كچەكانی (گۆدایڤا) لە كوردستان

سۆسیۆلۆژیا؛ دیاردەی كچەمۆدێل و ئەستێرەكان

لەپاڵ ئەو ڕووبەر و زەوییە فراوانانەی كە ھەر لەسەرەتای مێژوو مرۆڤ شەڕی لەسەر كردوون بۆ دەست بەسەراگرتنی خاكی یەكتر، لەپاڵ ئەوەدا ڕووبەرێكی تر ھەیە كە ھیچی كەمتر نییە لەو ھەرا و قوربانیدان و جەنگە ماددی و مەعنەویانەی كە هەڵیگیرساندووە لەنێوان بیر و بۆچوونی جیاوازی خەڵك و بیرمەندەكاندا ئەویش ڕووبەرێكی  بچوكە كە پێی دەڵێین: “جەستەی مێینە یان جەستەی ژن”.

لە ڕاستیدا  تا ئێستاش ڕایەكی یەكانگیر نییە لەسەر ئەوەی كە دەبێت جەستەی ژن چەندی دەركەوێت و چەندی بشاردرێتەوە، چەندی لێ زیاد دەركەوێت باشە یان خراپە و چەندی لێ زیاد داپۆشرێت باشە یان خراپە! تا ئەو ڕادەیەی كە لەناو ئەم كۆمەڵگە خۆرھەڵاتیانە بابەتی خۆ ڕووتكردنەوە یاخود خۆداپۆشین ببێت بە ئەفسانە و كاری بوێرانە لەناوماندا.

رەنگە یەكێك لە ھەرە دیارترین ئەفسانەكان لە مێژوودا ئەفسانەی خاتوو (گۆدایڤا) بێت، ژنی سەرۆك (لیفریك) حاكمی كانتۆنی (ماریكا) لە وڵاتی ئینگلتەرا، كە بەپێی ئەفسانەكە (گۆدایڤا) بە ڕووتی و تەنھا بە پرچی شۆڕ و درێژی خۆیەوە و بە سواری ئەسپێكەوە بە شەقامەكانی شاری (ماریكا)دا سووڕاوەتەوە وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە (لیفریك)ی مێردی كە بۆچی باجێكی زۆر لە جوتیارەكانی ئەو شارە دەسێنێت، چونكە پێش ئەم ڕووداوە (گۆدایڤا) زۆر ناڕەزایەتی دەربڕی بۆ (لیفریك) و ئەمیش بە گاڵتەوە وتبووی: “كە ڕازی دەبێت باج لەسەر جوتیارەكان كەم بكاتەوە بەو مەرجەی (گۆدایڤا) بە ڕووت و قوتی بەسەر ئەسپێكەوە بەسەر شەقامەكاندا بڕوات”. بەڵام (لیفریك) نەیزانی كە (گۆدایڤا) بە ڕاستی ئەم كارە دەكات و كردیشی، ئیتر (لیفڕیك) كە زانی ژنەكەی ھەموو شتێك دەكات لە پێناو كەمكردنەوەی باجەكان، ناچار بوو دان بە سەركەوتنی (گۆدایڤا) بنێت و باج لەسەر جوتیاران كەم بكاتەوە.

كەواتە لێرەدا ڕووتبوونەوەی (گۆدایڤا) بۆ كارێك بووە كەس ناتوانێت نكوڵی لە بەھاداری و مانای بەرزی كارەكەی بكات، بەڵام بێگومان ھەموو ڕووت بوونەوەیەك وەك ڕووتییەكەی (گۆدایڤا) مانادار و بەھادار نییە.

كەواتە چی دەربارەی پۆشاكە نیمچە ڕووتەكانی ھەندێك لە كچە مۆدێلەكانی كوردستان دەوترێت بە بەراورد لەگەڵ (گۆدایڤا)؟

تابلۆی گۆدایڤا، بەرهەمی نیگارکێشی بەڕیتانی جان کالیەر ١٨٩٧

ھۆكاری ئەو ھەرایە چییە كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا دروست دەبێت؟ كاتێك كچە مۆدیلێك بە جلی نیمچە ڕووتەوە لە بۆنەكاندا دەردەكەوێت. 

لەوانەیە سەرەتا وەڵامی ئاسان بە مێشكی ھەریەك لە ئێمەدا بێت، بەڵام لەپشت ئەو وەڵامە ئاسان و سادانەوە ڕەھەندی قوڵتر و شاراوە ھەن كە تیۆرەكانی سۆسۆلۆژیا یارمەتیمان دەدەن بۆ دەرخستن و كەشف كردنیان.

