میشێل فوکۆ Archives - ژنەفتن
ئەرێ ئەوە کانت و فۆکۆ لە کوێن؟
برای ئازیز، کاک ئارام سدیق!
دوای ڕێزی زۆر:
سەرەتا ڕێم بدە لە دڵەوە، نەوەک بە تەوسەوە خۆشحاڵیی خۆم لە ئاستی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانتدا دەرببڕم، بە تایبەتی ئەوانەی چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ پێوەندییان بە منەوە هەیە. لەو ڕێیەوە هەوڵم داوە ئەو چەمکانە هەڵبگرمەوە، کە تۆ ناویان دەهێنیت، تا بە ئاڕاستەی دایەڵۆگیاندا ببەم و ڕەگەکانیان بدۆزمەوە، کە ئەوە هێزێکی گەورەی پێ داوم. هەم بە نووسین و هەم لای هاوڕێ نزیکەکانیشم ئەوەم دەربڕیوە، کە بوونی تۆ ئەمڕۆ بۆ ئەم ململانێیە گرنگە، بەوەی لە ڕێی ئەو چەمکانەوە زەمینە بۆ ئەوە خۆش دەکەیت، کەسانی دیکە بە شێوەی جیاواز لێیانەوە بدوێن. دواتر بۆ بایەخی ئەو کارەت دەگەڕێمەوە. ئەوەتە دیسان چاوم بە گوتارێکی نوێت ڕۆشن بووەتەوە، کە ناوت ناوە (ئایا قەبووڵکردنی ڕەخنە کردەیەکی ناسروشتییە؟) و بەم پەرەگرافە دەست پێ دەکەیت:
[لە وانەوتاری “ڕەخنە چییە؟”دا میشیل فۆکۆ دەگەڕێتەوە بۆ وتارە بەناوبانگەکەی ئیمانوێل کانت کە ناونیشانی “ڕۆشنگەریی چییە؟”یە و لەوێدا فۆکۆ ڕەخنە دەبەستێتەوە بە چەمکی ڕۆشنگەرییەوە. واتە هەرکەس ڕەخنە بگرێت (بێگومان ئەگەر ڕەخنەکە لە سیاقی ڕەخنەییدا بێت) کەسێکی ڕۆشنگەرە. بەو پێیەی ڕەخنەگرتن پەیوەندی بە ڕۆشنبیریی و وشیاریی تاکەکانەوە هەیە لەبارەی ئەو شتانەی ڕەخنەی لێ دەگرن. ڕەخنە بەتەنها کردەیەکی کەشفکاریی نییە، بەڵکو کردەی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و دیاریکردنی پێگەی تێکست و کەشفکردنی بونیادی فیکرییەتی، هاوکات دەرخستنی کەموکوڕییەکانیشیەتی].
سەرەتا با بگوترێت ئەو گوتارەی (مێشێل فۆکۆ)، کە لە ژێر ناوی (ڕەخنە چییە؟)دا بڵاو کراوەتەوە، دەروازەیەکە بۆ چوونەناو گوتاری (ڕۆشنگەری چییە؟)یە و لەوێ وردتر لەبارەی ئەو فیلۆسۆفەوە دەدوێت. یەکەمیانی وەک لێکچەیەک لە ساڵی (1978)دا پێشکەشی کۆمەڵەی فەلسەفیی فرانسی کردووە، لە کاتێکدا دووەمیانی لە (1984)دا نووسیوە. بەڵێ، لەبارەی ئەو گوتارەوەیە، کە (کانت) بە هەمان ناونیشان نووسیویەتی. من خۆم لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا لێم وەرگرتووە و سەرچاوەکەیشم نووسیوە. لێرەدا تەنیا فۆکەس دەخەمە سەر دووەمیان، بەڵام ئەگەر پێویستی کرد، ئەوە لە ئاییندەدا بۆ یەکەمیشیان دەگەڕێمەوە، بگرە ئامادەم لەبارەی ئەو ڕوانینەوە بابەتێکی سەربەخۆ بنووسم، کە بە گشتی (فۆکۆ) بۆ (کانت)ی هەیە. لە ئاستی خۆتدا خۆشەویستیم دەردەبڕم، بەڵام وەک دەزانیت و لە بەرهەمەکانی پێشوومدا دیوتە، لە بەرانبەر بۆچوونەکانتدا نەرمی نانوێنم، بۆیە ڕێم بدە بڵێم گومانی گەورەم هەیە تۆ ئەو گوتارەت هەر بینیبێت، چجای بگاتە ئەوەی خوێندبێتتەوە. دیارە ئەمە لەبەر ئەوە ناڵێم، کە ئەو وشانەی نووسیوتن، پێوەندییان بەو دوو فیلۆسۆفەوە نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئاگام لە نووسینەکانی پێشووتە و لە بەرهەمەکانمدا، بە تایبەتی لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا دەرمخستووە چۆن کاتێ گوتەی فیلۆسۆفێکت بەر چاو دەکەوێت، دەیگوێزیتەوە ناو نووسینت، بەبێ ئەوەی ڕایەڵ (کۆنتێکست)ـەکانی ئەو گوتەیە بناسیت و هیچ گومانێکت لەوە هەبێت، کە ئەو نووسەرەی لێت وەرگرتووە، وەک خۆت لە سەرچاوەیەکی دیکەوە نەیهێناوە. هەر لەم گوتارەی ئێستاتدا نووسیوتە: (زۆرجاریش ڕەخنەنووسانی کورد بەلای تێکستدا ناچن و کاریان بە نووسەرە و لە نووسەرەوە بڕیار لەسەر تێکستەکەش دەدەن، کە زۆرجار تێکستەکەیان نەخوێندووەتەوە).
هەر خۆت بە ڕاستی ئەوەت کردووە و دواتر بۆی دەگەڕێمەوە، بەڵام ئێستا لێت دەپرسم: دەتەوێت پێم بڵێیت ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت بە چ زمانێک خوێندووەتەوە؟ ئایا دەتوانیت سەرچاوەکەم بۆ بنووسیت؟
ئەرێ ئەو گوتەیەی سەرەوەت و هیی لەم شێوەیەت: (ئەوەی لای ئێمە زۆرجار بەناوی ڕەخنەوە دەنووسرێت هەڵڕشتنی ڕقی شەخسی و نەبینینی کۆی تێکستەکەیە، یان بەلاڕێدابردنی تێکستەکەیە بەو مەرامەی ڕەخنەگر مەبەستییەتی)، هیی نووسەرێکن چوار دێڕی (فۆکۆ)ی خوێندبێتەوە؟ ئەگەر بۆ سەرەتای حەفتاکان و دروستتر بۆ ڕۆژنامەی (هاوکاری) بگەڕێیتەوە، دەیان بابەتی لەم شێوەیە دەبینیت. جیاوازیی ئەو نووسەرانە لەگەڵ تۆ، ئەوەیە، کە ئەوان ناوی فیلۆسۆفانیان نەهێناوە، بەڵام تۆ لەم ڕووەوە درێغیت نەکردووە، دەنا ئەوانیش لە هەمان ئاستی تێگەیشتن و زمانی تۆدا نووسیویانە. ئەم جۆرە نووسینەم بە منداڵی خوێندووەتەوە و لێیشی تێگەیشتووم، چونکێ زانیومە هەمان ئەو گوتانەن ڕۆژانە لە دەمی خەڵکەوە بیستوومن. لەو سەردەمەدا هەندێک زانیویانە ئەم شێوازە ئاسانە و هیچی نوێ بە دەستەوە نادات. بۆیان دەرکەوتووە هەر کاتێ هەندێک نووسەر نەیانزانیوە چی بنووسن، هاتوون و گوتوویانە پێویستە مرۆڤ دڵی فرەوان بێت. وا چاکە بە ڕەخنە تێک نەچێت، بەڵکوو پێویستە قەبووڵی بکات، کە دواتر لای (فۆکۆ) دەبینین ئەو جۆرە نووسینە بۆچی هێندە سادەیە. لە کۆتاییی حەفتاکاندا (بورهان قانیع) و (مەحموود زامدار)، کە بە دوو مرۆڤی قسەخۆش ناسرابوون، لە دانیشتنێکی ئێوارانی بەغدادا ئەم باسە دەهێننە گۆڕێ. (قانیع) ناوی دەنێت (بۆڵەبۆڵ)، بەڵام (زامدار) (منگەمنگ)ی لا دروستە. وەک دەزانین (زامدار) بە (ئیڵیۆت) سەرسام بوو، کە ئەو پێچەوانەی شاعیرانی کلاسیک، پەنای بۆ جۆرێک لە پەنهانی، سیمبۆل و میستری دەبرد، وەک لە دیوانی (وێرانەخاک)دا دەیبینین، کە هەر خۆی کردوویەتیە کوردی. لەوێدا مانای مانگی نیسان لە ئارامی و بووژانەوەوە دەگۆڕێت بۆ دڵڕەقی و وێرانکاری.
کاک ئارامی ئازیز، من گوتم گومانی گەورەم هەیە تۆ ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت خوێندبێتەوە، چونکێ ئەگەر تەنیا کەمێکت لە بارەی ئەو فیلۆسۆفەوە بیستبێت، بەم زمانە نانووسیت، کە ڕۆژانە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵکی ئاسایی بە کاری دەهێنن. ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی پێشووم بگەڕێیتەوە، دەبینیت بە ڕوونی دەرمخستووە زمانی نووسینت هەمان زمانی جەماوەرە. ئەوەتە دەمەوێت ئەم نووسینەیشت بە مێتۆدی پرسیار و ڕاڤە بخوێنمەوە. واتە دەبێت ئەوە بسەلمێنم، کە ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت نەدیوە و هاوکات خۆم لەو بارەیەوە بنووسم. ئایا تۆ دەتوانیت پێشانی بدەیت، خوێندووتتەوە و لێی تێگەیشتوویت؟ مەبەستم تێگەیشتنی تایبەت بە خۆتە، کە پێم وایە بەوەدا تێکست لە بێژمار ئاڕاستە پێک دێت، تێگەیشتن پرۆسێسێکی تاکانەیە، بەو مانایەی هەر یەکێ بە شێوازی خۆی ئەو تێگەیشتنە دادەمەزرێنێت. واتە تێگەیشتن بۆ تێپەڕاندنی ئەو بابەتەیە، کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. تێپەڕاندنی، نەوەک دەستپێوەگرتنی. ئایا ئەو تێگەیشتنەی (فۆکۆ) لەم گوتارەتدا کاری پێ کراوە، بەو مانایەی ئایا خوێنەرێکی بێلایەن دەتوانێت ئەو تێگەیشتنە لە بۆچوون و دەربڕینتدا ببینێت؟ ئایا لە بەرهەمەکانی پێشووتدا هیچ یەکێ لە تێزەکانی (فۆکۆ)ت لێک داوەتەوە؟ من خۆم نەمدیوە، بەڵام ئەگەر لانی کەم نموونەیەکم پێشان بدەیت، بە بایەخەوە دەیخوێنمەوە.
ئایا ئەوەی لەبارەی ئەو گوتارەی (فۆکۆ)وە نووسیوتە، کارێکی سەختە؟ گوتووتە: [لەوێدا فۆکۆ ڕەخنە دەبەستێتەوە بە چەمکی ڕۆشنگەرییەوە. واتە هەرکەس ڕەخنە بگرێت (بێگومان ئەگەر ڕەخنەکە لە سیاقی ڕەخنەییدا بێت) کەسێکی ڕۆشنگەرە.].
ئایا زەحمەتە مرۆڤ شتێکی لەم شێوەیە لەبارەی ئەم گوتارەی (فۆکۆ)وە بنووسێت، هەتا ئەگەر نەیشیخوێندبێتەوە؟ ئەرێ (ڕەخنەکە لە سیاقی ڕەخنەییدا بێت) چییە؟ گوتووتە: (کەشفکردنی بونیادی فیکری). پێم دەڵێیت ئەوە مانای چییە؟ خوێنەری (فۆکۆ) ئەوانە دەنووسێت؟ ئایا من کاتێ گوتاری (چۆن ماست هەوێن دەکرێت؟)م لە شوێنێکدا بەر چاو دەکەوێت، ناتوانم بڵێم باسی شیر، ئاگر، مەنجەڵ، کەوچکی گەورە و شتی دیکەی لەم بابەتە دەکات، هەتا ئەگەر نەیشمخوێندبێتەوە؟ ناتوانم وەسفی مەنجەڵەکە بکەم و بڵێم قووڵە و سەرقاپەکەی تۆکمەیە؟ ئەرێ سەختە بنووسم ئەو کەوچکەی شیرەکەی پێ تێک دەدرێت، درێژییەکەی سی سانتیمەترە؟ ئایا تۆ لەبارەی ئەو گوتارەوە شتێکت گوتووە، کە هەر ئەندامێکی تری ئەم کۆمەڵگەیە، بێ ئەوەی وەک نووسەر خۆیی ناساندبێت، نەتوانێت بینووسێت؟
بۆ منی خوێنەر لەوانە سەیرتر، ئەوەیە، کە نووسیوتە:
(ئەوەی لەنێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا هەیە دوور و نزیک پەیوەندی بەو چەمکەوە نییە، کە فۆکۆ بۆ ڕەخنە بەکاری دەهێنێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێت ڕەخنەیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، دەبێت پەیڕەوکاری فۆکۆ بین و بە عەقڵێکی کراوە و بە فرەدیدگاییەوە لە تێکست بڕوانین. ئەگەر بەمشێوەیە نەبێت کەسی ڕەخنەگر دروست نابێت، چونکە ڕەخنەگر کەسێکی ڕۆشنگەری بیرکەرەوەیە، کە توانای بینینی دیوێکی دیکەی تێکستی هەیە، کە هەموو چاوێک توانای بینینی ئەو دیوەی تێکستی نییە).
مەبەستت کام چەمکەی (فۆکۆ)یە؟ ئایا تۆ هیچ شتێکت لەبارەی ئەو فیلۆسۆفەوە گوتووە؟ دیسان دەپرسم ئەرێ سەختە هەر کەسێک بیەوێت ئەم چەند وشەیە بنووسێت؟ ئایا منێک هەتا ئەگەر گوتاری (چۆن ماست هەوێن دەکرێت؟)م نەخوێندبێتەوە، ناتوانم بڵێم خەڵکێکی زۆر نازانن بەم شێوەیە ماست هەوێن بکەن؟ ئایا زەحمەتە بنووسم بۆ ئەوەی بە چاکی هەوێنی بکەین، پێویستە ڕێی نووسەری ئەو گوتارە بگرین؟
ئایا لای تۆ چەمک چییە؟ بە تێگەیشتنی من ڕاڤەی چەمک هەیە، بەو واتایەی لە ڕێی ئەو ڕاڤەیەوە چەمک مانا و ڕەهەندەکانی دەردەکەون، کە ئەو مانایانە بەپێی ئەپیستیمەکان دەگۆڕێن. مانای چەمکێک لە سەردەمی ڕێنەیسانسدا هەمان ئەو مانایە نییە، کە لە سەردەمی کلاسیکدا هەیەتی و ئەوەیشان جیاوازە لەو مانایەی لە سەردەمی مۆدێرندا پێی دراوە. دواتر هەر لای (فۆکۆ) ئەوە لێک دەدەینەوە. تکایە جارێکی دیکە بۆ سەرەتای حەفتاکان بگەڕێرەوە و سەرنجی نووسینی خۆمان بدە، تا بزانیت تەمەنی ئەم گوتانە پەنجا ساڵی تێپەڕاندووە و سواونەتەوە. ئینجا ئەوەی دەڵێیت: (دەبێت پەیڕەوکاری فۆکۆ بین)، بەڵگەیەکی دیکەیە، کە تۆ ئەو گوتارەت نەدیوە، چونکێ (فۆکۆ) خۆی لە تێکڕای نووسینەکانیدا دژی ئەو تێگەیشتنە وەستاوەتەوە. لەم گوتارەیشیدا جەخت لەسەر بۆچوونەکانی (کانت) دەکاتەوە، کە پێویستە پێڕۆکەری هیچ دەستەڵاتێک نەبین. ئەوەی تۆ گوتووتە، هیی بواری ئایینە و دەروێشان پێڕۆییی تەریقەت دەکەن. فەلسەفە بە گشتی دژی ئەو تێگەیشتنەیە، بەڵام (فۆکۆ) بەوەدا ئاستی نەبینراوی چەمکی دەستەڵاتی دۆزیوەتەوە، بە هێزێکی گەورەترەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. دواتر لەم گوتارەیدا بە ڕوونی ئەوە دەبینین.
ئەگەر ناوی (فۆکۆ) لەم گوتارەت لا ببەیت و پێشانی خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفەی بدەیت، بڕوا دەکات تۆ ناوی ئەو فیلۆسۆفەت بیستووە؟
من لە خوارەوە هەوڵ دەدەم ئەو گوتارەی (فۆکۆ) بە تێگەیشتنی خۆم لێک بدەمەوە، تا لەوێوە بۆ نووسینەکەت بگەڕێمەوە و لە ڕێی پرسیارەوە ڕووبەڕووی ببمەوە. دەمەوێت دەریبخەم ئەو گوتەیەی وەرتگرتووە: یەکەم، دوورە لەوەی هیی (فۆکۆ) بێت و دووەم، هیچ پێوەندیی بە بابەتەکەتەوە نییە، بەڵکوو هەم سادەیە و هەم فریودەرانەیش. هیوادارم تۆ بێیت و هەر لە ڕێی ئەو گوتارەوە بیسەلمێنیت پێوەندیی پێوە هەیە و بە ئاگایییەوە دەستت بۆی بردووە.
لێرەدا گوتارەکەی (فۆکۆ) لێک دەدەمەوە:
گۆڤاری مانگانەی بەرلین (Berlinische Monatsschrift) لە ساڵی (1784)دا پرسیاری ڕۆشنگەری چییە؟ (Was ist Aufklärung?)، یان (What is Enlightenment?) دەکات، بەو مەبەستەی بیرمەندانی ئەو سەردەمە وەڵامی بدەنەوە، کە (کانت) یەکێکیانە.(1) وەک (فۆکۆ) دەڵێت دەشێ تێکستێکی سادە بێت، بەڵام بە نیشانەیەکی گرنگی دەزانێت بۆ دەرخستنی پرسیارێکی گرنگ لەناو دنیای فکردا، پرسیارێک فەلسەفەی مۆدێرن نەتوانێت وەڵامی بداتەوە، بەڵام هەرگیز نەیشتوانێت لێی ڕزگار ببێت. ئەو پرسیارە بەردەوام و بە شێوەی جیاواز، لەم دوو سەدەیەدا هەم ڕاستەوخۆ و هەم ناڕاستەوخۆ خۆیی سەپاندووە. لای (هیگڵ) دەردەکەوێتەوە و بە (نیتشە)، (ماکس ڤیبەر)، (هۆرکهایمەر)، (هابرماس)دا تێدەپەڕێت. ئینجا وەک (فۆکۆ) دەڵێت ئەوەتە خۆیشی ڕووبەڕووی بووەتەوە. دەنووسێت با وای دابنێین گۆڤارەکە هێشتا بەردەوامە و ئەو پرسیارە ئاڕاستەی خوێنەرانی دەکات: فەلسەفەی مۆدێرن چییە؟ دەکرێت بە دەنگدانەوەیەک (an echo) بگوترێت ئەو فەلسەفەیەیە، کە هەوڵ دەدات وەڵامی پرسیارێک بداتەوە، دوو سەدە لەمەوبەر بە شێوەی سۆزرەت (imprudently) خۆیی دەرخست. (فۆکۆ) دەڵێت (مووسا مەندەلسۆن: Moses Mendelssohn)ی فیلۆسۆفیش دوو مانگ پێشتر هەر لەو گۆڤارەدا وەڵامی هەمان پرسیاری داوەتەوە، بەڵام (کانت) کاتێ ئەوەی خۆیی نووسیوە، هیی ئەوی نەدیوە. (فۆکۆ) گوتارەکەی (کانت) جودا دەکاتەوە، کە گرفتی نوێ دەخاتە ناو فکر و نەریتی کریسچیانیتییەوە و پێی وایە سێ فۆرم لە خۆی دەگرێت:
یەکەم: ئێستا (present) وەک ئەوەی سەر بە ماوەیەکی دیاریکراوی جیهان خۆی دەردەخات (as belonging to a certain era of the world)، بە هەندێک خەسڵەتی تایبەتی خۆی لێی جودایە، یان لە ڕێی هەندێک ڕووداوی دراماتیکییەوە لێی دادەبڕێت.
دووەم: لێکدانەوەی ئێستا بەو مانایەی هەوڵێکە بۆ دەرخستنی ئەو ئاماژە مژدەدەرانەی (heralding signs) ڕووداوی ئاییندە پێشان دەدەن. لێرەدا بنەمای جۆرێک هێرمینیۆتیکیی مێژوویی (historical hermeneutics)مان هەیە، کە دەشێ (ئۆگستین) نموونەیەکی دیار بێت.
سێیەم: ڕاڤەکردنی ئێستا بەو مانایەی خاڵی وەرچەرخانە بۆ بەرەبەیانی جیهانێکی نوێ، وەک ئەوەی (ڤیکۆ: Vico)ی فیلۆسۆف لە بەشی کۆتاییی کتێبی (زانستی نوێ:La Scienza Nuova)دا باسی لێوە دەکات.
لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا وەک (فۆکۆ) پێی لەسەر دادەگرێت تێگەیشتنی (کانت) لەم ڕووەوە لە هیی هەموو ئەوانەی دی جیاوازە، بەوەی ڕۆشنگەری بە ماوەیەکی دیاریکراوی جیهانێک نازانێت، کە تێیدا دەژین. پێیشی وا نییە ڕووداوێکە و لە نیشانەکانی دەگەین، وەک چۆن ناکرێت خۆری هەڵهاتووی بەرەبەیانێکیش بێت (nor the dawning of an accomplishment)، بەڵکوو بە شێوەیەکی نەگەتیڤانە لێکی دەداتەوە، کە وای دەناسێنێت (دەرچوون: Ausgang)، یان (“exit,” a “way out.”)ـە. ئەگەرچی لە تێکستەکانی تریدا پرسیار لەبارەی بنەمای شتەکانەوە دەورووژێنێت، یان ئامانجی ناوەکییانە (internal teleology)ی پرۆسێسی مێژوو دەستنیشان دەکات، بەڵام لێرەدا لە وەڵامی (ڕۆشنگەری چییە؟)دا دەبینین دەیەوێت تەنیا لە شێوەی پرسیاری واقیعی هاوچەرخ (question of contemporary reality alone)دا دەریبخات. ئەو هەوڵ نادات لەسەر بنەمایەکی گشتی (the basis of a totality)، یاخود دەستکەوتێکی داهاتوو (a future achievement) لە (ئێستا) بگات، بەڵکوو بە دوای جیاوازیدا دەگەڕێت: ئەو جیاوازییە چییە، کە ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ دوێنێ دەیخاتە ڕوو؟
(فۆکۆ) دەڵێت نایەوێت ڕۆ بچێتە ناو وردەکارییەکانی ئەو تێکستەوە، کە لەگەڵ ئەوەیشدا کورتە، بەڵام هەمیشە زۆر ڕوون نییە. مەبەستیەتی سێ چوار خەسڵەتی گرنگی تێدا دەستنیشان بکات، کە پێوەندییان بە شێوازی ورووژاندنی ئەو پرسیارە فەلسەفییەوە هەیە لەبارەی (ئێستا)وە. بەم شێوەیە ئاماژە بەو دەرچە (way out)یە دەکات، کە ڕۆشنگەریی پێ دەناسرێتەوە. پرۆسێسی ڕزگاربوونە لە کەموکورتی، یان کەموکووڕی (immaturity). کەموکورتی بە چ مانایەک؟ بەو مانایەی دۆخێکی دیاریکراوی ویستمانە و وامان لێ دەکات دەستەڵاتی کەسێک پەسەند بکەین، تا لەو بوارانەدا بە ڕێوەمان ببات، کە بەکارهێنانی عەقڵ دەخوازن. لەم ڕووەوە سێ نموونە دەهێنێتەوە: یەکەم: ئێمە لە دۆخی کەموکورتیداین، کاتێ کتێب شوێنی تێگەیشتنمان دەگرێتەوە. دووەم: کاتێ ڕابەڕێکی ڕۆحی (spiritual director) شوێنی ویژدانمان دەگرێتەوە. سێیەم: کاتێ پزیشک لە جیاتیی ئێمە بڕیار دەدات چی بخۆین. بەهەرحاڵ لێرەدا ڕۆشنگەری وا پێناسە دەکات، کە دەستکاریکردنی ئەو پێوەندییە پێشوەختە (preexisting relation)یە، ویست (will)، دەستەڵات (authority) و بەکارهێنانی عەقڵ (the use of reason) پێکەوە دەبەستێتەوە. واتە ئەو (دەرچوون)ـە هێندەی دۆخێکی تاکانەیە، بەو ئەندازەیش کۆیە، بەوەی ئەوە دەخوازێت (ویست) بخرێتە گەڕ.
وەک (فۆکۆ) ئاماژەی پێ دەکات، (کانت) دەڵێت مرۆڤ خۆی لەو کەموکورتییەی بەرپرسە، بۆیە پێویستە وای دابنێین، کە تەنیا بە گۆڕانکارییەک، خۆی لە خۆیدا بەرپای دەکات، دەتوانێت لێی هەڵبێت. پێی وایە ڕۆشنگەری درووشم (Wahlspruch)ێکی هەیە، کە بریتییە لە (با بوێریی زانینت تێدا بێت، با ئازایەتیی زانینت هەبێت) (dare to know,” “have the courage, the audacity, to know.”). ڕاستییەکەی زاراوەی بوێریی بیرکردنەوە، یان بوێریی زانین (Dare to know) لە بنەڕەتدا دەربڕینێکە (هۆراس)ی شاعیر بە کاری هێناوە، کە ڕەگی بۆ لاتینی دەگەڕێتەوە (Sapere aude).
کەواتە بەپێی (کانت) ڕۆشنگەری ئەو بوێرییەیە، ئێمە دەیخەینە بەر خۆمان، تا بەبێ پاڵپشتیی ئەوانەی دی خۆمان بە ڕێوە ببەین، کە ئەوەیش ڕێمان دەدات پرسیاری نوێ دابهێنین، چەمکەکان لێک بدەینەوە و گفتوگۆیان لێوە بکەین، بەبێ ئەوەی ملکەچی هیچ دەستەڵاتێک ببین.
(کانت) پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، هەر یەکێکمان کەڵک لەوە وەربگرین، کە هەمانە، بێ ئەوەی ڕێ بدەین کەسانی تر ڕێنوێنیمان بکەن. ئەو ئازادییە بەرهەمهێنەری بیرکردنەوەی ئازادە، کە هەر ئەویشە دەبێتە بنەمای ڕۆشنگەرییەکی عەقڵانی. دەکرێت بگوترێت فەلسەفەی (کانت) فەلسەفەیەکی خودگەرایە، بەو مانایەی سێکوچکەی پرسیاری ئەو لەبارەی خودڕاڤە (Self-reflection)ـەوەیە: دەکرێت چی بزانم؟ لەسەرمە چی بکەم؟ چی بە ئاوات بخوازم؟(2)
زەحمەتییەکی دیکەی ئەو تێکستە، کە (فۆکۆ) تێیدا دەدۆزێتەوە، ئەوەیە، (کانت) چەمکی مرۆڤایەتی (mankind,’ Menschheit) بە شێوەیەکی جیاواز بە کار دەهێنێت. ئەو چەمکە لە تێگەیشتنی ئەو فیلۆسۆفە بۆ مێژوو، بایەخی خۆیی هەیە. ئایا ئێمە لەوەوە وا تێدەگەین، کە تێکڕای توخمی مرۆڤ لە ڕۆشنگەریدا ڕۆ دەچێت؟ لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا پێویستە ڕۆشنگەری وا بێنینە بەر چاو وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی کاریگەریی لەسەر بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەرجەم مرۆڤایەتی جێ دەهێڵێت. یان پێویستە وا تێبگەین گۆڕانکارییەک دەگرێتە خۆی، کە کاریگەریی لەسەر مرۆڤایەتیی مرۆڤ (humanity of human) دادەنێت. لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات: ئایا گۆڕانەکە چییە؟ وەڵامی (کانت) بۆ ئەو پرسیارە ناڕۆشنە. بەهەرحاڵ ئەگەرچی وەڵامەکەی سادەیە، بەڵام ئاڵۆزە. (فۆکۆ) وا دەڵێت. (کانت) دوو مەرج دادەنێت، بۆ ئەوەی مرۆڤ لەو کەموکورتییەی ڕزگاری ببێت. یەکەم: ڕۆحی و دامودەستگەیی (spiritual and institutional). دووەم: ڕەوشتی و سیاسی (ethical and political). مەرجی یەکەم جوداکردنەوەیەکی ڕوونی نێوان بواری ملکەچی (obedience) و بواری بەکارهێنانی عەقڵە. لێرەدا بۆ دەستنیشانکردنی تایبەتمەندێتیی دۆخی کەموکورتی دەربڕینە باوەکە بە کار دەهێنێت: (بیر مەکەرەوە، تەنیا فەرمان جێبەجێ بکە!). پێی وایە ئەمەیان ئەو شێوازەیە، کە دیسپلینی سەربازی، دەستەڵاتی سیاسی و دەستەڵاتی ئایینی تێدا بە کار دەهێنرێت. بەم شێوەیە مرۆڤایەتی ئەو کاتە ناگاتە ئاستی پێگەیشتن (maturity)، کە داوای لێ ناکرێت گوێڕایەڵ بێت، بەڵکوو ئەو کاتە پێی دەگات، کە پێی دەگوترێت: (مل کەچ بکە، ئەودەم دەتوانیت وەک ئەوەی دەتەوێت، بیر بکەیتەوە). واتە مەرجە بە ویستی خۆی بیر بکاتەوە، کە بەم شێوەیە (ملکەچی) ماناکەی دەگۆڕێت و دەچێتە دۆخی ئازادییەوە. (فۆکۆ) دەڵێت پێویستە لێرەدا سەرنج بدەینە وشەی (räsonieren)ی ئەڵمانی، کە لە ڕەخنەیشدا بە کاری هێناوە، ئاماژەیە تەنیا بۆ هەر بەکارهێنانێکی عەقڵ، بەو مانایەی عەقڵ جگە لە خۆی، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە. واتە بیرکردنەوە لە پێناوی بیرکردنەوەدا، یاخود عەقڵ لە پێناوی عەقڵدا. (äsonieren is to reason for reasoning’s sake). نموونە دەهێنێتەوە: لەسەرتە باج بدەیت، بەڵام ئازادیت چۆن بیر لە سیستەمی باج دەکەیتەوە. بانگخوازی ئایینی بەپێی ئەو باوەڕەی هەیەتی، دەدوێت، بەڵام ئازادە چۆن بیر لە باوەڕی ئایینی دەکاتەوە.
بەم شێوەیە (کانت) بەکارهێنانی تایبەتییانەی عەقڵ و بەکارهێنانی گشتییانەی عەقڵ لە یەک جودا دەکاتەوە، کە عەقڵ پێویستە لە دووەمیاندا ئازاد و لە یەکەمیاندا ملکەچ بێت، بەڵام کەی؟ کاتێ لە کۆمەڵگەدا ئەرکێکی لەسەر شانە. دەبێت وەک بوونەوەری بیرکەرەوە بیر بکەینەوە، نەوەک بورغوو بین لە ئامێردا، مادام بەشێکین لە مرۆڤایەتیی بیرکەرەوەوە. لێرەوەیە دەکرێت بگوترێت بەکارهێنانی عەقڵ ئازاد و گشتییە. بەرژەوەندیی گشتی وا دەخوازێت یەکەمیان سنووری بۆ دابنرێت، بەو مانایەی تاک ملکەچ بکرێت، مادام ئەندامێکی کۆمەڵگەیە و ئەو کۆمەڵگەیەیش یاسا بە ڕێوەی دەبات، بەڵام بۆی هەیە لەبارەی یاساکان و شتەکانی دیکەی کۆمەڵگەوە ئازادانە بۆچوون دەرببڕێت. بە مانایەکی دی، ئەوە کاتێ بە دی دێت، کە ڕۆشنگەری تێکڕای کۆمەڵگە دەگرێتەوە و تێیدا مافەکانی تاک پارێزراون. (کانت) ئەمە بە دۆخێکی جێگر نازانێت، بەڵکوو پێی وایە دەبێت لە ڕێی ڕەخنەوە بەردەوام گۆڕانی بەسەردا بێت. واتە هۆشیاریی ئازاد، کە بەرهەمی (ویستی ئازاد: Free will)ـە، بزوێنەری ئەو پرۆسێسەیە. (فۆکۆ) جەخت لەسەر بۆچوونی (کانت) دەکاتەوە، بەوەی بەکارهێنانی گشتییانەی عەقڵ بابەتێکە، پێوەندیی بە تاکەوە هەیە.
دەگەینە ئەوەی بڵێین مرۆڤ کاتێ لە دامودەستگەی دەوڵەتدا کار دەکات، عەقڵی تایبەتی خۆی ناخاتە کار، بەوەی پابەندی ئەرکێکی دیاریکراوە. بە مانایەکی دی، ئامێری دەوڵەت ڕێنوێنیی دەداتێ، تا کار بۆ گشتی بکات. لێرەدا تاک گوێڕایەڵە و ئازاد نییە، بێ ئەوەی ئازادییەکەی لە دەربڕیندا لە دەست دابێت. واتە ڕۆشنگەری بەکارهێنانی ئەو عەقڵە تایبەتەیە، بەڵام ملکەچی بۆ دەستەڵاتیش دەداتە دواوە.
(فۆکۆ) پێی وایە باسی سەرەکیی فەلسەفە و فکری ڕەخنەیی لە سەدەی هەژدەمەوە لەبارەی پرسیارێکەوە بووە، کە خۆی لەوەدا دەنوێنێت: ئەو عەقڵە چییە، بە کاری دەهێنین؟ کاریگەری و شوێنەوارە مێژوویییەکەی چین؟ سنوورەکانی چین و ئەو مەترسییانە چین، لێی دەکەونەوە؟ ئەگەر فەلسەفە لە چوارچێوەی بیری ڕەخنەیییانەدا ئەرکێکی هەیە، ئەوە ئەرکەکە بریتییە لە پەسەندکردنی ئەو دەرگە چەرخەدار (Revolving door)ـەی دەمانگەیەنێتە پێداویستی و مەترسییەکانی لە یەک کاتدا. لێرەوە لای ئەو فەلسەفەی (کانت) بایەخی هەیە، بەوەی ڕەخنەئامێزە و بە ڕوونی ئەوە دەردەبڕێت، کە نابێت ملکەچی دەستەڵات ببین، مادام داوا دەکات ئەو مرۆڤە لە دۆخی کەموکورتیی خۆی بێتە دەرێ و بەرەو ڕۆشنگەری هەنگاو بنێت.
دەگاتە ئەوەی بپرسێت چۆن ڕابردوو جێ بهێڵین، بێ ئەوەی دەست بە ئێستاوە بگرین، کە سبەی ئەو ئێستایە دەبێتە ڕابردوو؟ چۆن ئەو دینامیکییە لە بیرکردنەوەماندا بەرجەستە دەکەین؟ کەواتە (ئەمڕۆ)، نەوەک (دوێنێ) لای (کانت) دەبێتە بابەتی بیرکردنەوە، بۆیە (فۆکۆ) بایەخی ئەو لەوەدا دەبینێت، کە ئۆنتۆلۆجیای ئێستا (ontology of the present)ی کردووەتە پرسیار(3)، بەو مانایەی جەختکردنەوەی ئەو لەسەر (ئێستا)، بۆ ئەوە نییە دەستی پێوە بگرێت، بەڵکوو بەو مەبەستەیە تێی بپەڕێنێت، کە ئەمەیش تەنیا لە ڕێی ڕەخنەوە دێتە دی. ئەو ڕەخنەیە لە ڕووی ئامانجەوە ئارکیۆلۆجی و لە ڕووی مێتۆدەوە جینیالۆجییە. بەم شێوەیە هەردوو پرسیاری سەردەمی ڕۆشنگەری چییە؟ و شۆڕش چییە؟ دوو فۆرمی یەک پرسیارن، کە لەبارەی (ئێستا)وەیە. ئەو ئێستایە تەنیا مەرجەکانی بوونی مەعریفە لە خۆ ناگرێت، بەڵکوو دەبێتە بابەتی بیرکردنەوەیش و بە سەردەمەکاندا تێدەپەڕێت. لێرەوە پێی وایە مۆدێرنیتیی (بۆدلێر) هۆشیارییەکی وایە، سنووری کات دەبڕێت و خۆی لە نەریت دادەبڕێت. ڕۆشنگەریی ئەو پێشکەوتنێکی مێژوویییانەی ڕۆشنگەریی (کانت)ـە.
دیارە ئەو بایەخەی (فۆکۆ) بەو گوتارەی (کانت) لای هەندێک وا دەکەوێتەوە، کە لە کۆتاییی تەمەنیدا لە بۆچوونەکانی پاشگەز بووەتەوە، بەوەی ئەو هەمیشە ڕوانینێکی نەگەتیڤانەی بۆ ڕۆشنگەری و مۆدێرنیتی هەبووە، ئەدی چۆنە ئێستا بەو شێوەیە بەرگری لەو تێزەی (کانت) دەکات؟ گوتارەکەی لە ساڵی (1984)، ماوەیەکی کەم بەر لە مەرگی بڵاو کراوەتەوە. هەمان شت لەبارەی (دێریدا)وە دەگوترێت، کاتێ کتێبی (تارمایییەکانی مارکس) دەنووسێت و بۆ یەکێ لە فیلۆسۆفە دیارەکانی مۆدێرنیتی دەگەڕێتەوە. لەو تەوەرەیەی (گۆران عەبدولڵا)ی بەڕێوەبەری (دەنگەکان) بۆ (مارکس)ی کردووە و من یەکێكم لە بەشدارانی، ئەو باسەم هێناوەتە گۆڕێ و ئێستا بە پێویستی نازانم بۆی بگەڕێمەوە. (هابرماس) یەکێکە لەوانەی پێیان وایە دووفاقییەک لە ڕوانینی (فۆکۆ) بۆ (کانت)دا هەیە، بەوەی لە نووسینەکانی تریدا ڕەخنەی لێ گرتووە، لە کاتێکدا ئێستا وا بۆی دەگەڕێتەوە.(4)
لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا (فۆکۆ) لێرەدا بەرگری لە تەواوی ڕوانینی (کانت) ناکات، بەڵکوو لانی کەم لەوەدا دژیەتی، کاتێ ڕۆشنگەری و هیومانیزم پێک دەبەستێتەوە، بەوەی خۆی پێی وایە هیومانیزم توخمەکانی لە ئایین، زانست و سیاسەت وەرگرتووە و ئەو ڕەخنەی لەو پێکبەستنەوەیە هەیە، مادام بە لای مێتافیزیکادا دەشکێتەوە.
کاک ئارامی ئازیز!
ئەوەی لەو بارەیەوە نووسیومە، تەنیا سەرەتایەکە و بۆ ئەوەیە لە ڕێگەیەوە بانگهێشتی ئەو گفتوگۆیەت بکەم، دەنا بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە دەڵێم ئامادەم گوتارێکی پوختتر بنووسم. ئێستا با جارێکی دیکە بۆ ئەو گوتەیەت بگەڕێینەوە: (ئەگەر بمانەوێت ڕەخنەیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، دەبێت پەیڕەوکاری فۆکۆ بین).
وەک بینیمان هەم (کانت) و هەم (فۆکۆ)یش ڕەخنەیان لەو تێگەیشتنە گرتووە. ناویان لەوەی تۆ ناوە دۆخی کەموکورتی، کە وەک گوترا (کانت) پێی وایە ئێمە لە دۆخی کەموکورتیداین، کاتێ سێ شت شوێنمان دەگرنەوە، کە یەکێکیان ئەوەیە کاتێ ڕابەڕێکی ڕۆحی (spiritual director) شوێنی ویژدانمان بگرێتەوە. واتە ئەو ڕابەرە ڕۆحییە، کە دەکرێت پیاوی ئایینی، یان سەرکردەی ئایدیۆلۆجی، یان بیرمەندێک بێت، دەکەینە پێشڕۆمان و دوای دەکەوین، ئەوە لە دۆخی کەموکورتیداین. ئینجا دوو مەرجی داناون، تا لێی ڕزگار ببین، کە یەکێکیان جوداکردنەوەیەکی ڕوونی نێوان بواری ملکەچی (obedience) و بواری بەکارهێنانی عەقڵە. وەک پێشانمان دا لای (کانت) کەموکورتی دۆخێکی دیاریکراوی ویستمانە و وامان لێ دەکات دەستەڵاتی کەسێک پەسەند بکەین، تا لەو بوارانەدا بە ڕێوەمان ببات، کە پێوەندییان بە بەکارهێنانی عەقڵەوە هەیە. ئەوەی تۆ گوتووتە، ئەوەیە: (بیر مەکەرەوە، تەنیا فەرمان جێبەجێ بکە!). (کانت) پێی وایە ئەمەیان ئەو شێوازەیە، کە دیسپلینی سەربازی، دەستەڵاتی سیاسی و دەستەڵاتی ئایینی تێدا بە کار دەهێنرێت. ئەوەیشمان گوت چۆن (فۆکۆ) بایەخی (کانت) لەوەدا دەبینێت، کە ئەو دژی ئەوەیە لە بەکارهێنانی عەقڵدا جگە لە خۆمان، پشت بە کەسی دیکە ببەستین. (کانت) دەڵێت مرۆڤ خۆی لەو کەموکورتییەی بەرپرسە، بۆیە پێویستە وای دابنێین، کە تەنیا بە گۆڕانکارییەک، خۆی لە خۆیدا بەرپای دەکات، دەتوانێت لێی هەڵبێت. ئەگەر لەو دیدەی (کانت)ـەوە بڕوانین، ئەوەی تۆ، کە دەڵێیت دەبێت پێڕۆکەرت هەبێت، کەموکورتییە، بەوەی دەتەوێت ئەو لە جیاتیت بیر بکاتەوە، بەڵام دەکرێت لێی ڕزگار ببیت. چۆن؟ گۆڕانکاری لە خۆتدا بکەیت. واتە خۆت عەقڵی خۆت بە کار بهێنیت و نەبیتە پێڕۆکەری هیچ کەس، کە ئەمە وات لێ دەکات خۆیشت ڕێ نەدەیت کەس ڕێنوێنی بکەیت. واتە ناڵێیت دەبێت ڕەخنەتان قەبووڵ بێت. بەم شێوەیە بەرپرسیت لەوەی دەست بۆ ئەو گۆڕانکارییە دەبەیت، یان نا! کەواتە وەک گوترا ڕۆشنگەری ئەو بوێرییەیە، ئێمە دەیخەینە بەر خۆمان، تا بەبێ پاڵپشتیی ئەوانەی دی خۆمان بە ڕێوە ببەین، کە ئەوەیش ڕێمان دەدات پرسیاری نوێ دابهێنین، چەمکەکان لێک بدەینەوە و گفتوگۆیان لێوە بکەین، بەبێ ئەوەی ملکەچی هیچ دەستەڵاتێک ببین. ئایا هێشتا سووریت لەسەر ئەوەی بڵێیت دەبێت پێرۆکەری (فۆکۆ) بین؟
کاک ئارامی ئازیز، ڕێم دەدەیت جارێکی دیکە بپرسم ئایا تۆ بە ڕاستی ئەو گوتارەت دیوە؟ ڕاستییەکەی پێویستە هەردووکیانت خوێندبنەوە، بەڵام من تەنیا لەبارەی ئەوەی (فۆکۆ)وە دەپرسم. چۆن پێڕۆکەری کەسێک بین، لە کاتێکدا نەمانناسیوە، بەڵکوو تەنیا ناویمان بیستووە؟ ئینجا هەر بە ڕاستی ناوێکی سیحراویی هەیە و لەم سێ دەیەی ڕابردوودا نووسەران زۆر هێناویانە. گوتارەکەتت لە ئەکاونتی فەیسبوک داناوە و هاوڕێیەک سکرینشۆتێکی ئەوی بۆ ناردووم. دەبینم هەشتاوچوار کەس لایکیان کردووە. ئایا لەو هەشتاوچوار خوێنەرە، یەکێکیان نەیپرسی ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت خوێندووەتەوە؟ ڕەنگە هەڵەکە هیی ئەو نووسەرە بێت، لێیت وەرگرتووە، یان دوور نییە ئەویش هەر بە هەڵە هێنابێتی، بەڵام خۆ دەکرا هەم تۆ بە دوایدا بگەڕێیت و هەم خوێنەرانیشت شتێکی لەم شێوەیە بپرسن. با وای دابنێین (کانت) و (فۆکۆ) ماون و لێیان دەپرسین ئایا دەزانن هەشتاوچوار کەس گوتارێکیان بە دڵە، کە ناوی ئێوەی تێدا هاتووە، بگرە گوتراوە دەبێت ببینە پێڕۆکەرتان. ئەرێ چ وەڵامێکمان دەدەنەوە؟
هەر خوێنەرێک چەند لاپەڕەیەکی لەبارەی (فۆکۆ)وە خوێندبێتەوە، دەزانێت ئەو فیلۆسۆفی جیاوازییە و ڕەخنە لە ناسنامە (Identity) دەگرێت، کە ئەو ناسنامەیە تەنیا خۆی بەرهەم دێنێتەوە. ئایا ئێمە ئەگەر پێڕۆکەری ئەو بین، چ جیاوازییەک دەهێنین؟ لە کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا، کە گفتوگۆیەکە و (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم، نووسیومە: [ڕەخنەدۆزانی وەک (فۆکۆ) و (دولووز) ڕەخنە لە هەموو ئەو چەمک و سەرچاوانە دەگرن، کە دەیانەوێت ناسنامەی مرۆڤ پێک بهێنن، کە ناسنامەیەکی چەسپاوە، هاوکات پێ لەسەر ئەوە دادەگرن، کە مرۆڤ بەردەوام ناسنامەی خۆی دروست دەکات؛ ئەو ناسنامەیەی بە بەردەوامییەوە بەستراوەتەوە، نەوەک بە سەرچاوە و چەمکەکانەوە، بۆیە هەموو پابەندی و لەچاوکردنەوەیەک دەدەنە دواوە. پابەندبوون بە چەمک و سەرچاوەکان واتە نەبوونی جیاوازی، بەوەی ئەوانە چەسپاون. بە مانایەکی تر، هەر کاتێ لە ڕێی چەمک و سەرچاوەوە بیر دەکەینەوە، ئێمە پابەندی ناسنامەی نەگۆڕین و هەر ئەو ناسنامەیە وەک خۆی بەرهەم دەهێنینەوە. (فۆکۆ) مێژوو بە هێڵێکی ڕێک نابینێت، بەڵکوو پێی وایە بریتییە لە پچڕان و جیاوازی. بە مانایەکی دی، مێژوو جێگیر و پێکبەستراو نییە، وەک ئەوەی پێشتر (مارکس) بەسەر قۆناغەکان دابەشی کردووە، بۆیە لە بەرهەمەکانیدا، بە تایبەتی لە (ئارکیۆلۆجیای زانین)دا وێناندن، یان نوێنەرایەتی (Representation) دەداتە دواوە، چونکە ئەوەیان هەموو جیاوازی و لەیەکنەچوونێک بە لاوە دەنێت. لەم نێوەدا چەمکی (عەقڵ) زەق دەکرێتەوە و چەمکی (شێتی) دەشاردرێتەوە، کە (فۆکۆ) لە ڕێی ئەوەی دوایییانەوە مێژوو دەخوێنێتەوە و ئەو جیاوازییانە دەدۆزێتەوە، کە لەو دابەشکارییەدا گوم بوون. (دولووز) بە هەمان شێوە لە دژی هەموو لەیەکچوون و وەکیەکییەکدا وەستایەوە].
کاک ئارامی بەڕێز!
لە سەرەوە هەندێک نموونەم لە گوتارەکەت وەرگرت و پرسیم ئایا دەکرێت خوێنەرێکی (فۆکۆ) ئەو شتانە بنووسێت و لەم ئاستەی زماندا دەریانببڕێت؟ ئێستا هەوڵ دەدەم هیی دیکەی لێ وەربگرم و پرسیاری ترت ئاڕاستە بکەم. با دیسان بۆ ئەم بڕگەیەی نووسینەکەت بگەڕێینەوە: (ئەوەی لای ئێمە زۆرجار بەناوی ڕەخنەوە دەنووسرێت هەڵڕشتنی ڕقی شەخسی و نەبینینی کۆی تێکستەکەیە، یان بەلاڕێدابردنی تێکستەکەیە بەو مەرامەی ڕەخنەگر مەبەستییەتی).
لێرەدا بە تایبەت مەبەستم لەوەیە، کە دەڵێیت (کۆی تێکست) ببینرێت. ئایا سەیر نییە یەکێ پێی وا بێت ئەگەر لە (فۆکۆ)وە بڕوانین، بەم ئەنجامە دەگەین، لە کاتێکدا ئەو فیلۆسۆفە پێچەوانەی ئەوەی کردووە؟ ئایا ئامادەیت گفتوگۆیەکی سەربەخۆ لەو بارەیەوە بکەین؟ ئەگەر ئامادە نییت، ئەوە پێت خۆشە خۆم باسێکی تایبەت بنووسم و پێشانی بدەم، کە (فۆکۆ) چۆن دەڕوانێتە چەمکی تێکست؟ دیارە هێندەی ئاگام لێ بێت، پێشتریش لە گوتارێکی ترتدا هەمان بۆچوونت دەربڕیوە و من لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) بۆ گۆڤاری (وانەر) لەگەڵیدا کردووم، وەک نموونە هێناومەتەوە و نووسیومە:
[ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت پێویستە ڕەخنەگری ڕاستەقینە کۆی تێکست ببینێت. هەر بە ڕاستی وەک شتێکی فیزیکی دەڕوانێتە تێکست. واتە ئەو تێکستە بریتییە لەو ڕووبەرەی وا لەسەر کاغەزدا شێوەی گرتووە. لایەنە دیارەکەی تێکست، نەوەک لایەنە نادیارەکەی بۆ ئەو گرنگە. ئەوە چ تێکستێکە، کە تا ئەو ڕادەیە سادەیە، دەتوانیت هەمووی ببینیت؟ ئەوەی لە ڕێی دایەڵۆگەوە، دایەڵۆگ لەگەڵ فکری ڕەخنەییدا، نەهێناوە، بەڵکوو لەو دۆخەی وەرگرتووە، کە (دۆرکایم) بە کۆویژدان، یان کۆهۆش (collective consciousness) ناوی دەبات. ئەو کۆویژدانە تێکڕای ڕوانینی کۆمەڵگە دەگرێتە خۆی. ئەگەر ئەو پەرەگرافە بدەیتە هەر خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفە، پێی پێدەکەنێت، بەڵام لەم دۆخەی ئەمڕۆی ئێمەدا دەتوانێت لەگەڵ کۆمەڵێک پەرەگرافی دیکەی هاوشێوەی خۆیدا یەک بگرێت و کتێبێک پێک بهێنێت. ڕەخنەگری میلـلی دەیەوێت کۆی تێکست ببینێت، بۆیە ئەو نووسەرانە دەدۆزێتەوە، کە خۆیشیان لەو کۆویژدانەیان وەرگرتووە. لە ماوەیەکی کورت و بە ئاسانی دەتوانێت کتێبیان لە بارەوە بنووسێت].
کاک ئارامی ئازیز، ئێستا ئەم پەرەگرافە لە نووسینەکەت وەردەگرم:
[بێگومان لەنێو فەزای ڕۆشنبیرییەکی نۆرماڵدا ڕەخنە قەبووڵ نەکردن کردەیەکی ناسروشتییە، بەڵام لەنێو ئەم فەزا ئاڵۆزەدا، کە سیخنانە بە نەخوێندەواریی و ناڕۆشنبیریی و دووربوون لە کتێب و مەعریفە، بەڵام خۆ هەڵواسین بە نووسین و کتێب و مەعریفەدا قەبووڵکردنی ڕەخنە دەبێتە کردەیەکی ناسروشتی و نەخوێندەوارەکانی نێو کایەی رۆشنبیریی کوردی بە وتار و نامە و لاوانەوەوە دەکەونە پێداهەڵگوتن بە یەکتریدا.
مانگی ڕابردوو سێ هاوڕێی نووسەر لەسەر ئەوەی ڕەخنەیان لە یەکتری گرتووە (کە بێگومان ئاستی ڕەخنەکان بە جۆرێکە مەگەر لەنێو کورددا پێی بوترێت ڕەخنە و من قسە لەسەر ناوەرۆکی ڕەخنەکان ناکەم) و هەرسێکیان سەری قەبوڵکردنیان بۆ یەکتری ڕاوەشاندووە، ئیدی دووبارە کەوتوونەتە پێداهەڵگوتن و جۆرێک لە هۆنینەوەی ستایشنامە، کە وەکو ئەوەی قەبوڵکردنی ڕەخنە کردەیەکی ناسروشتی بێت؟ بێگومان ئەم کردەیە لەنێو نووسەرانی نەخوێندەوار و لیبۆکدا کردەیەکی ناسروشتییە. دەنا لەنێو نووسەرانی داهێنەر و ڕەخنەگرانی بەئاوەزدا کردەیەکی گەلێک سروشتییە و پێویست بە شانوباڵ هەڵدان ناکات].
پێش ئەوەی لەبارەی قەبووڵکردنی ڕەخنەوە هیچ شتێک بڵێم، دەپرسم ئایا کەسێک چەند لاپەڕەیەکی (فۆکۆ)ی خوێندبێتەوە، ئەم وشانە دەنووسێت؟ تۆ بە ئێمەت گوتووە لەو گوتارەی (فۆکۆ)وە دەستت پێ کردووە و بەو ئەنجامە گەیشتوویت، لە کاتێکدا بە ڕوونی پێشانمان دا گوتارەکەت نەدیوە، بۆیە ئەوەی لەسەریت هەڵچنیوە، بایەخی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا من بە لاوەی نانێم و دەمەوێت بیخەمە ژێر پرسیارەوە:
ئەرێ ئازیزی من، (لەنێو فەزای ڕۆشنبیرییەکی نۆرماڵدا) مانای چییە؟ دەتوانیت چەند دێڕێک لەو بارەیەوە بنووسیت؟ خوێنەری (فۆکۆ) ڕۆشنبیری بەسەر (نۆرماڵ) و (ئەبنۆرماڵ) دابەش دەکات؟ ئەرێ لای ئەو فیلۆسۆفە شتێک هەیە بە ناوی چاکیی نۆرماڵ؟ ئەگەر هەیە، چەمکی ئارکیۆلۆجیا و جینیالۆجیا مانایان چییە؟ کاتێ شتەکان بە نۆرماڵ دەزانین، واتە دەستمان بە حەقیقەتەوە گرتووە، کە (فۆکۆ) لە پاڵ (نیتشە)دا ڕەخنەدۆزێکی سەرسەختی حەقیقەتە، یان بە دەربڕینێکی تۆکمەتر، هەموو ئەو چەمک (discourse)انە دەداتە بەر ڕەخنە، کە ئەو حەقیقەتەیان پێک هێناوە، بەوەی ئەوە چەمکەکانن لە هەر ماوەیەکی دیاریکراوی مێژوودا حەقیقەتێکی دیاریکراو پێک دەهێنن. وەک لە کتێبی (لەدایکبوونی کلینیک: The Birth of the Clinic)دا ئەو قۆناغانە جودا دەکاتەوە، کە تێیاندا چەمکی (شێتی) لێک دراوەتەوە. لە کتێبی (مێژووی شێتی لە سەردەمی کلاسیکدا)دا باس لەوە دەکات چۆن لە سەردەمی ڕێنەیسانسدا شێت وەک بلیمەت سەیر دەکرا، بگرە بە کەناڵێکی گرنگی زانین دادەنرا، کە ئەمە لە شیعری (کەشتیی شێتان)ی (برانت سەبیستیان)دا ڕەگی داوەتەوە و (هیرۆنیمۆس بۆش)ی شێوەکار تابلۆکەی کێشاوە. ئەوان لە دەرەوە ئازادانە دەسووڕانەوە، بەڵام دواتر لە سەردەمی کلاسیکدا وەک نەخۆش، دڕندە و لادەر لێیان دەڕوانرا. لە سەردەمی مۆدێرندا، دوای گەشەکردنی زانستە مرۆیییەکان (Humanities)، بە تایبەتی پزیشکی و دەروونی، ئەم مرۆڤە خرایە ئەو بنکانەی بە مەبەستی (نەخۆشیی دەروونی) کرانەوە، کە زیندانن، هەموو شێوازەکانی ئەشکەنجە و سەرکوتیان تێدا جێبەجێ دەکرێن. ئەوە لە مێژووی سیاسیدا دیار نییە، بەوەی زانستی مێژوو لەسەر ئەوە دامەزراوە، کە قۆناغەکان بە شێوەی ڕیزبەندی ببینێت. ئەوەیان شێوەیەکی ئاسۆیییە، لە کاتێکدا ئارکیۆلۆجیا بە سروشتی خۆی شاقووڵییە و دەگاتە ئەو شوێنانەی، وا مێژووی فەرمی، کە مێژووی دەستەڵاتە، بە لاوەی ناون. زیندانەکان، نەخۆشخانەکان، دادگاکان، بنکەکانی نەخۆشیی دەروونی و ئەوانەی دی دەبنە جێگەی بایەخی ئەو ئارکیۆلۆجیایە. (ئەمە ئەو شتەیە، ئێمەی نووسەرانی ئەدەبی گێڕانەوە لە کارەکانماندا دەیکەین. خۆم بە تایبەتی لە ڕۆمانی تەرمەواندا پەنام بۆ بردووە. تۆ وەک ڕەخنەگرێکی ئەدەبی ناکرێت لێی بێئاگا بیت). ئارکیۆلۆجیا وەک زانستی مێژوو نییە، مێژووی فکر (history of thought) بنووسێتەوە، تا بۆچوونەکان ڕاڤە بکات، بێ ئەوەی بە دوای حەقیقەتدا بگەڕێت. ئەوەیان مەبەستیەتی هەڵەکان دەربخات، لە کاتێکدا ئارکیۆلۆجیا پێوەندیی پرۆبلەماتیکییانەی مەعریفە و دەستەڵات لێک دەداتەوە. دەبێتە تێکشکێنەری هەموو چەسپاو و هەڵوەشێنەری تێکڕای یەکگرتووەکان، کە وەک گوترا ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەی مێتافیزیکایە. (فۆکۆ) پێی وایە (نیتشە) ویستوویەتی مێژوو بە شێوەی جینیالۆجی بخوێنێتەوە. مەبەستی ئەوەیە لەو ڕێیەوە مێژوو لەو مێژووە ڕزگاری دەبێت، وا خۆی دەخاتە سەرووی مێژووەوە. واتە دەیەوێت هەر ڕووداوێکی ئەو مێژووە بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەوەی شتەکان لە کۆمەڵێک سیستەم و پێوەندیی ئاڵۆزی تێکچڕژاو پێک هاتوون، کە تێیدا کایەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، مەعریفی و هیی دیکە تێکەڵی یەک دەبن. لێرەدا کۆمەڵێک فێڵ و تەکنیک لە پێناویدا دەخرێنە گەڕ. پێوەندیی دەستەڵاتخوازانەی کۆمەڵگە لەو کایانەوە بەرهەم دێت، نەوەک لە دەرەوەیان، کە دەکرێت بڵێین هاوشانیانە. ئەو ئارکیۆلۆجیایە تەنیا ڕووبەڕووی ڕابردوو نابێتەوە، بەڵکوو وەک لە گوتاری (ڕۆشنگەری چییە؟)دا بینیمان بایەخی بۆ (ئێستا)یش هەیە، بەو مانایەی ئەو پرۆسێسە بە دوای دابڕان و کەندڕەکاندا دەگەڕێت، لە کاتێکدا ئەوانە جیاوازییەکان پێشان دەدەن. بە مانایەکی دی، بایەخی ئارکیۆلۆجیا تەنیا بۆ شتە دیار و زەقەکان نییە، بەڵکوو بە پلەی یەکەم بۆ پەراوێزەکان (margins)ـە. پێداچوونەوەی هەموو ئەو نووسراو و نەنووسراوانەی بە لاوە نراون، بە مەبەستی خوێندنەوەیەکی دیکەی جیاواز. لە کتێبی (ئارکیۆلۆجیای زانین: The Archaeology of Knowledge)دا ڕوانینێکی دیکەی تەواو جیاواز بۆ خوێندنەوەی مێژوو دەخاتە ڕوو. ئەو لە تێکڕای بەرهەمەکانیدا دەیەوێت چەمکەکان (discourse) ڕاڤە بکات، بەو مانایەی ئەوانە کۆمەڵێک ئاستی گۆکراون، ئینجا چ لە دۆخی زوباندا بن و چ لە دۆخی نووسیندا، کە مرۆڤ لە ماوەیەکی دیاریکراوی مێژوودا بە کاریان دەهێنێت، بەوەی پێوەندییان بە خود، دەستەڵات و زانینەوە هەیە، کە ئەو دووانە، دەستەڵات و زانین (knowledge and power) لە یەک جودا ناکرێنەوە، بەوەی زانین، یان مەعریفە هەمیشە بریتییە لە بەکارهێنانی دەستەڵات، لە کاتێکدا دەستەڵات، کە (مەبەست لە هێزە)، ئەرکێکی ئەو زانینەیە، بۆیە دەستەڵات ئیستراتیجییە و لە بەکارهێناندا دەردەکەوێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەو دووانە لە یەک ئاستدان، بەڵکوو ئەگەر مەعریفە دەستەڵات بە دەست دەخات، مانای وا نییە خودی دەستەڵاتە، وەک چۆن ئەگەر دەستەڵات مەعریفە بەرهەم دێنێت، ناکرێت بڵێین خۆی مەعریفەیە. دەتوانین بڵێین دەستەڵات هێندەی بەکارهێنانە و خۆی لە پێوەندییە بەرهەمهێنەکاندا دەنوێنێت، هێندە دامودەستگەیی نییە. بەم شێوەیە لە پشت هەر مەعریفەیەکدا دەستەڵات ئامادەیە. ئەوانەیشن شێوازی ژیانی کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هیی تر پێک دەهێنن. هەر لەو کتێبەدا پێی وایە (چەمک) هۆشیارییەک نییە، پڕۆژەکەی لە فۆرمی دەرەوەی زماندا نیشتەجێ بکات، بەڵکوو بەجێهێنانێکە شێوەی تایبەتی لە پێکبەستنەوە و بەدواداهاتندا هەیە. کەواتە (چەمک) مەڵبەندی چالاکیی خودە جیاوازەکانە، بەو مانایەی هەموو کردار، ململانێ، ئارەزوو و شتەکانی تری تێدا دەردەکەون. بەم شێوەیە (چەمک) بریتییە لە کۆمەڵێک تێگەیشتن (concepts)، کە بە ڕێی دیاریکراو بە تێگەیشتنەکانی دیکە دەگەنەوە. هەر لێرەوە دژەکان دەردەکەون. بۆ نموونە (سروشتی) لە بەرانبەر (نەخۆش)دا، کە دەستەڵات لە ڕێی ئەو چەمکانەوە زانست دادەمەزرێنێت. چەمک و تێکست جیاوازن. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە ڕاچێتەی پزیشک بە دەستەوە بگرین، تێکستێک دەبینین، بەڵام کاتێ لێی ورد دەبینەوە، چەمکەکان دەردەکەون. کێ نووسیویەتی؟ پزیشک. ئەو پزیشکە لێرەدا دەستەڵاتدارە، بەوەی لە ڕێی ڕێنوێنییەکانەوە پێمان دەڵێت ئەو دەرمانانە چۆن و کەی بە کار بهێنین. چی بخۆین، چی نەخۆین و هیی دیکەی لەم بابەتە. بەم شێوەیە دەستەڵات جێبەجێ دەکات و دەیسەپێنێت. لێرەدا هێز و ملکەچی دەردەکەون. نەخۆش ملکەچی پزیشکە، کە ئەو پزیشکە لەو ڕێیەوە هێزی بە کار هێناوە. واتە ئێمە ملکەچین لەلایەن دەستەڵاتەوە حەقیقەت بەرهەم بهێنین، بەو مانایەی تەنیا لە ڕێی جێبەجێکردنی دەستەڵاتەوە بەو حەقیقەتە دەگەین. پزیشک ئەو زانیارییەی لە کوێوە هێناوە؟ لە زانستی پزیشکییەوە، کە ئەو زانستە وەک گوترا بۆ ئەوە لە دایک بووە، تا مرۆڤ بۆ بابەت بگۆڕێت. مرۆڤ خراوەتە تاقیگە و زانستی لەسەر تاقی کراوەتەوە. بەم شێوەیە ئەو زانینە لەوەوە هاتووەتە دی، کە ئەوەتە جارێکی دیکە پزیشک بەسەریدا دەسەپێنێتەوە. کاتێ پێمان دەگوترێت دەبێت ڕەخنە قەبووڵ بکەن، واتە گومانمان لەو زانینە نەبێت، کە لە ڕێی دەستەڵاتەوە بەرهەم هاتووە، بەڵکوو چۆن نەخۆش بەپێی ڕێنوێنییەکانی پزیشک دەرمان دەخوات، ئاوا پێویستە ئێمەیش ئەو ڕێنوێنییەی ڕەخنەگر لە بەرچاو بگرین، دەنا پێمان دەگوترێت نەخوێندەوار، پاسەوان، لێبووک و شتی دیکەی لەم بابەتە. بە مانایەکی دی، سزا دەدرێین.
ئەوە دەستەڵاتی سیاسییە لە ڕێی دامودەستگە جیاوازییەکانەوە بڕیار دەدات چی پەسەندە و چی ناپەسەند؟ چی بگوترێت و چی نەگوترێت؟ چی دەربخرێت و چی بشاردرێتەوە؟ هەر لێرەیشەوە میکانیزمی سزا و چاودێری دەردەکەوێت، بگرە ئەشکەنجە و زیندان دێنە ئاراوە، کە لە کتێبی (دیسپلین و سزا: DISCIPLINE AND PUNISH)دا باس لەو تەکنەلۆجیایە دەکات، وا بۆ دەستبەسەرداگرتنی جەستە داهێنراوە. (دامیان: Damiens) بە نموونە دەهێنێتەوە، ئەو مرۆڤەی دوای ئەوەی لای جەلادەکەی ددان بە تاوانەکەیدا دەنێت، دەخرێتە سەر عەرەبانە و بە شەقامەکانی پاریسدا دەگێڕرێت، تا دەگەیەنرێتە سەر سەکۆی سێدارە. پارچەکانی جەستەی یەک لە دوای یەک دەبڕن. ئەگەر ئەمە توندوتیژییەکی دیارە و شوێنەواری لەسەر جەستەدا دەردەکەوێت، ئەوە هاوکاتی توندوتیژییەکی دیکەیە، کە بە شاراوەیی لەسەر دەوروبەریدا جێ دەمێنێت.
وەک هەر  لە کتێبی (ئارکیۆلۆجیای زانین)دا دەڵێت یاریی گەورەی مێژوو خۆی لەوەدا دەنوێنێت کێ سەر دەکەوێت و دەست بەسەر یاساکاندا دەگرێت؟ واتە خاوەنی یاساکە دەتوانێت پاوانخوازی (dominance)ی خۆی بسەپێنێت و مەعریفە هەڵبسووڕێنێت. لەمەوە ڕەخنەی (فۆکۆ) دەگاتە دامەزراوەی دەوڵەت، بەو مانایەی ڕووبەڕووی چەمکی پەیمانی کۆمەڵایەتی (Social contract) دەبێتەوە، کە وەک پرۆسێسێکی چاکسازیی کۆمەڵایەتی دەستەڵاتی بۆ بۆرجوازی گوێزایەوە و ئەویش لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیدا، پەنای بۆ سزا برد، بەو مانایەی دەوڵەت بووەتە قەبارەیەک، کە بەرژەوەندیی خۆی دەخاتە سەرووی هەموو ئەوانەی ترەوە. کاتێکیش بەرژەوەندیی دەوڵەت شتی بنەڕەتییە، ئەوە هەر شتێک لەبارەی سروشتیەوە بگوترێت، بێبەهایە و بە لاوە دەنرێت.
وەک گوترا جینیالۆجیا لای ئەو فیلۆسۆفە پرۆسێسی ڕۆچوونە بە ناو مێژوودا، بەوەی ئەو مێژووە بەردەوام حەقیقەت کەڵەکە دەکات. بە مانایەکی دی، جینیالۆجیا لە ڕێی پرسیارەوە ڕووبەڕووی مێتافیزیکا دەبێتەوە و دەیەوێت دایبڕووخێنێت. لە شوێنی پرسیاری (چاکە و خراپە چین؟)دا، پرسیاری لە شێوەی (کێ بڕیار دەدات چی چاکە و چی خراپ؟)، (کێ ئەوە دادەمەزرێنێت؟) و هیی دیکە دادەنێت. بەم شێوەیە هیچ شتێک ناتوانێت وا خۆیمان پێ بناسێنێت، نۆرماڵە و حەقیقەت دەرنابڕێت.
میشێل فوکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤) فەیلەسووفی فەڕەنسی
کاک ئارامی ئازیز، هەر لەو دیدگەیەی (فۆکۆ)وە دەپرسین کێ بڕیار دەدات چی نۆرماڵە و چی نۆرماڵ نییە؟ ئێمە کاتێ شتەکان بەسەر نۆرماڵ و ئەبنۆرماڵ دابەش دەکەین، واتە پەنامان بۆ پێوەر بردووە و لە ڕێی پێوەرەوە، کە تەنیا حەقیقەتێک دەردەبڕێت، بەو ئەنجامە دەگەین، لە کاتێکدا (فۆکۆ) وەک پێشتر گوتمان فیلۆسۆفی جیاوازییە و دژی هەموو پێوەرێکە. ئەوەمان بینی لە ڕێی پێوەرەوە شێتەکان لە مرۆڤی ئازادەوە کرانە کەسانی نەخۆش، دڕندە و لادەر، گۆیە خاوەنی مەعریفە نین، یان خاوەنی مەعریفەی شێواون، لە کاتێکدا (فۆکۆ) پێی وایە شێت خاوەنی مەعریفەیە، بەڵام مەعریفەیەکی جیاواز. لە سەردەمی کلاسیکدا نەخۆشیی گەڕی (Leprosy) وا سەیر دەکرا، گۆیە نەفرەتی خودایە. ئەو کەسانە لە کۆمەڵ دوور دەخرانەوە، کە تووشی دەبوون. تۆ ئەوەی خۆتت لە تێگەیشتنی میلـلییەوە هێناوە و ناوی (فۆکۆ)ت لەسەر نووسیوە. ئەم تێگەیشتنە هەر خۆی لای ئەو فیلۆسۆفە دەکەوێتە بەر ڕەخنەی توند، چونکێ وەک گوترا (چەمک)ـە و حەقیقەت دەردەبڕێت. ڕۆشنبیری بە نۆرماڵ ناو دەبەیت، بۆ ئەوەی لەو ڕێیەوە هەر کەسێک بخەیتە دەرەوە، کە لەگەڵ ئەو پێوەرە نایەتەوە؟ هەر بە ڕاستی (فۆکۆ)ت خوێندووەتەوە؟ ئەوەی تۆ گوتووتە، ڕۆژانە خەڵکیش دەیڵێن، بەڵام ئەوان ناوی فیلۆسۆفانیان نەبیستووە.
دەبێت ئەوە بخەینە بەر چاو، کە (فۆکۆ) دژی ئەوەیە شتەکان یەک بنەمایان هەبێت، گۆیە هەموو چەمکەکان لەوێوە هاتوون، بەڵکوو پێی وایە شتەکان لە کۆمەڵێک ڕەگ پێک دێن. لێرەوەیە ناکرێت مانای شتەکان چەسپاو ببینین، بەڵکوو بەپێی کات و شوێن گۆڕانیان بەسەردا دێت. (نیتشە) هەر بە تەواوی بنەما بە لاوە دەنێت، بەڵام (فۆکۆ) لەگەڵ هەبوونیدایە، لە کاتێکدا ئەم هەبوونە ئەوە ناگەیەنێت سنوورەکانی دیاری بکرێن. (فۆکۆ) لەو پێشەکییەی لە ژێر ناونیشانی (نیتشە، فرۆید و مارکس)دا بۆ کتێبی (فەلسەفە لە سەردەمی تراجیدیای ئەگریکیدا)ی (نیتشە)ی نووسیوە، دەڵێت: (لای نیتشە هیچ مانایەکی بنەڕەتی بوونی نییە). هەر بە گشتی پێی وایە ئەو سێیانە لەوەدا دابڕانیان دروست کرد، کە ئیدی تێکست وا نەخوێنرێتەوە، کە تەنیا شتی ڕاستەوخۆ دەردەبڕێت، بەڵکوو ناڕاستەوخۆیی بووە خاڵێک، سەردەمەکەیانی پێ لەوانەی پێشوو جودا بکرێتەوە. دەتوانین بڵێین ئارکیۆلۆجیای (فۆکۆ) و جینیالۆجیای (نیتشە) لەوەدا بە یەک دەگەنەوە، کە دژی هەر لێکدانەوەیەکی مێتافیزیکییانەن، بگرە دژی ئەو میراتەی (پلاتۆ)ن، کە لە چەمکەکانی (قووڵایی)، (ئامانج) و (بنەما)دا بەرجەستەیە. ئارکیۆلۆجیای لای (فۆکۆ) جینیالۆجیاییشە، کە ئەویش بە کار دەهێنێت. ئەو بە ڕادەیەک خود بە لاوە دەنێت، دەگاتە ئەوەی بڵێت ئەوە چەمکەکانن مرۆڤیان بەرهەم هێناوە، نەوەک بە پێچەوانەوە، کە ئەوانە وەک تۆڕێک ڕایەڵ، هەم لە ئاگایی و هەم لە نائاگایی پێک هاتوون، لە گۆڕانی بەردەوامدان. پێی وایە ئەو مرۆڤە هەمووی دوو سەدەیەکە دەرکەوتووە، کە هیچ پێوەندیی بەوانەی سەردەمی پێشووەوە نییە، بۆیە دەکرێت هەر بە جارێ ونیش ببێت. واتە مەرگی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت. دوایی کاتێ باسی (هەڵسەنگاندن) دەکەین، کە تۆ دەڵێیت ڕەخنە بریتییە لە هەڵسەنگاندن، بۆ چەمکی (خود) دەگەڕێینەوە و پێشانی دەدەین، ئەو وەک یەکێ لە فیلۆسۆفانی پۆستمۆدێرن چۆن لێی دەڕوانێت. ئینجا کاتێ باس لە مەرگی مرۆڤ دەکات، مەبەستی لایەنی فیزیکیی ئەو مرۆڤە نییە، بەڵکوو مەبەستی لەوەیە مرۆڤ بووەتە بابەتی زانستە مرۆیییەکان، بگرە ئەوانە بۆ ئەوە لە دایک بوون، تا ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ، ئەرکی ئەوەی چۆن مرۆڤ وەک دیاردە بخوێننەوە. مرۆڤ ئەو خودە هۆشیار (conscious subject)ـە، یان ئەو خودە بیرکەرەوەیە نەماوە، گۆیە بیر دەکاتەوە و بەپێی بیرکردنەوەکەی بڕیار لە ژیانی دەدات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە نە بیرکردنەوەکە هیی خۆیەتی و نە کردارەکانیشی لە ویستیەوە سەرچاوە دەگرن، چونکێ ئەو زمانەی پێی دەدوێت، هیی خۆی نییە، بەڵکوو پابەندی ڕێزمان و ئەو یاسایانەیە، کە بۆی دانراون. ئەو دەبێت زمان لەو چوارچێوەیەدا بە کار بهێنێت، کە بۆی کێشراوە. (وەک ئەوەی ڕەخنەگرێک پێت دەڵێت تۆ بۆت هەیە تەنیا لەو سنوورەدا بیر بکەیتەوە و هەڵبسووڕێیت، کە من بۆم داناویت)، بە مەرجێ ئەوەی دایناوە، هیی خۆی نییە، بەڵکوو لە ڕێی پێوەرەوە لەو دەستەڵاتەی وەرگرتووە، کە شتەکانی دابەش کردووە. ئەو ڕەخنەگرە خۆی پابەندی سیستەمێکی دیاریکراوە و دەیەوێت ئێمەیش بە هەمان سیستەمەوە گرێ بدات. بە مانایەکی دی، بمانکاتە پێڕۆکەر. لە ڕووی ئابوورییەوە، خاوەنی کۆمپانیا سیستەمی بەسەر مرۆڤدا سەپاندووە، بەوەی کەی دەبێت لە خەو هەڵبستێت؟ کەی بگاتە شوێنی کار؟ چی بکات و کەی بگەڕێتەوە؟ لێرەوە ئەو چەمکە بە چەمکی (مەرگی خوداوەند)ی (نیتشە) و (مەرگی دانەر)ی (ڕۆلان بارت) دەگاتەوە. خۆیشی گوتارێکی بە ناوی (نووسەر چییە؟: What Is An Author?) نووسیوە و پێی وایە ئەوە نووسەر، یان دانەر نییە گرنگە، بەڵکوو ئەوەی بایەخی هەیە، چەمکە. هەر لەبەر ئەوەیشە ناپرسێت نووسەر، یان دانەر کێیە. ئەو پرسیارە لە (بیکیت) وەردەگرێت: (ئاخۆ گرنگە کێ قسە دەکات؟)، کە بە گوێپێنەدان (indifference)ـەوە دەیڵێت، بەو مانایەی گوتە گرنگە، نەوەک خاوەنی گوتە. (فۆکۆ) لەو ڕێگەیەوە ڕۆڵی نووسەر لە بەرانبەر نووسیندا، یاخود لە ئاست گوتراودا کەم دەکاتەوە. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا لێم وەرگرتووە و سەرچاوەکەیشیم نووسیوە.
دەگەینە ئەوەی بڵێین ئەگەر ئارکیۆلۆجیا هاوواتای هەڵکۆڵینی مێژووە، ئەوە پرۆسێسێکی بەردەوامە و ئەو بەردەوامییەی ڕێگرە لەوەی هیچ خاڵێک بە بنەما بزانین. کەواتە (نۆرماڵ) شتێک نییە، کە خۆمانی پێوە هەڵبواسین. ناکرێت بڵێین لێرەوە دەست پێ دەکات و لەوێ تەواو دەبێت، بەڵکوو هەر لە بنەڕەتەوە هیچ شتێک بە نۆرماڵ نازانین. بینیمان (فۆکۆ) پێی وایە ئەو دابەشکارییە تەنیا لە ڕێی دەستەڵاتەوە بەرهەم دێت. پێشتریش گوترا ئەو وا لە ناسنامە ناڕوانێت، کە جێگیرە، بەڵکوو لە گۆڕاندایە، بەوەی خود بەرهەمی چالاکییەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر پێکی دەهێنن، تەنانەت چالاکییەکانیش لە گۆڕاندان. ئێمە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بە دایەڵۆگی (Dialogism) و دەقئاوێزان (Intertextuality) ناسیومانە، بەو مانایەی تێکستەکان بەناو یەکدا دەچن و هاوڕەگی دەردەخەن، بە ڕادەیەک ناکرێت هیچ شتێک بێگەرد بێت، بەڵکوو تێکڕایان لە کۆمەڵێک توخمی جۆراوجۆر پێک دێن. (فۆکۆ) وەک لەم گوتارەیشیدا، کە لە سەرەوەی ئەم نامەیەمدا لێوەی دوام، جەخت لەسەر بۆچوونی (کانت) دەکاتەوە، بەوەی نابێت (ئێستا) لە باوەش بگرین، بەڵکوو پێویستە تێی بپەڕێنین، کە ئەوە بە دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی (Epistemological Rupture) ناو دەنێت. لە کتێبی (وشەکان و شتەکان: The Order of Things)دا پێ لەسەر بایەخی پرسیارەکانی (کانت)دا دەگرێتەوە، کە پێوەندییان بە (ئێستا)وە هەیە، تا بە شێوازی خۆی دایانبڕێژێتەوە: (ئەمڕۆ چی ڕوو دەدات؟ ئێستا چی دەقەومێت؟ ئەو ئێستایە چییە، کە ئێمە و ئەوانەی تری تێدان؟ ئەرێ هەر بە ڕاستی مرۆڤ هەیە؟).
ئەگەرچی چەمکی دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی (گاستۆن باشلار) دایهێناوە، بەڵام (فۆکۆ) بە تایبەتی لە کتێبی (مێژووی شێتی)دا بە شێوەیەکی جیاواز بە کاری دەهێنێت. دەبێت ئەوە بگوترێت ئەو پرۆسێسە لای (فۆکۆ) بە مانای ڕەخنە دێت. واتە هێزێکی ڕەخنەیییە و ڕووبەڕووی هەموو ئەو چەمکانە دەبێتەوە، کە دەیانەوێت وەک حەقیقەت خۆیان دەربخەن.
(ئەوەی تۆ دەیڵێیت، کاک ئارامی ئازیز، گۆیە دەبێت ڕەخنە قەبووڵ بکەین، هێندە سادە دێتە بەر چاو، کە سەختە لە کاتێکدا باس لەو فیلۆسۆفەیە، ناوی بهێنین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا من مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵدا دەکەم و ئەوەتە ئەم گفتوگۆیەی بە دوای خۆیدا هێنا).
لە کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا نووسیومە: [(فۆکۆ) پێی وایە هەر ماوەیەک خاوەنی نموونەی زانینی خۆیەتی، بۆیە دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی پێویستە. هەروەها زانستی ئیمپیریکی (Empirical science)، یان زانستی ئەزموونییش بە لاوە دەنرێت و لە خوێندنەوەی کەلتوور و کۆمەڵگەدا پشتی پێ نابەسترێت، بەوەی ئەو زانستە مەبەستیەتی بە حەقیقەتی بابەتی بگات]. ئایا هێشتا پێت وایە شتێک هەیە بە ناوی (ڕۆشنبیرییەکی نۆرماڵ)؟ من ئامادەم بە تایبەت لەم ڕووەوە گوتارێک بنووسم، ئەگەر داوای بکەیت. ئەوانەی لەو بارەیەوە نووسیومن، لە یادەوەریی خۆمەوەم وەرگرتوون، بەڵام دەتوانم لە ڕێی دایەڵۆگ لەگەڵ بەرهەمەکانی ئەو فیلۆسۆفەوە بابەتێکی دیکە بخەمە ڕوو.
تۆ هاتوویت (ڕەخنە)ت وەک شتێکی گشتی بینیوە، بەو مانایەی قاڵبێک هەیە و هەموو ڕەخنەکانی پێ داڕێژراون، بۆیە قەبووڵنەکردنی هەر یەکێکیان، کارێکی ناسروشتییە. ئەرێ تۆ چەمکی (سروشتی) و (ناسروشتی)ت پێناسە کردوون، تا بزانین بە چ مانایەک ئەوە دەخەیتە ڕوو؟ دەتوانیت پێم بڵێیت مەبەستت لەو دوو چەمکە چییە؟ ئایا وشەکان هەر خۆیان مانای چەسپاو و ئامادەیان هەیە، یان وەک (لودڤیگ ڤیتگینیشتاین) پێی وایە (مانای وشە لە بەکارهێنانیدا دەردەکەوێت، بۆیە پێویستە بپرسین چۆن بە کار هاتووە، نەوەک مانای چییە؟). پێشتریش لای (فۆکۆ) گوترا ئەو بەوەدا خوێندنەوەی ڕیزبەندییانەی مێژوو دەداتە دواوە و پەنا بۆ ئارکیۆلۆجیا دەبات، تا ئەو جیاوازییانە بدۆزێتەوە، کە دابڕانیان دروست کردووە، ئەوە وا لە وشە ناڕوانێت، مانایەکی چەسپاوی هەیە، بەڵکوو بەپێی کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکان ئەو مانایانە دەگۆڕێن. لە کات و شوێنی جیاوازدا مانای جیاوازی وشە دەردەکەوێت. پێی وایە دوالیزمی (سروشتی/ ناسروشتی) بەرهەمی دەستەڵاتە و ئێمە لە ڕێی دەستەڵاتەوە بەوە گەیشتووین. ئەلفبێیە و ناکرێت خوێنەری (فۆکۆ) بەسەریدا تێبپەڕێت. وەک بینیمان مانای (شێتی) لە سەردەمی ڕێنەیسانسدا جیاوازە لە هیی سەردەمی مۆدێرن. بۆ نموونە مانای (تەندروستی) لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت، کە لێرەدا پێوەندییە تێکچڕژاوەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتووری و هیی دیکە ڕۆڵی خۆیان لەو گۆڕانەدا دەبینن. لە سەردەمی حەڤدەی شوباتدا تەنیا لەبەر ئەوەی تۆ خەڵکی هەولێر، یان دهۆک بوویتایە، دەدرایتە بەر جنێو و وەک بەکرێگیراوی پارتی دادەنرایت، هەتا ئەگەر وەک من نەک هەر لە تەمەنی بیستودووساڵییەوە ئەو حزبەت بۆ هەتاهەتایە جێ هێشتبووبێت، بەڵکوو ڕەخنەیشت لێ گرتبێت، کەچی کاتێ دۆخی شەقام گۆڕا، مانای چەمکەکانیش گۆڕان. بینیمان زۆر ئاسایییە ڕۆشنبیری هاوارکەری تووڕە لەوێوە بێتەوە و لە مێدیای پارتیدا بە هێمنی ببێتە کلێرک. چەمکێک هەیە و ناوی (desensitization)ـە، کە بەو مانایە دێت چۆن هەستیاریی کەسێک لە ئاستی شتێکدا ناهێڵیت. واتە ئەو هەستیارییەی بۆ نموونە لە بەرانبەر ترس و نیگەرانیدا هەیەتی، یان هەست بە ئازاری ویژدان دەکات، تۆ لەو ڕێگەیەوە لە ناوی دەبەیت و شتەکانی لا دەکەیتە ئاسایی. ئەمڕۆ ئەو هەستیارییە لە ئاستی پارتیدا نەماوە و بووەتە شتێکی ئاسایی. هیچ گرفت نییە ڕۆشنبیر ئەندامی مێدیای پارتی، یان هیی یەکێتی بێت و هاوکات وەک بیرمەندی ڕەخنەگریش لای بەشێکی جەماوەر بناسرێت، بگرە شەڕی لە پێناودا بکرێت. ئایا دەیتوانی لەو کاتەی شەقام ورووژاوە، کاری وا بکات؟ ئایا ئەو جەماوەرە لێیان قەبووڵ دەکرد؟ نەیدەتوانی، چونکێ چەمکەکان بە شێوەیەکی تر لێک دەدرانەوە و ئەو زەمینەیە بۆ جەماوەر خۆش نەبووبوو. هەستیاریی ئەوانە ڕێێ نەدەدا ڕۆشنبیر جگە لە هاوار، پەنا بۆ شتێکی دیکە ببات. (دلێر سەلیم)ی هاوڕێم و من زۆرجار باس لەوە دەکەین، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا نوکتە لەسەر خەڵکی هەولێر کەم بووەتەوە، بگرە نەماوە، بە مەرجێ لە سەردەمی حەڤدەی شوباتدا لای بەشێکی ڕۆشنبیران گەیشتە لووتکە. حەڤدەی شوبات پەردەی لەسەر ڕووی زۆر ڕۆشنبیری ئێمە هەڵماڵی و پێشانی داین بەرهەمەکەی لە هاوار، هوتاف، تۆمەتبەخشینەوە و جنێو زیاتر، شتێکی دیکە نییە. وەک پاشکۆی کارەکتەری سیاسی و ئایینیی دژەگۆڕان دەرکەوت و دواتر، کاتێ ئەوانە هێزیان لە دەست دا، ئەویش بە ئاسانی بەیعەی بە لاکەی تر دایەوە. ئەوەم لەو کاتەدا لە گوتاری (هەولێر و هەولێری لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە)دا دەربڕی، کە پێراریش وەک یەکێ لە کتێبەکانی پرۆژەی (ڕێگە) چاپ کرا.
کاک ئارامی ئازیز، ئایا هەموو ڕەخنەکان وەک یەکن، تا ئێمە پێشتر بڕیارمان دابێت قەبووڵیان بکەین؟ بەپێی ئەو ئاگایییەی هەمە لە فەلسەفەدا شتێک نییە بە ناوی قەبووڵکردن و قەبووڵنەکردنی ڕەخنە، بەڵکوو ئەوەی هەیە دایەڵۆگێکە، کە پرسیار و گومان بە ڕێوەی دەبەن و ڕووی لە نەزانراوە، بەو مانایەی لەو ڕێگەیەوە چەمکەکان دەپشکنێت و هۆشیارییەکی نوێ بەرهەم دێنێت، کە ئەو هۆشیارییە هێزی هەیە جارێکی دیکە و هەر لە ڕێی پرۆسێسی دایەڵۆگەوە گەشە بکات و لە یەک دۆخدا نەمێنێتەوە. ئەو دایەڵۆگە بە سروشتی خۆی ڕەخنەیییە، بەڵام نە سەپێنەرە و نە چەسپاو، نە لووتبەرزە و نە سازشکەریش. وەک هەر لەو گوتارەی (فۆکۆ)دا بینیمان ئێمە نابێت هیچ دەستەڵاتێک قەبووڵ بکەین، کە ئەوانەی دی بەسەرمانیدا دەسەپێنن. هیوادارم بۆ ئەو بەشەی ئەم نامەیەم بگەڕێیتەوە، کە تێیدا گوتارەکەی (فۆکۆ) شی دەکرێتەوە، تا بزانیت قەبووڵکردنی ڕەخنە، مانای ئەوەیە (بیر مەکەرەوە، بەڵکوو تەنیا فەرمان جێبەجێ بکە!). (کانت)ی فیلۆسۆف، کە یەکێکە لە ڕەخنەدۆزەکانی مێژووی فەلسەفە، هەر لەم گوتارەیدا ناو لەوەی تۆ دەنێت (ڕێنوێنیی ئەوانەی تر) و دەڵێت پێویستە ڕووبەڕووی ببینەوە، دەنا لەناو کەموکورتیی خۆماندا دەمێنینەوە. من لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا نووسیومە: (قەبووڵکردنی ڕەخنە واتە دەمت دابخە و هیچ مەپرسە، کە ئەمە شتێکی هەرەمییە. واتە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە. باوک بۆی هەیە ڕەخنە لە دایک، برا لە خوشک، مامۆستا لە قوتابی، گەورە لە بچووک بگرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە نا. هەر ئەو باوکە، مامۆستایە، برایە، گەورەیە، لە شوێنێکی تری ئەو هەرەمەدا ڕەخنەی لێ دەگیرێت و دەمی دادەخات. من خۆم بە دایەڵۆگ ڕووبەڕووت بوومەتەوە. لە دایەڵۆگدا ئەو هەرەمیەتە تێک دەشکێت و دەنگەکان هەم ئازاد دەکرێن و هەم هێندەی یەکتر توانای دەربڕینیان هەیە. هەر لە دەروازەکەدا گوتم لەم دایەڵۆگەدا بەهای تۆ یەکسانە بە بەهای من).
ئەگەر هەر بۆ ئەو کتێبەم بگەڕێیتەوە، دەبینیت لەوێیشدا ڕەخنەم لەوە گرتووە، کە گوتەیەکت هێناوە، گۆیە هیی (هایدگەر)ـە و دەڵێیت باوەڕی تەواوم پێی هەیە، بە مەرجێ گوتەکە نەک هەر پێوەندیی بەو فیلۆسۆفەوە نییە، بەڵکوو هەر خوێنەرێکی سەرەتاییی ئەو دەزانێت مایەی پێکەنینە، ئەگەر شتی وای گوتبێت. من بۆچوونێکی دیکەی جیاواز لەوەی تۆم هەیە و ڕەخنە قەبووڵ ناکەم، بەڵام هەمیشە ئامادەی دایەڵۆگم. پێویستە بپرسین ئایا ئەگەر من ڕەخنەم قەبووڵ نییە، چ ڕێیەکم گرتووە؟ ئەوە بەرهەمەکانم ماون، کە جگە لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)، لە ڕێی گوتاری (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)، (ئایا من وازم هێناوە و گەڕاومەتەوە)وەیشەوە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی بۆچوونەکانت بوومەتەوە. لەبارەی ئەو چەمکانەی فڕێت داون، پرسیارم لێ کردوویت و هاوکات خۆم بە تێگەیشتنی خۆم بۆچوونمم نووسیوە. پەنام بۆ دەیان سەرچاوەی گرنگی فەلسەفی بردووە و ئاماژەیشم بەوە کردووە، کە لە کوێم وەرگرتوون. لە هەموویاندا گوتوومە مەبەستم نییە دەنگت بسڕمەوە، بەڵکوو دەمەوێت لە پاڵ دەنگی تۆدا هیی منیش هەبێت. نەک هەر وشەیەکم لەبارەی کەسێتیتەوە نەگوتووە، بەڵکوو هەمیشە خۆشەویستیم لە ئاستتدا دەربڕیوە، لە کاتێکدا بە شایەنتی دەزانم، چونکێ من کێشەم لەگەڵ خۆتدا نییە. هەر دەمێ لەسەر چەمک دەوەستین، بە سروشتی خۆمان لەوە دوور دەکەوینەوە کێشەکە بهێنینە ئاستی پێرسۆناڵیتییەوە. گاڵتەم بە بۆچوونەکانت کردووە؟ بەڵێ، کە گاڵتەپێکردن هەمیشە بەشێک بووە لە پرۆسێسی ڕەخنە، بەڵام جنێو ئەو شتەیە نەک هەر لە بەرهەمی مندا نییە، بەڵکوو بەردەوام ڕەخنەم لەو نووسەرانە گرتووە، کە پەنایان بۆ بردووە. کەی جنێو هەیە؟ کاتێ ڕاڤەی چەمکەکان ونە. ئەوەتە هەر لەم گوتارەتدا کۆمەڵێک جنێوت بە (شاخەوان سدیق)، (گۆران سەباح) و من داوە. ئایا من خۆم گوێ دەدەمە جنێوەکانت؟ هەرگیز. (نیتشە) دەڵێت: (بۆ ئەوەی پێشەنگ بین، دەبێت بە نەفرەت بکرێین و ببێزرێین). ئەوەی لام گرنگە ڕاڤەی چەمکە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لێوەی بدوێم، ئەوەیە تۆ ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت نەدیوە، کە ئەوە بەسەریدا سەپاندووم خۆم بۆ گوتارەکە بگەڕێمەوە و لەو بارەیەوە بنووسم.
