سۆران ئازاد, Author at ژنەفتن
هێزی ئاگامەندی لە تێگەیشتن لە بوون
بوون ماڵی ئێمەیە و ئێمە لەو ماڵە شکۆدارەدا خاوەنماڵین. ئەوەی لەو ماڵەدا هەست بە نامۆییی خۆی دەکات، خاوەنماڵەکانی تر بە سەروەرتر لە خۆی دەزانێت. بۆ دواوە و بۆ پێشەوە بڕوانین، هەر خۆمان دەدۆزینەوە. ئەو هێزە ئافرێنەرەی ئاگامەندیی ئێمە هەیەتی، جیهان لە خۆیدا دەئافرێنێت و جیهان دەکاتە مانیفێستی خۆی لە بەرجەستەبووندا. هێزی ئافراندن و ڕووخاندن لە یەککاتدا هێزە یەزدانییەکانی ئاگامەندین، بەڵام ئاگامەندی هەمیشە ئاگامەندیی بوونە و هیچی تر. لەم سەرەباسەدا، ڕوانگەیەک لەو جۆرە تێڕامانە دەخەمەڕوو، ئەویش بە هەوڵی دامەزراندنی زەمینەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان (Spiritual experiences).
بە بۆچوونی (ڕۆی ڕام باسکار)، ئێمە دوو جۆر زانینمان هەن: زانینی یەکەم سەبارەت بە بوونە لە کاتێکدا زانینی دووەم پێوەندیی بە بەرهەمهێنانەوە (production) هەیە.[1] لێرەدا، ئێمە زانینی دووەم بەلاوە دەنێین و ڕوومان لە جۆری یەکەمە، کە زانینە سەبارەت بە بوون. تەنیا لە ڕێگەی زانینی یەکەمەوەیە، کە ئێمە دەتوانین تێگەیشتن بۆ بوونی خۆمان مسۆگەر بکەین. خودی زانین سەبارەت بە بوون هێزە بۆ بوونی ئێمە، چونکە مرۆڤانی زانین بایەخی زانین دەزانن؛ ئەوان دەزانن، کە زانین سەبارەت بە بوون دەروازە گەورەکەیە ڕووەو ئازادی؛ تاکە دەروازەیەک، کە شایستەی ئەوەیە ڕێگای بێژمار ژیانی بۆ بگرینە بەر. (فریدرێک نیتشە) گۆتەنی “ئەو شوێنەی درەختی زانینی لێ ڕوواوە، هەمیشە بەهەشتە.”[2] ئازادبوون چەمکێکی ناپێویست نییە. واتە چەمکێک نییە، کە تەنیا پێوەندییەکی ناڕۆشن و ناڕێکخراوی لەگەڵ ڕاستەقینەدا هەبێت. ئازادی ترپەی دڵی بوونە. مەوداکانی ئازادی تەنانەت لەسەرووی هۆش و تێگەیشتنن، بەو پێیەی ئازادی لە دەرەوەی بەرجەستەبوونی کۆمەڵایەتی لە گۆی پێوەندیی هێزەکان لەنێوان مرۆڤەکاندا، لە کایەکانی تری بوونی مرۆڤیشدا بەرجەستە دەبێت. بۆ نموونە، لە کایەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەلومەرجە سروشتییانەی مرۆڤ لەژێر باریاندا دەژی. هەلومەرجەکانی بوونی مرۆڤ هیچ کات بە تەنیا کۆمەڵایەتی نین، چونکە مرۆڤ بەر لەوەی کۆمەڵایەتییانە هەلومەرجدار بێت، لەڕووی بایۆلۆجییەوە بوونەوەرێکی هەلومەرجدارکراوە. هەم هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکان و هەم هەلومەرجە بایۆلۆجییەکان هەلومەرجی سروشتن لە بوونی مرۆڤدا. لەو ڕووەوە، ئازادی پاڵنەرێکە لەناو ئاگامەندیدا، کە هەمیشە ڕووەو ڕەهاییە، واتە ڕەهایی لە ئەزمووندا، لە تێگەیشتندا، لە زانیندا و لە هەمان کاتدا ڕەهایی لە ئاگامەندییەکی سەرجەمگیر، کە لە ئاست سەرجەمگیریێتیی بووندا بێت. ئاگامەندی هەمیشە ئاگامەندیی بوونە؛ ئاگامەندی مانیفێست دەبێت لە شێوە و بەرجەستەبوونە فرەجۆرەکانیدا. ئەو تێگەیشتنە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە مادام ویستی ئازادی ویستی ئاگامەندییە، ئەو ویستە بە تەنیا تایبەت نییە بە مرۆڤ، بەڵکوو ویستێکە لە سروشتدا؛ واتە لە بوونەوەر و ڕووەکەکاندا. کاتێکیش ئەو ویستە بە تەنیا تایبەت نەبێت بە مرۆڤ، ئەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت، کە ویستی ئازادی لەسەرووی هۆشە، نەک ئەوەی ئازادی بەرهەمێکی هۆش بێت وەکوو هەموو بەرهەمەکانی تری هۆش. کاتێکیش ئازادی بەرهەمی هۆش نەبێت، بەڵکوو لەسەرووی هۆشەوە بێت، لەناو هەموو پاڵنەر و زەبرە سروشتی و هۆشەکییەکاندا دەجووڵێت و خودی جووڵەکانی ژینگە ناوەکی و دەرەکییەکان دەگوازێتەوە. لەو ڕووەوە، زانین سەبارەت بە بوون لە کڕۆکی خۆیدا جەخت لەسەر ئازادی دەکاتەوە، چونکە بوون خۆی ئازادییە، کاتێک هێزی ئافراندنی جیهان لە ئاگامەندیی بوونەوە دێت. هێزی ئافرێنەر، کە ئاگامەندییە، هیچ ئافرێنەرێکی تر لە سەرووی خۆیەوە ناناسێت، چونکە ئەو هێزە هێزی بوون خۆیەتی. (نیتشە) درک بە لایەنێکی قووڵی بوونی مرۆڤ دەکات، کاتێک ئەو مرۆڤە وەکوو بوونەوەرێکی فۆڕمبەخش، کە بەردەوام شێوە و ڕیتم دادەهێنێت، دەناسێنێت، وەک دەنووسێت:
“مرۆڤ بوونەوەرێکە، کە شێوە دادەهێنێت (ein formenbildendes Geschöpf). مرۆڤ باوەڕی بە “بوون” و شتەکان هەیە، چونکە خۆی بوونەوەرێکە، کە شێوە و ڕیتمەکان دادەهێنێت. ئەو شێوە و فۆڕمانەی دەیانبینین و باوەڕمان وایە، کە خاوەنشتن، بوونیان نییە. ئێمە خۆمان سادە دەکەینەوە و ژمارەیەک لە “ڕوانگە” لە ڕێگەی ئەو شێوانەی دروستیان دەکەین، بەیەکەوە دەبەستینەوە. ئەگەر کەسێک چاوی دابخات، بۆی دەردەکەوێت، کە پاڵنەرێک بۆ بنیادنانی فۆڕمەکان بەردەوام لە ڕاهێناندایە و هەوڵی بێژمار شت دەدات، کە هیچ ڕاستەقینەیەک کاردانەوەی بۆی نییە.”[3]
توانای داهێنانی فۆڕمی فرەجۆر بەبێ ئەوەی هەرە زۆری فۆڕمەکان هیچ پێوەندییەکیان بە شتە ڕاستەقینەکان هەبێت، بەڵکوو تەنیا وێنەی هۆشەکی بن، هاوئاهەنگە لەگەڵ توانای هۆش لە وێناکردن و خستنەوەڕووی جیهانی ڕاستەقینە لە خۆیدا. هەمان ئەو هۆشەی هەوڵ دەدات جیهانی ڕاستەقینە لە خۆیدا بئافرێنێتەوە، باوەڕەکانی بە ڕاستەقینە لەسەر بنەمای ئەو فۆڕم و شێوانە بۆ ڕاستەقینە بنیاد دەنێت. ئەمەیش ئەو ئەگەرە لە بەردەم هۆشدا واڵا دەکات، کە باوەڕی بە فۆڕم و شێوەکانی خۆی بۆ ڕاستەقینە لە باوەڕی بە بوونی ڕاستەقینە بەهێزتر بێت. هۆش خۆی پڕیەتی لە شەپۆلی بەردەوام لە ئافراندنی فۆڕمەکان و وێناکردن، کە (نیتشە) بەو شەپۆلانە دەڵێت “پاڵنەرێک لە ڕاهێناندا”. ئێمە کاتێک بە شتێک دەڵێین پاڵنەر (drive)، کە بنیادێکی دامەزراو و سەربەخۆی لە سروشتی بوونماندا هەبێت، بەبێ ئەوەی ئەو بنیادە هۆشیارانە بێت. مرۆڤ ناتوانێت پاڵنەری نوێ دابهێنێت، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت پاڵنەرە دامەزراوەکانی، کە لە سروشتەوە وەریگرتوون، بە کار بهێنێت، ئاڕاستەیان بکات و بیانگوازێتەوە، بۆیە خودی ئەو ‘پاڵنەرە لە ڕاهێناندا’، بە دەربڕینی (نیتشە) بێت پاڵنەرێکی خۆڕسک، یان ئۆرگانیکە، کە پێش بوونی هۆش دەکەوێت، کاتێک بوونی هۆش لەو پاڵنەرە ئۆرگانیکانە (organic drives)ەوە سەرچاوە دەگرێت.[4] (نیتشە) زمانیش وەک هۆش بە بەرهەمی و داهێنانی پاڵنەرەکان دەزانێت، تەنانەت ئاگامەندییش بەرهەمی پاڵنەرەکانە، نەک ئەوەی پاڵنەرەکان لە ئاگامەندییەوە بێن.[5] لەو ڕوانگەیەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە بۆ (نیتشە) پاڵنەرە خۆڕسکەکان هێزی ئافرێنەرن، بەوەی خودی ئاگامەندی لێیانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڕۆی ڕام باسکار (١٩٤٤-٢٠١٤) فەیلەسووفی بەڕیتانیایی
من لێرەدا دەمەوێت کۆمەڵێک ناکۆکی لەگەڵ ئەو دیدگایانەی (نیتشە) پەرە پێ بدەم بەو هۆکارەی، کە ئەو دیدگایانە ڕووبەڕووی جۆرێک لە سیستەمی داخراومان دەکەنەوە بۆ تێگەیشتن لە ڕاستەقینە، چونکە بە بۆچوونی (نیتشە) ئێمە ناتوانین جیهانی ڕاستەقینە لە ژوور جیهانی دەرکەوتە، یاخود ئەو جیهانەی، ئێمە لە ڕێگەی هەستەکانمانەوە بەری دەکەوین، بناسین.[6] ڕاستییەکەی جیهانی ڕاستەقینە ئەو جیهانەیە، کە لە بەردەمماندایە. ڕەخنەی (نیتشە) تا ئەو ئاستە دروستە، کە زمان بە کەمتوانا بەو ئەرکە گەورەیە دەزانێت، بەڵام کەمتواناییی زمان ئاماژە نییە بە کەمتواناییی تێگەیشتنی ئێمە لە جیهان. بە تەنیا لەبەر ئەوەی، کە زمان خەسڵەتی کەمکردنەوەی دیاردەکانی جیهانی ڕاستەقینەی هەیە، واتای ئەوە ناگایەنێت، کە خودی جیهانی ڕاستەقینە لەلایەن زمانەوە داهێنراوە. ئەوەی تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە، کە بوونە، بە نەگونجاو دەزانێت، لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوە نییە، کە تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە نەگونجاوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە، کە سیستەمە داخراوەکانی تێگەیشتن ڕێگەی ئەوەمان لێ دەگرن لە ڕاستەقینەییی جیهان بگەین. داخراویی سیستەمەکەی (نیتشە) بۆ تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە، پێوەندیی بە هەندێک بۆچوونەوە هەیە، کە ئەو پێداگرییان لەسەر دەکات و من لێرەدا هەوڵ دەدەم ڕەخنەیان ئاڕاستە بکەم. بۆ نموونە، هێزی ئافراندنی شێوە و ڕیتمەکان تایبەت نییە بە مرۆڤ، وەک ئەوەی ئەو لە مرۆڤدا سنوورداری دەکات، چونکە خودی سروشت، کە ئاستێکە لە دەرخستن و مانیفێستەکانی بوون، هەمیشە فرەشێوە و فرەڕیتمە و ژینگە و کەشە جۆراوجۆرەکانی خۆی بە دیمەن و ئاوازی جیاواز دەور دەدات. ئەو ناکۆکییە لە بنەڕەتدا ئازادکردنی بیرکردنەوەیە لە مرۆڤچەقگەرێتی لە تێگەیشتن لە ڕاستەقینە و جیهان. ئاژەڵەکانی تر و تەنانەت ڕووەکەکانیش شێوەئافرێنەرن، چونکە خاوەنی ئاگایین سەبارەت بە خۆیان و ژینگەی ژیانیان. خاڵێکی تر ئەوەیە مرۆڤ، کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە، لە ڕێگەی هۆشەوە خاوەنی توانستی ئافراندنی فۆڕمەکانە، نەک ئەوەی توانای ئافراندنی فۆڕمەکان بە تەنیا لە پاڵنەرەوە هاتبێت، بەڵام ئەو توانستە یان توانایە، داهێنانێک نییە لە هیچەوە، بەڵکوو ئەو فۆڕمانەی دایاندەهێنێت لە فۆڕم و شێوەی ترەوە هاتوون، کە هۆش لە چەرخ و دەورانی جیاواز، شاراوە و نەزانراو وەریگرتوون و وەریاندەگرێت. پڕۆسێسی وەرگرتن، گواستنەوە و ئافراندنەوە هێشتا توانای هۆشە، نەک پاڵنەرەکان، لە نزیکبوونەوە لە جیهانی ڕاستەقینە، چونکە ماڵی هۆش خۆی لە بنەڕەتدا جیهانی ڕاستەقینەیە. جیهان ڕاستەقینەیە، نەک لەبەر ئەوەی هۆش بە ڕاستەقینەی دەزانێت، بەڵکوو لە دەرەوەی هۆشدا ڕاستەقینەیە. ڕاستەقینەییی جیهان بۆ ڕاستەقینەییی بوون دەگەڕێتەوە. خاڵێکی تر ئەوەیە، کە ئاگامەندی بەرهەمی پاڵنەرەکان نییە، بەڵکوو خودی پاڵنەرەکان لە ئاگامەندییەوە دێن. پاڵنەرەکان لە هیچەوە و بەبێ ئاگامەندییەکی لەپێشتر ناتوانن سەر هەڵبدەن، چونکە هەر سەرهەڵدانێک پێویستی بە گۆڕەپانێک هەیە، کە ئەو گۆڕەپانە ئاگامەندییەکی لەپێشترە.
ئازادی خۆی بانگە، بانگی بوون بۆ ئێمە. ئەو بانگکردنە لە ویستەوە دێت، واتە ویستی بوون لە ئێمەدا، بۆیە ئەو ئازادییەی لەپاڵ ویستێکی بەهێز بۆ تێگەیشتن لە بوون نایەت، دەبێتە سەرگەردانی و سەرلێشێواوی. بە هەمان شێوە، دەبێت بە دروشم و هوتافی ژێردەستەکان، کە بە ترس و تەمبەڵییەوە لە زیندانەکانی خۆیاندا پاڵ کەوتوون
لەو ڕووەوەیە ئەگەر ئێمە ویستی ئازادی بە ئاکامی پاڵنەرەکان بزانین، ئەوا گەیشتن بە ئازادی گونجاو نابێت. ویستی ئازادی بەرهەمی پاڵنەرەکان نییە، بەڵکوو ویستە لە ئاست پاڵنەرەکاندا. لەژێر ئەو ڕۆشناییەدا ویستی ئازادی هاوکاتە بە گەشتی تێگەیشتن لە بوون، چونکە ئەو لایەنەمان خستە ڕوو، کە چۆن پاڵنەری داهێنانی شێوە، ڕیتم و فۆڕمەکان لە هۆشدا کەمتوانان لە ئاست ڕاستەقینەی دیاردە و شتەکاندا، بەڵام لە دەرەوەی پاڵنەری فۆڕمبەخشین و ڕیتمبەخشین، بوونی مرۆڤ لەژێر باری کۆمەڵێک هەلومەرجی تردایە، کە هەلومەرجەکان ئاکامی بەیەکدادان، هاوسەنگی و چەقبەستنی زەبرە فرەجۆرەکانن. ئازادی، لەو ڕووەوە، ئازادییە لە هەموو شتەکان، بۆ نموونە لە پاڵنەر، هەلومەرج و زەبرە سەپێنەرەکان، چ دیار بن، چ نادیار. لەو کۆنتێکستەدا، ویست و پاڵنەری ئازادی بۆ تێگەیشتنە لە بوون. پێویستە مەودای ئەو ئازادییە بۆ ئازادی لە بیرکردنەوەدا کورت بکەینەوە، بەو پێیەی ئازادی لە بیرکردنەوەدا وەک پێشمەرجێکی بێسازشە، بۆ ئەوەی هەلومەرجی تێگەیشتن لە بوون گونجاو بێت. ئازادی لە بیرکردنەوە واتە ئازادی لەو پێکهاتانەی، کە ناهۆشیارانە گرمۆڵە بوونە و جڵەوی بیرکردنەوەیان بە دەستەوە گرتووە. کەسی گەڕیدە بەدوای تێگەیشتن لە بوونی خۆی لەسەریەتی، کە بیرکردنەوەی خۆی ئازاد بکات لەوەی، کە هیچ سنوورێک نەناسێت، بەڵکوو بوێرانە هەموو ئەو باوەڕانەی وەریگرتوون، کەڵەکەی کردوون و دەستی پێوە گرتوون، فڕێ بدات. ئازادی خۆی بانگە، بانگی بوون بۆ ئێمە. ئەو بانگکردنە لە ویستەوە دێت، واتە ویستی بوون لە ئێمەدا، بۆیە ئەو ئازادییەی لەپاڵ ویستێکی بەهێز بۆ تێگەیشتن لە بوون نایەت، دەبێتە سەرگەردانی و سەرلێشێواوی. بە هەمان شێوە، دەبێت بە دروشم و هوتافی ژێردەستەکان، کە بە ترس و تەمبەڵییەوە لە زیندانەکانی خۆیاندا پاڵ کەوتوون. بۆیە ئەو جۆرە ئازادییە بۆ هەمووان نییە، یان دروستتر هەموو کەسەکان توانای بەرگەگرتنی ئەو جۆرە ئازادییەیان نییە. ژێردەستەی بیرکردنەوە و باوەڕەکان نەک هەر ناتوانێت دەستی بەو ئازادییە بگات، بەڵکوو نکۆڵی لە بوونی دەکات. ئەو نکۆڵیکردنە لە ترسە گرمۆڵەبووەکانەوە دێت. مرۆڤی ژێردەستە و نائاگامەند بە ژێردەستەییی خۆی، بەردەوام لە دۆخی بەرگریکردندایە لەو هەلومەرج و زەبرانەی ژێردەستەی دەکات، بۆیە خۆیشی دەبێت بە کەرەستەیەکی ئەو جۆرە زەبرانە لە داگیرکردنی ئازادیی ئەوانی تر، چونکە نائاگامەندبوون لەژێردەستەیی، ئەو مرۆڤە دەکات بە خۆراکی بەردەوامیدان بە زەبرەکانی ژێردەستەیی. وەک پێشتر خستمانە ڕوو، خودی ئاگامەندی ویستی ئازادی بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت، چونکە ئاگامەندی خۆی لە بنەڕەتدا ئاگامەندیی بوونە، نەک هیی تاکەکەس. تاکەکەس توانای ئافراندنی ئاگامەندیی نییە، چونکە مانەوەی خۆی بەندە بە شەپۆلی بەردەوامیی بوون و ئاگامەندی. ئەوە بەو واتەیە نایەت، کە تاکەکەس خاوەنی ویستی ئازاد نییە، بەڵکوو بەو واتایە دێت، کە ئاستی ئاگامەندیی ئەو تاکەکەسە پێگەی ئەو تاکەکەسە لە ئازادبوون دیاری دەکات. بۆیە ئازادییەک لە دەرەوەی هۆشیاری، یان ئاگامەندیدا بوونی نییە. بەڵام لە هەمان کاتدا، گەشتی ئازادبوون تاکەکەسی گەڕیدە ڕووبەڕووی مەترسییەکانی خۆی دەکاتەوە، یان دروستتر ڕووبەڕووی شۆکە هەژێنەرەکانی دەکاتەوە، کە لە هەرە مەترسیدارترینیان، شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکانن. شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکان ئەوانەن، کە لە ئاکامی بەرکەوتن بە هەندێک لە دیوەکانی ڕاستەقینەی بوون، کە ئەو تاکەکەس ئامادەی بەرکەوتنیانی نییە، ڕوو دەدەن بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەو هۆشەی باوەڕ بە ڕاستەقینەییی بۆچوون، تێگەیشتن و فۆڕمەکانی خۆی بە پێشەنگتر دەزانێت لە تێگەیشتن لە ڕاستەقینەییی جیهان و بوون. لە ئاستێک لە ئاستەکانی بوون، بۆ نموونە، لە ئەزموونی مردنی خۆیدا، دەشێت ڕووبەڕووی هەژێنەرێتیی ڕاستەقینەییی بوون و جیهان ببێتەوە، بەبێ ئەوەی هۆشەکییانە هیچ ئامادەکارییەکی بۆ ئەو جۆرە شۆکە ئۆنتۆلۆجیانە هەبێت. ئەو شۆکە ئۆنتۆلۆجییانە خۆیان لە بنەڕەتدا لەگەڵ بوونی ئێمەدا دێنە بوون، واتە بوونیان لەسەر بوونی ئێمە وەستاوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەن هێزی هەژێنەرن کاتێک دەبن بە ئەزموون، بە تایبەت بۆ ئەوانەی خاوەنی کەرەستە بەهێزەکانی تێگەیشتن نین لێیان. ئەو جۆرە شۆکانە هاوسەنگیی توانستی هۆشەکیی مرۆڤ دەخەنە ژێر مەترسییەوە، چونکە هەموو ئەو باوەڕ و دیدگایانەی تاکەکەس دەستیان پێوە دەگرێت، لەژێر زەبری ئەزموونی بەهێزی ڕاستەقینەدا هەرەس دەهێنن. ئاکامی ئەو جۆرە هەرەسە، دروستبوونی هەستی بێدەستەڵاتی و هیچێتییە بەرانبەر بە بوون، کاتێک ئەو تاکەکەسە بوونی لە باوەڕ و دیدگا سنووردارەکانی خۆیدا کورت کردبێتەوە. هەمیشە هێزی ڕاستەقینە لە هێزی هۆش باڵادەستترە، چونکە هۆش خۆی لەژێر کاریگەرێتیی زەبرەکانی ڕاستەقینەدایە، نەک ئەوەی خاوەنی بوونێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی ڕاستەقینە بێت. لەو ڕووەوە، مەرج نییە کەس لە گەشتی ئازادبوون بە بەختەوەرییەوە بگەڕێتەوە. ڕاستییەکەی، مەرج نییە ئەو کەسە هەر بگەڕێتەوە. بەڵام هەر کەسێک لە گەشتی ئازادبوون ون ببێت، لە بنەڕەتدا هێشتا لەناو بوونی خۆیدا ون دەبێت. ئەوەی ئازادانە ڕووەو تێگەیشتن لە بوون گەڕیدەیە، هەر ئەزموون و بەرکەوتنێکی بە ڕاستەقینە ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکانە تا ئاستێک، کە هیچ شۆکێک نامێنێت توانای هەژاندنی ئاگامەندیی ئەو تاکەکەسی هەبێت. ئایا چ شۆکێک دەتوانێت لە ئاست بووندا شۆک بێت، کاتێک سەرچاوەی شۆکەکان خودی بوون خۆیەتی؟ ناوەڕۆکی ئەو بۆچوونەی، کە ئازادی بە پێشمەرجی گەشتی تێگەیشتن لە بوون دادەنێت، ئەوەیە، کە خودی تێگەیشتن لە بوون، واتە خودی ئاگامەندییەکی تەواو لە ئاست بوون، ئازادییە. تۆوی ئازادی لەو گەشتەدا نەک هەر دەبێت بە درەخت، بەڵکوو دەبێت بە دارستانی ژیان.