جیھانی پێش پەیدا بوونی دەزگاكانی میدیا، جیھانی پێش شۆرەت و ناوبانگ بوو، جیھانێكی بێ كامێرا، بێ سكرین بوو. شتێكی مەحاڵ بوو كە كەسێكی ئەو جیھانە بتوانێت وەك كەسێكی جیھانی ئێستا بە ئاسانی خۆی بەناوبانگ بكات، كەسە ھەرە ناوبانگەكانی جیھانی پێش میدیا كەسانی وەك پاشا و حاكمەكان بوون و جگە لەوان كەسی تر ناوبانگی نەبووە.  بەڵام ئەمە بە شێوەیەكی ڕادیكاڵانە لە سەدی بیستەوە گۆڕانی بەسەر دێت، چونكە لە ناوەڕاستەكانی سەدەی بیست و تا ئەمڕۆ دەبینین كە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و كەناڵەكانی تیڤی و سەتەلایت و سۆشیال میدیاكان ھێندە زۆر بوون خەلك ونبووە لەناویاندا.

ئیدی شۆرەت و ناوبانگ ھەر بۆ پادشا و وەزیرەكان نییە بەڵكو ھەركەس بیەوێت ناوبانگی ھەبێت دەتوانێت كەناڵێكی یوتیوب یان ئەكاونتێكی ئینستاگرام و فەیس بوك بۆ خۆی دابنێت و كەمێك چالاكی ڕۆژانەی خۆی تیا بڵاوبکاتەوە، ھەرچەند چالاكییەكانیشی بێ بەھا و بێ ماناش بن بەسە بۆ ئەوەی ھێندە بەناوبانگ بێت كە پاشا و وەزیرەكانی جاران ئیرەیی پێ بەرن.

جاران گەر پاشاو حاكم و وەزیرەكان تاج و جلوبەرگی خۆیان فڕێ بدایە و بچوونایە ناو خەڵكەوە نەدەناسرانەوە، بەڵام ئێستا بە ھۆی تەكنەلۆجیای دیجیتاڵییەوە  كە بەناوبانگ بوویت بە جلوبەرگی گەدا و دەرۆزەكەرانیشەوە بچیتە ناو خەڵك ھەر ناوبانگت لێ نابێتەوە.

بە جۆرێك  سۆسیۆلۆژیستی ئەمەریكی (دانیال جی بۆریستین) دەڵێت: “لەم سەردەمەدا بەبێ ئەوەی ھیچ بكەیت و ھیچ بەرھەمێك و ھیچ بەھرەیەكت ھەبێت بەناوبانگ دەبیت، ئیستا (بەناوبانگ بۆیە بەناوبانگە، لەبەر ئەوەی بەناو بانگە)”

لە ڕیزی پێشەوەی كەسانی بەناوبانگ لەم سەردەمە نوێیەدا ئەستێرەكانی (سینەما، گۆرانی و سۆشیال میدیا) وەستاون، بەڵام ئەمانە وەك كەسە بەناوبانگەكانی تر نین لە كۆمەڵگەدا، ئەمانە لە ڕێی سكرینەكان و دەزگاكانی میدیاوە ئەفسانەی ژیانی خۆیان دادەڕێژن و خۆیانی پێ دەردەخەن، بە جۆرێك خۆیان بەیان دەكەن وەك بڵێی: نیمچە خوداكانی ناو ئەفسانەكانی یۆنان بن لەسەردەمی مۆدێرندا.

سۆسیۆلۆژیستی فەرەنسی ئەدگار مۆران لە كتێبەكەیدا بە ناوی (ئەستێرەكانی سینەما) دەڵێت: “قارەمانی فیلمەكان، قارەمانی (سەركێشی، جوڵە و چالاكی، قارەمانی تراجیدیا و كۆمیدیان، قارەمانی سەركەوتن و خۆشەویستیشن) ..ھتد.

ئەوان بە جۆرێك لە جۆرەكان لە قارەمانی ناو ئەفسانەكان دەچن، چونكە ئەستێرەكانی سینەما و سۆشیال میدیا بە جۆرێك لە جۆرەكان جێ پەنجەی تایبەتی خۆیان بەسەر جەوھەری قارەمانێتی لەناو كۆمەڵگەدا جێدەھێڵن”.

بێگومان ئەستیرەكان بە ئەستێرەیی لەدایك نابن و كەسە بەناوبانگەكانیش بە ناوبانگەوە لەدایك نابن، لێرەدا باس لەو كەسایەتیانە ناكەم كە خۆڕسكانە و ھەر بە ئاگایی و بلیمەتی خۆیان و بەبێ ئەوەی بشیانەوێت بەناوبانگ دەبن.