هەرگیز ڕەخنەی من لە تۆ ئەوە نەبووە، ئاخۆ ڕەخنە قەبووڵ دەکەیت، یان نا، چونکێ ئەو باسەم لا بێبایەخە، بەڵام بۆ ئەوەی بزانین چەند لەگەڵ گوتەکەتدا ڕاستگۆیت، دەپرسم ئایا تۆ ڕەخنەت قەبووڵ کردووە؟ بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بۆ سەرەتای پێوەندییەکەمان دەگەڕێینەوە، کاتێ تۆ یەکەم ئیمەیڵ بۆ من دەنێریت و لەبارەی ئەو گفتوگۆیەی (دانا فایەق) لەگەڵیدا کردووم، سەرنجی خۆتم پێ دەڵێیت. نامەکەت هێشتا ماوە و پێشتریش گوتوومە زۆر شتی سادەی تێدان، بەڵام هیوادارم بۆ وەڵامی من بگەڕێیتەوە، تا بزانیت چیم بۆ نووسیویت. لەمەوە بووینە هاوڕێیش. ئینجا تۆ هەر جارێ گوتارێکت بڵاو دەکردەوە، دەمخوێندەوە و لەبارەی ئەو چەمکانەوە پرسیارم لێ دەکردیت، کە لەو گوتارانەتدا ناویان دەهات. هاوکات باسێکم بۆ دەنووسیت و کۆمەڵێک سەرچاوەم پێ دەناساندیت. سەرەتا بە سادەیی وەڵامت دەدایەوە، بەڵام دوایی دەنگت نەما. ئەو ڕۆژەی ڕاگەیاندنی وازهێنانم بڵاو کردەوە، هەر خێرا هاتیت و گوتت کەسێکی موفلیسم. هیچم پێ نەماوە و شتی دیکەی لەم بابەتە. هێشتا نەهاتمە دەنگ، تا لە گوتارێکی دیکەتدا هێرشت کردەوە سەرم. لەمەوە لە ڕێی کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)ـەوە گەڕامەوە، کە لە شێوەی نامەدا بۆم نووسیویت. دەتوانیت بۆ کتێبەکە بگەڕێیتەوە و ئەگەر وشەیەکت دۆزییەوە، ئەوەی گەیاند هێرش کراوەتە سەر کەسێتیت، ئاگادام بکەرەوە! دەتوانم بڵێم بە پێچەوانەوە، وەک گوتم بەردەوام هەستی خۆشەویستیم بۆ دەربڕیویت، بگرە سپاسم کردوویت و گوتوومە تۆ لەم کارەدا بەشداریت. بەر لە بڵاوکردنەوەی بۆم ناردیت، تا ئەگەر هەر شتێکیت بە دڵ نییە، ئاگادارم بکەیتەوە. وەڵامت نەداومەتەوە و پەنام بۆ هاوڕێی ئازیزم (کارا فاتیح) بردووە، بەو مەبەستەی لێت بپرسێت، ئاخۆ پێت گەیشتووە، یان نا؟ لەو کتێبەدا وشەیەکی زبری تێدا نییە، بەڵام ئەوەتە لەم گوتارە کورتەتدا تۆپەڵێک جنێوت داوە. هەرگیز تۆمەتێکم نەخستووەتە پاڵت. بە ئاماژەیش پێم نەگوتیت تۆ نازانیت، تێناگەیت و شتی دیکەی لەم بابەتە، بەڵکوو گوتوومە ئەوەی من دەیڵێم، تەنیا پێوەندیی بەم بابەتەوە هەیە، کە ئێستا جێگەی گفتوگۆمانە. نووسیومە هەرگیز بڕیار لەسەر ئاییندەت نادەم و توانات ناخەمە چوارچێوەیەکی دیاریکراوە و شتی لەم بابەتە.
ئایا تۆ نەک ڕەخنە، بەڵکوو سەرنجەکانی منت قەبووڵ کرد، کە وەک گوتم لە ڕێی ئیمەیڵەوە دەمناردن و بۆ بڵاوکردنەوەیش نەبوون؟ دوای چاپبوونی کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)، دەنگت نەما و وازت لێ هێنام، بگرە وەک لە ڕێی (عەباس بۆسکانی)ی هاوڕێمانەوە زانیم، پۆزەتیڤانە لەبارەی بەرهەممەوە دواویت، بەڵام کاتێ من هاتم لەبارەی ئەوەی دەڵێیت: {بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”.}، گوتارێکم لە ژێر ناونیشانی (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)دا نووسی و ڕەخنەم لەو بۆچوونە سادەیەت گرت، تۆ دیسان دەستت پێ کردەوە.(5) هیوادارم بۆ ئەو گوتارەم بگەڕێیتەوە، تا بزانیت ئەو چەمکەم چۆن لێک داوەتەوە. تۆ لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کۆمەڵێک گوتارت نووسیون، کە لە هەموویاندا پێم دەڵێیت: (موفلیس، نووسەری ساختە، بۆش، نەخوێندەوار، پاسەوان، بچووک، لێبووک و زۆری دیکەی لەم بابەتە). دیسان دەپرسم: ئایا پێم ناخۆشە؟ نا، بە چاوی هەموو خۆشەویستانم. ئەم نامەیشم بۆ ئەوە نییە واز بهێنیت، بگرە هانت دەدەم بەردەوام ببیت و بەردەوامیت بۆ ئەمڕۆ مایەی خۆشحاڵییە. وەک گوتم بۆ من ئەوە گرنگە ئەو چەمکانە شی بکەمەوە، کە فڕێیان دەدەیت و فکری ئەو فیلۆسۆفانە بناسێنم، ناویان دەهێنیت. من لەناو دنیای ئاماژەدام و لێرەدا مانای شتەکان جیاوازن. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا هەوڵم داوە بە وردی مانای موفلیس لە فەلسەفەدا شی بکەمەوە و گوتوومە هەر بە ڕاستی موفلیسم، چونکێ بۆ ئەوەی ژیان بە دەست بێنم، دەبێت شتەکانی دنیا لە دەست بدەم، کە ژیان و دنیا دوو کایەی تەواو جیاوان.
تۆ خوێنەری (فۆکۆ) بیت و جنێویش بدەیت، شتەکە سەیر دێتە بەر چاو، چونکە جنێو واتە دابەشکردنی شتەکان، کە بێگومان دەبێت پەنا بۆ پێوەر ببەیت، لە کاتێکدا وەک بینیمان (فۆکۆ)ی فیلۆسۆفی جیاوازی دژی دابەشکارییە. من ئەگەر جنێو بە تۆ نادەمەوە، لەبەر ئەوە نییە ناتوانم. دەتوانم، چونکێ لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تیپەکانی کوردی دەناسم و دەزانم وشەیان لێ پێک بهێنم. هەر زۆر ئاسانە. لەبەر ئەوەیش نییە سیستەمێکی مۆڕاڵی هەیە و ڕێی لێ گرتووم، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەیە بۆ جنێودان دەبێت پەنا بۆ پێوەر ببەم، کە مانای وایە شتێکی نوێم نەکردووە. ئەگەر بە یەکێ بڵێم (نەزان)، مانای وایە (زانا)م لا گرنگە و هیچ گومانێک لێی نییە. ئەوە چۆن بەوە گەیشتووم؟ وەک پێشتر لای (فۆکۆ) بینیمان دەستەڵات دابەشی کردووە. نووسەری داهێنەر شتێک ناکات، کەسانی تر کردبێتیان. ئایا ئەگەر بۆ هەر ناوەندێکی کۆمەڵایەتیی وەک گەڕەک، یاریگە، بازاڕ و هیی دیکە بچین، گوێمان لە دەیان جنێو نابێت؟ ئەوە چ ئازایەتییەکە لە پشت کیبۆردەوە، لە پشت ئەو کیبۆردەی ناوی دەیان فیلۆسۆفم پێ نووسیوە، جنێو بدەم؟ لەبارەی دوو فیلۆسۆفی گەورەی وەک (کانت) و (فۆکۆ) تەنیا سێ دێڕت نووسین، کە وەک بینیمان دووانیان هیچ پێوەندییان بەوانەوە نییە و لە سێیەمیاندا گوتراوە دەبێت ببینە پێڕۆکەری (فۆکۆ)، بەڵام بزانە لەبارەی ئەوەی کێ باشە و کێ خراپ، چەندت نووسیوە! ئەگەر لە ڕوانگەی (فۆکۆ)وە بۆ ئەمە بڕوانین، چۆن لێکی دەدەینەوە؟ واتە بۆچی کاتێ باسەکە پێوەندیی بەوەوە هەیە، ئاخۆ باشە ڕەخنە قەبووڵ بکرێت، یان خراپە، تۆ دەتوانیت هێندە بنووسیت، بە ڕادەیەک تەنیا لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کۆمەڵێک گوتارت نووسیون، بگرە زۆرینەی بەرهەمەکانت، با نەڵێم تێکڕایان بەو شێوازە نووسراون؟ (فۆکۆ) پێی وایە هەر سەردەمێک ئەپیستیمی خۆی هەیە، کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ لە هەر ڕشتەیەکدان، ملکەچی دەبن. دەچێتە نەستی خەڵک و پێڕۆییی یاساکانی دەکەن. پێشتر گوتمان دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی واتە دەرچوون لەو دۆخە و هێنانی دۆخێکی جیاوازتر. ئەوە تەنیا لە سێ بواری بایۆلۆجیا، زمان و ئابووریدا دەردەکەوێت. ئەوانە بەرهەمهێنەری زانستە مرۆیییەکان (Humanities)ن، کە فەلسەفە، مێژوو، یاسا، کۆمەڵناسی و هتد دەگرێتەوە. (فۆکۆ) لە کتێبی (وشەکان و شتەکان)دا وای دەبینێت، کە لەم پێنج سەدەیەی ڕابردوودا تەنیا سێ دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی ڕوویان داوە: ڕێنەیسانس (The Renaissance Episteme)، کلاسیک (The Classical Episteme) و مۆدێرن (The Modern Episteme). ئەوەی بەسەر یەکەمیاندا زاڵە، لەیەکچوون (resemblance)ـە، کە لەسەر ئەمانە دامەزراوە: (گونجاندن؛ لەچاوکردنەوە؛ هاوشێوەکردن؛ سۆزنواندن: convenience; emulation; analogy; sympathy). ئێمە لێرەدا تەنیا ڕێنەیسانس وەردەگرین، تا ئەوە لێک بدەینەوە بۆچی تۆ دەتوانیت بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک هێندە لەو بارەیەوە بنووسیت. ئەوەیان لەسەر لێکچوواندنی شتەکان دامەزراوە. واتە ئەو لەیەکچوونە زانینی مرۆڤ پێک دەهێنێت. بەم شێوەیە بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت چی لە چی دەچێت. لێرەوە دەکرێت هەر شتێک بە شتێکی دیکە بچووێنێت، کە دەبێتە پرۆسێسێکی بێسنوور و نابڕێتەوە. کاتێکیش شتەکان لە یەک دەچن، هیچ گۆڕانێک ڕوو نادات. خانوو لە شاخ دەچێت، شاخ لە هەور، هەور لە گردۆلکە و تاد. ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە، بزانرێت نهێنیی ئەو لەیەکچوونە چییە. وەک لە سەرەوە پێشانمان دا (فۆکۆ) ئەو چوار توخمەی بۆ لەیەکچوون دیاری کردوون. بۆ نموونە لە یەکەمیاندا، کە گونجاندنە، ئەو مرۆڤە دەیەوێت جەستە و ڕۆح پێک بچووێنێت. لەمەوە پەنا بۆ لێکدانەوەیەکی ساکار دەبات، گۆیە ڕۆح هێندەی گوناهـ لێ بار کراوە، وەک جەستە قورس بووە، بۆیە لە یەک دەچن. ئەمیان بینراو و فیزیکی، ئەویان نەبینراو و مێتافیزیکی. چۆن لە یەک دەچن؟ ئەو لێکدانەوەیە چ هێزێکی هەیە؟ یان بەپێی چوارەمیان، کە سۆزنواندنە، دەڵێت گوڵەبەڕۆژە لە خۆر دەچێت. شێوەیان وەک یەک وایە. لەسەر ئەوە تێگەیشتن دادەمەزرێنیت. ئەوانە مەعریفەیەکی دەرەکی پێک دەهێنن و ئامانجەکە تەنیا ئەوەیە پێشان بدرێت لەنێوان ئەو شتانەدا لەیەکچوون هەیە. ئەگەر کتێبی (منداڵیم بەسەر پەلکەزێڕینەکاندا بازبازێنی دەکرد)ی من بخوێنیتەوە، دەبینیت ئەو منداڵە چەند شەیدای ئەوەیە پێوەندیی نێوان شتەکان بدۆزێتەوە. لەم ڕووەوە کۆمەڵێک نموونەت بەر چاو دەکەون. (فۆکۆ) پێی وایە ئەو مەعریفەیە هەڵدەقوڵێت و زۆرە، چونکێ شتەکان بێسنوورن. با نموونەکە لە قەبووڵکردن و قەبووڵنەکردنی ڕەخنەوە بهێنینەوە. هەر کەسێکی ئەم کۆمەڵگەیە هەتا ئەگەر خوێندەوارییشی نەبێت، دەتوانێت بڵێت: (ڕەخنە کارێکی باشە، چونکە ڕەخنە وەک دەرمان وایە بۆ چارەسەری نەخۆش. ئەمڕۆ نەخۆشی لە زۆربووندایە، بۆیە پێویستمان بە ڕەخنەیە. کاتێ نەخۆشی کەم دەبێتەوە، کۆمەڵگەکەمان دەبووژێتەوە. بووژانەوەی کۆمەڵگە بایەخی گەورەی لە پێشکەوتنی ئێمەدا هەیە. ئەوەی ڕەخنە قەبووڵ ناکات، وەک ئەوە وایە نەخۆشیمان بۆ بهێنێت. ئەوانە دژی تەندروستین. مرۆڤی بچووکن، نەخوێندەوارن، کتێب ناناسن، لێبووکن، واتە قەشمەر و قەرەقۆزن. دیارە هەموومان دەزانین ئەوەی قەشمەر بێت، لە کۆمەڵگەی نۆرماڵدا شوێنی نابێتەوە. کۆمەڵگەی نۆرماڵ کۆمەڵگەیەکە شتەکانی نۆرماڵن. وەک ئەو کۆمەڵگایانە نییە، کە شتەکانیان نۆرماڵ نین…تاد). دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت درێژی بکەیتەوە و هەر نەهێڵیت تەواو ببێت. خۆ دەکرێت ناوی (فۆکۆ)یشی هەر بەم شێوەیە تێ بخەیت، وەک ئەوەی کردووتە: (فیلۆسۆفێکی مەزنە. ڕەخنەی گرنگی گرتووە. ڕەخنەکانی کاریگەریی زۆریان هەبووە و هیی دیکەیشیان دەبێت. ئەوەی کتێبی ئەوی نەخوێندبێتەوە، بوودەڵەیە. هەر بوودەڵە نا، بەڵکوو پاسەوانیشە و ڕەخنە قەبووڵ ناکات…تاد). ئایا بەو مەبەستەی ئەمانە بنووسین، پێویستمان بەوەیە یەک کتێبی ئەومان دیبێت؟ با نوکتەیەکت بۆ بگێڕمەوە. لە قۆناغی سەرەتایی بیستوومە و خۆشە. فێرخوازێک داڕشتنێکی لە بەر کردووە، کە لەبارەی (حوشتر)ـەوەیە: (حوشتر ئاژەڵێکی بەسوودە. بەهێزە و بەرگەی ژیانی سەخت دەگرێت. دەتوانێت چەند ڕۆژ لە بیاباندا بەبێ ئاو بژی. باری قورس لە شوێنێکەوە دەگەیەنێتە شوێنێکی ترەوە…. تاد.). ئەگەر مامۆستا هەر داڕشتنێکی داوا لێ بکات، ئەو هەر ئەمەی بۆ دەنووسێت. با بڵێین ئەمجارە داڕشتنەکە لەبارەی (ڕاسگۆیی)یەوەیە. دەنووسێت: (ڕاستگۆیی پیشەی مرۆڤی چاکە. مرۆڤی ڕاستگۆ زەویی خۆش دەوێت. مەگەر هەر ئەو زەوییە نییە، حوشتری بەسەردا دەڕوات؟ حوشتر ئاژەڵێکی بەسوودە. بەهێزە و بەرگەی ژیانی سەخت دەگرێت….تاد.).
ئایا ڕاستە تۆ ڕەخنە قەبووڵ دەکەیت؟ خانمێک لەبارەی نووسینی یەکێ لەو نووسەرانەی تۆ بە داهێنەری گەورەیان دەزانیت، بۆچوونێک دەردەبڕێت و لە ئەکاونتی فەیسبووکیدا بڵاوی دەکاتەوە. تۆ دێیت و بۆی دەنووسیت: (مەعریفەت نواند). ئەم گوتەیە تەمەنێکی درێژی هەیە و زۆرینەمان لە منداڵییەوە لە دەمی نەنە و باپیرانمانەوە بیستوومانە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم ئەو گوتەیە ئەمڕۆ کەمتر لە جاران بە کار دەهێنرێت، کەچی لای تۆ، کە کۆمەڵێک کتێبی ڕەخنەییت چاپ کردوون، هێشتا هێزی خۆی لە دەست نەداوە. ئەو هاوڕێیەی لەو کۆمێنتەتی ئاگادار کردوومەتەوە، دەڵێت ئەوە ڕوانینی ڕەخنەگرێکی ئێمەیە بۆ چەمکی مەعریفە، کە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی مرۆڤی بە کار دەهێنێت. ئەمڕۆ ئەو خوێنەرە وریایە دەرکەوتووە، کاک ئارامی ئازیز، کە شتی بەسەردا تێناپەڕێت. لە دیدی (فۆکۆ)دا سەرکوت (Repression) وەک میکانیزمێکی دەستەڵات تەنیا پرۆسێسی قەدەغەکردن نییە، بەڵکوو سڕینەوە، بێدەنگکردن، بەلاوەنان و هیی دیکەیش دەگرێتەوە. هەر (فۆکۆ) پێ لەسەر لایەنی سایکۆلۆجیی دەستەڵات دادەگرێت، بەوەی دەستەڵات تەنیا ئەوە نییە، دەتوانین بیبینین، بەڵکوو ئەوەیشە نادیارە و نایبینین، بۆیە لە هەموو شوێنێکدا هەیە. لێرەوە پەنابردنی تۆ بۆ ئەو گوتەیەی نەنە و باپیران لایەنێکی سایکۆلۆجیی هەیە، بەوەی لەو ڕێیەوە ویستووتە هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیمبۆلی بۆ ئەو سەرکوتکردنەت بە دەست بهێنیت. لێرەدا تۆی خوێنەری (فۆکۆ)، بگرە تۆی پێڕۆکەری (فۆکۆ) نەک هەر پەنات بۆ پرۆسێسی جینیالۆجیا و ئارکیۆلۆجیا نەبردووە، تا ڕووبەڕووی مێژوو ببیتەوە و هەڵیبکۆڵیت، بەڵکوو بە پیرۆزت زانیوە و وەک چەک بۆ سەرکوتکردنت بە کار هێناوە. (کانت) و (فۆکۆ) بەو خانمەیان گوتووە: (با بوێریی زانینت تێدا بێت، با ئازایەتیی زانینت هەبێت)، بەڵام تۆ سەرکوتی دەکەیت و پێی دەڵێیت: (بیر مەکەرەوە، تەنیا فەرمان جێبەجێ بکە!). هەر بە ڕاستی (کانت) لە گوتارەکەی خۆیدا باس لەوە دەکات چۆن دەستەڵات بە مەبەستی سەرکوتکردنی تاک پەنا بۆ کۆمەڵێک فێڵی سەیر دەبات. ئایا نەدەکرا لە جیاتیی ئەو گوتە سواوە، بێیت چەمکەکانی ئەو خانمە هەڵبگریتەوە، بەو مەبەستەی ڕەهەندەکانیان بدۆزیتەوە؟ واتە نەدەکرا لە ڕێی دایەڵۆگەوە ڕووبەڕووی نووسینەکەی ببیتەوە و چەند سەرچاوەیەکی فەلسەفیی پێ بناسێنیت؟ پرسیاری من ئەوەیە لەو کاتەی ئەو گوتەیەی نەنە و باپیرانت نووسیوەتەوە، (فۆکۆ) لە کوێ بووە؟ لە خۆم ڕادەبینم بڵێم خوێنەرێکی زۆری خۆمان ئەگەر تەنیا ناوی (فۆکۆ)یان بیستبێت، دەزانن چەمکی مەعریفە بەو فیلۆسۆفەوە لکاوە. مەعریفە و دەستەڵات، کە لە سەرەوەی ئەم نامەیەدا بەشێکم بۆی تەرخان کرد و هەوڵم دا ئەو پێوەندییە پرۆبڵەماتیکەڵە پێشان بدەم. تۆ لە ڕوانگەی ئەو ئەپیستیمەوە، کە (فۆکۆ) ڕاڤەی کردووە، دەڕوانیت و بۆچوونی جیاوازی خانمێک قەبووڵ ناکەیت، چونکێ لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەت نایەتەوە، کە بۆت دروست بووە. ئەوە دەستەڵاتێکی دیاریکراوە، لە ماوەیەکی دیاریکراوی مێژوودا بڕیار دەدات ئێمە چی بڵێین و چێ نەڵێین. گوتمان لای ئەو فیلۆسۆفە دەستەڵات تەنیا هیی بواری سیاسەت نییە، بەڵکوو هیی تێکڕای بوارەکانە و لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە. وەک گوترا دووان لە خەسڵەتەکانیشی قەدەغەکردن و سەرکوتکردنن. واتە ئێمە وەک (فۆکۆ) دەڵێت مافی ئەوەمان نییە هەموو شتێک بڵێین. ناتوانین لە هەموو بارودۆخێکدا لەبارەی هەموو شتێکەوە بدوێین. دەیشزانین دواجار کەس ناتوانێت لەبارەی هیچ شتێکەوە بدوێت. بابەت هەیە، کە ڕێ نادرێت قسەی لێوە بکرێت و ڕیچوەڵی تایبەت بۆ هەموو لایەک لە ئارادایە. لە بەشی یەکەمی کتێبی (مێژووی سێکسوالیتی: The History of Sexuality)دا دەڵێت ئەگەر ئەمڕۆ خەڵكێکی زۆر لەبارەی سەرکوتکردنەوە قسە دەکەن، ئەوە ئەو سەرکوتکردنە لە ڕووی مێژوویییەوە بە ڕوونی دەرکەوتووە. ئەوان ئەگەر لەمێژە بە چڕی لەو بارەیەوە دەدوێن، لەبەر ئەوەیە ئەو سەرکوتکردنەیان تێدا ڕۆ چووە (firmly anchored) و هۆکاری ڕیشەییش هەن، کە ئەمە سروشتی دەستەڵاتە. (فۆکۆ) پێی وایە مەرج نییە شتەکان هەر بە یاسا قەدەغە کرابن، بەڵکوو بەشێکیان لە ڕێی پێوەری بەهاوە سەرکوت دەکرێن، بەو مانایەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا پێشیان لێ دەگیرێت، کاتێ بۆچوون و هەڵسوکەوتمان لە هیی ئەوانەی تر ناچێت. ئەو خانمە تەنیا لەبەر ئەوە سەرکوت کراوە، کە شتێکی گوتووە، جیاواز بووە لەوەی جەماوەر لەبارەی بەرهەمی هەمان نووسەرەوە گوتوویانە.
ئیمانۆیل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) فەیلەسووفی ئەڵمانی
کاک ئارامی ئازیز، ئەو گوتەیەی تۆ لە گوتەی یەکێ لەو نووسەرانە دەچێت، کە لە ڕێی ئەکاونتی ساختەوە هێرشیانە کردە سەر (سۆران ئازاد)، تەنیا لەبەر ئەوەی لەبارەی پڕۆژەی ڕەهەندەوە ڕەخنەی گرت.(6) ئەمە گوتەکەیە: (مەعریفەی بەختیار عەلی بە تایبەت و دواتر مەریوانیش بەم گەنجە راسپێردراوەی کە ئوستازێکی خراپی هەیە ناشیرین نابێت. کاتی خۆی ئوستازە گەورەکانیان قسەیان دەکرد بە قەولی بەختیار خۆی ئەمانە لە دونیای فکردا وەک فیلێک وابوون لە دوکانێکی شوشەواتدا هەرچۆن بجوڵانایەتەوە شتێکیان ئەشکاند).
دیارە لێرەدا بە هیچ شێوەیەک ڕێ بە خۆم نادەم تۆمەتبارت بکەم، بەوەی ئەوەیان تۆیت، لە کاتێکدا دەزانم شێوازەکەی هیی یەکێکی دیکەیە، بەڵکوو دەمەوێت بڵێم ئەو سەرکوتکردنە وەک (فۆکۆ) دەڵێت زەمینەی هەیە. ئەمڕۆ ئەو خوێنەرە وریایەی دەرکەوتووە، تەنانەت شێوازی ئەو نووسەرانەیش دەناسێتەوە، کە لە ڕێی ئەکاونتی ساختەوە کۆمێنت دەنووسن، بگرە بۆ تەنز دەگوترێت: (نووسەری ڕاستەقینە ئەوەیە کۆمەڵێک ئەکاونتی ساختەی هەبن، تا بۆ نەیاران بنووسێت ئێوە پووچن و بە خۆی بڵێت تۆ داهێنەری مەزنیت). ئەرێ ئەوە مانای چییە پڕۆژەیەکی فکریی ڕەخنەییی مەزنی وەک ڕەهەند لە ڕێی ئەکاونتی ساختەوە بەرگریی لێ دەکرێت؟ بە چی بەرگریی لێ دەکەن؟ بە جنێو. ئایا هەندێک ئەندامی ڕەهەند خۆیشیان جنێویان نەداوە؟ لە بیرتە لای (فۆکۆ) گوترا بەشی زۆری کۆمەڵگە بەپێی ئەو ئیپیستیمە بیر دەکەنەوە؟ ئەوەتە لەم سی ساڵەدا چەمکی (مەعریفە) ئەو پێناسە چەسپاوەی وەرگرتووە. لەم ڕووەوە تۆ و ئەو نووسەرەی لە ڕێی ئەکاونتی ساختەی (دیلمان دیلمان)ـەوە کۆمێنتی نووسیوە، وەک یەک وان، بەو مانایەی هەمان زمانتان هەیە و هەمان تێگەیشتن دەگوێزنەوە. دیارە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)ی من لەوەوە هاتە بوون، کاتێ ڕووبەڕووی ئەو چەمکانە بوومەوە، کە لەوێ فڕێ درابوون.(7) گوتەی فیلەکە هەر خۆی یەکێکە لەو گوتە سواوانەی دەکرێت بەسەر زمانی هەر ئەندامێکی دیکەی ئەو کۆمەڵگەیەدا بێت. سێ دەیەی تەواو چەمکی مەعریفە گوترا و گوترایەوە، کەچی ئەوەتە نووسەرەکان، ئەوانەی خۆیان بە خوێنەر و پارێزەری ڕەهەند دەزانن، بەم شێوەیە لە بارەیەوە دەدوێن. ئایا ئەو (دیلمان دیلمان)ـە گەڕایەوە، تا لەبارەی بۆچوونەکانی منەوە وشەیەک بڵێت؟ نەخێر. ئایا لە ڕێی ئەکاونتێکی دیکەی ساختەوە گەڕایەوە؟ ئایا بۆ من گرنگە بگەڕێتەوە، یان نەگەڕێتەوە؟ نەخێر. ئەوە گرنگە بۆچوونی خۆمم لەو کتێبەدا نووسیوە. هیوادارم بۆی بگەڕێیتەوە، بە تایبەتی بۆ پەراوێزی کۆتایی، تا ببینیت لەوێدا چۆن ئەو چەمکەم لێک داوەتەوە. ئەو چەند دێڕەی سەرەوەیشم هەر لە کتێبەکە وەرگرتوون. لە ڕاپەڕینەوە ناوی (فۆکۆ) دێت و دێت، بەڵام ئەوەتە تۆ دوای چاپکردنی پاشۆلێک کتێب، ئەمانەت لە بارەیەوە نووسیون، بگرە دەڵێیت با ببینە پێڕۆکەری. پرسیارە بەردەوامەکەم ئەوەیە: ئایا تۆ بە ڕاستی خوێنەری (بەختیار عەلی) نییت، یان بەڵێ، بە ڕاستی خوێنەری ئەویت و لە بەرهەمەکانیدا شتی جیاوازت بینیوە؟ ئایا دەتوانیت نکووڵیی لێ بکەیت و بڵێیت خوێنەرێکی هەمیشەییی ئەو نییت؟ ئەمە تەنیا پرسیارە و کردوومە.
یەکێ لەو جنێوانەی لەم گوتارەتدا بە (گۆران سەباح)، (شاخەوان سدیق) و منت داوە، نەخوێندەوارە، کە پێشتر لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)، (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ) و (کوشتنی فیل و پاراستنی شووشەوات)دا ئەو چەمکەم لێک داوەتەوە، کە لەم سی ساڵەدا ڕۆشنبیرە دیارەکانمان لە دژی هەر کەسێکدا بە کاریان هێناوە، کاتێ بۆچوونی جیاوازی دەربڕیوە. وەک بینیمان فکری (فۆکۆ) هیچ کاریگەرییەکی بەسەر بیرکردنەوەتدا نییە، بەڵام هیی ئەو ڕۆشنبیرانەت بە ڕوونی پێوە دیارە. تۆ خوێنەری (فۆکۆ) بیت و هێرشیش بکەیتە سەر نەخوێندەوار، شتەکە بۆ من سەیر دێتە بەر چاو. دابەشکردنی چەمکەکان بەسەر دوو بەرەدا، بەو مەبەستەی دژی ئەمیان بوەستیتەوە و باوەش بەویاندا بکەیت، ئەوە وەک گوترا لە ڕێی دەستەڵاتەوە جێبەجێ دەبێت. نامەوێت جارێکی دیکە بۆ پێوەندیی نێوان زانین و دەستەڵات بگەڕێمەوە، بەڵام ئەوەتە نامەکە لە بەردەستدایە و دەکرێت کەمێک بۆ دواوە بگەڕێیتەوە، تا ڕوونتر بیبینیت. بەکورتی هێندە دەڵێم خوێندەواری چەمکێکی بێوەی نییە، بەڵکوو لە پشتیەوە دەستەڵات هەیە. ئەوە حزبی حوکمڕانە دەیەوێت تۆ لە پێناوی ئەودا، نەوەک لە پێناوی خۆتدا خوێندەوار بیت. دەیەوێت ئایدیۆلۆجیای خۆیت لە ڕێی فێرگەوە بەسەردا بسەپێنێت. ئەوە بازرگانەکانن مەبەستیانە فێرگە دابمەزرێت و هەر ئەوانیشن کەلوپەلەکانی ساغ دەکەنەوە. بوونی خوێندەواری وا دەکات هەم سیاسەتمەدار و هەم بازرگان ئاسانتر بماندۆزنەوە، بەوەی لە ڕێی خوێندەوارییەوە لە چوارچێوەیان گرتووین. ئێمە لە ڕێی خوێندەوارییەوە خراوینەتە ژێر چاودێرییەوە. خوێندەواری، کە ڕووە زەقەکەی مەعریفەیە، دەستەڵات بە کەسانێک دەدات، تا بتوانن کەسانی تر، کە خوێندەوارییان نییە، یان ئاستی خوێندەوارییەکەیان نزمترە، بچەوسێننەوە. ئەوانەی لەبەر هەر هۆکارێک بێت ئەو دەستەڵاتە ڕێی نەداون ببنە خوێندەوار، لەلایەن ڕۆشنبیرە دیارەکانمانەوە دەکەونە بەر شاڵاو و جنێویان پێ دەدرێت. ئەوەی پێی وایە ئەو نووسەرانە چەمکی (نەخوێندەواری)یان بە شێوازی تر بە کار هێناوە، با بێت و پێم بڵێت چۆن! بەگشتی زمانی نووسینی ئەوانە هێندە ڕاستەوخۆیە، کە جەماوەر بە ئاسانی دەیانناسێتەوە و لێیان تێدەگات. ئینجا هەندێک بەرگرییان لێ دەکەن و هەندێکی تر لە هەمان ئاستدا ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
(پیر بۆردیۆ)ی کۆمەڵناس، کە لەگەڵ (فۆکۆ)دا خاڵی هاوبەشی لەم ڕووەوە هەیە، بەشێکی بەرهەمەکانی بۆ ئەوە تەرخان کردووە، بەڵام پێم خۆشە زیاتر فۆکەسمان لەسەر (فۆکۆ) بێت. (کلوود لیڤی شتراوس)ی هاوڕێی (فۆکۆ) لە کتێبی (خولگە خەمناکەکان: Tristes Tropiques)دا وا لە خوێندەواری دەڕوانێت، کە ڕێگەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەوانەی دیکە، بەڵام نامەوێت لەسەر بۆچوونی ئەویش هەڵوێستە بکەم. ئەگەر چاوێک بەو کتێبانەدا بخشێنیت، کە لە فێرگەکانی باشووری کوردستاندا دەخوێنرێن، دەزانیت خوێندەواری دەستی بەسەردا گیراوە و تەنیا خزمەتی دەستەڵات دەکات. دامودەستگە کولتووری و مێدیاکانیش بە هەمان شێوە. حزب و بازرگانەکان فێرگە دادەمەزرێنن، تا لە منداڵییەوە بمانکەنە خوێندەوار و بە ئاسانی لە ئایدیۆلۆجییەکەیان بگەین. ئینجا کاتێ گەورە دەبین، لە ڕێی مێدیاوە، کە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش دەگرێتەوە، زیاتر شتەکانیانمان بەسەردا دەسەپێنن. ئایا ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی حزب بۆ خوێندەوارانە، یان بۆ نەخوێندەواران؟ بۆ خوێندەواران. ئەوە بەشێکی زۆری نەخوێندەوارەکانن فریویان نەخواردووە و ئایدیۆلۆجیای دەستەڵاتی سیاسییان لا نەبووەتە حەقیقەت. لە پێشەوە لای (فۆکۆ) گوترا ئەوە دەستەڵاتی سیاسییە، لە ڕێی دامودەستگە جیاوازییەکانەوە بڕیار دەدات چی پەسەندە و چی ناپەسەند؟ چی بگوترێت و چی نەگوترێت؟ چی دەربخرێت و چی بشاردرێتەوە؟ هەر لێرەیشەوە میکانیزمی سزا و چاودێری دەردەکەوێت، بگرە ئەشکەنجە و زیندان دێنە ئاراوە.
ئەو نووسەرانەی ئێمە کاتێ دەست بە خوێندەوارییەوە دەگرن و دژی نەخوێندەواری دەوەستنەوە، تێگەیشنەکەیان لە ئاستی زانراوی میلـلییەوە هێناوە، دەنا هەر ئەوانە کاتێ لەبارەی چەمکەکانی زمان، قسە، نووسین و ئەوانەی دیکەوە نووسیویانە، بۆچوونەکانیان زۆر سادە کەوتوونەتەوە، بگرە بوونەتە مایەی قاقای خوێنەری وریا.
خوێندەواری هەستێکی ساختەمان لا دروست دەکات، تا لە ڕێیەوە خۆمان پێ لەوانەی تر گەورەتر بێت، لە کاتێکدا وا نییە. فێربوونی زمان، کە زۆرینەی کات لە ڕێی خوێندەوارییەوە جێبەجێ دەبێت، ئەو هەستە ساختەیەمان زیاتر لا دەچەسپێنێت، کە ئێمە لەوانەی تر باڵاترین، دەنا فێری ئەو زمانانە نەدەبووین. لێرەوە وا دەچێتە عەقڵمانەوە زمانەکانی تر لە زمانی خۆمان باڵاترن، بۆیە لە ڕێی پەیژەی خوێندەوارییەوە پێیان گەیشتووین. سەرنجم دەدایە ئەوانەی بە گەورەیی فێری زمانی عەرەبی دەبوون. شانازییەکی زۆریان بە خۆیانەوە دەکرد و بە چاوی نزم دەیانڕوانییە زمانی کوردی، بەوەی لە ڕێی پەیژەی خوێندەوارییەوە پێی گەیشتبوون و لەوێوە دەیانڕوانییە خوارەوە. ئێمە هەر جارێ شانازی بە خوێندەواریی خۆمانەوە دەکەین، هاوکات ئەوانە دەسڕینەوە، کە نەخوێندەوارن. ئینجا ئەو دەستەڵاتە بە پیرۆز دەزانین، بواری بۆ ڕەخساندین، تا ببینە خوێندەوار. واتە هەر بیرکردنەوەمان لە (خوێندەواری)، بە دەستەڵاتدا تێدەپەڕێت. (سپاس، دەستەڵات، کە منت کردە خوێندەوار و نەتهێشت وەک ئەوانەی تر لە تاریکاییدا بمێنمەوە). ژنێکی خانەقینیی نەخوێندەواری بەتەمەنی دەراوسێمان لە گەڕەکی ئیسکانی بەغداددا زمانی کوردی، عەرەبی، تورکی، فارسی و ئینگلیزیی دەزانی. لە ڕێی ڕەیدیۆوە خۆیی فێری ئینگلیزی کردبوو. هەر بە کوردی لەگەڵ ئێمە دەدوا. نەماندەبینی شانازی بەوەوە بکات، کە ئەو زمانانە فێر بووە.
ئایا نەخوێندەوارێک چیی لە دەست چووە، کە وەک تۆ نازانێت بنووسێت و بخوێنێتەوە، تا ببێتە خاوەنی ئەم گوتارە؟ ئایا ئەو نەخوێندەوارانە کەموکورتییان هەیە، کە وەک تۆ نازانن وشەی (نۆرماڵ) بخەنە ڕستەوە؟ ئایا خوێندەواری قاڵبێکە و بە دەستی دەهێنین، تا ئەگەر هەمانبوو، هیچ پرسیارێکی لێوە نەکەین؟ شتەکە هەرەمییە. ئەمە ئەو شتەیە، وەک (فۆکۆ) پێی وایە پێڕۆکاران دروست دەکات، تا لە ئاستی ئەوانەدا بچەمێنەوە، کە خاوەنی مەعریفەی زۆرن. دەشێ هەندێک لەوانەی لە تۆ زیاتریان خوێندووە، بە هەمان ئەو پێوەرەی خۆت لێت بڕوانن. ئایا ئەودەم ناڕەزایی دەردەبڕیت؟
ئایا من دژی خوێندەواری و فێربوونی زمانەکانی ترم؟ شتەکە پێوەندیی بەوەوە نییە، ئاخۆ دژیانم، یان لەگەڵیاندام، لە کاتێکدا پرسیاری فەلسەفی بە (ئا) و (نا) وەڵام نادرێتەوە، بەڵام پێم وایە خوێندەواری کاتێ بەهایەکە و دەکرێت بە کەڵکی ژیان بێت، کە من کەسێکم فریوم نەخواردووە و گومانم لەو خوێندەوارییە هەیە. بە مانایەکی دی، پێویستە بەو ئەندازەیەی خوێندەوارم، نەخوێندەواریش بم، دەنا دەبمە کەسێکی تاکڕەهەند و ئاڕاستە دەکرێم. ئەوەتە بە دەمی خۆم دەڵێم نەخوێندەوارم. کاتێ خوێندەواری هەڵبژاردەی خۆمە، کە هاوکات بتوانم وەک نەخوێندەواریش بمێنمەوە، دەنا ئەگەر دەستەڵات پێویستی بەوەیە ببمە خوێندەوار، ئەوە (ویست)ی من بە لاوە نراوە. وەک چۆن بە بڕیاری خۆمان نەهاتووینەتە دنیاوە، بە هەمان شێوەیە بەشێکی زۆرمان بە (ویست)ی خۆمان نەبووینەتە خوێندەواریش، بەوەی لە منداڵییەوە بۆ فێرگەیان ڕاپێچ کردووین و بەپێی سیستەمی سزا لەگەڵماندا جووڵاونەتەوە. لە زۆرینەی بەرهەمەکانمدا منداڵێک هەیە و لە ئاستی دەستەڵاتی خوێندەواریدا بەرگری دەکات. کتێبی (منداڵیم…) نموونەیەکی دیارە، کە ژیاننامەی خۆمە. وەک گوترا تۆ خوێندەوارییشت وەک قاڵبێک بینیوە، کە دەکرێت هەمووان وەک یەک خوێندەوار بن. پێت خۆشە تەنیا لەبارەی ڕێنووسەوە، کە بەشێکی خوێندەوارییە، سەرنجی خۆمت بۆ بنووسم و پێشتریش بۆم نووسیویت؟ ئایا (ڕەخنە قەبووڵ نەکردن) وا دەنووسرێت؟ من بم (ڕەخنەقەبووڵنەکردن)، یان دروستتر (قەبووڵنەکردنی ڕەخنە) دەنووسم. ئایا وشەی (پەیوەندی)ت دروست نووسیوە؟ بەم شێوەیە نانووسرێت: (پێوەندی)؟ ئایا (پەیڕەوکار)ـە، یان (پێڕۆکەر)؟ ئەمانە و زۆری دیکەیش. مەبەستمە بڵێم ناکرێت خوێندەواری و نەخوێندەواری لە چوارچێوە بگرین، بەڵکوو لێرەدا ڕووبەرێکی فرەوانی ڕێژەیی هەیە و تێیدا مانای هەردووکیان بەپێی دۆخەکان دەگۆڕێت. لای (فۆکۆ) گوتمان مانای شتەکان چەسپاو نین و لە گۆڕاندان.
بە ئێمەت گوتووە لە کتێب دوورین و ناخوێنینەوە. دیارە هەرسێکمان جیاوازین، بۆیە ئەو تێکەڵکردنە هەڵەیەکی لۆجیکە، بەڵام ئەوە بە خاڵێکی گەوهەری نازانم. پێشتریش گوتوومە پێویست ناکات لە نووسەرێک بپرسیت چی دەخوێنێتەوە، چونکێ لە بەرهەمەکانیدا ئەوە دەبینیت. با خوێنەر دوای خوێندنەوەی گوتارەکەت، خۆی بەوە بگات، ئاخۆ تۆ (کانت) و (فۆکۆ)ت خوێندووەتەوە و لێیان تێگەیشتوویت، یان نا، کە ئەوە لە ڕەخنەی نوێدا بایەخی هەیە، بەوەی نووسەر ڕێ بە خۆی نادات ببێتە نوێنەری خوێنەر، بەڵکوو شتەکان بە کراوەیی جێ دەهێڵێت. تیۆریی خوێنەر/وەرگر پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە پێویستە تێکست پڕی بێت لە بۆشایی، تا خوێنەر خۆی لە ڕێی چالاکیی خۆیەوە پڕیان بکاتەوە، کە ڕاستییەکەیشی هیچ تێکستێکی فرەئاڕاستە پڕ ناکرێتەوە، بەوەی هەر خوێنەرێکی دیکە، کاتێ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کۆمەڵێک بۆشاییی تر لە بەردەمیدا دەردەکەون، بەوەی پێشینە (background)ی هەر خوێنەرێک هەم لە هیی نووسەر و هەم لە هیی خوێنەرێکی دیکەیش جیاوازە. بۆ ئەوەی تێکست ئەو چالاکییە بۆ خوێنەر فەراهەم بکات، دەبێت لە قاڵب و کڵێشە دوور بکەوێتەوە، بگرە پێویستە شتی نەزانراو بهێنێت.
پێویستە هۆشیاری پرۆسێسێکی سروشتی بێت، بەو مانایەی لە پێناوی هیچ شتێکی دیاریکراودا نەخرێتە گەڕ، بەڵکوو ڕوو بکاتە نەزانراو. بەهای خوێندنەوە پێویستە بچێتە ناو ژیان، نەوەک ناو دنیا، کە ژیان فرەوان و بێسنوورە، لە کاتێکدا دنیا سنووردارە. هۆشیاریی سروشتی ئەوەیە لە بیرمان نییە هەمانە، بەڵکوو بووەتە بەشێکی جودانەکراوەی ڕوانین و هەڵسوکەوتمان. هۆشیاری ئەگەر بەشێک نەبێت لە خۆمان، ئەوە لەسەر ڕەفمان داناوە، تا بەپێی پێویست بە کاری بهێنین، کە مەرج نییە هەمیشە لە بیرمان بێت، یان ڕەنگە هەر دەستمان پێی نەگات. ئەگەر تۆ بەرهەمی (کانت) و (فۆکۆ)ت خوێندووەتەوە، پێویستە لە هەڵسوکەوتتدا دەربکەوێت، بێ ئەوەی هەر ناوت هێنابن. کاتێ لە کۆڵانەکەتاندا بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ منداڵێکدا مامەڵە دەکەیت، ڕەنگە ئەو منداڵە هەر نەزانێت دوو فیلۆسۆفی وا هەن و تۆ دەیانناسیت، بەڵام دەزانێت لە بەرانبەر کەسێکی جیاوازدایە. کاتێ بۆچوونی ئەو خانمەت خوێندەوە، دەکرا بێ ئەوەی ناوی یەک فیلۆسۆف بهێنیت، بزانێت لە ئاستی کەسێکی جیاوازدایە، دەنا ئەگەر خوێندنەوە بووە ڕیچوڵ، ئەوە هێزی ئەوەی نابێت ئێمە کاریگەرییەکەی ببینین.
کاک ئارامی ئازیز، ئێستا لەسەر ئەم پەرەگرافەت دەوەستم: [مانگی ڕابردوو سێ هاوڕێی نووسەر لەسەر ئەوەی ڕەخنەیان لە یەکتری گرتووە (کە بێگومان ئاستی ڕەخنەکان بە جۆرێکە مەگەر لەنێو کورددا پێی بوترێت ڕەخنە و من قسە لەسەر ناوەرۆکی ڕەخنەکان ناکەم) و هەرسێکیان سەری قەبوڵکردنیان بۆ یەکتری ڕاوەشاندووە، ئیدی دووبارە کەوتوونەتە پێداهەڵگوتن و جۆرێک لە هۆنینەوەی ستایشنامە، کە وەکو ئەوەی قەبوڵکردنی ڕەخنە کردەیەکی ناسروشتی بێت؟ بێگومان ئەم کردەیە لەنێو نووسەرانی نەخوێندەوار و لیبۆکدا کردەیەکی ناسروشتییە. دەنا لەنێو نووسەرانی داهێنەر و ڕەخنەگرانی بەئاوەزدا کردەیەکی گەلێک سروشتییە و پێویست بە شانوباڵ هەڵدان ناکات].
ئەمجارەیان لێت ناپرسم ئایا خوێنەری (فۆکۆ) ئەم وشانە دەنووسێت، بەڵکوو دەپرسم خۆت لێرەدا دەزانیت باسی چی دەکەیت؟ تۆ ڕەخنەت لەوەیە ڕەخنە قەبووڵ دەکرێت، یان ناکرێت؟ ئەو سێ هاوڕێیە بەپێی ئەو گێڕانەوەیەی تۆ جارێک ڕەخنەی یەکتریان قەبووڵ نەکردووە و جارێک کەوتوونەتە پێداهەڵگوتی یەکتر، یان چی؟ ئەوانە چۆن لێک دەدەیتەوە؟ تۆ لە یەکەم ئیمەیڵت، کە بۆت ناردووم، نووسیوتە دەبێت بوێر بین و ناوی کەسەکان بێنین. ئەوەتە خۆت ناوی (گۆران سەباح)، (شاخەوان سدیق) و منت نەهێناوە. ئەوەیان واز لێ دێنین، بەڵام ئایا ئەو گێڕانەوەیە دروستە، یان شێوێندراوە؟ بەر لەوەی ڕاستی بکەمەوە، دەپرسم ئەرێ ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، خوێنەرێکی (کانت) و (فۆکۆ) پێوەی خەریک ببێت؟ ئەگەر جارێکی دی بۆ لای (فۆکۆ) بگەڕێینەوە و پرۆسێسی ئارکیۆلۆجیا بە بیری خۆمان بهێنینەوە، دەبینین ڕووبەڕووی هەموو ئەو گێڕانەوانە (Narratives) دەبێتەوە، کە هەن. ئەوانە زۆرینەی کات لە پێناوی پاوانخوازیی دەستەڵاتدا هەڵبەستراون، بۆیە ساختەن. ڕاستییەکەی تۆ هونەرێکی سادە و ڕوونت لەو شێواندنەدا بە کار هێناوە، کە بڕوا دەکەم هەر خوێنەرێک هەستی بکات.
من خۆم هەمووی دوو ساڵە دەزانم نووسەرێک هەیە و ناوی (گۆران سەباح)ـە. ئەویش کەی؟ کاتێ لە نووسینێکیدا ئاماژەی بە ڕۆمانی (ماڵی نانی)ی من کردبوو. لەمەوە نامەیەکم بۆ نارد و بۆچوونی جیاوازی خۆمم تێدا نووسی. ئینجا لە تەلەفۆن بە هەمان شێوە ڕەخنەی خۆمم لێی نەشاردەوە. چەند مانگ لەمەوبەر لەبارەی ڕۆمانی (تەرمەوان)ی منەوە ڕەخنەیەکی بڵاو کردەوە، کە پێی وایە چاپکردنی کارێکی خراپە. یەک خاڵی پۆزەتیڤی لەم ڕۆمانەی مندا نەدیوە.(8) منیش گوتارێکم لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمانی تەرمەوان لە دیدێکی دیکەیشەوە) نووسی و بەرپەرچی تێکڕای بۆچوونەکانیم دایەوە، بێ ئەوەی دەنگی ئەو بسڕمەوە.(9) لەوێیشدا ئەوەم گوتووە. دەسا با خوێنەر خۆی بچێت بیخوێنیتەوە و بزانێت لە چ ئاستێکدا نووسراوە. ئینجا چونکێ بە لای کەسێتیی (سەباح)دا نەچووم، بەڵکوو تەنیا بۆچوونی جیاوازی خۆمم نووسیوە، ئەو لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووکدا بڵاوی کردەوە. دەکرێت وەک نموونەیەکی جیاواز لێی بڕوانرێت، کە دوو نووسەر لەگەڵ ئەوەیشدا لە یەک خاڵی تێگەیشتندا بە یەک ناگەنەوە، بەڵام باوەڕیان بە دایەڵۆگە و هیچ تووڕەیییەک لە تۆنی دەنگیاندا بە دی ناکرێت. کاتێ دەڵێم لە کەسێک جیاوازم، مەبەستم ئەوە نییە بیرکردنەوەی من دروستە و هیی ئەو هەڵەیە، یان من لەو چاکتر بیر دەکەمەوە، بەڵکوو تەنیا دەمەوێت بڵێم جیاوازم. دەتوانم بڵێم بیرکردنەوەی (سەباح) چەند بڵێی لە هیی من دوورە. کتێبی (ڕۆمان و خوێنەرە جیاوازەکانی)ی (شاخەوان سدیق) بڵاو دەکرێتەوە، کە کۆمەڵێک نووسەر وەڵامی پرسیارێکیان لەبارەی کاریگەریی ڕۆمان لەسەر خوینەرەوە داوەتەوە. یەکێکیان منم. ئەمجارەیان (سەباح) دێت و ڕەخنە لە هەموو وەڵامەکان دەگرێت.(10) لە ڕێی نامەیەکەوە بۆچوونی خۆمی بۆ دەنووسم.(11). گوتوومە لەگەڵ ئەوەیشدا ڕوانینم تەواو لەگەڵ هیی ئەو جیاوازە، بەڵام ئەو جووڵەیەم پێ خۆشە. بەو جووڵەیەی پاڵی پێوە نام دوو بابەت بنووسم، کە ماندوویان کردم و ئەو ماندووێتیەمم خۆش دەوێت. هەمان شتیشم بەردەوام بە تۆ گوتووە، کاک ئارامی ئازیز. لە ڕێی مەسیجی دەنگییەوە بە (سەباح)م گوتووە ئەوەی (ئارام سدیق)یش بە گرنگ دەزانم، کە جووڵە دەخاتە ناو دنیای نووسینمانەوە. ئەو جووڵەیە لە خزمەتی تێکستی فرەئاڕاستە و فرەڕەهەنددایە. واتە ئەو تێکستەی ئاستی زانراوی تێپەڕاندبێت، بەرگەی ڕەخنە دەگرێت، بگرە دەتوانێت لەو ڕێیەوە زیاتر هێز بە دەست بێنێت، مادام کراوەیە و ڕووی لە نەزانراوە. لەو وەڵامەی (شاخی)دا باسی ئەوەم کردووە. ئەوە تێکستی داخراوە ناتوانێت دایەڵۆگ دروست بکات. وایشی پێویست کردووە بڵێم پرسیارەکەی (شاخی) گرنگە، چونکێ لەو ڕێیەوە ئاستی تێگەیشتنی ڕۆماننووسانی ئێمە دەردەکەوێت. نەک من، هەموو ئەو نووسەرانەی تریش پرسیارەکەیان لا گرنگ بووە، دەنا وەڵامیان نەدەدایەوە. ئەوە هەموو شتەکەیە و تێکستەکانیش ماون. لەمێژە ئاگام لە نووسینی (شاخی)یە، بەڵام چوار ساڵە پێوەندیی کەسێتیمان هەیە، کە هەمووی چەند جارێک پێکەوە دواوین. ئەوانەیش پێوەندییان بە گفتوگۆوە هەبووە. تۆم بینیوە، بەڵام ئەو دوو ئازیزەی تر نا. ئەمڕۆ لە کاتی نووسینی ئەم نامەیەدا ڤیدیۆیەکی (سەباح)م پێ گەیشتووە، کە تێیدا هێرش دەکاتە سەر نووسینم. ناومی خستووەتە پاڵ ناوی چەند ڕۆماننووسێکی تر، گۆیە نازانین بە دروستی بنووسین و زمانی کوردیمان شێواندووە. ئەو تێکەڵکردنە هەڵەیەکی لۆجیکییە. ئەوە چۆن بەو ئەنجامە سەیرە گەیشتووە؟ هەر خوێنەرێکی وریا بەرهەمی هەردووکمانی خوێندبێتەوە، دەزانێت جیاوازییەکەمان زۆر گەورەیە. ئەو نایشارێتەوە دەیەوێت بە زمانی سادەی جەماوەر بنووسێت، لە کاتێکدا زمان لای من تێپەڕاندنی بەردەوامی ئەو ئاستەیە، کە هەیە. ڕوانینمان بۆ چەمکەکان لە هیچ ڕێیەکەوە بە یەک ناگەنەوە. بۆ نموونە ئەو تێکڕای فکری خۆرئاوا بە هیچ دەزانێت. ئەمە ئەو ڕەخنەیش دەگرێتەوە، کە لانی کەم لە (نیتشە)وە تا (فۆکۆ) و دواتر لەو فکرە گیراوە، لە کاتێکدا شتەکە وەک لەم نامەیەیشمدا دیارە لای من تەواو جیاوازە. ئەگەرچی هیچ گوتارێکی ئەوم لەو بارەیەوە نەدیوە، بەڵام بەردەوام بە زارەکی دەریبڕیوە. لەوە دەچێت خۆرئاوا بەر نەفرەتێکی سەیر کەوتبێت، بە ڕادەیەک هەر فکرەیەک بەرهەم بهێنێت، خێرا بۆگەن بکات. بۆ نموونە لە ڤیدیۆیەکیدا پێی وایە ئەوانەی باس لە (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف و تیۆلۆجن (Theologian)ی دانمارکی دەکەن، دوای مۆدێل کەوتوون. نایشارمەوە شتەکە سەیر، بگرە ساکار دێتە بەر چاوی من. کەی ئەو هەموو فکرەی خوێندەوە، تا بتوانێت بڕیارێکی لەم شێوەیە بدات؟ ئایا هەر دوای ئەوەی چەند لاپەڕەیەک لەو فکرە دەخوێنینەوە، خێرا دەست لە حوکمدان هەڵناگرین؟ ئاستی تێگەیشتنمان ناگۆڕێت و لە زمانماندا ڕەنگ ناداتەوە؟ ئێستا بواری ئەوەم نییە لەوە زیاتر بڵێم، بەڵام جووڵەیە و دەیکات. ئەوانەی پێیان وایە بە چاکی بەرهەمی نەخوێندوونەتەوە، با بێن و چەمکەکانی هەڵبگرنەوە، تا بە شێوازی خۆیان لێوەی بدوێن. لەو جیاوازییەدا شتی نوێ دێتە کایەوە، ئەگەر ئەوان بتوانن جیاوازیی خۆیان دەربخەن.
گوتووتە: (سێ هاوڕێی نووسەر)، بۆ ئەوەی بڵێیت هاوڕێیەتییەکەمان وای کردووە… (بڕوا بکە نازانم بڵێم هاوڕێیەتییەکەمان وای کردووە چی بکەین! بۆچی؟ چونکێ دوو شتی جیاوازی ئاڵۆزت گوتوون). نازانم ئەوەیانە، کە (زامدار) گوتوویەتی، یان هیی (قانیع)ـە. تێکەڵییەکە لە بۆڵەبۆڵ و منگەمنگ. ئایا دەکرێت بڵێین بۆڵەمنگە؟ ئێستا من نازانم بۆچی سەرزەنشتت کردووین! ئایا ڕەخنە قەبووڵ دەکەین، یان نایکەین؟ یان هەردووکیان پێکەوە؟ یان هیچیان نا، بەڵکوو…؟ بەڵکوو چی؟ ئەرێ ئەو شتە گرنگە، ئێمە پێوەی خەریک ببین؟ بەهەرحاڵ من هاوڕێی ئەوانم، وەک ئەوەی هاوڕێی تۆیشم. ئێمە دەبێت ئەو شتانە لە تێکستەکاندا بدۆزینەوە، نەوەک لە دەرەوەی. ئایا سەیر نییە ڕەخنەگرێکی وەک تۆ، کە خوێنەری (فۆکۆ)یە، پشت لە تێکست بکات و لە دەرەوەیدا بە دوای شتدا بگەڕێت؟ ئەمە هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە (straw man fallacy) ناسراوە. واتە شتێک بۆ کەسێک هەڵدەبەستیت، کە هیچ پێوەندیی پێیەوە نییە، تا لە ڕێی ئەو شتەوە خۆی دادگایی بکەیت.
لەوانە سەیرتر، ئەوەیە، کە دەڵێیت: (بێگومان ئاستی ڕەخنەکان بە جۆرێکە مەگەر لەنێو کورددا پێی بوترێت ڕەخنە و من قسە لەسەر ناوەرۆکی ڕەخنەکان ناکەم).
ئەوەیان لای من نوێ نییە، کە بێ ئەوەی پەرەگرافێک لە تێکستێکم وەربگریت، ئەو هەموو گوتارە لەبارەی کەسێتیمەوە بنووسیت. وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، کە (فۆکۆ) لە ڕێی چەمکی (لەیەکچوون)ـەوە لێکی دەداتەوە و دەڵێت ئەم جۆرە نووسینە هێندە سادەیە، دەتوانیت لە ماوەیەکی کورتدا بێسنوور شت بە دوای یەکدا ڕیز بکەیت. پێشتریش پێم گوتوویت هەموو بەرهەمەکانمت بە وۆرد و لە ڕێی ئیمەیڵەوە بۆ دەنێرم، تا بە ئارەزووی خۆت ڕەخنەیان لێ بگریت. ئێستا ئامادەم ئەو گوتارە و نامەکەمت بۆ بنێرم، کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردن. ئایا دەتەوێت لە بارەیانەوە بنووسیت؟ ئایا تۆ پێت وایە خوێنەرەکانت تەنیا پێویستیان بەوەیە جنێوم پێ بدەیت؟ نایانەوێت بزانن من چەند ڕووکەشم و چەند سادە دەنووسم؟ بۆچی نایەیت نموونە لە بەرهەمەکانم بێنیتەوە و پێشانیان بدەیت؟ هەم گوتارەکە و هەم نامەکەم لەبارەی ئەدەبی گێڕانەوەوەن، کە چەمکێکی فەلسەفییە و لە سەردەمی یۆنانەوە تا ئەمڕۆ بێژمار فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆز پێوەی خەریک بوون. یەکێکیان (فۆکۆ)یە، ئایا تۆی خاوەنی ئەم گوتارە دەتوانیت لەم بارەیەوە بنووسیت؟ ئایا پێشتر نووسیوتە؟ دەتوانیت یەک نموونەم لە بەرهەمەکانت بۆ بێنیتەوە؟ ناڵێم تەحەدات دەکەم، ئەگەر بەم تێگەیشتنەی ئێستات بتوانیت چوار دێڕ لەبارەی ئەو چەمکەوە بنووسیت، بەڵام هانت دەدەم لانی کەم ئەم گوتارە و و نامەکەم بدەیتە بەر ڕەخنەی توند.
هەر لەو کتێبەی (شاخی)دا (ئارام کاکەی فەلاح)ی هاوڕێیشت بەشدارە، کە وەڵامەکەی لای زۆر کەس بووەتە مایەی پێکەنین. کار گەیشتووەتە ئەوەی خوێنەرێکی وریای وەک (ڕێباز ئەکرەم) نەک هەر قاقا لێ بدات، بەڵکوو لە بارەیشیەوە بابەتێک بنووسێت. ئەگەر تۆ، خۆی، یان هەر کەسێکی دی پێی وایە لەو وەڵامەدا جگە لە پێکەنین، شتێکی دیکە هەیە، با بێت، تا بە دەنگی خۆم بۆی بخوێنمەوە. لەم وەڵامەیدا گوتوویەتی ڕۆمان بۆ نەهێشتنی سترێس باشە. ئەوە چ ڕۆمانێکە تا ئەو ئەندازەیە سادەیە، کە خەمی مرۆڤ دەڕەوێنێتەوە؟ ئەوەی خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفە بێت، دەزانێت (خەم)، (ئازار) و (نیگەرانی) بە تایبەتی لە (نیتشە)وە بۆ ئەمڕۆ مانای جیاوازیان وەرگرتووە، بگرە بایەخی گەورەیان هەیە، کە نابێت لە ناو ببرێن، بەوەی بوونی ئێمە پێک دەهێنن. (نیتشە) لە کتێبی (ئاوابوونی بتەکان)دا ڕەخنەی توند لە باوەڕی کریسچیانیتی دەگرێت، بەوەی دەیەوێت ئەو خەم و ئازارە لە مرۆڤدا بکوژێت. بەو ددانسازە نەشارەزایەی دەچووێنێت، کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ددان، خودی ددانەکە لە بنەوە هەڵدەکێشێت. ئەمە وەک دژایەتییەکی گەورەی مرۆڤ لێک دەداتەوە. (هایدیگەر) پێی وایە بوونی ڕەسەن و ڕاستینە لەگەڵ دڵەڕاوکێ و نیگەرانیدا هاوکاتە، بەوەی ئەو بوونە ناتوانێت لەگەڵ (ئێستا)ی خۆیدا بگونجێت و لە ئاستی (داهاتوو)یشدا هەست بە ترسێکی گەورە دەکات. ئەو ترسە ڕوویەکی دیکەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییە. بە مانایەکی تر، ترسە لە مردن، کە دەیکاتە بوونەوەرێکی نامۆ، مادام عەدەم (Nihil) پێوەندیی نێوان واقیعی ئەو بوونەوەرە و (بوون) پێک دەهێنێت.
کاک ئارامی ئازیز، لەم چەند ساڵەدا بەردەوام ناوی (هایدیگەر)ت هێناوە، کەچی ئەوەتە هاوڕێیەکی نزیکت بەم شێوەیە لە (سترێس) گەیشتووە. ئینجا دوای ئەو گوتە پێکەنیناوییانە دەڵێت: (ئەوانە قسەی من نین، هیی زانایانن).
سترێس بزووێنەری ڕۆمانە، کە ئەو سترێسە لە سەدەی بیستەمەوە بە هێزێکی گەورەترەوە دەردەکەوێت. کاریگەریی بەرهەمەکانی (نیتشە)، (فرۆید)، (هۆسێرل)، (بێرگسۆن) و ئەوانەی دی بە ئاشکرا بەسەر شێوازەکانی ڕۆمانەوە دەبینرێت. دەکرێت ناوی ڕۆمانی (شەپۆلەکان)ی (ڤیرجینا ۆلف) بۆ (سترێسەکان) بگۆڕین، بەوەی لە پشت هەر دێڕێکیدا ئەو سترێسە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بۆیە زمانی ڕۆمانەکە، کە ڕەخنەدۆزان بە گشتی پێیان وایە تێکەڵییەکە لە شیعر و پەخشان، وای کردووە نەتوانرێت ئەو تێکستە وەک جۆرێکی دیاریکراوی ڕۆمان پۆلێن بکرێت. لێرەدا زمان بەر لە هەرچی (کات) بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی هەیە، دەردەبڕێت. منداڵی و گەورەییی هەرشەش کارەکتەر تێکەڵی یەک دەبن. لەمەوە ڕۆمانەکە نە گرێچنی دەمێنێت و نە ڕووداوی زەق. مەنەلۆگ شوێنی دایەڵۆگ دەگرێتەوە، کە دۆخی تەنیایی و گۆشەگیریی هەر یەکەیان دەردەخات.
لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا (مام جەباری شێلمرۆش) لە بازاڕی هەولێردا شێلمی دەفرۆشت و بە دەنگێکی بێوێنە هاواری دەکرد: (شێلمەکەم خەمڕەوێنە؛ وەرە بۆ لای، بیدوێنە!). جارێکیان (فرسەت ڕۆژبەیانی)، (ئازاد ئەحمەد) و من بە مەبەستی خواردنی شێلم چووینە لای. (ئازاد) پێی گوت دەنگی لە هیی (ماملێ)ی تێپەڕاندووە، بۆچی ناچێت گۆرانی بڵێت؟ گوتی: (من لێرە هەم شێلمی کوڵاو دەفرۆشم و هەم گۆرانییش دەڵێم. ئەگەر ببمە گۆرانیبێژ، ئەوەیانم لە دەست دەچێت). ئەودەم تازە کتێبی (بنیادی زمانی شیعری: بنیة الـلغة الشعریة)ی (جان کۆهین) بە عەرەبی دەرچووبوو، کە باس لە تیۆریی ترازاندن (نظریة الانزیاح) دەکات، بەو مانایەی شیعر یاساکانی زمان تێک دەشکێنێت، بۆیە هەر وێنەیەکی شیعری لە بڕینی یاسا و پرینسیپەکانی زمان پێک دێت. منیش لە ژێر کاریگەریی ئەو کتێبەدا دوو دێڕە شیعرەکەی (مام جەباری شێلمرۆش)م لێک دایەوە و گوتم لێرەدا کرداری (دواندن) لە پاڵ کرداری (خواردن)دا دەرکەوتووە، بێ ئەوەی دووەمیان یەکەمیانی سڕیبێتەوە. ئێمە وا ڕاهاتووین شێلم دەخۆین، بەڵام ئەو دەڵێت بیدوێنە. واتە دواندن هەم خۆیەتی و هەم شتێکی دیکەیش، کە خواردنە. ئێستا لەوەی (ئارام کاکەی فەلاح)ی نزیک دەکەینەوە و دەڵێین شێلم ئەگەر خەم دەڕەوێنێتەوە، ئەوە هیی دنیای شمەکە و لێرەدا بەهایەکی جیاوازی هەیە، بەڵام ڕۆمان، کە هیی دنیای ئاماژەیە، ئەگەر خەم بڕەوێنێتەوە، مانای وایە لە دنیای شمەکدا ماوەتەوە و هیچی تێنەپەڕاندووە، بگرە دەستی بەو چەسپاوەوە گرتووە. چی وای کردووە ئەوەی (ئارام کاکەی فەلاح) دەربکەوێت، بەڵام هیی (مام جەباری شێلمرۆش) بشاردرێتەوە؟ دەستەڵاتی چەمکەکان، کە وەک گوترا ئەوانن مرۆڤیان بەرهەم هێناوە، نەوەک مرۆڤ ئەوانی بەرهەم هێنابێت، بەڵام دەستەڵات هەندێک دەکاتە خاوەنی چەمکەکان، کە دەتوانن لەو ڕێیەوە ئەوانەی دی بسڕنەوە. لێرەدا (ئارام کاکەی فەلاح)ی خوێندەوار، بەوەدا دەتوانێت تیپەکان بنووسێت و وشەیان لێ پێک بهێنێت، گوتەکەی لە هیی (مام جەباری شێلمرۆش)ی نەخوێندەوار زیاتر بایەخی پێ دەدرێت، چونکێ دووەمیان بەو پێوەرەی دانراوە، دەکەوێتە پەراوێزەوە و دەسڕێتەوە. وەڵامی (ئارام کاکەی فەلاح) دەمێنێتەوە و لە شێوەی کتێبدا چاپ دەکرێت. دەشێ پێویست بەوە بکات لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەیدا ئاهەنگی بۆ بگێڕن و کۆمەڵێک کەس ئامادە ببن. ئەوەتە لای تۆ ئەو وەڵامەی لە ڕەخنە دوور خراوەتەوە.
لە شوێنێکی وەڵامەکەیدا نووسیویەتی، گۆیە عەقڵیەتی شەڕکەر (ئامادەیە دەیەها نامەت بۆ بنووسێ تا ڕەخنەیەکی لێ نەگری. دەپاڕێتەوە). پرسیارێک لەبارەی کاریگەریی ڕۆمان لەسەر خوێنەرەوەیە و ئەو دێت ئەمەت پێ دەڵێت. لەو نامەیەی بۆ (گۆران سەباح)م ناردووە، ئەوەی خوارەم نووسیوە:
[من بەوەدا خۆم چەند جارێک ڕووبەڕووی نووسینەکانی بوومەتەوە، بۆ نموونە لە پاشکۆی کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام) و لە گوتاری (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی)دا، بۆیە هێندە دەڵێم نامەی لەم شێوەیەم نە بۆ ئەم ناردووە و نە بۆ هیچ کەسێکی تریش.(12) هیوادارم ئەگەر مەبەستی منە، بڵاویان بکاتەوە! بە هیچ شێوەیەک لە کەسێتیی ئەو نزیک نەبوومەتەوە، بەڵکوو تەنیا لەبارەی نووسینیەوە پرسیارم لێ کردووە و بۆچوونی خۆمم نووسیوە. بەر لەوەی بابەتەکەم بڵاو بکەمەوە، بە ئیمەیڵ بۆیم ناردووە، کە بێگومان بەوەدا کێشەی کەسێتیم لەگەڵیدا نییە، سڵاو و خۆشەویستیم بۆ نووسیوە. ئەوەم لەگەڵ نووسەرانی تریشدا کردووە. واتە بەر لەوەی بڵاویان بکەمەوە، بۆم ناردوون، تا بزانن لەبارەی بەرهەمیانەوە نووسیومە. ئەو بابەتەی پێی گەیشتووە، ڕەخنەی توندە و بە پرسیار ڕووبەڕووی بوومەتەوە، تەنانەت داوام لێ کردووە وەڵامم بداتەوە. دیارە ئەگەر بۆ ئەوەم ناردبێت، ڕەخنەم لێ نەگرێت، ئەو هەموو پرسیارەی ئاڕاستە ناکەم. خوێنەر دەتوانێت پاشکۆی کتێبەکە بخوێنێتەوە، تا بزانێت پرسیارەکان چین. ئیمەیڵەکە لای خۆم پارێزراوە. ئەگەر ئەوەی بە پاڕانەوە داناوە، ئەوە با بڵاوی بکاتەوە! ئایا ئەم دانەیەیە بووەتە دەیەها؟ دەیەها؟ زۆر نییە؟ دیارە پێشتریش نامەمان گۆڕیوەتەوە، بەڵام پێوەندییان بە بابەتی لەم شێوەیەوە نەبووە. دەتوانێت ئەوانیش بڵاو بکاتەوە. پاڕانەوە؟].
تۆ ئەوت لێ کردووینەتە بیرمەندێکی گەورە، بە مەرجێ لە گفتوگۆکان و ئەو یەک دوو گوتارەی نووسیونی، پەرەگرافێک نادۆزیتەوە، بڵێیت ئەوە هیی پێکەنین نییە، کە لە بەرهەمەکانی پێشوومدا ئاماژەم پێ کردوون. کێ پەرەگرافێکی ئەو نووسەرەی لە بیرە، کە ئەوە پێشان بدات خوێنەرە، نەک بیرمەند؟ من کێشەم لەگەڵ ئەوەدا نییە، کە بیرمەندە. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵێک نموونەی نووسینەکانی ئەوم لە شێوەی نوکتە پێ گەیشتوون. دوای هەموو ئەوانە تۆ هاتوویت گفتوگۆیەکت لەگەڵدا کردووە، کە لە شێوەی کتێب، بە ناوی (هێزی گێڕانەوە) چاپ کراوە. یەکێ نەزانێت، دەڵێت ئەو نووسەرە لەبارەی چەمکی گێڕانەوەوە کۆمەڵێک بەرهەمی هەن و لە ڕووی تیۆرییەوە نووسیونی. ئینجا بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لەو تیۆرییانە، پێویستە پرسیاری لێ بکرێت، تا خوێنەر پتر لەم بارەیەوە بزانێت، ئاخۆ مەبەستی لەو چەمکانە چین، کە بە شێوازی خۆی بە کاری هێناون. خوێنەرێک هەر بۆ نوکتە نووسینێکی (ئارام کۆشکی)ی پەیامنێری (ڕۆژنامەی هەولێر)ی بۆ ناردووم، کە لەبارەی ئەو گفتوگۆیەوەیە. لەوێدا (کۆشکی) بە سادەییدا هەڵدەڵێت و هێرش دەکاتە سەر ئەوانەی، کە دژی سادەیین. ئەو هێرشە (کانت) و (فۆکۆ)یش دەگرێتەوە، بەوەی هەردووکیان ڕەخنەی توندیان لە سادەیی گرتووە. چ خوێنەرێکی وریا هەیە، ئەمە دەخوێنێتەوە و قاقا لێ نادات؟ ناوی چەمکی (هێزی گێڕانەوە) بهێنیت و بە سادەییشدا هەڵبڵێیت. من لەو سێ (ئارام)ـە، تەنیا ئەو دووانەتان دەهێڵمەوە، بۆ ئەوەی ئەمبیگویتی دروست نەبێت، بەڵام پێش ئەوەی (کۆشکی) بڕوات، لێی دەپرسم ئایا (ڕۆژنامەی هەولێر)، کە بەشێکی هەر بە خۆڕایی بڵاو دەکرێتەوە، بۆ خوێندەوارانە، یان بۆ نەخوێندەواران؟ ئایا بۆ خوێندەواران نییە؟ تا ئێستا ژمارەیەکی ئەو ڕۆژنامەیەی بە دەست نەخوێندەوارێکەوە دیوە؟ بۆچی خوێندەوارەکە بەهایەکی گەورەتری لە نەخوێندەوارەکە هەیە؟ ئەوە (فۆکۆ) لە کوێیە؟ ئینجا دەپرسم ئایا ئەو دووانەتان ئامادەن بێن لەبارەی ئەم کتێبەوە گفتوگۆ بکەین؟ نایشارمەوە لێم بووەتە مەراق، چۆن ئەو چەمکەی لە فەلسەفەدا شەڕی گەورەی بە فیلۆسۆفان فرۆشتووە، ئێوە خۆتان لە قەرەی داوە و هاوکاتیش بە سادەییدا هەڵدەڵێن؟ گوتارێکم لە ژێر ناونیشانی (چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان)دا نووسیوە و ماوەیەکی دی بڵاو دەکرێتەوە. ئەرێ کەسێک لاپەڕەیەکی بۆ نموونە لە بەرهەمەکانی (پۆول ڕیکۆر) و (جیرار جینێت)دا خوێندبێتەوە، کە بە وردی لەبارەی چەمکی (گێڕانەوە)وە نووسیویانە، بە سادەییدا هەڵدەڵێت؟ ئەرێ دەتوانین بە ئاسانی لەو چەمکە تێبگەین؟ ئایا ئەو چەمکە وامان لێ ناکات بۆ فەلسەفە و لینگویستیک بگەڕێینەوە؟ پرسیارێکی دیکەم ئەوەیە: (ئارام کاکەی فەلاح) هەر ئەو نووسەرە نییە لەو کتێبەی (شاخی)دا بەشدارە؟ ئەرێ لەم ماوەیەدا چی گۆڕاوە، تا بێت و لەو کتێبەدا شتی نوێ بڵێت؟ ئەو نووسەرە نییە لە گفتوگۆیەکدا دەڵێت حەزی لە چییە و ڕقی لە چییە، کە هەر لەوێدا گوتوویەتی زۆر شت لە (کارڵ پۆپەر)ـەوە فێر بووە، بە مەرجێ چەند دێڕێک دواتر پێشانی داوە تەنیا ناوی بیستووە؟ ئایا دەتوانن جارێکی دیکە بۆ گوتاری (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی)ی من بگەڕێنەوە؟
کاک ئارامی ئازیز، ئێستا دەگەینە چەمکی (پاسەوان)، کە تۆ لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەردەوام وەک جنێو بۆ منت بە کار هێناوە. سەرەتا با بزانین ئەو چەمکە داهێنانی خۆتە، یان وەرتگرتووە؟ ئەگەر بۆ کتێبی (گەڕانەوەیەکی…) بگەڕێیتەوە، ئەوە لەوێدا دەیبینیت، بەڵام من وەک چەمکێک بۆ دیاردە بە کارم هێناوە. نەیشمگوتووە هیی خۆمە، بەڵکوو سەرچاوەکەیم نووسیوە. کاتێ تۆ گوتەیەک دەهێنیتەوە، گۆیە هیی (هایدیگەر)ـە و دەڵێیت باوەڕی تەواوم پێیەتی، من دێم پێشانی دەدەم بە هیچ شێوەیەک پێوەندیی بەو فیلۆسۆفەوە نییە. ئینجا دەنووسم:
[ئەو باوەڕە تەواوەی چ لای تۆ هەیە و چ لای بەشێکی زۆری ئەندامانی تری کۆمەڵگەیش وەک (ئەنتۆنی گیدینز: Anthony Giddens)ی کۆمەڵناس لە کتێبی (ژیان لە کۆمەڵگەی پۆستترادیشنەڵدا)دا پێی وایە لەو کەلەپوورەوە، یان لەو دابونەریتەوە ماوەتەوە، کە بە یادەوەرییەوە لکاوە. واتە ئەو باوەڕە هیی ئێستا نییە و ڕیشەی لە قووڵاییی مێژوودایە. لەم ڕووەوە ئاماژە بە (مۆریس هالبواچس: Maurice Halbwachs) دەدا، کە ئەو ناوی کۆیادەوەری (collective memory)ی لێ ناوە. واتە ئەو مرۆڤە دەستی بەو حەقیقەتەوە گرتووە، کە لە نەوەکانی پێش خۆیەوە بەردەوام کەڵەکە بووە. (گیدینز) خۆی ئەمە بە (formulaic notion of truth) ناو دەبات. واتە ڕوانینی تەقلیدییانە بۆ حەقیقەت. دەڵێت: {ئەو کەلەپوورە خاوەنی پاسەوانە. دیارە کەلەپووریش پێچەوانەی عادەت هێزێکی پێوەندیدار (binding force)ی هەیە، کە خاوەنی ناوەرۆکێکی جووتلایەنییانەی مۆراڵ و سۆزە}.
بەکورتی دەکرێت بڵێم (گیدینیز) پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە ئەو مرۆڤە کاتێ خۆی بەو کەلەپوورەوە دەبەستێتەوە و لەوێوە لە دنیا دەڕوانێت، ئەوە دەبێتە پاسەوانی و لەمەوە هەر شتێک دەداتە دواوە، ئەگەر لەگەڵ حەقیقەتەکەیدا نەیەتەوە، بەوەی هەم بە شتێکی مۆراڵیی دەزانێت و هەم وەک سۆزێکیش بۆ ئەو ڕابردووە، بەرگریی لێ دەکات. ڕێک وەک ئەوەی لەو ڕێگەیەوە دڵسۆزی و وەفای خۆی بۆ باوک و باپیرانی دەرببڕێت. لای من سەیر نییە ڕەخنەگری میلـلی هێندە توند دەستی بەو کەلەپوورەوە گرتووە و بە زمانی ئەو کەلەپوورەیش لە دژی هەر نووسەرێکی داهێنەردا دەوەستێتەوە، کە ڕێگەیەکی جیاواز بگرێت].
ئینجا لە کتێبی (کوشتنی فیل و…)دا جارێکی دیکە بۆ ئەوانەم بە کار هێناوە، کە بە جنێو و گوتەی بریقەداری ڕۆژانە بەرگری لەو نووسەرانە دەکەن، گۆیە داهێنەرانی مەزنن و کەس بۆی نییە ڕەخنەیان لێ بگرێت. هەر لەوێیشدا چەند جار گوتوومە مەرج نییە ئەوانە تا سەر دەست بەو باوەڕەیانەوە بگرن. واتە لە لایەک نەمویستووە بە کەسانی دیاریکراوی بڵێم و لە لایەکی دیکە دۆخەکەم بە ئەزەلی نەبینیوە، بەڵکوو پێم وا بووە و پێم وایە دەشێ بگۆڕێت، بەڵام تۆ منت خستووەتە ناو ئەو چوارچێوەیەوە و بڕیاری تەواوت داوە. ئایا دەتوانیت پێناسەیەکی چەمکی (پاسەوان) بکەیت، تا بزانین چۆن لێی دەڕوانیت؟ ئایا لە ڕوانگەی میلـلییەوە تەماشای دەکەیت، یان وەک لە سەرەتای ئەم گوتارەتدا پێت گوتووین دەتەوێت لە دیدی (فۆکۆ)وە لێکی بدەیتەوە؟ پێشتر هەر لای ئەو فیلۆسۆفە گوتمان مانای شتەکان چەسپاو نین، بۆیە پێویستە بەردەوام پێناسەی تریان بۆ بکەینەوە. کاتێ چەسپاون، لە مانا بە دەرن. من پاسەوانی چیم؟ ئەوە پرسیارەکەیە. ئایا پاسەوانی بوونی ڕەسەنی خۆمم، یان لە شتدا تواومەتەوە و بوومەتە پاسەوانی دامودەستگەی کۆمەڵایەتیی لە چەشنی حزب؟ بەڵێ، من پاسەوانی جەستەی خۆمم، کە پێم وایە جەستە ڕووبەرێکی بێسنوورە. پێشتریش هەر بۆ نموونە لە (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا ئەوەم گوتووە.
وەک بینیمان لای (فۆکۆ) کاتێ کەسێک دەخەینە چوارچێوەوە، ئەوە مەبەستمانە لە ڕێی دەستەڵاتەوە سەرکوتی بکەین و بە لاوەی بنێین. واتە بە پاسەوانم دەزانیت، تا دەستەڵاتی خۆتم بەسەردا بسەپێنیت، بەوەی خاوەنی چەمک واتە خاوەنی دەستەڵات. ئەوانەی خراونەتە نەخۆشخانەی دەروونییەوە، وەک (فۆکۆ) پێی وایە، نەخۆش نین، بەڵکوو سەرپێچییان لەو یاسایانە کردووە و لەگەڵ ئەو چەمکانەدا ڕێک نەکەوتوون، کە هەن. واتە ئێستا پێوەرێکت داناوە و شتەکانت بۆ دوو بەرە دابەش کردوون: بەرەی (پاسەوان) و بەرەی (ناپاسەوان). ئایا ئامادەیت بە تایبەت لەبارەی چەمکی (پاسەوان)ـەوە گفتوگۆ بکەین؟ پێویستە بە خوێنەرەکانت بڵێیت بەوەدا پاسەوانە، ئەمانەی نووسیون. واتە نموونە لە نووسینەکانم بهێنیتەوە. ئایا هەرگیز وات کردووە؟ ئەرێ لەوە ئاسانتر هەیە من تۆمەتێک بدەمە پاڵ هەر کەسێکەوە، بێ ئەوەی نموونەیەک لە کارەکانی بهێنمەوە؟ من بەرگری لە خۆم ناکەم، چونکێ پێم وایە ئەوە دەمکاتە بابەت، بابەتێک بۆ قسەلێوەکردن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە وەک لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)یشدا گوتوومە لە دژی ئەوە دەوەستمەوە، کە کراومەتە بابەت. ئەوەتە سەرەڕای ئەوەی پەنات بۆ تۆقاندن بردووە، تا جارێکی دیکە ڕووبەڕووت نەبمەوە، گۆیە ئەگەر هاتمەوە دەنگ، پێم بڵێیت پاسەوان، بەڵام ناوەوەم داوای لێ کردم بەم نامەیەیش بگەڕێمەوە و ئەوەتە گەڕامەوە. من هەر جارێ ڕووبەڕووت بوومەتەوە، هەستم بە ئازادییەکی بێسنوور کردووە و بەو چێژەوە بە دوای ڕەهەندی دیکەی چەمکەکاندا گەڕاوم. بۆ من ئەوە گرنگە، نەوەک بۆچوونی ئەوانەی تر لەبارەی کارەکەمەوە، یان لەبارەی خۆمەوە. ئایا من پاسەوانم؟ بەڵێ، پاسەوانم، وەک چۆن موفلیس، نەخوێندەوار و لێبووکم، بەڵام لە دنیای ئاماژەدا. ڕەخنەگرێک دوای چاپکردنی ئەو هەموو کتێبە هێشتا وشەکان بە مانای فەرهەنگی، ئەو مانایەی دەستەڵات بۆی کردوون و بوونەتە زمانی ڕۆژانەی جەماوەر، بە کار دەهێنێت. گوتارەکەیشی بە (کانت) و (فۆکۆ) دەست پێ دەکات.
نووسەرێک بنووسێت: (ڕەخنە بەتەنها کردەیەکی کەشفکاریی نییە، بەڵکو کردەی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و دیاریکردنی پێگەی تێکست و کەشفکردنی بونیادی فیکرییەتی، هاوکات دەرخستنی کەموکوڕییەکانیشیەتی)، دەبێت ڕەخنەی چیی گرتبێت، تا من قەبووڵی بکەم؟ ئەوە چ خوێنەرێکە ناتوانێت ئەم وشانە بە دوای یەکدا ڕیز بکات؟ ئەوە پێناسەی ڕەخنەیە، لە کاتێکدا گوتارەکەتت بە (کانت) و (فۆکۆ) دەست پێ کردووە؟ دەتوانیت گوتاری (لە ڕەخنەگر کێیەوە بۆ ڕەخنە چییە)ی من بخوێنیتەوە، تا بزانیت چۆن لەو چەمکە دەڕوانم؟(13) پێم خۆشە لە ڕێی مێتۆدی پرسیار و ڕاڤەوە هەڵیبوەشێنیتەوە. پێشنیازەکەمت لا پەسەندە؟ لەوێدا یەکێ لەو چەمکانەی ڕەخنەم لێ گرتووە، هەڵسەنگاندنە. نازانم چۆن تۆی ڕەخنەگر دەیان جار ناوی (هایدیگەر)ت هێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدایت تێکست هەڵبسەنگێنرێت. لە پەنجاکانەوە تا ئەمڕۆ کێ هەیە نەیگوتبێت ڕەخنە بریتییە لە هەڵسەنگاندن؟ چاوێک بە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمانەدا بخشێنەرەوە، تا هەموو ئەوانە ببینیت! ئایا تۆ لە (فۆکۆ)وە ڕوانییت و بەوە گەیشتیت، کە ڕەخنە هەڵسەنگاندنە؟ ئەگەر ڕەخنە بریتی بووایە لە هەڵسەنگاندن، نە (کانت)مان دەبینی و نە (فۆکۆ)یش. ئێستا ناویشیان لەم گوتارەی تۆدا نەدەهات. ئەگەر ڕەخنە هەڵسەنگاندنە، واتە پێوەرمان هەیە و شتەکانی پێ دەپێوین. واتە هەر ئەوە بەرهەم دێنینەوە، کە هەیە. ئایا نەگوترا (فۆکۆ) ڕەخنەدۆزی جیاوازییە، دژی ناسنامە و پێوەرە؟ گوتمان ئەو ئەگەرچی خود تەواو بە لاوە نانێت، بەڵام پێی وایە لەتلەت و پەرشوبڵاوە. تۆ پەنا بۆ هەڵسەنگاندن دەبەیت، تا بۆ ئەو مەعریفەیە بگەڕێیتەوە، کە خود هەیەتی. دەتەوێت دەرەوەی پێ هەڵبسەنگێنیت، لە کاتێکدا ئەو خودە لای (فۆکۆ) کەوتووەتە بەر شاڵاوی دامودەستگەکانەوە، بەو مانایەی مەعریفە ملکەچی ئەو ئیپیستیمانەی دەرەوەی خودی هۆشیار، یان خودی بیرکەرەوە (conscious subject)ـەیە. ئەوانە لە فێرگەوە تا نەخۆشخانە لە هەوڵی سڕینەوەیدان. ئەو خودە بەرهەمی دەستەڵاتە، بگرە بەر لەوەی دەستەڵات بێتە کایەوە، ئەو هەر نەبوو. ئەو دامودەستگەیانە وا لەو مرۆڤە دەڕوانن بابەتێکە بۆ جێبەجێکردنی تەکنیکەکانی دەستەڵات. لە فێرگەدا تەکنیکەکانی پەروەردەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، لە نەخۆشخانەدا هیی چارەسەر، لە زینداندا هیی ئەشکەنجە، لە کاتێکدا وایان لێ دەکرێت وەهمی ئەوەیان لا پێک بێت، گۆیە ئازادن و بە ئازادیی خۆیان هەڵدەسووڕێن. بەم شێوەیە ئەو خودە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر لە (سۆکرات)ـەوە تا (دیکارت) وا لێی دەڕوانرا خودێکی بیرکەرەوەی ئازادە، ئەو پێی لەسەر ئەوە داگرت، ملکەچی دەستەڵاتە و ئەو ملکەچییەیشی لەوەدا خۆی دەنوێنێت، کە ئەو مەعریفەیەی هەیەتی، هیی دەستەڵاتە، بەو مانایەی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو پابەندی میکانیزمی دەستەڵاتی جۆراوجۆرە. خود ئەو مەعریفەیەی لە ڕێی زانستە مرۆیییەکانەوە وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئەوانە بۆ ئەوە پەیدا بوون، تا بیکەنە بابەتی کاری خۆیان. واتە ئەو خودە ملکەچی میکانیزمەکانی چاودێری و سزایە. دیسان دەپرسم مەبەستت لە (کردەی هەڵسەنگاندن) چییە، کە لەو پەرەگرافەدا دەکەوێتە بەر چاو؟ ئەرێ (دەرخستنی کەموکوڕییەکان) کاری ڕەخنەدۆزە؟ گوتووتە یەکێ لە ئەرکەکانی ڕەخنە (خوێندنەوە)یە. ئایا ئەوە پێویستە بگوترێت؟ ئەرێ قسە لەبارەی خوێندنەوەیە، یان چۆنیەتیی خوێندنەوە؟ (دیاریکردنی پێگەی تێکست) مانای چییە؟ ئەوە پێگەکەیت دیاری کرد، بەڵام چی بەوە دەکەیت؟ ئایا پێگەی تێکست دیاری دەکرێت؟ ئایا تێکست ئەگەر لایەکی فیزیکیی هەیە، بەڵام ڕووبەرێکی بێسنووری لەناو دنیای ئاماژەدا نییە، کە هەر ئەو ڕووبەرەی گرنگە؟ ئایا ئەو ڕووبەرە فیزیکییە، تا بتوانین بڵێین لێرەوە دەست پێ دەکات و لەوێ کۆتاییی دێت، یان وەک هەر ئەم (فۆکۆ)یەی خۆت پێی وایە لە بێژمار ئاڕاستە پێک هاتووە؟ ئەگەر تێکستێک پێگەکەی دیاری بکرێت، مانای وایە تا بڵێی سادەیە. ئەرێ مادام ئامانجەکە سادەیییە، ناوی ئەو هەموو فیلۆسۆف و ڕیزکردنی بێژمار چەمک لە پای چی؟ دەتوانیت بڵێیت (دیاریکردنی پێگەی تێکست…. ئەمە و ئەوەیە)؟ پێشتریش پرسیم (کەشفکردنی بونیادی فیکرییەتی) چییە و دیسان دەپرسم دەتوانیت لانی کەم پێناسەی بکەیت؟ ئەمانە بۆ منی خوێنەر دەنووسیت و دەتەوێت لێت نەپرسم چین؟ ئەمڕۆ خوێنەرێکی وریا دەرکەوتووە، نووسینی نووسەرە گەورەکان بەم مێتۆدە دەخوێنێتەوە. من ناوم لێ ناوە خوێنەری قاقالێدەر، کە لە ڕێی قاقاوە ڕووبەڕووی ئەو سادەیییە دەبێتەوە. شتی وا لەبارەی ئەو چەمکانەوە گوتراون، دەگاتە ئەوەی لە خۆت بپرسیت ئایا ئەو نووسەرانە تا ئەو ڕادەیە سادەن؟ من چی لەو هەموو گوتە بریقەدارە بکەم، کە لەسەر هەر کامیاندا بوەستیت، جگە لە ڕووکەشی زیاتر، شتێکی دیکەت ناکەوێتە بەر چاو؟
کاک ئارامی ئازیز، لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا لەسەر ئەم گوتەیەتدا وەستام: (نووسەری ڕاستەقینە بۆ ئەوە دەنووسێت، کە لێنەکانی بوون و ژیانی لە ڕێگەی نووسینەوە پڕ بکاتەوە). لەم دوایییەدا هەر لە (ڕۆژنامەی هەولێر)دا بابەتێکت بڵاو کردووەتەوە و دەڵێیت، گۆیە هیی خۆت نییە، بەڵکوو هیی (هایدیگەر)ـە. سەرەتا با لێت بپرسم دەتوانیت سەرچاوەکەیم بۆ بنووسیت؟ لە کام کتێب، یان کام گوتاری (هایدیگەر)ت وەرگرتووە؟ ئەگەر هیی ئەو فیلۆسۆفەیە، بۆچی بە ناوی خۆت بڵاوت کردووەتەوە؟ ئایا ئەوە پێی ناگوترێت (دزیی ئەدەبی: Plagairism)؟ لەو کتێبەمدا بەشێکم بۆ تەرخان کردووە و نموونەم هێناوەتەوە چۆن پێشتریش کاری وات کردووە، تەنانەت پارچەت لە نووسینی من وەرگرتووە و کردووتتە هیی خۆت. پرسیارێکی تر ئەوەیە: ئایا ئەگەر من ڕووبەڕووت نەبوومایەتەوە، ئەوەت ئاشکرا دەکرد؟ ئەوە چ خوێنەرێکە گومان لە ڕاستگۆییت ناکات و ناپرسێت ئایا چۆن دڵنیا ببم کاری دیکەی لەم شێوەیەت نەکردووە؟ چۆن بزانێت لەمەودوایش نایکەیت؟ ئینجا هاتوویت هێرشت کردووەتە سەر ئەوانەی گاڵتەیان بەو گوتەیە کردووە و بە تەوسەوە دەڵێیت ئەوانە خۆیان بە بیرمەند دەزانن. ئەوە من دیسان و زیاتر پێی پێدەکەنم. دەتوانیت سەرچاوەکەی بهێنیت؟ دەتەوێت هەر لەبارەی ئەم گوتەیەتەوە چەند دێڕێکی تر بنووسیت؟ دەتوانیت لەبارەی چەمکی (نووسین)ـەوە، کە لە (سۆکرات) و (پلاتۆ)وە بووەتە پرسیاری فەلسەفە و زمانەوانی، بە دەیان فیلۆسۆفدا تێپەڕیوە، تا گەیشتووەتە (دێریدا) و دوای ئەویش. لە سەرەوە بۆچوونی (شتراوس)م هێناوە. لەو گوتارەی لە ژێر ناونیشانی (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)دا نووسیومە، بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆم لە قەرەی ئەو چەمکە داوەتەوە. هەر بۆ نموونە بۆچوونی (جیل دولووز)ی هاوڕێی (فۆکۆ)ت بە بیر دێنمەوە:
[(جیل دولووز) بە شێوازی خۆی ڕەخنە لە دەستەڵاتی نووسەر دەگرێت، کە لە شێوازی نووسینی کلاسیکدا بەرجەستەیە، بەوەی شێوەیەکی چەسپاو و تاکڕەهەندە. لە کتێبی (هەزار بان: A Thousand Plateaus)دا، کە بە هاوکاریی (فلێکس گواتاری) نووسیویەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێی چەمکی ڕایزۆم (rhizome)ـەوە، دروستتر لە ڕێی (نووسینی ڕایزۆمییانە: rhizomatic writing)ـەوە ڕووبەڕووی لۆجیکی درەخت ببێتەوە. ( ڕایزۆم، یان ڕایزەم، یانیش ڕیزوم، ڕووەکێکە لەسەر زەویدا دەردەکەوێت و ڕەگی نییە). پێیان وایە دوالیزمی درەخت/ڕەگ لە دنیا و نووسینیشدا ڕەنگی داوەتەوە. نووسین وەک درەخت سەرەتایەکی هەیە و دەگاتە کۆتایی. درەخت خاوەنی ڕەگ، لق، گەڵا و بەرهەمە. نووسینی کلاسیک وەک خۆیان ناوی دەنێن، لاساییکردنەوەی درەختە. لە درەختدا ڕەگ هەیە و لە نووسیندا گرفت. درەخت لە ڕێی لق و گەڵاکانیەوە بڵاو دەبێتەوە، نووسینیش بە هۆی ڕاڤەکانیەوە. درەخت بەر دەگرێت و نووسینیش ئەنجام بە دەست دێنێت. بەم شێوەیە (دولووز) و (گواتاری) دەیانەوێت ئەو لۆجیکە تێک بشکێنن، کە تەنیا چەسپاوی و وەستان بەرهەم دێنێتەوە. سەرجەم بوارەکانی بایۆلۆجی، سیاسی، ئابووری و ئەوانەی دیکەیش بەپێی ئەو لۆجیکەی درەخت بە ڕێوە دەچن، لە کاتێکدا شتەکە لە سروشتدا جیاوازە، بەوەی سروشت پێچەوانەی فکر، ڕێی ئەو دوالیزمە نادات، تێیدا کار بکات، لە کاتێکدا خاوەنی خەسڵەتی دینامیکییە. درەخت شێوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە شاقووڵییە، بەڵام ڕایزۆم ئاسۆیییانە دەکشێت و قووڵاییی نییە، بەڵکوو لەسەر زەویدا بڵاو دەبێتەوە. واتە هیچ شتێک ناشارێتەوە، کە مەبەستی (دولووز) و (گواتاری) مێتافیزیکە. ناونیشانی کتێبەکەیش (هەزار بان)، یان (هەزار ڕوو)ـە. ڕایزۆم خاوەنی پرینسیپی گەیاندن و جۆراوجۆری (Principles of connection and heterogeneity)یە، بەو مانایەی پێویستە شتەکان (چەمکەکان) جیاواز و هەمەڕەنگ بن، بۆیە پێچەوانەی درەخت بە هەموو لایەکدا دەجووڵێت و لقی جۆراجۆری لێ دەبێتەوە. کتێب تەواو بووە و داخراوە، لە کاتێکدا ڕایزۆم بەردەوامە و بەسەر هەموو ئاڕاستەکاندا کراوەیە، کە هەر خاڵێکی دەگریت، پێوەندیی بە خاڵێکی تریەوە هەیە و هەر خاڵێکی ئێرە بە خاڵێکی ئەوێ دەگاتەوە، بۆیە پێچەوانەی درەخت سەنترالیزمی تێدا ونە. ڕایزۆم ئەگەر لە خاڵێکدا بپچڕێت، دەست پێ دەکاتەوە، کە ئەو خەسڵەتە لە درەختدا نییە. بەم شێوەیە پێچەوانەی درەخت، لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا کراوەیە و ڕێ دەدات دەستکاریی بکەیت. ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی مۆدێرنیزم، کە لەسەر بنەمای بیری دژبەیەک (Binary thinking) دامەزراوە، ڕێی ڕایزۆمییانە (rhizomatic approach) دەگرنە بەر، بەوەی شتەکان هەموو کاتێ پێوەندیی ڕایزۆمییانە (Rhizomatically interconnected)یان پێکەوە هەیە و ئاماژە بە هەمەڕەنگی دەدەن. ئەوە لە لایەک وەستانەوەیە لە دژی پرینسیپی هۆکار و ئەنجام، کە لە درەختدا بەرجەستەیە، بەوەی سەرەتا و کۆتاییی هەن، لە لایەکی دیکە بەلاوەنانی سیستەمی کرۆنۆلۆجییە، بەو مانایەی کولتوور بەرەو ئامانجی دیاریکراو ناچێتە پێشەوە، بەڵکوو کۆچەرییانە ڕێ دەگرێت. ئەو تێگەیشتنە، کە مەبەستیەتی شێوازی نووسین بگۆڕێت و دەرگەکانی بەسەر دەرەوەدا بکاتەوە، مانای دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز و بەشداریی خوێنەرە لە کاری هونەریدا. نووسەر و خوێنەر پێوەندیی ڕایزۆمییانەیان پێکەوە هەیە. نووسینی ڕایزۆمییانە جووڵەیەکی ڕوواڵاییانە (arbitrary)یە و ئامانجی دیاریکراوی نییە، وەک چۆن خوێندنەوەی ڕایزۆمییانە ئازادە و گوێ بە هیچ یاسایەک نادات].