فریدرێک نیتشە (١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی
لەو ڕووەوە، هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکان، هەرچەند کارەساتبار و هەژێنەر بن، لە ئاست بوون و ئاگامەندیدا، هێشتا ئەزموونن، جووڵەن و شەپۆلن. بۆیە لە گۆڕەپان و ئاسمانیدا، هێشتا هەموو ئەزموونەکان لەناو ئاگامەندیدا ڕوو دەدەن. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو بۆچوونە، پەنا بۆ بۆچوونی (ج. و. ف. هیگڵ) سەبارەت بە ئەزموون وەک جووڵە لە ئاگامەندیدا دەبەین، کاتێک دەنووسێت: “زانستی ئەم ڕێگەیە زانستی ئەزموونە، کە ئاگامەندی پیایدا دەڕوات؛ جەوهەر و جووڵانەکەی دەبن بە بابەتی ئاگامەندی. ئاگامەندی ئەوە دەناسێت، کە دەکەوێتە نێو ئەزموونیەوە: چونکە هەر شتێکی لەنێو ئەزموونەکەیدا بێت، جەوهەرێکی هۆشەکییە ]/گیانەکییە[.”[7] (مارتن هایدیگەر) ڕاڤە بۆ ئەو جۆرە جووڵەیە لە دیدی (هیگڵ)ەوە دەکات و کاتێک بە گونجاوی دەزانێت، کە خودی ئاگامەندی بکەری جووڵەکە بێت؛ وەک دەنووسێت: “(هیگڵ) بە ئەزموون دەڵێت “جووڵە”. لە پێشەکیی (فینۆمینۆلۆجی)، بە ڕوونی ئەوە دەڵێت، کە ئاگامەندی بەو ئەزموونە تێدەپەڕێت، کە “ئاگامەندی ئەزموون دەکات … ئەو جووڵەیە لە خۆیدا…” ئەو ئەزموونە ئەزموونی ئاگامەندییە، کە تەنیا کاتێک گونجاوە، ئاگامەندی بکەری ئەزموون بێت.”[8] خودی ئاگامەندی لە ئەزموونەکانیدا کورت نابێتەوە، چونکە ئەو جووڵەیە لەناو خۆیدایە بەرەو خۆی، بەڵام ئەزموون وەک جووڵە لە ئاگاییدا سەرچاوەی گەورە بۆ زانین و تێگەیشتن بۆ هۆش فەراهەم دەکات. وەک ئەزموون، هۆش لە ئاگامەندییەوە دێت؛ بەبێ ئاگامەندی، هۆش لەسەر قاچەکانی خۆی ناتوانێت بووەستێت. ئەو ئاگامەندییەی، کە ئاگامەندیی بوونە، خودی بوون خۆیەتی، کە نە هیچ شتێک لە ژوور خۆیەوە دەبینێت، نە هیچ ئافرێنەرێک دەستی لە بوونیدا هەیە؛ ئەو ئافرێنەرەی بیەوێت بوون بئافرێنێت، سەرەتا دەبێت بوونی هەبێت، واتە دووبارە سەرەتا دەبێت بوون هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو ئافرێنەرە بتوانێت بوونی هەبێت. خودی توانستی زانین توانستێکە لە هۆشدا، وەک چۆن خودی توانستی وێناکردن لە هۆشەوە دێت. لەو ڕووەوە، تێگەیشتن و زانینی ئێمە بەرانبەر بە دیاردەکان لە هۆشەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام هۆش خاوەنی ئافرێنەرە، کە ئەو ئافرێنەرە ئاگامەندییە. هێزی ئەزموونەکان لە هێزی تێگەیشتن و توانستی زانینی هۆش مەزنترن، چونکە ئەزموون بەرکەوتنی ئێمەیە بە جیهانی ڕاستەقینە. ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا ڕوو دەدات و شوێن دەگرێت، هەمیشە لەوە بەهێزترە، کە توانستەکانی هۆش بەتەواوەتی لێی تێبگەن. هۆش دەتوانێت وێنەیەکی شێواوی ئەزموونەکان لە زماندا بەرجەستە بکات، بەڵام وێنە شێواوەکان توانای پێشاندان و خستنەوەڕووی تەواوەتیی ئەزموونەکانیان نییە. کاتێ باس لە ئەزموون دەکرێت، باس لەو جووڵەیەیە، کە لە ئاگامەندیدا ڕوو دەدات، کە ئەو جووڵەیە هەمان جووڵەی بوونە. وەک چۆن زانینەکانمان لە ئاست بووندا کەمتوانان، بە هەمان شێوە مەودای ئەزموونەکانمان و توانستی تێگەیشتنی هۆشیش لێیان لە ئاست بووندا سنووردارن. کاتێ ددان بەو کەمتوانایی و سنووردارێتییەدا دەنێین، خۆمان لە ‌هەڵەی زانین ( (the epistemic fallacy دەپارێزین، کە (ڕۆی باسکار) دەیخاتە پاڵ (دەیڤد هیوم) و (ئیمانوێڵ کانت)ـەوە لە کەمکردنەوەی ئۆنتۆلۆجیا بۆ ئیپیستیمۆلۆجیا، یان لە کەمکردنەوەی بوون بۆ زانین سەبارەت بە بوون.[9]
یەکێک لەو جۆرە ئەزموونانەی، کە بیرکردنەوەی فەلسەفی بە پاڵنەری ویستی زانین سەبارەت بە بوون دەتوانێت تێگەیشتنی فرەلایەنی بۆ دابین بکات، ئەزموونە گیانخوازییەکانن. ئەو جۆرە ئەزموونانە لە هۆشی کەمتوانا و بێویست لە تێگەیشتن لە بوون دەبن بە سەرچاوەی باوەڕی بێبنەما، دژبەیەک، ناڕێکخراو و سەرلێشێواو. کۆمیدیاتر لەوە، دەبنە سەرچاوەی ڕەوایەتیپێدان بە پیرۆزکردنی تاکەکەسی ئەزموونکار، یان ئەو تاکەکەسەی بانگەشەی ئەو جۆرە ئەزموونانە دەکات. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەو جۆرە تێگەیشتنە ڕووکەش و چەقبەستووییە لەو جۆرە ئەزموونانە بیرکردنەوە و شێوەژیانی ئایینییە. کاتێک ئەزموونی گیانخوازی سەر بە مەودای ئەزموونە، ئەزموونێک نییە لە دەرەوەی توانای تێگەیشتن بێت، بۆیە ئەزموون هەر جۆرێک بێت، هێشتا لەناو مەودای ڕاستەقینەدایە، کە ئەو مەودایە لەژێر هەژموون و قەڵەمڕەویی ئاگامەندییە. ئەزموونە گیانخوازییەکان، وەک (ڕۆی باسکار) بۆمان پێشنیاز دەکات، پێویستە بە هەند وەربگیرێن.[10] ئەو بۆچوونەی (باسکار) لەو ڕوانگەیەوەیە، کە جیهانی ڕاستەقینە ئاڵۆزە و توانستەکانی هۆشیش لە ئاستیاندا کەمتوانان، بۆیە ئەزموونە گیانخوازییەکان مادام ئەزموونن، پێویستە بەهەند وەربگیرێن. دواتر بۆ ئەو دیدگایەی (باسکار) دەگەڕێینەوە. بەڵام سەرەتا پێویستە بزانین، کە بۆچی لە فەلسەفەی هاوچەرخدا جۆرێک لە خۆدوورگرتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان هەیە. (ئیمانوێڵ کانت) شۆڕشێکی گەورەی بیرکردنەوەی بەرپا کرد، کە هەوڵی مێتافیزکییانەی لە نەزانراوەکان (noumena) خستە دەرەوەی توانای هۆش لە دۆزینەوە و تێگەیشتنیان بەو پێیەی جیهانی دیاردەکان (phenomena) تاکە جیهانە، کە تێیدا هۆش باڵادەستە. لەو کاتەوەیە بیرکردنەوەی فەلسەفی، کە بوار بۆ بیرکردنەوەی زانستی فەراهەم دەکات، هێزی ئایینی لە تێگەیشتن لە دیاردە جیهانییەکان تێک شکاندووە. لە هەموو بوار و دیاردەکاندا بیرکردنەوەی زانستی و فەلسەفی بیرکردنەوەی ئایینیان خستووەتە بەردەم هەلومەرج و ململانێی زۆر قوڕس بۆ مانەوە. بەڵام ئەو بێبەریکردنەی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن لە نەزانراوەکان، خاکی داگیرنەکراوی بۆ قۆڕغکاریی ئایینی جێهێشتووە. جیهانە نەزانراوەکان لە زماندا لەلایەن ئایینەوە قۆڕغ کراون. پرسەکانی وەکوو مردن، چییەتیی بوون، سروشتی ئاگامەندی، تۆڕ و شەپۆلە ماددی و ناماددییەکان، کە سەرسوڕهێنەرانە مێکانیزم، بنیاد و ڕووداوەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە، هێشتا ئەو پرسانەن، کە لە بیرکردنەوەی فەلسەفی، یان بە ئاکامی داخراو وازیان لێهێنراوە، یان وەک بابەتی ژوور توانستی هۆش پۆڵێن کراون. بیرکردنەوەی فەلسەفی زێدەتر لە ئایین خاوەنی هێز و سەرچاوەیە بۆ تێگەیشتن لەو پرسانە. بیرکردنەوەی فەلسەفی توانیویەتی زانینە ئایینییەکان پووچەڵ بکاتەوە، بەڵام ڕۆڵی بیرکردنەوەی فەلسەفی لە هەمبەر پرسە نەزانراوەکان کەنارگیر کراوە و تۆمەتی بێتوانایی خراوەتە پاڵی. ئەو تۆمەتە لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە، کە بیرکردنەوەی فەلسەفی هێزی خستنەژێرڕۆشناییی ئەو بابەتانەی نییە، بەڵکوو باڵادەستیی بیرکردنەوەی زانستی، کە بەتایبەت مەبەستمان لە نەریتی پۆزەتیڤیزم و بنیادگەریی کۆمەڵایەتین، ڕۆڵی بیرکردنەوە فرەڕەهەندییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی کەنارگیر کردووە.
کاتێک سیستەمی فەلسەفی، بۆ نموونە، سیستەمی سروشتناسی و بنیادگەری بناغەکانی خۆیان لەسەر ئەو بۆچوونانە دادەمەزرێنین، کە نەزانراوەکان، یان ئەگەری ناسینیان بوونی نییە، یان تەنیا لەژێر باری کۆمەڵێک هەلومەرجی تایبەت ئەگەری ناسینیان هەیە، ئەوا لە خۆیاندا بیرکردنەوەی فەلسەفی لە خۆلەقەرەدانی بابەتەکانی ژێر هەژموونی خۆی بەدوور دەگرن. دروستتر، ڕۆڵی بیرکردنەوەی فەلسەفی بۆ بیرکردنەوەی زانستی سنووردار و کەم دەکەنەوە. لەو ڕووەوە، فەلسەفە دەکەوێتە بەر شەپۆلی دوو هێرش. هێرشی یەکەمیان لەلایەن زانستخوازەکانە لەسەر ئەو بنەمایەی، کە بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک زانست خاوەنی دەستکەوتی بەرجەست و ماددی نییە. هێرشی دووەمیان لەلایەن ئاییندۆستەکانە لەبەر ئەو هێزەی بیرکردنەوەی فەلسەفی لە ڕەتکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی بنەما ئایینییەکاندا هەیەتی. تاکە چەکێک، کە ئایین دژ بە بیرکردنەوەی فەلسەفی هەیەتی، پرسی مردن و ئازارچەشتنە. لە دەرەوەی پرسی مردن، بیرکردنەوەی ئایینی ئاشی بەتاڵ دەبێت وەک چۆن لە هەموو بوارەکاندا ئاشی بەتاڵ بووە. پرسی مردن ئەو مەودایەیە، کە ئایین لە ڕێگەی وەهمەکانییەوە قۆڕغی کردووە. ئەو قۆڕغکردنە لەوەوە نەهاتووە، کە ئایین پرسی مردنی چارەسەر کردووە، بەڵکوو لەوەوە هاتووە، کە پرسی مردن، وەک بابەتێکی نەزانراو، بە دیدگا، باوەڕ و چیرۆکی وەهمی و منداڵدۆست ترسی لە پرسی مردن دامەزراندووە. پرسی مردن لە پرسێک، کە هیی تێڕامان و قووڵبوونەوەیە لێی، بووە بە پرسێک بۆ تۆقاندن و داگیرکردنی هۆشی تاکەکەس. ترس لە مردن سەر بە پرسی مردن نییە، بەڵکوو ئەو ترسەسەر بە پرسی ترسە. مرۆڤ وەک هەموو بوونەوەرەکانی تری سروشت لەژێر باری هەلومەرجە سەختەکاندا ژیاوە و دەژی، کە زۆرجار هەلومەرجەکان لایەنی هەڕەشەئامێزیان بۆ بوونی هەیە. ئەو هەڕەشانە ئاڕاستەن بۆ یەکێتیی جەستە. لە سروشتدا هەموو یەکێتییەکان، بۆ نموونە یەکێتیی جەستەی ڕووەک و ئاژەڵەکان بە مرۆڤیشەوە، لە ئاستێک لە ئاستەکاندا ڕووبەڕووی چارەنووسی هەڵوەشاندنەوە دەبێتەوە. پڕۆسێسی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکان بە مردن دەست پێ ناکات، بەڵکوو ئەو پڕۆسێسە شەپۆلێکی بەردەوامە لە بووندا. وەک چۆن لەدایکبوون قۆناغێکی پێویستی بوونی ئێمەیە و لە هەمان کاتدا ئەزموونە، بە هەمان شێوە خودی مردن قۆناغێک و پێویستییەکە لە ژیان. لێرەدا پێویستە بابەتی مردن لە بابەتی ترس جیا بکرێتەوە، چونکە ترس هەمیشە ترسە لە ئازارچەشتن. تاکە بیانوویەکیش بۆ هەر نیگەرانی و سامێک لە هەر کارەساتێک، پێشهاتێک، یان ئەزموونێک ئازارچەشتنە، بەڵام خودی ئازارچەشتن بنیادێکی تاکلایەنانە و سەربەخۆ نییە، بەڵکوو گردبوونەوەیەکە لە پاڵنەر و فاکتۆری فرەجۆر. هاڕمۆنیای پاڵنەرەکان و لەناوچوونی فاکتۆرەکان بە واتای نائامادەییی ئازارچەشتن نایەت، بەڵکوو بە واتای سەربەستیی دێت لە ئازارچەشتن. لەو ڕووەوە، کاتێک پاڵنەری ترس و سام دەخرێتە پاڵ مردن، خودی بیرکردنەوە لە مردن هاوکات دەبێت بە ترس، کە ئەو ترسە پەتی دەستی بیرکردنەوە خوڕافییەکانە بۆ جڵەوکردنی مرۆڤ.
مەبەستی من لە ئەزموونە گیانخوازییەکان نە ئەزموونە ئایینییەکانن و نە عیرفانییەکان، بەڵکوو ئەزموونی گیانخوازی وەک ئەو ئەزموونانە پێناسە دەکەم، کە هەوڵن بۆ تێگەیشتن و ناسینی بوون لە ڕێگەی ئەزموونە تاکەکەسییەکانەوە.
لێرەدا من نامەوێت بابەتەکە ئاڕاستەی ڕەتکردنەوە و بەرپەرچدانەوەی باوەڕە ئایینییەکان وەربگرێت، بەڵکوو دەمەوێت زیاتر تیشک بخەمە سەر ئەزموونە گیانخوازییەکان. سەرەتا ئەو جۆرە ئەزموونانە لە تێگەیشتنی باو بە ئەزموونی رۆحی و عیرفانییش ناسراون، مەبەستی من لە ئەزموونە گیانخوازییەکان نە ئەزموونە ئایینییەکانن و نە عیرفانییەکان، بەڵکوو ئەزموونی گیانخوازی وەک ئەو ئەزموونانە پێناسە دەکەم، کە هەوڵن بۆ تێگەیشتن و ناسینی بوون لە ڕێگەی ئەزموونە تاکەکەسییەکانەوە. خۆی لە بنەڕەتدا شتێک نییە بە ناوی “گیان” وەک ئەوەی لە تێگەیشتنە ئایینی و عیرفانییەکاندا باوە. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین “گیان” بە تەنیا هێزێکە لەناو ئاگامەندیدا، کە لە بەرجەستەبووندایە. لەو ڕووەوە، ئاگامەندی بەرجەستە دەکات ئەو فاکتۆرانەی خزمەت بە گەڕانەکانی بەناو خۆیدا دەکەن. بە زمانی (هیگڵ) بێت، ئاگامەندی خۆی بکەری ئەو ئەزموونانەیە.[11] مادام ئاگامەندییش بکەری ئەزموونەکانە، ئەزموونەکان هێشتا ئەزموونن بۆ ئاگامەندی، نەک بۆ هیچ هێزێکی گەورەتر لە ئاگامەندی. لەو ڕوانگەیەوە، مادام ئۆنتۆلۆجیای هەموو ئەزموونەکان ئاگامەندین، بوونی ئاگامەندی دەبێت بە “بنیادێکی بنەڕەتی بۆ جیهان”. ئەو بۆچوونە لە بنەڕەتدا هیی (ڕۆی باسکار)ە، کە لە پەرتووکی (لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا: گەشتی دەروون) سەبارەت بە خوا دەریدەبڕێت، وەک دەنووسێت: “خوا کۆتا بنیادی کاتیگۆریی جیهانە.”[12] بەڵام هەر لە هەمان پەرتووک و لە دواتردا، (باسکار) خوا بە ئاگامەندی دەناسێنێت، وەک دەنووسێت: “خوا ئاگامەندییشە.”[13] (باسکار) بوونی مرۆڤ لە بوونی خوا جیا ناکاتەوە، چونکە بە دیدی ئەو، مرۆڤ خۆی خوایە: “مرۆڤ لە ناوەڕۆکدا ئازادە و لە ناوەڕۆکدا خوایە”[14]، بەڵام بیرچوونەوە و دۆزینەوەی ئەوەی، کە خۆی خوایە، وایکردووە بە بوونی خۆی نامۆ بێت.[15] لە هەمان کاتدا، بۆ (باسکار) ئەزموونکردنی خوا وەک ئاگامەندیی ڕەها، واتە وەک بەرزترین ئاست بۆ تێگەیشتن لە بوون ئەگەری بەردەم بوونی مرۆڤە. لەو ڕوانگەیەوە، تێگەیشتنی مرۆڤ لە بوون لە ئاستە هەرە باڵاکەیدا نەک هەر گونجاوە، بەڵکوو بەردەوام ئەگەری بەردەممانە. مادام ماڵی خوا ئاگامەندییە، ئەو ئاگامەندییە لەلایەن هیچ هێز و باوەڕێکەوە، بۆ نموونە باوەڕە ئایینییەکان، ناتوانرێت قۆڕغ بکرێت. تێگەیشتنی (باسکار) بۆ چەمکی خوا تێگەیشتنێکی ئایینی نییە، بەڵکوو ئەو گۆڕەپانەیە، کە بنیادی ئۆنتۆلۆجیی بوونی جیهانی لەسەر دامەزراندووە. لەو شڕۆڤانەدا باوەڕبوون بە بوون و نەبوونی خوا هیچ پێگەیەکی پێنەدراوە، بەڵکوو ئەزموونکردنی خوا وەک ئاگامەندی، کار و فۆڕمە فرەجۆرەکانی مانیفێستبوونی کڕۆکی شڕۆڤەکانن. ئەو بۆچوونانەی (باسکار) سیستەم و ئۆنتۆلۆجییایەکی کراوە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان، وەک ئەزموونکردنی خوابوونی مرۆڤ، واتە ئەزموونکردنی ئاگامەندی لە ئاستە باڵاکانیدا، دادەمەزرێنێت. مادام مانیفێستەکانی بوون مانیفێستی ئاگامەندین، بە بوونی مرۆڤیشەوە، تێگەیشتن لێیان هێزێکی گەورەیە بۆ ئازادبوون، یاخود بە زمانی (باسکار) بێت، جووڵەن ڕووەو خۆئاگامەندییەکی باڵاتر.[16]
ڕامانا مەهارشی (١٨٧٩-١٩٥٠) کەسێتیی گیانخوازیی (هیندستان)
مادام زانین لە بوون لە ڕێگەی ئەزموون ئاشکرا دەبێت، ئەو ئەزموونانە سەبجێکتیڤن. لە کەلتوور و سەردەمە جیاوازەکاندا، مرۆڤانی ئاگامەند بە بوونی خۆیان، کە لە هەمان کاتدا ئاگامەندبوونە سەبارەت بە بوون، توانیوانە ڕووبەڕووی تێگەیشتن و باوەڕە چەقبەستووەکان ببنەوە. لێرەدا هەندێک نموونەی ئەو جۆرە ئەزموونانە پێشکەش دەکەم، ئەگەرچی نموونەکان زۆر زێدەترن لەوە. لە جیهانی ئیسلامدا، (مەنسوور ئەلحەلاج) یەکێک لە نموونەکان بەرجەستە دەکات، کاتێک ئەزموونە گیانخوازییەکانی، کە لە ئاگامەندیی خۆیەوە سەبارەت بە سروشتی بوونەوە هاتوون، دەبن بە هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی باوەڕی دۆگمایی و تەنانەت بۆچوونەکانی خەڵکی تۆقاندووە لە ترس و سام. (حەلاج) خوای بە چاوی دڵ بینیووە و لەو بینینەدا خوا پێی گوتووە، کە “من تۆم”.[17] جگە لە جیهانی ئیسلامی، جیهانی (براهمانیزم)، یان (هیندویزم)، کە هەم بۆ ئەزموونە گیانخوازییەکان گۆڕەپانێکی کراوەترە هەم دۆگماکانی لە جیهانی بیرکردنەوەی ئیسلامی کەمتر نین، نموونەی ئەو مرۆڤانەی خاوەنی ئەزموونی گیانخوازین، دیارن. (هیندستان) ئەو خاکەیە، کە هەموو ئەزموونە قوڕس و لە سنووربەدەرە گیانخوازییەکان لەسەر مرۆڤ تاقی کراونەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئەو پارچەخاکەیە، کە خاوەن قوڕسترین هەلومەرجی کۆمەڵایەتییە بۆ ئەوانەی قەدەر بەسەریدا سەپاندوون لە کاستی خوارووی کۆمەڵگە لە دایک بن. لە هیچ شوێنێکدا هێندەی (هیندستان) قەدەر هێزی نییە لە داڕشتنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بازاڕی ئیش، دابەشبوونی پیشەکان، لە هەمان کاتدا، پێوەندیی لەگەڵ هێزە یەزدانییەکان، بە تایبەت لێرەدا کاستی ‘پیسەکانdalits- ‘، کە لە (براهمانیزم)دا ئاماژەن بەو کەمایەتییەی قەدەر بەهۆی ‘پیسیەتی’ی خۆیان سزای داون. لە هیچ شوێنێکیش هێندە هۆش بەدەست خوازۆرییەوە ناڵێنێت. کاتێک (مەهاتما گاندی) لە هەر هەڵوێستێکیدا خۆی بە تەنیا بە بریکارێکی دەست هێزە یەزدانییەکان دادەنێت، کە باوەڕبوون بەو هێزانە هاوکاتە بە وەرگرتنی هەڵوێستی سەخت، بۆ نموونە ئەشکەنجەدانی جەستە و مانگرتنە چەندبارەبووەکانی (گاندی) لە خواردن، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی جەستە بابەتێکی نەبڕاوەیە بۆ ڕاهێنانە گیانخوازییەکان لە (براهمانیزم)دا. هەر لەو سەردەمەدا لە ئەشکەوتێکی دووردا، کە دەکەوێتە ناوچەی (تیروڤانامالای) و لە نزیک گردی پیرۆزی (ئەروناچەلا)، گیانێکی ڕۆشنبووەوە، کە لە تەمەنی شانزدە ساڵییەوە گەیشتووە بە پلە باڵاکانی خۆناسین، کە هاوکاتە بە سەرجەمی-بوون-ناسین، خاوەنی (ئەشرەم) و ژمارگەلێک لە مرۆڤی گیانخوازی تینوو، بە ناوی (ڕامانا مەهارشی)، دڵنیاییەکی یەزدانییانە بۆ دروستێتی و ڕەوایەتدارێتیی ئەو هەڵوێستانەی (گاندی) دەنێرێت.[18] (گاندی) ناوەڕۆکی ژیانی خۆی لە تێکۆشانێکی ناکەسییانە بۆ ئامانجی یەزدانییانە لەپێناو گەیشتن بە (مۆکشا- Moksha)، کە ڕزگاربوونی گیانە لە هەلومەرجەکانی هۆش-جەستە. بەڵام باوەڕی ئەو لەسەر بنەمای باوەڕە ئایینییەکان بوو، نەک لەسەر بنەمای ئەزموونە گیانخوازییەکان، بۆیە ئەو بوونێکی بێسنوور لەناو چوارچێوەکانی بیرکردنەوەی ئایینیدا سنووردار دەکات و ڕووبەڕووی بەرهەڵستییەکان دەبێتەوە، وەک ئەو بەرهەڵستییە سروشتییەی (گاندی) بۆ ڕەبەنی و خۆدوورگرترن لە ئۆرگازم، کە لە یۆگا بە (Brahmacharya)، ناسراوە، تووشی دەبێت؛ بە ڕووتی لەگەڵ خوشکەزا تەمەن هەژدەساڵانەکەیدا، کە ئەویش ڕووتە، لەناو جێگا پاڵ دەکەوێت بە تەنیا بۆ ئەوەی بۆ خۆی بسلەمێنێت، کە بەسەر خۆڕسکی سێکسوالیتی زاڵ بووە بە هۆکاری ئەوەی دەتوانێت ئەندامی نێرینەی جەستەی لە ڕەپبوون بپارێزێت.[19] لە کاتێکدا، هەر لە تەنیشت (گاندی)، فیگەرە گیانخوازەکانی تر، کە بەر هێزی ڕاستەقینەی بوون کەوتوون، خۆئاگامەندانە و سروشتییانە ڕەبەنن و پێویستیان بەو سەلماندانە نییە. هەر بۆ نموونە، بە گوێرەی ڕیکۆردەکانی خۆیان هەر لەو سەردەمانەدا، (ڕاماکریشنا پاراماهاساما)، (ڕامانا مەهارشی) و (سوامی ڤیڤاکەنەدا) بەبێ ویستی سەلماندن خاوەنی توانستی پراکتیزەکردنی ڕێچەی یەکبوون، یان (Brahmacharya) بوون وەک کاردانەوەیەکی لاوەکیی باوەڕە بەهێزەکانیان بە یەزدانێتیی بوون و ئەزموونەکانیان. هەر بە دیدی (ڕامانا ماهارشی)، کە کاریگەرترین کەسێتیی گیانخوازیی (هیندستان)ە لە سەدەی بیستەمدا، “ئێمە خۆمان خواین”، وەک لە وەڵامی شوێنکەتوویەکی، کە بە (پاپاجی) ناسراوە و پرسیاری ئەوەی لێ کردووە، کە ئاخۆ دەتوانێت خوای پێشان بدات، دەڵێت: “من ناتوانم خوات پێشان بدەم یان وا بکەم بتوانیت خوا ببینیت، چونکە خوا بابەتێک نییە، کە بتوانرێت ببینرێت، بەڵکوو خوا بکەرە. ئەو ئەوەیە، کە دەبینێت. خۆت بەو بابەتانە سەرقاڵ مەکە، کە دەیانبینیت. ئەوە بناسە، کە دەبینێت… تۆ خۆت خوایت”.[20]
ئەوەی لەم سەرەباسەدا هەوڵم بۆ داوە ئەوەیە، کە چۆن ئەو ئەزموونانەی بە گیانخوازی ناسراون، لە بنەڕەتدا ئەزموونی ئاگامەندانەن سەبارەت بە تێگەیشتن و دەستخستنی زانین لە بوون. مادام ئاگامەندی بکەری ئەو جۆرە ئەزموونانەیە، ئاگامەندی لە ڕێگەی ئەو ئەزموونانەوە لە خۆی تێدەگات. بە هەمان شێوە، ئەگەری تێگەیشتن لە بوون هێزی ئاگامەندیی هەر یەکێکمانە. ئەو جۆرە تێگەیشتنە بەر لە هەر شتێک ئازادبوونە، چونکە هێزی ئەو تێگەیشتنە لە خۆیدا داڕووخانی هەموو وەهم و باوەڕە کەڵەکەبووەکانە، کە نائاگامەندانە لە هۆشی تاکەکەس گرمۆڵە بوونە. لێرەدا گرنگە، کە ئێمە بانگەشەی ئەو جۆرە ئەزموونانە لە خودی ڕاستەقینەییی ئەزموونەکان جیا بکەینەوە. کاتێک ئەزموونی تاکەکەس دەبێتەبانگەشەیەکی کۆمەڵایەتی، وەک ئەوەی دامەزرێنەرانی ئایین کردوویانە، بانگەشەی ئەو جۆرە ئەزموونانە تەنیا کەرەستەی ململانێن بۆ هێزی کۆمەڵایەتی و هیچی تر. مەودای ئەو جۆرە ئەزموونانە تاکەکەسین و کاتێک خۆیان دەخزێننە ناو مەودای گشتی و کۆمەڵایەتی، دەبن بە مێکانیزمی دەستەڵاتداری و داگیرکردنی سەربەستیی تاکەکەسەکانی ناو کۆمەڵگە، چ لە ڕێگەی سەرکوتکردنەوە بێت، یان لە ڕێگەی داهێنانی ترسی خوڕافی و سایکۆلۆجییەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا لە ئاستی ئەزموونی تاکەکەسیدا ئەو جۆرە ئەزموونانە مادام هەوڵی تاکەکەسین بۆ تێگەیشتن لە بوون، وەک (ڕۆی باسکار) پێداگری لەسەر دەکات، پێویستە بەهەند وەربگیرین. ئەو بەهەندوەرگرتنە تەنیا لەناو سیستەمی کراوەی فەلسەفیدا گونجاو دەبێت و پێویستە لەو کراوەییەدا ڕاستەقینەیی بوونیان بخرێتە ژێر ڕۆشناییەوە.
سەرچاوەکان:
Bhaskar, R. (2008). A realist theory of science (Radical thinkers 29). London: Verso.