بەڵكو زۆربەی ئەم كەسایەتیانە دروست دەكرێن، سەرەتا لەڕێی ڕواڵەت و ڕووكاریانەوە دروست دەكرێن، ئینجا بەو وردەكاری و تێروتەسلی ژیانیان كە ئەگەر ھیچ شتێکی گرنگیشی تیا نەبێت درێژە بە دروستكردنی ناوبانگەكەیان دەدرێت، لەبەردەم كامێراكاندا، یان لەپشت پەردەكانیشدا، لێرەدا ھیچ بوارێك بۆ شتی ھەڵەشەیی و نامەدروس نابینین لە دەركەوتنی كەسە بەناوبانگەكاندا لەناو كۆمەڵگەدا، چونكە لەپشت ئەم كەسایەتیانەوە دەزگای گەورەی میدیایی كار دەكەن و مەبەستی ئەو دەزگایە دروست كردنی ئەستیرەكانە و دەورەدانیان بە تیشك و تریفەیەك كە وەك كەسانی جیاواز و قارەمان دەریان دەخات ئەگەرچی لە ڕاستیشدا ئەو كەسانە ھیچ ڕۆڵێكی دیاریان لە كۆمەڵگەدا نەبێت.

لێرەوە دەتوانین ئەو كار و چالاكیانەی كەسێك دەیكات بۆ ناوبانگ پەیداكردن ناوبنێین بە “كەشەكانی بە ئەستێرەبوون”وە لەلای كچانی  مۆدێل و ھەندێك لە كچانی ھونەرمەند و سۆشیال میدیای كوردیدا و بە پلەی یەكەم و لەسەروو ھەموو ئەو وردەكاریانەوە دەبێت جلوبەرگ و پۆشاك لەبەركردن ئەگەرچی بە شێوەیەكی نامۆ و سەیریش بێت، گرنگی پلە یەكی پێ بدرێت، چونكە جەوھەر و كاری ئەوان لەسەر مۆدێل و ستایلی تایبەت بە خۆیان بەندە. كە ناوم ناون بە كچەكانی (گۆدایڤا).

سۆسیۆلۆژیستی فەرەنسی ئەدگار مۆران دەڵێت: “ئەستێرەكان گرنگییەكی لەڕادەبەدەر بە چۆنیەتی ھەڵبژاردنی جلوبەرگیان و ئیكسسوارەكانیان و ستایلی پرچ و قژیان دەدەن، دەبێت ئەو شتانە بەردەوام لە لوتكەدا بن لەلایان، چونكە ئەوە جلوبەرگی تایبەتی ئەوانە كە لە كەسانی تر و لە ئەكتەرە ئاساییەكان (كۆمبارسەكان) جیایان دەكاتەوە و، دەشڵێت:” كەسانی ئاسایی جل دایان دەپۆشێت بەڵام ئەستیرەكان جل دەریان دەخات”. چونكە ڕواڵەت و ڕووكار و دەركەوتنی كەسانی ئەستێرە دەبێت زۆر جیاوازی لە دەركەوتنی كەسانی ئاسایی هەبێت. لێرەوە ھەر لەو بوارەدا (مۆران) لەسەر كچان و ژنانی ئەستێرە دەڵێت: “ڕاستە كە ژنە ئەستێرە دەتوانێت جلوبەرگی ئاسایی و سادە بپۆشێت بەڵام دەبێت بە جۆرێك ئەو جلە سادانە بپۆشێت كە جوانترین زینە و ئێكسسوارەكانی لەگەڵدا دەركەوێت كە ئەویش ڕووتی جەستەی خۆیەتی؛ واتە بۆ ژنە ئەستێرە ھیچ جلوبەرگێك بە ھێندەی ڕووت بوونەوەی جەستەی خۆی ناتوانێت ئەستێرەبوونی ژنەكە دەربخات و ڕووتییەكەی خۆیان، جوانترین جلوبەرگیانە”.

blank
ئێدگار مۆران (١٩٢١- ) کۆمەڵناس و فەیلەسوفی فەڕەنسی

لای (مۆران) جەستە تایبەترین ڕووبەری تاكە، ڕەنگە ژنانی بەناوبانگ بە كەشفكردن و دەرخستنی گەرمترین شوێنەكانی جەستەیان بۆ جەماوەرەكانیان شانازی بكەن و پێوەی بنازن ئەم دەرخستنەش بۆ ئەوەیە كە پەردە لەسەر جوانییەكەی لاببات و جوانی خۆی زیاتر دەربخات، چونكە جەستەی ژنە ئەستێرە ماركەی بەناوبانگ بوونی كەسەكەیە و ھەر لەبەر ئەوەشە كە گرنگی زۆر دەدەن بە جەستەیان ھیچ شتێك نایانگەڕێنێتەوە لە دەرخستنی جەستەیان، ھەر لە خەرج كردنی پاریەكی زۆر بۆ موكیاج و تاقیكردنەوەی جۆرەھا دەرمانی گران بەھا بۆ پارێزگاری لە گەنجێتی خۆیان و خەرج كردنی ھەزارەھا دۆلار لە نەشتەرگەری جوانكاری و بۆتۆكس و فیللەر… ھتد.