کاک ئارامی ئازیز، لە فەلسەفەدا بەو زمانە باس لە چەمکی (نووسین) و هەر چەمکێکی تر دەکرێت، لە کاتێکدا تۆ دەتەوێت هەموو شتێک بۆ تێگەیشتنی میلـلی بگەڕێنیتەوە. ئەرێ دەتەوێت ئەو گوتە ساکارە بدەیتە پاڵ (هایدیگەر)، گۆیە باسی چەمکی (نووسین)ت کردووە؟ پرسیارێکی تر: ئایا بەر لەوەی کتێبەکەم بۆ چاپ بنێرم، بۆ تۆم نەنارد، تا ئەگەر هەر سەرنجێکت هەیە، ئاگادارم بکەیتەوە؟ بۆچی تا ئەمساڵ ئەوەت شاردەوە؟ لە گوتارێکی ترتدا بە ناوی (کاروان کاکەسوور خۆی بچووک دەکاتەوە)دا گوتووتە، گۆیە من لەو کتێبەدا کۆمەڵێک بوختانم بۆ کردوویت. دەتوانیت یەک دانەیان بە خوێنەر بڵێیت؟ ئامادەیت؟
ئایا ئەوە گرنگە گوتارێک لەبارەی ئەوەوە بنووسیت، کە نووسەری وا هەیە ناخوێنێتەوە، بەڵکوو هەر لە خۆیەوە حوکم دەردەکات؟ داخلەدڵە و تەنیا ڕق هەڵیدەسووڕێنێت. موفلیسە، ساختەیە، بچووکە و شتی دیکەی لەم بابەتە؟ ئەوە دەکرێت کاری ڕۆژنامەنووسێکی سادە بێت و لە شێوەی بابەتێکی کورتدا بڵاوی بکاتەوە، کە ئەودەم ناکرێت ناوی فیلۆسۆفان بهێنێت. ئایا ئەو ئەنجامە گرنگە تۆ پێی بگەیت، لە کاتێکدا شتێکی ئاسایییە ئەو جۆرە نووسەرە لە هەر کولتوورێکدا هەبێت؟ خۆزگە دیسان بۆ ڕۆژنامەکانی پێش ڕاپەڕین دەگەڕێیتەوە، نا بزانیت چەندی وات بەر چاو دەکەوێت. ئەوەت بە گرنگ زانیوە، بەڵام دەڵێیت ناتەوێت لەبارەی ڕەخنەی ئێمەوە هیچ بڵێیت. ئایا کامیان گرنگترە؟ تەنیا لە ماوەی شەش حەوت مانگدا کۆمەڵێک گوتارت لەبارەی ئەو شتانەوە نووسیون، کەچی خۆت لەوە دوور دەگریت بە لای بەرهەمی مندا بچیت. دیسان خۆم داوات لێ دەکەم نەک هەر ئەو دوو گوتارەم، بەڵکوو ئەوانەی دیکەیشم بدەیتە بەر ڕەخنەی توند.
پێت خۆشە لەبارەی (ڕوانینی فۆکۆ بۆ قەبووڵکردنی ڕەخنە) گفتوگۆ بکەین؟ بۆیە دەڵێم (فۆکۆ)، چونکێ باسەکەی ئەمجارەمان لەبارەی ئەوەوەیە. تۆ وات دەرخستووە لە ڕێی ئەم گوتارەیەوە، کە دەرکەوت نەتخوێندووەتەوە، بەو ئەنجامە گەیشتوویت. ئایا (فۆکۆ) ڕێمان دەدات ببینە پێڕۆکەری؟ ئەو لەناو مێژووی فەلسەفەدا کەناڵێکی جیاوازە و زمانی ئەو پڕە لە ئەمبیگویتی، کە دەکرێت ئەو چەمکانەی وەک شێتی، سێکسواڵیتی، دەستەڵات، مەعریفە، توندوتژیژی و زۆری دیکە بە مانای جیاواز بخوێنرێنەوە و لە ئاستی جیاوازیشدا دەربکەونەوە. ئەوێک بە شێوەی جیاواز لە بواری فەلسەفە، مێژوو، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، ئەنترۆپۆلۆجیا، زمانناسی و هیی دیکەدا کاری کردووە، بەرهەمەکانی سەختە پۆلێن بکرێن، بۆیە هەر ڕێمان نادات ببینە پێڕۆکەری. ئەو لە کتێبی (ئارکیۆلۆجیای زانین)دا، کە ناونیشانێکی دیکەی لۆکاڵییشی بە ناوی (ئارکیۆلۆجیای زانستە مرۆیییەکان)ی هەیە، هاوار دەکات: (لێم مەپرسن من کێم و داوایشم لێ مەکەن هەر ئەو کەسە بمێنمەوە، کە هەم!). ئەو خۆی بە یەک مێتۆدەوە نابەستێتەوە و ڕازی نییە هیچ ناونیشانێکی بۆ دابنرێت. هەر لەو کتێبەدا دەڵێت: (با ئەو ئەرکە، ئەرکی پشکنینی ناسنامەمان بۆ بیرۆکراتی و پیاوانی ئاساییش جێ بهێڵین)، بەو مانایەی ئەو ناسنامەیە بۆ خۆمان مانایەکی نییە و لە گۆڕانی بەردەوامدایە. وەک گوتمان ئەو بە مێتۆدی ئارکیۆلۆجی و جینیالۆجی ڕووبەڕووی مێژوو دەبێتەوە و خوێندنەوەیەکی دیکەی تەواو جیاواز بۆ زانستە مرۆیییەکان دەکات. سەختە کەس بتوانێت ببێتە پێڕۆکەری، هەتا ئەگەر ئەو کەسە ئارەزوویەکی گەرمیشی بۆ ئەوە هەبێت. نامەوێت وشەی (دەروێش) بە کار بهێنم. ئێمە بەو نووسەرە سادەنووسانەی خۆمان ڕاهاتووین، کە هەمان زمانی جەماوەریان هەیە و ئاسان خۆیان دەردەبڕن، بۆیە ئەو جەماوەرە دەبنە پاسەوانیان، وەک لە کتێبی (کوشتنی فیل و ….)دا گوتوومە. ئەو نووسینەی تۆ هەشتاوچوار کەس پەسەندی کردووە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم بە (کانت) و (فۆکۆ) ناتوانن چارەکی ئەو دەنگە بە دەست بێنن. ئایا پێت وایە ئەو جەماوەرەی ڕۆژانە لە سۆشیاڵمێدیادا جنێو بەوانە دەدەن، کە بۆچوون لە ئاستی نووسینی ئەو نووسەرە گەورانەی خۆماندا دەردەبڕن، یەک پۆستی ئەو دوو فیلۆسۆفە لایک بکەن؟
نازانم وەڵامی ئەم نامەیەم دەدەیتەوە، یان وەک ئەوانەی دیکە بە لاوەی دەنێیت، بەڵام یەک داوام هەیە. ئەویش ئەوەیە: ئەگەر ئەمجارە ناوی ( (فۆکۆ)، یان هەر بیرمەندێکی ترت لە گوتارێکتدا هێنایەوە، لینکەکەم بۆ بنێرە! لە ئێستاوە سپاس.
کاک ئارامی ئازیز، لە کۆتاییی ئەم نامەیەدا ڕێم بدە هەندێک تێبینی بخەمە ڕوو:
یەکەم: وەک خۆت دەزانیت ئەوە یەکەمجار نییە بە مێتۆدی پرسیار و ڕاڤە ڕووبەڕووی بۆچوونەکانت دەبمەوە. هەوڵم داوە تەنیا مامەڵە لەگەڵ چەمکەکاندا بکەم و بە لای کەسێتیتدا نەچم، کە ڕەنگە ئەم گوتەیەم هەر پێویست نەبێت، بەوەی ناکرێت ئێمە ڕاڤەی چەمک بکەین و هاوکات لە ژیانی تایبەتی نووسەر نزیک ببینەوە. ئەوەیان زیاتر کاری ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆیە، کە دەتوانێت لە ڕێی پرسیاری زیرەکانەوە هەر یەکەمان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار بکاتەوە، تەنانەت بۆی هەیە لەبارەی هەندێک ژیانی تایبەتمانەوە بپرسێت. مەبەستم لەو بەشە تایبەتەی ژیانمانەوەیە، کە پێوەندیی بە کارەکەمانەوە هەیە. بۆ نموونە ڕۆژنامەنووسێکی بێلایەن بۆی هەیە لە من بپرسێت، ئاخۆ هیچ دامودەستگەیەکی حزبی بە پارە، یان بە هەر شتێکی تر کۆمەکی کردووم؟ ئایا بە نهێنی لە یەکێ لەو دەستگەیانە دامەزراوم؟ بەڵێ، پرسیاری لەم بابەتە ڕەوان، تەنانەت بۆی هەیە فایلی نهێنیم بدۆزێتەوە و ئاشکرای بکات، بەو مەبەستەی خوێنەر دڵنیا ببێت، کە فریوم نەداوە. هەروەها دەتوانێت لەبارەی نووسینەکانیشمەوە بپرسێت، بەڵام من بەوەدا کاری ڕۆژنامەوانی ناکەم، شێوازەکەم لە هیی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازادە جیاوازە. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بەرهەمی چەند نووسەرێک بوومەتەوە، کە تۆ یەکێکیانیت. پرسیومە و بۆچوونی جیاوازی خۆمم لەبارەی چەمکەکانەوە نووسیوە.
دووەم: هەندێک ڕەخنەیان لە من ئەوەیە، کە چۆن دەبێت لەبارەی بەرهەمەکانتەوە بنووسم، لە کاتێکدا پێم وایە سادەن؟ ڕاستییەکەی وەک بەردەوام گوتوومە کاتێ چەمک هەیە، بۆ من جیاواز نییە کێ و لە چ ئاستێکدا ناوی هێناوە. کێشەیەکم لەگەڵ ناودا نییە. کاتێک دایەڵۆگ دادەمەزرێنم، ڕووم لە نەزانراوە و پێشتر هیچ بڕیارێکم نەداوە. ئەوەی ئەو چەمکانەی فڕێ داون، هەر کەسێکە و هەر ناوێکی هەیە، شتێک لە پرۆسێسی دایەڵۆگەکە ناگۆڕێت. وەک لای (فۆکۆ) بینیمان ئەو کۆنتێکستانە هەن و فکری کەسەکان پێک دەهێنن، بۆیە دەکرێت نووسەرانی دیکەیش هەر ئەوانە بڵێنەوە، کە تۆ گوتووتن. من ڕووبەڕووی ئەو تێگەیشتنە دەبمەوە، بێ ئەوەی لەبارەی ئەو کەسەوە بپرسم، وا ئەو تێگەیشتنە باوە دەردەبڕێت. واتە تێگەیشتنەکە هەیە و ئامادەیە، تەنیا کەسانێکی دەوێت دەریببڕن. ئەوەتە تۆ ئەو ئەرکەت گرتووەتە ئەستۆ. لێرەوەیە هێندەی من بەهات هەیە و پێشتریش بەردەوام گوتوومە. ئەوەی سەیرە، ئەو تێگەیشتنە لای خۆیشت دەرکەوتووە، گۆیە نابێت من ڕووبەڕووی تۆ ببمەوە. ئەوەتە گوتارێکت ناو ناوە (کاروان کاکەسوور خۆی بچووک دەکاتەوە)، بەو مانایەی چۆن دەبێت خۆم داببەزێنمە ئەو ئاستە، بەڵام ڕاستییەکەی من تۆم وا نەدیوە. لەو دەمەی خەریکی نووسینی نامەیەک بووم بۆت، هاوڕێی ئازیزمان (بۆسکانی) زەنگی بۆ لێ دام، تا لەبارەی ئەو گوتارەتەوە بدوێین. ڤیدیۆکەم کردەوە و لەسەر شاشەی لاپتۆپەکەمدا پێشانم دا، کە نووسیومە (ئارام سدیق بە گەورە دەزانم). درافتی نامەکەم هێشتا ماوە.
سێیەم: لەوانەیە بپرسن نەبڕایەوە؟ چۆن دەبێت هەر جارێ تۆ شتێک لەو بارەیەوە بنووسیت، منیش بۆی بگەڕێمەوە؟ پێشتریش گوتوومە و ئێستایش دەیڵێمەوە، کە تێکست دنیایەکی بێسنوورە. دەکرێت بەردەوام و بە شێوەی جیاواز لێی بڕوانین، تا لە هەر ڕوانینێکدا ڕەهەند و ئاڕاستەی نوێ بدۆزینەوە. بەوەدا تێکستەکان جیاوازن، ئەوە جیاوازییەکە لە گفتوگۆکەیشماندا ڕەنگ دەداتەوە. یەکەمجارە من لەبارەی ئەم گوتارەی (فۆکۆ)وە دەدوێم. کەواتە گفتوگۆکەمان لەوانەی پێشوو ناچێت. پرسیار ئەوەیە: ئایا چیم لەو بارەیەوە گوتووە، نەوەک بۆچی لەو بارەیەوە گوتوومە؟ هیچ پێوەرێک لە بەرچاو ناگرم و ئازادم چی بڵێم. هەوڵم داوە بەپێی تێگەیشتنی خۆم لە فکری ئەو فیلۆسۆفە بدوێم، کە ئاسان نییە. وەک پێشتر گوتم ئەوەی نووسیومە، سەرەتایەکە بۆ چوونەناوەوەی باسێکی فرەوانتر، کە ئەودەم بە شێوازێکی تر بۆی دەگەڕێمەوە. دەکەوێتە سەر ئەوەی، ئاخۆ تۆ ئامادەییی خۆت بۆ ئەو گفتوگۆیە دەردەبڕیت، یان نا؟ باسەکە خۆت کردووتتەوە، کە پێویستە پێت خۆش بێت خوێنەرێک دەیەوێت لەو بارەیەوە زیاتر بنووسیت.
چوارەم: بە خوێندنەوەی خۆم لە دوای ڕاپەڕینەوە ململانێ لەناو کولتووری نووسینماندا کاڵ بووەتەوە، ئەگەر نەڵێم گوم بووە، لە کاتێکدا پێش ڕاپەڕین ئەو ململانێیە، ئەگەرچی بە سادەیی بە ڕێوە چووە، بەڵام هەبووە و توانیویەتی شتەکان بە یەکدا بدات. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەدەبی ڕوانگەدا، ئاڕاستەیەکی دیکە لە بەرانبەریدا دەردەکەوێت، کە ڕێ نادات شتەکان بە ئارامی تێبپەڕن، بەڵکوو جووڵەیان تێ دەخات و خوێنەر دەکاتە بەشێک لەو ململانێیە. ئەو بەیەکدادانە وای لە خوێنەرێکی وەک من دەکرد بە دوای ئەو چەمکانەدا بگەڕێم، کە ناویان دەهات، تا ڕەهەند و ئاستی دیکەیان بدۆزمەوە. لە دوای ڕاپەڕینەوە بتخانەیەک دروست دەبێت، کە بتەکانی ناوی بە شێوەی هەرەمی دادەنرێن. بۆ مانەوەی ئەو بتخانەیە، وای پێویست کردووە ململانێ دوور بخرێتەوە، چونکێ هەر قسەکردنێک لەبارەی چەمکەکانەوە، وا لێک دراوەتەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو بتخانەیە. خۆشبەختانە نووسینی کەسانی وەک تۆ، با ژمارەیەیشیان کەم بێت، بەڵام وایان کردووە ئەو ململانێیە زیندوو ببێتەوە. بایەخی ئەو جۆرە نووسینە لەوەدایە، کە واقیعێکی دیاریکراو لە خۆیدا بەرجەستە دەکات، بەوەی بە زمانی ڕۆژانە دەنووسرێت. با هەر لەم گوتارە دوور نەکەوینەوە و بپرسین ئایا ئێمە چۆن بزانین چەمکی مەعریفە، کە ئەوە سی ساڵ زیاترە ناوی دێت و کتێبی لە بارەوە دەنووسرێت، بەڵام هێشتا لەو تێگەیشتنە جودا نەبووەتەوە، کە خەڵکی ئاسایی بۆیان هەیە، ئەگەر ئەم نووسینەت نەبێت؟ چۆن بزانین ئەو (فۆکۆ)یەی لە هەر فیلۆسۆفێکی دیکە زیاتر ناوی هاتووە، کەچی لای ڕەخنەگرێکی وەک تۆ بەم سادەیییە باسی لێوە دەکرێت؟ چۆن بزانین لەم سێ دەیەی ڕابردوودا هێندەی مەعریفە کاری بۆ ئەوە کردووە مرۆڤی دیسپلینکراو بەرهەم بهێنێت و لە ئاستی پرسیاری فەلسەفیدا دەستەوستان بیهێڵێتەوە، هێندە هەوڵی نەداوە مەعریفەیەکی ئازادی بەرگریکەری دژی دەستەڵاتەکان بخاتە ڕوو، ئەگەر نووسەرێکی وەک تۆ نەنووسێت: (دەبێت پەیڕەوکاری فۆکۆ بین)؟ من ئەو دەرفەتە لە دەست خۆم نادەم و دەمەوێت ئەوە تێبپەڕێنم، کە هەیە. دەکرێت هەر خۆت، یان کەسانی دیکەیش ئەوەی من تێبپەڕێنن. دەمەوێت بڵێم پرسیاری من تەنیا پێوەندیی بەو (فۆکۆ)یەوە نییە، وا لەم گوتارەی تۆدا ناوی هاتووە، بەڵکوو پرسیارە لە هەر (فۆکۆ)یەکی دیکەی ناو نووسینمان لەم سێ دەیەی ڕابردوودا. ناکرێت بۆ نووسینی هەموو ئەوانە نەگەڕێینەوە و بە شێوەی دیکەی جیاواز نەیانخوێنینەوە، کە تۆ بە داهێنەرت زانیون. هاوکات پێویستە ئەوەیش بپرسین: ئایا ئەوانەی پێت وایە نووسەر نین، بەڵکوو کۆمەڵێک نەخوێندەوارن، هەر بە ڕاستی وان؟ بەم شێوەیە چەمکی (نەخوێندەوار) و ئەوانەی دیکەیش هەڵدەگرینەوە، تا بە ئاڕاستەی نەزانراویاندا ببەین و لە ئاستێکی دیکەی جیاوازی زماندا دەریانبخەینەوە. ئەوەی تۆ لێرەدا بایەخی هەیە.
پێنجەم: ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بۆ من گرنگە، بەوەی وام لێ دەکات زیاتر لە چەمکەکان ورد ببمەوە و پتر بۆ لێکدانەوەیان، کەناڵی دیکەی فەلسەفی بە سەر بکەمەوە. ئایا من هەمان ئەو کەسەم، کە بەر لەوەی دەست بە نووسینی ئەم نامەیەم بکەم؟ نەخێر، دەتوانم بڵێم گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر ڕوانینمدا هاتووە. ڕەنگە ئەمە بە تەنیا بەس بێت، تا نەتوانم شتەکە بهێنمە ئاستی کەسێتییەوە و بڵێم تۆ شەڕت پێ فرۆشتووم، بەڵکوو وای لێک بدەمەوە بۆ گفتوگۆ بانگهێشتت کردووم و بە خۆشحاڵییەوە ئامادەییم دەربڕیوە. دیارە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە لە ئاستی بۆچوونەکانتدا نەرمی دەنوێنم، بگرە ئەوە ڕێم لێ ناگرێت پێیان پێبکەنم. هیوادارم منیش بەو ئەندازەیە بتوانم تۆ بۆ کارێکی وا پاڵ پێوە بنێم، بە ڕادەیەک بگاتە ئەوەی بە بۆچوونەکانم پێبکەنیت و قاقا لێ بدەیت. من خۆم جاری وا هەیە گاڵتە بە بۆچوونەکانی پێشووم دەکەم و قاقا لێ دەدەم، کە دەکرێت ڕۆژگارێک ئەمانەی ئەمڕۆیشم هەر لای خۆم ببنە مایەی قاقالێدان. ئەو قاقالێدانە توانای هەیە پیرۆزییەکان تێک بشکێنێت و چەمکەکان لە بەردەمی خوێندنەوەی جیاوازدا بکاتەوە. ئاماژەمان بە (فۆکۆ) کرد، کە دەڵێ لێی نەپرسین کێیە و وا نەزانین هەر ئەو کەسە دەمێنێتەوە، ئێستا هەیە. هاوڕێکانم دەزانن گوتوومە ساتێکی ژیانی (ئارام سدیق) لە هەموو نووسینەکانم گرنگترە. (کامیۆ) لە (مرۆڤی یاخی)دا پێی وایە قاشێ پەنیر لە بەرهەمەکانی (شەکسپێر) و (پوشکین) بەنرخترە. من پێم وایە ئەو مەعریفەیەی بۆ ئەوەیە ژیانی مرۆڤ بکوژێت، لەگەڵ هیچ چەکێکی تری فیزیکی جیاواز نییە، کە بۆ سڕینەوەی جەستە بە کار دێت.
شەشەم: لە شێوەی نامەدا نووسیومە، کە پێم وایە ئەم شێوازە کاریگەریی زیاتری لە هیی ئەکادیمی هەیە، چونکێ دەگاتە ئەو شوێنانەی هەمان قسەی ڕۆژانەن و دەتوانێت لێکیان بداتەوە. بۆ نموونە کاتێ شتەکە پێوەندیی بە چەمک و ناوی (فۆکۆ)وە هەیە، پەنام بۆ شێوازی ئەکادیمی بردووە، بەڵام ساتێ ویستوومە لەبارەی گلەیییەکانتەوە بدوێم، شێوازەکەم گۆڕیوە، بێ ئەوەی بهێڵم بچێتە ئاستی میلـلییەوە، بەڵکوو هەوڵم داوە ئەوانیش بخەمە جووڵەوە و مانای دیکەیان لێ پێک بهێنم. ئایا دەمتوانی گوتارێک لەبارەی فکری (فۆکۆ)وە بنووسم، بێ ئەوەی بە لای ئەو باسەی تۆدا بچم؟ بەڵێ، بەڵام ئەم هێزەی ئێستای نەدەبوو. نەیدەتوانی ئەو تێپەڕاندنە بێنێتە دی. لە نامەیەکی لەم شێوەیەدا ئامانج سڕینەوەی دەنگی تۆ نییە، بەڵکوو هێشتنەوەی ئەو دەنگەیە، کە ئەوە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بە (نارەتێ: Narratee) ناوی هاتووە. ڕەنگە سەخت بێت بە کوردی ناوێکی بۆ بدۆزمەوە، بەڵام ئەوەیە، کە ڤیبێژەر بەسەرهاتەکانی بۆ دەگێڕێتەوە. وشەکە خۆی ئیسپانیایییە و وەک (Narrataire)ی فرانسی بە هەمان ڕێنووس هاتووەتە ناو زمانی ئینگلیزییەوە. بەم شێوەیە (نارەتێ) بایەخی گەورەی هەیە. شێوازی نامە لە هەندێک کۆت ڕزگارمان دەکات. دەتوانین ئازادانە و لەبارەی هەموو شتێکەوە بدوێین، وەک ئەوەی لە دارستانێکدا بە دەم پیاسەوە شتەکان بۆ یەکتر دەگێڕینەوە.
هیوادارم ئاسوودە و سەرفراز بیت.
کاروان کاکەسوور
پێم خۆشە لە پاشکۆی ئەم نامەیەدا ئەم دوو تێکستە دابنێم، کە لە شێوەی نامەدا نووسراون. یەکەمیان ئاڕاستەی (هەندرێن)ی شاعیر و دووەمیان ئاڕاستەی (ئیسماعیل سابیر)ی نووسەر کراوە. ڕاستییەکەی (هەندرێن) کۆمێنتێکی بۆ گوتاری (ئایا من وازم هێناوە و گەراومەتەوە؟)ی من نووسیبوو. وەک خۆت دەزانیت گوتارەکەم لەبارەی نووسینێکی تۆوەیە. پێی وایە ئەم جۆرە نووسینە کاریگەریی نابێت، چونکێ وەڵام نادرێتەوە، یان هەتا ئەگەر وەڵامیش درایەوە، وەڵامەکە ئاستی فەلسەفی لە خۆی ناگرێت، بەڵکوو دەبێتە شەڕەقسە:
هەندرێن گیان، هاوڕێی ئازیزم، دیسان سپاس بۆ کۆمێنتەکەت، کە تێیدا بووچونەکانت پوخت کردوونەتەوە. بەڵێ، هاوڕاتم لە کۆیادەوەریی ئێمەدا ڕووبەڕووبوونەوە دەنگدانەوەیەکی ناخۆشی هەیە و زیاتر ئەو فۆرمە باوە وەردەگرێت، کە لامان چەسپاوە، بەڵام هەوڵم داوە لەم ڕووەوە ڕێیەکی جیاواز بگرم. وەک گوتم لەسەر چەمکەکاندا وەستاوم و ئاستی دیکەم تێدا دەرخستوون، بۆیە پێم وایە ناکرێت وێنەیەکی ئایدیاڵی گشتی لە بەرچاو بگرین و لەوێوە بۆی بڕوانین. ئەو ئاوەی لە فرێزەردایە، جیاوازە لەوەی وا لەناو مەنجەڵی ئاگردا بڵق دەدات. ئەوەی لە بەفردان دامانناوە، هەمان ئاوی بەلووعە نییە. چوار دۆخی جیاوازی ئاون. ڕووبەڕووبوونەوەکان جیاوازن و ئەوانەی ڕووبەڕووی یەکتریش دەبنەوە، هەر جیاوازن. ئایا ئێمە بە ڕەهایی ڕووبەڕووبوونەوە دەدەینە دواوە؟ واتە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەکان وەک یەکن و دواجار هەر ئەو فۆرمە وەردەگرن، کە ناسیومانە؟ ئایا هەتا ئەگەر ئێمە بمانەوێت وەک ئەوان نەبین، ئەنجام وەک ئەوانمان لێ دێت و وا نووسینەکانمان دەخوێنرێنەوە؟ باسمان لە ئامانجە. من دەڵێم ئامانج خۆی سنووردار نییە، تا لە کاتێکی سنوورداریشدا دەربکەوێت. ئەگەر ئێمە ئەنجام لە بەرچاو بگرین، مانای وایە ڕوومان لە زانراوە و کردارەکانی خۆمان بەپێی ئەو ئەنجامە ڕێک دەخەین. بگرە بەپێی ئەم بیرکردنەوەیەی ئێستمان خاڵێکی دیاریکراو دەهێنینە بەر چاو و دوای دەکەوین. (کارل پۆپەر) پێی وایە زانیارییەکانی مرۆڤ دەگۆڕێن، کەواتە پێشبینی ئەو بایەخەی نامێنێت. ئەنجام شاراوەیە و دەکرێت هەر بە شاراوەیی لە ئاستی جیاواز و لە کاتی جیاوازیشدا دەربکەوێت. وەک لەم نووسینە و هەندێک لەوانەی پێشوویشمدا باسم لە فیلۆسۆفانی جیاوازی کردووە، کە پرینسیپی هۆکار بە لاوە دەنێن و ئامانج بە شتێکی دیارکراو دانانێن، بەوەی ئەو تێگەیشتنەی لەسەر حەتمیەتی مێژوو دامەزراوە، جێگەی ڕەخنەیە. مێژوو هێڵی ڕاست نییە، بەڵکوو پڕە لە توخمی ناکاوی، کە ئەدەبی پۆلیفۆنی بایەخی گەورەی بەم تێگەیشتنە داوە. ئایا ئێمە کاتێ دەنووسین، یان کاتێ بیر دەکەینەوە، ئامانج لە بەرچاو دەگرین؟ هەر لەم نووسینەدا ئاماژەم بە چەمکی (کاتێتی: Temporality) کردووە لای (هایدیگەر)، کە مەبەستی ئەوەیە، ئێمە لەگەڵ کاتدا یەکمان گرتووە، بگرە بووەتە هەستمان و بە شێوەی ڕەسەن و هۆشیار تێیدا دەژین، بۆیە پێم وایە ئەو ئامانجە ناکرێت تایبەت بێت بە دۆخێکی دیاریکراوەوە. ناکرێت ئەگەر ئەمڕۆ خوێنەر خوێندنەوەیەکی بۆ نووسینێکمان هەبوو، سبەی هەر ئەو خوێنەرە، یان خوێنەرێکی دیکە هەمان خوێندنەوەی هەبێت. ئایا من کاتێ کتێبێکی (نیتشە)، یان کتێبێکی شیعریی تۆ بە دەستەوە دەگرم و دەیخوێنمەوە، ئەنجامەکەی دەبینم؟ دەشێ لەو ساتەدا لە دە دێڕیان تێنەگەم، بەڵام ئەوە مانای وایە ئەنجامیان نییە؟ ئایا هەر ئەوەی لە بەرانبەر تێگەیشتنێکی دیکەدام، مانای وا نییە شتێکی دیکە لە مندا ڕووی داوە؟ ئەگەر لەوەوە بڕوانین، کە بە گشتی خوێنەر ڕووبەڕووبوونەوە بە شەڕەقسە دەزانێت، ئەوە مانای وا نییە کاتێ بە جیاواز لە تێکستەکان دەڕوانێت، جیاوازی نابینێت. ئەگەر ئێستا نایبینێت، دیسان مانای ئەوە نییە لە دۆخێکی تری کاتدا نایبینێت. ئەم خوێنەرە نایبینێت، یەکێکی دیکە دەیبینێت. لێرەدا مەبەستمە بڵێم ئامانج ناکرێتە پێوەر بۆ ئەوەی تێکستێک چۆن دامەزراوە. خۆت دەزانیت لە بواری تێکستناسیدا تێکست بە توخمەکانی ناوەوەی خۆی دەخوێنرێتەوە و لێک دەدرێتەوە. ئایا لەم تێکستە و ئەوانەی دیکەیشمدا چەمکەکان لێک دراونەتەوە و ئاستی دیکەیان دەرخراوە، یان ڕووی لە نووسەری بابەتەکەیە؟ لە کۆتاییی گوتارەکەمدا بەشی تایبەت بە لەچاوکردنەوە هەیە، بەو مانایەی ناکرێت نموونەیەکی ئایدیاڵ بکەینە چەق و ئەوانەی تری پێ بخوێنینەوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم ڕووبەڕووبوونەوەی من جیاوازە. بۆ نموونە لەبارەی کۆمەڵێک چەمکی وەک (نووسین)، (خوێندنەوە)، (زمان)، (تێکست) و هیی دیکەوە بۆچوونم خستووەتە ڕوو، کە ئەگەر لە گوتاری سەربەخۆیش بووایە، هەر بەم شێوەیەم دەنووسین. ئەگەر لە دەرەوەی ئەم تێکستەدا چەمک بە لاوە نراوە و ژیانی نووسەر کراوەتە ئامانج، ئەوە پێم وا لێرەدا بە شێوەیەکی دیکەی جیاوازە، کە ئەو جیاوازییانەن دەبێت قسەیان لێوە بکرێت، هەتا ئەگەر جێگەی ڕەخنەیش بن. ئینجا ڕووبەڕووبوونەوەی نووسەران شتێک نییە تایبەت بە ئێمە، بەڵکوو لە دەرەوەیشماندا بەردەوام هەبووە. (سۆکرات)، (پلاتۆ) و (ئەریستۆ) ڕووبەڕووی سۆفیستەکان بوونەوە. (کامیۆ)، (بارت)، (دێریدا)، (هابرماس)، (لیوتارد) و زۆری دیکە ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە. کتێبی (دیسکۆرسی فه‌لسه‌فییانه‌ی مۆدێرنیتی‌)ی (هابرماس) نموونەیەکی دیارە، کە تێیدا مۆدێرنیتی بە پڕۆژەیەکی تەواونەبوو دادەنێت و لەم ڕووەوە ڕووبەڕووی (هایدیگەر)، (فۆکۆ)، (دولووز)، (دێریدا) و (لیوتارد) دەبێتەوە. لە سەردەمی (مارکس)یشدا هەبووە. بەرهەمەکانی (نیتشە) سەرجەمیان ڕووبەڕووبوونەوەن. (فۆکۆ) و (چۆمسکی) گفتوگۆیەکی تیڤیی بەناوبانگیان هەیە و لە یوتیوبدا دەست دەکەوێت. لە دنیای عەرەبیدا بۆ نموونە (ئەدۆنیس)مان هەیە، کە ڕووبەڕووی (محەمەد دەکروب) دەبێتەوە. (نەوال سەعداوی) و (جۆرج تەرابیشی) دەکەونە بەرانبەر یەک. هەر (تەرابیشی) لە نەوەتەکاندا ڕووبەڕووی (محەمەد عابد جابری) دەبێتەوە. (بورهان غەلیۆن) و (سەمیر ئەمین) بە هەمان شێوە. دەزانم خۆیشت ئاگات لەوانە هەیە، کە ئێمەی نەوەی هەشتاکان بە پەرۆشەوە ڕووبەڕووبوونەوەکانمان دەخوێندنەوە و گفتوگۆمان لە بارەیانەوە دەکرد. هەر کولتوورێک وەک (شتراوس) پێی وایە بە ئێڵەمێنتەکانی ناوەوەی گەشە دەکات و هەر ئەوانەیشن بەر یەک دەکەون. چارەنووسی ئێمە وای هێناوە ڕووبەڕووی فکری میلـلی ببینەوە. من لە ئاستی نووسینێکی وادا ئەم مێتۆدەم گرتووەتەوە بەر، کە لەوەدا هاوڕاتم ناتوانێت شتێکی گەورە بە دەستەوە بدات، بەڵام ئەوە سروشتی کولتوورەکەیە. واتە ئەوەی ڕووبەڕووی دەبیتەوە، خۆی لاوازە. وەک (نیتشە) دەڵێت چارەنووسە و دەبێت ڕووبەڕووی ببمەوە. هیی ناو دنیاکەی منە. مێژوویەکی زۆر تازەمان لەناو دنیای نووسیندا هەیە. تا ئەو ئاڕاستانە بەر یەک دەکەون، ماوەیەکی درێژی دەوێت. تا لەو ئاڕاستانەدا هیی نوێ دێتە کایەوە، دیسان پێویستی بە کاتە. ئەگەر نووسەرێک دوای چاپکردنی کۆمەڵێک کتێب هێشتا پێی وا بێت نووسین لە وشە پێک دێت، ناکرێت من بۆ ئەو کەناڵانە نەگەڕێمەوە، کە بە شێوەی دیکە لەو بارەیەوە دواون. ئەگەر نووسەرێک چەمکی خوێنەر، زمان، نووسین و هیی دیکە بەو شێوەیە ببینێت، ناکرێت بۆچوونی جیاوازی خۆم دەرنەبڕم. بەشێکی نووسینەکانم ڕووبەڕووبوونەوەن، کە لە خۆم ڕادەبینم بڵێم هەمیشە ڕووم لە چەمک بووە و بە لای ژیانی نووسەردا نەچووم، بگرە بە مەبەستی دایەڵۆگ نووسراون. واتە ڕوویان لە نەزانراوە و حوکمم دەرنەکردووە. هەمیشە گوتوومە نووسینی ئەدەبی گێڕانەوە بواری منە، بەڵام کاتێ تووش دەبم، هەوڵ دەدەم تووشبوونەکەم بە شێوەیەک بێت، کاتی خۆم و هیی خوێنەر بە فیڕۆ نەدەم. دیسان سپاس بۆ کۆمێنتەکەت. خۆشحاڵم، کە نووسینەکەم بۆچوونی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە.
کاروان کاکەسوور
برای ئازیزم، کاک ئیسماعیل سابیر!
سڵاوت لێ بێت. سەرەتا سپاس بۆ کۆمێنتەکەت. وەک لەم نووسینەی ئێستامدا گوتوومە: (وا ڕاهاتووم هەمیشە جووڵە بخەمە سەرووی نەجووڵانەوە)، بۆیە پۆزەتیڤانە لەوەی تۆیش دەڕوانم. با لە گوتەی کۆتاییت دەست پێ بکەم، کە دەڵێیت لەسەر کۆمێنتی فەیسبووکیش باز نادەم. هاوڕاتم. ڕاستییەکەی وا ڕێک کەوتووە تا ئەم ئەندازەیە شەیدای دایەڵۆگ بم. هەر کاتێ دەرفەتی دایەڵۆگم بۆ بڕەخسێت، لە دەست خۆمی نادەم. (هابرماس)ی فیلۆسۆف پێی وایە مۆدێرنیتی لە ڕێی دایەڵۆگەوە ڕزگار دەکرێت، کە لەو دایەڵۆگەدا عەقڵانیەت دەردەکەوێت، بەوەی کاتێ کەسەکان پێکەوە دەدوێن، لە ڕووی ڕەوشتییەوە بەرپرسیارن لەوەی جوان لەگەڵ یەکدا بدوێن. من کارم تەنیا بە چەمکەکانە و هەر تێکستێکیش بگریت، لانی کەم دانەیەک دەگرێتە خۆی. تۆ خۆت نووسەریت و دەزانیت کاتێ چەمکی تێکستمان هەیە، گوێ بەوە نادەین کێ خاوەنیەتی، لە کوێ دانراوە، لە چەند وشە پێک هاتووە و هیی دیکەی لەم بابەتە، تەنانەت بە دوای هۆکاریشدا ناگەڕێین، چونکێ هۆکاریش دەکەوێتە دەرەوەی. واتە تێکست تێکستە و خاوەنی یاساکانی یاریی خۆیەتی. وەک (دێریدا) پێی وایە (هیچ شتێک لە دەرەوەی تێکستدا نییە، بەو مانایەی لە هەموو سەرچاوەکانی دەرەوەی خۆی دابڕاوە). ئایا کۆمێنتی فەیسبووک تێکست نییە؟ ئایا ناکرێت وەک چۆن کۆمێنتی تۆکمە هەیە، هیی لاوازیش هەبێت؟ بەشی زۆری بەرهەمەکانی من لەو تێگەیشتنەوە هاتوون، کە خۆت ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبێتم، کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)ی منت وەک کارێکی گرنگ بە خوێنەر ناساندووە. لەم کتێبە و ئەوانەی دیکەیشمدا تەنیا لەسەر چەمکەکان وەستاوم و بۆ ئاستی دیکەم بردوون. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم ئەم کتێبەم کاریگەریی لەسەر تێگەیشتنی خوێنەراندا جێ هێشتووە، ئەگەرچی من خۆم تەنیا لەوێوە سەرنجی نادەمێ، بەڵکوو ئەو جووڵەیەم لا گرنگە، کە هێناویەتی. هەر لێرەیشەوە ئەم بۆچوونەی تۆیش بەو جووڵەیەوە پێوەست دەکەم. بە هاوڕێیانی دەوروبەرمم گوتووە، کە ئێمە لەناو دنیای نووسیندا زۆر نوێین، لە کاتێکدا وەک (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت ئەوە نووسینە توانای هەیە مێژووی ئێمە دروست بکات و بوونمان بپارێزێت. تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش لە شیعر زیاترمان نییە، کە پەخشان، یان ئەدەبی گێڕانەوە بە شێوە سادەکەی لەو سەدەیەدا وردەوردە دێتە ناو ئەو کولتوورەمانەوە. من خۆم مێژووی ئەدەبی کوردی بە ڕاستی بۆ ئەدەبی ڕوانگە و گرووپی کفری دەگەڕێنمەوە، کە لە سەرەتای حەفتاکاندا دەرکەوتوون. مانای وا نییە پێشتر بەرهەمی نووسراومان نییە، بەڵام لەوێوە مێژوویەکی دیکە دەست پێ دەکات. لەو دەمەدا، دروستتر لە ساڵی (1972)دا (ئەدۆنیس)ی شاعیر چوار بەرگی کتێبی (الثابت والمتحول) دەخاتە ڕوو، کە نامەی دۆکتۆراکەیەتی. ئەو بیرمەندە لانی کەم بەرهەمی نووسینی دووانزدە سەدەی لە بەردەستدایە. (ئەبوو حەییان تەوحیدی)، (ئەبوو عەلای مەعەری)، (ئەبوو تەمام)، (ئیبن روشد)، (ئیبن خەلدوون)، (موتەنەبی) و سەدانی دیکە دێنە ناو ئەو پڕۆژە فکرییە ڕەخنەیییەی ئەوەوە. تۆ و من ئەمڕۆ خاوەنی تەنیا چەند دەقێکین و مێژووی نووسینمان وەک گوترا نوێیە، چۆن دەتوانین ئەوەی هەیە، بخەینە جووڵە، ئەگەر ئەو پێکدادان و ململانێیە بەرپا نەکەین؟ من خۆم لە دژی هیچ یەکێ لەوانە نەوەستاومەتەوە، کە بۆچوونیان لەبارەی بەرهەممەوە، بگرە لەبارەی خودی خۆمەوە دەربڕیوە، بگرە لە ئاستیاندا خۆشحاڵیم دەربڕیوە. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)، لە گوتاری (ئایا من وازم هێناوە و گەڕاومەتەوە)، لەو گفتوگۆیەی گۆڤاری (وانەر) لەگەڵیدا کردووم و ئەوانەی دیکەیشدا گوتوومە ئەوانە گرنگن، بەوەی واقیع لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن. من، کە ویستی دایەڵۆگ و تێپەڕاندنم هەیە، دەتوانم چاکتر ڕووبەڕوویان ببمەوە. ئەم جووڵەیەم بۆ گرنگە، بەڵام ئەگەر ئەوان خۆیان وا لێیان نەڕوانیوە، ئەوە پێوەندیی بە منەوە نییە. دەڵێم کاتێ دەتوانین ئەم چەمکانەی، ئەمڕۆ لە ئاستی میلـلیدا بە کار دەهێنرێن، بخەینە ئاستی ترەوە، کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوویان دەبینەوە. ماوەی پێشوو لەبارەی (کارڵ پۆپەر)ـەوە گوتارێکم نووسی و لەوێدا ئاماژەم بەوە کرد چۆن ئەو فیلۆسۆفە بە سوودوەرگرتن لە (داروین) پێی وایە تیۆرییەکان لە ڕێی ئەو ململانێیەوە گەشە دەکەن، بەو مانایەی تۆکمەکان دەمێننەوە و لاوازەکان دەپووکێنەوە، کە ئەمە پرۆسێسێکی سروشتییە. بۆچوونەکانی ئێمەی نووسەرانی کورد لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەردەکەون، ئاخۆ هێزیان هەیە، تا بمێننەوە و خۆیان نوێ بکەنەوە، یان هەمان دۆخی زانراوی میلـلییان لە خۆ گرتووە و دەپووکێنەوە؟
شاد و سەرفراز بیت.
برات: کاروان کاکەسوور
1. Michel Foucault. What is Enlightenment?
What is Enlightenment? in Rabinow (P.), éd., The Foucault Reader, New York, Pantheon Books, 1984, pp. 32-50.Pantheon Books, 1984, pp. 32-50.
دەکرێت خوێنەر لەم لینکەی خوارەوەیشدا بیخوێنێتەوە:
Foucault, What is Enlightenment? (utoronto.ca)
2. Garrath Williams, Kant’s Account of Reason. Available at:
https://plato.stanford.edu/entries/kant-reason/
3. Christina Hendricks, Foucault’s Kantian Critique: Philosophy and the Present. Available at:
https://blogs.ubc.ca/christinahendricks/files/2012/11/Hendricks-FoucaultKantCritique-WebVersion.pdf
4. Ibid.
5. https://jineftin.krd/2022/11/21/%DA%95%DB%95%D8%AE%D9%86%DB%95%DA%AF%D8%B1%DB%8C-%D9%85%DB%8C%D9%84%D9%80%D9%84%DB%8C-%D9%88-%D9%BE%DB%95%D8%B2%D9%BE%DB%95%D8%B2%DB%95%DB%8C-%DA%86%DB%95%D9%85%DA%A9%DB%8C-%D8%AE%D9%88%DB%8E%D9%86/
6. https://jineftin.krd/2022/01/30/%d9%87%db%8e%d8%b2%db%8c-%d8%aa%db%8e%da%af%db%95%db%8c%d8%b4%d8%aa%d9%86-%d9%84%db%95-%d9%88%db%95%d9%87%d9%85%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af-%d9%88-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af/
7. https://jineftin.krd/2022/03/11/%DA%A9%D9%88%D8%B4%D8%AA%D9%86%DB%8C-%D9%81%DB%8C%D9%84-%D9%88-%D9%BE%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D9%86%DB%8C-%D8%AF%D9%88%D9%88%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D9%88%D8%B4%DB%95%D9%88%D8%A7/
8. https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=pfbid02Qm3k1AXbzVBsRZPsXvXy9FBfiDTJhEV7bRqqa6wgMzsbYwMX5yun4ohJwX9W7RP8l&id=1255665836&mibextid=Nif5oz
9. https://jineftin.krd/2023/07/15/%DA%95%DB%86%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%AA%DB%95%D8%B1%D9%85%DB%95%D9%88%D8%A7%D9%86-%D9%84%DB%95-%D8%AF%DB%8C%D8%AF%DB%8E%DA%A9%DB%8C-%D8%AF%DB%8C%DA%A9%DB%95%DB%8C%D8%B4%DB%95%D9%88%DB%95/
10. https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=pfbid02XBnJ5doJgHSGXLEjYyHJjKFZgogC2s1wAEmDqCMJX6TXsm9NkA5GGLh4KiYu2EJtl&id=1255665836&mibextid=Nif5oz
11. https://dengekan.info/archives/42903
12. https://jineftin.krd/2022/12/21/%D9%84%DB%95-%D9%86%D8%A7%D9%88%DB%8C-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DA%B5-%D9%BE%DB%86%D9%BE%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95-%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88-%D9%81%DB%95%D9%84%D8%B3%DB%95%D9%81%DB%95%DA%A9%DB%95/
13. https://jineftin.krd/2020/12/20/%D9%84%DB%95-%DA%95%DB%95%D8%AE%D9%86%DB%95%DA%AF%D8%B1-%DA%A9%DB%8E%DB%8C%DB%95%D9%88%DB%95-%D8%A8%DB%86-%DA%95%DB%95%D8%AE%D9%86%DB%95-%DA%86%DB%8C%DB%8C%DB%95/
The post ئەرێ ئەوە کانت و فۆکۆ لە کوێن؟ appeared first on ژنەفتن.
سوبێكتیڤیته‌ و هه‌قیقه‌ت
باش ده‌زانین كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان ئه‌مه‌ نه‌بوو كه‌ تیۆرییه‌ك پێك بهێنن، ڕێك بخه‌ن و فێر بكه‌ن. ئامانجی قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان گۆڕانی تاك بوو. ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان ئه‌مه‌ بوو كه‌ ئه‌م تواناییه‌ به‌ تاك بدات كه‌ جیاوازتر، باشتر و به‌خته‌وه‌رانه‌تر له‌ ئه‌وانیتر ژیان بكات[1]. شوێنی خود-تاقیكردنه‌وه‌ و دانپێدانان له‌م پرسه‌دا چی بوو؟ له‌ نیگای یه‌كه‌مدا، له‌ ته‌واوی كرداره‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌رده‌می كۆندا، ئه‌ركی گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود شوێنێكی سنووردار داگیر ده‌كات. و ئه‌مه‌ش دوو هۆكاری هه‌یه‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌م هۆكارانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری سه‌رده‌می كۆنی یۆنان و هیلینیستیدا هێشتا وه‌ك هۆكاری به‌هادار مانه‌وه‌. یه‌كه‌مین هۆكار ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئامانجی فێركردن و ڕاهێنانی فه‌لسه‌فی ئه‌مه‌ بوو كه‌ تاك ته‌یار بكات به‌ ژماره‌یه‌ك ڕێسا، ڕێساگه‌لێك كه‌ توانایی و ڕێگه‌ به‌ تاك ده‌ده‌ن كه‌ له‌ ته‌واوی هه‌لومه‌رجه‌كانی ژیاندا خۆی ڕێنمایی بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌روه‌ری به‌سه‌ر خوددا له‌ ده‌ست بدات، یا به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ ئاسووده‌یی ڕۆح، پاكێتیی جه‌سته‌ و ڕۆح له‌ ده‌ست بدات. گرنگیی گوتاری مامۆستا له‌م پره‌نسیپه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. گوتاری مامۆستا ده‌بێت بڵێت، قه‌ناعه‌ت پێ بكات، ناچار بكات و ڕوون بكاته‌وه‌؛ مامۆستا ده‌بێت كۆده‌ گه‌ردوونییه‌كان بۆ ته‌واوی ته‌مه‌ن ببه‌خشێت به‌ قوتابی، و به‌م شێوه‌یه‌، به‌زمانهێنان له‌ ئه‌ستۆی مامۆستایه‌ نه‌ك له‌ ئه‌ستۆی قوتابی[2].
دووه‌مین هۆكاری ئه‌مه‌ی كه‌ بۆچی ئه‌ركی دانپێدانان گرنگییه‌كی كه‌می هه‌یه‌ له‌ ڕێنماییی ویژدانی كلاسیكیدا یا له‌ ویژدان له‌ سه‌رده‌می كۆندا، ئه‌مه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌رجدار بوو، یا له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا كاتی بوو. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ په‌یوه‌ندییه‌ك بوو له‌نێوان دوو ویستدا، په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ پێویستی به‌ یه‌ك گوێڕایه‌ڵیی كامڵ یا گوێڕایه‌ڵیی كاربڕ نه‌بوو. په‌نابردن یا په‌سه‌ندكردنی ڕاسپارده‌ی یه‌ك مامۆستا یا یه‌ك هاوڕێ بۆ ئه‌مه‌ بوو كه‌ بتوانین به‌رگه‌ی یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌، یه‌ك ماته‌مینی و پرسه‌، یه‌ك تاراوگه‌، یه‌ك شكست، یه‌ك مه‌حروومییه‌ت و هتد بگرین. یا به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ئامانج له‌ جێگرتن له‌ژێر ڕێنماییی مامۆستادا بۆ كاتێكی دیاریكراو بوو یا بۆ قۆناغێكی دیاریكراو كه‌ تاك بتوانێت ڕۆژێك به‌ سه‌ربه‌خۆیی ڕه‌فتار بكات و ئیتر پێویستی به‌ ڕاسپارده‌ و ئامۆژگاری نه‌بێت. ئامانج له‌ ڕێنمایی له‌ سه‌رده‌می كۆندا سه‌ربه‌خۆییی ئه‌و كه‌سه‌ بوو كه‌ ڕێنمایی ده‌كرا. [[ڕێنماییی كۆن به‌ ئاڕاسته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆییی ڕێنماییكراو كار ده‌كات]]. به‌م شێوه‌یه‌، ده‌توانین تێبگه‌ین كه‌ زه‌رووره‌تێك بۆ هه‌ڵكۆڵین یا پشكنینی قووڵ و گشتگیر له‌ قووڵاییه‌كانی تاكدا بوونی نه‌بوو: پێویستی نه‌ده‌كرد كه‌ هه‌موو شتێك ده‌رباره‌ی خۆت بڵێیت، بچووكترین نهێنییه‌كانت ئاشكرا بكه‌یت، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ مامۆستا بتوانێت یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی كامڵ به‌سه‌ر تۆدا پیاده‌ بكات. نواندنه‌وه‌ی گشتگیر و به‌رده‌وامی خود له‌ژێر چاوه‌ گشتبینه‌كانی یه‌ك ڕێنماییكاردا پێویست نه‌بوو. تایبه‌تمه‌ندیی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م ته‌كنیكه‌ی ڕێنمایی هه‌ر ئه‌مه‌یه[3]‌.
به‌ڵام، سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئاڕاسته‌گیرییه‌ گشتییه‌ كه‌ زۆر كه‌م جه‌خت له‌سه‌ر خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان ده‌كات، به‌ر له‌ مه‌سیحییه‌ت ته‌كنیكگه‌لێك ده‌دۆزینه‌وه‌ كه‌ پێشوه‌خت بۆ دۆزینه‌وه‌ و ده‌ربڕینی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود ڕه‌نگڕێژ و ڕێك خرابوون. و ڕۆڵی ئه‌م ته‌كنیكانه‌، وا ده‌رده‌كه‌وێت، زیاتر و زیاتر گرنگی وه‌رده‌گرێت. گرنگیی ڕوو له‌ زیادی ئه‌م ته‌كنیكانه‌ بێگومان په‌یوه‌سته‌ به‌ گه‌شه‌ی ژیانی ده‌سته‌جه‌معی[4]یه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی فیتاگۆرسییه‌كان[5] یا ئه‌پیكۆرییه‌كان[6]، و هه‌روه‌ها په‌یوه‌سته‌ به‌و به‌هایه‌وه‌‌ كه‌ له‌ قوتابخانه‌ ئه‌پیكۆرییه‌كان یا ڕه‌واقییه‌كاندا ده‌یانبه‌خشی به‌ مۆدێلی پزیشكی[7].
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م جۆره‌ ماوه‌ كورته‌دا ڕه‌خساو نییه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌خشه‌یه‌كی گشتیی ئه‌م گۆڕانكارییه‌ له‌ شارستانییه‌تی یۆنان و هیلینیستیدا پێشكه‌ش بكه‌م، ته‌نها دوو بڕگه‌ی سێنیكا، فه‌یله‌سوفی ڕۆمی، ده‌گوازمه‌وه‌. ده‌توانرێت ئه‌م دوو بڕگه‌یه‌ به‌ به‌ڵگه‌گه‌لێكی باش دابنرێن بۆ كرداری خود-تاقیكردنه‌وه‌و دانپێدانان به‌و جۆره‌ی كه‌ له‌ فیكری ڕه‌واقییه‌كانی سه‌رده‌می ئیمپراتۆریدا له‌ كاتی له‌دایكبوونی مه‌سیحییه‌تدا بوونی هه‌بوو[8]. یه‌كه‌مین بڕگه‌ له‌ كتێبی تووڕه‌یی[De Ira]سێنیكادا هه‌یه‌‌. ئه‌م بڕگه‌یه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ بۆ ئێوه‌.
«ئایا شتێكی جوانتر له‌م ڕه‌فتاره‌ هه‌یه‌ كه‌ ته‌واوی ڕۆژ خۆت بپشكنیت؟ چ خه‌وێك باشتره‌ له‌و خه‌وه‌ی كه‌ به‌دوای ئه‌م خود-هه‌ڵكۆڵینه‌دا دێت؟ و ڕۆح چه‌نده‌ ئاسووده‌، ئارام، قووڵ و ئازاد ده‌بێت كاتێك كه‌ ستایش یا سه‌رزه‌نشت ده‌كرێت، كاتێك كه‌ ده‌بێته‌ پاسه‌وان و پشكنه‌ری خۆی، كاتێك‌ ده‌بێته‌ سه‌رزه‌نشتكاری خووه‌كانی خۆی، و كاتێك به‌ نهێنییه‌وه‌ دادگاییی ڕه‌فتاری خۆی ده‌كات. من ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دادوه‌رییه‌ ڕۆژانه‌ پیاده‌ ده‌كه‌م، هه‌موو ڕۆژێك خۆم وه‌ك شایه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر خۆمدا داده‌نێم، و پاڵنه‌ر و ئه‌نگێزه‌م دادگایی ده‌كه‌م. كاتێك كه‌ چراكه‌م كز ده‌كرێت و هاوسه‌ره‌كه‌م، كه‌ به‌ خووه‌كانی من ئاشنایه‌، بێده‌نگ ده‌بێت، و من ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌م ده‌پشكنم و كرده‌ و گوته‌كانم تاقی ده‌كه‌مه‌وه‌ و هه‌ڵده‌كۆڵم؛ هیچ شتێك له‌ خۆم ناشارمه‌وه‌؛ له‌ هیچ شتێكی خۆم نابه‌خشم. بۆچی ده‌بێت له‌ كاریگه‌ریی یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌كانم بترسم، له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌توانم بڵێم: “ئاگادار به‌ ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ دووباره‌ نه‌كه‌یته‌وه‌؛ به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌تبه‌خشم. تۆ له‌ گفتوگۆیه‌كی دیاریكراودا زۆر شه‌ڕانگێزانه‌ قسه‌ت كرد […]، تۆ زیاتر له‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ سه‌رزه‌نشتت كرد. به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ت ڕاست نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكه‌ ڕه‌نجاندت، سه‌ركۆنه‌ت كرد…»‌ و هتد.
له‌ فیكری ڕواقییه‌كان[9]ی وه‌ك سێنیكا، و هه‌روه‌ها سكستیوس[10]، ئه‌پیكته‌تۆس[11]، ماركۆس ئۆرلیۆس[12] و ئه‌وانی تردا، كه‌ گرنگییه‌كی زۆر بۆ هه‌ڵكۆڵین و تاقیكردنه‌وه‌ی ویژدان داده‌نێن، شتێكی دژیه‌ك و پارادۆكسیكاڵ بوونی هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ به‌پێی زاراوه‌ و چوارچێوه‌ی دۆكترینه‌كانیان، ته‌واوی هه‌ڵه‌كان به‌ یه‌كسانی گریمانه‌ ده‌كرێن[13]. كه‌واته،‌ پشكنینی خود ده‌رباره‌ی یه‌ك به‌ یه‌كی هه‌ڵه‌كان نابێت زه‌رووری بێت.
به‌ڵام، با كه‌مێك وردتر ته‌ماشای ئه‌م ده‌قه‌ بكه‌ین. یه‌كه‌م، سێنیكا زمانێك به‌كار ده‌هێنێت كه‌ له‌ نیگای یه‌كه‌مدا، به‌ر له‌ هه‌ر شتێك، وشه‌سازی و زمانی دادوه‌رییه‌. سێنیكا سوود له‌ ده‌ربڕینگه‌لێك وه‌رده‌گرێت چه‌شنی cognoscere de moribus suis[ئاگادار به‌ له‌ ڕه‌فتاره‌كان] و causam meam dico[پاڵنه‌رم ده‌ڵێم]– هه‌موو ئه‌م ده‌ربڕینانه‌ له‌ ڕووی جۆرییه‌وه‌ ده‌ربڕینی دادوه‌رانه‌ن. كه‌واته‌، واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سوژه‌ له‌ ئاست خۆیدا، هه‌م دادوه‌ره‌ هه‌م تاوانبار. له‌م هه‌ڵكۆڵینی ویژداندا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سوژه‌ خۆی دابه‌ش ده‌كات بۆ دوو به‌ش، و شانۆیه‌كی دادوه‌ری ڕێك ده‌خات كه‌ تێیدا هاوكات دوو ڕۆڵ ده‌گێڕێت. سێنیكا چه‌شنی ئه‌و تاوانباره‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دادوه‌ردا‌ دان به‌ تاوانه‌كه‌یدا ده‌نێت، و دادوه‌ر خودی سێنیكایه‌. به‌ڵام، ئه‌گه‌ر وردتر نیگا بكه‌ین، ده‌بینین كه‌ ئه‌و زمانه‌ی كه‌ سێنیكا به‌كاری هێناوه‌ زۆر زیاتر كارگێڕانه[14]‌یه‌‌ تا دادوه‌رانه[15]‌. ئه‌م زمانه‌ زمانی كارگێڕیی شتومه‌كه‌ گوازراوه‌ و نه‌گوازراوه‌كانه‌ یا زمانی قه‌ڵه‌مڕه‌وی كارگێڕییه‌. بۆ نموونه‌، سێنیكا ده‌ڵێت speculatuor sui، واته‌ ئه‌و خۆی ده‌پشكنێت؛ واته‌ ته‌واوی ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ به‌سه‌ری بردووه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕووماڵ ده‌كات، و totum diem meum scrutor، واته‌ گوته‌ و كرده‌كانی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت؛ ئه‌و وشه‌ی remetior]ڕووماڵكردن، چاوپێداخشانه‌وه‌، به‌بیردا هێنانه‌وه‌[ به‌كار ده‌هێنێت. سێنیكا له‌ ئاست خۆیدا، ئه‌و دادوه‌ره‌ نییه‌ كه‌ ده‌بێت سزا بدات؛ به‌ڵكه‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌یه‌‌ كه له‌ كاتی ئه‌نجامدانی كاردا یا ته‌واوبوونی كاری ساڵانه‌دا، شتومه‌كه‌كان ده‌خاته‌ كۆگاوه‌ و په‌یجۆری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئایا هه‌موو شتێك به‌ درووستی ئه‌نجام دراوه‌ یا نا. سێنیكا زیاتر به‌ڕێوه‌بری هه‌میشه‌یی خۆیه‌تی تا یه‌ك دادوه‌ری ڕابردووی.
جۆری ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ سێنیكا ئه‌نجامیان ده‌دات و ئه‌و سه‌رزه‌نشته‌ی كه له‌ ئاست خۆیدا ده‌یكات له‌م دیدگایه‌دا زۆر گرنگن. بۆ نموونه‌، ئه‌و خۆی سه‌رزه‌نشت ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ كه‌سێك گرتووه‌ و ئازاری داوه‌، له‌جیاتیی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕاستی بكاته‌وه‌ ئازاری داوه‌؛ یا دووباره‌، ئه‌و ده‌ڵێت گفتوگۆی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا ناتوانن له‌ ئه‌و تێبگه‌ن. ئه‌م هه‌ڵانه‌، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، به‌ ڕاستی هه‌ڵه‌ نین؛ به‌ڵكه‌ چه‌وتین و بۆچی چه‌وتین؟ یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ئاگادار نه‌بووه‌ له‌و ئامانجانه‌ی كه‌ دانا[16] ده‌بێت بۆ خۆی دیارییان بكات یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دروست ڕێساكانی ڕه‌فتاری جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌بێت له‌و ئامانجانه‌وه‌ هه‌ڵبهێنجرێن.‌ هه‌ڵه‌كان له‌م مانایه‌دا چه‌وتین كه‌ سازگارییه‌كی دروستیان له‌نێوان ئامانجه‌كان و ئامڕازه‌كاندا دانه‌مه‌زراندووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕاستییه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ ئامانجی سێنیكا له‌ بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانیدا نه‌ك سزادان و ته‌مبێكردنی خۆی، به‌ڵكه‌ ته‌نها بیرهێنانه‌وه‌ی ڕێساگه‌لێكه‌ كه‌ ده‌بێت به‌كاریان بهێنێت. ئامانج له‌م بیرهێنانه‌وه‌یه‌ چالاككردنه‌وه‌ی پره‌نسیپه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان و ڕێكخستنی به‌كارهێنانی ئه‌م ڕێسایانه‌یه‌. له‌ دانپێدانانی مه‌سیحیدا ته‌وبه‌كار ده‌بێت یاسا به‌بیر بهێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گوناهه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕاهێنانی ڕه‌واقیدا و له‌ هه‌ڵكۆڵینی سێنیكایی خوددا، دانا ده‌بێت كرده‌كانی به‌بیر بهێنێته‌وه ته‌نها‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێسا بنه‌ڕه‌تییه‌كان چالاك بكاته‌وه‌.
كه‌واته‌، ده‌توانین ئه‌م هه‌ڵكۆڵین و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ له‌ چه‌ند وشه‌یه‌كدا وه‌سف بكه‌ین. ١) مه‌به‌ست له‌م هه‌ڵكۆڵین، ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دۆزینه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تی شاراوه‌ نییه‌ له‌ سوژه‌دا، به‌ڵكه‌ بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تێكه‌ كه‌ سوژه‌ له‌بیری كردووه‌. ٢) ئه‌و شته‌ی كه‌ سوژه‌ له‌بیری ده‌كات نه‌ خۆی، نه‌ سروشتی، نه‌ ئاخێزگه‌كه‌ی و نه‌ نزیكییه‌ك له‌ مه‌له‌كوته‌وه‌، به‌ڵكه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ سوژه‌ له‌بیری ده‌كات شتێكه‌‌ كه‌ بڕیار بوو ئه‌نجامی بدات، واته‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك ڕێسای ڕه‌فتار كه‌ فێریان بووه‌. ٣) بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ ئه‌نجامدراوه‌كان به‌ درێژاییی ڕۆژ سوود به‌و مه‌ودایه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ ئه‌و شته‌ی ئه‌نجام دراوه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌و شته‌ی كه‌ پێویست بوو ئه‌نجام بدرێت. و ٤) ئه‌و سوژه‌یه‌ی كه‌ هه‌ڵكۆڵین به‌سه‌ر خۆیدا ئه‌نجام ده‌دات پانتایی ڕاهێنانی پڕۆسه‌یه‌كی كه‌م تا زۆر ناڕوون نییه‌ كه‌ ده‌بێت ڕه‌مزشكێنی بكرێت. ئه‌م سوژه‌یه‌ یه‌ك پنته‌‌ كه‌ تێیدا ڕێساكانی ڕه‌فتار كۆ ده‌بنه‌وه‌ و له‌ فۆرمی بیره‌وه‌رییه‌كان خۆیان له‌م پنته‌دا تۆمار ده‌كه‌ن. له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌م سوژه‌یه‌ پنتی ده‌ستپێكی كرده‌كانه‌، كرده‌گه‌لێكی كه‌م تا زۆر هاوده‌ق به‌م ڕێسایانه‌. سوژه‌ پنتی یه‌كتربڕینی نێوان كۆمه‌ڵێك بیره‌وه‌ری كه‌ ده‌بێت بهێنرێنه‌وه‌ بۆ ئێستا[17] و كۆمه‌ڵێك كرده‌ كه‌ ده‌بێت ڕێسادار بكرێن پێك ده‌هێنێت.
شوێنی لۆجیكیی ئه‌م هه‌ڵكۆڵینی شه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ڕاهێنانه‌ ڕه‌واقییه‌كان [[كه‌ هه‌موویان یه‌ك ڕێگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كۆدی كرده‌كان و په‌رچه‌كرداره‌كان[18] له‌ یه‌ك هه‌ڵوێست[19]ـی چه‌سپاودا ئاوێته‌ ببن، جا هه‌ر دۆخێك ڕوو بدات]]؛ ئه‌م ڕاهێنانانه‌ بریتین له‌: ١) خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام، بۆ نموونه‌، خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی نامیلكه‌ی فێركارییه‌كان و ڕێساكان (بۆ ئێستا)؛ ٢) ئه‌زموون و هه‌ڵكۆڵینی كۆمه‌ڵێك چه‌په‌ڵی كه‌ ده‌شێت له‌ ژیاندا ڕوو بده‌ن، ده‌ربڕینی ناسراوی premeditation malorum (بۆ پرسه‌ ڕه‌خساوه‌كان)؛ ٣) هه‌ر به‌یانییه‌ك پێڕستكردنی ئه‌ركگه‌لێك كه‌ ده‌بێت به‌ درێژاییی ڕۆژ ئه‌نجام بدرێن (بۆ داهاتوو)؛ و له‌ كۆتاییدا، ٤) ئه‌زموون و هه‌ڵكۆڵینی شه‌وانه‌ی ویژدان (زۆرتر بۆ ڕابردوو)[20]. وه‌ك ده‌بینن، له‌ ته‌واوی ئه‌م ڕاهێنانانه‌دا خود وه‌ك یه‌ك هه‌رێمی دراوی سوبێكتیڤ[21] ده‌رك ناكرێت، دراوگه‌لێك كه‌ ده‌بێت بدۆزرێنه‌وه‌ یا كه‌شف بكرێن و ڕاڤه‌ بكرێن. خود خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ و دادگای كرده‌ ڕه‌خساو یا واقیعییه‌كان، [[كرده‌كانی ڕابردوو یا داهاتوو]].
باشه‌، پاش هه‌ڵكۆڵینی ویژدان، كه‌ جۆرێك دانپێدانانه‌ بۆ خۆ، ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ی دانپێدانان بۆ‌ ئه‌وانیتر بدوێم: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێم ده‌رخستنی ڕۆحی خۆ بۆ ئه‌ویتر، ئه‌وی ترێك كه‌ ده‌توانێت یه‌ك هاوڕێ یا ڕاوێژكار یا ڕێنیشانده‌ر بێت. ئه‌مه‌ كردارێك بوو كه‌ نه‌ك له‌ ژیانی فه‌لسه‌فیدا، به‌ڵكه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌كاندا، بۆ نموونه‌، له‌ ئه‌پیكۆرییه‌كان و ڕه‌واقییه‌كاندا، گه‌شه‌ی كرد. هه‌روه‌ها ئه‌م كرداره‌ یه‌ك كرداری ته‌واو ناسراوی پزیشكی بوو. ئه‌ده‌بیاتی پزیشكی سه‌رشاره‌ له‌م جۆره‌ نموونانه‌ی دانپێدانان یا ده‌رخستنی خود. بۆ نموونه‌، نامیلكه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی ڕۆح و هه‌ڵه‌كانی[22] به‌رهه‌می گالین نموونه‌یه‌كه‌ له‌م ئه‌ده‌بیاته‌؛ یا پلوتارخس له‌ De profectibus in virtute ده‌نووسێت: «زۆرێك نه‌خۆش هه‌ن كه‌ ده‌رمان په‌سه‌ند ده‌كه‌ن و نه‌خۆشه‌كانی تریش ئه‌م كاره‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌؛ مرۆڤ كه‌ شه‌رمه‌زاریی ڕۆح، ئاره‌زوو، داهێزراوی، به‌رچاوته‌نگی و شه‌هوه‌تپه‌رستیی خۆی ده‌شارێته‌وه‌، به‌ختێكی كه‌می هه‌یه‌ له‌ پێشكه‌وتندا. له‌ ڕاستیدا، قسه‌كردن له‌سه‌ر نه‌خۆشیی خۆ، چه‌په‌ڵیی خۆ ئاشكرا ده‌كات؛ په‌سه‌ندكردن و ناسینه‌وه‌ی ئه‌م چه‌په‌ڵییه‌ له ‌جیاتیی چێژبردن له‌ شاردنه‌وه‌ی، نیشانه‌ی پێشكه‌وتنه‌.»[23]
زۆر باشه‌، ده‌قێكی تری سێنیكا ده‌توانرێت وه‌ك نموونه‌یه‌ك ڕه‌چاو بكرێت بۆ ئه‌و شته‌ی كه‌ دانپێدانان بوو له‌ سه‌رده‌می كۆنی دواییندا. ئه‌م ده‌قه‌ ده‌ستپێكی نامیلكه‌ی ئارامیی ڕۆحـه‌. سێرینوس، هاوڕێی لاوی سێنیكا، دێته‌ لای سێنیكا و داوای په‌ند و ڕاسپارده‌ی لێ ده‌كات. ئه‌م كاره‌ ڕێگه‌یه‌كی زۆر ڕوونیی ڕاوێژی پزیشكییه‌ ده‌رباره‌ی دۆخی ڕۆحی سێرینوس. سێرینوس به‌ سێنیكا ده‌ڵێت: «بۆچی نابێت دان بنێم به‌ هه‌قیقه‌تدا بۆ تۆ، وه‌ك چۆن دانپێدانان بۆ یه‌ك پزیشك ئه‌نجام ده‌ده‌م؟ […] من نه‌ به‌ ته‌واوه‌تی نه‌خۆشم نه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ته‌ندرووست.»[24] سێرینوس هه‌ست ده‌كات له‌ دۆخی داهێزران و ناخۆشیدایه‌ و ئه‌زموونی یه‌ك دۆخی شه‌كه‌تی ده‌كات، یا به‌ ده‌ربڕینێكی وردتر، به‌و جۆره‌ی كه‌ خۆی ده‌ڵێت، وه‌ك بڵێی كه‌ له‌سه‌ر به‌له‌مێكه‌ كه‌ ناڕواته‌ پێش، به‌ڵكه‌ به‌ ڕاتڵه‌كانی ده‌ریا ده‌جووڵێت. و ئه‌و له‌وه‌ ده‌ترسێت كه‌ له‌م جۆره‌ دۆخه‌دا له‌ ده‌ریادا بمێنێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ ئاره‌زووی مه‌زرا و فه‌زیله‌تگه‌لێكی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتوو ده‌مێننه‌وه‌. كه‌واته‌، بۆ هه‌ڵهاتن له‌م دۆخه‌، سێرینوس بڕیار ده‌دات كه‌ دان بنێ به‌ هه‌قیقه‌تدا بۆ سێنیكا و دان بنێ به‌وه‌دا كه‌ هه‌ستی پێ ده‌كات. ئه‌و ده‌ڵێت كه‌ verum fateriـی ده‌وێت، واته‌ گوتنی هه‌قیقه‌ت.]]به‌ڵام، به‌م دانپێدانانه‌ و به‌ وه‌سفكردنه‌ی دۆخی خۆی، داوا له‌ سێنیكا ده‌كات كه‌ هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خۆی به‌ ئه‌و بڵێت: سێرینوس له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م دان ده‌نێت به‌ هه‌قیقه‌تدا و هه‌م له‌ هه‌قیقه‌ت بێ به‌هره‌یه[[‌.
ئێستا ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ چییه‌، ئه‌م verumـه‌ چییه‌ كه‌ سێرینوس ده‌یه‌وێت دانی پێدا بنێت؟ ئایا ئه‌و دان ده‌نێت به‌ هه‌ڵه‌كان، به‌ ئه‌ندێشه‌ شاراوه‌كان، به‌ ئاره‌زووه‌ شه‌رمهێنه‌ره‌كان، و به‌ شتگه‌لێكی له‌م جۆره‌دا؟ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك. ده‌قه‌كه‌ی سێرینوس له‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونی كۆمه‌ڵێك ورده‌كاریی تا ڕاده‌یه‌ك ناگرنگ پێك هاتووه‌، یا لانیكه‌م له‌ دیدی ئێمه‌دا ناگرنگ‌؛ بۆ نموونه‌، سێرینوس دان به‌وه‌دا ده‌نێت بۆ سێنیكا كه‌ سوود له‌ ده‌فره‌كانی چێشتخانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ له‌ باوكییه‌وه‌ به‌ میرات بۆی ماوه‌ته‌وه‌، له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی وتاردانه‌ گشتییه‌كاندا زوو له‌ هۆش خۆی ده‌چێت و هتد. به‌ڵام له‌ژێر ئه‌م ناڕێكی و شێواوییه‌ ڕواڵه‌تییه‌دا به‌ ئاسانی ده‌توانرێت سێ پانتاییی جیاكار له‌م دانپێدانانه‌دا بناسرێته‌وه‌: پانتاییی سامان، پانتاییی ژیانی سیاسی و پانتاییی شكۆ و شانازی؛ به‌ده‌ستهێنانی سامان، به‌شداریكردن له‌ كاروباره‌كانی شاردا، به‌ده‌ستهێنانی به‌های گشتی. ئه‌مانه‌ سێ جۆری چالاكیی به‌رده‌ست بوون بۆ یه‌ك پیاوی ئازاد، سێ جۆری پرسیاری ئه‌خلاقیی بره‌ودار كه‌ قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌ گرنگه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ گه‌ڵاڵه‌یان ده‌كردن. كه‌واته‌ چوارچێوه‌ی شرۆڤه‌ی سێرینوس نه‌ك له‌ ڕێگه‌ی ڕه‌وتی واقیعیی بوون[25]ـه‌كه‌یه‌وه‌‌، نه‌ك له‌ ڕێگه‌ی ئه‌زموونه‌ واقیعییه‌كانییه‌وه‌، نه‌ك له‌ ڕێگه‌ی یه‌ك تیۆریی ڕۆح یا توخمه‌كانییه‌وه‌، به‌ڵكه‌ ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی یه‌ك پۆلێنبه‌ندی جۆره‌ جیاوازه‌كانی چالاكییه‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت، جۆرگه‌لێك كه مرۆڤ ده‌توانێت ئه‌نجامیان بدات و ئامانجگه‌لێك كه‌ ده‌توانێت شوێنیان بكه‌وێت. له‌ هه‌ر یه‌كێك له‌م پانتایییانه‌دا، سێرینوس له‌ ڕێگه‌ی ژماردنی ئه‌و شته‌وه‌ كه‌ خۆشی پێ ده‌به‌خشێت و ئه‌و شته‌وه‌ كه‌ ناخۆشی پێ ده‌دات، ئیتۆس و هه‌ڵوێستی خۆی ئاشكرا ده‌كات. ده‌ربڕینی «ئه‌م شته‌ خۆشیم پێ ده‌دات[placet me] » هێڵی ڕێنیشانده‌ره‌ له‌ شیكاری سێرینوسدا[26]‌. ئه‌و خۆشی له‌وه‌ ده‌بات كه‌ خزمه‌ت به‌ هاوڕێیانی بكات؛ و چێژ ده‌بات له‌ به‌ساده‌یی خۆراك خواردن،‌ و له‌مه‌ی كه‌ سامان و موڵكه‌كانی جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ میرات بۆی ماوه‌ته‌وه‌ هیچ نین، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا چێژیش له‌ ته‌ماشاكردنی شته‌ ڕازاوه‌كان لای ئه‌وانی تر ده‌بات. ئه‌و هه‌روه‌ها له‌ زێده‌ڕۆیی له‌ سه‌بكی وتاردانه‌كه‌ی خۆشی ده‌بات به‌م هیوایه‌ی كه‌ كه‌سانی داهاتوو وته‌كانی به‌بیر بهێننه‌وه‌. سێرینوس، به‌ وه‌سفكردنی ئه‌و شته‌ی كه‌ خۆشی و چێژی پێ ده‌دات، به‌دوای ئه‌وه‌دا ناگه‌ڕێت كه‌ ئاره‌زووه‌ قووڵه‌كانی ئاشكرا بكات. خۆشی و چێژه‌كانی ئه‌و ئامڕازێك نین بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و شته‌ی كه‌ مه‌سیحییه‌كان دواتر پێی ده‌ڵێن نه‌فسپه‌رستی[27]. مه‌به‌ست له‌م چێژ یا خۆشییانه‌ دۆخی تایبه‌تی ئه‌وه‌، و هه‌روه‌ها سه‌رباركردنی شتێكه‌ بۆ سه‌ر مه‌عریفه‌ی ڕێسا ئه‌خلاقییه‌كان. ئه‌م سه‌رباركردنه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و شته‌ی كه‌ پێشوه‌خت ناسراوه‌ یه‌ك هێزه‌، هێزێك كه‌ ده‌توانێت مه‌عریفه‌ی په‌تی و ئاگایی ڕووت بگۆڕێت بۆ یه‌ك شێوازی واقیعیی ژیان. [[مه‌به‌ست له‌م چێژ و خۆشیانه‌‌ ئاماژه‌یه‌كی تا ئاستی شیاو ورده‌ بۆ ئه‌و شته‌ی كه‌ سێرینوس هێشتا هۆگریه‌تی و ئه‌و شته‌ی كه‌ ده‌ستی لێ به‌ر‌داوه‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ‌ ئه‌و شته‌ی كه‌ ئه‌و ڕزگار بووه‌ لێی‌، و ئاماژه‌ بۆ شتگه‌لێكی ده‌ره‌كی كه‌ ئه‌و وابه‌سته‌یه‌ پێیانه‌وه‌. verum fateri[گوتنی هه‌قیقه‌ت] كه‌ ئه‌و مه‌به‌ستییه‌تی ئه‌نجامی بدات، تیشك خستنه‌ سه‌ر نهێنییه‌ قووڵه‌كان نییه‌، به‌ڵكه‌ به‌پێی په‌یوه‌ندیگه‌لێكه‌ كه‌ ئه‌و ده‌به‌ستێت به‌ شتگه‌لێكه‌وه‌ و به‌ند ده‌كات و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌م شتانه‌دا ناشكێت. ئه‌مه‌ جۆرێك دانانی ئازادییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕێسای كرده‌كاندا. ژماردنی هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو نییه‌، به‌ڵكه‌ یه‌ك پێڕستی وابه‌سته‌ییه‌كانه]]. و سێنیكا كاتێك كه‌ سوود له‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌، هۆكاره‌كان، نموونه‌ قه‌ناعه‌تپێكه‌ره‌كان وه‌رده‌گرێت، هه‌وڵ نادات كه‌ هه‌قیقه‌تێكی هێشتا نه‌ناسراو له‌ قووڵاییی ڕۆحی سێرینوسدا بدۆزێته‌وه و كه‌شف بكات، به‌ڵكه‌ هه‌وڵ ده‌دات ڕوونی بكاته‌وه‌ كه‌ هه‌قیقه‌ت به‌ گشتی تا چ ئاستێك ڕاسته‌قینه‌یه‌. ئامانجی گوتاری سێنیكا ئه‌مه‌ نییه‌ كه‌ هێزێكی ناچاركه‌ر كه‌ له‌ شوێنێكی تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ سه‌ربار بكات بۆ سه‌ر هه‌ندێك له‌ پره‌نسیپه‌ تیۆریكییه‌كان، به‌ڵكه‌ ئامانجی گوتاری سێنیكا ئه‌مه‌یه‌ كه‌ پره‌نسیپه‌ تیۆریكییه‌كان بگۆڕێت بۆ هێزێكی توانامه‌ند و سه‌ركه‌وتوو. سێنیكا ده‌بێت شوێنێك بداته‌ هه‌قیقه‌ت، هه‌قیقه‌ت وه‌ك یه‌ك هێز.[28]
[[به‌ڵام ده‌بێت سه‌رتر بچین. سێرینوس نه‌ك ته‌نها بۆ ده‌رخستنی دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆحی، به‌ڵكه‌ بۆ ئه‌وه‌ دانپێدانان ئه‌نجام ده‌دات كه‌ له‌ سێنیكاوه‌ هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خۆی وه‌ربگرێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ چ جۆره‌ هه‌قیقه‌تێكه‌ كه‌ سێرینوس پێویستی پێیه‌تی، و داوا له‌ سێنیكا ده‌كات كه‌ بۆی ئاشكرا بكات؟ ئایا یه‌ك ده‌ستنیشانكردنه‌؟ ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ له‌ ڕاستیدا هه‌مان شتێكه‌ كه‌ سێرینوس ده‌یڵێت و هه‌مان شتێكه‌ كه‌ سێنیكا به‌ سێرینوسی ده‌دات. و ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه‌ بریتی نییه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی ئه‌مه‌ی كه «تۆ ئه‌مه‌یت» و «نه‌خۆشییه‌ شاراوه‌كان كه‌ ئازاری تۆ ده‌ده‌ن ئه‌مانه‌ن». سێنیكا به‌م وته‌یه‌ به‌سنده‌ ده‌كات كه‌: «پێت وانه‌بێت كه‌ یه‌ك نه‌خۆشی چاره‌سه‌رنه‌كراویت. تۆ نه‌خۆشێكی پێشوویت كه‌ ئاگادار نییه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌.» سێنیكا یارمه‌تیی سێرینوس ده‌دات كه‌ له‌ یه‌ك ڕێگه‌دا جێ بگرێت، ڕێگه‌یه‌ك كه‌ بڕیاره‌ سێرینوس به‌ره‌و كێڵگه‌ی فه‌زیله‌ته‌كان ڕێنمایی بكات؛ ئه‌و به‌وردی ئه‌م دۆخه‌‌ ڕۆشن ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام، وه‌ك ده‌بینن، ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه‌ له‌ خۆیدا یه‌ك شیكاركردنی زۆر كورته‌. ئه‌مه‌ ته‌نها به‌شێكی زۆر كورتی ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ سێنیكا ده‌یڵێت، و كتێبی ئارامیی ڕۆح زۆر زیاتر له‌مه‌ ده‌ڵێت. سێنیكا له‌م نامیلكه‌یه‌دا چ جۆره‌ وه‌ڵامێك بۆ پێویستییه‌كانی سێرینوس ده‌داته‌وه‌؟ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تیۆرتیكی؟ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك. شرۆڤه‌یه‌كی تازه‌ی ڕێسا و فێركاركارییه‌ ئه‌خلاقییه‌كان؟ ڕوونه‌ كه‌ سێرینوس پێویستی به‌م شرۆڤه‌یه‌ نییه‌. سێرینوس له‌ دانپێدانانی خۆیدا نیشانی داوه‌ كه‌ پره‌نسیپه‌ گرنگه‌ ئه‌خلاقییه‌كان زۆر باش ده‌ناسێت، پره‌نسیپگه‌لێك كه‌ بۆ یه‌ك ژیانی فه‌لسه‌فی زه‌روورییه‌. هه‌قیقه‌تی جێ مه‌به‌ستی سێرینوس مه‌عریفه‌یه‌كی ته‌واوكه‌ر نییه‌، به‌ڵكه‌ شتێكه‌ كه‌ سه‌ربار ده‌كرێت بۆ سه‌ر ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، سه‌ربار ده‌كرێت بۆ سه‌ر مه‌عریفه‌ی دۆخی ئه‌و و مه‌عریفه‌ی ڕێسا ئه‌خلاقییه‌كان. ئه‌م سه‌رباركردنه بۆ سه‌ر ئه‌و شته‌ی كه‌ پێشوه‌خت ناسراوه‌ مه‌عریفه‌یه‌ك نییه‌، به‌ڵكه‌ یه‌ك هێزه‌، هێزێك كه‌ ده‌توانێت مه‌عریفه‌ی په‌تی و ئاگاییی ڕووت بگۆڕێت بۆ یه‌ك ڕێگه‌ی واقیعیی ژیان. و ئه‌مه‌ هه‌مان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ سێنیكا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌نجامی بدات، هه‌مان شتێك كه‌ ده‌یگوازێته‌وه‌ بۆ سێرینوس كاتێك كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌كان، سه‌لماندنه‌كان و نموونه‌گه‌لێكی قه‌ناعه‌تپێكه‌رانه‌‌ به‌كار ده‌هێنێت، ئه‌ڵبه‌ته‌ نه‌ك بۆ هه‌قیقه‌تێكی هێشتا نه‌ناسراو له‌ سێرینوسدا، به‌ڵكه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی كه‌ تا چ ئاستێك ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ ڕاسته‌قینه‌ و دروسته‌. ئامانجی گوتاری سێنیكا ئه‌مه‌ نییه‌ كه‌ هێزێكی ناچاركه‌ر كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ شوێنێكی تره‌ سه‌ربار بكات بۆ هه‌ندێك له‌ پره‌نسیپه‌ تیۆرتیكییه‌كان، به‌ڵكه‌ ئامانجی گوتاری سێنیكا گۆڕینی هه‌قیقه‌ته‌ به‌ هێزێكی به‌رپێنه‌گیراو و توانادار. سێنیكا ده‌بێت شوێنێك بداته‌ هه‌قیقه‌ت وه‌ك یه‌ك هێز[29]]].
