی هۆش”ـی لە دەروونناسیدا بە کار هێنا و، دواتر ڕۆبێرت هەمفری لە ڕەخنەی ئەدەبیدا پەرەی پێ دا، پێیان وایە ئەم تەکنیکە تاکە ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی ئەو ئاژاوە و جەنجاڵییەی وا لە ناخ و نائاگاییی مرۆڤدا هەیە. هەمفری ڕوونی دەکاتەوە کە تەکنیکی تەوژمی هۆش لۆگیکی کات و شوێن تێک دەشکێنێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ڕەوتی بیرکردنەوەی خاوی کارەکتەرەکەوە پێش ئەوەی لە لایەن لۆگیک یان سانسۆری کۆمەڵایەتییەوە ڕێک بخرێتەوە.[5] ئەمەیش ڕێک ئەو کارەیە کە دلاوەر ڕەحیمی لە “وێڵی”ـدا دەیکات.
ئەم تەکنیکە تاکە ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی ئەو ئاژاوە و جەنجاڵییەی وا لە ناخ و نائاگاییی مرۆڤدا هەیە.
لە پاڵ ئەم تەکنیکەدا یەکێک لە بەهێزترین کۆڵەکەکانی ئەم ڕۆمانە بەکارهێنانی “دەقئاوێزان”ـە. نووسەر دیوەخانێکی گەورەی لەناو دەقەکەیدا چێ کردووە کە تێیدا دەنگەکان و ئازارەکان تێکەڵ بە یەکتر دەبن. لە لایەکەوە گۆرانیی ڕەسەنی کوردی (دەنگی حەسەن زیرەک و عەلی مەردان و قادر دیلان) وەک ئامڕازێک بۆ دەربڕینی ئەو حەسرەت و دوورەپەرێزییە بە کار دەهێنێت. گۆرانییەکانی زیرەک لێرەدا تەنیا بۆ کاتبەسەربردن نین، بەڵکو ئەوانیش بەشێکن لە لاواندنەوەیەک بۆ نەتەوەیەک و تاکێکی وێڵ. ئەو کاتەی کارەکتەرەکە گوێ لەو دەنگانە دەگرێت، دەیەوێت ئەو ئازارەی بە زمان ناگەیەنرێت، لە ڕێگەی ئاوازەوە وەگوێزێت بۆ ناوەوەی خۆی. لە لایەکی ترەوە نووسەر زۆر وەستایانە ئاماژە بە گەورەنووسەرانی جیهان دەکات. وەک ئەوەی بیەوێت بڵێت ئازاری مرۆڤ لە هەر کوێیەک بێت یەک شتە. کاتێک ئاماژە بە “کافکا” دەکرێت، ڕاستەوخۆ نامۆبوون و گۆڕان بۆ مێروویەک (لە ڕۆمانی گۆڕان) یان دادگاییکردنێکی بێهۆکار (لە ڕۆمانی دادگا)مان دێتەوە یاد. کاتێک ناوی “دۆستۆیڤسکی” دەهێنرێت، مرۆڤی ژێرزەمین (لە ڕۆمانی یاداشتە ژێرزەمینییەکان) و ئەو ئازارە دەروونییە قووڵەمان بۆ بەرجەستە دەبێت کە تاک لە ململانێی نێوان تاوان و سزادا (لە ڕۆمانی تاوان و سزادا) دەیچێژێت. “ڤێرجینیا وۆڵف”ـیش هێمایە بۆ ئەو شەپۆلە بێ ئۆقرەیەی ناخ و ئەو مەرگە تراجیدییەی کە لە ئەنجامی بەرگەنەگرتنی قورساییی ژیانەوە دێتە ئاراوە. جولیا کريستێڤا پێی وایە هیچ دەقێک بە تەنیا لە ئارادا نییە، بەڵکو هەموو دەقێک مۆزایکێکە لە وەرگرتن و گۆڕینی دەقەکانی تر. کریستێڤا دەیسەلمێنێت کە دەقئاوێزان تەنیا ئاماژەپێدان نییە، بەڵکو چۆنیەتیی کارلێکی دەقەکانە لەگەڵ یەکتر.[6] لە “وێڵی”دا دەقەکانی کافکا و گۆرانییەکانی زیرەک لەناو یەکتردا دەتوێنەوە و دەبنە یەک هاواری هاوبەش دژی ئەو کۆمەڵگەیەی کە تاکەکانی دەچەوسێنێتەوە. بەم شێوەیە، “وێڵی” تەنیا چیرۆکێکی سادە نییە، بەڵکو کارگەیەکی گەورەی هونەرییە کە تێیدا وشەکان، ئاوازەکان و، یادەوەرییەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆز تێکەڵ کراون تا تابلۆیەکی ڕاستەقینەی ئەو وێڵگەیەمان بۆ بکێشن کە مرۆڤ تێیدا گیری خواردووە.
زایەڵەی دەقەکە
لە باسەکانی پێشوودا چون ڕێبوارێک بەناو داڵانە تاریکەکانی دەروون و زیندانە پاناپتیکۆنەکەی کۆمەڵگەدا گوزەرمان کرد. دیتمان کە چلۆن تاوان و تەوس و لاقرتێی کۆمەڵگە تاکیان بەرەو دوورەپەرێزی و هەڵهاتن لە خەڵک پاڵ ناوە. لێرەدا دەڕوانینە ئەو قوتابخانە هزری و ئەدەبییەی کە ڕۆمانی “وێڵی” تێیدا لە دایک بووە و، ئەو بەهایەی کە ئەم دەقە بۆ خەرمانەی ئەدەبیاتی کوردی چێی کردووە. ئەگەر بە وردی سەرنجمان بخەینە سەر ڕۆمانی “وێڵی”، دەبینین کە ئەم دەقە لە یەک کاتدا هەڵگری تایبەتمەندییەکانی هەبوونگەرایی (ئێگزیستانشیاڵیزم)/بێمانایی و پۆستمۆدێرنیزمە. لە ڕوانگەی هەبوونگەرایییەوە دەقەکە هاوارێکە لە دژی “بێمانایی”. کارەکتەری ڕۆمانەکە وەک پاڵەوانەکانی ئەلبێر کاموو و ژان پۆل سارتر لە پڕێکدا خۆی لەناو جیهانێکدا دەبینێتەوە کە هیچ پاساوێکی لۆگیکی بۆ هەبوونی نییە. ئەو دەبینێت کە ژیان لەسەر ئەم زەویە تەنیا پاتەوپاتبوونەوەیەکی بێمانایە، وەک سیزیف کە بەردێک دەباتە سەر کێو و دواتر بەردەبێتەوە خوارێ و دیسانەوە هەمان کار. کۆمەڵگە و ئەو گرۆ و پێڕەی کە دەوروبەری کارەکتەرەکەیان داوە، لە گوێن ئاژەڵێکی دەسەمۆ تەنیا بە دوای بژیوی ڕۆژانە و نانپەیداکردندا وێڵن، بەبێ ئەوەی یەک پرسیاری قووڵ لەسەر هەبوون و مەرگ بکەن. کارەکتەرەکە کە ناتوانێت ئەم بێمانایییە قبووڵ بکات، تووشی دڵتێکەڵهاتنێکی هزری دەبێت و وێڵگەیەک بۆ خۆی ساز دەکات تا لەوێدا مانایەک بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە. لە “وێڵی”دا دروستکردنی وێڵگە/داڵان و قسەکردن لەگەڵ “تۆ”دا ڕێک ئەو یاخیبوونەیە کە کارەکتەرەکە لە دژی وشکی و قاقڕیی دەروونی خەڵکی کۆمەڵگە دەینەخشێنێت. لە لایەکی ترەوە، دەقەکە بە تەواوی سەر بە قوتابخانەی پۆستمۆدێرنیزمە. لە ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرندا هیچ هەقیقەتێکی ڕەها، هیچ پاڵەوانێکی تەواو و، هیچ گێڕانەوەیەکی هێڵی و ڕێکخراو لە ئارادا نییە. ژان فرانسوا لیۆتار دەڵێت پۆستمۆدێرنیزم بریتییە لە “نەمانی متمانە بە گێڕانەوە گەورەکان”. لەم ڕۆمانەدا گێڕانەوە گەورەکانی وەک (ئایین، نەریت، خێزان، زانستی پزیشکی) هەموویان داڕماون و شکستیان هێناوە لەوەی ئاسوودەیی و ئارامی بە تاک ببەخشن. هەروەها، دابەشبوونی کەسایەتی بۆ “من” و “تۆ” و، بەکارهێنانی دەقئاوێزان (تێکەڵکردنی کافکا، ڤێرجینیا وۆڵف، حەسەن زیرەک)، تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە. لیۆتار دەسەلمێنێت کە لە سەردەمی پۆستمۆدێرندا زانست و نەریت ناتوانن ئیتر مرۆڤ ڕزگار بکەن، بۆیە تاک پەنا دەباتە بەر یارییە زمانەوانییەکان و دروستکردنی گێڕانەوەی بچووک و کەسی. وێڵگەکەی دلاوەر ڕەحیمی ڕێک نموونەی ئەو گێڕانەوە بچووکەیە کە تاک لەسەر وێرانەی گێڕانەوە گەورەکانی کۆمەڵگە دروستی کردووە.[7]
ڕۆمانی “وێڵی” هەوڵێکی گەورەی دەروونییە لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا. ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە گەورەترین شەڕ ئەو شەڕەیە کە لەناو داڵانەکانی مێشکی تاکدا ڕوو دەدات.
ڕۆمانی “وێڵی” هەوڵێکی گەورەی دەروونییە لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا. ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە گەورەترین شەڕ ئەو شەڕەیە کە لەناو داڵانەکانی مێشکی تاکدا ڕوو دەدات. ئەم ڕۆمانە نیشانی دەدات کە تاکی کورد لەناو شارەکانی خۆیدا، لەژێر دەستی خزم و مامۆستا و و پارێزەر و  پزیشک و سیاسییەکانی خۆیدا، چۆن دەچەوسێتەوە و چۆن خوێنی لێ دەچۆڕێت. نووسەر بە زمانێکی بەژان ئەو پەردەیە لا دەدات کە ئەدەبیاتی کلاسیک بەسەر برینە دەروونییەکانی تاکدا کێشابووی. بە بڕوای من ئەوەی لەم دەقەدا ڕوو دەدات و لە کۆمەڵگەی کوردیدایە، لە کۆمەڵگەکانی دیکەی جیهاندا هەیە، چونکە ئازارەکەی ئازارێکی جیهانییە؛ ئازاری مرۆڤی هاوچەرخە لە بەردەم مەکینەی بێبەزەییی ژیاندا. لە ڕۆمانی “وێڵی”دا ململانێی نێوان “من” و “تۆ” بەرجەستەبوونی فرەدەنگییەکە کە تێیدا هیچ کام لە دەنگەکان ناتوانن بەسەر ئەوی تردا زاڵ ببن. میخائیل باختین کاتێک باس لە فرەدەنگی دۆستۆیڤسکی دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە پاڵەوانی مۆدێرن پاڵەوانێکە هەمیشە لەگەڵ خۆیدا لە گفتوگۆ و ململانێدایە و، هەرگیز کۆتاییی نایەت. باختین پێی وایە کە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا نووسەر دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر کارەکتەرەکاندا نییە، بەڵکو کارەکتەرەکان خۆیان خاوەنی دەنگ و بیروباوەڕیای خۆیانن.[8]
عەلائەدین سەجادی لە ڕشتەی مرواریدا دەگێڕێتەوە دەڵێت: “کابرایەکی کورد گایەکی بۆ قوربانی کڕیبووەوە، سەیری کرد گاکە زۆر لەڕە. گوتی: ئەم گایە لەسەر ئەم جادە پانە ناڕوات، ئەی لەسەر پردی سیڕات چۆن دەڕوات؟” حاڵی کارەکتەری ڕۆمانی “وێڵی”ـیش ڕێک وایە. ئەو تاکەی کە لەسەر ئەم زەمینە پان و بەرینە لەناو ئەم کۆمەڵگەیەدا جێگەی نابێتەوە و ناتوانێت بڕوات، چۆن دەتوانێت لەسەر پردی سیڕاتی مێشک و دەروونی خۆی بە بێوەیی تێ بپەڕێت؟ ڕۆمانی “وێڵی” لە نووسینی “دلاوەر ڕەحیمی”، تەنیا کتێبێک نییە بیخوێنینەوە و بیخەینە سەر ڕەفەی بیرچوونەوە، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە هەموومان وێنەی خۆمانی تێدا دەبینین. نووسەر توانیویەتی بە زمانێکی ڕەوان و پڕ لە کارزانی ئەو خوێنە بنووسێتەوە کە لە دڵی تاکێکی یاخییەوە دەڵێت. کارەکتەر لەم دەقەدا وەک لە تاریکیدا وێڵە، بڕوای نەهێنا بەو درۆیانەی کە جیهان پێی دەفرۆشتن، بۆیە هەڵیبژارد لەناو داڵانی خۆیدا ون ببێت، نەک ببێتە ئاژەڵێک لەناو مێگەلی زۆرینەدا.
قەیرانی کات و شوێن
عەلائەدین سەجادی دەگێڕێتەوە دەڵێت: “ساڵێک بوومەلەرزەیەک لە پێنجوێنی دا، کابرایەکی ترسنۆک بە پیاوێکی گەورەی گوت: ‘ڕەنگە لە بوومەلەرزەکە زۆر ترسابێتی و لەرزیبێتی؟’ کابرا گوتی: ‘بەڵێ، بەڵام زەوییەکە لە منیش و لە تۆیش زیاتر ترسا و لەرزی.’ ئەم نەزیلەیە ڕێک گوزارشتە لە حاڵی کارەکتەری “من/تۆ” لە ڕۆمانی “وێڵی”دا. ئێمە لە بەشەکانی پێشوودا باسی لەرزینی کارەکتەرەکەمان کرد لە بەردەم کۆمەڵگەدا، وەلێ باسمان لەوە نەکرد کە چۆن خودی ئەو “زەمینە”، ئەو “کاتە” و، ئەو “زمانە”ی کە کارەکتەرەکەی تێدا دەژی لە بنەڕەتەوە لەرزيوە و داڕماوە. کاتێک مرۆڤ تووشی ئازارێکی بەسوێ دەبێت، تەنیا مێشکی تێک ناشکێت، بەڵکو هەموو پێوەرەکانی گەردوون لە چاویدا وێران دەبن.
لە ڕوانگەی هزری و ئەدەبییەوە یەکێک لە گرنگترین ئەو بابەتانەی کە دەبێت لەسەر ڕۆمانی “وێڵی” باس بکرێت، تێکشکانی چەمکی “کات” و “شوێن”ـە. خوای بێنیاز کاتێک ئەم زەوییەی ئافراند، شەوی بەسەر ڕۆژدا هەڵکێشا و خۆر و هەیڤی خستە کار تا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێن و بچن، بەڵام لەناو “وێڵگە”کەی دلاوەر ڕەحیمیدا ئەم سیستمە یەزدانییە نییە. شوێنەکە (وێڵگە/داڵان) شوێنێکی بەرجەستە نییە کە بتوانیت بە هەنگاو بیپێویت، هەروەها کاتیش لەوێدا هێڵێکی ڕاست نییە کە لە ڕابردووەوە بڕوات بەرەو داهاتوو. لەناو مێشکی کارەکتەرە شیزۆفرینییەکەدا کات وەک بازنەیەک دەسووڕێتەوە. یادەوەرییەکی تاڵی منداڵی ڕێک لە هەمان چرکەدا ڕوو دەدات کە ئازارێکی هەنووکەیی دڵی دەگوشێت. باختین پێی وایە لە هەر دەقێکی ئەدەبیدا کات و شوێن پێکەوە گرێ دراون و “کات-شوێن”ـێک پێک دەهێنن کە بڕیار لەسەر جۆری گێڕانەوەکە دەدات. لە دەقە دەروونییەکانی وەک “وێڵی”دا کات-شوێنەکە “داخراو و چەقبەستووە”، واتە کارەکتەرەکە لە زیندانێکی کات و شوێندایە کە تێیدا هیچ پێشکەوتنێک ڕوو نادات و هەموو چرکەکان تەنیا پاتەوپاتبوونەوەی یەک ئازارن.[9] ئەم تێکشکانی کاتە دەبێتە هۆی ئەوەی کارەکتەرەکە هەست بە ئاسوودەیی نەکات. ئەو ناتوانێت بڵێت “سبەینێ باشتر دەبێ”، چونکە لەناو وێڵگەدا “سبەینێ” لە ئارادا نییە. هەر بۆیە کاتێک گوێ لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک دەگرێت، ئەو دەنگە لە ڕابردووەوە نایەت، بەڵکو لەناو خودی ئێستای کارەکتەرەکەدا دەزێت و دەبێتە بەشێک لەو سەرەنجامەی کە تێیدا دەژی. شوێنەکانی دەرەوەیش (وەک شەقامەکان، نەخۆشخانە، ماڵ) هەموویان دەبنە زەمینێکی قاقڕ کە هیچ پشت و پەنایەکیان بۆ ئارامی تێدا نەماوەتەوە.
قەیرانی زمان و بێدەنگی وەک یاخیبوون
بابەتێکی تری زۆر گرنگ کە لەم ڕۆمانەدا پێویستە بە قووڵی شی بکرێتەوە، ململانێی کارەکتەرەکەیە لەگەڵ “زمان”ـدا. گوتراوە: “قسە بیگێژە، بیبێژە، بیوێژە!” بەڵام چی ڕوو دەدات کاتێک وشەکان توانای گوزارشتکردنیان لە دەست دەدەن؟ کاتێک زمان دەبێتە ئامڕازێک بە دەست گرۆ و خەڵکەوە بۆ تەوس و سەرکوتکردن؟ لە ڕۆمانی “وێڵی”ـدا کارەکتەری “من” وردەوردە متمانەی بە زمان نامێنێت. ئەو دەبینێت کە پزیشکەکە، مامۆستاکە و، خزمەکان هەموویان بە زمانێک قسە دەکەن کە پڕە لە درۆ و دووڕوویی. زمانی کۆمەڵگە زمانێکە بۆ دەستەمۆکردنی وڵسات و مرۆڤە گوێڕایەڵەکان چێ کراوە، نەک بۆ دەربڕینی ئەو دوورەپەرێزییەی کە لە ناخی کەسێکی یاخیدا هەیە. بۆیە کارەکتەرەکە پەنا دەباتە بەر “بێدەنگی/کڕبوون” یان قسەکردن لەگەڵ “تۆ”یە خەیاڵییەکەیدا لەناو وێڵگەدا. ئاخر ئەو لە کۆمەڵگە دوور کەوتووەتەوە بۆ ئەوەی مل بە یاساکانیان نەدات، چونکە زمان بەشێکە لە یاسای کۆمەڵگە بۆیە وازی لە زمانی ئەوان هێناوە و زمانێکی تایبەت بە خۆی (وەک مۆنۆلۆگەکانی ناو وێڵگە) دروست دەکات کە بۆ کۆمەڵگە بێمانایە، بەڵام بۆ خودی کەسەکە تەنیا ڕێگەی مانەوەیە. بۆیە، ئەو تەوژمی هۆشەی کە نووسەر لە دەقەکەدا بە کاری هێناوە، تەنیا تەکنیکێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو بەرجەستەبوونی شکستی زمانە. ڕستەکان پچڕپچڕن، خاڵبەندییەکان تێک دەشکێن و، وشەکان وەک خوێنی برینێک بەسەر پەڕەکاندا دەڕژێن. کارەکتەرەکە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم زمانە تێکشکاوەوە ئەو زیندانە بڕووخێنێت کە پێی دەگوترێت “لۆگیک”. بێدەنگیی ئەو لە ئاست دەرەوە و، هاوارەکانی لە ناوەوە گەورەترین یاخیبوونە دژی ئەو کۆمەڵگەیەی کە دەیەوێت بە زۆر بیهێنێتە قسە و بیخاتە سەر ڕێگەی ڕاستەڕێی مێگەلەکە.
جەستە وەک زەمینێکی قاقڕ و گۆڕەپانی ئازار
لایەنێکی دیکەی ڕۆمانەکە کە زۆر گرنگە تیشکی بخرێتە سەر، پەیوەندیی کارەکتەرەکەیە بە “جەستە”ی خۆیەوە. لە ڕۆمانی “وێڵی”ـدا جەستە ئامادەیییەکی تۆقێنەری هەیە. مرۆڤ کاتێک تووشی ئازاری دەروونی دەبێت، ئازارەکە تەنیا لە مێشکیدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەگوێزرێتەوە بۆ ناو خانە بە خانەی جەستەی. لە دەقەکەدا دەبینین کە جەستەی کارەکتەرەکە وەک زەمینێکی قاقڕ و بێبەرهەمی لێ هاتووە. ئەو هەست بە قورساییی لەش، سڕبوون و، ماندووێتییەکی ئەزەلی دەکات کە هیچ خەو و حەسانەوەیەک ناتوانێت ساڕێژی بکات. کۆمەڵگە دەیەوێت جەستەی ئەم تاکە چون ئامێرێک بۆ بەرهەمهێنان و پەیداکردنی بژیو بە کار بهێنێت، ڕێک وەک ئەو ئاژەڵانەی کە بار دەکێشن و دەچەوسێنرێنەوە، لێ کارەکتەرەکە بە نەخۆشکەوتنی دەروونی و جەستەیی ڕەتی دەکاتەوە ببێتە ئەو ئامێرە. جەستە هەر قەپاغێک نییە کە گیانی تێدا بێت، کاتێک کۆمەڵگە و دەوروبەر دەبێتە مایەی هەڕەشە و تەوس، جەستە خۆی دادەخات و دەبێتە قەڵغانێک یان زیندانێک. لە حاڵەتی ترۆما و خەمۆکیدا جەستە هەستەکانی لە دەست دەدات و دەبێتە تەنێکی قورس و بێمانا و خاوەنەکی هەست بە بوونی ناکات. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو کاتەی کارەکتەرەکە لەناو وێڵگەدا گوێ لە مۆسیقا دەگرێت یان بیر لە مەرگ دەکاتەوە، ئەو دەیەوێت لەو جەستە چۆڵ و قاقڕە ڕزگاری ببێت. گەرەکیەتی ببێتە گیانێکی پەتی، یان ببێتە شەپۆلێکی دەنگ کە لەناو هەوادا بڵاو دەبێتەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە هیچ پاڵپشتێکی گۆشت و ئێسقان هەبێت. ئەم ململانێیە لەگەڵ جەستەدا ڕۆمانەکە دەباتە ئاستێکی بەرزی هزری کە تێیدا مەرگ تەنیا کۆتایی نییە، بەڵکو تاکە دەریچەیە بۆ ڕزگاربوون لەو قورسایییەی کە کەوتووەتە سەر شانی مرۆڤ.
عەلائەدین سەجادی دەڵێت: “ئەدەب پەردەی ژیانی کۆمەڵە کە شانبەشانی هاتووەتە خوارەوە، ژیری و زەینی پیشان دەدات، ڕابواردن و هەڵسووکەوتیان دەخاتە ڕوو.” دلاوەر ڕەحیمی لەم ڕۆمانەدا تەنیا پەردەی لەسەر ژیانی کۆمەڵ لا نەداوە، بەڵکو ئەو پەردەیەی دڕاندووە. ئەو پێمان دەڵێت کە ئەم کۆمەڵگەیە بەم هەموو فیز و لووتبەرزییەیەوە لەسەر چ زەمینێکی بوور و بێبەر و پڕ لە تاوان دامەزراوە. کارەکتەری “من/تۆ” گەرچی لە چاوی گرۆی مەردمەوە کەسێکی وێڵ و تێکشکاوە، وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت ئەو تەنیا کەسە کە خاوەنی دیتنێکی ڕاستەقینەیە. ئەو ئامادە نییە بژیو و نانی خۆی بە خواردنەوەی ئەو ئاوە لێڵە پەیدا بکات وا کۆمەڵگە بۆی ڕشتووە. ئەو دەزانێت کە “ئاو بتبات لە پردی نامەرد مەپەڕێرەوە”، بۆیە پێی باشترە لەناو گۆمە قووڵەکەی وێڵگەی دەروونیدا بخنکێت، نەک لەسەر پردی درۆ و دووڕووییی کۆمەڵگە بپەڕێتەوە.
[1] Freud, Anna, The Ego and the Mechanisms of Defense, London: Karnac Books, 1993, p. 45
[2] Laing, R.D., The Divided Self: An Existential Study in Sanity and Madness, London: Penguin Books, 1965, p. 82
[3]  فوکو، میشل، مراقبت و تنبیه: تولد زندان، ترجمه نیکو سرخوش و افشین جهاندیده. تهران: نشر نی، ١٤٠١
[4]  شاخت، ريتشارد، الاغتراب، ترجمة كامل يوسف حسين، بيروت: المؤسسة العربية للدراسات والنشر، 1980.
[5]  بۆ زانیاریی زیاتر لەم بارەیەوە سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:
بیات، حسین، انتشارات علمی و فرهنگی، ١٣٨٧
[6]  بۆ زانیاریی زیاتر سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:
نامور مطلق، بهمن، درآمدی بر بینامتنیت: نظریه‌ها و کاربردها، تهران: انتشارات سخن، ۱۳٩٤
[7]  بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرنەوە بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:
ليوتار، جان فرانسوا، الوضع ما بعد الحداثي: تقرير عن المعرفة، ترجمة أحمد حسان، القاهرة: دار شرقیات للنشر والتوزيع، ١٩٩٤.
[8]  Bakhtin, Mikhail, Problems of Dostoevsky’s Poetics, translated by Caryl Emerson, Minneapolis: University of Minnesota Press, 1984
[9]  هەمان سەرچاوەی پێشوو.
The post لە وێڵگەی دەروونەوە بۆ زیندانی کۆمەڵگە: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “وێڵی”ـی “دلاوەر ڕەحیمی” appeared first on ژنەفتن.
لەنێوان ئامۆژگاری و ئاماژەدا
لەنێوان ئامۆژگاری و ئاماژەدا
(لە ڕۆژنامەی هەولێردا چۆن باسی شیعر کراوە و چۆنیش نامەکەی من شێوێنراوە؟)
کاروان کاکەسوور
لەم کتێبەدا هەوڵم داوە ڕووبەڕووی نووسینێکی (ئارام کۆشکی)ی ئەندامی (ڕۆژنامەی هەولێر) ببمەوە، کە لەژێر ناونیشانی (نەسیحەتنامەی شاعیران… چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە پرسی شاعیربوون)دا بڵاوی کردووەتەوە. ماوەی پێشوو نامەیەکم بۆ شاعیران نووسی و ناوم نا (تێپەڕاندنی خود و واقیعی باو لە ڕێی وێنەی شیعرییەوە). لەو نامەیەدا بۆچوونی خۆمم لەبارەی چەمکی شیعرەوە خستووەتە ڕوو و ئاماژەم بە هەندێک خەسڵەتی شیعری ئەم نەوانەی دوای نەوەی ڕاپەڕین کردوون. (کۆشکی) وەک ئەوەی ڕاهاتووە لەم بارەیەوە چەند دێڕێکی ساکاری بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک نووسیون و کۆمەڵێک تۆمەتیشی داونەتە پاڵم. ئایا یەک دێڕیشی لەبارەی شیعرەوە نووسیوە؟ ئینجا وێنەیەکی ناشیرینیان کێشاوە، گۆیە هیی منە. ئایا بەو مەبەستە کێشاویانە، تا لەو ڕێیەوە سۆزی ئەو جەماوەرە ڕابکێشن و فریویان بدەن؟ ئایا دەیانەوێت بڵێن ئەوەی بەم شێوەیە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، کەسێکە و پێوەندیی بە دنیای ئەدەب و هزرەوە نییە، بەڵکوو ئەمانەی گوتوون، تا لە بیری خەڵک نەچێتەوە؟
ڕووبەرگی ٢٥ەمین کتێبی ئەلیکترۆنی ژنەفتن
نزیکەی دە ساڵە لەم ڕۆژنامەیەدا جنێوم پێ دەدات و سووکایەتیم پێ دەکات، تەنیا لەبەر ئەوەی بۆچوونی جیاوازم دەربڕیوە. پێم وایە ئەو خوێنەرانەی ئاگایان لە بەرهەمەکانمە، دەزانن نە ڕستەیەکی زبرم لە نووسینەکانمدا بە کار هێناوە و نە بە لای کەسێتیی یەک نووسەریشدا چووم، بەڵام هێندە هەیە ئازادانە بۆچوونم دەربڕیوە و هەوڵم داوە چەمکەکان لێک بدەمەوە. هەندێکیانم لە شێوەی نامەدا بۆ نووسیوە و تێیاندا بەوپەڕی ڕێزەوە ناویم هێناوە، چونکێ لای من تا ئەم ساتەیش ململانێیەکە تەنیا پێوەندیی بە تێگەیشتنی جیاوازەوە هەیە، دەنا کەسێتیی ئەوم تێکەڵی بابەتەکە نەکردووە، بە مەرجێ ئەو هەمیشە ڕووی لە خۆم بووە و وەک بابەتێکی کۆمەڵایەتی لە ململانێیەکەی ڕوانیوە، بۆیە پەنای بردووەتە بەر جنێو، توانج، بوختان و هیی دیکەی لەم شێوەیە. دیارە وەک لە کتێبەکەیشدا گوتوومە هیچ گلەیییەکم نە لە (کۆشکی) هەیە و نە داوا لە ڕۆژنامەکەیشیان دەکەم دەست هەڵبگرن، بەڵکوو هیوادارم بەردەوام بن، چونکێ من خۆم ئەم بەریەککەوتنە بە گرنگ دەزانم و هەوڵ دەدەم لەو ڕێیەوە پێشانی خوێنەری بدەم ئەو ئاڕاستەیە تا چ ئەندازەیەک میلـلییە. هاوکات دەمەوێت ئاستێکی دیکەی جیاوازی زمان و تێگەیشتن بخەمە ڕوو، بەو مانایەی تێکڕای ئەو چەمکانە هەڵدەگرمەوە، کە فڕێ دراون، تا بۆ ڕاڤەی هەر یەکێکیان چەند سەرچاوەیەکی هزری و ئەدەبی بپشکنم. ئەگەر (کۆشکی) ئەوە چەند ساڵە ئەم ڕۆژنامەیەی کردووەتە سەکۆیەک و لێیەوە پەلاماری کەسێتیم دەدات، بێ ئەوەی تا ئەم ساتەیش نموونەیەکی لە وتارێکم وەرگرتبێت، ئەوە من نەک تیشک دەخەمە سەر تێکڕای ئەم نووسینەی، بەڵکوو هەر لێرەدا کەموزۆر بە لای هەندێک وتاری تریشدا دەچم، کە هەر لەم ڕۆژنامەیەدا بڵاو کراونەتەوە.
ئەگەر ڕووم لە (ڕۆژنامەی هەولێر)ـە، لەبەر ئەوەیە (کۆشکی) ئەندامیەتی، دەنا دەزانم نووسەر خۆی لە ناوەرۆکی نووسینی بەرپرسیارە. لە پێشەکیی کتێبەکەدا زیاتر لەوە دواوم.
ئەگەر (کۆشکی)، یان هەر کەسێکی دی لەبارەی ئەم کتێبەوە سەرنجێکی هەیە و دەیەوێت بۆچوونی جیاواز بخاتە ڕوو، ئەوە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە گوێی لێ دەگرم و ئامادەی گفتوگۆم.
کاروان کاکەسوور
ماڵپەڕی ژنەفتن ئەم کتێبەی وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاو کردووەتەوە، دەتوانن لە سەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب) داوەنلۆدی بکەن.
The post لەنێوان ئامۆژگاری و ئاماژەدا appeared first on ژنەفتن.
ئاردی ناو دڕکی مێژوو؛ لە هەڵوەشانەوەی باوکەوە بۆ هەرەسی یادەوەری
کاتێک دەقێکی چڕی وەک ڕۆمانی “ناوی خۆیان بیر نەماوە”ی “ئارام محەممەد” دەخوێنمەوە، ڕاستەوخۆ خۆم لە بەردەم تاقیگەیەکی گەورەی دەروونی-کۆمەڵایەتیدا دەبینمەوە کە تێیدا جەستە دەبێتە دەق و یادەوەری دەبێتە زیندان. ئەم ڕۆمانە تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکێکی سادە نییە، بەڵکو هەڵکۆڵینێکی شوێنەوارناسانەیە لە ناوچە تاریکەکانی دەروونی مرۆڤی کورددا لە دوای کارەساتە گەورەکان. نووسەر لێرەدا بە زمانێکی هێمن بەڵام پڕ لە مانا کایەی “بوونی مرۆڤ” و “ناونان” تێکەڵ دەکات و دەمانخاتە ناو پرسیارێکی قووڵەوە: ئایا مرۆڤ بەبێ یادەوەری و بەبێ ناو دەتوانێت خاوەنی “بوون” بێت؟
ڕووبەرگی ڕۆمانی (ناوی خۆیان بیر نەماوە)، ئارام محەمەد، وەشانی نووسیار، ٢٠٢٥
ونبوونی ناسنامە لە تەمومژی ترۆماکانی مێژوودا
ڕۆمانی “ناوی خۆیان بیر نەماوە” لە ڕووی بنیادییەوە لەسەر تەوەری “تیشکی شکاو” کار دەکات؛ واتە گێڕانەوەیەک کە نایەوێت ڕاستەوخۆ ڕاستییەکانمان پێ بڵێت، بەڵکو لە ڕێگەی وردەشووشەی یادەوەرییەکانەوە دیمەنەکانمان بۆ دەسازێنێت. لە ڕوانگەی پۆستستراکچەریزمەوە، “ناو” تەنیا نیشانەیەک نییە بۆ ئاماژەدان بە کەسێک، بەڵکو ناو ماڵێکە بۆ نیشتەجێبوونی بوون. کاتێک کارەکتەرەکانی ئارام محەممەد ناوی خۆیان بیر دەچێتەوە، ئەمە تەنیا نەخۆشییەکی کلینیکی نییە وەک ئەوەی کە پێی دەگوترێت لەبیرچوونەوە (Amnesia)، بەڵکو جۆرێکە لە “نامۆییی بوون” و ونبوونی مێژووە لەناو تەمومژی لەبیرچوونەوەدا. نووسەر لێرەدا تەکنیکی “پێکهاتەی بازنەیی” و “پچڕانی کاتی” بە کار هێناوە بۆ ئەوەی خوێنەر هەست بەو سەرگەردانییە بکات کە سەلمـا، تابان، بوشرا و مستەفا تێیدا دەژین. ڕاستییەکەی، ئەم ڕۆمانە وەک ئاوێنەیەکی شکاو وایە؛ هەر پارچەیەکی چیرۆکی یەکێک لەم کەسایەتییانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ کام لەم پارچانە وێنەیەکی تەواومان پێ نادەن، چونکە خودی “ناسنامە” لەم ژینگەیەدا پارچەپارچە بووە. وەک دەبینین، بوشرا لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا لە بەردەم باڵەخانەیەکی بەرزدا ناوی خۆی بیر دەچێتەوە، ئەمە لووتکەی تێکشکانی منی بیرکەرەوەی بڕیاردەرە لە بەردەم بنیادە گەورەکانی دەسەڵات و مێژوودا. لێرەدا دەتوانین بڵێین ئارام محەممەد لەژێر کاریگەریی فەلسەفەی وجودی و بەتایبەت چەمکی “نامۆبوون”ی سارتەر و کامۆدایە، بەڵام بە بەرگێکی کوردی و لەناو جەرگەی کارەساتی ئەنفالدا.
لە ڕوانگەیەکی فێمینیستییەوە، ڕۆمانەکە جەستەی ژن وەک جەستەی نەتەوە نیشان دەدات کە دوچاری توندوتیژی و سڕینەوە بووەتەوە. سەلما کە منداڵەکەی لە باوەشدایە و لە زیلەکەدا دانیشتووە، یان تابان کە بە دەست ژانەسەر و یادەوەریی برا و مێردە ونبووەکەیەوە دەناڵێنێت، تەنیا کارەکتەری ناو چیرۆک نین، بەڵکو “مێتافۆر”ی مێژوویەکی بێدەنگکراون. نووسەر تەکنیکی “خۆدوێنی(مۆنۆلۆگ)ـی ناوەکی” بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بە کار هێناوە بۆ ئەوەی نائاگاییی ئەم ژنانە دەربخات. ژن لێرەدا ئەو بوونەوەرەیە کە قورساییی هەموو ونبووەکان هەڵدەگرێت؛ ئەوان ناوی ونبووەکانیان لە بیرە بەڵام ناوی خۆیان لە بیر دەچێتەوە، ئەمەیش قوربانیدانێکی تراجیدییە کە تێیدا “خود” دەبێتە قوربانی بۆ پاراستنی “یادەوەریی ئەوی تر”. ئارام محەممەد بە توانیویەتی جەستەی ژن لە خودێکی سێکسی یان کۆمەڵایەتییەوە بگۆڕێت بۆ “گۆڕستانێکی گەڕۆک” کە ئیسکوپرووسکی مێژووی تێدا نێژراوە. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە سیمۆن دو بوڤوار وەک تێکشکانی بنیادی جێندەری لەناو توندوتیژیدا باسی لێوە دەکات. لێرەدا “ناو” دەبێتە بارێکی گران، چونکە هەر ناوێک هەڵگری مێژوویەکی پڕ لە خوێنە، بۆیە “لەبیرچوونەوە” دەبێتە تاکە ڕێگەی مانەوە.
تەکنیکی گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا لەسەر بنەمای “فرەدەنگی” بنیاد نراوە، بەو مانایەی کە نووسەر ڕێگەی داوە بە هەموو دەنگەکان بێنە ناو کایەی گێڕانەوەوە. ئێمە تەنیا دەنگی گێڕەرەوەی هەمووشتزان نابیستین، بەڵکو دەنگی بوشرا، مستەفا، کاژین و تەنانەت دەنگە مۆتەکەیییەکانی ناو خەونەکانیشیان تێکەڵ دەبن. ئەم فرەدەنگییە خزمەت بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە دەکات، چونکە لە جیهانێکدا کە مرۆڤەکان ناوی خۆیان بیر نەماوە، ناتوانرێت تەنیا یەک گێڕانەوەی ڕەها هەبێت. ڕاستی لێرەدا پەرشوبڵاوە. ئارام محەممەد بە بەکارهێنانی “ڕیالیزمی دەروونی” توانیویەتی سنووری نێوان خەون و کەتوار (واقیع)، مەرگ و ژیان بپێچێتەوە. بۆ نموونە، ئەو دیمەنانەی کە تێیدا ئیسکوپرووسک و کەلوپەل و پاشماوەی مردووەکان لەگەڵ زیندووەکاندا قسە دەکەن، نیشانەی ئەوەیە کە لە مێژووی ئێمەدا مردووەکان هێشتا نەنێژراون و لەناو ماڵەکانماندا پیاسە دەکەن. ئەمە جۆرێکە لە “گۆتیکی کوردی” کە تێیدا ترس نەک لە جنۆکە و شەیتان، بەڵکو لەو ڕابردووەیە وا نایەوێت کۆتاییی بێت. نووسەر لێرەدا زۆر بە وردی “کات”ـی تێک داوە؛ کات لێرەدا هێڵیی نییە، بەڵکو بازنەییە و هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ ساتەوەختی “ترۆماکە”.
لایەنێکی تری بەهێزی ئەم دەقە بەکارهێنانی “سیمبولیزمی شوێن”ـە. ماڵە کرێچییەکان، شووقەکانی ئیسکان، بیابانەکانی سەماوە و، ئەو باڵەخانە بەرزە بێدەنگەی کۆتایی، هەموویان ئاماژەن بۆ بێشوێنی. مرۆڤی کورد لەم ڕۆمانەدا “کۆچەرییەکی دەروونی”ـیە؛ تەنانەت کاتێک لەناو ماڵی خۆیشیدایە هەست بە بێگانەیی دەکات. ئارام محەممەد لێرەدا بە شێوازێکی مارکسییانە ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن پەیوەندییە ئابووری و چینایەتییەکان (وەک کێشەی کرێچێتی و هەژاری) قورساییی ترۆماکە دووهێندە دەکەن. مستەفا کە دەیەوێت ئۆتۆمبێلێکی بچووک دروست بکات یان ئەو کەسانەی خەریکی بازرگانیی ئیسکوپرووسکن، نیشاندەری ئەو کۆمەڵگە شێواوەن وا تێیدا تەنانەت کارەساتەکانیش دەبنە کاڵا. ئەم ڕۆمانە ڕەخنەیەکی توندە لەو سیستمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی مرۆڤی کردووە بە “ژمارە” و “ناسنامەی بایۆلۆجی” و ڕێز لە “ناو” و “بوونی مرۆیی” ناگرێت. لێرەدا فۆرم و ناوەڕۆک بە جۆرێک یەکیان گرتووە کە زمانە پچڕپچڕەکە بووەتە ئاوێنەی ژیانە پچڕپچڕەکە.
ئارام محەممەد بووەتە دەنگی ئەو کەسانەی کە مێژوو زمانەکەی لێ بڕیون. ئەو بە بەکارهێنانی تەکنیکی “تاریک-ڕوون” لە وەسفەکانیدا جەستەی مرۆڤ و ژینگەی دەوروبەری بە جۆرێک کێشاوە کە خوێنەر هەست بە خنکان دەکات. ئەمە خاڵی هێزی ڕۆمانەکەیە؛ گواستنەوەی هەستی “خنکان” لە کارەکتەرەوە بۆ خوێنەر. بەڵام لە هەمان کاتدا هەندێک جار درێژدادڕی لە خۆدوێنییەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی ڕیتمی ڕووداوەکان خاو ببنەوە کە ئەمەیش دەکرێت وەک خاڵێکی لاواز لە ڕووی “تەکنیکی بیناکردنی درامی”ـیەوە ببینرێت. هەر ئەوەیش وای لە من کرد بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە قەبارە بچووکە کاتێکی زۆرم پێ بچێت.
زمانی بێدەنگی لەنێوان فەزای بیابان و تەلارە بەرزەکاندا
ئارام محەممەد لەم دەقەدا جەستەی کارەکتەرەکانی کردووە بە تەختەیەکی سپی کە مێژوویەکی ڕەش و پڕ لە برینی لەسەر دەنووسرێتەوە. لێرەدا ئێش و ئازار تەنیا دیاردەیەکی جەستەیی نین، بەڵکو زمانێکی جێگرەوەن بۆ ئەو وشانەی کارەکتەرەکان ناتوانن یان ناوێرن دەریانببڕن. کاتێک تابان دوچاری ژانەسەرێکی بێوچان دەبێت، یان لەیلان هەست دەکات مارێک لەناو سەریدا گینگڵ دەدات، لێرەدا جەستە دەبێتە “هۆکاری بوون لە جیهاندا”. لەم ڕۆمانەدا جەستەی مرۆڤی کورد “هەوێنی ئێش”ـە. ئەوانەی لە بیابانەکانی سەماوە گەڕاونەتەوە یان ئازیزێکیان لەوێ ون بووە، جەستەیان وەک ئامێرێکی تۆمارکەر کار دەکات. لەبیرچوونەوەی ناوەکان لە ڕاستیدا “کۆچکردنی مانا”یە لە زمانەوە بۆ ناو دەمار و خانەکانی لەش. نووسەر بە لێهاتوویییەوە نیشانمان دەدات کە چۆن ترۆما لەناو کایەی زماندا جێگەی نابێتەوە، بۆیە دەبێتە پەڵەی ڕەش لەسەر پێست، دەبێتە لەرزین و دەبێتە ئەو بێدەنگییە ترسناکەی کە بوشرا و کارەکتەرەکانی تری تێدا نوقم بوون. ئەم ڕەوتە جۆرێکە لە گۆڕینی وزەی دەروونی بۆ نیشانەی جەستەیی تا کەسەکە لە تەقینەوەی دەروونی بپارێزێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم پاراستنە دەبێتە هۆی داخورانی بوونی کەسەکە.
تەکنیکی گێڕانەوە لە بەشی دووەمی ڕۆمانەکەدا زیاتر بەرەو “هاونیشتمانیبوونی وڕێنە و کەتوار” دەچێت. نووسەر لێرەدا فەزایەکی وەها دەسازێنێت کە تێیدا سنووری نێوان ژووری ماڵەکان و بیابانی سەماوە دەسڕێتەوە. بیابان لێرەدا تەنیا شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو “مێتافۆر”ی نەمانی مانا و سەرگەردانییە. ژیلان و بوشرا کاتێک سۆراخی ئیسکوپرووسکی ونبووەکانیان دەکەن، لە ڕاستیدا بە دوای پارچەکانی خۆیاندا دەگەڕێن. گێڕانەوەکە لێرەدا لەسەر بنیادی “تارمایی” کار دەکات؛ مردووەکان وەک “تارمایی” ئامادەن و ڕێگە نادەن زیندووەکان بە ئارامی بژین. بازرگانیکردن بە ئیسکوپرووسکی مردووەکانەوە کە بورهان زنجاری نوێنەرایەتیی دەکات، نیشاندەری داڕمانی بەها مرۆیییەکانە لەژێر سایەی سیستمێکی سەرمایەداریی دڕندە و مێژوویەکی خوێناویدا. نووسەر لێرەدا بە زمانێکی پڕ لە ئیدیۆم و کینایە، باس لەو “ئاردی ناو دڕک”ـە دەکات کە ژیانی کارەکتەرەکانی پێ دەگوزەرێت. هەموو شتێک لێرەدا ساختەیە؛ تەنانەت ئەو ناسنامە و ناوانەی حکومەت بۆ ونبووەکانی دروست دەکات، تەنیا بۆ داپۆشینی تاوانە گەورەکانە. ئەم بێباکیەی دەسەڵات بەرانبەر بە “ناو” و “ڕاستی” دەبێتە هۆی ئەوەی کارەکتەرەکان متمانەیان بە خودی “ڕاستی” نەمێنێت و پەنا بەرنە بەر جیهانی خەون و وڕێنە. لێرەدا تەکنیکی “پارچەپارچەکردنی گێڕانەوە” دەبێتە ئاوێنەی ژیانە پارچەپارچەکەیان.
لە ڕووی بنیادی تەلاری ڕۆمانەکەوە شوێن ڕۆڵێکی کارا و درامی دەبینێت. باڵەخانە بەرزە بێدەنگەکە لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا کە بوشرا تێیدا زیندانی دەکرێت یان خۆی تێدا دەبینێتەوە، هێمایەکی قووڵی “نامۆبوونی شارستانی”ـیە. ئەم باڵەخانەیە بەبێ مەسعەد و بە پلیکانە شکاوەکانیەوە هێمای ئەو “هەڵکشانە ئەستەمە”یە کە مرۆڤی کورد بۆ گەیشتن بە ناسنامەیەکی جێگیر دەبێت بیبڕێت. ئارام محەممەد لێرەدا فەزایەکی “کافکایی” دەئافرێنێت؛ شوێنەکان تەڵەن، دەرگاکان کڵۆم دراون و کەس ناچێتە ژوورەوە یان نایەتە دەرەوە. جیاوازیی نێوان “ماڵ” و “زیندان” لەم ڕۆمانەدا نامێنێت. هەر شوێنێک کە یادەوەریی تێدا بێت، دەبێتە زیندان. نووسەر بە لێهاتوویییەوە تەکنیکی “وەسفی وردی میکرۆسکۆپییانە”ی بەکار هێناوە، بۆ نموونە کاتێک باس لە تۆزوخۆڵی سەر ئاوێنەکان، یان ئەو موورووانە دەکات کە لە ملی ژنەکاندا وەک “چاوەزار” بەستراون، دەیەوێت بڵێت ژیان لەم وردەکارییە بچووکانەدا کۆ بووەتەوە، نەک لە درووشمە گەورەکاندا. ئەم شێوازی نووسینە کە لە ڕێژەییبوونی کەتوار دەدوێت، لە ڕەخنەی پۆستمۆدێرنیزمدا وەک “گومانکردن لە گێڕانەوە مەزنەکان” دەبینرێت. لێرەدا هیچ گێڕانەوەیەکی مەزنی نەتەوەیی یان دینی ناتوانێت چارەسەری ئازاری بوشرا و کاژین بکات.
یەکێکی تر لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ڕۆمانەکە پەیوەندیی نێوان “ناو” و “دین و ئەفسانە”یە. چیرۆکی مەرقەدی “شێخ بەهادین” کە لە بنەڕەتدا گۆڕهەڵکەنێک بووە و بە هەڵکەوت کراوە بە پیر و پیاوچاک، ڕەخنەیەکی توند و ژیرانەیە لە بنیادی پیرۆزیی ساختە لە کۆمەڵگەدا. نووسەر لێرەدا نیشانمان دەدات کە چۆن کۆمەڵگە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە گەورەیەی کە ترۆما درووستی کردووە، پەنا بۆ درووستکردنی ئەفسانە دەبات. لە جیهانێکدا کە باوکەکان و مێردەکان بێسەروشوێنن، مرۆڤەکان پێویستیان بە “باوکێکی پیرۆز” هەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو باوکە گۆڕهەڵکەنێکی بکوژیش بێت. ئەمە جۆرێکە لە “ئایدیۆلۆجیای قەرەبووکەرەوە” کە تێیدا مرۆڤ بۆ ئەوەی لە شێتی ڕزگاری ببێت، باوەڕ بە درۆیەکی پیرۆز دەهێنێت. نووسەر لێرەدا تەکنیکی تەنزی بە شێوەیەکی کاریگەر بە کار هێناوە؛ تابان کە جگەرە دەکێشێت و بە دوای ڕاستیدا دەگەڕێت، تەنیا کەسە کە دەزانێت بنچینەی ئەو پیرۆزییە چییە، بەڵام بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. ئەم بێدەنگییە “بێدەنگییەکی گەورە”یە کە هەموو جومگەکانی ڕۆمانەکەی تەنیوە. زمان لێرەدا ناتوانێت باری ڕاستی هەڵبگرێت، بۆیە کارەکتەرەکان ناچارن لەناو “کۆلاژ”ی یادەوەرییەکانیاندا بژین.
لە ڕووی زمانەوانییەوە ئارام محەممەد خاوەنی ستایلێکی تایبەتە کە دەتوانین ناوی بنێین “زمانی داڕماو”. ڕستەکان لێرەدا کورتن، پچڕپچڕن و زۆر جار بە پرسیار کۆتایییان دێت. ئەمەیش ڕێک گوزارشتە لەو دۆخە دەروونییەی کە کارەکتەرەکانی پێیدا تێ دەپەڕن. نووسەر توانیویەتی فۆرمی گێڕانەوە لەگەڵ ناوەڕۆکەکەدا یەک بخات. لەبەر ئەوەی ژیانەکان پچڕاون، زمانەکەیش نابێت ڕەوان و یەکپارچە بێت. بەڵام وەک لایەنێکی لاواز، هەندێک جار نووسەر دەکەوێتە داوی “دووبارەکردنەوەی وەسفەکان” کە دەکرێت خوێنەری ئاسایی ماندوو بکات. بۆ نموونە، وەسفی دۆخی ژانەسەر و شێواوی لە چەندین شوێندا بە هەمان شێواز پاتەوپات دەبنەوە کە دەکرا بە تەکنیکی تر یارییان پێ بکرێت. سەرەڕای ئەوەیش، توانای نووسەر لە ئافراندنی وێنەی مێتافۆریی وەک “سندووقی سوور” یان “پێڵاوە دزراوەکان” لەناو خەوندا دەقەکەی لە ئاستێکی ئەدەبیی بەرزدا هێشتووەتەوە. ئەم وێنانە دەبنە کلیلە-هێما بۆ تێگەیشتن لە نائاگاییی نەتەوەییی ئێمە. ئێمە نەتەوەیەکین کە هەمیشە پێڵاوەکانمان لێ دەدزرێت یان لە دوای ئیسکوپرووسکەکانمان دەگەڕێین بەبێ ئەوەی بزانین بۆ کوێ دەچین.
“ناوی خۆیان بیر نەماوە” تەنیا ناونیشانێک نییە، بەڵکو بانگەوازێکی بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی “خود” لە دوای هەرەس. نووسەر نیشانمان دەدات کە “ناو” کاتێک دەسڕێتەوە، مرۆڤ دەبێتە “تەنی وێڵ” لەناو فەزایەکی بێمانادا.
هەڵوەشاندنەوەی بنیادی خێزان لەژێر سێبەری مێژوویەکی سەربڕاودا
لێرەدا پێویستە سەرنج بخەینە سەر چەمکێکی زۆر گرنگی ئەدەبیاتی ترۆما کە ئەویش “پاش-یادەوەری” (Postmemory)یە. ئارام محەممەد لێرەدا وێنەی نەوەیەکمان بۆ دەکێشێت (مستەفا، بوشرا، کاژین) کە خۆیان ڕاستەوخۆ کارەساتە گەورەکانی وەک ئەنفایان نەبینیوە، بەڵام بە دەست “یادەوەرییە بەجێماوەکان”ـی دایک و باوک و نەنکەکانیانەوە دەتلێنەوە. ئەم نەوەیە پەیوەندییان لەگەڵ ڕابردوودا نەک لە ڕێگەی “بیرهاتنەوە”وە، بەڵکو لە ڕێگەی “خەیاڵکردن و وێنەگرتن”ـەوە دروست دەبێت. مستەفا کە سیمای کتومت لە باوکی دەچێت، ئەوەی ڕاستی بێت “شوێنگرەوەیەکی جەستەیی”ـیە بۆ باوکێکی ونبوو کە مێژوو ڕێگەی نەداوە ببێتە خاوەنی گۆڕێک. لێرەدا نووسەر تەکنیکی “ئاوێنەیی”ـی بە کار هێناوە. کارەکتەرەکان وەک ئاوێنەیەک کار دەکەن کە وێنەی ونبووەکان تێیاندا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام ئەم ڕەنگدانەوەیە ئازاربەخشە، چونکە “خود”ی کارەکتەرەکە لەناو وێنەی “ئەوی تر”دا دەسڕێتەوە. ئەم پەیوەندییە پڕ لە کێشمەکێشە دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەی نوێ هەمیشە هەست بە قەرزاری بکات بەرانبەر بە ڕابردوویەک کە هیی ئەوان نییە، بەڵام وەک مۆتەکە باڵی بەسەر داهاتوویاندا کێشاوە. گێڕانەوەکە لێرەدا دەبێتە جۆرێک لە هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسیی دەروونی کە تێیدا هەر پارچە دەستنووسێکی ژیلان یان هەر وێنەیەکی کۆنی سوڵتان نەراف دەبێتە بەڵگەیەک بۆ تاوانێکی بەردەوام.
لایەنێکی تری بنیادیی ئەم ڕۆمانە کە بە تەکنیکی “دەق لەناو دەقدا” ناسراوە، لە ڕێگەی باوڵە پڕ لە دەستنووسەکەی ژیلانەوە دەردەکەوێت. ژیلان وەک کارەکتەرێک کە خۆی دەکوژێت یان لەناو ئازاردا ون دەبێت، جێگەی “ئەرشیڤپارێز”ی خێزان دەگرێتەوە. ئەو دەستنووسانەی کە مستەفا و بوشرا دەیاندۆزنەوە، گێڕانەوەیەکی تری مێژووە کە لە پەراوێزی گێڕانەوە فەرمییەکاندایە. نووسەر لێرەدا دەیەوێت بڵێت ڕاستی تەنیا لەناو کاغەزە هەڵگیراوەکاندا دەدۆزرێتەوە. ئەم تەکنیکە جۆرێکە لە “کۆکردنەوەی پاشماوەکان” بۆ دروستکردنی مانا لەناو کاولکاریی پاش کارەساتدا. نووسەر لێرەدا زۆر بە وردی کار لەسەر بنیادی “خێزانی تێکشکاو” دەکات. پەیوەندیی نێوان بوشرا و نوورا (خەسووی) تەنیا کێشەیەکی خێزانیی باو نییە، بەڵکو ململانێی دوو جۆر لە ترۆما و دوو جۆر لە بێدەنگییە. نوورا کە ناوی خۆی گۆڕیوە و مێژوویەکی پڕ لە نهێنیی هەیە، نوێنەرایەتی ئەو ڕابردووە دەکات کە نایەوێت ڕاستییەکان بدرکێنێت، لە بەرانبەریشدا بوشرا نوێنەرایەتیی ئەو نەوەیەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەی “ناونان و نووسینەوە”وە خۆی ڕزگار بکات. لێرەدا زمان دەبێتە چەکێک بۆ شەڕی نێوان “شاردنەوە” و “ئاشکراکردن”. ئەو “ئاردی ناو دڕک”ـەی کە تابان باسی دەکات، ڕێک مێتافۆری ئەو ڕاستییەیە وا دەرکردنی لە دەمی کارەکتەرەکان وەک بریندارکردنی جەستەیە.
لە ڕوانگەیەکی ئابووریی کۆمەڵناسییەوە ڕۆمانەکە تیشک دەخاتە سەر دیاردەیەکی مەترسیدار کە ئەویش “بازرگانیکردنە بە کارەسات”ـەوە. بورهان زنجاری کە کارەکتەرێکی ڕەش و مۆتەکەئامێزە، هێمای ئەو چینەیە لەناو جەرگەی خوێن و ئەنفالدا ئیسکوپرووسکی مردووەکانیان کردووە بە کاڵا. ئارام محەممەد لێرەدا ڕەخنەیەکی توند لە “ئاکاری مێژوویی” دەگرێت؛ چۆن دەکرێت نەتەوەیەک بۆ دۆزینەوەی باوکی خۆی، پارە بداتە بکوژەکان؟ ئەمە ئەو “کۆمیدیا ڕەشە”یە کە ژیانی کارەکتەرەکانی تەنیوە. مستەفا و بوشرا کە پەنا دەبەنە بەر زنجاری بۆ دۆزینەوەی ئیسکوپرووسکی باوکیان، لە ڕاستیدا دەچنە ناو کایەیەکی مارکسییانەوە کە تێیدا “هەستی مرۆیی” وەک دراو دەبێتە “بەهای ئاڵوگۆڕ”. بەشی دووەمی ڕۆمانەکە لە ڕووی تەکنیکییەوە لە نیشاندانی “داڕمانی بەهاکان”ـدا زۆر سەرکەوتووە. نووسەر بە زمانێکی پڕ لە توانج و پلار باس لەو دوکانی ئیسکوپرووسکانە دەکات کە لە شاردا کراونەتەوە. لێرەدا “ئێسک” تەنیا پاشماوەیەکی بایۆلۆجی نییە، بەڵکو “ناسنامەیەکی کڕدراوە”. ئەمە جۆرێکە لە بەبتکردنی کاڵا کە تێیدا مرۆڤی ونبوو دەبێتە کاڵایەکی گرانبەها بۆ دەوڵەمەندکردنی تاوانبارەکان. ئارام محەممەد لێرەدا پەردە لەسەر برینێکی قووڵی کۆمەڵایەتی لا دەدات کە تێیدا قوربانی ناچارە داوای یارمەتی لە جەلاد بکات بۆ ئەوەی پارچەکانی خۆی کۆ بکاتەوە.
یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی ڕۆمانەکە تەکنیکی “گێڕانەوەی سینەمایی”ـیە لە وەسفکردنی دیمەنەکانی نەخۆشخانە و بیاباندا. نووسەر وەک کامێرایەک دەچێتە ناو وردەکاریی پێستی سووتاو، چاوی کێمگرتوو و، ئەو بۆنە تیژانەی کە لەناو داڵانەکانی نەخۆشخانەی کۆماریدا پەنگیان خواردووەتەوە. ئەم وەسفە میکرۆسکۆپییە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر “ترس” تاقی بکاتەوە، نەک تەنیا بیخوێنێتەوە. ئەم شێوازە لە ڕەخنەی ئەدەبیدا بە “ئیستێتیکای قێزەون” ناسراوە. لێرەدا جوانی لە وەسفکردنی ناشرینییەکاندایە تا ڕاستییە تراجیدییەکە بە تەواوی بگات. بۆ نموونە، کاتێک تابان باس لەو پیاوە بێدەستە دەکات هەنار دەفرۆشێت، نووسەر لێکچوواندنێکی قووڵ بۆ “کەمئەندامیی مێژوویی” دەسازێنێت. ئێمە نەتەوەیەکی بێدەستین کە هەنارەکانمان (خەونەکانمان) لێ دەڕژێت و ناتوانین کۆیان بکەینەوە. هەروەها بەکارهێنانی “ڕەنگەکان” (سپێتیی کراسەکەی حوسێن بەرانبەر بە ڕەشیی عەباکەی بوشرا) جۆرێک لە دژەیکیی بینایی دروست دەکات کە ململانێی نێوان هیوا و بێهیوایی نیشان دەدات. بەڵام لە هەمان کاتدا خاڵێکی لاوازی ئەم بەشە ئەوەیە کە هەندێک جار نووسەر ئەوەندە دەچێتە ناو وردەکاریی “ئازار”ەوە کە جڵەوی گێڕانەوەی گشتیی لە دەست دەردەچێت و دەقەکە بەرەو “ڕاپۆرتێکی پزیشکی” دەڕوات، هەرچەندە ئەمەیش دەکرێت وەک تەکنیکێک بۆ “ئیفلیجکردنی خوێنەر” ببینرێت.
دەبێت ئاماژە بە بنیادی “خەونە مۆتەکەیییەکان” بکەین کە وەک تانوپۆی ڕۆمانەکە کار دەکەن. خەون لێرەدا تەنیا پشوویەکی کارەکتەرەکان نییە، بەڵکو “کایەیەکی جێگرەوەی ڕاستی”ـیە. لە جیهانێکدا کە ڕاستی لێڵە، خەونەکان ڕاستگۆترن. بوشرا کە لەناو باڵەخانە بەرزەکەدا خەون بە پێڵاوە دزراوەکانیەوە دەبینێت، لە ڕاستیدا باس لە “دەستبەسەرداگرتنی داهاتوو” دەکات. ئارام محەممەد لێرەدا دەیەوێت نیشانمان بدات کە چۆن ترۆما وەک “گرێیەکە” کە هەرگیز ناکرێتەوە. ئەم ڕۆمانە ئاوێنەی باڵانوێنە بۆ ئەو کەسانەی کە “ناوی خۆیان بیر نەماوە” بەڵام “ئازاری خۆیان لە بیرە”.
زمان وەک دوا سەنگەری بوون لە بەردەم هەڵوەشانەوەی مێژووییدا
ئێستا دەگەینە خاڵی وەرچەرخانە گەورەکە کە تێیدا هەموو هێڵە درامییەکان لەناو فەزایەکی کۆتاییی دنیایانە و مۆتەکەئامێزدا یەک دەگرنەوە. دیمەنی باڵەخانە بەرزە بێدەنگەکە لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا کە بوشرا تێیدا وەک زیندانییەک یان وەک سێبەرێکی وێڵ دەردەکەوێت، لووتکەی گوزارشتکردنە لە “بێشوێنیی مۆدێرنە”. ئەم باڵەخانەیە بەو پەنجەرە کراوە تاقانەیەی کە ڕووناکیی تێدایە، نوێنەرایەتیی جۆرێک لە زیندانی خڕ دەکات وەک ئەوەی میشێل فوکۆ باسی لێوە دەکات؛ شوێنێک کە تێیدا دەسەڵات نادیارە بەڵام چاودێریی هەموو جومگەکانی ژیان و یادەوەری دەکات. بوشرا کە بە کوتەکێکی ئاسن پلیکانەکان دەشکێنێت، لە ڕاستیدا خەریکی “هەڵوەشاندنەوەی بنیادی کات”ـە. شکاندنی پلیکانەکان لێرەدا لێکچوواندنێکی قووڵە بۆ پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ سەرەوە (داهاتوو) و خوارەوە (ڕابردوو). نووسەر لێرەدا نیشانمان دەدات کە مرۆڤ کاتێک ناسنامە و ناوی لێ زەوت دەکرێت، تەنیا لە ڕێگەی “تێکشکاندنی فۆرمەکان”ـەوە دەتوانێت هەست بە بوونی خۆی بکات. ئەم باڵەخانەیە هێمای ئەو “دیوارە بەرزە”یە وا لە نێوان مرۆڤی تێکشکاو و ڕاستیدا کێشراوە؛ شوێنێک کە تێیدا “هەموو ژنێک بچێتە ناوی، دەکوژرێت”، ئەمەیش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەو سنوورە قەدەغەکراوانەی مێژووی پیاوسالاری و سیاسی بۆ ژنی کورد کێشاویەتی.