Bhaskar, R. (2013, August 6). Roy Bhaskar interview. YouTube. Retrieved January 16, 2023, from https://www.youtube.com/watch?v=8YGHZPg-19k&t=884s
Bhaskar, R. (2000). From east to west : odyssey of a soul. Routledge. https://doi.org/10.4324/9780203137857
Constâncio, J. (2011). Instinct and Language in Nietzsche’s Beyond Good and Evil. In J. Constâncio& M. Mayer Branco (Ed.), Nietzsche on Instinct and Language (pp. 80-116). Berlin, Boston: De Gruyter. https://doi.org/10.1515/9783110246575.80
Godman, D. (n.d.). Papaji’s first meeting with Ramana Maharshi. Retrieved January 16, 2023, from https://realization.org/p/david-godman/papaji-meets-ramana/papaji-meets-ramana.2.html#:~:text=’I%20cannot%20show%20you%20God,objects%20that%20can%20be%20seen.
Heidegger, M. (1988). Hegel’s Phenomenology of Spirit (Trans, Parvis Emad& Kenneth Maly). Published by: Indiana University Press
هیگڵ، جۆرج ویلهێڵم فریدریک. (٢٠١٦). فینۆمینۆلۆجیی هۆش (وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال). دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، چاپی یەکەم
Nietzsche, F. (2003[1886]). Beyond Good and Evil. (R. J. Hollingdale, Trans.) UK: Penguin Classics.
Nietzsche, F. (1997[1881]). Nietzsche: Daybreak: Thoughts on the Prejudices of Morality (2nd ed., Cambridge Texts in the History of Philosophy) (M. Clark & B. Leiter, Eds.). Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511812040
Nietzsche, F. (2006 [1882]). The Gay Science (Thomas Common, Trans.). New York: Dover Publications.
Sharma, A. (2013). Gandhi : a spiritual biography. Yale University Press. https://doi.org/10.12987/9780300187380
[1](Bhaskar, 2008, p. 11)
[2](Nietzsche, 2003[1886]: BGE, aphorism 152).
[3]NL 24[14] KSA 10.650from (Constâncio, 2011)
[4](Nietzsche, 2003[1886]: BGE, aphorism 191).
[5])Nietzsche, 2006 [1882], Aphorism, 354).
[6](Nietzsche,1997[1881], aphorism 117)
[7](هیگڵ، ٢٠١٦، وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال، لاپەڕە ٧٥/٧٦)
[8](Heidegger, 1988, pp. 23)
[9](Bhaskar, 2008, pp. 26)
[10](Bhaskar, 2013)
[11](Heidegger, 1988, pp. 23)
[12](Bhaskar, 2000, pp. 33)
[13](Ibid, pp. 43)
[14](Ibid, pp. 151)
[15](Ibid, pp. 33)
[16](Ibid, pp. 27)
[17]ئاماژەیە دێرە شیعرە بەناوبانگەکەی (حەلاج)، کە بەو شێوەیەیە:
(رأيتُ رَبّي بعينِ قلبي
فقُلتُ: مَنْ أنتَ؟ قال: أنتَ)
[18] (Sharma, 2013, pp. 89-90)
[19](Ibid, pp. 118)
[20](Godman, n.d.)
خۆری فەلسەفەی زانست لە هەڵهاتنەوەدا
تەوەرەکانی ئەم باسە:
یەکەم: قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفەی زانست بەگشتی
دووەم: قوتابخانەی ڕیالیزمی ڕەخنەییی (ڕۆی باسکار)
سێیەم: نموونەی پرس و جیاوازیی سیاسیی کێشەی کورد لە باشوور و پارچەکانی تری کوردستاندا
کێشەی فەلسەفەی زانست جارێکی تر بەرۆکی فەلسەفە دەگرێتەوە. ئەو بەرۆکگرتنەوەیە ئاماژەیە بە هێزی فەلسەفە لە ئاڕاستەکردنەوەی زانست، کاتێک خۆی لەناو قەیرانە بێچارەسەرەکانی خۆیدا دەبینێتەوە. زانستخوازان بە دۆزینەوەی هەندێک لە ڕێچکە سروشتییەکان و بنەمای چەندبارەبوونەوەی دیاردە سروشتییەکان گوتاری مردنی فەلسەفە بەرز دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن، کە نازانستبوونی فەلسەفە بنەمای لەدایکبوونی زانستە. پرسی ئەوەی زانست چۆن دەبوو، ئەگەر فەلسەفە لە بنەڕەتدا نازانستی نەبووایە، ڕوونکردنەوە بۆ ڕەگوڕیشەی دۆزینەوە زانستییەکان و ئەو بنەمایانەی بۆیان گریاونەتەبەر، دابین دەکەن. (مارتین هایدیگەر) لە گوتاری (نامەیەک سەبارەت بە مرۆڤایەتی) سەرچاوەی ئەو جۆرە تێڕامانە لە فەلسەفە دەخاتە ڕوو، کە ڕەگەکەی بۆ (ئەفلاتوون) و (ئەریستۆ) دەگەڕێتەوە، بەوەی لەو کاتەوە ڕۆڵی بیرکردنەوە لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ‘تەکنیکی’ سنووردار کراوە. زیاتر لەوە، وەک خۆی دەنووسێت: ” لەو کاتەوە فەلسەفە بەردەوام لە پێگەیەکی سەختدا بووە بۆ ڕەوایەتدان بە بوونی پێش بوونی زانست.”1)هەر لەو ڕوانگەیەوە، خودی بابەتی بیرکردنەوە وەک بنەما بۆ ‘تیۆری’، بە دیدی (هایدیگەر)، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی تەکنیکییانەیە، وەک دەنووسێت: ”خەسڵەتی بیرکردنەوە وەکوو (تیۆری – theoria) و داکۆکیکردن لە ناسینی وەکوو هەڵسوکەوتی تیۆری هەر خۆی لە ڕاڤەی تەکنیکییانە بۆ بیرکردنەوە ڕوو دەدات. ئەو خەسڵەتە کاردانەوەیە بۆ ڕزگارکردنی بیرکردنەوە و پاراستنی سەربەستییەکەی دژ بە کردار و کردن.”2
بەڵام ئایا تیۆری چۆن دەتوانێت بوارێکی ناکرداری بێت، کاتێک خاوەنی هێزی ڕوونکردنەوە و پێشخستنی چارەسەرە بەرانبەر بە کردار و کردندا؟ ئێمە دەبینین، کە ئەوەی لە چوارچێوەی ‘لۆجیک’دا دەسەلمێنرێت، دووبارە لە بەردەم هەڕەشەی ڕەتکردنەوەدایە هەر بە خودی ‘لۆجیک’ خۆی. هەوڵدان بۆ بەگشتگیریکردنی دیاردە و ڕووداوەکان لەسەر بنەمای ‘لۆجیک’دا وا ڕەچاوی ڕاستەقینە یان واقیع دەکات، کە خاوەنی یاسای هۆکردی چەسپاو بێت. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، پێویستە ئاماژە بە دوو قوتابخانەی فەلسەفەی زانست بدەین. یەکەمیان، سروشتناسی (Naturalism)، یان پۆزەتیڤیزمە، کە (دەیڤد هیوم) بناغە بنەڕەتییەکانی جێگیر دەکات. دووەمیان، بنیادگەری (Constructivism)، کە یەکەم، لە ڕێگەی تێپەڕاندنی سروشتناسی بە ئایدیاڵیزمی باڵای (ئیمانوێڵ کانت) دەست پێ دەکات و دووەم، بۆ هەوڵی بنیادگەراکان بناغە زانستییەکانی خۆی دادەمەزرێنێت. بۆ سروشتناسەکان، ئامانج دۆزینەوەی یاسا هۆکردەکان(casual laws)ـە. ئەوەیش وا پێشنیاز دەکات، کە ڕاستەقینەی دەرەکی و یاسا هۆکردەکانی بڕیار لەسەر ڕووداو و دیاردەکان دەدەن، چ سروشتی بن، چ کۆمەڵایەتی. لەو ڕوانگەیەوە، دۆزینەوەی ڕێچکە سروشتییەکان و هێڵە چەندبارەبووەکان ئامانجی زانستە. (کانت) ئەو نەریتەی بیرکردنەوە ڕەت دەکاتەوە و لە جێگەی بەچەقزانینی ڕاستەقینەی دەرەکی، هۆش بە چەقی زانین و دۆزینەوەکان دادەنێت. ئەگەرچی ئەو جیهانی ڕاستەقینەی دەرەکی ڕەت ناکاتەوە، کە بە (نۆمینە)ی دادەنێت، بەڵام هۆش لە تێگەیشتن لێی کەمتوانایە و سنووری تێگەیشتنەکانی هۆش تەنیا دیاردەکانە. لەو ڕوانگەیەوە، هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ تێگەیشتن لەوەی لە دەرەوەی سنووری تێگەیشتنی هۆشە، لای (کانت)، بانگەشەیەکە لە دەرەوەی دروستێتی. تەنانەت (کانت) بۆ بەرزکردنەوەی ڕەخنە لە ئاست سروشتناسیی (هیوم)، یاسای هۆکردی بە ناپەتی دادەنێت ئەگەرچی لە پێشتریش (a priori) بن، وەک پێی وایە دەربڕینی (هەر گۆڕانێک هۆکردی خۆی هەیە) ئەو دەربڕینەیە، کە ئەگەرچی لە پێشترە، بەڵام ناپەتییە بەو هۆکارەی خودی چەمکی گۆڕان “چەمکێکە لە ئەزموونەوە دەرهێنراوە.”3 بەڵام ئایا خودی چەمک خۆی چۆن لە هۆشی مرۆڤدا دادەهێنرێت؟ وەڵامی (کانت) بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە، کە “بە کەرەستەکانی هەستکردن، لە ئاکامدا، بابەتەکانمان دەست دەکەون و هەر ئەوە گەشە بە دەرککردنی ئێمە دەدات؛ بە تێگەیشتن دەبن بە بیر و لەوەوە چەمکەکان سەر هەڵدەدەن.”4بۆیە دەبینین بۆ لەدایکبوونی چەمکەکان، کۆمەڵێک پێشمەرج هەن، کە دەبێت ئامادەییان هەبێت. سەرەتا پێویستە مرۆڤ خاوەنی کەرەستەکانی هەستیاری، یان هەستکردن بێت و ئەو هەستکردنەیش خاوەنی بابەت، یان ئۆبجێکتێک بێت بۆ هەستکردن. لە ڕێگەی پەیبردن، یان دەرککردن تێگەیشتن بۆ بابەتەکان دروست دەبێت و خودی تێگەیشتنەکە بیرە و لە ئاکامدا زنجیرەی بیرەکان لە یەکێتیی چەمکدا یەک دەگرنەوە. بەڵام خودی ڕەسەنێتیی هەستکردن، بە دیدی ئەو، لەپێشترە و ڕەگەکانی لە هۆشدان؛ لەو هۆشەی “ناوەڕۆکی تەواوی فرەلایەنییەکانی جیهانی دیاردە ڕێکخراون و لەژێر پێوەندیی دیاریکراودا دەبینرێن.”5خودی شوێن و کاتیش دووبارە، لەژێر ئەو تۆڕە ئاڵۆزانەی بۆ پێوەندییە دیاریکراوەکانی هەیە، لە هۆشدا ڕێکخراون. ئەگەر هەر چەمکی ‘گۆڕان’ جارێکی تر بە نموونە بهێنینەوە، ئەوە بۆ (کانت)، گۆڕان لەناو کاتدایە. بۆ ئەوەی گۆڕان شتێکی ڕاستەقینە بێت، پێشمەرجە سەرەتا کات شتێکی ڕاستەقینە بێت. ئەو نکۆڵی لە ڕاستەقینەییی کات ناکات، بەڵام بۆ ئەو “کات هیچ نییە، جگە لە فۆڕمێکی دەرککردنی ناوەکیمان.”6(کانت) زیاتر لەوە دەڕوات و دەنووسێت: “ئەگەر مەرجی تایبەتی هەستککردنمان [لە کات] جیا بکەینەوە، چەمکی کاتیش لەناو دەچێت؛ هەبوونی لە بابەتەکان لە-خۆیان-دا نییە، بەڵکوو بە تەنیا لە سەبجێکتەکەدا (یان لە هۆش)دایە، کە دەرکیان پێ دەکات.”7لەو ڕوانگەیەوە، مادام زەمینەی هەموو زانینەکان لەناو شوێن و کاتدان و ئەو دووانەیش وابەستەن بە هەبوونی هۆش، دەگەینە ئەو ئاکامەی، کە هەموو زانینەکان سەبجێکتیڤ، یان خۆیین. لە هەمان کاتدا، بە دیدی ئەو، دوو شێواز هەن بۆ زانین، یەکەمیان، لە ڕێگەی پەیپێبردنی هەستەکی و دووەمیان، لە ڕێگەی تێگەیشتن بە هۆی چەمکەکان. لەم ڕووەوە دەنووسێت: “لە دەرەوەی هەستکردن، ئێمە ناتوانین دەرککردنمان هەبێت؛ لە ئاکامدا، تێگەیشتن فاکەڵتی دەرککردن نییە، بەڵام بەبێ دەرککردن هیچ ڕێگەیەکی تری زانین نییە، جگە لە ڕێگەی چەمکەکانەوە نەبێت؛ لە ئاکامدا، هەر تێگەیشتنێکی زانین، لانی کەم هیی مرۆڤ، زانینە لە ڕێگەی چەمکەکانەوە – نەک ئەوەی دەرککردن بێت، بەڵکوو گوتارییە.”8خودی دروستبوونی چەمک لە ئاکامی، لە ئاستە پەتییەکەیدا، پڕۆسێسی ناڕێکخراو نین، بەڵکوو لە ئاکامی پڕۆسێسێکن، کە (کانت) ناوی دەنێت ‘سینتێسیس – synthesis 9‘ بۆ ئەوەی سینتێسیس پەتی بێت، بە دیدی (کانت)، فرەلایەنیی توانستی زانین (cognition) لەسەر ئەزموون دانەمەزراوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای لەپێشتر، وەک خۆی دەنووسێت: “مەبەستم لە وشەی سینتێسیس لە دەربڕینە گشتییەکەیدا پڕۆسێسی یەکگرتنی ڕوونکردنەوە جیاوازەکانە بەیەکەوە و پەیبردنە بە فرەلایەنییان لە یەک توانستی زانیندا. سینتێسیسەکە پەتییە، ئەگەر فرەلایەنییەکە لەسەر بنەمای ئەزموون نەبێت، بەڵکوو هیی لەپێشتر بێت (وەک ئەوەی لە شوێن و کات بێت).”10
سەبارەت بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، (ماکس ڤیبەر) لەسەر هەمان ڕێباز ڕاڤە بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دابین دەکات. بە دیدی (ڤیبەر)، بۆ دیاردە سروشتییەکان مێتۆدۆلۆجیای سروشتناسی دەشێت گونجاو بێت، بەڵام چونکە مرۆڤ بریکارێکی کۆمەڵایەتییە، ئێمە ناتوانین لە ڕێگەی دیاردە سروشتییەکان، تەنانەت لە ڕێگەی سروشتی مرۆڤ خۆیشیەوە، لە کردارە کۆمەڵایەتییەکانی تێ بگەین. ئەوەیش پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە مرۆڤ لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونەوەرێکی واتابەخشە و واتائافرێنەرە. (ڤیبەر) چەمکی (Verstehen)، کە بە واتای تێگەیشتنی ڕاڤەیی دێت، بۆ ئەو لایەنە بە کار دەهێنێت. مرۆڤ وەک بریکارێکی کۆمەڵایەتی و لەناو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، واتە لەناو پێوەندیی هێزەکاندا، ڕاڤەی سەبجێکتڤیانەی بۆ کرداری خۆی و ئەوانی دیکە هەیە. مادام تێگەیشتنەکانیشی سەبجێکتیڤانەن، هەرگیز لە بەرانبەر ڕاستەقینەدا تەواو نین. مرۆڤ بەو توانستەی هەیەتی، هەرگیز ناتوانێت تێگەیشتنی تەواوی بۆ ڕاستەقینە هەبێت، بۆیە هەمیشە تێگەیشتنەکانی بابەتن بۆ سنووردارێتیی هۆش لە ئاست ڕاستەقینەدا. نیۆ-کانتییەکان لە ئاست ئەو کێشەیەدا هۆشـمەند بوون، بەڵام چارەسەریان بۆ ئەوە دابەشکردنی پارچەکانی ڕاستەقینە بوو بۆ دۆزینەوەی بەرانبەرەکانیان لە هۆشدا. ئەویش لە ڕێگەی پێکهێنانی چەمک (concept formation) بە هۆکاری ئەوەی هەرسکردنی تەواوی ڕاستەقینە بە یەکجار ئەرکێکی نەکردەیە بۆ هۆش. (ڤیبەر)، بە پێچەوانەوە، پەنا بۆ پێکهێنانی جۆری نموونەیی (ideal formation) دەبات وەک کەرەستەیەکی مێتۆدۆلۆجی لەپێناو تێگەیشتن لە هەر کەیسێک، کە توێژەر مامەڵەی لەگەڵ دەکات. جۆری نموونەیی واتە باڵاترین ئامانج و ئاکامی کرداری کۆمەڵایەتی بۆ گرووپێکی دیاریکراو لە شوێن و کاتی دیاریکراودا. ئەگەرچی جۆری نموونەیی دەشێت هەرگیز لە ڕاستەقینەدا نەبێت، بەڵام بنیادنانی، یارمەتیی ئەوەمان دەدات، کە تێبگەین ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو چیدا کردارەکانیان ئاڕاستە دەکەن و چ لایەنێکە وا دەکات لە هێنانەدیی ئەو ئامانجەیان سەرکەوتوو نەبن.
ئەگەر نموونەییەکی پێوەندیدار بهێنینەوە و وای دابنێین ئامانجی گرووپێک ‘سەربەخۆیی’ە، ئەوە لێرەدا سەربەخۆیی ئامانجە نموونەییەکەیە، واتە جۆری نموونەیی. هەر بزووتنەوەیەک بۆ ئەو ئامانجە تێبکۆشێت، کردارەکانی لە جۆری نموونەییدا لە چوارچێوەی ئەو ئامانجە ئایدیۆلۆجییە ڕاڤەیان بۆ دەکرێت. دوژمن و دۆست هەر لە چوارچێوەی ئەو ئامانجە بڕیاریان لەسەر دەدرێت. چەمکەکان بۆ ئەو ئامانجە بنیاد دەنرێن و تێگەیشتن و پاڵنەری ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو جۆرە نموونەییەدا ڕاڤە دەکرێن. بەڵام ئەوە جۆری نموونەییە، واتە ئەو ئاستەیە، کە ئێمە وای دادەنێین هەموو کردارە کۆمەڵایەتییەکان لەوپەڕی هۆشمەندیدا بۆ ئەو ئامانجە ئەنجام دەدرێن، کە لە ڕاستەقینەدا ئەوە دۆخەکە نییە، بەڵکوو هەلومەرج و بەرژەوەندیی تر لە کایەکەدان، کە وا دەکەن گەیشتن بەو جۆرە نموونەییە لەژێر باری ئەو دۆخانەدا نەکردە بێت. لەو ڕووەوە، بنیادنانی ئامانجی نموونەیی یارمەتیی ئەوەمان دەدات هەم لە پاڵنەری کردارەکان تێبگەین، هەم بە دوای ئەو هۆکار و هەلومەرجانەدا بگەڕێین، کە بەربەست بۆ بەدیهێنانی جۆرە نموونەییەکە لە گۆی ڕاستەقینەدا دروست دەکەن. خودی چەمکی ‘سەربەخۆیی’ بنیادنراوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لێرەدا مرۆڤی واتابەخش واتا بە کردار و ئامانجەکانی دەبەخشێت، کە لەو کۆنتێکستەدا لەپێناو ‘سەربەخۆیی’یە.  مادام ئێمە باسی چەمکی ‘سەربەخۆیی’ دەکەین، کە چەمکێکە لە ڕێگەی سروشتناسییەوە ناتوانین لێی تێبگەین، بەو پێیەی لە بنەڕەتدا لە پێوەندیی کۆمەڵایەتیدا بنیاد نراوە، بۆچوونی (ڤیبەر) سەبارەت بەوەی، کە هەر دیاردەیەک لە خۆیدا دەگمەنە و پێویستە لە چوارچێوەی تایبەتی خۆیدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک ئەوەی لە ڕێگەی دۆزینەوەی یاسای گشتگیری گەردوونی کەم بکرێتەوە، بە تەواوەتی دروستە. هەر جۆرە ئایدیۆلۆجیایەکیش دووبارە جۆری نموونەییە و لە ڕێگەی چەمکەکانەوە وەک بنیادێکی کۆمەڵایەتیی نوێ بنیاد نراوە. کرداری تاکەکەسە چالاکەکانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو واتا و مەبەستەی هاوپێچی کردارەکانیان دەکەن، ڕاڤەیان بۆ دەکرێت. لە دواتردا بە وردی بۆ ئەو باسە لە پێوەندیدا بە کێشەی کورد دەگەڕێمەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، دابینکردنی باکگراوندێکە بۆ ئەو باسە.
ماکس ڤیبەر (١٨٦٤-١٩٢٠) کۆمەڵناسیی ئەڵمانی
تێگەیشتن لە پاڵنەر و مەبەستەکانی مرۆڤ لە پێوەندیی کۆمەڵایەتیدا، ڕوونکردنەوەی ڕێژەیی دابین دەکات، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەو ڕووداو و ئاکامانەی لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەدا ڕوو دەدەن، کەمتوانایە، چونکە لە ئاست دەستەکەوت و ڕووداوەکاندا، بە ڕەهایی گرنگ نییە پاڵنەرەکان چین و چۆن تاکەکەسەکان واتا بە کردارەکانیان دەبەخشن، ئەگەر ئەو پاڵنەرانە ئامانجی خۆیان لە ڕاستەقینەدا نەپێکن. بە واتایەکی تر، نەک هەر ئەوەی لە هەمبەر ڕاستەقینەدا چ واتایەک دەئافرێنین و چۆن لە ڕێگەی واتاوە چوارچێوە بە ڕاستەقینە دەبەخشین، وەک ئەوەی لای (ڤیبەر) پێداگریی لەسەر دەکرێت، بەڵکوو خودی ڕاستەقینە چییە و چۆن دەتوانین پەی بە مێکانیزم و بنیادە شاراوەکانی ببەین، دەبێت بە پرسێکی گرنگ و جێی بایەخ بۆ ئەوانەی نە لە چوارچێوەی سروشتناسی و نە لە هیی بنیادگەریی کۆمەڵایەتی تینیووێتیی دۆزینەوە و دامەزراندنی زانینان ناشکێت. لە بەرانبەر ڕاستەقینەدا، کاتێک جیهانبینیی مرۆڤ دەبێتە پێوەر، دۆزینەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە خودی باوەڕ و جیهانبینیی مرۆڤ دەبن تا ئەوەی ڕاستەقینە خۆی چییە. ئەوەیش ڕێگە بۆ دیاردەیەک خۆش دەکات، کە پێی دەڵێن ‘دروستێتیی یەکسان – equal validity’. مەبەست لەو چەمکە ئەوەیە، کە هەموو شتەکان بە ڕەچاوکردنی جیهانبینی و پاڵنەری تاکەکەسەکان بۆ ڕاستەقینە دروستە. بۆ نموونە، ئەگەرچی باوەڕ و بۆچوونەکانیان هەرچەند لە بنەڕەتدا جیاواز بن، بۆ موسڵمانێک ئیسلام، بۆ مەسیحییەک مەسیحی و بۆ بێباوەڕێک بێباوەڕی بنەمای دروستێتی و ڕاستین، بەڵام بە گوێرەی پێوەری ‘دروستێتیی یەکسان’ هەر یەکێک لەو سێ باوەڕە بە هاوتای بنەماکانیان بۆ خۆیان دروستن. دەبینین لە ئاست ڕاستەقینەدا، بنیادگەریی کۆمەڵایەتی لە قەیراندایە. تەنانەت لەو بۆچوونەیشی، کە وا دەڕوانێت جیهان لە ڕێگەی ئایدیاکانمان دەگۆڕێت. نە دیدگای موسڵمان، نە هیی مەسیحی و نە هیی بێباوەڕ لە هەمبەر ڕاستەقینەدا یەکسان نین. نەک هەر لە بواری کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لە هیی سروشتیش ئێمە ڕووبەڕووی بەربەستەکانی زانست دەبینەوە. چارەسەرێکی گشتگیر بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە نییە. ئەوەی بۆ نەخۆشێک چارەسەرە، دەشێت بۆ  نەخۆشێکی تر کاریگەرییە خراپەکانی زیاتر بن تا باشەکانی، چونکە بنیاد و مێکانیزمی نەخۆشیی نەخۆشەکان جیاوازە.
فەلسەفەی زانست پێویستی بە ڕێبازی تۆکمە و بەهێز هەیە لە هەڵسەنگاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی زانست، چ کۆمەڵایەتی بن، چ سروشتی بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاست دیاردەکان خاوەنی هێزی ڕوونکردنەوەییی زیاتر بێت.