لێره‌دا، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ پێشكه‌ش كرا، پێم وایه‌ چه‌ند ئاكامێك هه‌یه‌. ١) وه‌ك ده‌بینن، له‌م گه‌مه‌ی نێوان دانپێدانانی سێرینوس و ڕاوێژی سێنیكادا، هه‌قیقه‌ت به‌پێی هاوده‌قی له‌گه‌ڵ واقیعییه‌تدا[30] پێناسه‌ ناكرێت، به‌ڵكه‌ وه‌ك یه‌ك هێزی جیانه‌كراوه‌ له‌ پره‌نسیپه‌كان پێناسه‌ ده‌كرێت، هێزێك كه‌ ده‌بێت له‌ یه‌ك گوتاردا گه‌شه‌ بكات. ٢) ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ شتێك نییه‌ كه‌ له‌ پشته‌وه‌ی ئاگایی یا له‌ژێر ئاگاییدا و له‌ قووڵترین و تاریكرترین به‌شی ڕۆحدا شاراوه‌ بێت، به‌ڵكه‌ شتێكه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر تاكدا وه‌ك یه‌ك پنتی ڕاكێشان[31]ـه‌، جۆرێك هێزی موگناتیزی كه‌ تاك ڕاده‌كێشێت بۆ ئامانجێك. ٣) ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵكۆڵینی شیكارییانه‌ی ئه‌و شته‌وه‌ به‌ ده‌ست نایێت كه‌ له‌ تاكدا به‌ واقیعی گریمانه‌ ده‌كرێت، به‌ڵكه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕه‌وانبێژانه‌ی ئه‌و شته‌وه‌ به‌ ده‌ست دێت كه‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ ده‌یه‌وێت نزیك بكه‌وێته‌وه‌ له‌ ژیانی دانا به‌سوود و چاكه‌. ٤) ئه‌م دانپێدانانه‌ به‌ره‌و تاكسازیی سێرینوس، ]]واته‌ تاكسازیی قوتابی[[، ڕێنمایی ناكرێت له‌ ڕێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكه‌ به‌ره‌و‌ پێكهێنانی یه‌ك خود ڕێنمایی ده‌كرێت، خودێك كه‌ ده‌توانێت له‌ یه‌ك كاتدا و به‌بێ هیچ دابڕانێك، سوژه‌ی مه‌عریفه‌ و سوژه‌ی ویست بێت. ٥) [[ئه‌گه‌ر ڕۆڵی دانپێدانان و ڕاوێژ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ شوێنێك به‌ هه‌قیقه‌ت وه‌ك هێز بدات، كه‌واته‌ به‌ ئاسانی ده‌توانین تێبگه‌ین كه‌ خود-هه‌ڵكۆڵین یا تاقیكردنه‌وه‌ی خود تا ڕاده‌یه‌ك هه‌مان ڕۆڵی هه‌یه‌. بینیمان كه‌ سێنیكا له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو شه‌وێك هه‌ڵه‌كانی بیر ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ڕێسا ئه‌خلاقییه‌كانی ڕه‌فتار به‌ یادگه‌ بسپێرێت، و یادگه‌ كاتێك كه‌ حزوورێكی هه‌میشه‌یی و چالاكی له‌ ڕۆحدا هه‌یه‌ جگه‌ له‌ هێزی هه‌قیقه‌ت هیچ نییه‌. یه‌ك بیره‌وه‌ریی هه‌میشه‌یی له‌ تاكدا و له‌ گوتاری ناوه‌كیی تاكدا، یه‌ك ڕه‌وانبێژیی قه‌ناعه‌تپێكه‌ر له‌ ڕاوێژ، ئامۆژگاری و په‌ندی مامۆستادا- ئه‌مانه‌ لایه‌نه‌كانی هه‌قیقه‌تن كه‌ وه‌ك یه‌ك هێز داده‌نرێن. كه‌واته‌، ده‌توانین ئاكامگیری بكه‌ین كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی خود یا خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان ده‌توانرێت له‌ فه‌لسه‌فه‌ی كۆندا به‌ یه‌ك گه‌مه‌ی هه‌قیقه‌ت، به‌ یه‌ك گه‌مه‌ی گرنگی هه‌قیقه‌ت هه‌ژمار بكرێت[32]، به‌ڵام ئامانجی ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی هه‌قیقه‌ت دۆزینه‌وه‌ی واقیعییه‌تێكی شاراوه‌ نییه‌ له‌ناو‌ تاكدا. ئامانجی ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی هه‌قیقه‌ت گۆڕینی تاكه‌ بۆ شوێنێك كه‌ هه‌قیقه‌ت بتوانێت تێیدا ده‌ربكه‌وێت و وه‌ك هێزێكی واقیعی له‌ ڕێگه‌ی حزووری بیره‌وه‌ری و كارایی گوتاره‌وه‌ كرده‌ بنوێنێت یا كار بكات]]. ده‌توانین ببینین كه‌ كرداری خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و شته‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ یۆنانییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخان به‌ gnômê]یه‌كێتیی مه‌عریفه‌ت و ویست، بڕگه‌ی كورتی گوتار[ناویان ده‌برد[33]. زاراوه‌ی gnômêبه‌ یه‌كێتیی ویست و مه‌عریفه‌ ده‌وترێت؛ هه‌روه‌ها ئه‌م زاراوه‌یه‌ به‌ بڕگه‌ی كورتی گوتاره‌كان ده‌وترێت- یه‌ك ڕسته‌ یا چه‌ند نیوه‌ دێڕێك- كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌قیقه‌ت به‌ ته‌واوی هێزی خۆیه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ ڕۆحی خه‌ڵكی و له‌ ڕۆحی تاكه‌ ئاساییه‌ به‌رمه‌رگه‌كاندا له‌نگه‌ر ده‌گرێت. [[له‌ فۆرمه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی یۆناندا، شاعیره‌كان و پیاوانی خودا له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ gnômêـه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی gnômaiـه‌وه‌[34]، هه‌قیقه‌تیان بۆ‌ خه‌ڵكی ساده‌ی به‌رمه‌رگ ده‌رده‌بڕی؛ gnômai ڕسته‌گه‌لێكی زۆر كورت، زۆر فه‌رمانده‌رانه‌ و ئه‌وه‌نده‌ به‌ قووڵی ڕووناككه‌ره‌وه به‌ ڕووناكیی شاعیرانه‌ بوو كه‌ له‌بیركردنیان و هه‌ڵهاتن له‌ ده‌سه‌ڵاتیان مه‌حاڵ بوو. زۆر باشه‌، به‌ باوه‌ڕی من، ئێوه‌ ده‌توانن ببینن كه‌ خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان- به‌و جۆره‌ی كه‌ ده‌توانن، بۆ نموونه‌، له‌ ئه‌ندێشه‌ی سێنیكا، و هه‌روه‌ها له‌ ئه‌ندێشه‌ی ماركۆس ئۆرلیۆس، ئه‌پیكته‌تۆس و ئه‌وانیتردا و دواتر ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ده‌ی یه‌كه‌می زاییندا- خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان هێشتا جۆرێك گه‌شه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی gnômai بوو]]. كه‌واته‌، ده‌توانین بڵێین كه دواتر ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ده‌ی یه‌كه‌می زاییندا، ئه‌و جۆری سوژه‌یه‌ [[و ئه‌و جۆری «خود»ـه‌ی]] كه‌ فه‌یله‌سوفه‌كانی سه‌ر‌ده‌می كۆن- فه‌یله‌سوفه‌ یۆنانی و هیلینیستی و ڕۆمییه‌كان- وه‌ك یه‌ك مۆدێل و وه‌ك یه‌ك ئامانج پێشنیاریان ده‌كرد، خودی مه‌عریفه‌تمه‌ند[35]ـه‌، خودێك كه‌ تێیدا هێزی هه‌قیقه‌ت ده‌بێت له‌گه‌ڵ فۆرمی ویستدا یه‌كێك بێت.
له‌ مۆدێلی خودی مه‌عریفه‌تمه‌نددا، چه‌ندین توخمی پێكهێنه‌ر ده‌دۆزینه‌وه‌: زه‌رووره‌تی گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود، ڕۆڵی مامۆستا و گوتاری مامۆستا، ڕێگه‌یه‌كی دوورودرێژ كه‌ له‌ كۆتاییدا ڕێنمایی ده‌كرێت بۆ ده‌ركه‌وتنی خود. ته‌واوی ئه‌م توخمانه‌ له‌ ته‌كنه‌لۆژیای مه‌سیحیی خود[36]یشدا ده‌دۆزینه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕێكخستێكی زۆر جیاوازدا[37]. به‌ كورتی، و لێره‌دا ئاكامگیری ده‌كه‌م، ده‌بێت بڵێم كه‌ له‌ كرداره‌كانی خود-تاقیكردنه‌وه‌ یا خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان له‌ فه‌لسه‌فه‌ی هیلینیستی و ڕۆمیدا، خود شتێك نییه‌ كه‌ وه‌ك یه‌ك ده‌قی زۆر ناڕوون ده‌بێت بدۆزرێته‌وه‌ یا ڕه‌مزشكێنی بكرێت. ئه‌رك ئه‌مه‌ نییه‌ كه‌ ناڕوونترین و تاریكترین به‌شی بوون [[و «خود»مان]] ڕۆشن بكه‌ینه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، نابێت خود بدۆزرێته‌وه‌، به‌ڵكه‌ ده‌بێت پێك بهێنرێت، ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی هێزی هه‌قیقه‌ته‌وه‌ پێك بهێنرێت. ئه‌م هێزه‌ له‌ كوالێتیی ڕه‌وانبێژانه‌ی گوتاری مامۆستادا شاراوه‌ته‌وه‌، و ئه‌م كوالێتییه‌ ڕه‌وانبێژانه‌یه‌ تا ئاستێك په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌رخستن و ئاشكراكردنی قوتابییه‌وه‌، قوتابییه‌ك كه‌ ده‌بێت ڕوونی بكاته‌وه‌ كه‌ چۆن به‌پێی پره‌نسیپه‌ ڕاسته‌قینه‌كان ژیان به‌سه‌ر ببات، پره‌نسیپگه‌لێك كه‌ ئه‌و باش ده‌یانناسێت. [[به‌ كورتی، خود ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی هێزی هه‌قیقه‌ته‌وه‌ پێك بهێنرێت؛ و ئه‌م هێزه‌ له‌ توانایی به‌-یادگه‌-سپاردنی تاك و كوالێتیی ڕه‌وانبێژانه‌ی مامۆستادا شوێنی هه‌یه‌، و ئه‌م دوو تواناییه‌ تا ئاستێك په‌یوه‌ستن به‌ هونه‌ری یادگه‌ و كرده‌ی قه‌ناعه‌تپێكردن[38]ـه‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ته‌كنه‌لۆژیاكانی خود له‌ جیهانی كۆندا گرێ نه‌دراون به‌ هونه‌ری ڕاڤه‌وه‌، به‌ڵكه‌ په‌یوه‌ستن به‌ هونه‌رگه‌لێكی وه‌ك ته‌كنیكی به‌-یادگه‌-سپاردن و ڕه‌وانبێژییه‌وه‌. به‌ر له‌ مه‌سیحییه‌ت، خود-موشاهه‌ده‌كردن[39]، خود-هه‌ڵكۆڵین، خود-ڕاڤه‌كردن[40] و خود-هێرمنۆتیك[41] له‌ ته‌كنه‌لۆژیاكانی خوددا ڕۆڵیان نییه‌]]. و به‌ باوه‌ڕی من، ئه‌م ڕێكخستنی خود وه‌ك یه‌ك ئامانج و مۆدێل‌، ڕێكخستنی ئه‌و شته‌ی كه‌ من ناوی ده‌نێم خودی مه‌عریفه‌تمه‌ند وه‌ك ئامانج، وه‌ك نیشانه‌، و خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان كه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌م خوده‌ ڕێنمایی ده‌كرێن، شتێكه‌ كه‌ به‌قووڵی جیاوازه‌ له‌و شته‌ی كه‌ له‌ ته‌كنه‌لۆژیای مه‌سیحیی خوددا ده‌یبینین[42]. له‌ ته‌كنه‌لۆژیا مه‌سیحییه‌كانی خوددا، گرفت ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌و شته‌ بدۆزینه‌وه‌ و كه‌شف بكه‌ین كه‌ له‌ خوددا شاراوه‌یه‌؛ خود چه‌شنی یه‌ك ده‌ق یا چه‌شنی یه‌ك كتێبه‌ كه‌ ده‌بێت ڕه‌مزشكێنی بكه‌ین، و نه‌ك شتێك كه‌ ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی هاوده‌قكردن و له‌سه‌ر یه‌ك دانانه‌وه‌، واته‌ هاوده‌قكردنی ویست و هه‌قیقه‌ت، پێك بهێنرێت. ئه‌م ڕێكخستنه‌، ئه‌م ڕێكخستنه‌ مه‌سیحییه‌، كه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ ڕێكخستنی بتپه‌رستی، شتێكه‌ كه‌ به‌ باوه‌ڕی من، بۆ جینالۆژیای خودی مۆدێرن[43] ته‌واو دیاریكه‌ره‌، و ئه‌مه‌ ئه‌و خاڵه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌فته‌ی داهاتوو كاتێك كه‌ دووباره‌ یه‌كتری ده‌بینینه‌وه‌ ڕوونی بكه‌مه‌وه‌.
سوپاستان ده‌كه‌م.
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانی ئەم وانەوتارە:
میشل فوكو، خاستگاه هرمنوتیك خود (سخرانیهادر كالج دارتموت 1980)، ترجومه‌ی نیكو سرخوش و افشین جهاندیده‌، چاپ اول، تهران، نشر نی، 1395.
Michel Foucault, About the Beginning of the Hermeneutics of the Self, Lectures at Dartmouth College 1980, translated by Graham Burchell, Edition Established by Henri-Paul Fruchaud and Daniele Lorenzini, the University Chicago Press, 2016.
Michel foucault, The Politics of Truth, translated by Lysa Hochroth and Catherine Porter, Edited by Sylvère Lotringer, Inrtoduction by John Rajchman, semiotext(e), Los Angeles, 2007, p. 147-169.
[1]. ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ستی فوکۆ لێره‌دا توێژینه‌وه‌كانی پییه‌ر ئادۆ بێت كه‌ به‌ باوه‌ڕی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ی كۆن به‌ر له‌ هه‌ر شتێك یه‌ك ڕێگه‌یژیانكردن بوو، ڕێگه‌یه‌ك كه‌ ئامانجه‌كه‌ی نه‌ك پێكهاته‌یه‌كی تیۆرتیكی به‌ڵكه‌ گۆڕان و شكۆفه‌كردنی شێوازی بوونی تاكگه‌لێك بوو كه‌ ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌یان به‌كار ده‌خست. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
P. Hadot, »Exercices spirituels«, Annuaire de la Vème section de l’école pratique des hautes études. Vol. 84, 1977, p. 25-70; repris dans Exercices spirituels et philosophie antique, paris, Albin Michel, 2002, p. 19-74.
[2]. فوکۆ له‌ وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا و به‌ وردیی له‌م زه‌مینه‌یه‌دا، له‌م پرسیاره‌ قووڵ ده‌بێته‌وه‌ تا تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گوتاری مامۆستا له‌ كرداره‌ كۆنه‌كانی ڕێنماییدا وه‌سف بكات. ئه‌و گریمانه‌ی parrêsia ده‌خاته‌ ڕوو: « parrêsia له‌ ڕاستیدا وه‌ڵامی مامۆستایه‌ بۆ ئه‌ركی قوتابی به‌ بێده‌نگبوون. درووست وه‌ك چۆن كه‌ قوتابی ده‌بێت بێده‌نگ بێت تا بوون به‌ سوژه‌ له‌ گوتاریدا بكاته‌ كرده‌یی، مامۆستاش دواجار ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌و شته‌ی ده‌رباره‌ی هه‌قیقه‌ت ده‌یڵێت له‌ كۆتایی كرده‌ و ڕێنماییدا بگۆڕێت بۆ گوتاری ڕاسته‌قینه‌ و سوبێكتیڤی قوتابی، ده‌بێت گوتارێك بگرێته‌ به‌ر كه‌ په‌یڕه‌وی له‌ پره‌نسیپی parrêsia بكات.» بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: HS, p. 348 و هه‌روه‌ها DE II, n349, p. 1477-1478.
[3]. فوکۆ له‌ وانه‌ی ٢٢ـی شوباتی ١٩٧٨ له‌ وانه‌وتاری ئاسایش، قه‌ڵه‌مڕه‌و، جه‌ماوه‌ردا (STP, p. 184-186) و له‌ وانه‌ی 12 و ١٩ـی مارسی ١٩٨٠ له‌ وانه‌وتاری ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زیندووه‌كان (GV, p. 224-230 et 260-265)، به‌ ورده‌كارییه‌كی زیاتره‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ڕێنماییی ویژدان له‌ سه‌رده‌می كۆندا به‌ به‌راورد به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ڕێنماییی مه‌سیحی شیكار ده‌كات. ئه‌و ئه‌م تێگه‌یه‌ له‌ كاتژمێری دووه‌می وانه‌كانی سێیه‌م و ده‌یه‌می مارسی 1982 له‌ وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا، دووباره‌ ده‌خاته‌ ڕوو (HS, p. 345-348 et 390-391).
[4]. communal life
[5]. Pytagoreans؛ قوتابخانه‌ی فیتاگۆرسییه‌كان له‌لایه‌ن فیتاگۆرسه‌وه‌ (٥٨٢-٥٠٧) پ. ز، دامه‌زراوه‌. هه‌ندێك له‌ مێژوونووسه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ قوتایخانه‌ی فیتاگۆرسی یه‌كه‌مجار به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی نه‌بوو، به‌ڵكه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌نجومه‌نێكی ئه‌خلاقی و ئایینی یا ئه‌نجومه‌نی ڕیفۆرمخوازانی ئایینی بوو. فیتاگۆرسییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ئۆرفیوسیدا هه‌بوو، و له‌م كۆمه‌ڵه‌وه‌ باوه‌ڕبوون به‌ «دۆنادۆنی ڕۆح (تناسخ ارواح)»یان وه‌رگرت. كۆمه‌ڵه‌ی ئۆرفیوسی باوه‌ڕیان وابوو كه‌ ڕزگاربوون له‌ جه‌بری ژیان ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی ڕێوڕه‌سمی سرووته‌ ئایینییه‌كانه‌وه‌ به‌ ده‌ست بهێنرێت. فیتاگۆرسییه‌كان ئه‌م جۆره‌ ڕێوڕه‌سمه‌ ئایینیانه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام، به‌ باوه‌ڕی ئه‌وان، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاری به‌ ده‌ست بهێنێت ده‌بێت كۆمه‌ك له‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی، په‌روه‌رده‌كردنی خود و تێڕامانی فه‌لسه‌فی وه‌ربگرێت. له‌ دیدی فیتاگۆسییه‌كاندا، جه‌سته‌، زیندان و «ئارامگا»ـی نه‌فس/ڕۆحه‌، به‌ڵام مرۆڤ نابێت له‌ ڕێگه‌ی خۆكوشتنه‌وه‌ ده‌ستی بگاته‌ ڕزگاری، چون «مرۆڤ موڵكی خودایه». به‌ باوه‌ڕی ئه‌م فه‌یله‌سوفانه‌، جیهان له‌ سه‌ره‌تادا پێكهاته‌یه‌كی شێواوی هه‌بووه‌، كه‌ ئه‌وان به‌ خائۆس [khaos] ناویان ده‌برد. خائۆس هه‌وێنێكی دیارینه‌كراو، شێواو و ناڕێكه‌، به‌ڵام له‌ جووڵه‌ی خۆیدا ڕووه‌و كامڵبوون و په‌ره‌سه‌ندن، ده‌گۆڕێت بۆ كۆسمۆس [kosmos]. وشه‌ی كۆسمۆس ئاماژه‌یه‌ به‌ گونجاوبوون، هه‌ماهه‌نگی، ڕیزبه‌ندی، جوانی، ڕێكی و هتد. كۆسمۆس واته‌ جیهانێكی دیاریكراو كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پره‌نسیپی یه‌كێتی. له‌ مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا، فیتاگۆرسییه‌كان یه‌كه‌مین كه‌سانێك بوون كه‌ ئه‌م دوو وشه‌یان بۆ وه‌سفكردنی جیهان به‌كار هێنا. (و. كوردی)
[6].Epicureans؛ قوتابخانه‌ی ئه‌پیكۆرییه‌كان، ئه‌پیكۆر (٣٤١-٢٨٠) پ. ز. له‌ ساڵی ٣٠٦ پ. ز. دایمه‌زراندووه‌. ئه‌و قوتابخانه‌كه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ر له‌ قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی دامه‌زراند. قوتابخانه‌ی ئه‌پیكۆر زیاتر له‌ شه‌ش سه‌ده‌ به‌رده‌وام بوو. ئه‌پیكۆر هه‌ر زوو ئاشنا ده‌بێت به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌تۆمیزمی دیمۆكریتس و ئه‌م ئاشنابوونه‌ش كاریگه‌ری ده‌خاته‌ سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ و بیركردنه‌وه‌ی. قوتابخانه‌ی ئه‌پیكۆری فه‌لسه‌فه‌ی سروشت و فه‌لسه‌فه‌ی لۆجیك ده‌كاته‌‌ پاشكۆی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق. ئه‌ڵبه‌ته‌ سوبێكتیڤیته‌ی توند یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌ پاش-ئه‌رستۆیییه‌كان، به‌ ده‌ربڕینێك، هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ئه‌ندێشه‌ ده‌بنه‌ پاشكۆی هه‌رێمی ئه‌خلاقی خود. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ فوکۆ له‌م وتارانه‌دا زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ پاش-ئه‌رستۆیییه‌كان. به‌ باوه‌ڕی ئه‌پیكۆ- (ئه‌م گرفته‌، واته‌ وابه‌سته‌بوون و وابه‌سته‌نه‌بوون بۆ فوکۆ گرنگه‌)- مرۆڤ بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌خته‌وه‌ری نابێت وابه‌سته‌ بێت به‌ پرسه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌؛ مرۆڤ ده‌بێت له‌ خودی خۆیدا بۆ به‌خته‌وه‌ری بگه‌ڕێت. مرۆڤی عه‌قڵمه‌ند ته‌نانه‌ت له‌ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییدا ده‌توانێت به‌خته‌وه‌ر بێت، چون له‌ ئارامیی ناوه‌كیی ڕۆحی خۆیدا خاوه‌نی به‌خته‌وه‌رییه‌كه‌ كه‌ له‌پێشتر و گرنگتره‌ له‌ هه‌ر ئازارێكی جه‌سته‌یی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، چێژه‌ جه‌سته‌ییه‌كان نه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێن و نه‌ به‌ كه‌م ته‌ماشا ده‌كرێن. مرۆڤی ژیر له‌ هه‌موو شتێك چێژ ده‌بات. له‌ نێوان هه‌موو چێژه‌ عه‌قڵانییه‌كاندا، ئه‌پیكۆرییه‌كان، زۆرترین جه‌خت له‌سه‌ر «هاوڕێیه‌تی» ده‌كه‌نه‌وه‌. بۆ ئه‌پیكۆرییه‌كان، قوتابخانه‌، ته‌نها یه‌ك جڤاكی فه‌یله‌سوفه‌ هاوده‌نگه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، یه‌ك «كۆمه‌ڵگه‌ی هاوڕێیان» بوو. (و. كوردی)
[7]. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌م خاڵانه‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: HS, p. 94-96 et 131-133. هه‌روه‌ها بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: F. Gros, dans HS, p. 141, n18.
[8]. فوکۆ چه‌ندین جار توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كرداری دێرینی تاقیكردنه‌وه‌ی خود یا خود-هه‌ڵكۆڵین (و هه‌ڵكۆڵینی ویژدان) ئه‌نجام داوه‌. ئه‌و له‌ وانه‌ی ١٢ـی مارسی ١٩٨٠ له‌ وانه‌وتاری ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زیندووه‌كان، پاش ورده‌كارییه‌كی زۆر ده‌رباره‌ی كرداری ڕێنماییی ویژدان له‌ سه‌رده‌می كۆندا و جیاوازییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕێنمایی ویژدان له‌ مه‌سیحییه‌تدا، ده‌په‌رژێته‌ سه‌ر تێگه‌ی هه‌ڵكۆڵینی یۆنانی-ڕۆمیی ویژدان وه‌ك «بڕگه‌ی بنچینه‌یی و بنه‌ڕه‌تی» له‌ ته‌كنیكه‌ دێرینه‌كانی ڕێنماییدا؛ و ئه‌م تێگه‌یه‌ له‌ ئه‌ندێشه‌ی فیساگۆرسییه‌كان و ڕه‌واقییه‌كانی سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌تی ڕۆمدا (سێنیكا و ئه‌پیكته‌تۆس) توێژینه‌وه‌ ده‌كات. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: GV, p. 23. له‌ به‌رامبه‌ردا، له‌ وانه‌ی ٢٩ـی نیسانی ١٩٨١ له‌ وانه‌وتاری لۆوڤه‌ین، ڕێكیی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ به‌ پێچه‌وانه‌یه‌: فوکۆ ڕاسته‌وخۆ گرفتی «هه‌قیقه‌ت گوتن ده‌رباره‌ی خود له‌ سه‌رده‌می دێرینی بتپه‌رستیدا» ده‌خاته‌ ڕوو، و ئه‌م گرفته‌ له‌ ناخی كرداره‌ ئایینییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان و له‌ ئایینه‌ ڕۆژهه‌ڵاتیییه‌كان و هه‌روه‌ها له‌ ئه‌ندێشه‌ی فیساگۆرسییه‌كان و سێنیكادا شیكار ده‌كات. و ته‌نها دوای ئه‌م شیكارییه‌یه‌ كه‌ تێگه‌ی «دانپێدانان بۆ ئه‌وی تر» ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: MFDV, p. 91-97. له‌ كاتژمێر دووه‌می وانه‌ی ٢٤ـی مارسی ١٩٨٢، به‌ستێنی ئه‌م باسه‌ دووباره‌ جیاوازه‌، و پاش تێڕامانی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر شه‌ڕانگێزییه‌كان و تێڕامان له‌سه‌ر مه‌رگ، هه‌ڵكۆڵینی دێرینی ویژدان وه‌ك یه‌كێك له «تاقیكردنه‌وه‌كانی خود وه‌ك سوژه‌ی هه‌قیقه‌ت» توێژینه‌وه‌ ده‌كرێت. لێره‌دا فوکۆ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پشت به‌ هه‌ڵكۆڵینی فیساگۆرسی و دواتر پشت به‌ هه‌ڵكۆڵینی سپێده‌ده‌میی له‌ ئه‌ندێشه‌ی ماركۆس ئۆرلیۆس و دواجار به‌ هه‌ڵكۆڵینی شه‌وانه‌یی له‌ ئه‌ندێشه‌ی سێنیكا و ئه‌پیكته‌تۆسدا ده‌به‌ستێت. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: HS, p. 444-445, 460-465. دواتر فوکۆ له‌ سیمینارێكدا له‌ زانكۆی ڤێرمۆنت [به‌ ناونیشانی «ته‌كنیكه‌كانی خود»]، هه‌ڵكۆڵینی ڕه‌واقیی ویژدان له‌ناو تێڕامانێك له‌سه‌ر «كولتووری بێده‌نگی» و «هونه‌ری بیستن» له‌ سه‌رده‌می ئیمپراتۆریی [ڕۆمدا] ده‌خاته‌ ڕوو [بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: «ته‌كنیكه‌كانی خود» له‌: م. فوکۆ، شانۆی فه‌لسه‌فه‌، ل. ٥٢٥-٥٣٢]، له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ وتارێكی 1983دایه‌ كه‌ زیاتر له‌ژێر ڕۆشنایی پرسیاری نووسراو وه‌ك ڕاهێنان و هونه‌ری خود كه‌ تێگه‌ی هه‌ڵكۆڵینی ویژدان، به‌ تایبه‌ت له‌ ئه‌ندێشه‌ی سێنیكا و ماركۆس ئۆرلیۆسدا، ده‌خاته‌ ڕوو: «وا ده‌رده‌كه‌وێت […] له‌ یه‌ك په‌یوه‌ندیی نامه‌ گۆڕینه‌وه‌دا- و دواجار بۆ ده‌رخستنی خود له‌ به‌رده‌م نیگای ئه‌وی تردایه‌- كه‌ هه‌ڵكۆڵینی ویژدان وه‌ك چیرۆكێكی نووسراوی خود شێوه‌به‌ندی كراوه‌.» بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: میشێل فوکۆ، «نووسراوی خود» له‌ DE II, n329, p. 1247-1249. دواجار، بۆ باسێك ده‌رباره‌ی هه‌ڵكۆڵینی ویژدان له‌ زه‌مینه‌ی «په‌روه‌رده‌كردنی خود»دا، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: SS, p. 65-66, 77-79.
[9]. Stoics؛ زینۆن [Zeno] (336-264) پ. ز، خه‌ڵكی قوبرس، دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی ڕه‌واقییه‌. ئه‌و له‌ ئه‌سینا، له‌ژێر ده‌ستی كراتس [Crates]ـی سه‌گڕه‌فتار، ستیلپۆ [Stilpo]ـی مه‌گاری و پۆلیمۆ [Polemo]ـی ئه‌ندامانی ئه‌كادیمی، وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی خوێند. دوای ئه‌وه‌ی زینۆن خۆی ده‌كوژێت، كلیانتیس [Cleanthes] و خرۆسیپۆس [Chrysippus] وه‌ك ڕابه‌ری قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی، شوێنی ئه‌و ده‌گرنه‌وه‌. خرۆسیپۆس فێرخوازێكی كۆڵنه‌ده‌ر و مرۆڤێكی پڕكار بوو؛ وه‌ك هه‌ندێك مێژوونووسی فه‌لسه‌فه‌ ده‌ڵێن، زیاتر له‌ حه‌وت سه‌د كتێبی نووسیوه‌ به‌ڵام هه‌موویان له‌ناو چوون. خرۆسیپۆس ئه‌گه‌ر چی دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی نییه‌، به‌ڵام به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ستوونگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ داده‌نرێت. قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی هه‌واداری زۆری بۆ خۆی ڕاكێشا و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌ نه‌ك ته‌نها له‌ یۆنان، به‌ڵكه‌ له‌ ڕۆما گرنگی زۆری پێ درا، شوێنێك كه‌ بیرمه‌ندترین نووسه‌ری وه‌ك ماركۆس ئۆرلیۆس، سێنیكا و ئه‌پیكته‌تۆس له‌ په‌یڕه‌وكارانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ بوون. قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی له‌ بنچینه‌دا یه‌ك سیسته‌می ئه‌خلاقییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌ هۆی لۆجیكه‌وه‌ وه‌ك تیۆریی میتۆد، به‌ره‌و پێش ده‌چێت و له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سروشت وه‌ك بنه‌ڕه‌ت دامه‌زراوه‌. تیۆریی ئه‌خلاقیی ڕه‌واقییه‌كان له‌سه‌ر دوو پره‌نسیپ وه‌ستاوه‌: یه‌كه‌م، جیهان به‌ یاسایه‌كی ڕه‌ها به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ هیچ حاڵه‌تێكی ڕیزپه‌ڕ قبووڵ ناكات؛ و دووه‌م، سرووشتی جه‌وهه‌ریی مرۆڤ، عه‌قڵه‌. ئه‌م دوو پره‌نسیپه‌ له‌ ڕێسای ئه‌خلاقیی ناوداری ڕه‌واقییه‌كاندا كورت كراوه‌ته‌وه‌: «به‌پێی سرووشت ژیان بژی‌.» به‌ باوه‌ڕی ڕه‌واقییه‌كان، فه‌زیله‌ت، ژیانكردنه‌ به‌پێی عه‌قڵ؛ ئه‌خلاق، تاكه‌ كرده‌یه‌كی عه‌قڵانییه‌. به‌خته‌وه‌ری ته‌نها له‌ فه‌زیله‌تدایه‌. مرۆڤ نه‌ك له‌به‌ر چێژ، به‌ڵكه‌ له‌به‌ر ئه‌رك ده‌بێت فه‌زیله‌تمه‌ند بێت. ڕه‌نگه‌ شایسته‌ی ڕه‌واقییه‌كان له‌وه‌دا بێت كه‌ له‌ سه‌رده‌می وێرانبووندا، پابه‌ند بوون به‌ ئه‌ندێشه‌ی ئه‌خلاقییه‌وه‌. (و. كوردی)
[10]. مه‌به‌ست له‌ كۆینتوس سكستیوس[Quintus Sextius]ـی باوكه‌، فه‌یله‌سوفی ڕۆمیی سه‌ده‌ی یه‌كه‌می به‌ر له‌ زایین كه‌ باوه‌ڕێكی فیساگۆرسیی نوێ و ڕه‌واقی هه‌بوو، سێنیكا لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر كۆینتوس ده‌كات. پاپیریۆس فابیانوس و سوتیون په‌یڕه‌وكاره‌كانی سكستیوسن و سێنیكا له‌ سه‌رده‌می لاویدا له‌م دووانه‌وه‌ فێر بووه‌. له‌: De Ira, III, 36, I, op. cit., p. 102
[11]. Epictetus؛ فه‌سله‌سوفی یۆنانیی سه‌ده‌ی یه‌كه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی دووه‌می زاینی، و یه‌كێك له‌ نوێنه‌ره‌كانی ئه‌خلاقی ڕه‌واقی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ به‌ فه‌یله‌سوفی ڕه‌واقی ناسراوه‌. ئه‌پیكته‌تۆس به‌شێك له‌ ژیانی خۆی وه‌ك كۆیله‌ له‌ ده‌رباره‌ی ئیمپراتۆر نیرۆندا به‌سه‌ر بردووه‌. و هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو لای مۆسۆنیۆس ڕوفۆس، فه‌یله‌سوف و سیناتۆری ڕۆمی كه‌ له‌ شاری ڕۆح وانه‌ی ده‌وته‌وه‌، خوێندوویه‌تی. ئه‌پیكته‌تۆس دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئازاد ده‌بێت، خۆی ده‌ست ده‌كات به‌ وانه‌ وتنه‌وه‌ و پاشان قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی له‌ شاری نیكۆپۆلیس داده‌مه‌زرێنێت و تا كۆتایی ته‌مه‌نی، نزیك به‌ ساڵی ١٣٥ ز، سه‌رقاڵی فێركردن و وانه‌ وتنه‌وه‌ ده‌بێت له‌ قوتابخانه‌كه‌یدا. كه‌ڵكه‌ڵه‌ی بنچینه‌یی ئه‌پیكته‌تۆس له‌ ئه‌خلاقی ڕه‌واقییانه‌ی خۆیدا بریتییه‌ له‌: شه‌رافه‌تمه‌ندی، باڵاده‌ستبوون یا سه‌روه‌ری به‌سه‌ر خوددا و ئازادیی كه‌سی. (و. كوردی)
[12]. M. Aurelius؛ ئۆرلیۆس ئیمپراتۆر و فه‌یله‌سوفی ڕه‌واقی بوو، ئه‌و له‌ ساڵی ١٢١ز له‌دایك بوو و له‌ ١٦١ز بووه‌ ئیمپراتۆر و تا كۆتایی ته‌مه‌نی واته‌ ١٨٠ز حوكمڕانی كرد. ئه‌و كتێبه‌ی كه‌ ناوبانگی پێ به‌خشی، كتێبی تێڕامانه‌كان بوو؛ جگه‌ له‌مه‌ش هه‌ندێك له‌ نامه‌ تایبه‌ته‌كانی، به‌ تایبه‌ت بۆ مامۆستاكه‌ی و بۆ هاوڕێ دێرینه‌كه‌ی فرۆنتۆن، ماونه‌ته‌وه‌. ئۆلیۆس، له‌ تێڕامانه‌كاندا، ستایشی ڕوستیكۆس، ئامامۆستا و هاوڕێ ڕه‌واقییكه‌ی، ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ هانی داوه‌ نووسراوه‌كانی ئه‌پیكته‌تۆسی فه‌یله‌سوف بخوێنێته‌وه‌. و له‌ نامه‌یه‌كیدا بۆ فرۆنتۆن، كه‌ له‌ نێوان ساڵانی ١٤٥ و ١٤٧ نووسراوه‌، ده‌ڵێت كه‌ نووسراوێكی ئاریستۆ [Aresto]ی ڕه‌واقی خوێندووته‌وه‌ و شادییه‌كی قووڵی له‌ فێركارییه‌كانی ئه‌و ده‌ست كه‌وتووه‌. جگه‌ له‌ ئه‌پیكته‌تۆس و ئه‌پیكۆ، ئۆرلیۆس نووسراوه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ ئانتیستنس، خروسیپوس، دیمۆكریتس، ئۆرپیدس، هۆمیرۆس، ئه‌فڵاتونی خوێندووه‌ته‌وه‌. (و. كوردی)
[13]. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌م باره‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: MFDV, p. 94.
[14]. administrative
[15]. judicial
[16]. sageحكیم:
[17]. present
[18]. actions and reactions
[19]. attitude
[20]. فوکۆ به‌ تێروته‌سه‌لی ئه‌م ڕاهێنانانه‌ له‌ وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا، به‌ تایبه‌ت له‌ وانه‌كانی سێیه‌م و بیست و چواره‌می مارسی ١٩٨٢دا، توێژینه‌وه‌ ده‌كات. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: HS, p. 338-351, 444-454, 457-464.
[21]. Subjective data
[22]. Gallien, Traité des passions de l’âme et de ses erreures, trad. Fr. R. Van Der Elst, paris, Delagrave, 1914.
فوکۆ به‌ تێروته‌سه‌لی نامیلكه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی ڕۆحی گالین له‌ سه‌ره‌تای كاتژمێری دووه‌می وانه‌ی ١٠ـی مارسی ١٩٨٢ له‌ وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا شیكار ده‌كات. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: HS, p. 378-382. هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: M. Foucault, La Parrêssia, Anabases, n16, 2012, p. 170-173 et SS, p. 72.
[23]. Plutarque, Des progrès dans la vertu, 81 f-82 A, dans CEuvres morales, t. II-I, paris, Les Belles Lettres, 2003, p. 178.
«له‌نێوان ئه‌و مرۆڤانه‌دا كه‌ پێویستیان به‌ چاودێریی پزیشكییه‌ كه‌سانێك كه‌ به‌ هۆی ژانی ددانه‌وه‌ یا ژانی پشته‌وه‌ ئازار ده‌كێشن ده‌ستبه‌جێ خۆیان ده‌خه‌ ژێر چاودێریی پزیشكییه‌وه‌؛ كه‌سانێك كه‌ تایان هه‌یه‌ ده‌یانبه‌نه‌ سه‌ردانی پزیشك و داوای هاوكاریی له‌ پزیشك ده‌كه‌ن؛ به‌ڵام كه‌سانێك كه‌ تووشی خه‌مۆكی، شێتی یا وڕێنه‌ ده‌بن ته‌نانه‌ت ناهێڵن پزیشكه‌كان بیانبینن؛ ئه‌م كه‌سانه‌ پزیشكه‌كان له‌ خۆیان دوور ده‌خه‌نه‌وه‌ یا لێیان هه‌ڵدێن و ترسناكیی نه‌خۆشییه‌كه‌یان ته‌نانه‌ت ڕێگری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تێبگه‌ن نه‌خۆشن. به‌م شێوه‌یه‌، له‌ پێڕی ئه‌و مرۆڤانه‌ن كه‌ له‌ هه‌ڵه‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. كه‌سانێكی چاره‌سه‌رنه‌كراو هه‌ن كه‌ خه‌سڵه‌تێكی به‌ توندی دوژمنانه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و تاكانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵه‌كانی خۆیان نیشانی ئه‌وان ده‌ده‌ن یا ئه‌وانه‌ سه‌رزه‌نشت ده‌كه‌ن و ئه‌مانه‌ به‌ توندوتیژی دوور ده‌خه‌نه‌وه‌. و له‌ به‌رامبه‌ردا، كه‌سانێك هه‌ن كه‌ ڕه‌فتارێكی نه‌رمتریان هه‌یه‌ و ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ په‌سه‌ند ده‌كه‌ن و ڕێگه‌ ده‌ده‌ن نزیكیان بكه‌ونه‌وه‌. هه‌ندێكجار، كاتێك كه‌ له‌ هه‌ڵه‌داین سپاردنی خۆمان به‌ ده‌ست كه‌سانێك كه‌ ناچارمان ده‌كه‌ن ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ په‌سه‌ند بكه‌ین، گوتنی ئه‌و شته‌ی كه‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین به‌ ئه‌وان، ئاشكراكردنی ئه‌و شته‌ی كه‌ خراپه‌یه‌ له‌ ئێمه‌دا بۆ ئه‌وان، شاد و دڵخۆشنه‌بوون له‌مه‌ی كه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ببینن، خۆشحاڵنه‌بوون له‌مه‌ی كه‌ هیچ كه‌س نازانێت به‌ هه‌ڵه‌بوونمان، به‌ڵكه‌ دانپێدانان به‌ هه‌ڵه‌دا و هه‌ستكردن به‌ پێویستبوون به‌ یه‌ك مرۆڤ كه‌ وه‌ك مامۆستا به‌شداری بكات و لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا بكات، هه‌موو ئه‌مانه‌ ناتوانن نیشانه‌یه‌كی بێنرخی و بێبه‌هاییی پێشكه‌وتن بێت.»
[24]. Sénèque, De la tranquillité de l’âme, 1, 2, dans dialogues, t. IV, op. cit., p. 71.
بۆ ڕاڤه‌كانی تری فوکۆ ده‌رباره‌ی ئارامیی ڕۆح، به‌رهه‌می سێنیكا، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
GV, p. 235; MFDV, p. 97-101; HS, p. 86, 126-129, 150-151; fearless Speech, op. cit., p. 150-160.
[25]. existence
[26]. Cf. Sénèque, De la tranquillité de l’âme, I, 5-15, op. cit., p. 72-74.
[27]. concupiscensia
[28]. تێگه‌ی «هه‌قیقه‌ت وه‌ك هێز» له‌ ئه‌ندێشه‌ی فوکۆدا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تێگه‌یه‌كی تازه‌ نییه‌. بۆ نموونه‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
LVS, p. 71-74, 81-84; II faut défender la société. Cours au College de France, 1975-1976, éd. M. Bertani et A. Fontana, paris, Seuil-Gallimard, 1997, p. 45-46; GV, p. 37-38, 98-99 ; MFDV, p. 17.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌م تێگه‌یه‌ لێره‌دا له‌ زمانێكی جیاوازدا و له‌ چوارچێوه‌یه‌كی تازه‌دا ده‌خرێته‌ ڕوو و توێژینه‌وه‌ ده‌كرێت، و ده‌ستبه‌جێ له‌ وانه‌وتاری ڕیازه‌ت [askêsis] له‌ سه‌رده‌می كۆندا، فوکۆ وه‌ك یه‌ك «كرداری هه‌قیقه‌ت» وه‌سفی ده‌كات، واته‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ڕاهێنانگه‌لێك كه‌ ئامانجه‌كه‌یان بریتییه‌ له «چاككردنی بوونی سوژه» و پێكهێنانی سوژه «وه‌ك ئامانجی كۆتایی بۆ خودی خۆی له‌ ڕێگه‌ی هه‌قیقه‌ته‌وه‌ و به‌ ڕاهێنانی هه‌قیقه‌ت». ئه‌و له‌م وانه‌وتاره‌دا ده‌ڵێت كه‌ ئه‌گه‌رچی ده‌بێت «ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ كاریگه‌ریی بخاته‌ سه‌ر سوژه»، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا (جیاواز له‌ مه‌سیحییه‌ت) گرفت ئه‌مه‌ نییه «كه‌ سوژه‌ بگۆڕێت بۆ ئۆبژه‌ی گوتاری هه‌قیقه‌ت». تێگه‌ی paraskeuê]ئاماده‌سازی، ته‌یاركردن[ به‌ ڕاستی هه‌ر ئه‌مه‌یه‌: فوکۆ ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئامانجی ڕیازه‌ت له‌ سه‌رده‌می كۆندا ته‌یاركردن و ئاماده‌سازیی سوژه‌‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانێت هه‌مان سات وه‌ڵامی ڕووداوه‌كانی ژیان بداته‌وه‌، و ئه‌م ته‌یاركردنه‌ له‌ لایه‌ن logoi[گوتاره‌كان]ـه‌وه‌ پێك هێنراوه‌، گوتارگه‌لێك كه‌ له‌ ڕاستیدا «ئه‌و نه‌خشه‌به‌ندییانه‌ن كه‌ كرده‌ ده‌چێنن و به‌ها و كارایی خه‌سڵه‌تی چاندنیان به‌ جۆرێكه‌ كه‌ له‌ ساتی حزووریانه‌وه‌- حزوور له‌ سه‌ر و ئه‌ندێشه‌ و دڵ و جه‌سته‌ی كه‌سێكدا كه‌ ئه‌و گوتارانه‌ی له‌ به‌رده‌ستدایه‌- تاك به‌ چه‌شنێكی خودكار كرده‌ ده‌نوێنێت. وه‌ك بڵێی كه‌ ئه‌م logoi[گوتاره‌كان]ن كه‌ به‌ره‌ به‌ره‌ به‌ پێكهێنانی جه‌سته‌، عه‌قڵ، ئازادی و ویستی تاك، بۆ ئه‌و تاكه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن تا هه‌م پێی بڵێن كه‌ چ كارێك ده‌بێت ئه‌نجام بدات هه‌م ئه‌و شته‌ی زه‌روورییه‌ به‌رمه‌بنای شێوازی عه‌قڵانییه‌تی زه‌رووری به‌ ڕاستی ئه‌نجام بدات». به‌م شێوه‌یه‌، فوکۆ ئاكامگیری ده‌كات كه‌ askêsis[ڕیازه‌ت] له‌ سه‌رده‌می كۆندا «گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌گۆڕێت بۆ یه‌ك شێوازی بوونی سوژه»: مانا و كاركردی بنچینه‌یی ڕیازه‌ت دابینكردنی «سوبێكتیڤبوونی گوتاری هه‌قیقه‌ت»ـه‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: HS, p. 233, 303-313 et 316؛ [هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وتاری «ته‌كنیكه‌كانی خود» له‌: م. فوکۆ، شانۆی فه‌لسه‌فه‌، ل. 532-534]؛ و
»L’écriture de soi«, art. Cit., p. 1238; »L’éthique du souci de soi comme pratique de la libérté«, enttretien cit., p. 1532.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، جێی خۆیه‌تی جه‌خت بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌م ده‌قانه‌دا تێگه‌ی «هه‌قیقه‌ت وه‌ك هێز» ئیتر نابینرێت.
[29]. پییه‌ر ئادۆ، له‌ كتێبه‌كه‌یدا به‌ ناونیشانی فه‌لسه‌فه‌ی كۆن چییه‌؟، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سێنیكا له‌ پێشوتاری كتێبی ئارامیی ڕۆحدا وته‌یه‌ك له‌ هاوڕێكه‌ی، واته‌ له‌ سێرینوسه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌، به‌ باوه‌ڕی ئادۆ، جۆرێكه‌ له‌ دانپێدانان: «كاتێك كه‌ به‌ باشی ده‌ڕوانمه‌ خۆم كۆمه‌ڵێك كه‌میی ئاشكرا له‌ خۆمدا ده‌دۆزمه‌وه‌ كه‌ ده‌توانم به‌ په‌نجه‌كانم له‌مسیان بكه‌م، خه‌وشگه‌لێكی ترم هه‌یه‌ كه‌ له‌ شوێنه‌ قووڵه‌كاندا شاراونه‌ته‌وه‌، دواجار كۆمه‌ڵێك كه‌موكورتی كه‌ هه‌میشه‌یی نین، به‌ڵكه‌ جار جار ده‌رده‌كه‌ون… حاڵه‌تێك كه‌ زۆربه‌ی جار ده‌مخاته‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ (ده‌سا بۆچی له‌ به‌رامبه‌ر تۆدا هه‌روه‌ك لای پزیشك دانپێدانان به‌جێ نه‌هێنم!) ئه‌مه‌یه‌ كه‌ نه‌ به‌ ڕاستی له‌ ترس و نه‌فره‌تی ڕابردوو ڕزگارم بووه‌ و نه‌ هێشتا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ترس و نه‌فره‌تی ڕابردوودام.» وه‌ك ده‌بینین، سێرینوس ته‌واوی گومان و خه‌وشه‌كانی خۆی بۆ سێنیكا ئاشكرا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئامانجی سێنیكا نییه‌؛ چون ئه‌و ده‌یه‌وێت چاكه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌یدا بكات. كاتێك مرۆڤ ده‌یه‌وێت چاكه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا بكات، نییه‌تی چاكه‌كردن ته‌نها له‌ حاڵه‌تێكدا پاكه‌ كه‌ خۆبه‌خۆ ناهۆشیار بێت. چاكه‌كاری ڕاسته‌قیته‌ كه‌سێكه‌ كه‌ خۆی نازانێت چی ده‌كات. چاكه‌كار به‌ نائاگایانه‌ چاكه‌ ده‌كات. لێره‌دا پارادۆكس ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆی: ویستی چاكه‌كردن ئه‌وه‌نده‌ تونده‌ كه‌ ویستن له‌ناو ده‌بات. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: فلسفه‌ باستانی چیست؟پییر أدو، ترجمه‌ی دكتر عباس باقری، ص 282. (و. كوردی)
[30]. correspondence to reality؛ هاوتابوون له‌گه‌ڵ واقیعییه‌ت.
[31]. Point of attraction
[32]. فوکۆ له‌ یاداشتێكدا كه‌ بۆ پێشه‌كیی «فوکۆ» له‌ فه‌رهه‌نگنامه‌ی فه‌یله‌سوفان ده‌ینووسێت، «گه‌مه‌كانی هه‌قیقه‌ت» وه‌ك یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی «ڕێساكان» وه‌سف ده‌كات «كه‌ [به‌پێی ئه‌م ڕێسایانه‌] ئه‌وه‌ی كه‌ سوژه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌توانێت ده‌رباره‌ی شتگه‌لێكی دیاریكراو بیڵێت به‌ستراوه‌ به‌ پرسیاری هه‌قیقه‌ت و درۆوه». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: M. Foucault, Foucault, dans DE II, n345, p. 1452.
هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
M. Foucault, »L’éthique du souci de soi comme pratique de la libérté«, entretien cit., p. 1544.
له‌ وانه‌وتاری ١٩٧٩-١٩٨٠ له‌ كۆلێژ دو فڕانس، چه‌مكه‌كانی «گه‌مه» و به ‌تایبه‌ت «سیسته‌می هه‌قیقه‌ت» گرنگییه‌كی كاربڕ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرن، چون فوکۆ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م چه‌مكانه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌سیحییه‌تی سه‌ده‌ یه‌كه‌مینه‌كان شیكار ده‌كات. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: GV, p. 81-84, 99. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی كه‌ فوکۆ له‌وه‌ به‌دواوه‌ وه‌ك مه‌به‌ستی «سیسته‌می هه‌قیقه‌ت» ڕه‌چاوی ده‌كات، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: GV, p. 91-99. له‌ به‌رامبه‌ردا، بۆ یه‌كه‌مین پێناسه‌یی جیاوازی «سیسته‌می هه‌قیقه‌ت»، بڕوانن بۆ:
M. Foucault, »La function politique de l’intellectuel«, dans DE II, n184, p. 112.
له‌ كۆتاییدا، بۆ شیكارییه‌كی دانپێدانان وه‌ك كرده‌ی گوته‌یی و «سیمای تا ڕاده‌یه‌ك بێگانه‌ی گه‌مه‌كانی زمان»، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: MFDV, p. 4-10.
[33]. فوکۆ پێشتر له‌ وتاری Le savoir d’CEdipe[مه‌عریفه‌تی ئۆدیپۆس] له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ دوو جار له‌ ١٩٧٢ پێشكه‌شی كرد، ده‌رباره‌ی gnôme قسه‌ ده‌كات؛ له‌ ڕاستیدا له‌ CEdipe roi]شا ئۆدیپۆس[ به‌رهه‌می سۆفۆكلیسدا gnôme و technéخه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تیی مه‌عریفه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئۆدیپۆسه‌، چون به‌ هۆی ئه‌م gnômeـه‌وه‌یه‌ كه‌ ئۆدیپۆس ڕایده‌گه‌یێنێت كه‌ مه‌ته‌ڵی سفینكسی ئاشكرا كردووه‌. كه‌واته‌ فوکۆ ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ gnôme جیاكار و جیاوازه‌ له‌ شێوازێكی مه‌عریفه‌ت كه‌ فێربوونی شتێكه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌؛ به‌ پێچه‌وانه‌، gnôme مه‌عریفه‌تێكه‌ كه‌ «هیچ شتێك له‌ هیچ كه‌سێك فێر نابێت». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
M. Foucault, »Le savoir d’CEdipe«, dans LVC, p. 239-240.
هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
M. Foucault, »La vérté et les formes juridiques«, conférences cit., p. 1434.
فوکۆ له‌ وانه‌ی ٢٣ـی ژانویه‌ی ١٩٨٠ له‌ وانه‌وتاری ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زیندووه‌كان، به‌ تێروته‌سه‌لییه‌كی زیاتره‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌ زه‌مینه‌ی خوێندنه‌وه‌ی شا ئۆدیپۆسدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م تێگه‌یه‌: gnôme واته‌ «عه‌قیده‌، ڕا، شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌، ڕێگه‌ی قه‌زاوه‌تكردن»، جیاواز له‌ مه‌عریفه‌تێكی به‌ده‌ستهێنراو پاش گه‌ڕان یا دۆزینه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ت. به‌ ده‌ربڕینێكی وردتر، «gnôme وشه‌یه‌كی ته‌كنیكییه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ زمانی سیاسی-یاسایی یۆنان له‌ سه‌ده‌ی پێنجه‌مدا»، و ئاماژه‌یه‌ به‌ عه‌قیده‌یه‌ك كه‌ هاووڵاتی ناچار ده‌بێت له‌ ڕه‌وتی یه‌ك ڕاپرسیی سیاسیدا یا یه‌ك داوای یاساییدا ده‌ری ببڕێت. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: GV, p. 55 et 66. ده‌رباره‌ی ئه‌م تێگانه‌ و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ڕه‌خساوی ئه‌م وتانه‌ی فوکۆ، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
J.-P. Vernant et P. Vidal-Naquet, Mythe et tragédie en Grèce ancienne, paris, F. Maspero, 1972 ; repris dans J.-P. Vernant, CEvres, religions, rationalités, politiques, paris, Seuil, 2007, t. I, p. 1102, 1147, 1156, 1160.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، له‌م وتارانه‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ فوکۆ ڕاڤه‌یه‌كی جیاوازی gnôme پێشكه‌ش ده‌كات: «یه‌كێتیی ویست و مه‌عریفه» له‌ هه‌مان كاتدا «یه‌ك بڕگه‌ی كورتی گوتار كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌قیقه‌ت به‌ هێزی خۆیه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ ڕۆحی خه‌ڵكیدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت». به‌ ڕێگه‌یه‌كی هاوشێوه‌ فوکۆ له‌ وانه‌ی ٦ـی مارسی ١٩٨١ له‌ وانه‌وتاری لۆوڤه‌ین، وشه‌ی gnôme (له‌ زه‌مینه‌ی ڕێنمایی ویژدان له‌ سه‌رده‌می كۆندا) ده‌خاته‌ ڕوو، و ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ هه‌م ئاماژه‌یه‌ به‌ مه‌عریفه‌ هه‌م به‌ ده‌ستوور، هه‌م به‌ هه‌قیقه‌ت هه‌م به‌ ڕێسا. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: MFDV, p. 130. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا، هه‌رچه‌نده‌ وشه‌ی gnôme به‌كار نه‌هاتووه‌، به‌ڵام ده‌توانین گومان بكه‌ین كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ جێی مه‌به‌سته‌ ئه‌ویش كاتێك كه‌ فوکۆ له‌ كاتژمێری یه‌كه‌می وانه‌ی ١٧ـی شوباتی ١٩٨٢ ده‌رباره‌ی «ڕاسپارده‌ دراوه‌كان به‌ مامۆستا له‌ كاتی یه‌كه‌مین وانه‌كان بۆ لوسیلیوس» قسه‌ ده‌كات، و سێنیكا تێیدا ڕاهێنانی چاودێری و قووڵبوونه‌وه‌ به‌ لوسیلیوس ڕاده‌سپێرێت و ئه‌م ڕاهێنانه «له‌ ڕێگه‌ی ڕێگایه‌كی كولتورییه‌وه‌ كه‌ مه‌عریفه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌به‌رچاو ده‌گرێت ئه‌نجام نادرێت»، به‌ڵكه‌ زیاتر «به‌پێی ته‌كنیكێكی ئێجگار كۆنی یۆنانی»یه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، «به‌ ده‌ستپێكردن له‌ ئه‌حكامه‌كان، به‌ ده‌ستپێكردن له‌ پێشنیارگه‌لێك كه‌ هه‌م ده‌ربڕینی هه‌قیقه‌تن هه‌م ده‌ركردنی حوكمه‌كان، هه‌م ئاشكراكردن یا ڕاگه‌یاندن هه‌م حوكم». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: HS, p. 250.
[34]. gnômaiكۆی gnômeیه‌ كه‌ به‌ مانای بڕگه‌ی كورتی گوتار یا ڕسته‌ی كورتیش دێت.
[35]. gnomic self
[36]. the Christian technology of the self
[37]. به‌ باوه‌ڕی فوکۆ، مه‌سیحییه‌ت «میراتگر»ـی چه‌ند ته‌كنیكێكی «خود»ـه‌ كه‌ فه‌یله‌سوفه‌كانی سه‌رده‌می كۆن ئه‌م ته‌كنیكانه‌یان ڕێك و ڕه‌نگڕێژ كردبوون، به‌ڵام مه‌سیحییه‌ت ئه‌م ته‌كنیكانه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی جیاوازدا جێ ده‌كاته‌وه‌، چوارچێوه‌یه‌ك كه‌ شێوازه‌ نوێیه‌كانی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات و فۆرمه‌ تازه‌كانی ده‌ركێشانی هه‌قیقه‌ت[له‌ سوژه‌وه‌] نیشان ده‌دات. كه‌واته‌ له‌م زه‌مینه‌یه‌دا، ته‌كنیكه‌كانی خود له‌ ڕاستیدا كاریگه‌رییه‌كانی سوبێكتیڤبوون وه‌رده‌گرن كه‌ جیاوازه‌ له‌ ته‌كنیكه‌كانی سه‌رده‌می كۆن، چون سوژه‌یه‌ك ده‌ڕه‌خسێنن كه‌ «تواناییه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی شیكاریی ده‌ناسێنرێن و ده‌ستنیشان ده‌كرێن، سوژه‌یه‌ك كه‌ له‌ تۆڕه‌ به‌یه‌كه‌وه‌لكاو و به‌رده‌وامه‌كانی گوێڕایه‌ڵیدا ده‌كرێته‌ سوژه‌ی ملپێكه‌چكراو، سوژه‌یه‌ك كه‌ به‌ ده‌ركێشانی ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی كه‌ ده‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر ئه‌ودا ده‌بێته‌ سوژه». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: STP, p. 188.
[38]. the act of persuasion
[39]. self-observation
[40]. self-interpretation
[41]. self-hermeneutics
[42]. فوکۆ له‌ دووه‌مین كاتژمێری وانه‌ی ٢٤ـی مارسی ١٩٨٢ له‌ وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا، ده‌ڵێت كه‌ ڕیازه‌تی فه‌لسه‌فی «به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ جۆری زوهدی مه‌سیحی نییه‌، زوهدێك كه‌ كاركرده‌كه‌ی له‌ بنچینه‌دا ئه‌مه‌یه‌ كه‌ دیاری بكات چاوپۆشیكردنه‌ زه‌روورییه‌كان كه‌ ده‌بێت ڕێنمایی بكرێن بۆ پنتی كۆتایی چاوپۆشیكردن له‌ خود و خۆگرتنه‌وه‌ له‌ نه‌فس به‌ ڕیز كامانه‌ن». به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ڕیازه‌تی فه‌لسه‌فی «یه‌ك ڕێگه‌ی تایبه‌تی پێكهێنانی سوژه‌ی مه‌عریفه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه‌ وه‌ك سوژه‌ی كرده‌ی درووست»، سوژه‌یه‌ك كه «خۆی پێك ده‌هێنێت له‌ناو یه‌ك جیهاندا یا خۆی به‌ هاوبه‌سته‌ و هاوژینی یه‌ك جیهان [نیشان ده‌دات]، جیهانێك كه‌ وه‌ك یه‌ك ئه‌زموون [test] ده‌رك ده‌كرێت، ده‌ناسرێته‌وه‌ و پڕاكتیك ده‌كرێت». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: HS, p. 465.
[43]genealogy of the modern self
The post سوبێكتیڤیته‌ و هه‌قیقه‌ت appeared first on ژنەفتن.
سوبێكتیڤیته‌ و هه‌قیقه‌ت
«سوبێكتیڤیته‌ و هه‌قیقه‌ت[Subjectivité et vérité]» وتارێكه‌ كه‌ فوكۆ له‌ ١٧ـی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٨٠ له‌ كۆلێژ دارتمۆس به‌ زمانی ئینگلیزی پێشكه‌شی ده‌كات‌. فوکۆ پێشتر هه‌مان وتاری له‌ ٢٠ـی ئۆكتۆبه‌ری ١٩٨٠ له‌ زانكۆی كالیفۆرنیا له‌ بێركلی پێشكه‌ش كردووه‌ كه‌ كه‌مێك جیاوازی هه‌یه‌ له‌ وتاره‌كه‌ی كۆلێژ دارتمۆس. من لێره‌دا هه‌ردوو وتاره‌كه‌م تێهه‌ڵكێش كردووه‌ و جیاوازیی ده‌قی وتاره‌كه‌ی زانكۆی كالیفۆرنیام خستووه‌ته‌ ناو ئه‌م جۆره‌ كه‌وانه‌وه‌ [[…]]. ئه‌ڵبه‌ته‌ ڕێكخه‌ری ئینگلیزیی وتاره‌كان ئه‌م جیاوازییه‌ی خستووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌.
میشێل فوکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤)
[[زۆر باشه‌، به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ده‌مه‌وێت سوپاسی ئێوه‌ بكه‌م بۆ ئاماده‌بوونتان، و نازانم ده‌بێت بڵێم یا نا كه‌ ئه‌م ئاماده‌بوونه‌ یه‌كجار بێ هه‌ژماره‌، ئه‌وه‌نده‌ بێ هه‌ژمار كه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌داخه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و به ‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌نده‌ بێ هه‌ژمار كه‌ بڕیارم دا، وه‌ك پڕۆفیسۆر درایفۆس ئێستا‌ پێی وتن، دوو وتار ده‌رباره‌ی تێگه‌گه‌لێكی تا ڕاده‌یه‌ك ته‌كنیكی و هونه‌ری پێشكه‌ش به‌ ئێوه‌ بكه‌م. دواجار، داوای لێبوردن له‌ كه‌سانێك ده‌كه‌م كه‌ ده‌یانه‌ویست لێره‌دا قسه‌گه‌لێكی گشتیتر و ڕاكێشتر هه‌م ده‌رباره‌ی بوونی جیهان هه‌م ده‌رباره‌ی ژیانی تایبه‌تیی خۆیان ببیستن. به ‌هه‌ر حاڵ، سوپاسی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ منیان بانگهێشت كرد، و پێم وایه‌ یه‌كه‌م ده‌بێت سوپاسی دامه‌زراوه‌ بانگهێشتكه‌ره‌كان بكه‌م. كه‌واته‌، سوپاسی كۆمیته‌ی هاوسن لێكچه‌رز[1]، كۆمیته‌ی هونه‌ره‌كان و وتاردانه‌كان، سوپاسی ئه‌نجومه‌نی ده‌رچووه‌كان، به‌شی فه‌لسه‌فه‌، به‌شی زمانی فه‌ڕه‌نسی و له‌ ڕاستیدا به‌ر له‌ هه‌ر كه‌سێك، سوپاسی هاوڕێیانم درایفۆس و لیۆ بێرسانی[2].
زۆر باشه‌، با ده‌ست پێ بكه‌ین]].
[فڕانسوا] لۆرێ[3]، ده‌روونپزیشكی فه‌ڕه‌نسی، له‌ كتێبێكدا ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌خلاقیی شێتی كه‌ له‌ ساڵی ١٨٤٠ چاپ كراوه‌، ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ چۆن یه‌كێك له‌ نه‌خۆشه‌كانی چاره‌سه‌ر كردووه‌- چاره‌سه‌ری كردووه،‌ و به‌و جۆره‌ی كه‌ ئێوه‌ ده‌توانن به‌ دڵنیایییه‌وه‌ گومان بكه‌ن، ده‌رمانی كردووه‌. به‌ره‌به‌یانی ڕۆژێك دكتۆر لۆرێ نه‌خۆشه‌كه‌ی به‌ڕێز A ده‌باته‌ ناو گه‌رماوه‌وه‌؛ و ناچاری ده‌كات كه‌ وڕێنه‌كه‌ی به‌ وردی و تێروته‌سه‌لی بگێڕێته‌وه‌.
دكتۆر ده‌ڵێت: «باشه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌ شێتی هیچ نین. به‌ڵێنم پێ بده‌ كه‌ ئیتر هه‌رگیز باوه‌ڕ به‌مانه‌ نه‌كه‌یت.»
نه‌خۆش ده‌كه‌وێته‌ دوودڵی و گومانه‌وه‌، پاشان به‌ڵێن ده‌دات.
دكتۆر وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: «ئه‌وه‌نده‌ به‌س نییه‌، پێشتریش له‌م جۆره‌ به‌ڵێنانه‌ت داوه‌، و جێبه‌جێت نه‌كردوون.» و دكتۆر دووشی ئاوه‌ سارده‌كه‌ به‌سه‌ر سه‌ری نه‌خۆشه‌كه‌دا ده‌كاته‌وه‌.
نه‌خۆش هاوار ده‌كات: «به‌ڵێ، به‌ڵێ، من شێتم.»
دووشه‌كه‌ ده‌گیرێته‌وه‌، و پرسیار و وه‌ڵام ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌.
نه‌خۆش دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌: «به‌ڵێ، دانی پێدا ده‌نێم كه‌ من شێتم.» و درێژه‌ی پێ ده‌دات: «دانی پێدا ده‌نێم، چون تۆ ناچارم ده‌كه‌یت كه‌ دانی پێدا بنێم.»
دووباره‌ دووشه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌، و دووباره‌ دانپێدانان. پرسیار و وه‌ڵام سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌.
نه‌خۆش ده‌ڵێت: «به‌ڵام، دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌نگگه‌لێكم بیستووه‌ و دوژمنگه‌لێكم له‌ ده‌وروبه‌ری خۆم بینیوه‌.»
دووباره‌ دووشه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌.
به‌ڕێز A، نه‌خۆش ده‌ڵێت: «قبووڵی ده‌كه‌م. من شێتم؛ هه‌موو ئه‌مانه‌ شێتی بوون.»[4]
و به‌م شێوه‌یه‌، نه‌خۆش ده‌رمان ده‌كرێت.
ناچاركردنی كه‌سێك كه‌ تووشی جۆرێك نه‌خۆشیی ده‌روونی بووه‌ به‌ دانپێدانان به‌ شێتییه‌كه‌یدا ڕێوشوێنێكی زۆر كۆنه‌ له‌ پزیشكیی كلاسیكیدا. به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ر له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م، ئه‌م یه‌قینه‌ بوونی هه‌بوو كه‌ له‌نێوان شێتی و دانپێدانان یا ناسینه‌وه‌ی شێتیدا، ناسازگاری بوونی هه‌یه‌. و له‌ كاره‌ پزیشكییه‌كاندا، بۆ نموونه‌، له‌ سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌م و هه‌ژده‌یه‌مدا، نموونه‌گه‌لێكی زۆری ئه‌و شته‌ ده‌دۆزینه‌وه‌ كه‌ ده‌توانین ناوی بنێین ده‌رمانه‌ هه‌قیقه‌تمه‌داره‌كان. شێته‌كان له‌ حاڵه‌تێكدا ده‌رمان ده‌كران كه‌ ڕێنمایی ده‌كران بۆ ئه‌مه‌ی كه‌ وه‌همه‌كان و وڕێنه‌كانیان، به‌بێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ واقیعییه‌تدا، نیشان بده‌ن.
به‌ڵام، وه‌ك ده‌بینن، ئه‌و ته‌كنیكه‌ی كه‌ دكتۆر لۆرێ به‌كاری ده‌هێنێت به‌ ته‌واوه‌تی جیاوازه‌. ئه‌و هه‌وڵ نادات كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی ڕازی بكات به‌وه‌ی كه‌ ئایدیاكانی هه‌ڵه‌ یا ناعه‌قڵانین. ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ سه‌ری به‌ڕێز Aدا ده‌گوزه‌رێت بابه‌تی سه‌رنجدان و كێشه‌ی پزیشك نییه‌. خواستی دكتۆر لورێ گه‌یشتنه‌ به‌ یه‌ك كرده‌ی تایبه‌ت: سه‌لماندنی ڕاشكاویی «من شێتم». لێره‌دا به‌ئاسانی گواستنه‌وه‌ی ڕێوشوێنگه‌لێك بۆ ده‌رمانی ده‌روونپزیشكی ده‌ناسینه‌وه‌ كه‌ تا ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن له‌ دامه‌زراوه‌ دادوه‌رییه‌كان و ئایینییه‌كاندا به‌كار ده‌هاتن[5]. ڕاگه‌یاندنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود به‌ ده‌نگی به‌رز و هه‌راش- مه‌به‌ستم دانپێدانانه‌- تا ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن له‌ جیهانی ڕۆژئاوادا، یا به‌ مه‌رجی ڕزگاربوون له‌ گوناهه‌كان داده‌نرا یا به‌ پنتێكی بنچینه‌یی له‌ مه‌حكومییه‌تی گوناهكاردا داده‌نرا. ده‌رمانە سه‌یرەکەی دكتۆر لورێ ده‌توانرێت وه‌ك یه‌ك بڕگه‌ی شیاوكردن بۆ سزادان[6]ـی قۆناغ به‌ قۆناغی شێتی ده‌رك بكرێت. به‌ڵام، من پێم باشه‌ و ده‌مه‌وێت كه‌ ئه‌م ده‌رمانه‌ سه‌یره‌ وه‌ك یه‌ك پنتی ده‌ستپێكی تێڕامان له‌به‌رچاو بگرم، تێڕامانێكی گشتیتر ده‌رباره‌ی كرداری دانپێدانان، و ده‌رباره‌ی ئه‌م پێشگریمانه‌یه‌ كه‌ به‌ گشتی په‌سه‌ندكراوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژئاواییه‌كاندا: بۆ ڕزگاری پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئاستی ڕه‌خساو به‌وردی بزانین كه‌ كێین، و هه‌روه‌ها تا ئاستی ڕه‌خساو ئه‌مه‌ به‌ ڕاشكاوی به‌ ئه‌وانی تر بڵێین، و ئه‌م خاڵه‌ی كۆتایی به‌ ته‌واوه‌تی جیاوازه‌[7]. چیرۆكه‌كه‌ی لۆرێ لێره‌دا ته‌نها نموونه‌یه‌كی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سه‌یر و ئاڵۆزانه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌دا له‌نێوان تاكێتی، گوتار، هه‌قیقه‌ت و ناچاركردندا گه‌شه‌ی كردووه‌. [[كه‌واته‌، پرسیار ئه‌مه‌یه‌: ئه‌م ئه‌ركی گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود چییه‌ كه‌ ده‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر هه‌موواندا و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر شێته‌كان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ماقووڵ و نۆرماڵ بن؟]]
بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجدانه‌كه‌م له‌ بابه‌تێكی به‌ ڕواڵه‌ت وه‌ها پسپۆڕانه‌ پاساو بده‌مه‌وه‌، مۆڵه‌تم بده‌ن بۆ ساتێك هه‌نگاوێك بگه‌ڕێمه‌وه‌ دواوه‌. به‌گشتی، هه‌موو ئه‌مانه‌، له‌ دیدی مندا ته‌نها یه‌ك ئامڕازه‌ كه‌ من بۆ پشكنین و توێژینه‌وه‌ی یه‌ك تێگه‌ی زۆر گشتیتر به‌كاری ده‌هێنم- واته‌، تێگه‌ی جینالۆژیای سوژه‌ی مۆدێرن[8].
له‌ ساڵه‌كانی به‌ر له‌ جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، و ته‌نانه‌ت پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، فه‌لسه‌فه‌ له‌ فه‌ڕه‌نسادا و به‌ گومانم، له‌ ته‌واوی ئه‌وروپای كیشوه‌ری[9]دا، له‌ژێر باڵاده‌ستیی فه‌لسه‌فه‌ی سوژه‌دا بووه‌. مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ ئه‌ركی هه‌ره‌باڵای خۆی به‌م جۆره‌ دیاری كردبوو: دامه‌زراندنی هه‌موو مه‌عریفه‌یه‌ك و پره‌نسیپی هه‌موو [[مانا یا]] ده‌لاله‌تگه‌رییه‌ك به‌پێی بناغه‌ی سوژه‌ی ده‌لاله‌تگه‌ر. [[ترانسێندێسی «من»[10] باڵاده‌ست بوو]]. ئه‌و گرنگییه‌ی كه‌ درابوو به‌ گرفتی سوژه‌ی ده‌لاله‌تگه‌ر، به‌ دڵنیایییه‌وه‌ له‌ كاریگه‌ریی هۆسرڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو- له‌ فه‌ڕه‌نسادا به‌ گشتی ته‌نها تێڕامانه‌ دیكارتییه‌كان و قه‌یران[11]یان ده‌ناسی- به‌ڵام چه‌قێتیی سوژه‌ هه‌روه‌ها په‌یوه‌ست بوو به‌ یه‌ك زه‌مینه‌ی دامه‌زراوه‌ییه‌وه‌. بۆ زانكۆی فه‌ڕه‌نسی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌ دیكارت ده‌ستی پێ ده‌كرد، ته‌نها ده‌یتوانی به‌ ڕێگه‌ی دیكارتی پێش بكه‌وێت. به‌ڵام هه‌روه‌ها ده‌بێت دۆخ و كه‌شی سیاسیش له‌به‌رچاو بگرین. به‌ ڕواڵه‌ت له‌ ئه‌ستۆی سوژه‌ی تاكی[12] بوو كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بێمانایی و پووچیی جه‌نگه‌كان، كۆمه‌ڵكوژییه‌كان و سته‌مكاری[13]دا، مانا به‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ئۆنتۆلۆجییه‌كانی خۆی ببه‌خشێت.
له‌گه‌ڵ ئاسووده‌ییی پاش جه‌نگ و مه‌وداگرتن له‌ جه‌نگ، ئه‌م پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر سوژه‌ی فه‌لسه‌فی یا ئه‌م گرنگییه‌ دراوه به‌ سوژه‌ی فه‌لسه‌فی، ئیتر ئه‌وه‌نده‌ به‌ به‌ڵگه‌نه‌ویست و ڕوون نه‌ده‌كه‌وته‌ به‌رچاو. ئیتر نه‌ده‌كرا خۆمان لا بده‌ین له‌ دوو پارادۆكسی تیۆرتیكی[14] كه‌ تا ئه‌و ڕۆژه‌ شاراوه‌ مابوونه‌وه‌. یه‌كه‌مین پارادۆكس ئه‌مه‌ بوو كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئاگایی شكستی هێنا له‌وه‌دا كه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی مه‌عریفه‌ و به‌ تایبه‌ت مه‌عریفه‌ی زانستی ڕه‌نگڕێژ بكات و دابمه‌زرێنێت، و دووه‌مین پارادۆكس ئه‌مه‌ بوو كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی مانا به‌ شێوه‌یه‌كی پارادۆكسئاسا شكستی هێنا له‌وه‌دا كه‌ میكانیزمه‌كانی شكڵگیریی ده‌لاله‌تگه‌ری و پێكهاته‌ی سیسته‌می مانا له‌به‌رچاو بگرێت. باش ئاگادارم كه‌ فۆرمێكی تری ئه‌ندێشه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی سوژه‌ سه‌رتر چووه‌- و ئه‌م فۆرمه‌ی ئه‌ندێشه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ماركسیزم بوو. به‌بێ گوتن ئاشكرایه‌- و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، باشتره‌ بڵێین- كه‌ نه‌ ماتریاڵیزم نه‌ تیۆریی ئایدیۆلۆژیاكان هیچ كامیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون كه‌ تیۆرییه‌كی ئۆبێكتیڤیته‌ یا تیۆرییه‌كی ده‌لاله‌تگه‌ری پێك بهێنن. ماركسیزم خۆی وه‌ك یه‌ك گوتاری مرۆڤگه‌را داده‌نا كه‌ ده‌توانێت به‌ په‌نابردن بۆ مرۆڤی واقیعی و به‌ په‌نابردن بۆ مرۆڤی به‌رهه‌ست، [[یا به‌ ده‌ربڕینێكی وردتر، په‌نابردن بۆ له‌-خۆنامۆیی-خستن[15]ـی مرۆڤ]]، شوێنی سوژه‌ی ده‌رهه‌ست[16] بگرێته‌وه‌. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌بوو ڕوون بێت كه‌ ماركسیزم لاوازیی بنچینه‌ییی تیۆرتیكی و پڕاكتیكی هه‌یه‌: گوتاری مرۆڤگه‌را واقیعییه‌تی سیاسی ده‌شارده‌وه‌، واقیعییه‌تێك كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ماركسیسته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پشتگیریان ده‌كرد‌.
له‌گه‌ڵ ڕۆشنبینییه‌كی نه‌ ئه‌وه‌نده‌ دژوار كه‌ ئه‌م مه‌وداگرتنه‌ی دابین كرد- ئه‌و شته‌ی كه‌ ئێوه‌ی ئه‌مریكایی به‌ گومانم پێی ده‌ڵێن «Monday morning quaterback»[17]– دوو ڕێگه‌ی ڕه‌خساو بوونی هه‌بوو كه‌ به‌ره‌و سه‌روو یا ئه‌ودیوی فه‌لسه‌فه‌ی سوژه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرا: یه‌كه‌م، تیۆریی مه‌عریفه‌ی ئۆبێكتیڤ؛ و دووه‌م، یه‌ك شیكاریی سیسته‌مه‌كانی مانا یا نیشانه‌ناسی. یه‌كه‌م ڕێگه‌ی پۆزه‌تیڤیزمی لۆجیكی[18] بوو؛ و دووه‌م ڕێگه‌ی یه‌ك قوتابخانه‌ی تایبه‌تی زمانناسی، ده‌روونشیكاری و مرۆڤناسی كه‌ به‌ گشتی له‌ژێر ناونیشانی بونیادگه‌رایی[19]دا گرووپبه‌ندی ده‌كرێت.
ئه‌مانه‌ ئه‌و ڕێگایانه‌ نین كه‌ من هه‌ڵمبژاردن. و ڕێگه‌م بده‌ن یه‌ك جار و بۆ هه‌میشه‌ بڵێم كه‌ من یه‌ك بونیادگه‌را[20] نیم، و به‌ غه‌مێكی به‌جێوه‌ دان به‌وه‌دا بنێم كه‌ یه‌ك فه‌یله‌سوفی شیكاریی[21] نیم- هیچ كه‌س كامڵ نییه‌. من هه‌وڵم داوه‌ ڕێڕه‌وێكی تر بدۆزمه‌وه. من هه‌وڵم داوه‌، له‌ ڕێگه‌ی یه‌ك جینالۆژیای سوژه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی پێكهێنانی سوژه‌وه‌ به‌ درێژاییی مێژوویه‌ك كه‌ به‌ره‌و چه‌مكی مۆدێرنی خود[22] ئاڕاسته‌ كراوه‌، له‌ فه‌لسه‌فه‌ی سوژه‌ بچمه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌م كاره‌ هه‌میشه‌ ئه‌رك و هه‌وڵێكی ئاسان نه‌بووه، چون زۆرینه‌ی مێژوونووسه‌كان ئه‌و مێژووه‌ی پڕۆسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ باشتر ده‌زانن [[كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ تێیدا ڕۆڵی سوژه‌ ده‌بینێت و زۆرینه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان]] سوژه‌یه‌كی به‌بێ مێژوو به‌ باشتر ده‌زانن. ئه‌م كاره‌ هه‌رگیز ڕێگری لێ نه‌كردم‌ كه‌ هه‌مان ماده‌ به‌كار بهێنم كه‌ هه‌ندێك له‌ مێژوونووسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كاری ده‌هێنن، و هه‌روه‌ها ڕێگری لێ نه‌كردم كه‌ دان بنێم به‌ قه‌رزی تیۆریكی[23]مدا بۆ فه‌یله‌سوفگه‌لێك كه‌، بۆ نموونه‌ نیچه‌، پرسیاری مێژوومه‌ندیی سوژه‌[24]یان گه‌ڵاڵه‌ كرد.[25]
[[تا ئێره‌ ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌یه‌كی گشتی قسه‌م كرد. و ئێستاش چه‌ند وشه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی میتۆدناسی. مێژووی زانسته‌كان بۆ ئه‌م جۆره‌ توێژینه‌وه‌یه دیدگایه‌كی جیاوكدار پێك ده‌هێنێت. ئه‌م وته‌یه‌ ده‌شێت دژیه‌ك و پارادۆكسیكاڵ بێت. هه‌رچی بێت، جینالۆژیای خود[26] شوێنێك له‌ هه‌رێمی مه‌عریفه‌ی زانستیدا نادۆزێته‌وه‌، وه‌ك بڵێی كه‌ ئێمه‌ جگه‌ له‌و شته‌ی كه‌ مه‌عریفه‌ی عه‌قڵانی ده‌توانێت ده‌رباره‌ی خودی خۆمان پێمان بڵێت هیچ نین. مێژووی زانسته‌كان بێگومان پانتایییەکی گرنگه‌ بۆ تیۆریی مه‌عریفه[27]‌، وه‌ك چۆن بۆ شیكاریی سیسته‌مه‌ ده‌لاله‌تگه‌ره‌كان، له‌ كاتێكدا كه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی جینالۆژیای سوژه‌ پانتایییەکی نه‌زۆكه‌. لێره‌دا دوو هۆكار هه‌یه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌. ته‌واوی كرداره‌كانی پێناسه‌كردن و گۆڕینی سوژه‌ هاوڕێن له‌گه‌ڵ شكڵگیریی جۆره‌ دیاریكراوه‌كانی مه‌عریفه‌دا، و له‌ ڕۆژئاوادا، به‌پێی چه‌ند هۆكارێكی جۆراوجۆر، مه‌عریفه‌ ده‌یه‌وێت به‌ ده‌وری فۆرمه‌كان و نۆرمه‌ كه‌م تا زۆر زانستییه‌كاندا ڕێك بخرێت. لێره‌دا هۆكارێكی تر هه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر بنچینه‌ییتر و زۆر تایبه‌تتر بێت بۆ كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌. مه‌به‌ستم ئه‌م واقیعییه‌ته‌یه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ ئه‌خلاقییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ر سوژه‌یه‌ك بریتییه‌ له‌ ناسینی خود، دۆزینه‌وه‌ی خود، گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود، و پێكهێنانی خود وه‌ك یه‌ك ئۆبژه‌ی مه‌عریفه‌ چ بۆ ئه‌وانی تر و چ بۆ خود. «ئه‌ركی هه‌قیقه‌ت» بۆ تاكه‌كان و ڕێكخستنی زانستیی مه‌عریفه‌: ئه‌مانه‌ ئه‌و دوو هۆكاره‌ن كه‌ بۆچی مێژووی مه‌عریفه‌ یه‌ك دیدگای جیاوكدار بۆ جینالۆژیای سوژه‌ پێك ده‌هێنێت.
دواجار، یه‌كه‌م، من هه‌وڵ ناده‌م كه‌ گرنگی به‌ مێژووی زانسته‌كان به‌ گشتی بده‌م، به‌ڵكه‌ ته‌نها گرنگی به‌ مێژوویه‌كی ئه‌و زانستانه‌ ده‌ده‌م كه‌ هه‌وڵیان داوه‌ یه‌ك مه‌عریفه‌ی زانستیی سوژه‌ پێك بهێنن. دووه‌م، هه‌وڵ ناده‌م به‌های ئۆبێكتیڤی ئه‌م زانستانه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنم، یا خوازیاری زانینی ئه‌مه‌ نیم كه‌ ئه‌م زانستانه‌ ده‌توانن ببنه‌ به‌هایه‌كی گه‌ردوونی یا نا. ئه‌مه‌ ئه‌ركی یه‌ك مێژوونووسی ئیپستمۆلۆژیكی[28]یه‌. له‌جیاتیی ئه‌م كاره‌، من كار له‌سه‌ر یه‌ك مێژووی زانسته‌كان ده‌كه‌م، مێژوویه‌ك كه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان مێژوویه‌كی ڕابردوونواڕانه‌[29]یه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌دات كرداره‌ گوتارییه‌كان، كرداره‌ دامه‌زراوه‌ییه‌كان و‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بدۆزێته‌وه‌، كردارگه‌لێك كه‌ ئه‌م زانستانه‌ له‌وانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌؛ و ئه‌مه‌ یه‌ك مێژووی ئاركیۆلۆژیكی[30]یه[31]‌. و دواجار، سێیه‌م، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌دات پنت یا ساتێك بدۆزێته‌وه‌ كه‌ تێیدا ئه‌م كردارانه‌ گۆڕاون بۆ ته‌كنیكگه‌لێكی یه‌كپارچه‌ و نرخێنراو له‌گه‌ڵ ئامانجگه‌لێكی پێناسه‌كراودا، ساتێك كه‌ تێیدا یه‌ك گوتاری تایبه‌ت له‌م ته‌كنیكانه‌وه‌ به‌رهه‌م هات و وه‌ك گوتارێكی ڕاسته‌قینه‌ ده‌رك كرا، ساتێك كه‌ تێیدا ئه‌م ته‌كنیكانه‌ گرێ دران به‌ ئه‌ركی گه‌ڕان به‌دوای هه‌قیقه‌ت و گوتنی هه‌قیقه‌ت. به‌ كورتی، ئامانجی پڕۆژه‌كه‌ی من پێكهێنانی یه‌ك جینالۆژیای سوژه‌یه‌. میتۆد بریتییه‌ له‌ یه‌ك ئاركیۆلۆژیای مه‌عریفه‌، و پانتاییی وردی شیكاركردن ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ناوی بنێم ته‌كنه‌لۆژیاكان: مه‌به‌ستم جومگه‌به‌ندی هه‌ندێك له‌ ته‌كنیكه‌كان و هه‌ندێك له‌ جۆره‌كانی گوتاره‌ ده‌رباره‌ی سوژه‌.
ده‌مه‌وێت قسه‌ی كۆتایی ده‌رباره‌ی ده‌لاله‌تی پڕاكتیكیی ئه‌م فۆرمی شیكارییه‌ زیاد بكه‌م. له‌ دیدی هایدگه‌ردا، هۆكاری ئه‌مه‌ی كه‌ ڕۆژئاوا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بوون[being]ـی له‌ ده‌ستدا، بریتی بوو له‌ وه‌سوه‌سه‌یه‌كی ڕوو له‌ زیاد بۆ ته‌خنه[32]‌، ته‌خنه‌ وه‌ك تاكه‌ ڕێگه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌عریفه‌ و تێگه‌یشتن له‌ ئۆبژه‌كان. با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پرسیاره‌كه‌مان و بپرسین كه‌ كام ته‌كنیك و كام كردار چه‌مكی ڕۆژئاواییی سوژه‌یان پێك هێنا، و درزی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌قیقه‌ت و هه‌ڵه‌ و درزی ئازادی و ناچاركردن[33]یان به‌م چه‌مكه‌ به‌خشی[34]. به‌ باوه‌ڕی من، هه‌ر له‌م شوێنه‌دایه‌ كه‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ری واقیعیی پێكهێنانی یه‌ك مێژووی ئه‌و كاره‌ی كه‌ ئه‌نجاممان داوه‌، و له‌ هه‌مان كاتدا، ئه‌گه‌ری ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و شته‌ی كه‌ ئێمه‌ین[35]، ده‌دۆزینه‌وه‌. ئه‌مه‌ شیكاری تیۆرتیكییه‌ كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ڕه‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌یه‌. مه‌به‌ستم له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ «ڕه‌هه‌ندی سیاسی» یه‌ك شیكاری ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ده‌خوازین له‌ جیهانه‌كه‌ماندا، واته‌ چ له‌ خودمان و چ له‌ پێگه‌ماندا، په‌سه‌ندی بكه‌ین- په‌سه‌ندی بكه‌ین، یا ڕه‌تی بكه‌ینه‌وه‌ و بیگۆڕین. به‌ كورتی، پرسیاری گه‌ڕان به‌دوای جۆرێكی تری فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌ییدا جێی مه‌به‌سته‌؛ نه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌یی كه‌ خوازیاری دیاریكردنی هه‌لومه‌رجه‌كان و سنووره‌كانی مه‌عریفه‌ی ڕه‌خساوی ئێمه‌یه‌ ده‌رباره‌ی ئۆبژه‌، به‌ڵكه‌ یه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌یی كه‌ به‌دوای هه‌لوه‌رجه‌كان و ئه‌گه‌ره‌ دیارینه‌كراو و ناكۆتاكانی گۆڕانی سوژه‌دا ده‌گه‌ڕێت، واته‌ به‌دوای ئه‌گه‌ره‌ ناكۆتاكانی گۆڕانی خودمان ده‌گه‌ڕێت[36].]]
تا ئێستا‌ ئه‌م پڕۆژه‌ گشتییه‌م به‌ دوو شێواز پێش خستووه‌. [له‌ لایه‌كه‌وه]، سه‌رنجم له‌ پێكهێنانی تیۆرتیكیی مۆدێرن داوه‌‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ سوژه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی. له‌ یه‌كێك له‌ كتێبه‌كانی پێشوومدا، هه‌وڵم داوه‌ تیۆره‌كانی سوژه‌ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بگۆ، زیندوو و كاركه‌ر شیكار بكه‌م[37]. هه‌روه‌ها سه‌رنجم له‌ مه‌عریفه‌ی پڕاكتیكی تر داوه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌گه‌لێكی وه‌ك نه‌خۆشخانه‌، ئاسایشگای ده‌روونی و زینداندا به‌رهه‌م هاتووه‌، و له‌م دامه‌زراوانه‌دا هه‌ندێك له‌ سوژه‌كان گۆڕاون بۆ ئۆبژه‌كانی مه‌عریفه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا، گۆڕاون بۆ ئۆبژه‌كانی باڵاده‌ستی[38]. و ئێستا، خوازیارم ئه‌و فۆرمانه‌ی مه‌عریفه‌ توێژینه‌وه‌ بكه‌م كه‌ سوژه‌ ده‌رباره‌ی خۆی ده‌یانخوڵقێنێت. ئه‌م فۆرمانه‌ی مه‌عریفه‌ی خود، به‌ باوه‌ڕی من، بۆ شیكاركردنی ئه‌زموونی مۆدێرنی سێكسواڵیته‌ گرنگن.[39]
به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ ده‌ستم كرد به‌م دواهه‌مین جۆری پڕۆژه‌یه‌ پێویست بوو دیدگام له‌ زۆرێك پنتی ئێجگار گرنگدا هه‌موار بكه‌مه‌وه‌ و بگۆڕم. مۆڵه‌تم بده‌ن جۆرێك ڕه‌خنه‌ی خود به‌رهه‌م بهێنم، [[یا به‌ جۆرێك ڕه‌خنه‌ له‌ خۆم بگرم]]. به‌پێی هه‌ندێك له‌ بۆچوونه‌كانی هابرماس[40]، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌توانرێت سێ جۆری بنچینه‌ییی ته‌كنیكه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كاندا جیا بكرێنه‌وه‌: ته‌كنیكگه‌لێك كه‌ به‌رهه‌مهێنان، گۆڕان و ده‌ستكاریكردنی شته‌كان ده‌ڕه‌خسێنن؛ ته‌كنیكگه‌لێك كه‌ به‌كارهێنانی سیسته‌می نیشانه‌كان ده‌ڕه‌خسێنن؛ ته‌كنیكگه‌لێك كه‌ دیاریكردنی ڕه‌فتاری تاكه‌كان، سه‌پاندنی هه‌ندێك‌ ویست به‌سه‌ر تاكه‌كاندا و ناچاركردنی تاكه‌كان به‌ گوێڕایه‌ڵیكردن له‌ هه‌ندێك ئامانجه‌كان و هه‌ندێك له‌ مه‌به‌سته‌كان ده‌ڕه‌خسێنن. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، لێره‌دا سێ جۆر ته‌كنیك بوونیان هه‌یه‌: ته‌كنیكه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، ته‌كنیكه‌كانی ده‌لاله‌تكردن و ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی.
به‌ دڵنیایییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێت مێژووی زانسته‌ سروشتییه‌كان توێژینه‌وه‌ بكه‌ین، ئه‌گه‌رچی نه‌ك زه‌رووری، به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ سوودمه‌نده‌ كه‌ ته‌كنیكه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ته‌كنیكه‌ نیشانه‌ناسییه‌كان[41] له‌به‌رچاو بگرین. به‌ڵام چونكه‌‌ پڕۆژه‌كه‌ی من سه‌روكاری له‌گه‌ڵ مه‌عریفه‌ی سوژه‌دا هه‌یه‌، پێم وایه‌ ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی گرنگترین ته‌كنیكن، ئه‌ڵبه‌ته‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ كام له‌ ته‌كنیكه‌كانی تر بسڕینه‌وه‌. به‌ڵام، به‌ توێژینه‌وه‌ و شیكاركردنی ئه‌زموونی سێكسواڵیته‌، من زیاتر و زیاتر تێگه‌یشتم كه‌، به‌ باوه‌ڕی تایبه‌تی من، له‌ ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكاندا، جا ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ هه‌رچی بن، جۆرێكی تری ته‌كنیكه‌كان بوونیان هه‌یه: ته‌كنیكگه‌لێك كه‌ ڕێگه‌ به‌ تاكه‌كان ده‌ده‌ن كه‌ ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی كرداره‌كان، له‌ ڕێگه‌ی ئامڕازه‌كانی خۆیانه‌وه‌ [[و به‌ یارمه‌تیی ئه‌وانی تر]]، به‌سه‌ر جه‌سته‌، ڕۆح، ئه‌ندێشه‌ و ڕه‌فتاره‌كانیاندا پیاده‌ بكه‌ن، و ئه‌م كاره‌ به‌ چه‌شنێكه‌ كه‌ خۆیان سه‌رله‌به‌ر بگۆڕن و هه‌موار بكه‌نه‌وه‌، و بگه‌ن به‌ یه‌ك دۆخی تایبه‌تی كامڵبوون، به‌خته‌وه‌ری، پاكێتی، ده‌سه‌ڵاتی مه‌له‌كوتی و هتد. با ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكانه‌ ناو بنێین «ته‌كنیكه‌كان» یا «ته‌كنه‌لۆژیای خود»[42].
به‌ گومانم ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت جینالۆژیای سوژه‌ له‌ شارستانییه‌تی ڕۆژئاوادا توێژینه‌وه‌ بكه‌ین، نه‌ك ته‌نها ده‌بێت ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی، به‌ڵكه‌ هه‌روه‌ها ده‌بێت ته‌كنیكه‌كانی خود له‌به‌رچاو بگرین. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ده‌بێت كارلێكی نێوان ئه‌م دوو جۆره‌ ته‌كنیكانه‌، واته‌ ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی و ته‌كنیكه‌كانی خود، بخه‌ینه‌ به‌ر سه‌نجی قووڵه‌وه‌. ده‌بێت پنتگه‌لێك له‌به‌رچاو بگرین كه‌ تیایاندا ته‌كنه‌لۆژیاكانی باڵاده‌ستیی تاكه‌كان به‌سه‌ر یه‌كتردا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر پڕۆسه‌گه‌لێك كه‌ له‌ ڕێگه‌یانه‌وه‌ تاك كرده‌ به‌سه‌ر خۆیدا ده‌نوێنێت یا كاریگه‌ری ده‌خاته‌ سه‌ر خودی خۆی. به‌ پێچه‌وانه‌شەوه‌، ده‌بێت پنتگه‌لێك له‌به‌رچاو بگرین كه‌ تیایاندا ته‌كنیكه‌كانی خود له‌ پێكهاته‌كانی ناچاركردن یا باڵاده‌ستیدا ئاوێته‌ ده‌بن و جومگه‌به‌ندی ده‌كرێن به‌ یه‌كتر. پنتی به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی كه‌ تێیدا ئه‌وانی تر ڕێنماییی تاكه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌ناسن له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێگه‌یه‌دا كه‌ تێیدا تاكه‌كان ڕێنماییی خۆیان ده‌كه‌ن و ده‌ناسن، ئه‌و پنته‌یه‌ كه‌ به‌ گومانم، ده‌توانین ناوی بنێین «حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن[43]». به‌ڕێوه‌بردن یا حوكمڕانیكردنی خه‌ڵكی[44]، له‌ مانای به‌ربڵاوی ئه‌م وشه‌یه‌دا[45]، [[به‌و جۆره‌ی كه‌ له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌مدا بۆ نموونه‌ ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی منداڵ، به‌ڕێوه‌بردنی خێزان یا به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانیكردنی ڕۆحه‌كان قسه‌ ده‌كرا]]، ڕێگه‌ی ناچاركردنی خه‌ڵكی نییه‌ به‌ شتێك كه‌ حاكم[46] ده‌یه‌وێت؛ له‌نێوان ئه‌و ته‌كنیكانه‌دا كه‌ ناچاركردن ده‌سه‌پێنن و ئه‌و پڕۆسانه‌دا كه‌ تاك له‌ ڕێگه‌یانه‌وه‌ خودی خۆی پێك ده‌هێنێت یا خۆی هه‌موار ده‌كاته‌وه‌، هه‌میشه‌ یه‌ك هاوسه‌نگیی ناجێگیر له‌گه‌ڵ ته‌واوكردنه‌كان[47] و كێشمه‌كێشه‌كاندا هه‌یه‌.