دیمەنی کۆتاییی ڕۆمانەکە کە تێیدا بوشرا بەرانبەر بە چیاکان ڕادەوەستێت و ناوی خۆی بیر نەماوە، گوزارشتێکی بەهێزی “بوونناسی”ـیە. لێرەدا “ناو” کە مۆرکێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، دەسڕێتەوە و تەنیا “جەستە و دەنگ” دەمێننەوە. ئارام محەممەد لێرەدا تەکنیکی “کۆتاییی کراوە”ی بە کار هێناوە، بەڵام کراوەیییەک کە پڕە لە کێشکردنی مەرگ. بوشرا کاتێک دەڵێت “حەزم لە مردنە”، ئەمە نیشانەی بێهیوایییەکی سادە نییە، بەڵکو گەیشتنە بەو خاڵەی کە ژان پۆل سارتر وەک “دڵتێکچوون” لە بەردەم بوونێکی بێمانادا وەسفی دەکات. ئەو “پەڕۆ سپییە”ی کە لە لووتی بوشرا نزیک دەکرێتەوە تا بێهۆش ببێت، لێکچواندنە بۆ هەموو ئەو هەوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی بۆ “بێهۆشکردنی یادەوەریی نەتەوەیی” دەدرێن. بکوژەکان لێرەدا دەمامکدارن؛ ئەوان بێناون، چونکە بکوژ لە مێژوودا هەمیشە وەک سیستمێکی نادیار کار دەکات. نووسەر توانیویەتی “فەزای ترس” بە جۆرێک بنیاد بنێت کە سروشت (دارستان و چیا) ئیتر شوێنی پەناگە نین، بەڵکو دەبنە شایەتی کوشتارە نوێیەکان. ئەمە گەڕانەوەیەکی تراجیدییە بۆ “خاڵی سفر”ی مێژوو؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا مرۆڤ تەنیا بە قیژەکەی دەناسرێتەوە.
قیژەی کۆتاییی ڕۆمانەکە: “دایە…”، لووتکەی ئیستێتیکای دەقەکەیە. لە ڕوانگەی ڕەخنەی دەروونشیکارییەوە “دایە” تاکە وشەیە کە پێش “ناو” و پێش “زمان” دێت. ئەم وشەیە گەڕانەوەیە بۆ ناو “کایەی دایکانە” وەک ئەوەی یولیا کریستێڤا باسی دەکات. کاتێک بوشرا ناوی خۆی و ناوی مستەفا و هەموو ناوەکانی تری بیر دەچێتەوە، تەنیا ئەم وشەیە دەمێنێتەوە چونکە ئەمە وشەی “ڕەگ”ـە. ئەم قیژەیە کە “چیاوچیا دەڕوات”، تەنیا هاوارێکی سادە نییە، بەڵکو “دوا سەنگەری مانا”یە. ئارام محەممەد لێرەدا نیشانمان دەدات کە لە دوای هەڵوەشانەوەی هەموو بنیادە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و لەناو جەرگەی جینۆسایدێکی بەردەوامدا، زمان دەگەڕێتەوە بۆ شێوە سەرەتایییەکەی کە “دەنگ”ـە. ئەم قیژەیە “ئەرشیفێکی دەنگی”ـیە بۆ هەموو ئەو ئازارانەی لەناو ڕۆمانەکەدا باس کراون؛ قیژەی سەلما لەناو زیلەکەدا، قیژەی تابان لەناو نەخۆشخانەدا و، قیژەی ژیلان پێش خۆکوشتن. ئەم ڕۆمانە بە قیژەیەک کۆتاییی دێت کە دەنگدانەوەی هەموو ئەو بێدەنگییانەیە وا بە درێژاییی دەقەکە خوێنەریان خنکاندبوو. لێرەدا، نووسەر بە لێهاتووییەوە “فۆرم” (کۆتایییەکی کورت و خێرا) لەگەڵ “ناوەڕۆک” (هەرەسی کۆتایی) یەک دەخات.
هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییی گشتی بۆ ڕۆمانەکە دەری دەخات کە ئارام محەممەد توانیویەتی “زمانێکی نوێ بۆ ترۆما” بدۆزێتەوە. یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەم کارە دوورکەوتنەوەیە لە گێڕانەوەی کلاسیکی و ڕاپۆرتئاسا بۆ کارەساتی ئەنفال. دەبێت ئەوەیش بزانین کە ئەم تەکنیکی نووسینە هەم بۆ نووسەر و هەم بۆ خوێنەر ماندووکەرە. ئەو نەیویستووە مێژوومان بۆ بگێڕێتەوە، بەڵکو ویستوویەتی “کاریگەریی مێژوو لەسەر مێشکمان” نیشان بدات. تەکنیکی “پچڕانی کات و شوێن” و بەکارهێنانی “لێکچوواندنی جەستەی نەخۆش” وەک ئاوێنەی نیشتمان، ئەم ڕۆمانە دەباتە ڕیزی ئەدەبیاتی جیهانیی ترۆما (وەک کارەکانی پۆڵ سێلان یان “نازە (Beloved)”ی تۆنی مۆریسۆن). بەڵام لە هەمان کاتدا، وەک ڕەخنەیەک، دەکرێت بڵێین کە هەندێک جار “ناڕوونیی زیاد لە پێویست” لە پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکاندا (وەک پەیوەندیی مستەفا و بوشرا لە کۆتاییدا) دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر لەناو تەمومژی دەقەکەدا ون ببێت. هەروەها گۆڕانی ناوی کارەکتەرەکان (وەک گۆڕانی ناوی گوڵزار بۆ نوورا) ئەگەرچی لە ڕووی سیمبولییەوە مانای “سڕینەوەی ناسنامە” دەدات، بەڵام لە ڕووی تەکنیکییەوە هەندێک جار باری گێڕانەوەکەی قورس کردووە. سەرەڕای ئەم تێبینییانە، “ناوی خۆیان بیر نەماوە” دەقێکی بێوێنەیە لە ڕووی “قووڵاییی دەروونی” و “وێناکردنی ترس”ـەوە.
ڕۆمانی “ناوی خۆیان بیر نەماوە” هەڵگری پەیامێکی گەورەیە: “بیرچوونەوەی ناو” مەرگی مرۆڤ نییە، بەڵکو مەرگی ئەو سیستمەیە کە دەیەوێت مرۆڤ لەناو “ناوێکی دیاریکراو”دا کورت بکاتەوە. بوشرا کە لە کۆتاییدا “ناوی خۆی بیر نەماوە”، لە ڕاستیدا لە هەموو ئەو ناسنامە ساختانە ڕزگاری بووە کە مێژوو و خێزان و دەسەڵات بەسەریاندا سەپاندبوو. ئەو قیژەیە هیوایەکی تراجیدییە؛ هیوایەک کە تەنیا لەناو قوڵاییی ئازاردا لە دایک دەبێت. ئارام محەممەد بەم ڕۆمانە توانیویەتی بیسەلمێنێت کە ئەدەبیاتی کوردی دەتوانێت کار لەسەر “برینە جیهانییەکان” بکات و لە ناوچەییبوونی ڕووداوەکان دەربچێت بەرەو “ئاسۆیەکی مرۆییی فراوان”. ئەم ڕۆمانە وەک ئەو “سندووقە سوورە” وایە کە لە ناویدا ئیسکوپرووسکی یادەوەرییەکانمان هەڵگرتووە؛ خوێندنەوەی ئەم دەقە، وەک کردنەوەی ئەو سندووقەیە، پڕە لە بۆنی دیتۆڵ و خۆڵ و خوێن، بەڵام لە هەمان کاتدا پڕە لەو “ڕاستییە ڕووتە”ی کە تەنیا ئەدەبیاتی ڕاستەقینە دەتوانێت بەرەوڕوومان بکاتەوە. ئەم ڕۆمانە کۆتاییی ناوەکانە، بەڵام سەرەتای “دەنگ”ـە.
لە ئەرشیڤی وێنەکانەوە بۆ مۆسیقای بێدەنگی
لەم باسەدا پێویستە تیشک بخەینە سەر ڕەهەندێکی تری قووڵی ئەم ڕۆمانە کە لە باسەکانی پێشوودا کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە، ئەویش چەمکی “نامۆیی”ـیە. ئارام محەممەد لەم دەقەدا ژینگەی “ماڵ” و “شوێنە ئاشناکان” دەگۆڕێت بۆ شوێنی ترسناک و نامۆ؛ لێرەدا ماڵ ئیتر شوێنی حەوانەوە نییە، بەڵکو دەبێتە “مۆزەخانەی مۆتەکەکان”. کارەکتەرەکان کاتێک لە ئاوێنەدا سەیری خۆیان دەکەن، یان کاتێک مستەفا لەناو شووقەکەیدا هەست بە کرمەکان دەکات، ئێمە لە بەردەم تێکشکانی بنیادی “ئاشنابوون”ـداین. ڕاستییەکەی، ئەم نامۆیییە گوزارشتە لەو دۆخە دەروونییەی مرۆڤی تێکشکاوی کورد تێیدا دەژی؛ نیشتمانێک کە دەبوو “ماڵ” بێت، بووەتە “گۆڕستان”. نووسەر بە لێهاتوویییەوە تەکنیکی “ئیستێتیکای نامۆکردن”؟ی بەکار هێناوە؛ ئەو شتانەی کە ڕۆژانە دەیانبینین (وەک نان، قاپوقاچاخ، عەتر، وێنە)، لێرەدا دەبنە ئامێری گواستنەوەی ترس. بۆ نموونە، وێنەی سوڵتان نەراف کە لە پشت سەری منداڵەکانەوەیە تەنیا یادگارییەک نییە، بەڵکو “چاوێکی چاودێر”ە کە ناهێڵێت نەوەی نوێ بژین. مرۆڤی ئەم ڕۆمانە لە هیچ شوێنێکدا “لە ماڵی خۆی” نییە، چونکە یادەوەرییەکان ڕێگەی نادەن “ئێستا” ئەزموون بکات.
لایەنێکی تری زۆر گرنگی ڕۆمانەکە کە شایەنی شیکردنەوەی وردە، “پەیوەندیی مۆسیقا و دەنگ”ـە. نووسەر لە چەندین جێگەدا ئاماژە بە مۆسیقای سەنتوور و گیتار دەکات وەک دوو جەمسەری دەروونی. مۆسیقا لێرەدا وەک “چارەسەری ناتەواو” دەردەکەوێت؛ ئەگەر سەنتوور گوزارشت لە ڕابردوویەکی مەقامئامێز و غەمگین بکات، گیتارەکە لای مستەفا ئارەزوویەکە بۆ گەیشتن بە مۆدێرنە و دەربازبوون لە “گرێی باوک”. ئارام محەممەد بە لێهاتوویییەوە “هەستی بیستن”ـی کردووە بە بەشێک لە بنیادی گێڕانەوە؛ خوێنەر تەنیا وێنەکان نابینێت، بەڵکو گوێی لە “چرکەچرکی کاتژمێر”، “هاژەی زێ” و، “گڤەی بای بیابان” دەبێت. ئەم تەکنیکە کە بە “پەیمانی دەنگی” ناسراوە، وا دەکات ترۆماکە نەک هەر ببینرێت، بەڵکو هەستی پێ بکرێت. مۆسیقای حەمەساڵح دیلان کە تابان گوێی لێ دەگرێت، تەنیا گۆرانی نییە، بەڵکو “ئاوی دەروونی”ـیە بۆ شوشتنەوەی ئەو ژەنگەی ترۆما لەناو دەمارەکاندا دروستی کردووە. لێرەدا نووسەر دەیەوێت بڵێت کە لە کاتی نەمانی “ناو”دا “ئاواز” دەبێتە تاکە ناسنامەیەک کە مرۆڤ دەتوانێت تێیدا کڕ بکەوێت. مۆسیقا لێرەدا دەبێتە “کاتی ناوەکی” بەرانبەر بە “کاتی فیزیکی” کە پڕە لە کوشتار.
ڤێرجینیا وۆڵف لە ڕۆمانی “ژوورێک بۆ خۆت یان ژووری خودی خۆت (A Room of One’s Own)”ـدا داوای ژوورێکی سەربەخۆ دەکات بۆ ئەوەی ژن بتوانێت بنووسێت، بەڵام ژنانی ناو ڕۆمانی “ناوی خۆیان بیر نەماوە” تەنانەت لەناو ژوورەکانی خۆیشیاندا زیندانین. ئارام محەممەد لێرەدا یارییەکی ژیرانە بەم دەقە جیهانییە دەکات؛ ئەو نیشانمان دەدات کە “ژوورەکە” لای بوشرا و تابان نەک نابێتە مەڵبەندی داهێنان، بەڵکو دەبێتە “کۆگای ئیسکوپرووسکەکان”. ئەمە ڕەخنەیەکی بەهێزە لە بنیادی کۆمەڵایەتیی ئێمە کە تێیدا تەنیایی ژن هەمیشە وەک “شێتی” یان “تاوان” لێک دەدرێتەوە. نووسەر لێرەدا توانیویەتی نیشانمان بدات کە مێژووی ژنی کورد مێژوویەکی “پەراوێزخراوە” کە تەنیا لەناو دەستنووسە سووتاوەکانی ژیلاندا دەدۆزرێتەوە. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ ئەدەبیاتی جیهانی، ڕۆمانەکە لە دەقێکی ناوچەیییەوە دەگۆڕێت بۆ دەقێکی جیهانی کە لە ئازاری “بوون” دەدوێت.
لە ڕۆمانەکەدا بیابان و خۆڵ نوێنەرایەتیی سڕینەوە و هەڵلووشینی مێژوو دەکەن، لە کاتێکدا ئاسن (کوتەکەکە، ئۆتۆمبێلەکەی مستەفا، دەرگا کڵۆمدراوەکان) نوێنەرایەتیی هەوڵی مرۆڤ دەکەن بۆ مانەوە یان ڕووبەڕووبوونەوە. ئارام محەممەد جۆرە “فیزیکێکی دەروونی” دروست کردووە؛ کارەکتەرەکان هەمیشە لەنێوان “نەرمیی لم” کە دەیانشارێتەوە و “ڕەقیی پلیکانەکان” کە دەیانشکێنێت، لە هاتووچۆدان. ئەم ململانێ ماددییە ڕەنگدانەوەی ململانێی چینایەتی و سیاسییە لە کوردستان؛ نەتەوەیەک کە دەیەوێت لە “لم”ی مێژووەوە ببێتە “ئاسن”ـی دەوڵەت، بەڵام هەمیشە پلیکانەکانی لەژێر پێدا دەشکێن. نووسەر بە لێهاتوویییەوە تەکنیکی “لێکچوواندنی بنیادی” بە کار هێناوە؛ باڵەخانە بەرزەکە وەک “تەلارێکی بیابانی” وێنا کراوە، شوێنێک کە تێیدا تەکنەلۆجیا و مۆدێرنە (باڵەخانەکە) ناتوانن مرۆڤ لە بەربەریەت (کوشتن و ئەشکەنجە) بپارێزن. ئەمە ئەو خاڵەیە کە ئادۆرنۆ باسی دەکات کە چۆن مۆدێرنە دەبێتە جۆرێکی تری بەربەریەت ئەگەر لەسەر خوێن بنیاد بنرێت.
خاڵێکی تری هەرە سەرنجڕاکێش، “ئیستێتیکای وێنەی فۆتۆگرافی”ـیە لە ڕۆمانەکەدا. وێنەکان لە “ناوی خۆیان بیر نەماوە”دا تەنیا پارچە کاغەز نین، بەڵکو “بەڵگەی بوون”ـن. کاتێک کارەکتەرەکان چاویان لە وێنەی باوک یان مێردەکانیان دەبڕن، ئەوان خەریکی جۆرێک لە “جادووی ڕەش”ـن بۆ گەڕاندنەوەی مردووەکان. لێرەدا وێنە وەک ئەوەی ڕۆلان بارت باسی دەکات، خاوەنی “پونکتوم” (Punctum)ـە؛ واتە ئەو خاڵە وردەی کە لەناو وێنەکەدا دەچێتە ناو ڕۆحی بینەرەوە و برینداری دەکات. ملوانکەکەی ملی حوسێن لەناو وێنەکەدا، یان ئەو کچە پرچکورتەی لە پەنا وێنەکەی حوسێندایە، دەبنە هۆی دروستبوونی “گومانی مێژوویی”. نووسەر توانیویەتی وێنە بکاتە “دەقێکی هاوتەریب” کە مێژوویەکی جیاواز لەوەی دەسەڵات دەیگێڕێتەوە، پیشان بدات. لێرەدا وێنە تاکە شتە کە “ناو”ی تێدا پارێزراوە، بۆیە کاتێک بوشرا ناوی خۆی بیر دەچێتەوە، پەنا دەباتە بەر وێنەکان. ئەمە ململانێی نێوان “یادەوەریی بایۆلۆجی” (مێشک) و “یادەوەریی تەکنیکی” (وێنە و دەستنووس)ـە کە تێیدا مرۆڤی کورد بە هۆی ترۆماوە متمانەی بە مێشکی خۆی نامێنێت و تەنیا متمانە بە “پاشماوەکان” دەکات.
لە باسی ئەم ڕۆمانەدا دەبێت باس لە “پەیوەندیی نێوان سروشت و کارەسات” بکەین. ئارام محەممەد لەم ڕۆمانەدا سروشتی کوردستانی (چیا، دارستان، ڕووبار) وەک “ئەرشیڤێکی بێدەنگ” وێنا کردووە. چیاکان تەنیا پەناگە نین، بەڵکو ئەو شوێنەن کە “قیژەکان”ـیان تێدا حەشار دراوە. ئەو دیمەنەی کە تێیدا شۆفڵەکان خەریکی هەڵکەندنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانن لەناو دارستاندا نیشاندەری “دەستدرێژیی مرۆڤە بۆ سەر پیرۆزیی زەوی”. نووسەر بە زمانێکی پڕ لە جادووی وشە، باس لە “بۆنی لم” و “تامی خوێن” دەکات کە وا دەکات ڕۆمانەکە ببێتە ئەزموونێکی “هەستیی تەواو”. ئارام محەممەد لێرەدا وەک “شاعیرێکی کارەسات” دەردەکەوێت کە توانیویەتی بێهیوایی بکاتە کەرەستەیەک بۆ داهێنان. “ناوی خۆیان بیر نەماوە” تەنیا چیرۆکی چەند کارەکتەرێک نییە، بەڵکو مێژوویەکی نهێنیی نەتەوەیەکە کە لەناو “بێناونیشانی”ـدا بە دوای خۆیدا دەگەڕێت. نووسەر سەلماندوویەتی کە ڕاستی هەمیشە لەناو “درزەکان”ـدا نیشتەجێیە؛ لەناو ئەو وشانەی کە نەگوتراون و لەناو ئەو ناوانەی کە بیر چوونەتەوە. ئەم ڕۆمانە وەک ئەو قیژەیە وایە کە لە کۆتاییدا لە چیاکاندا دەنگ دەداتەوە؛ ڕەنگە کەس نەزانێت کێ قیژاندوویەتی، بەڵام هەمووان دەزانن کە “ئازارێک هەیە و کۆتاییی نایەت”.
تێپەڕین لە تراجیدیای ناوچەیی
پێویستە تیشک بخەینە سەر ڕەهەندێکی بابەتی و سیاسیی زۆر گرنگ کە ڕۆمانەکە دەباتە ناو کایەی بیرکردنەوەی جیهانییەوە، ئەویش چەمکی “ژیانی ڕووت”ـە کە جۆرجیۆ ئاگامبێن باسی دەکات. کارەکتەرەکانی ناو ئەم ڕۆمانە، بە تایبەت ئەوانەی لەناو “زیل”ـەکاندا بەرەو بیابان دەبرێن یان ئەوانەی لەناو شوێنە پەراوێزییەکانی شاردا ناوی خۆیان بیر دەچێتەوە، نوێنەرایەتیی ئەو مرۆڤە دەکەن وا لە “بوونی یاسایی و سیاسی” داماڵراوە و تەنیا “بوونی بایۆلۆجی”ـی ماوەتەوە. ئەم مرۆڤە ئاگامبێن ناوی دەنێت “مرۆڤی خوێنحەڵاڵ Homo Sacer”، ئەو کەسەیە کە دەکرێت بکوژرێت بەبێ ئەوەی بکوژەکەی وەک “تاوانبار” سەیر بکرێت. لە ڕۆمانەکەدا، سەلما یان ئەو منداڵەی لەسەر سنگی دایکی مردووی دەمێنێتەوە، وەک “ژیانێکی ڕووت” وێنا کراون؛ نیشتمان بۆ ئەوان بووەتە “ئۆردووگایەکی گەورە” کە تێیدا یاسا پەکی کەوتووە و تەنیا ویستی بکوژەکان حوکم دەکات. نووسەر بە زمانێکی پڕ لە ئیدیۆمی وەک “ژیانیان لێ بووە بە چەرمی چۆلەکە”، گوزارشت لەو ناسکی و بێپەنایییە دەکات کە مرۆڤی کورد لە بەردەم ماشینە گەورەکانی سڕینەوەدا هەیەتی. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە مێژووی ئێمە لە “مێژوویەکی مرۆیی”ـیەوە دەگۆڕێت بۆ “ئەرشیفێکی بایۆ-پۆلەتیکی” کە تێیدا مرۆڤەکان تەنیا ژمارە و پاشماوەی جەستەیین.
لایەنێکی تری بنیادی کە شایەنی باسە، تەکنیکی “تاریکاییی فەزا” و ململانێی نێوان “قووڵایی و بەرزایی”ـیە. ئارام محەممەد لەم ڕۆمانەدا دوو شوێنی دژبەیەک بە کار دەهێنێت: “زیل”ـەکە (کە ئاسۆیی دەڕوات و مرۆڤ بەرەو چاڵ و قووڵاییی بیابان دەبات) و “باڵەخانە بەرزەکە” (کە ستوونییە و بوشرا تێیدا هەوڵی هەڵکشان دەدات). ئەم دوو تەوەرە لێکچوواندنێکی قووڵی “جوگرافیای دەروونی”ـن. مرۆڤی ئەم ڕۆمانە یان لەناو قووڵاییی مێژوودا نێژراوە، یان لە بەرزاییی مۆدێرنەدا تووشی “سەرسووڕان” بووە. کاتێک بوشرا لە قاتی چواردەیەمی باڵەخانەکەدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوەی ڕاستی بێت، ئەو لە “بەرزایییەکی بێمانا”دایە؛ شوێنێک کە تێیدا پەیوەندیی لەگەڵ “زەوی” و “ڕەگ” پچڕاوە. ئەم “بێماناییی شوێنە” وای کردووە کە کارەکتەرەکان تەنانەت کاتێک ناوی خۆیشیان بیر دێتەوە، شوێنێک شک نەبەن تێیدا نیشتەجێ بن. نووسەر بە لێهاتوویییەوە تەکنیکی “پێکهاتەی ڕیشاڵی”ـی بە کار هێناوە، بەو مانایەی کە چیرۆکەکان سەر و بنێکی دیاریکراویان نییە، بەڵکو وەک تۆڕێکی ئاڵۆزی ڕیشاڵی لەژێر زەویی یادەوەریدا بە یەک دەگەنەوە.
لە ڕوانگەی “ئیستێتیکای پاشماوەکان”ـەوە کارەکتەری مستەفا و پرۆژە بچووکەکەی بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل، هێمایەکی قووڵی “هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی کات”ـە. مستەفا کە دەیەوێت شتێکی میکانیکی دروست بکات، ڕاستییەکەی دەیەوێت لەو “شێواوییە دەروونییە” ڕزگاری ببێت کە مێژووی باوکی بۆی بە جێهێشتووە. بەڵام وەک دەبینین، ئەویش لە کۆتاییدا لە ئەردەن دوچاری “هەرەس” دەبێت. ئەمە ئەو ڕەخنە بنیادییەیە کە ڕۆمانەکە لە “خەونی ڕزگاریی تەکنیکی” دەیگرێت. مرۆڤی کورد ناتوانێت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل یان بە سەفەرکردن بۆ دەرەوە لەو “سندووقە سوورە” ڕزگاری ببێت کە یادەوەرییەکانی تێدا نێژراوە. ئارام محەممەد لێرەدا بە زمانێکی پڕ لە مانا دەڵێت: “ئەو کەسەی ناوی خۆی بیر نەماوە، جیهانیش نایناسێتەوە”. ئەم ململانێیەی نێوان “خودی تێکشکا و” و “جیهانی بێدەنگ” لایەنێکی لاوازی کارەکتەرەکان پیشان دەدات کە ئەویش “نەبوونی ویستی گۆڕانکاری”ـیە، بەڵام ئەمە لاوازییەکی بەئەنقەستە کە نووسەر ویستوویەتی وەک نیشانەی ترۆما پیشانی بدات. کارەکتەرەکان لێرەدا وەک “بووکەڵەی دەستی قەدەر” دەردەکەون، ئەمەیش گەڕانەوەیە بۆ بنیادی تراژیدیا یۆنانییەکان لە بەرگێکی هاوچەرخدا.
یەکێکی تر لە بابەتە گرنگەکان “برین”ـە وەک نیشانە لە گێڕانەوەکانی تاباندا. تابان کە بەردەوام باس لە “سەرئێشە” و “مارەکەی ناو سەری لەیلان” دەکات، ڕاستییەکەی ئەوەیە خەریکی خوێندنەوەی “دەقی جەستە”یە. لێرەدا برین تەنیا شوێنەواری توندوتیژی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی زمانەوانییە. کاتێک کارەکتەرەکان وشەیان نییە بۆ وەسفی مێژوو، پەنا دەبەنە بەر نیشانە بایۆلۆجییەکان. ئارام محەممەد توانیویەتی زمانێکی نائاسایی بۆ کارەکتەرەکانی دابتاشێت؛ زمانێک کە تێیدا “بێدەنگی” لە “قسەکردن” بەهێزترە. ئەم تەکنیکە کە لای ساموێل بێکێت دەبینرێت، لێرەدا تەکنیکەکە کراوەتە کوردی؛ ئەو بێدەنگییە پڕە لە “هاواری نەبیستراو”. نووسەر بە لێهاتوویییەوە نیشانمان دەدات کە چۆن کۆمەڵگە لە ڕێگەی “نووشتە و نزا”وە دەیەوێت برینە مێژووییەکان سارێژ بکات، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە شکست دەهێنن، چونکە برینەکە لەناو “ناو”دایە، نەک لەناو “خوێن”ـدا. ئەم ململانێیەی نێوان “زانستی پزیشکی” و “جادووی کۆمەڵایەتی” یەکێکە لە تەوەره هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ڕۆمانەکە کە ئاماژەیە بۆ “قەیرانی مەعریفە” لەناو نەتەوەیەکدا کە متمانەی بە ڕاستی نەماوە.
پێویستە ئاماژە بە “ئیستێتیکای پاش‌کارەسات” بکەین لە وێناکردنی باڵەخانە بێدەنگەکە و ئەو چەکدارانەی بوشرا دەبەن. ئەم دیمەنانە نیشانەی ئەوەن کە کارەسات لە مێژووی ئێمەدا “ڕووداوێک نییە کۆتاییی هاتبێت”، بەڵکو “دۆخێکی بەردەوامە”. ئارام محەممەد ناپرسێت “بۆ هاتین؟”، بەڵکو دەپرسێت “ئەگەر ناومان نەبێت، کێین؟”. ڕۆمانی “ناوی خۆیان بیر نەماوە” وەک ئاوێنەیەک وایە نیشتمانێکی تێدا دەبینرێت کە ناوی خۆی بیر چووەتەوە و تەنیا لە ڕێگەی قیژەکانیەوە دەناسرێتەوە. ئەم دەقە بانگەوازێکە بۆ ڕامان لەو “بێدەنگییە گەورەیە”ی کە باڵی بەسەر مێژووماندا کێشاوە. نووسەر سەلماندوویەتی کە تەنیا ئەدەبیات دەتوانێت لەو شوێنەدا قسە بکات وا مێژوو تێیدا زمانی مۆر بووە. ئەمە کۆتاییی ناوەکانە، بەڵام دەستپێکی هۆشیارییەکی نوێیە؛ هۆشیارییەک کە تێیدا “قیژە” دەبێتە تاکە ناسنامەیەک کە مێژوو ناتوانێت بیسڕێتەوە.
ململانێی نێوان ڕەوشتی گێڕانەوە و ملهوڕیی مێژوو
چەمکی “چەقی پێوار (غائب)” (The Absent Center) بابەتێکی تری زەقی ئەم ڕۆمانەیە. لە تەواوی ڕۆمانەکەدا کارەکتەری سوڵتان نەراف وەک باوک و وەک بنیادێکی سەرەکی پێوار(غائب)ـە، بەڵام هەموو ڕووداوەکان لە دەوری ئەو دەسووڕێنەوە. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە جاک لاکان لە دەروونشیکاریدا بە “ناوی باوک” (The Name of the Father) ناوی دەبات. کاتێک باوک وەک “یاسا” و وەک “ناسنامە” لە مێژوودا بزر دەکرێت، نەوەکانی دوای ئەو تووشی جۆرێک لە دەروونشێواوی دەبن؛ چونکە ئەو بنیادە هێمایییەی وا دەبێت ناسنامەیان پێ ببەخشێت، هەرەسی هێناوە. ئارام محەممەد لێرەدا نیشانمان دەدات کە “بیرچوونەوەی ناوەکان” تەنیا گرفتێکی تاکە کەسی نییە، بەڵکو ئەنجامی ئەو بۆشایییە گەورەیەیە کە بێسەروشوێنکردنی باوکەکان لەناو جەستەی نەتەوەدا دروستی کردووە. نووسەر بە لێهاتوویییەوە تەکنیکی “دەنگەدانەوە لەناو بۆشایی”ـدای بە کار هێناوە؛ کارەکتەرەکان هاوار دەکەن بەڵام وەک ئەوەی لەناو بیرێکی قووڵدا بن، دەنگیان تەنیا بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە. ئەمە لێکچوواندنی نەتەوەیەکە کە “چەقی مێژوویی”ـی خۆی لێ زەوت کراوە و لەناو پەراوێزەکاندا سەرگەردانە.
بابەتێکی تری هەرە گرنگ کە پێویستە بە وردی شی بکرێتەوە، “پاشماوە و قێزەونی”ـیە. نووسەر لە ڕۆمانەکەدا زۆر بە چڕی کار لەسەر “پاشماوەکان” دەکات؛ وەک: مێروولە، کرم، بۆنی دیتۆڵ، کێم و زووخاو، جلی پیس و، تۆزوخۆڵی سەر ئاوێنەکان. ئەم شتانە تەنیا وەسفی ژینگە نین، بەڵکو نیشانەی “هەڵوەشانەوەی مرۆڤ”ـن. “قێزەونی” ئەو خاڵەیە کە تێیدا سنووری نێوان “من” و “ئەوی تر”، نێوان “ژیان” و “مەرگ” تێک دەچێت. کاتێک بوشرا لەناو قاپە پیسەکاندا سەیری کرمەکان دەکات، یان کاتێک کاژین باوەش بە ئیسکوپرووسکەکاندا دەکات، ئەوان لەناو کایەی “قێزەونی”ـدا دەژین. ئارام محەممەد لێرەدا ڕاستییەکی تاڵمان پێ دەڵێت: مێژووی ئێمە لە “پاشماوەکان” دروست بووە. ئەمە جۆرێکە لە “بەرگریی ماددی”؛ کاتێک ناوەکان دەسڕێنەوە، تەنیا “پاشماوە قێزەونەکان” دەبنە بەڵگەی ئەوەی کە ڕۆژێک لێرە “مرۆڤ” هەبووە. نووسەر لێرەدا ترس نەک لە جنۆکە، بەڵکو لەو “گۆشت و خوێنە”یە کە مێژووی سیاسی کردوویەتی بە پاشماوە.
لە ڕووی ڕەوشتی گێڕانەوەوە ڕۆمانەکە پرسیارێکی جەوهەری دەورووژێنێت: چۆن دەکرێت کارەساتێک بگێڕدرێتەوە کە خۆی “بێزمان”ـە؟ ئارام محەممەد لێرەدا پەنای نەبردووە بۆ سۆزداریی هەرزان بۆ ڕاکێشانی بەزەییی خوێنەر، بەڵکو شێوازێکی دڵڕەقانەی بە کار هێناوە. ئەو ڕاستییەکان وەک برینێکی کراوە پیشان دەدات. خوێنەر ناچار دەکات بۆنی خوێن و تامی لمەکە بکات. ئەمە جۆرێکە لە ئەشکەنجەدانی خوێنەر تا بتوانێت لە دۆزەخی کارەکتەرەکان تێ بگات. لە ڕوانگەی ڕەخنەیییەوە، ئەمە خاڵی هەرە بەهێزی ڕۆمانەکەیە؛ گۆڕینی ئازار لە بابەتێکی گێڕانەوەوە بۆ “ئەزموونێکی جەستەیی” لای خوێنەر. بەڵام ئەم شێوازە لە هەمان کاتدا مەترسیی “پووچگەرایی”ـی تێدایە، چونکە کارەکتەرەکان هێندە لەناو ئازاردا نوقمن کە هیچ دەرچەیەک بۆ جووڵە و کردەوە نامێنێتەوە. ئەوان تەنیا پەرچەکردارن بەرانبەر بە ملهوڕیی مێژوو. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی دۆخی “ئیفلیجیی سیاسی”ـیە لە کۆمەڵگەی پاش‌کارەساتدا کە تێیدا مرۆڤ تەنیا دەتوانێت چاوەڕێی مەرگی خۆی بکات.
لە لایەکی ترەوە، بوشرا کە لەناو کۆڵانەکاندا وێڵە، یان تابان کە لەناو ژوورەکاندا دێت و دەچێت، ئەوان خەریکی کێشانی “نەخشەی شێتی”ـن. ڕاستییەکەی، ئەم جووڵانە هێڵەکانی هەڵاتنن لەو بنیادە سەرکوتکەرەی کە دەیەوێت لەناو “ناوێکی دیاریکراو”دا زیندانییان بکات. شێتی لێرەدا نەک وەک نەخۆشی، بەڵکو وەک شێوازێکی بەرگری دەردەکەوێت. کاتێک بوشرا ناوی خۆی بیر دەچێتەوە، ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو “دەبێتە هەموو کەس و هیچ کەس”. ئەو لەو سنوورە تەسکانە دەردەچێت کە سیستم بۆی کێشاوە. ئارام محەممەد هەوڵی داوە نیشانی بدات چۆن واقیع بۆ ئەم کارەکتەرانە تەسک بووەتەوە. ئەم پچڕانی دەروونییە ڕەنگدانەوەی پچڕانی جوگرافیای کوردستانە؛ نەتەوەیەک کە یادەوەرییەکەی شێتۆکەیییانەیە، چونکە ناتوانێت لەنێوان “ڕابردوویەکی خوێناوی” و “داهاتوویەکی نادیار”دا هاوسەنگی دروست بکات.
خاڵێکی تری هەرە سەرنجڕاکێش کە تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نەکراوەتەوە، “تیۆریی مۆنتاژ”ە لە بنیادی ڕۆمانەکەدا. ئارام محەممەد وەک دەرهێنەرێکی سینەمایی پارچە جیاوازەکانی مێژوو (ئەنفال، شەڕی ناوخۆ، کرێچییەتی، غەریبی لە هەندەران)ی بە یەکەوە “مۆنتاژ” کردووە. ئەمە وای کردووە کە خوێنەر هەست بە “تێکچوونی کات” بکات. ئەم شێوازە لە ڕەخنەی پۆست-سترەکچەریزمدا بە “کۆلاژی مێژوویی” دەناسرێت. واتە پارچەپارچەی ڕووداوەکان دەهێنیت و هەریەکەو لە شوێنێک دادەنێیت و ڕۆمانەکەتی لێ دروست دەکەیت نەک ئەوەی بە هێڵێک بیانگێڕیتەوە. نووسەر دەیەوێت بڵێت کە ئازاری مرۆڤی کورد “یەکپارچە” نییە، بەڵکو کۆمەڵێک تراجیدیایە کە بەسەر یەکدا کەڵەکە بوون. ئەو ئیسکوپرووسکەی کاژین دەیگێڕێتەوە، هەمان ئەو “تۆز”ەیە کە لەسەر ئاوێنەکەی بوشرا نیشتووە. ئەم پەیوەندییە ژێرخانەییەی نێوان ماددە و مێژوو ڕۆمانەکە دەباتە ئاستێکی جیهانی، چونکە باس لە “تەنیاییی مرۆڤ لە بەردەم ئامێرە گەورەکانی مەرگ”ـدا دەکات. خاڵە لاوازەکەی دەقەکە لێرەدا دەردەکەوێت کە هەندێک جار “بۆشایییە گێڕانەوەیییەکان” ئەوەندە گەورەن کە خوێنەری ئاسایی ناتوانێت پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکان بدۆزێتەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری ئاسایی زۆر قورسە، بەڵام ئەمە بۆ خوێنەرێکی بژاردە و ڕەخنەگر خاڵی هێزە؛ چونکە ڕێگە دەدات خوێنەر خۆی ببێتە “هاوکار” لە نووسینەوەی دەقەکەدا. نموونەیەک لە بۆشایییە گێڕانەوەیییەکان: نووسەر لە سەرەتادا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێمان ناڵێت کێ کچی کێیە یان چۆن ئەم خێزانانە بە یەکەوە بەستراونەتەوە. ئێمە چیرۆکی سەلما دەخوێنینەوە لەناو زیلەکەدا، پاشان باز دەدەین بۆ چیرۆکی تابان و بوشرا. خوێنەری ئاسایی لەوانەیە بپرسێت: “ئەمانە چ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە هەیە؟” نووسەر “بۆشایی”ی خستووەتە ئەم پەیوەندییەوە. تەنیا خوێنەرێکی ورد دەتوانێت لە ڕێگەی نیشانەکانەوە (وەک ئێسکەکان، سەعاتەکە، یان ملوانکەکە) تێ بگات کە ئەمانە یەک مێژوو و یەک ڕەگ پێکەوەیان دەبەستێتەوە. بۆشاییی تریش هەیە وەک ئەوەی مستەفا کە بڕیار دەدات بچێت بۆ ئەردەن و بڕیاری خۆکوشتن بدات. ئەم کارەی مستەفا هۆکارەکەی لە دەقەکەدا نییە، خوێنەری ئاسایی دەپرسێت: “بۆچی هێندە بە خێرایی بڕیاری دا؟” نووسەر لێرەدا بۆشایییەکی گەورەی لەناو “نەستی” مستەفادا دروست کردووە. خوێنەری پیتۆڵ تێ دەگات کە ئەم بۆشایییە نیشانەی ئەوەیە مستەفا هێندە لە ناوەوە ڕزيوە کە ئیتر هیچ هۆکارێکی لۆگیکیی پێویست نییە بۆ هەڵوەرینی.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ڕۆمانی “ناوی خۆیان بیر نەماوە” تەنیا دەقێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو “تاقیگەیەکی زمانی”ـیە بۆ تاقیکردنەوەی بەرگەگریی مرۆڤ لە بەردەم سڕینەوەدا. ئارام محەممەد توانیویەتی “بێدەنگی” بکاتە پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکە. ئەو نیشانمان دەدات لە وڵاتێکدا کە “ناوەکان” تێیدا دەبنە بارێکی گران، “لەبیرچوونەوە” دەبێتە تاکە ڕێگەی مانەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا “مەرگی ڕۆح”یشە. ئەم ڕۆمانە وەک ئەو “قیژە چیاوچیا”یە وایە کە لە کۆتاییدا دەبیسترێت؛ قیژەیەک کە ناتوانرێت ناو بنرێت، بەڵام هەموو کەس تامی ئازارەکەی دەناسێتەوە. ئەمە کۆتاییی مێژووی “ناونراوەکان”ـە و دەستپێکی مێژووی “هاوارەکان”ـە. ئارام محەممەد بەم بەرهەمە، نەک هەر ئەدەبیاتی کوردی دەوڵەمەند کردووە، بەڵکو “ئەرشیفێکی ڕەوشتی”ـی بۆ نەوەکانی داهاتوو بە جێ هێشتووە تا بزانن کە ڕۆژگارێک مرۆڤ لێرە هەبووە کە تەنانەت “ناو”یشیان لێ زەوت کرابوو، بەڵام “قیژەکەیان” هێشتا لە چیاکاندا دەنگ دەداتەوە.
سەرچاوەکان:
١.   Ricoeur, Paul, Memory, History, Forgetting, p. 44, University of Chicago Press, 2004.
٢. دوبووار، سیمون، جنس دوم، ترجمه: قاسم صنعوی، ص ٣١٢، انتشارات توس، تهران، ١٣٨٢.
٣. Bakhtin, Mikhail, Problems of Dostoevsky’s Poetics. Edited and translated by Caryl Emerson. University of Minnesota Press, 1984.
٤. شایگان، داریوش، آسیا در برابر غرب، ص ١٤٥، انتشارات امیرکبیر، تهران، ١٣٩٢.
٥. مجموعة من الباحثين، ليوتار والوضع ما بعد الحداثي، إشراف وتحرير: د. أحمد عبد الحليم عطية، الهيئة العامة لقصور الثقافة بالقاهرة،٢٠١٧.
٦. رولان بارت، أسطوريات، ترجمة: قاسم المقداد، ص ١١٠، دار نينوى٢٠١٧.
٧. احمدی، بابک، حقیقت و زیبایی: درس‌های فلسفه‌ی هنر، ص ٢٤٥، نشر مرکز، تهران، ١٣٨٠.
٨. شایگان، داریوش، افسون‌زدگی جدید: هویت چهل‌تکه و تفکر سیار، ص ٢١٢، انتشارات فرزان روز، تهران، ١٣٩٦.
٩. أدرنو، تيودور ف.، جدلية سلبية، ترجمة: ناجي العونلي، ص ١١٢، منشورات الجمل، العراق، ٢٠٢٣.
١٠. آل أحمد، جلال، غرب‌زدگی، ص ٩٢، انتشارات فردوس، تهران، ١٣٧٨.
١١. فتحي صدیق، السيد البدوي، مختارات من كتابات جاك لاكان (أعظم محلل نفسي فرويدي في أوربا)، مکتبة الأنجلو المصرية، قاهرة، ٢٠٢٢.
The post ئاردی ناو دڕکی مێژوو؛ لە هەڵوەشانەوەی باوکەوە بۆ هەرەسی یادەوەری appeared first on ژنەفتن.
ئەو “تۆ”یه‌ی کە “من”م یا “من”نیم؟
“بچۆ ناو خۆتەوە. بەدوای ئەو هۆکارەدا بگەڕێ کە فەرمانی نووسینت پێ دەدات؛ لێی ورد بەرەوە بزانە ڕەگەکانی تا قووڵترین شوێنی دڵت شۆڕ بوونەتەوە؛ ئینجا ڕاستگۆیانە لای خۆت دان بەوەدا بنێ، کە ئەگەر نووسینت لێ زەوت بکرایە، ئایا دەمردیت؟”
لە نامەی یەکەمی ڕیلکەوه‌ بۆ فرانتس کاپوس، پاریس، شوباتی ۱۹۰۳: نامه‌ بۆ شاعیرێكی لاو “Lettres à un jeune poète”
پێشەکی:
چوونە ناو هه‌زارلۆغانه‌ی “خۆ”‌وە
کاتێک بۆ یەکەمجار لاپەڕەی یەکەمی “وێڵی” دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت کەسێک دەستی گرتوویت و بۆ ناو باڵەخانەیەکی نیوەڕووخاو په‌لكێشی كردوویت‌. پلیکانەکان لەژێر پێتدا دەلەرزن، ڕووناکییەک هەیە، بەڵام چراکان ڕاستەوخۆ تیشک ناخەنە سەر شتێک، تەنیا هه‌ندێ سێبەر لەسەر دیوارەکە دەبینیت. ئەمە هەمان ئەو هەستەیە کە دەقەکەی دلاوەر ڕەحیمی لە هەمان دێڕی یەکەمەوە لە خوێنەردا درووستی دەکات: هەستی بوون لە شوێنێکدا کە دەبێ ناسراو بێت، بەڵام نییە؛ هەستی خوێندنەوەی وشەگه‌لێک کە ناسراون، بەڵام ڕستەکانیان نامۆن.
ڕۆمانەکە بە ڕستەیەک دەست پێ دەکات کە هەم وتارێکە و هەم دادگاییکردنێک: “تۆ بەندییەکی لە بەندیخانەیەکدا ئابڵوقە دراو، گەمارۆ دراو بە بەندیوان و بە پاسەوان …” (ل7) ئەم “تۆ”یەی کەسی دووهەم چییە؟ کێیە؟ بۆچی گێڕەرەوە بە “تۆ” بانگی دەکات؟ هەر ئەم پرسیارە سادەیەش، کلیلە بۆ تەڵەزگه‌کانی ئەم دەقە.
لە ئەدەبیاتدا، کاتێک گێڕەرەوە بە “تۆ” بانگ دەکات، زۆربەی جار یان لەگەڵ خوێنەری دەرەوەی دەقەکە قسە دەکات – واتە لەگەڵ خوێنەری ڕاستەقینە – یان لەگەڵ بەشێکی “خۆ”یدا، كه‌ لێکدابڕاوی خۆیه‌تی، دەدوێت. لە “وێڵی”دا، هەردوو ئەگەرەکە پێکەوە و بە مەبەست تێکەڵ کراون.
ئەم دەقە ڕۆمانێك نییه‌ به‌ مانا باوه‌كه‌ی گیڕانه‌وه‌. پڵۆتێکی هێڵه‌كیی نییە، کارەکتەری سەربەخۆ بوونیان نییە، ناکۆکییەک بەرەو ئاشتەوایی ناڕوات. بەڵام ئەم نەبوونییانە، کەموکوڕی نین و له ‌ڕاستیدا شێوازی بەرهەمەکەن. “وێڵی” زیاتر لە ددانپێدانان دەچێت: ددانپێدانانێک کە گێڕەرەوە به‌ ناچاری دەیکات، ددانپێدانانێک کە “تۆ”ی بەردەنگ هێشتا قبووڵی نەکردووە گوێی لێ بگرێت، ددانپێدانانێک، کە خودی نووسینەوەی جۆرێکە لە بەرگری لە بەرانبەر لەبیرچوونەوەدا.
بەڵام بۆچی ئەم ددانپێدانانە “ناچاری”یە؟ چونکە گێڕەرەوە دەبینێت “تۆ” – کە دەکرێت دۆستێک یان مرۆڤێک بێت كه‌ ڕۆژگارێك “ئافرێنه‌ری ئەگەر و شیانه‌كان” بووه‌ – خەریکە لەناو گێژاوێکدا نوقم دەبێت کە خۆی درووستی کردووە؛ گێژاوێک لە بێدەنگی، لە لەبیرچوونەوەی جوانییە بچووکەکان، لە ترس. دەکرێت بگوترێت “وێڵی” ڕۆمانی “ترس لە ژیان”ە، نەک “ترس لە مردن”. چونکە مردن لەم دەقەدا، تەنانەت کاتێک دەردەکەوێت، ئامادەیییەکی کاڵ و لێڵ و ناڕوونی هەیە؛ بەڵام ترسی هەناسەدان، ترسی بینران، ترسی نووسین  لە هەر لاپەڕەیەکدا هەناسەی گێڕەرەوە دەبڕن.
“وێڵی” بە ئاسانی ناکەوێتە ناو هیچ ژانرێکەوە: نە ڕۆمانێكی دەروونناسیی ڕووتە، نە ڕۆمانێكی کۆمەڵایەتی و نە تەنیا پۆرترێتێکیشە. لای من ڕه‌نگه‌ باشترین پێناسە ئه‌وه‌ بێ كه‌ ئەم بەرهەمە “هەڵکۆڵین”ێکە. گێڕەرەوە خەریکی هەڵکۆڵینە لە ناخی مێشک و یادەوەریی “تۆ”دا، شتگەلێکی وه‌ك یادەوەریی وشەی “زێوان”، دەنگی حەسەن زیرەک و ئه‌وانی تر، سەمای نەزانراو، مەستیی شەوانە، پیاسەکردن لە کۆڵانەکانی هەولێر و ده‌یان شتی تر ده‌دۆزێته‌وه‌ و ئەم شتانە دەخاتە بەردەم “تۆ” و پێت ده‌ڵێت: ببینە، ئەمە تۆ بوویت. ئەمە ئەو تۆیەی کە ئێستا لە پشتی بێدەنگییەوە خۆی حەشار داوە، هەمان ئەمە بووی.
لە درێژەی ئەم خوێندنه‌وه‌یه‌دا، هەوڵ دەدەم بەدوای ئەم هەڵکۆڵینەدا بڕۆم. ئامانجەکە ئەوە نییە بەرهەمەکە لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمیدا زیندانی بکەم، هێنده‌ی مه‌به‌سته‌ ئه‌وه‌ نیشان بدەم بۆچی ئەم دەقە – لەگەڵ هەموو سه‌رنجێكمدا – دەکرێت ئاوێنەیەک بێت بۆ هەر کەسێک کە جارێک “خۆ”ی لە داڵانێکی بێدەروازەدا ون کردبێت.
سەرەتا دەمه‌وێ بزانم ئەم ڕۆمانە چی دەڵێت؟ پاشانیش: ئەم ڕۆمانە چۆن دەڵێت؟ ڕەنگە گرنگتر له‌مه‌ش ئه‌وه‌ بێت كه‌ چۆن ناڵێت؟ جیاوازیی ئەم دوو پرسیارە، جیاوازیی نێوان بینینی تابلۆیەک و بینینی چوارچێوە و كانڤاس و فڵچەیەکە کە تابلۆیه‌كیان به‌رهه‌م هێناوه‌. لە ئەدەبیاتدا، زۆربەی جار یەکەمیان ئەنجام دەدەین: دەپرسین “مانا چییە؟” بەڵام دووەمیان بینینی پێکهاتەیه‌، بینینی هەڵبژاردنەکانه‌ و بینینی ئەو شتانەیه‌ نووسەر بە نەنووسراوی جێیان دەهێڵێت، ئەمەش ڕێك هەمان ئەو کارەیە کە دەبێ ڕەخنەگرێکی ڕاستەقینە بیکات.
“وێڵی” دەقێکە تێیدا چەند پرسێکی بنەڕەتی بە شێوەیەکی هاوکات کاران: پرسی گێڕانەوە قبووڵكردنی ترس، پرسی ڕەگەزی ددانپێدانان لە کولتووری کوردیدا، پرسی کاتی گێڕانەوەیی و پەیوەندیی بە بێدەنگییەوە، پرسی نێوان “من”ی نووسراو و “من”ی ژیاو، و پرسێک کە ڕەنگە نوێترین و ترسناکترین بێت: ئەوەی کە ئەم ڕۆمانە کێ نابینێت و ئەم “نەبینینە” چی دەڵێت.
ملنەدان به‌ گێڕانەوە: کاتێک زمان لە خۆی دەترسێت
پارادۆکسی بنەڕەتی
چەقی “وێڵی” کێشەی زمانە و ئەمەش سەرنجڕاکێشە، چونکە پارادۆکسی سەرەکیی دەقەکە هەر ئەمەیە: گێڕەرەوە دەیەوێت بە زمان بەرگری لە “تۆ” بکات، بەڵام “تۆ” لە زمان دەترسێت. “تۆ” ئەو کەسەیە کە ڕۆژێک عاشقی وشەی “زێوان” بوو، کەسێک کە باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ وشەکان هه‌ستیان هه‌یه‌، بەڵام ئێستا نانووسێت، ناتوانێت بنووسێت یان نایەوێت بنووسێت، چونكه‌ ” نووسین هه‌موو ئه‌و گوناه و تاوانانه‌ی نه‌مكردوون بیر ده‌خاته‌وه ” (ل86) ئەم ڕستەیه‌ دەبێ له‌سه‌ری بوەستیت. ئەمە ڕستەیەکە لە خوێندنەوەی یەکەمدا ڕەنگە ئاسایی بێت، بەڵام ترسناکە. گوناهانێک کە نەتکردوون بەڵام نووسین بیرت دەهێنێتەوە واتای چییه‌؟ واتە نووسین یادەوەرییەک چالاک دەکات کە تۆ تۆمەتبار دەکات بە شتێک کە نەتکردووە. نووسین خۆی تۆمەتە. زمان خۆی دادوەرە.
دلاوەر ڕەحیمی لەم ڕۆمانەدا دەست بۆ یەکێک لە بنەڕەتیترین ململانێ کولتوورییەکان ده‌بات، كه‌ ئه‌ویش زمانه‌. واته‌ بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە زمانیان وەک ئامرازی کۆنترۆڵ به‌رهه‌م هێناوه‌. لەم پانتایییه‌دا، نووسین یەکسانە بە بینران، بینرانیش یەکسانە بە بوون بە ئامانج. “تۆ” کە “هەموو تەمەنت لەگەڵ ئەو گۆرانی و ئەو وشانەدا بەسەر برد، وەک جووتیارێکی خەمخۆر وشه‌کانت بژار دەکرد، وەک بیناسازێکی لێهاتوو وشەکانت بە دوای یەکدا ڕیز دەکرد و هەڵتده‌چنین.” (ل27)، ئێستا لە هەمان ئامرازەکەی دەترسێت. بەڵام گێڕەرەوە ئەم ترسە قبووڵ ناکات. بۆ ئەو، نووسین “هه‌م چه‌كێكی باشە بۆ بەرگریکردن…” (ل79). لە ڕاستیدا، خودی ڕۆمانی “وێڵی” ئەنجامی هەمان بڕیارە. ئەمەش واتە ڕۆمانەکە، خۆی نامەیەکە، پاڕانەوەیەکە، دەستێکی درێژکراوەیە بۆ ڕزگارکردنی کەسێک کە لە بێدەنگیدا خەریکە دەخنکێت.
لە نیوەی دووهەمی ڕۆمانەکەدا، ئەو شوێنەی کە دەنگی “من”ی حاشاكه‌ر دێتە ژوورەوە، زمان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت. ڕستەکان کورتر دەبنەوە، هەندێک جار نیوەچڵ دەمێننەوە، خاڵبەندییەکان زیاتر دەبن. ئەم “من”ە دەڵێت: “من لە نووسین دەترسم…” (ل90) و ” قەت نامەم بۆ کەس نەنووسیوە… حاشا کەسێك نامەی لە منەوە پێ نەگەیشتووە… حاشا کەسێک هەبووبێت شایەنی ئەوە بێت، من دانیشتبم نامەم بۆ نووسی بێت… حاشا …” (ل81). ئەم “حاشا” دووبارانە، خۆیان زمانێکی تایبەتن، زمانی کەسێک کە خەریکە بە شێوەیەکی وه‌سواسییانه‌ نکۆڵی دەکات. لە دەروونناسیدا به‌مه‌ دەڵێن “نکۆڵیکردنی بەرگری”، هەرچەند زیاتر دووبارەی بکەیتەوە کە نیت، واتە زیاتر نیگەرانیت کە ڕەنگە هه‌بیت.
لە گۆشەنیگای تەکنیکییەوە، یەکێک لە کارەکان کە دلاوەر ڕەحیمی کردوویەتی ئەوەیە ڕێگەی داوە زمانی دەقەکە خۆی “دەمارگیر” بێت. ڕستە درێژە دووبارەبووەکان لە بەشی یەکەمدا، واته‌ ئەو لیستە ناکۆتایەی کەسانێك کە “تۆ”یان گەمارۆ داوە، خۆیان هەستی گەمارۆدان دروست دەکەن. خوێنەری باش، کاتێک ئەم دێڕانە دەخوێنێتەوە، بەهۆی ڕیتم و دووبارەبوونەوەکەوە هەناسەی تەنگ دەبێت. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە ڕەخنەگرە فۆرمالیستەکان پێی دەڵێن “کاریگەریی بێژە”.
“وێڵی” پارادۆکسێکی بنەڕەتیی تێدایه‌ کە لە هیچ کوێیەکی دەقەکەدا چارەسەر نابێت، ئەمەش قووڵایییە نه‌ك لاوازی، چونكه‌ ڕۆمانێکمان هەیە له‌بارەی مەحاڵبوونی نووسینه‌وه‌، نووسراوە. گێڕەرەوە بە ڕاشکاوی دەڵێت: “من لە نووسین دەترسم… نووسین ده‌مترسێنێ…” (ل90)، بەڵام ئێمە خەریکین هەر ئەم ڕستەیە دەخوێنینەوە. واتە کەسێک کە لە نووسین دەترسێت، نووسیویەتی. کەسێک کە بە ئەوی تر دەڵێت نووسین مه‌ترسیداره‌، كه‌چی خۆی نووسیویەتی! ئەمە بە چ مانایه‌ك دێت؟
لە نەریتی ئەدەبیاتی ددانپێداناندا، كه‌ نووسه‌ر به‌ “دركان” و “خۆدركان” هێناویه‌تی، لە ئۆگۆستینی قه‌دیسه‌وه‌ تا ڕوسۆ، لە دۆستۆیڤسکییەوە تا کافکا، نووسینی “ناتوانم بنووسم” خۆی هەر نووسینە. ئەمە یەکێکە لەو کەمە ساتانەی کە نووسین و ناوەرۆکی نووسین بە تەواوی دەبن بە یەک. کاتێک “یاداشته‌كانی ژێرزەمین”ی دۆستۆیڤسکی[1] بە “من مرۆڤێکی نەخۆشم… مرۆڤێکی بەدڕەفتارم” دەست پێ دەکات، ئەو “نەخۆشی” و “بەدڕەفتارییە” خۆیان لە خودی کردەی ددانپێداناندا دەسەلمێنن. “وێڵی”یش هەر هەمان کار دەکات، بەڵام بە ئاڵۆزییەکی زیادەوە.
ئەو ئاڵۆزییە لێرەدایە: لە “یاداشته‌كانی ژێرزەمین”دا، گێڕەرەوە خۆی ددان به‌ شته‌كاندا ده‌نێت. لە “وێڵی”دا، گێڕەرەوە ددان بەوەدا دەنێت کە “تۆ” دەبێ ددانپێدانان بكه‌یت. ئەمەش مانای ئه‌وه‌یه‌‌ مەودایەک لە نێوان ئەو کەسەی دەنووسێت و ئەو کەسەی کە دەبێ بنووسێت بوونی هەیە. ئەم مەودایە کە سەرتاپای ڕۆمانەکەی تەنیوە، خۆی یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی دەقەکە. دلاوەر ڕەحیمی پێکهاتەکەی خۆی لەسەر بنەمای ئەم مەودایە دروست کردووە.
پێکهاتەی “لەبری تۆ”
لە قووڵاییی کایەی گێڕانەوەی ڕۆمانی “وێڵی”دا، ڕستەی “من هەموو شتێک لەبری تۆ ده‌كه‌م جگە لە نووسین” (ل91)، وەک کلیلێکی مۆدێرنیستی بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان “من” و “تۆ” کار دەکات. ئەم “لەبری تۆ”یە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ئاڵوگۆڕی سووژەیییه‌ و توانەوەیە لە ناو ئەوی تردا. گێڕەرەوە لێرەدا وەک “پاسەوانی بوون”ی کارەکتەرەکە دەردەکەوێت؛ ئەو لەبری ئەو پیاسە دەکات، دەچێتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان، تەنانەت لەبری ئەویش دەخواتەوە و مەست دەبێت. “ئەگەر عارەق بخۆمەوە، پەرداخ و ئاو و عارەق و سەهۆڵەکە جیا ده‌كه‌مه‌وه‌، یه‌كه‌مجار عارەقەکە تێدەکەم، ئینجا ئاو و پاشان چەند كڵۆ سەهۆڵێک، ئینجا پەلە دەکەم لە ساردبوونیدا و پێکەکە بە یەک فڕ هەڵدەدەم” (ل91-92). ئەم لاساییکردنەوە فیزیۆلۆژییە نیشانەی ئەوەیە کە گێڕەرەوە دەیەوێت “بارە قورسەکانی ژیان” لەسەر شانی “تۆ” لادات، تا تەنیا یەک پانتایی بۆ بمێنێتەوە: پانتاییی نووسین.
لێرەدا پارادۆکسێکی قووڵی دەروونشیکاری سەرهەڵدەدات. گێڕەرەوە کە لە واقیعدا ناتوانێت “لەبری ئەو” بنووسێت، لە جیهانی خەوندا ئەو سنوورە دەبەزێنێت. ئەمە گوزارشتێکی كرۆكییه‌ لە تێزی فرۆیدییانە کە “خەون ڕێگایەکی شاهانەیە بۆ ناسینی نائاگایی”؛ چونکە تەنیا لەوێدا “سانسۆری ئاگایی” نامێنێت و گێڕەرەوە دەتوانێت ئەو سنوورە ئاكاری و جوانیناسییەی کە لە واقیعدا ڕێزی لێ دەگرێت (نەنووسین لەبری ئەوی تر)، لە خەوندا ببەزێنێت. لەو خەونانەدا کە دۆستۆیڤسکی و کافکا، یان نیتشە و فرۆید ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە، ئێمە تەنیا لەبەردەم فەنتازیادا نین، هێنده‌ی لەبەردەم ململانێی تیۆرییەکانی “ئازار و مانا”داین کە لە ناو ناخی گێڕەرەوەدا دەجەنگن.
خاڵی هەرە درەوشاوەی ئەم بەشەی ڕۆمانەکە، گۆڕانی “زمان”ە لە ئامرازەوە بۆ “سووژە”. کاتێک گێڕەرەوە لە خەوندا لەبری ئەو دەنووسێت، چیرۆکگەلێک دەخوڵقێنێت کە “زۆرتر زمان، وشە، پیت و كه‌سیه‌تیی”ن (ل94). ئەمە لوتکەی مۆدێرنیزم و نزیکبوونەوەیە لە تێزە پاشپێكهاته‌خوازییه‌كان کە دەڵێن: “مرۆڤ ناپەیڤێت، به‌ڵكوو زمان دەپەیڤێت”. لێرەدا زمان چیتر “وەسفکەر”ی ڕووداو نییە و خۆی دەبێتە “ڕووداو”. پیتەکان وەک کارەکتەری زیندوو دەجووڵێنەوە و زمان لە فۆڕمە مێژوویی و گێڕانەوەیییە سادەکەی خۆی دادەماڵرێت.
ئەم “لەبری تۆ” نەنووسینە لە واقیعدا، گەورەترین ڕێزگرتنە لە تاکخوازی و ڕەسەنایەتیی کارەکتەرەکە. گێڕەرەوە دەزانێت کە دەتوانێت هەموو ئازارە جەستەیی و کۆمەڵایەتییەکانی “تۆ” هەڵبگرێت، بەڵام ناتوانێت “ناسنامه‌”ی ئەو بدزێت، چونکە نووسین دوایین شوێنە کە مرۆڤ تێیدا دەبێتە خۆی. ئەگەر گێڕەرەوە لەبری ئەو بنووسێت، ئەوا “تۆ” بە تەواوی لەناو دەچێت. بۆیە، ئەم بێدەنگییە لە نووسیندا، لە ڕاستیدا “هاوارێکە بۆ مانەوەی ئەوی تر”. دلاوەر ڕەحیمی بەم تەکنیکە، نیشانی دەدات کە چۆن ئەدەبیات لە قووڵترین ئاستی خۆیدا، دەبێتە پارێزەری ئەو “ناگوترێیانه‌”ی کە تەنیا و تەنیا خاوەن ئەزموونەکە خۆی بۆی هەیە بیاننووسێت.
ڕووبەرگی ڕۆمانی وێڵی. دلاوەر ڕەحیمی، ٢٠٢٥
کاتێک گێڕانەوە خۆی قووت دەدات
لە تیۆریی گێڕانەوەدا، یەکێک لە بنەما هەرە سه‌ره‌كییه‌كان جیاکاریی نێوان “نیشاندان” و “گێڕانەوە/ڕوونکردنەوە”یە. ڕۆمانی “وێڵی” کە لە كرۆكی خۆیدا ڕۆمانێکە “لەبارەی نووسین”ەوە‌، لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دێت و دەچێت. مەترسیی گەورەی ئەم جۆرە دەقانە ئەوەیە کە هێندە نوقمی تیۆرییەکانی نووسین ببن، کە پەیوەندییان لەگەڵ “لێدانی دڵی ژیان” بپچڕێت. دلاوەر ڕەحیمی لە هەندێک شوێندا دەکەوێتە ناو ئەم داوەوە؛ کاتێک گێڕەرەوە بە زمانێکی پەخشانئامێز و تژی لە مێتافۆر باس لە هێزی نووسین دەکات: “بە نووسین دەتوانی هەموو وێرانەییەک ئاوەدان بکەیتەوە… دەتوانی سارایەک بکەیتە شارێک پڕ لە ئازادی” (ل37). لێرەدا، دەقەکە خەریکی “ڕوونکردنەوە”ی توانای نووسینە نەک “نیشاندان”ی؛ ئێمە پێناسەی ئاوەدانی و چراخان دەبیستین، بەڵام هەستی پێ ناکەین، چونکە زمان لێرەدا بووەتە “بەیاننامە” نەک “وێنە”.