لێرەدا، قوتابخانەی سێیەم، کە (ڕیالیزمی ڕەخنەیی – Critical Realism)یە، بۆ فەلسەفەی زانست لەلایەن (ڕۆی ڕام باسکار، ١٩٤٤-٢٠١٤) دادەمەزرێت. جگە لەو دەستەواژەیە، ڕیالیزمی باڵا، یان ڕاستەقینەی باڵا (Transcendental Realism)یش بۆ هەمان فێرگە بە کار دێت.  پێویستە ئەوەیش بگوترێت، کە چۆن (هایدیگەر) لە پەرتووکی (بوون و کات)دا ئاماژە بە قەیرانی زانستەکان دەدات، بەو پێیەی توێژینەوەن لە هەبووەکان تا ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوە ڕووەو بوونناسی و لەوێدا دەنووسێت: “ئەمڕۆ جۆرە ئارەزووکردنێک بۆ دانانی توێژینەوە لەسەر زەمینەیەکی نوێ لە هەموو بوارەکاندا سەری هەڵداوە”11, بەو شێوەیە (باسکار) بەدوای داوای هاوشێوە دەکەوێت بۆ دامەزراندنی ‘زەمینەیەکی نوێ لە هەموو بوارەکاندا.’ بێهۆکار نییە، کە لە دامەزراندنی قوتابخانەکەیدا، پەنا بۆ ئۆنتۆلۆجیایەکی هاوشێوە دەبات، ئەویش ئۆنتۆلۆجیایەک، کە لەسەر بنەمای ئۆنتۆلۆجیای بوون دامەزراوە و پشتگیری لە بەبنەڕەتدانانی بوون لە توێژینەوە و بیرکردنەوە، سەربەخۆ لە سیستەمەکانی زانین، دەکات. ئێمە دەزانین لە ئایدیاڵیزمی باڵای (کانت)دا چەقی تێگەیشتن تێگەیشتنە لە هۆش. سەرەتا لە ئاستە پەتییەکەی و دواتر ئەو دەرکەوتانەی لێ دەکەونەوە. بۆ (باسکار)، ڕاستەقینەیەک لە دەرەوەی هۆشدا هەیە. بەبێ بوونی مرۆڤ، کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە، بێژمار دیاردەی گەردوونی ڕوو دەدەن؛ شەپۆلی دەنگەکان لە گەشت بەردەوام دەبن، باران هەر دەبارێت، بوونەوەرانی تر دەشێت بژین و زۆر نموونەی تر، بەڵام تاکە جیاوازی ئەوەیە، کە مرۆڤی تێبینیکار لەوێدا نابێت. خەسڵەتی تێبینیکردن، کە سەرچاوەکەی هۆشە، بڕیار لەسەر بوونی ڕاستەقینە نادات، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت لە ئاستیدا ئاگامەند بێت. بە دیدی (ڕۆی باسکار)، ڕاستەقینە لە سێ ڕێگاوە خۆی مانیفێست دەکات. سەرەتا بە سادەیی دەردەکەوێت، بەڵام دواتر ئاڵۆز و تا دەگاتە سروشتی خۆی، کە گرێیەکە و ئەگەری کردنەوەی تەواوەتی نییە. ڕووداوەکان ئاکامی سەرسووڕهێنەر نین، بەڵکوو دەرئەنجامی مێکانیزم، هێز و بنیادی شاراوەن. ئەوەی لە کات و شوێنێکدا ڕوو دەدات، هیچ مەرج نییە لە کات و شوێنێکی تردا ڕوو بداتەوە، ئەگەر هەمان مێکانیزم، بنیاد و هەلومەرجەکان ئامادەیییان نەبێت. لەو ڕوانگەیەوە (باسکار) ڕیالیزمی ڕەخنەیی لە ڕاستەقینەی ئەزموونی (Empirical Realism ) جیا دەکاتەوە، بەوەی، کە هیی دووەمیان هەمیشە لە ڕێگەی ئەزموونەوە خوێندنەوە و ڕاڤەی خۆی بۆ ڕاستەقینە بنیاد دەنێت، لە کاتێکدا ڕاستەقینە مەودایەکی کراوەیە و لە ڕێگەی ئەوەی ڕووی داوە، سنووردار ناکرێت، چونکە خۆی گۆڕەپان و بەرهەمهێنەری ڕووداو و ئەزموونەکانە. بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا پێویست دەکات خشتەی بناغەی سیستەمەکەی ئەو وەک خۆ، کە لە پەرتووکی (تیۆری ڕاستەقینەی زانست)دا کێشاویەتی، بخەینە ڕوو:(12
پانتاییی ڕاستەقینە
پانتاییی ڕاستی
پانتاییی ئەزموونی
مێکانیزم
Ö
ڕووداوەکان
Ö
Ö
ئەزموونەکان
Ö
Ö
Ö
وەک دەبینین و وەک خۆیشی ئاماژەی پێ دەدات، مێکانیزمەکان تەنیا لە پانتایی، یان کڕۆکی مەودای ڕاستەقینەدا هەن و سەربەخۆن لە ئەزموون و ڕووداوەکان. نەک هەر ئەوە، بۆ تێگەیشتن لە ڕووداو و ئەزموونەکان، ئێمە پێویستیمان بەوەیە بۆ خودی مێکانیزمەکان بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەی سەرچاوەی ڕووداو و ئەزموونەکان بدۆزینەوە، کە مێکانیزمەکانن، بەڵام هەرگیز بە تەنیا ناتوانین لە ڕێگەی ڕووداو و ئەزموونەکانەوە لە تەواوی مێکانیزمەکان تێبگەین. بە هەمان شێوە، وەک خشتەکە ڕوونی دەکاتەوە، ڕوودانی ڕووداوەکان سەربەخۆن و بوونیان لەسەر ئەزموونەکان نەوەستاوە، هەر وەک چۆن ئەزموونەکانیش وابەستە نین بە ڕووداوەکانەوە. هەم ڕووداوەکان، هەم ئەزموونەکان، لەو ڕوانگەیەوە، دەرکەوتەن، وەک خۆی دەنووسێت: “جیهان لە شتەکان پێکهاتووە، نەک لە ڕووداوەکان. زۆربەی شتەکان بابەتی گرێدارن  (complex objects)، کە بە هۆیەوە خاوەنی یەکێتییەکن لە ئاڕاستە، ئەگەر و هێزەکان. بە گەڕانەوەیە بۆ پێڕۆکردنی ئاڕاستە، ئەگەر و هێزەکانیان، کە دیاردەکانی جیهان ڕوون دەکرێنەوە.”13
ڕۆی باسکار (١٩٤٤-٢٠١٤) فەیلەسووفی بەڕیتانیایی و داهێنەری قوتابخانەی ڕیالیزمی ڕەخنەیی
پێچەوانەی چەمکی یاسا هۆکردەکانی سروشتناسەکان (naturalists)، (باسکار) چەمکی مێکانیزمە بەرهەمهێنەرەکان (generative mechanisms) بە کار دەهێنێت. بە پێناسەی ئەو، مێکانیزمە بەرهەمهێنەرەکان “هیچ نین، جگە لە شێوەی کرداری شتەکان.”14کێشەی سیستەمی زانینی (هیوم)، بە دیدی (باسکار) ئەوەیە، کە (هیوم) یاسا هۆکردەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی داخراو ڕەچاو دەکات، یان بە واتایەکی تر، بۆچوونی وایە، کە ڕاستەقینە سیستەمێکی داخراو و ڕێچکەدار، یان خاوەنی یاسای هۆکردی بڕیارلەسەردراوە، کە تێیدا ڕووداوەکان بەردەوام چەندبارە دەبنەوە. بۆ (باسکار)، ڕاستەقینە تۆڕێکی کراوەیە و لەو سێ ئاستەی، ئاماژەم پێی دا، خۆی مانیفێست دەکات. جگە لە ڕەتکردنەوەی قوتابخانە ئەزموونگەراییی (هیوم)، (باسکار) قوتابخانەی ئایدیاڵیزمی باڵای (کانت) ڕەت دەکاتەوە لەسەر ئەو بنەمایەی، کە ئایدیاڵیزمی باڵا وا لە جیهانی سروشتی دەڕوانێت، کە بنیادێکی هۆشەکی بێت تا بوونێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی هۆشدا.15(باسکار) ئاماژە بە قەیرانێکی تری ئەو دوو ڕێبازە دەدات، کە ناوی دەنێت ئیپستیمیی چەوت (epistemic fallacy). مەبەست لەو چەمکە کەمکردنەوەی بوونە بۆ زانین، یان ئۆنتۆلۆجیا بۆ ئیپیستیمۆلۆجی، وەک بەرانبەر ئەو دیاردەیەی ڕاستەقینەی ئەزموونی دەنووسێت: “… کە پرسیارە ئۆنتۆلۆجییەکان هەمیشە دەتوانرێت جێگۆڕکێیان لەگەڵ تێرمە ئیپیسیمۆلۆجییەکان پێ بکرێت.”16ئەو کێشەیە لەوە بەرفراوانترە، بەو پێیەی، کە زانین گوتاری ڕەهای خۆی، کە بە دیدی ئەو لەسەر بنەمای ئیپستیمیی چەوت دامەزراوە، بەرانبەر بە بوون بەرز دەکاتەوە و هەرچەند لە بنەڕەتیشدا لاواز بێت، لەسەر بنەمای دروستێتی لە چوارچێوەی ئەو فێرگەیەی زانین ڕەوایەتی و هێزی پێ دەبەخشرێت. بە بۆچوونی (باسکار)، (کانت) کە پێی وایە کاتیگۆرییەکان ئەگەر لەسەر بنەمای هەست، یان ئەگەری بوونیان بە ئەزموون بنیاد نەنرێن، هیچ واتایەکیان نییە، تووشی دامەزراندنی ئیپستیمیی چەوت دەبێتەوە، کاتێک بوون بۆ بابەتی زانین کەم دەکاتەوە. 17بەڵام ئەنجامدانی ئیپستیمیی چەوت لە دامەزراندنی هەر سیستەمێکی زانین تەنیا پێوەندیی بەو دوو قوتابخانەی فەلسەفەی زانستەوە نییە، بەڵکوو بە دیدی ئەو، بوارەکانی گرتووەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ (باسکار)، زانین دەبێت وا ڕەچاو بکرێت، کە کەرەستەیەکە بۆ بەرهەمهێنان و زانستیش وەک چالاکییەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی، کە لە پرۆسێسی گواستنەوەی بەردەوامدایە.18زانین بۆ ئەو دوو جۆر زانینە. یەکەمیان، زانینی پراکتیکی، یان زانینی چالاکییەکانی مرۆڤ. واتە زانینێک، کە پێوەندیی بە وەبەرهێنان و پیشەوە هەیە. بۆ نموونە چۆنیەتیی دروستکردنی فڕۆکە. دووەمیان، زانینە سەبارەت بە بوون و دیاردەکانی. مرۆڤ دەتوانێت دەستکاریی زانین بکات و گەشەی پێ بدات، بەڵام لە ئاست زانینی دووەمیاندا کەمتوانایە و هێزی گۆڕینی نییە، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت بوونەوەرێکی تێبینیکار و دۆزەرەوە بێت لە بەرانبەریدا. ئێمە زانینمان سەبارەت بە بوون هەبێت، یان نا، هیچ لە باڵادەستیی بوون کەم ناکاتەوە.
ڕاستەقینە چییە و ئێمە چۆن دەتوانین هێزی تێگەیشتنمان بەسەر ڕاستەقینەدا هەبێت؟ لەو ڕاڤانەدا هیچمان بۆ دەرنەکەوتبێت، ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، کە چەندبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە، تەنیا ڕێکەوتن بە گوێرەی بنیاد و مێکانیزمەکانە، نەک حەتمی. ئەوەی لە شوێن و کاتێکی دیاریکراودا ڕوو دەدات، پێوەندیی بە کۆنتێکستی ئەو شوێن و کاتەوە هەیە، نەک هیی کات و شوێنی تر بە گوێرەی بنیاد، مێکانیزم و هەلومەرجەکان. پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم، کە ئەویش ڕۆڵی هەلومەرجەکانە و دواتر لە نموونەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی زیاتر دابین دەکەم. مێکانیزمەکان پێویستیان بە هەلومەرجی خۆیان هەیە، بۆ ئەوەی ئاکامی دیاریکراو بدەن بە دەستەوە، بەڵام ئەو هەلومەرجانە ئاکامی کراوەییی ڕاستەقینەن. لەو ڕووەوە، ڕاستەقینە وەک تۆڕێکی کراوە خاوەنفرەڕێچکەیە. (باسکار) چەمکی (demi-regular) بۆ ئەو دۆخە بە کار دەهێنێت، کە چەمکێکی بیرکارییە بۆ ئەندازە و شێوەکان بە کار دێت؛ ئەوەی لە ئاستێکدا چوارگۆشەیە و ڕێچکەی چەندبارەبوونەوەی چوارگۆشەییی هەیە لە ئاستێکی تردا دەشێت بازنەیی و سێگۆشەیی بێت بە تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاستەقینە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەمیشەییی نییە و بەردەوام لە گۆڕانە پێشبینینەکراوەکانی خۆیدایە.
نموونەی کێشەی کورد و هەرێمی کوردستان
ئەگەر ئێمە سەیری کێشەی سیاسیی کورد بکەین و بمانەوێت تێگەیشتنێک لەسەر بنەمای فەلسەفەی زانین دابمەزرێنین، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست دەبینەوە. ئامانجی سیاسیی کورد بۆ چەندین دەیە بریتی بووە و بریتییە لە سەربەخۆییی کورستان، بەڵام تەنیا لە کوردستانی باشوور ئەو ئامانجە تا ڕادەیەکی سنووردار بەدەست هاتووە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی کوردستانی باشوور زۆر کەمترە لە هیی باکوور و ڕۆژهەڵات. ئێمە چۆن دەتوانین وەها کەیسێک ڕاڤە بکەین؟ بە بۆچوونی من، ئێمە دەتوانین لە ڕوانگەی دوو فێرگەی بنەڕەتیی فەلسەفەی زانستەوە لەو کێشەیە تێ بگەین، ئەوانیش بنیادگەریی کۆمەڵایەتی و ڕیالیزمی ڕەخنەیین. بنیادگەریی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوە گرنگە، کە ئێمە جۆری نموونەیی بۆ ئەو کێشەیەی کورد بنیاد بنێین، کە پێشتر ئاماژەمان پێی داوە. جۆری نموونەیی بۆ کێشەی سیاسیی کورد دەوڵەتە، واتە کورد لە بنەڕەتدا و لە ئاستە ئایدیاڵەکەیدا بۆ دەوڵەتبوون تێدەکۆشێت. چەمکی دەوڵەت لێرەدا چەمکێکی بنیادگەریی کۆمەڵایەتییە. واتە کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەو چەمکەیان داهێناوە و ڕێکخراوێکی سیاسییان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندووە، کە دەوڵەتە. بە پێناسەکەی (ماکس ڤیبەر) بێت، “دەوڵەت ڕێکخراوێکی مرۆڤە [سیاسییە]، کە سەرکەوتووانە گوتاری قۆڕغکردنی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا بەرز دەکاتەوە.”19 ئەو پێناسەیە فرەدیوە. بۆ ئەوەی دەوڵەت هەبێت، دەبێت ئەو دەوڵەتە توانای قۆڕغکردنی گوتاری توندوتیژی بەسەر خاک و کۆمەڵدا هەبێت. واتە لە ئاستە نموونەیییەکەیدا، دەوڵەت دەبێت سوپا و هێزی چەکداری هەبێت و ئەو سوپا و هێزە چەکدارە سەرکەوتووانە هێزی خۆی بەسەر خاکدا بسەپێنێت. لە هەمان کاتدا، دەوڵەت پێویستە تاکە ڕێکخراوی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو بێت بەسەر خاک و کۆمەڵدا. بە پێناسەیەکی کورتتر، دەوڵەت واتە، قۆڕغکاری، توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو و خاکێکی دیاریکراو. ئەو پێناسەیە، کە جۆری نموونەییە، یەکێکە لە پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی شکست و سەرکەوتووییی دەوڵەت بەسەر خاک و کۆمەڵدا. ئەو دەوڵەتانەی توانای سەپاندنی هێزی سوپایان بەسەر خاکدا نییە، بۆ نموونە سۆماڵیا، سووریا و تەنانەت عێراقیش، بە دەوڵەتی شکستخواردوو هەژمار دەکرێن و هێزی دەرەکی ڕەوایەتیی هەیە لە پێشێلکردنی سەروەریی ئەو دەوڵەتانەدا.
بەڵام چەمکی دەوڵەت وابەستەیە بە چەمکی سەروەری (sovereignty). ڕاستییەکەی سەروەری لە کایەی نێودەوڵەتیدا واتە دەوڵەت. بۆ ئەوەی دەوڵەتێکیش سەروەر بێت، دەبێت سەربەخۆ بێت. سەربەخۆیی لێرەدا دوایین هەنگاوە بۆ دروستبوونی دەوڵەت تا یەکەم هەنگاو، چونکە ددانپێدانان بە سەربەخۆیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بڕیاری لەسەر دەدرێت تا لە ئاستی ناوەخۆدا. کاتێک (داعش) سەرکەوتووانە بەشێکی گەورەی خاکی سووریا و عێراقی داگیر کرد، لە ئاستی ناوەخۆ خاوەنی هەرە زۆری خەسڵەتەکانی دەوڵەتبوون بوو، بەڵام ددانپێدانەنانی نێودەوڵەتی بەس بوو بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هاوپەیمانیی لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە پێک بهێنرێت. لە هەمان کاتدا، کاتێک بریتانیا، فڕەنسا و دەوڵەتانی تری داگیرکار دەستیان بە داگیرکاریی خاکەکانی خۆرهەڵات کرد، ئەوان هیچ دەوڵەتێکیان داگیر نەکرد، بەڵکوو خاکی بێسەروەرییان داگیر کرد، چونکە هیچ یەکێک لەو خاکانە خاوەندەوڵەت نەبوون. واتە خاکی کراوە بوون بۆ داگیرکاری، بەکارهێنان و تەراتێن. لەو ڕووەوە کاتێک دەوڵەت بوونی نییە، هیچ گرووپێک سەروەریی بەسەر خاکدا نییە، لانی کەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. دیاردەی دەوڵەتی نەتەوە لە سەدەی هەژدەوە لە ئەوروپا شێوە دەگرێت و بە پڕۆسێسکی درێژخایەن بەسەر تەواوی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە پشتگیری و ددانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگترین هەنگاوە بۆ تەواوکردنی دامەزراندنی دەوڵەت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، هەرێمی کورستان نموونەیەکی جیاوازمان پێ دەڵێت، چونکە سەرەڕای هەبوونی دەوڵەتێکی ڕەوایەتپێدراوی وەکوو عێراق، هێشتا ئەو دەوڵەتە توانای سەپاندنی هێزی بەسەر تەواوی خاکی خۆیدا نییە. بۆ کورد لە (عێراق) خاوەنی وەها دەستەڵاتێکە، بەڵام لە تورکیا بنەڕەتترین مافەکانی شوناسی لێ داگیر کراوە؟ بنیادگەریی کۆمەڵایەتی لێرەدا توانای ئەوەی نییە وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە، چونکە ئەگەر باسەکە سەربەخۆیی بێت، کورد لە هەر چوار پارچە بۆ سەربەخۆیی تێدەکۆشێت. لەو ڕووەوە، ئێمە پێویستە پەنا بۆ قوتابخانەکەی (ڕۆی باسکار) ببەین لەپێناو دۆزینەوەی بنیاد، مێکانیزم و هەلومەرجەکاندا، کە وا دەکەن هەرێمێک بە نزیکەی شەش میلیۆن کورد دەستەڵاتی نەتەوەییی زۆر زیاتر بێت لە بەشێکی کوردستان، کە دانیشتووانی زیاتر لە بیست میلیۆنە. ئایا باسەکە ئەوەیە، کە کوردانی باشوور شۆڕشگێڕانەترن لە کوردانی بەشەکانی تر؟ بە دۆزینەوەی بنیاد و مێکانیزمەکان، دواتر هەڵسەنگاندنی هەلومەرجەکان، دەتوانین وەڵامێکی شایستە بۆ ئەو پرسیارە بدەینەوە.
یەکەمیان، سەبارە بە مێکانیزمەکان، کورد لە هەر چوارپارچە خاوەنی کۆمەڵێک مێکانیزمی هاوبەشە، بۆ نموونە هەبوونی خەونی سەربەخۆییی نەتەوەیی، پارتی سیاسی، هێزی بەرگریکار و چەکدار، کە توانای چالاکی سەربازی هەبێت، و زمان و کەلتوور. لە ڕووی ڕووداوەکانیشەوە، ڕووداوی سیاسیی پێوەست بە کورد لە هەر چوارپارچە ئامادەییی هەیە بۆ خەونی سەربەخۆیی، چ بە ڕاستەوخۆیی بێت، چ بە ناڕاستەوخۆیی. کەواتە لێرەدا مێکانیزم و بنیادەکان هاوبەشن. ئەگەر لە باشوور هێزی سەربازیی یەکێتی و پارتی هەن، ئەوە لە باکوور پەکەکە هەیە، لە خۆرهەڵات دیموکرات، کۆمەڵ و پژاک هەن و لە ڕۆژئاوایش هێزەکانی سووریای دیموکرات. لەو ڕووەوە، یەکێتی و پارتی تەنیا مێکانیزمی بەرهەمهێنراوی کۆمەڵگەی کوردین تا ئەوەی خۆیان داینەمۆ و چەرخی خستنەگەڕی سەربەخۆییی کوردستان بن. بە هەمان شێوەیش، کێشەکانی ئەو مێکانیزمە بەرهەمهێنراوە، وەکوو ئەو قەیرانانەی بەرهەمی ئەو حیزبەن، بە لەناوچوونی هیچ یەکێک لەوان کۆتاییی نایەت، ئەگەر هەر جۆرە بزووتنەوەیەک دووبارە بەرهەمی هەمان مێکانیزم بێت. ئێمە بینیمان، کاتێ بزووتنەوەیەکی وەکوو گۆڕان وێنەیەکی تۆقێنەرتر و فێڵبازانەتری ئەو مێکانیزمە بەرهەمهێنراوەی پێشانداین. لێرەدا دەبێت لە هەلومەرجەکان تێبگەین، کە وای کردووە کوردستانی باشوور نیمچەسەربەخۆ بێت، بە مافی بەشداریی سیاسی بەهێزی کورد لە کاروباری دەوڵەتی عێراقدا، لە کاتێکدا هەمان دۆخ بۆ کوردانی باکوور جیاواز بێت. لە ئاستە گشتییەکەیدا، ئێمە دەتوانین سێ هەلومەرجی سیاسی دیاری بکەین، کە ڕەنگە فاکتۆری ئەو جیاوازییە بن، کە ئەوانەن:
یەکەم، سیستەم و لاوازیی دەوڵەت: بۆ ئەوەی کێشەی کورد لە دەوڵەتێکی دیاریکراودا بەرەو پێشەوە بڕوات، پێشمەرجە، کە ئەو دەوڵەتە لە ئاستی ناوەخۆدا یان سیستەمێکی دیموکراتی بەهێزی هەبێت، یان دەوڵەتێکی لاواز بێت. لە ساڵی 1991دا کورد لە باشوور لاوازیی دەوڵەتی عێراقی قۆستەوە و هێزەکانیان بە ڕاپەڕین دەرکرد. بەڵام هێزەکانی عێراق گەڕانەوە و کوردان ئاوارەی شاخ بوونەوە. نە هێزی یەکێتی، نە هیی پارتی و نە هیچ لایەنێکی تر نەیانتوانی ڕووبەڕووی سوپا ببنەوە. ئەوەی وای کرد ناوچەکانی کوردستان حوکمی چارەی خۆنووسینیان هەبێت، دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. لە هەمان کاتدا لە لاوازیی دەوڵەتی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات هەلیان قۆستەوە و هێزی خۆیان بەسەر خاکدا سەپاند. هەمان هەلومەرج لە تورکیا و ئێران تێبینی ناکرێت، چونکە ئەو دوو دەوڵەتە هێزی بەهێزی سوپایان بەسەر خاکدا هەیە و هیچ کات بە شێوەی عێراق و سووریا لاواز نەبوون، جگە لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران، کە سەردەمی زێڕینی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو.
دووەم، پشتگیریی نێودەوڵەتی: سەرەڕای دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ، بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە ساڵی 1976ەوە، لەگەڵ هەبوونی پارتی تری چەکدار، بە هێزەکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستانیشەوە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەییی گرنگی لە ئاستی دەوڵەتداریدا بەدەست نەهێنا. هەڵەبجە کیمیایباران کرا و سەدان هەزار گوندنیشین و شارنشین زیندەبەچاڵ کران، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ یەکێک لەوانەی بە شایستەی ئەوە نەزانی ئاوڕ لە کێشەی کورد بداتەوە. تەنیا ڕووداوێکی نێودەوڵەتی، کە داگیرکردنی کوەیت بوو، واتە تەحەداکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی بەس بوو، بۆ ئەوەی زلهێزێکی وەکوو ئەمەریکا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی تر وا لێ بکەن سیاسەت و بەرنامەڕێژییەکانی خۆیان بەرانبەر بە عێراق بگۆڕن. لەو ڕووداوەوە، کێشەی کورد سەرنجی نێودەوڵەتیی بەلای خۆیدا ڕا دەکێشێت. ئەوە پێوەندیی بە ڕووداوێکی سادەوە نییە، بەڵکوو پێوەندیی بە گۆڕانی بنیاد و مێکانیزمەکانی سیاسەتەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە بلۆکی ئەمەریکادا هەیە. کێشە و ناکۆکیی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا و خۆرئاوا کێشەی کورد بەرەو پێشەوە دەبات، تا دەگاتە ڕووخاندنی ڕژێمی (سەدام حسێن) لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کە کورد هاوپەیمانێکی سەرەکی و پشتگیریکارێکی بێمەرج بوو بۆ ئەمەریکا؛ هەنگاوێک، کە ڕەوایەتی باشی بە سیاسەتی ئەمەریکادا. پشتگریی نێودەوڵەتی و دیپلۆماتی، بە تایبەت هیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان ئەو هێزەیە، کە وای کردووە کورد بتوانێت حوکمڕانیی ناوچەییی خۆی هەبێت، نەک هێزەکانی کورد بە تەنیا. ئەو پشتگیرییە مەرجدارە، واتە وابەستەیە بە بەرژەوەندی و سروشتی پێوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ لایەنەکانی تر. هەمان هەلومەرج بەسەر کێشەی کورد لە سووریا ڕوونکردنەوە دابین دەکات. کشاندنەوەی پشتگریی ئەمەریکا بەسە بۆ ئەوەی خوێنی دەیان هەزار شەڕڤانی کورد ببێت بە بیرەوەرییەکی ڕێزلێنەگیراوی مێژوو، وەک ئەو مەترسییەی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی کورد لە سووریا بینیمان. هەمان هەلومەرج لە تورکیا بۆ کێشەی کورد ئامادەییی نییە، چونکە کێشەی کورد لە تورکیا خاوەنی پشتگیریی نێودەوڵەتی نییە، وەک ئەوەی لە عێراق و سووریادا هەیە، بەڵام چونکە کێشەی کورد لە باکووردا خاوەنی هەمان بنیاد و مێکانیزمی داواکردنی مافە نەتەوەییەکانە، ئێمە لە تورکیا کێشەیەکمان هەیە بە ناوی کێشەی کورد. بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ ئێران ئەوەیە، کە ئەگەرچی پشتگیریی ئەمەریکا بۆ ‌هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات هەیە، بەڵام چونکە هەلومەرجی یەکەم، کە لاوازیی دەوڵەتە، ئامادەییی نییە، ئەو پشتگیرییە بە تەنیا کارتێکی فشارە و بەکارهێنانی پێوەستە بە لاوازیی دەوڵەتی ئێران و سیاسەتەکانی لەگەڵ ئەمەریکا، ئەگەرچی بنیاد و مێکانیزمە سیاسییەکان لە چالاکیی بەردەوام و ڕێژەییی خۆیاندان.