كاتێك كه‌ ئاسایشگای ده‌روونی‌، زیندان، نه‌خۆشخانه‌كانم توێژینه‌وه‌ ده‌كرد، به‌ گومانم زیاد له‌ ڕاده‌ پێداگیریم له‌سه‌ر ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی كرد. ئه‌و شته‌ی كه‌ ده‌توانین ناوی بنێین «چاودێری/دیسپلین[48]»، شتێكی به‌ ڕاستی گرنگه‌ له‌م جۆره‌ دامه‌زراوانه‌دا، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها لایه‌نێكی هونه‌ری حوكمڕانیكردن/به‌ڕێوه‌بردن[49]ـی خه‌ڵكییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌دا. نابێت پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات وه‌ك توندوتیژیی په‌تی یا وه‌ك ناچاركردنی سه‌ختگیرانه‌ ده‌رك بكه‌ین. ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌می په‌یوه‌ندییه‌ تێكته‌نراو و ئاڵۆزه‌كانه‌: ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ته‌كنیكه‌ عه‌قڵانییه‌كان له‌خۆ ده‌گرن، و كارایی ئه‌م ته‌كنیكانه‌ له‌ ئاوێته‌بوونی ناسكی ته‌كنه‌لۆژیاكانی ناچاركردن و ته‌كنیكه‌كانی خوده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. به‌ باوه‌ڕی من، ئێمه‌ ده‌بێت له‌ نه‌خشه‌ی كه‌م تا زۆر فرۆیدیی[50]– كه‌ ئێوه‌ ده‌یناسن- ڕزگار ببین، نه‌خشه‌ی ناوه‌كیكردنی یاسا له‌ ڕێگه‌ی خوده‌وه‌. خۆشبه‌ختانه‌ له‌ دیدگای تیۆرتیكییه‌وه‌، و ڕه‌نگه‌ به‌دبه‌ختانه‌ له‌ دیدگای پڕاكتیكییه‌وه‌، شته‌كان ئێجگار ئاڵۆزترن له‌م نه‌خشه‌یه‌. به‌ كورتی، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ده‌ستپێكردن به‌ ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی هه‌رێمی «حكوومه‌ت»م توێژینه‌وه‌ كرد، ده‌مه‌وێت له‌ ساڵانی دواتردا «حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن»- به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی سێكسواڵیته‌دا- به‌ ده‌ستپێكردن له‌ ته‌كنیكه‌كانی خود، توێژینه‌وه‌ بكه‌م.
له‌نێوان ئه‌م ته‌كنیكه‌كانی خود له‌ هه‌رێمی خود-ته‌كنه‌لۆژیا[51]دا، به‌ گومانم ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ستراون به‌ دۆزینه‌وه‌ و شكڵگیریی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود له‌ڕاده‌به‌ده‌ر گرنگن؛ چون بۆ به‌ڕێوه‌بردنی[52] خود و [[خه‌ڵكی]]له‌ كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌دا، نه‌ك ته‌نها هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت گوێڕایه‌ڵی بكات، به‌ڵكه‌ هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خۆی به‌رهه‌م بهێنێت و لای هه‌مووان بڵاوی بكاته‌وه‌[53]. دانپێدانان و هه‌ڵكۆڵینی ویژدان له‌نێوان ئه‌م ته‌كنیكانه‌دا گرنگترینی ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ن. بێگومان مێژوویه‌كی ئێجگار درێژخایه‌ن و ئێجگار ئاڵؤز بوونی هه‌یه‌، مێژوویه‌ك له‌ پره‌نسیپی دێلفیی‌gnôthi seauton[«خۆت بناسه»‌]وه‌ تا چاره‌سه‌ركردنی ڕێگه‌پێدراوی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی دكتۆر لۆرێ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه‌م پێ كرد. ڕێڕه‌وێكی ئێجگار دوورودرێژ له‌ یه‌كێكه‌وه‌ بۆ ئه‌وی تر بوونی هه‌یه‌، و بێگومان ده‌مه‌وێت ئه‌مشه‌و ته‌نها یه‌ك ڕوانگه‌ی گشتیی ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌م. من ته‌نها ده‌مه‌وێت پێداگیری له‌سه‌ر یه‌ك گۆڕانی ئه‌م كردارانه‌ بكه‌م، گۆڕانێك كه‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌رده‌می مه‌سیحییه‌تدا، له‌ قۆناغی مه‌سیحییه‌تدا، ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئه‌ركی ناسینی خود فێركاریی كۆنی دێلفی، واته «خۆت بناسه»، ده‌گۆڕێت بۆ ڕێسای ڕه‌هبانیی «دان بنێ به‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌ندێشه‌كانت بۆ مامۆستا یا ڕێنماییكاره‌ مه‌عنه‌وییه‌كه‌ت [omnes cogitations]». به‌ باوه‌ڕی من، ئه‌م گۆڕانه‌ی پره‌نسیپی دێلفی بۆ ڕێسای ڕه‌هبانی، گرنگییه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ی هه‌یه‌؛ و [[ده‌مه‌وێت ئه‌م گۆڕان و وه‌رچه‌رخانه‌، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م دوو ڕێوشوێنه‌ زۆر گرنگه‌وه‌، واته‌ خود-هه‌ڵكۆڵین یا هه‌ڵكۆڵینی ویژدان و دانپێدانان‌، نیشان بده‌م، گۆڕانی ڕێسای دێرینی دێلفیی «خۆت بناسه» بۆ ڕێسا و فێركاریی ڕه‌هبانیی «ئه‌ندێشه‌كانت به‌ من بڵێ». چون ئه‌م فێركاری و ڕێسا‌ تازه‌ له‌دایكبوو و گه‌شه‌كردووه‌ له‌ سه‌ره‌تادا له‌ دامه‌زراوه‌ ڕه‌هبانییه‌كاندا ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌ پێكهێنانی سوبێكتیڤیته‌ی مۆدێرن]]؛ و به‌ گومانم ئه‌م گۆڕانه‌ گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ جینالۆژیای سوبێكتیڤیته‌ی مۆدێرندا[54]. له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانه‌دا ئه‌و شته‌ ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ ده‌توانین ناوی بنێین هێرمنۆتیكی خود[55]. ئه‌مشه‌و هه‌وڵ ده‌ده‌م نه‌خشه‌ی گشتیی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ پێشكه‌ش بكه‌م كه‌ تێیدا خود-هه‌ڵكۆڵین یا تاقیكردنه‌وه‌ی خود و دانپێدانان له‌ فه‌لسه‌فه‌ی بتپه‌رستیدا، واته‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی و ڕۆمیدا، ده‌رك ده‌كرا، و هه‌فته‌ی داهاتوو هه‌وڵ ده‌ده‌م نیشانی بده‌م كه‌ ئه‌م ده‌ركه‌ له‌ مه‌سیحییه‌تی سه‌ده‌ یه‌كه‌مینه‌كاندا گۆڕا بۆ چ شتێك. [[له‌ ڕاستیدا ناونیشانی ئه‌م وتاره‌ ده‌توانێت و ده‌بێت «ئاخێزگه‌ی هێرمنۆتیكی خود» بێت]].
کۆتاییی بەشی یەکەم
[1]. Howison Lectures
[2]. Leo Bersani
[3]. Francois Leuret (1797-1851)
[4]. F. Leuret, Du traitement moral de la folie, paris, J. B. Baillière, 1980, p. 191-204.
فوکۆ گرنگییه‌كی زۆر ده‌دات به‌ كرداری ده‌رمانیی فڕانسوا لۆرێ: ئه‌م كرداره‌ كه‌ له‌ Maladie mentale et psychologie (paris, P. U. F., 1962, p. 85-86)دا خرایه‌ ڕوو، دووباره‌ له‌ ژماره‌یه‌ك ده‌قه‌كانی تردا ده‌گوازرێته‌وه‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
M. Foucault, »L’eau et ma folie«, dans DE I, n 16, p. 298-299 et »sexualité et solitude«, dans DE II, n 295, p. 987-988.
هه‌روه‌ها فوکۆ له‌ وانه‌وتاری ١٩٧٣-١٩٧٤ له‌ كۆلێژ دو فڕانس، به‌ تایبه‌ت له‌ وانه‌ی ١٩ـی دیسامبه‌ری ١٩٧٣، چه‌ند تێڕامانێكی ته‌رخان كرد بۆ لۆرێ و میتۆده‌كانی. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
M. Foucault, Le pouvoir psychiatrique. Cours au Collège de France, 1973-1974, éd. J. Lagrange, paris, Seuil-Gallimard, 2003, p. 144-163.
له‌ وانه‌ی ده‌ستپێكی وانه‌وتاری زانكۆی لۆوڤه‌ین، فوکۆ دووباره‌ ئه‌م مه‌شهه‌ده‌ ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ لۆرێ وه‌سفی ده‌كات، و هه‌مان ئه‌و ڕۆڵه‌ی پێ ده‌دات كه‌ له‌م وتاره‌دا باسی ده‌كات، واته‌ ڕۆڵی پێشه‌كییه‌ك بۆ یه‌ك جینالۆژیا (یا یه‌ك «ڕه‌گه‌زناسی [ethnology]»)ـی ته‌كنیكه‌كانی دانپێدانان له‌ كولتوری ڕۆژئاوادا: «له‌ پشت ئه‌و دانپێدانانه‌وه‌ كه‌ لۆرێ داوای ده‌كرد، ئه‌م مێژووه‌ درێژخایه‌نه‌ی دانپێدانان و ئه‌و باوه‌ڕه‌ دێرینانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌رییه‌كانی “گوتنی هه‌قیقه‌ت” به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و “گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود” به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بوونی هه‌یه‌. […] ڕه‌نگه‌ جێی خۆی بێت كه‌ یه‌ك ڕه‌گه‌زناسیی كامڵی گوتنی هه‌قیقه‌ت ئه‌نجام بده‌ین.» بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: MFDV, p. 1-3.
[5]. بۆ شیكارییه‌كی ئه‌و شته‌ی كه‌ فوکۆ وه‌ك گوازرانه‌وه‌ی ته‌كنیكه‌ مه‌سیحییه‌كانی دانپێدانان بۆ مۆدێله‌ ڕێساداره‌ زانستییه‌كان، و به‌ تایبه‌ت بۆ كرداره‌ پزیشكی و ده‌روونپزیشكییه‌كان و ده‌روونناسی باسی ده‌كات، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كتێبیمێژووی سێكسواڵیته‌، به‌رگی یه‌كه‌م، ویستی مه‌عریفه‌ت، به‌ تایبه‌ت نیوه‌ی دووه‌می به‌شی سێیه‌م. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، له‌ دواهه‌مین وانه‌ی وانه‌وتاری زانكۆی لۆوڤه‌ین، فوکۆ گه‌شه‌ی دانپێدانان له‌ دامه‌زراوه‌ دادوه‌رییه‌كاندا له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ تا سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ شیكار ده‌كات، و هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ كرداره‌ پزیشكی و ده‌روونپزیشكییه‌كان له‌م دامه‌زراوانه‌دا بینیویانه‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: MFDV, p. 199-228.
[6]. culpabilisation
[7]. ئه‌م «پێشگریمانه»یه‌ هه‌م پنتی ده‌ستپێك هه‌م پاساودانه‌وه‌ی تیۆریكی و هه‌م ئامانجی ڕه‌خنه‌یی ئه‌و شیكارییانه‌یه‌ كه‌ فوکۆ له‌م وتارانه‌دا په‌ره‌یان پێ ده‌دات. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ده‌توانین ئه‌م وته‌یه‌ پێشتر له‌ ویستی مه‌عریفه‌تدا بدۆزینه‌وه‌: «دانپێدانان گۆڕا بۆ یه‌كێك له‌ به‌هادارترین ته‌كنیكه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی هه‌قیقه‌ت له‌ ڕۆژئاوادا، و له‌وه‌ به‌دواوه‌ ئێمه‌ گۆڕاین بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی له‌ بنچینه‌دا دانپێدانه‌ر»؛ و مرۆڤی ڕۆژئاوایی «گۆڕا بۆ ئاژه‌ڵێكی دانپێدانه‌ر». به‌ وته‌ی فوکۆ، زه‌رووره‌تی «مێژووی سیاسیی هه‌قیقه‌ت» هه‌ر له‌م شوێنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. له‌ ڕاستیدا، هه‌میشه‌ له‌ ڕێڕه‌وی مێژووی سیاسیی هه‌قیقه‌تدایه‌ كه‌ فوکۆ وانه‌وتاره‌كانی ١٩٧٩-١٩٨٠ و ١٩٨٠-١٩٨١ و هه‌روه‌ها سیمیناری ساڵی ١٩٨١ له‌ لۆوڤه‌ین جێ ده‌كاته‌وه‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
GV, p. 49, 73-74, 99, 111-112, 305-307; SV, »Lecon du 7 janvier 1981«; MFDV, p. 7-10, 89.
[8]. پڕۆژه‌ی جینالۆژیای سوژه‌ی مۆدێرن له‌ چه‌ندین شوێندا له‌ ده‌قه‌كانی فوکۆدا ده‌بینرێت. بۆ نموونه‌، له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌ ١٩٧٦، فوکۆ به‌ ڕۆشنی ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت «له‌ سوژه‌ ڕزگار ببین، واته‌ ده‌بێت ده‌ست بۆ شیكارییه‌ك ببه‌ین كه‌ بتوانێت پێكهێنانی سوژه‌ له‌ تانوپۆی مێژووییدا شرۆڤه‌ بكات»، و ئه‌مه «هه‌مان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ من به‌ جینالۆژیا ناوی ده‌نێم». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: گفتوگۆی فۆنتانا و پاسكوینۆ له‌گه‌ڵ فوکۆ له‌ DE II, n 192, p. 147. له‌ وانه‌ی شوباتی ١٩٧٨ له‌ وانه‌وتاری ئاسایش، قه‌ڵه‌مڕه‌و، جه‌ماوه‌ردا، فوکۆ شیكارییه‌كه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی شوانكاره‌یی مه‌سیحی پنتبه‌ندی ده‌كات و له‌ ڕوانگه‌یه‌كی به‌ گشتی نزیك له‌ ڕوانگه‌ی ١٩٨٠ ئه‌و خاڵه‌ به‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ڕێكخستنی مێژوویی شوانكاره‌یی مه‌سیحی ده‌لاله‌تیشه‌ له‌ نه‌خشه‌كێشانی مێژووی سوژه‌ی ڕۆژئاوایی. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: STP, p. 187. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، له‌ وانه‌وتاری ١٩٧٩-١٩٨٠، چوارچێوه‌ی گشتیی شیكارییه‌ ڕاشكاوه‌كه‌ی فوکۆ نه‌ك چوارچێوه‌ی یه‌ك جینالۆژیای سوژه‌ی مۆدێرن (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م تێگه‌یه‌ به‌ هێماوه‌ له‌ هه‌موو كاره‌كاندا ئاماده‌ بێت)، به‌ڵكه‌ چوارچێوه‌ی «به‌ڕێوه‌بردن یا حوكمڕانیكردن به‌سه‌ر مرۆڤه‌كانه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی هه‌قیقه‌ت له‌ فۆرمی سوبێكتیڤیته‌دا». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: GV, p. 79, 140, 220-221 كه‌ فوکۆ تێگه‌ی مێژووی سوبێكتیڤیته‌ی ڕۆژئاوایی ده‌خاته‌ ڕوو. له‌ ١٩٨١ به‌دواوه‌، پڕۆژه‌ی یه‌ك جینالۆژیای سوژه‌ی مۆدێرن له‌ چێوه‌ی مێژوویه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سوبێكتیڤیته‌ و هه‌قیقه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت، یا به‌و جۆره‌ی كه‌ فوکۆ له‌ لۆوڤه‌ین ده‌ڵێت، «میژوویه‌كی سیاسیی هه‌قیقه‌ت گوتنه‌كان» و ئامانجی ئه‌م مێژووه‌ توێژینه‌وه‌ی ئه‌مه‌یه‌ كه «سوژه‌كان چۆن له‌ ڕاستیدا له‌ فۆرمه‌كانی هه‌قیقه‌ت گوتن و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م فۆرمانه‌وه‌ كۆت و ده‌رگیر ده‌بن، فۆرمگه‌لێك كه‌ سوژه‌كان پابه‌ندن پێیانه‌وه». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
MFDV, p. 9; SV, »Lecon du 7 janvier 1981«; HS, p. 3-4, 173 ; GSA, p. 42; CV, p. 5.
له‌ به‌رامبه‌ردا، فوکۆ دوو به‌رگی كۆتایی مێژووی سێكسواڵیته‌ (و هه‌روه‌ها دانپێدانانه‌كانی جه‌سته‌) له‌ پڕۆژه‌ی یه‌ك «جینالۆژیای مرۆڤی ئاره‌زووكار له‌ سه‌رده‌می كۆنه‌وه‌ تا یه‌كه‌مین سه‌ده‌كانی مه‌سیحییه‌ت»جێ ده‌كاته‌وه‌- پڕۆژه‌یه‌ك كه‌ تێزه‌ گشتییه‌كه‌ی له‌ ڕاستیدا پێشتر له‌ وانه‌وتاری ١٩٨٠-١٩٨١ له‌ كۆلێژ دو فڕانس هاتووه‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: UP, p. 18.
[9]. Continental Europe
[10]. Transcendence of “ego”
[11]. ئه‌و ده‌قه‌ی كه‌ فوکۆ لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات وتاری «قه‌یرانی مرۆڤایه‌تیی ئه‌وروپایی و فه‌لسه‌فه»یه‌ كه‌ هۆسرڵ له‌ 1935 له‌ ڤیه‌نا پێشكه‌شی كرد.
[12]. Individual subject
[13]. despotism
[14]. theoretical paradox
وشه‌ی تیۆرتیكی theoretical كه‌ فوکۆ زۆر جار به‌كاری ده‌هێنێت، له‌ ڕاستیدا وشه‌یه‌كی فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسیی پییه‌ر ئادۆیه‌ له‌ كتێبی فه‌لسه‌فه‌ی كۆن چییه‌؟. ئادۆ له‌م كتێبه‌دا، له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فڵاتون، ئه‌رستۆ و هه‌روه‌ها له‌ قوتابخانه‌ی فه‌لسه‌فیی ڕه‌واقی، ئه‌پیكۆری و به‌ گشتی له‌ قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌رده‌می هیلینیستی و ئیمپراتۆریدا، توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی پڕاكتیكی و كرده‌یی ده‌كات، و فۆرمی ژیانی تیۆرتیكی [théorétique] جیا ناكاته‌وه‌ له‌ فۆرمی ژیانی پڕاكتیكی. به‌ باوه‌ڕی ئادۆ، له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فڵاتوندا، مه‌عریفه‌ ته‌نها تیۆرتیكی نییه‌، به‌ڵكه‌ گۆڕانی بوونه‌. مه‌عریفه‌ پارسایی و خۆپارێزییه‌؛ حیكمه‌تی ئه‌فڵاتونی چه‌شنی حیكمه‌تی سوكراتی، به‌ر له‌ هه‌ر شتێك حیكمه‌تی ئه‌خلاقییه‌. ئه‌رستۆ به‌خته‌وه‌ریی فه‌لسه‌فی له‌ theoriaدا ده‌بینێته‌وه‌، واته‌ جۆرێك ژیان كه‌ ته‌رخان كرابێت بۆ هه‌وڵدانی ڕۆحی و مه‌نه‌وی. له‌ ڕاستیدا، له‌ دیدی ئه‌رستۆدا، به‌خته‌وه‌ریی فه‌لسه‌فی «ژیانی هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ ده‌روون/ڕۆح»ـه‌ و به‌رزرترین خۆپارێزییه‌. چالاكیی تیۆریا [theoria] (هه‌وڵدانی زه‌یینی و تیۆرتیكی) پله‌ی جیاوازی هه‌یه‌. له‌ دیدی ئه‌رستۆدا، فه‌لسه‌فه‌ جۆرێكه‌ له‌ شێوازی ژیانی تیۆرتیكی. ئه‌م خاڵه‌ زۆر گرنگه‌ (بۆ پییه‌ر ئادۆ و فوکۆ) كه‌ نابێت تیۆرتیكی [théoretique] له‌گه‌ڵ تیۆریك [théorique] به‌ یه‌ك شت دابنرێت. تیۆریك وشه‌یه‌كه‌ كه‌ ڕیشه‌یه‌كی یۆنانی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌رستۆ به‌كاری ناهێنێت، و ماناكه‌ی له‌ زه‌مینه‌یه‌كی به‌ده‌ر له‌ فه‌لسه‌فه‌دا بریتی بوو له‌: «ئه‌و شته‌ی كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ به‌دوایه‌كداهاتنی ڕووداوه‌كان». له‌مڕۆدا وه‌ك ئاشكرایه‌ تیۆریك ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر پڕاكتیك. ئه‌رستۆ گوتاری فه‌لسه‌فیی تیۆریكی په‌تی به‌رامبه‌ر به‌ ژیانی فه‌لسه‌فیی پڕاكتیكی و واقیعی داده‌نێت. به‌ ڕوانگه‌ی ئه‌رستۆ، شتێك بوونی نییه‌ كه‌ زیاتر له‌ تیۆرتیك دوور بێت له‌ تیۆریك. بۆ ئه‌رستۆ، هه‌روه‌ك ئه‌فڵاتون، فه‌لسه‌فه‌ یه‌ك شێوازی ژیانه‌. ئه‌رستۆ ده‌ڵێت: «چالاكیی مه‌عنه‌وی [theoria]، یا موكاشه‌فه‌، كه‌ ئێمه‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌كات، كه‌ڵه‌كه‌كردنی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌، یا پێكه‌وه‌نانی ناسینه‌ فێركراوه‌كان نییه‌، و به‌م شێوه‌یه‌ بڕگه‌ بڕگه‌ بینا ناكرێت.» به‌م شێوه‌یه‌، ده‌بینین كه‌ فوکۆ، چه‌شنی ئادۆ، تیۆریك جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌ تیۆرتیكی. خودی ئادۆ له‌ كتێبی فه‌لسه‌فه‌ی كۆن چییه‌؟دا ده‌ڵێت: «پێم وایه‌ كه‌ وتاره‌كه‌ی من به‌ ناونیشانی “ڕاهێنانه‌ ده‌روونییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی كۆن” كاریگه‌ری خستووه‌ته‌ سه‌ر تیۆره‌ی فوکۆ ده‌رباره‌ی “په‌روه‌رده‌كردنی خود”.» وه‌ك ده‌زانین فوکۆ له‌م وتاره‌دا، به‌وردی وه‌ك ئادۆ، قسه‌ له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی پڕاكتیكیی قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌رده‌می یۆنان ده‌كات و ده‌ڵێت: «باش ده‌زانین كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان ئه‌مه‌ نه‌بوو كه‌ تیۆرییه‌ك پێك بهێنن، ڕێك بخه‌ن و فێر بكه‌ن. ئامانجی قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان گۆڕانی تاك بوو. ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان ئه‌مه‌ بوو كه‌ ئه‌م تواناییه‌ به‌ تاك بدات كه‌ جیاوازتر، باشتر و به‌خته‌وه‌رانه‌تر له‌ ئه‌وانیتر ژیان بكات.» سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، ئادۆ له‌ كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌ هاوڕایی و جیاوازیی خۆی ده‌كات له‌گه‌ڵ فوکۆدا. ئه‌و ده‌ڵێت: «فوکۆ ده‌یویست ده‌ستپێكی “تیۆریكبوون”ـی فه‌لسه‌فه‌ له‌ دیكارته‌وه‌ بزانێت نه‌ك له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه‌. وه‌ك چۆن له‌ شوێنێكی تردا وتوومه‌، ئه‌گه‌رچی من له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هاوڕام كاتێك كه‌ ده‌ڵێت: “به‌ر له‌ دیكارت هیچ كه‌سێك نه‌یده‌توانی بگات به‌ هه‌قیقه‌ت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خۆی یه‌كه‌م ده‌ست به‌ كارێك بكات كه‌ له‌ به‌رده‌م ناسینی هه‌قیقه‌تدا جێ بگرێت.”… به‌ڵام كاتێك كه‌ سه‌ربار ده‌كات: له‌ كاتی ده‌ربڕینی باوه‌ڕی دیكارت به‌وه‌ی كه‌ پێی وایه‌: “بۆ ده‌ستگه‌یشتن به‌ هه‌قیقه‌ت كافییه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك بم‌، ته‌نها بتوانم ئه‌و شته‌ ببینم كه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویست و ڕوونه‌… به‌ڵگه‌نه‌ویستی ده‌خرێته‌ شوێنی ڕیازه‌ت.” له‌گه‌ڵ فوکۆدا هاوڕا نیم.» (و. كوردی) بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كتێبه‌كه‌ی پییه‌ر ئادۆ: فلسفه‌ باستانی چیست؟ پییر أدو، ترجمه‌ی دكتر عباس باقری، نشر علم، چاپ دوم ١٣٩٨.‌
[15]. désaliénation
[16]. abstract subject
[17]. «قه‌زاوه‌ت و ڕه‌خنه‌ی ڕۆژ پاش ڕووداوه‌كان».
[18]. Logical positivism
[19]. structuralism
[20]. structuralist
[21]. analytic
[22]. modern concept of self
[23]. theoretical debt
[24]. historicity of subject
[25]. فوکۆ له‌ وتاری زانكۆی مه‌كگیل مۆنتریاڵ له‌ ١٩٧١ ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نیچه‌ ده‌یویست «مه‌عریفه‌ له‌ ڕێگه‌ی زۆرترین سنووری جیاكردنه‌وه‌ی سوژه‌ و ئۆبژه‌وه‌ شرۆڤه‌ بكات»؛ و به‌م پێیه‌، نكۆڵی له‌مه‌ ده‌كرد كه«په‌یوه‌ندیی سوژه‌-ئۆبژه‌ پێكهێنه‌ری مه‌عریفه‌ بێت»؛ «یه‌كه‌مین ته‌وه‌هومی زۆروزه‌به‌ندی مه‌عریفه‌ بوونی یه‌ك سوژه‌ و یه‌ك ئۆبژه‌یه»، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ ڕووی مێژوویییه‌وه‌ پێكهێنراون. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: میشێل فوکۆ، «وانه‌ ده‌رباره‌ی نیچه» له‌ LVS, p. 203-204. هه‌روه‌ها له‌ یه‌كه‌مین وتاری زانكۆی ئۆسقۆفیی كاسۆلیكی ڕیۆدی ژانیرۆدا له‌ ٢١ـی مایسی ١٩٧٣، فوکۆ ده‌ڵێت كه‌ ئامانجی نیشاندانی ئه‌مه‌یه‌ كه«سوژه‌ مێژوویه‌كی هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیی سوژه‌ له‌گه‌ڵ ئۆبژه‌دا، یا به‌ ده‌ربڕینێكی ڕوونتر، خودی هه‌قیقه‌ت مێژوویه‌كی هه‌یه»؛ كه‌واته‌، ده‌بێت «ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕادیكاڵ و ڕیشه‌ییی سوژه‌ی مرۆیی به‌ مێژوو» ده‌ست پێ بكه‌ین، چون سوژه«له‌ناو مێژوودا پێك ده‌هێنرێت»، و «مێژوو په‌یتا په‌یتا سوژه‌ بینا و دووباره‌ بینا ده‌كاته‌وه». فوکۆ ده‌ڵێت «ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا ده‌یڵێم ته‌نها له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانی نیچه‌دا مانای هه‌یه»، به‌رهه‌مگه‌لێك كه‌ تیایاندا «به‌ ڕاستی یه‌ك جۆری گوتار ده‌دۆزینه‌وه‌ كه‌ شیكاریی مێژوویی بۆ شكڵگیریی خودی سوژه‌ ده‌كات». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: میشێل فوکۆ، «هه‌قیقه‌ت و فۆرمه‌ یاساییه‌كان» له‌ DE I, n 139, p. 1407-1408, 1410. ده‌ ساڵ دواتر، فوکۆ له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌ ١٩٨٣، به‌ بیرهێنانه‌وه‌ی دووباره‌ی گرنگیی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ كار و به‌رهه‌مه‌كانی، ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ خوێندنه‌وه‌ی نیچه‌ بۆ ئه‌و «دابڕان»ێكی واقیعی بووه‌، چون له‌ ئه‌ندێشه‌ی نیچه‌دا ئه‌م گریمانه‌یه‌ی دۆزییه‌وه‌ كه«دروست به‌و جۆره‌ی كه‌ مێژووی عه‌قڵ بوونی هه‌یه‌، مێژووی سوژه‌ش بوونی هه‌یه‌، و نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ مێژووی عه‌قڵ له‌ كرده‌ی بونیاتنه‌رانه‌ و یه‌كه‌مینی سوژه‌ی عه‌قڵگه‌رادا نمایش بكرێت». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: میشێل فوکۆ، «بونیادگه‌رایی و پاش-بونیادگه‌رایی»، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ژ. ڕوله‌. له‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییانه‌ی وتاری «سێكسواڵیته‌ و ته‌نیایی»دا، كه‌ فریدریك گرۆس له‌ Situation du cours de L’herméneutique du sujet به‌ وردبینی ڕوونووسی بۆ كردبوو، فوکۆ هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی كه‌ لێره‌دا له‌ زاری نیچه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئاكامگیری ده‌كات كه‌:«كه‌واته‌ گرفتی من ئه‌مه‌ بوو كه‌ له‌ ناڕوونییه‌كانی یه‌ك مرۆڤگه‌رایی، مرۆڤگه‌راییه‌كی زۆر ڕووكه‌ش له‌ تیۆره‌دا و زۆر ترسناك له‌ واقیعییه‌تدا، ڕزگار ببین؛ و هه‌روه‌ها گرفتی من ئه‌مه‌ بوو كه‌ گه‌ڕان به‌دوای فۆرمه‌كانی ناونشینی [immanence] سوژه‌ بخه‌ینه‌ شوێن پره‌نسیپی ترانسێندێنسی من [ego].» بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
F. Gros, »Situation du cours«, dans HG, p. 507.
[26]. Genealogy of the self
[27]. Theory of knowledge
[28]. epistemological historian
[29]. une histoire régressive
[30]. archaeological history
[31]. Cf. M. Foucault, »Entrtien avec Michel Foucault«, entretien avec J. G. Merquior et S. P. Rouanet, dans DE I, n 85, p. 1025-1026.
«له‌ [كتێبی] وشه‌كان و شته‌كاندا تێگه‌یشتم كه‌ سه‌ربه‌خۆ له‌ میژووی كلاسیكیی زانسته‌كان، میتۆدێكی تر ڕه‌خساوه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ شێواز و ڕێگه‌یه‌ك كه‌ كه‌متر ناوه‌ڕۆكی زانست و زۆرتر بوونی زانست له‌به‌رچاو ده‌گرێت؛ ڕێگه‌یه‌كی پشكنینی دراوه‌كان كه‌ نیشانی دام له‌ كولتورێكی وه‌ك كولتوری ڕۆژئاوادا، كرداری زانستی ده‌ركه‌وتنێكی میژوویی هه‌یه‌، بوون و گه‌شه‌ی مێژوویی هه‌یه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ هێڵه‌كانی گۆڕان-ـی تا سنوورێك- سه‌ربه‌خۆ له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌زموون كردووه‌. ده‌بێت به‌ كه‌نارخستنی گرفتی ناوه‌ڕۆك و ڕێكخستنی فۆرماڵیی زانست، بگه‌ڕێین به‌دوای ئه‌و هۆكارانه‌دا كه‌ زانست، به‌رمه‌بنای ئه‌م هۆكارانه‌، بوونی په‌یدا كرد یا، به‌رمه‌بنای ئه‌م هۆكارانه‌، زانستێكی ده‌ستنیشانكراو له‌ ساتێكی دیاریكراودا قۆناغ به‌ قۆناغ ده‌ركه‌وت و ژماره‌یه‌ك له‌ كاركرده‌كانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا له‌ ئه‌ستۆ گرت.»
[32]. techne
[33]. constraint
[34]. هه‌روه‌ها ته‌ماشای ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ده‌ستنووسه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی وتاری «سێكسواڵیته‌ و ته‌نیایی» بكه‌ن كه‌ فریدریك گرۆس له«Situation du cours»گواستوویه‌تییه‌وه‌: HS, p. 505.
[35]. مه‌به‌ستی فوکۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێت ئه‌گه‌ری ده‌ستنیشانكردنی ئه‌مه‌ی كه‌ ئێمه‌ چین یا كێین.
[36]. له‌ وانه‌ی ١٧ـی ژانویه‌ی ١٩٧٩ له‌ وانه‌وتاری له‌دایكبوونی بیۆ-سیاسه‌تدا، فوکۆ شیكارییه‌كانی له‌ژێر ناونیشانی «ڕه‌خنه‌یه‌كی سیاسی له‌ مه‌عریفه‌ت» جێ ده‌كاته‌وه‌، و ده‌ڵێت كه‌ «بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ شیكاركردن سوودێكی سیاسی هه‌بێت ده‌بێت ده‌رباره‌ی ڕسكانی هه‌قیقه‌ته‌كان یا ڕاپۆرتی هه‌ڵه‌كان نه‌بێت. […] پێم وایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا گرنگیی سیاسی هه‌یه‌ به‌ ڕاستی دیاریكردنی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كامه‌ سیسته‌می هه‌قیقه‌ت گوتن یا هه‌قیقه‌تبێژیی له‌ ساتێكی دیاریكراودا بونیات نراوه‌ […]. ئه‌مه‌ به‌ وردیی هه‌مان ئه‌و پنته‌یه‌ كه‌ تێیدا شیكاری مێژوویی ده‌توانێت سوودێكی سیاسی هه‌بێت.» بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ:
M. Foucault, Naissance de la biopolitique. Cours au Collége de France, 1978-1979, éd. M. Senellart, paris, Seuil-Gallimard, 2004, p. 37-38.
فوکۆ له‌ وانه‌ی ده‌ستپێكی وانه‌وتاری لۆوڤه‌یندا، به‌ وردبینییه‌كی زیاتره‌وه‌ ده‌په‌رژێته‌ سه‌ر ئه‌و شته‌ی كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به «فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌یی» ناوی ده‌برد و گرنگییه‌كی زۆری پێ ده‌دا، به‌ڵام هه‌روه‌ها ئه‌م چه‌مكه‌ گرێ ده‌دات به‌ شیكارییه‌كی فۆرمه‌كانی هه‌قیقه‌ت گوتن یا هه‌قیقه‌تبێژییه‌وه‌ و نه‌ك به‌ هه‌لومه‌رج و ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانی سوژه‌وه‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: MFDV, p. 9. كه‌واته‌، ڕه‌نگه‌ گونجاوتر بێت كه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ وتارێكی فوکۆ به‌ ناوی «سوژه‌ و ده‌سه‌ڵات». فوکۆ له‌م وتاره‌دا، پاش بیرهێنانه‌وه‌ی كانت و وه‌ڵامه‌كه‌ی كانت بۆ «ڕۆشنگه‌ری چییه‌؟»، ده‌یسه‌لمێنێت كه «ئه‌ركی فه‌لسه‌فه‌ واته‌ شیكاركردنی ڕه‌خنه‌یی جیهانێك كه‌ تێیدا ده‌ژین زیاتر و زیاتر گرنگی وه‌رگرت. ڕه‌نگه‌ كاربڕترین گرفتی فه‌لسه‌فه‌ گرفتی سه‌رده‌می هه‌نووكه‌یی و گرفتی چییه‌تیی ئێمه‌یه‌ له‌م ساته‌ تایبه‌ته‌دا. ڕه‌نگه‌ ئه‌مڕۆ ئامانجی بنچینه‌یی نه‌ك دۆزینه‌وه‌ یا كه‌شف، به‌ڵكه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ بێت كه‌ ئێمه‌ین. […] ده‌بێت به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ تاكێتییه‌ی كه‌ به‌ درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌ سه‌پێنراوه‌ به‌سه‌ر ئێمه‌دا، فۆرمه‌ نوێیه‌كانی سوبێكتیڤیته‌ پێك بهێنین.» بۆ ده‌قه‌كانی فوکۆ ده‌رباره‌ی «ڕه‌خنه» و ڕۆشنگه‌ری، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: DE II, n51, p. 106.
[37]. M. Foucault, Les mots et les choses, Une archéologie des sciences humaines, paris, Gallimard, 1996.
[38]. M. Foucault, Histoire de la folie à l’âge classique, paris, Gallimard, 1972 (première édition: folie et Déraison, Histoire de la folie à l’âge classique, paris, Plon, 1961); Naissance de la Clinique. Une archéologie du regardmédicale, paris, P.U.F., 1963; SP.
[39]. فوکۆ پڕۆژه‌ی مێژوویی سێكسواڵیته‌ی به‌ شه‌ش به‌رگ له‌ ١٩٧٦ به‌ ویستی مه‌عریفه‌ت ده‌ست پێ كرد؛ ئه‌و له‌ ساڵه‌كانی دواتردا شوێن ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌ زنجیره‌یه‌ك شوێنگۆڕكێی تیۆریكیی بنه‌ڕه‌تی و زه‌مه‌نی. به‌رگی دووه‌م و سێیه‌م كه‌ ته‌رخانه‌ بۆ سه‌رده‌می یۆنانی كۆن و سه‌رده‌می هیلینیستیی كۆن و ڕۆمیی دێرین، دواجار له‌ ١٩٨٤ چاپ كرا. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: SS و UP. به‌ڵام فوکۆ به‌ هۆی مه‌رگی ناوه‌ختییه‌وه‌ نه‌یتوانی به‌رگی چواره‌می پڕۆژه‌ی مێژوویی سێكسواڵیته‌ به‌ ناونیشانی Les Aveux de la chair[دانپێدانانه‌كانی جه‌سته‌] بڵاو بكاته‌وه‌.
[40]. J. Habermas, Connaissance et intérêt, Paris, Gallimard, 1976.
[41]. Semiotic techniques
[42]. بۆ پێشه‌كییه‌كی هاوشێوه‌ی تێگه‌ی ته‌كنیكه‌كان یا ته‌كنه‌لۆژیای خود، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: میشێل فوکۆ، «سێكسواڵیته‌ و ته‌نیایی»، conférence cit ., p. 989-990[و «ته‌كنیكه‌كانی خود» له‌: م. فوکۆ، شانۆی فه‌لسه‌فه‌، ل. ٥٠٥-٥٠٦]. فوکۆ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ وتاری ده‌ستپێكی وانه‌وتاری لۆوڤه‌یندا قسه‌ له‌سه‌ر سێ «جۆری گه‌وره‌ی ته‌كنه‌لۆژیا» (ته‌كنیكه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، ته‌كنیكه‌كانی نیشانه‌كان، ته‌كنیكه‌كانی ده‌سه‌ڵات/حكومه‌ت) ناكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ كاتی خستنه‌ڕووی ته‌كنه‌لۆژیاكانی سوژه‌دا جۆری چواره‌میش ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌م ته‌كنیكانه‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: MFDV, p. 12-13. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، فوکۆ «ته‌كنیكه‌كانی خود» وه‌ك هێڵی ڕاسته‌قینه‌ی ڕێنیشانده‌ری وانه‌وتاری 1980-1981 له‌ كۆلێژ دو فڕانس باس ده‌كات: فوکۆ، له‌ پوخته‌ی ئه‌م وانه‌وتاره‌دا، ئه‌م ته‌كنیكانه‌ وه‌ك ڕێوشوێنگه‌لێك پێناسه‌ ده‌كات «كه‌ پێشنیار ده‌كرێن بۆ تاكه‌كان تا شوناسیان به‌پێی ژماره‌یه‌ك له‌ ئامانجه‌كان دیاری بكه‌ن، بپارێزن یا بگۆڕن، و ئه‌مه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌روه‌ریی خود به‌سه‌ر خوددا یا مه‌عریفه‌ی خود بۆ خود [ناسینی خود له‌ ڕێگه‌ی خوده‌وه‌] ئه‌نجام ده‌درێت». هه‌روه‌ها فوکۆ له‌ پوخته‌ی ئه‌م وانه‌وتاره‌دا ده‌ڵێت كه‌ مێژووی ته‌كنیكه‌كانی خود ده‌توانێت «یه‌ك ڕێگه‌ یا شێوازی ڕێكخستنی مێژووی سوبێكتیڤیته» بێت، و ئه‌م كاره‌ «له‌ كولتوری ئێمه‌دا له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخستن و گۆڕانه‌كانی “په‌یوه‌ندیی خود له‌گه‌ڵ خود” هاوڕێ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی ته‌كنیكییان و كاریگه‌رییه‌كانی مه‌عریفه‌تیان» ئه‌نجام ده‌درێت. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: «سوبێكتیڤیته‌ و هه‌قیقه‌ت» له‌: SV, DE II, n 304, p. 1032-1033، «وانه‌ی بیست و پێنجه‌می مارس و سه‌ره‌تای نیسانی ١٩٨١». هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: UP, p. 16-17 كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا «ته‌كنیكه‌كانی خود» هاوتا و هاومانا ده‌بن به «هونه‌ره‌كانی بوون» و «جوانیناسیی بوون [existence]».
[43]. government
[44]. Governing people
[45]. له‌ ١٩٧٨ به‌دواوه‌، گریمانه‌ی «حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن» ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی له‌ تێڕامانی فوکۆدا هه‌بوو، و فوکۆ ئه‌م ڕۆڵه‌ی تا كۆتاییی ته‌مه‌نی پاراست. ئه‌و، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م گریمانه‌وه‌، فۆرمێكی له‌ ڕووی مێژوویییه‌وه‌ تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، واته‌ فۆرمی «حكوومه‌تمه‌ندی»، ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ له‌ نێوان سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌م و هه‌ژده‌یه‌مدا ده‌ركه‌وت، و هێشتا تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌یه‌؛ فۆرمێكی ده‌سه‌ڵات «كه‌ ئامانجه‌ بنچینه‌یییه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ر، فۆرمی ئاسایی مه‌عریفه‌ته‌كه‌ی ئابووریی سیاسی و ئامڕازی تاقانه‌یییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی ده‌زگاكانی ئاسایشه». بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: STP, p. 111-112. به‌ڵام، بۆ فوکۆ، گریمانه‌ی حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن هه‌روه‌ها ڕێڕه‌وێكی شیكارییه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ خودی چه‌مكی ده‌سه‌ڵات پێناسه‌ ده‌كرێته‌وه‌: «پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات بریتییه‌ له‌ “ڕێنماییی ڕه‌فتاره‌كان” و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌گه‌ره‌كان. له‌ بنچینه‌دا ده‌سه‌ڵات كه‌متر له‌ جۆری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان دوو ڕكابه‌ره‌ یا ده‌رگیریی نێوان ئه‌م دوو ڕكابه‌ره‌یه‌، به‌ڵكه‌ له‌ جۆری “حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن”ـه‌. ده‌بێت مانایه‌كی زۆر به‌ربڵاو بده‌ینه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌مدا هه‌یبوو. […] حكومه‌ت (یا به‌ڕێوه‌بردن، حكوومه‌تكردن، حوكمڕانیكردن) له‌م مانایه‌دا پێكهاته‌به‌خشینه‌ به‌ هه‌رێمی ئه‌گه‌رداری كرده‌ی ئه‌وانی تر. كه‌واته‌، شێوازی تایبه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات نه‌ك له‌ لایه‌نی توندوتیژی و كێشمه‌كێش یا له‌ لایه‌نی په‌یماننامه‌ و په‌یوه‌ندیی ویسته‌كی (كه‌ ته‌نها ده‌توانێت به‌ لایه‌نی زۆره‌وه‌ ئامڕازه‌كانی په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات بێت)، به‌ڵكه‌ ده‌بێت له‌ لایه‌نی شێوازی تاقانه‌ی كرده‌وه‌- كه‌ نه‌ جه‌نگییه‌ نه‌ یاسایی و حقوقی- واته‌ له‌ لایه‌نی حكومه‌ته‌وه‌ بگه‌ڕێین به‌ شوێن په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتدا.» بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: میشێل فوکۆ، «سوژه‌ و ده‌سه‌ڵات». هه‌روه‌ها بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: GV, p. 13-14 و MFDV, p. 12. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، به‌و جۆره‌ی كه‌ فوکۆ له‌م وتارانه‌دا نیشانی ده‌دات، گریمانه‌ی حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری جومگه‌به‌ندیی ڕوانگه‌ی سیاسیی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ڕوانگه‌ی «ئه‌خلاقی»ـی ته‌كنیكه‌كانی خود ده‌دات؛ و به‌م شێوه‌یه‌، ڕێگه‌یه‌ك به‌ ڕووی شیكاریگه‌لێك ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌ڕێوه‌بردنی خود و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌وانیتر ده‌كاته‌وه‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: میشێل فوکۆ، «سوبێكتیڤیته‌ و هه‌قیقه‌ت»، résumé cit., p. 1033 ; HS, p. 34-40؛ [وتاری «ته‌كنیكه‌كانی خود» له‌: م. فوکۆ، شانۆی فه‌لسه‌فه‌، ل. 506]، «ئه‌خلاقی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی خود وه‌ك كرداری ئازادی» و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هـ. بیكێر، ر. فۆرنێ و گومز-موله‌ر له‌ DE II, n 336, p. 1547-1548.
[46]. governor
[47]. Complementarity ته‌كمیلكردن:
[48]. »Discipline«
[49]. the art of governing
[50]. Freudian schema
[51]. self-technology
[52]. the government of self
[53]. مه‌به‌ست له‌ تێگه‌ی بنچینه‌ییی وانه‌وتاری 1979-1980یه‌ له‌ كۆلێژ دو فڕانس‌: «بۆچی و به‌ چ شێوه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر قووڵ بوونی هه‌یه‌ له‌ نێوان پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركی ئه‌وه‌ی كه‌ تاكه‌كان خودی خۆیان له‌ ته‌كنیكه‌كانی ئاشكراكردنی هه‌قیقه‌ت، له‌ ڕێوشوێنه‌كانی هه‌قیقه‌تنوێنیی [aléthurgie] زه‌رووریی ده‌سه‌ڵاتدا، بكه‌نه‌ كرده‌گه‌رایه‌كی بنچینه‌یی؟» بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: GV, p. 79.
[54]. فوکۆ له‌ گفتوگۆی دوای وانه‌ی 29ـی نیسانی 1981 له‌ وانه‌وتاری لۆوڤه‌ین، زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م گۆڕانه‌ ده‌كاته‌وه‌، گۆڕانێك كه‌ له‌ دیدی ئه‌ودا نیشانده‌ری داهێنانێكی واقیعی «دابڕان»ێكه‌ له«مێژووی سوبێكتیڤیته‌ی ڕۆژئاوایی». ئه‌و ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ «پابه‌ندبوون به‌ ناسینی خود لای مه‌سیحییه‌كان له‌ gnôthi seauton]خۆت بناسه[ـه‌وه‌ دانه‌ڕێژراوه»، چون ئامانجی ته‌كنیكه‌ مه‌سیحییه‌كانی خود دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تدا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی (به‌و جۆره‌ی كه‌ بۆ سوكرات و ئه‌فڵاتون به‌م چه‌شنه‌ بوو)، به‌ڵكه‌ زیاتر دامه‌زراندنی یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تی تایبه‌تی تاك، له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تی خود و به‌ تایبه‌ت ده‌رباره‌ی گوناهـ. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: MFDV, p. 114. هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ: گفتوگۆی میشێل فوکۆ له‌گه‌ڵ ژ.ف. و ژ. دو ڤیت له‌ DE II, n349, p. 1477-1478.
[55]. hermeneutics of the self
The post سوبێكتیڤیته‌ و هه‌قیقه‌ت appeared first on ژنەفتن.
لەبارەی “مارکی دو‌ ساد”ەوەساد بۆچی ده‌ینووسی؟
ڕووبەرگی دوانزەیەمین کتێبی ئەلیکترۆنی ماڵپەری ژنەفتن
ئه‌م ده‌قه‌ بریتییه‌ له وتارێكی‌ ئیدیتكراوی فوكۆ كه‌ له‌ كۆنفرانسێك كه‌ لەلایه‌ن زانكۆی بوفالو له‌ نیویۆرك له‌ مارسی ١٩٧٠دا ڕێكخرا بوو، پێشكه‌شی كردووه‌. له‌و ساڵه‌دا به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی فره‌نسی زانكۆی ناوبراو فوكۆیان بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی فره‌نسی داوه‌ت كردبوو. فوكۆ له‌ ڕۆژی دووه‌می كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌ دوو به‌ش قسه‌ی له‌سه‌ر “ماركی دو ساد”، یاخود باشترین بڵێین له‌سه‌ر ڕۆمانی ژوستینی ساد كرد. له‌ به‌شی یه‌كه‌می وتاره‌كه‌یدا فوكۆ باسه‌كه‌ی ته‌رخان كردووه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان هه‌قیقه‌ت و ئاره‌زوو لای ساد به‌گشتی و، به‌تایبه‌ت له‌ ڕۆمانی ژوستین؛ له‌ به‌شی دووه‌میشدا سه‌رقاڵی شیكاری مه‌سه‌له‌ی “گوتار‌”ە لای ساد. له‌م ده‌قه‌دا فوكۆ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ساد وه‌ك دامه‌زرێنه‌ری ئه‌ده‌بی مۆدێرن ده‌زانێت له‌  هه‌مان كاتیشدا وه‌ك فه‌یله‌سووفێك پیشانی ده‌دات، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاوازتر بۆ ساد ده‌خاته ‌ڕوو، واته‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی خوێندنه‌وه‌ باوه‌كانی تر ساد له‌ چوارچێوه‌ی مه‌سه‌له‌ی سێكسوالیتێ و لادانی سێكسی و ئه‌خلاقی قه‌تیس ناكات و هه‌وڵ ده‌دات به‌ ئه‌رگۆمێنت بیسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ی ساد و كۆی جیهانبینیی ئه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ مه‌سه‌له‌ی “سێكسوالیتێ”ەوە‌ نییه‌، ته‌نانه‌ت فوكۆ خوێندنه‌وه‌كانی فرۆید و هێربێرت ماركۆزه‌یش له‌مه‌ڕ ساد به‌ لاڕێبردن ده‌زانێت و پێی وایه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش له‌ تێگه‌یشتن له‌ ساد كه‌وتوونه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌. فوكۆ له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌دات ساد وه‌ك سه‌رچڵ و ترۆپكی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری بزانێـت، كه‌سێك كه‌ به‌ بۆچوونی ئه‌و كۆی گوتاره‌ باوه‌كانی پێش خۆی سه‌باره‌ت به‌‌ مۆراڵ و ئۆنتۆلۆژی و تیۆلۆژی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. بلانشۆ ده‌ڵێت “نووسه‌ر كه‌سێكه‌‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو ده‌نگ‌ و فرمانه‌ دژواز و پارادۆكسه‌كان ببیستێت و،  ببێت به‌ دژی خۆی و،  له‌ كاتی سه‌لماندنی خۆیدا، خۆی نه‌فی بكاته‌وه‌، نووسه‌ر به‌ بۆچوونی ئه‌و كه‌سێكه‌ له‌پێناو ڕزگاربوونی جیهان ده‌بێت خۆی ببێت به‌ چاڵێكی تاریك و له‌پێناو پاساودانی “بوون” لێگه‌ڕێ شتێك بێته‌گۆ و بدوێ كه‌ بوونی نییه”‌. به‌رهه‌م و گوتاری سادیش ڕێك له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی به‌ گوژمی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بوو كه‌ به‌ ناوی عه‌قڵانیه‌ته‌وه‌ سه‌پێنرابوو،‌ ئه‌نجامه‌كه‌شی زیندانیكردن و سووتاندن و قه‌ده‌غه‌كردنی به‌رهه‌مه‌كانی لێ كه‌وته‌وه‌، سیستمێك كه له‌‌ ڕێگای گوتاری عه‌قڵه‌وه‌‌ سادی وه‌ك شێت ڕاپێچی زیندان ده‌كرد و به‌رهه‌مه‌كانیشی ده‌سووتاند، به‌ڵام ساد‌ له‌ هه‌مان كاتدا له ‌ڕێگای‌ نه‌فیكردنی خۆی هه‌وڵی ده‌دا خه‌ونی ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و زاڵبوون به‌سه‌ر سروشت و مرۆڤدا به‌دی بهێنێـت، واته‌ ئه‌و شته‌ی كه‌ هه‌مان سیستمی عه‌قڵانی به‌سه‌ر ئه‌وی سه‌پاندبوو. ساد خۆی وه‌ك سروشتگه‌رایه‌كه‌ی ده‌سه‌پێنت كه‌ له‌ودیوا چاكه ‌و خراپه‌یه‌ و، داكۆكی له‌و ئه‌خلاقه‌ی ژولیه‌ت ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای خراپه ‌و چێژه‌ بۆ نه‌فیكردنی گوتاری باڵاده‌ست و خستنه‌ڕووی گوتاری به‌دیل.
ئەم کتێبە، ماڵپەڕی ژنەفتن وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاوی کردووەتەوە. (دەتوانن لەسەرەوە لە دوگمەی داگرتنی کتێب ئەم کتێبە دابگرن.
ئەمریكادۆزیى تێكست
( ١ )
دواى سى ساڵ زیاتر لە بەكارهێنانى بەرفراوانى وشەى “ڕەخنە” Critique لە ئەدەبیاتى نووسینى ئێمەدا، هێشتایش ماناى ئەم چەمكە ساكار و نەخەمڵیو ماوەتەوە؛ ڕەنگە گرنگترین هۆكار ئەوە بێت كە لە ماوەى ئەو ساڵانەدا ڕەخنە لە كولتوورى زارەكیى ئێمەدا بە پرۆسەیەكى درێژى بەدەنگكردندا تێپەڕیووە كە دەرەنجام بەبێ ئەوەى لە كایەى فیكردا بەرەو گەشەكردن و میتۆدیزەبوونى زیاتر بڕوات، وەزیفەیەكى دەروونى لە قسەى زارەكیدا وەرگرت و وەك پەرچەكردار بەرامبەر بێدەنگكردنێك كە دەسەڵاتى كوردى دەیسەپاند، بوو بە زاراوەیەكى باو لەسەر زمانى خەڵكى ئاسایى، بەم هۆیەوە بە شێوەیەكى ئۆرگانیكى تێكەڵ بوو بە زمانى كڵێشەیى میدیاى پۆپۆلیستى و ماناكەى تەواو لە كایەى نووسین، كە بە بڕشتترین زەمینەیەتى، دوور كەوتەوە. ئەم مانا گشتى و ڕەشۆكییەى ڕەخنە پتر لە “گازاندە”، “ڕادەبڕین”، “دەردەدڵ”، “خاڵیبوونەوەى دەروونى” و هی ترەوە نزیكە كە بە گریمانەیى پەیوەندیى بە دۆخى ستەمكارى و ناعەدالەتییەوە هەیە، بەرهەمى پەیوەندییەكانى چەوساندنەوەیە لەنێوان “دەسەڵات/ كۆمەڵگە”، “حاكم/ خەڵك”ـدا. وەها مانایەك لە دواى ڕاپەڕین لە كایەى ڕۆشنبیرییەوە چووە نێو گوتارى عامییەوە و جۆرێك شكستى ئەو شتە بوو وا پێی دەوترێت “بەخشینى زمان بە چەوسێنراوان”.
فەلسەفە دژە-نواندنەوەكان anti-representation، لایان وایە نوێنەرایەتیكردن لە هەموو فۆڕمەكانیدا (چ نوێنەرایەتیى خودا بێت لەلایەن كەشیش و مەلایانەوە، یان نوێنەرایەتیى موتڵەق بێت لەلایەن پاشا و حاكمانەوە، نوێنەرایەتیى چینى كرێكار بێت لەلایەن حزبى ئاڤانگاردەوە، نوێنەرایەتیى خەڵك بێت لەلایەن پەرلەمانەوە، نوێنەرایەتیى گەل بێت لەلایەن گوتارى ناسیۆنالیستى یان ڕابەرى فاشیستییەوە؛ یاخود بەگشتى نوێنەرایەتى حەقیقەت بێت لەلایەن ئایدیاوە) خۆى بەشێكە لە چەوساندنەوە و هێندەی تر بێدەنگی بەسەر نوێنراواندا دەسەپێنێت. كەواتە ئەركى فەلسەفە و ڕەخنە ئەوەیە لەبریی دووان لەبرىیی ئەوانی تر و داڕنینى شەرعییەت بۆ گوتارى خۆیان لە ئازارى چەوسێنراوانەوە، بەشدار بن لە سازكردنى زەمینەى ئەوەى چەوسێنراوان، دوورخراوان، سەركوتكراوان خۆیان و بە ناوى خۆیانەوە بدوێن. تەنانەت فوكۆ هەوڵى بۆ ئەوە دا، نەك تەنیا ئەوانەى كە هۆشیارن و دەتوانن لۆژیكى بدوێن، بدوێن، بەڵكوو شێت و نەخۆش و زیندانییەكانیش بێنە قسە و بە زمان و زاراوەى خۆیان گوتاریان هەبێت؛ بێ ئەوەى ئەمە دووان بێت لەسەر قەرەوێڵەى دەروونشیكار (وەك لادەرى سێكسى)، یان لە كلینیكى دكتۆر (وەك نەخۆش)، یان لە بەردەم لێكۆڵەرى تاواندا (وەك تاوانبار). دۆلوز ئەو مافە لە پارێزەریش وەردەگرێتەوە كە لەبریى تاوانبار قسە بكات، لەبریی ئەوە ئەركى پارێزەر لەوەدا كورت دەكاتەوە دەرفەت بۆ ئەوە بڕەخسێنێت دەنگى ئەو كەسەى بە تاوانبار دانراوە، ببیسترێت. لە دواى ڕاپەرین و دروستبوونى دەسەڵاتى شلۆقى خۆماڵییەوە دەسەڵاتداران و خەڵك لێكترازان، ئیدى چاڵى دابەشبوونێكى بێپێشینە دەمى كردەوە؛ یەكەمیان بوو بە چەوسێنەر و دووەمیان بە چەوسێنراو (گەرچى پەیوەندییەكە لەم لۆژیكە تاكڕەهەندە ئاڵۆزترە). سەرەتا دەبوو چەوسێنراوان بێنە دەنگ، بەڵام نەیاندەزانى بە چ زمانێك خۆیان دەرببڕن. كایەى ڕۆشنبیرى، لە ڕێگاى ڕۆژنامەگەریى سەربەخۆ و ئەهلییەوە (بەتایبەتى هاووڵاتى و ئاوێنە و لڤین لە دەیەى یەكەمى دووهەزاردا)، شێوە زمانێكى پێبەخشین، واتە دەرفەتى ئەوەى بۆ ئاوەڵاكردن وتەى پەرشوبڵاوى گروپە كۆمەڵایەتییەكان كەمێك خۆیان كۆ بكەنەوە و كاریگەرتر بەرانبەر گەندەڵى و ستەم بێنە قسە، بەڵام ئەم زمانە لەلایەك وەك پێویست تۆكمە و بەبڕشت نەبوو، لەلایەكى تر لە ململانێى سیاسیى “پارتى و یەكێتى” و “دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن”دا لە هەموو پۆتێنشیەڵەكانى بەتاڵ كرایەوە. ئەم زمانە ناونرا “زمانى ڕەخنە”، كە هاوكات بوو لەگەڵ گۆڤارى “سەردەمى ڕەخنە”ى دواى گۆڤارى ڕەهەندەددا. مەبەستیش لەم زمانە ڕەخنەگرتن لەو كارخراپییە بوو كە ناو نراوە “حكوومەتى هەرێم”. هەر لەم كاتەدا زاراوەى “ڕەخنە” بەرەبەرە دەخزایە نێو كایەى میدیاى بینراو و بیستراوى ئۆپۆزسیۆنى پۆپۆلیستییەوە كە گوایە دەنگى خەڵكـیان دەگەیاند؛ هەمووان بڕوایان بەوە هێنا ڕەخنە ئەوەیە كە كەموكورتییەكانى حكوومەت دەربخەیت و بێ ترس هەموو شتێك بڵێیت. بەڵام چەندە دەوترا نەدەبیسترا؛ لەو كاتەوە لایەك هەر دەڵێت، تووڕە دەبێت، هاوار دەكات، دەپاڕێتەوە، داوا دەكات و لایەكەى تر هەر نایبیستێ و نایبیستێ.
پاراڵێڵ بەم زارەكیبوونەوەى ڕەخنە، پرۆسەى بە نووسینكردنى ڕەخنەى زارەكییش دەستى پێ كرد كە تێیدا كایەى نووسین بوو بە ڕەنگدانەوەى كایەى وتن؛ پیت بوو بە پاشكۆى دەنگ. لاى دێریدا نووسین لە جەوهەرى خۆیدا جیاوازە لە دەنگ؛ نووسین نووسینەوەى قسە نییە، بەڵكوو مومارەسەیەكى سەربەخۆى دەربڕینە كە لۆژیك و كەرەستە و مەرجى جودا لە هى قسەى هەیە؛ لەگەڵ ئەم جیاوازییەدا نووسین جیادوازیdifféranceـیشە خۆى كایەى بەرهەمهێنانى جیاوازییشە كە بەردەوام هەر وتنێكى پڕ مەدلول دوا دەخات. كایەى نووسینى ئێمە، دواى ئەوەى بەم پێچە دوو لۆچەى زارەكیبوونەوەدا تێپەڕى، بەتایبەتى دواى بڵاوبوونەوەى سۆسیال میدیا، بووە بە كایەیەكى دەنگەوەر، شوێنى وتن دەكەوێت؛ واتە فۆڕمێكى وەرگرتووە كە هەڵچوون و بێئارامى و دەرپەڕاندنى قسە لە سیفەتە سەرەكییەكانین و هاوكات مژدەى حزوورى مەدلول دەدات. لەم بەزارەكیبوونەوەیەدا زەبرى هەرە گەورە پێش هەر شتێكى تر بەر خودى ڕەخنە كەوت. ڕەخنە تێیدا، تەنانەت لە كایەى نووسینیشدا، بوو بە “وتن”، بە وتنەوە، بە وتنى بێ هەوانتە. بە جۆرێكی تر بیڵێین: ڕەخنە بوو بە زۆرووتن، بە زۆربڵێیى. لەو كاتەوە كەسانێكى دەگمەن هەبوون سەرنجى ئەوە بدەن كە زۆرووتن لەپێناو وتنى هەموو شتێكدا، جیاوازە لە وتنى هەموو شتێك لە كەمووتندا. لە یەكەمیاندا زمان لە خۆڕا مەسرەف دەكرێت؛ لە دووەمیاندا ئابووریى زمان هەیە. وێڕاى ئەمەیش مەرجى ڕەخنە تەنیا نووسین نییە؛ هەروەها زوهدى یەكجارەكیش نییە؛ بە پێچەوانەوە، ڕەخنە لە هیچ بارێكدا خۆى لە وتن بۆ جودا ناكرێتەوە؛ كەواتە ئەمە چ وتنێكە؟ ئەوەیە كە لە چەمكى پارێزیادا لەخۆگیراوە؛ هەمان ئەو چەمكەى میشێل فوكۆ بە وردى كارى لەسەرى كردووە.
ژاک دێریدا (١٩٣٠-٢٠٠٤) فەیلەسووفی فەڕەنسی
( ٢ )
فوكۆ وانەوتارەكانى ساڵى ١٩٨٣-١٩٨٤ى خۆى لە كۆلێژ دو فرانس تەرخان دەكات بۆ لێكۆڵینەوەى ژینالۆژیى ئەم چەمكە. بە بڕواى ئەو پارێزیا parrhēsia، بە گەڕانەوە بۆ ئەسڵە یۆنانییەكەى، واتا ڕاشكاوى و سەراحەت؛ واتە وتنى هەموو شتێك، بەبێ شاردنەوەى هیچ بەشێكى ئەو شتەى كە دەوترێت؛ بەڵام ئەمە هەندێك مەرجى هەیە، بنەڕەتیترینیان ئەوەیە كە دەبێت وتن لە دەورى حەقیقەت بسووڕێتەوە؛ وتنى هەموو شتێك لە پەیوەندیدا بە حەقیقەتەوە، بە حەقیقەتێكەوە كە قەسە نەك تەنیا بشاررێتەوە، بەڵكوو قۆرخیش بكرێت. بەم جۆرە وتنى حەقیقەت دەبێتە جۆرێك ڕیسك، ڕیسككردنى كەسى قسەكەر بە ژیانى شەخسى خۆیەوە؛ لێرەوە پارێزیا واتە بوێرى بۆ وتنى حەقیقەت (Foucault: The Politics of Truth, P. 11-13).
بەگوێرەى شیكاریى فوكۆ، پارێزیا پەیوەندییەكى جەوهەری بە دیموكراسییەتەوە هەیە كە فەزاى قسەكردن دەستەبەر دەكات؛ وەها پەیوەندییەكى جەوهەرى بە ئاڵۆزییەكى تەبایى و ناكۆكیدا تێدەپەڕێت: لەلایەك دیموكراسییەت مافى قسەكردن بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت. لێرەدا مادام هەمووان دەتوانن بە ئازادى بدوێن، كەواتە هیچ مەترسییەك بۆ خودى كەسەكان لە ئارادا نییە، بەڵام دیموكراسییەت دەبێتە جۆرێك ژاوەژاو. لەلایەكی تر گەر هەمووان قسە بكەن، مەرج نییە هەمووان حەقیقەت بڵێن؛ بە پێچەوانەوە، زۆر هۆكار هەن وا دەكەن قسەكردن ببێت بە ڕیتۆریك، سەفسەتە، دۆگم؛ بەو مانایە تەنیا بەشێك لەوەى دەوترێت لەگەڵ حەقیقەتدا لە پەیوەندیدایە، یاخود تەنیا بەشێكى قسەكەران پەیوەستن بە حەقیقەتەوە. لێرەوە پارێزیا مومارەسەیەكى تاڕادەیەك نوخبەیى دەكەوێتەوە و لەگەڵ دیموكراسییەتێكى پۆپۆلاردا تەبا نییە؛ تەنیا وتنێك نییە بە شێوەى بەلاغە و سەفسەتە، بەڵكوو وتنى حەقیقەتێكە كە دەبێتە ڕیسك و مەترسى بۆ سوبێكتى قسەكەر؛ گەر وەها مەترسییەك لە گۆڕێدا بێت بەو مانایەیە ئەو فەزایەى حەقیقەتى تێدا دەوترێت دیموكراسى نییە. لێرەدا بە پێچەوانەوانەى لایەنى یەكەمەوە، كە پارێزیا ویستى جودابوونەوە بوو لە دیموكراسییەتى قسەكردن بۆ هەمووان، دەبێتە ویستى ڕەخساندنى زەمینەى دیموكراسییەت بۆ وتن، بۆ وتنى حەقیقەت، دژ بەو لایەنەى كە دەیەوێت مافى قسەكردن زەوت بكات؛ پارێزیا دەبێتە مومارەسەكى دیموكراتییانەى وتن (Ibid, P. 35-39).
مەرجى ئەم ڕیسكەى وتن لە پارێزیادا (كە تەواوكەرى مەرجەكەى سەرەوەیە) ئەوەیە كە بەربێژ هەبێت، بیسەر هەبێت. دەكرێت لەم بابەتەدا بیسەر لە دوو كاتیگۆریى سادەدا پۆلێن بكەین: یەكەمیان ئاڵنگارە؛ ئەو كەسەى تەحەدا دەكات و بۆ نموونە لە دادگا یان لە فەزایەكى گشتیدا دژە ئەرگومێنت دەخاتە ڕوو، واتە كەسێكە بەردەوام بۆچوون و بەڵگەى قسەكەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە تاوەكوو حەقیقەت بۆ ڕوونترین ئاستى سەلماندن بەرز بكاتەوە. بەڵام ئەگەر لێرەدا بەربێژ دەسەڵات یان دەوڵەت بێت و حەقیقەتەكەیش ناكۆك بێت لەگەڵ ئەوەدا كە دەوڵەت دەیخوازێت و دەیخاتە ڕوو، ئەوا پارێزیا دەبێتە جۆرێك توندوتیژى دژ بە دامەزراوەكانى دەوڵەت؛ لە بەرانبەردا بە ئەگەرى زۆر دەوڵەتیش بە توندوتیژى وەڵام دەداتەوە؛ ئەمەیش ڕیسكە بۆ ژیانى قسەكەر. ئەوەى ڕۆڵى هەیە لەوەى ئەم تەحەدا و ڕیسكەوەك گرەوێك لەپێناو حەقیقەتدا ببینرێت، جۆرى دووەمى بیسەرە كە جۆرێك شاهیدە. بیسەر شاهیدە لەسەر ئەو ڕیسكەى كە قسەكەر لەپێناو دەرخستنى حەقیقەتدا بە ژیانى خۆیەوە دەیكات؛ گەر ویستێك بۆ سەركوت و بێدەنگكردن لەلایەن دەوڵەتەوە هەبێت، شاهید ڕەوایەتیى دەزگاى پەیوەندیدار دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەم جۆرە شار وەك شارى دیموكراسى هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام یۆنانییەكان لەبەر ئەوەى شانازییەكى گەورەیان بە دامەزراوە دیموكراسییەكانیانەوە دەكرد و پاراستنیان بە ئەرك دەزانى، هەرگیز نەیاندەویست ڕۆڵى پارێزیا و بیسەرەكەى وەلا بنێن؛ چونكە ئەمە دەبوو بە مەرگى دامەزراوەكانى خۆیان. ئێستا گەر ئێمە ئەم پەیوەندییەى پارێزیا بە دیموكراسییەت و حەقیقەتەوە وەك جۆریك مومارەسەى وتن و بیستن، گۆیا1 و شاهید، لەبەرچاو بگرین، ئەوا چیتر ڕەخنە بە واتاى زۆربڵێى، ژاوەژاو، پرتەوبۆڵە، گازاندە، داواكارى، سەفسەتە نییە؛ بەڵكوو داكۆكیكردنە هەم لە حەقیقەت، هەم لە زەمینەى وتنى حەقیقەت 2؛ لە بارێكدا كە بە نەووتن حەقیقەت پاشەكشە دەكات، یان دەشاررێتەوە.
ڕەخنە بە واتاى زۆربڵێى، ژاوەژاو، پرتەوبۆڵە، گازاندە، داواكارى، سەفسەتە نییە؛ بەڵكوو داكۆكیكردنە هەم لە حەقیقەت، هەم لە زەمینەى وتنى حەقیقەت؛ لە بارێكدا كە بە نەووتن حەقیقەت پاشەكشە دەكات، یان دەشاررێتەوە.
( ٣)
گەر فەزاى ڕۆشنبیرى كەمێكیش خۆى لە مانا ساكارەكەى ڕەخنە لاى خەڵكى ئاسایى جودا كردبێتەوە، هێشتا لە دێرینترین و باوترین تێگەیشتن لە ڕەخنەدا ماوەتەوە، كە بەكارهێنانى ڕەخنەیە وەك “پێوانەسازیى حوكم”. ڕەخنە لەم بەكارهێنانەدا بریتییە لە پێوانەى دیاریكردنى چاك و خراپ، بەرز و نزم، هەڵە و ڕاست. ڕەخنە تواناى دەستنیشانكردنى هەڵەیە لە تێكستێكى تیۆرى، ڕێسایەكى ئاكارى، مەرجێكى كۆمەڵایەتیدا، تاوەكوو ئەم “هەڵە”یە لە تێگەیشتنێكى بەرزتر، كامڵتر، ڕەسەنترەوە نەفى بكات. كەواتە نزیكایەتیى وشەى پێودانگ Criteria لە وشەى ڕەخنە Critiqueـەوە ڕێكەوت نییە. وشەى “krites“ى یۆنانى كە لە هەردووكیاندا هاوبەشە، بە واتاى “حوكم” دێت. Kriterion پێودانگ و پێوەرەكانى پێوانەكردنى شتێكە تاوەكوو حوكمێكى لەبارەوە بدرێت. Critique حوكمێكە بەپێى پێودانگەكان. كەواتە گەر لە كایەى نووسین و تێكستدا باس لە ڕەخنە بكەین، دەبێت بڵێین ڕەخنە پراكتیزەكردنى ڕستێك پێوەر و بەهایە بەسەر دەقدا بۆ ئەوەى “ڕەوایەتى” و “دروستى” بەرهەمێك یان بەشەكانى بەرهەمێكى پێ هەڵبسەنگێین و لەسەر بنەماى ئەم هەڵسەنگاندنە حوكمێكى لەبارەوە بدەین.
ئەم تێگەیشتنە، كە لە مێژووى فیكرى ڕەخنەییى ڕۆژئاواییدا خۆى بووەتەوە بە بابەتى ڕەخنە و بە بەدگۆڕانى زۆردا تێپەڕیووە، كۆمەڵێك كێشەى تێدا كەشف كراوە، لەوانە: ١) جیاكردنەوەى ڕەخنە و تێكست لە یەكترى و پۆلێنكردنیان لە دوو پێگەى جیاوازدا: ڕەخنە هەمیشە دەسەڵاتێكى بەرزترى لە تێكست هەیە، دەتوانێت لە سەرووى تێكستەوە، قسە بكات. ٢) كورتكردنەوەى پرۆسەى بیركردنەوە، چەمكسازى، زمان، ستایل لێڵییەكان لە حوكمدا.  ٣) زۆربەى ئیمكانە ناوەكى و  دەرەكى، واقیعى و ڤێرتوێلییەكانى دەق فەرامۆش دەكات و تەنیا یەك ڕەهەند، یەك مانا، یەك تەفسیرى بەسەردا دەسەپێنێت (بۆ نموونە سادەكردنەوەى نیچە لە نازیبووندا). ٤) حوكم خۆى هەرگیز نە پەتییە نە پاكژ؛ دەكرێت حوكمى نەریتى، ئایدیۆلۆژى، سیاسى بێت بۆیە یان مەحكومكردنى تێكستە، یانیش پەڵپە بە تێكست لەو دۆخەدا كە ساغكردنەوەى حوكمێك، بە هۆى ناڕوونییەكانى دەقەوە، مەحاڵ بێت. ٥) ڕەخنە وەك حوكمدان ناتوانێت گەرەنتیى ئەوە بكات كە نەگۆڕدرێت بۆ بێ ئینسافى و تەعەسوف، چ لەسەر بنەماى كەمتەرخەمى، كەمزانیارى، سەتحیبوونى ڕەخنەگر، یانیش بە فەرامۆشكردنى ئەنقەست، كە لەم بارەدا هەر بە زۆرەملێ حوكم لەسەر تێكست و نووسەر دەدرێت. بۆ نموونە دەكرێت ڕەخنەگرێك ئەوە بسەلمێنێت لە شیعرى  شێركۆ بێكەسدا سروشتگەراییەكى ناسیۆنالیستى بوونى هەیە، بەڵام كۆمیدى دەكەوێتەوە گەر ستایشى دارستان لاى فاشیستەكانى ئەڵمانیا بكەین بە پێوەرێك بۆ زاراوەى دارستان لە شیعرى شێركۆدا تاوەكوو حوكمى ئەوە بدەین كە شێركۆ فەرهەنگى خۆى لە زمانى فاشیستەكانەوە داڕشتووە.
میشێل فوکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤) فەیلەسووفی فەڕەنسی
جودیت باتلەر لە نووسینێكیدا بە ناوى ڕەخنە چییە؟ وتارێك دەربارەى فەزیلەتى فوكۆ ئەوە پیشان دەدات كە فوكۆ سروشتى ڕەخنەى لە “پێوەرى حوكمدان” لەسەر تێكستەوە گۆڕى بۆ ڕەخنە وەك مومارەسە لە ژیاندا؛ گەر بڕیارە لەم مومارەسەیەدا پێوەرێك هەبێت، ئەوا تەنیا ئەوەیە كە دەتوانین لە كانتەوە هەڵیگۆزین: نە حوكم بكرێیت و نە حوكم بكەیت؛ سوبێكتى ئەوانی تر نەبیت یان ئەوانی تریش نەكەیت بە سوبێكت، بە هەردوو ماناكەى ئەم چەمكە كە “ملكەچى” و “سەردارى بەسەر ئوبێكتدا”یە. لەبریى ئەمە، ڕەخنە بریتییە لە سوبێكتسازیى خودێك كە شەرعییەتى دەسەڵات بخاتە ژێر پرسیارەوە (Butler: What is Critique? 2011). ئەمە كاركردێكى هەرە پارادۆكسیكاڵى ڕەخنەیە. ڕەخنە ئەوەیە كە تواناى ئەوەت پێ بدات بێ بیركردنەوە دەسەڵات قبوڵ نەكەیت؛ لەوانە دەسەڵاتى نووسەر لەسەر دەق، یان دەسەڵاتى ڕەخنەگر لەسەر تێكست. گەر ڕەخنە وەك دەسەڵات بەسەر دەقدا پراكتیزە بكرێت، كەواتە ڕەخنەیەكى تر هەیە، كە لە خودى ڕەخنەلێگیراوەوە دێت، ئەویش ئەوەیە ملكەچى دەسەڵاتى ڕەخنەگر نەبێت. لە بارێكدا ڕەخنە پێوانە و حوكم بێت بۆ گرتنى ناوەڕۆكى دەق، دەق دەكشێتەوە؛ ئەمە جەوهەرى ئەدەبیاتە لاى مۆریس بلانشۆ. لەم ڕوانگەیەوە تێكست ڕووبەرێكە بۆ موماسەرەى بەردەوامى ڕەخنە؛ لە سەرووى ڕەخنەوە نییە، ڕەخنەیش لە سەروویەوە نییە، بەڵكوو خۆى فەزاى بەرهەمهێنانى ڕەخنەیە؛ سەتحێكى ناونیشانە كە هەركەس بیەوێت دەستى بەسەردا بگرێت، خۆى دەگۆڕێت بۆ جۆرێك ترانسێندنتاڵ كە بەرەو دەرەوە هەڵدێت. بەم پێیە ئێمە دوو ڕووبەرى جیاوازمان نییە: یەكێكیان تێكستێك (سوبێكت/ملكەچى ڕەخنە) و دووەمیان ڕەخنە (سوبێكت بەسەر تێكست/ئوبێكتدا). ئەم دووانە [دەق و ڕەخنە] پێكەوەن، بەو مەرجەى تێكست خۆى مومارەسەى ڕەخنە بێت. لێرەدا ڕەخنە دەبێتە كەشفكردنى بەردەوام، كردنەوەى لۆچە ڤێرتوێلییەكان، پێشكەشكردنى دەق وەك شتێك كە بە تەواوەتى و بە یەكجار نابرێتە بەر ڕۆشنایى.
( ٤)
بۆچى دەق نەبرێتە بەر ڕۆشنایى، لە كاتێكدا ڕۆشنایى هەر لە دێر زەمانەوە مانایەكى پۆزەتیڤى هەبووە: ڕۆشنایى بریتییە لە ڕووناكیى عەقڵ و زانین كە بەسەر تاریكى و ساختەدا زاڵ دەبێت. ئاخۆ ئەمە كرۆكى ڕۆشنگەرى نییە؟ بەڵێ، بەڵام ئەمە لەلایەك زیاد لە ڕادە سادەكردنەوەیە؛ لە لایەكی تر ڕۆشنگەریى عەقڵانى لەسەر مۆدێلى ڕۆشنگەریى تیۆلۆژى [مەسیح وەك ڕووناكى] دادەڕێژێتەوە كە خودى ڕۆشنگەرى لە سەردەمە بەراییەكانى خۆیدا لەگەڵیدا كەوتە ململانێ. كانت هەوڵ دەدات ڕۆشنگەرى پتر دنیایى بكاتەوە. لە دەقە بەناوبانگەكەیدا وەڵامدانەوەى پرسیارى ڕۆشنگەریى چییە؟ كانت ڕۆشنگەرى وەك دەرچوون لە پێنەگەیشتوویى وێنا دەكات. بە لاى كانتەوە ڕۆشنگەرى واتە بوێرى بۆ بەكارهێنانى عەقڵ لەپێناو دەرچوون لە نەخەمڵیویى زەینیدا. ئەم نەخەمڵیوییە سروشتكرد نییە، لەبەر ئەوە نییە كەسانێك، خەڵكانێك یان هەندێ لە كۆمەڵگاكان نوقسانی لە عەقڵیاندا هەیە، پتر بە هۆى ئەوەیە كە بوێرییان نییە بۆ بەكارهێنانى ڕۆشناییى عەقڵ لە بەرانبەر ئەو هێزانەدا كە فەرمان بە گوێڕایەڵى بۆ فەرمانەكانى ئەوانی تر دەكەن (Kannt: Beantwortung der Frage; Was istAufklärung, P. 5)؛ كەواتە لاى كانت كاڵفامى Unmündigkeit بەرەنجامى نەوێرى Unmütigkeitـى فامكردنە؛ چ وەك تاكەكەس بۆ نموونە گوێڕایەڵى سەرباز، نەخۆش، فەرمانبەر؛ یان گوێڕایەڵى كۆمەڵگایەك بۆ پیاوى ئایینى، ئەمیر، سەرۆك. بەم پێیە لە دوولایەنەوە بەكارهێنانى عەقڵ زەروورە: ڕۆشنگەریى تاكەكەسى، واتە بەكارهێنانى عەقڵ بە شێوەى خودی لە هەڵوێستێكى دیاریكراوى كار یان ئەركدا. ڕۆشنگەریى گشتى لە كۆنتێكستێكى گەردوونیدا. لە هەردوو بارەكەیشدا ڕۆشنگەرى ڕووبەڕووبوونەوەى كاڵفامییە.
فوكۆ دەقەكەى كانت دەكات بە بنچینەى وتارە ناودارەكەى كۆتایییەكانى تەمەنى: ڕۆشنگەرى چییە؟ و بە زوویى ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەى كاڵفامى پێش هەموو شتێك لە خودەوە دەست پێ دەكات (Foucault: Ethics, P. 306). مرۆڤ بۆ ئەوەى دژ بە بەربەستەكانى بەردەم ڕۆشناییى عەقڵ بوەستێتەوە، پێویستە سەرەتا ئەو بەربەستانە لە زەینى خۆیدا، كە وەك ئوبێكت كەوتوونەتە نێوان عەقڵى و جیهان، هەڵبگرێت، بۆ ئەمەیش پێویست دەكات ڕۆشناییى عەقڵ پێش هەموو شتێك ئاراستەى خۆى بكات. بەم جۆرە یەكەمین هەنگاوى پرۆسەى ڕۆشنگەرى بریتییە لە خۆ-ڕەخنەكردن بۆ ئەوەى بیركردنەوە لە ئاستى كەسیدا پێ بگات و بەرەو ئاستە گەردوونییەكەى، كە ڕۆشنگەریى گشتی-جیهانییە، هەڵبكشێت. لەم كردەیەدا ئیرادە پەیڕەوى لە هیچ فەرمانێك ناكات لە فەرمانى عەقڵ نەبێت، ڕەوایەتیى هیچ هێزێك لە سەروو ڕەوایەتیى خودى عەقڵەوە پەسەند ناكات؛ واتە مرۆڤ گوێڕایەڵى عەقڵ دەبێت. فوكۆ لە وتارەكەیدا دەركى بەم پەیوەندییەى نێوان ڕۆشنگەرى و ڕەخنە كردووە، بۆیە دەنووسێت: «لە هەموو بارێكدا پرسیارەكە ئەوەیە كە بزانین چۆن بەكارهێنانى عەقڵ دەشێت ئەو فۆڕمە گشتییەى كە خوازیارییەتى، وەربگرێت؛ ئەوەی بزانین چۆن گوێڕایەڵى لە مەعریفە دەشێت لە سنوورى ڕۆشنكردنەوەدا مومارەسە بكرێت. […] پێم وایە پێویستە جەخت لەسەر ئەو پەیوەندییە بكەینەوە كە لەنێوان ئەم دەقە كورتە و هەر سێ ڕەخنەكەدا هەیە. لە ڕاستیدا كانت، لە ساتێكدا وەسفى ڕۆشنگەرى دەكات كە مرۆڤایەتى لەوەدایە عەقڵى خۆى بخاتەگەڕ بەبێ ئەوەى خۆى ملكەچى هیچ دەسەڵاتێكى تر بكات. ڕێك لەم ساتەدایە كە ڕەخنە پێویستە، چونكە ڕۆڵەكەى ئەوەیە ئەو هەلومەرجانە پێناسە بكات كە تێیاندا بەكارهێنانى ڕەواى عەقڵ لەوەدایە ئەوە دیارى بكات كە دەشێت چى بزانرێت، دەشێت چى بكرێت، دەشێت هیوامان بە چى هەبێت. بەكارهێنانى ناڕەواى عەقڵ ئەوەیە كە دەبێتە مایەى دۆگماتیزم و ناسەربەخۆیى، تەنیا لەگەڵ وەهمدا» (Foucault, P. 308).
ئێستا با بگەڕیینەوە بۆ یەكەمین ڕستەى ئەم وتارە: «ڕەخنە لە فەزاى ئێمەدا نەخەمڵیو ماوەتەوە». بێگومان ئەمە جۆرێك حوكمە؛ بەڵام حوكمێكى زۆرەملێ نییە و دەكرێت بیسەلمێنین؛ نەخەمڵیو واتە بەربەست لەبەردەم بەكارهێنانى عەقڵدا هەبووە وەك مەرجەعى ڕەخنەكردن بە واتا كانتییەكەى. لەو بەربەستانە: ناسەربەخۆییى تاكى عەقڵانى (ڕوانین لە دۆگمەكانەوە)، كەمى مەعریفەى فەلسەفى، ڕەخنەى نا-ناونشین (بۆ نموونە گەر كەسێك بە هیچ داوێكى شایەنى باسەوە بە دنیاى ڕۆمانەوە نەبەسترابێت، بەڵام ڕەخنەى ئەوە لە ڕۆماننووسێك بگرێت كە بۆچى كارەكتەرەكەى لە بەرزایییەوە دەكەوێتە خوارێ و نامرێت، ئەوا ئەمە دەبێتە پەڵپ نەك ڕەخنە.)، پشتبەستن بە ڕاى سەتحى تاكەكەسى بە ناوى جیاوازییەوە، مومارەسەى ڕەخنە لە ناكۆكیى كەسیدا (وەك ئامرازى لێدان لە نووسەرى ڕەخنەلێگیراو و بەرهەمەكەى)، ڕەخنەگرتن وەك بەتاڵبوونەوەى دەروونیى (كینە و ئیرەیى). هەر یەك لەم ڕەخنانە گوێڕایەڵى هێزێكى تر بوون جگە لە هێزى بیركردنەوە؛ تەنانەت گەر لە ڕووى كەسیشەوە ڕەخنەگرانى لەم جۆرە تواناى بیركردنەوەى زرنگانەیان هەبێت، هێشتا ناتوانین بڵێین ئەوان ڕەخنەگرن، چونكە بیركردنەوەیان ملكەچى غەریزە و دۆگمەكانى خۆیان كردووە؛ یان هیچ نەبێ پەردەیەكیان خستووەتە نێوان بیركردنەوە و بابەتەكەیانەوە. بە زۆرى لە فەزاى ئێمەدا ڕەخنە ماناى غەریزەنووسی وەرگرتووە؛ سەرجەمى ئەمانە بە چەمكى كانت واتاى كاڵفامین؛ ڕاشكاوتر بڵێین بە مانایەك دژە-ڕۆشنگەریین: نەبوونى بوێرى بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەكانى بەردەم بیركردنەوەدا. گەر لەم ڕوانگەیەوە ئەركى ڕۆشنگەرى لە كۆمەڵگەى خۆماندا دیارى بكەین، ئەوا دەبێت ئاراستەى خودى ڕەخنەى بكەین: ڕۆشنگەرى واتە دەرچوون لە نەخەمڵیویى ڕەخنە و لە ڕەخنەى نەخەمڵیو؛ ئەمەیش دەبێتە جەوهەرى زەرووریى خودى ڕەخنە بۆ ئێمە. ڕەخنە بریتییە لە ڕەخنەى ڕەخنە، بریتییە لە ڕەخنەى ڕۆشنگەرانەى ڕەخنەى نەخەمڵیو.
ڕۆشنگەرى واتە دەرچوون لە نەخەمڵیویى ڕەخنە و لە ڕەخنەى نەخەمڵیو؛ ئەمەیش دەبێتە جەوهەرى زەرووریى خودى ڕەخنە بۆ ئێمە. ڕەخنە بریتییە لە ڕەخنەى ڕەخنە، بریتییە لە ڕەخنەى ڕۆشنگەرانەى ڕەخنەى نەخەمڵیو.
( ٥)
بێگومان لە فەزاى ئێمەیشدا هەندێك تێكست دەهێنرێتە بە ڕۆشنایى، بەڵام چ ڕۆشنایییەك؟ ئەوە وەك بەڵگەنەویستێك وایە كە ئێمە یەك جۆر ڕۆشناییمان نییە؛ كەواتە هەموو ڕووناكیییەك ڕۆشنگەرانە نییە. پێشتر ئاماژەمان بە جیاوازى نێوان “نور”ى ئایینى و “ڕۆشنایى”ى عەقڵ دا. دەتوانین جۆرى دیكەیش دیارى بكەین: ڕۆشناییى هەتاو كە بە بڕواى ئەفڵاتوون تەنیا نوسخەیەكى شێواوى ڕۆشناییى جیهانى ئایدیاكانە. ڕۆشناییى چاوى سەر كە پێی دەوترێت سۆما. بەردەوامیش سۆمایەكى تر هەبووە كە سۆماى چاوى سەرى نەسخ كردووە: عیرفان یان چاوى دڵ. ڕۆشناییى تەكنیكى كە ئەلەتریك دابینى دەكات. هەروەها دنیاى دیجیتاڵى كە لە سەردەمى ئێستاماندا لە ڕۆشناییى ڕۆشنگەرى دابڕاوە و بووە بە “شەوارەكەوتن”. ڕۆشناییى سینەما كە ڕۆشنایییە دەربارەى خودى ڕۆشنایى لەسەر پەردە؛ دواجار ڕۆشنایییەكى شانۆییشمان هەیە كە ڕۆشنایى خستنەسەر پشتى پەردەیە.
لە فەزاى نووسینى ئێمەدا ڕووناكى خراوەتە سەر دەق لەپێناو یەك ئامانجدا: زەقكردنەوەى كەم و كورتییەكانى دەق، ئاشكراكردنى هەڵەكانى نووسەر. ئەركى ڕەخنە لەبریى ئەوەى ببێتە بەكارهێنانى ڕۆشناییى عەقڵ بۆ دەرچوون لە پێنەگەیشتوویى، پێش هەموو شتێكیش لە پێنەگەیشتوویى خودى ڕەخنە كە خۆ-ڕەخنەكردن پێشمەجى پێگەیشتنییەتى؛ تەنیا بووە بە جۆرێك پەردەهەڵماڵین لەڕووى كەمتەرخەمییەك، تەپڵكوتان بۆ سەهوویەك، فەزحى فەزاحەتێك. گەر دەقى ئێمە نەخەمڵیوو بێت، ئەوا ڕەخنەكەیشمان هیچ كات هاوكار و یارمەتیدەر نەبووە بۆ دەرچوون لە نەخەمڵیوی كە ماناى پێرفێكتى ڕۆشنگەرییە لاى كانت، بە پێچەوانەوە، ویستى ڕاگرتنى ئەبەدیى تێكست بووە لە هەژارییەكەى خۆیدا. نەخەمڵیوی تێكست وەك فەزاحەت مامەڵەى لەگەڵدا كراوە؛ لێرەدا ڕەخنەگرتن وەرگەڕاوە بۆ سەرزەنشت، تەریقكردنەوە، چاوشكاندن. ڕەخنەگرتن لە كەموكورتیى نووسەر بۆ ئاستێكى پەڕگیرتر ڕاكێشراوە، سنوورێك كە كەموكورتى وەرگەڕاوە بۆ هەڵە؛ هەڵەیش بۆ ئاستێكى پەڕگیرتر ڕاكێشراوە كە وەرگەڕاوە بۆ فەزاحەت؛ لە دەرەنجامدا ڕەخنە لاى ئێمە بووە بەسكانداڵناسى. لە كاتى كاركردنم بۆ وتارێك لەسەر پرسى پەردە وەك ئوبێكتى داپۆشین-دەرخستن (شانۆ) و پەردە وەك گەمەى هاوكاتى حزوور-غیاب (سینەما) چەمكى “سكانداڵناسى”م داڕشت. مەبەستیشم لێى ئەو كاركردە پارادۆكسیكاڵە بوو كە دادانەوەى پەردە و لادانى پەردە، پێش و پشتى ستەیج هەیانە و لە شانۆى ئۆدیپیدا پتر ئەو شتە پێكدێنن كە دەكرێت بە دیالەكتیكى فەزاحەت ناوى ببەین؛ لە كاتێكدا پەردە لە سینەمادا دوالیزمى داپۆشین-دەركەوتن تێدەپەڕێنێت. لە سینەمادا هیچ شتێك نییە بۆ شاردنەوە، هەموو شتەكان لە پەیوەندییەكى دەرەكیدان، لە پێشى پەردەدان، چیتر هیچ شتێك لە پشتى پەردەوە بوونى نییە، هەر بەو جۆرەى كە دۆلوز دەڵێت لە پشتى ماسكەكانەوە هیچ ڕووخسارێك، هیچ نهێنییەك بوونى نییە (دلوز: المعرفة و السلطة، ص62)؛ ئەوەى هەیە گەمەى خودى پەردە و ڕۆشنایییە؛ خیانەتى سیمولاكراكانە كە چەمكى فەزاحەت ناتوانێت تەفسیریان بكات3.
گەر ڕەخنە بریتیى بێت لەدەرخستنى كەموكوڕى، كەواتە ڕۆشنایییەكى بەرزتر، حەقیقیتر، كامڵتر دەخرێتە سەر دەق تاوەكوو لەژێر نوورەكەیدا دزێوى و نوقسانییەكان ڕووناك ببنەوە و هەر كەسێكى هۆشمەند بیانبینێت. لاى كانت ئەمە لە ڕاقیترین حاڵەتیدا ڕۆشنایى عەقڵە. بەڵام وەك پێشتر ڕوونمان كردەوە ئەو رۆشنایییەى كە زۆربەى ڕەخنەگرانى ئێمە هەڵیان كردووە ڕۆشناییى شانۆى ئۆدیپییە. لێرەدا ڕەخنە وەك ڕۆشنایى خستنەسەر لە واتا سكانداڵناسییەكەیدا، بریتییە لە ژێستى دەرخستنى نهێنى، پەردەهەڵماڵین لە ڕووى ڕاستەقینەى تێكستێك یان نووسەرەكەى: كەشفكردنى دەستى نووسەر. گوزارەى “دەستەكەت كەشف بوو” واتا بە سایەى ڕەخنەوە نهێنییەكەت دەركەوت، پشتى پەردە ئاشكرا بوو، ژێر بەڕە خرایە سەر بەڕە. لە عەقڵى سكانداڵناسیدا باشترین ڕەخنە ئەوەیە كە ئابڕووى تێكست یان دانەرەكەى ببات.