ئەم گرفتە لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بە جۆرێکی تر چارەسەر کراوە. بۆ نموونە، ئیتالۆ سڤێڤۆ لە “ویژدانی زێنۆ”دا[2]، نووسین وەک “چارەسەرێکی دەروونی” ناخاته‌ ڕوو، به‌ڵكوو لە ڕێگەی تێكشكانی بەردەوامی زێنۆ لە “دوایین جگەرە”دا، نیشانمان دەدات کە چۆن نووسینەوەی ژیان دەبێتە تاقە پەناگە بۆ مرۆڤێکی مۆدێرنی پڕ لە گرێ. هەروەها مایکڵ کانینگهام لە “کاتەکان”دا[3]، تەنیا باس لە کاریگەریی ڤێرجینیا وۆڵف ناکات؛ ئه‌و لە ڕێگەی سێ هێڵی کاتیی جیاوازەوە، نیشانمان دەدات کە چۆن “کاتژمێرەکان”ی ژیانی سێ ژن لە دەوری تاقە دەقێکدا (خانم دالۆوەی) دەخولێنەوە. لێرەدا نووسین “کردە”یە، نەک “باس”.
بەڵام “وێڵی” لەو شوێنانەدا دەگاتە ئەوپەڕی جوانی و هەناسەدان کە دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای “نیشاندان”. دیمەنی ڕاکردن بەرەو پەیکەرەکەی ئیبن مستەوفی لە لای قەڵا (ل46-47)، یەکێکە لەو ساتە درەوشاوانەی کە تێیدا خەون و واقیع و نووسین لە یەک خاڵدا دەبنە “وێنە”. هەروەها وردەکاریی ئامادەکردنی پێکەکە (سەهۆڵ، ئاو، عارەق) و گۆڕانی میزاجی کارەکتەرەکە دوای تێکەڵبوونی ناوەکان (مەهناز لەبری مەریەم)، ئەو ساتانەن کە تێیدا “وێڵی” لە “میتاڕۆمان”بوون دەردەچێت و دەبێتە “ژیان”. لێرەدا زمان چیتر پێناسە چراخان ناکات و خۆی دەبێتە ئەو چرایەی کە تاریکایییەکانی ناخ ڕۆشن دەکاتەوە.
ئەم دووفاقییەی نێوان “ڕوونکردنەوەی هزری” و “نیشاندانی جوانیناسی”، “وێڵی” دەکاتە دەقێکی زیندوو کە هێشتا خەریکی ململانێیە لەگەڵ خۆیدا. ئەگەرچی هەندێک جار زمان بەرەو قسەی قەبە دەچێت، بەڵام ئەو دیمەنە وێنەییانەی کە تێیدا “تۆ” و “من” لە ناو جەنجاڵیی هەولێر و یادەوەرییەکانیاندا ون دەبن، دەیسەلمێنن کە دلاوەر ڕەحیمی دەزانێت چۆن ئەدەبیات لە ئه‌ركه‌ کلاسیکییەکەی (گێڕانەوە) ڕزگار بکات و بەرەو ئاسۆیەکی مۆدێرن (بینین) بیبات. ئا لێرەدایە کە نووسین دەبێتە “ئاوێنە”، نەک تەنیا “باسێک له‌بارەی ئاوێنەوه‌”.
سیاسەتی بێدەنگی: کۆمەڵگە چۆن بێدەنگی بەرهەم دەهێنێت؟
بێدەنگی وەک بەرهەم
“وێڵی” ڕۆمانێکی سیاسییە، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە زۆربەی جار بیری لێ دەکەینەوە. لە ئەدەبیاتی کوردیدا، “سیاسی” زۆرتر واتە بیركردنه‌وه‌ قسه‌ له‌باره‌ی جەنگ، نەتەوە، ده‌وڵه‌ت، له‌بارەی قوربانیانی مێژوو. “وێڵی” هیچ کام لەمانە نییە، ئەمەش خۆی بڕیارێکی سیاسییە.
ڕۆمانه‌كه‌ی دلاوەر ڕەحیمی له‌بارەی سیاسەتی بێده‌نگییه‌، واته‌ ئەو میکانیزمەی کە کۆمەڵگە بەکاری دەهێنێت تا ئەو کەسانەی بەهۆی شێوازی بوونیانەوە “جیاوازن”، نەک بەهۆی ئایدیۆلۆژیاوە، بێدەنگ بکات. ئەم میکانیزمە نە بە زیندان و نە بە سێدارە کار ناکات؛ ئه‌و بە شتێک کار دەکات کە کەمتر دەسەلمێنرێت: بە چاو، بە زمان، بە چاوەڕوانی. ئەمە ڕێک ئەو دۆخەیە کە میشێل فوکۆ لە وه‌سفی چەمکی “چاودێری و سزادان”دا باسی دەکات؛ کاتێک کۆمەڵگە دەبێتە “سەیرینگە” (Panopticon) و تاک لە هەموو لایەکەوە هەست بە چاوێکی نادیار دەکات کە دەبێتە هۆی ئەوەی تاک خودی خۆی سانسۆر بکات.
گێڕەرەوە ئەم میکانیزمە بە وردەکارییەکی جێتێڕامانەوە ڕوون دەکاتەوە: “به‌ سێ نووسەر، شانزە نووسەر، به‌ هه‌موو نووسەره‌كان – نووسەره‌كان پاسەوانی ڕاستەقینه‌ی ئەم به‌ندیخانانه‌ن -” (ل1). ئەم ڕستەیە خۆی بانگەشەیەکی بوێرانەیە: پاسەوانانی بێدەنگی نە دەوڵەتن، نە پۆلیس، ڕاستییه‌كه‌ی خودی نووسەرانی کۆمەڵگەن. ئەو کەسانەی کە دەبێ پێنووسیان هەبێت بەڵام پێنووسەکانیان کردووە بە قەفەس. “كۆمه‌ڵگه‌كان له‌ ڕژێمه‌كان ترسناكترن، كۆمه‌ڵگه‌كان ڕژێمه‌ ترسناكه‌كان دروست ده‌كه‌ن، ئایینه‌كان دروست ده‌كه‌ن، سیسته‌می په‌روه‌رده‌ داده‌ڕێژن نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌” (ل21).
ئەم بانگەشەیە – کە کۆمەڵگە لە ڕژێم ترسناکترە – لە ڕواڵەتدا سادە دەردەکەوێت، بەڵام دەرهاویشتەی گرنگی هەیە. ئەگەر دوژمنی سەرەکی “ڕژێم”ێك بێت، دەتوانیت له ‌به‌رانبه‌ری بوه‌ستیته‌وه‌، لێی ڕابکەیت و دژایه‌تیی بكه‌یت. بەڵام ئەگەر دوژمنی سەرەکی “کۆمەڵگە” بێت، واتە خێزان، دراوسێ، دۆست، مامۆستا، هیچ شوێنێک نییە بۆی ڕابکەیت. وەک چۆن لە نمایشی “دەرچەیەک نییە”[4]ی سارتەردا دەردەکەوێت کە چۆن سێ کارەکتەر لە ژوورێکی داخراودا یەکتری ئەشکەنجە دەدەن بێ ئەوەی ئامرازێکی فیزیکییان پێ بێت، لێرەشدا “ئەوانی تر” دەبنە دۆزەخەکە.هیچ هێڵێکی بەرەی شەڕ نییە کە لە پشتییەوە بوەستیت. دوژمن لە هەموو شوێنێکە. دوژمن “سیانزه‌ دراوسێی لای چه‌پت”ە “كه‌ هه‌شتیان مامۆستان”، “نۆ دراوسێی لای ڕاست”ته‌ “كه‌ هه‌ر نۆیان مامۆستان” (ل2). ئەم وردەکارییە لە ژمارە و پیشەدا (مامۆستا) نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەروەردە و چاودێرییەکی وردەوە، تاک گەمارۆ دەدات. لێرەدا مانا جیهانییەکەی ئەوەیە کە “سیستەم” تەنیا حکومەت نییە و له ‌ڕاستیدا ئەو دراوسێیەیە کە لە پەنجەرەوە سەیری “جیاوازی”یەکانت دەکات و وەک تاوان پۆلێنیان دەکات.
پلەبەندیی ئازار
یەکێک لە تێبینییە هەرە ناسکەکانی دلاوەر ڕەحیمی، پرسێکە کە دەكرێ ناوی بنێم “پلەبەندیی ئازار”. لە “وێڵی”دا گێڕەرەوە دەڵێت: “تۆ لە پاسەوانە میهرەبان و دڵسۆزەکانت، زیاتر لە پاسەوانە توندوتیژه‌كانت، لە پاسەوانە زماندرێژەکانت دەترسی” (ل18). ئەمە یەکێکە لە ڕاستگۆیانەترین ڕستەکانی ڕۆمانەکە و لە هەمان کاتدا یەکێکە لە پڕئازارترینەکانی. ئێمە زۆربەی جار وا بیر دەکەینەوە کە میهرەبانی پارێزەرە. بەڵام “وێڵی” دەڵێت نەخێر: لە هەندێک بارودۆخدا، میهرەبانیی کۆمەڵگە لە خراپڕەفتارییەکەی ترسناکترە، چونکە خراپڕەفتاری دەکرێت ناو بنرێت، لێی ڕابکرێت، بەرگری لە بەرانبەردا بکرێت. بەڵام میهرەبانی لە ڕاستیدا جۆرێکە لە کۆنترۆڵ! چۆن دەتوانیت بڵێیت دڵسۆزیی تۆ ئازارم دەدات؟ کۆمەڵگە ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە وەک لادان و بێوەفایی دەبینێت. ئەم تێڕوانینە لە ڕووی فەلسەفییەوە لە چەمکی “ئەخلاقی بەزەیی” لای نیچە نزیکە، کە تێیدا میهرەبانی دەبێتە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکانی تاک و تواندنەوەی لە ناو کۆمەڵدا.
گێڕەرەوە ئەمە بە نموونەیەکی ورد نیشان دەدات: «بێزت به‌ قسه‌كردن و ئامۆژگارییه‌كانی میهره‌بان و دڵسۆزه‌كان هه‌ڵده‌ستا، ڕشانه‌وه‌ت ده‌هات، له‌و كاتانه‌دا به‌خورتی ده‌یان ڕشانه‌وه‌ت ڕاگرتووه‌…” (ل18). ڕشانەوە لێرەدا جەستەییترین و ڕاستەقینەترین کاردانەوەی گونجاوە بۆ میهرەبانییەک کە دەیەوێت ناوەوەی مرۆڤ داگیر بکات. وەک چۆن سارتەر له‌ “هێڵنج”[5]دا باس لەوە دەکات کە دڵتێکچوون کاردانەوەیەکە بەرانبەر بەو شتە “زیادە” و “بێمانایانەی” دەیانەوێت بوونی ئێمە داگیر بکەن، لێرەشدا “وێڵی” جەستەی دەبێتە دوایین سەنگەری بەرگری. دلاوەر ڕەحیمی بەم وێنەیە، شتێک نیشان دەدات کە لە دەروونناسیی ئەمڕۆدا پێی دەوترێت “میهرەبانیی ژەهراوی” (la gentillesse toxique) میهرەبانییەک کە لە ڕاستیدا ئامرازی کۆنترۆڵە، کە بارێک دەخاتە سەر شانت، کە دەڵێت من دڵسۆزی تۆم کەواتە دەبێ بەو شێوەیە بیت کە من دەمەوێت.
گوتاری قوربانیسازی
“وێڵی”، لەگەڵ هەموو ئه‌و هێزه‌ی لە وەسفکردنی میکانیزمی بێده‌نگیدا هه‌یه‌تی، به‌ڵام کێشەیەکی پێکهاتەیی هەیە: هەندێک جار بە شێوەیەکی نه‌خوازراو لە “گوتاری قوربانی” نزیک دەبێتەوە. گوتاری قوربانی واته‌ من هەم و کۆمەڵگەش دوژمنی منە. هەموو شتێک لە دەرەوە بەسەر مندا سەپێنراوە. من سەرەتا تەواو و گەشاوە بووم و پاشان کۆمەڵگە هات و منی وێران کرد. کەواتە تاوانی من نییە. کەواتە چاوەڕوانی بەرگری لەخۆکردنیشم لێ مەكه‌ن. “وێڵی” خۆی ددان به‌مه‌دا ده‌نێت و نایشارێته‌وه‌، باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ کۆمەڵگە بەڕاستی مرۆڤەکان بێدەنگ دەکات، ئەمە ڕاستییە. بەڵام ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دات كه‌ مرۆڤەکانیش لە بێدەنگبوونیاندا پشکیان هەیە. بێگومان ئه‌مه‌ بەو مانایەیه‌ کە “بکەر”ن، نەک ته‌نیا “بەرکار”.
ئەم بابه‌ته‌‌ بە نموونە ڕوونتر دەکەمەوە: گێڕەرەوە دەڵێت “کۆمەڵگە بە هەموو هێزی زۆرداری خۆیەوە هاتبووە گۆڕه‌پان” (ل20) و “تۆش دەسته‌وسان بوویت” (ل21). بەڵام هه‌ر له‌ هه‌مان شوێندا، دەڵێت “تۆش زۆر زوو گەردنت خستە به‌ر خەنجەره‌كه‌ی، زۆر زوو ترست لێ نیشت” (ل20). ئەم “زۆر زوو”ە جۆرێکە لە بکەری، هەرچەندە نه‌خوازراویش بێت. واتە “تۆ” هەڵت بژارد، تەنانەت ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە لەبەر ئه‌و پاساوه‌ش بووبێت كه‌ پێشتری ده‌یهێنیته‌وه‌: “به‌ڵام پاساوی من بۆ نه‌توانینه‌كه‌ت ئه‌وه‌ نه‌بوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بوو تۆ نه‌تده‌توانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌ستمان هه‌بوو له‌وه‌ی تۆ ببیته‌ جه‌لاد و ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ری خۆت، به‌ڵكوو تۆ نه‌تده‌توانی، چونكه‌ ویست بوونی نییه‌، تۆ كه‌وتبوویته‌ ژێر جه‌بری ڕێساكانی كۆمه‌ڵگه‌…” (ل19).
ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندیی ئەدەبیاتی سیاسەتی بێدەنگی بێت، هەر وەک چۆن لە شیعری ئەلیزابێس بیشۆپدا[6] بێدەنگی ته‌نیا بەرئەنجامی سەرکوت نییە و به‌خۆی جۆرێکە لە ستراتیژیی “مانەوە” کە خودی کەسەکە هەڵیدەبژێرێت. لەم جۆرە ئەدەبیاتەدا، ئەو ساتانەش دەبینین کە کەسەکە خۆی تێیدا بووەتە هاوبەشی بێدەنگییەکەی. بۆیه‌ “وێڵی”یش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌بینێت، “منیش یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كان بووم، به‌ئاسانی پشتم لێ كردی، چوومه‌ به‌ره‌ی هه‌مووانه‌وه‌” (ل11).
کێ نابینرێت؟
یەکێک لەو پرسیارانه‌ی کە دەبێ ڕەخنەگر لە هەر دەقێکی بپرسێت ئەمەیە: ئەم دەقە کێ نابینێت؟ هەر گێڕەرەوەیەک، بە هەڵبژاردنی گۆشەنیگای خۆی، بە ناچاری هەندێک کەس لە گۆڕەپانەکە دەخاتە دەرەوە. لە “وێڵی”دا، ئەم “نائاماده‌ پێکهاتەیییانە” سێ جەمسەری سەرەکین:
یەکەم: ژنان (سێبه‌ر له‌بری كاره‌كته‌ر)
لە تەواوی ڕۆمانەکەدا، ژنان نزیکەی نائاماده‌ن، یان بە شێوەیەکی سیمبۆلیکی ئامادەن. “مریەم بۆکانی”ی گۆرانییەکەی حەسەن زیرەک، “مەهناز” کە ناوەکەی هەڵەیە (ل50)، “كیژه‌كانی ناو خەیاڵت” (ل42)، ئەمانەش له‌ ڕاستیدا سێبەرن نەک کارەکتەر. “تۆ” لە جیهانێکی تاڕاده‌یه‌ك پیاوانەدا دەژی: پیاسە دۆستانەکان، چایخانەکان، دانیشتنه‌كانی خواردنەوە. ئەمە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕەخنەیەیە کە ئاراستەی ڕۆمانی “سەگی سپی”ی ڕۆمان گاری[7] دەکرێت، کە تێیدا کێشەی ڕەگەزیی باس دەکرێت بەڵام لە دیدگایەکی تەواو سپیپێستانەوە. لێرەشدا، کێشەی “سەرکوت” تەنیا لە دیدگای پیاوانەوە دەبینرێت، ئەم نائاماده‌یییه‌ی ژنان لە جیهانی گێڕانەوەیی ڕۆمانەکەدا، هەڵبژاردنێکە، چ بە ئاگایانە بێت یان نائاگایانە. بەڵام ئەم هەڵبژاردنە شتۆكه‌یه‌ک له‌بارەی ئەو جیهانەوه‌ دەڵێت.
دووەم: چینەكانی خوارتر (بژارده‌ی ڕۆشنبیر)
“تۆ”ی ڕۆمانەکە ڕۆشنبیرێکی هەولێرییە، یان ڕۆشنبیرێكه‌ له‌ هه‌ولێر کە لە چایخانەکاندا کتێب دەخوێنێتەوە، لە کافکا و دۆستۆیۆڤسکی دەدوێت، لە کلینیکەکاندا بۆ خوێندنەوەی گۆڤارەکان پارەی پشکنین دەدات. میکانیزمی سەرکوتکردنی کۆمەڵگە کە ڕۆمانەکە باسی دەکات، تا چەند تایبەتە بەم چینە؟ ئایا “دیل”بوون ئەزموونێکی چینیایه‌تیشه‌؟ ڕۆمانەکە ئەم پرسیارە ناكات. لێرەدا دەقەکە لە جۆرێک له‌ ده‌سته‌بژێرخوازی نزیک دەبێتەوە. وەک چۆن لە ئەدەبیاتی مۆدێرنیزمی ئەوروپیدا زۆرجار ئازار تەنیا وەک کێشەیەکی بوونه‌كی ڕۆشنبیران وێنا دەکرا، “وێڵی”یش ئەو چینە پشتگوێ دەخات کە بۆ نان دەجەنگن و ڕەنگە سەرکوتکردنی ئەوان زۆر توندتر و فیزیکیتر بێت لە هیی ڕۆشنبیرێک.
سێیەم: نەوەی گەنجتر (نۆستالژیای شوێن)
ڕۆمانەکە لە کاتی ڕابردوودا ڕوو دەدات، ڕۆژانی گوێگرتن له‌ حەسەن زیرەک، چایخانە بچووکەکان، بازاڕی سێتاقان و سه‌یداوه‌. ئەم جیهانە، جیهانی ئەمڕۆی هەولێر نییە. ئەمەش خۆی شتێک دەڵێت: ئەو هەولێرە خۆشه‌ی کە گێڕەرەوە باسی دەکات، لە ڕاستیدا هەولێری نەوەی گێڕەرەوە بووە، واته‌ هه‌ولێری نەوەیەکی تر بە جۆرێکی تری سەرکوتکردنەوە. ئایا نەوەی ئەمڕۆش هەمان وێڵیی هەیە؟ ئەگەر هەیەتی، چۆن؟ “وێڵی” ئەم پرسیارە بە کراوەیی جێ دەهێڵێت كه‌ ڕەنگە ئەم “بەکراوەیی جێهێشتنە”ش هەڵبژاردنێك بێت وه‌ك جۆرێک لە وەفاداری بۆ ئەو نەوەیەی کە “وێڵی” لێیەوە هاتووە.
کاتی شکاو: یادەوەری، نۆستالژیا و ملنەدان بۆ مێژوو
ڕۆمانی بێمێژوو
“وێڵی” لە کاتدا مەلە دەکات. هیچ مێژوویەکی وردی تێدا نییە، تەنیا یەک مێژوو نەبێت: “13/4/2017” (ل95) کە لەسەر کێلی گۆڕی “تۆ” نووسراوە. ئەم مێژووە تاقانەیە لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدایه‌، و ڕەنگە یەکێک بێت لە ده‌گمه‌ن لەنگەرە کاتییەکانی دەقەکە. ئیتر سه‌رپاكی ڕۆمانەکە لە “ئێستایەکی بەردەوام”دا ڕوو دەدات، كه‌ هەندێک جار یادەوەرییە، هەندێک جار ئێستایە و هەندێک جاریش ناڕوونە.
ئەم بێمێژوویییە هەڵبژاردنێکی ئاگامەندانەیە، بەڵام دەرهاویشتەی هەیە. لەلایەکەوە، بە لابردنی مێژوویەکی دیاریکراو، ڕۆمانەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە وێڵیی “تۆ”، وێڵیی تاکێک لە کاتێکی تایبەتدا نییە و بارودۆخێکی مرۆییی بەردەوامە. ئەم بانگەشەیە هەم دەکرێت وەک خاڵی هێز ببینرێت و هەم وەک خاڵی لاوازی: هێزە ئەگەر بتەوێت ڕۆمانێک بنووسیت کە هەمیشە بە هاوچەرخی بمێنێتەوە؛ لاوازییە ئەگەر ئەم بێمێژوویییە ببێتە هۆی ئەوەی ڕەگە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکانی ئازارەکە لەدەست بچن.
لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی جیهاندا، باسێک هەیە له‌بارەی ئەو بەرهەمانەی کە “لە کات هه‌ڵدێن”، واتە ئەو بەرهەمانەی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕن بۆ “تاکێکی هەتاهەتایی” تا لە تێوەگلان لە مێژوویەکی دیاریکراو خۆیان بپارێزن. ئەم تێڕوانینە گوزارشت لە ستراتیژییەک دەکات کە تێیدا نووسەر هەوڵ دەدات دەقەکەی لە “كاتی ئاسۆیی” – کە كاتی ڕووداوە مێژوویی و سیاسییەکانە – دەربهێنێت و بیخاتە ناو “كاتی ستوونی” یان “گەردوونی”یه‌وه‌؛ ئەمە بەو مانایەیە کە نووسەر نایەوێت بەرهەمەکەی تەنیا گەواهیدەرێکی سەردەمێکی دیاریکراو بێت، هێنده‌ی دەیەوێت وەک “دەقێکی هەتاهەتایی” بمێنێتەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم چەمکە دەکرێت ئاماژە بە دوو نموونەی جیاواز بکەین: یەکەمیان، لە ڕۆمانی “نامۆ”ی ئەلبێر کامودا، هەرچەندە کارەکتەری مێرسۆ لە سەردەمێکی مێژووییی دیاریکراودا دەژی، کە جەزائیرە لەژێر سایەی فەڕەنسادا، بەڵام کامۆ ڕووداوەکان بە جۆرێک دادەڕێژێت کە کێشەی مێرسۆ تەنیا “نامۆبوونی مرۆڤ بێت لە بەرانبەر گەردووندا”، بەمەش مرۆڤەکە لە “هاووڵاتییەکی سیاسی”یه‌وه‌ دەگۆڕدرێت بۆ “تاکێکی هەتاهەتایی” کە ڕووبەڕووی پوچی دەبێتەوە، ئەمەش وای کردووە ڕۆمانەکە لە هەموو سەردەم و شوێنێکدا مانا بدات، چونکە خۆی لە مێژووە دیاریکراوەکە دزیوەتەوە بۆ ناو ململانێیەکی فەلسەفیی نەبڕاوە. دووەمیان، نموونەی “ئەدەبیاتی پارێزراو” یان شێوازی ساموێل بێکێتە؛ بێکێت لە شانۆگەریی “له‌ چاوه‌ڕوانیی گۆدۆ”دا، نموونەی هەرە باڵای ئەم “هەڵاتن لە کات”ە پێشکەش دەکات، چونکە لە دەقەکەدا هیچ ئاماژەیەکی مێژوویی، شوێنێکی دیاریکراو، یان باکگراوندێکی کۆمەڵایەتی بۆ ڤلادیمێر و ئێستراگۆن نییە و ئەوان لە “هیچ شوێنێک” و لە “هیچ کاتێک”دا نین. بێکێت لێرەدا هەموو تێوەگلانە مێژوویییەکانی سڕیوەتەوە تا تەنیا “بوون” وەک خۆی بمێنێتەوە، کاتێکیش مرۆڤ لە ناسنامە کۆمەڵایەتییەکەی دادەماڵرێت، دەبێتە ئەو “تاکە هەتاهەتایییە”ی کە تەنیا کێشەی کات و چاوەڕوانی و مەرگی هەیە، نەک کێشەی جەنگێکی دیاریکراو یان شۆڕشێکی سیاسی. “وێڵی” هەندێک جار لەسەر ئەم سنوورە دەجووڵێت. ئەگەر بمانه‌وێ مێژوویه‌ك بۆ وێڵیی “تۆ” دیاری بكه‌ین، ڕێك کەی ڕووی داوه‌؟ چ ڕووداوێکی دیاریکراو بووه‌ته‌ هۆکاری؟ ڕۆمانەکە ئەمە دەزانێت: “تۆ ئه‌و هه‌موو ساڵه‌، ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌ به‌رگه‌ی قورسی و سه‌ختی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ت گرتبوو، ئه‌و ته‌نیایییه‌ت هه‌ڵگرتبوو، به‌ڵام بە یەک ڕۆژ، بە یەک کاتژمێر به‌چۆکدا هاتی” (ل40)، بەڵام ئەو “ڕۆژە” ناڵێت. ئەم “نەگوتنە”، ئایا هەڵبژاردنێکی هونەریی ئاگامەندانەیە یان خۆپاراستنه‌ لە مەترسی؟ ڕه‌نگه‌ هه‌ر خوێنه‌رێك تێڕوانینێكی جیاوازی بۆی هه‌بێت.
نۆستالژیا و فریوخواردنی
“وێڵی” لە بەشێکی زۆریدا گیرۆده‌ی نۆستالژیایه‌، نۆستالژیا بۆ هەولێری کۆن، بۆ قه‌ڵا، بۆ كۆڵان و چایخانه‌كان، بۆ حەسەن زیرەک، فه‌رهاد زیره‌ك، نوری گه‌رمیانی، عه‌لی مه‌ردان، عه‌بدولخالق مه‌عروف و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و ده‌ق و شوێن و كه‌ره‌سته‌ی تر. ئەم نۆستالژیایە هەندێک جار زۆر کاریگەرە. بەڵام ڕەخنەگر دەبێ بپرسێت له‌م ڕۆمانه‌دا نۆستالژیا ده‌یه‌وێ چی بكات؟
نۆستالژیا دوو كاركردی سەرەکی هەیە. یەکەم: بەراوردکاری، واته‌ “لەوێ کە بووین” لە بەرانبەر “لێرە کە هەین”. ئەم كاركرده‌ش لە “وێڵی”دا چالاکە. هەولێری جاران لە بەرانبەر هەولێری ئێستا وه‌ك به‌شێك له‌ كوردستان كه‌ “کە بووەتە بازاڕی ئاسن و ته‌نه‌كه‌ی ژەنگاوی، بووه‌ته‌ بازاڕی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كیچ و ژه‌نگاوی” (ل56). دووەم: پەناگە، “لەوێ کە بووین” شوێنێکی ئارامە لە بەرانبەر “لێرە کە هەین” کە مەترسیدارە. ئەم کارکردەیش لە “وێڵی”دا هەیە.
بەڵام نۆستالژیا کێشەیەکی بنەڕەتی هەیە، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یادەوەری ئایدیالیزە دەکات. لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە چەمکی “نۆستالژیای ڕەخنەیی” لای سڤیتلانا بۆیم (Svetlana Boym) بکەین؛ ئەو جیاوازی ده‌كات لە نێوان نۆستالژیایەک کە دەیەوێت ڕابردوو وەک خۆی بگەڕێنێتەوە  (Restorative)له‌گه‌ڵ نۆستالژیایەک کە تەنیا بۆ تێڕامان و مانا بەخشینە بە برینه‌كان (Reflective). “وێڵی” لە جۆری دووەمە. چونکە تەنانەت لەو ڕابردووە ئایدیالیزەکراوەشدا، “تۆ” ئازاد نەبووە و لە ژێر هێرشی ئامۆژگاری و سه‌ركۆنه‌كردنه‌كاندا بووە. بۆیه‌ ئەو “هەولێرەی پێشوو” کە لە ڕۆمانەکەدا باسی لێوە دەکرێت، ئایا بەڕاستی شوێنێکی ئارام بوو؟ ئایا لەو “هەولێرەی پێشوو”دا، بەو چایخانە و دارتوو و بازاڕانەوە، “تۆ” بە ئازادی دەیتوانی خۆی بێت؟ ڕۆمانەکە نیشانی دەدات کە نەخێر، تەنانەت لەو “هەولێرەی پێشوو”شدا، “تۆ” لە میهرەبانییەکانی باوک و مامۆستا هێڵنجت دەهات، “تۆ له‌و كاتانه‌شدا نه‌تده‌توانی جگه‌ره‌ بكێشی، نه‌بادا دوكه‌ڵ بڕشێیته‌وه‌ … تۆ گوێت پڕ كراوه‌ له‌ ئامۆژگاری و له‌ سه‌رزه‌نشت. تۆ كه‌وتبوویته‌ به‌ر هێرشی ئامۆژگاری و سه‌رزه‌نشته‌كان” (ل19).
کەواتە ئەم نۆستالژیایە له‌بارەی چییەوه‌یه‌؟ ڕەنگە پێویست بێت بەم شێوەیه‌ بیبینین: نۆستالژیای “وێڵی” نۆستالژیای “خودی باشتر”ە، نەک نۆستالژیای “جیهانی باشتر”. گێڕەرەوە بیر لە کاتێک دەکاتەوە کە “تۆ” هێشتا دەیتوانی شادیی هەبێت، هێشتا بە جوانیی وشەی “زێوان” سەرسام دەبوو، هێشتا له‌جیاتی هه‌ڵپه‌ڕین هه‌ڵده‌قونییه‌وه (ل43)‌، هێشتا بێپارە و دڵخۆش دەچووە چایخانە. ئەم نۆستالژیایە له‌بارەی جیهانی دەرەوە نییه‌، و له‌باره‌ی توانای ناوەکیی «تۆ»یە بۆ شادبوون.
ئەم جیاکارییە گرنگە. چونكه‌ ئەگەر کێشەکە “هەولێری ئێستا” بێت، ڕەنگە چارەسەر “ڕۆیشتن” بێت. بەڵام ئەگەر کێشەکە “لەدەستدانی توانای شادی” بێت، هیچ شوێنێک نییە بۆی بڕۆیت. “وێڵی” ئەمەی دووەمیان دەڵێت، بەڵام هەندێک جار لە فۆڕمی یەکەمدا دەری دەبڕێت، كه‌ ئەمەش یەکێکە لە شوێنە جێتێڕامانه‌كانی دەقەکە.
جوگرافیا و مردن: هەولێر و گۆڕستانە بێناوەکان
لە “وێڵی”دا، هەولێر دۆخێکی دەروونییە نه‌ك به‌ته‌نیا شارێك. ئەمە بە ڕوونی له‌وێدا دەبینرێت کە گێڕەرەوە لە پردی سەیداوە دەدوێت و دەڵێت “بیرم کەوتەوە تۆ بە پردی سەیداوەت دەوت نووری گەرمیانی” (ل27). شوێنێک کە خەڵکی تر ته‌نیا ناوی فەرمی دەبینن، “تۆ” شاعیرانەترین ناوی گونجاوی بۆ دادەنێیت. هەولێری “تۆ” شارێکە هەر کۆڵانێکی ناوی هەیە، هەر پردێکی دەنگی هەیە، هەر مەیدانێکی بە یادگاریی کەسێکە کە کۆمەڵگە لەبیری کردووە. “یەکێک لە کۆڵانە سەرەکییەکانی گەڕەکی سەیداوەشت ناونابوو هەوری لار” (ل27).
ئەم ناونانە تایبەتییانەی “تۆ”، نیشانەی خاوەندارێتیی سۆزه‌كییه‌ بەسەر پانتاییدا. کاتێک جیهانی دەوروبەرت بە ناوەکانی خۆت دەناسیت، واتە به‌ مانا نۆستالژییه‌كه‌ی دەڵێیت ئەمانە “هی من”ن. بەڵام ئەم “خاوەندارێتییە” لە درێژەی ڕۆمانەکەدا وردە وردە لەناو دەچێت. بازاڕی سێتاقان “بووە بە قوربانیی هه‌ندێ مارکێتی پۆخڵه‌واتی چه‌ند ماڵبڕ و ژیانبڕێك” (ل27)، دارتووەکانی بەردەم دووكانه‌كانی لای قه‌ڵا “لە بنەوە هه‌ڵكێشراون” (ل53). شار خەریکە دەگۆڕێت، بەڵام نەک بەو ئاڕاستەیەی کە “تۆ” دەتویست.
لە بەشی کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، گێڕەرەوە خەونێک دەگێڕێتەوە: “هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا خه‌وم بینی گۆڕی تۆمان هه‌ڵده‌كه‌ند” (ل95) و مێژووی مردنەکە 13/4/2017یە، هەمان ئەو ڕۆژەی کە گێڕەرەوە لەگەڵ “تۆ” قسە دەکات. ئەم وردەکارییەی کە گۆڕەکە تازەیە، “هێنده‌ تازەیه‌ هێشتا شێی هەندێ شوێنی خاكه‌کەی سەر گۆڕەکە وشک نەبووەتەوە” (ل97)، نیشان دەدات کە مردنی “تۆ” مردنێکی بەردەوامە وا خەریکە ڕوو دەدات نەک مردنێکی ڕابردوو، هەر ئێستا، لەم ساتەدا ڕوو ده‌دات.
کاتی “دیل”
یەکێک لە زیرەکانەترین کارەکان کە دلاوەر ڕەحیمی لە ڕۆمانەکەیدا کردوویەتی، ناساندنی “دیل”ە وەک خاڵێکی بەراوردکاری. “دیل” – زیندانیی ڕاستەقینە – لەگەڵ “تۆ” بەراورد دەکرێت. ئەم بەراوردکارییەش له‌بارەی کاته‌وه زۆر شت دەڵێت‌.
دیلی ڕاستەقینە دەیەوێت کات زووتر تێپەڕێت. “دیلەکانی تر حەز دەکەن کات بە پەلە بڕوا، خولەک بەسەر ڕۆژانیان بکەوێ و ڕۆژ تێپەڕێنی، ڕۆژەکان بەسەر وەرزەکانیان بکەون و وەرز تێپەڕێنن، بەهارێک نەبینێ و تێپەڕێ، پرچی پاک سپی بووبێ بەڵام سێ ساڵێک تێپەڕی بێت، بەڵام تێپەڕی بێت” (ل17)، ئەمەش ئەو کاتەیە کە هێنری بێرگسۆن (Henri Bergson) ناوی دەنێت “کاتی ژمێردراو”؛ کاتێک کە تەنیا ژمارەیە و مرۆڤ دەیەوێت لێی ڕزگار بێت. بێرگسۆن جیاوازی دەکات لە نێوان “کاتی کاتژمێر” (Le temps physique) و “کاتی ناوەکی” (Durée). ئەو پێی وایە کاتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئێمە لە ناخماندا هەستی پێ دەکەین، کە زۆرجار وەک ئەوەی لە “وێڵی”دا هەیە، نە دەپێورێت و نە بە هێڵێکی ڕاست دەڕوات. بەڵام “ئه‌ی تۆ؟ تۆ کاتێ “باوێشک”ت ناسی، كاتێ ویستت زیندانی بکەیت، ده‌ترسای كاتت نه‌بێ سالوولی تایبه‌تی هۆی بۆ دروست بكه‌ی” (ل18). واتە “تۆ” دەیەوێت کات تێنەپەڕێت، دەیەوێت ئەو ساتانەی کە بوونەتە زیندانیی “دیل”ە دەروونییەکانی، بە جێگیری بهێڵیتەوە. ” ئەی تۆ چی؟ تۆ لە کاتدا چەقی بووی، چەقیوی. تۆ لە بنەڕەتدا کات لەلات چەقی بوو، چەقیوە، چاوەکان کاتیان چەقاندووە، زمان کاتی چەقاندووە، جووڵەکان کاتیان چەقاندووە، کات لای تۆ وەک خۆت دەڕوا، کات چاوەڕێی تۆیە و تۆ خۆت چەقاندووە، خۆت کاتت ڕاگرتووە، لە ڕووداوێکدا ڕاگرتووە و ئەویش خۆی توندتر چەقاندووە و ڕەگی داکوتیوە” (ل17-18).
ئەم “ڕاگرتنی کات”ە چەمکێكی دەروونیی قووڵه‌ له‌ دەقەکەدا. لە دەروونناسیدا، ئەوەی “تۆ” ئەنجامی دەدات پێی دەوترێت “چەقبەستوویی” (Fixation)، کاتێک برینێکی دەروونی هێندە توندە کە مێشک ناتوانێت بیگوێزێتەوە بۆ ڕابردوو. هەر شتێک بیری ئەو ڕووداوە بخاتەوە، مێشک دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان سات. جوانیی “وێڵی” ئەوەیە کە ئەم چەمکە بەبێ ناوه‌ دەروونناسییەکەی، لە ڕێگەی وێنەی “ڕاگرتنی کات”ەوە دەردەبڕێت.
بەڵام پرسیارێکی بێوەڵام لە ڕۆمانەکەدا دەمێنێتەوە: ئەو “ڕووداوە” چییە کە “تۆ” کاتی تێدا ڕاگرتووە؟ ڕۆمانەکە بە ئاگایییەکی هونەرییەوە ئەم خاڵە بە تاریکی دەهێڵێتەوە. ئەم “نەگوتنە” هێزی دەقەکەیە. چونکە ئەگەر نووسەر ڕووداوەکەی دیاری بکردایە، ماناکەی کورت دەکردەوە بۆ ڕووداوێكی تاكه‌كه‌سی. بەڵام بە جێهێشتنی ئەم بۆشایییە، “وێڵی” دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ هەر خوێنەرێک؛ هەر کەسێک لە ئێمە “ڕووداوێک”ی هەیە کە کاتی تێدا ڕاگرتووە، “كاتژمێرێك”ی هەیە کە لە ساتێکی دیاریکراودا باترییەکەی تەواو بووە و چیتر ئامادە نییە چرکەیەکی تر بچێتە پێشێ. ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەقەکە تێیدا لە گێڕانەوەی چیرۆکێکی تایبەتەوە دەبێتە گێڕانەوەی “دۆخی مرۆیی”
ژماردن وەک بەرگری
یەکێک لە وێنە سیمبولیکییە هەرە قووڵ و دووبارەبووەکان لە ڕۆمانی “وێڵی”دا، مۆتیڤی “ژماردن”ە وەک پرۆسەیەکی دەروونی و بوونه‌كی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی بێشوێنی. ئەم کردارە، کە لە نێوان کارەکتەری “دیل” و کارەکتەری “تۆ”دا دابەش بووە، وەک ئامرازێکی بەرگریی بایۆلۆژی و مەعریفی لە دژی هەڵوەشانەوەی خود دەردەکەوێت. دیل لە ناو زینداندا پەنا دەباتە بەر ژماردنی کاشییەکان، شیشەکان و تێپەڕبوونی ڕۆژەکان؛ ئەمە لە ڕووی دیاردەناسییەوە وەک هەوڵێکە بۆ “داگیرکردنی شوێن” لە ڕێگەی عەقڵەوە، کاتێک جەستە لە ژێر کۆنترۆڵدایە. ژماردن لێرەدا دەبێتە مانیفێستی “من هێشتا لێرەم” (Cogito)، کە هاوتایە لەگەڵ تێزەکانی مۆریس مێرلو پۆنتی (Maurice Merleau-Ponty) سەبارەت بە پێگەی جەستە وەک ناوەندی ئەزموونکردنی جیهان؛ چونکە لە بارودۆخی دژواری بێبەشبووندا، بچووکترین کردەی کۆنترۆڵکردن دەبێتە دوایین سەنگەری پاراستنی مرۆڤبوونی تاک. نووسەر ئەم پەرتبوونە دەروونییەی دیل بە وردی وێنا دەکات کاتێک دەڵێت: “دیل بەس ڕۆژەکان ناژمێرێ، به‌ڵكوو هەنگاوەکانیشی دەژمێرێ، دیل دەست جووڵاندن و میزکردنەکانیشی دەژمێرێ … دیل بۆیە دیلە و پێی دەڵێن دیل و خویشی ئیتر دەزانێ کە دیلە لە یادەوەریی لاوێتییەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەیاڵ و یادەوەرییەکانی منداڵی، لە منداڵییەوە باز دەدات بۆ ژماردنی سەدبارەی کاشییەکانی ئەردەکەی ژێر پێی، ئیدی ئەردەکەی ژێرپێی سالوولەکەی خۆی بێت یان ئەو توالێتەی دەچێ چۆڕێ میزی تێدا بکات، یان هی ڕاڕه‌وەکەی بەندیخانەیە یان هی حەسارەکەی بەندیخانەکە، ئەوانە گرنگ نین، گرنگ تەنیا ژماردنە و هەمیشە هەڵەکردن و لێتێکچوونی ژماردنەکە و هەمیشە بیانوو بۆ دووبارە ژماردنەوەی” (ل13). ئەم “هەڵەکردنە” و دووبارە دەستپێکردنەوەیە نیشانەی تێکشکانی کاتی هێڵه‌كییە و گۆڕینیەتی بۆ کاتێکی دەروونیی خولاوه‌ کە تێیدا ژماردن ته‌نیا بۆ گەیشتن بە ئەنجام نییە، هێنده‌ی بۆ بەردەوامبوونی خودی پرۆسەی بیرکردنەوەیە لە ناو بێدەنگیی ڕەهای زینداندا.
لە بەرامبەر ئەمەدا، جیاوازییەکی ناسک و جەوهەری لە مامەڵەی کارەکتەری “تۆ”دا دەبینرێت، کە ئاستێکی قووڵتر لە تێکشکانی ئۆنتۆلۆژی نیشان دەدات. لە کاتێکدا دیل لە ڕێگەی ژماردنەوە هێشتا ململانێ لەگەڵ واقیعدا دەکات، کارەکتەری “تۆ” لەو سنوورەش تێپەڕیوە و تووشی جۆرێک لە “ئیفلیجیی ئاگایی” بووە. نووسەر ئاماژە بەوە دەدات کە “تۆ” مژەکانی جگەرە دەژمێرێت، یان ڕاستتر، توانای ژماردنیانی نییە: “تۆ نه‌تده‌توانی قوومی جگه‌ره‌كان بژمێری، تۆ نه‌تده‌توانی سه‌رله‌قاندنه‌كانت بژمێری…” (ل14). ئەم “نەتوانینە” لە ڕوانگەی تیۆریی رەخنەیییەوە، گوزارشتە لە تەسلیمبوونێکی تەواوەتی بە کاتی ڕاگیراو. کەسێک کە توانای ژماردنی نییە، لە ڕاستیدا ئەو کۆتا کەرەستەیەی لەدەست داوە کە پێی دەوترێت “ئیرادەی مەعریفی”، و چیتر ناتوانێت سنوورێک لە نێوان خود و ئەو دۆخە داسەپاوەدا بکێشێت. ئەم جیاوازییە لە نێوان ژماردنی دیل و نەتوانینی “تۆ”دا، گێڕانەوەکە دەباتە ئاستێکی فەلسەفیی باڵاتر؛ دیل هێشتا لە پرۆسەی “بوون”دایە لە ڕێگەی ژماردنەوە، بەڵام “تۆ” گەیشتووەتە قۆناغی “نەبوون” یان توانەوەی تەواو لە ناو پووچیدا. ئەو خوێنەرەی بە وردی و بە ئامرازی ڕەخنەیی بوونخوازی بڕوانێتە دەقەکە، تێدەگات کە ئەم جیاکارییە نیشاندانی پلەبەندیی تێکشکانی مرۆڤە لە ژێر فشاری دەسەڵات و تەنیاییدا، کە تێیدا ژمارەکان دەبنە دوایین هێڵەکانی بەرگری پێش ئەوەی مرۆڤ بە تەواوی لە ناو “کات و شوێنی وێڵ”دا ون ببێت.
ڕەگەزی ددانپێدانان: پیاو کە لاواز دەبێت
ددانپێدانان لە کولتووردا
لە بنەما کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا، و بە گشتی لە پانتایی سۆسیۆکولتووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ددانپێدانانی لاوازی وەک کردارێکی دژەپیاوانە و مه‌ترسییه‌ك بۆ سەر شوناسی جێگیری نێرینە تەماشا دەکرێت. پاڵەوانی کولتووری لە گێڕانەوە کلاسیکی و حه‌ماسییه‌‌کاندا، هەمیشە وەک سووژەیەکی خاوەن بڕشت، خۆڕاگر و خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین وێنا کراوە؛ تەنانەت کاتێک ئەم پاڵەوانە ڕووبەڕووی شکستیش دەبێتەوە، شکستەکەی خاوەن “شکۆیەکی تراژیدی”یە و هەرگیز ڕێگە نادات وێڵبوونی ناوەکی و گێژاوی مێشکی، سیمای دەرەکیی ئەو سووژە بەهێزە بشێوێنێت. ئەم تێڕوانینە کە لەسەر بنەمای “پیاوانەییی هه‌ژموونخواز” بونیاد نراوە، هیچ ڕووبه‌رێك بۆ گومان و لەرزینی دەروونی ناهێڵێتەوە.
بەڵام ڕۆمانی “وێڵی” بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ ئەم مۆدێلە نەریتییەی پاڵەوان وەلا دەنێت و وێنەیەکی جیاواز لە سووژەی پیاوانە دەخاتە ڕوو. کارەکتەری “تۆ” لەم دەقەدا، نە خاوەن هێزی فیزیکییە، نە خۆڕاگرییەکی ئەفسانەیی هەیە و نە خاوەن ئەو شکۆیە کۆنەیە کە کولتوور دەیخوازێت. ئەو سووژەیەکی تێکشکاوە کە دڵی تێکەڵ دێت، ناتوانێت کۆنترۆڵی وردەکارییەکانی دەوروبەری بکات، وەک نەتوانینی ژماردنی مژەکانی جگەرەکەی؛ لە بەرامبەر سادەترین نیشانەکانیشدا تووشی ترس دەبێت، وەک ترسان لە زەنگی تەلەفۆنی کەسانی نەناسراو (ل44) یان ڕشانەوە لە میهرەبانیی ئەوانی تر. “تۆ” لێرەدا دەبێتە سووژەیەک کە سنوورەکانی نێوان ناوەوە و دەرەوەی، نێوان هێز و لاوازیی لێ تێک چووە.
ئەم هەڵبژاردنە هونەرییەی دلاوەر ڕەحیمی، گۆڕانکارییەکی پارادایمییە لە گێڕانەوەی کوردیدا، بەڵام هاوکات پرسیارێکی كرۆكیی تیۆریش دەورووژێنێت: ئایا ئەم لاوازییەی “تۆ” وەک “شکستێکی بوونخوزای” وێنا دەکرێت یان وەک “ڕەسەنایەتییەکی نوێ”؟ ڕۆمانەکە لێرەدا لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا دەجووڵێتەوە. لە لایەکەوە، گێڕەرەوە جەخت لەسەر جۆرێک لە پاکی و ڕەسەنایەتیی کارەکتەرەکە دەکاتەوە و دەڵێت: “گرنگترین تایبەتمەندی تۆ ئەو بێڕیییایه‌ت بوو کە هەمیشە ئاراستەی خۆت دەڕۆیشتی، تۆ بێ بەرژەوەندی بووی”  (ل40).
بەڵام لە لایەکی ترەوە، دەقەکە “تۆ” وەک قوربانییەکی سۆسیۆلۆژی نیشان دەدات کە لەژێر قورسایی و گوشارەکانی کۆمەڵگەدا “پان بووەتەوە”. ئەمە ململانێیەکی دیالێکتیکییە لە نێوان “سووژەی ئازاد” کە لاوازییەکەی هەڵبژاردنێکی ڕەسەنە، و “سووژەی سەرکوتکراو” کە لاوازییەکەی بەرهەمی چەوسانەوەیە. ئەم مانالێڵییه‌ لە ڕۆمانەکەدا چارەسەر نابێت؛ ئایا “تۆ” پاڵەوانێکی مۆدێرنە کە بوێرانە دانی بە ناسکی و ئازارچێشتنی خۆیدا ناوە، یان تەنیا دۆڕاوێکی کۆمەڵایەتییە کە چیتر توانای بەرگری نەماوە؟ ئەم ناڕوونییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێکستەکە وەک بونیادێکی کراوە بمێنێتەوە، کە تێیدا مانا لە نێوان “ڕەسەنایەتیی ناوەکی” و “شکستی دەرەکی”دا لەبزاوتدایه‌، بەبێ ئەوەی بگاتە بڕیارێکی کۆتایی لەسەر شوناسی ئەم پیاوە وێڵە.
جوانیناسیی گریان و کێشەی ڕەوایەتیی کولتووری
لە گێڕانەوەی ڕۆمانی “وێڵی”دا، فرمێسک لە ئاستە بایۆلۆژی و دەروونییە سادەکەی خۆی تێدەپەڕێت و دەبێتە سووژەیەکی جوانیناسانە کە ڕەهەندی بوونخوازی و نەتەوەیی بەخۆوە دەگرێت. گێڕەرەوە بە زمانێکی شیعریی چڕ، گریانەکانی “تۆ” لە چوارچێوەی “پێناسی کەسی”دا کورت دەکاتەوە و دەڵێت: “تۆ گریانت كرد به‌ ناوی خۆتەوە. تۆ بۆ هه‌موو شتێك ده‌گریایت” (ل64). لێرەدا گریان چیتر نیشانەی تەسلیمبوون نییە و بۆ خۆی دەبێتە جۆرێک لە “زمان”؛ زمانێک کە تێیدا سنووری نێوان ئازاری جەستەیی و داهێنانی ئەدەبی کاڵ دەبێتەوە. بەراوردکردنی گریانی کارەکتەرەکە بە “غەزەلێکی نالی”، “دەربەندی پەپولە”ی شێرکۆ بێکەس، یان کارەساتی “هەڵەبجە” و تیرۆری “عەبدولخالق مەعروف” (ل65)، گریانەکە لە بازنەی تاکەکەسی دەردەهێنێت و دەیکاتە بەشێک لە كۆمێژوویەکی پڕ لە مەینەت.
ئەم گۆڕانکارییە وێنایییە، گریان وەک “هونەر” مانیفێست دەکات. لە کولتوورێکدا کە پیاوانەیی تێیدا بە بەهێزی و بێدەنگی پێناسە دەکرێت، “وێڵی” هەوڵ دەدات ڕه‌وایه‌تی به‌ جۆرێک لە “پیاوانەییی ناسک” بدات، بە مەرجێک ئەو ناسکییە خاوەن بەهایەکی سیمبولیکی باڵا بێت. کاتێک گێڕەرەوە دەڵێت: “گریانی تۆ وەک شیعرە، گریانی تۆ لە گریانی هیچ کەسێکی تر ناچێت… به‌ده‌م گریان و هه‌نسكه‌كانته‌وه‌ هه‌میشه‌ شیعرت ده‌وت” (ل52)، لە ڕاستیدا کار لەسەر تێزی “جوانیناسیی ئازار” دەکات، کە تێیدا خەم دەبێتە کەرەستەیەکی خاو بۆ بەرهەمهێنانی مانا. ئەمە نیشاندانی توندوتیژییەکی ئه‌رێنییه‌؛ گریانێک کە “ترسناک جوانە”، چونکە لە قووڵاییی تێکشکانێکی ڕاستەقینەوە هەڵدەقوڵێت و پەیوەندییەکی میتافۆری لەگەڵ دەنگە گەورەکانی وەک حەسەن زیرەک، قادر دیلان و سەڵاح نەجمەدیندا دروست دەکات.
بەڵام لە پشت ئەم وێنە پڕ لە میهرەبانییەوە، پرسیارێکی ڕەخنەییی جیدی سەرهەڵدەدات کە پەیوەندی بە “مەرجدارکردنی گریان”ەوە هەیە. ئایا ڕەوابوونی گریانی پیاو لەم دەقەدا، بەند نییە بە “جوانبوون”ی گریانەکەوە؟ لێرەدا دەقەکە ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی کولتووری دەبێتەوە؛ گریان کاتێک پەسەندە کە بگۆڕێت بۆ “ئەدەبیات” یان “مۆسیقا”. ئەگەر گریانی “تۆ” گریانێکی ناشیرین، بێدەنگ، یان بێمانا بوایە، گریانێک کە نەچووبایە ناو پانتاییی غەزەل و گۆرانییەوە، ئایا هێشتا وەک کردارێکی “ڕه‌سه‌ن” هەژمار دەکرا؟ ئەمە ئەو “سێبەرە بچووکە”یە کە لە ناو دێڕەکاندا دەبینرێت؛ تەنانەت لەو شوێنەشی کە ڕۆمانەکە دەیەوێت پیاوانەییی نەریتی تێک بشکێنێت، هێشتا جۆرێک لە مەرجی باڵای بۆ دادەنێت، کە ئەویش مەرجی “بوون بە هونەر”ە بۆ ئەوەی لە پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی ڕزگاری بێت.
دۆستایەتیی پیاوانە و دیالێکتیکی وابەستەیی
پەیوەندیی نێوان گێڕەرەوە و کارەکتەری “تۆ” لە ڕۆمانی “وێڵی”دا، لەسەر بونیادێکی سۆزه‌كیی چڕ و فرەڕەهەند وەستاوە کە لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردی و کلاسیکی ناوچەکەدا، ڕەگوڕیشەیەکی قووڵی لە چەمکی “هاوڕێیەتیی گیانی”دا هەیە. ئەم پەیوەندییە کە بە زمانێکی لیریکی و پڕ لە ناسکی وەسف دەکرێت، سنوورە باوەکانی هاوڕێیەتیی سادە دەبەزێنێت و دەچێتە ناو کایەی وابەستەییەکی ئۆنتۆلۆژییەوە. دەربڕینەکانی وەک: “هاوڕێی گیانی به‌ گیانی” (ل53)، “تووڕه‌م له‌ تۆ، تووڕه‌م له‌ خۆم” (ل47) و بانگهێشتکردنی ئەوی تر بۆ گریانێکی هاوبەش: “وەرە هاوڕێم سەرت بخه‌ره‌ سه‌ر شانم و بگری … سه‌رت بخه‌ره‌ سه‌ر سنگم و بگری … تۆ بگری با منیش بۆن به‌ فرمێسكه‌كانته‌وە بكه‌م” (ل51)، گوزارشت لە جۆرێک لە “تەواوکاریی دەروونی” دەکەن کە تێیدا خود و ئەوی تر دەبنە یەکەیه‌كی هەستیار.
ئەم زمانی سۆز و نزیکییە جەستەیییە، کە لە وێنەی “ترسام له‌وه‌ی گه‌ر به‌ گه‌رموگوڕییه‌وه‌ توند بتگوشم، هاڕه‌ت بێت” (ل69)دا دەگاتە ئەوپەڕی چڕی، لە ڕوانگەی تیۆریی “دڵسۆزیی قووڵی نێرینه‌‌” و چەمکی “كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی هاوڕه‌گه‌زانه‌”ی ئیڤ سێجویکەوە[8] جێگەی سەرنجە. لە کولتوورە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، نزیکیی سۆزەکی و جەستەیی نێوان پیاوان (وەک دەستگرتن، باوەشپیاکردن و گریانی هاوبەش) مێژوویەکی درێژی هەیە و وەک نیشانەیەکی سروشتیی دۆستایەتیی باڵا ئەژمار دەکرێت، بەبێ ئەوەی لێکدانەوەی سێکسیی بۆ بکرێت. “وێڵی” بە شێوەیەکی سروشتی لەم پانتایییەدا دەجووڵێتەوە و زمانی سۆزی پیاوانە وەک کەرەستەیەکی گێڕانەوەیی بۆ نیشاندانی تێکشکانی مرۆڤ و پێویستیی بە پەناگەیەک بەکار دەهێنێت.
بەڵام ئەم چڕییە بێوێنەیە، پرسیارێکی “بێناونان” لە ناو دەقەکەدا بەجێ دەهێڵێت کە پەیوەندی بە سنوورەکانی زمانەوە هەیە. ئایا چەمکی “هاوڕێیەتی” بە تەنیا دەتوانێت بەرگەی ئەم هەموو چڕییە سۆزدارییە بگرێت؟ لێرەدا دەقەکە تووشی جۆرێک لە “لێڵیی مەبەستدار” دەبێت؛ لە لایەکەوە پێداگری لەسەر ناوی هاوڕێیەتی دەکاتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە وێنەکان و زمانەکە هێندە چڕن کە لە سنووری ناسێنراوی هاوڕێیەتی دەچنە دەرەوە. ئەم ترسە لە “هاڕەهاتن”ی ئەوی تر لە کاتی توندگوشیندا، گوزارشتە لە ناسکییەکی بونیادی کە تێیدا جەستە وەک شووشەیەکی شکاوی لێ هاتووە و گێڕەرەوە وەک پارێزەری ئەو تێکشکاوە دەردەکەوێت. ئەم بۆشاییی ناونانە، وەک “ناگوترێیەک” لە ناو دەقەکەدا دەمێنێتەوە و شوێنێکە کە ڕۆمانەکە تێیدا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت؛ ئه‌مه‌ش ترسنۆکییەک نییه‌ بۆ یەکلاکردنەوە، هێنده‌ی دداننانه‌ بەوەی کە هەندێک ئەزموونی سۆزداری هەن، هێشتا زمان فەزایەکی گونجاوی بۆ ناونانیان بەرهەم نەهێناوە، بەتایبەت لەو شوێنەی کە عەشق و هاوڕێیەتی و ئازار لە یەک خاڵدا دەبنە گورزه‌تیشکێكی چڕ.
گێڕەرەوەی متمانەپێنه‌كراو: لە کوێدا ناتوانرێت بڕوا بە گێڕانەوە بکرێت؟
گێڕەرەوەی شه‌یدا
لە گێڕانەوەی ڕۆمانی “وێڵی”دا، ئێمە ڕووبەڕووی جۆرێکی تایبەت لە گێڕەرەوە دەبینەوە کە لە تیۆریی ئەدەبیدا بە “گێڕەرەوەی متمانەپێنەکراو” (Unreliable Narrator) ناوزەد دەکرێت؛ بەڵام متمانەپێنەکراوی ئەم گێڕەرەوەیە لە “شەیدایی” و دڵبەستەیییەکی قووڵەوە دێت‌، کە ڕێگرە لەوەی وێنەیەکی ئۆبجەکتیڤ و بێلایەنانەی کارەکتەری “تۆ” بخاتە ڕوو. گێڕەرەوە لێرەدا خەریکی “بونیادنانی پیرۆزی”یە بۆ کارەکتەرەکە. کاتێک دەڵێت: “تۆ خوڵقێنه‌ری شیمانه‌کان و ئه‌گه‌ره‌کان بوویت” (ل58) یان “گریانەکانی تۆ بە شێوەیەکی ترسناک جوان بوون” (ل65)، ئەو چیتر تەنیا وەسفی مرۆڤێک ناکات، له ‌ڕاستیدا خەریکی وێناکردنی “ئایکۆن”ێکە کە لە سەروو کەمورکوڕییە مرۆیییەکانەوە وەستاوە. خوێنەری وردبین لێرەدا تووشی گومان دەبێت؛ ئایا ئەوەی دەیبینین “تۆ”یەکی ڕاستەقینەیە، یان “دانه‌پاڵ” (projection)ی خەیاڵ و شەیدایییەکانی گێڕەرەوەیە؟
ئەم گێڕەرەوەیە، کە لایەنگرییەکی ڕەهای بۆ کارەکتەرەکە هەیە، هەوڵ دەدات پێشوەختە بەرگری لە خۆی بکات و دەڵێت: “ئەمە پیاهەڵدان نییە، وەک چۆن فریودانیش نییە” ل(38). بەڵام بەپێی تیۆریی “پێگەی سووژە” لە ڕەخنەی ئەدەبیدا، هەر کاتێک پەیوەندییەکی سۆزداریی چڕ لە نێوان گێڕەرەوە و کارەکتەردا هەبێت، مەودای ڕەخنەیی لەناو دەچێت. گێڕەرەوە بە ڕەهایی جەخت لە بێگەردیی “تۆ” دەکاتەوە: “یەکجاریش ڕەفتارێکی دەستکرد و ساختە، یان ڕیاکارانەم لە تۆ نەبینی، نەک هەر من، کەس ڕیایی لە تۆ نەبینیوە” (ل38). ئەم بێگەردی و پاکییە ڕەهایە، کارەکتەرەکە لە مرۆڤبوونی خۆی دادەماڵێت و دەیکاتە “نموونەیەکی باڵا”  (ئاركیتایپ)؛ ئەمەش ئەو خاڵەیە کە تێیدا متمانەی خوێنەر بە گێڕەرەوە له‌نگ ده‌بێت، چونکە مرۆڤ لە واقیعدا خاوەنی سێبەر و لایەنی تاریكە، کەچی لەم دەقەدا هەموو شتێک لە ژێر ڕووناکییەکی درەوشاوەی شەیداییدا نیشان دراوە.
پارادۆکسی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە گێڕەرەوە ددان بەوەدا دەنێت کە خۆیان “تۆ”یان فریو داوە، بەڵام ئەم فریودانە وەک کردەیەکی “جوامێرانە” و جوانیناسانە وێنا دەکرێت: “ئێمه‌ش فریومان ده‌دای… تا موزیكیترین نامه‌مان بۆ بنووسی، تا گۆرانییه‌كمان بۆ بچڕی به‌ نامه‌، تا باڵه‌خانه‌یه‌كمان بۆ هه‌ڵچنی به‌ وشه‌ دروست كرابێت” (ل31). لێرەدا، گێڕەرەوە ددان بەوەدا دەنێت کە ئەوان بۆ بەدەستهێنانی “جوانیی ئەدەبی”، یارییان بە هەستی کارەکتەرەکە کردووە. ئەم ددانپێدانانە نیشانی دەدات کە “تۆ” لەم ڕۆمانەدا تا چ ڕادەیەک سووژەیەکی “ئامرازکراو”ە بۆ داهێنانی ئەدەبی. ئەگەر دۆستانی “تۆ” ئاوا بە ئاشکرا ددان بە فریودانی ئەودا دەنێن لەپێناوی دەقێکی جواندا، ئەوا ئەگەری ئەوەی کە “تۆ”ش لە شوێنێکدا دەمامکی پۆشیبێت یان ڕەفتارێکی ناڕاستگۆیانەی هەبووبێت، زۆر به‌رزه‌، بەڵام گێڕەرەوە ئەم لایەنە بە تەواوی لە سێبەردا جێ دەهێڵێت. لە ئەنجامدا، گێڕەرەوەی “وێڵی” دەبێتە گێڕەرەوەیەکی “خولیاکەر” کە ڕێگە نادات هیچ پەڵەیەک بکەوێتە سەر سیمای “تۆ”، و ئەمەش وا دەکات ڕۆمانەکە وەک “غەزه‌لێکی درێژ” دەربکەوێت کە تێیدا مەعشوق (تۆ) تەنیا لە چاوی عاشقدا (گێڕەرەوە) بوونی هەیە، نەک وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن هەڵە.
“تۆ”ی ڕاستەقینە و “تۆ”ی دروستکراو
یەکێک لەو پرسیارانەی کە ڕۆمانی “وێڵی” لە بەردەم خوێنەر و ڕەخنەگردا دایدەنێت، پرسیاری “بوونی ڕاستەقینە”ی کارەکتەری “تۆ”یە. ئایا “تۆ” سووژەیەکی سەربەخۆی دەرەکییە، یان تەنیا دروستکراوێکی مێشکی و دراوه‌پاڵی دەروونیی گێڕەرەوەیە؟ ڕۆمانەکە بە وریایییەکی زۆرەوە لێڵییه‌ك دروست دەکات کە ڕێگە بۆ هەردوو لێکدانەوەکە خۆش دەکات، و بەمەش دەقەکە لە گێڕانەوەیەکی کلاسیکییەوە دەگۆڕێت بۆ تێکستێکی مۆدێرن کە کار لەسەر “قەیرانی ناسنامە” و “پارچەپارچەبوونی سووژە” دەکات.