ئەمەش ھەر لەبەر لووتبەرزی و غروور ناكەن، بەڵكو باش دەزانن چی دەكەن بۆ دەیكەن، چونكە ئەوان زۆر باش درك بەوە دەكەن كە ئەوە جەستەیانە كە ئەمانی كردووە بە ئەفسانە و ھەتا پارێزگاری لە جەستەیان بكەن ھێندەی تر ئەفسانەكەشیان بە زیندوویی و پرشنگداری دەمێنێتەوە.

تا ئەفسانەكەیان زیندوو بێت، پارەی زیاتر پەیدا دەكەن، مێشكیان ھۆرمۆنی دۆپامینی زیاتر دەردەكات كە ھۆرمۆنی دڵخۆشییە، زیاتریش دەبێتە جێی سەرنج و گرنگی پێدانی دەورووبەری، چونكە مرۆڤ لەڕووی دەروونییەوە زۆر حەزی بەوەیە كە جێی سەرنج و گرنگی پێدان بێت لەناو كۆمەڵگەكەی خۆیدا.

ژنە ئەستێرە بە تەواوەتی سەر بە جەماوەرەكەی خۆیەتی بە جۆرێك ئەو كچانە وەك كۆیلەیەكی ھەتا ھەتایی وان كە چاوەڕێی سۆز و بەزەیی جەماوەرەكەیانن

كەواتە دەرخستنی ئارایشتەكانی جەستە وەك تەقس و كەشێك وایە و یەكانگیرە لەگەڵ ئەستێرەیی بوون و بەناوبانگ بووندا، كەشێك كە بە ھۆیەوە كچەمۆدیل یان ھونەرمەندەكان ئەستێرەی خۆیان لە دڵی جەماوەرەكەیاندا دەچەقێنن. (مۆران) دەڵێت: “ژنە ئەستێرە بە تەواوەتی سەر بە جەماوەرەكەی خۆیەتی بە جۆرێك ئەو كچانە وەك كۆیلەیەكی ھەتا ھەتایی وان كە چاوەڕێی سۆز و بەزەیی جەماوەرەكەیانن و ھەر وەك پادشاكان كە سەر بە میللەتی خۆیانن بەڵام میلەتەكانیان سەر بەوان نین ئەمیش سەر بە جەماوەرەكەیەتی، بەڵام جەماوەرەكەی سەر بەم نین و، شوێنكەوتووانی ئەم كچانە داوای سادە بوون لەم كچانە دەكەن بەڵام، ئەو سادەبوونە نەبینراو دەبێت گەر بێتو خۆی ڕیكلام بۆ سادەبوونەكەی نەكات.

بۆیە دوای ماوەیەك دینە سەر سكرین و شاشەكان و داوای لێبوردن دەكەن كە گوایە نەیانزانیوە كۆمەڵگەكەیان وەك كۆمەڵگەی خۆرئاوایی نییە.

كچە ئەستێرە و مۆدیلەكان دێن و جلە نیمچە ڕووت و سەرنجڕاكێشەكان لەبەر دەكەن و ئیتر ئەوەی ڕوودەدات، ڕوودەدات و بەو كارەیان بۆ ماوەیەكی زۆر دەبنە جێی باس و خواستی چڕی میدیا و سۆشیال میدیاكان و خەڵكیش دەبن بە چەند بەشێكەوە ھەندێك دەڵێن: “ئەوە ڕووداوێكی سادەیە و ھیچ شایەنی گەورەكردن نییە لەچاو ڕووداوگەلێكی مەترسیدار كە لە جیھاندا ڕوودەدەن وەك (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و بەرپا بوونی جەنگە گەورەكانی نێوان وڵاتان و دابەزین و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و وشكبوونی دەریا و ڕووبارەكان  و ھەژاری…)، كە لێرەدا ئەم بەشە لە خەلك لە ڕووی تیۆرییەوە قسەكانیان ڕاستە”. بەڵام كێ دەڵێت: “ئەم قسانە دەچنە مەنتیق و لۆژیكی كولتووری كۆمەڵگەوە، كوا كولتووری جەماوەر لۆژیك بەڕێوەی دەبات؟”.

