پيرۆزكردنى زمان
كوردیى لەنێوان زمانى ڕەشەخەڵك و زمانى ئاييندا (سەردەمی کلاسیک)

گرووپێک لە کوردانی زازایی ١٨٩٩

دەروازە

   لەدواى هاتنى ئيسلام و بوونى بە ئايينى باڵادەست لە كوردستان، زمانى كوردى خۆى لەبەردەم باوەڕێك و پيرۆزييەكدا دۆزييەوە كە پەيوەستە بە جيهانبينیی و هێزى دەلالەتييانەى زمانى عەرەبييەوە؛ زمانێك كە ئيدى دەروازەى بە گەردوونبوونى بەسەردا كرابۆوە. بۆيە بۆ كوردى و زمانەكانى تريش گوزارشت كردن لە باوەڕدارى و پيرۆزييە ئايينيیەكان جۆرێك لە ڕووبەڕووبوونەوەى تێدا بوو. لێرەوە ئەو توانايەى بە زمانى دەسەڵات درابوو، هەروەها خۆنواندنى دەسەڵاتييانەى كورد لە پانتايى خەلافەتى ئيسلامى و ئەو گۆڕانە مەزهەبييانەى لە زەمينەى كوردى ڕوويانداوە، لەگەڵ پێكهاتەى كۆمەڵايەتیى كورد و ئاستى تێگەيشتن لە ئايین و باوەڕدارى بەگشتى، كەم تا زۆر ڕۆڵيان لە پێگەى زمانى كوردى لەو گوتارە ئايينيیەدا هەبووە. بێگومان تێگەيشتن لە تەواوى ئەم گۆڕاوانە و ئەم پێگەيە دەتوانێ بەشێك لە مێژووى گەشەسەندنى زمانى كورديمان بۆ دەربخات، بەتايبەت كە لەوێ بەدواوە بەرەبەرە ئايينى ئيسلام جيهانبينى زۆرينەى كوردانى دادەڕشت و دەبووە ئەو كەناڵە باوەڕييەى لەميانەيدا و لەماوەى درێژى مێژووييدا سيستەمە كولتوورييەكەيانى پێكدەهێنا.

  تێگەيشتن لەو پەيوەندييەى نێوان ئايينێكى دەرەكى لەگەڵ زمانێكى نێوخۆيى وەك كوردى بە هانامانەوە دێت بۆ تێگەيشتن لە فۆرمەكانى باوەڕدارى و ئەو دەركەوتە لۆكاڵييانەى دەشێ ئايينێكى هەمەگير هەیبێ و لەئاكامدا سێكتى ئەوتۆى لێ دەربكەوێ، يان كاريگەرى بەسەريانەوە هەبێ، كە تايبەتمەندبوونى خۆيان لە شوێن و كات و زمانەكەوە وەردەگرن و لەنێوياندا دەژين. لێرەوە دەخوازين، لەم توێژينەوەيدا، لەوە بگەين كە چۆن زمانێكى لۆكاڵى وەك كوردى، بە زارە فرەجۆرەكانیيەوە كار دەكات بۆ خۆدۆزينەوە لەنێو باوەڕى ئايينى غەيرە زماندا، كە ئيسلام و عەرەبييە. بۆ ئەمەش دەبێ هەر لە قۆناغى ڕووبەڕووبوونەوەوە دەست پێ بكەين؛ ئەو قۆناغەى زمان لە ئاكامى ژێركەوتن و لەدەستدانى مافى بەكارهێنان لە كايەى ئايينى، خۆى لەگەڵ دراوە نوێيیەكانەوە دەگونجێنێ، تا ئەوكاتەى لەنێو ئايينەكەدا ئاراستەيەك دەدۆزێتەوە لەگەڵ پێكهاتەى ئەو و قسەپێكەرەكانى ڕێك دێتەوە و ئەو هێزە بە زمانەكە دەبەخشێ، كە بتوانێ ديدى ئايينیی و پيرۆزييەكانى ئەوان لەخۆ بگرێ، يان لايەنى كەم لە زەمينە كۆمەڵايەتييەكەدا تێگەيشتراو بێت.   بينينى ئەم وەرچەرخانە لەنێو زمان كارێكى ئەستەمە، بەتايبەت ئەگەر زمانەكە پتر لە ئاستى زارەكيیدا مابێتەوە و نەيتوانيبێ لە سەنتەرە شارستانييەكاندا پێگەى ئەوتۆ بۆ خۆى دروست بكات، كە دەقى نووسراوى پێ بەرهەمبهێنرێ. كاتێك دەقى نووسراويش نەبێ، ئەوا ئەو زانيارييەى هەيە، تەنيا ئەوە دەبێ، كە لەنێو دەقى غەيرە كوردييەوە ياداشت كراوە. لە سەدەكانى ناوەڕاستيشدا ئەو دەقانە پتر عەرەبى و فارسين. ئيدى لەوێشدا زۆر بەدەگمەن لايان بە لاى زمانى كوردى كردۆتەوە. هەر ئەمەش وا دەكات نەتوانين تێگەيشتنێكى ڕوون لەبارەى وەرچەرخانە زمانييەكان لە پانتايى كورديدا گەڵاڵە بكەين. خۆ ئەم ناڕوونيیەش بەشێكە لە پرۆسەى وەرچەرخانەكە و دەكرێ وەك دەرئەنجامێكى بەريەككەوتنى زمانى كوردى و باوەڕێكى ئايينى غەيرە زمان بێت.