لە بەشی کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، گێڕەرەوە لە ڕێگەی “من”ێکی حاشاکەر و پڕ لە گومانەوە، تەواوی ئەو متمانەیەی کە لە بەشەکانی پێشوودا دروستی کردبوو، دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم “من”ە بە جۆرێک لە نکوڵیکردنی ئۆنتۆلۆژییه‌وه‌ دەست پێ دەکات و دەڵێت: “ئەمە منم؟ بۆ ئەمە منم؟ ئەم تۆیە منم؟ بۆ دەبێ ئەم تۆیە من بم؟… بۆیە گومانم نییە کە ئەو تۆیە من نیم… دەی ئەو تۆیە من نیم… دەی بۆ ڕووی لە منە؟ ئەی ئەو تۆیە کێیە؟” (ل73-74). لێرەدا، بەپێی تیۆریی “دووانه‌ یا هاوشێوه‌” (The Double)[9]، دەکرێت وا لێک بدرێتەوە کە “تۆ” لە ڕاستیدا لایەنێکی شاراوە یان “ئەوی تری” ناوەکیی گێڕەرەوە خۆی بێت. ئەم گومانی جیاوازبوونە، خوێنەر دەخاتە ناو گێژاوێکەوە کە تێیدا سنووری نێوان واقیع و خەیاڵ بە تەواوی نامێنێت و گێڕەرەوە لە وێنەی “تۆ”دا بەدوای ناسنامە ونبووەکەی خۆیدا دەگەڕێت.
لە لایەکی ترەوە، ڕۆمانەکە نیشانەی تری پێکەوە ناوە کە پێداگری لەسەر بوونی فیزیکی و مێژووییی “تۆ” دەکەن. ئامادەییی کارەکتەرەکە لە شوێنە ناسراو و کۆنکرێتەکانی وەک “پردی سەیداوە”، “چایخانەکانی لای قەڵا” و “نمایشە شانۆیییەکان”دا، ڕەهەندێکی ڕاستەقینە بە کارەکتەرەکە دەبەخشێت. تەنانەت لە دیمەنی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتاییشدا، ئاماژە بە وردەکاریی زیاتر دەکرێت: “چەند کاتژمێرە هەر ڕوو بە من قسە دەکات… مژ بە مژی جگەرە کێشانەکانم دەژمێری” (ل74). ئەم جۆرە وەسفە بابه‌تییانه‌، وای دەردەخات کە ئێمە لەبەردەم گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی نێوان دوو مرۆڤداین. بەڵام دیسانەوە گێڕەرەوە بەمە ناوەستێت و دەڵێت: “باوه‌ڕ بكه‌ن من نازانم ئه‌و هه‌یه‌؟ ئه‌و تۆیه‌ هه‌یه‌ یان نییه‌؟ من هه‌م یان نیم؟” (ل79-80). ئەم ددانپێدانانە دەکرێت وەک “ستراتیژیی بەرگری” ببینرێت بۆ ڕاکردن لەو ئازارەی کە پەیوەندییە ڕاستەقینەکان دروستی دەکەن، یان وەک سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ “تۆ” ته‌نیا سێبه‌رێكی خه‌یاڵییه‌.
دلاوەر ڕەحیمی بەم هەڵبژاردنە، خوێنەر لە ناو گرێیەکی چارەسەرنەکراودا جێ دەهێڵێت. ئەگەر “تۆ” تەنیا خەیاڵ بێت، ئەوا ڕۆمانەکە دەبێتە مۆنۆلۆگێکی قووڵی مرۆڤێکی تەنیا کە لەگەڵ “ئایدیاڵ” یان “هەبوونی باشتر”ی خۆیدا دەدوێت بۆ ئەوەی لە پووچیی ژیان ڕزگاری بێت. ئەگەر “تۆ” ڕاستەقینەش بێت، ئەوا ڕۆمانەکە باس لە تراژیدیای دوو سووژە دەکات کە یەکێکیان وەک وێڵە و ئەوی تریان لە ناو گێژاوی جوانیدا سەرگەردانە. ئەم لێڵییە پێكهاته‌یییه‌، یەکێکە لە خاڵە هەرە سەرکەوتووەکانی دەقەکە، چونکە ڕێگە دەدات ڕۆمانەکە وەک مانیفێستێکی کراوە بمێنێتەوە کە تێیدا “بوون” هەمیشە لە نێوان ڕاستی و ئەفسانەدا لە جووڵه‌دا بێت.
جوانناسیی ناشیرینی و تێپەڕاندنی “کیچ”: ململانێی ڕەسەنایەتی لە گێڕانەوەی “دژ”دا
“کیچ” وەک مۆتیڤێکی کولتووری
لە بونیادی گێڕانەوەییی ڕۆمانی “وێڵی”دا، زاراوەی “کیچ” (Kitsch) لە ئاستە باوەکەی خۆی وەک تەنیا وەسفێکی هونەری تێدەپەڕێت و دەبێتە ناوەندێکی هزری بۆ لێکدانەوەی قەیرانی ڕەسەنایەتی لەناو کولتووردا. ئەم وشەیە کە چەندین جار لە دەقەکەدا دووبارە دەبێتەوە، وەک لە “کیچنووسەکان” (ل60) و “ئەدەب و هونه‌ری کیچ” (ل56)دا دەردەکەوێت، ئاماژەیە بۆ ئەو بەرهەمە هونەری و ئەدەبییانەی کە خاوەنی فۆڕمێکی ڕووکەش و لاساییکەرەوەن و تەنیا بۆ تێرکردنی زەوقی گشتی و بەدەستهێنانی کاردانەوەی سۆزەکیی خێرا بەکار دێن. لە ڕووی مێژوویی و تیۆرییەوە، کیچ لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا لە ئەڵمانیا وەک دژەتێزی “هونەری باڵا” سەری هەڵدا؛ لێرەدا هونەر لەبری ئەوەی بێتە کایەیەک بۆ داهێنان و قووڵکردنەوەی ئەزموونی جوانیناسی، دەبێتە کاڵایەکی “ساختە” کە بە بەکارهێنانی قاڵبە ئامادەکان و گوزارشتە کڵێشەیییەکان، جیاوازییەکانی نێوان جوانیی ڕاستەقینە و سۆزەکیی هەرزان تەڵخ دەکات. ئەم مۆدێلە لە هونەر، کە تیۆریستێکی وەک کلیمێنت گرینبێرگ (Clement Greenberg) وەک مەترسییەک بۆ سەر کولتووری مۆدێرن وەسفی دەکات، لە “وێڵی”دا وەک ئامرازێکی ڕەخنەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ئەدەبیاتە بەکار دێت کە گیانی هونەریی تێدا نییە.
لە جیهانی ئەم ڕۆمانەدا، “کیچ” گوزارشتە لەو هەستە ڕووکەشانەی کە تەنیا بانگەشەی قووڵی دەکەن، و ئەو نووسینانەی کە بە پەنابردن بۆ زمانێکی قەبە و دروشمئامێز، خەریکی کوشتنی جوانیی ڕاستەقینەن. نووسەر لە ڕێگەی دەربڕینێکی ڕەخنەییی چڕەوە ئاماژە بەوە دەدات کە “نووسەرەکانی ئێمە بەو قسە قه‌به‌ قه‌به‌ و كڵێشه‌یییانه‌ جوانییان كوشت و زمانیان خسته‌ خزمه‌تی ڕێكخستنی ڕسته‌ و په‌ره‌گراف ته‌نیا بۆ وه‌سف و پێناسه‌ی شتی قۆڕ قۆڕ” (ل32). ئەم تێڕوانینە هاوتەریبە لەگەڵ تێزەکانی میلان کوندێرا (Milan Kundera) سەبارەت بەوەی کە کیچ “پەردەیەکی جوانە بۆ داپۆشینی پووچیی بوون”؛ لێرەدا کیچ چیتر ته‌نیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە، به‌ڵكوو کێشەیەکی ئەخلاقی و بوونه‌كییه‌. کاتێک زمان تەنیا بۆ ڕازاندنەوەی بێمانایی بەکار دێت، ئەوا “ڕەسەنایەتی” لەناو دەچێت و جێگەی خۆی بۆ پانتایییه‌کی ساختە چۆڵ دەکات کە تێیدا جیاوازیی نێوان هونەری ڕاستەقینە و لاساییکردنەوەی بازرگانی ون دەبێت.
بەکارهێنانی ئەم چەمکە لە “وێڵی”دا، پێگەیەکی ڕەخنەیی بە سووژە دەبەخشێت تا بتوانێت لە دژی ئەو ناشیرینییە ڕێکوپێکەی کە کۆمەڵگە و دەسەڵات بەرهەمی دەهێنن، بوەستێتەوە. ڕۆمانەکە لێرەدا دەبێتە کایەیەک بۆ ململانێی نێوان “جوانیی وەک بەرگری” و “کیچ وەک تەسلیمبوون”. لە کاتێکدا کیچ هەوڵ دەدات جیهان بە ڕەنگێکی گەش و بێکێشە نیشان بدات، “وێڵی” لە ڕێگەی کارەکتەری “تۆ” و گریانە “ترسناکە جوانەکان”یەوە، هەوڵ دەدات ڕاستگۆییی ئازار و قووڵیی ئەزموونە مرۆیییەکان بپارێزێت. بەم شێوەیە، ڕەتکردنەوەی کیچ لە دەقەکەدا تەنیا ڕەتکردنەوەی شێوازێکی نووسین نییە، هێنده‌ی ده‌یه‌وێ بڵێ شەڕێکی جوانیناسانەیە لە دژی هەموو ئەو کەرەستە کولتوورییانەی کە مرۆڤ بەرەو ڕووکەشیی و تێگەیشتنی سادە بۆ ژیان و هونەر هان دەدەن.
ئەدەبیاتی “دژ” و دژبەرییەکەی
یەکێک لە ڕەهەندە جێمشتومڕەکانی ڕۆمانی “وێڵی”، جەختکردنەوەیە لەسەر ناسنامەی “ئەدەبیاتی دژ” وەک ستراتیژییەکی گێڕانەوەیی. دەقەکە بە ڕاشکاوییەکی بێپەردە ڕایدەگەیەنێت: “من دژی حەز و سەلیقەی ئەوان دەتگێڕمەوە، هونەر دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی مرۆڤە مەزن و جوانەکانیه‌تی. من تەنانەت دژی سەلیقەی بۆگەنی هەندێ ڕۆماننووس و هونەرمەندی مشەخۆر دەتگێڕمەوە، سەلیقە و نووسینی ئەوانیش ئیتر بووەتە بەشێک لە ناشیرینییەکانی کۆمەڵگە” (ل23). ئەم بانگەشەیە گوزارشت لە جۆرێک لە “یاخیبوونی جوانیناسانە” دەکات، بەڵام لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، گرفتێکی ئۆنتۆلۆژیی قووڵ لە ناو جەرگەی ئەم “دژایەتییەدا” خۆی حەشار داوە؛ ئەویش ئەوەیە کە هەر ئەدەبیاتێک خۆی لەسەر بنەمای “دژبوون” دابڕێژێت، بە شێوەیەکی ناچاری دەبێتە دیلی ئەو واقیعەی کە ڕەتی دەکاتەوە. بەو مانایەی کە کاتێک نووسەر دەڵێت “دژی کیچ دەنووسم”، ئەو لە ڕاستیدا “کیچ” دەکاتە خاڵی دەستپێک و چەقی پێناسەی دەقەکەی، و بەمەش بوونی خۆی بە بوونی ئەوی ترەوە گرێ دەدات.
ئەم وابەستەیییە لە ڕەخنەی ئەدەبیی مۆدێرندا وەک کێشەی “سێبەری سووژە” سەیر دەکرێت؛ چونکە باشترین و بەبڕشتترین ئەدەبیات، ئەو ئەدەبیاتەیە کە نە “بۆ” شتێکە و نە “دژ”ی شتێک، به‌ڵكوو وەک دیارده‌ناسه‌كان ئاماژەی پێ دەدەن، ئەو تەنیا “هەیە”. بۆ نموونە، کافکا لە شاکارەکانیدا بە ئاشکرا “دژی” بیرۆکراسی نەینووسی؛ ئەو خودی میکانیزمەکانی بیرۆکراسیی وەک دۆخێکی مرۆیی وێنا کرد، بە جۆرێک کە بیرۆکراسی لە ناو دەقەکەدا خۆی بوو بە دژی خۆی. هەروەها مارسیل پروست لە “گه‌ڕان به‌دوای كاتی له‌ده‌ستچوو”دا دژی نۆستالژیای سادە نەجەنگا؛ ئه‌و نۆستالژیای کردە کەرەستەیەکی مەعریفیی قووڵ بۆ گەیشتن بە ڕاستی، و بەمەش خۆی لە کڵێشەکان ڕزگار کرد. “وێڵی” لە هەندێک شوێندا لەم ئاستە هونەرییە باڵایە دێتە خوارەوە و بە هۆی ڕاشکاوییە زۆرەکەی لە دەربڕینی “دژایەتی”، دەقەکە لە بەرهەمێکی هونەرییەوە دەگۆڕێت بۆ “بەیاننامەیەکی سیاسی یان کولتووری”، کە تێیدا دەنگی نووسەر بەسەر دەنگی گێڕانەوەدا زاڵ دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕەخنەیە پێویستی بە هاوسەنگکردنەوەیەکی مێژوویی هەیە، بەتایبەت کاتێک باس لە ئەدەبیاتی وڵاتانی پەراوێز یان ئەو شوێنانە دەکرێت کە “بێدەنگیی زۆرەملێ” تێیاندا سەپێنراوە. لە ژینگەیەکی ئاوادا، “نووسینی دژ” هەندێک جار تاکە ڕێگەیەکە بۆ سەلماندنی بوون و شکاندنی ئەو هەژموونە کولتوورییە ناشیرینەی کە پانتاییی گشتیی داگیر کردووە. لێرەدا، “دژایەتی” دەبێتە پێویستییەکی مێژوویی؛ چونکە ئەگەر ئەدەبیاتی “بۆ” و “دژ” نەبێت تا بەربەستەکان ڕابماڵێت، ئەستەمە كه‌شێك بۆ سەرهەڵدانی ئەدەبیاتی “هەیە” دروست ببێت. “وێڵی” لەم پانتایییە پڕ لە ململانێیەدا نووسراوە، و هەرچەندە وابەستەیی بە دژایەتییەکەیەوە جۆرێک لە گرژیی ناوەکیی بۆ دروست کردووە، بەڵام ئەمە بەشێکە لەو “بەرکەوتنە ڕاستەقینەیەی” کە دەقەکە دەیەوێت لەگەڵ ناشیرینییەکانی کۆمەڵگەدا هەیبێت، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بتوانێت لە ناو ئەو وێڵگەیەدا جێگەیەک بۆ “مرۆڤە مەزن و جوانەکان” بکاتەوە.
شکستی زمان و ئەوەی لەودیو وشەکانەوەیە
“خۆدرکاندن” و زمانێك بۆ ده‌ربڕین
خه‌می زمان، یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كان لای دلاوه‌ر ڕه‌حیمی، ئه‌و به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات پڕ به‌ بیركردنه‌وه‌كانی وشه‌ دابتاشێت و له‌م ڕووه‌وه‌ زۆر هه‌ستیاره‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ له‌م ده‌قه‌دا گله‌یی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ زمان وه‌ك پێویست به‌ده‌ستییه‌وه‌ نایه‌ت بۆ ده‌ربڕینی خه‌یاڵه‌كانی “كاتێك ده‌نووسم وشه‌كان له‌ژێر ده‌ستم هه‌ڵدێن، دیار نامێنن، یان با بڵێم خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌…” (ل60)، به‌ڵام یەکێک لە كاره جوانه‌‌كانی له‌ “وێڵی”دا هێنانه‌ناوه‌ی وشه‌ی “خۆدرکاندن”ە ‌ كه‌ وه‌ك هه‌ڵه‌تێنه‌گه‌یشتنێك له ‌به‌رانبه‌ر “ددانپێدانان” هێناویه‌تی. ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ جار “ددانپێدانان”ی له‌ جیاتی “دركاندن” یا “خۆدركاندن” به‌كار هێناوه‌، به‌ڵام به‌ ئاگایییه‌وه‌ بێزی له‌ ددانپێدانان ده‌بێته‌وه‌: “من ددانپێدانانم زۆر پێ ناخۆشه‌.. هێڵنجم دێ…” (ل78)‌. گێڕه‌ره‌وه‌ ده‌ركی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ددانپێدانان جۆرێكه‌ له‌ ناچاری كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌سه‌رتدا ده‌سه‌پێنرێ و زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ستی گوناهباربوونی خۆتی پێ ده‌رببڕی، واته‌ جۆرێك له‌ په‌شیمانی له‌ كرده‌یه‌كی خۆت پیشان بده‌یت. به‌ڵام “خۆدركاندن” – به‌تایبه‌تی به‌ نووسین – زۆری هیچ كه‌سێكی له‌سه‌ر نییه‌، ویستێكی ناوه‌كییه‌ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستێكی په‌نگخواردوو كه‌ ده‌توانێ شوێنی قسه‌كردن بگرێته‌وه‌. ئەم ساتە بریتییه‌ له‌ “خۆهه‌ڵڕشتن”، واته‌ خۆت دەربخە و بیڕێژە دەرەوە. “ئه‌م ددانپێدانانه ڕه‌گه‌كه‌ی بێبنتر و قووڵتره‌ له‌وه‌ی به‌س به‌ زرۆملێ بێت… ڕاستییه‌كه‌ی كه‌ پتر بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و منی خسته‌ دركان نه‌ك ناچاركردن به‌ددانپێدانان… من خۆم ده‌دركێنم.” (ل84)‌
لە ئەدەبیاتی جیهانیدا، ئەو نووسەرانەی کە زمانی خۆیان بە کەم دەبینن، هەندێک جار وشە دادەهێنن، جیمس جۆیس ئەم کارەی دەکرد، ژان ژێنێ و سێلین ئەم کارەیان دەکرد. “وێڵی”یش بەم “خۆدرکاندن”ە دەچێتە ناو ئەم نەریتەوه‌.
کاتێک زمان ده‌ره‌قه‌ت دێت/نایه‌ت
یەکێک لە گرنگترین پرسەکان کە “وێڵی” دەیوروژێنێت ئەمەیە: ئایا زمان ده‌ره‌قه‌تی ده‌ربڕین دێت؟ گێڕەرەوە دەڵێت “بیرمە جارێک زۆر به‌ مكوڕییه‌وه‌ گوتت زمان ده‌ره‌قه‌تی هه‌موو دۆزێكی ده‌ربڕین دێت، بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی ده‌ڵێ زمان ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و دۆخه‌ یان كۆسته‌ نایه‌ت نوشستی هێناوه‌.” (ل60) ئەو بانگەشەیە کە زمان سنووردارە، لە ئه‌ده‌بیاتدا زۆر جیدییە.
کاتێک دلاوەر ڕەحیمی لە “وێڵی”دا دەڵێت وشەکان “خۆیان نادەن بەدەستەوە” یان “هەڵدێن”، ڕێک لەسەر هێڵی سنووری ئەو قسەیەی ڤیتگنشتاین دەوەستێت که له‌ كتێبی “نامیلكه‌ی لۆژیكی – فه‌لسه‌فی”‌‌ (“Tractatus Logico-Philosophicus”)دا دەڵێت “سنوورەکانی زمانی من، سنوورەکانی جیهانی منن.” لێرەدا قەیرانێکی ئێگزستیانسیالیستی دروست دەبێت؛ ئەگەر جیهانی مرۆڤ تەنیا ئەو شوێنە بێت کە زمان دەستی پێ دەگات، ئەوا ئەزموونی نووسەر لە “وێڵی”دا جۆرێکە لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە. خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانی وشەکان لای ڕەحیمی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە “خەیاڵ” و “ئەزموونی ناوەکی” زۆر لە “زمان” فراوانترن. لێرەدا پارادۆکسەکە ئەوەیە: نووسەر دەزانێت کە ئەوەی دەردەبڕدرێت دەبێتە “جیهان”، بەڵام ئەوەی کە دەرنابڕدرێت و وشەی بۆ نادۆزرێتەوە، وەک ناوچەیەکی تاریک و “وێڵ” لە دەرەوەی سنووری جیهان دەمێنێتەوە. بەم پێیە، “وێڵی” ته‌نیا گەڕان نییە بەدوای مانادا، هێنده‌ی جەنگێکی بەردەوامە لەگەڵ سنوورەکانی ڤیتگنشتاین؛ واته‌ هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی سنووری جیهان لە ڕێگەی ڕاوکردنی ئەو وشانەی کە نایانەوێت ببنە کۆت و بەند بۆ خەیاڵە بێسنوورەکان. هه‌ربۆیه‌ “وێڵی” لەم کێشەیە تێدەپەڕێت، ئه‌ویش نەک بە چارەسەرکردنی، به‌ڵكوو بە نیشاندانی خودی هەوڵەکە. گێڕه‌ره‌وه‌ دەڵێت “کاتێک دەنووسم وشەکان لەژێر دەستم هه‌ڵدێن” و “تا ڕسته‌یه‌ك دەنووسم چەندین ڕسته‌م لێ یاخی دەبن و هه‌ڵدێن. (ل60).
ئەم وێنەیە، كه‌ ڕسته‌كان “یاخی” دەبن، لە ڕووی فەلسەفییەوە سەرنجڕاکێشە. یاخی واتە بوونەوەرێکی زیندوو کە ویستی خۆی هەیە. ئەگەر وشەکان یاخی دەبن، واتە نووسەر مامەڵە لەگەڵ بوونەوەری زیندوو دەکات، نەک لەگەڵ ئامرازی بێگیان. ئەمە هەمان ئەو وێنەیەیە کە گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕۆمانەکە ده‌یڵێت “وشه‌كان هه‌ستیان هه‌یه‌… ده‌توانم ترپه‌ی دڵیان بژمێرم…” (ل86) ئێستا تێدەگەین کە ئەمە هه‌ر میتافۆرێك نییه‌ و ئەزموونی ڕاستەقینەی نووسینە.
كه‌واته‌ ململانێی دلاوەر ڕەحیمی لە ڕۆمانی “وێڵی”دا لەگەڵ ئەو وشانەی کە هەڵدێن و خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ نادەن، بەرجەستەکردنی ئەو ڕاستییە فەلسەفییەیە کە ڤیتگنشتاین لە کۆتاییی کتێبەکەیدا پێمان دەڵێت: “ئەوەی مرۆڤ ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات، دەبێت لێی بێدەنگ بێت.” لێرەدا “بێدەنگی” ئەو سنوورە ترسناکەیە کە “خەیاڵی نووسەر” تێیدا لێوانلێوە، بەڵام ده‌ستی “زمان”ی پێ ناگات. لای ڤیتگنشتاین، جیهانی ئێمە لەو شوێنەدا کۆتایی دێت کە زمانمان لێی دەوەستێت، بەڵام لای دلاوەر ڕەحیمی لە “وێڵی”دا، چیرۆکەکە ڕێک لەو “سنوورە”وه‌ دەست پێ دەکات. وێڵبوونی نووسەر بەدوای وشاندا، هەوڵێکی ئەستەمە بۆ داگیرکردنی ئەو ناوچە بێدەنگەی کە ڤیتگنشتاین وەک “ڕەهەندی عیرفانی” یان “گوزارشتنەکراو” ناوی دەبات. بەم پێیە، ڕۆمانەکە دەبێتە پردێک لە نێوان “ئەوەی دەگوترێت” و “ئەوەی ته‌نیا بەبێ وشە هەستی پێ دەکرێت.” ئەم ململانێیە نیشانمان دەدات کە خەیاڵی مرۆڤ هەمیشە هەوڵ دەدات سنوورەکانی ڤیتگنشتاین بشکێنێت؛ هەرچەندە زمان سنووردار بێت، بەڵام “وێڵبوون” لەناو بێدەنگیدا، جۆرێکە لە یاخیبوون دژی کۆتوبەندەکانی زمان بۆ دۆزینەوەی جیهانێکی فراوانتر.
بێدەنگی وەک زمان
لە ڕۆمانی وێڵیدا، بێدەنگیی کارەکتەری تۆ ته‌نیا کاتێکی مردوو یان بۆشایییەکی گێڕانەوەیی نییە، هێنده‌ی زمانێکی سەربەخۆ و ئامادەیە کە بە بەردەوامی مانا بەرهەم دەهێنێت. ئەم بێدەنگییە وەک جۆرێک لە ژێر دەق کار دەکات، کە تێیدا هەموو ئەو مانایانەی لە دەقەکەدا ئامادەن، بەبێ ئەوەی گۆ بکرێن، قورساییی خۆیان دەسەلمێنن. کاتێک گێڕەرەوە بەردەوام ڕوو لە تۆ قسە دەکات و هیچ وەڵامێکی دەنگیی وەرناگرێتەوە، بێدەنگییەکە دەبێتە کردەیەکی پەیوەندیگرتن کە لە ڕووی کاریگەرییەوە زۆر لە وشە قورسترە. ئەمەش بێدەنگییەکی ئه‌رێنییه‌ کە مانا بە وشەکانی گێڕەرەوە دەبەخشێت، چونکە بەبێ ئەم بێدەنگییە قووڵە، قسەکانی گێڕەرەوە کێش و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن.
ئەم جۆرە لە گێڕانەوە کە لەسەر بونیادی مۆنۆلۆگێکی یەکلایەنە ڕاوەستاوە، جۆرێک لە پەستانی دەروونیی توند لەسەر خوێنەر دروست دەکات، بە شێوەیەک کە دیالۆگ وەک ئامرازی سەرەکیی گۆڕینەوەی مانا دەپچڕێت. خوێنەر لە ناو چاوەڕوانییەکی بەردەوامدایە بۆ وەڵامێک کە هەرگیز نایەت، ئەمەش وای لێ دەکات هەست بەو ته‌نیایی و پەراوێزکەوتووییە بکات کە گێڕەرەوە تێیدایە. لێرەدا بێدەنگی دەبێتە زمانێکی دەسەڵات، واته‌ کارەکتەری تۆ بە بێدەنگییەکەی کۆنترۆڵی پانتاییی ڕۆمانەکە دەکات و گێڕەرەوە ناچار دەکات بەردەوام بدوێت تا لەناو ئەو بێدەنگییەدا نوقم نەبێت.
کاتێک ئەم دۆخە لەگەڵ شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆی سامۆیل بێکێتدا بەراورد دەکەین، جیاوازییەکی بنەڕەتی دەبینین. لای بێکێت، دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکان وەک قەڵغانێکە بۆ شاردنەوەی بێدەنگییەکی کوشندە و بێماناییی ژیان، ئەوان قسە دەکەن تا بێدەنگییەکە نەبیستن. بەڵام لە “وێڵی”دا، گێڕەرەوە وشەکان بەکار ناهێنێت بۆ شاردنەوەی بێدەنگی، هێنده‌ی بۆ ئەوەیه‌ بیسەلمێنێت کە بێدەنگییەکە بوونی هەیە. لە کاتێکدا لای بێکێت وشەکان بۆ ڕاکردن لە بێدەنگی دەگوترێن، لای دلاوەر ڕەحیمی وشەکان بۆ ئەوە دەگوترێن تا ددان بە بوونی ئەو بێدەنگییەدا بنێن وەک دوایین پەناگەی مانا لە جیهانێکی پڕ لە وێڵبووندا.
وك پێشتر نمونه‌م بۆ هێنایه‌وه‌، ئەم بێدەنگییە دەبێتە هۆی ئەوەی گێڕەرەوە لە شوناسی خۆی و لە توانای زمانەکەشی گومان بکات. کاتێک ئاماژە بەوە دەکرێت کە وشەکان لەژێر دەستی نووسەردا هەڵدێن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە بێدەنگیی “تۆ” وەک هێزێکی ڕاکێشەر وایە و هەموو وشەکان قووت دەدات. لێرەدا بێدەنگی دەبێتە ئاوێنەیەک کە گێڕەرەوە تێیدا ڕووبەڕووی خودی خۆی دەبێتەوە. ئەو وێڵبوونەی لە ناوی ڕۆمانەکەدا هەیە، ته‌نیا وێڵبوونی فیزیکی نییە، له‌ڕاستیدا وێڵبوونی زمانە لەناو دەریای بێدەنگیی بەرانبەردا. هه‌ربۆیه‌ بێدەنگیی “تۆ” لێرەدا وەک زمانێکی بێدەنگ کار دەکات کە پرسیار له‌بارەی ڕه‌وایه‌تیی قسەکردن و توانای زمان بۆ گوزارشتکردن لە خەیاڵ دروست دەکات.
لە ڕووی فۆڕمەوە، بێدەنگیی تۆ دەبێتە زمانێک کە پێویستی بە فۆنەتیک و ڕێزمان نییە و ئه‌و لە ڕێگەی ئامادەییی نائامادەوە کار دەکات. چونكه‌ خوێنەر دەزانێت کە “تۆ” هەیە و دەبیستێت، بۆیه‌ گێڕەرەوە ڕەفتار و کاردانەوەکانی لەسەر بنەمای ئەو بیستنە ڕێک دەخات. کەواتە بێدەنگی لێرەدا جۆرێکە لە جووڵه‌یه‌ نەک وەستان لە گێڕانەوە. ئەم بێدەنگییە دەنگی تایبەتی خۆی هەیە و ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو ئازار و خەیاڵە وێڵانەیە کە زمانی ئاسایی ناتوانێت هەڵیانبگرێت. بێدەنگی دەبێتە ئەو زمانە پەنهانەی کە ته‌نیا ئەو کەسانە تێی دەگەن کە لە سنوورە تەقلیدییەکانی زمان پەڕیونەتەوە و گەیشتوونەتە ناوچەی نەگوتراوەکان.
به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ من وای ده‌بینم “وێڵی” دەبێتە گەشتێکی مه‌عریفی لەناو زمانێکی بێوشەدا، کە تێیدا بێدەنگی دەبێتە لووتکەی گوزارشتکردن. ئەمە یاخیبوونێکی ئەدەبییە دژی ئەو تێڕوانینەی کە دەڵێت هەرچی نەگوترا، بوونی نییە. لێرەدا ئەوەی ناگوترێت، واتە بێدەنگیی “تۆ”، ناوکی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، کە هەموو ڕووداوەکانی لە دەوری دەسوڕێنەوە. خوێنەریش دەبێتە بەشێک لەم ململانێیە دەروونییە و تەنیا دەقەکە ناخوێنێتەوە، به‌ڵكوو گوێ لەو بێدەنگییە قورسە دەگرێت کە لە نێوان هاواری گێڕەرەوە و سەنگینیی بێدەنگیی “تۆ”دا دروست بووە، وەک ئەوەی بێدەنگی خۆی بوبێتە دوایین وشە و مانیفێستی کۆتاییی ڕۆمانەکە.
ئەوەی دەقەکە نایڵێت: کەلێن و بێدەنگییە پێکهاتەیییەکان
ڕووداوی ونبوو
یەکێک لە ستراتیژییە هەرە کاریگەر و هاوکات پڕکێشەکانی ڕۆمانی “وێڵی” لە ڕووی بونیادی گێڕانەوەوە، بوونی “کەلێنێکی گەورە”یە لە ناو جەرگەی مێژووی کارەکتەری “تۆ”دا، کە دەکرێت بە “ڕووداوی ونبوو” ناوزەد بکرێت. گێڕەرەوە ئاماژەیەکی کاتیی خێرا و کتوپڕ دەخاتە ڕوو کاتێک دەڵێت: “بە یەک ڕۆژ، بە یەک کاتژمێر بەچۆکدا هاتی” (ل40)، بەڵام ئەو ساتە وەچەرخانە جەوهەرییەی کە بووەتە هۆی تێکشکانی سووژە و گۆڕینی بۆ مرۆڤێکی “وێڵ”، هەرگیز لە ناو دەقەکەدا گوزارشتی لێ ناکرێت. ئەم بێدەنگییە، ڕۆمانەکە دەباتە ناو کایەی “تیۆریی چیای سەهۆڵین”ی ئێرنێست هەمینگوەیه‌وه‌[10]؛ کە تێیدا تەنیا لوتکەی ڕووداوەکان وەک یەک لەسەر هەشتی چیایەکی سەهۆڵین لە سەروو ئاستی وشەکانەوە دیارن، و قورسایییە ڕاستەقینەکەی چیرۆک و حەوت بەشەکەی تری مانا لە ژێر ڕووبەری نەگوتراوەکاندا شاردراوەتەوە. هەمینگوەی بڕوای وابوو کە سڕینەوەی ئاگامەندانەی بەشە سەرەکییەکانی ڕووداو، کاریگەریی دەقەکە قووڵتر دەکات و خوێنەر ناچار دەکات بە شێوەی ئیدراكی ناوه‌كی هەست بەو قورسایییە بکات کە لە ناو بێدەنگیدا جێگیر کراوە.
لێرەدا، “ڕووداوی ونبوو” دەبێتە بزوێنەری خەیاڵی خوێنەر و پەلکێشی دەکات بۆ ناو کایەی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی مانادا. بەڵام لە پەراوێزی ئەم هەڵبژاردنە هونەرییەدا، لێکدانەوەیەکی تری ڕەخنەییش سەرهەڵدەدات کە پەیوەندی بە “سیاسەتی بێدەنگی” لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەیە. ڕەنگە ئەم تەمومژاویبوونی ڕووداوە تەنیا تەکنیکێکی ئەدەبی نەبێت و خۆی نیشانەیەک بێت بۆ جۆرێک لە “نەتوانینی گوزارشتکردن”. وەک چۆن کافکا لە “نامە بۆ باوک”[11]دا، شیکاریی ئەو پەیوەندییە پڕ لە ترس و توندوتیژییە دەکات کە سێبەری بەسەر تەواوی ژیان و ئەدەبیاتیدا کێشاوە، هەندێک ڕووداو هێندە توندوتیژ و “تایبەتین” کە زمان لە ئاست هەڵگرتنی باری قورسیاندا کورت دەهێنێت. کافکا لەوێدا نیشانی دەدات کە چۆن هەژموونی دەسەڵات (باوک) دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی تاوانبارێتی و دواجار بێدەنگی؛ لێرەشدا “ڕووداوی ونبوو”ی ناو “وێڵی” دەبێتە بەڵگەنامەیەکی سۆسیۆکولتووری کە دەیسەلمێنێت تەنانەت لە دەقێکی وەک ئەمەشدا، هێشتا ناوچەی قەدەغەکراو (تابۆ) هەن کە نووسەر ناتوانێت یان ناوێرێت سنوورەکانیان ببەزێنێت.
ئەم بۆشایییە گێڕانەوەیییە، پارادۆکسێکی جێی سەرنج دروست دەکات؛ لە کاتێکدا “وێڵی” وەک ئەدەبیاتێکی “دژ” و ڕەخنەگر لە کۆتوبەندەکان خۆی دەناسێنێت، لەم خاڵە دیاریکراوەدا خۆیشی دەبێتە بەشێک لەو کۆتوبەند و بێدەنگییە گشتییەی کە کۆمەڵگە بەسەر تاکەکانیدا دەیسەپێنێت. ئەگەر ئەو ڕووداوەی کە کارەکتەرەکەی بەچۆکدا هێناوە، بەهۆی ترس لە دابونەریت، سیاسەت، یان پیرۆزییە کولتوورییەکانەوە نەگوترابێت، ئەوا “وێڵی” لە ناو جەرگەی ئازادییەکەیدا، تووشی جۆرێک لە خۆسانسۆری بووە. بەم شێوەیە، ئەو بۆشایییە تەنیا “تیۆریی چیای سەهۆڵین” نییە، به‌ڵكوو برینێکی ساڕێژنەبووی زمانە کە تێیدا دەق نەیتوانیوە لەو “سێبەرە گەورەیە” ڕزگاری ببێت کە کافکا ئاماژەی پێ دەکات، و بەمەش مانای “وێڵبوون” دەبێتە گوزارشتێکی تراژیدی لە مرۆڤێک کە تەنانەت لە ناو گێڕانەوەی چیرۆکەکەشیدا، ڕێگەی پێنەدراوە هۆکاری ڕاستەقینەی تێکشکانی خۆی ئاشکرا بکات.
داهاتووی بێنەخشە و دیلێمای نووسین
ڕۆمانی “وێڵی” بە شێوەیەکی چڕ و كرۆكین لە دەوری جەمسەرەکانی ڕابردوو و ئێستادا دەخولێتەوە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر “داهاتوو”، دەقەکە تووشی بێدەنگییەکی ئۆنتۆلۆژی دەبێت. ئەم بێدەنگییە پارادۆکسێکی گەورە دروست دەکات، چونکە گوزارەی فەرمانئامێزی “بنووسە” کە وەک ناوبەست یان تەرجیعبەندێکی بەردەوام لە سەراپای ڕۆمانەکەدا دەنگ دەداتەوە، لە ڕاستیدا فەرمانێکی داهاتووخوازە و ئاراستەی بەرەو “کردەیەک”ە کە هێشتا ڕووی نەداوە. ئەم کەشە گێڕانەوەیییە، دەقەکە دەخاتە ناو پانتایییه‌كی هاوشێوەی کارەکانی سامۆیل بێکێته‌وه‌، بەتایبەت لە شاکاری “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا”؛ کە تێیدا کارەکتەرەکان لە ناو بازنەیەکی داخراوی چاوەڕوانییەکی ئەبەدیدا دەمێننەوە بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گۆڕانکاری یان گەیشتن بە “مانا” هەبێت. “وێڵی” لە جەوهەری خۆیدا ڕۆمانی “پێش”ە: پێش پرۆسەی نووسین و پێش ساتەوەختی دەرچوون لە وێڵگە، وەک بڵێیت سووژە لە بەردەم دەرگایەکی داخراودا وەستاوە کە کلیلەکەی ته‌نیا “نووسین”ە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە دوای کردنەوەی دەرگاکە جیهانێکی جیاواز بوونی هەبێت.
لێرەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئەگەر کارەکتەری “تۆ” دواجار دەست بداتە قەڵەم و بنووسێت، ئایا ئەم کردەیە دەبێتە هۆی گۆڕینی واقیع، یان نووسین تەنیا دەبێتە “گۆڕستانێکی سپی” بۆ ناشتنی ئازارەکان؟ ئەم دیلێمایه‌ (دووڕێیانه)‌، ڕۆمانەکە ڕووبەڕووی تێزەکانی سارتەر سەبارەت بە “ئەدەبیاتی پابەند” دەکاتەوە. سارتەر بڕوای وابوو کە نووسین “کردەیەکی ئازادکردنە” و دەبێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئاگاییی خوێنەر و واقیعی کۆمەڵایەتیدا؛ بەڵام “وێڵی” لە بەردەم دەرهاویشتە و ئەنجامەکانی ئەو نووسینەدا دەوەستێت و نایەوێت بچێتە ناو کایەی ئەگەرەکانەوە. ئەم پاشەکشێیە لە لایەکەوە گوزارشتە لە ڕاستگۆیییەکی تاڵ بەرامبەر بەو واقیعە چەقبەستووەی کە مرۆڤی تێدا وێڵ بووە، بەڵام لە لایەکی ترەوە جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییەکی گەورە.
نەبوونی وەڵام بۆ داهاتوو لە ناو دەقەکەدا، نیشانەی تێکشکانی “گێڕانەوە گەورەکانە” کە پێشتر بەڵێنی ڕزگارییان بە مرۆڤ دەدا. لێرەدا نووسین وەک “دوایین ئامرازی بەرگری” دەمێنێتەوە، نەک وەک “پڕۆژەیەکی ڕزگاریبەخش”. ئەم تەمومژاوییەی ئاسۆ، کارەکتەرەکە و خوێنەریش لە ناو دۆخێکی “چاوەڕوانیی بێئاکامدا” جێ دەهێڵێت، کە تێیدا تەنیا خودی “کردەی نووسین” دەبێتە ئامانج، نەک ئەوەی کە نووسینەکە چی دەگۆڕێت. لە ئەنجامدا، “وێڵی” دەبێتە گێڕانەوەی ئەو ساتە وەستاوەی کە تێیدا مرۆڤ لە بەردەم سپێتیی لاپەڕەکاندا ڕادەمێنێت، وەک ئەوەی بڵێیت لە جیهانێکدا کە هەموو ڕێگەکانی گۆڕانکاری داخران، ته‌نیا وێڵبوون و گێڕانەوەی ئەو وێڵبوونە دەبێتە دوایین مانیفێستی بوون، بێ ئەوەی بزانین ئایا ئەم گێڕانەوەیە دەبێتە سەرەتایەک بۆ داهاتوو یان کۆتایییەکە بۆ هەموو شتێک.
ئەو شوێنەی ڕۆمانەکە دەیتوانی زیاتر بێت
هەر بەرهەمێکی ئەدەبی دەکرێت لە گۆشەنیگای “ئەوەی دەیتوانی ببێت”یشەوە ببینرێت. ئەمە هەمان ئەو تێڕوانینەیە کە ڕەخنەگرانی وەک ڤیکتۆر شکلۆڤسکی (Viktor Shklovsky) بۆ تێگەیشتن لە “ماتەتوانا”ی دەق بەکاری دەهێنن. بۆ ئەوەی ئەم تێڕوانینەی شکلۆڤسکی، ڕەخنەگر و بیرمەندی فۆرمالیستی ڕووسی، كه‌ له‌ وتاری “هونه‌ری وه‌ك ئامراز یان ته‌كنیك” (“Art as Device”)دا هاتووه‌، ڕوونتر بکەینەوە، دەبێت بچینە ناو قووڵاییی ئەو چەمکەی کە ئەو ناوی دەنێت “له‌ئاشناییخستن”(Defamiliarization)  و چۆنیەتیی کارکردنی دەق وەک میکانیزمێکی هونەری. شکلۆڤسکی پێی وایە ئەرکی ئەدەب ئەوە نییە ته‌نیا واقیع بگوازێتەوە، له‌ ڕاستیدا ئەوەیە کە “شتە ئاشناکان” بە شێوەیەک نیشان بدات کە لای خوێنەر نامۆ و نوێ دەر بکەون، تا هەستی پێ بکەن نەک تەنیا بزانن هەیە. لێرەوە، کاتێک باس لە ماتەتوانای دەق دەکەین لە ڕوانگەی ئەوەوە، مەبەستمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دەق تەنیا ئەوە نییە کە نووسراوە، به‌ڵكوو ئەو “وزە هونەرییە”یە کە لە ناو پێکهاتەکەیدا شاراوەتەوە. کاتێک دەڵێین “وێڵی” دەیتوانی لە داڕشتنی کارەکتەری “من”دا قووڵتر بڕوات، مەبەستمان ئەوەیە کە بونیادی ڕۆمانەکە ئەو ماتەتوانا یان ئەو زەمینەسازییەی تێدابوو کە ئاستێکی ئاڵۆزتر لە دەروونناسی بخاتە ڕوو، بەڵام نووسەر لە خاڵێکی دیاریکراودا ڕایگرتووە. شکلۆڤسکی دەڵێت ڕەخنەگر دەبێت سەیری “تەکنیکەکان” بکات؛ ئەگەر تەکنیکی “تۆ” و “من” لە ڕۆمانەکەدا دانراوە، کەواتە دەقەکە ماتەتوانای ئەوەی تێدایە ململانێیەکی گەورەتر لە نێوان ئەو دوو دەنگەدا دروست بکات.
هه‌روه‌ها شکلۆڤسکی سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە دەق چۆن “پێشبینییەکانی خوێنەر” تێک دەشکێنێت. کاتێک لە “وێڵی”دا دەنگێکی نوێ (من) دەردەکەوێت، خوێنەر چاوەڕێی گەشەکردنێکی دراماتیكی دەکات. ڕەخنەگر لێرەدا دەپرسێت: ئایا ئەم تەکنیکە گەیشتە ئەوپەڕی توانای خۆی؟ کاتێک دەڵێین دەقەکە “دەیتوانی زیاتر بێت”، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەو ئامرازە هونەرییەی نووسەر بەکاری هێناوە (کارەکتەری حاشاکەر)، وزەیەکی تێدابوو کە دەیتوانی تەواوی بونیادی ڕۆمانەکە هەڵبگێڕێتەوە، بەڵام وەک “هەوڵێکی ناتەواو” یان “ئەگەرێکی گەشەنەکردوو” ماوەتەوە.
بێجگه‌ له‌مه‌، لای شکلۆڤسکی، ئەدەب وەک ئامرازێك وایە. کاتێک ئێمە سەیری ئامێری گێڕانەوەی “وێڵی” دەکەین، دەبینین چەندین “بزوێنەر”ی تێدایە (وەک بێدەنگی، وێڵبوون، حاشاکردن). ماتەتوانای دەقەکە لێرەدا واتە: ئایا ئەم ئامێرە بە هەموو هێزی خۆیه‌وه‌ کاری کردووە؟ بۆ نموونە، گوزارەی “بنووسە” وەک بزوێنەرێکی گەورە کار دەکات، بەڵام کاتێک لە کۆتاییدا هیچ “نووسینێک” ڕوو نادات، لای ڕەخنەگرێکی فۆرمالیست وەک ئەوە وایە بزوێنەرەکە وزەیەکی زۆری بەرهەم هێنابێت بەڵام نەبووبێتە هۆی جوڵاندنی به‌رەنجامەکان.
بۆیه‌ “وێڵی” دەیتوانی لە داڕشتنی کارەکتەری “من”ی حاشاکەردا، کە لە کۆتاییدا دەردەکەوێت، زۆر قووڵتر بڕوات. ئەم “من”ە دەیتوانی هاوشێوەی کارەکتەرە دووفاقەکانی ناو ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی (وەک لایەنی تاریکیی مرۆڤ) ئاستێکی نوێ لە ئاڵۆزی دەروونی بهێنێتە ئاراوە، بەڵام ڕۆمانەکە نە لە ڕووی کات و نە لە ڕووی قووڵایییەوە ڕێگەی پێ نادات بە تەواوی گەشە بکات.
هه‌روه‌ها تەواوی ڕۆمانەکە چاوەڕوانی دەنگی “تۆ”یە. ئەو “بنووسە”ی کە گێڕەرەوە وەک فەرمانێک دووبارەی دەکاتەوە، بەڵێنێکی ناڕاستەوخۆی تێدایە کە “تۆ” لە کۆتاییدا بێدەنگی دەشکێنێت. بەڵام ڕۆمانەکە بەبێ ئەو نووسینە کۆتایی دێت. ئەم نائامادەیییە هەمیشەیییەی دەنگی “تۆ” دەکرێت وەک تراژیدیایەکی بوونگەرایی ببینرێت، هاوشێوەی نائامادەییی “گۆدۆ”. بەڵام لە ڕوانگەی بونیادگەرییەوە، ئەمە دەکرێت وەک “تەواونەبوونی بەڵێنێک” لێک بدرێتەوە. ئەگەر ئامانجی “بنووسە” ڕزگارکردنی ئەوی تر بێت لە وێڵگە، ئەوا بێدەنگیی کۆتایی دەبێتە شکستی ئەو پڕۆژە ڕزگاریخوازییە. لێرەدا “وێڵی” لە بونیادێکی گێڕانەوەیی بازنەییدا دەمێنێتەوە کە تێیدا هاوارەکە هەیە، بەڵام وەڵامەکە لە دەرەوەی دەق و لە شوێنێکی نادیاردا ون دەبێت.
به‌رئه‌نجام: “وێڵی” وه‌ك بەرهەمێکی ناتەواوی پێویست
پاش سه‌رنجدانێكی ورد له‌ زۆر لایه‌نی ڕۆمانی “وێڵی”ی دلاوه‌ر ڕه‌حیمی، له‌ كۆتاییدا پێویسته‌ بڵێم كه‌ یەکەمین كرده‌ی ئەم ڕۆمانە، تۆمارکردنی ورده‌کارانەی داڕمانێکی هێواشی ئه‌زموونی مرۆڤێكه‌ له‌ ژیاندا؛ واته‌ وەک نووسینێک خۆی ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ لە ناوجەرگەی “ناخ”ەوە هه‌ڵقوڵاوه‌. ئەو خوێنەرەی ئەزموونێکی هاوشێوەی هەبووبێت، دەزانێت کە “وێڵی” ته‌نیا وه‌ك چاودێرێک سه‌یری جیهانی نه‌كردووه‌ و نەبینیوە، به‌ڵكوو لەو شوێنەوە نووسیوویەتی کە تەنیا بە ئامادەییەکی فیزیۆلۆژی و دەروونیی ڕاستەقینە دەکرێت لێوەی بدوێیت. هاوکات، ڕۆمانەکە سەرکەوتووه‌ لە خوڵقاندنی پانتایییه‌كی مانایی نوێدا، کە تێیدا ده‌یان وشه‌ لە چوارچێوە فەرهەنگییە باوەکەیان دەچنە دەرەوە و دەبنە بەشێک لە زمانی هاوبەشی ئەدەبیاتێک کە مانا بۆ ئازار دەدۆزێتەوە.
ئەو تایبەتمەندییەی کە “وێڵی” لە زۆرینەی ده‌قه‌ هاوچەرخەکان جیا دەکاتەوە، مامەڵەکردنی جیدییەتی لەگەڵ نەریتە ئەدەبییەکان و یادەوەرییە سۆزه‌كییه‌کاندا. لێرەدا حەسەن زیرەک، عەبدولخالق مەعرووف و ده‌یان ناوی تر و قەڵای هەولێر و چه‌ندین شوێنی تری ئه‌م شاره‌، وەک بوونەوەرێکی زیندوو ئامادەییان هەیە کە هێشتا هەناسە دەدەن. ئەمە لە پاڵ بوێرییەکی ڕاستەقینەدا دێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەمکی “پیاوانەیی” و “لاوازی” لەناو کولتوورێکدا کە ددانپێدانان بە شکستی پیاوانەدا بە نەنگی دەزانێت؛ ئەم بوێرییە تەنانەت ئەگەر لە هەندێک شوێنی جێبەجێکردنیشدا تووشی له‌نگییه‌ك بووبێت، هێشتا وەک ڕەهەندێکی جێی ڕێز دەمێنێتەوە. لە ئەدەبیاتی کوردیی هاوچەرخدا، “وێڵی” خاڵێکی وەرچەرخانە، چونکە نوێنەرایەتی “تاکی بێدەسەڵات لە کۆمەڵگەی ئازاددا” دەکات؛ ئەو تاکی کوردییەی کە لەناو ئازادییەکی ڕواڵەتیی سیاسیدا، هێشتا لەژێر سەرکوتی کولتووریدا دەچەوسێته‌وه‌. ئەم پێگەیەی وەک ” هەنگاوێكی ڕاسته‌قینه‌”، بەرپرسیارێتی و سنووردارێتی پێکەوە هەڵگرتووە.
تەواوکردنی خوێندنه‌وه‌ی ئەم بەرهەمە پێویستی بە خوێنەرێکی جیاواز هەیە؛ خوێنەرێک کە خۆڕاگر بێت بەرامبەر بە خولانەوەکانی دەق، بتوانێت لەگەڵ لێڵیی کارەکتەری “تۆ”دا هەڵ بکات و لە یادەوەریی سۆزه‌كیی خۆیەوە مانا بۆ بۆشایییەکان دروست بکات. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە خوێنەر بەرگریی خۆی لە بەرامبەر “بینین” لا بدات، چونکە “وێڵی” ئاوێنەیەکە کە هەندێک جار وێنەیەکی نائاسوودەمان نیشان دەدات. هیچ بەرهەمێکی ئەدەبیی بوێرانە “تەواو” نییە، چونکە بوێری و سەلامەتیی ده‌ق پێکەوە کۆ نابنەوە. “وێڵی” بەردەوام لە مەترسیی کەوتندایە؛ مەترسیی تێمای دووبارەبووەوە و گوتاری قوربانی، بەڵام هەر ئەم مەترسیته‌وه‌رییه‌ بەهاکەی دیاری دەکات. وەک گێڕەرەوە دەڵێت من لە نووسین دەترسم، بەڵام ئەم ترسە پەکخەر نییە، به‌ڵكوو ترسێکی ژیێنەرە کە ناچاری دەکات بنووسێت.
لە کۆتاییدا، گرنگترین ئەنجامی ئەم خوێندنەوەیە ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێ “وێڵی” بەرهەمێکی زیندووە. بەرهەمی زیندوو ئەو دەقەیە کە بەرگری لە خۆی دەکات و لە بەرامبەر شیکاریی ڕووتدا دەوەستێت و خۆی بە یەک خوێندنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌وه‌ نابەستێتەوە. ئەم ڕۆمانە تەواو نابێت، چونکە لەو شوێنەدا کە دەق دەوەستێت، خوێنەر دەست پێ دەکات تا بۆشایییە نائاماده‌كان پڕ بکاتەوە. ئەم تایبەتمەندییە نیشانەی گرنگیی بەرهەمەکەیە؛ چونکە ته‌نیا بەرهەمە مردووەکانن کە بە شیکارییەک کۆتایییان دێت، بەڵام “وێڵی” وەک پرۆسەیەکی کراوە لە نێوان هاوار و بێدەنگیدا بەردەوام دەبێت.
لە جیهانێکدا کە ئەدەبیاتی کوردی بە ئەدەبیاتی سیاسی و نەتەوەیی دەناسرێت، “وێڵی” بانگه‌شه‌ی بوونی ئەوی تر دەکات: ئەدەبیاتی مرۆڤی دەستەپاچە، ئەدەبیاتی کەسێک کە نە پاڵەوانی نەتەوەیییە نە خائین، ته‌نیا مرۆڤێکی وێڵه‌ کە سه‌رده‌مانێك عاشقی وشە بوو.
* بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ و تێگه‌یشتنی تایبه‌تیی خۆت، بڕوانه‌:
دلاوه‌ر ڕه‌حیمی. وێڵی، بێشوێن: چاپخانه‌ی تاران، 2025.
[1] ڕۆمانی “یاداشتەکانی ژێرزەمین” کە لە ساڵی 1864 لەلایەن نووسەری ناوداری ڕووسی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکییه‌وە بڵاو کراوەتەوە، بە یەکێک لە گرنگترین دەقە فەلسەفییەکانی مێژوو و بەردەبازی سەرەکی بۆ فەلسەفەی بوونخوازی دادەنرێت. ڕۆمانەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت؛ بەشی یەکەم گوتارێکی فەلسەفییە کە تێیدا “پیاوی ژێرزەمین” ڕەخنە لە لۆژیک، زانست و ئەو بیرۆکە یۆتۆپییانە دەگرێت كه‌ پێیان وایە مرۆڤ تەنیا بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەگەڕێت. بە بڕوای دۆستۆیڤسکی، مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاڵۆزە و ئامادەیە تەنانەت ئازاری خۆی بدات تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە خاوەن ئیرادەیە و نەبووەتە “کلیلێکی پیانۆ” لە دەست یاساکانی سروشتدا. لە بەشی دووەمدا، گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ژیانی پاڵەوانەکە دەست پێ دەکات کە تێیدا دابڕانی قووڵی ئەو لە کۆمەڵگە، هەستی کەمتربینی و ململانێیە دەروونییەکانی لەگەڵ کەسانی دەوروبەریدا دەردەکەوێت. ئەم شاکارە وێنەیەکی ڕووتی مرۆڤی مۆدێرنمان بۆ دەکێشێت کە لە نێوان عەقڵانییەت و یاخیبووندا گیری خواردووە و کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر بیرمەندانی وەک نیتچە و سارته‌ر و تەواوی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم هەبووە.
[2] ڕۆمانی “ویژدانی زینۆ” (La coscienza di Zeno)  کە لە ساڵی 1923 لەلایەن نووسەری ئیتالیایی ئیتالۆ سڤێڤۆ (Italo Svevo)وە بڵاوکراوەتەوە، یەکێکە لە شاکارە هەرە گرنگەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرنیزم و پێشەنگی ڕۆمانی دەروونشیکاری دادەنرێت. دەقەکە لە شێوەی یاداشتنامەیەکی ددانپێدانان نووسراوە کە تیایدا پاڵەوانەکە، زینۆ کۆسینی، بە ڕاسپاردەی پزیشکە دەروونییەکەی (دکتۆر ئێس) دەست دەکات بە نووسینەوەی ژیانی خۆی بۆ ئەوەی لە گرێ دەروونییەکانی ڕزگاری بێت. سڤێڤۆ لەم بەرهەمەدا بە شێوازێکی تەنزئامێز و قووڵ، باس لە ململانێی مرۆڤ لەگەڵ ئیرادە، نەخۆشییە خەیاڵییەکان و پرسی “جگەرەکێشانی کۆتایی” دەکات، کە تێیدا زینۆ هەمیشە شکست دەهێنێت لە بڕیارەکانیدا. ڕۆمانەکە بایەخێکی فەلسەفی و مێژوویی گەورەی هەیە، چونکە کاریگەریی بیرۆکەکانی فرۆیدی پێوە دیارە و وێنەی مرۆڤی سەردەمی مۆدێرن نیشان دەدات کە لە نێوان ڕاستی و پاساوهێنانەوە بۆ شکستییەکانی خۆیدا دەژی؛ ئەم دەقە دوای ئەوەی لەلایەن جەیمس جۆیسەوە پێشوازی لێکرا، ناوبانگێکی جیهانی پەیدا کرد و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە تەکنيکی گێڕانەوەی ڕۆماندا دروست کرد.
[3]  ڕۆمانی “کاتەکان” (The Hours) کە لە ساڵی 1998 لەلایەن نووسەری ئەمریکایی مایکڵ کانینگهام (Michael Cunningham)ەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکێکە لە دیارترین نموونەکانی ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرن و “میتاڕۆمان” کە تێیدا ژیان و بەرهەمی ڤێرجینیا وۆڵف دەبێتە کەرەستەی سەرەکی گێڕانەوە. ئەم ڕۆمانە بە شێوازێکی تەکنیکیی بەرز، سێ ڕەهەندی كاته‌كی و سێ کەسایەتیی جیاواز لە دەوری ڕۆمانی “خانمە دالۆوەی” گرێ دەداتەوە: خودی ڤێرجینیا وۆڵف لە ساڵی 1923دا کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانەکەیە؛ لۆرا براون لە ساڵی 1949 کە دەیەوێت لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە لە جەنجاڵیی ژیانی خێزانی ڕابکات؛ هه‌روه‌ها کلاریسا ڤۆن لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا کە خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئاهەنگێک و وەک کۆپییەکی مۆدێرنی “خاتوون دالۆوەی” دەردەکەوێت. کانینگهام بە وردییەکی زۆرەوە دەست دەخاتە سەر تەمومژەکانی نێوان ژیان و ئەدەب، پرسی خۆکوژی، تەنیایی مرۆڤ لە قەرەباڵغیدا، و ئەو ساتە کاته‌كییانه‌ی کە وەک “کاتەکان”ی تەمەنمان تێدەپەڕن و مانا بە بوون دەبەخشن. ئەم بەرهەمە کە خەڵاتی “پۆلیتزەر”ی بەدەست هێنا، لێکۆڵینەوەیەکی قووڵی جوانیناسانه‌یه‌ لە کاریگەریی نووسین لەسەر گۆڕینی دیدگای مرۆڤ بۆ مەرگ و مانەوە.
[4] دەرچەیەک نییە  (Huis clos)یەکێکە لە کارە هەرە ناسراوەکانی ژان پۆڵ سارتەر (١٩٤٤). چیرۆکەکە لە ژوورێکی داخراودا ڕوو دەدات کە سێ کارەکتەری تێدایە و تازە مردوون. ئەوان چاوەڕێی ئامرازەکانی ئەشکەنجەی دۆزەخ دەکەن، بەڵام وردە وردە بۆیان دەردەکەوێت کە هیچ جەلاد و ئامرازێکی فیزیکی لە ئارادا نییە؛ بەڵکو ئەوە “خودی ئەوانن” کە بە چاودێریی بەردەوام، دادگاییکردنی یەکتری و ڕێگریکردن لە ئازادیی یەکتر، دۆزەخ بۆ یەکتری بەرهەم دەهێنن. سارتەر لە ڕێگەی ئەم دەقەوە دەیسەلمێنێت کە مرۆڤ لەژێر چاوی ئەوانی تردا دەبێتە “بابەت” و ئازادییەکەی لەدەست دەدات، هەر بۆیە ڕستە کلیلەییەکەی شانۆگەرییەکە دەڵێت : “دۆزەخ، واتە ئەوانی تر”.
[5] هێڵنج(La Nausée)  ڕۆمانێکی ژان پۆڵ سارتەرە (١٩٣٨)، تێیدا کارەکتەری سەرەکی هەست بە جۆرە بێز و دڵتێکچوونێکی فیزیکی بەرانبەر بە بوون و دەوروبەرەکەی ده‌كات، کە ئەمە هێمایە بۆ هەستکردن بە بێمانایی و ئەو فشارەی کە جیهانی دەرەوە دەیخاتە سەر تاک.
[6] سیاسەتی بێدەنگی لە شیعرەکانی ئەلیزابێس بیشۆپ (Elizabeth Bishop)دا یەکێکە لە دیارترین ڕەهەندە هونەری و فەلسەفییەکانی کە لە ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا پێگەیەکی تایبەتی پێ بەخشیوە. بیشۆپ بە پێچەوانەی هاوچەرخەکانی (وەک ڕۆبێرت لۆوێڵ)، پەنای بۆ ڕاشکاوییەکی زیاد لە پێویست یان “شیعری ددانپێدانان” نەدەبرد، ئه‌و بێدەنگیی وەک ئامرازێکی گوزارشتکردن بەکار دەهێنا بۆ نیشاندانی ئەو شتانەی کە لە توانای زماندا نین بیانڵێت. ئەم بێدەنگییە لە لای ئەو، لە ڕێگەی بەکارهێنانی “سپیایی” لە نێوان دێڕەکان، وەسفی وردی شتە مادییەکان و خۆلادان لە دەربڕینی ڕاستەوخۆی سۆزه‌كیدا دەردەکەوێت؛ بە جۆرێک کە خوێنەر لە پشت ئەو وەسفە سارد و بێدەنگانەوە، هەست بە قووڵییەکی گەورە لە تەنیایی، غەریبی و ونبوون دەکات. بێدەنگی لای بیشۆپ تەنیا نەبوونی دەنگ نییە، له‌ڕاستیدا جۆرێکە لە پاراستنی مەودای نێوان “من”ی شاعیر و جیهانی دەرەوە، کە تێیدا مانا لە ڕێگەی “نەگوتراوەکان”ەوە چڕ دەبێتەوە. ئەم تەکنيکە وای کردووە شیعرەکانی هەمیشە جۆرێک لە شکۆمەندی و نهێنییان تێدا بمێنێتەوە، کە تێیدا بێدەنگی دەبێتە زمانێکی هاوتەریب بۆ گوزارشتکردن لەو ئازارانەی کە قەبارەیان لە وشە گەورەترە.
[7] “سه‌گی سپی (Chien blanc) ڕۆمانێكی نیمچه‌ژیاننامه‌یی نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی ڕۆمان گارییه‌ (١٩٧٠). ده‌قه‌كه‌‌ باس لە سه‌گێكی دۆزراوه‌ ده‌كات كه‌ به‌وه‌ ڕاهێنراوه‌ ته‌نیا هێرش بكاته‌ سه‌ر “ڕه‌شپێسته‌كان”. ڕۆمانه‌كه‌ وه‌ك ڕه‌خنه‌یه‌كی توند له‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستیی ئه‌مریكا له‌ ساڵانی شه‌سته‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌ ڕووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌، زۆرجار وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ ده‌هێنرێته‌وه‌ كه‌ “كێشه‌یه‌كی گشتی” باس ده‌كه‌ن (وەک ڕەگەزپەرستی یان سەرکوت)، به‌ڵام ته‌نیا له‌ گۆشه‌نیگایه‌كی دیاریكراوەوە (پیاوی سپیپێستی ڕۆشنبیر) ده‌یبینن. لێره‌دا ڕه‌خنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قوربانییه‌ ڕاسته‌قینه‌كان (ڕه‌شپێسته‌كان) له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا وه‌ك “بابەت” و “سێبه‌ر” ده‌رده‌كه‌ون، نه‌ك وه‌ك “بکەر” یان کارەکتەری خاوەن دەنگ، ڕێك وه‌ك ئه‌و نائاماده‌یییه‌ی ژنان یان چینه‌كانی خوارتر كه‌ لە “وێڵی”دا تێبینی دەکرێت.