گەر وایە شتەكان بە لۆژیك بێت ئەی بۆ ئەم تۆفانی گرنگیدان و ناڕەزایەتییەی لێدەكەوێتەوە لەناو كۆمەڵ و سۆشیال میدیاكاندا و ئەو دابەشبوونە توندەی لەناو كۆمەڵگەدا دروست كردووە.!؟

  كولتووری جەماوەر لە شەھیدەوە بۆ شەھید

بەر لە پەیدابوونی دیاردەی كچە ئەستێرە و مۆدیلەكان لە كوردستان لە ساڵی ٢٠١٣دا ڕووداوێك لە ئەمەریكا روودەدات ئەویش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سێكسی (كیم كارداشیان)ی كچە ئەرمەنییە كە لەگەڵ دەستگیرانەكەی خۆیدا بوو، دەستگیرانەكەی خۆی ئەو گرتەیەی بڵاو كردەوە ھەر لەو ساڵەدا زانای سۆسیۆلۆژی ناودار (زیگمۆند باومەن) بۆ تیشك خستنە سەر ئەو ڕووداوە لێكچەرێكی (موحازەرەیەكی) وتەوە بە ناوی (چی وا لە كەسێك دەكات ببێتە قارەمان) كە ھەر بەھۆی لێكچەرەكەی باومەنەوە ئەو ڕووداوەی كارداشیان وەك ئاگری ناو( كا) بە جیھاندا بڵاو بووەوە كە لەو لێكچەرەدا (باومەن) باس لەو گۆڕانكاریانە دەكات كە بەسەر تاكی بەناوبانگ لەناو كۆمەڵگەدا ھاتوون لە كولتووری جەماوەر و میللیدا. باومەن بە وردی باس لەو گۆڕانكاریانە دەكات كە بەسەر تاكەكاندا دێت ھەر لەسەرەتای مێژووەوە كە چۆن گۆڕان بەسەر قاەەمانی ناو ئەفسانەكان ھاتووە بەرەو شەھیدەكانی چاخی دینی و كەسە ئەستێرەكانی ڕۆژگاری خۆشمان.

“كەسی بەناوبانگ بەناوبانگە لەبەر ئەوەی كە بەناوبانگە”.

باومەن دەڵێت: “قارەمان ئەو كەسەیە كە لەپێناو كێشەیەكدا یان قەزیە و پرسێكدا گیان لەدەست دەدات، یان لەپێناو شتێكدا گیانی خۆی فیدا دەكات كە پێی وایە بەھای زۆر زیاترە لە ژیانی خۆی. شەھیدیش ئەو كەسەیە كە لە ئەنجامی ستەمێكی زۆر كە لێی دەكرێت گیان لەدەست دەدات، لای باومەن لەویادا قارەمان و شەھید یەك دەگرنەوە كە كەسانێكی كەم وێنەن چونكە لە ڕێی كاری مەزنەوە گیانی خۆیان دەخەنە مەترسی و یان گیانی خۆیان فیدا دەكەن لە پێناو بەدەستھێنانی ئامانجێكدا كە لە ژیانی خۆیانی بە گرنگتر دەزانن، بەڵام باومەن دەڵێت: لەم ڕۆژگارە مۆدێرنەی ئەمڕۆدا لەو كەسایەتی و فیگەرانەمان نەماوە، بەڵكو تەنھا كەسانێكی بە ناوبانگ و ئەستێرە جێی گرتوونەتەوە كە بە ھیچ جۆرێك لە قارەمان و شەھید ناچن و دەشڵێت: ئەم ئەستێرانەی ئەمڕۆ بە ھیچ جۆرێك ناتوانن جێی قارەمان و شەھیدەكانی جاران بگرنەوە. لێرەدا دەچینەوە سەر وتەكەی برنستین كە دەڵێت: “كەسی بەناوبانگ بەناوبانگە لەبەر ئەوەی كە بەناوبانگە”.

.

