دەرچوونی گۆڤاری «ڕەهەند» لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا لە لایەن زۆرێکەوە وەک وەرچەرخانێک لە ڕۆشنبیریی کوردیدا چاوی لێ دەکرێت. لە لایەن هەندێکی دیکەشەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێ و بە پرۆژەیەکی کوردی نازانن. زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەیدا و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی) تێپەڕیوە، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەکادیمیی ئێمە خۆی پاراستووە لە پشکنین و وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کە ئایا قسە لەسەر چی جۆرە وەرچەرخانێكە و، ئایا ئەو گۆڤارە و نووسەرانێک کە لە (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)دا بوون چی ئیزافەیەکیان هێنایە سەر دنیای ڕۆشنبیریی پێش خۆیان و؛ چ گۆڕانکارییەکی چلۆنایەتییان بەرپا کرد؟ بۆچی و چۆن بوو لەو سەردەمەدا ئەو ڕەوتە سەر هەڵدەدا؟ و، یان بۆ لە لای هەندێکەوە هەر زوو ڕەت کرایەوە و ڕەخنەی لێ گیرا؟ هەر زوو دۆست و دوژمن بۆ خۆی پەیدا دەکات؟ و چەندین پرسی دیکە. دەتوانین بڵێین کەمتر ئاوڕ لەو مێژووە دراوەتەوە و کەمترین هەڵسەنگاندن و شیکاری بۆ ئەو مێژووە کراوە. بەڵام کاتێ دەوترێت «گۆڤاری ڕەهەند»، «ڕەهەندییەکان»، «ڕەوتی ڕەهەندی»، «زمانی ڕەهەندییەکان» و «نێوەندی ڕەهەند» لە ڕۆشنبیریی کوردیدا، وا پیشان دەدرێ کە هەمووان دەزانن باسی چی دەکەن و کۆکن لەسەر ناوەڕۆکی ئەو چەمک و دەستەواژانە. بەڵام لە ڕاستیدا کە لێی ورد دەبیتەوە، ڕۆشنبیریی ئێمە هیج پێناسەیەکی دیاریکراو و ناوەڕۆک ڕۆشنی نییە بۆ ئەو چەمکانە و کەمترین کار کراوە بۆ دیاریکردنی ناوەڕۆک و فۆرمێک بۆیان.
ماڵپەڕی ”ژنەفتن” دەیەوێت لە پرۆژەیەکدا کار لەسەر ئەو ناڕۆشنییەی ناسنامەی ڕەوت یان نێوەندەکە لە ڕۆشنبیریی کوردیدا بکات و چوارچێوەیەکی ڕۆشنتر بە دەوری ئەو چەمک و دەستەواژانەدا دروست بکات تا یارمەتیی خوێنەرانی خۆی بدات تێگەیشتنێکی کۆنکرێتتر و پێناسەیەکی واقیعیتریان بۆ ماهییەتی ئەو ڕەوت و نێوەندە دەست بکەوێت.
لەم پرۆژەیەدا هەم مێژووی ئەو ڕەوتە دەپشکنین، هەم هەوڵ دەدەین لەو سیاقە کۆمەڵایەتی-سیاسی-ڕۆشنبیرییە تێبگەین کە سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتە لەو سەردەمەدا دەکاتە واقیع، هەمیش لە بەشداریی ئەو ڕەوتە بکۆڵینەوە لە سێ دەیەی ڕابردووی ڕۆشنبیری و ئەکادیمیا و سیاسەتی کوردیدا.
لەم پێناوەدا، لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا ماڵپەڕی ”ژنەفتن” سەرەتا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لەو نووسەر و فیگەرە سەرەکییەکانی ئەو نێوەند و گۆڤارە[کە پاشتر وەک “رەهەندییەکان” ناسران]دا ساز داوە. لە درێژەدا بۆ ئامادەکردنی پێرسپێکتیڤێکی دەرەکی بۆ ڕەوتەکە و خۆپاراستن لەوەی کە تەنها کەسانێک ڕا بدەن کە بۆی هەیە سەبجەکتیڤانە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوتێک بکەن کە خۆیان بەشداربوون تیایدا، ژمارەیەک وتاری خاوەن ڕا و نووسەرانێک[کە ژنەفتن داوایان لێ دەکات] بڵاو دەکەینەوە و، ئینجا دیمانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەرانێکی تردا دەکەین کە ”ژنەفتن” دەزانێت دەتوانن بەشدار بن لە ڕۆشنکردنەوەی زیاتری ناسنامە و ماهییەتی نێوەندەکە و، وەک چاوێکی دەرەکیی دەرەوەی ئەو ڕەوتە، شیکاری و خوێندنەوە لە پێرسپێکتڤێک و ڕوانگەی ترەوە بخەنە بەردەستی خوێنەر.
هیوای ئێمە ئەوەیە دوای تەواوبوونی پرۆژەکە و بڵاوبوونەوەی هەموو دەقەکان، خوێنەر و ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی کەرەستەی دەست کەوتبێت بتوانێت ئاسانتر دەستی لە تێرم و چەمکەکانی «ڕەهەندییەکان»، «ڕەوتی ڕەهەندی» و.. هتد، گیر بێت و بیرۆکەیەکی ڕۆشنتری هەبێت لەسەر ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە و مێژووەکەی.
بۆیە وەک پێویستییەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم تەوەرەدا بیبلۆگرافیای بابەتەکانی سەرجەم ژمارەکانی گۆڤارەکە و پانۆرامای هەڵوێستە(پێشەکی)کانی سەرجەم ژمارەکانی ڕەهەندی لە سێ بەشدا ئامادە کردووە، بڵاو دەکەینەوە.
لە ڕۆژانی داهاتوودا چاوپێکەوتنەکانی هەریەک لە (مەریوان وریا قانع)، (ڕێبین هەردی)، (هیوا قادر) و (بەختیار عەلی) بڵاو دەکەینەوە.
لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا کە تەوەرەکە بەردەوامە، ئەو وتار و توێژینەوە و دیمانانەی دیکەی نووسەرانی دەرەوەی نێوەندەکە بڵاو دەکەینەوە.