[8] ئەم خوێندنەوەیە پشت بە تێڕوانینە تیۆرییەکانی ئێڤ کۆسۆفسکی سێجویک (Eve Kosofsky Sedgwick) دەبەستێت، بەتایبەت لە کتێبەکەیدا Between Men (1985)، کە تێیدا چەمکی “كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی هاوڕه‌گه‌زانه”‌ (Homosociality) بۆ شیکردنەوەی ئەو پەیوەندییە سۆزه‌كی و کۆمەڵایەتییە نێوانکەسییانە بەکار دەهێنێت کە لە نێوان پیاواندا دروست دەبن. سێجویک ئاماژە بەوە دەکات کە “دڵسۆزیی قووڵی نێرینه‌‌” (Male Intimacy) لە چوارچێوەیەکدا کار دەکات کە تێیدا هاوڕێیەتیی قووڵ، متمانە و هاوپەیمانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان پیاواندا بەهێز دەبێت، بەبێ ئەوەی لایەنە سێکسییەکە بگرێتەوە. ئەم پەیوەندییانە زۆرجار لە ڕێگەی “سێگۆشەی ئارەزوو” و نێوەندگیریی ڕەگەزی بەرامبەرەوە جێگیر دەبن، کە تێیدا نزیکایەتیی نێرینە دەبێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی پێکهاتە و دەسەڵاتی پیاوانە لە ناو کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.
[9] چەمکی The Double/Doppelgänger)) لە ئەدەبیات و دەروونشیکاریدا ئاماژەیە بۆ دەرکەوتنی “پاشکۆیەکی نادیار” یان سێبەرێکی مرۆڤ کە هاوشێوەی خۆیەتی. لای ئۆتۆ ڕانک (Otto Rank)، دووانەکە لە بنەڕەتدا وەک میکانیزمێکی بەرگریی دەروونی بەرامبەر بە “مەرگ” و بۆ پاراستنی نەمریی ڕۆح سەری هەڵداوە، بەڵام دواتر لە ئەدەبیاتی مۆدێرندا وەک نیشانەیەکی شووم و ترسناک گۆڕاوە. فرۆید لە تیۆریی “نامۆ و ترسناک”دا، ئەم دیاردەیە وەک جۆرێک لە “دانه‌پاڵ” دەبینێت؛ تێیدا تاک لایەنە تاریک و کپکراوەکانی ناوەوەی خۆی کە “من”ی فه‌رمی ڕەتیان دەکاتەوە، لە قاڵبی کەسێکی تردا لە دەرەوەی خۆی دەبینێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی سنووری نێوان “خۆ” و “ئەوی تر”، و زۆرجار لە دەقە ئەدەبییەکاندا وەک ململانێیەکی توندی نێوان ئاوه‌ز و ڕه‌مه‌ك، یان چاکە و خراپە ڕەنگ دەداتەوە کە تێیدا “دووانەکە” دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ناسنامە و سەقامگیریی تاک.
[10] تیۆریی چیای سەهۆڵین (Iceberg Theory) لە ئەدەبیاتی نوێدا بە “تیۆری لادان” یان /هونەری سڕینەوە” (Theory of Omission)  دەناسرێت، کە نووسەری ئەمریکی ئێرنێست هەمینگوەی (Ernest Hemingway) داهێنەریەتی. بنەمای ئەم تیۆرییە لەسەر ئەوە بونیاد نراوە کە دەق دەبێت تەنیا لووتکەی ڕووداوەکان و هەستەکان (هاوشێوەی یەک لەسەر هەشتی چیایه‌كی سه‌هۆڵین کە بە سەر ئاوەوە دیارە) نیشان بدات، و قورسایی و مانای ڕاستەقینەی چیرۆکەکە (حەوت بەشەکەی تری چیاکە) لە ژێر ڕووبەری وشەکان و لە ناو بێدەنگییەکاندا بشارێتەوە. هەمینگوەی پێی وایە کاتێک نووسەر بە وردی لەو بەشە ونبووە تێدەگات و دواتر لای دەبات، خوێنەر بە شێوەیەکی ڕه‌مه‌كی هەست بە قورساییی ئەو “نەگوتراوانە” دەکات و کاریگەریی دەقەکە قووڵتر دەبێتەوە.
[11] نامە بۆ باوک (Brief an den Vater) نامەیەکی درێژی ژیاننامەیی و شیکارییە کە نووسەری چیکی فرانز کافکا (Franz Kafka) لە تشرینی دووەمی ساڵی 1919دا بۆ باوکی (هێرمان کافکا) نووسیویەتی. ئەم دەقە بە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامە دەروونی و ئەدەبییەکان دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە جیهانی کافکا، کە تێیدا بە زمانێکی ڕەخنەیی و پڕ لە ئێش باس لە پەیوەندییە ئاڵۆز و پڕ لە ترسەکەی لەگەڵ باوکە دەسەڵاتدارەکەیدا دەکات. کافکا لەم نامەیەدا شیکاریی ئەوە دەکات کە چۆن سێبەر و هەژموونی باوکی بووەتە هۆی دروستبوونی هەستی تاوانبارێتی و کەمته‌رخەمی لە ناخیدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر تێکڕای بەرهەمە ئەدەبییەکانی تری هەبووە.
The post ئەو “تۆ”یه‌ی کە “من”م یا “من”نیم؟ appeared first on ژنەفتن.
سەفەر لەناو بەستەڵەکی دەقدا؛ خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی»
عرفان کەرەمی[1]
ئەم خوێندنەوە ڕەخنەیییە، خوێندنەوەیەکی قووڵ و گشتگیرە بۆ ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» لە نووسینی مەحموود نەجمەدین. ڕۆمانەکە کارێکی ئکسپێریمنتاڵی[2] پۆست-مۆدێرنە کە پرسیار لە سنوورەکانی نێوان واقیع و وەهم، دەق و نووسەر دەکات. لەم خوێندنەوەیەدا، ڕۆمانەکە لەسەر هەشت تەوەری سەرەکی خراوەتە ژێر نەشتەرگەریی ڕەخنەیییەوە: «گەڵاڵە[3]، کرۆنۆتۆپ[4]، کارەکتەرسازی، هۆکارمەندی، فەزا، ماکەکانی گێڕانەوە، زمان و گشتییەتی ئۆرگانیکی». دەرئەنجامی شیکارییەکان پیشانی دەدەن کە ئەگەرچی ڕۆمانەکە لە درووستکردنی فەزایەکی سڕبووی خەماوی و بەکارهێنانی تەکنیکی «مێتا-فیکشن[5]»دا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست‌ هێناوە، بەڵام لە ڕووی بینای گێڕانەوە، پچڕانی هێڵی هۆکارمەندی، وەستانی گەشەی دەروونیی کارەکتەرەکان و کێشە زەقەکانی ڕێنووس و زمانەوە، دووچاری کەلێنی تەکنیکی بووەتەوە و وای کردووە کارەکە لەبری یەکگرتووییەکی ئۆرگانیکی، زیاتر لە مۆزاییکێکی پەرتەوازە بچێت.
ئەدەبیات هەمیشە ئاوێنەیەک بووە بۆ پیشاندانی نامۆبوونی مرۆڤ، بەڵام چی ڕوو دەدات کاتێک ئاوێنەکە خۆی دەشکێت و کارەکتەرەکان دەیانەوێت لە چوارچێوەکەی بێنە دەرەوە؟ ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» یەکێکە لەو هەوڵە دەگمەن و بوێرانەیەی ناو ئەدەبیاتی نوێی کوردی کە ڕەتی ‌دەکاتەوە ملکەچیی یاساگەلی باوی گێڕانەوە بێت. ئەم کارەی «مەحموود نەجمەدین» خوێنەر پەلکێشی ناو گێژاوێکی جوگرافی و دەروونی دەکات؛ لە شەقامە بەفراوییەکانی سلێمانی و سنەوە بۆ مەهاباد و کەرکووک، تەنها بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی «حەمدی بەگ». پیاوێکی تەمەن پەنجا و پێنج ساڵە کە واقیعی بەرجەستەی ڕەت‌ کردووەتەوە و عاشقی «زادینا»‌ـیە؛ ژنێک کە تەنها لەناو چیرۆکێکی هەفتا و پێنج ساڵەدا هەیە!
چیرۆکەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بە دەوری کارەکتەری «حەمدی بەگ‌دا دەسوڕێتەوە؛ پیاوێکی تەمەن پەنجا و پێنج ساڵەی سەڵت کە هێندە نوقمی ناو حیکایەتەکان بووە، ناتوانێت لە دنیای ڕاستەقینەدا بژی. ئەو بەدوای ژنێکی نادیار و خەیاڵیدا بە ناوی «زادینا» وێڵە کە تەنها لەناو چیرۆکێکدا ناسیویەتی و بە سەختی عاشقی بووە. ڕۆمانەکە لە ١١ بەش پێکهاتووە و زۆربەی بەشەکان ناوی کارەکتەرە جیاوازەکانیان لێ نراوە (وەک کاکە شەگر، کاکە وەلی، کاکە ڕەش، کاکە باوە، هتد…) کە سەرجەمیان ڕووداو و سەربوردەی سەیری خۆیان هەیە لە کەش‌وهەوایەکی زۆربەری سارد و بەفراویدا.
بەرگی پێشەوەی ڕۆمانی دیلبەرا ئانی، نووسەر: مەحموود نەجمەدین، چاپەمەنی سەردەم، سلێمانی ٢٠٢٥
تێکشکاندنی سنوورەکانی واقیع: شیکردنەوەی گەڵاڵە و کرۆنۆتۆپ
ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» تاقیکردنەوەیەکی بوێرانەی گێڕانەوەیە لە ئەدەبیاتی نوێی کوردیدا کە تێیدا نووسەر (مەحموود نەجمەدین) خوێنەر دەخاتە ناو گێژاوێکی ئەدەبییەوە کە جیاکردنەوەی ڕاستی و خەیاڵ تێیدا ئەستەمە. بۆ تێگەیشتن لەم کارە و هەڵسەنگاندنی، پێویستە بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە لە پێکهاتەی گەڵاڵە و ڕەهەندەکانی کات و شوێن (کرۆنۆتۆپ) بڕوانین.
گەڵاڵەی ڕۆمانەکە پێچەوانەی هێڵی کلاسیکیی گێڕانەوەیە. لەبری ئەوە، ئێمە لەگەڵ گەڵاڵەیەکی ئەڵقەیی و فرە-ڕووداودا مامەڵە دەکەین کە بە دەوری یەک چەقی دەروونیدا دەسوڕێتەوە: پەرۆشیی حەمدی بەگ بۆ زادینا.
ڕۆمانەکە لە ١١ بەش پێکهاتووە کە ١٠ بەشی یەکەمیان ناوی کارەکتەرە جۆراوجۆرەکانیان هەڵگرتووە (کاکە شەگر، کاکە وەلی، کاکە باوە… هتد). کێشەی سەرەکیی گەڵاڵەکە ململانێیەکی ناوەکییە لە نێوان حەمدی بەگ و واقیعدا؛ ئەو پیاوێکی تەمەن ٥٥ ساڵەیە کە ناتوانێت لە دنیای ماددیدا بژی و عاشقی ژنێکە لە چیرۆکێکی ٧٥ ساڵەدا. لووتکەی گەڵاڵەکەش لە بەشی کۆتاییدا ڕوو دەدات، کاتێک خودی نووسەر دەبێتە بەشێک لە ڕووداوەکان. ئەم مێتا-فیکشنە پرسیارێکی فەلسەفی دروست دەکات: ئایا ئێمە چیرۆکەکان دەنووسین، یان چیرۆکەکان ئێمە دەنووسنەوە؟
ئەگەرچی ئەم فۆڕمە نوێیە، بەڵام قوربانیی خەیاڵە فراوانەکەی خۆیەتی. تەرخا‌نکردنی دە بەش بۆ کارەکتەرە لاوەکییەکان وای کردووە ڕۆمانەکە لە هەندێک جێگەدا لە چیرۆکی کورت بچێت و خوێنەر لە پرسی سەرەکیی «گەڕان بەدوای زادینا» دوور بخاتەوە.
لە «دیلبەرا ئانی»ـدا، زەمەن و شوێن ڕۆڵێکی کاراکتەرییانەیان هەیە و تەنها پاشخانێک بۆ ڕووداوەکان نین. شوێنەکان فرەچەشنن (سلێمانی، سنە، مەهاباد، کەرکووک)، بەڵام ئەوەی یەکیان دەخات کەشی بەفراوی و سەرمایەکی تاقەتپڕووکێنە. بەفر لێرەدا هێمایە بۆ سڕبوون و بەستەڵەکی ژیانی حەمدی بەگ. هەروەها شوێنی سەرەکی زۆرجار «ناو دەقەکان» و «ناو تابلۆکان»ـه (وەک تابلۆکەی کاکە لاوە و نازەنین). لە ڕووی زەمەنیشەوە، ڕۆمانەکە لە نێوان زەمەنی مۆدێرن (مۆبایل، فەیسبووک) و زەمەنی دێرین و وەستاودا (چیرۆکە هەفتا و پێنج ساڵەکان) یاری دەکات.
زاڵبوونی ڕەهای کەشوهەوای بەفراوی بەسەر تەواوی شوێنەکاندا، وای کردووە وێنەی جوگرافیی ڕۆمانەکە کەمێک وشک و دووبارە[6] بێتەوە و نەبوونی کۆنتراست[7]ی کەشوهەوا، وێنەکان تێکەڵ دەکات. لە لایەکی ترەوە، بازدانی خێرای کات و شوێن لە واقیعەوە بۆ ناو تابلۆ و چیرۆکەکان، لە هەندێک جێگەدا بەبێ پاساوی تەکنیکیی بەهێز ڕوو دەدات کە ئەمەش هەندێک جار دەبێتە هۆی سەرلێشێوانی خوێنەر و ونکردنی هەستی ئاڕاستە.
داڕشتنی کارەکتەر و ئاڵۆزیی پەیوەندییەکان لە خولگەی وەهمدا
لە ڕۆمانی«دیلبەرا ئانی»ـدا، کارەکتەرەکان تەنها بوونەوەرێکی ناو دەق نین کە ڕووداوەکان بجووڵێنن، بەڵکوو ئەوان نوێنەرایەتیی دۆخە دەروونی و کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکان دەکەن. داڕشتنی کەسایەتییەکان و چۆنیەتیی درووستبوونی پەیوەندی لە نێوانیاندا، یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی ئەم مێتا-فیکشنە کە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردنێکی وردی شیکاری و ڕەخنەیی هەیە.
نووسەر لە درووستکردنی کەسایەتییەکاندا، پشتی بە درووستکردنی کۆنتراست (دژبەری) بەستووە لە نێوان یەک کارەکتەری چەقی (حەمدی بەگ) و کۆمەڵێک کارەکتەری پەراوێزی (کاکەکان).
حەمدی بەگ پیاوێکی تەمەن ٥٥ ساڵەیە کە لە ڕووی دەروونییەوە دابڕاوە لە واقیع. ئەو نوێنەرایەتیی «مرۆڤی نامۆ» دەکات کە ناتوانێت لەگەڵ سەردەمەکەی خۆیدا بگونجێت. عاشقبوونی بە «زادینا» (کە ژنێکی ناو چیرۆکێکی ٧٥ ساڵەیە)، جۆرێکە لە هەڵاتن لە واقیع[8]. ئەو ژنانی ڕاستەقینە و بەرجەستەی ناو ژیانی لە پێناو سێبەرێکدا ڕەت دەکاتەوە. پەیوەندیی حەمدی بەگ لەگەڵ زادینا، پەیوەندییەکە لە نێوان مرۆڤ و دەقدا، نەک مرۆڤ و مرۆڤدا.
زادینا کارەکتەرێکی فیزیکی نییە، بەڵکوو «پڕۆجێکشن[9]» و ڕەنگدانەوەی ئارەزووە شاراوەکانی حەمدی بەگ‌ـه. ئەو هێمایەکە بۆ ئەو کامڵبوونەی[10] کە لە دنیای ڕاستەقینەدا نییە.
کارەکتەرەکانی وەک «کاکە وەلی، کاکە سوور، کاکە باوە و ئەوانی تر»، هەریەکەیان هەڵگری خەم و تراژیدیایەکی سەربەخۆی خۆیانن. ئەوان نوێنەرایەتیی واقیعە تاڵ، سارد و هەندێک جاریش پڕ لە توندوتیژییەکان دەکەن (وەک خنکاندنی کاکە وەلی، یان شێتبوونی کاکە ڕەش).
پەیوەندیی نێوان حەمدی بەگ و ئەم کارەکتەرە لاوەکییانە، پەیوەندییەکی ڕاگوزەر و لاوازە. حەمدی تەنها وەک «تێپەڕبوویەک» یان «گوێگرێک» بەناو ژیانیاندا دەڕوات، بەبێ ئەوەی کاریگەرییەکی قووڵی سۆزداری لەسەریان دروست بکات، چونکە تەواوی سۆزی ئەو بۆ زادینایە.
سەرەڕای فرەیی و دەوڵەمەندیی جۆری کارەکتەرەکان، ڕۆمانەکە لە ڕووی تەکنیکییەوە دەکەوێتە ناو چەند بۆشایییەکەوە سەبارەت بە گەشەسەندنی کەسایەتییەکان. گەورەترین ڕەخنە کە ئاڕاستەی کارەکتەری «حەمدی بەگ» دەکرێت، ئەوەیە کە کەسایەتییەکی «نەگۆڕ[11]»ـە. لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە تا کۆتایی، حەمدی بەگ هەمان پیاوی گیرخواردووی ناو خەیاڵە. ئەو بەناو چەندین ڕووداوی جیاواز و چیرۆکی کارەکتەرەکانی تردا تێدەپەڕێت، بەڵام هیچ یەکێک لەو ڕووداوانە گۆڕانکارییەکی سایکۆلۆژی یان تێگەیشتنێکی نوێ[12] لە ناخیدا دروست ناکەن. کارەکتەرێک کە گەشە نەکات، ناتوانێت هاوسۆزییەکی بەردەوام لای خوێنەر بهێڵێتەوە.
بەکارهێنانی دە بەش بۆ دە کارەکتەری جیاواز، وای کردووە نووسەر کاتی تەواوی نەبێت بۆ چوونە ناو قووڵاییی دەروونیی هیچ کام لەم «کاکە»ـیانە. ئەوان زیاتر وەک «تیپێکی کۆمەڵایەتی[13]» یان کارەکتەری یەک-ڕەهەندی دەردەکەون کە تەنها بۆ گێڕانەوەی ڕووداوێک هێنراونەتە ناو دەقەکەوە و دواتر ون دەبن، بەبێ ئەوەی شوێن‌پەنجەیەکی بەهێز لەسەر گەڵاڵە سەرەکییەکە بەجێ‌بهێڵن.
بەهۆی ئەوەی هەر بەشێک تەرخان کراوە بۆ کەسایەتییەکی نوێ، خوێنەر دەرفەتی ئەوەی نابێت پەیوەندییەکی سۆزداریی تۆکمە لەگەڵ کارەکتەرەکاندا دروست بکات. پەیوەندییەکانی ناو ڕۆمانەکە (بە تایبەت پەیوەندیی حەمدی بەگ لەگەڵ دەوروبەرەکەی) زۆر ساردن، ڕێک وەک ئەو بەفرەی کە بەسەر شارەکاندا دەبارێت. ئەم ساردییە، ئەگەرچی ڕەنگە مەبەستدار بێت، بەڵام وای کردووە ڕۆمانەکە لە ڕووی سۆزدارییەوە کەمێک وشک بێت.
لۆژیکی خەیاڵ و لاوازیی هۆکارمەندی لە داڕشتنی ڕووداوەکاندا
لە زانستی گێڕانەوەدا، «ڕووداو» بزوێنەری چیرۆکە، بەڵام «هۆکارمەندی[14]» (واتە پەیوەندیی نێوان هۆکار و دەرئەنجام) ئەو کۆنکریتەیە کە ڕووداوەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و وادەکات خوێنەر باوەڕ بە گەشەسەندنی چیرۆکەکە بکات. ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» لەم ڕووەوە یارییەکی مەترسیدار دەکات؛ نووسەر لۆژیکی واقیع تێک دەشکێنێت و هۆکارمەندییەکی خەیاڵی و دەروونی جێگەی دەگرێتەوە.
داڕشتنی ڕووداوەکان لەم ڕۆمانەدا پشتی بە ڕیزبەندییەکی لۆژیکی نەبەستووە (واتە ڕووداوی A نابێتە هۆی دروست‌بوونی ڕووداوی B)، بەڵکوو پشتی بە «هۆکارمەندییەکی سایکۆلۆژی و سیحری» بەستووە؛ واتە گەورەترین شکاندنی هۆکارمەندی لە بزوێنەری سەرەکیی ڕۆمانەکەدایە. «هۆکار»: حەمدی بەگ عاشقی ژنێکی ناو دەقێکی ٧٥ ساڵە دەبێت بە ناوی زادینا. «دەرئەنجام»: دەست دەکات بە گەڕان بەسەر شەقام و شارە بەفراوییەکانی دنیای ڕاستەقینەدا. ئەم تێکەڵکردنەی واقیع و خەیاڵ، ڕووداوەکان لەسەر بنەمایەکی ئەبسوردی (پووچگەرا) و نالۆژیکی دروست دەکات کە خزمەت بە گەیاندنی پەیامی نامۆبوونی کارەکتەرەکە دەکات.
ڕووداوەکانی ناو بەشەکانی تر، وەک کەوتنە ناو بیری نەوتی کاکە سوور، خنکاندنی کاکە وەلی لە خەودا، یان چوونە ناو تابلۆکەی کاکە لاوە و نازەنین، ڕووداوی سەربەخۆن. هۆکاری ڕوودانیان پەیوەندیی بە گەڕانەکەی حەمدی بەگ‌ـه‌وە نییە، بەڵکوو ئەوان ڕووداوی تراژیدی یان سەیروسەمەرەن کە تەنها بۆ دروست‌کردنی کەشێکی باڵادەست لە نائومێدی و سڕبوون لە دەقەکەدا جێگیر کراون.
زۆرجار ڕووداوەکان بە لۆژیکی خەون دەڕۆن بەڕێوە. بازدانی لەناکاو، دەرکەوتن و ون‌بوونی کارەکتەرەکان و ڕووداوی لەناکاوی بێ پاساو، وادەکات خوێنەر هەست بکات لەبری ڕۆمانێکی واقیعی، خەریکی خوێندنەوەی تابلۆیەکی سوریالیستییە.
هەرچەندە تێکشکاندنی لۆژیک خەسڵەتێکی ئەدەبیاتی پۆست-مۆدێرن و ئکسپێریمنتاڵە، بەڵام «دیلبەرا ئانی» لەم خاڵەدا تووشی چەند درزێکی تەکنیکی بووە کە کاریگەریی لەسەر چێژی گێڕانەوە دروست کردووە. ڕۆمانێکی سەرکەوتوو پێویستی بەوەیە ڕووداوەکان وەک یاریی دۆمینە یەکتر بخەن. بەڵام لەم ڕۆمانەدا، چوونە دەرەوەی حەمدی بەگ لە بەشێک و چوونە ناو بەشێکی تر (بۆ نموونە لە چیرۆکی کاکە باوەوە بۆ چیرۆکی کاکە شەگر)، زۆرجار بەبێ هیچ هۆکارمەندییەکی بەهێز ڕوو دەدات. حەمدی بەگ تەنیا وەک «گەشتیارێک» بەناو ڕووداوەکاندا تێدەپەڕێت و بوون و نەبوونی لە زۆربەی بەشەکاندا کاریگەریی لەسەر گۆڕینی ئاڕاستەی ڕووداوەکان[15] نییە.
بۆ چارەسەرکردن یان درووستکردنی گرێکان، ڕۆمانەکە زۆر پشتی بە ڕێکەوت[16] بەستووە لەبری کێشەی درووستکراوی دەستی کارەکتەرەکان. کاتێک کارەکتەرێک چارەنووسی بە ڕێکەوت دیاری دەکرێت نەک بە بڕیارەکانی خۆی، خوێنەر هەست بە لاوازیی ململانێکان دەکات و پەرۆشیی بۆ دەرئەنجامەکان کەم دەبێتەوە.
گەورەترین ڕەخنەی هۆکارمەندی لە بەشی کۆتاییدا دەردەکەوێت. کاتێک نووسەر خۆی دێتە ناو گێڕانەوەکە و دەنگی ڕاکردن بەدوای زادینادا دەبیسترێت، تەواوی لۆژیکی هۆکارمەندیی ناو ڕۆمانەکە دادەڕمێت. ئەمە نیشانی دەدات کە ڕووداوەکان نەیانتوانیوە لەناو خودی دەقەکەدا بگەنە چارەسەر، بۆیە نووسەر بە زەبری هێزی دەرەکی (مێتا-فیکشن) کۆتایی بە گێڕانەوەکە هێناوە، ئەمەش لە ڕووی بینای ڕۆمانەوە وەک لاوازییەک لە بەستنەوەی گرێکاندا دەبینرێت.
ئەندازەی فەزا و ململانێی نێوان وەسفی وەستاو[17] و دینامیک[18]
لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا، «فەزا» تەنیا قاپێک نییە بۆ لەخۆگرتنی ڕووداوەکان، بەڵکوو زۆرجار دەبێتە کارەکتەرێکی زیندوو کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر سایکۆلۆژیای پاڵەوانەکان و ئاڕاستەی چیرۆکەکە دادەنێت. ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» لەم ڕووەوە تاقیکردنەوەیەکی سەرنجڕاکێشە؛ نووسەر فەزایەکی سڕبوو و بەستەڵەک دروست دەکات کە تێیدا ململانێیەکی توند لە نێوان جووڵە (دینامیک) و وەستان (ستاتیک)ـدا هەیە.
نووسەری ڕۆمانەکە، بە مەبەستی بەرجەستەکردنی دۆخی دەروونیی «حەمدی بەگ»، پشتی بە فەزایەکی دیاریکراو و دوو جۆر لە وەسف بەستووە. فەزای گشتیی ڕۆمانەکە، فەزایەکی زستانە و بەفراوییە کە چەندین شاری جیاوازی کوردستان دەگرێتەوە (لە گۆیژە و ئەزمەڕی سلێمانی‌یـه‌ەوە، بۆ ئاوییەری سنە، مەهاباد، تا دەگاتە گەڕەکی ئەڵماس لە کەرکووک). ئەم فەزا ساردە «ئاوێنە»ـه‌یەکە بۆ ژیانی حەمدی بەگ. وەک چۆن شارەکان کەوتوونەتە ژێر بەفرەوە و سڕ بوون، ئاواش ژیانی واقیعیی حەمدی بەگ سڕ بووە و لەناو چیرۆکێکی هەفتا و پێنج ساڵەدا چەقی بەستووە.
وەسفی وەستاو ئەو کاتانە دەردەکەوێت کە نووسەر کاتی گێڕانەوە دەوەستێنێت بۆ ئەوەی وێنەیەکی فیزیکی یان شوێنێکمان بۆ بکێشێت. لەم ڕۆمانەدا، وەسفی وەستاو لە لووتکەدایە. بۆ نموونە: وەسفکردنی چرکەساتی بارینی بەفر بەسەر شاردا، خامۆشیی شەو، یان ئەو چرکەساتەی حەمدی بەگ دەچێتە ناو «تابلۆ»ـ‌کەی کاکە لاوە و نازەنین. تابلۆ خۆی لە خۆیدا چەقی وەستانە، نووسەر لێرەدا بە زمانێکی شاعیرانە، وەسفی وەستاوی تابلۆکە دەکات بۆ ئەوەی هەستی نەمری و گرتنی چرکەساتەکە لای خوێنەر دروست بکات.
وەسفی دینامیک تایبەتە بە جووڵە و خێراییی ڕووداوەکان. لە «دیلبەرا ئانی»ـ‌دا، وەسفی دینامیک لەو ساتانەدا دەردەکەوێت کە کارەکتەرەکان تووشی شۆک دەبن یان ڕووداوێکی خێرا ڕوو دەدات. وەک بەربوونەوەی کاکە سوور بۆ ناو بیری نەوتەکە، یان خنکاندنی کاکە وەلی. بەهێزترین وەسفی دینامیکیش لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدایە؛ کاتێک فەزای هێمن و وەستاوی ڕۆمانەکە لەناکاو دەشکێت و وەسفەکە دەبێتە وەسفی «ڕاکردن و هاوارکردن»ـی فورات سەیدو بەدوای زادینادا بەرەو کڵێسای چوارچرا، لە کاتێکدا مەحموود لە گەرماو دێتە دەرەوە.
لەگەڵ ئەوەی زمان و وەسفەکانی ڕۆمانەکە لە ڕووی ئەدەبی و شاعیرییەوە جوانن، بەڵام لە ڕوانگەی پێکهاتەی گێڕانەوەوە[19]، ئەم شێوازە ڕووبەڕووی چەند کەلێنێک دەبێتەوە:
قەتیس‌بوونی وەسفی وەستاو[20]: زۆر بەکارهێنانی وەسفی وەستاو، بەتایبەت بۆ وەسفکردنی کەشوهەوای سارد و بەفر لە سەرەتای زۆربەی بەشەکاندا، وای کردووە «تێمپۆ» (خێرایی)ـی ڕۆمانەکە زۆر خاو بێتەوە. خوێنەر زۆرجار هەست دەکات لەناو وێنەیەکی فۆتۆگرافیدایە نەک ڤیدیۆیەک کە بەرەوپێش بچێت. ئەم خاوبوونەوەیە مەترسیی ئەوەی هەیە کە خوێنەر بێزار بکات، چونکە وەسفەکان لەبری ئەوەی خزمەت بە پاڵنانی ڕووداوەکان بکەن بەرەو پێشەوە، زیاتر وەک جوانکارییەکی زمانەوانی کار دەکەن.
دووبارەبوونەوەی فەزا و نەبوونی کۆنتراست (دژبەری): یەکێک لە کێشەکانی داڕشتنی فەزا لەم کارەدا، نەبوونی دژبەری‌ـیە. مرۆڤ کاتێک هەست بە سەرمایەکی قورس دەکات کە پێشتر گەرمایەکی بینیبێت. لەم ڕۆمانەدا، لە بەشی یەکەمەوە تا کۆتایی، هەمان فەزای سارد و بەفراوی زاڵە بەسەر تەواوی شارەکاندا. ئەم مۆنۆتۆنییە (یەک‌ئاوازییە) وا دەکات فەزاکە کاریگەرییە شۆکهێنەر و هێمایییەکەی لەدەست بدات و ببێتە شتێکی ئاسایی بۆ خوێنەر.
دینامیکییەتی ساختە[21]: زۆرجار گواستنەوەی حەمدی بەگ لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر (لە سلێمانی‌ـ‌یەوە بۆ سنە، یان مەهاباد)، وەک جووڵەیەکی دینامیکی دەردەکەوێت، بەڵام لە واقیعی گێڕانەوەکەدا ئەمە دینامیکییەتێکی فیزیکییە و هیچ جووڵەیەکی «دەروونی» یان «درامی»ـی لەگەڵدا نییە. حەمدی بەگ دەچێتە هەر شارێک، هەر هەمان پیاوە بێ‌ئومێدەکەیە و ڕووداوەکانیش هەر هەمان کارەکتەری نامۆبوونیان هەیە. ئەمەش وەسفە دینامیکەکان بێ‌بەها دەکات چونکە دەرئەنجامی درامییان لێ ناکەوێتەوە.
زمان و ڕاوێژی گێڕانەوە[22]
لە هەر دەقێکی ڕۆماندا، زمان تەنیا ئامرازی گواستنەوەی زانیاری نییە. بەڵکوو خودی زمانەکە دەبێتە بەشێک لە شووناسی کارەکتەرەکان و کەشوهەوای چیرۆکەکە. ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» بەهۆی فرەییی شوێنەکان، تاقیکردنەوەیەکی زمانەوانیی ئاڵۆزە کە هەڵگری چەندین خاڵی بەهێز و لە هەمان کاتدا چەندین کەلێنی ڕێزمانی و ڕێنووسییە.
ڕاوێژی گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا فرەدەنگە[23] و هەوڵ دەدات لەگەڵ گۆڕانی جوگرافیادا، زمانەکەش بگۆڕێت. گێڕانەوەکە لە نێوان دوو ئاستدا یاری دەکات؛ ئاستی ناوەکی (چیرۆکی حەمدی بەگ و کاکەکان) و ئاستی دەرەکی (دەنگی خودی نووسەر کە دێتە ناو دەقەکەوە). ئەم تێکەڵکردنە وای کردووە ڕاوێژی گێڕانەوەکە لە دەنگێکی کلاسیکیی باوەڕپێکراوەوە بگۆڕێت بۆ دەنگێکی یاریزان[24] کە خوێنەر هۆشیار دەکاتەوە کە خەریکی خوێندنەوەی «دەق»ـێکە نەک «واقیع»ـێک.
یەکێک لە خاڵە دیارەکانی زمان لەم ڕۆمانەدا، هەوڵدانە بۆ بەرجەستەکردنی شێوەزارەکانی ناوچە جیاوازەکان. بەو پێیەی ڕووداوەکان لە سلێمانی، سنە، مەهاباد و کەرکووک ڕوو دەدەن، هەروەها بەهۆی پاشخانی نووسەرەکەوە، دەقەکە پڕە لە وشە و دەستەواژەی جیاواز. تێکەڵکردنی وشەکانی شێوەزاری کوردیی باکووری (وەک: ئەز، چما، ئەنگوت) لەگەڵ سۆرانییەکی ستاندارد و هەندێک جاریش بەکارهێنانی دەستەواژەی ناوچەیی (وەک: هێشتاکینە، ساواقی زستان، چەلەنگی)، فەرهەنگۆکی ڕۆمانەکەی دەوڵەمەند کردووە.
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ فرەدەنگی، ڕۆمانەکە لە ڕووی تەکنیکی گێڕانەوەوە دەگاتە چەند بنبەستێک. ئەگەرچی ڕۆمانەکە ناوی دە «کاکە»ـی جیاوازی تێدایە (کاکە شەگر، کاکە وەلی، کاکە لاوە…)، بەڵام کاتێک دیالۆگ یان مۆنۆلۆگەکانیان دەخوێنینەوە، هەست بە جیاوازییەکی گەورە ناکەین لە «ئاستی زمانەوانی»ـیی کارەکتەرەکاندا. چ کابرایەکی کرێکار، چ شوانێک (کاکە ڕەش)، چ خودی حەمدی بەگ، زۆربەیان بە یەک ڕاوێژ و بە یەک ئاستی شاعیرانە و فەلسەفی قسە دەکەن. واتە دەنگی کارەکتەرەکان لەناو دەنگی «نووسەر»ـدا تواوەتەوە و نەیانتوانیوە سەربەخۆییی زمانەوانیی خۆیان[25] بەدەست بهێنن.
لە هەندێک بڕگەدا، بەکارهێنانی وشەکانی وەک «ئەز» و «چما» لەناو ڕستەیەکی تەواو سۆرانیدا، هەستێکی نامۆ دروست دەکات. لەبری ئەوەی خزمەت بە کەشوهەوای ناوچەکە بکات، وەک پینەیەکی زمانەوانی دەردەکەوێت و نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ئۆرگانیک لەگەڵ تەواوی تابلۆ زمانەوانییەکەدا یەک‌بگرێت.
هەر دەقێکی ئەدەبی پێویستی بە سەرپەرشتییەکی وردی زمانەوانییە. بەداخەوە، بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی ڕێنووسی یەکگرتووی زمانی کوردی، دەقەکە کۆمەڵێک کەلێنی تێدایە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر چێژی خوێندنەوە دروست دەکات. یەکێک لە کێشە زەقەکانی دەقەکە، مامەڵەنەکردنی درووستە لەگەڵ مەودا و نیومەودا. زۆرجار وشە لێکدراوەکان یان پاشگر و پێشگرەکان بە هەڵە لکێنراون یان جیا کراونەتەوە کە ئەمەش هەناسەی خوێندنەوە دەپچڕێنێت.
لە زۆر شوێندا، نووسەر لەبری بەکارهێنانی زمانی ستانداردی ئەدەبی بۆ وەسف و گێڕانەوە، دەچێتە سەر زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە (بۆ نموونە: نووسینی «ئەلێی» لەبری «دەڵێی»، یان «ئەزانی» لەبری «دەزانی»). ڕاستە ئەمە لەناو دیالۆگی کارەکتەرەکاندا دەبێت ببێت، بەڵام کاتێک دەکەوێتە ناو گێڕانەوەی گشتییەوە، ئاستی فەرمیی دەقەکە دادەبەزێنێت.
هەروەها بوونی چەندین هەڵەی چاپ و تایپ (وەک نەکەوتنی پیتی واو، یان تێکەڵبوونی پیتەکان) نیشانی دەدات کە ڕۆمانەکە پێش چاپکردن، پرۆسەیەکی وردی هەڵەچنیی تێنەپەڕاندووە. ڕۆمانێکی ئکسپێریمنتاڵی وا کە یاری بە خەیاڵ دەکات، دەبێت لە ڕووی فۆڕم و ڕێنووسەوە زۆر تۆکمە بێت بۆ ئەوەی خوێنەر متمانەی پێ بکات.
یاری‌پێکردنی گۆشەنیگا[26] و قەیرانی ناوەندیکردنەوە[27] لە گێڕانەوەدا
لە هەر دەقێکی گێڕانەوەدا، «گۆشەنیگا» و «ناوەندیکردنەوە» ئەو دوو ماکە سەرەکییەن کە دیاری دەکەن خوێنەر لە چ چاوێکەوە و بە چ ئاستێک لە زانیارییەوە دەچێتە ناو جیهانی چیرۆکەکەوە. ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» هەوڵێکی ئەدەبیی پۆست-مۆدێرنە بۆ تێکشکاندنی گۆشەنیگای تاک‌دەنگ و باو، بەڵام لە جێبەجێکردنی ئەم تەکنیکەدا، دەکەوێتە ململانێیەکی توند لەگەڵ خودی خۆیدا.
نووسەر لەڕێگەی گۆڕینی بەردەوامی گۆشەنیگاوە، خەیاڵدانێکی پەرشوبڵاو بەڵام چەق‌بەستوو بە یەک ئامانجەوە درووست دەکات. ڕۆمانەکە پشتی بە گۆشەنیگای کەسی یەکەم (من) بەستووە، بەڵام ئەم «من»ـە جێگیر نییە. لە هەر بەشێکدا کامێرای گێڕانەوە دەدرێتە دەست کارەکتەرێکی نوێ (کاکە شەگر، کاکە سوور، کاکە لاوە، و لە کۆتاییشدا حەمدی بەگ). ئەم گۆڕانکارییە، وا دەکات ئێمە چیرۆکەکە لە چەندین چاوی جیاوازەوە ببینین کە هەریەکەیان پارچەیەک لە وێنە گەورەکەی «گەڕان بەدوای زادینادا» پیشان دەدەن.
سەرەڕای گۆڕانی گۆشەنیگاکان، «ناوەندیکردنەوە» (ئەو خاڵەی کە تیشکی خرێوەتە سەر) بەردەوام بە دەوری یەک چەقدا دەسوڕێتەوە، ئەویش سایکۆلۆژیای «حەمدی بەگ» و ونبوونەکەیەتی. تەنانەت کاتێک کاکە سوور لەناو بیری نەوتەکەدایە، یان کاکە وەلی دەخنکێنرێت، هێشتا تیشکی گێڕانەوەکە[28] هەر دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی حەمدی بەگ چۆن کاردانەوەی بۆ ئەم ڕووداوانە هەیە.
لە بەشی کۆتاییدا، گۆشەنیگاکە لەسەر ئاستی کارەکتەرەکانەوە دەکشێتەوە بۆ ئاستی خودی «درووستکەرەکان». لێرەدا کامێراکە دەچێتە دەرەوەی ڕۆمانەکە و لە دەرەوە (لەناو گەرماو و لە کاتی ئامادەکردنی کتبێەکە بۆ چاپ) سەیری خودی کارەکتەرەکان دەکاتەوە کە هێشتا ڕادەکەن.
بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە ئاڵۆزانە، ئەگەرچی لە ڕووی تیۆرییەوە بوێرانەیە، بەڵام لە کاتی پراکتیزەکردندا لەناو دەقەکەدا ڕووبەڕووی چەند کەلێنێکی تەکنیکی بووەتەوە. گەورەترین کێشەی ئەم ڕۆمانە لە ماکی گێڕانەوەدا ئەوەیە کە «گۆشەنیگای کارەکتەر» و «گۆشەنیگای نووسەر» لە یەکتر جیا نەکراونەتەوە. کاتێک گۆشەنیگا دەگۆڕێت لە «کاکە باوە»ـەوە بۆ «کاکە ڕەش»، دەبوو ئاستی تێگەیشتن، بینین و سنووری زانیارییەکانیشیان بگۆڕێت. بەڵام لە «دیلبەرا ئانی»ـدا، زۆربەی کارەکتەرەکان هەمان ئاستی هۆشیاری و هەمان چاوی گێڕەریان هەیە بۆ بینینی شتەکان. ئەمەش وای کردووە گۆڕینی گۆشەنیگاکان تەنیا گۆڕینێکی «ناو» بێت، نەک گۆڕینێکی «سایکۆلۆژی».
داهێنانە نوێیەکان لە ڕووی تەکنیک و ناوەڕۆکەوە
لە مێژووی ئەدەبدا، ڕۆمانە نوێخوازەکان ئەوانەن کە جورئەتی ئەوە دەکەن لە چوارچێوە باوەکانی گێڕانەوە دەربچن و فۆڕم و ناوەڕۆکێکی تازە پێشکەش بکەن. ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» لە نووسینی بە یەکێک لەو هەوڵە ئکسپێریمنتاڵانە دادەنرێت لە ئەدەبیاتی نوێی کوردیدا کە کۆمەڵێک داهێنانی تەکنیکی و فیکریی لەخۆ گرتووە، هەرچەندە ئەم داهێنانانە بێ باج نەبوون.
لە ڕووی فۆڕم و شێوازی داڕشتنەوە، ڕۆمانەکە کۆمەڵێک یاریی تەکنیکیی ئەنجام داوە کە جێگەی سەرنجن. گەورەترین داهێنانی تەکنیکیی ئەم ڕۆمانە، هێنانەناوەوەی خودی پرۆسەی «نووسین»ـە بۆ ناو دەقەکە. ڕۆمانەکە تەنها چیرۆکێک ناگێڕێتەوە، بەڵکوو باسی چۆنیەتیی درووست‌بوونی چیرۆکەکەش دەکات. لە کۆتاییدا کاتێک مەحموود و فورات (نووسەرەکان ناو چیرۆکەکە) دەبنە بەشێک لە ململانێکە و بەدوای زادینادا ڕادەکەن، نووسەر «دیواری چوارەم» (ئەو دیوارە خەیاڵییەی نێوان خوێنەر و دەق) دەشکێنێت و خوێنەر ڕووبەڕووی شۆکێکی تەکنیکی دەکاتەوە.
لەبری بەکارهێنانی هێڵێکی ڕاستی گێڕانەوە (سەرەتا، ناوەڕاست، کۆتایی)، ڕۆمانەکە پشتی بە تەکنیکی پارچەپارچەکردن بەستووە. دە بەشی جیاواز بۆ دە کارەکتەری جیاواز (کاکەکان) کە لە ڕواڵەتدا پەیوەندییان بەیەکەوە نییە، بەڵام لە قووڵاییدا هەموویان وەک پارچە ئاوێنەیەکی شکاو، وێنەی یەک پاڵەوانی سەرەکی (حەمدی بەگ) پیشان دەده‌ن. ئەمە داهێنانێکە لە درووستکردنی گەڵاڵەیەکی مۆزاییکیدا.
ڕۆمانەکە سنووری نێوان هونەرەکان تێکدەشکێنێت. کاتێک حەمدی بەگ دەیەوێت بچێتە ناو «تابلۆ»ـکەی کاکە لاوە و نازەنین‌ـەوە، نووسەر تەکنیکی وێنەکێشان (فەزایەکی سێ دووریی بینراو) تێکەڵ بە تەکنیکی گێڕانەوەی زمانەوانی دەکات.
لە ڕووی فیکر و کرۆکی چیرۆکەکەوە، ڕۆمانەکە دەست بۆ بابەتگەلێک دەبات کە لە دەرەوەی ڕۆمانسییەت و ڕیالیزمی باودان. لە ڕۆمانی باودا، پاڵەوان عاشقی کەسێکی بەرجەستە دەبێت. بەڵام داهێنانی ناوەڕۆکی «دیلبەرا ئانی» لەوەدایە کە «حەمدی بەگ» عاشقی ژنێکە (زادینا) کە تەنها لەناو «چیرۆکێکی هەفتا و پێنج ساڵەدا» هەیە. ئەمە نوێنەرایەتیی قەیرانی مرۆڤی مۆدێرن دەکات کە ناتوانێت لەگەڵ واقیعدا هەڵبکات و پەنا بۆ وەهم و خەیاڵ دەبات. حەمدی بەگ جۆرێکە لە «دۆنکیشۆت»ـی سەردەم کە لەگەڵ ئاشەکانی با نا، بەڵکوو لەگەڵ خەیاڵی دەقەکاندا دەجەنگێت.
سەرمای زستان و بەفر لەم دەقەدا، لە ناوەڕۆکێکی جوگرافییەوە گۆڕدراوە بۆ ناوەڕۆکێکی فەلسەفی. بەفرەکە هێمایە بۆ سڕبوونی کۆمەڵگا، وەستانی زەمەن و بەستەڵەکی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان.
کارەساتەکانی ناو ڕۆمانەکە (وەک خنکاندنی کاکە وەلی لە خەودا، یان کەوتنی کاکە سوور بۆ ناو بیری نەوت)، بە شێوەیەکی دراماتیکی و ڕۆمانسی مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە، بەڵکوو وەک ڕووداوێکی پووچ و بێواتا خراونەتە ڕوو. ئەمەش داهێنانێکە لە پیشاندانی بێ‌بایەخیی چارەنووسی مرۆڤ لە جیهانێکی شێواودا.
داهێنانەکان پێویستیان بە باڵانس هەیە لەگەڵ چێژی خوێنەردا. لێرەدا دەبێت بە ڕاشکاوی ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم سەرکێشییانە بەتەواوی سەرکەوتوو نەبوون. ئەگەرچی تەکنیکی مێتا-فیکشن و پارچەپارچەکردن بۆ ڕەخنەگرێکی ئەدەبی سەرنجڕاکێشن، بەڵام بۆ خوێنەری ئاسایی، ئەم داهێنانانە دەبنە هۆی ونکردنی چێژی چیرۆکەکە. خوێنەر ناتوانێت پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ کارەکتەرێکدا دروست بکات کە خەریکە دەبێتە قوربانیی «یارییەکی تەکنیکی»ـی نووسەرەکەی.
گۆڕینی فۆڕمی کۆتاییی ڕۆمانەکە بۆ ڕاکردنی نووسەرەکانی ناو چیرۆک بەدوای زادینادا، ئەگەرچی داهێنانێکی جوانی پۆست-مۆدێرنە، بەڵام وەک پێشتریش باسمان کرد، هەستێکی وا دەدات کە نووسەر نەیتوانیوە چیرۆکەکە لەناو لۆژیکی خەیاڵدانەکەی خۆیدا کۆتایی پێ بهێنێت، بۆیە پەنای بردووەتە بەر تەکنیکێکی دەرەکی.
گشتییەتی ئۆرگانیکی و ئەنجامی سەریەکخراوەی ڕۆمان
لە ڕەخنەی ئەدەبیدا، «گشتییەتی ئۆرگانیکی» بەرزترین پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر کارێکی هونەری. ئەم چەمکە پرسیار لەوە دەکات: ئایا تەواوی پارچەکانی ڕۆمانەکە (گەڵاڵە، کارەکتەر، فەزا، زمان، ڕووداو) وەک ئەندامەکانی یەک جەستەی زیندوو کار دەکەن و خزمەت بە یەکتر دەکەن؟ یان تەنها کۆمەڵێک پارچەی لکێنراون بەیەکەوە؟ ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» لەم تاقیکردنەوەیەدا، خوێنەر و ڕەخنەگر دەخاتە بەردەم هەڵسەنگاندنێکی دژوارەوە.
ڕۆمانەکە لە بنەڕەتدا پشتی بە پێکهاتەیەکی پەرتەوازە[29] بەستووە، بەڵام نووسەران لە ڕێگەی چەند توخمێکەوە هەوڵیان داوە گشتییەتی ئۆرگانیکی بپارێزن. چەقی یەکخەر. ئەگەرچی ڕۆمانەکە دە بەشی سەربەخۆی هەیە (چیرۆکی کاکەکان)، بەڵام ئامادەییی بەردەوامی «حەمدی بەگ» وەک گەڕیدەیەک بەدوای «زادینا»ـدا، ئەو دەزووە نەبینراوەیە کە هەوڵ دەدات ئەم دە مروارییە جیاوازە بکات بە یەک ملوانکە.
یەکێک لە سەرکەوتنەکانی ئەم ڕۆمانە لە ڕووی ئۆرگانیکییەوە، پاراستنی «تۆن» و «کەش»ـی ڕۆمانەکەیە. لە سەرەتاوە تا کۆتایی، خوێنەر هەست بە یەک جۆر لە نامۆبوون، پووچگەری و ساردییەکی ڕۆحی و جوگرافی (بەفرەکە) دەکات. تەنانەت مردنە جیاوازەکانیش (خنکان، کەوتنە ناو بیر) خزمەت بە یەک تێمای گشتی دەکەن کە ئەویش «شکستی مرۆڤە لەناو واقیعدا».
تێکەڵبوونی واقیع و خەیاڵ تەنها لە یەک بەشدا نییە، بەڵکوو بەناو تەواوی دەقەکەدا بڵاو بووەتەوە. چوونە ناو تابلۆ، خەون و چیرۆکە کۆنەکان، زەمینەسازییەکی ئۆرگانیک دەکەن بۆ ئەو شۆکەی لە کۆتاییدا ڕوو دەدات.
سەرەڕای ئەو هەوڵانە، کاتێک ڕۆمانەکە وەک یەک پارچەی سەریەکخراو دەخوێنینەوە، هەست بە چەند درزێک دەکەین کە ڕێگرن لە دروست‌بوونی گشتییەتێکی ئۆرگانیکیی بێگەرد. لە جەستەیەکی ئۆرگانیکدا، بڕینی هەر ئەندامێک دەبێتە هۆی مردن یان کەم‌ئەندام‌بوونی تەواوی جەستەکە. بەڵام لە «دیلبەرا ئانی»ـدا، ئەگەر بۆ نموونە بەشی «کاکە باوە» یان «کاکە جوان» بەتەواوی لە ڕۆمانەکە دەربهێنین، گەڵاڵە سەرەکییەکەی حەمدی بەگ هیچ زیانێکی بەرناکەوێت و تێناکشێت. ئەمەش نیشانی دەدات کە لکاندنی هەندێک لە بەشەکان «میکانیکی»ـیە (لەتەنیشت یەک دانراون) نەک «ئۆرگانیکی» (لەناو یەکتردا ڕواون).
ڕۆمانەکە کاتێکی زۆر (دە بەش) تەرخان دەکات بۆ ناساندنی فەزا و کارەکتەرە لاوەکییەکان، بەڵام چارەسەر یان لووتکەی کێشەکە (گرێی دەروونیی حەمدی بەگ و دەرکەوتنی زادینا) زۆر بە خێرایی و لە یەک بەشی کۆتاییدا ڕوو دەدات. ئەم ناهاوسەنگییە وا دەکات ڕۆمانەکە لەسەرەتادا قورس و خاو بێت و لە کۆتاییدا بەپەلە و کتوپڕ بێت.
کاتێک خوێنەر دەگاتە دێڕی کۆتایی، ئەو وێنە گشتییەی (ئەنجامەی) لە خەیاڵیدا دروست دەبێت چییە؟ وەک ئەنجامێکی سەریەک‌خراو، دەتوانین بڵێین «دیلبەرا ئانی» وەک «پڕۆژەیەکی فیکری و فەلسەفی» لەسەر تێکشکاندنی واقیع و هێزی خەیاڵ زۆر سەرکەوتووە، بەڵام وەک «گێڕانەوەیەکی چێژبەخش و یەکگرتوو»، باجی فرەییی کارەکتەرەکان و ئاڵۆزییە تەکنیکییەکانی داوە.
ڕۆمانەکە بە کۆتایییە کراوە و مێتا-فیکشنییەکەی، بە مەبەست ڕەتی دەکاتەوە وەڵامێکی ئامادەکراو بداتە خوێنەر. ئەنجامە سەریەک‌خراوەکە ئەوەیە کە هیچ ڕاستییەکی ڕەها نییە؛ حەمدی بەگ، زادینا و تەنانەت نووسەریش دەبنە قوربانیی خەیاڵدانی خۆیان. ئەمەش وادەکات ڕۆمانەکە وەک مەتەڵێکی سارد و بێوەڵام لە یادەوەریی خوێنەردا بمێنێتەوە.
وتەی کۆتایی
ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» سەرکێشییەکی ئەدەبی و تاقیکردنەوەیەکی پۆست-مۆدێرنە کە دەیەوێت سنوورەکانی نێوان نووسەر، دەق و خوێنەر بسڕێتەوە. دوای شیکردنەوەیەکی قووڵ و ورد بۆ تەواوی ماکەکانی ئەم ڕۆمانە، دەتوانین دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکە لەم خاڵە سەرەکییانەدا چڕ بکەینەوە:
ڕۆمانەکە لە گەیاندنی پەیامە فەلسەفییەکەی (کە مرۆڤی نامۆبوو ناتوانێت لەناو واقیعدا بژی و پەنا بۆ وەهم دەبات) زۆر سەرکەوتووە. حەمدی بەگ وەک دۆنکیشۆتێکی مۆدێرن، نوێنەرایەتیی ئەم قەیرانە دەکات. بەڵام لە بەرامبەردا، ڕۆمانەکە قوربانیی بە پێکهاتەی گێڕانەوە داوە؛ فرەییی کارەکتەرە پەراوێزییەکان و نەبوونی هۆکارمەندییەکی لۆژیکیی توندوتۆڵ، وای کردووە دەقەکە لە ڕووی ئۆرگانیکییەوە پەرشوبڵاو بێت و زیاتر لە کۆمەڵە چیرۆکێکی یەک‌تێما بچێت تا ڕۆمانێکی یەکگرتوو.
خەیاڵدانی نووسەر بۆ دروست‌کردنی فەزایەکی بەستەڵەک و سڕبوو، یەکێکە لە جوانییەکانی ئەم کارە. بەفر لێرەدا دەبێتە کارەکتەرێک کە ڕۆحی شارەکان و مرۆڤەکان دادەپۆشێت. بەڵام زێدەڕۆییکردن لە وەسفی وەستاو و نەبوونی دژبەری لە کەشوهەوا و ڕووداوەکاندا، هەستی ماندووبوون و بێزاری لای خوێنەر دروست دەکات، چونکە جووڵە دراماتیکییەکان لەناو ئەو بەفرەدا چەقیان بەستووە.
بڕیاری کۆتاییی ڕۆمانەکە بە هێنانەناوەوەی خودی نووسەر و تێکشکاندنی «دیواری چوارەم»، کارێکی جوانی فۆڕمییە. هەرچەندە ئەم تەکنیکە لە ڕووی پێکهاتەی کلاسیکییەوە وەک هەڵاتنێک لە گرێچنی[30] دەردەکەوێت، بەڵام بۆ خوێنەر جێگەی تێڕامانە کە چۆن درووستکەرانی دەقەکەش دەبنە قوربانیی خەیاڵدانی خۆیان.
گەورەترین لاوازیی ڕۆمانەکە، مامەڵەکردنە لەگەڵ ئامرازە سەرەکییەکەیدا کە زمانە. تێکەڵبوونی گۆشەنیگای کارەکتەرەکان و ون‌بوونی دەنگی سەربەخۆیان، لە پاڵ بوونی دەیان هەڵەی ڕێنووسی و تێکەڵکردنی زمانی ئاخاوتن و نووسین لە گێڕانەوەدا، زیانی گەورەی بە متمانەی خوێنەر گەیاندووە. خەیاڵێکی هێندە گەورە، پێویستی بە زمانێکی یەکجار وردتر و پاکنووس‌کراوتر هەبوو.
[1] E-mail: Erfankarami094@gmail.com .
[2] Experimental.
[3] Plot.
[4] Chronotope.
[5] Meta-fiction.
[6] Monotonous.
[7] Contrast.
[8] Escapism.
[9] Projection.
[10] Perfection.
[11] Static.
[12] Epiphany.
[13] Stereotype.
[14] Causality.
[15] Plot Twist.
[16] Coincidence.
[17] Static Description.
[18] Dynamic Description.
[19] Narrative Structure.
[20] Over-reliance on Static Description.
[21] Fake Dynamism.
[22] Narrative Voice.
[23] Polyphonic.
[24] Playful Tone.
[25] Character Voice.
[26] Point of View.
[27] Focalization.
[28] Focal Point.
[29] Fragmented.
[30] Deus ex machina.
The post سەفەر لەناو بەستەڵەکی دەقدا؛ خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ ڕۆمانی «دیلبەرا ئانی» appeared first on ژنەفتن.
سوریالیزم و بازدان لە دەقی ئەدەبیدا، لە زمانەوە بۆ ڕووداو
سەرنج و بەرایی:
سوریالیزم قوتابخانەیەکی فەلسەفی نییە، بەڵام پێش ئەوەی ڕێبازێکی ئەدەبی بێت، ڕیشەی لە هزر و بیرە فەلسەفیەکانیشدا هەیە، بەتایبەتی لای هیگڵ و شۆپنهاوەر و نیچە، تەنانەت نیچە ئایدیای نائاگایی لە بیری ئاگایانە بەرزتر دادەنێت، کەواتە سوریالیزم ڕەهەندێکی فەلسەفیشی هەیە بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنی زیاتر لە مرۆڤ و دەوروبەرەکەی، بەڵام زیاتر لە هونەر و ئەدەبیاتدا سوریالیزم خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، کاتێ لە هەوڵی خوێندنەوە و تێگەیشتنی مرۆڤدایە لە ڕێی کەشف و دۆزینەوە و خستنەگەڕی ناخودئاگا و خولقاندنی بان واقعیەت، بەتایبەتی لەسەر دەستی ئاندرێ بریتۆن و گیوم ئاپلۆنەر کە خۆیان پزیشکی دەروونی بوون.
بەڵام وەکو فردیناند ئالکیە دەڵێت: هیچکام لە سوریالیستەکان فەیلەسوف نەبوون بە ئاوارتەکردنی ژیرارد لێگران[i] Gerard Legrand، لەگەڵ ئەوەشدا لە پێگەیەکی فەلسەفییەوە دەڕواننە شتەکان.
لەم بارەوە فردیناند ئالکیە[ii] چەند خاڵێک وەکوو فەلسەفەی سوریالیزم دەستنیشان دەکات وەکوو ١- ئازادیی هزر ٢ – ئومێد، یاخیبوون و شۆڕش ٣ – خودکاری و ڕێککەوت ٤- پەیوەندی و دۆزینەوە ٥ – عەشق و جوانی.
ئەمەش ئەو تێگەیشتنەمان دەداتێ کە سوریالیزم خەیاڵپڵاوی و دێوانەیی نییە، بەو واتایەی لە ئەزموونی ڕۆژانەماندا بەری دەکەوین بەڵکوو سوریالیزم ڕێکارێکی هزرینی گرنگ و قووڵە کە بەرئەنجامی گومانکردنە لە عەقڵ و ئەو واقعیەتەی هەیە، بۆ پەیبردن بە ڕاستییەکان و تێگەیشتن لەوەی هەیە تەنها پشت بە عەقڵ و لۆژیک نابەستێ بەڵکوو پشت بە ناخودئاگا و خەونی ئاگابەرز، کە لە درێژەی ئەم باسەدا زیاتر ئەم چەمکانە ڕوون دەبنەوە.
لە زمانەوە بۆ ڕووداو بازدانێک لە ئەدەبدا
“سوریالستەکان دەیانویست زمان بەلاوە بنێن، بە گوتەی بریتۆن دەیانویست وێنەکان بە وێنە شیکار بکەن نەک بە یارمەتی زمان”  بابەک ئەحمەدی
بێگومان ئەم ڕێبازە تەنها بە شیعر و چیرۆک یان ڕۆمانەوە نەوەستا بەڵکوو لە هونەرەکانی وێنەکیشان و پەیکەرتاشی و شانۆ و مۆسیقا و دواتریش لە هونەری سینەمادا ڕەنگی دایەوە.
سوریالیزم کە پشت بە خستنەگەڕی نائاگایی دەبەستێت، بۆ ئەمەش تەکنیکی زۆری داهێناوە بۆ نووسین، بە تایبەتی ئۆتۆماتیکی و ڕەخساندنی ئازادسازی وێنەی زەینی.
تەکنیکە گرنگەکانی سوریالیزم:
نووسینی خۆبەخۆ (ئۆتۆماتیکی) خەیاڵداری و یادەوەریی ئازاد.
فۆکس خستنە سەر ناخودئاگا، خەون، رێککەوت و بان واقعیەت.
وێنە و میتافۆری ناباو.
گرنگیدان بە شتی ڕۆژانە.
درووستکردنی فەزای وەهمی و  شاعیرانە.
بەڵام کێشەی سەرەکی لە ئەدەبی سوریالیستیدا ڕەنگە ئەوە بێت کاتێک ئایدیا و بیرەکان نائاگایی بن بەڵام دەربڕین پشت بە وشە و دەستەواژەکان دەبەستێت ئەمانەش شتگەلێکن لە واقعدا بەشێوەیەک هەن و بوونیان هەیە کە ڕێسا و یاسامەندی خۆیان هەیە و، مانا و ئاماژەکانیان ناسراون ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنێکە کە پشت بە ئاگایی دەبەستێت، ئیتر ژانری هونەری چیرۆک و ڕۆمان بێت یان وێنەکیشان و پەیکەرسازی یان مۆسیقا بێت. ئەمەش لە خۆیدا پارادۆکسێکە. کە نائاگایی پشت بە ئاگایی ببەستێت بۆ نواندنەوە و دەرخستنی خۆی وەکوو بان واقیعەتێک.
بۆیە لە ژانری گێڕانەوەدا ئەدەبی سوریالستی پتر پشت بە وێنە و میتافۆر و ڕووداوی سەیر و گۆتیک و تارمایی و خەون و وەهم و خەیاڵات دەبەستێت تا ئەفسوونی وشە و ئاستی دەربڕین و زمان باڵایی، ئەمەش لە خۆیدا بازدانێکە لە زمانەوە بۆ ڕووداو، چوونکە دەربڕینی سەخت و قووڵ و زیاتر ڕەگی لە واقعدا هەیە، بەڵام دروستکردنی ڕووداوی نائاسایی و هێنانی وێنە و میتافۆری سەیر و سەمەرە و ترسناک و وەهمی ئەوە بیرە دەڕەخسێنن کە بان واقیع بکەوێت و بەمەش ئەدەبی سوریالستی خۆی زیاتر بەرجەستە و تۆکمە دەکات و ڕەگی قووڵ و بنەمایەکی ڕیشەدار و پتەوی دەبێت.
بە واتایەکی تر ئەدەبی سوریالیزم بە تایبەتی لە چیرۆک و ڕۆماندا هێزی خۆی پتر لە چەشنی ڕووداو و خەون و خەیاڵەوە وەردەگرێت تا زمان و کایەی زمانی و ئەفسونسازی وشە و پیاهەڵدان.
هەروەک دەشبینین لەم ڕۆمانەدا (لە دوای بوومەلەرزە)، زمان سادە و بێگرێ و گۆڵە و گێڕانەوە سادە و زمان سفت و خز و لەبەر ڕۆیشتووە، ڕووداوەکان لەسەر هێڵێکی ئاسۆیی و بەدوای یەکتردا ڕوو دەدەن، گێڕانەوە ڕێک و ئاسان و بێ پێچووپەنا و سادەیە، نەک پەسن و گوشار و ئەفسونی وشە و زمان و زاراوە داتاشین، بەڵام جۆری ڕووداوەکان و نائاساییبوونی دۆخەکە و ئەو کەشەی ڕۆمانەکە دەیخولقێنێت، تەواو سەرسامەکەر و بان واقعییە وەکوو:
فڕینی چوارچێوەی وێنەکان لە نهۆمە بەرزەکانەوە پاش شکانی شووشە و ڕووخانی هەندێ لە بەشی باڵەخانەکان.
هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئینانا و تووشبوونی بەساڵاچووان و دیارنەمانی پیرەکان لە دوای کوتان.