لە كۆمەڵگەى ئێمەدا ئەم جۆرە بەكارهێنانەى ڕەخنە نەك تەنیا كۆنزەرڤەتیڤانە دەكەوێتەوە، بەڵكوو میللى و عەوامانەیشە، چونكە زەینى سكانداڵناسى لە هەر كایەیەكدا بەرهەمهێنانەوەى مێنتاڵێتیى كایەى نەریتیى كۆمەڵایەتییە. بێگومان ئەوەى دراوسێیەكى حەسوود لە كۆڵانێكدا چاودێریى كەموكوڕیى دراوسێیەكەى بكات، جیاوازە لەوەى نووسەرێكى وردبین چاودێریى كەموكوڕیى تێكستى نووسەرێكى تر بكات؛ بەڵام كاتێك ڕەخنە ببێت بە دیالەكتیكى فەزاحەت، چیتر جیاوازییەكە لە جەوهەرى كردەكەدا نییە، بەڵكوو لە كایەكاندایە. ئەم كایانە بە شێوەیەكى ڕێژەیى لە یەكترى جیاوازن و هاوكات هەندێ كەرەستەى تایبەت و هەندێ كارەكتەرى سەرەكیى خۆیان هەیە، گەرچى لە یەكتریش دابڕاو نین؛ كایەكان بەردەوام لەیەك دەخشێن، دەچنە نێو یەكترى، یەكترى بەرهەم دەهێننەوە و یەكترى تێدەپەڕێنن و زەبر لە یەكترى دەدەن. بۆ نموونە “ستۆدیۆى میوزیك” و “دیوەخان” سەر بە دوو كایەى جیاوازن، بەڵام جۆرێك گۆرانى و موزیك هەیە كە یان لە ڕووى ئەسڵەوە بەرهەمى دیوەخانە، یان ئەگەر نوێیش بێت باشتر لەگەڵ دیوەخاندا دەگونجێت. بە هەمان شێوە، “كۆڵان” كە بورجى موراقەبەى دراوسێ حەسوودەكەمانە، ڕووبەرێكى كۆمەڵایەتیى ڕۆژانەیییە كە زۆرینەى كۆمەڵگا تێیدا هاوبەشن، بەڵام نووسین، ڕووپەڕى كتێب و سایتە كولتوورى و ڕۆشنبیرییەكان، كایەیەكى ڕۆشنبیریى نیمچە نوخبەیین. لەگەڵ ئەوەیشدا دەكرێت هەندێ لە كارەكتەرەكانى هەردوو كایەكە دەست بە هەمان نەریت، بەها، زاراوەوە بگرن، بۆ نموونە “پاراستنى بەها كۆنەكان” لە فەزاى كۆمەڵایەتیدا واتە كۆنزەرڤاتیڤیزم؛ بەڵام گەر زانایەكیش لە بوارى زانستدا داواى “پاراستنى بەها كۆنەكان” بكات، ئەوا بێگومان ئەویش لە بوارى زانستدا دەبێتە زانایەكى كۆنزەرڤاتیڤ. پرسى سكانداڵیش هەر بەو جۆرەیە؛ لێرەدا بونیادى كردەكە هەمان داڕێژەرى پاڵنەرى دەرخستنى “شەرم” و “عەیبوعار”ە، بەڵام لە دوو كایەى جیاوازدا. وەختێك كردەكان بەم جۆرە بچنە سەر یەكترى و یەكترى لە كایە جیاوازەكاندا دووبارە بكەنەوە، ئەوا پەیوەندییەكەیان دەبێتە “تەبایى”، كاتێك، بە پێچەوانەوە، بەریەكتر بكەون، پەیوەندییەكەیان دەبێتە “ناكۆكى”. بە زۆرى ئەم تەبایى و ناكۆكییە لە “گوتارى فەرمى”ـدا دەرناكەون؛ گوتارى فەرمى واتە ئەو بەها و پرەنسیپ و ئامانجانەى كە گوتارەكان ڕاستەوخۆ و ئاشكرا بانگەشەیان بۆ دەكەن؛ بەڵكوو لە پەیوەندییە تۆڕبەندییە ستراتیژییە وردەكاندان كە ئەگەر لە “بانگەشە”كاندا بۆیان بگەڕێین، هەرگیز ناتوانین وەك خۆیان بیانبینین. لەبەر ئەوەیە زۆرجار نووسەرێك یان ڕۆشنبیرێك لە ئاستى فۆرماڵدا خۆى تاڕادەى پڕوكان تاو دەدات تاوەكوو بیسەلێمنێت كە ئەو پێشكەوتنخوازە، بەڵام تێگەیشتنى ناوەكیى ئەو بۆ “پێشكەوتنخوازى” و میتۆدى كاركردنەكەى، دەشێت تاڕادەیەكى زۆر نەریتى و فەندەمێنتاڵ بێت. خستنەگەڕى ڕەخنە وەك چەكى فەزح و دەرخستنى عەیبوعار بەو مانایەیە فیكر هێشتا لە كایەى كۆمەڵایەتیى [زارەكى] دانەبڕاوە، بگرە لاى خۆیەوە درێژەى پێ دەدات.
( ٦)
هەموو ئەو جۆرە ڕەخنانەى تا ئێستا باسمان كردن، ڕوانینن لە “سلب” و ڕوانینن لە “سلب”ـەوە. لەنێوان ئەم دوو گوزارەیەدا جیاوازییەكى كەم هەیە: ڕوانین لە نێگەتیڤ، واتە ڕوانین لە كەموكورتى، نەخەمڵیوى، فەزاحەتى تێكست (یان نووسەر). ڕەخنەگر بە وردى بۆ شتێك دەگەڕێت كە لە تێكستدا نییە، بۆ ئەوەى پیشانى بدات كە لە تێكستدا نییە: گەڕان بۆ خودى نەقس. ئەو شتەى كە نەقسە واتە هەبوونى شەرم بۆ تێكست. بەڵام ئەم ڕوانینە زۆركات لە فەزاى ئێمەدا ژێر بەژێر خزاوە بۆ نێو “ڕوانین لە نێگەتیڤەوە”، بۆ ڕوانینێك كە خۆى بەرهەمى سەرچاوەیەكى نێگەتیڤە. لەم بارەدا ڕەخنەگر تەنیا ئەوە دەرناخات كە نەقسە، بەڵكوو ئەوەیش ڕەت دەكاتەوە كە هەیە. ڕەخنەگر بە چاویلكەیەكى سلبییەوە دەڕوانێت؛ ئەگەر دەق نەخەمڵى بێت، هاوكاریى دەق ناكات بۆ دەرچوون لە نەخەمڵیوى، ئەگەر دەق تاڕادەیەكى وا خەمڵى بێت كە بشێت وەك دەقێكى شایەنى خوێندنەوە لەبەرچاو بگیررێت، ڕەخنەگرى سالب ناتوانێت وەك دەقێكى (نیمچە)خەمڵیو بیبینێت. ئەم دوو ڕوانینەیەك ئەسڵیان هەیە و یەكتریش بەرهەم دەهێننەوە؛ هەردووكیان یەك ڕەخنەن كە دەتوانین بە ڕەخنەى نەرێكارNegative critics ناوى ببەین.
ڕەخنە ئەوەیە كە شتێك نەفى دەكات بۆ ئەوەى ئیمكانى شتێكى باشتر دەربكەوێت. تێكست تێزە، ڕەخنە ئەنتى تێزە، لەنێوان ئەم دووانەدا دەبێت بە حەتمى لێكدژى هەبێت بۆ ئەوەى تێكستێكى تر لەولاى هەردووكیانەوە دەربكەوێت كە لە مێژوودا بە هۆى ئەم لێكخشانە دیالەكتیكییەوە دەچێتە پێشتر
ڕەنگە چەمكى “نەرێكردن” negation بمانخاتەوە بیرى میراتى هیگڵى كە ڕەخنە وەك پرۆسەیەكى دیالەكتیكى وێنا دەكات. بەم پێیە ڕەخنە ئەوەیە كە شتێك نەفى دەكات بۆ ئەوەى ئیمكانى شتێكى باشتر دەربكەوێت. تێكست تێزە، ڕەخنە ئەنتى تێزە، لەنێوان ئەم دووانەدا دەبێت بە حەتمى لێكدژى هەبێت بۆ ئەوەى تێكستێكى تر لەولاى هەردووكیانەوە دەربكەوێت كە لە مێژوودا بە هۆى ئەم لێكخشانە دیالەكتیكییەوە دەچێتە پێشتر. ئیدى جووڵەى سەرجەمى مێژوو و گەردوون تەنیا نەفییە. ڕەخنە لاى ماركسیش لە جەوهەرى خۆیدا نەفییە؛ پرۆلیتاریا هێزى ڕەخنەییە كە بۆرژوازییەت نەفى دەكات. بەڵام كێشەكە ئەوەیە ڕەخنەى نەرێكار، بەو جۆرەى كە نووسینى ئێمەى داپۆشیوە، تەواو سەر بەم میراتە نییە؛ لەخۆیدا هیگڵییە، بەڵام بۆ خۆى هیگڵى نییە.
لەخۆیدا هیگڵییە، چونكە تەنیا دەربڕى قۆناغێكى زۆر دیاریكراوى ئاگایییە كە هیگڵ بەئاگاییى غەمگین Unhappy Consciousness ناوى دەبات. لە ئاگاییى غەمگیندا خودئاگایى سەرەتا هێندە هەست بەو تەنیایى و بێتوانایییە قووڵەى ناو خۆى دەكات تاوەكوو لە خۆیدا شەق دەبات و دەبێتە دووپارچە. ئەم دوو كەرتبوونەى ئاگایى لەخۆنامۆبوونە، چونكە دوو ئاگاییى لێكدژن لەنێو یەك خودئاگاییدا كە یەكترى ناناسنەوە و مرۆڤ لە نێوانیاندا دەكەوێتە جۆلانێ تاوەكوو دواجار یەكێكیان جودا دەبێتەوە و لە دەرەوە فۆڕمى لێكدژ وەردەگرێت (Hegel, Spirit of Mind, P. 127). ڕەخنەى نەرێكارى ئیمە دوایین لەمسەى قۆناغە دیالەكتیكییەكەى ون كردووە و هەر لە غەمگینیى خۆیدا ماوەتەوە. لە خۆى نامۆ بووە، بەڵام لە خۆى جودا نەبووەتەوە؛ واتە ئاگایییەكى غەمگینى تێنەپەڕە؛ لەبەر ئەوە لە ناوەوە جۆرێك نەخۆشیى تووش بووە كە واى لێ كردووە توندوتیژ و پەلاماردەر بێت؛ بەم جۆرە لە ئاگاییى غەمگینەوە بووە بە ئاگاییى بیمار Rogue Consciousness. لەلایەكی تر، ئەم ئاگایییە بۆ خۆى هیگڵى نییە، چونكە جگە لە هەندێ هەوڵى باش و هاوسەنگانە لە ماوەى پانزە ساڵى ڕابردوودا، بەشى زۆرى ئەم جۆرە ڕەخنەیە لەوە هەژارترە هۆشیارانە، لە سەرچاوەى تیۆرییەوە بڕوانێت و تیۆریزەى فیكریى هیگڵ و ماركس بۆ هەندێ كێشەى ئەم سەردەمە، بە گوێرەى ئەو میتۆدە جیاوازانە بكات كە پەیوەندییان پێیانەوە هەیە، تەنانەت ئەگەر هەوڵى لەم جۆرەیش هەبێت یان فەندەمێنتاڵ و تەقلیدین، یان هێندە ساكارن كە تەنیا زیان بە فیكرى هیگڵ و ماركس دەگەیەنن؛ ئەمەیش جۆرێك هەژارییە كە دەكرێت ناوى بنێین ئاگاییى نەدارPoor Consciousness.
دواجار ئەم ئاگایییە غەمگینەى كە بووە بە ئاگاییى بیمار و ئاگاییى نەدار، هیچ شتێكى تر شك نابات “ڕەتكردنەوە” نەبێت؛ لەبەر ئەوە نەفى فۆڕمێكى كۆمید وەرگرتووە، بۆتە “نەفى لەپێناو نەفى”ـدا، واتە نەفییەك كە هەموو شتێك نەفى دەكات بێ ئەوەى دواجار، جگە لە خودى ڕەخنە، هیچ شتێك بە شێوەیەكى ڕاستەقینە نەفى بكات و لە وتارێكى تردا ناومان ناوە “نەفیى بەتاڵ”. نەفیى بەتاڵ لە جەوهەردا نەرێكردنێكى بۆشە كە دەیەوێت تەنیا بە نەفیكردن خۆى پڕ بكاتەوە؛ ڕەت دەكاتەوە چونكە جگە لە ڕەتكردنەوە ناتوانێت هیچ مامەڵەیەكى تر لەگەڵ دەقدا بكات؛ لە كاتێكدا ڕەخنەى داهێنەرانە ئەوەیە كە لە بیابان مێرگ بئافرێنێت. دەتوانین كەمێك وتەكەى هۆبز “لە دۆخى سروشتیدا هەمووان گورگى هەمووانن” دەستكارى بكەین و بیگۆڕین بۆ “لە دۆخى ئێمەدا هەمووان نافیى هەمووانن”. تەنیا لە یەك كاتدا ئەم نەفییە هەڵدەپەسێردرێت؛ كاتێك كە “موجامەلە” Compliment هەبێت. موجامەلە دۆخى ئاشتییەكى كاتییە كە نەفى بۆ ماوەیەك كپ دەكات؛ لەم بارەیشدا دەق وەك دەق ناخوێنرێتەوە بەڵكوو ستایش دەكرێت. لە نەفیدا هەمووان یەكترى بە لیبراڵ، ماركسیست، ئیسلامیست، پۆستمۆدێرن، فاشیست و بگرە بەعسییش تۆمەتبار دەكەن؛ لە موجامەلەدا هەمان نووسەرى لیبراڵ بەلایەوە ئاساییە ستایشى نووسەرە ماركسییەكە بكات؛ ئاسایییە دژە نیچەییەك ستایشى نووسەرێك بكات كە نیچە و هایدیگەر سەرچاوەى بن، بە مەرجێك هەردووكیان بۆ نەفیكردنى لایەنى سێیەم هاوڕا و تەبابن.
بێگومان ستایش، هەر وەك نەفى، بەشێكى ڕەخنەیە و لە نووسیندا سەركوت ناكرێت، بەڵام بە مەرجێك ستایش بچێتە خزمەتى خودى تێكستەوە؛ تێكستێك بەبێ ناو. فوكۆ لە چاوپێكەوتنێكدا بێزارى خۆى لەوە دەردەبرێت، خوێنەر یان ڕەخنەگر بە خاترى ناوبانگى نووسەر دەست بۆ دەقەكەى ببات؛ بە پێچەوانەوە ئەو دەیویست كتێبێك بنووسێت تەنیا بە ناونیشانى خۆیەوە، بەبێ ناوى نووسەر تاوەكو تەنیا خودى تێكست لە بەردەم خوێنەردا بمێنێتەوە. فوكۆ چەند هەوڵێكى چكۆلەى دا، لەوانە: لەنێوان ساڵانى ١٩٧٩-١٩٨٤دا ڕۆژنامەى لۆمۆندى فەرەنسى، هەفتانە چاوپێكەوتنێكان لەگەڵ یەكێك لە كاریگەرترین ڕۆشنبیرانى هاوچەرخى ئەوروپادا بڵاو دەكرەوە؛ لە ٦-٧ى نیسانى ١٩٨٠دا، چاوپێكەوتنێك بڵاو كرایەوە بەبێ ئەوەى ناوى هیچ كەسێكى لەسەر بێت. لەبریى ناوى نووسەر تەنیا چاڵێك هەبوو، جێ-نیشانەیەك بۆ غیابى كەسى دیمانەكراو. فوكۆ داواى كردبوو بە نەناسراوى بمێنێتەوە تاوەكوو حزوورى نووسەر خوێنەر ڕانەكێشێت، لەبریى ئەوە وا لە خوێنەر بكات، لە غیابى نووسەردا، ئاوڕ لە خودى دەق بداتەوە؛ لەبەر ئەوە بابەتەكە بە “گفتوگۆ لەگەڵ فەیلەسووفە دەمامكدارەكە”دا ناسرا. ستایشى دەق تەنیا دەشێت لە غیابى نووسەردا ڕاستەقینە بێت. تەنانەت ئەگەر نووسەر بەناوبانگ و شوهرەتیش بێت، دەبێت ڕەخنەگر تواناى ئەوەى هەبێت لە دەق دایبماڵێت و دواى دەق بۆى بگەڕێتەوە. بەم جۆرە ستایشى نووسەر دەبێتە موجامەلە گەر بەشێك لە ستایشى دەق نەبێت؛ دەقێك كە شایەنى ستایشە؛ ستایشێك كە لەپێناو ئەرێكردنaffirmationـدایە.
( ٧)
بەر لەوەى شتێك لەسەر ڕەخنەى ئەرێكار بڵێین، پێویستە وەك زەمینەسازى لە چەند خاڵێكدا سكێچێكى بۆ بكێشین:
١. ڕەخنە چییە؟ فوكۆ ناونیشانى وانەوتارێكى خۆى دەربارەى ڕەخنە هەر بەم جۆرە داڕشتووە؛ بەڵام وەك لە سەرەتاى وانەكەیدا ئاماژەى پێ دەدات، لەبەر ئەوەیە كە هیچ ناوێكى بۆ بابەتەكەى نەبووە، واتە بە دڕۆدۆنگییەكى زۆرەوە ئەم پرسیارە دەكات بە ناونیشان كە تەنیا یەك پرسیارى سادە و باویشە. كەواتە بۆچى فوكۆ بەرامبەر بەم پرسیارە سادەیە هێندە دوودڵ و نیگەرانە؟ لەبەر ئەوەى لە وانەوتارەكەیدا ڕەخنەیەك پیشان دەدات كە لە خودى ڕەخنە لا دەدات، ڕەخنە بۆ شوێنێك پاڵ پێوە دەنێت كە پێشتر لە ڕووى تیۆرییەوە بۆ ئەو شوێنە پاڵ پێوەنەنراوە، واتە ڕەخنە دەباتە ڕووبەرى نا-ڕەخنەوە، ئەویش ڕەخنەیە وەك مومارەسەى كردەیى ژیان، وەك بوونى ئەخلاقیى مرۆڤێك كە بەتەنگى خۆوەیە: ڕەخنە وەك فەزیلەت (Foucault: The politics of Truth, P. 26). خاڵە گرنگەكە ئەوەیە كە لێرەدا ڕەخنە ڕوو لە خودى مرۆڤ دەكات؛ ئەمەیش تەنیا خۆ-ڕەخنەكردن نییە، ڕوولەخۆكردنیشە، یان بە تێرمى فوكۆ، گرنگى بەخۆدان، كە بەو واتایەیە خود ڕەخنەییانە دەژى؛ ئەمە سادە نییە. ڕەخەییانە ژیان لەولاى ئەوەوەیە خود تەنیا ڕەخنەییانە بیر بكاتەوە. بیركردنەوە كاتێك بەهایەكى ئەخلاقى هەیە كە لەنێو ژیانى ڕەخنەییى مرۆڤدا مومارەسە بكرێت. جەوهەرى ژیانى ڕەخنەیییانەش ئەوەیە نە ملكەچى دەسەڵات بیت و نە دەسەڵاتى ملكەچكردن پراكتیزە بكەیت. لێرەوە ڕەخنە لە واتاى قەدەغەكردن، دوورخستنەوە، سەركوت دادەبڕێت و دەبێت بە ئارەزوو. لێرەدا خۆمان لە شرۆڤەى ناوەڕۆكى وتارەكەى فوكۆ لا دەدەین، چونكە لە بابەتەكەمان دوورمان دەخاتەوە. خاڵى جەوهەرى بۆ ئێمە ئەوەیە لەوە تێبگەین كە ڕەخنەى جددى و بەهادار خودى ڕەخنەیش بۆ بەرزتر پاڵ پێوە دەنێت، فراوانى دەكات، لە ئاسۆ بینراوەكانى تێی دەپەڕێنێت. كارى ڕەخنەگر ئەوە نییە وەك زۆمبى بنیشێتە سەر دەق، ئەوەیە ئیمكانى ڕەخنە بۆ ئەودیوى سنوورەكانى ڕەخنە گەشە پێ بدات، واتە بە جۆرێكى نوێ مومارەسەى ڕەخنە بكات كە دەق پێیى شاد بێت (با نووسەرى دەقیش پێى شاد نەبێت).
٢. ناكرێت ڕەخنە بە ڕەهایى لە پێوانەسازى و نەفییەكى جوزئى هەندێك ڕەگەزى تێكستێك یان سیاقێك خۆى ببوێرێت، بەڵام لەمەدا پێویستە دوو شت لە یەكترى جیا بكاتەوە: نەگۆڕى مێژوویى و ئیعتیبارى مێژوویى. بنچینەى ڕەخنە ناكرێت نەگۆڕى مێژوویى بێت؛ ئەمە بە قەولى كانت دەبێتە جۆرێك دۆگماتیزم. بۆ نموونە گەر لە سەدەى نۆزدەدا هەلومەرجێكى دیاریكراو بۆ ڕەخنەیەك هەبووە، هەمان هەلومەرج و هەمان ڕەخنە بۆ هەمیشە بەو جۆرە نامێننەوە؛ ڕەخنە پرۆسەى بەردەوامى ڕەخنەكردنەوەیە نەك پرۆسەى بەردەوامى دووبارەكردنەوەى هەمان ڕەخنە. لەبەر ئەوە لە پرۆسەى ڕەخنەدا ئیعتیبارى مێژوویى گرنگە، واتە لەبەرچاوگرتنى ڕەگەزە گوتارییەكان و وتراوەكان لە پەیوەندیدا بە تۆڕەكان یان ئیپستیمەكانیانەوە. بۆ نموونە تێماى “كار”لە پەندى “كار ئازادكەرە” ArbeitmachtFreiـى نازیستەكاندا، هەمان تێماى “كار/ئیش” نییە لاى جووتیارێكى كورد، كە بە قەولى قانع “ڕۆژى نەورۆز ئەوەڵ ساڵ، دەكەونە ئیش كوڕوكاڵ… گشت خەریكى فرمانن، بەدەستهێنانى نانن”. هەر وا بە هەوانتە ناتوانین جووتیارێكى كورد بە فاشیست تۆمەتبار بكەین، لەبەر ئەوەى زاراوەیەك بەكار دەهێنێت كە لە فەرهەنگى فاشیستەكانیشدا هەبووە. نموویەكى تر: زاراوەى “گەل” لە گوتارى نازیزمدا، هەمان زاراوەى “گەل” نییە لە مقاوەمەى ڤێتنامیدا دژ بە داگیركاریى ئەمریكى. ڕەخنە بەبێ لەبەرچاوگرتنى ئیعتیبارى مێژوویى و ئیپستیمەى چەمكێك یان زاراوەیەك، دەبێتە ڕەخنەیەكى نەدار.
٣. تا ئێستاى ڕەخنەى ئێمە ویستى تێكدانى زۆرە و ویستى بونیاتنانى كەم؛ بەڵام چیتر ڕەخنە هەر بە سادەیى بۆ بونیادنەر و ڕوخێنەر پۆلێن نابێت. ڕەخنە پرۆسەیەكى هاوكاتى هەردوو پرۆسەكەیە پێكەوە؛ هەڵوەشانەوە و بونیاتنانە De-con-struction، تێكدان و پێكهێنانە: تێك-و-پێك-دان. ئەم هەڵوەشاندنەوە دێریداییە لەپێناو ئەوەدا نییە تێكست بخەسێنرێت و بێبەرهەم بكرێت؛ بۆ ئەوە نییە ئاسمانى دەق بسووتێنرێت؛ بە پێچەوانەوە بۆ دروستكردنى فرەیی و بەرەكەتە لە تێكستدا، بۆ ئەوەیە پیشان بدرێت هەر شتێك هاوكات هیچ و خۆى و چەند شتێكە، كاتێك بۆ ڕەگەزەكانى هەڵى دەوەشێنینەوە ئەوا دەكرێت ڕەگەزەكان بە جۆرێكى تر لێك ببەسترێنەوە، یان لەگەڵ ڕەگەزى دیكەدا كۆ ببنەوە و شتێكى تر پێك بهێنن. بۆ نموونە گەر وشەى “درۆ” وەربگرین: بێگومان لە ڕووى بەرپرسیارێتیى ئەخلاقییەوە نووسەر نابێت درۆ لەگەڵ خوێنەرەكانیدا بكات؛ دەبێت هێندە گرنگى بە خۆى بدات كە ڕاستگۆ بێت (ڕەخنە وەك فەزیلەت). بەڵام گەر ڕەخنەگر مامەڵە لەگەڵ تێكستدا بكات، ئەوا ڕەخنە بۆ ئەوە نییە درۆى نووسەر دەربخات (سكانداڵناسى)، تاوەكوو لە بەهاى دەق كەم بكاتەوە (نەرێكردن)، پتر بۆ ئەوەیە پێگە و ماناى درۆ لە دەق و لە پەیوەندیدا بە دەرەوەى دەق دەربخات، چونكە درۆ لەگەڵ تۆڕێك زاراوەدا لە پەیوەندیدایە: وەهم، ساختە، فێڵ، خەڵەتاندن، گزى، بەلاڕێدابردن، خەیاڵ، خورافەت، زیانگەیاندن، چاوبەست، هیتر. درۆ هەموویانە و هیچیشیان نییە؛ هەر یەك لەمانەیش لە هەمان تۆڕ و تۆڕى تردان و ئیدى بەم جۆرە تا ناكۆتا فرەیى و ئیمكانى تێك و پێكنان هەن.
٤. ڕەخنەى ئەرێكار بەرهەمى فیكرى ئەرێكارە؛ وەها فیكرێك بەڵێگۆیی ئاگایییەكى شادە بۆ ڕووداو كە لای وایە پتر بەرهەمى سوتفە، چاوەڕواننەكراوى، هەڵەیە كە فیكرى سیستەماتیك دەرفەتیان پێ نادات. ئەوانە هەندێك لۆچن لەسەر سەتحێكى ناونشین كە فیكر تێیاندا دەچێتە سەر هێڵى هەڵهاتن، هەندێك لابەلابوونەوەى ناكاون بیركردنەوە دەگەیەنن بە دەرەوەى ئاسۆكانى، دەیبەن بەرەو ئەودیوى سنوورەكانى خۆى. لێرەوە فیكرى ئەرێكار تەنیا ئایدیایەك یان تێزێك نییە؛ بەڵكوو جیهانبینییە، فۆڕمێكى بیركردنەوەى بونیادییە بۆ سیاسەت، ئیتیك، ڕەخنە، شیكارى، كە دەكەوێتە بەرانبەر فۆڕمى زاڵى بیركردنەوەوە بە درێژاییى مێژووى فەلسەفە، كە بیركردنەوەى نەرێكارە.
٥. فیكرى ئەرێكار ڕێنمایى پۆزەتیڤى بازاڕى یان زانستى گەشەپێدانى مرۆیى نییە كە لە دروشمى “پۆزەتیڤ بیر بكەوە”دا كورت دەكرێتەوە. زانستى گەشەپێدان هەر لە بنەڕەتەوە فیكر نییە، كاڵایە؛ هەندێك تەكینكى خۆ-هێوركردنەوەیە وەك دەلیلى ئاگایییەكى غەمگین كە دەیەوێت بە ئامۆژگارى و خەیاڵات و گەشبینییەكى گێلانە لە خۆى دەربچێت. زانستى مامۆستاكانى NLPـیە بۆ پەیكەربەندنكردن، پلانڕێژكردن، پرۆگرامكردنى سایكۆلۆژیاى مرۆڤ. فیكرى ئەرێكار ئازادیى كردەیە؛ لای وایە مرۆڤ كە لە بنبەستێكدا بناڵێنێت، غەمگین بێت، ژیان تۆمەتبار بكات، ئەوا یان دەبێت بە نەفیكەرەوەى ئەوانی تر و ژیان، یان دەبێت بە نێچیرى مامۆستاكان، قەشەكان، دەروونشیكارەكان بۆ ئەوەى بە ئاسانى گوناهبار و زەلیلى بكەن؛ ئیدى مرۆڤ بەردەوام لاى ئەوان سواڵى دانپێدانان، چاكبوونەوە و پاكبوونەوە بكات. فیكرى ئەرێكار بڕواى وایە مرۆڤ لێڕژانى بەردەوامى ئارەزووە بۆ داهێنان و چالاكى، ئازار تەنیا مایەى بەدبەختى نییە و ئەزموونكردنێكیشە كە دەشێت تواناى داهێنەرانەى مرۆڤ بتەقێنێتەوە. نەقس لە ژیاندا نییە، بۆشایى هەیە؛ بۆشاییش فەزاى ناكۆتاى ڤێرتوێلى كردە و صەیرورەیە. ئەرێكردن خۆى لە نەفیكردنى ئەوانی تر دەپارێزێت، لەوەیش كە ئەوانی تر ئوبێكت بن یان بە دزى بەختەوەرى تۆمەتباریان بكات. بەڵام هاوكات بێباكیشە بەرامبەر دەوروبەر و تەنانەت بەرانبەر دوژمنیش، چونكە نایەوێت مشەخۆرێك بێت كە پێگەى خۆى لەسەر بنەماى نەفیكردنەوەى ئەوی تر قاییم بكات. واتە بەگشتى مرۆڤ لە پەیوەندییەكى گرژ و حەساسدا نییە لەگەڵ ئەوانی تردا. دواجار فیكرى ئەرێكار چاوەڕێى ئیعتیرافى كۆیلە نییە تاوەكوو ببێت بە ئاغا، چاوەڕێى موجامەلە ناكات تاوەكوو قووڵ بێت، پێویستى بە وەسف و ستایشى دەوروبەر نییە تاوەكوو بەهادار بێت. ئەرێكردن فیكرى ڕۆحە گەڕیدە و تەنیاكانە: سپینۆزا، كیرگەگۆر، نیچە، دۆلوز، لێڤیناس، بلانشۆ.
( ٨)
ڕەخنەى ئەرێكار affirmative critics پەیوەندیى هاوڕێیەتى لەگەڵ تێكستدا دەسازێنێت؛ لە هاوڕێیەتیدا خۆشەویستى، ئولفەت، نزیكایەتى هەیە؛ بەڵام ڕاشكاوى و جیاوازى و مەودایش هەیە. مامەڵەى ڕەخنەگر بە گوێرەى پۆلى یەكەمى ئەم زاراوانە وا دەكەن تێكست، كە لەوێدا وەك جیهانێكى داخراو هەیە، خۆى بۆ ڕەخنەگر ئاوەڵا بكات. ئەم خۆئاوەڵاكردنە پتر بەو مانایەیە كە كاتێك ڕەخنەگر بێ پێش بڕیار، وەك دۆستایەتى دەستى بۆ كتێب برد، ئەو ڕەگەزانە لە كتێبدا دەدرەوشێنەوە كە لەگەڵ ئەم هێزە پۆزەتیڤەدا دەتوانن بچنە پەیوەندییەوە. ئەم هاوڕێیەتییە لەگەڵ تێكستدا، پێویستى بە هاوڕێیەتى نییە لەگەڵ نووسەرەكەیدا؛ بە پێچەوانەوە، كە ساتى خوێندنەوەى كتێب دەستى پێ كرد، هاوڕێیەتیى نووسەر هەڵدەپەسێررێت، هەروەها دوژمنایەتییەكەیشى. گەر ڕەخنەگر لەوەدا سەركەوتوو بێت یەكترڕاكێشانێكى دوولایەنە لەنێوان خۆى و تێكستدا دابمەزرێنێت، ئیدى تەنیا هەڵە و كەموكوڕى نابینێت، ئەو ڕەگەزانەیش دەبینێت كە شایەنى ئەرێكردنن، بۆ ئەوەى لەوێوە زیاتر هاوكاریى تێكست بكات بۆ سەرتر هەڵبكشێت. ڕەخنەگر دەق دەخاتە سەما.
پۆلى دووەمى زاراوەكانى هاوڕێیەتى، لە پۆلى یەكەم كەمتر گرنگ نییە؛ ڕاشكاوى و جیاوازى و مەودا وا دەكەن ڕەخنەگر جۆرێك هەڵسەنگاندنى هەبێت، هەندێ لایەن فەرامۆش بكات، هەندێ ڕەگەزیش نەفى بكات. بەڵام ئەم نەفییە خۆى بنچینە نییە، ئەوە نییە كە پرۆسەكە دەخاتە جووڵە؛ بەڵكوو بەشێكە لە پرۆسەى ئەرێكردن؛ نەفییەكە لەپێناو ئەرێكردندا، یان وەك دەرەنجامى ئەرێكردن4. ئەم نەفییە نەفیى ئەرێیش دەگرێتەوە، ئەو كاتەى ئەرێ بەڵێگۆیى بێت بۆ هێزێكى نەفیكار. لەبەر ئەمەیە كە نیچە دوو جۆر بەڵێ و دوو جۆر نەخێر دیارى دەكات. بەڵێى دروست و قەڵپ، نەخێرى دروست و قەڵپ. نەخێرى دروست لەپێناو بەڵێى دروستدایە، بەڵێى قەڵپ لەپێناوى نەخێرى قەڵپدایە. كەواتە نەفیى بەڵێى قەڵپ نەفییەكى دروستە، بەڵێى نەخێرى قەڵپ ئەرێیەكى نادروستە. پاشان: نەفیى نەفیى قەڵپ نەفییەكى دروستە، بەڵێى نەفیى دروست ئەرێیەكى دروستە. ڕەخنەگر كە مەودایەك لە دەق دەپارێزێت، دەتوانێت بەڵێ بۆ بەڵێى دروست بكات و نەفیى نەفیى قەڵپ بكات، دەتوانێت نەفیى بەڵێى قەڵپ بكات و ئەرێى نەفىی دروست بكات؛ لێرەوە ڕەخنەگر نە ئەوەیە یەكێتی لەگەڵ تێكستدا پێك بهێنێت و حلول بكات، نە ئەوەیە لە جیهانى تێكست دابڕێت و ئامانجێكى ترى لە دەرەوە بەسەردا بسەپێنێت؛ لەبریى ئەمە ڕەخنەگر تێكست دەخاتە جیاوازییەوە لەگەڵ دەرەوەى خۆیدا. دەبێت تێكست بۆ دەرەوە بانگ بكرێت؛ بچێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ دەرەوەدا، بەبێ ئەوەى خۆیشى بەجێ بهێڵێت (Blanchot, the Infiniti Conservation, P. 168). دەرەوە كوێیە؟ با بلانشۆ وەڵام بداتەوە: «دەرەكێتی Exteriority هەمیشە بوونى خودە لە دەرەوە. دەرەوە پێكەوە پەیوەستی نییە، چەقى ئاوێتەبوون نییە، لەبریى ئەوە پەیوەندى لەسەر بنەماى دابڕانێك كە ناهێڵێت[لایەنەكان] تێهەڵكێشى یەكترى بن یان یەكبگرن، دادەمەزرێنێت. جیاوازى یەدەگى دەرەوەیە؛ دەرەوە پێشانگاى جیاوازییە؛ جیاوازى و دەرەوە بەیەكگەیشتن-جوداییەكى بنەڕەتی دیارى دەكەن» (Ibid., P. 161). دەرەوە جیهانە، ناكۆتا ئیمكان. پەیوەندى لەگەڵ دەرەوە جومگەى بەیەكگەیشتنى جودایى و جوداییی بەیەكگەیشتنە؛ واتە هاوجودایەتى [إنفصال]، كە هەم بەیەكگەیشتنە و هەم جودایى لە جیهان. ئەمە بەو واتایەیە ڕەخنەگر لێناگەڕێت دەق لەنێو خۆیدا، بە هەمان پێكهاتە و فۆڕمى خۆى، بمێنێتەوە؛ ڕەخنەى ئەرێكار دەق دەوڵەمەند دەكات، بەردەوام ئایدیاكانى، تێزەكانى، ستایلى، زمانى، تووشى لادان دەكات و لەگەڵ ئایدیاى دوورتر و چەمكى دەرەكیدا بەیەكیان دەگەیەنێت. ڕەخنەگر لەو با نەخوزاراوە دەچێت كە كەشتییەكەى كۆڵۆمبسى بەرەو ئەمریكا سەرگەردان كرد. كۆڵۆمبس بۆ هیندستان دەچوو، بەڵام ونكردنى ئاراستە و باى هەڵە بەرەو كیشوەرێكى نوێ بردیان؛ ئەم دەستتێكەڵكردنەى چارۆكە و باى ڕۆژهەڵات كەشتییەكەى ئەویان لەدەستى خۆى دەرهێنا، لە حوكمى نەخشە دەریاوانییەكەى ڕزگاریان كرد و ئەوەیان پێبەخشى كە خۆى بە خەیاڵیدا نەهاتبوو. ڕەخنەگر بۆ تێكست بەم جۆرەیە؛ تێكست لە نووسەر دەسەنێت، بەڵام بۆ ئەوەى پێى بڵێت گەنجینەى زۆر هەن تۆ لێیان غافڵ بوویت، بەڵام دەقەكەت بە سایەى ڕەخنەوە دەتوانێت لەمسیان بكان؛ گەلێك كیشوەرى نەزانراوى تر لەوبەرى دەریا هەن كە لەو كیشوەرە جیاوازن وا تۆ بۆى چوویت، من تێكستەكەت بەرەو ئەوێ دەبەم. ئەمە هاوكات ڕاشكاوییە بەرامبەر نووسەر، وتنى هەموو شتێك بێ شاردنەوەى هیچ بەشێك، بێ موجامەلە، بێ ڕیایى و ڕووپامایى؛ واتە پارێزیا، هەمان بوێرى بۆ وتنى حەقیقەت. ئەم بوێرییە پێش هەموو شتێك بەرامبەر دەسەڵاتى نووسەرە وەك پادشاى مەملكەتى خۆى؛ وەك مەرجەعى موتڵەق، وەك خالقى تێكست. دووەم بەرامبەر دەسەڵاتى موفەسیرە وەك پەیامبەرى نووسەر، كە دەرەوە دادەخات و هەموو شتێك دەخاتەوە نێو دەق، هەر بە زەڕەبینەوە خەریكى كەشفى پشتى دێڕ و جیهانى ژێرەوەى تێكستە بۆ ئەوەى بە نائاگایى و گرێ سێكسییەكانى نووسەر بگات. مومارەسەى ڕەخنە وەك ڕاشكاوى، یان بە تێرمى فوكۆ وەك پارێزیا، جۆرێك ڕیسكە بەرامبەر دەسەڵاتى حاكمانى دەق [دانەر/موفەسیر] تاوەكوو خودى دەق بەرەو دەرێ ئازاد بكات، هەر لەبەر ئەمە جۆرێك زبرى و توندوتیژییشە بەرامبەریان. بەم مانایە زبریى ڕەخنەگرى ئەرێكار دەچێتە ئەودیوى زمانى لووسى ستایشكاران و زمانى زبریى نەفیكارانەوە. ئەم زبرییەى ئەرێكردن بۆ دەق ئازادكەر و نەشئەبەخشە.
وەها ڕیسكێك ئەو كاتە گەورەتر دەبێت كە بزانین پەیوەندییەكانى ماناش هەر وەك پەیوەندییەكانى دەسەڵات پڕن لە ململانێ و مەترسى؛ لەم بارەدا دەشێت پەیوەندى لەگەڵ دەرەوە وەك ئینفیساڵ، ببێت بە پچڕان، دەق لە خۆى داببڕێنرێت و مانایەك هەر بە زۆردارى بە سەریدا بسەپێنرێت. بە بڕواى نیچە تەفسیر چیتر دۆزینەوەى ماناى شاراوەى پشتى/نێو دەق نییە، بەڵكوو سەپاندنى مانایە بەسەریدا، شتێك كە نازیزم لەگەڵ نیچە خۆیدا كردیان. بەڵام وەك بلانشۆ ڕوونى كردووەتەوە، فیكرى نیچە فیكرى ئینفیساڵە، واتە گەر ماناى سەپێنراو لەگەڵ ناوەوەدا یەكتر ڕانەكێشن و دەق پێى شاد نەبێت، ئەوا مانا تەنیا لە بەهاى تێكدان و خاپووركردندا، واتە لەو قۆناغەدا كە نیچە بە صەیرورەى شێر ناوى دەبات، دەوەستێت. زەردەشت بارگۆڕانەكانى ڕۆح بەم جۆرە دیارى دەكات: لە عەقڵەوە بۆ وشتر، لە وشترەوە بۆ شێر، لە شێرەوە بۆ منداڵ (نیتشه: هكذا تكلم زرادشت، ص 61). بەڵام ڕوونە كە ئامانجى نیچە داهێنانى بەهاى نوێیە؛ واتە دوا بارگۆڕانى ڕۆح، كە صەیرورەى منداڵە. نازیزم صەیرورەیەكى پێچەوانەى هەبوو؛ لە بوونبە-شێردا لەبریى ئەوەى ڕۆح بگەیەنێتە قۆناغى بوونبە-منداڵ تاوەكوو بەهاى نوێ دابهێنێت، بەها كۆنەكان یان صەیرورەى وشترى سەپاندەوە، تەنانەت بەسەر تێكستى نیچەیشدا. تێكست بەردەوام بە سایەى ڕەخنەگرەوە، كە تەفسیر دەگۆڕێت بۆ هێرمینۆتیك، لە مەترسییەكى لەم جۆرەدایە؛ ڕەخنەگرى ئەرێكار ڕیسكى ئەوە دەكات بە ڕاشكاوى بدوێت تەنانەت ئەگەر لەگەڵ نووسەر و موفەسیرى دەروونشیكاریشدا بكەوێتە ململانێوە تاوەكوو دەق لەگەڵ ماناى نوێدا، لەگەڵ دەرەوەدا، لەگەڵ ئەوی تردا بخاتە پەیوەندییەوە. ئەم دەرەوەیە كە لاى بلانشۆ جیاوازییە (هەروەك ئەمریكاكەى كۆڵۆمبس كیشوەرێكى جیاوازە)، ماناى “هێشتا نەبوو“ە. ئەمریكا بەر لە كۆڵۆمبس هەبوو، بەڵام هەتا ساتى دۆزینەوەى كۆڵۆمبس نەبووبوو بە كیشوەرێك لەسەر نەخشەى جیهان، نەزانراو و كەشف نەكراو مابوویەوە. ئەم نەزانراوییە ئەشكەوتى شاراوەى ئاسیا و ئەوروپا نەبوو (پشتى دەق)، بەڵكوو دوورەدەستتر، لە دەرەوەیان بوو؛ زەمینێك كە هێشتا نەببوو بە كیشوەر. با كەشتییەكەى بەرەو ئەم هێشتا نەبووە پاڵ پێوە نا.
ڕەخنەى ئەرێكار هەر بە ئاسانى بەڵێگۆیى نییە بۆ ئەوەى كە هەیە (واقیع)؛ هەروەها نەفییەك نییە لەپێناو دەركەوتنى ئەوەى كە نییە (یۆتۆپیا)، بەڵكوو بەڵێگۆییە بۆ ئەوەى كە هێشتا نەبووە و لە ڕێگەى كردارى ڕەخنەوە ئەم هێشتا نەبووە دەهێنێتە بوون
بەم جۆرە ڕەخنەى ئەرێكار هەر بە ئاسانى بەڵێگۆیى نییە بۆ ئەوەى كە هەیە (واقیع)؛ هەروەها نەفییەك نییە لەپێناو دەركەوتنى ئەوەى كە نییە (یۆتۆپیا)، بەڵكوو بەڵێگۆییە بۆ ئەوەى كە هێشتا نەبووە و لە ڕێگەى كردارى ڕەخنەوە ئەم هێشتا نەبووە دەهێنێتە بوون، ئەم ڤێرچواڵە دەكات بە ئەكچواڵ. كەواتە، گەر ڕەخنەگرێكى مێژووییی ئەرێكار دووبارە مێژووى كۆڵۆمبس بنووسێتەوە، لەبرىی سەركوتكردنى هەڵە و سەهوو، دەڵێت: “بەڵێ بۆ سوتفە، بەڵێ بۆ لادان، بەڵێ بۆ بێئاراستەیى” كە بوونە مایەى كەشفبوونى كیشوەرى نوێ… نەخێر بۆ نەخشەى پێشوەخت، نەخێر بۆ پێوەر و پێوانە، نەخێر بۆ حوكم كە دەبوونە هۆى ئەوەى كۆڵۆمبس هەر بگاتەوە بە هیندستانە زانراوەكە بێ ئەوەى هیچى نوێ ڕوو بدات. كەواتە دیسان دووپاتى دەكەینەوە: ئەم ڕەخنەیە نە ئەوەیە كە هەیە (بەڵێكردنێكى فەندەمێنتاڵانەى دۆخى باو)؛ نە ئەوەیشە كە نییە و دەبێت ببێت (بەڵێكردنى وەهمێكى مەحاڵ، یۆتۆپیایەك). ڕەخنەیەكە لە دەرەوەى ئەم دووانە؛ پتر بەڵێكردنى ئەوەیە كە هێشتا نییە بۆ ئەوەى ببێت. بەرهەمى ڕەخنەگر زەمینەى بوونبە ئەكچواڵى ئەم هێشتا نەبووەى نووسەرە. كەواتە ڕێگایەكى نوێیە بۆ دەرچوون لە دووالیزمى بێزەنتیى هێشتنەوە-نەفى، فەندەمێنتاڵ-ئاڤانگارد؛ لەبەر ئەمە لە هەر ڕەخنەیەكى تەقلیدى و باو و دووبارە لەپێشترە.
سەرچاوەكان:
G. W. F. Hegel, Phenomenology of Spirit, Translated by A. V. Miller, Analysis of the Text and Foreword by J. N. Findlay, Oxford University Press, Oxford, New York, Toronto…, 1977.
Immanuel Kant: Beantwortung der Frage: Was ist Aufklärung?, Vorabversion der 1. Auflage vom 16. Juni 2015. http://www.alsatia.de/publikationen/Immanuel_Kant_Was_ist_Aufklaerung.pdf
Judith Butler: What is Critique? An Essay on Foucault’s Virtue, Transversal Texts, 05. 2001. https://transversal.at/transversal/0806/butler/en
Michel Foucault: Ethics- Subjectivity and Truth, Edited by: Paul Rabinow, Translated by: Robert Hurley and Others, ‘Essential Works of Foucault’, Vol. I, The New Press, New York, 1997.
Michel Foucault: The Politics of Truth, Edited by Sylvere Lotringer & Lysa Hochroth, Semiotext(e), New York,1997.
Maurice Blanchot:The Infinite Conversation, Translation and Foreword by Susan Hanson, Theory and History of Literature, Volume 82, University of Minnesota Press, Minneapolis and London, Fourth Printing 2003.
فريدريش نيتشه: هكذا تكلم زرادشت- كتاب للجميع و لغير أحد، ترجمة: علي مصباح، منشورات الجمل، الطبعة الأولى، كولونيا (ألمانيا)-بغداد، 2007.
جيل دلوز: المعرفة و السلطة، مدخل لقراءة فوكو، ترجمة: سالم يفوت، المركز الثقافي العربي، الطبعة الأولى، بيروت، 1987.
پەراوێزەکان
1    “گۆیا”=قسەكەر، سوبێكتى گۆكردن. “بیسا” =بیسەر. بینا=بینەر. پێشتر دكتۆر عیرفان مسەفا ئەم زاراوانەى بەم فۆڕمە داڕشتووە.
2    بێگومان ئەو پرسە بێ ئەندازە ئاڵۆزە كە حەقیقەت چییە و كێ دەتوانێت بیڵێت؛ ڕێژەیییە یان ڕەها، بەرهەم دێت یان جەوهەرییە، دنیایى یان میتافیزیكییە، مەعریفەیە یان شهود و هتد. ئەم تێمایە بەشیك نییە لە سیاقى گشتى ئەم وتارە، بۆیە لێرەدا پرۆبڵماتیزەى ناكەین.
3    وتارە گرنگەكەى دۆلۆز “ئەفڵاتوون و زڕەوێنە”مان كردووە بە كوردى و ماوەى ساڵێك زیاترە سپاردوومانە بە هاوڕێیانى گۆڤارى “لۆگۆس”؛ لاموایە هێشتایش ژمارەى نوێى گۆڤارەكە بۆ بڵاوبوونەوە ئامادە نەكراوە.
4    بێگومان ئێمەیش لەم وتارەدا خۆمان لە نەفیكردن نەبوواردووە، بەڵام ئەم نەفییە بنچینە نییە؛ نەفى ئەو شتەیە كە دژ بە ئەرێیە، بەم واتایە نەفییەكى ئەرێیانەیە.
The post ئەمریكادۆزیى تێكست appeared first on ژنەفتن.
مه‌سیحییه‌ت و دانپێدانان
نۆیەم کتێبی ئەلیکترۆنی ماڵپەڕی ژنەفتن
فوکۆ وتاری «مه‌سیحییه‌ت و دانپێدانان [Christianisme et aveu]» له‌ ٢٤ـی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٨٠ له‌ كۆلێژ دارتمۆس پێشكه‌ش ده‌كات. ئاسایی ئه‌م وتاره‌ش پێشتر له‌ ٢١ـی ئۆكتۆبه‌ری ١٩٨٠ له‌ زانكۆی كالیفۆرنیا له‌ بێركلی پێشكه‌ش كراوه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌قی وتاره‌كه‌ی دارتمۆس جیاوازی هه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م دوو وتاره‌م تێهه‌ڵكێش كردووه‌ و جیاوازیی وتاره‌كه‌ی زانكۆی كالیفۆرنیام خستووه‌ته‌ ناو ئه‌م جۆره‌ كه‌وانه‌وه‌ [[…]]. ئه‌م وتاره‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌قه‌ گرنگ و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی فوکۆ، به‌ تایبه‌ت ئه‌و ده‌قانه‌ی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێوان ساڵانی ١٩٧٦-١٩٨٤.
سەروان ئەحمەد ئەم گوتارەی وەرگێڕاوە و ژنەفتن وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاوی دەکاتەوە. (دەتوانن لە سەرەوە ئەم کتێبە دابگرن)
The post مه‌سیحییه‌ت و دانپێدانان appeared first on ژنەفتن.
ده‌سه‌ڵات، به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان و ڕۆشنبیر
میشێل فوکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤) فەیلەسوفی فەڕەنسایی. ئەم گفتوگۆیە لە سێی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٨٠ ساز دراوە
پرسیار: كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر وتت كه‌ ئه‌خلاقگه‌رایت.
میشێل فوکۆ: به‌ یه‌ك مانا، من یه‌ك ئه‌خلاقگه‌را1م؛ ئه‌خڵاقگه‌رام، چون پێم وایه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی بوونی مرۆیی و یه‌كێك له‌ ماناكانی بوونی مرۆیی2– شتێك كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئازادیی مرۆییه‌- ئه‌مه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز هیچ شتێك وه‌ك پرسێكی خود-به‌ڵگه‌نه‌ویست، كاربڕ، ده‌ستلێنه‌دراو، ڕوون یا چه‌سپاو په‌سه‌ند نه‌كات. هیچ پرسێكی واقیعی نابێت ئێمه‌ ناچار بكات كه‌ یاسایه‌كی سرووشتی و نامرۆیی دابنێین. به‌م جۆره‌ پێوه‌ره‌ ده‌توانین ببینین كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بێت دژی ڕاپه‌ڕین، هه‌موو فۆرمه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات نه‌ك ته‌نها له‌ مانای به‌رته‌سكی وشه‌دا، واته‌ جۆرێك ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت یا ده‌سه‌ڵاتی یه‌ك گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌سه‌ر گرووپێكی تردا- ئه‌مه‌ ته‌نها توخمێكه‌ له‌ناو ژماره‌یه‌ك توخمی تردا. من ته‌واوی ئه‌و شته‌ به «ده‌سه‌ڵات» ناو ده‌نێم كه‌ له‌ڕاستیدا ده‌یه‌وێت ئه‌و شتانه‌ی كه‌ وه‌ك پرسی واقیعی، ڕاسته‌قینه‌ و باش ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م ئێمه‌، وه‌ك شتگه‌لێكی چه‌سپاو و ده‌ستلێنه‌دراو بیانهێڵێته‌وه‌.
پرسیار: به‌ڵام ئایا نابێت شته‌كان بچه‌سپێنین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی بێت؟
م. فوکۆ: به‌ دڵنیاییه‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ وتم به‌م مانایه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نها ده‌بێت له‌ یه‌ك ناپه‌یوه‌سته‌گی یا دابڕانی نه‌زانراودا ژیان بكه‌ین. به‌ڵكه‌ مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌مان له‌به‌رچاو بێت كه‌ ده‌بێت هه‌موو پنته‌كانی چه‌سپاندن و نه‌جووڵان وه‌ك‌ توخمگه‌لێك له‌ یه‌ك تاكتیك یا له‌ یه‌ك ستراتیژیدا هه‌ژمار بكرێن- واته وه‌ك به‌شی یه‌ك هه‌وڵ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی جووڵه‌ی بنه‌ڕه‌تی، ئه‌گه‌ری چاككردنه‌وه‌، گۆڕان و كراوه‌یی شته‌كان. كه‌مێك به‌ر له‌ ئێستا به‌ ئێوه‌م وت كه‌ سێ توخمی ئه‌خلاقی من بریتین له‌: ]یه‌كه‌م[، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی په‌سه‌ندكردنی ئه‌و شته‌ی كه‌ وه‌ك پرسی سه‌ره‌تایی یا خود-به‌ڵگه‌نه‌ویست3بۆ ئێمه‌ پێشنیار ده‌كرێت؛ دووه‌م، زه‌رووره‌تی شیكاركردن و زانین، چون ئێمه‌ ناتوانین به‌بێ تێڕامان و به‌بێ مه‌عریفه‌4 هیچ شتێك ئه‌نجام بده‌ین- كه‌واته‌، ئه‌مه‌ پره‌نسیپی كونجكاوی5یه‌؛ و سێیه‌م، پره‌نسیپی داهێنان، واته‌ له‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌كی پێشوه‌خته‌ مۆدێل وه‌رنه‌گرین، و له‌ هه‌ندێك له‌ توخمه‌كانی تێڕامان و له‌ شێوازی كاركردنماندا، به‌دوای ئه‌و شته‌دا بگه‌ڕێین كه‌ هه‌رگیز بیری لێ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، وێنا نه‌كراوه‌، نه‌ناسێنراوه‌ و هتد. كه‌واته:‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌، كونجكاوی، داهێنان.
پرسیار: وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چه‌مكسازیی مۆدێرنی سوژه‌ ته‌واوی ئه‌م سێ پره‌نسیپه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌، كونجكاوی و داهێنان له‌خۆ ده‌گرێت. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، جیاوازیی نێوان سوژه‌ و ئۆبژه‌ به‌وردی ئه‌مه‌یه‌ كه‌ سوژه‌ ده‌توانێت ڕه‌ت بكاته‌وه‌ و دابهێنێت. كه‌واته‌ ئایا له‌ كاره‌كه‌تدا ده‌ته‌وێت ئه‌م گریمانه‌یه‌ی سوژه6كه‌ ده‌یخه‌یته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ بچه‌سپێنیت؟
م. فوکۆ: ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵم دا‌ به‌ ئێوه‌ی بڵێم ئه‌مه‌ بوو كه‌ كاره‌كه‌م له‌ چ هه‌رێمێكی به‌هاكاندا جێ ده‌كه‌مه‌وه‌. له‌ منتان پرسی ئایا یه‌ك پووچگه‌را یا نیهیلیست نیم كه‌ ئه‌خلاقییات7ڕه‌ت ده‌كاته‌وه.‌ من ده‌ڵێم: نه‌خێر! هه‌روه‌ها له‌ منتان پرسی و ئه‌م پرسیاره‌ به‌ ته‌واوه‌تی ڕه‌وایه‌: «ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌یت له‌ ڕاستیدا بۆچی ئه‌نجامی ده‌ده‌یت؟» و من وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌: «ئه‌مانه‌ به‌هاكانی منن.»8پێم وایه‌ كه‌ تیۆریی مۆدێرنی سوژه‌، به‌ ده‌ربڕینێك، فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنی سوژه‌، به‌ ته‌واوه‌تی ده‌توانێت تواناییی داهێنان و هتد بۆ سوژه‌ دابنێت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، له‌ ئاستی تیۆرتیكی9دا ئه‌م تواناییه‌ بۆ سوژه‌ داده‌نێت. كه‌واته‌، له‌ ڕاستیدا، ئه‌م تیۆرییه‌ ناتوانێت ئه‌م به‌ها جیاوازانه‌ وه‌ربگێڕێت بۆ پڕاكتیك و كرده‌، به‌هاگه‌لێك كه‌ من هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ كاره‌كه‌مدا، و نه‌ك له‌ تیۆریی سوژه‌دا، كاریان له‌سه‌ر بكه‌م.
پرسیار: ئایا ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتێكی كراوه‌ ‌بوونی هه‌بێت؟ یا ده‌سه‌ڵات له‌ خۆیدا و له‌ جه‌وهه‌ریدا سه‌ركوتكه‌ره‌؟
م. فوکۆ: پێم وایه‌ كه‌ نابێت په‌یوه‌ندییه‌كان و مۆدێلی ده‌سه‌ڵات وه‌ك یه‌ك سیسته‌می سه‌ركوتكه‌ر ده‌رك بكرێت، واته‌ وه‌ك شتێك كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ دێت و هێرش ده‌باته‌ سه‌ر تاكه‌كان و فڵان یا فیسار شت بۆ تاكه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات. به‌ باوه‌ڕی من، ده‌سه‌ڵات یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌. پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات چییه‌؟ هه‌ڵگرتنی ئه‌م شریتی تۆماره‌ و فڕێدانی بۆ سه‌ر زه‌وی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات نییه‌. من ئه‌گه‌ری پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌- ئه‌گه‌ری پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات له‌ڕووی مادییه‌وه‌‌، له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌‌، له‌ڕووی وه‌رزشییه‌وه‌- من ده‌توانم ئه‌م كاره‌ بكه‌م…
ده‌سه‌ڵات بریتییه‌ له‌ یه‌ك په‌یوه‌ندیی له‌نێوان دوو كه‌سدا؛ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌ جۆری په‌یوه‌ندیگرتن نییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناچار بن سوود له‌ كه‌ره‌سته‌كانی په‌یوه‌ندیگرتن وه‌ربگرن.
پرسیار: ته‌نانه‌ت له‌ڕووی ویستیشه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ تۆ ئاره‌زووی ئه‌م كاره‌ت هه‌بێت؟
م. فوکۆ: من به‌م كاره‌ [هه‌ڵگرتنی شریتی تۆمار و فڕێدانی بۆ سه‌ر زه‌وی] ده‌سه‌ڵات پیاده‌ ناكه‌م؛ من نامه‌وێت به‌م كاره‌ ده‌سه‌ڵات پیاده‌ بكه‌م. به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا، ئه‌گه‌ر ئه‌م شریته‌ هه‌ڵده‌گرم و ده‌یخه‌مه‌‌ سه‌ر زه‌وی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ وه‌ڕز بكه‌م، یا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ نه‌توانن ئه‌و شته‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ وتوومه‌،‌ یا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گوشار بخه‌مه‌ سه‌ر ئێوه‌ كه‌ به‌م شێوازه‌‌ یا به‌و شێوازه‌ ڕه‌فتار بكه‌ن، و ببمه‌ ڕێگری شێوازی ڕه‌فتار و كردار و په‌رچه‌كردارتان، یا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ بتۆقێنم، واته‌ كاتێك كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ ڕێگه‌ی ژماره‌یه‌ك كه‌ره‌سته‌وه‌ كاریگه‌ریی بخه‌مه‌ سه‌ر ڕه‌فتارتان یا كرده‌ به‌سه‌ر ڕه‌فتارتاندا بسه‌پێنم، ئه‌و كاته‌ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجام ده‌ده‌م. به‌ ده‌ربڕینێك، ده‌سه‌ڵات بریتییه‌ له‌ یه‌ك په‌یوه‌ندیی له‌نێوان دوو كه‌سدا؛ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌ جۆری په‌یوه‌ندیگرتن10نییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناچار بن سوود له‌ كه‌ره‌سته‌كانی په‌یوه‌ندیگرتن وه‌ربگرن. ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌و شته‌ نییه‌ كه‌ به‌ ئێوه‌ بڵێم: «ئاو و هه‌وا خۆشه.» یا به‌ ئێوه‌ بڵێم «من له‌ فڵان ڕۆژدا له‌دایك بووم.» من یه‌ك ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئێوه‌دا پیاده‌ ده‌كه‌م، من كرده‌ به‌سه‌ر ڕه‌فتاری ئێوه‌دا ده‌سه‌پێنم و كاریگه‌ری ده‌خه‌مه‌ سه‌ر ڕه‌فتارتان، یا هه‌وڵ ده‌ده‌م كاریگه‌ری دابنێم له‌سه‌ر ڕه‌فتارتان. و ده‌مه‌وێت‌ ڕه‌فتاری ئێوه‌ ڕێنمایی بكه‌م و به‌ڕێوه‌ ببه‌م. ساده‌ترین كه‌ره‌سته‌ بۆ ئه‌م كاره‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌، ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌ستتان بگرم و ناچارتان بكه‌م بۆ ئێره‌ یا بۆ ئه‌وێ بڕۆن. ده‌توانم بڵێم كه‌ ئه‌م جۆره‌ كاره به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان‌ پله‌ی سفری ده‌سه‌ڵات؛ و فۆرمی سنوورداری [ده‌سه‌ڵاته‌]. و له‌ ڕاستیدا، له‌ هه‌مان ئه‌م ساته‌دایه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێت و ته‌نها ده‌گۆڕێت بۆ سته‌م و گوشاری جه‌سته‌یی. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، كاتێك كه‌ سوود له‌ ته‌مه‌نم وه‌رده‌گرم، له‌ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیم، له‌ مه‌عریفه‌كانم كه‌ ده‌توانم ده‌رباره‌ی فڵان یا فیسار شت هه‌مبێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ڕێنمایی بكه‌م- واته‌ كاتێك كه‌ ئێوه‌ ناچار به‌ هیچ شتێك نه‌كه‌م و به‌ ته‌واوه‌تی ئازاد بتانهێڵمه‌وه‌‌- كه‌واته‌ له‌ هه‌مان ئه‌م ساته‌دایه‌ كه‌ ده‌ست به‌ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌م. ڕوونه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ك یه‌ك توندوتیژیی ناچاركه‌ر پێناسه‌ ناكرێت كه‌ تاكه‌كان سه‌ركوت ده‌كات، تاكه‌كان ناچار ده‌كات كه‌ شتێك بكه‌ن و له‌ هه‌مان كاتدا ده‌بێته‌ ڕێگری ئه‌وه‌ی كه‌ شتێكی تر نه‌كه‌ن؛ به‌ڵكه‌ كاتێك ده‌توانین ده‌سه‌ڵات پێناسه‌ بكه‌ین كه یه‌ك‌ په‌یوه‌ندیی له‌نێوان دوو سوژه‌ی ئازاددا بوونی هه‌یه‌، و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ناهاوسه‌نگییه‌ك هه‌یه‌‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك كه‌ یه‌كێك ده‌توانێت كاریگه‌ری بخاته‌ سه‌ر ئه‌وی تر، و ئه‌وی تر كاریگه‌ری بخاته‌ سه‌ر یه‌كه‌م، یا ئه‌وی تر ڕێگه‌ به‌ خۆی بدات كه‌ «كاریگه‌ری» په‌سه‌ند بكات. كه‌واته‌، به‌پێی ئه‌م بنه‌مایه‌… بیرم نایەت ده‌ستپێكی پرسیاره‌كه‌ چی بوو. ئاهـ به‌ڵێ، ئایا ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌؟ نه‌خێر، ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ سه‌ركوتكه‌ر نییه‌. به‌ڵام ده‌توانین ژماره‌یه‌ك فۆرم ـی ده‌سه‌ڵات[ له‌به‌رچاو بگرین؛ و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، شتێكی ڕه‌خساوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بوونیان هه‌بێت كه‌ كراوه‌ بن.
پرسیار: واته‌ هاوته‌راز؟
م. فوکۆ: هه‌رگیز هاوته‌رازی بوونی نییه‌، چون له‌و ساته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێك بوونی هه‌یه‌، ناهاوته‌رازی هه‌یه11. به‌ڵام‌ ده‌توانن سیسته‌می دوولایه‌نه یا قڵپكراوه‌‌12ـی ده‌سه‌ڵاتتان هه‌بێت. بۆ نموونه‌، ئه‌و شته‌ له‌به‌رچاو بگرن كه‌ له‌ یه‌ك په‌یوه‌ندیی ئیرۆتیكی13دا ڕوو ده‌دات- قسه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی عاشقانه14 ناكه‌م؛ و ته‌نها ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی ئیرۆتیكی ده‌دوێم. ئێوه‌ باش ده‌زانن كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ یه‌ك گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاته،‌ و له‌م گه‌مه‌یه‌دا توانای جه‌سته‌یی یا هێزی جه‌سته‌یی به‌پێی پێویست گرنگترین توخم نییه‌. با یه‌كێك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وی تردا له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌مه‌ ڕێگه‌یه‌كی دیاریكراوی كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ئه‌وی تر و دیاریكردنی ئه‌م ڕه‌فتاره‌یه‌‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وی تر به‌وردی ئه‌م ڕێگه‌یه‌ به‌كار بخات تا دواتر دروست به‌پێچه‌وانه‌وه‌15 ڕه‌فتاری ئێوه‌ دیاری بكات. وه‌ك ده‌بینن، لێره‌دا فۆرمی ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واو ناوچه‌یی و ئه‌ڵبه‌ته‌ قڵپكراوه‌- [مه‌به‌ستم16] ده‌سه‌ڵاتی سنووردار- بوونی هه‌یه‌. به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات به ‌خودی خود فۆرمه‌كانی سه‌ركوتكردن نییه‌. به‌ڵكه‌ ئه‌و شته‌ی كه‌ ڕوو ده‌دات ئه‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كاندا، له‌ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كاندا و ڕه‌نگه‌ له‌ ]هه‌موو[ كۆمه‌ڵگه‌كاندا، كۆمه‌ڵێك ڕێكخراو بوونیان هه‌یه‌ كه‌ داده‌مه‌زرێنرێن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بچه‌سپێنن یا چه‌قبه‌ستوو بكه‌ن، ]بۆ ئه‌وه‌ی كه[‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ یه‌ك دۆخی ناهاوكاتیی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسی، دامه‌زراوه‌یی و هتددا به‌ سوودی ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیاریكراو بپارێزن؛ و ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوه‌تی چه‌قبه‌ستووبوونی دۆخی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. و ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌مان ئه‌و شته‌یه‌‌ كه‌ له‌ مانای وردی وشه‌دا ناوی ده‌نێم «ده‌سه‌ڵات». له‌ ڕاستیدا، ئه‌مه‌ یه‌ك جۆری تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی به‌دامه‌زراوه‌ییكراو، چه‌سپێنراو و نه‌جووڵاوه‌، به‌ سوودی ژماره‌یه‌ك كه‌س و به‌ زیانی ئه‌وانی تر.
پرسیار: و به‌ڵام هه‌ردووكیان قوربانیی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ن؟
م. فوکۆ: ئاهـ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك!! ئه‌گه‌ر به‌و كه‌سانه‌ بڵێین قوربانی كه‌ ده‌سه‌ڵات پیاده‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وا ئه‌م وته‌یه‌ له ‌ڕاده‌به‌ده‌ر ڕووكه‌شه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ ڕوو ده‌دات كه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ له‌ ڕاستیدا ده‌كه‌ونه‌ داوه‌وه‌، داوی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام وه‌ك ئه‌وانی تر زۆر قوربانی نین. حه‌ز ده‌كه‌یت بۆ خۆت هه‌وڵ بده‌… ئه‌وكات ده‌یبینیت (پێكه‌نین).
له‌ ڕاستیدا به‌دبه‌ختیی-یا خۆشبه‌ختیی- ماركس ئه‌مه‌ بووه‌ كه‌ دۆكترینه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ به‌لاڕێدا براوه‌.
پرسیار: ماركسیسته‌كان چۆن ده‌توانن ڕه‌خنه‌ی تۆ بكه‌ن؟ تۆ، به‌ دڵنیاییه‌وه،‌ ئۆرتۆدۆكس نیت، به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ بابه‌تی ماركسیسته‌كاندا له‌ یه‌ك هێڵدا جێ ده‌گریت.
م. فوکۆ: له‌ یه‌ك هێڵدا جێ ده‌گرم؟ نازانم. من نازانم ماركسیزم چییه‌. له‌ ڕاستیدا پێم وانییه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ شته‌ بوونی هه‌بێت، وه‌ك شتێكی ده‌رهه‌ست، نه‌ له‌ خۆیدا و نه‌ بۆ خۆی. له‌ ڕاستیدا به‌دبه‌ختیی-یا خۆشبه‌ختیی- ماركس ئه‌مه‌ بووه‌ كه‌ دۆكترینه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ به‌لاڕێدا براوه‌. و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌م دۆكترینه‌ تاكه‌ تیۆریی مێژوویی و به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ فه‌لسه‌فییه‌ كه‌ به‌رده‌وامییه‌كه‌ی به‌ درێژایی یه‌ك سه‌ده‌ی دوایی هه‌میشه‌ گرێ دراوه‌ به‌ بوونی ڕێكخراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسییه‌ ئێجگار به‌هێز و ئێجگار جه‌نگخوازه‌كانه‌وه‌- ته‌نانه‌ت گرێ دراوه‌ به‌ ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت17ـه‌وه‌‌ له‌ یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت. به‌م شێوه‌یه‌، كاتێك كه‌ كه‌سێك له‌گه‌ڵ مندا ده‌رباره‌ی ماركسیزم قسه‌ ده‌كات، من ده‌ڵێم: كام ماركسیزم؟ ماركسیزمێك كه‌ له‌ كۆماری دیموكراتیكی ئه‌ڵمانیادا وه‌ك وانه‌ ده‌یڵێنه‌وه‌، یا ماركسیزم-لینینیزم؟ ئایا مه‌به‌ست له‌و پێڕه‌ چه‌مكه‌ ناڕوون، دووڕه‌گ و شێواوانه‌یه‌ كه‌ كه‌سێكی وه‌ك جۆرج مارشه‌18به‌كاریان ده‌هێنێت؟ یا مه‌به‌ست له‌ پره‌نسیپی ئه‌و دۆكترینه‌یه‌ كه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ مێژوونووسه‌‌ ئینگلیزییه‌كان وه‌ك پنتی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌كار ده‌خرێت؟ دواجار، پێت ده‌ڵێم‌ كه‌ من بۆ خۆم نازانم ماركسیزم چییه‌. هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌گه‌ڵ ئۆبژه‌كانی شیكاركردنم ده‌ستوپه‌نجه‌ نه‌رم بكه‌م، و كاتێك كه‌ چه‌مكێك له‌ فیكری ماركس یا له‌ فیكری ماركسیستێكدا بوونی هه‌یه‌، چه‌مكێك كه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت گونجاو و به‌سووده، من ئه‌م چه‌مكه‌ به‌كار ده‌هێنم‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بۆ من هه‌موو شتێكه‌. و من هه‌رگیز نه‌مویستووه‌ و هه‌میشه‌ ئه‌مه‌م ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌ كه‌‌ هاوده‌قبوون یا ناهاوده‌قبوون له‌گه‌ڵ ماركسیزم وه‌ك پێوه‌رێكی جیاواز دابنرێت بۆ په‌سه‌ندكردن یا ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی كه‌ ده‌یڵێم. هه‌رگیز بۆم گرنگ نییه‌، هه‌رگیز. هه‌روه‌ها كاتێك كه‌ ماركسیسته‌كان ژماره‌یه‌ك شتی دیاریكراو ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، شتگه‌لێك‌ كه‌ من به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌و شتانه‌ ده‌ناسم چون ئه‌م شتانه‌م لای ماركس دۆزیوه‌ته‌وه‌ […19]، كاتێك كه‌ ماركسیسته‌كان ده‌رباره‌ی چه‌ند خاڵێك ڕه‌خنه‌ له‌ من ده‌گرن كه‌ من به‌وردی زۆرترین نزیكیم له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌دا هه‌یه‌ كه‌ ماركس وتوویه‌تی، ده‌كه‌ومه‌ پێكه‌نین، جارێكی تر باوه‌ڕ به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ ده‌بێت ماركسیسته‌كان له‌ ڕیزی یه‌كه‌می ئه‌و كه‌سانه‌دا جێ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ماركس ناناسن‌. هه‌ر ئه‌مه‌ و به‌س. به‌ تایبه‌ت خه‌باتگێڕه‌ ته‌واوعه‌یاره‌ سیاسییه‌كان، به‌ دڵنیاییه‌وه،‌ هه‌رگیز به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌، ڕاستگۆیانه‌، باوه‌ڕپێكراو و درووست ئه‌و شته‌ پێشكه‌ش ناكه‌ن كه‌ هه‌رگیز نه‌گوتراوه‌، ئه‌مانه‌ شتگه‌لێك ده‌خه‌نه‌ پاڵم كه‌ هه‌رگیز نه‌موتووه‌ و كۆمه‌ڵێك زیاده‌ڕه‌وی ده‌كه‌ن و هتد، نازانم بۆچی ده‌بێت من بچمه‌ نێو ئه‌م مشتومڕانه‌وه‌.
پرسیار: ئایا پێت وایه‌ كه‌ یه‌ك ئایدیای سیسته‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردن20 یا حوكمڕانی و ڕێكخستنی مرۆڤه‌كان فۆرمی سه‌ركوتكه‌ری ده‌سه‌ڵات نه‌بێت؟
م. فوکۆ: ده‌زانن پێشكه‌شكردنی پڕۆگرامێك بۆ ده‌سه‌ڵات ته‌نها ده‌شێت سێ فۆرمی هه‌بێت. له‌ لایه‌كه‌وه‌: چۆن ده‌توانرێت به‌ باشترین فۆرمی ڕه‌خساو، واته‌ كاراترین فۆرمی ڕه‌خساو، ده‌سه‌ڵات پیاده‌ بكرێت، و ئه‌مه‌ واته‌ به‌گشتی چۆن ده‌توانرێت پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات به‌هێز و ڕه‌گداكوتراو بكرێت؟ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، یه‌ك دۆخی پێچه‌وانه‌: چۆن ده‌توانرێت ده‌سه‌ڵات قڵپ بكرێته‌وه‌، ده‌توانرێت هێرش بكرێته‌ سه‌ر چ پنتێك تاوه‌كو‌و فڵان یا فیسار په‌یوه‌ندییه چه‌سپاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات بخرێنه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌؟ و سێیه‌م، یه‌ك دۆخی نێوانی: چۆن ده‌توانرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ كه‌مترین خه‌ساری شیاو سنووردار بكرێن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا پێك بهێنرێن و پاشان دابخرێن؟
باشه‌، دۆخی یه‌كه‌م- پێشكه‌شكردنی پڕۆگرامێك بۆ پیاده‌كردنی باشتری ده‌سه‌ڵات- بۆ من سه‌رنجڕاكێش نییه‌. دووه‌مین دۆخ به‌ سه‌رنجڕاكێش ده‌كه‌وێته‌ به‌رچاوم، به‌ڵام ده‌بێت له‌ بنچینه‌دا به‌پێی ئامانجه‌كانی، واته‌ به‌پێی ململانێ به‌رهه‌سته‌كان كه‌ ده‌بێت سه‌رپێ بخرێن له‌به‌رچاو بگیرێت. و ئه‌مه‌ به‌وردی پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ تیۆرییه‌كی له‌پێشتر21دروست نه‌كه‌ین. ده‌رباره‌ی دۆخی‌ نێوانی- هه‌لومه‌رجه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كانی ده‌سه‌ڵات كامه‌یه‌؟ من ده‌ڵێم ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ په‌سه‌ندكراوانه‌ی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات ناتوانرێت وه‌ك یه‌ك پرسی له‌پێشتر پێناسه‌ بكرێت؛ ئه‌م هه‌لومه‌رجانه‌ جگه‌ له‌ ئه‌نجامی په‌یوه‌ندییه‌كانی هێز له یه‌ك‌‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هیچ نین. و له‌ هه‌ندێك دۆخدا، ڕوو ده‌دات كه ناهاوسه‌نگییه‌كی دیاریكراو له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا له‌لایه‌ن قوربانییه‌كانییه‌وه‌ به‌رگه‌ ده‌گیرێت، واته‌ كه‌سانێك كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو له‌ ناهه‌موارترین دۆخدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ئه‌وكات ده‌ڵێین ئه‌م دۆخه‌ هه‌مان دۆخی په‌سه‌ندكراوه‌‌! پاشان زۆر خێرا، و له‌ ڕاستیدا هه‌میشه‌ هه‌ندێك جار پاش چه‌ند مانگێك و له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێكدار پاش چه‌ند ساڵێك یا چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك، تێده‌گه‌ین كه‌ خه‌ڵكی به‌ره‌نگاری ده‌كه‌ن، و ئه‌م سنووره‌ نێوانییه‌ ئیتر كار ناكات. به‌م پێیه‌، نابێت ڕێكارنامه‌ و یه‌ك فۆرمیوله‌ی كاربڕ بۆ پیاده‌كردنی دڵخوازی ده‌سه‌ڵات پێشكه‌ش بكه‌ین.
پرسیار: مه‌به‌ستت ئه‌مه‌یه‌ كه‌ شتێك له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان مرۆڤه‌كاندا ده‌بێته‌ چه‌قبه‌ستوو و پاش ماوه‌یه‌ك ده‌بێته‌ شتێكی به‌رگه‌نه‌گیراو22؟
م. فوکۆ: به‌ڵێ، و سه‌ره‌نجام هه‌ندێك جار ده‌ستبه‌جێ ده‌بێته‌ ئه‌م جۆره‌ شته‌. ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات، به‌و جۆره‌ی كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراودا بوونیان هه‌یه،‌ ته‌نها چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هێزه.‌ و هیچ هۆكارێك بوونی نییه‌ كه‌ بتوانرێت و ده‌بێت ئه‌م چه‌سپاندنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هێز وه‌ك تیۆرییه‌كی ئایدیاڵی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراودا فۆرمیوله‌ بكه‌ین. به‌ یه‌ك مانا من نه‌ یه‌ك بونیادگه‌رام نه یه‌ك‌ زمانناس نه‌ چی و چی، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌مه‌ بڕێك وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌ك ڕێزمانناس بڵێت: «باشه‌، زمان ده‌بێت به‌م چه‌شنه‌ بێت، زمانی ئینگلیزی یا فه‌ڕه‌نسی ده‌بێت به‌م چه‌شنه‌ قسه‌ی پێ بكرێت.» به‌ڵام نه‌خێر! ده‌توانرێت بگوترێت كه‌ له‌ ساتێكی دیاریكراودا، چۆن به‌ یه‌ك زمان قسه‌ ده‌كه‌ین، چ شتێك ده‌رككراو23ـه‌ و چ شتێك په‌سه‌ندنه‌كراو و ده‌ركنه‌كراو24ـه‌‌. و به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ده‌توانم ده‌رباره‌ی زمان بیڵێم. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌م وته‌یه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ كاركردنه‌‌ له‌سه‌ر زمان ڕێگه‌ به‌ هیچ داهێنانێك نادات.
پرسیار: قسه‌كردن له‌ چێوه‌یه‌كی ئه‌رێنیدا ڕه‌ت ده‌كه‌یته‌وه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ساتی ئێستا بێت.
م. فوکۆ: كاتێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتمان وه‌ك كۆمه‌ڵه‌یه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌رك كرد، واته‌ وه‌ك یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هێزه‌، ئیتر ناتوانین پێناسه‌یه‌كی پڕۆگرام ئاسای دۆخی خوازراوی هێزه‌كان پێشكه‌ش بكه‌ین؛ یا ته‌نها له‌ حاڵه‌تێكدا ده‌توانین ئه‌م كاره‌ بكه‌ین كه‌ بڵێین: «ئاره‌زوو ده‌كه‌م كه‌، بۆ نموونه،‌ نه‌ژادی سپی و ئاریایی و پاك ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرێت و [ده‌سه‌ڵات] پیاده‌ بكات.» یا بڵێین: «ده‌مه‌وێت پرۆلیتاریا ده‌سه‌ڵات پیاده‌ بكات و ده‌مه‌وێت ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌كی كامڵ پیاده‌ بكات […].» كه‌واته‌، له‌م ساته‌ به‌دواوه‌ ئه‌مه‌ یه‌ك دراوه‌: پڕۆگرامێك بۆ پێكهێنانی ده‌سه‌ڵات.
پرسیار: ئایا ئه‌مه‌ ڕه‌هه‌ندی ناوه‌كی و جه‌وهه‌ریی بوونـ25ی مرۆڤه‌كانه‌ كه‌ ڕێكخستنیان یه‌ك فۆرمی سه‌ركوتكارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌؟
م. فوکۆ: به‌ڵێ؛ به‌ دڵنیاییه‌وه‌. له‌و ساته‌وه‌ كه‌ تاكه‌كان خۆیان له‌ سیسته‌می په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بیننه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ ده‌توانن كاریگه‌ری بخه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر یا كرده‌ به‌سه‌ر یه‌كتردا بسه‌پێنن وڕه‌فتاری ئه‌وانی تر ڕێنمایی بكه‌ن، ئیتر ڕه‌فتاری ئه‌وانی تر به‌ ته‌واوه‌تی ئازاد نییه‌. له‌ ئاكامدا، به‌پێی ده‌ستپێكه‌كانی لێبوردن26، به‌پێی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی كامڵی گۆڕاوه‌كان، ئه‌م جۆره‌ دۆخه‌ كه‌م تا زۆر په‌سه‌ندكراوه‌، كه‌م تا زۆر ڕه‌تكراوه‌یه‌، به‌ڵام هه‌رگیز به‌ ته‌واوه‌تی په‌سه‌ند ناكرێت. و هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵێك نافه‌رمانی یا سه‌ركێشی27بوونی هه‌یه‌، هه‌میشه‌ مرۆڤگه‌لێك هه‌ن كه‌ نایانه‌وێت په‌سه‌ند بكه‌ن، هه‌میشه‌ پنتگه‌لێك هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤه‌كان تێیدا شۆڕش ده‌كه‌ن و به‌ره‌نگاری ده‌كه‌ن.
پرسیار: ئایا نابێت ویستی ئاگایانه‌ و ویستی نائاگایانه28له‌ یه‌كتر جیا بكه‌ینه‌وه‌؟ ده‌توانم بڕیار بده‌م كه‌ گوێڕایه‌ڵی له‌ ده‌سه‌ڵاتێك بكه‌م و په‌سه‌ندی بكه‌م: له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌توانین قسه‌ له‌سه‌ر باڵاده‌ستی بكه‌ین؟ هه‌روه‌ها ده‌توانم به‌ خۆم بڵێم: «ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره‌ بڕیاره‌ت نه‌دا، ئه‌م بڕیاره‌ بۆ تۆ باشه‌، و تۆ له‌ ڕاستیدا، ده‌ته‌وێت ئه‌م بڕیاره‌ بده‌یت و من ئه‌مه‌ ده‌زانم.» له‌ چ حاڵه‌تێكدا ده‌توانین قسه‌ له‌سه‌ر باڵاده‌ستی بكه‌ین؟
م. فوکۆ: باشه‌، نازانم یه‌ك ویستی نائاگا‌ چییه‌. سوژه‌ی ویست ئه‌و شته‌ی ده‌وێت كه‌ ده‌یه‌وێت، و له‌و ساته‌وه‌ كه‌ ئه‌م دووپارچه‌ییه‌ ده‌به‌یته‌ ناو سوژه‌وه‌ كه: «تۆ نازانیت كه‌ چ شتێكت ده‌وێت؛ و من به‌ تۆ ده‌ڵێم كه‌ چ شتێكت ده‌وێت»، ڕوونه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ڕێگه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات.
پرسیار: به‌ڵام له‌ حاڵه‌تێكدا كه‌ تاكه‌كان ئه‌وه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاتێك به‌سه‌ر ئه‌واندا پیاده‌ ده‌كرێت، ئایا ده‌توانین قسه‌ له‌سه‌ر باڵاده‌ستی بكه‌ین؟
م. فوکۆ: باشه‌ به‌ڵێ، ئێوه‌ په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن كه‌ له‌ژێر باڵاده‌ستیدا بن، هه‌ر ئه‌مه‌ و به‌س.
پرسیار: به‌ڵام بۆ تاكه‌كان ئه‌مه‌ یه‌ك باڵاده‌ستی نییه‌؟
م. فوکۆ: بۆچی، ئه‌وان ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ڕێوه‌ ببردرێن یا حوكمڕانیان به‌سه‌ردا بكرێت، قه‌بووڵی ده‌كه‌ن كه‌ ڕێنمایی بكرێن.
ده‌سه‌ڵات یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌؛ په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕه‌فتاری ئه‌وانی تر ڕێنمایی ده‌كه‌ین
پرسیار: پرسیارێكی به‌رهه‌ست: بۆ گرفتی ئه‌نجامدانی تاوان چ ڕێگه‌چاره‌یه‌ك پێشنیار ده‌كه‌یت؟ یا نموونه‌یه‌كی جیاوازتر كه‌ پڕۆفیسۆر درایفۆس بۆ منی هێنایه‌وه‌: درایفۆس به‌ منی وت كه‌ منداڵه‌كه‌ی ویستوویه‌تی له‌سه‌ر دیوار بنووسێت. و به‌ باوه‌ڕی تۆ، ڕێگریكردن له‌م كاره‌ كرده‌یه‌كی سه‌ركوتكارانه‌یه‌. ئایا ده‌بێت ڕێگه‌ی بده‌ین یا ده‌بێت بڵێین «ئیتر به‌سه‌!»؟
م. فوکۆ: نه‌خێر، من ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌ی كه‌ منداڵه‌كه‌ی ویستوویه‌تی له‌سه‌ر دیوار بنووسێت به‌ پڕۆفیسۆر درایفۆسم نه‌وت كه‌ ڕێگریكردن له‌م كاره‌ سه‌ركوتكردنه‌ […] له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ من هاوسه‌رگیریم نه‌كردووه‌ یا باوكی خێزان نیم، خۆم به‌دوور ده‌گرم له‌ وتنی ئه‌م جۆره‌ شتانه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئایدیایه‌ی ده‌سه‌ڵاتم خوڵقاندووه‌ كه‌ زۆربه‌ی كات ده‌یخه‌نه‌ پاڵ من، ئه‌م ئایدیایه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات شتێكی تۆقێنه‌ر و سه‌ركوتكه‌ره،‌ و به‌ كورتی، شتێكی تۆقێنه‌ر و ترسناكه‌‌ كه‌ كاركرده‌كه‌ی سه‌ركوتكردنی تاكه‌، ڕوونه‌‌ كه‌ ڕێگریكردن له‌ منداڵ به‌وه‌ی كه‌ شتێك له‌سه‌ر دیوار بنووسێت جۆرێك سته‌می به‌رگه‌نه‌گیراو29بێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌ نییه‌ كه‌ من ده‌یڵێم. من ده‌ڵێم كه‌ ده‌سه‌ڵات یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌؛ په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕه‌فتاری ئه‌وانی تر ڕێنمایی ده‌كه‌ین. و هیچ هۆكارێك بوونی نییه‌ كه‌ ئه‌م ڕێنماییه‌، [واته] شێوازی ڕێنماییكردنی ڕه‌فتاری ئه‌وانی تر، دواجار كۆمه‌ڵێك كاریگه‌ریی ئه‌رێنی، به‌هادار و سه‌رنجڕاكێشی نه‌بێت. ئه‌گه‌ر منداڵێكم هه‌بووایه،‌ به‌ڵێنم به‌ ئێوه‌ ده‌دا كه‌ له‌سه‌ر دیوار نه‌نووسێت- ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ی بكردایه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ویستی من‌ ده‌بوو.
پرسیار: شتێكی گرفتسازه‌… كه‌واته‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ توێژینه‌وه‌ بكه‌ین، هه‌میشه‌ پرسیار بكه‌ین.
م. فوکۆ: به‌ڵێ، به‌ڵێ! به‌ ته‌واوه‌تی به‌م جۆره‌یه‌ كه‌ تۆ ده‌یڵێیت: پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات هه‌رگیز شتێكی ڕوون و به‌ڵگەنه‌ویست نییه‌. به‌م جۆره‌ نییه‌ كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌‌ ئێوه‌ باوكن مافتان هه‌یه‌ كه‌ له‌ منداڵه‌كه‌تان بده‌ن. به‌ ده‌ربڕینێك، كاتێك كه‌ كاریگه‌ری ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ڕه‌فتاری منداڵه‌كه‌تان- ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی كات به‌ ته‌مبێ نه‌كردنی منداڵه‌كه‌تان كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌ك شێوازی كاریگه‌ریدانانه‌ له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ئه‌و- ئێوه‌ ده‌چنه‌ ناو سیسته‌مێكی په‌یوه‌ندییه‌ زۆر ئاڵۆزه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕاستیدا پێویستی به‌ تێڕامانی له‌كۆتابه‌ده‌ره‌‌. و كاتێك كه‌ ئه‌و سه‌رنج و وردبینییه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرین كه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ی سیسته‌مه‌ نیشانه‌ناسییه‌كان30ـی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان به‌كاری ده‌هێنین تا ببینین كه‌ به‌ها ده‌لاله‌تگه‌ره‌كان31ده‌رباره‌ی ژماره‌یه‌ك پرس چییه‌، ده‌توانین بڵێین كه‌ لێره‌دا سیسته‌مه‌كانی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتمان تا ڕاده‌یه‌ك پشتگوێ خستووه،‌ چون ڕه‌نگه‌ سه‌رنجی پێویستمان له‌ پاشهاته‌ ئاڵۆزه‌كانی كۆمه‌ڵێك ڕایه‌ڵ و یه‌كبه‌دوایه‌كهاتن نه‌دابێت كه‌ به‌پێی ئه‌م بنه‌مایه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێن.
پرسیار: بابه‌تی تۆ به‌ به‌رده‌وامی له‌ تیۆرسازی32هه‌ڵدێت؛ و بابه‌ت شتێكه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ هه‌ر ساتێكدا سه‌رله‌نوێ بینای بكه‌ینه‌وه‌.
م. فوکۆ: به‌ڵێ، بابه‌ت شتێكه‌ كه‌ له‌ هه‌ر ساتێكدا ده‌بێت دووباره‌ و دووباره‌ بینای بكه‌ینه‌وه‌. بابه‌ت یه‌ك كرداری تیۆرتیكییە؛ بابه‌تیه‌ك ڕێگه‌ی تیۆرسازیی كرداره‌ نه‌ك یه‌ك تیۆری. پێم وایه‌ كاتێك كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌‌كان په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات شیكار ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌نووكه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌م جۆره‌ كاره‌ بكه‌م، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یڵێم لێكدژی نییه‌.
پرسیار: بابه‌تی تۆ زۆر جیاوازه‌ له‌و شته‌ی كه‌ وێنام ده‌كرد…
م. فوکۆ: هه‌ندێك جار، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بابه‌ته‌كه‌م به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویست ڕوون نییه‌، خه‌ڵكی له‌ من یه‌ك جۆر ئه‌نارشیستی ڕادیكاڵ دروست ده‌كه‌ن كه‌ جۆرێك نه‌فره‌تی ڕه‌ها و چی و چی له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌. نه‌خێر! من هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌ڵسه‌نگێنراوترین و بیرلێكراوه‌ترین ڕێكاری ڕه‌خساو ده‌رباره‌ی ئه‌م دیارده‌ له ‌ڕاده‌به‌ده‌ر گرنگ و دژواره‌‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا به‌كار بهێنم، واته‌ دیارده‌ی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات؛ هه‌ڵسه‌نگێنراو له‌ ڕوانگه‌ی شیكاركردنه‌وه‌، واته‌ له‌ ڕاستیدا، له‌ ڕوانگه‌ی پێشگریمانه33ڕه‌خساوه‌كانه‌وه‌، پێشگریمانه‌گه‌لێك كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا تیۆرتیكی و ئه‌خلاقی34ن: [ده‌بێت بزانین كه‌] گرفت چییه‌. به‌ڵام توێژینه‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ و به‌ پرسیاركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ زۆرترین وه‌سوه‌سه‌ و به‌ زۆرترین وردبینیی ڕه‌خساوه‌وه‌، و له‌ هه‌ر پانتاییه‌كدا كه‌ تێیدا كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی ده‌سه‌ڵات پیاده‌ ده‌كرێن، به‌ مانای پێكهێنانی جۆرێك ئوستووره‌ناسیی ده‌سه‌ڵات35نییه‌، به‌ مانای پێكهێنانی بۆ نموونه‌ كتێبی موكاشه‌فه36نییه‌‌.
پرسیار: ئایا له‌ كاری تۆدا تێگه‌گه‌لێكی ئه‌رێنی هه‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌ی كه‌ چه‌مكی چاكه‌ چییه‌؟ له‌ كرداردا، چ توخمگه‌لێكی ئه‌خلاقی له‌ كاری تۆدا هه‌یه‌ بۆ ڕێنماییكردنی ڕه‌فتاری ئه‌وانی تر؟یا به‌ كورتی، ئه‌و پره‌نسیپانه‌ چین كه‌ كرده‌ی تۆ به‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌وانی تر ڕێنوێنی ده‌كات؟
م. فوکۆ: پێشتر به‌ ئێوه‌م وت: ڕه‌تكردنه‌وه‌، كونجكاوی و داهێنان.
پرسیار: ئایا ئه‌مانه‌ هه‌موویان نه‌رێنی نین‌؟
م. فوکۆ: به‌ڵام ئێوه‌ باش ده‌زانن كه‌ تاكه‌ ئه‌خلاق37ێك كه‌ مرۆڤ بتوانێت ده‌رباره‌ی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات هه‌یبێت، ئازادیی ئه‌وانی تره‌. كه‌واته‌،من ئه‌وانی تر ناچار ناكه‌م، و به‌ ئه‌وانیتر ناڵێم: «به‌م شێوازه‌‌ عیشق ببه‌خشن! با منداڵتان هه‌بێت! كار بكه‌ن!»
پرسیار: دانی پێدا ده‌نێم كه‌ به‌بێ ئاڕاسته‌ وه‌رگرتن، خۆم كه‌مێك سه‌رلێشێواو ده‌بینم، چون ده‌روازه‌گه‌لێكی زۆر یا كۆمه‌ڵێكی كراوه‌یی بوونیان هه‌یه‌…
م. فوکۆ: به‌ڵام گوێ بگرن، گوێ بگرن… چه‌نده‌ دژواره‌! من یه‌ك په‌یامبه‌ر نیم؛ من یه‌ك به‌رنامه‌ڕێژ یا پڕۆگرامساز نیم؛ من نامه‌وێت‌ به‌ خه‌ڵكی بڵێم كه‌ پێویسته‌ چ كارێك بكه‌ن؛ و بڕیار نییه‌ به‌ خه‌ڵكی بڵێم: «ئه‌مه‌ چاكه‌ بۆ ئێوه‌؛ ئه‌مه‌ خراپه‌ بۆ ئێوه‌!» من هه‌وڵ ده‌ده‌م یه‌ك دۆخی واقیعی شیكار بكه‌م كه‌ ده‌شێت خاوه‌نی چه‌ندین گرێی جۆراوجۆر بێت یا دۆخێك له‌ هه‌موو ئاڵۆزییه‌كانیدا، و كاركرد و ئه‌ركی ئه‌م شیكاركردنه‌ ڕه‌خساندنی هه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌ هه‌م كونجكاوی هه‌م داهێنانه‌. كه‌واته‌ […]. پێویست ناكات كه‌ من به‌ خه‌ڵكی بڵێم: «فڵانه‌ شت بۆ ئێوه‌ باشه‌.»