سێیەم، سەرچاوە سروشتییەکان: نەوت لەو کۆنتێکستەدا لە گرنگترینیانە. خاکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆپۆلۆتیک و سەرچاوە سروشتییەکانی پێگەی حوکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەهێز کردووە. جگە لە دەستەڵات و بەرژوەندیی زلهێزەکان، بەرژەوەندیی گرووپە دیاریکراوەکان، کە خاوەنهێزی ڕێژەییی خۆیانن لە دروستکردنی کارتی فشار و کارێگەرێتیان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان، پاڵنەرێکی گرنگە لە هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی حوکوومەتی هەرێم و کەیسی کورد لە عێراقدا. بە هەمان شێوە، حوکوومەتی هەرێم بە تەنیا ناتوانێت هیچ مامەڵەیەک بە سەرچاوە سروشتییەکانییەوە بکات، ئەگەر لەگەڵ هەرە دوژمنترین دەوڵەتی کورد، کە تورکیایە، نەچێتە ڕێککەوتنەوە (لەسەر خەرجی لەدەستدانی هەستیارترین بەرژەوەندییە باڵاکان، کە زۆر لەپێشتر و گرنگترن لە دەستکەوتی کورتمەودای هاوشێوە)، بەو پێیەی خاکی باشووری کوردستان داخراوە بۆ دەستگەیشتن بە بازاڕی نێودەوڵەتی. بە پێچەوانەوە، کورستانی باکوور ئەو سەرچاوە ستراتیجییانەی نییە، جگە لە ڕووباری دیجلە و فوڕات. هەر سەرچاوەیەکی سروشتیشی هەبێت، دووبارە لەبەر بەهێزیی دەوڵەتی تورکیا، ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکیان پێوە بکات، تەنانەت ئەگەر بتوانێت ئەو سەرچاوانەیش کۆنتڕۆڵ بکات، پێویستی بە دەوڵەتانی وەکوو عێراق، ئێران و سووریا دەبێت بۆ دەستگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
بە خستنەڕووی ئەو سێ هەلومەرجە بنەڕەتییە (بەڵام نەک ڕەها)، دەبینین، کە پێشکەوتنی پرسی سیاسی و کەلتووریی کورد لە باشوور ئاکامی بە تەنیا مێژوو و بەرهەڵستییە سیاسی و سەربازییەکانی کورد نییە، بەڵکوو هەلومەرجی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی وەها کیانێکی لەسەر قاچەکانی خۆی هێشتووەتەوە. ئێمە بینیمان، کاتێ پڕۆژەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ بە ئاسانی شکستی هێنا، چونکە هەلومەرجەکان بە ئاشکرا بۆ وەها بازدانێک گونجاو نەبوون. لە ڕووی بنیادگەریی کۆمەڵایەتییەوە، هەموو لایەنەکان دەتوانن بۆچوونی جیاوازی خۆیان دەرببڕن و لۆمە و بیانوو بخەنەپاڵ یەکتر لە وەها شکستێکدا، بەڵام ڕیالیزمی ڕەخنەیی فێرمان دەکات، کە ئەو کێشەیە تەنیا لە چوارچێوەی هۆش و دیدی سنووردار و بچووکی خۆمان لە ئاست ڕاستەقینە نەبینین، بەڵکوو سەیری هەلومەرج، مێکانیزم و بنیادەکانی وەها شکستێک بخەینە بەر ڕۆشناییی باس. سەربەخۆیی لە ڕێفراندۆمێکەوە دەست پێ ناکات. ڕاستییەکەی، ڕێفراندۆم یەکێکە لە دوایین هەنگاوەکان. بۆ زانینی خواستی نەتەوەیەک، سەرکێشیی سیاسی لەسەر خەرجی لەدەستدانی بەرژەوەندییە گەورەکان هەڵبژاردەیەکی هەژارە، چونکە بە تەنیا سەیری پاڵنەرە سیاسییەکانی ئەو نەتەوەیە بکەین، بەسە، بۆ ئەوەی بزانین ئامانجی نموونەییی ئەو نەتەوەیە لە ئاستە نموونەییەکەیدا چییە. بێگومان ئەوە بە واتای ئەوە نایەت، کە تەنیا هەلومەرجەکان ڕۆڵیان هەیە، بەڵکوو بۆ ئەوەی هەلومەرجەکان بقۆزرێنەوە، بنیاد و مێکانیزمەکان دەبێت ئامادەیییان هەبێت. ئەگەر هەموو جیهان بیەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات بە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو، ئەگەر بنیاد و مێکانیزمە ناوەخۆییەکان ئامادەیییان نەبێت، یان ڕووخێنەر بن، وەک مێکانیزمی خۆخواردن لەناو بزوتنەوە سیاسییە کوردییەکان، ئەوە ئەستەمە هەلومەرجەکان بە تەنیا هیچ ڕۆڵیکیان هەبێت. بە پێچەوانەیشەوە، بوونی مێکانیزمەکان، بۆ نموونە، لە کوردستانی باکوور، ژێرباری هەلومەرجی سەخت، کێشەی کوردی بە زیندوویی هێشتووەتەوە. بۆیە لەو ڕوانگەیەوە، قوتابخانەی ڕیالیزمی ڕەخنەیی دەروازەی گەورەی تێگەیشتنمان لە کێشەکانی گۆی ڕاستەقینە بۆ دەکاتەوە و لە جیاتیی حوکمە کەمتواناکانی هۆش، ناچارمان دەکات ئاسۆی تێگەیشتن و بیرکردنەوەمان لە بەرانبەر ڕووداو و پێشهاتەکان بەرفرەوان بکات و لە ئاست ڕاستەقینەدا خاوەنی گوتاری ڕەخنەیی بین تا گوتاری شۆڤێنی، کە ڕاستییەکەی لە ئاست ڕاستەقینەدا هەژار و کەمتوانان.
بەڵام لە دەرەوەی ئەو جۆرە نموونە پراکتیکییانەدا، کە تەنیا بۆ دابینکردنی زیاتری توانای ڕوونکردنەوەییی ئەو قوتابخانەیەیە، هێزی ڕاستەقینە هەمیشە باڵاترە لە هێزی تێگەیشتنی مرۆڤ، بەو پێیەی ڕاستەقینە مانیفێستی خستنەگەڕە شاراوەکانی بوونە، کە خشکۆکانە لە دەرەوەی بریکاری هۆشەکی لە کردار و ناکردارەکانی خۆی بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەو جۆرە پەیپێبردنە گوتاری ئازادبوونی مرۆڤ لە ئاست زیندانە هۆشەکییەکانی خۆی هەڵدەکشێنێت و وا دەکات بەرەو ئاسۆیەکی کراوەتر تیشکەکانی بیرکردنەوەی خۆی ئاڕاستە بکات بۆ دۆزینەوەی ئاقاری باڵاتری بوون بۆ تێگەیشتن.
سەرچاوەکان بۆ پەراوێزە بەکارهاتووەکان:
Bhaskar, R. (2008). A realist theory of science (Radical thinkers 29). London: Verso.
Heidegger, M. (1998). Letter on Humanism (F. A. Capuzzi, Trans.). United States of America: University of Cambridge. http://timothyquigley.net/cont/heidegger-loh.pdf
هایدیگەر، م. (2013). بوون و کات (وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال). سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم.
Kant, M. (2010). The Critique of Pure Reason (J. M. Meiklejohn, Trans.). The Electronic Classics Series. http://www.metaphysicspirit.com/books/The%20Critique%20of%20Pure%20Reason.pdf
Weber, Max. (1978[1922]). Economy and Society: An outline of interpretive sociology. Vol. 1. (Roth, Guenther, & Wittich, Claus. Trans.). Berkeley: University of California Press.
Weber, M. (1946[1921]). From Max Weber: Essays in Sociology. (H. H. Mills, Trans.) New York: Oxford University Press.
سەرچاوەکانی تر:
Archer, M., Bhaskar, R., Collier, A., Lawson, T., & Norrie, A. (Eds.). (1998). Critical realism : Essential readings. Retrieved from https://ebookcentral-proquest-com.esc-web.lib.cbs.dk:8443
Bhaskar, R. (2000). From East to West: Odyssey of a soul (Critical realism: interventions).                                                                                London: Routledge.
Clark, Alex. (2015). Critical realism and realist evaluation: An overview for everyone [Video]. Retrieved April 27, 2020, from https://www.youtube.com/watch?v=8Y3oVV5KxeU
تێبینی:
ئەم بابەتە پێشتر هەم لە ماڵپەڕی کوردڕاوم و هەم دەنگەکان بڵاو کراوەتەوە، بەڵام لێرەدا گۆڕانکاری لە بەشێکی بابەتەکەدا کراوە و هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندی کەم کراونەتەوە. لە هەمان کاتدا، ڕاستەقینەی ڕەخنەیی بۆ ڕیالیزمی ڕەخنەیی گۆڕاوە بەو پێیەی ڕیالیزم وشەیەکی دامەزراوە لە زمانی کوردی.
[1](Heidegger, 1998, p.240)
[2]هەمان سەرچاوەی پێشوو یان (ibid)
[3] (Kant, 2010, p.28)
[4] Ibid: p,43
[5] Ibid
[6] Ibid: p, 53
[7] Ibid: p, 53-4
[8] Ibid: p, 74-5
[9]Ibid: p, 80
[10]Ibid
[11](هایدیگەر، 2013، ل. 47)
[12](Bhaskar, 2008, p. 56)
[13] (Bhaskar, 2008, p. 51)
[14] Ibid: p, 14
[15] Ibid: p, 25
[16] Ibid: p, 36
[17] Ibid: p, 37
[18] Ibid: p, 17
[19]Weber, 1946, p.78).
پەراوێزەکان
1    (Heidegger, 1998, p.240
2    هەمان سەرچاوەی پێشوو یان (ibid)
3    (Kant, 2010, p.28)
4    Ibid: p,43
5    Ibid
6    Ibid: p, 53
7    Ibid: p, 53-4
8    Ibid: p, 74-5
9    Ibid: p, 80
10    Ibid
11    (هایدیگەر، 2013، ل. 47)
12    Bhaskar, 2008, p. 56)
13    (Bhaskar, 2008, p. 51)
14    Ibid: p, 14
15    Ibid: p, 25
16    Ibid: p, 36
17    Ibid: p, 37
18    Ibid: p, 17
19    Weber, 1946, p.78).
The post خۆری فەلسەفەی زانست لە هەڵهاتنەوەدا appeared first on ژنەفتن.
هێزی تێگەیشتن لە وەهمی ڕەهەند و ڕەهەندییەکان
ئەم وتارەی نووسەر (سۆران ئازاد)‌ وەڵامی تەوەرێکی ماڵپەڕی ژنەفتنە دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی».
دەقی تەوەری  «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی» لەم بەستەرە بخوێنەرەوە
١
وەهمێک بیرکردنەوەی ئێمەی داپۆشیووە، ئەویش وەهمی ڕەهەندی و ڕەهەندییەکانە. هەر لەو ڕوانگەیەوەیە، کە ئەم تەوەرەیە بە سروشتی خۆی مامەڵەکردنە لەگەڵ پڕۆژەیەکی مردوو، کە لە چوارچێوەی سەردەمێکی دیاریکراودا هەبووە و نەیتوانیوە لێی بپەڕێتەوە. کولتوورە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی بە ڕێگەی جیاواز دەستبەرداری مردووەکانیان دەبن و لە بەرچاوی زیندووەکانیان ناهێڵن، مەگەر بۆ پشکنینێکی جۆری جینالۆجیی بۆیان بگەڕێنەوە. لێرەدا دەستبردنی منیش بۆ ئەو پڕۆژە مردووە، لەوە بە دەر نییە. قسەکردن لەبارەی مەرگ، بە سروشتی خۆی لای بینەر سۆز دەورووژێنێت و هاوسۆزیی لێ دەکەوێتەوە. تازەترین مۆدێلی ئەم جۆرە هاوسۆزییە بریتییە لەو نووسین و بۆچوونانەی، کە پڕۆژەیەکی مردووی وەک ڕەهەند بە پێویستییەکی مێژوویی دەزانن. ئەو جۆرە بۆچوونە، کە هێزی خۆی لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە وەردەگرێت، نکۆڵی لە مردن دەکات، بەوەی ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییە لەسەر پایەی کەڵەکەکردن وەستاوە. نکۆڵیکردن لە مردن خەسڵەتی دیاری ئەوانەیە، کە ژیان و مەرگ وەک دوالیزم دەبینن. هێزی کرانەوە و بەرفرەوانبوونی بیرکردنەوەیان لە دەرەوەی مردووەکان نییە. مردووە بەهێزەکان دەبن بە تارمایی و لە دەورانی خۆیاندا دەگەڕێنەوە. تارماییی (کارل مارکس) لە ڕێی (جاک دێریدا)ەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام ڕەهەند مردوویەکی بەهێز نییە، بەڵکوو لاواز و ڕووکەشە. تەرمێکە و لەسەر شانی ئەوانەیە، کە مەرگ سۆزیان دەبزووێنێت. ئەو سۆزە ڕێ نادات تەرمەکە بنێژرێت و  لە بەرچاومان لا بچێت، دەنا هیچ بەهانەیەکی بۆ مانەوە نییە. ڕەهەند لە شێوەی تارمایی نەگەڕاوەتەوە، بەڵکوو هێشتا لێرەیە و نەنێژراوە. ئەوانە هەست بە قورسایییەکەی دەکەن، کە هەڵیانگرتووە و ناتوانن دایبنێن. فریدریک نیتشە ئەو تێگەیشتنە باوە بۆ مردن تێک دەشکێنێت و مردن دەکات بەو دەروازەیەی، کە ئێمە دەتوانین لە ڕێگەیەوە بە ڕووی واتا گەورەکانی ژیاندا بکرێینەوە، بەو واتایەی دەکرێت مردن هێز بێت و هێزی لێ بکەوێتەوە. مراندنی خواوەند، مراندنی هەموو ئەو بەها کەڵەکەبووانەن، کە مێگەل لە ڕێی ئایینەوە پاراستوونی. چەمکی مردن دەبێتە توانایەک و مێژووی هزری خۆرئاوا دەهەژێنێت، بە ڕادەیەک دەگاتە ئەوەی وەک هاوواتای چەمکی (ڕەخنە) بە کار بێت و بچێتە لای ئەوانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن. پابەندبوون بە مردووەوە، لە ڕوواڵەتدا وا دەردەکەوێت شتێک هەیە بە ناوی وەفا، کە ئەو پابەندبوونەی هێناوەتە کایەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو پابەنددارانە نەیانتوانیوە شتێکی تری جیاواز لە ژیاندا بدۆزنەوە، بۆیە پێیان وایە زەمینەی مردووەکە وەک خۆی ماوە و شوێنەکەی بە چۆڵی دەبینن. هیوا دەخوازن بۆ ئەو شوێنەی بگەڕێتەوە، کە هێشتا وەک خۆی ماوە و نەگۆڕاوە، بەڵام ئێمە لە (هیراکلیتۆس)ەوە فێر دەبین، کە جیهان هەمیشە لە گۆڕاندایە. ئەوەی دەیەوێت ڕەهەند وەک جاران بگەڕێنێتەوە، لەبەر ئەوەیە دەزانێت ڕەهەند خاوەنی هەموو ئەو خەسڵەتانەیە، کە لە خۆیشیدا هەن. هەر نیشانەیەک ڕۆژانە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەیبینن، ئەویان بە بیر دێنێتەوە، چونکە خۆیشیان تێیدا هاوبەشن. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین ڕەهەند ڕاستییەکەی جۆرێکە لە براند (brand) بۆ کۆمەڵێک نووسەر (بە نانووسەریشەوە) تا ئەوەی ئێمە پڕۆژەیەکی هزری بێت. بۆیە لێرەدا گرنگە کە ئاڕاستەی ڕەخنەکاری دروست بێت و پڕۆژە و براند لە یەکتر جیا بکاتەوە.
سۆران ئازاد
سەرکەوتنی دامەزراندنی براندی ڕەهەند، واتە براندی ستافەکەی، لەوانە مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح و ڕێبین هەردی، دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی هەژارێتیی نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی، یان دروستتر نێوەندی جەماوەر، لە سەردەمی خۆی و ئێستا. لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی (گۆڕان)، نووسەرانی (ڕەهەند) جارێکی تر دەستیان کردەوە بە دەرکردنی گۆڤاری (ڕەهەند)، بەڵام چونکە سەردەمەکەیان گۆڕابوو، ئەو دەستپێکردنەوەیە هیچ دەنگدانەوە و کاریگەریی جەماوەری جێ نەهێشت. من باسی ‘دەنگدانەوە’ دەکەم، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی تاوەکوو ئێستا ئێمە باسی (ڕەهەند) دەکەین، پێوەندیی بەو ‘دەنگدانەوە’یە هەبووە و هەیە، نەک ئەوەی پڕۆژەکە کاریگەرێتی لەسەر دروستکردنی ئاڕاستەی نوێ ڕەخنە هەبووبێت. هێزی نووسەرەکانی ڕەهەند لەوەدا نییە، کە خاوەن ئاڕاستەی ڕەخنە و چەمکی خۆیان بن، بەڵکوو لەوەی بەردەوامی بە پڕکردنەوەی خواستی ڕووکەشی دەدەن. (فریدریک نیتشە) لە پەرتووکی (مرۆڤ، هەرە مرۆڤترین) بەقووڵی ئەو خاڵە ڕوون دەکاتەوە، کە بۆچی سەردەمەکان پێویسیان بە نووسەری ڕووکەشە.” نووسەرە خراپەکان پێویستن: هەمیشە دەبێت نووسەرانی خراپ [خراپنووس] هەبن، چونکە ئەوان کاردانەوەی چێژی پێنەگەیشتوو و تەمەنە کامڵنەبووەکانن، کە هێندەی پێگەیشتووەکان خاوەن پێویستین. ئەگەر ژیانی مرۆڤ درێژتر بووایە، تاکەکەسە پێگەیشتووەکان زیاتر دەبوون لە پێنەگەیشتووەکان، یان لانی کەم هێندەی یەک دەبوون، بەڵام زۆرایەتی ئەوان زوو بە گەنجی دەمرن…”1مەبەستی (نیتشە) لێرەدا ئاماژەدانە بە ئاستی هۆشیاری ئەو جۆرە خوێنەرانە. دەورانی هۆشیاری وا دەخوازێت، کە ئێمە لە ڕووکەشەکانەوە دەست پێ بکەین. ئەوە دۆخێکی حەتمیی ئاگامەندییە. کاتێک ئێمە هۆشیارتر و قووڵتر دەبین، کەسانێک هەن وەک ئێمەی ڕابردوو ناهۆشیار و ڕووکەشن، بۆیە خاڵی دەستپێکی ئەوان ڕووکەشەکانن؛ ئەوە چەرخی خواستی زۆرە لەسەر نووسەرانی ڕووکەش. لە ئاستی پشکوتن و کرانەوەی ئاگامەندیی ئێمەیش بە ڕووی جیهاندا، دەروازەی یەکەم هەمیشە ڕووکەشە؛ ئەو دەروازەیەی، کە (ج. و. فریدریک هیگڵ) لە پەرتووکی (فینۆمینۆلۆجیی هۆش) بە ‘دڵنیایی هەستەکی’ ناوی دەبات. ئەو جۆرە دڵنیایییە ئەگەرچی ڕووکەش و گومڕاکەرە، بەڵام هەلومەرجێکی هۆشیارییە. ئێمە کاتێک دەگەینە ئاستە باڵاکانی ئاگامەندی، چیتر تێگەیشتنەکانمان لە ‘دڵنیاییی هەستەکی’یەوە نایەن، بەڵکوو لە خودی تێگەیشتن و پێوەندیی زانینەکانمان بە ڕاستییەوە دێن. ئەوانەی، کە هێزی ئەوەیان نییە ئەو ئاستەی تێگەیشتن تێبپەڕێنن، هەمیشە لەوێدا دەمێننەوە و پێویستیشیان بە کەرەستە و وزەکانی ئەو ئاستەیە. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی هەمیشە زۆرایەتییەک دەبێت، کە لەو ئاستانەدا چەق ببەستێت، هەمیشە کۆمەڵگە و کۆمەڵ پێویستیان بە پڕۆژەی هاوشێوەی ڕەهەند و نووسەرەکانیان هەیە. بۆ نموونە، ئێستا ئەو پێویستییە لە نووسەرانی ڕەهەندەوە بۆ نووسەرە گەنجە هەوادارەکانیان درێژ بووەتەوە، کە بە هەمان ئاڕاستەی بێبەرهەمی ڕەهەندییەکان ئیش دەکەن. ئەوەی باجی ڕووکەشی دەدات، سەرەتا خودی نووسەرەکان خۆیانن. بیرکردنەوەی داهێنەر و قووڵ بە سروشتی خۆی ئێمە لە ئاست ڕاستییەکان بەهێز دەکات. هەر نووسەرێکی داهێنەر بە قووڵی سەبارەت بە مەترسییەکانی خوێنەری ڕووکەش هۆشیارە، چونکە ئەو جۆرە خوێنەرە، چ بە ستایشەکانی بێت، چ بە هەوڵی سڕینەوەکانی، زیانێکی گەورە لە وزەکانی نووسەر و داهاتووی داهێنانەکانی دەدات. کاتێک نووسەرێک بە بۆچوونی ستایشخوازی خوێنەرە ڕووکەشەکانی هەڵدەخەڵەتێت، بەبێ ئەوەی ئاگامەند بێت، لە داوی ڕووکەشێتیی نووسین بۆ پڕکردنەوەی خواستی ئەو جۆرە خوێنەرانە گیر دەخوات. نووسەری داهێنەر بۆ خوێنەر نانووسێت، بۆ خۆی نانووسێت، بۆ هیچ ئەگێندا و ئامانجێک نانووسێت، بەڵکوو بە تەنیا بۆ نووسین دەنووسێت، واتە بۆ ئافراندنی زمانێک، کە بتوانێت هێز و شکۆداریی داهێنانەکانی بەرجەستە بکات، یان بۆ بەرجەستەکردنی ئەو هۆشیارییەی خاوەنیەتی. نووسین لای داهێنەران نابێت بە کەرەستەیەک بۆ گەیاندن، بۆ نموونە گەیاندنی پەیامێک، ئامانجێک یان ئەگێندایەک بە خوێنەر؛ خودی نووسین ئامانجە ڕەهاکەی نووسەرە بۆ نوێنەرایەتیکردنی جیهانبینیی ئەو. ئەوەی وەک کەناڵێکی گەیاندن مامەڵە لەگەڵ زمان دەکات، نەک هەر ئەوەی ئاگاداری کێشە قووڵەکانی بیرکردنەوە و زمان نییە، بەڵکوو لە ئاستی زمانی میللی چەقی بەستووە. ئەو مەودا گەورانەی بیرکردنەوە، کە لە ڕێگەی زمانەوە دادەهێنرێن و دەدۆزرێنەوە، گەورەترین بایەخ و بەرژەوەندیی نووسەری داهێنەرە. ئەوە نەریت و خەسڵەتێکی هاوبەشی بیریارانی گەورەی مێژووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، مەرج نییە مرۆڤانی هێزدار و قووڵبین هەمیشە پەنا بۆ نووسین ببەن، چونکە نووسین ڕێگەیەکە بۆ بەرجەستەکردنی هۆشیارییان، نەوەک تاکە ڕێگە بێت. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ژمارەی قووڵبین و فەیلەسووفەکان لەڕادەبەدەرن، کە پەنایان بۆ نووسین نەبردووە وەک چۆن ژمارەی ئەوانەی ئێمە نایاناسین بە هۆکاری ئەوەی لە بێدەنگییە قووڵییەکانی خۆیان نقووم بوون، نەزانراون. ئەوەی فەیلەسووفێکی وەکوو (نیتشە) دەکات بە فەیلەسووف بۆ ئێمە نووسینەکانیەتی، بەڵام ئەو فەیلەسووفە نووسیبای یان نا، خاوەن هەمان وزە و ئاستە باڵایەی هۆشیاری دەبوو. بۆیە ئەو بۆچوونە نادروست و ناپێویستە، کە نووسین و ناوداربوون وەک تاکە پێوەری هۆشیاری دەزانێت؛ بە پێچەوانەوە، زۆرجار نووسین و ناوداربوونی نووسەران ئاماژەیە بە هەڵدێربوونیان کاتێک خواستی زۆر لەسەر بیرکردنەوەی داڕووخاو و پووکاوەیان هەیە.
٢
بۆ نووسین لەبارەی هەر دۆسییەیەک، بە تایبەت دۆسیەی ڕۆشنبیریی کوردی، کۆمەڵێک خاڵی ئۆنتۆلۆجی هەن، کە پێویستە ئێمە ڕەچاویان بکەین. مەبەستم لە ئۆنتۆلۆجیا لەو کۆنتێکستەدا سروشتی بوونی ئەو دۆسیەیەیە، کە خراوەتە ژێر ڕۆشنایی لەگەڵ پێوەندییەکانی بە دۆسیەی هاوشێوە. بۆ نموونە، تێگەیشتن لە بونیاد و مێکانیزمەکانی دەوڵەتی عێراق، ئەگەرچی زۆر جیاوازە لە دەوڵەتێکی دیموکراتی وەکوو سوید، هێشتا ئۆنتۆلۆجییانە یارمەتیمان دەدات لە دەوڵەتی سوید و هەر دەوڵەتێکی تری جیهان تێبگەین، چونکە لێرەدا خاڵ و دیاردەی هاوبەش دەوڵەت و پێکهاتەکانی ترن. ئێمە کاتێک لە دۆسیەی قوتابخانەی فرانکفۆرت تێبگەین، ئەو تێگەیشتنە یارمەتیمان دەدات لە پڕۆژەیەکی وەکوو ڕەهەند تێبگەین. بۆ ئەوەی بزانین پڕۆژەیەک هزری ڕەخنەیی هەڵگرتووە، دەبێت لە ڕێی ئەو چەمکانەوە بیخوێنینەوە، کە هێناونی و بە هۆیانەوە ڕووبەڕووی تێگەیشتنی میللیی کۆمەڵگە بووەتەوە. ئێمە ئەگەر ئەمڕۆ بمانەوێت بە مێژووی قوتابخانەی فرانکفۆرتدا بچینەوە، لەسەر ئەو چەمک و بەهایانەدا دەوەستین، کە هەر یەکێک لەو فەیلەسووفانە کاری پێ کردوون. قوتابخانەی فرانکفۆرت هێزی ئەوەی هەیە جارێکی دیکە لە دیدگەی ڕەخنەوە بە بەرهەمی بەشێکی زۆری ئەو فەیلەسووف، کۆمەڵناس، دەروونزان و زمانناسانەی پێش خۆی و هاوچەرخیدا بچێتەوە. ئەو بەگژداچوونەوەیە هێزی ئەو قوتابخانەیە لە تێکشکاندنی ڕاستەقینە یان واقیع و تێگەیشتنی باوی ئەڵمانیا. بەڵام ئەم قوتابخانەیە لە کوێوە دێت؟ هێزی ئەو قوتابخانەیە دامەزراندنی دایەلۆگە لەگەڵ فەیلەسووفەکانی پێش خۆی، لەوانە (ئیمانوێڵ کانت)، (ج.و. فردریک هیگڵ)، (کارل مارکس)، (فریدریک نیتشە)، (ماکس ڤیبەر) و بیریارانی هاوشێوە. سەرەڕای ئاڕاستەی هاوبەش، فەیلەسووفانی ئەو قوتابخانەیە هەم لە ڕووی کایەی ئیشکردنیان هەم لە دیدگا و ئەو چەمکانەی دایانهێناون، جیاوازن، چونکە جیاوازی بنەڕەتە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەک خاوەنهێز بێت بەرانبەر بە ڕاستەقینە یان واقیع. ئێمە لە (کانت)ەوە بۆ (ماکس ڤیبەر) و (ڕۆی ڕام باسکار) فێر دەبین، کە تێگەیشتنی هۆش، یان ئەقڵ بەرانبەر بە ڕاستەقینە سنووردارە؛ هیچ کەسێک ناتوانێت گوتاری ڕەهای خۆی بەرانبەر بە ڕاستەقینە بەرز بکاتەوە. ئاڕاستە جیاوازەکان هەوڵێکن بۆ کەمکردنەوەی ئەو ناتوانستییەی هۆش لە تێگەیشتن لە سەرجەمێتیی بوون.
کێشەی گەورەی ئەو نووسەرانە ئەوەیە، کە خاوەن نەیار و بەرانبەری لاوازن، لەوانە کادیری سیاسی. بە نکۆڵیکردن لە بوونی ئەوان و دەستەڵاتداربوونیان، ئەو نووسەرانە ویستوویانە ئەو پێگە جەماوەرییەی بە کادیری سیاسی بەخشراوە، بە خوێندەواری وەکوو خۆیان ببەخشرێت.