بارینی مرۆڤ و کەوتنی پیرەکان لە ئاسمانەوە بۆ ناو دەریاچەکە.
فڕینی پەیکەرەکان بۆ ئاسمان لەرێگای میزەڵانی هیلۆم و مانەوەیان بە ئاسمانی شارەکەوە.
هاتن و دەرکەوتنی کورتەباڵاکان و بەخشینی ڕەهەندێکی ترسناک بە دۆخ و فەزای شارەکە.
سپیبوونەوەی لاپەڕەی کتێبەکان و گۆڕینی ناوەرۆکی ڕۆمانەکان بەپێی خەیاڵ و هەستەکانی خوێنەرەکە.
هەروەها فەنتازیای بارانەکە بەسەر پەیکەرەکاندا.
کۆپیکردنی کورتەباڵاکان و بڵاوەپێکردنیان لە شارەکاندا.
خەونی پاسەکە و وڕێنە و ونبوونی پیاوەکە لە نێو دارستانەکەدا.
لە هەموویان گرنگتر بیرچوونەوەی دۆخی خێزانی نەمانی ئەو چوارچێوە فەرمییەی کە هەیە، هەموو ئەمانە کەشێکی تەواو سوریالستی و فەنتازییان لە نێو ڕۆمانەکەدا خولقاندووە.
ڕووبەرگی ڕۆمانی (دوای بوومەلەرزە) نووسینی: محەمەد قاسم زادە، وەرگێڕانی: هەردی سەیدە، چاپکراوەی ناوەندی ڕەهەند ٢٠٢٥
لە ناخودئاگاوە تا خەونی ئاگاویست
ئەم ڕۆمانە بە خەون دەست پێ دەکات، لەسەر خەون خۆی بونیاد ناوە و ڕۆ نراوە، خەونێکی سوریالی، یان سوڕەئال، کە ((گوتەوان)) گێڕەرەوە لەناو ڕۆمانەکەدا دەیبێنێت، تییدا دوای ئەوەی بوومەلەرزە هەندێ لە نهۆمی باڵەخانەکان دەڕووخێنێ و پەنجەرەکان دەشکێن و شووشەکان هاڕە دەکەن چوارچێوەی وێنەکان لە پەنجەرەکانەوە دەرباز دەبن و هاوشێوەی باڵندەی ناو قەفەز بە چواردەوردا بڵاو دەبنەوە و دەفڕن!..
دواتر ڕێک دوای ٢٩ ڕۆژ کە ڕۆژی هەینییە و (گوتەوان) ڕێک لە هەمان ئەو مەیدانەی شاردا دەبێت کە لە خەوەکەیدا بوومەلەرزە ڕووی دا، بە هەمان شێوەی خەونەکەی بوومەلەرزە ڕوو دەدات و هەندێ لە باڵەخانەکان درزیان تێدەکەوێت هەندێ نهۆم داڕووخاو دەبن و شووشەی پەنجەرکان دەشکێن و چوارچێوەی وێنەکان لە پەنجەرەکانەوە دەردەچن و وەکوو باڵندە دەفڕن.
خەون یەکێکە لە توخمە هەرە گرنگەکانی ئەدەبی سوریالیستی، خەون و گۆتیک، چوونە ناو خەو و خەیاڵ و پشتبەستن بە ناخودئاگا فەلسەفەی سوریالستەکان پێک دەهێنێت، لەم بارەوە ئاندرییە بریتۆن دەڵێت تایبەتمەندیی سوریالیزم بریتییە لە سێ تەکنیک؛ نووسینی خۆ بەخۆ، گێڕانەوە خەیاڵییەکان، ئەزموونی خەونی موگناتیسی. چوونکە لای ئەمان واقع و ئەوەی وەکوو واقع خۆ دەنونێنێت تەنها ڕووپۆشێکە و دەشێت زۆربەی ڕاستییەکان لە خەونەکانماندا دەربکەون و بیاندۆزینەوە، واقعی ڕاستەقینە دیوە پەنهان و شاردراوەکەی ئەم بوونەیە، ئێمە تەنها لە ڕێگای دۆزینەوە و پەیبردن و بە گەڕخستنی نائاگایی و پشکینی دیوە شاراوەکان دەتوانین پەی بە ڕاستی ببەین و ئەوە هەڵێنجین کە دەبێت بیزانین دەربارەی خودی مرۆڤ و دەستەڵات و ئەم کەتوارە.
بەم پێیە ئێمە لە بەگەڕخستنی نائاگایییەوە، دەگەین بە خەونێک بان واقعیەتێک کە لێرەدا بە خەونی (ئاگاویست) یان (ئاگابەخش) ناوی دەهێنین، چونکە ئەم خەونە وریایییەکی بەرزمان دەداتێ بەرانبەر ئەو واقعە ڕووپۆشکراوەی هەستیاریمان پێی هەیە و ناکۆکین لەگەڵیدا و دەمانەوێت کەشف و دۆزینەوەی تێدا ئەنجام بدەین و ئاشکرای بکەین بۆ ئەوانی تر، لە ڕێی ئەم خەونە (ئاگاییویست) و (ئاگاییبەخش)ەوە کە لە خۆیدا خەونێکی (ئاگابەرز)یشە واقعی داشاردراو و ڕاستقینە ببینین، نەک تەنها واقعی ڕووپۆشکراو، بەمەش ئێمە لە ئەدەبی سوریالستیدا گەشت بۆ دنیایەکی تر دەکەین کە لە ڕێیەوە لەم دنیایەی ئێستامان تێدەگەین بەبێ ئەوەی لێکچوونێکی هێندەی لەگەڵ واقع هەبێت وەکو ئەوەی لە ئەدەبی ڕیالیزمی جادوویدا هەیە. هەرچەندە سوریالیزم و ڕیالیزمی جادوویی هەردووکیان پشت بە خەون و خەیاڵ و تێکەڵکردنی لەگەڵ واقع دەبەستن بەلام کارکرد و شیوەی کاریان جیاوازە.
ڕیالیزمی جادوویی پەیوەستە بە سەبکێکەوە کە نووسەرانی ئەم شێوازە ڕووداوگەلێکی جادوویی یان بان واقعی دەهێنن لە ناو ڕۆمانە ڕیالستیەکانیاندا دەیگونجێنن، بەجۆرێک خوێنەر گومان لە ئەگەری بوونیان ناکات، مەبەست لەمەش تێکەڵکردنی خەیاڵ و واقعە. بەرهەمی ڕیالیزمی جادوویی خوێنەر بە درکێک دەگەیەنن کە لە جیهاندا هیچ شتێک بەدیهی و ئاشکراو ڕوون نییە و هەموو شتێ قابیلی ڕوودانە. تەیبەتمەندییە ناواقعییەکانی ئەم تەوژمە بە توندی لەژێر کاریگەریی سوریالیزمدایە، ئەم سەبکە تا بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی سەدساڵ تەنیایی گابریل گارسیا مارکیز بە زمانی ئینگلیزی لە ساڵی١٩٧٠، نەبووبوو بە دیاردەیەکی ئەدەبی نێودەوڵەتی.
جیاوازی سوریالیزم و ڕیالیزمی جادوویی:
سوریالیزم و ڕیالیزمی جادوویی هەردووکیان کەڵک لە تێکەڵکردنی خەیاڵ و واقع وەردەگرن. جیاوازی سەرەکییان لە ناوەرۆکدایە، ڕیالیزمی جادوویی دنیایەکی لێکچوو بە دنیای ڕۆژانە وێنا دەکات، بەڵام بە ڕەنگ و بۆیەکی تر. نووسەر ڕەنگە لە گۆشەنیگایەکی ناباو یان ڕووداوێکی نائاسایی کەڵک وەگرێت، بەڵام ئەو ڕووداوە ناعەقڵانییە لەناو داستانەکەدا بەشێوەیەکی ئاسایی دێتە بەرچاو.
بەڵام سوریالیزم ئێمە بۆ دنیایەکی تر دەبات. لە چیرۆکی سوریالستیدا ڕووداوێک ڕوو دەدات تەنها لە زەینی نووسەردا ئەگەری بوون و دەرخستنی هەیە. بەڵام لە ڕیالیزمی جادووییدا توخمە جادوویییەکە سەر بەو کولتوور و نەریت و مێژووەیە کە دەقەکەی تێدا دێتەبوون، بە واتایەکی تر توخمەکانی چیرۆکی جادوویی لە بیروباوەڕو نەریتە گشتی و ناوچەیییەکانی ئەو کەلچەرەدا بوونیان هەیە، هەروەها دوو بنەمای سەرەکیی سوریالیزم بریتین لە:
١ – تێکەڵکردنی توخمی نامۆ و ناپەیوەند، بەشێوەی عەقڵانی لەیەک ژینگەی ناباودا.
٢ – ئۆتۆماتیزم: یان میتۆدی ئازادیسازی وێنە و زەینی نائاگا و دەرچوو لە قەیدی چاودێری عەقڵ لە کاروکردەوەدا.
ئەم دوو بنەمایە لە چیرۆکی ڕیالیزمی جادووییدا نییە، بە واتایەکی تر ئەگەر لە چیرۆکی سوریالستیدا خوێنەر دەچێتە جیهانێکی بێگانەوە، لە ڕیالیزمی جادووییدا، واقعێکی ناباو بەرچاو دەکەوێت، بەڵام ئەو جیهانە بۆ خوێنەر زیاتر جێی باوەڕە.
بەشێوەیەکی ڕوونتر دەتوانین بڵێین سوریالیزم دنیایەکی ترمان بۆ نیشان دەدات کە هەرچەندە بە ئێمە نامۆ بێت بەڵام لەوێدا هەقیقەتی مرۆڤ و کێشەکانی زیاتر خۆ دەردەخەن، پێچەوانەی ئەم واقعەی ئێمە دەیناسین و وەکوو ڕاستی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، ئەو نیشانمان دەدات ئەم واقعە هەمووشتێ نییە، بەڵکوو دنیایەکی ژێر پەردە و شاراوە هەن ڕەنگە زیاتر لەوەی دەیزانین و لەبەرچاومانە فەرمان بەسەر ڕفتار و هەڵسوکەوت و چارەنووس و ژیانمانەوە بکەن، بێ دۆزینەوە و دەرخستنی ئەو ڕەهەندەدا شاردراوانە مەحاڵە بتوانی چارەسەرێکی دروست و ڕاستەقینە بەدەست بهێنین.
هەڵگرتنی سنوور لە نێوان خەون و واقعدا
گوتمان ئەم ڕۆمانە لەسەر خەون ڕۆنراوە بە جۆرێک خەون لەپاڵ خەون و خەون لەدوای خەون بەردەوامی بە گێڕانەوە دەدەن تا دەگاتە ئاستێک کە سنوور لە نێوان واقع و خەیاڵدا نامێنێت یان زۆر کاڵ دەبێتەوە. خەونێکی تر لە خەونەکانی ناو ئەم ڕۆمانە خەونی چوونە ناو پاسەکەیە کە بەناو بیاباندا بەبێ شۆفێر ڕێدەکات و کەسیش لە پاسەکەدا نییە بەڵام لە ناکاو کەسێک یەخەی ((گوتەوان)) دەگرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات لەسەر ئەوەی کە ژنێکی بێزار کردووە لە کاتێکدا کەس لەنێو پاسەکەدا نەبووە، – بەڵام کاتێ ئەم دەچێتە دادگا بۆ بە دواداچوونی ماڵەکەی خۆیان، ئەوان وەکوو دادوەر پێشوازی لێدەکەن و ژنێک (ئەم ژنە لێرەدا دەبێتە وێژەر) دێت سکاڵا دەکات لەسەر خەوێک کە بینویەتی گوایە لە خەوەکەیدا پیاوێک (کە هەمان ئەو پیاوەیە کە لێپرسینەوەی لەم دەکرد لەخەوەکەیدا کە ئەمیش لە هەمان پاسدا بوو) یەخەی ئەمی گرتووە و گوتوویەتی پیاوێک بێزارت دەکات –  بەڵام لە ڕاستیدا کەس ئەمی بێزار نەکردبوو بەڵکوو ئەم پیاوە کە شێوەیەکی ناشیرینی هەبوو ئەمی ترساندووە.
سەرەتا تا کۆتاییی ئەم ڕۆمانە هاتووچوونە لە نێوان خەون و واقعدا هێڵێکی تۆخ لەم نێوانەدا نابینینەوە، چوونکە سوریالیزم خۆی کاڵ کردنەوە و هەڵگرتنی ئەم سنوورەیە. تەنانەت بەهۆی نەبوونی ئەم سنوورەوە کاریگەریی ئەم خەونانەوە، پەیوەندیی نێوان کارەکتەر و کەسەکانی ناو ئەم ڕۆمانە، هەموویان پەیوەندییەکانیان تێک دەچێت کەس نازانێت ئەوەی لەگەڵی دەژی خوشکیەتی یان ژنیەتی برایەتی یان مێردیەتی، ئەوەی لەگەڵیدا ژیاوە دایکی بووە یان کێیە؟
دواتر (گوتەوان) کە خۆی کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەیە لە سەر زمانی خۆیەوە واتە کەسی یەکەمی تاک دەیگێڕێتەوە ناشزانین ناوی چییە چوونکە هیچ کەسێک ناوی ئەو ناهێنێت هەڵبەتە لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا وا دەزانین کە ئەو دادوەرە، هەرچەندە خۆی دەڵێت ئەوەندەی من بیرم بێتەوە من فەرمانبەری وەزارەتی دارایی بووم ئیتر نازانم بۆچی ئیستا بووم بە دادوەر، واتە ناو و پیشەکەی خۆیشیمان لێ دەشێوێنێت.
هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە، دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە ڕوو دەدات، (گوتەوان) گێڕەرەوە نزیکەی کاتژمێرێک ڕادەکات بەرەو باکوور تا خۆی لە بوومەلەرزەکە ڕزگار بکات، دواتر لە قەراخی پارکێکدا دەکەوێت، دواتر ژنێک کە وەک بڵێی دایکییەتی بەئاگای دەهێنێتەوە و لەگەڵ خۆی دەیباتەوە بۆ ماڵەوە ئەم ژنەکە ناناسێت بەڵام ئەو وەکوو دایکی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات، هەروەها هەر لەو ماڵە کەسێک بە ناوی خەسرەو وەکو باوک ڕفتار دەکات، کچێکی گەنجی جوانیش کە ناوی مینایە لەگەڵیدا سەرەتا وەکو خوشک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات دواتر نازانێت بەڕاستی خوشکیەتی یان ژنیەتی.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم ڕۆمانە کە دوای بوومەلەرزەکە دروست دەبێت ئەوەیە چیتر کەسەکان نازانن خێزانی ڕاستەقینە کامەیە ئەوەی لەگەڵیدا دەژی ژنیەتی یان خوشک، ئەمە هەر لای (گوتەوان) و کەسی سەرەکیی ڕۆمانەکە نا بەڵکوو بۆ مینا و  چەند خێزانی تر بەم چەشنە دەیبنینەوە کە ئەوانیش نازانن بەڕاستی ئەوەی لەگەڵیان دەژین برا یان مێردیانن!..
– دوێنێ کە بینیم (مەبەستی مینایە) خۆی و پەروانە و خەسرەویش جۆرێک ڕفتاریان دەکرد کە بەڕاستی خوشکم بێت، بەڵام ئەمڕۆ لە بەیانیەوە ڕفتاریان بە جۆرێک دەردەکەوێت، کە دەبێت ژنم بێت.! تیا ماوم بەڕاستی مینا دەبێت کامیان بێت، تاوەکو ئەو شوێنەی بیرم بێت، نە خوشکم هەبوو نە ژنم هێنابوو..!ل٢٣
-لە نەخۆشخانەکەدا (گوتەوان) گێڕەرەوە لە ژنێک دەپرسێت چی یەکترن؟ ژنەکە گوتی نازانم برامە یان مێردمە!.. ل٩٧
–  نەجیمە گوتی: دوومانگ پێش کاتێ گێتی هات، بە باشی تەماشایم کرد، زوو تێگەیشتم کچی منە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بیرم ناکەوێتەوە کچێکم هێنابێتە دنیاوە.. ل١٨٠
خۆ ئەگەر لەو ماڵە بڕۆن بچنە ماڵێکی تر ئاساییە لەگەڵ هەرکەسێکی تر بژین، هیچ لە باردۆخەکە ناگۆرێت، ئەمە بۆ (گوتەوان) ڕوو دەدات و کیشەیەکی لێ ناکەوێتەوە. ئەم دۆخە بەتەواوی دۆخێکی سوڕەئالە نەک هەر جێی سەرسوڕمانە بەڵکوو گومانمان لەسەر چاکی سیستمی خێزان بۆ درووست دەکات.
بەم پێیە سوریالیزم هەڵگەڕانەوەی ئەم واقعە و بەدەستهێنانی واقعێکی شاردراوە و گومناوە لە خودی مرۆڤدا لە ڕوانگەی سوریالیزمدا مرۆڤ هەر ئەوە نییە کە دەیڵێت و نیشانی دەدات و بۆ تۆ ڕوون ئاشکرایە، بەڵکوو مرۆڤ وێنە ڕاست و درووستەکەی دەشارێتەوە و، ئەو خاڵ و پنتانە ئارایشت دەکات کە کۆمەڵگە پەسەندی کردووە و، لە سەری راهاتووە و دەیەوێت، یان ڕاستر بڵێین ئەوەی واقعێکی ساختە و ڕووکەشگەرا دەیخوازێت. بۆ ئەمەش مرۆڤ دەبێت نائاگایی بەگەڕ بخات و خۆی ئازاد بکات تەنانەت کۆتوبەندی زمانیش تێپەڕێنێت و ورێنە بکات و وڕێنە دەتوانێ ئەوەی لە ژێر بەڕەیە بیخاتە سەربەڕە، واتە پێویست نییە ئەو شتێک بڵێت کە پێیوستە واتایان هەبێت، بەڵکوو جوان وتن و خودی جوانی و سەرسوڕماندن ئامانجە. بریتۆن لەمبارەوە دەڵێت: چ شانازییەک لەوە گەورەترە نووسەر نەزانێت زمان چییە، قسە چییە دەستووری نووسین چییە، هەلومەرجی کۆتاییهینانی قسە چییە.
دەبێت واتا تێپەڕێنین بۆ بان واتا، کە لەوێدا دەشێت واتای نوێ و دەرفەتی نوێ بۆ تێگەیشتن لە خودی ژیان و مرۆڤ و شتەکان بڕەخسێت. بە بۆچوونی بریتۆن زەحمەتە جیهانی خەون و خەیاڵ بە زمانی باو بێتە دەربڕین و نیشاندان، چونکە دەبێت مانای چاوەڕواننەکراو لە وشەکان دەربهێنرێت. هەر بۆیە سوریالستەکان پەنا بۆ ڕووداو و وێنەی سەیرو خەون و نائاگایی دەبەن وەکو جێگرەی زمان یان لانیکەم پاڵپشتیکردن و شاندانە بەر مانا و مەغزای جیاواز. ئەمەش لە ڕێگەی دروستکردنی جیهانی خەون و خەیاڵەوە تا ئاستێک کە لە نێوان خەیاڵ و واقعدا مەگەر سنوورێکی وەهمی هەبێت ئەگەرنا سنوورەکان بەڕاستی دەسڕێنەوە.
لێرەوە بەتەواوی ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە ئەدەبی سوریالستی پشت بە گوتن نابەستێ بەڵکوو پشت بە قەوماندنی ڕووداوەکان و سەرسوڕمان و دۆخی ترس و گۆتیک و شتگەلی ناخودئاگا دەبەستێت.
فەنتازیای ڕووداوەکان و ئاماژە و ڕەهەندە سیاسییەکانی
ئەدەبیات یان هەموو شتیکە یان هیچ شتێک. (جۆرج باتای)
بێگومان یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سوریالستەکان دژایەتی فاشیزم و جەنگ و نەریتە دێرینەکان و هاوکات بەها بۆرژوازییەکان بوو، هەروەها ئەوان مەیلیان بەلای چەپی سیاسیدا هەبوو بەتایبەتی مارکسیزم، بۆیە بەشداری زۆر لە ناڕەزایەتییەکانیان دەکرد و هەمیشە هەڵوێستی تایبەتی خۆیان هەبوو، بەتایبەتی ئاندرێ بریتۆن و پۆل ئیلوار و گیوم ئاپلۆنەر، کەواتە نەک شتێکی ئاسایییە لە ئەدەبی سوریالستیدا کاردانەوە و ڕەهەندی سیاسی خاڵیکی بەهێز بێت بەڵکوو لە ئەدەبی سوریالیستیدا ئەوە دەبێت کارێکی حەتمی بێت. هەرچەندە خاڵی ناکۆک و جیاوازی قووڵ هەبوو لە نێوان سوریالیستەکان و مارکسیزمدا، لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە پەیوەندیی سروشت و مرۆڤ کارە، لە ڕوانگەی بریتۆنەوە ئەم پەیوەندییە لە سەرسوڕمان و عەشق پێکهاتووە، لە ڕوانگەی مارکسەوە ئەندێشە کاتێک دەتوانێت ئازاد بێت کە کۆمەڵگەیەکی بێ چین درووست بووبێت، لای بریتۆن کە لە بەیاننامەی ١٩٢٤دا دەریبڕیوە ئەندێشە لە سایەی خەیاڵدا دەتوانێت زۆربەی زنجیرەکان بچڕێنێت.
لەم ڕۆمانەشدا نەک کاردانەوە و کاری سیاسی ڕەنگی داوەتەوە، بەڵکوو دەتوانین لە ناونیشان و سەرەتای دێڕەکانی دەستپێکی ئەم ڕۆمانەوە هەست بە ڕەخنە و قووڵ و ئاستەنگ و کێشەکانی دنیای ئەمڕۆی سیاسەت و دەستەڵاتدارانی سیاسی بکەین، ئەمە لە کاتێکدا لەم ڕۆمانەدا نە حیزب و ڕێکخراو و بەیاننامە و نە کاری ژێربەژێر نە دەستەواژەی سیاسی و نە خەڵکی چەک بەدەست و نه چیرۆکی سەربازگەلێک و نە هێزی سوپا لەئارادان، بەڵکوو تەنها لەڕێگای ئەو فەزا خنکاو و ڕووداوە سەیر و سەمەرانەی باسمان کردن. دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە بە تەواوی ڕۆمانێکی سیاسییە و خەریکی ڕەخنەکەردنی ئەو فەزا سیاسییە کە لەئارادایە بەتایبەتی لە وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.
بۆ نموونە ڕووداوی بوومەلەرزە دەتوانین ئەو واتایەی لێ بخوێنینەوە کە هەژانی وڵاتێکە کە پڕە لە ترس و نادڵنیایی و فەزایەکی داگیرکراو و داخراو، فڕینی چوارچێوەی وێنەکانیش کە وەکوو گێڕەرەوە دەڵێت وەکوو پۆلێک باڵندەی ئازادکراوی ناو قەفەز بڵاو ببوونەوە، فڕینی رۆحی ئەو شەهیدانە بێت کە وێنەکانیشیان لە چوارچێوەی ڕەنگە بڵێم شاراوەشدا گیری خواردووە.
خۆ ئەگەر کەمێک سەرنج بخەینە سەر ئەو ڕووداوە ناواقعیانەی لەم ڕۆمانەدا هەن دەتوانین زۆر ڕاستی و دۆخی سیاسی لێ بخوێنینەوە و شتگەلی ون و شاراوەی تێدا کەشف بکەین، بۆ نموونە فڕینی پەیکەرەکان کە بە میزەڵان بەرز بوونەتەوە بۆ ئاسمان دواتر فش دەبنەوە و دەکەونە خوار و تێک دەشکێن، پێمان دەڵێت ئەوانەی بە فووتێکردن بەرز دەبنەوە دەبێت کەوتنەخوارەوەشیان بە چاوی خۆمان ببینین. چوونکە ئەوان پێگەیەکی درۆینەیان هەیە و دنیای ئەوان فشەڵە و لە بناغەوە پشتی بە ستەم و سەرکوت و زۆرداری بەستووە، هەر پێگەیەکی وەهاش لە هەر کاتێکدا ڕووبەڕووبوونەوە بە ڕوویدا ئەگەرێکی کراوەیە و هەڵتەکاندن و تیاچوونی حەتمییە.
هاتن و دەرکەوتنی کورتەباڵاکان و درووستکردنی هەستی نامۆیی لای خەڵک و  بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ تا گرتنی خەڵک و گەمارۆدانی فەزای شارەکە و جومگەکانی دەستەڵات، دەتوانین ئەو ڕەهەندە سیاسییەی لێ بخوێنینەوە، کە دەستەڵات لە ئێراندا نامۆ بووە بە خەڵک و ترس و سەرکوتکاری و بەرهەم هێناوە لە پیناوی مانەوەی خۆیدا، ڕەوایەتی ئەمەش لەو شتانەوە وەردەگرێت کە پەیوەندییان بە خواست و ویست و پێویستی خەڵکەکەیەوە نییە، هەر دەستەڵاتیکیش گەیشت بەم دۆخە بەرەو بچووکبوونەوە و کورتەباڵایی و قەزەم بوون و جیابوونەوەی لە خەڵک و هەنگاونان بەرەو فەنابوون و سڕینەوەی خۆی دەنێت. بە واتایەکی تر دەستەڵات لە خۆیدا هەیبەت و سەروەری و هێزە، قەوارەی نەتەوە و نیشتمانێکە بەڵام کە دەکەوێتە دەست کەسانی ناشایستە و بەرژەوەندخواز و ئایدۆلۆژی و دەروون نەخۆش، ئەو کاتە کورتەباڵا و قەزەم و نامۆکان هێما و ڕەمزەکانی ئەو دەستەڵاتەن و، دەستەڵات لە ڕێڕەوی خۆی لا دەدات دەگۆرێت بۆ نادادی و شپرزەیی و تێکچوونی بارودۆخ و پچڕانی شیرازەی وڵات و بڵاوبوونەوەی ترس و نائارامی، کە ئەم دۆخە بەتەواوی لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگ دەداتەوە.
هەروەها کاتێ (گوتەوان) کە کەسی یەکەم و کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەیشە بۆ بەدواداچوونی ماڵە کۆنەکەیان تا بزانێت ئێستا بە دەستی کێوەیە، دەچێت بۆ دادگا بەڵام ئەوان بە جەنابی دادوەر پیشوازی لێ دەکەن و پێی ڕادەگەیەنن کە ئەمڕۆ زۆر قەرەباڵغە و دەکەس چاوەڕوانی ئەو دەکەن تا بە دۆسییەکانیان ڕابگات بۆ چارەسەری کێشەکانیان، دواتر پێمان دەڵێت بەڵام ئەوەندەی لەبیرم بێت کارمەندی دارایی بووم ئێستا چۆن بووم بە دادەوەر. ل١٧٤
ئەمەش ئەوە دەردەخات و ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، لەم وڵاتانەدا کەس لە شوێنی خۆیدا نییە، لە سەردەمی ئەفلاتونەوە تا ئێستاش لە فەلسەفەی سیاسیدا خاڵێكی گرنگ کە بەهێزەوە جەختی لێ دەکرێتەوە لە سیستمە سیاسییەکاندا، ئەوەیە کە دەبێت کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا بێت، واتە هەرکەسێک بەپێی پسپۆڕی خۆی کار بکات و شوێنی هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە گرفتێکی گەورەیە لە سیستمە سیاسییەکانی ئەم وڵاتانەدا، چوونکە کەس لە شوێنی خۆیدا نییە وڵات بە مەزاجی کەسی و بەرژەوەندیی کەسیی تایبەتی کۆمەڵە خەڵکێک و بنەماڵەیەکی تایبەتی بەڕێوە دەچێت، وڵات نوقمە لە گەندەڵی بە تایبەتی کە دۆخی دادگاکان بەو چەشنە بێت کە ئەم ڕۆمانە ئاماژەی پێ دەکات، ئەم ئاماژەیە زۆر ترسناکە لای ئەوانەی خەمی وڵات و نیشتمان و هاووڵاتییان و میللەت و گەلی خۆیان هەیە، چوونکە دادگا هەستیارترین دەزگای حوکومەتەکەیە، وەختێک دادگا کارەکانی و کەسەکانی لە شوێنی خۆیاندا نەبن ئیتر وڵات وێرانەیە و بەپێی بەرژەوەندیی کۆمەڵێک لە مافیا و دەستڕۆیشتوو و لە رێگەی زەبروزەنگەوە بەڕێوە دەچێت.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی:
لەم نووسینەدا هەردوو وشەی ((وێژەر)) و ((گوتەوان))م بە واتای گێڕەرەوە بەکار هێناوە. وێژەر گێڕەرەوەی لاوەکی ناو هەر ڕۆمانێکە، چوونکە دەشێت لە هەر ڕۆمانێکدا چەندین گێڕەرەوەمان هەبێت، بە جۆرێک هەر کارەکتەرێک چیرۆکی کورتی خۆی هەبێت کە بیگێڕێتەوە.
بەڵام گوتەوان گێڕەرەوەی سەرەکیی ناو ڕۆمان یان هەر چیرۆک و داستانێکە، وێژەر، قسەکەرێکی ئەدەبییە یان قسەکەرێک کە قسەکانی دواجار دەبێت بە ئەدەب و لە کایەی ئەدەبدایە، واتە ئەدیبێکە لە ناو دەقدا.
من (وێژەر)م  لە (وێژە)وە وەرگرتووە و هێناومە، وێژە – ئەدەب، وێژەیی- ئەدەبی، هەرچەندە کاک د. هیوا شەمس بۆی نووسیبووم لە فەرهەنگەکاندا بۆ ئەدیب بەکار هاتووە، بەڵام لە ڕاستیدا من نەمبینیوە و وشەکەم لە کەس وەرنەگرتووە، بۆ ئەم واتایەش (گێڕەرەوەی لاوەکی) تەواو بە دروستی دەزانم.
وشەی گوتەوانیش لە چاوگی گوتن’ەوە هێناوەو قەدەکەیم وەرگرتووە و گەردانم کردووە و بووە بە گوتەوان و ئەم ناوەم لێ ئەفراندووە واتە (چاوگ: گوتن، قەد: گوت + پاشگری ە + وان = گوتەوان) ، وەکو چۆن ئاشەوانمان هەیە ئاش دەگێڕێ، ئەمیش کارگێڕی گوتەیە و گوتە دەگێڕێت و ڕستە درووست دەکات، لەزمانی کوردیدا ئاش – ئاشەوان، یان شاخ –  شاخەوان، دار- دارەوان، هەروەها پاڵ – پاڵەوان، مەلە – مەلەوان باخ – باخەوان هتد، ئەم وشەیەشم بۆیە لا درووستترە کە کاری گوتن ڕێک دەخات، وەکوو دەزانین گێڕەرەوەی سەرەکی لە ڕۆمان و چیرۆکەکاندا بەردەوام دەڵێت، گوتی، گوتبووی، دەیگوت، کوڕەکە گوتی کچەکە گوتی دایکی گوتی باوکی گوتی .. مەبەستم ئەوەیە گێڕەرەوەی سەرەکی ئەم گوتیانە بەڕێوە دەبات و ڕێکیان دەخات، کەواتە لە جیاتی وشەی گێڕەرەوە کە وشەیەکی گرێدار و ڕەکیکە لەسەر زمان، هەروەها تەرجەمەی حەرفی ڕاوی عەرەبییە و زۆر نەگونجاوە.
بە بڕوای من بۆ هەر وشەیەکیش تۆ بێیت و وشە و چرای زمانێکی ترەوە بەناو زمانەکەی خۆتدا بگەڕێیت بۆ مانا ئەو کاتە تۆ زمانەکەی خۆت بۆژۆ دەکەیت و هەڵیدەشێلیت، خۆ ئەگەر دواجار لەبەر ئاوێنەی ئەو زمانەی تردا وشەیەک بهینیت کە کتومت واتای وشەی بەرانبەر بدات، ئەوە هەموو کاتێ درووست دەرنایەت بەڵکوو لۆژیکی زمانەوانی پێمان دەڵێت تۆ دەبێت لە ڕوانگەی باوەڕ و دابونەریت و کولتوورەکەی خۆتەوە بەدوای وشە و مانای گونجاودا بگەڕێیت، نەک وشە بێگانەکە بکەیتە سەرچەشن و بەهۆی مانای ئەو وشە بێگانەوە و لەبەر ماناکەی ئەودا مانا لە زمانەکەی خۆتدا بدۆزیتەوە. لەم ڕوانگەوە من ئەم دوو وشەیەم بە گونجاو زانیوە و پڕواپڕ ئەو واتایەش دەدات و هیچ پەیوەندییەکیشی بە وشە عەرەبییەکەوە نییە. کە ڕاوییە.
پەراوێزەکان :
سەرچاوەکان :
١ – دوای بوومەلەرزە، ڕۆمان، محەممد قاسمزادە، و. هەردی سەیدە، چاپکراوی ناوەندی ڕەهەند، چاپی یەکەم ٢٠٢٥
٢ – مکتبهای ادبی، جلد دوم رضا سید حسینی، چاپ چهاردهم ١٣٨٧
٣ – جنبشهای ادبی، ایرا مارک میلین، مترجم معمد تقی فرامرزی- جلد ٣
٤ – سرگذشت سورئالیسم، گفتوگۆ با آندرەبرتون، ترجمە عبداللە کوثری
٥ – بنەما تیۆرییەکانی شیعری ئاڵۆز تا ئەتمۆسفێری شیعری سادە، نەبەز محەمەد
ئینتەرنێت:
١ – معرفی سورئالیسم در ادبیات
https://bookland.ir › blog › World-Literature
٢ – سورئالیسم دنیای دیوانگان
https://www.iranketab.ir › blog › surrealism
[i] جیرارد لێگراند (1927-1999) شاعیر و فەیلەسوف و وتارنووس و ڕەخنەگری فیلمی فەڕەنسی بوو. لە کانوونی یەکەمی 1948 چاوی بە ئاندرێ برێتۆن کەوت و بوو بە یەکێک لە نزیکترین هاوکارەکانی و لە گۆڤارەکانی سوریالیستی Medium (1954-1955) و Le Surréalisme, même (1957-1959) کاری کرد.
[ii] •           فێردناند ئالکیە ( Ferdinand Alque ) فەیلەسەوفی فەڕەنسی ١٩٠٦ – ١٩٨٥ ، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی مون پلیە و مامۆستای مێژووی فەلسەفەی مۆدێڕن لە زانکۆی سۆربۆن بوو، لەساڵی ١٩٥٥ دا کتێبێکی بەناوی فەلسەفەی سوریالیسم بڵاو کردووەتەوە.
The post سوریالیزم و بازدان لە دەقی ئەدەبیدا، لە زمانەوە بۆ ڕووداو  appeared first on ژنەفتن.
ڕۆشنبیری جاگلەر لە حەڤدەی شوباتەوە بۆ ئەزموونی ڕۆژاڤا
لە ساڵی (2015)دا‌ لەژێر ناونیشانی (زۆرایەتی و جاگلەر: هەوڵێک بۆ لێکدانەوەی سێکوچکەی ڕۆشنبیر، دەستەڵات و زۆرایەتی لە دوای ڕاپەڕینەوە)دا سیمینارێکم چ له‌ سوێد و چ له‌ دانمارک پێشکه‌ش کرد، کە تێیدا ئەوەم خستە ڕوو چۆن ڕۆشنبیری جەماوەری لە هەمان دیدگەی جەماوەرەوە دەڕوانێت و بە هەمان زمانی جەماوەریش لەبارەی ڕووداوەکانەوە دەدوێت. ئەو سیمینارەم کردە وتارێک، کە سەرەتا لە (دەنگەکان) و دوای شەش ساڵیش لە (ژنەفتن)دا بڵاو کرایەوە.(1) وام بە چاک زانی لەوەی (ژنەفتن)دا هەندێک پەراوێز بنووسم، کە پێوەندییان بە دۆخی ئەو ماوەیەوە هەبوو.  لێرەدا هەوڵ دەدەم هێڵە گشتییەکانی ئەم گوتارەم بخەمەوە ڕوو، تا لێرە و لەوێیش بۆچوونم لەبارەی واقیعی ئەمڕۆی کوردستانەوە ڕابگەیەنم، هاوکات تێگەیشتنی ئەو ڕۆشنبیرانە زیاتر بدەمە بەر ڕەخنە.
جاگله‌ر (Juggler) ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه‌‌، که‌ یاریی جاگلینگ (Juggling) ده‌کات. ده‌توانێت له‌ یه‌ک کاتدا و زۆر به‌ خێرایی چه‌ند شتێک هه‌ڵبدات، تا هه‌ر جارێ یه‌کێکیان بگرێته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ئه‌و ده‌گرێته‌وه‌. ئیتر به‌م شێوه‌یه‌! جاگله‌ر به‌ سیستەمێکی نه‌گۆڕ کار ده‌کات.‌ هه‌ر گۆڕانێک به‌سه‌ر سیستەمه‌که‌یدا بێت، یارییه‌که‌ی تێک ده‌چێت و ڕۆڵه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت. لای بینه‌ری جاگلینگ ئه‌و ماتێریه‌ڵه‌ هێنده‌ گرنگ نییه‌، که‌ جاگله‌ر به‌ کاری ده‌هێنێت، به‌ڵکوو لێره‌دا ژماره‌ و خێرایی بایه‌خی زیاتریان هه‌یه‌. واته‌ تاکوو ژماره‌ی ئه‌و مەتێریه‌ڵانه‌‌ی هه‌ڵیانده‌دات، زۆرتر بێت و خێراتر جێگۆڕکێیان پێ بکات، یارییه‌که‌ چاکتر سه‌رنج ڕاده‌کێشێت و زیاتر درێژه‌ ده‌کێشێت. جاگله‌ر خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا مرۆڤێکی یاخییه‌ و له‌ ڕێی هونه‌ره‌که‌یه‌وه‌ جۆرێک له‌ تراجیدیا نمایش ده‌کات، کە ئاستی زانراو تێدەپەڕێنێت و لە نەزانراودا هەڵدەسووڕێت. هەندێجار ئەو شتانەی هەڵیاندەدات و دەیانگرێتەوە، جێگەی مەترسین، وەک چەقۆ و شتی نووکتیژ، به‌ڵام کاتێ ڕۆشنبیر ده‌یه‌وێت هه‌مان ڕۆڵی ئه‌و له‌ زماندا ببینێت، پرۆسێسه‌که‌ بۆ کۆمیدیا ده‌گۆڕێت. به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر بوونه‌وه‌رێکی په‌سه‌ندکراوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌. نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌و‌ نۆرم و به‌هایانه‌ ناگرێت‌، که‌ خه‌ڵک به‌ پیرۆزیان ده‌زانن، به‌ڵکوو ده‌یشیانپارێزێت. پەنا بۆ توخمی ڕازاندنەوە (flowery)، دەبات، کە هیی سەدەی حەڤدەمە و دراوەتە بەر ڕەخنەی توند. ئەوانە بەردەوام و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدەن چینی دیکە بخەنە سەر ئەو بابەتانەی، وا خەڵک بە پیرۆزیان دەزانن و بەرگرییان لێ دەکەن. پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌ربکه‌وێت و به‌ زمانی میللی بدوێت. به‌ پێوه‌ری ویژدان ڕووداوه‌کان هه‌ڵبسه‌نگێنێت، چی باشه‌ و چی خراپ؟ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌ی نێوان ده‌سته‌ڵات و ڕۆشنبیری هێنده‌ ساده‌ کردووه‌‌ته‌وه‌، که‌ ده‌یه‌وێت بڵێت ڕۆشنبیر ئه‌وه‌یه‌ زۆر له‌ مێدیاکاندا ده‌رده‌که‌وێت، پشتی زۆرایه‌تییه‌‌ک ده‌گرێت و دژی زۆرایه‌تییه‌‌کی دی ده‌وه‌ستێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئایدیای نوێ بناسێنێت، یان شێوازێکی دیکه‌ی بیرکردنه‌وه‌ دابهێنێت‌. به‌کورتی نه‌ توانا و نه‌ ئاره‌زووی تێپه‌ڕاندنی هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ ئاستی زمانی خه‌ڵکدا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ شێوازێک ده‌نووسێت، که‌ جیاوازی دروست نه‌کات.
ئێمە ئەمڕۆ لە بەردەم ئەزموونی ڕۆژاڤاداین و ئاوڕێک بۆ حەڤدەی شوبات دەدەینەوە، کە پێشانی داین ئەو ڕۆشنبیرە جەماوەرییانەی لە ڕاپەڕینەوە بانگەشەیان دەکرد، گۆیە خاوەنی پڕۆژەی هزریی ڕەخنەیین، تا چ ئەندازەیەک پێبەندی تێگەیشتنی جەماوەرن و چۆن هەموو سەرمایەکەیان بریتییە لە هاوار. ئەوانە لەگەڵ بانگخوازی ئیخوانیدا ڕێک کەوتن، بگرە کەوتنە ژێر کاریگەریی ئیخوانیزمەوە و هەمان تێگەیشتنی ئەوانیان ڕازاندەوە. گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکی پۆپیۆلیستی، کە ئیخوانیزم هەڵیسووڕاندووە، بووە پاڵپشتی ئەو جاگلەرانە و لە ڕێی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ڕەواجی بە بەرهەمەکانیان دەدا، کە بریتی بوون لە درووشم، هوتاف، بانگ و نوێژی بەکۆمەڵی سیاسی. نەیزیزم لە ئەڵمانیادا وەک بزووتنەوەیەکی پۆپیۆلیستی لە تووڕەییی نەتەوەپەرست و کۆنزەرڤاتیڤەکانەوە دروست بوو. دەستگەی پڕوپاگەندەی نەیزیزم تێکڕای کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکانی بۆ پەیمانی ڤێرسای (Treaty of Versailles)  دەگەڕاندەوە، کە جوو و چەپی بە هەموو باڵەکانیەوە بە هۆکاری ئەو مەینەتییانە دەزانی. گۆڕان لە ڕێی هەندێک چەمکی وەک (گەندەڵی)، (برسێتی)، (بێکاری) و هیی دیکەی لەم شێوەیەوە هەوڵی دەدا جەماوەر کۆ بکاتەوە، تا بەگژ بەها زیندووەکانی کۆمەڵگەیاندا ببات. هاوکات ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەوەی ڕادەگەیاند، کە ئەگەر بۆ حوکمی ئایینی بگەڕێینەوە، ئەوە لەو مەینەتییانە ڕزگار دەبین. ئەو چەمکانە تەنیا چەند مەتێریەڵێک بوون بۆ هەڵدان و گرتنەوە (جاگلینگ)، دەنا ئەو بزووتنەوەیە پێچەوانەی ئەزموونی ڕۆژاڤا، هیچ بەرنامەیەکی نوێی لەم ڕووەوە نەدەخستە ڕوو، بگرە ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرد، نەدەگەیشتە ئەوەی پارتی و یەکێتییش پێی گەیشتبوون. بە پاڵپشتی ڕۆشنبیرە جاگلەرەکان ڕەواجی بە هزری کۆنەپەرستی و چەقبەستوو دەدا. هەندێکیان هەر خێرا و لەگەڵ دامرکاندنەوەی شەقام، بۆ باوەشی ئەو حزبانە گەڕانەوە، کە بە جەماوەریان دەگوت مژدە وا دەڕووخێن. لە سەردەمی گۆڕاندا سلێمانی تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ڕەنگەی لە دەست دا، کە بە درێژاییی مێژووی بەعس پاراستبووی، بەڵام ئەوەتە لەگەڵ ئەزموونی ڕۆژاڤادا جارێکی دیکە دەرکەوتووەتەوە.
هەندێک ڕۆشنبیری جاگلەر لەم دۆخەی بە هۆی ئەزموونی ڕۆژاڤاوە هاتووەتە پێشەوە، دەیانەوێت جارێکی دی جاگلینگ بکەن، بەو مانایەی ئەو شتانە هەڵدەدەن و دەگرنەوە، کە زۆرایەتیی ئەمڕۆ ئارەزووی لێیانە. بە هەمان زمانی خەڵک دەنووسن و گوتەی ڕەونەقدار بە گوێی ئەو جەماوەرەدا دەدەن، کە ئەگەر لەسەر هەر یەکێکیاندا بوەستیت، لە ڕووکەشی پتر نادۆزیتەوە. پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی ئەو ڕۆشنبیرانە بگەڕێینەوە، بە ئاماژەیش ئەم دۆخە نوێیە دەبینین، یان وەک گوترا بەرگرییان لەو تێگەیشتنە کردووە، کە ئیخوانیزم لە ڕاپەڕینەوە هەوڵی دەدا بەسەر کۆمەڵگەمانیدا بسەپێنێت؟ ئایا ئەوانەی ئەمڕۆ کەزیی ژن بە سیمبۆڵی ئازادی دادەنێن، لە حەڤدەی شوباتدا هەوڵیان نەدەدا ئەو کەزییە بە سەرپۆشی کوردییش نا، بەڵکوو بە هیی خەلیجی دابپۆشن؟ ئەرێ نەیاندەویست بەرەیەک لەو ئیسلامییانە پێک بهێنن، کە دژایەتیی نەورۆز و ئەی ڕەقیبیان کردووە، بگرە ژنیان بە زەعیفە ناساندووە و خەونیان بەوە بینیوە لە ماڵدا، دروستتر لە ناندیندا بەندیان بکەن؟ ئەگەر بۆ ڕۆمان و شیعری ئەو نووسەرانە بگەڕێینەوە، چەند کارەکتەری ژنی ئازاد دەبینین وێنەی ئەوانەی ڕۆژاڤا ڕووبەڕووی ستەم ببنەوە؟ ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی مەڵبەندی ململانێی ئازادیی پرچ و داپۆشینیەتی. ئایا ئەو ڕۆماننووسانە دەتوانن لە ڕۆمانەکانیاندا نموونەیەکمان بۆ بهێننەوە، کە پێشانی بدات ڕوانینێکی جیاواز لە هیی جەماوەریان بۆ ئەو چەمکە هەبووە. ئەرێ دوو ساڵ لەمەوبەر بەرگی پەڕتووکێکیان بە وێنەی ژنێکی باڵاپۆش نەنەخشاند وەک لە پەڕتووکی (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی)دا لێوەی دواوم؟(2) ئایا ئەو ڕۆشنبیرانە ئەمڕۆ باسی پرچی ژنیان دەکرد، ئەگەر جەماوەر خۆی پێی نەگەیشتایە؟
دیارە لێرەدا نامەوێت ڕوانین و هەڵوێستی هەموویان پێکەوە بخوێنمەوە، کە هەندێکیان لەم یەک دوو ساڵەی ڕابوردوودا کەموزۆر گۆڕانکارییان لە خۆیاندا کردووە، بەڵام ئایا ناکرێت ئەوانە ڕابوردووی خۆیان بدەنە بەر ڕەخنە و ڕایبگەیەنن، کە ڕوانینیان لە هیی بانگخوازی ئیخوانی و سیاسەتبازی ڕووکەش جودا نەدەکرایەوە؟ هەروەها کاتێ باسی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەکەم، مەبەستم لە هەموو هەڵسووڕاوانی نییە، کە دواتر هەندێکیان بوێریی ئەوەیان نواند ڕەخنە لە خۆیان بگرن و جێی بهێڵن.
موسوڵمانی ئاسایی، ئەوانەی وەک ئەو ڕۆشنبیرانە نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئیخوانیزم و گوێیان بەو تۆقاندنە نەداوە، کە بەسەر کۆمەڵگەیاندا سەپاندووە، لە مزگەوتەکاندا ڕاپەڕین و ئەو کارەکتەرانەیان داگرتە خوارێ، کە چەند ساڵە بە هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگلەر پەلاماری دەنگی ئازاد دەدەن. هەندێک لەو مەلایانەی، کە ئیخوانیزم نەیکردوونەتە بەشێک لە پڕۆژە سیاسییەکەیان، بەر لەو ڕۆشنبیرانە درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی)یان گوتەوە و پشتگیریی خۆیان بۆ خەباتی ژنان دەربڕیی. ئیخوانییەکان لە حەڤدەی شوباتدا گەیشتنە ئەوەی هەموو شتەکانی خۆیان بە پیرۆز دابنێن و هەر کەسێک بە لادەر بزانن، ئەگەر ڕەخنەیان لێ بگرێت، تەنانەت کەناڵی جەزیرە و تاقمەکەی، کە ئەمڕۆ بە ئاشکرا بانگەواز بۆ قڕکردنی کورد دەکەن، خرانە سەرووی ڕەخنەوە. ئەو ڕۆشنبیرانە ئەگەر تا ئەم ڕادەیە دوای ڕووداو کەوتوون و هێشتا تێگەیشتنیان نەگەیشتووەتە ئاستی جەماوەریش، ئەو پڕۆژانە چین، کە دایانمەزراندوون؟ ئەرێ هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە لەو جەماوەرە دانەبڕێن و لە ڕێی جاگلینگەوە پێیان بڵێن ئێمە هەین؟
لەو گوتارەمدا نووسیومە: به‌گشتی کۆمه‌ڵگه‌کان به‌ر دوو جۆر ڕۆشنبیر ده‌که‌ون: یه‌که‌میان، ڕۆشنبیرێکی ساده‌یه‌ و هه‌مان ڕوانینی خه‌ڵکی بۆ چه‌مکه‌‌کان هه‌یه‌. به‌ مانایه‌کی دی‌ ئاستی جه‌ماوه‌ر تێناپه‌ڕێنێت، بۆیه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی نییه‌ و ده‌بێته‌ به‌شێک له‌و زۆرایه‌تییه‌‌. ژماره‌یان زۆره‌ و له‌ هه‌موو شوێنێکدا دەبینرێن. هه‌میشه‌ لایه‌نه‌گری شتێک و دژی شتێکی دیکه‌ن‌. زووزوو ده‌رده‌که‌ون و ناسراون، به‌ڵام هیچ کاریگه‌رییه‌کیان نییه‌. پێوه‌ندیی سه‌ره‌کییان به‌ ڕووداوی ڕۆژانه‌وه‌ هه‌یه‌ و که‌متر به‌ لای شته‌ شاراوه‌کاندا ده‌چن. به‌شێکیان ده‌رچووی‌ زانکۆکان و به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان ئه‌ماچه‌رن‌، واته‌ ئاره‌زوویان لێیه‌ ئه‌رکی ڕۆشنبیر ببینن. لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌ بڵێین، که‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ساده‌ نییه‌، ده‌رچووی زانکۆیه‌، به‌ڵام به‌ گشتی زانکۆکان ڕۆشنبیری ڕووکه‌ش به‌رهه‌م ده‌هێنن. کاتێکیش هه‌ندێک ڕۆشنبیری ده‌رچووی زانکۆ ئه‌م ئاسته ساده‌یه‌‌ تێده‌په‌ڕێنن،‌ ئه‌و تێپه‌ڕاندنه‌ به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی خۆیانه‌.
دووه‌میان، ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەدۆزه‌. نه‌ دژه‌ و نه‌ دۆسته‌، به‌ڵکوو که‌سێکی ڕاڤه‌کاره‌‌. له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ ئه‌رکی ڕه‌خنه‌ تێپه‌ڕاندن و کردنه‌وه‌ی که‌ناڵی نوێیه‌ له‌ هه‌ر بابه‌تێکدا، که‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌‌. به‌وه‌دا سه‌رقاڵی پڕۆژه‌ی فکرییه‌، که‌م ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌رکه‌وتنێکیدا ئایدیای نوێ ده‌هێنێت و پرسیاری دڵڕه‌قانه‌ ده‌ورووژێنێت. زمانێکی ئاسانی نییه‌، چونکه‌ ئاستی تێگه‌یشتنی جه‌ماوه‌ری تێپه‌ڕاندووه‌. ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی‌ خۆشیان ناوێت‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویشه‌ کاریگه‌ریی هه‌یه‌.
کاتێ ڕۆشنبیر له‌سه‌ر شێوازی تایبه‌تی خۆی و به‌  مێتۆدی ڕه‌خنه‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، نایه‌وێت به‌ هیچ تێگه‌یشتن و پێناسه‌یه‌کی پێشتر و هیی هاوکاتی خۆی ڕازی ببێت، به‌ڵکوو تێگه‌یشتنی دیکە، پێناسه‌ی نوێ و سه‌ربه‌خۆ داده‌هێنێت.
هەر لەوێدا نووسیومە:
گرنگه‌ ئێمه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و شۆکه‌ بگرین، که‌ زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی دوێنێ به‌ گه‌وره‌مان ده‌زانین، جاگله‌ر ده‌رچوون و ئه‌مڕۆ هیچ پڕۆژه‌یه‌کی فکریی ڕه‌خنەیییان نییه‌. پێم وایه‌ ته‌نیا شۆکێکی له‌م شێوه‌یه‌‌ ده‌توانێت وامان لێ بکات نه‌ک هه‌ر ئاستی ئه‌م ڕۆشنبیره‌، به‌ڵکوو ئه‌و دۆخه‌ی ئێستایش تێبپه‌ڕێنین… ئه‌وه‌ی زۆرایه‌تی‌ ده‌جووڵێنێت و گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هێنێت، ئاڕاسته‌ی جیاواز و پێچه‌وانه‌یه‌. داعش، که‌ هێزێکی نه‌خوازراوه‌، کاتێ به‌ر ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ده‌که‌وێت، به‌ توندی به‌ لاوه‌ ده‌نرێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویشه‌ ده‌یهه‌ژێنێت. قورس نییه‌ به‌رهه‌می ئه‌و هه‌ژانه‌ ئه‌گه‌ر که‌میش بێت، ببینین، که‌ ئه‌مه‌ پێمان ده‌ڵێت ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ته‌نیا به‌ ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ ده‌ورووژێت و ده‌گۆڕێت، نه‌وه‌ک به‌و فکرانه‌ی دڵنه‌واییی ده‌ده‌نه‌وه، که‌ هێشتا ڕۆشنبیری ئێمه‌ ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ی نه‌گرتووه‌‌. خۆ ئه‌وانه‌ی ویستوویشیانه‌ به‌  مێتۆدی ڕه‌خنه‌ ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌‌، تاکوو ئه‌مڕۆ ژماره‌یان که‌مه‌ و هه‌وڵه‌کانیان سه‌ره‌تایین.
یه‌کێ له‌و خاڵانه‌ی هه‌ر ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەدۆز، که‌ خواستی تێپه‌ڕاندنی مۆدێلی ڕۆشنبیری جاگله‌ری هه‌یه‌، لێیان تێده‌گات، ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌رکی ڕۆشنبیر ئه‌رکێکی قورسه‌ و بیرکردنه‌وه‌ پرۆسێسێکی سه‌خته‌. هه‌میشه‌ کاری ده‌سته‌ڵات چ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی، چ ده‌سته‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ شێوه‌ی خێزان، فێرگە‌، په‌رستگه‌ و ئه‌وانه‌ی دی ئاسانه‌، به‌وه‌ی ئه‌وان نه‌ک مه‌به‌ستیان نییه‌ زۆرایه‌تی‌ تێبپه‌ڕێنن، به‌ڵکوو تا بۆیشیان بکرێت شه‌ڕ له‌پێناوی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ جێگیره‌دا ده‌که‌ن. ئایدیۆلۆجیا، هه‌م ئایدیۆلۆجیای سیاسی و هه‌م ئایدیۆلۆجیای ئایینی له‌سه‌ر ئاسانکاری دامه‌زراون‌. چه‌ند پرینسیپێکیان هه‌ن‌، که‌ به‌ ئاسانی له‌ به‌ر ده‌کرێن و ده‌گوترێنه‌وه‌. هه‌موو داموده‌ستگه‌کانی وه‌ک خێزان، په‌رستگه‌، فێرگه‌ و زۆری تریش ده‌یانڵێنه‌وه‌ و به‌ ئاسانی له‌ مێشکدا ده‌چه‌سپێن، به‌ڵام کاری ڕۆشنبیر قورسه‌، به‌وه‌ی ده‌بێت گومان له‌و پرینسیپانه‌ بکات و هه‌ڵیانبوه‌شێنێته‌وه، بگره‌ به‌ ئایدیای نوێ ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌ شته‌ گه‌وره‌ و زه‌قه‌کانه‌وه‌ ده‌لکێت، به‌ڵام ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز بۆ ناو شته‌ ورده‌کان ڕۆ ده‌چێت و ئاڕاسته‌ی نوێیان تێدا ده‌دۆزێته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆشنبیر ئه‌وه‌ نییه‌ کێشه‌ی له‌ قه‌باره‌ی خۆی بچووکتر، یان هێنده‌ی قه‌باره‌ی خۆی دروست ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه‌ کێشه‌ی گه‌وره‌تر له‌ قه‌باره‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێت. ڕۆشنبیری میللی، که‌ هێنده‌ ڕووی له‌ زۆرایه‌تییه‌‌ و لێی جودا نابێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ خه‌مه‌کانیدا بژی، وه‌ک ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه‌ توانای نییه‌ ئه‌و ئاسته‌ جێ بهێڵێت، به‌وه‌ی له‌ داڕشتنی پرسیاری نوێدا ده‌سته‌وستانه‌، له‌ کاتێکدا ته‌نیا له‌ ڕێی پرسیاری نوێوه‌ ڕۆشنبیر ده‌توانێت مه‌ودای نێوان خۆی و جه‌ماوه‌ر دروست بکات، که‌ مه‌رجی سه‌ره‌کیی داهێنانه‌.
حه‌ڤده‌ی شوبات به‌ ڕوونی ده‌ریخست، که‌ بە گشتی ڕۆشنبیری کورد چه‌ند ساده‌یه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی دوالیزمی چاکه‌وخراپه‌دا، توانای بینینی دنیای نییه‌. ئه‌و ڕووداوه‌ پێشانی داین ڕۆشنبیری کورد هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی هه‌یه‌، که‌ خه‌ڵکی ئاسایی هه‌یانه‌. ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر شتێک زیاتر بایه‌خی پێ درا و به‌ پیرۆز زانرا، چەمکی ڕەوشتبازی بوو. هوتاف، سۆله‌گه‌ن و نزا لای ئه‌و ڕۆشنبیره‌ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌ گرنگتر بوون.
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە نموونەی بۆچوونی یەکێ لەو ڕۆشنبیرانە بکەم، کە لەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا ملکەچی خواستی جەماوەر بووە و ئەوانەی دەربڕیون، کە ئیخوانیزم بەسەر کۆمەڵگەیدا سەپاندوون. ئەو دەقەی لێرەدا وەریدەگرم، لای جەماوەر دەنگدانەوەی هەبووە، بەڵام من وەک نموونەی هزری میلـلی پێم گەیشتووە، کە ئەمڕۆ ئەو خوێنەرە فریونەخواردووە پەیدا بووە و قاقا بۆ ئەم جۆرە تێگەیشتنە لێ دەدات.
نووسیویەتی: (کورد دەوڵەتی لەبەر پەرتەوازەیی خۆی بۆ دروست نابێت. کاتێک ئازادیمان دەستدەکەوێت، نازانین چۆن بەکاریبهێنین، هەمیشە بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکێ هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئێمە تەنها نەژادین، نەبووین بە نەتەوە، نەتەوەسازی ڕێگە و ڕێباز و پلانی تۆکمەی خۆی هەیە، کە هەمووی بە لێکدانەوە و پێداچوونەوەی وردی پەروەردەی هزری و داڕشتنەوەی نەتەوەسازی دێتەبوون).
واز لە هەڵەی ڕێنووس، نژوە، ڕیتم، وشەسازی و ڕستەسازی بهێنە، کە دەتوانم بڵێم تێکڕای دەقەکەیان گرتووەتەوە، بەڵام ئایا ئەم بۆچوونە هیی کەسێکە، لە هەموو تەمەنیدا پەڕتووکێکی گرنگی خوێندبێتەوە؟ زێدەڕۆیی ناکەم، ئەگەر بڵێم لە قۆناغی ناوەندیدا خۆمان لەم جۆرە دەربڕینانە دەپاراست. ئەرێ ئەم تێگەیشتنە هەر ئەوە نییە، کە ئیخوانیزم لە ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ ڕەواجی پێ دەدات، گۆیە ئێمە خۆمان دوورین لەوەی خۆمان بە ڕێوە ببەین، بۆیە پێویستە لە ئۆمەتدا بتوێینەوە؟ ئەرێ ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ ئەو بەرخۆدانەی ئێمە، بە تایبەتی لەگەڵ هیی ژنانماندا دێتەوە، کە ئەوەتە لەپێناوی ئازادیدا ڕووبەڕووی هێزە چەقبەستووەکان بوونەتەوە؟ ئەمڕۆ ژنی کورد لە جیهاندا وەک سیمبۆڵی ئازادی لێی دەڕوانرێت. وێنەیان لەسەر تیشێرت و جانتای لاواندا دەبینرێت.
جارێ ئەم پەرەگرافە پڕە لە هەڵەی لۆجیکی. نووسیویەتی: (کورد دەوڵەتی لەبەر پەرتەوازەیی خۆی بۆ دروست نابێت.).
ئایا هیچی نوێی تێدایە؟ ئەرێ ئەوە کێیە ئەمە نازانێت؟ ئایا دەوڵەت هەر لە پێناسە سادەکەیدا کۆکردنەوەی ئەو پەرتەوازەیییە نییە؟ بێگومان تا ئەو کاتەی شتەکان پەرتن، کۆکراوە نین. بەپێی یاسای نادژایەتی (law of non-contradiction)ی (ئەریستۆ) ناکرێت شتێک لە یەک کاتدا خۆی و دژەکەی بێت. هەم پەرت و هەم کۆکراوە بێت.
(ماکس ڤیبەر)ی کۆمەڵناس ئەمەی بە چەمکی کاریزماوە بەستووەتەوە، کە لە هەردوو پەڕتووکی (ڕەوشتی پرۆتستانتی و گیانی سەرمایەداری:The Protestant Ethic and the Spirit of Capitalism) و (کۆمەڵناسیی ئایین: Sociology of Religion)دا وەها لێکی دەداتەوە، کە خەسڵەتێکی باڵای بەخشش و سروشئامێزە، لەو سەرکردە و پێشڕۆیانەدا بەرجەستەیە وا لایەنگرانیان بڕوایان پێ دەهێنن، بەوەی دەتوانن بەو هێزە لەبننەهاتووەیان ئەرکە سەخت و مەزنەکان بگرنە ئەستۆ. بەم شێوەیە سەرکردەی کاریزمی خاوەنی هێزێکی بانسروشتە و ئەم هێزەیش تایبەتە بە خۆی، دەنا مەحاڵە لە کەسانی ئاساییدا ببینرێت. (ڤیبەر) پێی وایە دەرکەوتنی کەسێتییە کاریزماکان ڕۆڵی گەورەیان لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی (Social Change)دا هەیە، بەڵام هاوکات ئەوەیش ناشارێتەوە، کە ئەم گۆڕانە بەندە بەوەی ئەو سەرکردانە تا چ ئەندازەیەک پێبەندی بەڵێنەکانیانن و چۆن زەوینە بۆ هاتنی قۆناغێکی نوێ خۆش دەکەن. بە مانایەکی دی، کاریزما تەنیا بریتی نییە لە خەسڵەتەکانی کەسێتیی سەرکردە، بەڵکوو داینەمیکیای دەستەڵات و پاوەنخوازییش دەگرێتەوە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی (sociological framework)دا. لێرەدا (ڤیبەر) چەمکی سۆزداریی کۆمەڵایەتی (community emotionality) بە کار دەهێنێت و مەبەستی ئەو لایەنگرێتییەیە لای لایەنگران سەر هەڵدەدات، کە پێوەستە بە توانای سەرکردەی کاریزمی لە جووڵاندنی سۆزی کۆمەڵگە و ڕاکێشانی بەرەو لای خۆی. بە مانایەکی دی، دروستکردنی ناسنامەی کۆمەڵ (collective identity) لای ئەو لایەنگرانە. دەکرێت بگوترێت دەستەڵاتی کاریزمی (Charismatic authority) بەو پێوەندییەوە بەندە، کە لەنێوان سەرکردەی کاریزمی و لایەنگرانی دادەمەزرێت. سەرکردەی کاریزمی کۆمەڵگە لە ئاستی دەستەڵاتی باو (traditional authority)ـەوە، کە خاوەنی خەسڵەتی باوکسالاری و نێرسالارییە؛ ڕەوایەتیی خۆی لە دابونەریتە چەسپاو و دێرینەکانەوە وەردەگرێت، دەباتە ئاستی دەستەڵاتی عەقڵانیەتی یاسایی، کە سیستەمێکە تێیدا دەستەڵات لە یاسا و ڕێساکان (laws and rules) وەردەگیرێت، نەوەک لە کەس و دابونەریتەکان. بە مانایەکی دی، شێوازی دەستەڵات لە ستانداردەوە دەگۆڕێت بۆ مۆدێرنیتی، کە لەم ئاستەدا ئەرکەکەی تەواو دەبێت، چونکێ دامەزراندنی دامودەستگەی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن لە قۆناغێکی تەواو جیاوازدا بە ڕێوە دەچێت، بەڵام (ڤیبەر) لێرەدا چەمکی بەڕۆتینکردنی کاریزما (Routinization of Charisma) بە کار دەهێنێت. مەبەستیشی ئەوەیە کاریگەریی ئەو سەرکردە کاریزمییە دەمێنێت و لە ڕێیەوە دامودەستگەکان دادەمەزرێن. بەم شێوەیە شێوازی پشتاوپشتی و میرات تێک دەشكێت و شێوازی دەستەڵاتی یاسا شوێنی دەگرێتەوە. دەکرێت بگوترێت سەرکردەی کاریزمی بە سروشتی خۆی لەناو کۆمەڵگەی ستانداردا سەر هەڵدەدات و لەوێوە هەنگاو بەرەو کۆمەڵگەی عەقڵانی دەنێت.