لەبەر تیشكی ئەو گۆڕانە زۆرەی كە لەم جیھانە مۆدێرنەدا بەسەر تاكە بەناوبانگەكاندا ھاتووە لەناو كولتووری جەماوەری میللیدا دەتوانین ھەمان گۆڕانكاریش لە خودی كۆمەڵگاشدا بەدی بكەین، چونكە گەر كاتی خۆی خەڵك بە پلەیەكی بەرز و بەھادار لە قارەمان و شەھیدیان ڕوانیبێت، دەبینین ئەمڕۆ ئەو كەسانە نەماون یان زۆر دەگمەن بوون، چونكە لەم سەردەمە نوێیەدا ھەر لە بنەڕەتەوە بنەمایەك نەماوە بۆ ئەو بەھایانەی كە كۆمەڵانی خەڵك لەسەری كۆك و یەكدەنگ بن لەسەری و لەبەر نەمانی باوڕی كۆ بە بەھا و پرس و قەزییەكان ئیدی بۆچی جەماوەر دوای ئەو كەسانە بكەون و بە شان و باڵی ئەو كەسانەدا ھەڵبدەن كە ھێشتا باوەڕیان بە بەھای بەرز و پڕ مانایە لە كاتێكدا چیتر جەماوەر خۆی باوەڕی بەو شتان نەماوە.

ئیدی لەم سەردەمی پووچەڵ بوونی بەھایانەدا تەنھا ئەو كەسانە ناوبانگ پەیدا دەكەن كە چالاكن لە سۆشیال میدیاكاندا و، سۆشیال میدیاكان شەو و رۆژ ھەر باسی ئەمانە دەكەن ھەر چەندە ناوبەنگەكەیان ڕووكەشییە. ھەر لەم سۆنگەیەشەوە (باومەن) چەمكی (زەمەنی شل) یان( مۆدێرنەتی شل) یان (كۆمەڵگەی شل)ی داڕشت.

باومەن لە سەرەتای كتێبی (مۆدێرنەتەی شل)دا دەڵێت: “ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باوەڕم پتەوتر دەبێت كە ئێمە دوچاری تەختێكی بەتاڵ بووینەتەوە لەناو كۆمەڵگەدا كە تیایدا نۆرم و بەھا كۆنەكان ھیچیان نەماون ھیچ لەو نۆرمانە بۆ ژیانی ئەمڕۆ دەست نادەن و كەڵكیان نەماوە بۆ دۆخی مرۆڤایەتی لە ژیانی ئەمڕۆدا، بەڵام لە ھەمان كاتدا نۆرم و بەھا و مانا نوێیانەش پەیدا نەبوون كە جێی ئەو نۆرم و بەھا بەسەرچووانەی جاران بگرێتەوە تا بتوانین بەھۆی ئەو بەھا نوێیانەوە لەگەڵ ئەم ژیانە مۆدێرنەدا ھەڵ بكەین و پرۆسەی ژیانی خۆمان بكەین، ئێمە تائێستاش نازانین كە لەگەڵ كام بەھادا بین و كام بەھا دروست بكەین كە دوور بێت لە ڕەخنە تا لەگەڵ ئەم زەمەنە مۆدێرنەدا بیگونجێنین.!؟

blank
زیگمۆند باومەن (١٩٢٥-٢٠١٧) کۆ،ەڵناس و فەیلەسوفی پۆڵەندی

ئەوەی باومەن دەیڵێت ئەوەیە كە ئێستا ئێمە لەنێوان دوو جیھاندا دەژین جیھانێكی كۆن كە نۆرم و بەھاو یاساكانی بەكەڵكمان نایەن و جیھانێكی مۆدێرن كە ھێشتا نۆرم و بەھا و یاسای خۆی دروست نەكردووە و لە دیمەنێكی لەم جۆرەدا تووشی جۆرێك لە خەمساردی یان شل بوونەوە دەبینەوە لە ھەموو شتێكدا، چونكە ھێشتا بەھایەكی پتەو دروست نەبووە بۆ ئەم سەردەمە نوێیە و ھیچ بیروباوەڕێكی دوور لە ڕەخنەش شك نابەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم زەمەنی مۆدێرنەیە، ئێستا كاتی ئێمە كاتێكی شڵەژان و گرژییە كە ھیچ كەس لە ئێمە ناتوانین پێشبینی و چاوەڕوانی ھیچ شتێك بین تیایدا، چونكە چیتر ئارامی و ئاسودەیی و جێگیری لە جیھاندا نەماوە ھەموو شتەكان بە خێرایی دەگۆڕدرێن كە ئەستەمە بتوانین فریای ئەوە بكەوین كە بزانین سبەی چی دەبێت و چی ڕوودەدات.

باومەن دەڵێت: ئێستا ژیان لەم زەمەنی شل و لەم مۆدێرنە شلەدا وەك ئەوە وایە بە ناو كێڵگەی میندا بڕۆین و ھەموومان دەزانین كە ڕۆژیك و لەھەر شوێن و كاتێكدا بێت تەقینەوەیەك ڕوودەدات، بەڵام نازانین لە چ ڕێککەوتێكدا دەبێت.