قوتابخانەی فرانکفۆرت هەمیشە ئامادەییی هەیە بە هێزی ڕەخنە و ئەو چەمکانەی دایهێناون. ئەو کاریگەرییە سنوورە داخراوەکانی دەوڵەت دەبڕێت تا دەگات بە ئێمە، تا دەگات بە کۆمەڵگەکانی تر. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە، کە ئایا ڕەهەند، جگە لە کوردستان، دەیتوانی لە هەر کۆمەڵگەیەکی تر، لەوانە ئەڵمانیا، وڵاتە سکەندەناڤییەکان و بگرە وڵاتێکی وەکوو تورکیا، خاوەنی پێگە بێت؟ وەڵامەکە نەخێرە، نەک لەبەر ئەوەی ڕەهەند تایبەتە بە کۆمەڵگەی کوردی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ڕەهەند لە بنەڕەتدا هیچ ئاڕاستە و چەمکێکی دروست نەکردووە، کە بۆ نموونە، توێژەرێکی ئەڵمانی، یان تەنانەت توێژەرێکی لوبنانی بتوانێت بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگەکەی خۆی بە کاری بهێنێت. نەک هەر ئەو توێژەرانە، بەڵکوو ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە بمانەوێت لە کۆمەڵگەی کوردی تێبگەین، ئەگەر خاڵی دەستپێکردن و خاڵی سەرچاوەکانیشمان ڕەهەند و نووسەرەکانیان بن، ئێمە جگە لە بەرهەمهێنانەوەی تێگەیشتنە میللییەکان، ناتوانین هیچ دەستکەوتێک بەدەستەوە بدەین. فەیلەسووفێکی وەکوو یورگن هابرماس چ لە بارەی کۆمەڵگەی ئەڵمانییەوە بنووسێت، چ لە بارەی کۆمەڵگەی کوردی، خاوەنی هەمان زمان، مێتۆد و نووسینی ڕەخنەیی دەبێت. هەلومەرجەکان بڕیار لەسەر زمانی بیریاران نادەن، چونکە هەلومەرجەکان گۆڕانی دەرەکین. ئەوەی هێزی بیریارێک بەرانبەر بە جیهان شکۆدار دەکات، ئەو گۆڕانە گەورانەن، کە لە بیرکردنەوەکانی خۆییەوە دێن، نەک لە گۆڕانی هەلومەرجەکان. ئاوازی زمان و نووسینی ڕەهەندییەکان پێوەندیی بە هەلومەرجەکانەوە هەیە، بە تایبەت هەلومەرجی سیاسی. کێشەی گەورەی ئەو نووسەرانە ئەوەیە، کە خاوەن نەیار و بەرانبەری لاوازن، لەوانە کادیری سیاسی. بە نکۆڵیکردن لە بوونی ئەوان و دەستەڵاتداربوونیان، ئەو نووسەرانە ویستوویانە ئەو پێگە جەماوەرییەی بە کادیری سیاسی بەخشراوە، بە خوێندەواری وەکوو خۆیان ببەخشرێت. ئەوە جۆرێکە لە ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سەرووی هەموو شتەکانیشەوە، ململانێن بۆ سەرچاوە و پێگە.
٣
ئێمە پێویستە ئەوە ڕەچاو بکەین، کە نووسەرانی ڕەهەند لە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامییەوە سەر هەڵدەدەن و بەردەوامی بە نەریتی بیرکردنەوەی ئیسلامی دەدەن. ڕێکەوت نییە، کە نووسەرانی ڕەهەند هێندەی بانگخوازە ئیسلامییەکان خاوەنی پێگەی کۆمەڵایەتین. ئەو ناوبانگە لە دوای حەڤدەی شوباتەوە زیاتر کەڵەکە دەبێت، کە تێیدا بۆچوونی نووسەرانی ڕەهەند ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرچاوەکەی خۆی تێکەڵ دەبێتەوە. هەمان ئەوانەی شوێنکەوتووی بانگخوازەکان بوون، بە بۆچوونی ڕەهەندییەکانیش سەرگەرم دەبوون. لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش، بە ئاسانی بۆچوونێکی ڕەهەندییەکان لە تەنیشت فتوایەکی ئایینییەوە پەخش و بڵاو دەکرایەوە. من بە ڕێکەوتیش نەمدیوە و نەمبیستووە، کە ئیسلامیستێکی سیاسی بۆچوونێکی خۆی بە ئارگومێنتێکی مارکس یان نیتشە بەهێز بکات، بەڵام هەمان ئەو ئیسلامیستە سیاسییانەم بینیون، کە بۆچوون و باوەڕە بنچینەخوازییەکانیان بە نووسەرانی دامەزرێنەری ڕەهەند بەهێز کردوون. ئەوە ڕێکەوت و لەخۆوە نییە، بەڵکوو پێوەندیی بە هەمە یان هەمانچەشنێتیی پڕۆژەی ڕەهەندییەکان و ئیسلامیستییە سیاسییەوەکانەوە هەیە. ئەو هەمانچەشنێتییە دۆخێکی سروشتیی ئەو پڕۆژەیەیە بووە، چونکە ئەو پڕۆژەیە لە نەریتی ئەو بیرکردنەوانەوە هەڵقوڵاوە، نەک لە تێپەڕاندنی. ئەو جۆرە نەریتیە بە ئاسانی لە بیرکردنەوەی نووسەرانی ڕەهەند تێبینی دەکرێت. باسەکە ئەوە نییە، کە ئایا ئەو نووسەرانە موسڵمانن، یان نا، باوەڕیان بە بوونی خوایە، یان نا، چونکە ئەوەی باسی دەکەم سروشتی گوتاری ئەو ڕۆشنبیرانەیە، کە نەک نەیانتوانیووە ئەو گوتارە ئیسلامییە تێبپەڕێنن، بەڵکوو بەردەوامیان پێ داوە. هەتا ئێستا لای (بەختیار عەلی) نووسەرە گەورەکەی ڕەهەند، نەک هەر لە گوتارەکانی، بەڵکوو لە شیعر و ڕۆمانەکانیشی، جیهان یان ڕەشە یان سپی، یان شەیتانە یان فریشتە، یان شاعیرە یان سیاسی، یان دۆزەخییە یان بەهەشتی، یان ڕۆشنبیرە یان گەمژە، یان یارە یان دوژمن و چەندان دووانەی تر، کە لە بنەڕەتدا واتە یان باشە یان خراپ. تەواوی جیهانبینیی (ب. عەلی) لە گۆشەنیگای ئەو جۆرە لۆجیکە دوانییە (binary logic) کورت دەبێتەوە لەژێر دەمامکی ‘جاویدانی’ و جوانناسی شاردراونەتەوە. ئەو جۆرە جیهانبینییە، کە ڕەگە هەزارانساڵییەکەی بۆ ئایینی (زەردەشتی) دەگەڕێتەوە و بۆ زۆربەی ئایینەکانی تر درێژ بووەتەوە، بە تایبەت بۆ (مەسیحی) و (ئیسلام)، تا ئێستا پێوەرە سەرەکییەکەی ئەو نووسەرە گەورەیەی ڕەهەندە. کاتێک (نیکۆلا مایکاڤیللی) کتێبی (شازادە) دەنووسێت، ڕووبەڕووی هەڕەشەی مەسیحییەکان دەبێتەوە، چونکە زمانی ئەو هەڵگەڕانەوەیە لە تەواوی زمان واتە بیرکردنەوەی باڵادەستیی مەسیحی، کە لەبەر وەهم و چاکەخوازی، چاوی بینینی ڕاستەقینەی لەدەست داوە، بەڵام خودی (نیکۆلا مایکاڤیللی) کەسێکی مەسیحی و خواپەرست بوو. نموونەیەکی تر (سۆرێن کیەکەگۆرد)ە. ئەو ئەگەرچی مەسیحی دەکات بە خاڵی دەستپێک لە ڕاڤە فەلسەفییەکانی، بەو زمانە فەلسەفییەی دایدەهێنێت، ڕووبەڕووی دەستەڵاتی کڵێساکان دەبێتەوە. ئێمە هەرگیز ناتوانین بڵێین زمانی (کیەکەگۆرد) زمانی مەسیحییەکانە، چونکە ئەوەی (کیەکەگۆرد) دەکات بە فەیلەسووف، تێکشکاندنی ئەو زمانەیە و بەدەستهێنانی سەروەرێتیی فەیلەسووفبوونی خۆیەتی لە ڕێگەی زمانەوە.
٤
هەر پڕۆژەیەک بۆ ئەوەی ئاڕاستەی ڕەخنە و بیرکردنەوە بێنێتە دی، پێویست دەکات لانی کەم خاوەنی تێگەیشتن بێت بۆ چەمکەکان، بەڵام لە بنەڕەتدا قەیرانی زۆربەی نووسەرانی ڕەهەند، قەیرانی تێنەگەیشتنە لە چەمک. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە، کە نووسەرانی ڕەهەند، وەک پێشتر ئاماژەم پێی دا، بۆ خوێنەر و جەماوەرێکی تایبەت دەنووسن؛ ئەوانەی، کە لەژێر باری هەلومەرجی ئاستە ڕووکەشەکانی هۆشیاریدا دەژین. بۆ ئەو جۆرە خوێنەرانە، زانینێکی ڕووکەش و چەوت هێشتا باشترە لە هیچ. خودی ئەو زانینە دەبێت بە باوەڕ و چەقبەستنی بەهاکان. ئەوە لۆگیکێکە (نیتشە) لە تەواوی کتێبی (جینالۆجیای ئاکار) بە کاری هێناوە، وەک بۆچوونی وایە، کە بناغەی بەهای ئاکار لەسەر هەڵە دامەزراوە، بەڵام تێگەیشتن لەو ڕاستییە، مەرج نییە خودی ئەو بەهایە لەناو ببات. جیهانبینیی نووسەرانی ڕەهەند لە بناغەدا لەسەر هەڵە و بەها کۆمەڵایەتییە هەڵەکان دامەزراوە، بەڵام ئەوە وا ناکات خاوەنی پێگە نەبن، چونکە خودی ئەو بەها کۆمەڵایەتییانە پێویستیان بەو جۆرە دەنگانەیە بۆ سەقامگیرکردنی مانەوەی خۆیان. زانین کایەیەکی کۆمەڵایەتییە، لەسەرووی هەموو شتێکەوە، کایەی زمانە. نووسین ڕووبەڕووبوونەوەی زمانە، چونکە ئێمە زمان داناهێنین، بەڵکوو، وەک (فێردیناند دو سۆسێر) ئاماژەی پێ دەدات، زمان، وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی، بە سەرماندا دەسەپێنرێت.2ئەو سەپاندنە زۆردارانەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە دەرەوەی ئێمەدا بوونی نییە، چونکە هێزی داهێنەر لە تێپەڕاندنیدایە، نەک لە شێواندنی. (نیتشە) لە پەرتووکی (سەبارەت بە جینالۆجیی ئاکار)دا هەڕەشەکانی خۆی ئاڕاستەی ئەو دیاردەیە دەکات، ئەویش دیاردەی شێواندنی زمانە. زمان لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای پەیمانی کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت. شێوێنەرانی زمان شێوێنەرانی ڕاستین. تەواوی فەلسەفە وەک کایەیەکی مرۆڤایەتی لەسەر زمان بونیادنراوە. بیرکردنەوەکانی ئێمە لەناو زماندان، بەو پێیەی زمان بیر دەکاتەوە. ئەو خەسڵەتەی زمان لەوە هاتووە، کە زمان لە ئاکامی بیرکردنەوە دادەمەزرێت و دەبێت بە دەستگەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای پەیمانی کۆمەڵایەتی. بۆیە زمان وابەستەیە بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. هەر کایەیەکی زانین کایەی زمانە؛ زانینە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن لە دەرەوەی زماندا هەبن، بەڵام لای ڕەهەندییەکان، زمان کەرەستەیەکە، کەرەستەیەکی هەژار بۆ گەیاندن، کە ناتوانێت گوزارشت لە دەربڕینە گەورەکانیان بکات. کاتێک نووسەرێکی وەکوو (بەختیار عەلی) ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕێنووس و خاڵبەندی دەکرێتەوە، بۆ ئەو ئاسانترە تەواوی کایەی زمان ڕەت بکاتەوە و لە جیاتیی ئەوە بڵێت، کە تەنیا “تەعبیر” گرنگە. یەکەم، ڕێنووس و خاڵبەندی بەشێکن لە زمان نەک تەواوی زمان؛ دووەم، ئێمە لە ڕێگەی زمانەوە “تەعبیر” لە خۆمان دەکەین. تەواوی نووسین و قسەکردنەکانی ئەو نووسەرە لەناو زماندایە. پرسیارەکە ئەوە نییە، کە چ لایەنێکی زمان گرنگە، چونکە زمان واتە یەکگرتووییی هەموو لایەنەکانی.
ئەم کێشەیە بە تەنیا تایبەت نییە بە (بەختیار عەلی)، بەڵکوو خەسڵەتێکی هاوبەشی ئەو نووسەرانەیە. لە دەرەوەی تێگەیشتن لە زمان و ئەو چەمکانەی زمان خاوەنیانە، ڕەخنە دروست نابێت و نووسین ناتوانێت ئاستی باوی واقیع تێبپەڕێنێت. بۆ ئەوەی نووسەرێک داهێنەر بێت، ئەو نووسەرە پێویستی بە تێکشکاندن یان تێپەڕاندنی زمانی باوە، چونکە تەنیا لەو ڕێگەیەوەیە، کە نووسەران، لەوانە بیریاران، فەیلەسووفان و ڕەخنەکاران، دەتوانن واقیعی باو و باڵادەست تێبپەڕێنن. نووسەرانی ڕەهەند، لە دەرکردنی گۆڤاری ڕەهەندەوە تاوەکوو ئێستا ئاوێنەی تێگەیشتنە باوەکانن. نووسەرانێک، کە خاوەنی زمانی باو بن، ناتوانن سەروەرێتیی نووسەربوون بەدەست بهێنن، چونکە ئەو نووسەرانە لە بنەڕەتدا شووێنکەوتووی تێگەیشتنە باوەکانن و بەو جۆرە شوێنکەوتووییەش بۆچوونەکانیان دادەمەزرێنن. ڕێگەم بدە نموونەیەک بهێنمەوە. کاتێک (نەوشیروان مستەفا) کۆچی دوایی دەکات، (مەریوان وریا قانع) و (ئاراس فەتاح) گەورەترین هەڵوێستیان بەرگریکردنە لە پاکێتیی (نەوشیروان مستەفا) لە گەندەڵی و گەندەڵکاران لە کاتێک گەندەڵییەکانی (ن. مستەفا) ئەگەر بە ڕێژەیی کەمتر بن، بەڵام لە چلۆنایەتییەوە هیچیان کەمتر نین لە هاوتاکانی خۆی. بەڵام هەر خۆیان دوای ماوەیەک لەسەر مردنی، دەستیان بە ڕەخنەگرتن لەو کەسایەتییە سیاسییە کرد، ئەویش دوای دامرکانەوەی سۆز و بەزەییی جەماوەر دوای مردنی (ن. مستەفا). تەنیا شوێنکەوتوو پاکانە بۆ سەردارەکانی خۆی دەکات. نووسەری دا‌هێنەر بیرکردنەوەکانی خۆی بەدەوری هیچ کەسایەتییەک و پڕۆژەیەک چەقگیر ناکات، بەڵکوو نووسین دەبێت بە ئامانج و پڕۆژەیەک بۆ گوزارشتکردن لە سەروەرێتیی هۆشیاریی نووسەر بەسەر خۆی و بەسەر جیهانی دەرەکیدا. ئەو سەروەریبوونە داخراوبوون نییە، بەڵکوو کراوەبوونە بۆ دایەلۆگ لەگەڵ جیهاندا، چونکە جیهان لە بوونی ئێمە دانەبڕاوە. ئەو جۆرە ئاڕاستەی ئیشکردنە مێکانیزمێکی جێگیری ناو کۆمەڵگەیە، بە تایبەت مێکانیزمی کاریزماخوازی. نووسەرێک پێویستە سەرەتا لەناو خۆیدا دروست بێت و لە دەرەوەی ئەوانی تر، کە سەر بە بیرکردنەوەی مێگەلین، بیر بکاتەوە، واتە زمانی خۆی دابهێنیت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەستەڵاتەکانی کۆمەڵگە و پێوەندییە ئاڵۆزییەکانیان ببێتەوە. بەڵام ئەو نووسەرانە هەمیشە خاوەنی بەرەی دیاریکراون. لۆگیکی هەرە باڵای ئەوان، کۆمەڵێک دۆست و کۆمەڵێک دوژمنن. دووبارە ئەوەی زاڵە لۆجیکی دوانەیییە. ئەوە نەریتێکە لە کاتی دەرکردنی گۆڤاری ڕەهەندەوە هەتاوەکوو ئێستایش پێڕۆ دەکرێت.
ئەو جۆرە زمان و هەڵوێستانە (مەریوان و. قانع) دەکەن بە نووسەر، بەڵام نووسەرێکی میللی، کە لە دەرەوەی ئەو واقیعە باوەی کۆمەڵگە بەسەر تاکەکەسەکانی خۆی دەسەپێنێت، ناتوانێت بیر بکاتەوە و بنووسێت. (مەریوان و. قانع) پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە، کە (میشڵ فۆکۆ)ناسە و مێتۆدەکانی ئەو بە کار دەهێنێت، بەڵام کامانەن ئەو تێگەیشتنانەی ئەو نووسەرە سەبارەت بە (فۆکۆ) دایمەزراندوون؟ تێگەیشتنێک، کە ئێمە لەنێو هەموو تێگەیشتنەکان بۆ (فۆکۆ) بتوانین جیای بکەینەوە؟ من باسی ئەو تێگەیشتنانە ناکەم، کە دیدی (فوکۆ) بۆ هێز و دەستەڵات چین، بەڵکوو باسی ئەو دەکەم ئەو نووسەرە توانیوویەتی، جگە لە ڕۆڵی گواستنەوەی بۆچوونەکان، چ دایەلۆگێک لەگەڵ ئەو شیکاری و بۆچوونانە دابمەزرێنێت؟ ئەوە لە ئاکامی ئەوەیە، کە ئەو نووسەرە نەک هەر ئەوەی لە ئاستی ڕووکەش (فوکۆ) و هەر بیرمەندێکی تری خوێندووەتەوە، بەڵکوو لەو ئاستە ڕووکەشەدا کورتی کردوونەتەوە. پێشنیاز دەکەم لە گۆڤاری ڕەهەند، ژمارە (١٦-١٧)، بابەتەکەی (م. و. قانع) بخوێننەوە، کە لەژێر ناونیشانی (نەتەوە و ناسیۆنالیزم)دا بڵاوی کردووتەوە. هەموو ئەو شتانەی لەوێدا باسی کردوون، فێرخوازێکی تازەی بەکالۆریۆس لە بواری زانستە سیاسییەکاندا لەسەریەتی بیانزانێت و لەو ئاستە بەرزتر بنووسێت، بە تایبەت لە ئەوروپا. نەک هەر ئەوە، ئەو نووسەرە لەوێدا بەشێک لە شیکارییەکانی لەسەر بۆچوونەکانی (ماکس ڤیبەر) دامەزراندووە بەبێ ئەوەی بۆ یەکجاریش هیچ یەکێک لە کتێبەکانی (ماکس ڤیبەر)ی وەکوو سەرچاوە بە کار هێنابێت. واتە نووسەرێک تێگەیشتنی لە بیریارەکانەوە لە سەرچاوەی دووەم و سێیەمەوە هاتبێت، چۆن دەتوانێت دایەلۆگ لەگەڵ تیۆرەکانی ئەو بیریارانە دروست بکات؟ ئێستا ڕەوتێک لەو گەنجانە دروست بوون، کە بە هەمان مێتۆد کار دەکەن. باسی (هیگڵ)مان بۆ دەکەن، بەبێ ئەوەی توانیبێتان ڕاستەوخۆ تێگەیشتنەکانیان لە (هیگڵ)ەوە وەر بگرن، بەڵکوو لە سەرچاوەی سێیەم و چوارەم و بگرە دەیەم وەریان گرتووە. هەر بەڕاستی ئەوانە دەتوانن (هیگڵ) بخوێننەوە و لە کۆنتێکستی هزری و مێژووییی خۆیدا بیدۆزنەوە؟ من هیچ هەڵەیەک لەو جۆرە نووسین و خوێندنەوە ڕۆژنامەوانییانە نابینم، بەڵام ئەو جۆرە نووسینانە هیی بیریار و نووسەری داهێنەر نین، بەڵکوو هیی نووسەرانێکن کە ڕۆڵی گواستنەوەی بیر و بۆچوونی فەیلەسووفان لە دەستی سێ و چوارەوە دەبینن. (مەریوان و. قانع) لەو جۆرە نووسەرانەیە، بەڵام هێشتا زمانی ئەو نووسەرە لە هاوڕێکانی، لەوانە (بەختیار عەلی) و (ڕێبین هەردی) بەهێزترە و نووسینەکانی خاوەنی بنەمایەکی زانستی و ئەکادیمین. واتە ئەو نووسەرە خاوەنی تێگەیشتنێکە بۆ ئەو چەمکانەی بە کاریان دەهێنێت، بەڵام تێگەیشتنەکانی ئەو وایان نەکردووە ئەو نووسەرە خاوەنی هێزی بیرکردنەوەی خۆی بێت، بەڵکوو وای کردووە ببێتە توێژەرێک، بۆ نموونە توێژەرێکی ئەکادیمی. ئەوە لە خۆیدا دەستکەوتێکی کەم نییە، بەڵکوو گرنگ و جێی بایەخە، پێچەوانەی دیدی (بەختیار عەلی) بۆ مامۆستایانی زانکۆ، کە هەوڵی بێبایەخکردنی دەستکەوتی ئەکادیمی دەدات. بەڵام بوون بە مامۆستای زانکۆ واتای بوون بە داهێنەر و بیریار نییە، بەڵکوو ئەوە تێگەیشتنێکی میللی و باوە، نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە ئەوروپایش. (پیتەر سلۆتەردایک) بە تەنزەوە باسی ئەو دیاردەیە دەکات، بە تایبەت لە خستنەڕووی دیدی (میشڵ فۆکۆ) بۆ ئەکادیمیا، کە تێیدا کورسی یان پێگەی وانەگوتنەوە لە خودی وانەبێژ گرنگترە و خودی بەشی ئەکادیمیاش لە هەردووکیان.3ئەوەی کەسێک دەکات بە داهێنەر، خودی دروستبوونی خۆیەتی وەک ‘خۆ’یەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی بیرکردنەوەی میللی. ئێمە بە ئاسانی دەتوانین دۆست و دوژمنەکانی ئەو نووسەرە بدۆزینەوە، واتە دۆست و دوژمنی بەرجەست و دیارن و لە سەرووی هەمووشەوە، ئەو دۆست و دوژمنانە کەسن، نەک تێگەیشتن لە دیاردە، نەک لە کێشە و نەک لە بونیادە قووڵ و ڕیشییەکانی کۆمەڵگە. هەر بۆیە ئەگەر ئەو نووسەرە خاوەنی تێگەیشتنی قووڵ بووایە، لە (فۆکۆ)، لانی کەم دەیزانی کە هەر جۆرە ئازادییەک لە پێوەندییەک یان چەند پێوەندییەکی ناو کۆمەڵگە، بۆ نموونە ئازادبوون لە دەستەڵاتێک بۆ دەستەڵاتێکی تر، دەشێت هەلومەرج بۆ سەربەستیی تاکەکەس خۆش بکات، بەڵام لە خۆیدا ناتوانێت ئەو سەربەستییە فەراهەم بکات. 4بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە دەستەڵات تێ بگات، لەسەریەتی لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێ بگات. ئەو دەستەڵاتەی ئەو نووسەرە دژیەتی و دژی بووە، هەمان دەستەڵاتە، کە (نەوشیروان مستەفا) و ڕەوتەکەی نوێنەرایەتیی کردووە، چونکە لە بنەڕەتدا دەستەڵات ئاکامی باڵادەستبوونی (مەسعود بارزانی) نییە بەسەر (نەوشیروان مستەفا)ەوە یان بە پێچەوانەوە، بەڵکوو ئاکامی پێوەندییە ئاڵۆزەکانی ناو کۆمەڵگەیە، کە (فۆکۆ) ناویان دەنێت “پێوەندییە ستراتیژییەکانی هێز”. ئەگەر (مەریوان وریا قانع) لەو جۆرە دیدگایە تێگەیشتبا، هیچ کاتێک بەرجەستەبوونی گۆڕانێکی ڕیشەییی کۆمەڵگەی لە سیاسییەک و هیچ سیاسییەکی تر نەدەبینیەوە، بەڵکوو لە گۆڕانی ڕیشەییی پێوەندییەکانی هێز لەناو کۆمەڵگەدا. هەر بۆیە (نەوشیروان مستەفا) جگە لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان مێکانیزمی هێز، نەیتوانی هیچ شتێکی تر بکات. لە سەرووی هەموو شتەکانیشەوە، سەبارەت بەوە هۆشیار دەبوو، کە شەڕی ڕۆشنبیر دامەزراندنی گوتاری سەربەستییانەی خۆیەتی، نەک پاشکۆبوونی هیچ سیاسی و گرووپێکی کۆمەڵگە. ئەوە هەڵەیەک نییە، کە (مەریوان وریاقانع) تێی کەوتبێت، بەڵکوو ئەوە بەرجەستەبوونی هەمان ئەو تێگەیشتنەیە، کە ئەو بۆ جیهان هەیەتی. نووسەران هەڵە ناکەن، بەڵکوو نوێنەرایەتیی بیرکردنەوەکانی خۆیانن. بابەتەکە لێرەدا گۆڕینی هەڵوێست نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا نەبوونی هەڵوێستێکی ئازادە. بۆیە من ناتوانم ئەو ئاکامە بەدەستەوە بدەم و بڵێم (مەریوان وریا قانع) کێشەی تێگەیشتنی لە چەمک هەیە و جیهانی وەهمی لە هۆشی خۆیدا وێنا دەکات. من ناتوانم بڵێم ئەو نووسەرە نازانێت واتای دەستەڵات، دەوڵەت، نەتەوە، نیشتیمان، بازاڕ و چەندان چەمکی تر چین، چونکە ئەو خاوەنی تێگەیشتنێکی ئەکادیمییە بۆ ئەو چەمکانە، کە وای کردووە نەکەوێتە ئەو هەڵە زەقانەی نووسەرانی تری ڕەهەند تێی کەوتوون. بەڵام ئێمە کاتێک باسی دروستبوونی بیریارێک دەکەین، ئەو جۆرە تێگەیشتنانە لە کایەی سیاسی، کۆمەڵناسی و کایەکانی تر پێشمەرجی بنەڕەتین. ئەوەی لە نووسینەکانی ئەو نووسەرە نائامادەیە، تێنەپەڕاندنی زمانی میللییە، دانەمەزراندنی زمانێکی سەربەخۆیە و قووڵنەبوونەوەیە لەو دیاردە و کێشانەی، کە پێشتر باسم کردن. ئەو زمانەی (م. و. قانع) مرۆڤێک دەکات بە مامۆستایەکی باشی زانکۆ، بەڵام نەک بە بیریارێک. داهێنەرەکان باکگراوند و بواری ئەکادیمی وەکوو مێکانیزمێک بۆ دەوڵەمەندبوون لە بواری ڕەخنە بە کار دەهێنن، نەک ئەوەی زانکۆ بەدوا خاڵی پەرەسەندنی هزری و ڕەخنەیی ببینن.