ئایا ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بەر لەوەی (گاڵیباردی) و (بیسمارک) ڕێکیان بخەن، پەرش و بڵاو نەبوون؟ ئەگەر بۆ مێژووی دێرین بگەڕێینەوە، بە هەمان شێوە دەبینین ئیمپراتۆریەتەکان لە ڕێی جەنگی ناوخۆوە دروست بوون و پەرتەوازەیی کۆتاییی هاتووە. ئایا (سەرجۆنی ئەکەدی)، (چین شی هۆنگ)، (ئەسکەندەری مەزن)، (ئۆگستس قەیسەر) و ئەوانەی دی هەر ئەوەیان نەکردووە؟ ئەمە ئەلفوبێیە و نازانم بۆچی هێندە زل کراوە! دەکرێت لە هەر ناوەندێکی کۆمەڵایەتیی وەک گەڕەکدا بیبیستیت و بیستوویشمانە. (ئەرێ ئێمە تا بڵاو بین، مانای وا نییە گرد نین؟). گەمەیەکی فۆلکلۆرییش بە ناوی (گەنم گرد و جۆ بڵاو) هەیە و تا سەرەتای حەفتاکانیش مابوو. واتە لە منداڵییەوە ئەمە دەزانین.
لە مێژووی ئێمەدا بەردەوام هەوڵی لەم شێوەیە هەبووە، کە ئەزموونی ڕۆژاڤا خۆی بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم ئاڕاستەیەی گرتووە. بۆیە دەڵێم (بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم ئاڕاستەیەی گرتووە)، چونکێ شێوازێکی ستانداردی کاریزما نییە، بەڵکوو جیاوازە. لە جیاتیی تاکسەرکردە، سەرکردەی کۆمەڵ هەن و ڕۆڵی ژن تێیدا بە ڕوونی دیارە.(3) ئاییندەیش هێشتا نەهاتووە، تا قسەی لێوە بکەین، کە وەک (کارڵ پۆپەر) ڕایدەگەنێت هەر پێشبینییەک لەم بارەیەوە جۆریکە لە خورافە.(4)
بە درێژاییی مێژووی دیارمان هێندەی ئەمڕۆ ئێمەی کورد یەک نەبووین. ئەو یەکبوونە نەک سڕینەوەی ئاڕاستە جیاوازییەکان نییە، بەڵکوو لەناو ئەو یەکێتییە کۆمەڵایەتییە (social integration)دا ململانێی ئاڕاستەکان پتر جۆش دەستێنن و ئێمە لە مێژوودا دەبینە کارەکتەری چالاکی بەرهەمهێنەر. ئەو ژنەی لە حەڤدەی شوباتدا بانگخوازانی ئیخوان بە هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگلەر هێرشیان دەکردە سەر و دەیانگوت پێویستە بگەڕێتەوە ماڵ، ئەوەتە وەک کەزییەکەی هەموو بەشە دابڕاوەکانی کوردستانی پێکەوە هۆنیوەتەوە. تازە چ هێزێک دەتوانێت بڕیاری داپۆشینی کەزیی ژن بدات؟ کورد بە درێژاییی تەمەنی هەوڵی داوە لە ڕێی پیاوەوە لەسەر شانۆی ململانێی مێژوودا ببێتە کارەکتەر و سەری نەگرتووە، بەڵام ئەوەتە ژن لەوێوە دەستی درێژ دەکات و بۆ ئەوێی ڕادەکێشێت. ئەگەر هێشتا لەسەر خاکدا ئەو دەوڵەتەمان دانەمەزراندووە، ئەوە هێزێکی گەورە یادەوەریمانی هەژاندووە. ئەو هێزە پێچەوانەی هیی حەڤدەی شوبات، کە هیی شمەک بوو، هیی ژیانە و تەنیا ژیانیش توانای دامەزراندن و ڕماندنی هەیە. دامەزراندن و ڕماندن پێچەوانەی یەکتر نین، بەڵکوو یەک کردەن و ئەو کردەیەیش ناگاتە خاڵێکی دیاریکراو، تا لە شوێنێکدا بوەستێت. نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی. سەرنج دراوە بە ئاماژەیش هێرش ناکرێتە سەر نەتەوە و ڕەگەزەکانی تر، لە کاتێکدا حەڤدەی شوبات دژایەتیی خۆی بۆ کوردستان و بەهاکانی کورد نەدەشاردەوە. هەموو ئەو بەهایانەیان لە یەکێتی و پارتیدا بەرجەستە کردبوو، تا بتوانن هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیمبۆڵی لە دژیاندا کۆ بکەنەوە، بە مەرجێ سەرکردەکانیان هەمیشە بە دۆستی نزیکی ئەوانە ناسراون. من ئەوسا دەمپرسی ئەگەر یەکێک کتێبی (ئەلفوبێ)ی (باڵدار) بباتە قەرەباڵغییەکەی حەڤدەی شوبات، تا چەند وانەیەکی لێ بخوێنێتەوە، چیی پێ دەڵێن؟ هاواری ڕۆشنبیری جاگلەر و بانگخوازی ئیخوانی هەر دەنگێکی سەرکوت دەکرد، ئەگەر بەو ئاڕاستەیەدا نەچووایە.
ڕۆشنبیرەکەمان نووسیویەتی: (کاتێک ئازادیمان دەستدەکەوێت، نازانین چۆن بەکاریبهێنین.). گوتەی (ئازادی دەسەنرێت، نادرێت) هێندە باوە، لە منداڵییەوە بیستوومانە. لە شیعری (داری ئازادی)ی (بێکەس)ی شاعیریشدا ڕەنگی داوەتەوە، کە لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییدا پێی ئاشنا بووین، بەوەی لێرەدا ماف و ئازادی هاوواتان. ئایا ئازادی بەهایەکی سروشتیی مرۆڤە، یان ئامێرێکە و لەپێناوی بەرژەوەندییەکدا دروست کراوە، تا کەسانێک فێرمان بکەن چۆنی بە کار بهێنین؟
ئازادی غەریزەی مرۆڤە. (نیتشە) جەخت لەسەر ئاژەڵێتیی مرۆڤ دەکاتەوە، بگرە پێی وایە غەریزەی ئاژەڵییانە بوونێکی بنەڕەتییانەی ئەو مرۆڤە پێک دەهێنێت، بۆیە دەیبەستێتەوە بە حەقیقەتی سەرەتایی لە سروشت (primal truth in nature)دا، کە شارستانیەت لەپێناوی بەهای ساختەدا ئەم غەریزەیەی سەرکوت کردووە. لەمەوە مرۆڤ حەقیقەتی خۆی لە دەست داوە و حەقیقەتی ساختەی گرتووەتە باوەش، کە ئەوەیش ڕەوشتی نزمی لاوازی بەرهەم هێناوە، بۆیە پەنا بۆ فێڵ، تەڵەکەبازی، فریودان، تۆڵە و شتی دیکەی لەم بابەتە دەبات. ئەوە غەریزەی جەستە نییە ئەمانە هەڵدەسووڕێنێت، بەڵکوو لە ئەنجامی بەریەککەوتنی هەردوو بەشی کێوێتی و شارستانیەتییەوە دەردەکەون. ئەم غەریزەیە لە عەقڵ و هۆشیاری باڵاترە، کە لە خەوندا دەردەکەوێت، بەوەی خەون دۆخی ڕاستینەی غەریزە دەردەخات و ئەو غەریزەیەیش دەتوانێت لەگەڵ سروشتدا لەنگەری خۆی ڕابگرێت، کە ئەو غەریزەیە دەکەوێتە پێش هۆشیارییەوە. ئەگەر غەریزە ژیانی مرۆڤی ڕاگرتووە و پەرەی پێ دەدات، کە دەکرێت بڵێین چاوگی ئازادییە، ئەوە هۆشیاری وەهم بەرهەم دەهێنێت. ئەو مرۆڤە لە خەوندا دەگاتە باوانە سەرەتایییەکانی، کە دۆخێکی ڕاستگۆیانەیە و عەقڵانیەتی ساختە نەیشێواندووە، لە کاتێکدا ئەوەی شارستانیەت لە خشتەی بردووە، شەڕی خۆی لە ڕێی ئەو بەها نزم و ڕەوشتە لاوازەوە دەکات، بەڵام ئەمانە بە سەربردەی ناسنامە و قوربانی (narrative of identity and victimhood) دەشارێتەوە، بەو مانایەی پشت بە کۆمەڵێک تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگە دەبەستێت و خۆی وەک قوربانی لە بەرانبەر ئەوەی دیکەدا پێشان دەدات. بینیومانە چۆن هەندێک نووسەری جەماوەری و ڕەخنەگری میلـلی لە جیاتیی ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەخنە ببنەوە، لە جیاتیی ئەوەی چەمکەکان لێک بدەنەوە، دەچن وا خۆیان پێشان دەدەن، گۆیە قوربانین و زوڵمیان لێ کراوە. هەیانە پەنا بۆ ڕۆژنامەی حزبەکان دەبات و لەوێوە جوێن دەدات.(5)
دەبینین لای (نیتشە) مرۆڤ بە ئازادی هاتووە، وەک لە خەوندا دەردەکەوێت، بەڵام شارستانیەت ئەو ئازادییەی نەک هەر لێ سەندووەتەوە، بەڵکوو لە بیریشی بردووەتەوە. ئەوەتە لە ڕوانینی ئەو ڕۆشنبیرە دیارەماندا ڕەنگی داوەتەوە، کە پێی وایە ئێمە ئەگەر ئازادییش بە دەست بهێنین، هەر خۆمان دەکەینەوە کۆیلە. کاتێ تێگەیشتنی ئەم ڕۆشنبیرە تێدەپەڕێنین و هیی تاکانەی خۆمان دادەمەزرێنین، دەبینین ئازادی بریتییە لە تێکشکاندنی زنجیرەکان و داهێنانی بەهای نوێ لە ڕێی هزری ڕەخنەیییەوە. (نیتشە) پێی وایە ویستی ئازاد (free will) چەمکێکە، پیاوانی ئایینی و ئایدیۆلۆجی دایانهێناوە، تا لەو ڕێیەوە دەست بەسەر مرۆڤدا بگرن. ئەگەر ئەو لە کردارەکانی ئازاد بێت، پێویستە هەمیشە سەرزەنشت بکرێت و هەست بە گوناهـ بکات، کە ئەوەیش تەمبێکردن، سزادان، پێدانی مژدەی بەهەشت و هیی دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە لە پەڕتووکی (ئاوابوونی بتەکان)دا کریستیانەتی بە جەلادی مێتافیزیکا (Christianity is a metaphysics of the hangman) ناو دەبات، کە دژی غەریزە و ئارەزووە سروشتییەکانی مرۆڤە.(6). ویستی ئازاد (free will) خەسڵەتی مێگەلە، دەنا مرۆڤی باڵا ڕووبەڕووی چارەنووسی دەبێتەوە (amor fati)، کە هێزێکی کاریگەرە و بواری بۆ دەڕەخسێنێت، تا لەگەڵ داخوازییەکانیدا پێوەندییەکی گونجاو دابمەزرێنێت. بە مانایەکی دی، ئازادی بریتییە لە داهێنانی بەهای نوێ. دەروونناسیی کۆن بە تەواوی دەروونناسیی ویست (psychology of will)ـە. قەشەکان لە سەرووی ئەو کۆمەڵگە کۆنانەوەن و مافیان بە خۆیان داوە سزا بسەپێنن. ئەوان وەها لە مرۆڤ دەڕوانن، کە بە شێوەیەک ئازادە، ببێتە تاوانبار، تا سزای بەسەردا بسەپێنن.(7)
بەم شێوەیە ئەو فیلۆسۆفە کوتەکوەشێنە هەم ویستی ئازاد بە مانا باوەکەی دەداتە دواوە و هەم حەتمیەتە میکانیکییەکەیش، بەڵکوو ویستی هێز (will to power) لە ئارادایە، کە هێزێکی ناعەقڵانیی شاراوەیە لە تاکدا و لە سەرچاوەیەکی تاریکەوە هەڵدەقوڵێت، ئارەزوو و پاڵنەرەکانی هەڵدەسووڕێنێت. (لە سەرچاوەیەکی تاریکەوە هەڵدەقوڵێت)، بەو مانایەیە، کە ناکرێت لە شتێکدا کورتی بکەینەوە و سەرەتای بۆ دابنێین، وەک ئەوەی نووسەرەکەی ئێمە کردوویەتی. دەکرێت بگوترێت ئازادییەکی سروشتییە و چاوگی داهێنانە. هەر لە ڕێی ویستی هێزیشەوە لە پەڕتووکی (لەدایکبوونی تراجیدیا)دا ڕووبەڕووی چەمکی ویستی ژیان (will to life)ی (شۆپێنهاوەر) دەبێتەوە، کە ئەو پێی وایە هێزێكی نابینای زیرەکە و لە ڕێی پاڵنەری سێکسییەوە مرۆڤ هەڵدەسووڕێنێت. ئەوەیش سەرچاوەی نائومێدییە، بەوەی ئەو ویستە بە سروشتی خۆی برسییە و تێر نابێت. بەپێی ئەم ڕوانینە سادەیەی ڕۆشنبیرەکەمان ئازادی پێوەندیی بە غەریزەوە نییە، وەک ئەوەی (نیتشە) پێی لەسەر دادەگرێت، بەڵکوو بەرهەمی هۆشیارییە، ئەو هۆشیارییە گشتییەی (نیتشە) بە وەهم و ساختەی دەزانێت، بەو مانایەی هۆشیاریی ئێمەی کورد نەگەیشتووەتە ئەوەی ئازادی قەبووڵ بکەین و کاتێکیش بە دەستی دەهێنین، ئەوە بە دوژمنی خۆمانی دەزانین و فڕێی دەدەین، تا ببینەوە کۆیلە. نازانم بۆچی بە ناوی هەموومانەوە دواوە!
ئەگەر چەمکی ئازادی ببەینە لای فیلۆسۆفانی بوونگەرا، ئەوە ئاستێکی دیکەی تەواو جیاوازی دەبینین، لە کاتێکدا نووسەرەکەمان لە خوار تێگەیشتنی باوی خەڵکدا لێوەی دواوە.
نووسیویەتی: (هەمیشە بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکە هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین.).
ئەو (هەمیشە) و (هەرگیز)ـەی لە کوێ هێناون؟ هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە (slippery slope) ناسراوە، کە حوکمدانێکی گشتگیر و خێرایە (hasty generalization argument). ئایا دەتوانین هیچی لەسەر هەڵبچنین؟ ئایا هەمیشە بە دوای ئەو دۆخەدا دەگەڕێین؟ لە چ ڕێیەکەوە ئەم ئەنجامەی بە دەست هێناوە؟ ئایا پەنای بۆ (ئیندەکشن) بردووە، کە (پۆپەر) لە ئاستی فەلسەفیدا داویەتیە بەر ڕەخنە، چجای لە ئاستی میلـلیدا، وەک ئەوەی نووسەرەکەمان دەریبڕیوە؟(8)
چۆن لە ڕێی سەرنجەوە گەیشتووەتە ئەوەی بڵێت ئێمە هەموومان (بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکە هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین)؟ سەختە بڕیارێکی لەم شێوەیە لەبارەی تێکڕای بولبولەکانی قەفەزێکەوە بدەیت، چجای هیی نەتەوەیەک. ئایا ئەگەر من دەرگەی قەفەزی بولبولەکانم کردەوە، بگرە هەر قەفەزەکەم تێک شکاند، بەڵام بولبولەکان نەیانویست بفڕن، مانای وایە ئازادییان ناوێت؟ ناکرێت کۆمەڵێک هۆکاری دی لە ئارادا بن؟ ئایا خوێندنەوەی ئێمە بۆ بابەت سنووردارە و لە خاڵێکدا دەوەستێت، یان ڕاڤە کردەیەکی بێسنوور و بێکۆتایە، کە لە هەر تەکانێکدا ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت و بەرەو ڕووبەرێکی دیکەی نەزانراو ڕێ دەگرێت؟ ئەرێ ئاڕاستە ڕەخنەیییە فەلسەفییەکانی ئەم شەست حەفتا ساڵەی ڕابوردوو بە گشتی لەبارەی ئەو بێسنوورییەی ڕاڤەوە نەدواون، کە بۆ نموونە هەڵوەشاندنەوەی (دێریدا) و (فۆڵد: Fold)ی (دولووز) دوو نموونەی دیارن؟ فۆڵد، چەمکێکە، کۆمەڵێک خەسڵەتی ئاڵۆز و پەنهان دەگرێتە خۆی، بەو مانایەی دەکرێت هەمیشە بنووشتێتەوە، پێچ بکاتەوە، بگۆڕێت و بجووڵێت، کە ئەو خەسڵەتانە وا دەکەن ناوەوە و دەرەوە ببنە یەک. بابەت لە چەند چینێک پێک دێت، نەوەک لە یەک چین. بە مانایەکی دی، هەر شتێک کۆمەڵێک چین و توێژی هەن. بەم شێوەیە تێکڕای توخمەکانی گەردوون (کات، شوێن، بیرۆکە و ماددە) لە یەک شت پێک هاتوون، کە ئەوانە ئەگەرچی وەها دێنە بەرچاو لێکدابڕاون، بەڵام پێکەوەن و لە ڕێی کردەی نووشتانەوە و پێچکردنەوەوە شێوەی سەربەخۆ وەردەگرن.(9)
چۆن تێکڕای ئەندامانی نەتەوەیەک ئازادییان ناوێت و ئەگەر بە دەستیشی بهێنن، دەیانەوێت ببنەوە کۆیلە؟ ئایا ڕاستە هەموومان کۆیلەین؟ ئایا ئەم ئەنجامە جێگەی گومان نییە؟ ئەرێ ئەو ژنە کەزیدارانەمان (بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێن بیانکاتەوە بە کۆیلە، چونکە هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتوون)؟
ئەگەر ڕۆشنبیرەکەمان بازی بۆ ئەو ئەنجامە هەڵداوە و پێی گەیشتووە، کەواتە ئازادی چ مانایەکی هەیە؟ ئەرێ ئەمڕۆ کێشانی هەر هوتافێک بۆ ئازادی، جگە لە هەڵدانی شت و گرتنەوەی، مانایەکی دیکە دەگەیەنێت؟ بۆچی دڵمان بەو ئازادییە خۆش بکەین، مادام بەوە ڕاهاتووین پەنا بۆ دۆخێک ببەین، تا لە خۆمانی بستێنینەوە؟ ئەو لەخۆسەندنەوەیە لای ڕۆشنبیرەکەمان حەتمییە و هەر دەبێت پێی بگەین.
وای ڕاگەیاندووە هەموو جووڵەیەکمان پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە. ئەمە ڕوانینێکی ئێسکەتۆلۆجییانەیە بۆ مێژوو (An eschatological view of history). ئەم ڕوانینە مێتافیزیکییە بە تایبەتی لای (نیتشە) کەوتووەتە بەر ڕەخنەی توند، کە دواتر لای ڕەخنەدۆزانی پۆستمۆدێرن، ئەوانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن، بە هێزێکی گەورەترەوە دەردەکەوێت و مێژوو لەوە دەردەچێت هێڵێکی ڕێکی پێشبینیکراو بێت، بەڵکوو پڕە لە لادان، پێچکردنەوە، وەستان، ناکاوی و هیی دیکە. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی سوودی لەم تێگەیشتنە بینیوە و چەمکی کات گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا هاتووە. لەبەر ئەوەیشە ڕۆماننووسە داهێنەرەکان ئەوانەن پێوەندیی دایەڵۆگییانەیان لەگەڵ فەلسەفە دامەزراندووە. ڕۆمانی میلـلی لەم تێگەیشتنەوە دەنووسرێت، کە ئەم نووسەرەمان دەستی پێوە گرتووە.
دیسان دەپرسین ئایا ڕۆشنبیرەکەمان لە ڕێی سەرنجەوە بەم ئەنجامە گەیشتووە؟ خۆ ئەگەر لەو ڕێیەیشەوە پێی نەگەیشتووە، ئەوە دیسان دەچێتە بواری فاڵ و خوێندنەوەی ناولەپەوە. هەستەکان دەکرێت لە هەندێک باردا کۆمەکمان بکەن، بەڵام ناتوانین بە پێشڕۆی خۆمانیان بزانین لە بەدەستهێنانی زانیندا. وەک (نیتشە) لە ئەفۆریسمی یەک لە بەشی (عەقڵ لە فەلسەفەدا)ی پەڕتووکی (ئاوابوونی بتەکان)دا دەڵێت: نا بۆ ئەوانەی باوەڕیان بە هەست هەیە، چونکێ هەست تووشی دەردی هەڵەی لۆژیکی بووە. هەست ناڕەوشتییە. فریومان دەدات و لە دنیای ڕاستینەمان دادەبڕێت، بۆیە پێویستە لە وەهمی هەست خۆمان ڕزگار بکەین. مێژوو شتێک نییە، جگە لە باوەڕهێنان بە هەست.(10)
بەپێی پرینسیپی نادڵنیاییی هایزینبێرگ (Heisenberg Uncertainty Principle)، کە زانای ئەڵمان (هایزینبێرگ) لە ساڵی (١٩٢٧) لە بواری فیزیای کوانتۆم دایهێاوە، مەحاڵە مرۆڤ هەموو شتێک بە تەواوی بزانێت و بە تەواوییش پێوانەی دوو خەسڵەتی پێکەوەگرێدراوی جووتێ شت لە یەک کاتدا بکات، کە هۆکارەکەی بۆ بوونی دووفاقیەتی ماددە لەنێوان گەردیلە و شەپۆل (wave-particle duality of matter)دا دەگەڕێتەوە، کە تا وردیی زانینمان لەبارەی شوێنی تەنۆلکەیەکەوە زیاتر بێت، ئەوە وردیی زانینمان لەبارەی کاتیەوە کەمتر دەبێت. پێچەوانەکەیشی ڕاستییەکەیەتی. ئەوە پێوەندیی بە خەسڵەتی گەردوونەوە هەیە لە ئاستی ئەتۆمیدا، دەنا لەبەر ئەوە نییە کەرەستەکانی پێوانە سنووردارن. ئەو ڕۆشنبیرە چۆنی زانیوە (هەمیشە بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکێ هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین)؟
نووسەرەکەمان نووسیویەتی: (لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئێمە تەنها نەژادین، نەبووین بە نەتەوە.).
ئەمەیش هەر هەڵەیەکی تری لۆجیکییە و بە (False premise) ناسراوە، کە پێشەکییەکی هەڵە دەخاتە ڕوو، یان بناغەیەکی چەوت دادەمەزرێنێت و شتی لەسەر هەڵدەچنێت، بەو مانایەی دەیەوێت خێرا بە ئەنجامێک بگات، کە ئەنجامەکە لە بنەڕەتەوە هەڵەیە و ناکرێت هەڵەیش نەبێت. کاتێ زانیمان ئێمە هەمیشە بە دوای ئەو دۆخەدا نەگەڕاوین، کە دەمانکاتە کۆیلە، کەواتە بۆمان دەرناکەوێت نەتەوە نیین، بەڵکوو نەژادین. ئایا پێشەکییەکی هێندە سادە، هەر ئەم ئەنجامە ڕووکەشەی بە دوادا نایەت؟ ئینجا من دەپرسم ئەگەر ئەمە یاریکردن نییە بە وشە، دەتوانێت پێمان بڵێت ئەوە مانای چییە؟ (یاریکردن بە زمان) و (یاریکردن بە وشە) لە یەکتر جودان، کە یەکەمیان بەکارهێنانەوەی زمانە لە ئاستێکی دیکەدا، بەو مانایەی نووسەری داهێنەر وێنەکانی زمانی باوی ڕۆژانە تێک دەشکێنێت و هیی نوێیان لێ پێک دەهێنێت، کە نووسین هەمیشە توانای هەیە ئەو وێنە نوێیانە بخاتە باری داینامیکییەوە، تا بەردەوام هیی نوێتریان لێ بەرهەم بێت و ڕێ نەدات هیچ نوێیەک تا سەر خۆی بە نوێ بزانێت، بەڵکوو لە هەر جووڵەیەکدا کۆن دەبێت، مادام هیی دیکە لە هەمان گۆڕەپاندا دەردەکەون، بەڵام یاریکردن بە وشە تەنیا بانگەشەیە و بە شێوەی فریودەرانە بە ڕێوە دەچێت.(11).
ئایا نەتەوە و نەژاد قاڵبن، یان بەشێکن لە کردەی پەرەسەندن و لە ڕێی بژارکردنی سروشتییەوە هاتوون؟ ئایا ئەگەر هەندێک لە ڕەگەکانیان دیارن، بێژمار ڕەگیشیان شاراوە نین؟ ئایا وەک لای (نیتشە) بینیمان، لە سەرچاوەیەکی تاریکەوە هەڵناقوڵێن؟ ئەرێ دەکرێت پێمان بڵێت: دەربڕینی (نەتەوەسازی ڕێگە و ڕێباز و پلانی تۆکمەی خۆی هەیە، کە هەمووی بە لێکدانەوە و پێداچوونەوەی وردی پەروەردەی هزری و داڕشتنەوەی نەتەوەسازی دێتەبوون) چییە؟ دیسان دەپرسین ئایا نەتەوەسازی، (لەگەڵ پارێزی زۆرم بۆ بەکارهێنانی وشەکە) دەستکردی مرۆڤە، بەو مانایەی بە مەبەستەوە کراوە، یان بەرهەمی کردەی پەرەسەندنە و کردەی بژارکردنی سروشتی هەڵیسووڕاندووە؟ ئایا ڕەگەز، یان نەژاد (Race) و نەتەوە وەک دەوڵەت و حوکمڕانی وان، تا پێک بهێنرێن، یان ئەو کردەیە هێناونی؟ ڕەگەز، یان نەژاد لایەنی بایۆلۆجییە، لەسەر بنەمای شێوە و خەسڵەتەکانی جەستە و پێکهاتەکانی دیاری دەکرێت، کە ڕەنگی قژ، هیی چاو و توخمی دیکە دەگرێتەوە، لە کاتێکدا ئیتنیسیتی (Ethnicity) ناسنامەی کولتووری دەگرێتەوە، کە لە نەتەوەدا بەرجەستە دەبێت. (کلوود لیڤی شتراوس)ی فیلۆسۆف و ئەنترۆپۆلۆجیست پێی وایە کولتوورێک لە کولتوورێکی دیکە باڵاتر نییە و هیچ نەژادێک ناکەوێتە سەرووی نەژادێکی ترەوە، بەڵکوو هەموویان هاوشانن. (شتراوس) چەمکی (نەژاد) لەوە دوور دەخاتەوە، پێوەندیی بە بایۆلۆجیاوە هەبێت وەک ئەوەی باوە، بەو مانایەی ڕەخنە لەو تێگەیشتنە دەگرێت، کە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، گۆیە نەژادی باڵا کولتووری باڵا بەرهەم دێنێت، لە کاتێکدا (نەژاد) خۆی بەرهەمی کولتوورە، نەوەک هیی بایۆلۆجیا. بەم شێوەیە گەشەکردنی کولتوورە جیاوازەکان بەندە بە کارلێکی ئەو نەژادانەوە، نەوەک بە زاڵکردنی یەکێکیان بەسەر ئەوەی تریانەوە. لە کتێبی نەژاد و مێژوو (Race and History)دا چەمکی تیۆریی خزمایەتی (kinship theory) بە کار دەهێنێت، تا ئەوە دەربخات، کە کولتوور لە ڕێی تێکەڵبوونی گرووپەکانەوە هاتووەتە دی، بەو مانایەی نەژادی بێگەرد (pure race) خورافەیە و ئەوەی هەیە فرەییی کولتوورییە. بەم شێوەیە جلوبەرگ و خۆراکی کوردی بۆ نموونە لە ڕووی بەهاوە لە هیی عەرەبی و تورکی کەمتر نین، وەک ئەوەی ڕوانینی ڕەگەزپەرستانەی ئیخوان ئەوان بە باڵاتر دەزانێت، بەڵکوو هاوشانن و دەتوانن لە یەکتر وەربگرن. هەمەجۆریی کولتووری دیاردەیەکی بابەتییانەیە و پێوەندیی بە هۆکاری مێژوویییەوە هەیە، نەوەک بە نەژاد و بایۆلۆجیاوە.(12)
لێرەدا گوتەی ڕۆشنبیرەکەمان زۆر سادەتر دەردەکەوێت، کە پێی وایە (کاتێک ئازادیمان دەستدەکەوێت، نازانین چۆن بەکاریبهێنین، هەمیشە بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکێ هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین.).
دیارە زمان، مێژوو و جیۆگرافیایش کرۆکی هەر نەتەوەیەکن، بەڵام دەوڵەت شێوازی حوکمڕانییە و یاسا ڕۆڵی تێدا دەبینێت، کە ئەوانە هەر یەکەی خاوەنی کۆمەڵێک کیشەن و ڕێ نادەن سنووری کۆنکریتییان بۆ دابنێیت، بەڵکوو پێکدا چڕژاون. چەمکی ئۆمەت (Nation)یشمان هەیە، کە لە نەتەوە فرەوانترە و لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەردەکەوێت، بگرە دەکرێت لە چەند نەتەوەی جیاواز پێک بێت، بەڵام هاوکات بۆ یەک نەتەوەیش بە کار دەهێنرێت. چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی (nation-state)یش هەر دەچێتە بواری سیاسەتەوە و ئاماژەیە بە مێژوو و زمانی هاوبەش. هەر لێرەدا چەمکی خەڵک (people)یش هەندێجار هاوواتای گەلە و کۆمەڵێک کولتووری جیاواز دەگرێتە خۆی. ئینجا (ڕێگە و ڕێباز و پلانی تۆکمەی خۆی هەیە) مانایان چییە و بە چ مەبەستێک بە دوای یەکدا ڕیزی کردوون؟ ئەدی ئەم چەند وشەیە: (هەمووی بە لێکدانەوە و پێداچوونەوەی وردی پەروەردەی هزری و داڕشتنەوەی نەتەوەسازی دێتەبوون) چین؟ ئەرێ خەڵکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەیشدا ئەم گوتانە بە کار دەهێنن؟ دەیەوێت بڵێت کێشەیەکی گەورە هەیە، لە کاتێکدا نازانین ئەو کێشەیە هەر چییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەم شتانە چارەسەر دەکرێت. لێرەدا بابەتێکی ناو ناوە (نەتەوەسازی)، گۆیە کێشەی هەیە و بەو ڕێگە و پلانانە چارەسەر دەکرێت، کەچی دواتر دەبینین ئەوانە هەموویان بۆ (داڕشتنەوەی نەتەوەسازی)ن. واتە بۆ داڕشتنەوەی هەمان بابەتن. کوا کێشە و کوا چارەسەر؟ ئایا لە دنیای فەلسەفەدا، کە دنیای ئاماژە و بواری ڕەخنەیە، کێشە چارەسەر دەکرێت، یان قووڵ دەکرێتەوە و لێک دەدرێتەوە، کە ئەم ڕاڤەیە وەک گوترا بێکۆتایییە و هەمیشە لە ئاستی جیاوازدا ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبێتەوە. بۆ نموونە ئێمە لە (سۆکرات)ـەوە کێشەی زمانمان هەیە، کە ئەم کێشەیە بە (پلاتۆ)، (ئەریستۆ)، (دێکارت)، (کانت)، (هیگڵ)، (نیتشە)، (سۆسێر)، (هایدیگەر)، (ڤیتگنیشتاین)، (دێریدا) و بێژمار فیلۆسۆفی تردا تێدەپەڕێت و هێشتا نەبڕاوەتەوە، کە لەم ڕووەوە دەیان ئاڕاستەی جیاواز دەرکەوتوون. بەرهەمی فەلسەفە بریتییە لە ڕاڤەی جیاوازجیاواز، نەوەک لە چارەسەر. چارەسەر لە دنیای ئایدیۆلۆجیادا هەیە، دەنا فەلسەفە بواری بەرهەمهێنانی کێشەی نوێیە. لە ڕەخنەی میلـلیدا بەردەوام وشەی چارەسەرت دێتە بەرچاو، بەوەی لەسەر بنەمای (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) دامەزراوە، کە وەک لێرەدا دەیبینین بە هەمان زمان و تێگەیشتنی جەماوەر، بگرە لە خوارتریش قسەی لێوە کراوە. ئایا ئەم کردەیە لە واقیعدا هیچ کاریگەرییەکی هەیە، یان تەنیا لەناو زمانی ڕۆژانەدا بە ڕێوە دەچێت و یاریکردنە بە وشە؟ ئەگەر بە مەبەستی فریودانی جەماوەر نەنووسراوە، دەتوانێت بۆیان بگەڕێتەوە و چوار دێڕی ترمان لەم بارەیەوە بۆ بنووسێت؟
ئەرێ کاتێ بەم زمانە سادەیەی جەماوەر لەبارەی ئەو چەمکانەوە دەنووسین، شتێکی نوێ بە دەستەوە دەدەین؟ هەندێک وا دەزانن کاتێ نموونەیەک لە بەرهەمەکانی وەردەگرم و بەم شێوەیە لێکی دەدەمەوە، ئەوە تەنیا پێوەندیی بە پەرەگرافێک و دووانیەوە هەیە، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی دەقناسییەوە لێی بڕوانین، دەڵێین دیدگەیەک هەیە و ئەوانەی لێ کەوتوونەتەوە، کە هەر لەو دیدگەیەیشەوە ئەوانەی تری بەرهەم هێناون. دیارە من پێشتریش گوتوومە ئامادەم لەبارەی هەر پەڕتووکێکیەوە گفتوگۆ بکەم و بەم مێتۆدە بیخوێنمەوە. ئایا ئەگەر ئەم بابەتە ناوی نووسەرێکی تری بەسەرەوە بێت، سەرنجی جەماوەر ڕادەکێشێت، یان قاقای بۆ لێ دەدرێت؟ ئایا ئەودەمیش ڕەخنەگرە میلـلییەکان دەڵێن فەلسەفەیە و هەموو کەسێ لێی تێناگات؟ (13).
ئایا ئەو ڕۆشنبیرەی دوێنێ لەبارەی چەمکی ئازادییەوە ئەم بۆچوونەی دەربڕیوە و گوتوویەتی ئێمە هەرگیز ئازادیخواز نین، بگرە ئەگەر ئازادی بە دەست بهێنین، لە خۆمانی دەستێنینەوە، بۆ ئەم دۆخەی ئەمڕۆ هیچی پێیە؟
هەمیشە گوتوومە نووسین بریتییە لە تێپەڕاندنی زمانی ڕۆژانە، کە زمانی ڕۆژانە ئاستی تێگەیشتنی گشتی پێک دەهێنێت و سەرجەم دەستەڵاتەکان تێیدا کۆ دەبنەوە. بە مانایەکی دی، زمان ئایدیۆلۆجیای باو دەردەبڕێت. لە حەفتاکان و هەشتاکاندا ئەگەر کوردێ بیگوتایە: (ئای هەژاری!)، ئەوە بەبێ ئەوەی هیچ مەبەستی بووایە، وا لێک دەدرایەوە لە دژی سەرمایەداریدا ناڕەزاییی دەربڕیوە و هیوای سەرکەوتنی سۆسیەلیزمی خواستووە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە، کە ئایدیۆلۆجیای ئیخوانیزم باشووری کوردستانی داپۆشیی، ئەوە هەمان گوتە بەو شێوەیە دەخوێنرایەوە، گۆیە عەلمانیەت بە نەفرەت دەکات و دەنگ بە ئیخوان دەدات، بۆیە بەشێکی نووسەر و هونەرمەندان لەپێناوی ڕازیکردنی جەماوەردا، پەنایان بۆ ئەم زمانە دەبرد. لەم دۆخەی ئەمڕۆدا ئەو پێوەندییەی نێوان گوتن و سەرچاوە پچڕاوە. هەر لەم کەرنەڤاڵانەی تا ئێستا بە ڕێوە چوون، هەم شێوازی گوتن گۆڕاوە و هەم ئەو سەرچاوەیە بە لاوە نراوە، بۆیە تەنانەت درووشمی ئایینییش بە گشتی بۆ ئەو سەرچاوەیەی ئیخوان ناگەڕێنرێتەوە. وەک گوترا هەندێک مەلا درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) دەڵێنەوە. باسی چوار پارچەی کوردستان دەکەن و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرکەوتنی ڕۆژاڤا لە دژی چەتەکانی (جۆلانی) ڕادەگەیەنن، بگرە بەهای کەزی دەهێننە بەرچاو. (چەتەکانی جۆلانی) دەربڕینی خۆیانە. خانمێکی باڵاپۆش گوتی ئەو ژنە شەڕەڤانانە خوشکمن، بە مەرجێ لە بنەڕەتەوە پۆشینی بەرگەکەی بەو مەبەستە بووە لەوان نەچێت. ڤیدیۆی هەندێک لەو بانگخوازانەیان بۆ ناردووم، کە تا دوێنێ نزایان دەکرد خودای گەورە (ئەردۆگان) سەر بخات، کەچی ئەمڕۆ دەڵێن ئامادەن گیانیان فیدای کوردستان بکەن و ژنی شەڕەڤان بە مایەی شانازی دەزانن. لە هەموو ئەوانەدا دەمەوێت بڵێم ئاستی زمانی ڕۆژانەمان نەک هەر گۆڕاوە، بەڵکوو سەرچاوەکەیشی تێک شکێنراوە.
نابێت ئەوە بشارینەوە، کە زمانی ڕۆژانە خاوەنی پاوانخوازییە و هەوڵ دەدات ئەوانە بە لاوە بنێت، کە پێی نادوێن، بۆیە ئەمڕۆ کەسانێک دەزانن، ئەگەر بە کاری نەهێنن، دەکەونە پەراوێزەوە. دیارە ئەمە شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە زمانی ڕۆژانەمان چووەتە ئاستێکی باڵاترەوە، تەنانەت دەکرێت بە دەربڕینی (باشلار) بڵێین دابڕان هاتووەتە دی. ئەوە تەنیا بەرهەمی ڕۆژاڤا نییە، بەڵکوو هیی هەموو ئەوانەیشە، کە هەوڵی تێکشکاندنی زمانی باویان داوە و زمانی تاکانەی خۆیان داهێناوە. بێگومان ژمارەیان کەمە، بەڵام بەوەدا ئەو ئاڕاستانە هێزی خۆیان لە ژیان وەرگرتووە، نەوەک لە شمەک، ئەوە جیاوازییان هێناوە و کاریگەرییان جێ هێشتووە. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا هیی ئاستی سۆسیۆلۆجی نییە، بەڵکوو لە ئاستی ئێستاتیکایشدا دەرکەوتووە. لەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا بە ڕوونی دیومانە چۆن ڕووبەڕووبوونەوەی هزر و زمانی میلـلی هێزی پەیدا کردووە. ئەو پرسیارانەی لە نووسەرە جەماوەرییەکان کراون، کە ئەمانە دووانیانن: (بۆچی لە ئاستی جەماوەردا دەدوێن؟ ئەرێ ئەوەی ئێوە گوتوتانە، هەر ئەوە نییە خۆیشمان دەیزانین؟)، دنیای نووسینمانیان گۆڕیی و ئاستی تێگەیشتنمانی هەڵکشاند.
هەر کولتوورێک ئاستێکی دیاریکراوی زمانی ڕۆژانەی هەیە و لێی دانابەزێت. ئەمە دۆخێکی چەسپاو نییە، بەڵکوو بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئەوە وا دەخوازێت نووسینی داهێنەرانە ئەم ئاستەیش تێبپەڕێنێت. بە مانایەکی دی، نووسین تەنیا کاتێ دەتوانێت داهێنەر بێت، کە ئەم زمانەی ڕۆژانەیە تێک دەشکێنێت و لە ئاستێکی باڵاتردا دەریدەخاتەوە. ئەوەیش ئاستی ئاماژەیە. کێ بەردەوام زمانی ڕۆژانە تێک دەشکێنێت و بە زمانی تاکانەی خۆی دەدوێت؟ ئەوەی ڕوانینێکی جیاوازی هەیە. لێرەوە ئەو خودە تێدەپەڕێنێت، کە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان پێکیان هێناوە و هەر خۆیشیان تێیدا دەدوێن. بەم شێوەیە داهێنەر هەمیشە ئەو خودەی تێدەپەڕێنێت و خۆی ناسنامەی پێ دەدات، کە خودی ئەو ناسنامەیە جێگیر نییە، بەڵکوو کردەیەکی داینامیکییە و توانای بەرهەمهێنانی جیاوازیی هەیە. ئەگەر ئەو ڕۆشنبیرە جەماوەرییانە تا ئەمڕۆ زمانیان لە ئاستی جەماوەردا بوو، ئەوە لەمەودوا لە خوارتریشە، کە بە ڕوونی دەبینین ئاستی تێگەیشتن و زمانیان لەلایەن جەماوەرەوە تێپەڕێنراون.
سەرچاوەکان:
1. زۆرایه‌تی و جاگلەرهه‌وڵێک بۆ لێکدانه‌وه‌ی سێکوچکه‌ی ڕۆشنبیر، ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه – ژنەفتن
2. کاکەسوور، کاروان عومەر، ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، ژمارە (59)، چاپی یەکەم، 2025، دانیمارک.
3. لەو گفتوگۆیەی (دلێر سەلیم) لەبارەی کۆمەڵەوە لەگەڵ من و چەند نووسەرێکی دیکەیدا کردووە، هەوڵم داوە ئەمانە و زۆری تر لەبارەی چەمکی کاریزماوە بڵێم. پەڕتووکەکە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە.
4. کاکەسوور، کاروان عومەر، سادەنووسی لە ئاست پرسیار و ڕاڤەدا، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، ژمارە (54)، چاپی یەکەم، 2024، دانیمارک. دەکرێت لەم لینکەی خوارەوەیشدا بخوێنرێتەو:
لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی – ژنەفتن
5. ماوەی پێشوو یەکێ لەو ڕۆژنامانە بە منەوە گرتبووی و گەیشتە ئەوەی پەیامنێرێکی پێم بڵێت گەمژە، کە لێرەوە سپاسی دەکەم و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازم. هەر ئەوانە ناوی دەیان فیلۆسۆف و چەمک بە دوای یەکدا دەهێنن. هەمیشە گوتوومە هەبوونیان گرنگە. لە ڕێی هەڵگرتنەوەی ئەو چەمکانەی لە دنیای شمەکدا فڕێیان دەدەن، تا بیانبەینە دنیای ئاماژە و لەوێدا لێکیان بدەینەوە، بەردەوام ئاستی میلـلی تێدەپەڕێنین و دەریدەخەین زمانی ڕۆژانەی جەماوەر لە نووسیندا چ گاڵتەجاڕییەکە!
6. Nietzsche, Friedrich, The Twilight of the Idols: How to philosophise with the hammer. (1927) TRANSLATED BY ANTHONY M. LUDOVICI LONDON: George Allen And Unwin Ltd., London. RUSKIN HOUSE, 40 MUSEUM STREET, W.C.1 NEW YORK: THE MACMILLAN COMPANY. PP.42
7. کاکەسوور، کاروان عومەر، سادەنووسی لە ئاست پرسیار و ڕاڤەدا.
8. لەو نامەیەی لەژێر ناونیشانی (تێپەڕاندنی خود و واقیعی باو لە ڕێی وێنەی شیعرییەوە)دا بۆ نزیکەی حەفتا شاعیری دوای نەوەی ڕاپەڕینم نووسیوە، باسم لەم چەمکە و کۆمەڵێکی تر کردووە. هەوڵم داوە ڕوانینی خۆم لەبارەی شیعرەوە بخەمە ڕوو، جیاوازی و خەسڵەتەکانی شیعری ئەوانەیش بخوێنمەوە. ناوی شاعیرەکان لە (A)ـەوە بۆ (Z) نووسراون: (ئاکام کەوسەری)، (ئالان پەری)، (ئارام حاجی)، (ئازاد بەهین)، (ئەحمەد مستەفا زەکی)، (بابانی شەن)، (بەشدار سامی)، (بڵند باجەلان)، (بڕیار محەمەد)، (چۆلی فایەق)، (دابان عەتار)، (داستان بەرزان)، (دیار لەتیف)، (ئیسماعیل سابیر)، (غەمگین بۆڵی)، (گۆران ڕەسووڵ)، (هەڵاڵە سوهرابی)، (هەرەس: ئەنوەر عەباسی)، (هێرۆ کوردە)، (ژاوێن شالی)، (ژیار ئەسوەد)، (کاروان حاجی)، (کارزان ڕەحمان)، (لازۆ ئازاد)، (ماردین ئیبراهیم)، (نارین ڕۆستەم)، (نەهرۆ جەرجیس)، (نەشمیل عەلی بەرزنجی)، (نەوا ئەمین)، (نەورەس محەمەد)، (ئومێد قەرەنی)، (پەخشان عەبدولڕەحمان)، (سەردار نۆڕێ)، (پێشەوا کاکەیی)، (پشتیوان عەلی)، (ڕابەر فاریق)، (ڕاهۆز کامەران)، (ڕەها ئەبووبەکر)، (ڕەشید مەحموود)، (ڕەزا عەلیپوور)، (ڕێبین ئەحمەد خدر)، (ڕزگار سوبحی)، (سایە قووغان)، (سایۆ ڕەجەب)، (سامان حەسەن)، (سندی ڕێشاخ)، (سۆران ساڵح)، (سۆران محەمەدەسوورە)، (سروشت نەوزاد)، (سۆما مەلا)، (سومەییە جەلال)، (شاخەوان ئەحمەد باپیر)، (شاڵاو حەبیبە)، (شانۆ بەکر)، (شەرمین وەلی)، (شکار محەمەد)، (شنە نووری)، (تەیب قادر)، (یوونس ڕەزایی)، (زاموا محەمەد)، (زانیار ڕەوا) و (زوڵەیخا کەریم).
9. Nietzsche, Friedrich, The Twilight of the Idols: The twilight of the idols : How to philosophise with the hammer.PP.17
10. Ibid. PP. 41-42.
11. کاکەسوور، کاروان عومەر، سادەنووسی لە ئاست پرسیار و ڕاڤەدا. ل.161
12. ئەم پەرەگرافەی پێوەندیی بە ڕوانینی (شتراوس)ـەوە هەیە، هەر لەو گفتوگۆیە وەرگیراوە، کە لەبارەی کۆمەڵەوە لەگەڵمدا کراوە.
13. بەشێکی ئەم باسە لە کتێبی (ڕاڤەی چەمکەکان لە جیهانی ئاماژەدا) وەرگیراوە، کە گفتوگۆیەکە و تێیدا کۆمەڵێک پرسیار ورووژێنراون و چەندان چەمک لێک دراونەتەوە. هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە.
The post ڕۆشنبیری جاگلەر لە حەڤدەی شوباتەوە بۆ ئەزموونی ڕۆژاڤا appeared first on ژنەفتن.
لەبارەی ڕەخنەی ڕۆمانەوە
بابەتی ڕەخنەی ئەدەبی بە گشتی، یەکێکە لەو باسانەی بەردەوام جێی دیالۆگ، ڕوانین و ڕامان بووه‌. ڕێگە و هێڵی گەشەی ڕەخنەی ئەدەبی لە شوێنێک نەوەستاوە و نایشکرێت قۆناغێکی ڕەخنەی ئەدەبی بەلاوە بنرێت، یان وەک ئایدیا و باوەڕێکی لەکارکەوتوو و بەسەرچوو تەماشا بکرێت، به‌ڵکوو هەموو قۆناغەکان هه‌رده‌م وەک ئەگەر، دەکرێت سوودیان لێ وەر بگیرێت و بۆیان بگه‌ڕێینه‌وه‌. لەو دیدگایەوە بیرمەند و فەیلەسووفان بەردەوام گەشەیان بە تیۆری و ئایدیاکانی یه‌کدی داوە.
با بپرسین ئایا بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ڕۆمان پێویستمان به‌ دیدگای فه‌لسه‌فی هه‌یه‌؟ ڕەخنەگرتنی ئەدەبی، بەتایبەتی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانەکان، تەنیا هەڵسەنگاندنێکی سادەی باش و خراپیی بەرهەمێکی هونەری نییە، بەڵکوو چالاکییەکی فەلسەفییانەی قووڵیشە و پێوەندیی بە سروشتی زمان، گێڕانەوە، هەقیقەت، خودی مرۆڤ و پێوەندیی نێوان هونەر و ژیانیشەوە هەیە. کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنینەوە و پاشان هەوڵی لێکدانەوەی دەدەین، ئەوە لەگەڵ کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفیدا ڕووبەڕوو دەبینەوە. لێکۆڵینەوە لە جیهانی ناوەکییانەی ڕۆمان، شیکردنەوەی زمان وەک پێکهاته‌یه‌کی فەلسەفی، تێگەیشتن لە تاک و پرسیارە بنه‌ڕه‌تییه‌کان و بەشداریکردن لە دیالۆگێکی بێکۆتایی لەگەڵ تێکسته‌که‌دا، ئیشی ڕه‌خنه‌یه‌. ڕەخنەی ڕۆمان کۆشان نییه،‌ تا وەڵامی پرسیارەکان بداته‌وه‌، بەڵکوو ته‌قه‌لایه‌ بۆ ورووژاندنی پرسیاری نوێ، تاکوو ئاسۆکان فره‌وانتر ببن و خوێنەر به‌ جووڵه‌ بکه‌وێت، تا بە قووڵی و لە بازنه‌ی فەلسەفییەوە لە ڕۆمان بڕوانێت وەک ئەوەی پێوەندیی بە ژیانەوە هەیە. به‌گشتی ئامانجی ڕەخنە ئەوە نییە ڕۆمانێک بخاتە ناو قاڵب و کڵێشه‌وه‌، بەڵکوو دەرفەت بۆ مانا نوێیەکان فه‌راهه‌م ده‌کات.
ڕۆمان، پێش ئەوەی ببێتە فۆڕمێکی گێڕانه‌وه‌ یان پەیامێک، دنیایه‌کی ناوەکی دروست دەکات، کە خاوەنی یاسا و واقعی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی. کاتێک ڕەخنەگر ڕۆمانێک شڕۆڤه‌ ده‌کات، لە ڕیالیزمه‌وه‌ تا خەیاڵی زانستی و فەنتازیا، ئەوە هەوڵێکە و دەیەوێت لە ڕێیەوە لەم دنیا ئه‌فرێنراوه‌ تێبگات. پرسیارەکانی وەک: ئایا ئەم گێڕانه‌وه‌یه‌ باوەڕپێکراوە؟ یاساکانی چین و چۆن کار دەکەن؟ پێوەندیی کاراکتەرەکان لەگەڵ ئەم دنیایه‌ چۆنە؟ زمان تەنیا ئامرازێک نییه‌ بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، بەڵکوو فەلسەفەیەکیش لە خۆ ده‌گرێت. شێوازی بەکارهێنانی زمان لە لایەن نووسەرەوە، هەڵبژاردنی وشەکان، ڕستەسازی، ڕیتم و ستایل، هەموویان ڕەنگدانەوەی دیدگای جۆراوجۆری فەلسەفین. ڕەخنەکار پێویستە شارەزایییەکی قووڵی لە زمان هەبێت، تا تێبگات چۆن زمان دەتوانێت هەقیقەت بشێوێنێت، چۆن دەتوانێت واقعیه‌تێکی نوێ بئافرێنێت. شیکردنەوەی زمان لە ڕۆمانێکدا بریتییە لە شیکردنەوەی ئەو فەلسەفەیەی کە لە ناوه‌خنی زمانەکەدا حەشار دراوە.
ڕۆمانەکان زۆرجار ڕووبه‌رێکن بۆ لێکۆڵینەوە لە خودی مرۆڤ و پرسی ناسنامە. کاراکتەرەکان بە ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانیانەوە وەک ئاوێنەیەکن بۆ خوێنەر، تا لە خۆی بڕوانێت. ڕەخنەگر پێویسته‌ پرسیار بکات: ئەم ڕۆمانە چۆن تاک وێنا ده‌کات؟ ئایا پرسی ناسنامە شتێکی جێگیرە یان گۆڕاوه‌؟ چۆن کاراکتەرەکان لەگەڵ فشارەکانی جڤاتدا مامەڵە دەکەن؟ ڕۆمانەکان زۆرجار بوارێکیشن بۆ گه‌نگه‌شه‌ی پرسیارە ڕەوشتییەکان. بڕیاری کاراکتەرەکان، به‌رهه‌می کردارەکانیان، هەڵبژاردنەکانیان لەنێوان ڕه‌ش و سپیدا، هەموویان بابەتێکن بۆ لێکۆڵینەوە له‌ چوارچێوه‌ی پرسی (فه‌لسه‌فه‌ی ڕەوشت)دا. ڕەخنەگر ده‌کۆشێت لەو پرسیارە تێبگات کە ڕۆمانەکە ده‌یخاته‌ ڕوو، نەک تەنیا بڕیار لەسەر باش یان خراپیی کاراکتەرەکان بدات، بەڵکوو دەیەوێت لەو ئاڵۆزییە تێبگات کە ژیانی مرۆڤی پێک هێناوە. ئەمەیش پێوەندیی بە (فه‌لسه‌فه‌ی ڕەوشت)ەوە هەیە، چۆن نووسەر لە ڕێگەی کاراکتەرەکانیەوە دیدگایەکی ڕەوشتییانە پێشکەش دەکات، یان پرسیار لەبارەی ڕوانینه‌ باوەکانەوە دەخاتە ڕوو.
ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان تەنیا شیکردنەوەیەکی تاکلایەنە نییە، بەڵکوو دیالۆگێکی فەلسەفییشه‌ لەنێوان خوێنەر، ڕەخنەگر و تێکسته‌کەدا‌. هەر خوێندنەوەیەک، وەک ئه‌وه‌ی گادامەر باسی ده‌کات، بریتییە لە تێکەڵکردنی ئاسۆکان، ئاسۆی خوێنەر و ئاسۆی تێکست تێکه‌ڵ دەبن. واتە ڕەخنەگر تێکست بەپێی تێگەیشتنە فەلسەفییەکانی خۆی و ئەو چوارچێوە فیکرییەی کە تێیدا دەژی، لێک دەداتەوە. لەم ڕایە‌ڵه‌وه‌، کاتێک ڕۆمانێک ده‌خوێنینه‌وه‌، هیچ خوێندنەوەیەکی ڕەها و کۆتایی له‌ بەرچاو ناگرێت. هەر ڕەخنەیەک بریتییە لە خوێندنەوەیەکی نوێ، گومانکردنێکی نوێ، دۆزینەوەیەکی نوێ لەو واتا بێکۆتاییانەی کە لە تێکسته‌که‌دا حەشار دراون. ده‌شێ بڵێین: ئامانجی ڕەخنەگرتن له‌ ڕۆمان ئەوە نییە چیرۆکه‌که‌ ڕوون بکاتەوە، بەڵکوو گرنگه‌ ئاڵۆزییەکانی تێکست دەربخات و پرسیاری نوێ بورووژێنێت.
وه‌ک گوتمان ڕه‌خنه‌ خۆی له‌ دیدگایه‌کی فەلسەفی هه‌ڵده‌قوڵێت، به‌ڵام دەبێت ئاگاداری سنوور و چوارچێوه‌کانیش بین. یەکێک لە سه‌رنجه‌کان ئەوەیە کە ڕەخنەگر لەناو تیۆرییە فەلسەفییەکاندا نوقم بێت و ته‌واو له‌ ئەزموونی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دوور بکەوێتەوە. واتا كاره‌كه‌ی زۆرتر گواستنه‌وه‌ی تیۆره‌كان بێت، له‌ جێیی پڕاكتیك و شڕۆڤه‌. ڕەخنە نابێـت سه‌کۆیه‌ک بێت بۆ كۆپیكردنی تیۆره‌كان و نمایشکردنی زانیارییەکانی ڕەخنەگر لەبارەی فەلسەفەوە، بەڵکوو ده‌بێت دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ دامه‌زرێنێت و خزمەت بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ڕۆمانەکە بکات. سه‌رنجێکی دیکه‌ بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕۆمانەکە و گواستنه‌وه‌ی بۆ ئاستی گێڕانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی و كۆڵان، بەبێ ڕەچاوکردنی بایه‌خی ئێستاتیکا و لایەنی هونەری، لایه‌نی جوانیی زمان و کاریگەرییە سۆزدارییەکان به‌ لاوه‌ بنرێن. ڕۆمان، لە هەموو شتێک زیاتر، ئەزموونێکی ئێستاتیکی و هونەرییە. ڕەخنەگر پێویسته‌ هاوسەنگییەک لەنێوان شیکردنەوەی فەلسەفی قووڵ و لایەنی هونەری و ئێستاتیکی تێکسته‌که‌ ڕابگرێت.
ڕۆمان ئاوێنەیەکە کە لێیەوە دەڕوانین و خۆمان و جیهانەکەمانی تێیدا دەبینینەوە، بەڵام ڕەخنە هونەرێکە کە فێری دەبین چۆن بە هۆشیاری و قووڵی بڕوانینە ناو ئەو ئاوێنەیە، چۆن لایەنە شاراوەکانی بدۆزینەوە و چۆن لە تەنیا وەرگرتنی چێژ و کاتبه‌سه‌ربردنه‌وه‌ بچینە ئاستی تێگەیشتنی قووڵترەوە. ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان تەنیا دۆزینەوەی کەموکووڕی نییە، هه‌وڵدان نییه‌ تا سکانداڵی تێکست بدۆزیته‌وه‌، بەڵکوو گفتوگۆیەکی بەهادارە لەگەڵ تێکستدا، لەگەڵ نووسەر و لەگەڵ کولتوورێک، کە ڕۆمانەکە لێیەوە سەری هەڵداوە.
لەم وتارەدا نامەوێت ڕیشە مێژووییەکەی پرسی ڕەخنەی ئەدەبی دەربخەم، نایشمەویت لق و بەش و جۆرەکان بە سەر بکەمەوە، بەڵکوو ئەوەی مەبەستمە، بازنەی کارەکە لە پرسی ڕەخنەگرتن لە ڕۆماندا لێک بدەمەوە. لە سپه‌یسی ئەدەبیدا ئەم ژانرە ئێستاکە قورسایییەکی گرنگ و بایەخێکی زۆری هەیە. ئێمەی کورد بە بەراورد بە مێژوو و گەشەی ڕۆمان و وردەکارییەکانی ڕۆماننووسین، تەواو نوێین. واتا ئەزموون و تێکەڵبوونمان بەم ژانرە، بە بەراورد بە مێژوو و سەرهەڵدانی ئەم ژانرە، کەمە. هەڵبەت هەمان ڕوانینیش بۆ دۆخی ڕەخنە و گەشەی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان ڕاستە. بەخێرایی ئاماژە بە قۆناغی گەشە و بەشێک لەو خەسڵەتانە دەکەین، کە لە پێوەندیی نێوان ڕەخنە و ڕۆماندا ڕوویان داوە. زۆر ناگەڕێینەوە دواوە، گه‌ر لە ڕەخنەی شێواز و فۆڕمەوە دەست پێ بکەین، کە سەرنج دەخاتە سەر پێکهاتە و شێوازی تێکست، وەک: ڕێزمان، زمان، ڕێکخستنی چیرۆک و هونەری نووسین. له‌م مۆدێله‌ی ڕه‌خنه‌، ناوەڕۆک و کارتێکەرە دەرەکییەکان پشتگوێ دەخرێن، به‌ڵام ڕەخنەی کۆمەڵایەتی جیاوازە، ئەمەیان پێوەندیی نێوان ڕۆمان و کۆمەڵگا شڕۆڤە دەکات و بە دوای قووڵبوونه‌وه‌ له‌ کێشە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، بابەتی چینایەتی و گۆڕانکارییە خێزانییەکان و ڕۆڵ و کاریگه‌رییان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گه‌ڕێت. لە ڕەخنەی دەروونشیکاریدا گرنگی بە دەروونی کارەکتەرەکان و نووسەر دەدرێت، بە پشتبەستن بە تیۆرییەکانی فرۆید، یۆنگ و دەروونناسەکانی دیکە. هەروەها لە ڕێگەی ڕەخنەی مێژوویییەوە، ڕۆمان لە چوارچێوەی سەردەم و دۆخی مێژووییی خۆی دەخوێنرێتەوە و کاریگەریی ڕووداوە مێژوویییەکان لەسەر تێکست لێک دەدرێتەوە. ڕەخنەی فیمینیستی بایەخی بە ڕۆڵ و سته‌می سه‌ر ژنان داوە. چه‌ند جۆری دیکه‌یش له‌ ڕه‌خنه‌ تایبه‌تمه‌ندێتی و چوارچێوه‌یان پێ دراوە. دەتوانین بڵێین ئەم هەنگاوانە دیدگا و ڕەوتی ڕەخنەیان گەیاندووەتە ئاستێک، کە لە زیاد لە گۆشەیەکەوە ڕەخنە و خوێندنەوە بۆ ڕۆمانه‌کان بخرێنە ڕوو. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ ئێستاکه‌ ڕەخنە بەگشتی و فۆڕمی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانەکان، گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، لە هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی و هەست و سۆزەوە بۆ دۆزینەوەی یاسا و پێکهاتەکانی تێکست، کە لە ناوەخنی گێڕانەوەیەکدا شاردراونەتەوە.
لە دۆخی پۆستمۆدێرندا ئەم گۆڕان و جووڵەیە درێژەیان پێ دراوە. ئەمجارە لە ڕەخنەدا پرسیار لە هەقیقەت، مانا و دەستەڵات کرا و سەرنج خرایە سەر فرەواتایی و شکاندنی چوارچێوە کلاسیکییەکان، لەو ڕێگەیەوە ڕەخنەی سیمۆتیکی پەیدا بوو و نیشانە و ئاماژە و هێماکان و چۆنیەتیی دروستبوونی واتا لە ڕێگەی نیشانەکانەوە بڕه‌وی پێ درا. لە کۆتایییەکانی سەدەی بیست، قوتابخانەیەکی دیکەی گرنگ کەوتە نێو بابەتی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، بەتایبەت لە بازنەی ڕەخنەگرتن لە ڕۆماندا، ئەویش ڕەخنەی پێکهاتەخوازی بوو. ئەم جۆره‌ ڕەخنەیه‌ یەکێکە لەو قوتابخانانەی بە کاریگەرییەکی گەورە و بەهێزه‌وه‌ ده‌رکه‌وت.
هەموو تێکستێکی ئەدەبی بەپێی پێکهاتە و سیستەمە نیشانەیییەکانی ناوەوەی کار دەکات، نەک بەپێی مەبەستی خوێنەر یان ژیانی نووسەر. تێکست بە سەربەخۆیی لێک دەدرێتەوە و زانیاریی دەرەکی پشتگوێ دەخرێت. لەبەرانبەردا بایەخدان بە پێکهاتە و سەرنجدان لە وردەکاریی ڕێکخستنەکانی نێو تێکست و پێوەندیی نێوان توخمەکانی تێکست، هەڵکۆڵینی تێدا دەکرێت.