ئیدی ھەر لەو كاتەی كە كچە مۆدیڵێك یان ئەستێرەیەكی كورد جلێكی سەرنجڕاكێش لەبەر بكات كە كەمێك ڕووتی پێوە دیار بێت ئەوا بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت پێی ناوە بە مینەكەدا حاڵی وەك حاڵی ھەموو دانیشتوانی ناو مۆدێرنەی شلەوە و ھەرگیز ناتوانێت پێشبینی ئەو كاردانەوانە بكات كە لە كۆمەڵگەدا لەسەری ڕوودەدەن.

ھەرچەندە ڕەنگە ئەو لە خەیاڵی خۆیدا تەنھا بۆ ناوبانگ و بوون بە ئەستێرە یان بۆ دەرخستنی جوانی خۆی ئەمە بكات دوور لە نانەوەی ھەراوزەنا كەچی كۆمەڵگەی مۆدێرن لەبەر ئەوەی لەسەر ھیچ بەھایەك كۆك نییە، بۆی ھەیە ئەوە بكەنە بۆنەیەك بۆ ھەڵگیرساندنی ئاگری مشتومڕ و ناكۆكی لەنێوان گرووپە جیاوازەكاندا، لەسەر بابەتێك كە مرۆڤایەتی لێی تێر نابێت ئەویش جەستەی ژنە. كە لە بنەڕەتدا ئەو مشتومڕە ھەر كۆنەقینی نێوان ئەو دوو توێژ یان گرووپەیە كە لە كۆمەڵگای كوردیدا لەنێوان گرووپی پارێزکار و موحافیزكار كە ئایین پەروەری بە سەریدا زاڵە و ئەو گرووپەی تریش كە خۆی بە ھەڵگری بەھا خۆرئاواییە سیكیولارەكان دەزانێت، كە بە ھۆی مۆدێرنەی شلەوە بواریان بۆ دووبارە قسەكردن لەسەر جەستەی ژن دۆزیوەتەوە كە پێش سی بۆ چل ساڵ لەمەوبەر ھیچ مەجال و بوارێكی تیانەبوو كە قسەی لەسەر بكرێت، چونكە جاران بەھاكانی كۆمەڵگە كۆنكرێتی و دیاریكراو بوون،  بەبێ مشتومڕ و ھەموان پێی پابەند بوون و ھەر لادانێك لەو بەھایانە بەس بوو بۆ ئەوەی دەرت بكەن لە گرووپ و شكاتت لێ بكەن و لە گەڕەك دەرت بكەن، بەڵام ئێستا لەم زەمەنی مۆدێرنە و ژیانی شلەدا شتەكان و بەھاكان و یاساكان لاستیكین و ئەو پاك و ڕوونییەیان نەماوە.

لێرەوە بەلای گرووپی پارێزکار ئەو دیمەنەی كە ھەندێك لە كچە مۆدێلەكان بە نیمچە ڕووتی پێی دەردەكەون لەگەڵ نۆرم و بەھاكانی كۆمەڵگە یەكناگرێتەوە، بەڵام ئەم بۆچوونەی گروپە پارێزکارەكە زۆر لە جێی خۆیدا نییە، چونكە دەبێت بپرسین كامانەن ئەو بەھا و نۆرمە كۆمەڵایەتییە جێگیر و نەگۆڕانەی كۆمەڵگەی كوردی لەبارەی جلی خانمانەوە؟ چونكە گەر تەماشای جلی كوردی خانمان بكەین دەبینین مۆدێل و ستایلی زۆرە و لە ھەندێك مۆدیلدا قوماشەكە ھێند تەنك و شەفافە سنگ و قۆڵی خانمان بە باشی دیارە و سەرەڕای ئەوەش زۆربەی  ژنی كوردی پەچە و حیجاب لەگەڵ جلی كوردی نابەستن.

ئەگەر ئەم  پرسیارە جاران بكرایە واتە پێش ھاتنی مۆدێرنە ئەوا وەڵامەكەی لە دینەوە سەرچاوەی دەگرت، چونكە ئەوە تەنھا دین بوو دەستنیشانی ئەوەی دەكرد كە چی باشە و چی خراپە بۆ كۆمەڵگە و، دین خۆی نۆرم و بەھاكانی كۆمەڵگەی دادەنا.

بەڵام گەر ئەم پرسیارە ئەمڕۆ بكرێت ئەوا بەھۆی جیھانی نوێ و مۆدێرنەوە تووشی دابەش بوونێك دەبین لە كۆمەڵگە بەسەر دوو بەرەدا بەرەی داخران و كۆنەپارێز و بەرەی كرانەوە و نوێخواز.