هەر بۆیە هەڵوێستی هاوشێوە و هەمەچەشن لە گۆڤاری ڕەهەند و پڕۆژەکانی دواتری ئەو نووسەرانە بە ئاسانی دەدۆزرێنەوە. لە چەند ژمارەیەکی گۆڤاری ڕەهەنددا، هەندێک (هەڵویستە) وەک پێشەکی لەو گۆڤارەدا بڵاو دەکرانەوە، کە ئەوانە بەیاننامەی سیاسیین لە هەمبەر پێشهات و ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیان تا ئەوەی نووسینی هزری بن. ئەو جۆرە نووسینانە تەنیا ئاکامی کۆمەڵێک ئەگێندای گرووپین تا پڕۆژەی هزری، چونکە خاوەنی هەمان زمانی باوی کۆمەڵگەن. کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە، کە ڕەهەندییەکان تەنیا مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کێشە و قەیرانانە کردووە، کە سەریان هەڵداوە و دیاریکراو بوون. ئەو نووسەرانە چاوی شتە نەبینراوەکانیان نییە، چونکە بۆ ئەوەی کەسێک خاوەنی ئەو چاوە بێت، پێویستی بەوەیە خاوەنی زمانی خۆی بێت. کاتێک (بەختیار عەلی) و (مەریوان وریا قانع) دەکەونە مشتومڕەوە، هیچ ئاڕاستەیەکی ڕەخنەیی و هزری نوێ دروست نابێت، چونکە سروشتی زمان و مشتومڕەکانیان کۆمەڵایەتییانەیە وەک هەر جۆرە مشتومڕێکی تری کۆمەڵایەتی، کە کەسەکان لە ئاکامی گۆڕینی کیمیای هەستەکانیان لەگەڵ یەکتر ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. مشتومڕەکەی (فاروق ڕەفیق) و (بەختیار عەلی)یش بە دانیشتنێکی کۆمەڵایەتییانە و هاوڕێیانە دامرکێنرایەوە. وەک چۆن لە هەر پێوەندییەکی مرۆڤانە کیمیای هەستەکان کەسەکان لە یەکتر نزیک و دوور دەخاتەوە، هەمان ئەو کیمیای هەستە ئەو نووسەرانەی لە یەکتر نزیک کردووەتەوە و لە ئاکامیشیدا لە یەکتری دوور خستوونەتەوە. بۆیە ئەگەر یەکێک لە نووسەرەکانی ڕەهەند پێمان بڵێت، کە ئەوان هیچ کات وەک گرووپ ئیشیان نەکردووە و شتێک نییە بە ناوی ڕەهەندییەکان، لەسەرمانە بزانین ئەو نووسەر/نووسەرانە ڕاستییەکەی هەر لە سەرەتاوە باوەڕیان وابووە، یان ئەوەتا ئێستا کیمیای هەستەکانیان لەگەڵ یەکتر گۆڕاوە. ئێمە دەستەبژێری ڕەهەندییەکانمان هەر بەیەکەوە ناسیون و پڕۆژەی خۆیان بە کۆمەڵ دامەزراندووە تا ئەوەی ڕەهەند لە بنەڕەتدا جگە لە گۆڤارێک هیچی تر نەبووبێت. بەڵام لە دەرەوەی ئەوەیشدا، ئێمە چ ئەوەی هەر یەکێک لە نووسەرانە وەک گرووپ ببینین، یان تاکەکەس، هیچ لە باسەکە ناگۆڕێت، چونکە ڕەهەند و ڕەهەندییەکان لە بنەڕەتدا خاوەنی پڕۆژەیەکی هزری نین، بەڵکوو پاشکۆی بیرکردنەوە باڵادەستەکانی کۆمەڵگەن. ڕێککەوت نەبوو، کە تەواوی هەڵچوونە کەڵەکەبووەکانی پڕۆژەی ڕەهەند بە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دامرکایەوە و نووسەرەکانی بوون بە پاشکۆی پشتگریکاری ئەو پڕۆژەیە و گوتارە زاڵەکانی، چونکە لە بنەڕەتدا ڕەهەندییەکان خاوەنی گوتارێکی ئازاد نەبوون و نین. باسەکە بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵکوو مادام ئەو نووسەرانە خاوەنی ئاڕاستەی خۆیان نین، هەمیشە ئەگەری پاشکۆبوونیان بەهێزە. ئێمە لە هیچ نووسینێکی (بەختیار عەلی)، کە لە ڕۆژنامەی (باس) بڵاو کراونەتەوە، ئەو توڕەییەی بەرانبەر بە دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیەتی، تێبینی ناکەین، چونکە ئەو زمانێکی کۆمەڵایەتیی تری لەو پێوەندییەدا هەڵبژارد، کە لەگەڵ مەرجەکانی نووسین بۆ ئەو ڕۆژنامەیە گونجاو بوو. هەربۆیە، تێگەیشتنی ئەو نووسەرانەیش بۆ چەمکگەلێکی فەلسەفی، لەو تێگەیشتنە سیاسییە زاڵەکانی کۆمەڵگەوە هاتوون. وەک چۆن ئیسلامییەکان دژایەتی (کارل مارکس)یان کردووە، ڕەهەندییەکان بەردەوامیان بەو دژایەتییە داوە بەبێ ئەوەی لەهەمبەر هاوتەریببوونی زمانیان لەگەڵ ئیسلامییەکان کێشەیان هەبووبێت. هەر ئەو جۆرە ئاڕاستە دژەکارییە ڕووکەشە هەلومەرجێکی گونجاوی بۆ نەوەی ڕەهەندییەکان ڕەخساندووە لە ڕەتکردنەوەی هەرلەخۆوەی فەیلەسووفان. ئەوەی هەیە ڕەخنە نییە، بەڵکوو لەژێر ناوی ‘بە بۆچوونی من’ حوکمی پێشکات و لەخۆوەن. کەسێک دەبێت سەرەتا خۆی هەبێت، خاوەنی زمان، بیرکردنەوە و تێڕامانی قووڵی خۆی بێت تا بتوانێت ‘بۆچوون’ی هەبێت، واتە تا بتوانێت شتێک بنووسێت و بیڵێت، کە لە تێگەیشتنی میللییەوە نەهاتبێت.
بیرکردنەوەی باوی ئێمە تەنیا بە کێشە زەبەلاحەکان ڕاهاتووە، یان دروستتر بۆ ئەو کێشانەی زۆرترین جەماوەر بە دوای خۆیاندا کۆ دەکەنەوە. ڕۆشنبیرانی ڕەهەند ڕێک بەرجەستەی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەکەن. لە کوێدا کێشەی جەماوەری هەبێت، لەوێدا ئەوان ئامادەن. ئەو ئامادەیییە لەناو جەماوەر پێگە و ناوبانگی جەماوەری بۆ فەراهەم کردوون. بەڵام کەس لەناو بیرکردنەوە باوەکاندا نابێت بە داهێنەر. ئەوەی کەسێک دەکات بە داهێنەر هێزی تەنیاییی خۆیەتی. واتە دووربوون لە کۆمەڵ. ئەو دووربوونە مەرج نییە جەستەیی بێت، بەڵام هەزاران جار پێشمەرجە، کە دووربوون بێت لە بیرکردنەوەی مێگەلییانە و جەماوەرییانە، بە تایبەت کاتێک ئەو جەماوەرەی زۆرایەتییە سەر بە ڕێبازی بیرکردنەوەی وێرانکەر و پووکاوەیە. خودی ئەو لایەنە وای کردووە، کە هەم ڕەهەندییەکان دەرفەتەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە، هەم خۆیان ببن بە کەرەستە و شت بۆ ئەو دەرفەتانە. جەماوەر بوونێکی داینامیک یان گۆڕاوی هەیە؛ ئەمڕۆ بە ئاوازەکانی تۆ مەست دەبێت و بەیانی نەفرەت لە دەنگەت دەکات، بگرە هەوڵ دەدات دەنگت بسڕێتەوە، بەڵام داهێنانەکان دەبن بە سەرچاوە بۆ شکۆدارێتی و سەروەرێتیی داهێنەر بەسەر هەلومەرجەکاندا، بەسەر شوێن و کاتە دوور و هێشتانەگەیشتووەکاندا و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە بیرەوەریی ئەوانەی هەر لە سروشتەوە سەر بە گیانە مەزنەکانن، واتە بە ئاستە باڵاکانی تێگەیشتن و ئاگامەندبوون. بیرەوەریی ئەو جۆر مرۆڤانە گەورەترین و دەوڵەمەندترین مەودایە بۆ هەر داهێنەرێک، چونکە لەو جۆرە بیرەوەرییانەدا، داهێنەر لە دوای سەدان ساڵ لە مردنیشی، درێژە بە وزەی بیرکردنەوەکانی دەدات؛ ئەو وزە و بیرکردنەوانەی لە ڕەچەڵەکدا لە هەرێمە هەرە قووڵەکانی ئاگامەندییەوە هاتوون.
٥
هەمان هۆکار ڕەگ و خەسڵەتی میللیبوونی نووسینی نووسەرانی ڕەهەندە. ڕیگەم بدە نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە، کە لە ژمارەکانی (١٦-١٧)ی گۆڤاری (ڕەهەند) بڵاو کراوەتەوە. (بەختیار عەلی) لە گوتارێکی درێژی نازانستی و پڕ لە بۆچوونی دژبەیەک و ناڕێکخراو بۆ پیرۆزکردنی دیاردەی شەهیدبوون، لەژێر ناونیشانی (شەهید: لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بەکارهێنانە سیاسییەکانی مەرگ)، سەبارەت بە جیاوازیی نێوان دەستەڵات و حیزب دەنووسێت: “جیاوازی نێوان دەسەڵات و حیزب لەوەدایە دەسەڵات بەشێکی هەمیشەیی پێکهاتی کۆمەڵگایە. لە زۆر پنت و شوێنگەدا دەسەڵات پێویستی بە بەهانەسازی نییە و شەرعییەتێکی سروشتی هەیە، بەڵام حیزب پێکهاتێکی کۆمەڵایەتییە.”5 ئەم تێگەیشتنە بەردەوام زاڵ بووە چ لە سەردەمی نووسینەکە و چ ئێستا. ئەگەر ئێمە ئەو تێگەیشتنە هەڵبوەشێنینەوە، دەبینین کە ئەو نووسەرە لە خودی چەمکی دەستەڵات تێنەگەیشتووە. یەکەم شت، دەستەڵات بەشێکی هەمیشەییی هیچ کۆمەڵگایەک نییە، بەڵکوو دەستەڵات بونیادێکی کۆمەڵایەتییە، کە لەسەر بنەمای پەیمانی هێزەکان پێک دێت و ڕەوایەت (legitimacy) وەردەگرێت. لەو ڕووەوە، هیچ دەستەڵاتێک نییە، کە ڕەوایەت (یان شەرعیەت)ێکی سروشتی هەبێت، بەڵکوو وەک (ماکس ڤیبەر)یش ئاماژەی پێ دەدات، ڕەوایەت هەمیشە پێکهێنراو و پەیمانلەسەربەستراوە. 6. لە زۆر پنت و شوێنگەدا دەستەڵات پێویستی بە بەهانەسازی نییە) – کێ ناتوانێت وەها حوکمێکی هەرەلەخۆوە و بێبنەما بدات؟ هەر دەستەڵاتێک بۆ ئەوەی ڕەوایەتپێدراو بێت، پێشمەرجە، کە بریکاری هەرە بچووکترین پێکهاتەی ڕەوایەتییەکەی بێت. لەو ڕووەوە، پێویستی بەوەیە، پاساو (justification) بۆ سەپاندنی هێزی خۆی بهێنێتەوە. ئەگەر ئەو ڕەوایەتە بە حیزب بدرێت، هەمان حیزب دەبێت بە خاوەنی دەستەڵاتێکی ڕەوایەتپێدراوە، وەک ئەوەی لە حیزبی کۆمیۆنیستیی دەستەڵاتداری (چین)دا هەیە. ئەگەر ئەو ڕەوایەتە بە حوکوومەت بدرێت، لێرەدا حوکوومەت دەبێتە بریکاری دەستەڵات، بۆیە شتێک نییە بە ناوی جیاوازیی نێوان دەستەڵات و حیزب وەک دوو چەمکی هاوتای یەکتر. ئەوانەی (بەختیار عەلی) تێکەڵی کردوون، حوکوومەت و حیزبن، نەک دەستەڵات و حیزب. بە گوێرەی بونیادە کۆمەڵایەتییەکان، دەکرێت لە شوێنێکدا حیزب دەستەڵاتی ڕەوایەتپێدراو بێت و لە شوێنێکی تردا حوکومەتی دەوڵەتی لەنێویدا هەرێمی. کە من باس لەو جۆرە ناتێگەیشتنە دەکەم، باسی جیاوازیی بۆچوون ناکەم، بەڵکوو باسی ڕەگوڕیشە و پێناسەی چەمکەکە دەکەم. کاتێک (میشیڵ فۆکۆ) لەبارەی هێز، لەوانە دەستەڵاتەوە دەدوێت، جیاوازییەکی گەورە لەگەڵ (ماکس ڤیبەر) دروست دەکات، بەڵام هەردووکیان خاوەنی تێگەیشتن و پێناسەی زانستین بۆ ئەو چەمکە. (فۆکۆ) باس لە هەمان ئەو هێزە دەکات، کە (ڤیبەر) پێناسەی کردووە، بەڵام تیۆریی ئەو بۆ دەستەڵات، جیاوازە. (ڤیبەر) باسی هەمان ئەو سەرمایەدارییە دەکات، کە (مارکس) ئێمەی لێ ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام پێچەوانەی (مارکس)، بۆ (ڤیبەر) هەلومەرج و فاکتۆرەکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداری بە تەنیا پێوەندییان بە بەرهەمێهان و ململانێی چینایەتییەوە نییە، بەڵکوو بە فاکتۆری تری فرەئاڕاستە، کە لە فەلسەفەی (مارکس) نائامادەن، بۆ نموونە، بەهای پیرۆزی ئیشکردن لە ڕێبازی (پرۆتێستانتیزم) بە فاکتۆرێکی گرنگی سەرهەڵدانی سەرمایەداری دەزانێت. بەڵام هەردووکیان خاوەنی هەمان پێناس و تێگەیشتنن بۆ چەمکەکان، لەوانە سەرمایەداری، جیاوازی چینایەتی و بەرهەمهێنان. پرسیارێکی تر ئەوەیە بە چ پێوەرێک دەستەڵات لە سروشتەوە دێت، بەڵام حیزب لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان؟ دەستەڵات وەک ئاماژەم پێی دا، بونیادێکی کۆمەڵایەتییە، کە لە ئاکامی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، واتە پێوەندیی هێزەکان دروست دەبێت و ڕەوایەتی وەردەگرێت. ئەم دەستەڵاتە دەشێت سیاسی، ئایینی، حیزبی یان کولتووری بێت. ئەگەر (بەختیار عەلی) کەمێک لە سۆسیۆلۆجیای سیاسی شارەزا بووایە، نەدەکەوتە ئەو هەڵە لۆجیکییەوە، لە کاتێکدا لە هەرە زۆری بابەتەکانی خۆی لەو بوارە دەدات، گوایە ‘شەریعەتی’ ڕۆشنبیریی کوردی شتێکی تایبەت و جیاوازە. من ئەو خاڵانەم بە چڕوپڕی لە پەرتووکی (کایەکانی هێز: سەبارەت بە مرۆڤی سروشت) باس کردوون و بە پێویستی نازانم لێرەدا بیانخەمەوە ڕوو. ئەوە نموونەیەکی زۆر بچووک و بگرە زۆر باشترە لە چەندان نموونەی چەندبارەبووەوە و هاوشێوەی تر، کە لێرەدا ناپێوەندیدارن.
هەر لە هەمان ژمارەدا ئاراس فەتاح بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (شوناس و ململانێ لە کۆمەڵگەی دوای جەنگ) بڵاو کردووەتەوە. بابەتەکە ئەگەرچی سەبارەت بە ململانێ و کۆمەڵگەی دوای جەنگە، کەچی زیاتر لەبارەی دەوڵەت و کێشەی دەوڵەتدارییەوە دەدوێت، بەبێ ئەوەی لەو بابەتەدا پێمان بڵێت دەوڵەت و دیاردەی دەوڵەت چین. جگە لەوە، بابەتەکەی ئەو زیاتر جۆرێکە لە پێشنیازخستنەڕوو بۆ کێشە سیاسییەکانی سەردەمەکەی تا ئەوەی بونیاد، میکانیزم و هەلومەرجەکانی دەوڵەتبوون و کێشەکانی بخاتە ڕوو. واتە ئێمە هیچ شتێک فێر نابین، بەڵکوو ئەو ڕووداو و ئاکامانەی هەن، دەخرێنەوە بەر دەممان بە دیدگا و بۆچوونی تاکەکەسی. بۆ نموونە، ئەو نووسەرە پێمان دەڵێت: “ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی کوردستانی باشوور پێچەوانەی ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت؛ ئەو ڕاستییەی کە ئێمە دەبێت دان بە فەشەلی ئەزموونی بنیاتنانی بنەما سەرەکی و سەرەتاییەکانی دەوڵەت و نەتەوە بە مانا سیاسییەکەی بنێین.” 7
ئێمە چی لەو بۆچوونە فێر دەبین و کێ هەیە نەتوانێت بۆچوونێکی وا بخاتە ڕوو؟ ئەگەر شتێک شکستی هێناوە، ئەو شکستە لە کوێوە هاتووە و لەسەر چ بنەمایەکیش شکستە؟ “مانا سیاسییەکە” چییە و کامەیە؟ من ئەگەر ئەو “مانا سیاسی”یەم بۆ دیاری نەکرێت، چۆن بتوانم لە مەبەستی ئەو نووسەرە بگەم؟ هەموومان دەتوانین چەندان دەستەواژە و چەمکی لەو شێوەیە ڕێز بکەین، بەبێ ئەوەی بە یەکتر بڵێین مەبەستمان چییە. کاتێکیش خوێنەرێک لێمان تێنەگات، دەتوانین بەوە تۆمەتباری بکەین، کە ناهۆشیارە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە، کە کێشەی بنەڕەتیی زمانی ئێمە دەبێت نەک هۆشیاری و ناهۆشیاریی خوێنەر. من دەتوانم، بۆ نموونە، چەندان دەستەواژەی وات بۆ ڕیز بکەم، لەوانە کێشەی کۆمەڵگە بە مانا سایکۆلۆجییەکەی، تێگەیشتنی من بە مانا فیزیاییەکەی، بۆچوونی تۆ بە مانا (فرۆید)یەکەی، هێز بە مانا (نیتشە)ییەکەی و چەندان نموونەی تری لەژمارنەهاتوو. ئەوە جۆرێکە لە فڕێدانی چەمک بۆ ناو نووسین، بەبێ ئەوەی تێگەیشتن بۆ ئەو چەمکانە دیاری کرابن. لە زۆر ئاستیشدا، ئەو جۆرە نووسینانە مەڵاسدانی نەزانین و تێنەگەیشتنن لە ئاست چەمکەکاندا.
نموونەیەکەی تر، وتارێکی هاوبەشی (بەختیار عەلی)، (ئاراس فەتاح)ە، کە لەبارەی دەستەڵاتدارێتییەوەیە و ئەمە ناونیشانیەتی (دەسەڵاتدارێتی و پڕۆسەی بە کۆمەڵگابوون). لەوێدا پێناسەیەکی نازانستی و ناسۆسیۆلۆجیمان سەبارەت بە دەستەڵات بۆ دابین دەکرێت، وەک هاتووە: “دەسەڵات ستراتیژێکە و لە لایەن دەسەڵاتدارێتییەکی سیاسییەوە دەخرێتەگەڕ.”8 دەستەڵات ستراتیژ نییە، بەڵکوو بونیادێکە، کە ئاکامی پەیمانی ستراتیژیی هێزەکانە. ئەو بونیادە خاوەنی ستراتیژ و مێکانیزمی فرەچەشنە. دەستەڵات دەکرێت وەک ستراتیجێک بە کار بێت، دەشێت وەک مێکانیزمێک بۆ سەپاندن، بەڵام ئەوانە دەرکەوتەن لە دەستەڵاتدا، نەک ستراتیژ. بە پێچەوانەوە، ئامانجی ستراتیژێک دەشێت بەرفرەوانکردنی پێگە و هەژموونی دەستەڵات بێت. ستراتیژ بە دەربڕینێکی سادە واتە ئێمە لە خاڵی یەک دەمانەوێت بگەین بە خاڵی دوو. بۆ ئەو مەبەستە مێکانزیم، بەرنامەڕێژی و ئامانجمان دیاری دەکەین. لەو ڕووەوە، ستراتیژ کەرەستەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک تا ئەوەی بونیاد و بنەڕەتی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، واتە پێوەندیی هێزەکان، بێت. کارەکتەرەکانی ناو کۆمەڵگە دەشێت خاوەنی پێوەندیی ستراتیژی ئاڵۆز بن، بەڵام ئەوە بونیادێکی دەستەڵات. دەبینین ئەو گەورەنووسەرانەی ڕەهەند، کە زۆرترین دژایەتیی دەستەڵاتیان کردووە، خۆیشان لە چەمکی دەستەڵات نەگەیشتوون. نووسەری نەفرەتکار لە نیشتیمان، کە (بەختیار عەلی)یە، لە (قەسیدەی نیشتیمان)دا بە خرۆشەوە نەفرەت لە هەلومەرجێکی هەرە بنەڕەتیی ژیان دەکات، کە نیشتیمانە. ئەو قەسیدەیە، بە ڕەچاوکردنی ئەو سەردەمەی لێی نووسراوە، کە ساڵانی هەشتاکانە، گەورەترین خزمەت بووە بە گوتاری حیزبی بەعس، چونکە ئەوەی بەعس هەوڵی بۆ دەدا لە هۆشی کورددا بیسەپێنێت، بۆ نموونە لە ڕێگەی ئەشکەنجەدان، هەر نەفرەتکردن بووە لە نیشتیمان. کەسێک لە بنەڕەتدا بزانێت نیشتیمان واتە چی، نەک ئەوەی سەرچاوەی قووڵترین تێگەیشتنی لە نیشتیمان لە دروشم و هوتافی سیاسییەکانەوە بێت، ناتوانێت نەفرەت لە نیشتیمان بکات، چونکە نیشتیمان لە بوونی ئێمە دانەبڕاوە، بەڵکوو بە تەنیا ئاماژەدانە بەو هەلومەرجە سروشتییەی شوێن و کۆمەڵ، کە سەرچاوەیەکی خۆڕسکە بۆ ژیان، لەوانە ژیانی ئێمە.بۆیە دەبینین وەک چۆن (بەختیار عەلی) دەستەڵات و ئامرازەکانی دەستەڵات لە یەکتر جیا ناکاتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا لەو چەمکانە بە دروستی نەگەیشتووە، بە هەمان شێوە، نیشتیمان، حیزب و دەوڵەتداریشی تێکەڵ کردوون و کردوونی بە یەک. نیشتیمان، بۆ نموونە، ئەو دارزەیتونانەی (عەفرین)ن، کە ئێستا لە (ئیزمیر) ئاوارەن. نەفرەتکردنی نیشتیمان واتە نەفرەتکردن لەو دار و درەختانە، لە چیا و دۆڵەکانی، لە ڕووبار و دەریاچەکانی، لە بوونەوەرەکان، لەوانە ئاژەڵ و مرۆڤی سروشت. جگە لەوە، چونکە زمانی (بەختیار عەلی)، وەک پێشتر ئاماژەم پێی دا، لە کۆمەڵگە، لەوانە لە ئایینی ئیسلامەوە هەڵقووڵاوە، بە هەمان کەرەستەکانی ئەو زمانەیش دەنووسێت. ڕەگی “نەفرەتکردن” لە هۆشی ئێمەدا لە ئایینەوە هاتووە و بۆ هوتافە سیاسییەکان درێژ بووەتەوە. بۆیە، مرۆڤانی هەستەبەرز، مرۆڤانی هێزدار، هەرگیز نەفرەت لە هیچ شتێک ناکەن و خاوەن ئەو دەربڕینە لاوازانەیش نین، چونکە خاوەنی هێزی تێگەیشتنن تەنانەت لە ئاست هەرە هەژێنەرترین کارەساتەکان. چ کۆمێدیایەکی گەورە دەبوو فەیلەسووفێکی وەکوو (مارکس) گوتبای ‘نەفرەت لە سەرمایەداران!’.