لەم قۆناغەدا سیستەمی زمانەوانی بایەخی پێ درا و تێکستەکان خرانە بەردەم جۆرێک لە دووانەی دژیەک، کە بنەڕەتن و پێوەندییان بە دروستبوونی تێکستەوە هەیە، وەک: باش-خراپ، ڕووناکی-تاریکی، ژیان-مردن. لە ڕێگەی کۆد و ئاماژەکان و ئه‌و دژیه‌کییه‌وه‌ مانا دروست ده‌بێت. (تزڤیتان تۆدۆرۆڤ) ڕەخنەگری فەرەنسی-بولگاری، وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی پێکهاتەگەراییی فڕەنسی، بیرۆکەیەکی گرنگی خستە ڕوو، کە ڕەخنە نابێت تەنیا وەسفکردنی کارێکی هونەری بێت، بەڵکوو پێویستە بە دوای زانستێکدا بگەڕێت لە ئەدەبیاتدا، زانستێک کە بتوانێت ئەو خەسڵەتە نهێنییەی کە تێکستێک دەکاتە ئەدەب، دەستنیشان بکات. ڕەخنەی ڕۆمان، وەک پیشە و هونەرێکی سەربەخۆ، پشت بە ڕێگەچارە فەلسەفی و شیکردنەوە بنچینەییەکان دەبەستێت. یەکێک لە گرنگترین ئەو ڕێگەچارانە شیکردنەوەی پێکهاتەیی(Structuralism)ە.
تۆدۆرۆڤ له‌ وتاری شیکردنەوەی پێکهاتەییی گێڕانەوە(Structural Analysis of Narrative)دا کە لە ساڵی ١٩٦٩ بڵاوی کرده‌وه‌، ڕۆڵێکی بنەڕەتیی بینی لە گۆڕینی تێگەیشتنمان لە ڕەخنەی ڕۆمان و ڕێگایەکی نوێی خستە بەردەم ڕەخنەگران: مامەڵەکردن لەگەڵ گێڕانەوەدا، نەک وەک دیاردەیەکی کولتووری یان کۆمەڵایەتی، بەڵکوو وەک سیستمێکی زمانەوانی، کە ڕێزمانێکی تایبەتی خۆی هەیە. له‌م ئاراسته‌یه‌وه‌ تۆدۆرۆڤ بنەمای زانستی گێڕانەوەی (Narratology) دامەزراند و ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانی لە بواری هەست و سۆز و کەسێتییەوە بۆ بواری تیۆریی گواستەوە.
گرنگترین بیرۆکەی تۆدۆرۆڤ، پێداگرییە لەسەر ڕێبازی ناوەکی (Internal Approach). ئەو بە ڕوونی دەڵێت: “ئەدەب پێویسته‌ لە خه‌سڵه‌ته‌ تایبەتەکەیدا، وەک ئەدەب لێی تێبگەین، پێش ئەوەی بە دوای دیاریکردنی پێوەندییەکەیدا بگەڕێین لەگەڵ هەر شتێکی تردا.” تۆدۆرۆڤ ڕەتی دەکاتەوە کە ڕۆمان تەنیا وه‌ک بەرهەمی پێکهاتە دەرەکییەکان تەماشا بکرێت، وەک کۆمەڵناسی مارکسیستی، دەروونناسیی فرۆیدی. ئەو پێی وایە ئەم ڕێبازانە هەرچەندە گرنگن، بەڵام خودی کاکڵه‌ و مۆخی ئەدەب پشتگوێ دەخەن. تۆدۆرۆڤ بە ڕێبازی پێکهاتەخوازی داوا لە ڕەخنەکاران دەکات سەرنج بدەنە پێکهاتەی زمان، کە هه‌وێنی دروستکردنی تێکستە. ئەمە واتای ئەوە نییە بەهای کۆمەڵایەتی یان دەروونی له‌ ڕۆماندا نکۆڵیی لێ بکرێت، بەڵکوو جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌ لەوەی‌ شیکردنەوە پێویسته‌ لەسەر چۆنیەتیی دروستبوونی گێڕانەوە بێت، نەک لەسەر فاکتەری دروستبوون. ڕۆمان یەکەم جار تێکستێکی زمانەوانییە، پێکهاتەیەکە لە نیشانە، کۆد و هێما، پاشان کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتی یان دەروونییە.
تۆدۆرۆڤ زمان دەکاتە ژێرخانی بنەڕەتی بۆ شیکردنەوەی گێڕانەوە. چۆن لە ڕێگەی هەڵکۆڵینی زمانەوە بناخەی سروشتیی ڕێزمان دەدۆزینەوە، ئەوهایش لە ڕێگەی ڕەخنەی ئەدەبی، دەگەینە ڕێزمانی گێڕانەوە. کۆمەڵە یاسایەک هەن، به‌رچاوڕوونیمان ده‌ده‌نێ، چۆن چیرۆکێک دروست دەبێت، چۆن کاراکتەرەکان جووڵە دەکەن، چۆن کات و شوێن ڕێک ده‌خرێن. بەم شێوەیە تۆدۆرۆڤ دەتوانێت چیرۆکە هه‌ره‌ ئاڵۆزەکان بخاتە خانەیەک و شڕۆڤه‌یان بکات، هەروەک چۆن زمانەوانێک ڕێزمانییانه‌ ڕستەکان شی دەکاتەوە.
ڕەخنەگرتن له‌ ڕۆمان، کارێکی لەخۆڕا (ڕه‌ندۆم) نییه‌. شیکردنەوە و ڕامانه‌ لە تەکنیک و نێوه‌ڕۆک له‌ ڕووی: پێکهاتە و چیرۆک، ئایا گیڕانه‌وه‌که‌ چەندە بە سەرکەوتوویی داڕێژراوه‌ و چەند جێی باوه‌ڕه‌؟ ئایا ڕووداوەکان بە چ شێوازێک ڕێک خراون؟ ئایا گرژی و خاوبوونه‌وه‌ باش دوای یه‌کتر خراون‌؟ ئایا کەسێتییەکان سەرنجڕاکێشن و هه‌ست به‌ هه‌بوونیان ده‌کرێت؟ ئایا گەشەسەندنی کاره‌کته‌ر ڕووی داوە؟ کاره‌کته‌ره‌کان چەندە نزیکن لە مرۆڤی ڕاستینە؟ ئایا ئەو بیرۆکانە چۆن پێوەندیان لەگەڵ کۆمەڵگە و مێژوو و فەلسەفە دامەزراندووە؟ ئایا نەخشەی گێڕانه‌وه‌ وه‌ک ڕاستی‌ خۆی ده‌رده‌خات؟ ئایا ژینگە یارمەتیی دەدات بۆ گەیاندنی بارودۆخی ڕووداو و کەسێتییەکان؟ ئایا زمانەکە خاوەنی تایبەتمەندێتییە؟ نووسەر چەندە سەرکەوتوو بووە لە بەکارهێنانی میتافۆر، پارادۆکس، ڕێزمان و ڕستەسازیدا؟ دیالۆگەکان چەندە سروشتین؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێتە ڕێگەیەک کە دەکرێ ناو بنرێ: ڕەخنەی ناوەکی. ئەم ڕەخنەیە تیشک دەخاتە سەر هۆکارە ناوەکییەکانی ڕۆمانەکە خۆی، وەک پێکهاتە، زمان، کەسێتی و ناوەڕۆک. لێرەدا ڕەخنەگر کار لەسەر تەکنیک و هونەری نووسەر دەکات، بەڵام ڕەخنەی دەرەکی پێوەندیی نێوان ڕۆمانەکە و جیهانی دەرەوە شڕۆڤه‌ ده‌کات. وەک پێوەندیی ڕۆمانەکە بە مێژوو، کۆمەڵگە، ئابووری، فەلسەفە، ئایین و سیاسەتەوە.
با وردتر سه‌نج بده‌ین، ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به‌ ناوه‌ڕۆك ده‌ده‌ن، ده‌پرسن: چۆن ڕۆمانەکە داڕێژراوه‌ و ورده‌کارییه‌ تەکنیکییەکان کامانه‌ن؟ بنیات، کاراکتەر، ڤه‌گێڕ، زمان، سیمبۆل و ڕێتم چۆن ڕێك خراون؟ ئایا بنیاتەکە یەکگرتووە؟ ئایا کاراکتەرەکان گەشە دەکەن؟ ئایا کاره‌کته‌ر و ڤه‌بێژەر باوەڕپێکراون؟ ئایا زمانەکە به‌هێز و گونجاوە؟ ئایا سیمبۆلەکان بە شێوەیەکی ئۆرگانی لە تێکستدا ڕەگیان داکوتاوه‌ یان بە زۆرەملێ داچێنراون؟ ڕستەکان چۆن دروست بوون؟ دەنگی گێڕانەوەکە چۆنە؟ زمان تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکوو خودی هونەرەکەیە، بۆیە دەبێت بپرسرێت ئایا زمانەکە سادە و ڕوونە یان ئاڵۆز و چڕە؟ هەردووکیان دەتوانن کارامە بن، بەڵام دەبێت بە مەبەست بە کار بهێنرێن. ئایا زمانەکە گونجاوە لەگەڵ بابەت و کاراکتەرەکاندا؟ ئایا ڕیتم له‌ گێڕانه‌وه‌که‌دا هه‌یه‌؟ ڕستە درێژ و کورتەکان دەتوانن بیرکردنه‌وه‌ و هەست دروست بکەن؟
له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به‌ پێوه‌ندییه‌کان و کاریگه‌رییه‌ ده‌رکییه‌کان ده‌ده‌ن، ده‌پرسن: ئایا ڕۆمان لە بۆشاییدا دروست ده‌بێت؟ ئایا هەر ڕۆمانێک بەرهەمی سەردەمێک، شوێنێک و کولتوورێک نییه‌؟ ڕۆمان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای خۆیەتی؟ ڕۆمان چۆن وەڵامی بارودۆخە مێژوویی و سیاسییەکان دەداتەوە؟ ڕۆمان چۆن لەگەڵ ئەدەبیاتی پێش خۆیدا دەدوێت؟
تۆدۆرۆڤ باوەڕی وایە هەموو چیرۆک و گێڕانەوەیەک ڕێسا و پێکهاتەیەکی بنه‌ڕه‌تیی هەیە، هەروەک چۆن زمان ڕێسا و ڕێزمانی هەیە. ئەرکی ڕەخنەکاره‌ ئەم پێکهاتە نھێنیانە بدۆزێتەوە. تۆدۆرۆڤ دەڵێت: پێکهاتەی چیرۆک دەکرێت وەک پێکهاتەی ڕێزمانی نێو ڕسته‌یه‌ک بخرێتە ڕوو. پاڵەوانەکانی ڕۆمان وەک – ناو (Noun)، کردەوەکانیان وەک – کار(Verb)، خەسڵەتەکانیان وەک – ئاوەڵناو (Adjective) ته‌ماشا بکرێن. پریپۆزیشن(Proposition) بچووکترین یەکەی پێکهاتەی گێڕانه‌وه‌ و ڕووداوه‌. واتا پێکهاتەی گێڕانەوەکان پێک دێن لە کەسێتییەک (ناو) و کردەوەیەک (کار) و وه‌سفی ناو و کاره‌کان (ئاوه‌ڵناو- ئاوه‌ڵکار). بۆ نموونە: پیاوێک (ناو) دەچێتە دەرەوە (کار)، چۆن ده‌یکات و پیاوه‌که‌ چۆنه‌-(وه‌سفه‌). ڕۆمانێکی تەواو لە ڕیزبەندی و پێکەوەگرێدراوی ئەم یەکه‌ بچووکانە دروست دەبێت. پریپۆزیشنەکان خۆیان کۆ دەبنەوە و زنجیرە دروست دەکەن. ئەم زنجیرانە یەکەیەکی تەواو لە چیرۆکەکە پێک دەهێنن، وەک تاقیکردنەوە، تۆڵەسەندنەوە یان هه‌وڵدان و ئاشتبوونه‌وه‌.
تۆدۆرۆڤ له‌ باره‌ی ڕۆڵ و پێگه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان، هاوڕای (ڤلادیمیر پڕۆپ)ە، له‌باره‌ی تیۆریی (کەسێتی وەک ئه‌رک- فەنکشن). پڕۆپ ئه‌م تیۆ‌رییه‌ی لە شیکردنەوەی چیرۆکە خورافییە ڕووسییەکاندا خستە ڕوو. پێی وابوو کەسێتییەکان لە گێڕانەوەدا تەنیا بە تایبەتمەندێتییە تاکەکەسییەکانیان دیاری ناکرێن، بەڵکوو بە ڕۆڵ و کردەوەکانیان پێناسه‌ وه‌رده‌گرن. لە ڕەخنەی کلاسیکیدا کەسێتییەکان وەک مرۆڤی ڕاستینە ته‌ماشا دەکران، بە هەست و بیر و دەروونی ئاڵۆزه‌وه‌ تێکه‌ڵمان ده‌بوون، بەڵام تۆدۆرۆڤ دەڵێت کەسێتی لە بنەڕەتدا فەنکشنە. کاره‌کته‌ر لە چیرۆکدا بۆ ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو هەیە. تۆدۆرۆڤ ئەم بیرۆکەیە بەرفراوانتر دەکات و دەڵێت: لە هەر گێڕانەوەیەکدا، کەسێتییەکان بەپێی کار و کردەوەکانیان دیاری دەکرێن، نەک بەپێی بوون و ئامادەیییان. واتا: کەسێتی تەنیا (بکەر)ی کردارە وەک ئەوەی لە ڕستەدا (ناو) بکەری کردارە.
تۆدۆرۆڤ ویستیی چوارچێوەی ڕەخنە لە هەستەکان دوور بخاتەوە و نزیک بێتەوە لە زانست و ڕەوشت، کە تێیدا شیکردنەوەکە لەسەر بنەما و سیستەم و ڕێسایەک ڕێگه‌ی خۆی بگرێت.
تۆدۆرۆڤ هەوڵی داوە (ڕێزمان)ێک بۆ گێڕانەوە دابڕێژێت و ڕێساکانی جێبەجێ بکات. لەم ڕێزمانەدا، جۆرە جیاوازەکانی کردار (کار) و پێوەندیی نێوان کەسێتییەکان ده‌ربخات. بۆ نموونە: کردارەکان دەکرێت دابەش بکرێن بۆ (ئاکتی نەخشەدانان) و (ئاکتی ڕفتار)، پێش تۆدۆرۆڤ، زۆرێک لە ڕەخنەگران تیشکیان دەخستە سەر ناوەڕۆک و مانای ڕۆمان. تۆدۆرۆڤ ڕەخنەکەی کردە زانستی شیکردنەوەی پێکهاتە نھێنییەکانی گێڕانەوە. ئەمەیش یارمەتییەکی بەرچاوە تا له‌ ڕێگەی شیکردنەوەی پێکهاتە، جیاوازی لەنێوان ڕۆمانەکان بدۆزرینەوە و قسه‌یان له ‌باره‌وه‌ بکه‌ین. تۆدۆرۆڤ ویستیی چوارچێوەی ڕەخنە لە هەستەکان دوور بخاتەوە و نزیک بێتەوە لە زانست و ڕەوشت، کە تێیدا شیکردنەوەکە لەسەر بنەما و سیستەم و ڕێسایەک ڕێگه‌ی خۆی بگرێت.
مەبەستی سەرەکیی تۆدۆرۆڤ لەم وتارەدا، تەنیا شیکردنەوەی کارێکی ئەدەبیی دیاریکراو نییە، بەڵکوو ئامانج لێی دۆزینەوە و پێناسەکردنی ئەو پێکهاتە ئەبستراکتە و هێڵکارییە بنەڕەتییە گێڕانەوەییەیە، کە لە پشتی هەموو بەرهەمەکانەوەیە، واتە دۆزینەوەی (زمانی گێڕانەوە) نەک تەنیا پشکنین و شڕۆڤه‌ی تاکه‌که‌سییانه‌‌. جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە بۆ ڕەخنە، واتا ده‌ربازبوون له‌ قسه‌ی ساده‌ و کڵێشه‌ییی له‌باره‌ی ڕۆمان، لێره‌وه‌ بازنه‌ی ڕەخنە لە پێداهه‌ڵگوتن یان دژایەتیکردنه‌وه‌ دەگۆڕێت بۆ شیکردنەوەی میکانیزم و ڕێزمان و شێوازەکانی دروستبوونی خودی گێڕانەوەکە.
ژانر بە پێکهاتەیەکی مۆدالیتیی زاڵ دیاری دەکرێت. واتا، هەر ژانرێک شێوازی دیاریکراوی مامەڵەکردنی هەیە لەگەڵ ڕاستی، گومان و باوەڕدا.
لایەنێکی دیکەی گرنگی تیۆریی پێکهاته‌خوازی، تێگه‌یشتنه‌ لە چه‌مکی ڕێگه‌- شێواز (Modality) له‌ گێڕانەوەدا، شێواز تەنیا دەرخەری ڕووداوێک نییە، بەڵکوو شێوازی ڕووداوەکەیش ده‌گرێته‌وه‌: ئایا ئەم ڕووداوە ڕووی داوە؟ ئه‌گه‌ری ڕوودانی ڕووداوه‌كه‌ چه‌نده‌؟ پێویستە ڕوو بدات، یان ئەستەمە ڕوو بدات؟ تۆدۆرۆڤ دوو جۆر مۆدالیتی- شێواز دیاری دەکات: ئاماژە بە ڕووداوه‌ ڕاستینەکان دەکات کە ڕوویان داوە و ئاماژە بە ڕووداوە گرنگه‌کان، ئارەزوومەندەکان یان مەرجییەکان دەکات که‌ ڕوویان نه‌داوه‌. ئەم جیاوازییە زۆر گرنگە لە شیکردنەوەی ڕۆمان. ژانر بە پێکهاتەیەکی مۆدالیتیی زاڵ دیاری دەکرێت. واتا، هەر ژانرێک شێوازی دیاریکراوی مامەڵەکردنی هەیە لەگەڵ ڕاستی، گومان و باوەڕدا.
تۆدۆرۆڤ له‌ شڕۆڤه‌ی گێڕانه‌وه‌دا بایه‌خ به‌ سێ جۆر پێوەندی ده‌دات: یه‌که‌م، (کات) کامە به‌ش و پاژ پێش کامەیە؟ ئایا گێڕانەوەکە بە ڕێکوپێکی کات دەڕوات یان بە شێوازێکی پچڕپچڕ- تێکه‌ڵ؟ دووه‌م، (هۆکار): ئایا ڕووداوێک هۆکاری ڕووداوێکی دیکەیە؟ ئەم جۆرە پێوەندییە پایه‌ی وه‌ستانی پڵۆتە. بێ پێوەندیی هۆکار، گێڕانه‌وه‌ ته‌نیا زنجیره‌یه‌ک ڕووداوی دوای یه‌کتر خراوه‌. سێیه‌م، (شوێن): کاراکتەرەکان لە کوێن؟ چۆن شوێن کاریگەری دەخاته‌ سەر ڕووداوەکان؟ گرنگیی ئەم پێوەندییانە لەوەدایە کە بنیاتی چیرۆک دروست دەکەن. به‌گشتی ده‌کرێ بپرسین، ئایا ڕووداوەکانی گێڕانه‌وه‌یه‌ک یەک لە دوای یەک ڕوو دەدەن؟ ئایا چەند ڕووداوێک لە هەمان کاتدا ڕوو دەدەن (وەک دوو چیرۆکی هاوتەریب)؟ ئایا چیرۆکێک لەناو چیرۆکێکی دیکەدایه‌؟ هه‌روه‌ها پێویسته‌ بزانین، چیرۆک تەنیا لیستێک ڕووداو نییە، بەڵکوو زنجیرەیەک ڕووداوی به‌یه‌که‌وه‌پێوه‌ستکراوه‌، کە هەر یەکەیان کاریگەریی لەسەر ئه‌وی دیکەیان‌ هه‌یه‌. ئەم جۆرە شیکردنەوانە ڕێگە بە ڕەخنەگر دەده‌ن – نه‌خشه‌ی گێڕانەوە، بە وردی بپشکنێت و ببینێت چۆن توخمەکان پێکەوە لکاون.
گرنگترین ئامانجی تۆدۆرۆڤ لە هەموو ئەم شیکردنەوانەدا، دۆزینەوەی ئه‌ده‌بیه‌ت (Literariness)ە. ئەو تایبەتمەندێتییە شاراوەیەی کە تێکستێک دەکاتە ئەدەب و جیای دەکاتەوە لە مێژوو و زانست و دایده‌بڕێت له‌ گێڕانه‌وه‌کانی زمانی میللی و ڕۆژانە، وتاری ڕۆژنامەوانی و هیی دیکه‌. ئەم پرسیارە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ڕووبەڕووی زۆرێک له‌ ڕه‌خنه‌گران کراوه‌ته‌وه‌ و بۆچوونی جیاواز له ‌بارەیە‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو.
تزڤیتان تۆدۆرۆڤ(١٩٣٩-٢٠١٧) فەیلەسووف و ڕەخنەگری فەرەنسی-بولگاری
تۆدۆرۆڤ لە ڕوانگەی پێکهاتەخوازییه‌وه‌ ئەم تێگه‌یشتنه‌ پاته‌ دەکاتەوە، ئه‌ده‌بیه‌ت لە پێکهاتە تایبەتەکانی تێکستدا حه‌شار دراوه‌، مه‌به‌ستی چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان و شێوازی ڕێکخستنی بەندەکانی گێڕانەوە و جۆری پێوەندییە کاتی و هۆکارییەکانه‌. بەم شێوەیە ڕەخنەی ئەدەبی لە هونەرێکی سۆزدارانه‌وە بۆ زانستێکی سیستێماتیک دەگۆڕێت. تۆدۆرۆڤ ئامانجی بووه‌- زانستی ئەدەب- دابمەزرێنێت، زانستێک کە میتۆد و پێوەری ڕوونی هەبێت، زانستێک بتوانێت یاسا گشتگیرەکانی به‌رکار بکات و بخاته‌ ڕوو. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پشت بە بازنه‌ی ورده‌کارییه‌کانی زمان دەبەستێت. واتا، ئەو زاراوه‌ زمانەوانیانه‌ی له‌ بازنه‌ی شیکردنه‌وه‌ و ناسینه‌وه‌ی زماندان وەک بکەر، کردار، ئاوه‌ڵناو، مۆدالیتی، سینتاکس، ده‌کرێت بۆ شیکردنەوەی گێڕانەوە سوودیان لێ وه‌ربگیرێت. ئەمە دوو سوودی به‌رچاوی هەن:
یەکەم: زمانەوانەوانی، زانستێکی دامەزراوە بە میتۆد و زاراوەی ڕوون. بە بەکارهێنانی زاراوەکانی، ڕەخنەی ئەدەبی دەتوانێت لە سۆز و ڕای تاکەکەسی دوور بکەوێتەوە و ببێتە شیکردنەوەیەکی سیستێماتیک.
دووەم: چونکە زمان خودی کەرەستەی دروستکەری ئەدەبە، بەکارهێنانی زمانەوانی واتای ئەوەیە: زمان بە زمان شی دەکرێتەوە. لای تۆدۆرۆڤ ئەمە بابەتیانەترین ڕێبازە، چونکوو ئەدەب خۆی لە زماندا دروست بووە و زمانەوانی تاکه‌ زانستە بتوانێت بە ڕاستی لە ماهیەتی ئەدەب نزیک بێتەوە. هەرچەندە ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ بایەخێکی گەورەی بۆ ڕەخنەی ڕۆمان هەیە، بەڵام ڕەخنەگران ئاماژە بە هه‌ندێک کۆت و به‌ند و سنوور دەکەن. گرنگترین ڕەخنە ئەوەیە: پێکهاتەخوازی بایه‌خ و گرنگیی ڕۆڵی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و تایبەتمەندێتیی کولتووری ناهێڵێت. کاتێک له‌و چوارچێوه‌یەدا‌ ڕۆمانێک وەک سیستمێکی زمانی سەیر دەکه‌ین، ئەوا دەرەوەی تێکست به ‌ته‌واوی پشتگوێ دەخه‌ین، له ‌کاتێکدا ده‌زانین ڕۆمان تەنیا پێکهاتەیەکی ئەبستراکت نییە، به‌ڵکوو ڕۆمان بەرهەمی سەردەمێکە، دەنگی مرۆڤێکە، وەڵامێکە بە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیه‌وه‌، گوزارشته‌ له‌ هه‌ست و دۆخی جیاوازجیاوازیش.
باختین پێی وایه‌ ڕۆمان دایالۆگە و له‌و دیالۆگه‌دا چەندان دەنگ به‌ر یه‌کدی ده‌که‌ون، وه‌ک دەنگی کولتوورە جیاوازەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان، ئایديا سیاسییەکان.
ڕەخنەگرانی مارکسیستی و مێژوویی- کۆمەڵایەتی وەک لۆکاچ و باختین بۆچوونیان له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ی پێکهاته‌خوازی یه‌ک ناگرێته‌وه. باختین پێی وایه‌ ڕۆمان دایالۆگە و له‌و دیالۆگه‌دا چەندان دەنگ به‌ر یه‌کدی ده‌که‌ون، وه‌ک دەنگی کولتوورە جیاوازەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان، ئایديا سیاسییەکان. ئەم دیالۆگانه‌ بە شیکردنەوەی پێکهاتەیی بێبایه‌خ ده‌کرێن. هه‌روه‌ها له‌ ڕه‌خنه‌ی پێکهاتەخوازیدا، نووسەر و خوێنەریش ته‌واو پشتگوێ دەخرێن. ڕۆلان بارت لە (مەرگی نووسەر)دا باسی ئەوەى کرد، ئه‌وه‌ خوێنەر تێکست به‌ هۆی ماناکانه‌وه‌ دروست دەکاتەوە، نەک تەنیا نووسەر، بەڵام لە شیکردنەوەی پێکهاتەییدا نە نووسەر شوێنی هەیە و نە خوێنەریش، بەڵکوو تەنیا پێکهاتەی تێکست گرنگە. (ڕەخنەی وەڵامی خوێنه‌ر) پێی وایە هەر خوێنەرێک مانایەکی جیاواز دروست دەکات و هێزی خوێندنەوە لە مانای تێکست جیا نابێته‌وه‌.
لە بەرانبەردا وه‌ک پاڵپشتى بۆ پێکهاتەخوازیی تۆدۆرۆڤ، ده‌شێت بڵێین، مانا لە یاسا گشتگیرەکانی پێکهاتەدا دەستنیشان دەکرێت، نەک لە هێزی تاکەکەسیی خوێنەردا. پاشان ده‌پرسن پێش ئەوەی بزانین تێکستێک چۆن و بە کۆنتێکستەوە گرێ دراوە، پێویستە بزانین خودی تێکسته‌که‌ چۆن کار دەکات. تۆدۆرۆڤ ڕوونی کردووه‌ته‌وه‌، که‌ دژی شیکردنەوەی مێژوویی یان کۆمەڵایەتی نییه‌، بەڵکوو پێی وایە ئەوە دەبێت دوای شیکردنەوەی پێکهاتەیی بێت، نەک پێشتر. ئەمە واتای وایه‌ پێکهاتەخوازی خۆی بە (پلەی یەکەمی شیکردنەوە) دەبینێت. واته‌: ئەوکات دەتوانین بپرسین لەبارەی پێوەندییەکانی تێکست لەگەڵ مێژوو، کۆمەڵگا و کولتوور، که‌ بنیاتی پێکهاته‌که‌ ئاما ده‌بێت. وه‌ک پوخته‌یه‌ک ده‌کرێ هه‌ردوو ڕوانگه‌ له ‌به‌رچاو بگرین و بڵێین: ڕۆمان دوو دیووی هه‌ن‌، لە لایەک پێکهاتەیەکی زمانەوانییە کە دەتوانرێت بە شێوەی زانستی شڕۆڤه‌ و شیکردنه‌وه‌ی بۆ بکرێت، لە لایەکی دیکەوه‌ دەنگی مرۆڤێکە، کە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، وێنەی ئه‌و جیهانه‌یه‌ تێیدا دەژیین، هه‌روه‌ها جۆرێک گفتوگۆیە لەگەڵ خوێنەردا.
ڕەخنەگری به‌ئاگا، هەردوو ڕووخسارەکە دەبینێت. یەکەم جار لەگەڵ چاوی پێکهاتەخواز دەڕوانێت و دەپرسێت: چۆن ئەم تێکسته‌ دروست بووە؟ کام یاسا بە کار هاتووە؟ دواتر دەپرسێت: ئەم تێکسته‌ چیم پێ دەڵێت؟ چۆن تێگەیشتنم لە مرۆڤ و جیهان دەگۆڕێت؟
تۆدۆرۆڤ پێمان دەڵێت ڕۆمان – ڕێزمان- نییە، بەڵکوو -گێڕانەوە-یە، بەڵام بۆ ئەوەی چاکتر بگەین بە گێڕانەوەکە، پێویستە یەکەم جار ڕێزمانەکەی تێبگەین. تۆدۆرۆڤ له‌ ڕۆماندا پێکهاتەی پڵۆت بە شێوەیەکی بنەڕەتی شرۆڤە دەکات. بە بڕوای ئەو پڵۆتی تەواو بریتییە لە: گواستنەوەی دۆخێکی هاوسەنگ بەنێو دۆخێکی شێواودا بۆ گەیشتن بە دۆخێکی هاوسەنگیی نوێ، کە له‌ هاوسه‌نگیی سه‌ره‌تا ده‌چێت، بەڵام هەمان شت نییە. ئەم شێواندنە پێویستە وەک پێکهاتەیەکی به‌رده‌وام جووڵاو ته‌ماشا بکرێت، نەک تەنیا وەک ڕووداوێکی دەرەکی. لێره‌دا ڕه‌خنه‌گری ڕۆمان له‌ دۆخی نوێ ڕا ده‌مێنێت، ئایا ئەم هاوسەنگییە نوێیە چ جۆرە سپه‌یس و گۆڕانێکی هێناون‌‌؟ ئایا به‌ چ جۆره‌ ئه‌نجامێک گه‌یشتووه‌؟ ئایا ڕوویه‌کی نوێی کاراکتەره‌کان ده‌بینین یان تەنیا پاشەکشەیە بۆ دۆخێکی وه‌ستاو؟
گێڕانەوە لای نووسه‌ری کوردی، یان گێڕانه‌وه‌یه‌کی ساده‌ی کلاسیکییه‌ یان پڕە لە ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی.
ده‌مه‌وێت له‌و ڕوانگه‌یه‌ی تۆدۆرڤه‌وه‌ له‌باره‌ی دنیای ڕه‌خنه‌ و گێڕانه‌وه‌ی کوردییەوە چه‌ندسه‌رنجێکی کورت بنووسم:
بەگشتی گێڕانەوە لای نووسه‌ری کوردی، یان گێڕانه‌وه‌یه‌کی ساده‌ی کلاسیکییه‌ یان پڕە لە ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی. هه‌ڵبه‌ت لێره‌ و له‌وێ جاروبار ڕۆمان بڵاو ده‌بنه‌وه‌، كه‌ مرۆڤ چه‌قی ئیشكردنه‌ و دۆخه‌ ئێستاتیكییه‌كان ڕووی زاڵن، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه‌ كه‌م و ده‌گمه‌نن. ده‌توانین بڵێین: هاوسەنگیی سەرەتا، به‌ مانای وێناکردنی ژیانی ئاسایییانەی تاکی کورده‌ پێش ڕووداوێکی گەورە، بۆ نموونه‌ ڕووداوی (هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، ئەنفال، کۆڕه‌و، شه‌ڕی ناوخۆ، ڕاپەڕین) یان دۆخێکی کۆمەڵایەتیی (وەک ژیانی گوند و ورده‌کارییه‌کانی). دۆخی شێواندن ئەو پێکهاتە بنه‌ڕه‌تیه‌یه‌ زۆرینه‌ی ڕۆمانی کوردی لەسەر دامه‌زراوه‌، وەک (شەڕ، ژنکوژی، زوڵم و دیکتاتۆریەت، ناپاکی له‌ خه‌ڵک و خاک). کاتێک دێین به‌م ئاراسته‌یه‌ شیکردنەوە ده‌که‌ین بۆ ڕۆمانی کوردی، له‌ خاڵی یه‌که‌مدا لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان به‌ شێوه‌ی کڕۆنۆلۆژی داده‌بڕێین و ده‌چینه‌ نێو بابەتی چۆنیه‌تیی شێواز و داڕشتنی گێڕانەوەکە و ئاستی هونه‌ریبوونی گێڕانه‌وه‌که‌. ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ بنەماکانی (شیکاریی پێکهاتەیی گێڕانەوە)ی تۆدۆرۆڤ، چوارچێوه‌ی ئه‌م فۆڕمه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ ئاراسته‌ ده‌کات. له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ ڕەخنە لە وەسفکردنی بابەتی سادە و بیروباوەڕی کەسێتییەوە ده‌گۆڕێت بۆ فۆڕمێکی کۆنکرێتی – زانستی و بابەتییانە. ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ڕۆمان‌ ئامرازێکه‌ بۆ شیکردنه‌وه‌ و شڕۆڤه‌ و ئاوڕدانه‌وه‌ لە فۆڕم و ورده‌کاری ناوەکی ڕۆمان.
کاتێک سه‌رنج له‌ ڕەخنەی ڕۆمان لە ئەدەبیاتی کوردیدا دەده‌ین، هێشتا زۆرینەی ڕەخنەکان لە ئاستی وەسفکردن و سۆزدان، له‌ ئاستی دابه‌شکاریی باش و خراپدان، ئه‌و ڕه‌خنانه‌ که‌من کە بە میتۆدێکی سیستماتیک کار لەسەر دیوی هونه‌ریبوونی گێڕانه‌وه‌ و ورده‌کارییه‌کانی بنیات، کاراکتەر، ڤه‌گێڕ و شوێن و کات بکات. زۆرجار ڕەخنەکان دووبارە گێڕانەوەی چیرۆکن یان باسکردنن لە نووسەر و خه‌سڵه‌ته‌کانی نووسه‌ر، که‌ به ‌لای دیوی کۆمەڵایەتیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه‌. جاروبار ده‌بینین، پێداچوونه‌وه‌ و ڕانان و کۆمێنت به‌ ڕه‌خنه‌ ئه‌ژمار ده‌کرێن. وەک پێشتر گوتمان ئەمە لەوەوە دێت، کە ئەو ڕەخنەیە دایەڵۆگ لەگەڵ تیۆرییە جیاوازەکان دانەمەزرێنێت، تا لەو ڕێیەوە هێزی تر بە تواناکەی بدات.
بەکارهێنانی تیۆریی تۆدۆرۆڤ لە ڕەخنەی ڕۆمانی کوردیدا دەتوانێت دەرگایەکی نوێ بکاتەوە و ڕەخنه‌ لە دۆخی سۆزداری و لایه‌نگرێتییه‌وه‌ بگوازێتەوە بۆ شیکردنەوەی زانستی پێکهاتەیی. ڕێگای تۆدۆرۆڤ گه‌شتێکه‌ لە وەسفەوە بۆ زانست، لە تاکەکەسییەوە بۆ گشتگیری، لە ناوەڕۆکەوە بۆ پێکهاتە- ڕێگایەکی گرنگ و پێویستە بۆ ڕەخنەی ڕۆمان.
هیچ ڕێباز و قوتابخانەیەکی ئەدەبی لە دەرەوەی ڕەخنە و سەرنجەوە نییە. تیۆریی پێکهاته‌خوازیش ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، چونکوو بایەخ و سەنگیی بۆ ئەزموونی نووسەر و خوێنەر نەبوو. ئەم چوارچێوە گشتییە، بەتایبەت لە دیوی کۆمەڵایەتی و مێژووییی تێکست، کەلێنی دروست دەکرد، بۆیە ئەم قوتابخانەیە گەشەی پێ درا و ڕەخنەی پاش- پێکهاته‌خوازی ده‌رکه‌وت.
هەموو تێکستێک چەندان مانای جودا هەڵدەگرێت و تێکست لە دۆخێکێکی ناسەقامگیردایە و بێژمار مانا بەرهەم دێن.
ڕەخنەی پاش- پێکهاتەخوازی لە ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٠کان هاتە کایەوە وەک وەڵامێک بۆ سنوورداریەکانی پێکهاتەخوازی. خەسڵەتەکان گۆڕانیان بەسەردا هات، هەڵوەشاندنەوەی دۆخی دڵنیایی، بە مانای ئەوەی هیچ واتایەک جێگیر و کۆنکرێتی نییە، نووسەر دەستەڵاتی بەسەر واتادا نییە و خوێنەر واتا دروست دەکات. هەموو تێکستێک چەندان مانای جودا هەڵدەگرێت و تێکست لە دۆخێکێکی ناسەقامگیردایە و بێژمار مانا بەرهەم دێن. بازنەی تیۆرییەکانی مەرگی نووسەر-ی (ڕۆڵان بارت)، هەڵوەشاندنەوەگەرایی (ژاک دێریدا)، تێۆریی دەقئاویزانی (ژولیا کریستیڤا) و بەشدارییەکانی (مێشێل فۆکۆ) لەبارەی مێژووی بیرکردنەوە و دەسەڵات و زانیاریی بازنەی پۆست- پێکهاتەخوازی فرەوان کرد. ئه‌گه‌ر به‌ خێرایی ئاماژه‌ به‌ خاڵه‌ دیار و جیاوازه‌کان بکه‌ین، ده‌ڵێین: بازنه‌ی پێکهاتەخوازی پێک دێت له‌ واتای جێگیر، ڕاستکردنه‌وه‌ی پێکهاتە، سیستەمی داخراو، یاسا گشتییه‌کان. له‌به‌رانبه‌ردا بازنه‌ی – پاش-پێکهاتەخوازی پێک دێت له‌ واتای ناسه‌قامگیر، هەڵوەشاندنه‌وه‌ی پێکهاته‌، سیستەمی کراوە، پرسیارکردن لە یاساکان.
تۆدۆرۆڤ یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو دۆخه‌که‌دا خۆی گونجاندووه‌، هه‌م قۆناغی پێکهاته‌خوازی و هه‌م قۆناغی پاش-پێکهاته‌خوازی. تۆدۆرۆڤ دەستی کرد بە نووسین لەبارەی کۆلۆنیالیزم، مێژووی بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆیییەوە. لە کتێبەکەیدا به‌ناوی داگیرکردنی ئەمریکا (The Conquest of America)دا لە ڕێبازی پێکهاتەخوازییه‌وه‌ باز ده‌دات و دەگەڕێتەوە بۆ پرسیارەکانی مێژوو، دەستەڵات. ئەو خۆی دەڵێت: (من هەموو ژیانم خەریکی پێکهاتەخوازی بووم، ئێستاکه‌ کاتی ئەوەیە بگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆک.) ئەم گۆڕانکارییە پرسیارێکی گرنگ ده‌وروژێنێت: ئایا پێکهاتەخوازی به‌سه‌رچووه‌؟ کاتێک تۆدۆرۆڤ له‌ کۆتایییه‌کانی ته‌مه‌نی گەڕایەوە بۆ پرسیارەکانی ناوه‌ڕۆک، ئاماژه‌ نییه‌ بۆ به‌لاوه‌نانی پێکهاتەخوازی، به‌ڵکوو مانای ئه‌وه‌یه‌، پێکهاتەخوازی گرنگ و پێویستە، بەڵام ده‌کرێ سنوورداریه‌که‌ی فره‌وان بکرێت‌.
The post لەبارەی ڕەخنەی ڕۆمانەوە appeared first on ژنەفتن.
رۆحە کوتراوەوکانی خەیاڵ:
لەم ماوەیەدا، بەشێک لە ڕەوتی چیرۆکنووسیی هاوچەرخی کوردی ڕێچکەیەکی گرتووەتەبەر کە تێیدا لە دووبارە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان دوور دەکەوێتەوە و زیاتر بەرەو ئەزموونی دەروونی، هەستی و زەینییەکان دەڕوات. لەم ڕێبازەدا، چیرۆک نەوەک ڕاپۆرتێک لەسەر واقیعە دەرەکییەکان، بەڵکوو وەک ڕەنگدانەوەی شێوازی ژیان، هەستپێکردن و بەبیرهێنانەوەی جیهان بیچم دەگرێ. کۆمەڵەچیرۆکی “ئەفسانەی مانگ” دەکرێ لە بەستێنێکدا بخوێنرێتەوە کە تێیدا واقێع، پێش ئەوەی لە چوارچێوەی ڕووداو یان کاردانەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەربکەوێ، بە ڕێڕەوی جەستە، یادگە و زماندا تێدەپەڕێت. ئەم گواستنەوەی ناوەندی گێڕانەوە، ڕێگەی داوە چەندین شێوازی جیاوازی دەربڕین دروست ببن کە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی ورد هەیە لە ئاستی زمان و پێکهاتەی گێڕانەوەدا. لەناو ئەم کۆمەڵە چیرۆکەدا، جووڵەی گێڕانەوە کەمتر لەسەر بنەمای یەک‌لەدوای‌یەکی ڕووداوەکانە و زیاتر لەسەر ئەوەی کە چۆن دێنە فام کرن، ڕێکخراوە. لەم پێکهاتەیەدا، چیرۆک لەبری ئەوەی لە دەرەوە بڕوانێتە کارەکتەر، لە دەروونی ئەزموونی کەسایەتییەوە قسە دەکات و جیهان بە پێوەری زەین پێناسە دەکاتەوە.
ڕووبەرگی (ئەفسانەی مانگ)، عادڵ قادری. کۆمەڵەچیرۆک، ٢٠٢١، چاپی ماڵی کتێب
کەشی زاڵی “ئەفسانەی مانگ” چەشنێ مەودا خستنە لە گێڕانەوەی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو پیشاندانی تەمسیلی واقیعە مرۆیییەکان، یان بە واتایەکی تر گواستنەوەیە لە “واقیعی خاو” و ساکار بەرەو واقیعە ئاڵۆزەکان؛ یان دیسان بە زمانێکی سادەتر تێپەڕینە لە کۆمەڵناسیی واقیعەکان بەرەو دەروونناسیی ئەوان. لە بنەڕەتەوە وا دەردەکەوێ جیهانی دەروون سەرنجڕاکێشترە تا جیهانی دەرەوە. دیارە مەبەستم لە پشتبەستن بە لایەنی دەروونی واقیع، بەو مانا نییە کە واقیعە زەق و بابەتییەکانی کۆمەڵگە بە شێنەیی لەم چیرۆکانەدا لەبیر دەکرێن یان کاڵ دەبنەوە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە نوێنەرایەتی واقیع لەسەر ئەو شتەی کە ڕوویداوە جێگیر نییە و لەسەر ئەوەی شتەی لە دەروونی کارەکتەردا بنەنیشتە بووە، دامەزراوە.
بەرچاوە کە ئەم جۆرە نوێنەرایەتییە پێویستی بە ئامرازێکی جیاواز هەیە کە نووسەر بتوانێ بەوە لە توێکانی ئەم واقیعە بکۆڵێتەوە. بەم پێیە پشتبەستن بە یادەوەری و وەبیرهێنانەوە و تێکدانی زنجیرەی لۆژیکی ڕووداوەکان پڕۆڤەیەکی باون لەم چیرۆکانەدا. بە چەشنێ کە لە جیاتی دووبارە گێڕانەوەی کۆمەڵگا، دەست دەکا بە گەڕان لە دەروونی مرۆڤدا و واقیعەکان نەک وەک ئەوەی دەبینرێ، بەڵکوو وەک ئەوەی ئەزموون دەکرێ، دەگێڕێتەوە. ئەو تایبەتمەندییانەی کە یارمەتی چیرۆک دەدەن بۆ گەییشتن بەم ئامانجە لە خوارەوە بە هەندێ نمونەی دەقەوە دێنە باس کرن؛
لیت‌موتیڤ(Leitmotiv)؛
“لیتمۆتیڤ” لە ئەدەبیاتی داستانیدا بە واتای ماکێکی دووپاتەوەبووی مانادارە کە وەک تاڵێکی نادیار بەشە جیاوازەکانی گێڕانەوەیەک بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا، “بۆن” وەکوو لیتمۆتیڤ، هێمای بوونی بەردەوامی جەستە و بیرەوەری و شتە سەرکوتکراوەکانە؛ شتێکە کە زمانی فەرمی، ئەخلاق، یان گێڕانەوەی هێڵی هەوڵ دەدەن نادیدەی بگرن، بەڵام دووبارە دەگەڕێتەوە. لەم چیرۆکانەدا “بۆن” نەک چەمکێکی وەسفی، بەڵکوو یادەوەرییەکی یاخییە کە لە جەستە و شت و فەزادا تێدەپەڕێت و هەرجارە فۆرمێکی نوێی حەقیقەت لەخۆ دەگرێت. لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا جیهانی چیرۆک بە هەستی “بۆنکردنەوە”، بیر دەکاتەوە.
لە چیرۆکی (ئەو ژنە کێ بوو سەمای دەکرد؟): “بۆنی تۆزێکی وێڵ و نەنیشتووم لێدەهات، ئەو بۆنی پەنجەرەی لێدەهات..”.  “توند و دڕ بوو… بۆن بوو!”.  “بۆنی ماچی بێ لەزەت دەهات”.  “چاوم سەگە، بۆن دەکات”.  “عەتری بۆن و سیگاری بۆن و ماچی بۆن و عارەقی گەردنی بۆن باغەڵ و وردە چپە و کۆکەی بۆنم دەبیست”.  “بۆن، باڵی بەسەر غەریزەی تالار کێشا بوو”.  “بۆن و دەنگ و تامی دارستان دەهات!”.  “بۆنی کتێبێکی کۆنی دەدا..”.  “نەمدەزانی ئەو بۆنە چۆن سەما دەکات..”.   “بۆنی کتێبێکی دڕ دەهات… بۆنی کتێبی ڕووتم دەبینی..”. ” بۆنی شەشەمین کەس..”.  “بۆنی سووڕەتی بەقەرە..”.  “بۆنێک دەیوت…”.
لە چیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “بۆنی سێو دێت.”.  “بۆنیی شتێکی پیس دەهات.. وەکوو بڵێی کۆمەڵێک کرم تا سنووری ڕزین داویانەتە شتێک”.
لە چیرۆکی (پێدەچێ “با”ش لە گەڵاڕێزاندا کوژرابێت!): “نە بایەکی نادیار کە هەواڵدەری دەنگ و بۆنێک بێت”.
لە چیرۆکی (ئەفسانەی مانگ): “بۆنێکی توندی دوور لە شێ دەهات!”.
لە چیرۆکی (پەری باڵابەرز!): “هەروەها بۆنی دڵەڕاوکێ و ئیستریس و..”.  “جەستە و گۆنا و ڕەنگ و بۆنی پشیلە بوو..”.  “بۆنی هاڵاوی زەڕاتی میکزیکی ختووکەی دابوو”.  “واتە دوور بێت لە بۆنی هێستر و قاتر و کەمینی پاسدار و بۆنی عارەق و..”.
لە چیرۆکی (“من” ناوی چی بوو؟!):“بۆنێکی نهێنی نازک و ئەفسووناوییان دەگەیاندە لووتم”.  “بۆنێکی تایبەتی تازەی بە لووتمدا دەدا.. لەگەڵ بۆنی توێژاڵی تەنکی عارەقی تاران و هەڵم و دووکەڵ”.
لە چیرۆکی (دێوانە پەپوولە): “شتێک لە مانای ژیان و غوربەتی دەدا بەدەستەوە وەکوو بۆنێک هەڵیمژی هەستت دەکرد”.
زمانی شیعری؛
گێڕانەوە لە زۆر ساتدا، لە زمانی ڕاپۆرتکردن دوور دەکەوێتەوە و بەرەو دەربڕینێکی شیعری دەڕوات؛ زمانی شیعری زمانی سەرەکیی دەقی چیرۆکەکانن و ئەمەش زۆر جار یارمەتی نووسەر دەدا بۆ کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی “شەپۆلی زەین”. “شەپۆلی زەین” شێوازێکی گێڕانەوەیە کە هەوڵ دەدات نوێنەرایەتی جووڵەی بەردەوام و زۆرجار ناڕێکی بیرکردنەوە و هەست و پەیوەندییە دەروونییەکان پێش ئەوەی لە لۆژیکی زمان و گێڕانەوەی هێڵکاریدا ڕێک بخرێن، بکات. لەم شێوازەدا زەینی کارەکتەرەکە ڕیوایەت ناکرێ، بەڵکوو لەگەڵ بازدان و دووبارەبوونەوە و نابەردەوامی و هاوکاتبوون جەرەیان پەیدا دەکات.
لە چیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “-پیتەکان لە ئاوێنەدا لەوەی کە دەیانبینن نێزیکترن بە ئێوە! لە بەر ئاوێنەکە بە ڕوونی و بە دەنگی بەرز دەیوت: گوڵە هەرمەڵە! هەردوو لامەکەی قەڵەون! وەکوو،، جگەرەی بەرگ! :- دەیکێشا! با نیگارێک بکێشێ…”.  “هەندێک دەڵێن جەمیل خۆکوژی کرد چون بەرگەی چاوی کەژاڵی نەگرت. زەریایەکی شین بوو کە دارستانی کەزیە و زوڵفەکانی دەوریان گرتبوو. هەندێکیش دەڵێن ئەوەندەی خودا تێیدا مابووەوە کە خۆی بکوژێت و تەسلیمی شەیتانی عشقەکانی نەبێت”.
لە چیرۆکی (پێدەچێ “با”ش لە گەڵاڕێزاندا کوژرابێت!): “لە زەمیندا هاتوچۆ قەدەغەیە بەڵام ئاسمان هێشتا بەقەد پەنجەرەیەکی لێڵ لە نهۆمێکی چوارەمەوە شینی و ڕەشییەکەی نەگیراوە!”.  “بایەکی نەفرەتی نییە تۆزێ هەڵبکات و هەواڵێکی خەیاڵاوی پێدا هەڵواسم. یەکێکی بەر بوو لە نهۆمەوە گوتی: گوێدایین مەیلبڕە وەکوو خاک!”. ” “با”ی پاییز هەمیشە چووە بە قژ و سینگی یاردا. هیجریشی بە ڕاشەکاندنی قژی شۆڕەبی لێوار چۆمەکان و دڵتەنگیشی بە ختووکەدانی داربەڕووی سەر تەپۆڵکەکان و ویسالیشی بە جووتکردنی دوو چووزەرەڕێواسی ناو ڕیزی گردۆڵکەکان وەکوو شوێنپێی نادیاری خۆی جێهێشتووە”.
لە چیرۆکی (ئەفسانەی مانگ): “..گوڵێکی زەردی چەند پەل کە لە زەعفەران دەچوو بە سەر ڕووبەرگەکەمەوە بوو! دەتوت بە بەرماڵێک قامەتی بەستووە بۆ شوێنێکی نادیار و لە سەر بەردەنوێژێکی گوێی جۆگەلەیەک..”.
لە چیرۆکی (“من” ناوی چی بوو؟!): “-:لە ژیانی ناو مەرگدا کەس ناتوانێ درۆ بکات یانی درۆ هێشتا نەبووە بە کەلتوور وەکوو ژیان. و مەرگ زۆر ڕاست و سادقە. مەرگ ڕۆحێکی شووشەیی و ڕووتی هەیە. گۆڕستان هەمووی بە مەرگ ڕووتە!”.
دیالۆگ؛
لەبەر ئەوەی زۆربەی چیرۆکەکان بە شێوەی لێشاوی زەینن و هەر وا کە لە پێشەکیدا باسم کرد ئاوڕ لە دەروونی کەسایەتییەکان دراوەتەوە، زیاتری دیالۆگەکان لە نێوان خودی نابەئاگای کاراکتەر و دەنگی خودی نووسەر(وەکوو مێتافیکشێن) دەسووڕێتەوە. بەو پێیە کارکردی دیالۆگەکان جگە لە بەڕێوەبردنی گێڕانەوە، بووەتە گۆڕەپانێک بۆ دەرخستنی کەلێنی پەیوەندییەکان و توێ شاراوەکانی کارەکتەرەکان.
لە چیرۆکی (ئەو ژنە کێ بوو سەمای دەکرد؟): “من دەمزانی ئەگەر وەڵام بدەمەوە دەڵێم: بێ‌ماڵ و حاڵم بۆیە ماڵانگەڕم! دەی جا ئەوە کەی وەڵامە؟!”. “-مێروولە یان مێلوورە؟! ئەرێ!”.  “چاک بوو لە ناو بوتڵ هێنام ئەگینا بمکردایە کوێمەوە؟ یانی عەرەقەکە مەبەستمە!”
لە چیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “- اللە الجمیل و یحب الجمال! –ئەرێ جەمالی خۆش دەوێ بۆیە جەمیل وای بەسەر هاتووە!”.  “+کوڕی چاک بن و مەبن بە فیلەسووفە کوردەکان لێمان. باسی جەمیل و عەشقە و تەواو!”.
لە چیرۆکی (پێدەچێ “با”ش لە گەڵاڕێزاندا کوژرابێت!): “دەنگەکە وتی: :با قاوەیەکت بۆ بێنم! خۆشم کرگە! :خۆشمت گەرەکە؟ :ئەرێ…خۆشیشم کرگە!”.
لە چیرۆکی (ئەفسانەی مانگ): “:نووری ئەو گڵۆپە دەبێتە پردی پێوەندی نێوان تۆ و شیتان! :من یا تۆ؟!”.
لە چیرۆکی (“من” ناوی چی بوو؟!): “-: ناوی چیم لێ بنایە؟ لە ناوێکدا چڕ دەکرایەوە؟ -تا دەهاتم ناوێکی بۆ بدۆزمەوە دەگۆڕا بۆ جۆرە ڕەنگێکی دیکە کە لە جیوە دەچوو”.  “-:سڵاو، شتێک خشەی دێت!  ئاخر ئەو هەموو منە ڕەنگاڵەیی و لەتلەتە چۆن لێک بدەمەوە؟ ئەو تاپۆیە مەبەستی لە دیمۆکراسی چییە و منیش مەبەستم لە “کەس ناکوژم”؟”.
ناتۆرالیسم؛
بە ئاوڕدانەوە لە پێگەی دیاری جەستە و ئەزموونی “هەست”یی لەم چیرۆکانەدا، یەک لەو پێکهاتانەی کە لە ئاستی زماندا خۆی دەردەخات، لایەنی سروشتی (ناتورالیستی) گێڕانەوەکەیە؛ لایەنێک کە بابەتی مرۆیی، لە ڕەهەندێکی ڕاستەخۆ و ماددی و بایۆلۆژیدا دەخاتە ناو دەقەکە. هەڵبەت ناتۆرالیسمێ نەک لە شێواز یان پێکهاتەی گێڕانەوەدا، بەڵکوو لەسەر ئاستی زمان و وێنەسازی دەقەکەدا جێگیر بووە.
لە چیرۆکی(ئەو ژنە کێ بوو سەمای دەکرد؟): “چارەنووسی منی لە سەرچۆپی و لەرینەوەی هەموو گیانیدا دەبینی”.  “گوێم هیچی نەدەبیست. هەرچی بوو چاوم دەیبیست”. “گرینگ نەبوو بۆم کێیە شەرمین، لەشی چۆنە؟ مەمکی؟ یان بۆنی هەناسەی؟”.  “ژنێکم دیت چوار نینۆکی لاکی شەراوی لێدراوە.. هەستم کرد جێ ماچێکی پێوە دیارە..”.  “هاڵاوی ئاڵۆشی جەستە وەکوو مار قەف‌قەف بەرەو بن میچەکە دەڕۆشت”. “لقی قەدی و میوەی سینەی بانگی پەیکەرەیان دەکرد”.
لە چیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “قونێکی خڕ و ئاڵۆشاوی هەبوو”.
لە چیرۆکی(ئەفسانەی مانگ): “بە حوزنێکی نەناسراوەوە تێر لە باوەشیدا[دار توو] ڕاکشام! کاتێ بە ئەرخەیانی و هاوکات خەفەت و ماندوویەتی لە سەر موزائیکەکان هەڵاژیام، مانگی چواردەم لە نێوان دوو لقیدا بینی. دوو لقی گەورە و دیار! دوو لقی زۆر ڕێک و خواکردوو! هەر دوو لقەکە پێکەوە حەوتێکیان دەکێشا..”.
لە چیرۆکی(پەری باڵابەرز!): وەک ئەو حەوتەی کە کردم بە تۆدا! …:دیوونە اون الفە تو داری؟ مال من هشتە.. هفتم نیست!”.
لە چیرۆکی(ماچێ لە تاران یانێ چەن شەممە؟): “دوو لێوی ئاسایی کە بەو هاوینە گەرمە ئەگەر نووسەرێک یان شاعیرێک لە خەیاڵدانی خۆیدا سەرنجی بدایە دەیشوبهاندن بە تووت فەرەنگی، خوازراو و راکێشەر و بێتام!”. “دوو نەفەر بووین بە سات و پێوەری ماچ..من و مەرجان و ماچ و باوەش و سینە و مەمک و دەموچاوی من و هی ئەویش”.
لە چیرۆکی(دێوانە پەپوولە): “ژنانی ئەم شارە پەنجا چارشێویشیان لە خۆیان بدایە هەر کوڵۆک و لاقوونیان زل و زەق بوو”.
گەمەی زمانی؛
هاوکات لەگەڵ زمانی شیعری، میکانیزمی بانگهێشتکردن(تداعی) ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی گێڕانەوەکەدا دەگێڕێت؛ بە شێوەیەک کە جووڵەی چیرۆکەکان نەک لەسەر بنەمای لۆژیکی هێڵی کات، بەڵکوو لەسەر بنەمای پەیوەندیی زەینی، بیرەوەری و “هەست”ییەکان بیچم دەگرن. هەروەها گەمەی زمانی وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم دەقانە، سەقامگیریی واتاکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و زمان لە پێگەی ئامێری دەربڕینەوە بۆ پێگەی واتادانەر بەرز دەکاتەوە. نووسەر بە کەڵک وەرگرتن لە گەمەی زمانی و بانگهێشتن، خوێنەر لەو بازنە دەروونییەی کە بۆی درووست کردووە بە وشیاری دەهێڵێتەوە.
لەچیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “هەوای هێرۆ بردی بەڵام لە ئانوساتێکدا هەوا پیس گۆڕا! هێرۆش هەروا”. “سەر بخاتە سەر خەزێنەی دڵ و دڵ بخاتە کوێ؟ دڵ.. دڵ… :دڵدڵ ناوی کەری پێغەمبەر بوو؟! -: گوڵگوڵ یان بایەقوشی بۆر؟!”.  “-:ئەی لە پاش فریشتە؟ +:ئیلهامت بۆ دێت؟ ئایا شاعیری؟ دەیوت ئیلهامیشی بۆ بۆنەی باڵایەوە خۆش ویستووە”.
لە چیرۆکی (پێدەچێ “با”ش لە گەڵاڕێزاندا کوژرابێت!): “-: مەسیح؟! ئەرێ. “م” یانی منارە. یانی مزگەوت. مەسیحیش یانی خاچ… لەو گۆڕستانەی پشت منارەوە حوکم خاچە!”.
لە چیرۆکی (پەری باڵابەرز!): “ئەودەم کتێبەکەم بە “ژانی گەڵ” گۆ دەکرد لە باتی “ژانی گەل”…بە کورتییەکەی گەڵ و گەلم جیا نەدەکرەوە لە یەک”.
لە چیرۆکی (ماچێ لە تاران یانێ چەن شەممە؟): “بەیانییەکەی لەگەڵ مەرجان لە شەقامی ویسال قەرارمان دانا. تاران شارێکە کە بەردەوام بێ قەراری تێی “دا”.”.  “ئەو ڕۆژە بوو کە ماچەکەی یەکشەممەی ناو کڵێساکەمان بە پیلان و مۆرکی شەیتان زانی و تەفسیرێکی شەیتانیمان بە”سەر”دا سەپاند… وەک وتم گرینگ ماچە نەک “سەر..” “. “بەڵام لە نێوان “کار” و”بێکاری”دا تەنها “بێ”یەک تۆفێر هەیە، دوا پەیامی ئەو ساتەم بۆ مەرجان تەنها ئەوە بوو: “بێ”. تەنها وشەیەکی کوردی کە مەرجان لەساتی ماچەکەدا فێری ببوو! زۆرینەی کوردەکان بە “بێ” دەڵێن “وەرە” بەڵام ئەم “بێ”یە دە قاتی “وەرە” کاریگەری و عیشوەکاریی زیاترە!”.
لە چیرۆکی (دێوانە پەپوولە)دا کایە کردن بە وشەی “پەپوولە” دەگاتە ئەوپەڕی خۆی. بە چەشنێک کە پەپوولەپاییزە بە پەپوولەی کرمی ئاورێشمین و پەپوولەی ئازادی خالقییەوە گرێ دەدرێتەوە. چاو لەم نموونانەی خوارەوە بکەن:
“کێشەی وەرزی پاییز ئەوەیە پەپوولەی هەیە. کاری پەپوولە پاییزە لە بنەمادا هەواڵبردنە”
“ئەوەی من بەرەو تێڕامان دەبات یەکەمین و دواهەمین بەرگری سەلیم دوای رووداوەکە بوو: بەسەری شێخ پەپوولە بوو!”
“کرمێک لە مێشکماندایە…دایکم دەیگوت: ئیتر ئەم کرمە کرمێکی ئاورێشمینی بەرەو پەپوولەچووگ بوو…”.
“ئەو شەوە ئەوق و مات بوو، زەبتەکەی “پەپوولەی ئازادی” خالیقی دەخوێند”.
“دوای ئەم ڕووداوە… لە دەروازەی شاردا تابلۆیەکی گەورە هەیە.. لە ژێر ڕستەی…”بە شهر شهیدپرور…خوش آمدید” نووسراوە شاری شەهید سەلیمە پەپوولە!”
“سکاڵا و گلەیی بردۆتە سەر شێخەکەی و ئەویش گووتوویە شەیتان لە کڵێشە و قاڵبی ئەو پەپوولەیەدا شەهوەتی سەلیمی جووڵاندووە”
“سەلیم ئێستا لە گۆڕێکی لاتەریکی کێلبچووک لەوپەڕی گۆڕستانی شار کپ کەوتووە و ئەو ڕاوکردنەی پەپوولە بۆ ئەو، دوا ڕاو کردن و دەستسوان لە شتێکی ئاوارەیی ئەفسووناوی بووە. ئێستا بە خەڵووزێکی ڕەش لە سەری بەردەکەی ئەلحەدی نووسراوە: دێوانە پەپوولە! دایەگەورەم دەیوت: دوای سەلیم هەموو کەس دەزانێ کە بە کێ دەڵێن پەپوولە. باوکیشم دەیوت: پەپوولە دەبێ بزانێ لە کوێ دەنیشێتەوە!
ئەنجام؛
لەو وتارەدا هەوڵ درا کە بە پشکنینی پێکهاتەگەلی وەک زمانی شیعری، میکانیزمەکانی بانگهێشتکردن، دەقی ناتورالیستی، دیالۆگ و گەمە زمانییەکان، ئەوە پیشان بدرێت کە ئەم چیرۆکانە بە ئاگاییەوە خۆیان لە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان دوور دەخەنەوە؛ ئەو واقیعانەی کە نەک لە ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا، بەڵکوو لە توێ دەروونییەکانی ئەزموونی ژیانی مرۆڤدا بیچم دەگرن. بە واتایەکی دیکە، ئەم گێڕانەوانە بەرەو واقیعە ئاڵۆز، چەندتوێ، و زۆرجار ناکۆکەکان هەنگاو دەنێن. لە وەها بەستێنێکدا، ئیتر چیرۆک ئاوێنەی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو گۆڕەپانی گرژیی مرۆڤە لەگەڵ خۆی، لەگەڵ ئەوی دیکە و لەگەڵ شتی نەوتراو و زمان ئیتر تەنها هەڵگری واتاکان نییە، بەڵکو خودی خۆی دەبێتە میکانیزمی شێوەگرتنی ئەزموونەکە. بەم بۆنەوە، خوێنەر نەک لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی ئاشکراوە، بەڵکو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەوتی زمانی گێڕانەوەکە، دەگاتە توێ شاراوەکانی ئەزموونی کەسایەتییەکان.
بەم پێیە، لەم وتارەدا هەوڵدرا کە بە سەرنجدان لەسەر ئەم پێکهاتانە، شێوازەکانی دروستبوونی واتاکان لەم چیرۆکانەدا تاوتوێ بکرێن؛ شێوازگەلێک کە پیشان دەدەن ڕیوایەت، پێش ئەوەی ڕەنگدانەوەی جیهانی دەرەوە بێت، دەرەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی زەینە لەگەڵ جیهان. تاوتوێکردنی ئەم چەمکانە، دەرفەتی تێگەیشتنێکی وردتر لە لۆژیکی دەروونیی دەقەکان و پەیوەندییان لەگەڵ ئەزموونی مرۆڤایەتی دەڕەخسێنێت.
The post رۆحە کوتراوەوکانی خەیاڵ: appeared first on ژنەفتن.