پرسیار: و ده‌رباره‌ی ژیانی كه‌سیی خۆت چی؟
م. فوکۆ: ئه‌م كاری شیكاركردنه‌ سه‌رنج له‌ هیچ كه‌سێك نادات. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، پێم وایه‌ كه‌ له‌ چه‌قی ئه‌م كاره‌دا یه‌ك به‌دتێگه‌یشتن ده‌رباره‌ی كاركردی فه‌لسه‌فه،‌ كاركردی ڕۆشنبیر و كاركردی مه‌عریفه‌ بوونی هه‌یه‌: وه‌ك بڵێی كه‌ یا له‌ ئه‌ستۆی فه‌لسه‌فه‌دایه‌ یا ڕۆشنبیر یا مه‌عریفه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێت چ شتێك چاكه‌. نه‌خێر، نه‌خێر، نه‌خێر! به‌م جۆره‌ نییه‌. ئه‌مه‌ ڕۆڵی فه‌لسه‌فه‌، ڕۆشنبیر و مه‌عریفه‌ نییه‌. فه‌لسه‌فه‌ و ڕۆشنبیر و مه‌عریفه ‌ته‌نها زیاد له‌ ئه‌ندازه‌ حه‌زیان له‌ گێڕانی ئه‌م ڕۆڵه‌یه‌. دوو هه‌زار ساڵه‌ ئه‌مانه‌ پێمان ده‌ڵێن كه‌ چ شتێك چاكه‌، له‌گه‌ڵ پاشهاتگه‌لێكی كاره‌ساتباردا كه‌ ئه‌م وتانه‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یهێنن. كه‌واته،‌ ئاگادارن كه‌ یه‌ك گه‌مه‌ بوونی هه‌یه‌ كه‌ ترسناكه‌، یه‌ك داو كه‌ ڕۆشنبیران […] حه‌زیان له‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێن چ شتێك چاكه‌‌، و خه‌ڵكی ته‌نها خوازیاری یه‌ك شتن، ئه‌مه‌ی كه‌ به‌ ئه‌وان بگوترێت چ شتێك چاكه،‌ نه‌ك ئه‌مه‌ی كه‌ پێیان بگوترێت ده‌ست بكه‌ن به‌ هاوار كردن: «چه‌نده‌ خراپه‌!» باشه‌، با ئیتر ئه‌م گه‌مه‌یه‌ بگۆڕین! و با بیر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئیتر بڕیار نییه‌ ڕۆشنبیران بڵێن كه‌ چ شتێك چاكه‌‌. ئه‌م كاره‌ له‌ ئه‌ستۆی خودی خه‌ڵكییه‌ كه‌ به‌ به‌كارهێنانی داوه‌رییه‌كانیان له‌ ئاست شیكارییه‌ پێشنیاركراوه‌كان ده‌رباره‌ی واقیعییه‌ته‌كان، كار بكه‌ن یا به‌ چه‌شنێكی خودبزواو ڕه‌فتار بكه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ خودی خۆیان ئه‌و شته‌ پێناسه‌ بكه‌ن كه‌ بۆ ئه‌وان باشه. […]
چاكه‌ چییه‌؟‌ شتێكه‌ كه‌ داده‌هێنرێت. چاكه‌ له‌ ئاسمانێكی سه‌رمه‌دی و ده‌ره‌كاتدا بوونی نییه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سانێك كه‌ وه‌ك بڵێی به‌ختزانانی چاكه‌ن و ده‌توانن بڵێن كه‌ به‌خت و به‌خته‌وه‌ری كامه‌یه‌. چاكه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت، چاكه‌ به‌كار ده‌خرێت، چاكه‌ داده‌هێنرێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ كارێكه‌ نه‌ك ته‌نها له‌ ئه‌ستۆی یه‌ك كه‌س، [به‌ڵكه] كارێكه‌ ده‌سته‌جه‌معی. ئێستا ڕوونتره‌‌؟‌
پەراوێزەکان
1    moralist
2    Human existence
3    self-evident
4    connaissance/knowledge
5    curiosity
6    notion of the subject
7    la morale/the morality
8    «ئه‌مه‌ ئه‌و به‌هایانه‌ن كه‌ پێشنیاریان ده‌كه‌م.»
9    theoretical level
10    communication
11    [هه‌رگیز هاوسه‌نگی بوونی نییه‌، چون په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات یه‌ك ناهاوسه‌نگییه]
12    réversible/reversible
13    Erotic relationship
14    Love relationship
15    لێره‌دا فوكۆ وشه‌ی vis-à-vis به‌كار ده‌هێنێت كه‌ به‌ مانای قڵپكراوه‌، به‌راوه‌ژووكراو و پێچه‌وانه‌كراو دێت؛ ئه‌و ده‌یه‌وێت بڵێت له‌ په‌یوه‌ندیی ئیرۆتیكیدا ده‌سه‌ڵاتی چه‌سپاو و هاوسه‌نگ بوونی نییه‌، به‌ڵكه‌ په‌یوه‌ندیی قڵپكراوه‌ و دوولایه‌نه‌ هه‌یه‌. واته‌، هه‌ر دوو لایه‌نه‌كه‌ ده‌توانن ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر یه‌كتریدا پیاده‌ بكه‌ن یا شێوازی ڕه‌فتاری یه‌كتری دیاری بكه‌ن.
16    به‌ گومانه‌وه‌؛ چه‌ند وشه‌یه‌كی نادیار.
17    apparatus of state
18    Georges Marchais
19    چه‌ند وشه‌یه‌كی نادیار.
20    governance
21    priori theory
22    intolerable
23    comprehensible
24    uncomprehensible
25    existence
26    tolerance
27    recalcitrant
28    conscious and unconscious will
29    unbearable tyranny
30    Semiotic systems
31    Signifying value/valeur signifiante
32    theorization
33    postulate
34    moral
35    mythology of power
36    apocalypse
37    ethics
The post ده‌سه‌ڵات، به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان و ڕۆشنبیر appeared first on ژنەفتن.
ڕەسەنایەتى و بێماڵى
لە ناوەڕاستى مانگى سێپتێمبەرى ساڵى ڕابردوودا نووسەر و مامۆستاى زانكۆ “نەوزاد جەمال” وتارێكى بە ناونیشانى “سپینۆزا یان هیگڵ لە كوردستان؟” لە سایتى ژنەفتن بڵاو كردەوە كە تەنیا لەم دواییانەدا دەرفەتى تەواوم هەبوو كۆى وتارەكە بخوێنمەوە. لێرەدا ناوەڕۆك و كورتەى باسەكەى بۆ ئەو خوێنەرانە دەخەمە ڕوو كە وتارەكەیان نەخوێندووەتەوە، بۆ ئەوەى وێنایەكى گشتییان دەربارەى هەبێت:
ڕۆشنبیرانى كورد مشتومڕێكیان لە دەستى دووەوە، لە عەرەب و فارسەوە گواستۆتەوە بۆ نێو كایەى ڕۆشنبیریى ئێمە كە هیچ بنكێكى واقیعیى نییە. ئەم مشتومڕە لە بنەڕەتدا سەر بە فەزاى فیكرى فەرەنسییە و پتریش ململانێیە لەنێوان هێڵى هیگڵى و هێڵى سپینۆزاییدا؛ دیارترین نوێنەرى یەكەمیان ژیژەكە و دووەمیشیان دۆلوز. لاى ڕۆشنبیرانى فارس و عەرەب، بە پاڵنەرى مێژوویى و ناسیۆنالیستی خۆیان، گرنگییان بەم ڕەوتانە داوە، نووسەرانى كوردیش بێئەوەى لە پێویستى و گرنگیى خودى فەلسەفەكانیان و زەرورەتى ئایدیاكانیان بۆ كۆمەڵگەى ئێمە تێبگەن، وەك مۆدەى فیكرى دەیگوازنەوە بۆ نێو كایەى نووسینى كوردى. نموونەى دیارى مامۆستا نەوزاد، هیگڵە، كە گوایە، لەم ساڵانەى دواییدا لە كوردستان برەوى سەندووە و بووەتە مۆدەیەكى بەربڵاو.
نەوزاد جەمال
لێرەدا لەسەر سێ و چوار خاڵێك دەوەستم، سەرەتایش پێم باشە ئەوە ڕوون بكەمەوە من مامۆستا لە نزیكەوە دەناسم و لە ساڵانى پێشتردا چەند جارێك گفتوگۆمان كردووە؛ بۆیە لێكدانەوەى ئەم وەڵامە وەك ناكۆكى، یان نیازێك بۆ كەمكردنەوە لە بەهاى وتارەكەى ئەو، بەهەڵەداچوون یان بەهەڵەدابردنە.
١
ڕاستە ململانێیەكى لەم جۆرە لە فەرەنسا هەبووە و هێشتایش كاریگەرییەكانى ماوە، بەڵام لە كوردستان، بە پێچەوانەى بۆچوونى نەوزاد جەمالەوە، ئەو كارە كەم و هەندێجار كاڵوكرچانەى، لێرەو لەوێ، لەسەر هیگڵ و ژیژەك یان دۆلوز و سپینۆزا كراون، نەبوون بە مۆدەیەكى برەوسەندوو و هەژموونیشیان لەسەر كایەى نووسین نەكردووە. ڕەنگە نەك مانگانە، بەڵكوو هەفتانە لە هەر كوێیەكى دنیادا كار لەسەر ئەفڵاتوون، دیكارت، سپینۆزا، هیگڵ، كانت و نیچە بكرێت؛ ئەمە بەو مانایە نییە بوون بە مۆدە؛ نەخوازەڵا كە لاى ئێمە بەگشتى بزاوتى فیكر خاوە و بگرە كارێكى ئەوتۆ بەرهەم نەهاتووە؛ ئەوەى هەیە جموجووڵێكە كە چەند ساڵێكە دەستى پێ كردووە كە ئەگەرچى زۆر سیستەماتیك نییە، بەڵام شایەنى ئەوە نییە بە هەر ناوێكەوە بێت، پەڵپى پێ بگیرێت یان سەركوت بكرێت. بە مۆدەبوونى هیگڵ یان نیچە یان ژیژەك مایەى ترس نییە و فەلسەفە خۆى ئەو پۆتێنشیەڵەى تێدایە بەرەنگارى ئەو نوسخە پاتاڵانە ببێتەوە كە پۆپۆلیزم و عەوامپەسەندى پێكیان دێنن.
هاوار محەمەد
٢
بەش بە حاڵى خۆم چەند ساڵێكە هەوڵم داوە هێڵێكى كاركردن بدۆزمەوە كە هەم لەدەرەوەى میراتى هیگڵى بێت و هەم ڕەخنەى هیگڵیزم و دیالەكتیك بكات؛ نەك وەك مامۆستا نەوزاد دەڵێ «ڕەخنە لە هیگڵ بەو مەبەستە بووە لە سەرچاوەى فیكرى هاوڕێكانیان بدەن» (هەرچەندە بەوردى نازانم مەبەستى لە ڕەخنەگر و ڕەخنەلێگیراو كێیە)، بەڵكوو لەبەر ئەوەى كێشەى گەورە و بگرە مەترسیدار لە هیگڵیزم و دیالەكتیكەیدا هەن؛ لەوانە بەربەستكردنى فیكرى ئازاد، دەوڵەتخوازى، تۆتاڵێتى و تۆتالیتاریزم، سەركوتكردنى “ئەوی تر”. ئەم هێڵە دەرە دیالەكتیكە چەند ناوێكى هەیە: ئەندێشەى دەرەوە (بلانشۆ و فوكۆ)، ئەوی ترخوازى/ئەندێشەى ناكۆتا (لێڤیناس)، نۆمادیزم (دۆلوز و گواتارى)، كۆسمۆپۆلیتانیزم (دێریدا). گەر ئەم ڕەخنەیە دەروونشیكارییش بگرێتەوە ئەوا لەبەر ئەوەیە كە شرۆڤەكەى كۆژێف بۆ پرسى ئارەزوو لاى هیگڵ، بنچینەى سەرەكیى تێزی ئارەزووە لای لاكان-ژیژەك؛ هەروەها لەبەر ئەوەیە كە ڕوانگەى دەروونشیكاریى بۆ ئوبێكتیى بنەڕەتیى لەدەستچوو وەك داینەمۆى ئارەزوو، لە جەوهەردا هەمان پرسى “فیردەوسى لەدەستچوو”ە؛ بە مانایەكی تر، دەروونشیكارى تەنیا تیۆلۆژیایەكى بۆیاخ كراوە كە بە شێوەیەكى ڕواڵەتیى دژ بە ئەسڵى خۆی ڕادەپەڕێت، ئەوپەڕەكەی دەیەوێت وەك ئۆدیپ باوكى خۆى (تیۆلۆژیا) بكوژێت بۆ ئەوەى بۆ ئەبەد پیرۆزى بكات؛ لەبەر ئەوەیە دەروونشیكارى بەردەوام بە چەمكە نێگەتیڤەكانى وەكوو نوقسانى، خەسان، دزین، تاوان، سزا شرۆڤە دەكات. بەڵام وەك لێڤیناس دەڵێت، ئەوەى لە دەروونشیكاریدا هەیە ئارەزوو نییە، بەڵكوو هەڵلووشینێكى ئیگۆیستییە، دۆلوزیش لای وایە ئەوەى دەروونشیكارى بە ئارەزووى داناوە، پتر چێژ و تێر(نە)بوونە.
٣
ئەم هێڵە دەرە-هیگڵییە لە كیركەگاردەوە هەتا ئەنتۆنیۆ نێگرى درێژ دەبێتەوە؛ لەو نێوانەدا بە شێوەیەكى سەرەكی، نیچە، ئاڵتوسێرى دووەم قۆناغ، لێڤیناس، فوكۆ، دۆلوز، بلانشۆ، نانسى، دێریدا، بۆدریار و ئاگامبێن هەن. بەراورد بە هەموویان فیكرى نانسى-دێریدا هێشتا مەیل و ڕیشاڵگەلى هیگڵییانەى دژ بە هیگڵ تێدایە. ئاگامبێن گەرچى ڕاستەوخۆ لەنێو مشتومڕەكەدا نییە، بەڵام بەگوێرەى بەكارهێنانى نا-دیالەكتیكییانەى دوالیزمەكان لە زۆربەى بەرهەمەكانیدا، بەتایبەت لە زنجیرەكانى هۆمۆساكەردا، هەروەها ڕەخنەكەى لە ڕوانگەى فرۆید لە بەرگى یەكەمى هەمان زنجیرەدا سەبارەت بە چەمكى “ساكەر”، پۆتێنشیەڵى گەورەى دژە هیگڵیى و دەروونشیكاریى تێدا دەبینینەوە. بەڵام ئەوەى كە بە شێوەیەكى كاریگەر و بەهێز دژە هیگڵى و دژە فرۆیدییە، میراتى نیچەیى-دۆلوزى (یان بەپێچەوانەوە باشترە: دۆلوزى-نیچەیى)ـەو تەنانەت خودى سپینۆزایش لەنێو ڕوانگە دۆلوزییەكەدا دەكرێت هەموو لۆچە نا-دیالەكتیكییەكانى بكرێنەوە. وەختێك فیكرى ئەم بیرمەندانە لە سیاقێكى تایبەتى خۆماندا بە یەك دەگەیەنین، كەواتە ئێمە هێڵێكى پێچاوپێچ دەكێشین، یان باشترە بڵێین تۆڕێك لە چەمك و تێزى جیاوازى ئەو فەیلەسوفانە بە یەكدا دەچنین كە لەگەڵ یەكتریدا دەیانخەینە وتووێژەوە، تەنانەت ئەگەر خواستى خودى فەیلەسوفەكەیشى لەسەر بێت؛ بەڵام ئیمە لە بارتەوە فێر بووین دانەر [نووسەر/ موئەلیف] دوایین كەسە مافى هەبێت خۆى بە خاوەنى بەرهەمەكەى بزانێت. ئەم كاركردنە لە هێڵ-تۆڕدا لەو چەقبەستنە ڕزگارمان دەكات كە خۆمان سەر بە فەیلەسوفێك حیساب بكەین (كە ئەمە ڕەخنەى نەوزاد جەمالیشە) و هاوكات ئەو گشتخوازییە كایۆسییەش لە بەها دەخات كە بڵێین هەموو فەیلەسوفەكان وەك یەك گرنگن (كە هەمان كایۆسى نێو وتارەكەى مامۆستا نەوزادە). بێگومان خۆ-نووساندن بە فەیلەسوفێكەوە زیان لە فیكرى كەسێك دەدات كە بیەوێت لەنێو فەلسەفەدا كار بكات، بەڵام هەركەسیش بە گوێرەى ئەو دۆزەى كە هەیەتى، هەندێك فەیلەسوفى لە هەندێكى دیكە بۆ گرنگترە. خۆ گەر ئەمەیش نەبێت، هێشتا تواناى هەر كەس بەشى ئەوە ناكات كار لەسەر هەموو میراتى فەلسەفى بكات، بۆیە دۆزینەوەى هێڵى كاركردن زەروورە و هەركەسیش دەتوانێت تۆڕى خۆى، بەیەكگەیشتنەكانى خۆى لەنێو تێزى فەیلەسوفانى نزیك لە یەك و جیاوازدا دروست بكات و ویستەكەیشى بۆ برەودان بە هەندێك تێز و ئایدیا پەیوەستە بە بوارى بایەخدان و هەڵوێستە تیاژیانییەكانییەوە.
٤
مامۆستا نەوزاد دەڵێت: «ڕووناكبیر و ڕۆشنبیرى ئێمە دەرهاویشتەیەكى مۆدێرنن، بۆیە بە “زۆڵەكانى مۆدێرنە” ناوم بردوون، چونكە باوانیان دەچێتە سەر دەرەوەیان. لەوێوە شتێك دەهێننە كایەى نووسینى كوردییەوە بێ ئەوەى پرسیار بكات لە پێویستى و گرنگییەگەى. بەم هۆیە خۆیان دەكەنە خاوەنى و دەبنە باوكێكى مەعریفى لە پانتایی ڕووناكبیریدا…» (كۆتەیشنەكەم بە هەمان ڕێنووسى خۆیەوە گواستۆتەوە). ئەمە یەكەمجار نییە ڕۆشنبیرانى دواى ڕاپەڕین تاوەكوو بە نەوەى گەنجى ئێستاى نێو كایەى ڕۆشنبیریى دەگات، وەك توانج بە “زۆڵ” ناو دەبرێن. پێشتر لە سەرەتاى دوو هەزارەكاندا، فارووق ڕەفیق لە كتێبى “ماڵێكى لێكترازاو”دا هاونەوەكانى خۆى بە “زۆڵ” و “بێئەسڵ و فەسڵ” ناو برد، گوایە ئەم زۆڵانە پشتیان لە باوكە ڕۆژهەڵاتییەكانى خۆیان كردووە و بە فەلسەفەى باوككوشتەى ئەوروپییەوە خەریكن، كە پۆستمۆدێرنیزم نەوە نوێیەكەیەتى. بە پێچەوانەى ئەم ڕوانگە “باوكخواز” و “باوككوژ”ـەوە، كە هەردووكیان تەواوكەرى یەكترن، باستاردیزم ڕێك ئەو شتەیە كە دەبێت ستایش بكرێت. ئەوەى لە باستاریزمدا گرنگە ئەوەیە كە زۆڵەكان كۆى تێزە پارمێندییەكە و ئەفسانە ئۆدیپییەكە پێكەوە وەلا دەنێن؛ واتە باوك و ئۆدیپ لە یەك كاتدا. نە ئەو كات فاروق و نە ئێستایش مامۆستا نەوزاد لە چەمكێكى گرنگ و فەلسەفیى وەكو “زۆڵ” تێنەگەیشتوون.
٥
گوایە دەبێت تەنیا لە ماڵى خۆمانەوە فیكر بەرهەم بهێنین؟ یەكەمین وەڵام كە ئەمە ڕەت دەكاتەوە لەسەر پرسى نوقسانى دامەزراوە: كەمى مەعریفە یان هەژاریى فیكرى لە كوردستان. چۆن ئەو هەژارییە ڕەبەقەى وا ئێمە لە فیكردا هەمانە، دەمانكات بە كۆمەڵگەیەكى خۆ-بەسى ئەوتۆ كە پێویستیمان بە فەلسەفەى ئەوانی تر نەبێت؟ نەوزاد جەمال و چەند نووسەرێكى دیكە، بەپێچەوانەوە، لایان وایە بەرهەمەكانى باوكانى فیكری كوردى، لەوانە حاجى قادر و گۆران و مەسعود محەمەد، هێندە بەخشندەن كە چیتر پێویست نییە هیچ فیكرێكى موعەلەب هاوردە بكەین. ئێمە دەبێت ڕەسەنایەتى كەشف بكەینەوە و دەستى پێوە بگرین، دواجار كەلەپوور لە مۆدێرنە بۆ ئێمە گرنگترە. ئەم باسى “نوێگەرى” و “كەلەپوور”ە لەنێو فیكرى عەرەبیى حەفتا و هەشتاكاندا مشتومڕى گەرمى نایەوە. ئێستا ئیتر پرسەكە ئەمانە نین، “نوێكردنەوەى كەلەپوور”یش نییە؛ پتر ئەوەیە چۆن فیكرى ڕۆژئاوا دەرگیرى خۆمان بكەین تاوەكوو خۆمان تێپەڕێنین؛ چۆن دەرەوە پەستان بخاتە سەر ناوەوە تاوەكوو ناوەوەیش ئیمكانەكانى خۆى بۆ سەرتر ئاوەڵا بكات. لە ڕاستیدا تێزى نوقسانى، گەرچى تا ڕادەیەك دەرهەق بە ئێمە واقیعییە، بەڵام لاوازییشە؛ چونكە نەك تەنیا ئەو كۆمەڵگایانەى كە نوقسانى مەعریفییان هەیە، بەڵكوو هیچ میللەتێكى زیندوو، كە میراتى گەورەى فیكریشى هەیە، ئەم لافى “خۆمانە”ییەى هەندێ لە نووسەرانى كورد لێ نادات. فەلسەفەى فەرەنسى بەقووڵى و هەمەڕەنگیى خۆیەوە هەرگیز ناڵێت با دەست لە فەلسەفەى ئەڵمانى هەڵبگرین و بەسەر خۆماندا دابخرێین؛ هەر فەیلەسوفێكى ئەڵمانیش لایەنی كەم جارێك بە فەرەنسادا نەگێڕدرێت و ورد نەكرێتەوە، تا ڕادەیەكى زۆر ئەبستراكت و نەخوێنراو (لە ئاستى جیهانیدا) دەمێنێتەوە. ئەمە تەنیا لە ئەوروپادا قەتیس نابێت؛ فیكرى ئەوروپى، وێڕاى دەوڵەمەندییە هەرە زۆرەكەى و وێڕاى سەنتەرگەراییەكەى، بەردەوام توخمگەلى فەلسەفەى هیندى، عیرفانى ڕۆژهەڵاتى، فەلسەفەى ئیسلامى، ماویزمى لە تاقمى تیۆریى خۆیدا داڕشتووەتەوە. فیكرى ژاپۆنى و چینى (كە خۆیان زەمینەى زەینى و عەینییان هەیە) زیاتر لە هەشتا ساڵە بایەخێكى تەواو بە فەلسەفەى ئەوروپى دەدەن. گەر وابێ، دژە-ئەرگومێنتەكەى مامۆستا نەوزاد تەنیا ئەوە نییە كە ئێمە “فەلسەفەى كوردى”ـمان نییە و بەبێ كۆمەكى فەلسەفەى ڕۆژئاوایى ناتوانین شتێكى جددیش بنیات بنێین؛ ڕەنگە وا باشتر بێت پرسەكە لەدەرەوەى نوقسانى-خودكەفایى، هەژارى-دەوڵەمەندى، پێویستى-پێرفێكتى بخوێنینەوە. دەبێت ئەوەیش وەك بەڵگەنەویست وەربگرین كە هیچ فیكرێك دووجار وەك خۆى بەرهەم نایەتەوە؛ نایشتوانین بە سیاقەوە فیكرى غەربى بگوازینەوە؛ كەواتە وەك خۆى نابێتە بەشێك لە ئۆنتۆلۆژیاى ئێمە. ئەگەر لە ئۆنتۆلۆژیاى خۆیشماندا بوەستین ئەوا لە باشترین حاڵەتدا “فیكرى كوردەوارى”ـمان دەبێت كە ڕەنگە مەسعود محەمەد ڕۆحەكەى بنوێنێتەوە.
زۆڵ نە كوڕى ڕەسەنە و نە هەڵگیراوەیەكى نێو قوتوو بۆ خێزانێكى نەزۆك، بەڵكوو بەرهەمى بە یەك گەیشتنێكە، گەرچى ڕەت دەكرێتەوە، بەڵام مەرج نییە ڕاستەقینە نەبێت
٦
كەواتە بەگوێرەی دووانەى خۆبەسێتى-نەقس یان فیكرمان هێندە دەوڵەمەندە پێویستمان بە فیكرى غەیر و غەربنییە؛ یانیش هێندە هەژار و نوقسانە دەبێت بە پەلەپروزە فریاكەوین شتێك لە بەرهەمهێنراوەكانى هاوردەى بكەین. یەكەمیان منداڵى ڕەسەن دەخاتەوە و دووەمیان منداڵى تەبەنیكراو (یان دزراو) دەهێنێت. نەوزاد جەمال بووەتە نوێنەرى ڕوانگەى یەكەمیان بۆ ڕەخنەى دووەمیان كە گواستنەوەیەكى ڕووتە و پتر لە فەزاى بەرلین یان پاریسدا دەسووڕێتەوە. بەڵام دوو نەنگى لە وتارەكەى مامۆستادا هەیە كە بەهاى ڕەخنەكەییان تا دوا ڕادە لاواز كردووە: یەكەمیان، پێ بزانێ یان نا، ئەو لەوێدا خۆى نووساندووە بە فەندەمێنتاڵیزمێكى دژە-مۆدێرنیزمەوە كە پتر لەوەى ڕەخنەى مۆدێرنیزم بێن لە نەریت، دەستگرتنە بە ڕەسەنایەتى، بە پێش-مۆدێرنیزم و بە میراتى باووباپیرانەوە. دووەمیان، بە خراپى چەمكاندنەكەى كردووە، واتە لەبرى ڕەخنەى فیكرى هاوردەكراوى بێ تیۆریزە، ڕەخنە لە فیكرى زۆڵ دەگرێت. بۆیە ڕەخنەكەى بەرەو ڕەتكردنەوەى شتێك ملى ناوە كە لە ڕاستیدا خۆى ڕەخنەى بنەڕەتییە لە هەردوو ڕوانگەکە. منداڵى زۆڵ لەدەرەوەی دیالەكتیكى نەقس/خۆبەسێتى، خۆمانە/بێگانەیە. زۆڵ نە كوڕى ڕەسەنە و نە هەڵگیراوەیەكى نێو قوتوو بۆ خێزانێكى نەزۆك، بەڵكوو بەرهەمى بە یەك گەیشتنێكە، گەرچى ڕەت دەكرێتەوە، بەڵام مەرج نییە ڕاستەقینە نەبێت؛ ڕووداوێكە لە كەتنێك، ڕێكەوتێك، چێژێكەوە ڕوو دەدات و خۆى دەسەپێنێت؛ زۆڵ ناچێتە درەختى بنەماڵەوە و كەسیش ناتوانێت بیگرێتە خۆى، لەبەر ئەوە گەڕۆكێكى كۆڵاننشینـە و لە بەردەرگاى هەر كەسێكدایە. لێرەوە ئیمكانى مافە گشتییەكان ئاوەڵا دەكات و پرەنسیپەكەى دەسەپێنێت. فیكرى باستارد گەر باستاردیش نەبێت خۆى دەكات بە باستارد و ماڵ بۆ ماڵێكى تر ماڵ جێ دەهێڵێت، چونكە سروشتێكى نۆمادیى هەیە كە بە قەولى بلانشۆ نەك بۆ هەمیشە لە نشینگە و سرەوت بێبەشە، بەڵكوو جۆرێك نیشتنەجێبوونە كە خۆى نابەستێتەوە بە شوێنێكى دیاریكراوەوە؛ لەبەر ئەوە، وەختێك كە هیچ نیشتمانێكى نییە، جیهان نیشتمانییەتى، كەواتە كۆسمۆپۆلیتانە؛ بەم مانایە گەرچى خۆى بە نا-شەرعى هاتووە و ماف نایگرێتەوە، بەڵام خودى ئەم بێمافییە، كە بێماڵییە، هێزى ئەوەى پێداوە هەر شوێنێك بكات بە ماڵ. بۆیە بەزاندنى سنوورى شەرعى ناشەرعى نییە. لە ئەڵمانیا یەكێك لە گرنگترین دروشمەكانی كۆسمۆپۆلیتانەكان بۆ پشتگیریى پەنابەران ئەمەیە:kein mensch ist illegal، واتە هیچ كەس، هیچ هاتوویەك، هیچ پەنابەرێك نا-یاسایى نییە. بە هەمان شێوە فیكرى كۆسمۆپۆلیتان، گەر لە بەرامبەر ڕەسەنایەتیدا نا-شەرعییش بنوێنێت، ناشەرعى نییە. وێڕاى ئەمە، بیركردنەوەى كۆسمۆپۆلیتانی هێندە گشتیى نییە كە هەموو شتەكان لە یەك یەكێتیدا كۆ بكاتەوە، هێندەیش ناوچەیى نییە كە بۆ شوێنێكى دیكە بە هیچ كلۆجێك دەست نەدات؛ كۆسمۆپۆلیتانیزم لەدەرەوەى دیالەكتیكى گشت/بەش، گەردوونى/لۆكاڵییە. بە بڕوای سەیلا بنحەبیب Kosmopolitansmus لەوێدا گرنگە كە لەبرى Kosmos-polis[هاوشارىیان هاونیشتمانى] بێت، Kosmos-politesـە [هاووڵاتیى جیهانى]ـیە؛ بەڵام لەبرى ئەوەى یەك-جیهانییش بێت، هاو-جیهانییە. لەبەر ئەوە تەنیا ئەو كاتە Kosmos لە ماناى Univers نزیك دەبیتەوە كە ئەمەى دووەمیان خۆى Kosmos بێت، بەم پێیە دەبێت گەردوونگەرایى لە مانا تۆتاڵییەكەى جودا بكەینەوە و لە another Universalismـدا دایبڕێژینەوە كە مافى مرۆڤە وەك غەریبە، وەك سەروو-هاووڵاتى. لەمەیش گرنگتر ئەمەیە: كۆسمۆپۆلیتانیزم ناكۆكە لەگەڵ Globalismusـدا كە هاوكات جیهانگیرى و پارچەپارچەكردنە لە دنیاى نیولیبراڵدا. كۆسمۆپۆلیتانیزم بەو مانایە نییە كەسێكى خێڵەكى لە ناوەڕاستى لەندەندا بانگەشە بۆ خێڵەكەى بكات و نەریتەكانى بسەپێنێت. زەینێك تەنیا ئەو كاتە دەتوانێت ببێت بە كۆسمۆپۆلیتان كە پێش هەموو شتێك دەستبەردارى هاوخێڵى، هاومەزهەبى، دەمارگیریى نەتەوەیى و هی تر بووبێت؛ یان لایەنی كەم بەگوێرەى بنەما ئەخلاقییەكەى كانت وەها شوناسى خۆى داڕشتبێتەوە كە بشێت ببێت بە بنەمایەكى جیهانى.
٧
نەوزاد جەمال دەڵێت: «لە لایەكی ترەوە زاڵبوونى فەلسەفەى فەرەنسى بەسەر “فەزاى فەلسەفیى كوردیدا”، ئەگەر ئەو دەربڕینە شیاو و ڕاست بێت، بەشێكى دەگەڕێتەوە بۆ شوێنكەوتنى مۆدەباویى لە ڕووناكبیریی و نووسینى كوردیدا»… (كۆتەیشنەكەم بە هەمان ڕێنووسى خۆیەوە گواستۆتەوە). ئەم پەرەگرافەى وتارەكەى مامۆستا، جگە لەوەى بەتەواوى لێكدژە لەگەڵ ناوەڕۆكى وتارەكەیدا كە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هیگڵى ئەڵمانى، بەتایبەتى لە تەفسیرە ژیژەكییەکەیدا، هەژموونى لەسەر ناوەندى ڕۆشنبیرییمان كردووە و ئینجا لەناكاو دان بەوەدا دەنێت كە فەلسەفەى فەرەنسى زاڵ بووە بەسەر “فەزاى فەلسەفى كوردیدا” (بە دەربڕینى ئەو)، گەر هى كەسێك بووایە هیچ لە فەلسەفەى فەرەنسى نەزانێت، مایەى سەرسوڕمان نەدەبوو، بەڵام سەیر ئەوەیە مامۆستا ئەم فەلسەفەیە دەناسێت و كاریشى تێدا كردووە. من لە وتارێكى تردا ئاماژەیەكم بەوە داوە كە بۆچى فەلسەفەى فەرەنسى بۆ ئێمە گرنگە و لێرەدا هیچى لەسەر ناڵێم، لەبرى ئەوە بە پرسى “مۆدەباوى”ى كۆتایى پێ دێنم. پێنج شەش ساڵ لەمەوبەر مەریوان وریا قانع لەو وتارەیدا كە دەربارەى ژیژەك نووسى، ئەوى بە زاراوەگەلى وەك “ماركە” و “مۆدە” وەسف كرد؛ ئێستا نەوزاد جەمال بۆ فەلسەفەى فەرەنسى هەمان زاراوە بەكار دەهێنێتەوە، بەڵام ئەمە پۆینتەكە نییە. كێشەكە لە خودى زاراوەى “مۆدەباوى”ـدایە بەو جۆرەى لە وتارەكەى مامۆستادا هەیە، كە لە ڕاستیدا كەمترە لە مۆدە. “مۆدە”، “باو”، “فاشن” ڕیكلام و دەركەوتنن لە میدیا و سۆسیال میدیادا، واتە بەرهەمهێنانى زڕەوێنەى زۆر بۆ برەوى بازاڕدارى یان شتێك بچیتە خزمەتى بازاڕەوە، ئەمە لە ئاستى كەسەكاندا ئەستێرەسازیشى پێ دەوترێت. گەر بشێت ئەم زاراوەیە بۆ ژیژەك بەكار بهێنرێت بەو پێیەی زیاتر لەوانی تر لە میدیا و تەلەڤزیۆن و شاشەكاندا دەردەكەوێت، ئەوا دەیان فەیلەسوفى گەورەى نێو فیكرى فەرەنسى هەن خۆیان لەوە پاراستووە ببنە مۆدە و باو. ئەوانە نەك تەنیا لە میدیاكاندا، بەڵكوو لە كۆنفرانس و كۆبوونەوەكانیشدا بە دەگمەن حەوسەڵەى دەركەوتنیان هەبوو، لەوانە بلانشۆ و دۆلوز. جگە لەمەیش، شتێكى وەك ئەو ئەستێرەسازى و مۆدەباوییەى فیكر لە كوردستاندا بوونى نییە. فیكر هیچ لۆبییەكى گەورەى نییە، لەنێو سەرمایەگوزاریى گەورەدا نییە، تەنانەت لە ئاستە ڕووكەشى و میدیاییەكەیشیدا بایەخێكى ئەوتۆى پێ نادرێت؛ بەدبەختانە یان خۆشبەختانە لە وڵاتى وەك ئێمەدا فیكر تواناى ئەوەى نییە ببێتە “كاڵا”ـیش، چونكە “وشك” و “ئاڵۆز”ە و جگە لە هەندێ خەڵكى “فاشیل” كەس “تاقەت”ـى ئەو بابەتە “ناخۆش”ـانەى نییە. ئەم زاراوانەم بە هەمان شێوە سەتحى و عەوامییەكەى خۆى بەكار هێنایەوە، تاوەكوو ئەوە پیشان بدەم كە بەگشتى فەلسەفە لاى ئێمە نەبووەتە بەشێك لە كایەى ئینتەرتەیمێنت. ئەوەى مامۆستا ناوى دەنێت “مۆدەباوى” هەوڵى خۆبەخشانەى هەندێك گەنجە لە سۆسیال میدیاكاندا كە تەنیا لەبەر ئەوەى (پتر بێقووڵایى) سەرسامى فەیلەسوفێك یان بیرمەندێك بوون، بایەخێكی ڕووكەشیان پێداوە، كە زۆر جار ئەم هەوڵانە ناچنە نێو فەزا ڕۆشنبیرییەكە و خۆیان پاش ماوەیەك دەكوژێنەوە. كەواتە پێم وایە هیچ هۆكارێك بۆ ترس و بیركردنەوە بە شێوەى نێگەتیڤ لە فیكرى نێو فەزاى ڕۆشنبیریى كوردى لە گۆڕێدا نییە. گەر ئەوە شپرزەمان بكات كە هەندێ بیرمەند دەكرێن بە مۆدە، ئەوا ئەم هەستیارییە سوبێكتیڤە زیاتر جۆرێك بیماریى خودیى لێ سەوز دەبێت كە وزەى كارمان لە گلەیى و گازاندە و بكە و مەكەى باوكانە، نەك لە چالاكى و ڕەخنەدا، بەهەدەر دەدات.
وتارەکەی نەوزاد جەمال؛ “سپێنۆزا یان هیگڵ لە کوردستان؟
The post ڕەسەنایەتى و بێماڵى appeared first on ژنەفتن.
پاش حەسەن زیرەک؟
“ئەو نووسەرانەی بەدڵمن، پێم خۆشە بەکاریان بهێنم. بۆ نموونە، تاکە پێزانین و پاداشتێک کە بەرانبەر فیکری کەسێکی وەک نیتشە بنوێنرێت، ئەوەیە کە بەکار بهێنرێت، بشێوێنرێت، هاواری پێ بکرێت و ناڕەزایی پێ دەرببڕدرێت. جا گەر قسەکەران گوتیان کە من بەرانبەر بە نیتشە وەفادار، یان بێوەفا بووم، ئەوا هیچ گرنگییەکی بۆ من نابێت.”
فوکۆ
میشێل فوکۆ لای وابوو کە هەم پێناسە و هەم وەزیفەی ڕۆشنبیر، لە کۆتاییدا دەکاتە گۆڕینی شتێک لە بیرکردنەوەی خەڵکدا. بۆ ئەوەی ئەم ڕستەیەی پێشوو لە تەواوی قوڵایی و وردەکارییەکەیدا تێبگەین، دەبێت حەرفی وەرینەگرین و بیگەڕێنینەوە نێو سیاقێک و زمانێک نزیک لە بیرکردنەوەی فوکۆ خۆیەوە: لە هەر کولتوورێکدا، هەر چرکەساتێکی مەعریفی بریتییە لە زاڵبوونی گوتار(Discourse)ێک بەسەر گوتارەکانی دیکەدا، یان هاتنەکایەی گوتارێک لەپاڵ گوتارەکانی دیکەدا؛ ئەمەش لە ئەنجامدا دەکاتە دەرکەوتنی شتیک، پرسێک، دیاردەیەک بە مانایەک و لە شێوەیەکدا کە پێشتر لە هیچکام لە خۆڕێکخستن و خۆداڕشتنەکانی مەعریفەیەکدا بەو مانایە و لەو شێوەیەدا دەرنەکەوتووە. کەواتە ڕۆشنبیر/هونەرمەند/ئەدیب ئەو بکەرە کولتوورییەیە کە وشەکان، شتەکان؛ مانای وشەکان، مانای شتەکان لە بیرکردنەوەی ئێمەدا دەگۆڕێت، نەک لە ڕێی ئەوەوە کە ببێتە دەمڕاستی ئەم گوتار، ئەو ئایدۆلۆجیا یان فڵان حەشامات، بەڵکوو لە ڕێی خۆهەڵقورتاندنەوە لە پەیوەندی و ڕێکخستنەکانی دەسەڵات/مەعریفەدا، لە ڕێی دەستکاریکردنی ئەو چرکەساتانەوە کە تێیاندا هەر گوتارێک، هەر تێڕوانینێک، هەر شێوازێک و هەر فۆڕمێک، لە ڕێی داپۆشین و وەلانانی گوتارەکان، تێڕوانینەکان، شێوازەکان و فۆڕمەکانی دیکەوە خۆی بەدی دەهێنێت(یان لەبری ئەوان، ئەم خۆی بەدی دەهێنێت). چونکە دەرکەوتنی هەر گوتارێک، هەر شێواز و فۆڕمێک، لە هەمان کاتدا بریتییە لە دەرنەکەوتنی چەندین گوتار و چەندین فۆڕم و شێوازی دیکە. ئەوەش کە پێی دەگوترێت داهێنان، گەر لە پەنجەرەیەکی جینالۆجی یان گوتارشیکارانەوە سەیری بکەین، لە ڕاستیدا هیچ نییە جگە لە دەستوەردانی بکەرێکی کولتووری بۆ ئەو چرکەساتەی تێیدا گوتارێک، شێوازێک یان فۆڕمێکی کولتووری لەبری هەموو ئەو گوتار، شێواز و فۆڕمە کولتوورییانەی تر کە پێکڕا وەک کۆمەڵێک ئەگەر چاوەڕوانن بێنە ئاراوە، دێتە ئاراوە.
کات بۆ هەر ڕۆشنبیرییەک، بەو هەڵوێست و هەڵسوکەوتانە دەپێورێت کە مەعریفەی نێو ئەو ڕۆشنبیرییە دەیاننوێنێت و بەرپایان دەکات؛ ئەم هەڵوێست و هەڵسوکەوتانە هەردەم لە بەردەم ڕێژەیەکی بێشوماری ئەگەرەکاندان، کە دەکرێت لە دوو جۆری ئەگەردا کورت بکرێنەوە: ئەگەری بەردەوامبوونی ڕۆشنبیرییەک وەک خۆی(بەردەوامێتیی ئەبیستمۆلۆجی) و ئەگەری گۆڕان، یان وەرچەرخانی ڕۆشنبیرییەکە(شتێکی کەمێک نزیک لەوەوە کە باشلار پێی دەگوت “دابڕانی ئەبیستمۆلۆجی”). داهێنان هیچ نییە جگە لەو پڕۆسەیەی کە تێیدا بکەرێکی کولتووری، ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، لە ڕێی ئەو گوتارانەوە کە لە ڕۆشنبیرییەکدا خۆی دەداتە پاڵیان و خۆیان دەدەنە پاڵی، لە ڕێی ئەو فۆڕمانەوە کە لەناو ڕۆشنبیرییەکدا بەرهەمیان دەهێنێت، لەبری بەردەوامبوون، گۆڕان و وەرچەرخان هەڵدەبژێرێت.
من تێدەگەم لەوەی کە زەمەنی ڕۆشنبیری لە خۆرهەڵات، زەمەنی بەردەوامییە زیاتر لەوەی زەمەنی لێکپچڕانی قۆناغەکان و دابڕان بێت(بگرە مۆدێلی ڕاستەهێڵ، بۆ بینینی زەمەنی ڕۆشنبیریی خۆرهەڵات، مۆدێلێکی بەکار نییە؛ زەمەنی ڕۆشنبیریی خۆرهەڵات هەبوویەکی سێڕەهەند –وەک ئۆگەستین لە دانپێدانانەکانیدا باسی دەکات- نییە کە بەرەوپێشەوە، یان بەرەو کۆتاییەک بڕوات، چونکە کات بۆ ڕۆشنبیریی خۆرهەڵات بەرشوبڵاو دەبێتەوە زیاتر لەوەی بەرەوپێش بچێت؛ لە سەتڵێک هەڵمات دەچێت کە بوون دەیڕێژێت و هەر هەڵماتێکی بە لایەکدا دەڕوات). چاوخشاندنێک بەو جەستە مەعریفییەدا کە لە توێژینەوە ئایینییەکان و بەشێکی مێژووناسیی ئەدەبیشدا بە سکریپتچەر ناو دەبرێت، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەخات: زۆرێک لەو گوتار و تێگەیشتنانەی لە پشت داستانێکی وەک گلگامێشەوە شەپۆلانیانە، تا ئەمڕۆش ماونەتەوە و ئێمە بە ئاسانی دەتوانین لێرە و لەوێی نووسین و تەنانەت ژیانی کۆمەڵایەتیشماندا بیانبینینەوە. زۆرێک لەو گوتار و تێگەیشتنانەی کە لە کتێبی مردووانی میسر و پەیمانی کۆندا هەن، دەپەڕنەوە نێو قورئان و دواتریش لە سەرتاپای جیهانی ئیسلامیدا دەچەسپێن و ئەمڕۆ لەگەڵماندا دەژین؛ بگرە تەنانەت قورسە جیاوازییەکی ڕیشەیی، یان ئەبیستمی، لە سەردەمی پێش ئیسلام(جاهیلی) و سەردەمی دوای ئیسلامیشدا دیاری بکەین، دوو قۆناغ کە مێژوونووسان بە شانازییەکی کوێرانە و ترسناکەوە باس لە دابڕان و وەرچەرخانەکانی نێوانیان دەکەن. لە بەرانبەردا، ڕۆشنبیریی خۆراوا ڕۆشنبیریی ئەو سەردەمانەیە کە بە ئاستەم لە یەکدی دەچن و بە ئاستەم بە چەمکەکانی یەکێکیان، دەکرێت لەوی دیکەیاندا بژین و لەناو بونیادەکان و گوتارەکانیدا هەبین. کارەکانی هەریەک لەو بیرمەندانەی کە لە خانەی “پاش بونیادگەری”دا پۆلێن دەکرێن، شایەتییەکی ڕوون و باشن بۆ ئەم قسەیە؛ شایەتییەک کە لێرەدا گێڕانەوە و دووبارەکردنەوەی پێویست نییە.
لە مێژووی مەعریفیی خۆرهەڵاتدا قورسە دۆخێک ڕوو بدات نزیک لەوەوە کە تۆماس کوهن ناوی دەنێت ناپەیوەستی(incommensurability): ئەوەی خەسڵەت و پارچەکانی هەر قۆناغێکی زانستی/مەعریفی، یان داهێنانەکانی هەر قۆناغێکی زانستی/مەعریفی، تەنیا لەنێو گشتەکەی خۆیاندا و لە ڕێی بەشەکانی خۆیانەوە فام بکرێن و بەهایان پێ بدرێت و ئیمکانییەتێک، بۆ ئەوەی ئەم خەسڵەت و پارچە و داهێنانانە پەیوەستی قۆناغێکی تر بکرێن، تاکوو لەوێدا بخوێنرێنەوە و بەهایان پێ بدرێت، لە ئارادا نەبێت. هۆکاری قورسیی ڕوودانی ئەم دۆخی ناپەیوەستییەش لە خۆرهەڵات، زۆر بە سادەیی، نەبوونی هیچ جۆرە دابڕانیکی گەورەی ئەبیستمۆلۆجییە کە دوو قۆناغ –یان چەند قۆناغێک- بە ڕوونی جیا بکاتەوە و ناپەیوەستییەک لە نێوانیاندا بێتە ئاراوە؛ چونکە سرووشتی پەیوەندیی گۆڕان لەنێوان ناپەیوەستی و دابڕانی ئەبیستمۆلۆجیدا، سرووشتی گۆڕانێکی ڕاستەوانەیە: تا دابڕانی ئەبیستمۆلۆجی نەبێت، ناپەیوەستییش ڕوو نادات و بە پێچەوانەشەوە. هەر ئەمەشە کە مێژووی نوێی خۆرهەڵات و خۆراوا بەو تەرزە ڕیشەییە لە یەکتری دادەبڕێت. هەر ئەمەشە کە ئەگەری دروست بوونی دابڕان و قۆناغبەندییەکی ڕوون لە خۆرهەڵاتدا ئەستەم و هەندێک جار مەحاڵیش دەردەخات؛ هەر ئەمەشە، بە داخەوە، سەرهەڵدانی هەر جۆرە کایەبەندییەکی مەعریفی/زانستی، لەو شێوەیەیدا کە لە خۆراوا هەیە و هەموومان پێی ئاشناین، نەکردە دەکات.
بەڵام سەرباری ئەوەی کە مێژووی خۆرهەڵات مێژوویەکی ڕاستەهێڵی نییە، سەرباری ئەوەی کە دابڕانێکی ئەبیستمۆلۆجیی زەقی تێدا نییە، مەرج نییە کە هیچ وەرچەرخان و نوێگەرییەکیشی تێدا نەبێت؛ مەرج نییە لە ڕۆشنبیرییەکدا، لەنێوان ئەگەری بەردەوامبوون و ئەگەری وەرچەرخاندا، هیچ بکەرێکی کولتووری لە هیچ چرکەساتێکی مەعریفیدا ئەگەری دووەمی هەڵنەبژاردبێت، کە ئەگەری گۆڕان و وەرچەرخانە. ئەو سەتڵە هەڵماتەی بوون هەڵیڕشتە سەر زەویی بەرجەستەکان و پەرش و بڵاوی کردەوە، مەرج نییە هەموو هەڵماتەکانی ناوی هاوشێوە و دووبارە بووبن. ناکرێت ئینکاری لەوە بکەین کە لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، وەک هەر ڕۆشنبیرییەکی دیکەی خۆرهەڵاتی، بکەرانێکی کولتووری پەیدا بوون کە قورسە پاش ئەوان جارێکی دی شتەکان و ماناکانی نێو کایەیەکی کولتووری لەو شێوەیەدا ببینین کە پێش ئەوان هەبووە. هێندەی هەیە کە ئەم وەرچەرخانانە ئەوەندەی لە ئاستی تایبەتیی بکەرێکی کولتووریدان، هێندە لە ئاستێکی بونیادیدا نین کە دابڕانێکی ئەبیستمەسازانە بخوڵقێنن؛ لە خوێندنەوە و فامکردنیشیاندا ئەوەندەی پێویستمان بە هیرمۆنۆتیک و ڕەخنەیەکی ئاراستەکراو بەرەو دەق و فۆڕم و گوتاری شەخسیی ئەو بکەرانەیە، هێندە پێویستمان بە تەفسیری کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو بونیادە گشتییەکانی چواردەوریان نییە.
حەسەن زیرەک (١٩٢١-١٩٧٢)
ڕابردووی ڕۆشنبیریی ئێمە، چەندین بکەری کولتووریی تێدایە کە بە هاتنیان دیدگایەک، شێوەیەک یان ئیمکانییەتێکی نوێیان خزاندووەتە نێو هەبوونەوە و بەبێ خوێندنەوەی وردی گوتاری ئەوان، بەبێ گوێگرتنێکی بەدیقەت لە بانگی ئەوان، ناتوانین ئەو دیدگایانە بەدەست بهێنین، ناتوانین ئەو شێوانە بینین، یان ئەو ئیمکانییەتانە بەدی بهێنین.
لە ڕۆشنبیریی نێو مۆدێلێکی ڕاستەهێڵیی زەمەندا، داهێنانەکان، گۆڕانی پێوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و مەعریفە(ئەوەی فوکۆ ناوی دەنێت “تەکنەلۆجیاکان”) و هەروەها وەرچەرخانی نەزم و ڕیزبەندیی گوتارەکان، لە ڕوودانیاندا پاش خۆیان دەگۆڕن؛ وەرگرتنی ئێستای ئەم ڕوودانانە و هەڵکۆڵین لە پێناو گەیشتن بە ڕابوردوویاندا، دەکاتە ئارکیۆلۆجیا و پشکنینی ڕابوردوویان لە پێناو تەشخیس و دایگنۆسیسی ئێستای زەمەنی ڕۆشنبیرییەکەدا، دەکاتە جینالۆجیا. بەڵام لە ڕۆشنبیریی نێو مۆدێلی پەرشبووی زەمەندا(لە پێناو خۆلادان لە نەگونجان و سەختییەکی تیۆری کە دەشێ یەکێتیی بابەت و کۆکراوەیی ئەم وتارە–کە دەزانم خۆی لە خۆیدا شل و ناجێگیرە- بخاتە مەترسییەوە، پێم باش نییە مۆدێلی تۆڕ و ڕیزۆماتیک، وەک پێچەوانەیەک بۆ ڕاستەهێڵ وەربگرم)، لەبەر ئەوەی نە ڕەخنەی تەقلیدی و نە تێڕوانینی مێژوویی، هیچیان ناتوانن کایەبەندی و قۆناغبەندییەکی ڕوون و جێگیرمان بۆ دابمەزرێنن، ئێمە ناتوانین بە ڕوونی پێش، پاش و تەنیشتی داهێنانەکان، گۆڕانی پێوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و مەعریفە و وەرچەرخانی نەزم و ڕیزبەندیی گوتارەکان دیاری بکەین، یان ببینین. ئەی کەواتە: لە نائامادەگیی قۆناغبەندی و کایەبەندییەکی مەعریفیی خۆماڵی/خۆکردی ڕووندا کە ڕوانینی مێژووییمانی لەسەر گەڵاڵە بکەین، چی بکرێت؟
لە ڕابردووی نووسینی ئێمەدا، هەریەک لە ڕەخنەی تەقلیدی، شیکاریی تیۆریک و توێژینەوەی مێژوویی، لە خۆوە بێت یان بە هۆشیارییەوە، لە بەردەم ئەم گرێکوێرەیەدا دوو ڕێگایان گرتووەتە بەر: یەکەمیان، بینینی مێژووی کولتووریی خۆمان بووە وەک کایۆسێکی بێمانا، بێزەمەن و شێواو کە هیچ جۆرە خوێندنەوەیەکی ڕێکخراو و ئارگیۆمێنتەیتیڤ هەڵناگرێت. دووەمیان، بەکارهێنانی بیردۆز و میتۆدۆلۆژیای خۆراوایی بووە بۆ ڕێکخستن و پاشان فامکردنی ئەم کایۆسە. کێشەی ڕێگای یەکەمیان ئەوەیە کە ئەقڵ دەخزێنێتە نیهیلیزمێکی هێندە ناچالاکەوە کە چیدی پێوەندییەکی بە کولتووری خۆیەوە نامینێت؛ کێشەی ڕێگای دووەمیشیان، سەرباری ئەوەی کۆمەڵێک هەوڵی گرنگ و دەرەنجامی سەرنجڕاکێشی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەیە کە بە میتۆد و ڕێباز و دیدگا هێنراوەکانییەوە، بەزۆر دەیەوێت کایۆسەکە لە دیدگا و نەزمێکدا ڕێکبخات کە کایۆس، -زۆر بەسادەیی، لەبەر ئەوەی کایۆسە- بەرگەی ناگرێت، یان وەریناگرێت.
لەم نووسینەدا، کە وەک ناونیشانەکەی پێشنیاری دەکات، – سەرباری ئەوەی گەیشتن بە ناوکی بابەتەکە زۆر دواکەوت- لەبارەی حەسەن زیرەکەوەیە، لام باشە ڕێگایەکی تر بگرمە بەر: ئەوەی کە کایۆسەکە، بە هەموو ئاڵۆزی و ناڕوونی و گێژەنەکانییەوە، وەک خۆی ببینین؛ بە ئیرادەی ئەو تەئویلکارانەوە کە دەیانەوێت ئاڵۆزییەکان لە ئاڵۆزیی خۆیاندا بخوێننەوە، نەک بە خووی ئەو فاکتدۆزەرەوانەوە کە دەیانەوێت شکۆی نادیاری لە ڕێوشوێنەکانی پۆلێنکردن، ڕیزکردن و شیکاردا بخنکێنن.
لە بەردەم ئەو گرێکوێرەیەدا کە پێشتر باس کرا، دەتوانین سەرجەمی زەمەنی ڕۆشنبیری لە شێوەی ئێستایەکی ڕەهادا ببینین، کە تێیدا هەرسێ ڕەهەندەکەی کات -ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو- پێکەوە، بەردەوام و بەبێ وەستان ڕوو دەدەن. لەم جۆرە دیدگایەدا کاتی ڕۆشنبیرییەک هێندەی هەڵدەڕژێت و پرژە دەکات، هێندە هەنگاو نانێت و بەرەوپێش، یان بەرەو کۆتایییەک ناچێت. لەناو ئەم جۆرە دیدگایەدا، بکەرە کولتوورییەکانی ڕۆشنبیرییەک، لە پێوەرە تەقلدییەکانی کۆن و نوێ، باش و خراپ، داهێنەر و ناداهێنەر دەردەکرێن و وا پێویست دەبێت کە لەبری ئەو موفرەدانەی پێشوو، سەرنج لە خودی ئامادەگیی ئەم بکەرە کولتوورییانە بدرێت، ئامادەگییان لەو ئێستا ڕەهایەدا کە باس کرا. بەم جۆرە، سەبارەت بە حەسەن زیرەک، هێندەی سەرنج لەسەر خودی ئامادەگیی ئەم بکەرە دەبێت لەم ئێستایەدا، هێندە سەرنج لەسەر پێش، پاش و چواردەوری ئەو نابێت (هەر لێرەوەیە کە ناونیشانی ئەم وتارە، خودی خۆی و پاشان ناوەڕۆکەکەشی هەڵدەوەشێنێتەوە).
ئێستای ڕەها و وەرگرتنی کایۆس وەک سیاقێک بۆ خوێندنەوەی بکەرێکی کولتووری، بە مانای دابڕاندن و پەڕاندنەوەی ئەم بکەرە نییە لە ئەرکە کۆمەڵایەتی و جێنەریک و جوانیناسانەکانی خۆی لەنێو ئەو کایەیەدا کە بەرهەمهێنانی تێدا کردووە، بەڵکوو ئەمە ڕێوشوێنێکە خودی ئەم بکەرە کولتوورییە بەو جموجوڵانەیەوە کە لەنێوان فۆڕمەکان و گوتارەکاندا دەیانکات، دەیسەپێنێت. واتا خوێندنەوەی حەسەن زیرەک، لەبری گوێگرتن لێی؛ پەلکێشکردنی حەسەن زیرەک بۆ نێو ئەم سیاقە، لەبری هەڵسەنگاندنی بە پێوەرە تەقلیدییەکانی ڕەخنە، بە مانای پەڕاندنەوە و دەربازکردنی نییە لەو گوتارانەی حوکمی کایەکەی خۆی و هونەرە دەنگییەکان دەکەن، بەڵکوو ڕێوشوێنێکە حەسەن زیرەک، وەک هەر بکەرێکی دیکەی کولتووری کە ئیمکانەکانی نێو کایەکەی خۆی تێدەپەڕێنێت و دەرگا بەسەر ئاسۆی تر و ئیمکانی تردا دەکاتەوە، بەسەر ڕەخنە و خوێندنەوەیدا دەسەپێنێت. دەبێت لەبیریشمان بێت کە لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا هەر بە تەنیا حەسەن نییە کە سەر بەم ڕەوتەی دەربازکردنی شێوازەکان و دۆزینەوەی ئەگەری نوێی کولتووری بێت: بۆ نموونە، لە “نالی“یەوەیە کە ئێمە تێدەگەین زمانی ئەدەبی تەنیا لە ڕێی ڕووخاندن و خاپوورکردنەوە بونیاد دەنرێت(لە وتاری “سیاسەتەکانی وڕێنەکردن”دا چەند ڕوونکردنەوەیەکم لەم بارەیەوە داوە) … هەروەها چەندین نموونەی دیکەش هەن: حاجی قادری کۆیی یەکەمین چرکەساتی تێکەڵاوبوونی هەردوو خودێتیی بیرمەند و شاعیرە؛ لە حاجی قادرەوەیە ئێمە ئەو ئیمکانیەتە بەدەست دەهێنین کە تێیدا شاعیر کار لە ناو پرسە فیکرییەکاندا بکات. لە پیرەمێردەوەیە کە پەیوەندیی نێوان شاعیر و فەزای گشتی، لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، بە ڕوونی دەست پێ دەکات. لە مەسعوود محەمەدەوەیە کە دیاردەی ڕەخنەگر و داهێنان و خوڵقاندنەوەی پێشینان دەردەکەوێت(بڕوانە وتاری “شەیتانەکانی مەسعوود محەمەد”).
کاتبەفیڕۆدانێکی گەورە دەبێت گەر بێت و تیۆری، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم وردەکارییانە و بەبێ هێنانەئارای سیاقگەلێکی نوێ و تایبەتی، هەوڵی تێگەیشتن و توێژینەوەی ئەم جۆرە لە بەرهەمهێنانی کولتووری و ئەم بکەرە کولتوورییانە بدات. بۆیە ئەم وتارە، لەم چوار بەشەی خوارەوەیدا، گەر قەرار بێت وەک هەوڵی خوێندنەوەیەکی کورت وەربگیرێت بۆ حەسەن زیرەک، حەسەن زیرەک وەک دیاردەیەکی ڕۆشنبیری/کولتووری، ئەوا پێویستە و دادپەروەرانەتر دەبێت گەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پرسانەی لە سەرەوە تاووتوێ کران ببینرێت و لەو سیاق و بەستێنەدا بخوێنرێتەوە کە لە چەند پەرەگرافی پێشوودا گەڵاڵە کرا.
مەکری فۆلکلۆر
لە مێژووی ئەدەب و هونەرەکاندا بە دەگمەن چرکەساتێکی داهێنان و نوێگەری دەبینین، کە لە هەمان کاتدا بێداچوونەوە و داڕشتنەوەی پێشینان و ڕابوردووی ئەو چرکەساتەش نەبێت، لە لایەن خودی چرکەساتەکەوە؛ هەروەتر، لەناو زۆرێک لەو چرکەساتانەدا، ڕێژەیەکی بەرچاو لەو پێداچوونەوە و گەڕانەوانەی نوێ بۆ ڕابردوو، لە ڕێی فۆلکلۆرەوەن. بەڵام تێڕامان لە مێژووی گەڕانەوەی بکەرە کولتوورییەکان بۆ فۆلکلۆر، تێمان دەگەیەنێت کە داهێنانی فۆلکلۆری لە ڕێی دووبارەکردنەوە و زیندووڕاگرتنی فۆلکلۆرەوە ناکرێت، بەڵکوو لە ڕێی دەستکاریکردن و شێواندنیەوە دەبێت. ئاوایە مەکری فۆلکلۆر: وەفاداربوون بۆی، دووبارەکردنەوە و زیندووڕاگرتنی، لە باشترین حاڵەتدا، ڕەنگە بتکاتە فۆلکلۆریستێکی تەقلیدی کە ڕۆڵی عەمبارێک دەبینیت بۆ هەڵگرتنی چەند گوتار و دونیابینییەکی کۆن، لە کاتێکدا کە بێوەفابوون بەرانبەری، شێواندن و دەستکاریکردنی، ڕێگایەکە بۆ داهێنان. گەر جیۆفری کاوشەر بەهێزترین شاعیری سەدەکانی ناوەڕاستی هەموو ئەدەبی ئینگلیزییە، هۆکارەکەی ئەوە نییە کە ئەم نووسەرە هاتبێت و هەرچی گوتراو و گوتار و فۆڕمی سەردەمەکەیەتی بە بەیت تۆماری کردبێت، بەڵکوو هۆکارەکە ئەوەیە کە ئێمە لە “حیکایەتەکانی کانتێربێری”دا فۆلکلۆرێک دەخوێنینەوە کە هیی نووسەر خۆیەتی، فۆلکۆرێک دەخوێنینەوە کە لە لایەن کاوشەرەوە، لە پێناو خودی زیندووکردنەوەیدا، خیانەتی لێدەکرێت. نموونەیەکی لەمە ڕوونتر ئیتالۆ کالڤینۆیە، لە پێوەندیدا بە هەریەک لە فیگەری “کچەی کڵاوسوور” و “مارکۆ پۆلۆ”وە، کە لە حیکایەتی “داپیرەی هەڵە”ی ئەودا بەر فۆلکلۆری کڵاوسوورێک دەکەوین جیاواز لەوەی لە خودی فۆلکلۆردا هەیە و لە ڕۆمانی “شارە نادیارەکان”دا بەر مارکۆ پۆلۆیەک دەکەوین جیاواز لەو فیگەرەی مێژوو هەڵیگرتووە و لەوێوە داخڵی فۆلکلۆر و هەم ئەدەبیات و سینەماش بووە. سەرباری مەودای زەمەنیی بەرینی نێوانیان، هەریەک لە کاوشەر و کالڤینۆ -لە پاڵ چەندین بکەری کولتووریی دیکەدا کە قەرەباڵغکردنی ئەم پەرەگرافە بە ناوهینانیان پێویست نییە- لەو جۆرەی فۆلکلۆریستەکانن کە بە باشی لە مەکری فۆلکلۆر تێگەیشتوون؛ لەو فۆلکلۆریستە خیانەتکارانەن کە گەر هاوتای پێچەوانەیان بۆ بدۆزینەوە، بۆ نموونە، جیاوازن لە فۆلکلۆریستی وەفاداری وەک برایانی گریم و فلادیمیر پرۆپ(نموونەی یەکەمیان لە بواری تۆمارکردنی حیکایەت و دووەمیان لە بواری توێژینەوەی فۆلکلۆردا).
محەمەد ماملێ (١٩٢٥-١٩٩٩) هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد
ئەگەر قەرار بێت حەسەن زیرەک وەک فۆلکلۆریستێک ببینین، ئەوا دەبێت لە خانەی یەکەمدا دایببنێین، واتە لە خانەی فۆلکلۆریستانی خیانەتکاردا. بەڵێ حەسەن زیرەک فۆلکلۆریستە، چونکە یەکەمین گەنجینە کە بەستە و مەقامەکانی ئەم پیاوە دەستی بۆ درێژ بکەن و هێزی خۆیانی لێوە وەربگرن، فۆلکلۆرە. بەڵام فۆلکلۆریستێکی خیانەتکاریشە، بەو پێیەی کە زۆر بە دەگمەن بەجێماوی پێشینان، نیشتەنییەکانی بنکی ڕووباری کولتوور و گوتراوەکانی دەرەوەی خودی حەسەن، وەک خۆیان و بە دەستلێنەدراوی دەنوێنرێنەوە. لەم ڕووەوە، حەسەن بەتەواوی پێچەوانەی گۆرانیبێژێکی وەک محەمەدی ماملێیە.
فۆلکلۆر لە ‘ماملێ’دا لە کۆمەڵێک پارچە گوتراوی ڕەق، جێگیر و نەگۆڕ دەچێت کە بەردەوام دەبێت وەک خۆی وەربگیرێت و وەک خۆی بنوێنرێتەوە؛ ئەمە وا دەکات کە لە گۆرانیی ئەم پیاوەدا گۆرانیبێژ بۆ زارێک کورت بکرێتەوە کە وەزیفەکەی لە گۆکردن و چڕینی ئەوە تێناپەڕێت کە پێشینان، فۆلکلۆر و ئەوانی تر دەیدەن، یان دەیسەپێنن. لە بەرانبەردا، حەسەن، یان وەک ترۆبادۆریستەکان و ئەربابی شیعری گۆرانیی خۆی و خۆبەخۆ گوتراوی نێو بەستە و مەقامەکانی گەڵاڵە دەکات، یانیش بە شێواندن و دەستکاریی زۆر قورس و تەنانەت هەندێک جار کۆلاجیشەوە گوتراوی دەوروبەر و پێشینان دەنوێنێتەوە. لە ماملێدا چڕین ئامێرێکە وەزیفەکەی ڕازاندنەوە و بەبتکردن و هێشتنەوەی فۆلکلۆر و یەکە کولتوورییەکانی دیکەیە وەک خۆیان، بەڵام لە حەسەن زیرەکدا چڕین ئامێرێکە بۆ داڕشتنەوەی فۆلکلۆر و گوتراوەکانی دەرەوەی بکەری کولتووری و پاشانیش هەڵوەشاندنەوەی خودی پرۆسەی چڕین.
دیکتاتۆریەتی خود
هاوشێوەی هەر داهێنەرێکی تر، لە حەسەن زیرەکدا ئەوەی وادەکات کە کردەی چڕین لە هیچ بارێکدا مل بۆ بەرهەمهێنانەوە و نواندنەوەی ڕاستەوخۆی فۆلکلۆر و پێشینان و گوتراوەکانی دەرەوە نەدات، ئەوەی وا دەکات چڕین بەردەوام هەڵبژاردنی گۆڕان و ناجێگیری بێت دژ بە مانەوە و بەرهەمهێنانەوە، خودێتییەکی توندوتیژ و داپڵۆسێنەرە کە نە ڕێ بە دەستباڵایی پێشینان و ڕابردوو دەدات و نە دەوروبەر و گوتراوەکانیشی وەک خۆیان قەبووڵ دەکات. ئەم خودێتییە، ڕاستە کە پێشینان و ڕابردوو لە دەنگی خۆیدا ناکوژێت و بوارێک بە ئامادەگییان دەدات، بەڵام بوارپێدانەکە تەنیا بۆ ئەوەیە لە کاتی دەرکەوتنیاندا دەستدرێژییان بکاتەسەر و بیانشێوێنێت؛ هەمان شێوەی دەوروبەر و گوتراوەکانی ناوی، کە بۆ خودێتیی داهێنەر ئامادەگی و وەزیفەیان تەنیا تا ئەوێ دەڕوات کە بابەتیک بن بۆ تێکشکاندن و دەستدرێژی. لەم خاڵەدا، خودێتیی داهێنەر زۆر لە خودێتیی جەللاد و دیکتاتۆر نزیک دەبێتەوە.
چ لە گوتنەوەی گۆرانی و بەکارهێنانی “تاک‌بەند”ە فۆلکلۆرییەکاندا و چ لە گوتنەوەی شیعری شاعیرانیکی وەک وەفایی، سەید کامیلی ئیمامی و هێمندا، چۆنچۆنی پەیڕەوکردن، بەرهەمهێنانەوە و ئەمانەتپارێزیی ماملێ –تاکوو درێژە بە هەمان بەراورد بدەین کە پێشتر سەرپێخرا- بە ڕوونی دیارە و لەوە دەردەچێت ڕێککەوت بێت، هەمان شێوە تێکشکاندن و گۆڕین و هەڵوەشاندنەوە لە بەستە و مەقامەکانی حەسەندا، چ بەرانبەر بە فۆلکلۆر و چ بەرانبەر بە چەند دەقێکی شاعیرانی بەهێزی وەک هێمن، عەبدولڵا گۆران و پیرەمێرد، زۆر بەڕوونی دیارە و لەوە دەردەچێت کە ڕێککەوت بێت. لە مەقامێکی حەسەندا، بەیتێکی دەقی “فرمێسکی گەش”ی هێمن موکوریانی بەم جۆرەی لێ دێت: “سەنگی مەحەکم بۆ چییە، ڕەقیب/لێمگەڕێ، بە ویژدان، کوردی بێ غەللوغەشم”، لە کاتێکدا کە لای هێمن بەم جۆرەیە: “شاعیرێکی ڕاست و یەکڕووم و فیداکار و نەبەز/کوردە موحتاجی مەحەک نیم، زێڕی بێ غەللوغەشم”(هەڵبەت گۆڕانەکە تەنیا لەم بەیتەدا نییە و سەرلەبەری دەقەکە دەگرێتەوە، بەڵام لە پێناو خۆلادان لە درێژکردنەوەی ناپێویستی ئەم نووسینەدا، بە پێویستم نەزانی هەمووی وەربگرم. هەروەها، سەبارەت بە فۆلکلۆریش هیچ نموونەیەکی ئەوتۆ ناهێنرێتەوە، چونکە هێندە زەق و زۆرە، ئاسانتر دەبێت کە نموونە لەسەر ئەو شوێنانە بهێنرێتەوە کە دەستکاریکردنی تێدا نییە، بەتایبەت لەو بەرهەمانەدا کە بە “دانیشتنی ماڵان” ناسراون).
سروودەکەی شێخی زەمبیل و بەستەی “نووری ڕوخسارت… (دەقی سەید کامیل؛ کە هاوڕێی حەسەن بووە و بەپێی زۆرێک لە ڕیوایەتەکان، زوو زوو سەردانی ئەم شاعیرەی کردووە و پێکەوە سەردانی زەمبیلیشیان کردووە)” و چەند مەقامێکی لێ دەربچێت کە تێیاندا پارچە لە شیعری نالی، وەفایی، تاهیر بەگ، هەردی و هەژار وەک خۆیان وەردەگیرێن، لە هیچ جێگەیەکی دیکەدا فۆلکلۆر و گوتراوی دەوروبەر وەک خۆیان و بە سەلامەتی نایەنە ناو دەزگای چڕینی حەسەن زیرەکەوە. “جوانی بێناو” و “گوڵی خوێناوی”ی گۆران، “نەورۆز”ی پیرەمێرد و چەندین دەقی دیکەی شاعیرانی بەهێز هەن کە خودێتیی حەسەن ڕێ نادات وەک خۆیان بمێننەوە و لە چڕیندا دەستیان بەسەردا دەگیرێت، دەستکاری دەکرێن و دەگۆڕدرێن بۆ پانتاییەک بۆ دەربرینی خودێتیی گۆرانیبێژ، نەک خودێتیی شاعیرەکان خۆیان.
داهێنان؛ لایەنگیری لە جەنگی نێوان بەرە بچووک و گەورەکانیشدا
لە کتێبی “لەیەکدانی بەهەشت و دۆزەخ”دا ویلیەم بلەیک لەبارەی جۆن میلتۆن و “بەهەشتی لەدەستچوو”ەکەیەوە دەنووسێت: “هۆکاری ئەوەی میلتۆن هەرکاتێک باسی فریشتەکان و خودای کردووە، بە کۆتوبەندەوە نووسیویەتی و هەرکاتێکیش باسی شەیتانەکان و دۆزەخی کردووە، سەربەستانە نووسیویەتی، ئەوەیە کە ئەو شاعیرێکی ڕاستەقینە بووە؛ ئەو لە بەرەی شەیتاندا بووە بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت”.
خودێتیی دیکتاتۆریانەی داهێنەر خودێتییەکە هەرگیز ڕێ بە بێلایەنی و بێدەنگبوون و قەبووڵکردنی دەرەوەی خۆی نادات، بۆیە بەردەوام ڕەددەکاتەوە، بەردەوام هەڵدەبژێرێت، بەردەوام پەراوێزەکان دەگێڕێتەوە ناوەند و بەردەوام دابەشکاری و پۆلێنکارییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە. لێرەوە، هونەرمەند/نووسەری بێلایەن مرۆڤێکە بەبێ خودێتی، مرڤێکیش بەبی خودێتی مرۆڤێکە بەبێ توانای هەڵبژاردن لەنێوان گۆڕان و مانەوە، داهێنان و دووبارەکردنەوەدا.
ئەوەی لە چڕینی حەسەندا تا یەک جار ناوی “کچ” دێت، دەیان جار ناوی “ژن” و هاوتا کۆمەڵایەتییەکانی(بێوەژن، کورتە ژن و شۆڕەژن هتد…) دێت و دەکرێتە بەردەنگ و بابەتی گوتنەکانی، نمونەیەکی ڕوونە لە باسی ئەم دیاردەی هەڵبژارنەدا. هیچ بەهاپێدان و دامەزراوێکی کۆمەڵایەتی نییە بتوانێت ڕێگری لەم خوێدیتییە بکات کە دەیەوێت هەڵبژاردن و لایەنگیرییەکانی خۆی دەرببڕێت. فراوانتر لە پرسی دابەشکاریی نێوان دوانەی کچ و ژن، کە هەردەم لە کولتووری ئێمەدا یەکەمیان پێشخراوە، لایەنگیرییەکانی خوێدێتی وادەکات کە لە گۆرانییەکانی حەسەندا دەربڕینی سیکشواڵێتی، حوکومدانی ئیستیتیکی و خواستەکی لەنێوان ئەم شێوەیەی ژن و ئەو شێوە و وردەکارییەی دیکەیدا، زۆر ڕوون و ڕاستەوخۆ بخرێتە ڕوو.
ئەم لایەنگیرییە تەنیا لە خولگەی دەربڕینی ڕاستەوخۆی سێکشواڵێتیدا نامێنێتەوە، بەڵکوو دەپەڕێتەوە بۆ لایەنی سیاسی و ئایینیش. سەبارەت بە لایەنی سیاسی، وابزانم نموwنەیەکی گونجاو لەم باسەدا گۆرانیی “ئای نیزام بۆخۆم نیزام”ە، کە لە شێوەیەکیدا دێڕی دووەمی تەرجیعەکەی بە “نیزام نیم و عەسکەرم” تەواو دەبێت، لە شێوەیەکی دیکەیدا بە “سەربازی دێموکراتم” و لە شێوەیەکی دیکەشیدا، بەپێی ڕیوایەتێکی میرزا کەریم خۆشناو لە بەرگی دووەمی کتێبەکەیدا لەبارەی حەسەن زیرەکەوە، لە ستایشی خانانی گوندی “هەرمێلە”دا گۆڕینەکە دەخرێتە دێڕی سێیەم و چوارەمەوە “من لەبەر خانان نەبێ/لە دنیا دەربەدەرم”.
سەبارەت ئایین، دەزانین کە حەسەن زیرەک بە پێوەرە باوە ئیسلامییەکە، ئیماندار نەبوو. تەنانەت گوێگری وردی بەرهەمەکانی حەسەن، هەست بەوە دەکات کە لە هەندێکیاندا بە مەستی گۆرانی دەڵێت –دیارە وەک زۆرێک لە هونەرمەند و ئەدیبانی دیکە، ئەمیش ئەو خووە دیۆنیسیۆسییەی هەبووە-، بۆیە سروودە بەناوبانگەکەی بۆ شێخی زەمبیل، هێندەی گونجاوە لەم سیاقەی لایەنگیریدا کە پێشتر باس کرا، لێک بدرێتەوە، هێندە گونجاو نییە وەک دووفاقییەک لە کەسایەتی موسوڵمان(یان تاکی عێراقی، بەپێی بۆچوونە بەناوبانگەکەی عەلی وەردی لەم بارەیەوە)، یان وەک ملکەچکردنێک لە سیاقی تەکیە و دەروێشایەتیدا ببینرێت.
خواست؛ فۆڕم و ناجێگیری
لە پیاهەڵدانی خانانەوە تا پیاهەڵدان بە مەلیک فەیسەڵ و سەرکردەی شۆڕشەکانی باشووری کوردستان، لە ستایشی شێخی زەمبیلەوە بۆ ستایشی مەینۆشی و مەستی، خودێتی لە هیچ جێگەیەکدا نەکەوتووەتە پارادۆکسەوە، هەروەها خیانەتی لە هیچ پرس و مەبدەئێکیش نەکردووە؛ چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی خوێدێتیی داهێنەرانە پاڵ دەنێت، نە پرسێکی نیشتمانی یان چینایەتییە، نە تێزێکی فیکری و نە مەزهەبێکی ئایینیشە، بەڵکوو زۆر بە سادەیی پاڵنەرەکە تەنیا بریتییە لە خواست(Desire). خواست خۆی خۆی دامەزراندووە و تەنیا لە پێناو خۆیشیدایە؛ ئەو ڕەت دەکاتەوە، لایەنگیری دەکات، داڕشتەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرەو ئاراستەکان دەگۆڕێت.
خواست هەرگیز یەکڕوو و جێگیر نییە، پێشبینیکراو نییە، بۆیە بەرهەم و کردارەکانیشی هەرگیز جێگیر و پێشبینیکراو نابن. لێرەوە، ئەو بۆچوونە باوەی کە پێی وایە فۆڕم بەرهەمی جێگیرییە، بەرهەمی دووبارەکردنەوە و خۆبەرهەمهێنانەوەیە، هەڵدەوەشێتەوە؛ لە ڕاستیدا فۆڕم –هیی ئەدەبی و هونەری- زیاتر بەرهەمی جیاوازی و ناجێگیرییە. ئەدیبێک، هونەرمەندێک، خاوەنی فۆڕمی خۆی نییە لەبەر ئەوەی بە لایەکدا بەرهەمەکانی هەموویان –یان زۆربەیان- وەک ڕوخسار و شێوە و مەبەست و مەرام لە یەکدی دەچن، یان دەچنەوە سەر یەک و بە لایەکی دیکەشدا، هەموویان وەک گشتێک لە هیی بەرهەمهێنەرە کولتوورییەکانی سەر بە هەمان کایەی خۆیان دەچن؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئەدیبێک، هونەرمەندێک، خاوەنی فۆڕمی خۆیەتی چونکە هیچکام لە کارەکانی لە یەکدی ناچن، هەروەها لە کارەکانی بەرهەمهێنەرانی دیکەش ناچن. فۆڕم بەرهەمی جیاوازییە، نەک یەکگرتنەوە و هاوشووناسی. ئەم جیاوازییە ناجێگیریی خودێتی دەیسەپێنێت، ناجێگیریی خودێتیش، ئازادی و ڕەهایی خواست دەیسەپێنێت.
ئەم نووسینەی سەرەوە، هێندەی هەوڵێک بوو بۆ کردنەوەی چەند سیاقێکی خوێندنەوە بە ڕووی حەسەن زیرەکدا و هەمان کاتیش کردنەوەی حەسەن زیرەک بە ڕووی ئەو سیاقانەدا، هێندە هەوڵێک نییە بۆ هەڵسەنگاندن، بەهاپێدان یان بەهاسەندنەوە لە حەسەن. هەروەها، لە لایەن منەوە، دەبێتە دووەم هەنگاوی پڕۆژەیەک بۆ داڕشتنەوەی پێشینان کە پێشتر لە وتاری (شەیتانەکانی مەسعوود محەمەد)ەوە دەستی پێ کردووە و لە داهاتوودا چەند نووسەر و هونەرمەندێکی دیکەش دەگرێتەوە؛ لە شێوەیەکی دیکەی خوێندنەوەی پراکتیکیدا کە لەبری چەماندنەوە و گونجاندنی بابەت لەگەڵ تیۆریدا، دەیەوێت بابەت و تیۆری بە ڕاستە و پێوانەکانیەوە بچەمەنێتەوە، لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگەی تردا بۆ گەڵاڵەکردنی تێگەیشتنی زیاتر بەرانبەر بەو ئێستا ڕەهایەی کولتوور، کە پێشتر باسکرا.
لە کۆتاییدا، دادپەروەرانە دەبێت گەر بڵێین لە هەندێک ڕووەوە، لە پاڵ حەسەن زیرەکدا، دەکرێت ئەحمەد شەماڵیش بهێنرێتە ئەم بەستێنانەی خوێندنەوەوە کە باسکران؛ هێندەی هەیە لە شەماڵدا ئەم خەسڵەتانە کاڵترن و کەمتر دەردەکەون، کەمتر وەک بونیادێکی هونەری گەیشتوونەتە تەواوبوون و کەماڵیک کە ڕێگە بە خوێندنەوە و پشکنین بدات؛ هەر لەبەر ئەمە، هیچ بەشێکی ئەم وتارەی بۆ تەرخان نەکرا.
٢٠٢١
The post پاش حەسەن زیرەک؟ appeared first on ژنەفتن.
زۆرایه‌تی و جاگلەرهه‌وڵێک بۆ لێکدانه‌وه‌ی سێکوچکه‌ی ڕۆشنبیر، ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه
هەردوو چەمکی ڕۆشنبیر و دەستەڵات لە گشتەوە بۆ تایبەت
چه‌مکی ڕۆشنبیر هه‌میشه‌ ئه‌و چه‌مکه‌ بزێو و‌ یاخییه‌ بووه‌، که‌ ڕووناکبیر و فیڵۆسۆفانی به‌ خۆیه‌وه‌ خه‌ریک کردووه‌، بۆیه‌ ته‌نیا له‌ بواری سیاسه‌تدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و چووه‌ته‌ ناو هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌یشه‌وه‌.‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ده‌بینین زۆرترین پێناسه‌ی بۆ کراوه‌. له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی کێیسی دریفوس‌ (Dreyfus)‌ له‌ ساڵی (١٨٩٤)دا‌ چه‌مکی ڕۆشنبیر زیاتر خۆی به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ڕووناکبیر و فیڵۆسۆفاندا ده‌سه‌پێنێت. کاتێ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ جووه‌ی سوپای فره‌نسا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کرێت، گوایه‌ ناپاکه‌ و سزای کوشتنی بۆ ده‌رده‌چێت، (ئه‌میل زۆلا) به‌ بابه‌تێک، یاخود به‌ نامه‌یه‌ک به‌رگریی لێ ده‌کات و به‌رگرییه‌که‌ی کاردانه‌وه‌ و کاریگه‌ریی به‌رچاوی ده‌بێت، بگره‌ ئه‌وه‌ ڕێگاردێکی گه‌وره‌ به‌ ناوی ڕۆشنبیر ده‌به‌خشێت، که‌ چۆن وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ڕەخنەدۆز و یاخی ده‌توانێت له‌ ئاستی ده‌سته‌ڵاته‌کاندا بوه‌ستێته‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی جیاواز له‌ هه‌ر کێیسێکدا بهێنێته‌ کایه‌وه‌، که‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا دەورووژێت. 1
به‌وه‌دا چه‌مکی ڕۆشنبیر ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌ چه‌مکێکی دیکه‌وه‌ به‌نده‌، که‌ ئه‌ویش چه‌مکی ده‌سته‌ڵاته‌، ئاڵۆزتر بووه‌، به‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه‌یش هه‌ر خۆی خاوه‌نی پرۆبله‌ماتیکی گه‌وره‌یه‌. ئه‌و دوو چه‌مکه‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ر ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەدۆزدا ده‌سه‌پێنن، که‌ تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی بۆیان هه‌بێت، وه‌ک بڵێی هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشووی به‌ که‌ڵک نه‌یه‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌یه‌ ناچار ده‌بێت پێناسه‌ی نوێ بۆ ئه‌و دوو چه‌مکه‌ بکات، که‌ له‌ لایه‌ک به‌ قووڵی و ئازاره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ لایه‌کی دی ئاستی هه‌موو ئه‌و پێناسانه‌ی دی تێده‌په‌ڕێنێت، که‌ پێشتر خراونه‌ته‌ ڕوو. ده‌کرێت له‌وه‌ ڕوونتر ده‌ریببڕین و بڵێین کاتێ ڕۆشنبیر له‌سه‌ر شێوازی تایبه‌تی خۆی و به‌  مێتۆدی ڕه‌خنه‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، نایه‌وێت به‌ هیچ تێگه‌یشتن و پێناسه‌یه‌کی پێشتر و هیی هاوکاتی خۆی ڕازی ببێت، به‌ڵکوو تێگه‌یشتنی دیکە، پێناسه‌ی نوێ و سه‌ربه‌خۆ داده‌هێنێت. که‌واته ڕوانینی هه‌ر ڕۆشنبیرێک بۆ چه‌مکه‌کانی (ڕۆشنبیر و ده‌سته‌ڵات) له‌ هیی یه‌کێکی دی جیاوازه‌ و هه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌یشه‌ پێگه‌که‌ی‌ دیاری ده‌کات. ئه‌و دوو چه‌مکه‌یش به‌ چه‌مکێکی دیکه‌وه‌ پێوه‌ستن، که‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌. ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ داده‌پۆشێت، زۆرایه‌تی(Majority)یه‌‌. به‌کورتی له‌نێوان ڕۆشنبیر و ده‌سته‌ڵاتدا زۆرایه‌تییه‌‌ک هه‌یه‌، که‌ ڕۆڵی گه‌وره‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌بینێت، بگره‌ ته‌نیا ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌یه‌ پێوه‌ندیی نێوانیان دێنێته‌ ئاراوه‌، ئینجا ئه‌و پێوه‌ندییه‌ چ له‌ شێوه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دا بێت، چ له‌ شێوه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌داندا و چ له‌ شێوه‌ی دیکه‌دا.
زۆرایەتی لەنێوان ڕۆشنبیر و دەستەڵاتدا
کاتێ ده‌گه‌ینه‌ چه‌مکی (زۆرایه‌تی‌)، ناکرێت خێرا و به‌ ئاسانی لێی تێبپه‌ڕین، به‌وه‌ی له‌وێدا کۆمه‌ڵێک پرسیار پێشمان لێ ده‌گرن، که‌ گرنگترینیان ئه‌و داموده‌ستگه‌یانه‌ له خێزان،‌ قوتابخانه‌، په‌رستگه‌وه‌‌ تاکوو ده‌گاته‌ حیزب چۆنن و له‌ چ ئاستێکدان، که‌ ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ پێوه‌ندیی پێیانه‌وه‌ هه‌یه‌ و وزه‌یان لێ وه‌رده‌گرێت؟ کاریگه‌ریی ئه‌و ڕۆشنبیره‌ چ له‌سه‌ر ئه‌و داموده‌ستگه‌یانه‌ و چ له‌سه‌ر ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌دا چۆنه‌ و به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌رکه‌وتووه‌؟
زۆرایه‌تی‌ بۆیه‌ زۆرایه‌تییه‌‌، چونکه‌ له‌ دۆخی جێگیریدایه‌. له‌ ئاستێکدا چه‌قی به‌ستووه‌، نه‌ جووڵه‌ و نه‌ ئاڕاسته‌ی جیاوازی هه‌یه‌. به‌ مانایه‌کی دی زۆرایه‌تی‌ له‌و بوونه‌وه‌رانه‌ پێک دێت، که‌ به‌ ساده‌یی له‌سه‌ر چه‌مکه‌‌ زه‌قه‌کانی وه‌ک ئایین، نه‌ته‌وه‌، نیشتمان، خاک، شه‌ره‌ف و هیی دیکه‌ ڕێکن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیمبۆڵیی گه‌وره‌ پێک ده‌هێنن. ئه‌وانه‌ له‌ کاتێکدا به‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی شێلگیر (ئیکستریم) ده‌ست به‌و چه‌مکه‌ زه‌قانه‌وه‌ ده‌گرن، به‌ڵام هاوکات نه‌ک ئاره‌زوویان نییه‌ له‌ پێکهاته‌یان‌ بکۆڵنه‌وه‌ و هه‌ڵیانبوه‌شێننه‌وه‌، به‌ڵکوو له‌ ئاستی هه‌ر هێزێکی ڕه‌خنه‌ییشدا ده‌وه‌ستنه‌وه‌، کاتێ به‌ مه‌به‌ستی پرسیار و گومان لێیان نزیک ده‌بێته‌وه‌. به‌کورتی ئه‌وانه‌ که‌مترین شاره‌زاییان له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکانه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ باوه‌ڕ‌یان پێیان هێناون، بگره‌ ‌هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ وای کردووه‌ هێنده‌ پێیانه‌وه‌ پێوه‌ست ببن.
زۆرایەتی لە ڕاپەڕینەوە بۆ ئەمڕۆ
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئایین، دروستتر ئیسلامگەرایی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ی ئێمه‌ داده‌پۆشێت و ده‌بێته‌ چه‌ترێکی گه‌وره‌ بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان، بگره‌ بۆ هه‌موو ئاڕاسته‌کانی بیرکردنه‌وه‌ و تێڕوانینیش، که‌ ئامانجی سه‌ره‌کیی ئه‌وه‌یه‌ تێکڕایان بکاته‌ یه‌ک و ته‌باییان له‌نێواندا بهێنێته‌ گۆڕێ. به‌ مانایه‌کی دی خۆی هه‌ڵیانبسووڕێنێت و ڕێگه‌ نه‌دات هیچ ئاڕاسته‌یه‌ک به‌ جیاواز و سه‌ربه‌خۆ له‌وانه‌ی دی بجووڵێت. به‌م شێوه‌یه‌ ڕیچوه‌ڵی ئایینی ورده‌ورده‌ خۆی ده‌خزێنێته‌ ناو هه‌موو کایه‌کانی وه‌ک سیاسه‌ت، به‌ڕێوه‌بردن، مێدیا، ئه‌ده‌ب و بگره‌ هونه‌ریشه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ناو ئه‌م ڕیچوه‌ڵه‌دا بیه‌وێت له‌ پرینسیپه‌کانی ئه‌و ئایینه‌ بکۆڵێته‌وه و به‌ دوای ورده‌کارییه‌کانیدا بگه‌ڕێت‌. هێنده‌ هه‌یه‌ ئایینی به‌ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ ساده‌یه‌ی خۆیدا ڕێک خستووه‌، که‌ سه‌قامگیرییه‌که‌ی لێ نه‌شێوێنێت و ڕووبه‌ڕووی پێکدادانی نه‌کاته‌وه‌‌‌‌، چونکوو ترسی گه‌وره‌ی له‌ هه‌ر هێزێکه‌ ئه‌و دۆخه‌ی لێ تێک بدات و بیخاته‌ دۆخێکی دیکه‌ی جیاوازه‌وه‌، بۆیه‌ خۆی له‌و تاک و گرووپانه‌ دوور ده‌گرێت، کاتێ ده‌یانه‌وێت به‌ لای کارێکی وه‌هادا بچن. به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی سه‌رسام نابێت‌‌، ساتێ ده‌بینێت تێیدا مرۆڤ به‌ردباران ده‌کرێت، ده‌ستی دز ده‌بڕێت، ژن ده‌کرێته‌ که‌نیزه‌ و له‌ بازاڕدا ده‌فرۆشرێت، زیندوو ده‌سووتێنرێت، جزیه‌ به‌سه‌ر‌ کریستیه‌ندا ده‌سه‌پێنرێت، ئەزدایی لە ناو دەبرێت و زۆری دی، به‌ مه‌رجێ هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ تێکست هه‌ن‌ و بە درێژاییی ئەو مێژووە پراکتیزه‌ کراون، بگره‌ له‌ کتێبه‌کانی خوێندنی فەرمیدا ده‌خوێنرێن. به‌ ڕوونی ده‌بینین داعشییه‌کان لای ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ په‌سه‌ند نین و به‌ گێره‌شێوێن داده‌نرێن. زووتریش کۆمۆنیزمی کرێکاری له‌به‌ر هه‌مان هۆکار نه‌یتوانی سه‌رنجی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ڕابکێشێت.