٦
لەو کۆنتێکستەدا، پێویستە جارێکی تر ئەوە بە تەواوەتی ڕوون بکەمەوە، کە مەبەستم لە تێنەگەیشتن لە چەمکەکان چییە بۆ ئەوەی خوێنەر بۆی ڕوون بێتەوە، کە ئەوەی من باسی دەکەم، جیاوازییەکان نین، بەڵکوو تێنەگەیشتنی سەرەتایی و پێشمەرجن بۆ چەمکەکان. بۆ نموونە، دەشێت جیهانبینیی ئێمە بۆ چەمکی مردن، ژیان، بوون، ئاکار و داهێنان زۆر جیاواز بێت لە جیهانبینیی بیریارێکی وەکوو (د. محەمەد کەمال). ئەو جیاوازییانە بۆ من بە تایبەت لە پەرتووکی (کایەکانی هێز) دامەزراون، بەڵام من ناتوانم بڵێم (د. محەمەد کەمال) لەو چەمکانە نەگەیشتووە. بە نموونەیەکی کۆنکریتتر بدوێم، (د. محەمەد کەمال) لە کتێبی (نیتشە و پاش تازەگەری)، پاش ئەوەی تێگەیشتنێکی تۆکمە بۆ چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی)ی (فریدریک نیتشە) دادەمەزرێنێت، ڕەخنە لەو بیریارە دەگرێت و هێنانەوەی ئەو باوەڕە بۆ ناو فەلسەفە بە ناپێویست دەزانێت. بۆچوون و تێگەیشتنی من بۆ چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی) جیاوازە لەوەی (محەمەد کەمال)، بەڵام ئەو جیاوازییە بنەڕەتە بۆ دروستبوونی ئاڕاستەی ڕەخنە. من ناتوانم بڵێم (محەمەد کەمال) چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی)ی یۆنانییە کۆنەکان و (دۆناودۆن)ی (هیندویزم) و (بوودیزم)ی تێکەڵ کردوون، چونکە ئەو بیریارە نەک ئەو چەمکانەی تێکەڵ بە یەکتر نەکردوون، بەڵکوو تێگەیشتنی تۆکمەی بۆ دامەزراندوون. لە دوای ئەو تێگەیشتنە تۆکمە و ڕەخنەیییانە، کە (محەمەد کەمال) بۆچوونەکانی خۆی لەسەر دادەمەزرێنێت، بوار بۆ ئەوە دەسازێت، کە جیاوازیی نێوان بۆچوونەکان دروست ببێت. هەر چەمکێک لای ئەو بیریارە لە بناغەوە ئیشی لەسەر دەکرێت و لەسەر ئەو بناغەیە ئاڕاستەی جیاواز دروست دەبن. ئەو جۆرە خەسڵەتە پێشمەرجە بۆ هەر نووسەرێک لە هەر بوارێک بێت. ئەو نووسینانەی زمانی میللی، واتە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی میللی، لە نووسیندا دەسەپێنن، نەک هیچمان پێ ناڵێن، بەڵکوو زیادە و ناپێویستن. ئێمە لە نووسینەکانی (محەمەد کەمال)دا نەک هەر بەر زمانێکی میللی ناکەوین، بەڵکوو بەر لە هەر شتێک زمانی میللی تێ پەڕاندووە. ئەگەر (محەمەد کەمال) بە زمانێکی ئیسلامی لەبارەی چەمکی جیهان لە دیدی (مارتن هایدیگەر)ەوە دوابا، خزمەتێکی گەورەی بە خوێنەرانی هەواداری زمانی ئایینی دەکرد؛ زمانێکی پڕ لە حوکم و زیندان، کە هەمووان ڕۆژانە لە ئاستی میللیدا قسەی پێ دەکەن و پێی دەنووسن، بەڵام ئەوە وای دەکرد، کە هەرگیز نەتوانێت زمانێکی فەلسەفی دابهێنێت. ئایا دوالیزمی فریشتە و شەیتان، چاکە و خراپە، نووسەر و سیاسی، گەمژە و ڕۆشنبیر و چەندان دوالیزمی تر لە نووسینەکانی (محەمەد کەمال)دا ئامادەن؟ بیریاربوونی (محەمەد کەمال) لە بیریاربوونی (محەمەد کەمال) لە کوێدایە، ئەگەر وەها زمانێک بە کار بهێنێت؟ لە پێوەندییدا بە ڕەهەندییەکان، من باسی جیاوازیی بۆچوون و تێگەیشتنەکان ناکەم، بەڵكوو باسی نەبوونی بۆچوون و تێگەیشتن دەکەم. هەموومان بەردەوام دەتوانین بڵێین ‘بە بۆچوونی من’ یان ‘بە تێگەیشتنی من’ و چەندان دەستەواژەی تر، بەڵام ئەوە هیچ کاتێک ئاماژە نییە بەوەی ئێمە خاوەنی بۆچوونین. بۆچوون و تێگەیشتن لە قووڵاییەوە دێن، نەک ئەوەی نووسەرێک تێگەیشتنە میللیەکان لە نووسیندا بڕازێنێتەوە و پێی وابێت داهێنانی کردووە. کێشەی نووسەرانی ڕەهەند، لەوانە (بەختیار عەلی)، ڕێک ئەوەیە، کە ئەو چەمکانە لە تێگەیشتنی باوەوە وەردەگرن. ئەو تێگەیشتنە باوە مەرج نییە لەناو زمانی کوردییەوە بێت، بەڵکوو دەشێت هەر خوێندنەوەی وتارێکی ڕەخنەیی نووسەرێکی فارسی، ئەڵمانی، بەریتانی و هەر نووسەرێکی ترەوە بێت. لە تێگەیشتنی باوی زۆرێک لە نووسەرە ڕووکەشەکانی خۆرئاوا، تێنەگەیشتن بۆ چەمکە بنەڕەتییەکانی (نیتشە)، (هیگڵ)، (مارکس)، (فرۆید) و چەندان بیریاری دیکە بە ئاسانی تێبینی دەکرێن، چونکە ڕووکەشی پێوەندیی بە هیچ نەتەوە و زمانێکی دیاریکراوەوە نییە؛ مرۆڤانی هێزدار و خاوەنی تێڕامانی قووڵ لە هەموو کولتوور و نەتەوە جیاوازەکان بەرز دەبنەوە، بەڵکوو ڕووکەشی هەلومەرجێکی هاوبەشی هۆشیارییە، وەک پێشتر ئاماژەم بۆی کردووە. کاتێک (سلاڤۆی ژیژەک) دیبەیت لەگەڵ (جۆردان پیتەرسۆن) دەکات، (ژیژەک) لەو شوێنە دەست پێ ناکات، کە جیاوازیی هزری و ڕەخنەییی نێوان ئەو و (پیتەرسۆن)ە، بەڵکوو لەو شوێنەی، کە (پیتەرسۆن) تەواوی مارکسیزمی لە (مانیفێستۆ)دا کورت کردووەتەوە، لەوەی، کە ئەو تێگەیشتنەکانی ئەو کەسە لە تێگەیشتنی باو یان (main stream)ەوە هاتوون. لەوێدا (پیتەرسۆن) لە دیبەتکارێتەوە زیاتر دەبێت بە فێرخوازێک. بەڵام ئەگەر کەسێک ئەو تێگەیشتنە ڕووکەشانەی (بەختیار عەلی) بخاتە سەر ئاڕاستەیەکی دروست، ئەوەی لێی دەکەوێتەوە تووڕەیی و داهێنانی ئاوەڵناوی نوێترن لە لایەن ئەو نووسەرەوە، لەوانە (گەمژە)، (خۆگێلکەر)، (هیچنەزان) و چەندانی تر، کە من پێشتر نامەیەکم لەو بارەیەوە هەم بۆ خودی خۆی ناردووە هەم لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوم کردووەتەوە. ئەو بۆچوونە بنەڕەتیانە پێچەوانەی دیدگاکانی (بەختیار عەلی)یە بۆ مرۆڤی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، یان بە واتایەکی تر سەروەرێتیی جۆری مرۆڤی خۆرئاوا بەسەر مرۆڤی خۆرهەڵات، کە ڕەگوڕیشەی ئەو تێگەیشتنە کەلتووری ئیمپریالیزمە. هەر لەو دوو چەمکەیشدا، خاڵی دەستپێکی ئەو نووسەرە تێگەیشتنی میللیە، واتە بە تەنیا خۆرهەڵاتی و خۆرئاوابوون جیاوازییەکی گەورەمان بۆ دروست دەکات. بیرکردنەوە و داهێنەربوون سەر بە هیچ نەتەوەیەک و گرووپێکی دیاریکراو نییە. هەر بەڕاستی (بەختیار عەلی) چۆن لە مرۆڤ تێگەیشتووە یان دروستتر تێنەگەیشتووە؟ بۆ نموونە، با سەیر بکەین و بزانین ئەو نووسەرە چۆن نەک بە تەنیا لە مرۆڤی کورد، بەڵکوو لە نەتەوەی کورد تێگەیشتووە.
کاتێک باسێک پێوەندیی بە کوردەوە هەیە، دیدی (بەختیار عەلی) جێگیرە: وەک لە چاوپێکەوتنێک لە کەناڵی کوردسات ئاماژەی پێی دا، کە بە شێوەیەکی جیاوازتر لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) لە ساڵی ٢٠١٢، پێداگری لەسەر کردەوە، ‘مردنی تەواوی کورد هێندەی سێ سەد ئەندازیار کاریگەری لەسەر جیهان نابێت (ئەگەر لایەنە مرۆڤایەتییەکەی لێ دەرکەین)’! (بەختیار عەلی) وەک کاڵایەک لە نەتەوە و کوردەکانی ڕوانیووە، بە بوونی خۆیشییەوە؛ کاتێک ئەو کاڵایە سوودی نەبێت، بوون و نەبوونی وەک یەکە. من لەو کۆنتێکستەدا تەنیا دەتوانم (بەختیار عەلی) بە (ئەدۆڵف هیتلەر) بەراورد بکەم، کە بوونی جووەکان هەراسانی کردبوو؛ خەسڵەتی ئەوانەی لە قووڵاییی بیرکردنەوەکانیاندا خواستیان سڕینەوەیە، چونکە لە بنەڕەتدا هۆشی خۆیان لەگەڵ ژیان و بووندا لە هاڕمۆنیادا نییە. کێشەکە لەوەدا نییە ئەو نووسەرە چ نیازێکی هەیە، بەڵکوو ئەوەیە، کە هەژاریی بیرکردنەوە چەندە ئاکامی وێرانکەری لەسەر مرۆڤ هەیە. ئەو گوزارشت لە جیهان ناکات، چونکە کەس ناتوانێت بە ناوی جیهانەوە قسە بکات؛ جیهان یەک بوونی جێگیر و هەمەچەشن نییە، تاوەکوو بۆمان بدوێت، بەڵکوو ئەوەی لێرەدا قسە دەکات جیهانبینیی نووسەرێکە، جیهانبینییەکی وێرانکەر و داڕووخاو. کاتێک (بەختیار عەلی) ئەو قسەیە دەکات، ئەو جیهانی لە هۆشی خۆیدا بەسەر بەرەی سوودبەخش و بەرەی بێسوود دابەش کردووە. دەبینێت، واتە لە هۆشی خۆیدا وای دەبینێت، کە کوردەکان هێندەی دوو سەد بۆ سێ سەد ئەندازیار سوودبەخش نین (ناشزانین بە چ پێوەرێک؟!). سوودبەخش بۆ چی و بۆ کێ؟ بۆ وەبەرهێنان. کاتێک ڕۆبۆتەکانیش لە مرۆڤ سوودبەخشتر بن، لەناوچوونی تەواوی مرۆڤایەتی هێندەی سێ سەد ڕۆبۆت کاریگەرییان لەسەر جیهان نابێت. ئەو جیهانە چ جیهانێکە کە تێیدا نەتەوەیەکی دەیانمیلیۆنی هێندەی ژیانی سێسەد ئەندازیار گرنگ نەبێت بە تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو ئەندازیارانە خزمەت بە بواری بەرهەمهێنان دەکەن ئەگەر ئەو بەرهەمهێنانە وێرانکارترین جۆری بەرهەمهێنانیش بێت؟ بەڵام وەک ئەوەی لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بۆی زیاد دەکات، ناگرنگێتیی لەناوچوونی کورد لەسەر “ئەم ئەستێرە”یە، نەک بە تەنیا گرنگ نییە لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە، بەڵکوو هۆکارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە هەر میللەتێک، لەوانە کورد، “ئامادەگی نەبێت لە دروستکردنی یان لە گەشەدان بە ئەقڵی ئینسانیەتا، وە بە رۆحی ئینسانیەتا”9، ژیانی هێندەی دوو سەد ئەندازیار لە بواری تەکنەلۆجیا گرنگ نابێت. ئەو جیهانە جیهانێکی نەخۆش و وێرانکەرە؛ شوێنی ئەو جیهانە ناو هۆشی (بەختیار عەلی)یە و مرۆڤ ناتوانێت لە هیچ شوێنێکی تر بیدۆزێتەوە. جگە لەوە، مەبەستی ئەو نووسەرە لە “ئەقڵی ئیسانیا” و “رۆحی ئینسانیەتا” چییە؟ واتە مرۆڤانێک هەن، لەوانە تەواوی کوردەکان، لە دەرەوەی ئەقڵ؟ لە دەرەوەی “رۆحی ئینسانیەتا”؟ من لەو بۆچوونانەی ئەو نووسەرە تێناگەم، نەک لەبەر ئەوەی ئاڵۆزن، ڕاستییەکەی زۆریش ڕووکەشن، بەڵکوو لەبەر ئەوەی نە پێمان دەڵێت “ئەقڵی ئینسانیا” واتە چی، نە “رۆحی ئینسانیەتا”. وەکوو تر، (بەختیار عەلی) دەیەوێت وێنەیەکی واقیعمان پێشان بدات، وێنەیەک، کە لە هۆشی خۆیدایە. مرۆڤ، وەک بە چڕی لە پەرتووکی (کایەکانی هێز: سەبارەت بە مرۆڤی سروشت) لەسەری دواوم، بەشێکە لە ململانێی هێزەکان. 10نەک بوونی هیچ مرۆڤێک بە تەنیا، بەڵکوو بوونی هیچ بوونەوەرێک، بە ڕووەکەکانیشەوە، نەک زیادە نین، بەڵکوو پێشمەرج و پێویستێتیی سروشتین بۆ ژیان. ئەوەی ئێستا تاکەکەسی لە کۆمەڵگەکان نامۆ کردوە، ئەو دابڕانەی مرۆڤایەتییە لە سروشتێتیی خۆی و کەمکردنەوەی بەهای مرۆڤ لە بەکارهێنانیدا. ئەوە ڕەوتێکە لە جیهاندا، بەڵام خودی جیهان نییە. ئێمە لە (کیەکەگۆرد)ەوە فێر دەبین، کە ‘کێشەی یەک تاکەکەس کێشەی تەواوی مرۆڤایەتییە و کێشەی تەواوی مرۆڤایەتی کێشەی تاکەکەسە’.11 بەدرێژاییی مێژوو ڕەوتی و ململانێی جیاواز هەمیشە ویستوویانە گوتاری هێزی خۆیان زاڵ بکەن. لەو جۆرە زاڵکردنانەدا، ویستی سڕینەوەی ئەوانی تر بەشێک بووە لە مێکانیزمی هێز و ڕووبەڕووبوونەوە. ئەوەی بە دڕندەییەکانی (داعش) تۆقاوە، ڕەنگە نەزانێت لە مێژوودا چەندە ئایین و کەمایەتی بە داگیرکارییەکان یان ‘فتوحاتی’ ئیسلامی لەناوچوون. بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو کەمایەتی، نەتەوە و ئایینانە لە دیدی ‘موجاهیدان’ەوە زیادە بوون، پێوەری هیچێتی و ناپێویستێتیی ئەوان نییە، بەڵکوو ئاکامی هیچێتی و نەریتی وێرانکەری ئەو ئایدۆلۆجیا و گرووپانەیە، کە لە بنەڕەتدا لەسەر ویستی سڕینەوە دامەزراون. ئەو جیهانەی (بەختیار عەلی) لە هۆشی خۆیدا وێنای کردووە، جیهانێکی وێرانکەرە و لەسەر ویستی سڕینەوە دامەزراوە. ئەگەرنا، هەموو کۆمەڵگاکان جیهانین. چەندان کۆمەڵگەی جیهان لە دەرەوەی پەرەسەندنەکانی بواری تەکنەلۆجیا و زانستن، بەڵام تەکنەلۆجیا و زانست پێوەری بەهای بوون، ژیان و جیهانێتیی کۆمەڵگاکان نین؛ ئەوەی پێوەری ژیان و بوونە هێزی خۆڕسکی کۆمەڵگەکانە. کایەکانی هێز لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا پێشبینی نەکراون، چونکە هێز بەردەوام لە خۆگواستنەوەدایە. چەقی هێز، لەوانە هێزی ئابووری، تەکنەلۆجی و دارایی، دەشێت ئێستا خۆرئاوا بێت و لە ئاییندە هەرێمێکی تر، بەڵام ئەوانە تەنیا چەند فۆڕم و مۆدێکی هێزن، چونکە هێز هیچ کاتێک لە مۆد و فۆڕمەکانی کورت نابێتەوە، بەڵکوو پێوەندیی بەو سەرچاوانەوەیە هەیە، کە بەردەوامی و پەرەسەندنی بۆ فەراهەم دەکەن. لاوازیی دۆخێک ئاماژە نییە بە لاوازیی تەواوی دۆخەکانی ئەو هێزە.
ئەوەی من پێداگریی لەسەر نەکەم، لایەنی مرۆڤایەتییە. ئەو چەمکە خۆی جێگەی مشتومڕێکی گەورەیە و پێویستە لەو میللیبوونە ڕزگار بکرێت. چەمکی مرۆڤایەتی لە زۆر کۆنتێکستدا، کە بە کار دەهێنرێت، واتای بەزەیێتی دەگەیەنێت. ئەوەی من پێداگری لەسەر دەکەم ڕاستەقینەی بوونە؛ لە سەرجەمی جیهان و بووندا، هیچ بوونەوەرێک و نابوونەوەرێک نییە خاوەنی هێز نەبێت. ئەو هێزداربوونە وای لێ دەکات بوونی پێویستێتی بێت، چونکە هۆش، یان ئەقڵ ناتوانێت لە سەرجەمێتیی سروشتی بوون تێ بگات، هەر حوکمێک، کە دەیدات، ئاکامی ناتەواوەتیی خۆیەتی. قەیرانەکانی ئەقڵ لەڕادەبەدەرن. هەر خودی دامەزراندنی زانین لەسەر بنەماکانی ئەقڵ لای فەیلەسووفە گەورەکان، لە (نیتشە)ەوە بۆ (ڕۆم ڕای باسکار)، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبنەوە. تەنانەت بۆ (نیتشە)، ئەو مرۆڤەی هێزدارە دەستبەرداری ئەقڵ دەبێت. من ئەو ڕەخنانەم بە چڕی لە نووسینەکانی ترم خستوونەتەڕوو، تەنانەت خودی (بەختیار عەلی)یم لەو هەڵە زەقانە و زمانە پڕ ئاوەڵناوەکانی، وەکوو “گەمژە”، “خۆگێلگەر”، “نەزان” و چەندانی تر، لە ڕێگەی نامەیەکی دۆستانە ئاگادار کردووتەوە، بەڵام ئەو لە وەڵامەکانیدا بەرگری لەو جۆرە زمانە میللیە و تێگەیشتنە ڕووکەشانە دەکرد.12بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم ئەو ڕەخنانە دووبارە بخەمەوە ڕوو، بەڵام مەبەستمە پێداگری لەوە بکەم، کە خودی (بەختیار عەلی) تێگەیشتنەکانی سەبارەت بە ئەقڵ لە تێگەیشتنی میللییەوە هاتوون، نەک زانستی. وەک چۆن لە زمانی میللی، خەڵک هەیە بە یەکتر دەڵێن، گەمژە، خۆگێلکەر، ئاقڵ، زانا، زۆرزان و چەندین ئاوەڵناوی تر، بە هەمان تێگەیشتن چەمکی ئەقڵ بە کار دەهێنێت. بەڵام گریمان ئەو جیهانەی (بەختیار عەلی) جیهانی ڕاستەقینەی ئێمەیە. ئەو نووسەرە چۆن گەیشت بە وەها ئاکامێک؟ چەند توێژینەوەی لەو بارەوە کردوون؟ چەند نەتەوە و دانیشتووانی جیهانی وەکوو نموونە وەرگرتوون؟ لە چەند فاکتۆر و گۆڕاو (variable)ی کۆڵیوەتەوە؟ چەند جۆر ئابووریی جیهانی وەکوو پێوەر بە کار هێناوە؟ بە چەند کۆمەڵگە بەراوردی کردوون؟ کامانەن ئەو فاکتۆرانەی بوونی نەتەوەیەک بێسوود و بێبەها دەکات؟ بە چ لۆجیکێک؟ ڕاستییەکەی بۆ ئەوەی مرۆڤ بگات بە وەها حوکمێک سەبارەت بە جیهانێکی وەها وەهمی، پێویستی بە چەند سەدەیەک لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە، تا وەها گریمانەیەکی بێبنەما بە لایەکدا بشكێنێتەوە. دەبینین خودی ئەو نووسەرەی ستایشی ئەقڵ دەکات، بە زمانێکی ئەقڵانی بیر ناکاتەوە و نانووسێت. گریمان تێگەیشتنەکانی (بەختیار عەلی) ڕەها و دروستن. خودی ئەو چ شتێکی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە؟ چەند ئامێری داهێناون؟ چەند چەمکی زانستی داهێناون و چەند لێکۆڵینەوەی زانستی پێشکەش بە جیهان کردووە؟ وەڵامەکە ئەوەیە هیچ یەکێک لەو شتانەی نەکردوون، بەڵام ئایا ئەوە وا دەکات، کە بوونی (بەختیار عەلی) لە جیهاندا زیادە بێت؟ وەڵامەکە نەخێرە.
ئەو جۆرە نموونانە لەژمارەنەهاتوون، بەڵام باسی بنەڕەتی ئەوەیە ڕەهەند، کە لەسەر ئەو جۆرە بیرکردنەوە میللییانە دامەزرا، دەیتوانی چیتر بکات جگە لە میللیبوون؟ با واز لە ڕەهەند بێنین، نووسەرە دامەزرێنەکانی ڕەهەند توانیویانە چ زمانێکی جیاواز دابهێنن جگە لە چەسپاندنی زمانی میللی لەناو نووسیندا؟ ئێمە لەناو ڕەهەند و لەنێو نووسەرانی ڕەهەند، قەیرانی نەبوونی بیریارمان هەیە. کاتێک بیریارێک بوونی نەبێت، داهێنەرێک بوونی نییە، واتە جگە لە زمانی میللی، زمانێکی تر نانووسێت و نادوێت. من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ نووسەرانی میللیدا نییە مادام خواست لەسەر بەرهەمی میللی لەبرەودایە. بە هیچ شێوەیەک نکۆڵی لە ڕۆڵی گرنگی نووسەرە میللییەکان ناکەم بۆ خوێنەرانی هەوادار. گەورەییی جیهان و بوون لەوەدایە، کە هیچ شتێک نە زیادەیە نە کەم؛ دەشێت لە دیدی تۆ و منەوە زیادە بن، بەڵام دیدی ئێمە لە ئاست بوون و جیهاندا چییە؟ نەک بە تەنیا دیدی تۆ و من، بەڵکوو دیدی تەواوی مرۆڤایەتی لە ئاست ئاڵۆزیی و گرێداریی جیهان، ژیان و بووندا کەمتوانایە. کایەی زانین، واتە زانینێک، کە بۆ تێگەیشتن نییە لە بوون، بەڵکوو بۆ وەبەرهێنانە، وەک پێشتر ئاماژەم پێی دا، تەنیا کایەیەکی کۆمەڵایەتییە و ئەو کۆمەڵایەتیبوونە خەسڵەتی سروشتیبوونی پێ دەبەخشێت. ئەو مرۆڤەی دەچێتە سەر مانگ هیچ مەرج نییە هێندەی باڵندەیەک پێوەندییەکی خۆڕسک و سروشتیانەی لەگەڵ ژیان و بوونیدا هەبێت، واتە پێوەندییەکی هاڕمۆنی.
٧
هەموو ئەو شتانەی باسم کردوون، سەرەباسی کورتن، بەڵام وەک هەنگاوی سەرەتا گرنگن بۆ ئەوەی دەروازە و ئاڕاستەی ڕەخنە بەڕووی ئەوانی تردا بکرێتەوە و سەروەرێتیی بیرکردنەوەکانی خۆیان پێشەنگی هەر جۆرە وەهمێک بێت. ئاییندە ئاییندەی ئاڕاستەی ڕەخنەکارییە، بەڵام ئەو ئاڕاستەیە وا دەخوازێت ڕاستگۆی لە نووسیندا پێگەی خۆی بگرێت. ڕاستگۆیی لە نووسیندا نەک بە تەنیا پێشمەرجە، بەڵکوو پێویستییەکی هەرە بنەڕەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەلومەرج و وەهمانەی ڕێگەی بیرکردنەوەی قووڵ و تێگەیشتنمان لێ دەگرن. ڕاستگۆیی (integrity) ڕێگەی ئەوەمان لێ دەگرێت، کە ئێمە نووسین وەک ئامرازێکی تاکەکەسی بە کار بهێنین. ڕاستگۆیی لە هەمان کاتیشدا دوورمان دەخاتەوە لەو مەترسییەی، کە ئێمە لەسەر خەرجیی ئەوانی دیکە پێگەی خۆمان بەهێز بکەین. بەڵام ئەو جۆرە ڕاستگۆییە ناکەسێتییە ڕێک ئەو شتەیە، کە (ڕەهەندییەکان) دژایەتییان بەرانبەر بەرپا کردووە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی (ڕەهەندییەکان) دەریان بڕیووە و دەری دەبڕن لە بیرکردنەوەی بەرتەسکیی کەسیانەی خۆیان تێنەپەڕیووە. بۆ ئەوانەی لە هێزی بیرکردنەوە تێگەیشتوون، هیچ بەربەست و دژایەتییەک ناتوانێت بیانترسێنێت. ئێمە دەبێت دەستبەرداری مردووەکانمان بین، چونکە مردن پاراستنی شکۆمەندیی و وزەداریی ژیانە.
پەراوێزەکان
1    Nietzsche, F. (1984, 1986 [1878]). Human, All Too Human: a book for free spirits (Marion Faber&Stephen Lehmann, Translation). University of Nebraska Press. P. 123, aphorism: 201
2    Saussure, F. (2013 [1916]). Course in General Linguistics (Trans. Roy Harris). London, UK: Bloomsbury Publishing Plc. ISBN: PB: 978-1-4725-1205-5, p. 18
3    Sloterdijk, P. (2013[2009]). You Must Change Your Life (Wieland Hoban, Trans.). UK: Polity Press. p. 156
4    fornet-betancourt,  raúl, becker,  helmut, gomez-müller,  alfredo, & gauthier,  j. d. (1987). the ethic of care for the self as a practice of freedom: an interview with michel foucault on January 20, 1984. Philosophy & Social Criticism, 12(2–3), 112–131.https://doi.org/10.1177/019145378701200202
5    Rahand No. 16 & 17 2004، ل٥٧
6    Weber, Max. (1978[1922]). Economy and Society: An outline of interpretive sociology. Vol. 1. (Roth, Guenther, & Wittich, Claus. Trans.). Berkeley: University of California Press
7    Rahand No. 16 & 17 2004,l115.
8    Rahand No. 9 &102000, l36
9    بەشی یەکەمی گفتوگۆی کەناڵی (NRT) لەگەڵ (بەختیار عەلی)، کە لەم لینکەی یوتوب بەردەستە. دەقەی 23 بۆ 24. https://www.youtube.com/watch?v=lZU6_BM-LgA&t=334s
10    سۆران ئازاد. (2021). کایەکانی هێز: سەبارەت بە مرۆڤی سروشت. لە بڵاوکراوەکانی دەزگای کوردڕاوم. چاپی یەکەم، ل.48
11    (سۆرن کیەکەگۆرد) لە پەرتووکی (چەمکی نیگەرانی) بە چڕی ئاماژە بەو خاڵە دەدات، کە چۆن تاکەکەس و مرۆڤایەتی لەیەکتر دابڕاو نین، بەڵکوو ئەوە تاکەکەسە مرۆڤایەتی پێک دەهێنێت و ئەوە مرۆڤایەتییە، کە بەرهەمی تاکەکەسەکانە. لەو ڕووەوە، پێچەوانەی تێگەیشتنی ئایینی بۆ چیرۆکی (ئادەم و حەوا)، بە دیدی (کیەکەگۆرد)، لەو کتێبەیدا، تاوانی هەر تاکەکەسێک لە (ئادەم)ەوە دەست پێ ناکات، بەڵکوو، ئەگەر تاوانێکی ئایینی هەبێت، ئەوا لە خودی ئەو تاکەکەسەی هاتووەتە بوون، دەست پێ دەکات. لەو ڕووەوە، بوونی هەر کەسێک گەورەترین نوێنەرایەتیکردنی بوونی تەواوی مرۆڤایەتی و خودی بوونە.بڕوانە: Kierkegaard, Søren.(2014 [1844]).The Concept of Anxiety: a Simple Psychologically Orienting Deliberation on the Dogmatic Issue of Hereditary Sin(Alastair Hanny, Translation). LIVERIGHT, p.36-42
12    خوێنەران دەتوانن خودی نامەکە لە سایتی دەنگەکان، لەم لینکەی خوارەوەدا بخوێنەوە: http://dengekan.ca/archives/27391
The post هێزی تێگەیشتن لە وەهمی ڕەهەند و ڕەهەندییەکان appeared first on ژنەفتن.