ئێستا كۆمەڵگە بووە بە چەند گرووپێك،  گرووپی وای تیایە چیتر بەھا و نۆرمەكانی كۆمەڵگە بە پێویست نازانێت و پێی وایە كۆنن لەگەڵ ڕۆحی سەردەم  ناگونجێن و دەبێت بگۆڕدرێن.

ھەر گرووپە و ڕا و بۆچوون و بەھای خۆی ھەیە بۆ ژیان كە لەگەڵ بەھا و بۆچوونی گرووپەكانی تر یەك ناگرنەوە و سازیشی لەسەر ناكەن و بگرە تادێت ھەر گرووپە و توندتر و پێداگرتر دەبن لەسەر ڕاكانیان و لەناو ئەم جیاوازییەدا ھەر دوو گرووپی پارێزکار یان كۆنەپارێز، گروپی نوێخواز و گۆڕانخواز پشتی زیاتر بە مەرجەعیەتی فەرھەنگی خۆیان دەبەستنەوە.

گرووپی پارێزکار پێی وایە كە جل و پۆشاكی نیمچە ڕووت چوونە دەرەوەیەكی تەواوە لە نۆرم و بەھاكانی كۆمەڵگا و دەبێت ھەموو كۆمەڵگا دژی ئەو جۆرە پۆشاكانە بن، گرووپی نوێخوازیش پێی وایە لەبەركردنی ئەو جۆرە پۆشاكە ئازادییەكی تاكەكەسییە و نابێت ھیچ گرووپ و ھێز و لایەنێك حوكم بەسەر ئەو ڕووبەرە بچوكەدا بدات كە جەستەیە چونكە جەستە موڵكێكی تاكەكەسییە.

ئێستا ئێمە ناتوانین لایەنی ھیچ لەو گرووپانە بگرین چونكە ناتوانین ھیچ مانایەك بۆ خۆداپۆشین و خۆ ڕووت كردنەوە ببینین لەم سەردەمەدا كە زۆر بە خێرایی بەھاكانی تیا دەگۆڕدرێت و بەردەوام مۆدیلی جل و پۆشاكەكانیش دەگۆڕدرێن واتە ناتوانین بەھایەک بە خۆڕووتكردنەوەی ئەمڕۆ بدەین لە چاو ئەو بەھایەی كە بە خاتوو (گۆدایڤا)ی دەدەین، چونكە خۆ ڕووت كردبەوەی ئەمڕۆ تەنھا بۆ مۆدیلە نەك بۆ كارێكی بەھا و مانادار. چونكە كاتێك (گۆدایڤا) بە ڕووتی بە شەقامەكانی كانتۆنی (ماریكا)دا سوڕایەوە، ئەوا دانیشتوانی كانتۆنەكە كۆك بوون لەسەر جوانی و بەھاداری كارەكەی جگە لە پێدانی قارەمانێتی بەو خاتونە و كردنی بە ئەفسانەیەك كە تا ئەمڕۆش ڕێزی لێ دەگیرێت، بەڵام ناكرێت كچە مۆدێلەكانی ئەمڕۆی ناو كۆمەڵگەكانی خۆرھەڵاتی بەراورد بكرێن بە  خاتوو (گۆدایڤا)، تەنھا ئەوە نەبێت كە بە جلوبەرگە نیمچە ڕووتەكانیان دەبنە بابەتێك بۆ كاتە بەتاڵەكانی میدیاكان و پڕكردنەوەی سۆشیال میدیاكان بە كۆمێنت، ئەمەش لە ڕوویەكەوە دەسەڵات سوودی لێ دەبینێت بۆ لەبیر بردنەوەی ڕووداوە گەورەكان و شاردنەوەی قەیرانەكان لە خەڵكی، ئەم دیاردەیەش بەردەوام دەبێت تا كاتێكی نادیار لە سایەی زەمەنی شل و ژیانی شل و مۆدێرنەی شلەوە دووبارە بەسەرچوونەوەی خێرا و یەك لەدوا یەكەكانی شتەكان و بەھاكان لەم سەردەمی مۆدێرنەیەدا وەك زیگمۆند باو مان باسی دەكات.

 

تێبینی: بۆ ئامادەكردنی ئەم وتارە سوودی زۆرم لە وتارێكی ژنە رەخنەگری كولتووری (مھا فجال) وەرگرتووە، بە ناوی (ماالذي يخبرنا به علم الاجتماع عن فستان رانيا يوسف؟)