پێشتر گوترا زۆرایه‌تی‌‌ له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکه زه‌قانه‌وه‌ که‌مترین شاره‌زاییی هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداریشیان نابێت، چونکه‌ ده‌ستبه‌رداربوون خۆی یه‌کێکه‌ له‌و ترسانه‌ی نایه‌وێت ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌. به‌ ئاسانی واز له‌ هیچ باوه‌ڕێک ناهێنێت، که‌ پێشتر په‌سه‌ندی کردووه‌.‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین زۆرایه‌تیی ئه‌مڕۆمان‌ هه‌موو شتێک که‌ڵه‌که‌ ده‌کات. به‌م شێوه‌یه‌ (پیرۆزی) و (که‌ڵه‌که‌کردن) دوو سیمای سه‌ره‌کیی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ن. سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نه‌کانی قه‌بووڵه‌. له‌ یه‌ک کاتدا پارتی و ئیسلامییه‌کانی ده‌وێت‌. یه‌کێتی و گۆڕانی لا په‌سه‌نده‌، مادام ئه‌وانه‌ هه‌موویان له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا شوێنیان گرتووه‌ و نابنه‌ هۆی تێکچوونی ئارامییه‌که‌ی. ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ به‌ جلوبه‌رگی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و میوزیکی هه‌ڵپه‌ڕکێوه‌ نه‌ورۆز ده‌کات و له‌ ڕه‌مه‌زانیشدا به‌ ڕۆژوو ده‌بێت. جبه‌ی خه‌لیجی ده‌پۆشێت، له‌چه‌ک ده‌به‌ستێت و په‌نا بۆ هه‌موو ته‌کنیکه‌کانی جوانکاری و مەیکەپیش ده‌بات. دوژمنی سه‌رسه‌ختی سیکۆله‌ریزمه‌ و تێکڕای به‌رهه‌مه‌کانیشی نه‌ک به‌کار ده‌هێنێت، بگره‌ تاکوو ڕاده‌ی په‌رستن خۆشی ده‌وێن. ژماره‌ی مزگه‌وتی به‌ شێوه‌ی خه‌یاڵی زیاد ده‌کات و له‌ وڵاتێکی وه‌ک دانمارکیش پتر ئه‌لکوهوول له‌ شاره‌کانیدا ده‌فرۆشرێت. داتاکانیش به‌رده‌وام ئه‌وه‌ پێشان ده‌ده‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ی ئێمه‌ له‌ سه‌یرکردنی فیلمی پۆرنۆگرافیدا له‌ پێشی پێشه‌وه‌ن‌.
لەژێر چەتری زۆرایەتیدا
گوتمان ئه‌وانه‌ به‌ ساده‌یی له‌سه‌ر چه‌مکه‌ گه‌وره‌کان ڕێکن، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت‌ تێڕوانینی جیاوازیان نییه‌. هێنده‌ هه‌یه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ ته‌نیا پێوه‌ندیی به‌ فۆرمی ئه‌و چه‌مکانه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌وه‌ک به‌ ناوه‌رۆکیانه‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌دا هه‌ر حیزبێکی سیاسی سوود له‌و جیاوازییانه‌ ده‌بینێت و شوێنی خۆی لایان ده‌کاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی هه‌ر یه‌کێ له‌و چه‌مکانه‌وه‌ ده‌یڵێت، ته‌نیا له‌ شێوه‌دا له‌گه‌ڵ هیی پارتی جیاوازه‌، ده‌نا له‌ ناوه‌رۆکدا هه‌مان شته‌. هه‌ردوو لایان له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوکردنی ئه‌و باوه‌ڕانه‌دان، که‌ لای زۆرایه‌تی‌ پیرۆزن، به‌ڵام هه‌ر یه‌که‌ی له‌سه‌ر شێوازی خۆی، که‌ لێره‌دا هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه‌یش وه‌ک‌ گۆڕان و پارتی وان. له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا هیچ شتێک ون نابێت، به‌ڵکوو شوێنه‌که‌ی ده‌گۆڕێت. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا به‌ لێشاو بابه‌ت له‌باره‌ی لاوازبوونی یه‌کگرتووه‌وه‌‌ نووسراون، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی یه‌کگرتوو لاواز نه‌بووه‌، یان دروستتر به‌و شێوه‌یه‌ لاواز نه‌بووه‌، که‌ ئه‌وان ده‌یبینن، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه‌ ناتوانێت له‌وه‌ گه‌وره‌تر ببێت، به‌وه‌ی وه‌ک هه‌ر لایه‌نێکی دی له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا پێگه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک چه‌سپاوی هه‌یه‌ و له‌وه‌ تێناپه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر یه‌کگرتوو به‌شێکی ئه‌ندامه‌کانی له‌ ده‌ست داون‌،‌ مانای وا نییه‌ ئه‌وانه‌ له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا نه‌ماون، به‌ڵکوو ته‌نیا جێگۆڕکێیان کردووه‌، به‌وه‌ی چوونه‌ته‌ ناو گۆڕانه‌وه‌، یان خۆیان له‌ ڕیزی سه‌له‌فییه‌کاندا دۆزیوه‌ته‌وه، که‌ ئه‌وانیش ئه‌مڕۆ ‌لای زۆرایه‌تی‌ خۆشه‌ویستن. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیشی فۆرمێکی چه‌سپاوی وه‌رگرتووه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ یه‌کگرتوو له‌وه‌ زیاتر تێناپه‌ڕێت، بگره‌ پێویستیشی به‌وه‌ نییه‌ له‌وه‌ زیاتر په‌ره‌ بستێنێت. به‌ مانایه‌کی دی، هه‌ر لایه‌نێک له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا سنوورێکی بۆ خۆی کێشاوه‌، که‌ نایه‌وێت بیبه‌زێنێت، چونکه‌ به‌زاندنی سنووره‌که‌ تووڕه‌بوونی خودی زۆرایه‌تییه‌که‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌. مرۆڤ کاتێ سه‌رنج له‌ پێوه‌ندیی ئه‌و حیزبه‌ سیاسییانه‌ ده‌دات، به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ ده‌بینێت، چۆن هه‌ر کاتێ ده‌گه‌نه‌ ئاستی تووڕه‌بوون، خێرا هێمن ده‌بنه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ داده‌نیشن، بگره‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌وه‌ی به‌ شانوباڵی یه‌کدیدا هه‌ڵبده‌ن، نه‌بادا ئه‌و گرژییه‌ ببێته‌ هۆی تێکچوونی ئارامیی زۆرایه‌تی‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ناوی یاسای سه‌رۆکایه‌تییه‌وه ‌ورووژاوه‌، له‌ گه‌مه‌یه‌کی سیاسی به‌ولاوه‌، شتێکی دیکه‌ نییه‌.2هه‌ندێک له‌ گه‌رمه‌ی حه‌ڤده‌ی شوباتدا وایان ده‌زانی جارێکی دی مەحاڵە گۆڕان، یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی ئاشت نابنه‌وه‌، وه‌ک چۆن باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد ڕۆشنبیران به‌ لای داموده‌ستگه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌دا بچنه‌وه‌، که‌چی ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بینرا. پێشبینی ده‌کرا یه‌کێتی لانی که‌م شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بتوێته‌وه‌ و شوێنه‌واری نه‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌ویش له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا هه‌مان ئه‌و قورسایییه‌ی هه‌یه‌، که‌ پێش حه‌وت ساڵ هه‌یبوو. ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌ ده‌ستی داون، هێشتا له‌ژێر چه‌تره‌که‌دان. وەک ئەوە وایە هێشتا هیی خۆی بن. به‌کورتی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ دایکێکی میهره‌بانه‌ و هه‌موو ڕۆڵه‌کانی خۆی خۆش ده‌وێت و ده‌یانپارێزێت، بگره‌ هه‌وڵی گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات له‌ ده‌ستیان نه‌دات.
زۆرایەتی وەک زۆنێکی ئاشتەوایی
زۆرایه‌تیی ئه‌مڕۆ، دروستتر ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ی له‌ نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ فۆرمێکی دیاریکراوی وه‌رگرتووه‌ و تاکوو ئێستایش له‌ناویدا ماوه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ له‌ زۆرایه‌تیی شه‌سته‌کان، حه‌فتاکان و هه‌شتاکان جودا ده‌کرێته‌وه‌، که وه‌ک پێشتر گوترا له‌ژێر چه‌تری ئیسلامیدایه، به‌ڵام ئه‌وان له‌ژێر چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی، چه‌پگه‌رایی و لێبرالیدا بوون (له‌گه‌ڵ پارێزی زۆرم بۆ هه‌رسێ چه‌مکه‌که‌). زۆرایه‌تیی ئه‌وده‌م‌ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکاندا پارتیی هه‌ڵدایه‌ ده‌رێ، که‌چی له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کاندا‌ ئه‌م زۆرایه‌تییه‌‌ هێنایه‌وه‌، چونکه‌ له‌و کاته‌وه‌ زۆرایه‌تی‌ موڵکی لایه‌نێکی دیاریکراو نییه‌، به‌ڵکوو هیی سه‌رجه‌م لایه‌ن و ئاڕاسته‌کانه‌. زۆرایه‌تیی هه‌شتاکان له‌ ڕاپه‌ڕیندا به‌عسی له‌ شاره‌کانی کوردستان به‌ ده‌ر نا و له‌و پێناوه‌دا ڕووبارێک خوێنی ڕشت، که‌چی زۆرایه‌تیی دوای ڕاپه‌ڕین به‌ شێوه‌ی ئاشتییانه‌ هێنایه‌وه‌. ئه‌مڕۆ مرۆڤ ده‌توانێت به‌ ئاسانی له‌ پاڵ حیزبه‌کانی دیکه‌دا به‌عسیش ببینێت، بگره‌ ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی له‌ مێدیای یه‌کگرتوودا (سه‌ددام حسێن) وه‌ک موجاهیدێکی شه‌هید پێشان بدرێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناڕه‌زایییه‌ک لای ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ دروست ببێت. له‌ فه‌یسبۆکدا زووزوو جوانترین وێنه‌ی ئه‌و سه‌رۆکه‌ به‌ قورئانێکه‌وه‌ ده‌بینرێت و ئامۆژگاری و گوته‌ نه‌سته‌قه‌کانی به‌ زمانی کوردی بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌.3دیسان ده‌یڵێینه‌وه‌، که‌ زۆرایه‌تیی هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌کان له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا په‌یمانیان به‌ستووه‌ شه‌ڕ به‌ یه‌کدی نه‌فرۆشن. هێنده‌ی حیزب و ڕێکخراوه‌کان‌ ڕۆڵیان له‌وه‌دا هه‌بووه‌ زۆرایه‌تی‌‌ یه‌کڕه‌نگ و هاوئاهه‌نگ ببێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ زۆرایه‌تییش وای کردووه‌ ئه‌وان به‌ چه‌سپاوی بمێننه‌وه‌ و گۆڕانکاری له‌ خۆیاندا نه‌که‌ن. دیسان جه‌خت له‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ تاکوو ئه‌مڕۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان یه‌ک سیستێمی بیرکردنه‌وه‌ و یه‌ک شێوازی ڕاگه‌یاندن پێڕۆیی ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت گۆڕان گوایه‌ هاتووه‌ ئه‌و ستایله‌ بگۆڕێت، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر نه‌یگۆڕیوه‌، به‌ڵکوو له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دی زیاتر پابه‌ندی خواستی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌یه‌، بگره‌ پێی وایه‌ ئه‌وان که‌مته‌رخه‌من و خۆی له‌ پێناوی پڕکردنه‌وه‌ی که‌موکووڕییه‌کاندا تێده‌کۆشێت. به‌م شێوه‌یه‌ بایه‌خی سه‌ره‌کیی گۆڕان بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ی نۆرمی ئایینی و نماییشی کاره‌کته‌ری ئایینییه‌، که‌ له‌ نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ سیمای زۆرایه‌تییان پێوه‌ دیاره‌. هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا پێگه‌ی پیاوی ئایینی زۆر به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌ و له‌ بوونه‌وه‌رێکه‌وه‌، که‌ پێش ڕاپه‌ڕین نه‌یتوانیوه‌، یان ڕێگه‌ی پێ نه‌دراوه‌ له‌ڕۆڵی ئامۆژگاری زیاتر بگێڕێت (ئه‌ویش له‌ سنوورێکی ته‌سکدا)‌، بۆ بوونه‌وه‌رێکی دی ده‌گۆڕێت، که‌ بڕیار له‌سه‌ر شێوازی حوکمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن ده‌دات. واته‌ ده‌سته‌ڵاتی پیاوی ئایینی ته‌نیا له‌ سنووری کۆمه‌ڵایه‌تیدا نامێنێته‌وه‌، به‌ڵکوو ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر که‌ناڵه گرنگه‌‌کانی سیاسه‌ت و فه‌رمانڕه‌واییشدا بگرێت، که‌ ئه‌مه‌یش ته‌واو له‌گه‌ڵ خواستی زۆرایه‌تیدا ڕێکه‌.
زۆرایەتی و زمانی ئایدیۆلۆجیی زاڵ
هه‌میشه ئه‌ندامانی‌ زۆرایه‌تی‌ به‌ زمانی ئه‌و ئایدیۆلۆجییه‌ ده‌ده‌وێن، که‌ زاڵه‌‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشیان نه‌بێت. له‌ پێش ڕاپه‌ڕیندا هه‌ر ڕسته‌یه‌ک وشه‌ی هه‌ژاری، برسێتی، جیاوازیی چینایه‌تی و هیی له‌م بابه‌ته‌ی تێدا بووایه‌، وا لێک ده‌درایه‌وه‌ له‌ پێناویسۆشیەلیزم و کۆمۆنیزمدا گوتراوه‌. ئه‌مڕۆیش هه‌ر زمانێک توانای تێپه‌ڕاندنی نه‌بێت، له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی زمانی زۆرایه‌تی‌. به‌ ناوی (یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان)ـه‌وه‌ تێکستێکی ناڕه‌زایی له‌باره‌ی کوژرانی مامۆستایه‌کی زانکۆوه‌ نووسراوه‌‌، به‌ڵام به‌ زمانێکی میللی، که‌ پڕه‌ له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی مرۆڤ له‌ ده‌می پیاوانی ئایینییه‌وه‌ ده‌یانبیستێت. تێکسته‌که‌ به‌م دوو ڕسته‌یه‌ کۆتاییی پێ هێنراوه‌: (نەفرەت لە ئەنجامدەری ئەو تاوانە و جەهەنەم جێگای ئەبەدی بێت)4و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی کولتووری زاره‌کییان تێپه‌ڕاندووه‌ و بایه‌خی نووسینیان زانیوه‌، ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ به‌کار ناهێنرێن. هەمان دەربڕین لای نووسەرە دیارەکانمان هەن. ڕۆماننووس هەیە لە گفتوگۆدا بەم زمانە دواوە. هەر کەسێکی بە نەفرەت کردووە، کە لەگەڵی هاوڕا نییە.
ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ دۆخێکدا ده‌ژین، که‌ زۆرینەی تاکه‌کان به‌ یه‌ک زمان ده‌دوێن و یه‌ک بیرکردنه‌وه‌یان هه‌یه‌. زمانه‌که‌ میللی‌ و بیرکردنه‌وه‌که‌یش ساکارە‌. تاکوو کۆتاییی هه‌شتاکانیش مرۆڤ ده‌یتوانی به‌ئاسانی ئاستی زمانی تاکه‌کان له‌ یه‌کدی جودا بکاته‌وه‌ و به‌ ڕوونی جیاوازییه‌کان ببینێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ کارێکی له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌سته‌مه، بۆیه‌ زمانی ئه‌ندامانی (یه‌کێتیی مامۆستایان) هه‌مان زمانی ئه‌وانه‌ی دیکه‌یه‌‌. سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت ناوی ڕێکخراوه‌که‌یشیان به‌ دروستی بنووسن.5 ئه‌وه‌یش سه‌یر نییه‌، که‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ زمان و نووسین بایه‌خیان نامێنێت و که‌مترین قسه‌یان لێوه‌ ده‌کرێت، له‌ کاتێکدا به‌ درێژاییی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ و لینگویستک ئه‌مانه‌ وه‌ک دوو قورسترین پرسیار خۆیان به‌سه‌ر فیڵۆسۆف و زمانناساندا سه‌پاندووه‌.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ پرسیاری (تۆ باوه‌ڕداریت، یان بێباوه‌ڕ؟)، دروستتر (تۆ موسڵمانیت، یان کافر) لای زۆرایه‌تی‌ دێته‌ ئاراوه‌، که‌ مه‌به‌ستیه‌تی به‌ر له‌ هه‌ر ڕه‌گه‌زێکی شه‌ڕانگێز و جیاواز بگرێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ پرسیاری دڵڕەق ڕووبه‌ڕووی ببێته‌وه‌ و گومانی له‌ دڵدا بڕووێنێت. ئه‌مه‌ به‌ گرنگترین پرسیار ده‌زانێت، چونکه‌ هه‌مووان له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا کۆ ده‌کاته‌وه‌ و سنووری نێوان تاکه‌کان ده‌سڕێته‌وه‌. ده‌شێت هه‌ڤاڵێکی پارتی، ئه‌ندامێکی یه‌کێتی، گۆڕانخوازێک، بانگخوازێکی یه‌کگرتوو، مه‌لایه‌کی کۆمه‌ڵ، کادیرێکی شیوعی و ڕه‌فیقێکی به‌عس پێکه‌وه‌ کۆ بکاته‌وه‌، که‌ بێگومان هه‌ر وایشی کردووه‌. وه‌ک گوترا هه‌موویان به‌ ساده‌یی له‌سه‌ر چه‌مکه‌ گه‌وره‌کان ڕێکن، به‌ڵام له‌باره‌ی فۆرمیانه‌وه‌ بینینی جیاوازیان هه‌یه‌. ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی‌‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی که‌مایه‌تین، چونکه‌ لایان ڕوونه‌ ئه‌وه‌ی ئارامییان لێ ده‌شێوێنێت، هه‌ر که‌مایه‌تییه‌‌. ئاماده‌ن‌ له‌ پێناوی سزادانی نووسه‌رێک، یان هونه‌رمه‌ندێکدا ده‌ست له‌ ئیشوکار هه‌ڵبگرن و مانگێک له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا دەنگ هەڵببڕن. 6
پێوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و زۆرایەتی لە ڕاپەڕینەوە بۆ ئەمڕۆ
ئێستا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بپرسین‌: ئایا ڕۆشنبیرمان‌ لە دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ چۆن له‌گه‌ڵ زۆرایه‌تیماندا‌ ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌؟ زۆرایه‌تیمان‌ توانای جووڵاندنی ڕۆشنبیرمانی هه‌یه‌؟ ڕۆشنبیرمان گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی زۆرایه‌تیمان بورووژێنێت و ئاڕاسته‌ی نوێی تێدا دروست بکات؟
به‌گشتی کۆمه‌ڵگه‌کان به‌ر دوو جۆر ڕۆشنبیر ده‌که‌ون:
یه‌که‌میان، ڕۆشنبیرێکی ساده‌یه‌ و هه‌مان تێڕوانینی خه‌ڵکی بۆ چه‌مکه‌‌کان هه‌یه‌. به‌ مانایه‌کی دی‌ ئاستی جه‌ماوه‌ر تێناپه‌ڕێنێت، بۆیه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی نییه‌ و ده‌بێته‌ به‌شێک له‌و زۆرایه‌تییه‌‌. ژماره‌یان زۆره‌ و له‌ هه‌موو شوێنێکدا به‌رچاو ده‌که‌ون. هه‌میشه‌ لایه‌نه‌گری شتێک و دژی شتێکی دیکه‌ن‌. زووزوو ده‌رده‌که‌ون و ناسراون، به‌ڵام هیچ کاریگه‌رییه‌کیان نییه‌. پێوه‌ندیی سه‌ره‌کییان به‌ ڕووداوی ڕۆژانه‌وه‌ هه‌یه‌ و که‌متر به‌ لای شته‌ شاراوه‌کاندا ده‌چن. به‌شێکیان ده‌رچووی‌ زانکۆکان و به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان ئه‌ماچه‌رن‌، واته‌ ئاره‌زوویان لێیه‌ ئه‌رکی ڕۆشنبیر ببینن. لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌ بڵێین، که‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ساده‌ نییه‌، ده‌رچووی زانکۆیه‌، به‌ڵام به‌گشتی زانکۆکان ڕۆشنبیری ڕووکه‌ش به‌رهه‌م ده‌هێنن. کاتێکیش هه‌ندێک ڕۆشنبیری ده‌رچووی زانکۆ ئه‌م ئاسته ساده‌یه‌‌ تێده‌په‌ڕێنن،‌ ئه‌و تێپه‌ڕاندنه‌ به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی خۆیانه‌.
دووه‌میان، ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەدۆزه‌. نه‌ دژه‌ و نه‌ دۆسته‌، به‌ڵکوو که‌سێکی ڕاڤه‌کاره‌‌. له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ ئه‌رکی ڕه‌خنه‌ تێپه‌ڕاندن و کردنه‌وه‌ی که‌ناڵی نوێیه‌ له‌ هه‌ر بابه‌تێکدا، که‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌‌. به‌وه‌دا سه‌رقاڵی پڕۆژه‌ی فکرییه‌، که‌م ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌رکه‌وتنێکیدا ئایدیای نوێ ده‌هێنێت و پرسیاری دڵڕه‌قانه‌ ده‌ورووژێنێت. زمانێکی ئاسانی نییه‌، چونکه‌ ئاستی تێگه‌یشتنی جه‌ماوه‌ری تێپه‌ڕاندووه‌. ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی‌ خۆشیان ناوێت‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویشه‌ کاریگه‌ریی هه‌یه‌.
کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یش به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان‌ خاوه‌نی ئه‌و دوو جۆره‌ ڕۆشنبیره‌یه‌، به‌ڵام کاتێ ئه‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رچاو، که‌ زمانی ڕۆژانه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ڕۆڵی گه‌وره‌ له‌ دروستبوونی ڕۆشنبیردا ده‌گێڕێت، ئه‌وا ده‌کرێت بڵێین هه‌ردوو جۆره‌که‌ لاوازن، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ئه‌وه‌ی دووه‌م هه‌ر ده‌رنه‌که‌وتووه‌، به‌وه‌ی زمانی ڕۆژانه‌مان‌ هێشتا هه‌ژاره‌ و له‌ به‌رهه‌مهێنانی ڕۆشنبیری جیاواز و داهێنه‌ردا توانای که‌مه‌. ڕۆشنبیر داهێنانی خۆی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و زمانه‌ داده‌مه‌زرێنێت، که‌ کۆمه‌ڵگه‌ پێی گه‌یشتووه‌، به‌و مانایه‌ی ئه‌و ئاسته‌ تێده‌په‌ڕێنێت و مه‌ودا له‌نێوان زمانی خۆی و زمانی ڕۆژانه‌دا دروست ده‌کات. به‌م شێوه‌یه‌ زمانی ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز نه‌ک هه‌ر هه‌مان زمانی کۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، به‌ڵکوو زۆریش باڵاتره‌‌. هه‌تا ئاستی زمانی ڕۆژانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی‌ زیاتر به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵبکشێت، ئه‌رکی ئه‌و قورستر، به‌ڵام ئاستی به‌رهه‌می به‌رزتر ده‌بێت. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له‌ ڕووی گوزه‌ران، خوێندن، په‌روه‌ر‌ده‌، ته‌ندروستی، ڕێگه‌وبان، ئاساییش و هیی دیکه‌وه‌ هه‌ژار بێت، مانای وایه‌ زمانی ڕۆژانه‌ی ساده‌یه‌ و توانای جووڵه‌ی که‌مه‌‌‌. ڕۆشنبیری گه‌وره ئەگەر هاوواتای مرۆڤی یاخی بێت، ئەوە‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ ئه‌و‌ بوارانه‌ی له‌ ئاستی نزمدا نین، چونکه‌ پێوه‌ندییه‌کی دیاڵیکتیکه‌ڵ له‌نێوان دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌ و دروستکردنی ڕۆشنبیردا هه‌یه‌. ئه‌میان ئه‌ویان دروست ده‌کات. (کامیۆ) لە (مرۆڤی یاخی)دا بە توندی خەختی لەوە کردووەتەوە. تاکوو ئه‌مڕۆیش ڕۆشنبیری ئێمه‌ نه‌ توانیویه‌تی ببێته‌ مۆدێلێکی وه‌ک ئه‌و مۆدێلانه‌ی له‌ جیهاندا هه‌ن، بۆ نموونه‌ مۆدێلی وه‌ک ڕۆشنبیری ئۆرگانیک، ڕۆشنبیری مولته‌زیم (کومیتد) و هی دیکه‌ و نه‌ مۆدێلێکی سه‌ربه‌خۆیشی داهێناوه‌، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی به‌ زه‌قی ده‌بینرێت‌، ڕۆشنبیری میللییه‌، که‌ لێره‌دا به‌ (جاگله‌ر Juggler) ناوی ده‌هێنین.
کاروان عومەر کاکەسوور
ڕۆشنبیری جاگلەر
جاگله‌ر ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه‌‌، که‌ یاریی جاگلینگ (Juggling) ده‌کات. ده‌توانێت له‌ یه‌ک کاتدا و زۆر به‌ خێرایی چه‌ند شتێک هه‌ڵبدات و هه‌ر جارێ یه‌کێکیان بگرێته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ئه‌و ده‌گرێته‌وه‌. ئیتر به‌م شێوه‌یه‌! جاگله‌ر به‌ سیستێمێکی نه‌گۆڕ کار ده‌کات.‌ هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ر سیستێمه‌که‌یدا بێت، یارییه‌که‌ی تێک ده‌چێت و ڕۆڵه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت. لای بینه‌ری جاگلینگ ئه‌و ماتێریه‌له‌ هێنده‌ گرنگ نییه‌، که‌ جاگله‌ر به‌کاری ده‌هێنێت، به‌ڵکوو لێره‌دا ژماره‌ و خێرایی بایه‌خی زیاتریان هه‌یه‌. واته‌ تاکوو ژماره‌ی ئه‌و مەتێریه‌لانه‌‌ی هه‌ڵیان ده‌دات، زۆرتر بێت و خێراتر جێگۆڕکێیان پێ بکات، یارییه‌که‌ چاکتر سه‌رنج ڕاده‌کێشێت و زیاتر درێژه‌ ده‌کێشێت.7 جاگله‌ر خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا مرۆڤێکی یاخییه‌ و له‌ ڕێی هونه‌ره‌که‌یه‌وه‌ جۆرێک له‌ تراجیدیا نماییش ده‌کات، به‌ڵام کاتێ ڕۆشنبیر ده‌یه‌وێت هه‌مان ڕۆڵی ئه‌و له‌ بواری فکریدا ببینێت، پرۆسێسه‌که‌ بۆ کۆمیدیا ده‌گۆڕێت. به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر بوونه‌وه‌رێکی په‌سه‌ندکراوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌. نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌و‌ نۆرم و به‌هایانه‌ ناگرێت‌، که‌ خه‌ڵک به‌ پیرۆزیان ده‌زانن، به‌ڵکوو ده‌یشیانپارێزێت. پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌ربکه‌وێت و به‌ زمانی میللی بدوێت. به‌ پێوه‌ری ویژدان ڕووداوه‌کان هه‌ڵبسه‌نگێنێت، چی باشه‌ و چی خراپ؟ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌ی نێوان ده‌سته‌ڵات و ڕۆشنبیری هێنده‌ ساده‌ کردووه‌‌ته‌وه‌، که‌ ده‌یه‌وێت بڵێت ڕۆشنبیر ئه‌وه‌یه‌ زۆر له‌ مێدیاکاندا ده‌رده‌که‌وێت، پشتی زۆرایه‌تییه‌‌ک ده‌گرێت و دژی زۆرایه‌تییه‌‌کی دی ده‌وه‌ستێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئایدیایه‌کی نوێ بناسێنێت، یان ستایلێکی دیکه‌ی بیرکردنه‌وه‌ دابهێنێت‌. به‌کورتی نه‌ توانا و نه‌ ئاره‌زووی تێپه‌ڕاندنی هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ ئاستی زمانی خه‌ڵکدا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ شێوازێک ده‌نووسێت، که‌ هیچ جیاوازییه‌ک دروست نه‌کات.
ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ زۆر که‌م ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز و تێپه‌ڕێنه‌ری به‌رهه‌م هێناوه‌، که‌ ده‌کرێت به‌ دیوه‌که‌ی دیکه‌یشدا بگوترێت ڕۆشنبیرانمان نه‌یانتوانیوه‌ کۆمه‌ڵگه‌ بهه‌ژێنن و بیکه‌نه‌ ناوه‌ندێکی به‌رهه‌مهێن. پێوه‌ندیی نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕازیکردنی یه‌کدی دامه‌زراوه‌‌، نه‌وه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای تێکشکاندن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆچوون و ئاڕاسته‌کانی یه‌کتر.
ڕۆشنبیری جاگله‌ر، که‌ بوونه‌وه‌رێکی ساده‌ی میللییه‌، زۆر دووره‌ له‌وه‌ی ببێته‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌ی فکریی ڕه‌خنه‌یی‌. هه‌مان تێگه‌یشتنی سیاسه‌تمه‌داری بۆ کێشه‌کان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ خۆی له‌ بواری سیاسه‌تدا قایم ده‌کات. یه‌ک ده‌سته‌ڵات ده‌ناسێت، ئه‌ویش ده‌سته‌ڵاتی سیاسییه‌، چونکوو‌ زه‌قترین ده‌سته‌ڵاته‌، له‌ کاتێکدا ده‌سته‌ڵاته‌کانی دی لای ئه‌و نه‌ بوونیان هه‌یه‌ و نه‌ هیچ کاریگه‌رییه‌ک. مادام ڕاسته‌وخۆ و به‌ زمانی میللی له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه‌ ده‌دوێت، لای زۆرایه‌تی‌ خۆشه‌ویسته‌ و ناوبانگی هه‌یه‌، چونکه‌ هه‌ر زۆرایه‌تی‌ سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ریشی لا په‌سه‌نده‌. زۆرایه‌تی‌ شێتی ڕۆشنبیری ڕووکه‌شه‌‌، چونکه‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌کات، که‌ خۆیشی ده‌یانزانێت. مرۆڤ له‌و کۆمێنتانه‌ی ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی‌‌ بۆ ڕۆشنبیری جاگله‌ری ده‌نووسن، به‌ ڕوونی ده‌بینێت چه‌ند ئاسووده‌ن، که‌ هه‌مان بۆچوونی ئه‌وانی هه‌یه‌. ڕۆشنبیری جاگله‌ر‌ وای کردووه‌ سیاسه‌ت لای زۆرایه‌تی‌‌ ببێته‌ گرنگترین بوار، چونکه‌ له‌ هیچ بوارێکی دیکه‌دا ناتوانێت هێنده‌ ده‌نگ به‌ ده‌ست بهێنێت و هێنده‌یش به‌ ئاسانی بۆچوونه‌کانی ده‌رببڕێت. سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بواری ئه‌ده‌ب، فه‌لسه‌فه‌، سایکۆلۆجی، سۆسیۆلۆجی و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ چۆڵ بووبن، که‌ ئه‌مه‌ هه‌ر خۆی مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان نه‌ ئه‌و بوارانه‌یان ناسیوه‌ و نه‌ به‌ جیددییش کاریان تێدا کردوون، ده‌نا بۆچی پێیان وایه‌ ئه‌مانه‌ توانای گۆڕانکارییان نییه‌، به‌ڵکوو ته‌نیا سیاسه‌ت له‌ ده‌ستی دێت دنیا بگۆڕێت؟ هه‌ر هێنده گوتاری سیاسی شه‌قام ده‌ورووژێنێت، زۆرینه‌ی ڕۆماننووس، شاعیر، چیرۆکنووس و ڕەخنەگر کاری خۆیان جێ ده‌هێڵن و دوای ترۆمپێتی سیاسه‌تمه‌داران ده‌که‌ون، تاکوو به‌ هه‌مان زمانی ئه‌وان، بگره‌ هه‌ندێجار نزمتریش بدوێن و به‌ زۆرایه‌تی‌ بڵێن ئێمه‌یش ماوین. خۆ ئه‌گه‌ر فریای نووسینی گوتار نه‌که‌ون، ئه‌وا په‌نا بۆ شێوازی نامه‌ ده‌به‌ن، که‌ بۆ سه‌رکرده‌ و به‌رپرسه‌کانی ده‌نێرن و ئامۆژگارییان ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌وانه‌‌ دوای ئارامبوونه‌وه‌ی شه‌قام، بۆ دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و مرۆڤ ده‌توانێت هه‌ندێکیان له‌ فێستیڤاڵه‌کاندا ببینێت، ئینجا له‌وێ چ خه‌ڵات دابه‌ش بکه‌ن و چ هه‌ر خۆیان وه‌ریبگرن.
ڕۆشنبیری جاگله‌ر‌ پێی وایه‌ گۆڕانکاری کاتێ دێته‌ دی، که‌ بواری سیاسی ده‌گۆڕێت.‌ ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنێکه‌ چه‌ند بڵێی ساکاره‌. ئه‌وه‌ هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ن سیاسه‌ت ئاڕاسته‌ ده‌که‌ن، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه‌. ڕه‌خنه‌ خۆی به‌رهه‌می قووڵبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیره‌ له‌و بوارانه‌دا. هه‌ر ڕه‌خنه‌یشه‌ گوتاری سیاسی ده‌خاته‌ ژێر گومانه‌وه‌ و ناهێڵێت ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌ها په‌یدا بکات. ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌یه‌ بواری سیاسی و بواره‌کانی دی ده‌گۆڕێت و به‌ره‌و ئاستی باڵاتریان ده‌بات، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسێسه‌ له‌ خاڵێکدا کۆتاییی پێ بێت. له‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز نه‌بێت‌، سیاسه‌ت شوێنی هه‌موو شتێک ده‌گرێته‌وه‌ و بواری ئازادی ته‌واو ته‌سک ده‌بێته‌وه‌، بگره‌ هه‌ر نامێنێت، هاوکات ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌ شێوه‌ی به‌رچاو زۆر ده‌بن. ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی ته‌قلیدی خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆری ڕه‌خنه‌گره‌، به‌وه‌ی چه‌مکی ڕه‌خنه‌ له‌ کۆنتێکستی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه‌ و بۆ ئاستی میللی داگیراوه‌. واته‌ کراوه‌ته‌ کارێکی ئاسان، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یشه‌ له‌ ڕووی به‌رهه‌می فکری و ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ هێنده‌ هه‌ژاره‌. ئه‌و چه‌ند نووسه‌ره‌یش، که‌ زۆرایه‌تی‌ به‌ گه‌وره‌ترین ڕەخنەدۆزی خۆمان، بگره‌ به‌ گه‌وره‌ترین ڕەخنەدۆزی دنیایشیان ده‌زانێت، له‌ چه‌ند گوتارێکی ساده‌ زیاتریان نه‌نووسیوه‌. تێیاندا هه‌یه‌ هه‌موو ئه‌رکه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ دۆعا بۆ هه‌ندێک و له‌ هه‌ندێکی دیکه‌ی بکات.
تێکه‌ڵبوونی ژانره‌کان، واته‌ ڕۆشنبیر له‌ ئارامیدا ڕۆمان، شیعر چیرۆک و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌نووسێت، به‌ڵام له‌ کاتی ورووژانی شه‌قامدا هه‌موویان جێ ده‌هێڵێت و په‌نا بۆ گوتاری ئاگراوی ده‌بات، خه‌سڵه‌تی دیاری ئه‌و کۆمه‌ڵگانه‌یه‌ وه‌ک هیی ئێمه‌ هێشتا تاکه‌کانی نه‌بوونه‌ته‌ خاوه‌نی خۆیان، به‌ڵکوو پابه‌ندی‌ خواستی زۆرایه‌تین‌. فیڵۆسۆفانی (تیۆریی ڕه‌خنه‌یی) له‌ نموونه‌ی (هۆرکهایمه‌ر)، (ئه‌دۆرنۆ) و (مارکیوز) پێ له‌سه‌ر تێکچڕژانی بواره‌ جیاوازه‌کان داده‌گرن، بگره‌ ئه‌مه‌ له‌ دیدگەی فه‌لسه‌فیدا به‌ پێویست ده‌زانن، به‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ له‌سه‌ریه‌تی به‌رهه‌می ئابووریناس، مێژووناس و ده‌روونناسان له‌ داڕشتنی پرسیاردا پێکه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ده‌که‌ن ڕه‌خنه‌ کاریگه‌رتر ببێت،8به‌ڵام لای ڕۆشنبیری جاگله‌ر شته‌که‌ ته‌واو جیاوازه‌، چونکوو ئه‌و به‌ شێوه‌ی کیریۆسیتی، واته‌ زۆر ڕووکه‌شانه‌ له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌وه‌ ده‌نووسێت، که‌‌ شه‌قام به‌ گرنگیان ده‌زانێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیارێکی نوێ بورووژێنێت.
زۆرایه‌تیی ئه‌مڕۆ ده‌رگه‌ی بۆ هه‌ر ڕۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌دارێک کردووه‌ته‌وه‌، به‌ مه‌رجێ ئه‌و نیشانانه‌ی پێوه‌ دیار بێت، که‌ حه‌زی لێیانه‌ و نابنه‌ هۆی تێکچوونی‌ دۆخه ئارامه‌‌که‌ی. واته‌ کاتێ په‌سه‌ندیان ده‌کات، که‌ ده‌بنه‌ جاگله‌ر و ده‌زانن چۆن جاگلینگ بکه‌ن. وای لێ هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ نووسه‌رێکی داهێنه‌ر‌، یان سیاسه‌تمه‌دارێکی گه‌وره‌ بزانرێت، هێنده‌ی به‌سه‌ له‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندندا زووزوو ده‌ربکه‌وێت و وێنه‌ی جاگله‌رێکی شاره‌زا تۆپه‌کان له‌ هه‌وادا بخولێنێته‌وه‌. ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز و تێپه‌ڕێنه‌ر به‌رگری له‌ باوه‌ڕی زۆرایه‌تی‌ ناکات، به‌ڵام له‌ پێناوی مافه‌کانیدا تێده‌کۆشێت، له‌ کاتێکدا ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌ باوه‌ڕه‌که‌یدا هه‌ڵده‌ڵێت، که‌چی مافه‌کانی لا گرنگ نییه‌، به‌ڵکوو ته‌نیا وه‌ک تۆپ هه‌ڵیانده‌دات. زۆرایه‌تی‌ خۆیشی‌ ئه‌وه‌ی به‌ لایه‌وه‌ گرنگه‌، هه‌ڵدانی تۆپه‌که‌یه‌، نه‌وه‌ک به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی. لایه‌نی سیاسی هه‌یه‌ به‌ڵێنی به‌ ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی‌ داوه‌، ئه‌گه‌ر پشتی بگرن، ده‌ستکاریی سروودی (ئه‌ی ڕه‌قیب)یان بۆ ده‌کات. ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ داخوازییه‌کانی زۆرایه‌تی‌‌ و حیزبیش وه‌ک‌ ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره‌ پێی ده‌فرۆشێته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌کیان له‌وه‌دا ڕژد (جیددی) بن. واته‌ نه‌ ئه‌م ده‌یهێنێته‌ دی و نه‌ ئه‌ویش ده‌یه‌وێت بێته‌ دی، به‌ڵکوو ته‌نیا وه‌ک یه‌کێک له‌ تۆپه‌کان لێی ده‌ڕوانن. له‌ پێشه‌وه‌ گوترا زۆرایه‌تی‌‌ حه‌ز ناکات‌ له‌ پێکهاته‌ی شت بکۆڵێته‌وه‌. نووسه‌ر هه‌یه‌ لانی که‌م پانزده‌ ساڵه‌ له‌باره‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ ده‌نووسێت، جنێوی پێ ده‌دات و به‌ نه‌فره‌تی ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک جاریش گوتبێتی ده‌سته‌ڵات چییه‌، به‌ڵکوو پێی وایه‌ ده‌سته‌ڵات بریتییه‌ له‌ که‌سانێکی دیاریکراو و ئه‌وانه‌ هۆکاری نادادپه‌روه‌ری و گه‌نده‌ڵین، که‌چی وه‌ک ڕووناکبیری گه‌وره‌ ناسراوه، مادام به‌ زمانی زۆرایه‌تی‌‌ ده‌دوێت و خۆی له‌و شتانه‌ نادات، که‌ ده‌بنه‌ هۆی تێکچوونی ئارامییه‌که‌ی‌. به‌م شێوه‌یه‌ چه‌مکی ده‌سته‌ڵات، که بۆ نموونه‌‌ لای فیڵۆسۆفێکی وه‌ک (میشێل فۆکۆ)دا ئاڵۆزترین و قورسترین چه‌مکه‌، بگره‌ ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ته‌مه‌نی بۆ ته‌رخان بکات و هێشتا فریای ناکه‌وێت، که‌چی لای ڕۆشنبیری جاگله‌ردا ده‌بێته‌ یه‌کێک له‌ شته‌ هه‌ر ئاسان و ساده‌کانی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌. هێنده‌ بیرکردنه‌وه‌ و ده‌ربڕینی ئاسان کردووه‌ته‌وه‌، به‌ ڕاده‌یه‌ک ڕووناکبیری ئه‌رکێکه‌ وه‌ک هه‌ر ئه‌رکێکی دیکه‌ی ساده‌ و هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت له‌ ئه‌ستۆی بگرێت، به‌ مه‌رجێک وریای خۆی بێت به‌ لای بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ، خوێندنه‌وه‌، کتێب، ته‌نیایی، ڕه‌خنه‌ی دڵڕه‌ق و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا نه‌چێت، به‌ڵکوو به‌ زمانی خه‌ڵک بدوێت و زووزوو ئه‌و شتانه‌یان به‌ بیر بێنێته‌وه‌، که‌ خۆیان ده‌یانزانن. پێشتریش گوتمان ئه‌مه‌ وای کردووه‌ ژماره‌ی ڕۆشنبیر له‌ زۆربووندا بێت. هه‌میشه‌ کۆمه‌ڵگه‌ سه‌ره‌تایییە‌کانی وه‌ک هیی ئێمه‌، ئه‌وانه‌ی پشت به‌ کو‌لتووری زاره‌کی ده‌به‌ستن و بایه‌خی نووسینیان نه‌زانیوه‌‌، خاوه‌نی زۆرترین ژماره‌ی ڕۆشنبیرن. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ڕوونی ده‌رکه‌وتووه، ئه‌وه‌یه‌،‌ هه‌تا ژماره‌ی ڕۆشنبیر زیاتر به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵبکشێت، ڕێژه‌‌ی خوێندنه‌وه‌ داده‌به‌زێت و کتێبخانه‌کان داهاتیان که‌متر ده‌بێته‌وه‌، ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێکیان‌ کرێی شوێنه‌که‌یان بۆ نه‌درێت. نکووڵی له‌وه‌ ناکرێت ئێمه‌ ئه‌مڕۆ خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆری ڕۆشنبیرین. گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی‌ کاتێ بۆ پشتگیریی پڕۆژه‌یه‌کی خۆی پێویستی به‌ ڕۆشنبیر بێت، له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ زه‌حمه‌تێک بکێشێت، هه‌زارانیان کۆ بکاته‌وه‌. ئه‌مه‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌ پارتی، به‌ڵکوو هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌یش کردوویانه‌. ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه، دروستتر له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌‌ وه‌ک ڕووناکبیر خۆیان ناساندبووو، گوایه‌ پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی فکری و فه‌لسه‌فییان هه‌ن‌، ئه‌مڕۆ چ له‌ ڕۆژنامه‌ی حیزبه‌کان و چ له‌و ڕۆژنامانه‌ی، گوایه‌ سه‌ربه‌خۆن، بوونه‌ته‌ ‌ڕۆژنامه‌نووسی زۆر ساده‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ ئاسانترین ڕێگه‌یه‌، تاکوو لای زۆرایه‌تی‌ خۆشه‌ویست ببن. له‌گه‌ڵ زۆرایه‌تیدا زمانێکی هاوبه‌شی پێک هێناوه‌، که‌ به‌ ئاسانی له‌ یه‌کدی ده‌گه‌ن. زۆرایه‌تی‌ هێنده‌ی به‌سه‌ تیۆریی په‌ره‌سه‌ندن (ئیڤه‌لویشن)ی (داروین) به‌ چه‌ند وشه‌یه‌کی وه‌ک‌ (چۆن ڕازی ببین به‌‌ نه‌وه‌ی مه‌یموون دابنرێین؟) بسڕێته‌وه‌، لە کاتێکدا ئەو تیۆرییە نەیگوتووە بنەچەی مرۆڤ مەیموونە، یان سه‌رتاپێی سیکۆله‌ریزم، که‌ خۆی به‌ عه‌لمانییه‌ت ناوی ده‌بات، له‌ کوفر و به‌دڕه‌وشتیدا کورت بکاته‌وه‌، بگره‌ سه‌رجه‌م فکری دنیا له‌ کۆمێنتی ژێر گوتاری ڕۆژنامه‌ ئێلیکترۆنییه‌کاندا به‌ وڕێنه‌ بزانێت، بێ ئه‌وه‌ی چ له‌ دوور و چ له‌ نزیکه‌وه‌ به‌ لایاندا تێپه‌ڕیبێت. هه‌م ڕۆشنبیری جاگله‌ر و هه‌م سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر‌یش سوود له‌و دۆخه‌ ده‌بینن، چونکه‌ ئه‌وان ترسیان له‌ هیچ ده‌مێک نییه‌، که‌ به‌ پرسیاری نوێ ڕووبه‌ڕوویان نابێته‌وه‌. هه‌ردووکیان له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا فێری هونه‌رێک بوونه‌، که‌ ده‌کرێت ناوی (هونه‌ری خوگۆنجاندن‌ له‌گه‌ڵ زۆرایه‌تیدا)ی لێ بنێین. له‌وه‌دا هاوپه‌یمانن چۆن له‌ ڕێگه‌ی هه‌ندێک چه‌مکی ڕه‌وشتبازییه‌وه‌‌ هه‌رچی ئاره‌زووی یاخیبوون هه‌یه‌ له‌ مرۆڤیدا بکوژن و بیکه‌نه‌ کۆیله‌. (نیتشه‌) له‌ کتێبی (ئاوابوونی بته‌کان)دا ڕه‌خنه‌ له‌ که‌نیسه‌ ده‌گرێت، که‌ هه‌وڵی له‌ناوبردنی هه‌وه‌س و غه‌ریزه‌ ده‌دات، له‌ کاتێکدا ڕیشه‌کێشکردنی هه‌وه‌س مانای ڕیشه‌کێشکردنی خودی ژیانه‌. گوته‌ ناسراوه‌که‌ی (مه‌سیح) ده‌هێنێته‌وه:‌ (ئه‌گه‌ر چاوت به‌ره‌و گوناهـ په‌لکێشت ده‌کات، ده‌ریبهێنه‌)، بۆیه‌ پێی وایه‌ ڕه‌وشت دژی سروشته‌، بگره‌ ئه‌مه‌ ده‌کاته‌ یه‌کێک له‌ تایتڵه‌کانی کتێبه‌که‌ی.9به‌گشتی (نیتشه‌) له‌و کتێبه‌یدا ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌ له‌ تێکڕای ئه‌وانه‌ ده‌گرێت ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ڕه‌وشتبازییه‌وه‌ سروشتی مرۆڤ بکوژن و کۆیله‌ی بکه‌ن، بۆیه‌ وه‌ک پارادۆکس به‌ (به‌دڕه‌وشته‌ ناشیرینه‌کان) ناویان ده‌بات. به‌م شێوه‌یه‌ پێی وایه‌ (هه‌موو له‌ دژی له‌ناوبردنی هه‌وه‌سدا په‌یمان ده‌به‌ستن).10
بۆ نموونه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ میللییانه، یاخود ئه‌و ڕۆشنبیره‌ جاگله‌رانه له‌ هه‌ندێک ماڵپه‌ڕی ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا‌‌ ده‌یانگوت پارتی پارکی کردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دڕه‌وشتی له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا بڵاو بکاته‌وه‌، به‌ڵام کاتێ بۆیان ده‌رکه‌وت ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ به‌ جلوبه‌رگی ئیسلامییه‌وه‌ ده‌چێته‌ پارکه‌کان و مانا ئۆرگیناڵه‌که‌ی پارکی ته‌واو گۆڕیوه‌،‌ بگره‌ شوێنی خواپه‌رستیی تێدا کردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ک نوێژی نه‌چێت، به‌ مانایه‌کی دی وای ڕێک خستووه‌ له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی خۆیدا بگونجێت، ئه‌وده‌م ئه‌و تۆپه‌یان فڕێ دا و دانه‌یه‌کی دیکه‌یان هه‌ڵگرت. 11
به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕۆژنامه‌ی (….)ی ده‌نگی بزاڤێکی گۆڕانخوازی ئیسلامی ته‌نیا ڕۆژێک دوای هاتنی داعش بۆ مووسڵ ڕیپۆرتاژێک ئاماده‌ ده‌که‌ن و ڕایده‌گه‌یه‌نن ئه‌و شاره‌ بووه‌ته‌ به‌هه‌شت. بازاڕ هه‌یه‌ و که‌س ده‌ستی لێ نه‌دراوه‌، چونکه‌ وا ده‌زانن زۆرایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان‌ ئه‌وه‌ی ده‌وێت، به‌ڵام کاتێ بۆیان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌مه‌ ئه‌و ڤێرژنه‌ نییه له‌وێدا زۆرایه‌تیی له‌گه‌ڵه‌‌، به‌ڵکوو ڤێرژنێکی تری نزیکی ئه‌وه‌یه‌، ئینجا خێرا زمانی خۆیان ده‌گۆڕن و به‌ شێوه‌یه‌کی دی دوای ڤێرژنه‌ په‌سه‌ندکراوه‌که‌ ده‌که‌ون.12جیاوازیی داعش له‌گه‌ڵ حیزبه‌ ئیسلامییه‌کانی حوکوومه‌تی هه‌رێمدا، ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌م هه‌موو تۆپه‌کانی فڕێ داوه‌ و ته‌نیا ئه‌وه‌یانی هێشتووه‌ته‌وه‌، که‌ ناوی خیلافه‌ته،‌ به‌ڵام‌ ئه‌وان دوای ئه‌وه‌ی چوونه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانی کافریش، وازیان له‌وه‌ نه‌هێناوه‌ به‌ خه‌ڵک بڵێن ئامانجیان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خیلافه‌ته‌، چونکه‌ چاک ده‌زانن ئه‌ندامانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ له‌وه‌ ده‌گه‌ن ئه‌مه‌ ته‌نیا هه‌ڵدانی تۆپه‌که‌یه‌، ده‌نا کاری وایان لێ ناوه‌شێته‌وه‌.13هه‌روه‌ها داعش خاوه‌نی هێزێکی گه‌وره‌تر و زۆرایه‌تییه‌کی فراوانتریشه‌، بۆیه‌ توانای هه‌یه‌ ڕاشکاوانه‌تر بۆچوونه‌کانی ده‌رببڕێت و پێویستی به‌ ته‌قیه‌ نییه‌. حیزبی ئیسلامی هه‌یه‌ تاکوو دووانزده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گوتوویه‌تی په‌رله‌مان شوێنی کافرانه‌، که‌چی کاتێ زانیویه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ زۆرایه‌تی له‌ ده‌ست ده‌دات و توانای ئه‌وه‌یشی نییه‌ وه‌ک داعش قه‌واره‌یه‌ک دابمه‌زرێنێت، ئه‌وده‌م چووه‌ته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام وه‌ک گوترا هه‌وڵی داوه‌ له‌ شه‌یتانه‌وه‌ بۆ فریشته‌ی بگۆڕێت.14
که‌واته‌ چ سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر و چ ڕۆشنبیری جاگله‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زۆرایه‌تی‌ له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن، پێویسته‌ خۆیان له‌وه‌ بپارێزن به‌ ڕوونی بۆچوونه‌کانیان ده‌رببڕن و ئه‌وه‌یش گرنگه‌ له‌ یه‌ک کاتدا کۆمه‌ڵێک تۆپ به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی لانی که‌م له‌ ڕێی یه‌کێ له‌و تۆپانه‌وه‌ پێیان بڵێن پێوه‌ندییان پێیانه‌وه‌ ماون‌ و لێیان دانه‌بڕاون. خه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر و سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زۆرایه‌تی‌ دانه‌بڕێن، پێویسته‌ له‌ ئاستی ئاماژه‌داندا بوه‌ستن و نه‌چنه‌ ناو ورده‌کارییه‌وه‌. کاتێ سه‌رکرده‌ و کادیرانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێن، بگره‌ هاوار ده‌که‌ن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ سه‌وابتی ئیسلام لا ناده‌ن، خۆیان له‌ ورده‌کارییه‌کان ده‌پارێزن و پێیان ناڵێن مه‌به‌ستیان له‌ سه‌وابت چییه‌، چونکه‌ هه‌ر کاتێ ئه‌وه‌یان گوت، ئه‌وا ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. ئایا ئه‌گه‌ر بڵێن له‌ سه‌وابتی وه‌ک به‌ردبارانکردنی ژنی مێرددار و پیاوی ژنداری (زیناکه‌ر!)، بڕینی ده‌ستی دز، کوشتنی‌ ئه‌وانه‌ی واز له‌ نوێژ ده‌هێنن (تارك الصلاة) و شتی له‌م بابه‌ته‌ لا ناده‌ن، ده‌توانن له‌ په‌رله‌ماندا، بگره‌ له‌ناو خودی کۆمه‌ڵگه‌یشدا بمێننه‌وه‌ و وه‌ک داعش نه‌کرێنه‌ ده‌ره‌وه‌؟ که‌واته‌ ئه‌مڕۆ به‌لاڕێدابردنی هزری (Intellectual prevarication) یه‌کێکه‌ له‌ پێداویستییه‌کانی هه‌ر سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیرێکی جاگله‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو زۆرایه‌تیدا شوێنی خۆی بگرێت و خۆشه‌ویست ببێت. 15
سه‌ره‌تا له‌ بڵاوکراوه‌کانی (ڕه‌هه‌ند)دا نه‌ک هه‌ر لایه‌نگری بۆ پیاوانی ئایینی به‌رچاو ناکه‌وێت، به‌ڵکوو ‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بینرێت‌، به‌وه‌ی هێشتا کۆده‌کانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌یان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ و نه‌یانزانیوه‌ چۆن په‌سه‌ند ده‌کرێن. له‌ لایه‌کی دیکه‌ تاکوو سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانیش ئایدیۆلۆجیی چه‌پ، نه‌ته‌وه‌یی و لێبراڵ زاڵ بوون و دواتر ورده‌ورده‌ هه‌موو شتێک که‌وته‌ ژێر چه‌تری ئایینه‌وه، که‌ ئه‌وده‌م وه‌ک ئه‌مڕۆ چ ڕۆشنبیر و چ سیاسه‌تمه‌دار نه‌یانده‌توانی ‌به‌ئاسانی شوێنی خۆیان له‌ناو ئه‌و جیاوازییه‌دا بگرن. به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆشنبیرانی (ڕه‌هه‌ند) ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک پیاوسالاری، خێڵه‌کی، ئیلیت، دۆگما، تازه‌گه‌ری، سیکۆله‌ریزم، ده‌سته‌ڵاتی پیاوانی ئایینی و زۆری دیکه‌ی هاوشێوه‌‌ی ئه‌مانه‌یان به‌کار ده‌هێنا، که‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌دا ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ڕه‌خنه‌ له‌ زۆرایه‌تی‌ بگرن، بێ ئه‌وه‌ی تێیاندا قووڵ ببنه‌وه‌، به‌ڵام دواتر ورده‌ورده‌ ده‌سته‌واژه‌ی ئایینی شوێنیان گرتنه‌وه‌‌، یان دروستتر ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ شوێنیان گرتنه‌وه‌، زۆرایه‌تی‌ پێیان ڕازین‌، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ حه‌ڤده‌ی شوباتدا، که‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی بانگ بده‌ن. ئه‌گه‌ر نووسه‌رانی (ڕه‌هه‌ند) نه‌چوونایه‌ته‌ ناو خه‌ڵک، له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری حیزبه‌کاندا به‌رهه‌میان بڵاو نه‌کردایه‌ته‌وه‌، له‌ تیڤییه‌کانیاندا ده‌رنه‌که‌وتنایه‌، به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ده‌ناسران. کاتێ زۆرده‌رکه‌وتن پێوه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ڕۆشنبیرێکی گه‌وره‌ بێت، ئه‌وا زمانی میللی فریای ده‌که‌وێت. بەوەدا ئەو ڕۆشنبیرانە بە زمانی خەڵک دەنووسن و هەمان تێگەیشتنی ئەوان لە ڕێی وەسفەوە دادەڕێژنەوە، ساڵانە چەند کتێبێک چاپ دەکەن، لە کاتێکدا فیڵۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی دەرەوەمان بە درێژاییی تەمەنیان هێندەی چوار ساڵی یەکێ لەو ڕۆشنبیرانەیان نەنووسیوە. زمانی هه‌ر یه‌کێ له‌و ڕۆشنبیرانه‌ ڕۆژبه‌ڕۆژ ساده‌تر بووه‌ته‌وه‌، تاکوو گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ر نووسه‌رێکی دیکه‌ی ئاسایی بتوانێت وه‌ک ئه‌وان بنووسێت و نووسیویشیانه‌. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه‌ی له‌ (ئێستا) نه‌گرتووه‌ و هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی نه‌داوه‌، بگره‌ هه‌موو شته‌دژبه‌یه‌که‌کان (Contradiction)ی ئایین و سیاسه‌تی له‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌ و به‌ زمانی میللی به‌رگرییان لێ ده‌کات، بگره‌ به‌رده‌وام له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵی گه‌وره‌کردنی ناوبانگی خۆی ده‌دات.16
بەرەی ڕۆشنبیری جاگله‌ر و سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر
ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین‌ چ ڕۆشنبیری جاگله‌ر و چ سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر دوای زۆرایه‌تی‌ ده‌که‌ون، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه‌، که‌ هه‌ندێجار بۆچوونه‌کان کورت ده‌هێنن و خێرا ڕاست ده‌کرێنه‌وه‌. به‌شێک له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی له‌ناو ئایینه‌وه‌ هاتوون، زۆر زیاتر له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی زۆرایه‌تی‌ به‌‌ گه‌وره‌یان ده‌زانێت، هه‌وڵیان داوه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ دیارده‌ و ده‌رکه‌وته‌کانی ئایین بگرن‌.
هه‌ندێک له‌و جاگله‌رانه‌ پێشبینییان ده‌کرد لە دوای سی و یه‌کی ئابه‌وه‌ پارتی ده‌که‌وێت و تا ماوه‌ هه‌ڵناستێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام به‌ زمانی میللی له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ ده‌یاننووسی، به‌ڵام پارتی به‌ هێزێکی گه‌وره‌تره‌وه‌ ده‌رکه‌وته‌وه‌، بگره‌ ئه‌وانه‌ی پێشبینیی ڕووخانیان ده‌کرد، به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌ داموده‌ستگه‌کانیدا وه‌ک موچه‌خۆری گوێڕایه‌ڵ دامه‌زران و له‌ ئۆرگانه‌کانیدا گوتاریان بۆ نووسیی، بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ جاگلینگ هه‌ڵبگرن. هه‌ندێک جاگله‌ری دیکه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا گوتیان ئێمه‌ هێنده‌ جوێن به‌ پارتی ده‌ده‌ین، تاکوو لای خه‌ڵک ناشیرینی ده‌که‌ین و ئه‌نجام ده‌یڕووخێنین، به‌ڵام دوای پانزده‌ ساڵ هێشتا بۆیان نه‌کراوه‌، چونکه‌ ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ئه‌مڕۆ ئاماده‌ نییه‌ ده‌ست له‌ هیچ شتێکی خۆی هه‌ڵبگرێت. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌مان بۆچوونی بۆ ڕووخاندنی پارتی هه‌بوو، گوایه‌ له‌ ڕێی ئاشکراکردنی نهێنییه‌کانیه‌وه‌ بێهێزی ده‌کات و دواتر له‌ ناوی ده‌بات، به‌ڵام ئه‌ویش هه‌ر زوو ئاڕاسته‌که‌ی گۆڕیی، به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌ی زۆرایه‌تیدا نه‌ده‌هاته‌وه‌. چ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی جوێنیان ده‌دا و چ گۆڕانیش توانییان لای ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ بناسرێن و په‌سه‌ند بکرێن، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی پارتی لاواز ببێت، چونکه‌ وه‌ک گوترا ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ هه‌موو شتێک که‌ڵه‌که‌ ده‌کات، به‌ مه‌رجێ سیمای ئایینیی پێوه‌ بێت. پێشتریش‌ گوترا هیچ ڕه‌گه‌زێکی دی وه‌ک ئایین ناتوانێت خاڵی هاوبه‌شی ئاڕاسته‌ جیاوازه‌کان بدۆزێته‌وه‌ و له‌ یه‌کدییان نزیک بکاته‌وه‌، بگره‌ له‌ناو یه‌کدیاندا بتوێنێته‌وه‌.
ڕه‌نگه‌ سی و یه‌کی ئاب نموونه‌یه‌کی زه‌ق بێت بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ڕۆشنبیری جاگله‌ر، کاتێک کێیسێک وه‌ک‌ تۆپ هه‌ڵده‌گرێت و جاگلینگی پێ ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ بگرێت و ئایدیای نوێ بهێنێت، به‌ڵکوو ته‌نیا مه‌به‌ستیه‌تی وه‌ک یاریکه‌رێکی لێهاتوو به‌رده‌وام له‌ به‌رچاو بێت و له‌ بیر نه‌چێته‌وه، چونکه‌ ئه‌و به‌رگه‌ی هه‌موو شتێک ده‌گرێت، به‌ڵام هیی ئه‌وه‌ نا له‌ به‌رچاوان ون ببێت و له‌ بیر زۆرایه‌تی‌ بچێته‌وه‌‌.‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یش بزانین، که‌ ده‌بێت جاگله‌ر زووزوو ئاڵوگۆڕ به‌ مەتێریاله‌کانی بکات. واته‌ ڕه‌نگ، شێوه‌ و قه‌باره‌ی تۆپه‌کانی‌ بگۆڕێت و له‌ فۆرمی دیکه‌دا پێشانیان بداته‌وه‌، چونکه‌ بێزاری یه‌کێکه‌ له‌ سیماکانی زۆرایه‌تی و شێتی گۆڕینی فۆرمی شتومه‌که‌‌‌، وه‌ک چۆن که‌لوپه‌لی ناوماڵ، جلوبه‌رگ، ئۆتۆمۆبیل و شتی دیکه‌یش هه‌ر به‌م شێوازه‌ ده‌گۆڕێت. تاکوو چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ریش ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر ته‌نیا ژماره‌ی سی و یه‌ک (31) و وشه‌ی (ئاب)ی له‌ هه‌ر شوێنێکدا بدیایه‌، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌یخوێندنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و ئاره‌زووه‌ی نه‌ماوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر تۆپێکی دیکه‌ بهێنێت، وه‌ک تۆپی ده‌ستوور، هیی یاسای سه‌رۆکایه‌تی و شتی له‌م بابه‌ته‌. بۆ ڕۆشنبیر هیچ گرنگ نییه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ چ سوود و زیانێکی هه‌یه‌، به‌ڵکوو وه‌ک پێشتر گوترا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بیکاته‌ تۆپ و هه‌ڵیبدات. هه‌ندێک له‌و جاگله‌رانه‌ له‌ گه‌رمه‌ی ڕووداوه‌کانی حه‌ڤده‌ی شوباتدا په‌لاماری هه‌ر ڕۆشنبیرێکیان ده‌دا، ئه‌گه‌ر ملی بۆ خواسته‌کانی زۆرایه‌تی‌ که‌چ نه‌کردایه‌. به‌وه‌ تاوانباریان ده‌کرد، گوایه‌ سه‌ر به‌ پارتی و یه‌کێتییه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆشنبیره‌‌ ده‌ستی له‌وه‌ هه‌ڵنه‌گرتبایه‌ ڕه‌خنه‌ی جیددی له‌و دوو حیزبه‌ بگرێت، که‌چی دوای ئارامبوونه‌وه‌ی شه‌قام هه‌ر خۆیان له‌ مێدیا و داموده‌ستگه‌کانی ئه‌واندا ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ و له‌ فێستیڤاڵه‌کانیاندا بانگهێشت کران، بگره‌ ئه‌وانه‌یان به‌ داهێنه‌ر نه‌ده‌زانی، که‌ به‌شدارییان تێدا نه‌کردوون.17سه‌یر نییه‌ جاگله‌ره‌کان هاوکاتی هه‌ر ڕووداوێک به‌ لێشاو ده‌رده‌که‌ون و بۆچوونی خۆیان ده‌ڵێن، بێ ئه‌وه‌ی پێشتر له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ شاره‌زایییە‌کیان په‌یدا کردبێت. بۆ نموونه‌ هه‌ر هێنده‌ داعش ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وان له‌باره‌ی ئیسلام و مێژووه‌که‌یه‌وه‌ ده‌که‌ونه‌ قسه‌کردن، بێ ئه‌وه‌ی قسه‌کانیان سنووری تێگه‌یشتنی مرۆڤی ئاسایی ببڕێت، چونکه‌ له‌باره‌ی هه‌ر هێزێکه‌وه‌ ده‌دوێن، که‌ خاوه‌نی زۆرایه‌تییه‌‌. ڕۆشنبیره‌‌ ڕەخنەدۆز و تێپه‌ڕێنه‌ره‌کانی دنیا هه‌میشه‌ له‌ دژی سێنترالیزمدا جه‌نگاون، له‌ (نیتشه‌)وه‌ کاتێ سێنترالیزمی ئه‌قڵ و زانستی خستووه‌ته‌ ژێر گه‌وره‌ترین پرسیاره‌وه‌ تاکوو (فۆکۆ)، (دێریدا) و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیکه‌، هه‌ر یه‌که‌ی به‌ شێوازی خۆی ڕه‌خنه‌ی له‌ سێنترالیزم گرتووه‌ و هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داوه‌، بگره‌ که‌ناڵی دیکه‌ی جیاوازی کردووه‌ته‌وه‌، که‌چی ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌و زمانه‌ میللییه‌ی هوتاف بۆ سێنترالیزم ده‌کێشێت و دژایه‌تیی هه‌ر که‌ناڵێکی جیاواز ده‌کات، که‌ ده‌رده‌که‌وێت. 18
ڕۆشنبیری جاگله‌ر ئه‌وه‌‌ چه‌ند ساڵه‌ نه‌ک هه‌ر موجامه‌له‌ی پیاوانی ئایینی ده‌کات‌، به‌ڵکوو پێیاندا هه‌ڵده‌ڵێت‌، چونکوو وا ده‌زانێت به‌و ڕێگه‌یه‌ خۆی له‌ هێرشی ئه‌وانه‌ ده‌پارێزێت، که‌ ئه‌مه‌ نیشانه‌ی کورتبینییه‌تی. ئه‌مه‌یش خاڵێکی دیکه‌یه‌، که‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ به‌ سیاسه‌تمه‌داره‌وه‌ گرێ ده‌دات، به‌وه‌ی ئه‌ویش ته‌نیا ئاساییشی خۆی مه‌به‌سته. بۆ پارتی و یه‌کێتی گرنگ نییه‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌که‌وێته‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ڵگری فکری چه‌قبه‌ستوون و هه‌رچی جوانی هه‌یه‌، له‌ ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئاساییشی ئه‌وان تێک نه‌ده‌ن، بگره‌ چ به‌ نهێنی و چ به‌ ئاشکرا په‌یمانیشیان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستن و کۆمه‌کیان ده‌که‌ن. ڕۆشنبیری جاگله‌ر ڕۆڵی سه‌ره‌کیی له‌وه‌دا هه‌بووه‌ له‌ پێناوی ئاساییشی خۆی و فراوانکردنی ناوبانگیدا هه‌مان ڕۆڵی حیزبه‌ سیاسییه‌کان ببینێت، به‌ڵکوو گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی له‌وان زیاتر خۆی له‌و هێزانه‌ نزیک ده‌کاته‌وه‌.19
ئه‌و ڕۆشنبیره‌ پێش هه‌موو شتێک تێگه‌یشتنێکی زۆر ساکارانه‌ی بۆ زه‌مه‌ن هه‌یه‌ و پێی وایه‌ ئه‌م زه‌مه‌نه‌ جێگیره‌ و ئه‌زه‌لییه‌. واته‌ ئه‌م دۆخه‌ هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و ناگۆڕێت. به‌شێکی زۆری ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ی ئه‌مڕۆ پاڵیان به‌ ڕێیژیمی (ئه‌سه‌د) داوه‌ و ژیانیان به‌ هۆی تیرۆره‌وه‌ که‌وتووه‌ته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌، ده‌پرسن ئه‌وه‌ داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ کوێوه‌ هاتن، له‌ کاتێکدا خۆیان چه‌ند ساڵه‌ مێژوو ده‌شێوێنن و جوانکاریی تێدا ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی موجاهیده‌کان جوان و شیرین پێشان بده‌ن، به‌ ڕاده‌یه‌ک گه‌نجه‌کان بیانه‌وێت شوێنپێیان هه‌ڵبگرن. ئه‌کته‌ره‌کان له‌ فیلم و زنجیره‌دراماکانیاندا زۆر له‌پێش مه‌لاکانه‌وه‌ خه‌ونیان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خیلافه‌ته‌وه‌ ده‌بینی و ڕۆژگاری خیلافەتیان به‌ باشترین سەردەم پێشان ده‌دا، به‌ڵام کاتێک خه‌ڵک به‌پێی ئه‌و که‌ته‌لۆکه‌ی خۆیان بۆیان داناون؛ چه‌ک هه‌ڵده‌گرن و ڕووبه‌ڕووی هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وده‌م ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری دنیایان لێ دێته‌وه‌ یه‌ک و به‌ لاده‌ر و خه‌وارج ناویان ده‌به‌ن. خیلافه‌ت له‌ سه‌ده‌ی بیست و بیست و یه‌کدا به‌ر له‌وه‌ی له‌ واقیعدا پراکتیزه‌ بکرێت، له‌ سه‌ر شاشه‌دا پراکتیزه‌ کرا، بگره‌ ئه‌وانه‌ ئه‌و وێنانه‌ی مرۆڤی باوه‌ڕدار به‌ ته‌ڵخی و وه‌ک تارمایی له‌ کتێبه‌ مێژووییه‌کاندا وه‌ریگرتبوون، به‌رجه‌سته‌یان کرد و وێنه‌ی زۆر ڕوونتریان لێ پێک هێنان، به‌ ڕاده‌یه‌ک ئه‌وان بتوانن بیانبینن و دوایان بکه‌ون، بگره‌ چاویان لێ بکه‌ن، به‌وه‌ی هه‌موو ورده‌کارییه‌کانیان ده‌بینرا.20
لەدوای ڕووداوی حه‌ڤده‌ی شوبا‌ته‌وه‌، دروستتر له‌و کاته‌وه‌ ڕۆشنبیری هاوارکه‌ر و بانگده‌ر سه‌رجه‌م پڕۆژه‌ی خۆی له‌ هوتاف، بانگ، جوێن و دۆعادا کورت کردووه‌ته‌وه‌، به‌ ئاشکرا هه‌ست به‌ ده‌رکه‌وتنی هه‌ندێک دیارده‌ ده‌کرێت، که‌ نیو سه‌ده‌ زیاتر بوو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ هۆی ڕه‌خنه‌ی ڕەخنەدۆزانی سه‌رده‌می پێشووه‌وه‌ تێی په‌ڕاندبوون.
له‌ شۆڕشی بیسته‌وه‌ تاکوو حه‌ڤده‌ی شوبات هه‌ر ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێک بگریت، ویستوویه‌تی هێزه‌کانی دژه‌گۆڕان بورووژێنێت و بیانکاته‌ هێزی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیمبۆڵی، تاکوو له‌ دژی گۆڕانکاری به‌ کاریان بهێنێت. به‌ ده‌ربڕینی (ئیبن خه‌لدوون) تێکڕایان زاڵکردنی هێزی کۆچه‌رییانه‌ بوونه‌ به‌سه‌ر هێزی شارستانه‌تیدا. له‌م ده‌وروبه‌ره‌ی ئێمه‌دا هیچ کاتێک ڕێک نه‌که‌وتووه‌ دوای شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کان گۆڕانکاری ڕووی دابێت، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ بواری سیاسه‌ت، دروستتر داموده‌ستگه‌ی حیزبی ده‌ستی خستووه‌ته‌ ناو بواره‌کانی دیکه‌وه‌ و ئازادیی له‌ مرۆڤ سه‌ندووه‌ته‌وه‌. ناکرێت ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌کانمان گۆڕانکاری به‌ دوای خۆیاندا بهێنن‌، له‌ کاتێکدا‌ چ سیاسه‌تمه‌دار و چ ڕۆشنبیر نه‌ک ڕێگه‌ی دروستبوونی تاک و مرۆڤی سه‌ربه‌خۆیان نه‌داوه‌، به‌ڵکوو هه‌میشه‌ له‌ ڕوووی هزرییه‌وه‌ به‌ لاڕێیاندا بردووه‌ و هه‌موو ئه‌و ئێڵه‌مێنتانه‌یان لێ سه‌ندووه‌ته‌وه‌، که‌ ده‌کرێت ببنه‌‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئازادانه‌ بیر بکاته‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی جیاواز له‌ هیی زۆرایه‌تی‌ بگرێت. به‌م شێوه‌یه‌ توانای تاک نه‌ک هه‌ر به‌ ئاڕاسته‌ی یاخیبووندا نه‌جووڵاوه‌، به‌ڵکوو خودی ئه‌و توانایه‌ بووه‌ته‌ به‌شێک له‌و ده‌سته‌ڵاته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیمبۆڵییه‌ی زۆرایه‌تی‌ و له‌ سه‌رکوتکردنی خۆی (واته‌ له‌ سه‌رکوتکردنی ئه‌و توانایه‌ی خۆی) و ئه‌وانه‌ی دیکه‌یشدا به‌ کار هێنراوه‌. چوارده‌ی ته‌مووز جووتیاری په‌رشوبڵاوی له‌ کێڵگه‌کانه‌وه هێنا و‌ کۆی کردنه‌وه‌. هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی لێ پێک هێنان، تاکوو به‌سه‌ر بۆرژوای تازه‌پێگه‌یشتووی شاردا زاڵی بکات. به‌یاننامه‌ی یانزده‌ی ئادار جارێکی دیکه‌ شاری خسته‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی جووتیاری چه‌کداره‌وه‌. ڕاپه‌ڕین به‌ شێوازێکی دی جووتیاری چه‌کداری په‌رته‌وازه‌ی له‌ شاخه‌وه‌ بۆ ناو شار گه‌ڕانده‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌رچی له‌ ماوه‌ی ئه‌و پانزده‌ شانزده ساڵه‌ی ڕابردوو دامه‌زرابوو، ورده‌ورده‌ له‌ ناو چوو. شانۆ، سینه‌ما، کتێبخانه‌ و هه‌موو سیمبۆڵه‌کانی دی تێک شکێنران و ئایکۆنی ئایینی شوێنی گرتنه‌وه‌. لێرەدا فۆکەسمان لەسەر ئەو هێزەیە، دەستی بەسەر ویستی ئەوانەدا گرتووە و بۆ مەبەستی خۆی دەیانجووڵێنێت. ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می حه‌ڤده‌ی شوبات به‌ ڕوونی ده‌بینین، به‌تایبه‌تی له‌ سلێمانیدا، ئه‌و شاره‌ی له‌ نه‌وه‌ده‌کاندا به‌ ته‌نیا خۆی له‌ به‌رانبه‌ر شاڵاوی ئیسلامییه‌کاندا گرت، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌وه‌‌ به‌ هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگله‌ر توانرا بیڕووخێنن. هیچ کاتێ وه‌ک قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕین، به‌تایبه‌تی له‌ حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ ڕۆشنبیری ئێمه‌ له‌ زۆرایه‌تیدا نه‌تواوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ تاکوو ئه‌مڕۆ ڕۆشنبیری جاگله‌ر ده‌ستی به‌سه‌ر تێکڕای بواره‌کانی ده‌ربڕین و گه‌یاندندا گرتووه‌. وه‌ک بینیمان ڕۆشنبیرێکی کۆمپرۆمایسه‌. واته‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ هێزه‌ چه‌قبه‌ستووه‌کاندا ڕێک ده‌که‌وێت و به‌ یارمه‌تیی ئه‌وانه‌وه‌ دژی هه‌ر ده‌نگێک ده‌وه‌ستێته‌وه‌، که‌ جیاوازه‌ و نیازی گۆڕانکاریی هه‌یه‌. به‌ هه‌ردووکیان ئه‌و زۆرایه‌تییه‌ به‌ لاڕێدا ده‌به‌ن و ئه‌و وه‌همه‌ی لا ده‌که‌نه‌ ڕاستی، گوایه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌ شه‌ڕانگێزه‌کان لێیان بگه‌ڕێن دنیایان بۆ ده‌که‌نه‌ به‌هه‌شت. ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ یارمه‌تیی حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان له‌ پاڵ زۆرایه‌تییه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا دێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و له‌ دژی کاریکاتێرستێکی بێبه‌هره‌ی دانمارکی ده‌هاڕێنێت، بگره‌ داوا ده‌کات هیچ که‌سێک که‌لوپه‌لی دانمارکی نه‌کڕێت، تاکوو نه‌وه‌‌ی مه‌یموون و به‌راز له‌ برسان بمرن، که‌چی ئه‌مڕۆ په‌نایان بۆ ده‌هێنێت و داوایان لێ ده‌کات شوێنی بکه‌نه‌وه‌. له‌ کۆپنهاگن ته‌نیا له‌ یه‌ک ڕۆژدا میلیۆنێک تاک دێنه‌ سه‌ر شه‌قام، تاکوو تێکڕا به‌و که‌سانه‌ بڵێین (به‌ خێر بێن)، که‌ ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ خوا ده‌پاڕانه‌وه‌ له‌ برسانیان بکوژێت. هه‌ر ئه‌مانه‌ هه‌شتاوشه‌ش میلیۆن کرۆنی دانمارکییشیان بۆ کۆ ده‌که‌نه‌وه‌.21
ڕۆشنبیری جاگله‌ر له‌ خاڵێکی دیکه‌ی جه‌وهه‌ریدا هه‌م له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی و هه‌م له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داردا یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌، که‌ هه‌رچی گوناهـ هه‌ن‌ ده‌یانخاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی له‌ نۆرم و به‌ها‌کانی دوێنێ لایان داوه‌ و گوێ له‌ خواستی زۆرایه‌تی‌ ناگرن. به‌ مانایه‌کی دی له‌ به‌رده‌م به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانیدا ڕێگرن. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ هه‌ندێک چه‌مکی لاستیکییانه‌ی وه‌ک دادپه‌روه‌ری، چاکسازی، پاکسازی و شتی دیکه‌ی به‌ ده‌مه‌وه‌ گرتووه‌، که‌ نه‌ له‌گه‌ڵ په‌یامی سیاسه‌تمه‌دار ناکۆکن و نه‌ له‌گه‌ڵ هیی پیاوانی ئایینییشدا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر هه‌ر بوونه‌وه‌رێک، که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه‌دا بیر ده‌کاته‌وه‌ و ده‌دوێت. به‌وه‌دا ده‌ستی به‌سه‌ر هۆیه‌کانی ڕاگه‌یاندندا گرتووه‌، هه‌وڵ ده‌دات هه‌ر ده‌نگێک بخنکێنێت، که‌ له‌ ده‌نگی ئه‌و ناچێت و سانسۆر بخاته‌ سه‌ر نووسینی هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌ی پڕۆژه‌ی فکریی جیاوازیان هه‌یه‌. وا باوه‌ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی زیاتر له‌ ئایین نزیک ده‌بێته‌وه‌، که‌چی له‌و زۆنه‌ی ناوی (هه‌رێمی کوردستان)ـه‌، ئه‌وه‌ ڕۆشنبیره‌که‌یه‌ زۆر له‌ سیاسه‌تمه‌دار پتر خه‌می ڕاگرتنی دڵی پیاوانی ئایینییه‌تی.
ڕۆشنبیری جاگلەر و ئاسانکردنەوەی فکر
ڕۆشنبیری میللی هه‌تا ئه‌مڕۆیش له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و فکره‌ پریماتیڤه‌دا‌‌ ده‌رنه‌چووه‌، که‌ حاکم یان زۆردار، یان چاکه‌خواز پێشان بدات. ئه‌مه‌ بینینی چه‌مکی ده‌سته‌ڵاته‌ به‌ شێوه‌ی مۆرفۆلۆجی. واته قسه‌کردنه‌ له‌باره‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ چاوی ئاسایی ده‌بینرێت.‌ وردنه‌کردنه‌وه‌ و تێکنه‌شکاندنیه‌تی، له‌ کاتێکدا ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز له‌و خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات، که‌ به‌و تێگه‌یشتنه‌ ڕازی نابێت و به‌ دوای ورده‌کاری و نهێنییه‌کانی ئه‌و چه‌مکه‌دا ده‌گه‌ڕێت. له‌ چیرۆکه فۆلکلۆرییه‌‌کاندا پاشاکان یان زۆر دادپه‌روه‌رن، یان زۆر چه‌وسێنه‌رن، که‌ هه‌ردوو وێنه‌که‌ به‌رهه‌می ترسن. حاڵه‌تی سایکۆلۆجییه‌، که‌ مرۆڤی سه‌ره‌تایی ده‌سته‌ڵاتدار به‌ شێوه‌ی ئاسایی نابینێت. سه‌یر نییه‌ کاتێک ده‌بینین‌ مێژوومان هێنده‌ که‌وتووه‌ته‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی میتۆلۆجیاوه‌‌. مرۆڤه‌کان چیرۆکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ بۆ سه‌رکرده‌کان هه‌ڵده‌به‌ستن و له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ترسی خۆیان ده‌ڕه‌وێننه‌وه‌.22لەدوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هیچ ڕۆشنبیرێکی جاگله‌ر ده‌رنه‌که‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌‌ندامانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ده‌یان چیرۆکی ئه‌فسانه‌یییان بۆ هه‌ڵنه‌به‌ستبێت، وه‌ک (فڵان شایانی خه‌ڵاتی نۆبێڵه‌)، (به‌رهه‌می فیسار ئه‌گه‌ر بکرێته‌ زمانی ئینگلیزی، ده‌بێت هه‌رچی نووسه‌ر هه‌ن، کتێبه‌کانیان له‌ کتێبخانه‌کاندا ده‌ربهێنن و بۆ ماڵه‌وه‌یان ببه‌نه‌وه‌)، (فڵانه‌فیڵۆسۆفی ڕۆژئاوا له‌باره‌ی فیسار نووسه‌ری ئێمه‌وه‌‌ گوتوویه‌تی ده‌بێت هه‌موو داهێنه‌رانی دنیا لێیه‌وه‌ فێر ببن چۆن ده‌نووسن) و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته‌. هه‌ر به‌گشتی گه‌وره‌کردنی قه‌باره‌ی توانای کاره‌کته‌ری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی، له‌ پاڵ پێشبینیکردنی ڕووداوی دڵخۆشکه‌ردا به‌رماوه‌ی ئایدیۆلۆجییه‌کانی وه‌ک کۆمۆنیزم و نازیزمه‌‌، که پێیان وایه‌ مێژوو به‌ شێوه‌ی ڕێکوڕاست ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌.‌ به‌م شێوه‌یه‌ گه‌وره‌کردنی ڕووداو یه‌کێکه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌کانی ڕۆشنبیری جاگله‌ر، چونکه‌ ئه‌و وا ڕاهاتووه‌ ته‌نیا ده‌توانێت له‌باره‌ی فۆرمی ڕووداوه‌وه‌ بدوێت، بۆیه‌ تاکوو قه‌باره‌ی ڕووداوه‌که‌ گه‌وره‌تر بکات، چاکتر سه‌ری لێ ده‌رده‌چێت، به‌وه‌ی ئه‌و پرۆسێسه‌ ورووژان (Excitement) و خرۆشان (Enthusiasm) ده‌هێنێته‌ دی. که‌م نین ئه‌و ڕۆشنبیره‌ جاگله‌رانه‌ی به‌رده‌وام مژده‌ی ڕووخانی فڵان ده‌سته‌ڵات و ده‌رکه‌وتنی فڵان سیستێم ده‌ده‌ن، که‌ ئه‌مه‌ له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتدا زۆر به‌ ڕوونی بینرا. هەمیشە پێیان خۆشە لە ڕووداوێکی بچووک شتێکی قەبە دروست بکەن و لە ڕێیەوە خۆیان بگەیەننە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، تا بتوانن زۆرترین جەماوەر لە خۆیان کۆ بکەنەوە. وەک ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی پەتاتەی گەرم (hot potato)ی پێ دەگوترێت. واتە بابەتەکە ئاڵۆزە و تەنیا ئەوان دەتوانن لێوەی بدوێن. بەم شێوەیە زێدەڕۆیی خەسڵەتی دیاری ڕۆشنبیری جاگلەرە.
(کارل پۆپه‌ر) به‌تایبه‌ت له‌ کتێبی (هه‌ژاریی مێژووگه‌رایی)دا ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌ له‌ ئاڕاسته‌ی مێژووگه‌را (Historism) ده‌گرێت. ئه‌و ده‌پرسێت ئایا په‌ره‌سه‌ندن یاسای هه‌یه‌؟ هه‌ر خۆیشی به‌ (نا) وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و باوه‌ڕی وایه‌ گه‌ڕان به‌ دوای یاسایه‌ک بۆ (سیستێمی چه‌سپاو) له‌ مێتۆدی زانستیدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک بوونی نییه‌ چ له‌ بواری بایۆلۆجی و چ له‌ بواری سۆسیۆلۆجیدا. 23
ئه‌گه‌ر (پۆپه‌ر) ڕه‌خنه‌ له‌ فۆرمه‌ فه‌لسه‌فییه‌که‌ی (مێژووگه‌رایی) بگرێت، ده‌بێت ئێمه‌ چی به‌ ڕۆشنبیری میللیی خۆمان بڵێین، که‌ هه‌ر هێنده‌ جه‌ماوه‌رێکی ساده‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا ده‌بینێت، خێرا مژده‌ی ڕووخانی فڵان سیستێم و دامه‌زراندنی فڵان سیستێم ده‌دات؟
ئه‌و ڕۆشنبیره‌ نایه‌وێت و نایشتوانێت جیاوازی له‌نێوان دوو جۆر تاکدا ببینێت: یه‌که‌میان، به‌ شێوه‌ی غه‌ریزه‌ داوای مافه‌کانی ده‌کات. واته‌ له‌ پێناوی پێویستییه‌ سه‌ره‌تایییە‌کانی وه‌ک نان، ئاو، جلوبه‌رگ، کاره‌با و هیی دیکه‌دا دێته‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام دووه‌میان، ئاستی غه‌ریزه‌ تێده‌په‌ڕێنێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ی هه‌ن‌ و ده‌ستیشی له‌ ناڕه‌زایی هه‌ڵنه‌گرتووه‌. ئه‌وه‌یان خاوه‌نی هۆشیارییه‌، به‌وه‌ی هۆشیارییه‌که‌ی کێشه‌ی بۆ ده‌خوڵقێنێت و ڕێگه‌ی نادات ملکه‌چی هیچ ده‌سته‌ڵاتێک ببێت. به‌م شێوه‌یه‌ تاقه‌ پێوه‌رێک بۆ ده‌رکه‌وتنی هۆشیاریی تاک ئه‌وه‌یه‌، که‌ ناهێڵێت به‌ ژێرده‌سته‌ییی ده‌سته‌ڵاته‌کان، چ ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی له‌ چه‌شنی حیزب و چ ده‌سته‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ نموونه‌ی خێزان، قوتابخانه‌، په‌رستگه‌ و ئه‌وانه‌ی دی ڕازی ببێت، چونکه‌ وه‌ک (کامیۆ) پێی وایه‌ هۆشیاری به‌رهه‌می ئاکتی یاخیبوونه‌. 24ئەو تاکه‌ی دووه‌میان لای ئێمه‌ هێشتا دروست نه‌بووه‌، به‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌مان‌ به‌ پیرۆزی داپۆشراوه‌. هه‌ر (کامیۆ) ده‌نووسێت: {له‌ بیری مرۆڤدا دوو جۆر جیهان هه‌ن، جیهانی پیرۆزی، یان به‌ ده‌ربڕینی مه‌سیحی جیهانی گرێس (نیعمه‌ت) و جیهانی یاخیبوون. ونبوونی ئه‌میان ده‌رکه‌وتنی ئه‌ویانه‌}.25مه‌به‌ستی (کامیۆ) ئه‌وه‌یه‌ ناکرێت ئه‌و دوو جیهانه‌ پێکه‌وه‌ ده‌ربکه‌ون، به‌ڵکوو هه‌ر ده‌بێت یه‌کێکیان دیار و ئه‌وه‌ی دیکه‌یان نادیار بێت.
لە دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ مرۆڤی ئێمه‌ له‌ لایه‌ک به‌ هۆی سیاسته‌مه‌دار و کاره‌کته‌ری ئایینییه‌وه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌ به‌ هۆی ڕۆشنبیری بانگده‌ر و میللییه‌وه‌ به‌رده‌وام به‌ پیرۆزی داپۆشراوه‌. هێنده‌ به‌سه‌ مرۆڤی وردبین چاوێک به‌ کتێبه‌کانی خوێندن و په‌روه‌رده‌دا بخشێنێت، تاکوو به‌ ئاسانی بۆی ده‌ربکه‌وێت چۆن خۆشه‌ویستیی ئایدیۆلۆجیی حیزبی ده‌سته‌ڵات و سیمبۆڵه‌کانی وه‌ک شته‌ هه‌ره‌ پیرۆزه‌کان سه‌یر ده‌کرێن و له‌ولایشه‌وه‌ کاره‌کته‌ری ئایینی به‌ یارمه‌تیی ڕۆشنبیری میللی هه‌موو کونوکه‌له‌به‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی‌ به‌ پیرۆزی پڕ کردووه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتدا ده‌گاته‌ لووتکه‌ و ئه‌مڕۆ به‌ ڕوونی کاریگه‌رییه‌که‌ی ده‌بینین، بۆیه‌ هه‌ر که‌سێک باوه‌ڕی وا بێت مرۆڤی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ دێته‌ سه‌ر شه‌قام، تاکوو دنیا بگۆڕێت، له‌ ساده‌یی و ساکاریی خۆی زیاتر شتێکی دیکه‌مان پێ ناڵێت.26به‌رگریکردن له‌ مافی تاک نه‌ک هه‌ر له‌ کاتی ورووژانی شه‌قامدا، به‌ڵکوو هه‌موو کاتێ ئه‌رکی ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆزه‌، به‌ڵام تێکه‌ڵکردنی باوه‌ڕ و ماف جارێکی دیکه‌ ساکاریی ڕۆشنبیری میللیمان بۆ ده‌رده‌خات. وه‌ک پێشتر گوترا ڕۆشنبیری  ڕەخنەدۆز و تێپه‌ڕێنه‌ر به‌رگری له‌ مافه‌کانی تاک ده‌کات، نه‌وه‌ک له‌ باوه‌ڕی، بگره‌ باوه‌ڕه‌کانی تێک ده‌شکێنێت، له‌ کاتێکدا ڕۆشنبیری میللی به‌ باوه‌ڕه‌که‌یدا هه‌ڵده‌ڵێت، بێ ئه‌وه‌ی مافه‌کانی لا گرنگ بن، به‌ڵکوو ته‌نیا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خۆی له‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندندا نماییش ده‌کات.من پێم وایه‌ ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز و تێپه‌ڕێنه‌ر، ڕۆشنبیرێک هه‌موو کاتێ سه‌رقاڵی پڕۆژه‌ی فکریی ڕه‌خنه‌ییه‌، نه‌ به‌ ورووژانی شه‌قام حه‌ماس ده‌یگرێت و نه‌ له‌‌ ئارامیی دۆخدا پشوو ده‌دات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ خودی شه‌قام و دۆخن ده‌که‌ونه‌ ژێر کاریگه‌ریی ڕه‌خنه‌کانیه‌وه‌، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه‌. هیچ‌ گرنگ نییه‌ ئێمه‌ هێشتا نه‌چووینه‌ته‌ ناو زه‌مه‌نێکه‌وه‌ تێیدا ڕۆشنبیر به‌ به‌رهه‌مه‌کانیه‌وه‌ بناسرێته‌وه‌، نه‌وه‌ک به‌ دۆعا، هوتاف، جنێو، درووشم و گوته‌ ساده‌کانی، به‌ڵام گرنگه‌ ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز و تێپه‌ڕێنه‌ر بزانێت هه‌میشه‌ زه‌مه‌نێکی دیکه‌ی جیاوازی هه‌یه‌، زه‌مه‌نێک، که‌ هێشتا ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی‌‌ پێی نه‌گه‌یشتوون‌. خۆ کاتێ پێی گه‌یشتن، ئه‌وا ئه‌و تێیدا نه‌ماوه‌ و جێی هێشتووه‌.27
کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه،‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی زاره‌کییه‌ و که‌مترین لێکدانه‌وه بۆ دیارده‌ و ده‌رکه‌وته‌کانی کراون‌، مرۆڤی هاوارکه‌ر و جوێنده‌ر به‌ ئازا وه‌سف ده‌کات، له‌ کاتێکدا سایکۆلۆجیا ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت. ئه‌مه‌ میکانیزمی به‌رگرییه‌. مرۆڤ کاتێ ده‌زانێت ئازا نییه‌، پێویسته‌ خۆی ئازا پێشان بدات، به‌و مه‌به‌سته‌ی شوێنی خۆی له‌ناو زۆرایه‌تیدا بکاته‌وه‌ و به‌ لاوه‌ نه‌نرێت. به‌م شێوه‌یه‌ ئازایه‌تی دیوه‌ هه‌ره‌ ساخته‌که‌ی مرۆڤه‌، مادام هۆکاره‌ بۆ خۆگونجاندن.28ئه‌و دیوه‌، که‌ به‌ مۆڕاڵه‌وه‌ پێوه‌سته‌، هه‌ر یه‌ک له‌ (نیتشه‌) و (فرۆید) له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا به‌ شێوازی خۆیان ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی جیاواز و نوێ له‌ فکر و سایکۆلۆجیدا ده‌هێننه‌ گۆڕێ، که‌ دواتر ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بیشدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، به‌وه‌ی فۆکه‌سی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌کرێت، که‌ شه‌ڕه‌، نه‌وه‌ک چاکه. تراجیدیایه‌، نه‌وه‌ک گه‌شبینی. قووڵبوونه‌وه و بینینی ئازاره‌‌، نه‌وه‌ک پێدانی مژده‌ی خۆشبه‌ختی.‌‌29
چ گه‌وره‌کردنی ده‌سته‌ڵات و چ بچووکردنه‌وه‌ی خۆی له‌ پێوه‌ندیی کوڕ و باوکدا ده‌بینێته‌وه‌، که‌ به‌ گرێی خه‌سان (castration anxiety) ناسراوه‌. ئه‌مڕۆ ڕۆشنبیری میللی کاتێ له‌ ئه‌وروپاوه‌ جوێن و نه‌فره‌ت بۆ‌ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی ده‌نێرێت و وه‌ بیرمان دێنێته‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ تاوان ده‌کات، پاره‌ی زۆری هه‌یه‌، کۆشکه‌کانی به‌ پاسه‌وانی زۆر تایبه‌ت ته‌نراون، ئه‌وه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خۆی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌ دوور ده‌گرێت. واتە ناکرێت بەگژ ئەژدیهای وادا بچین. به‌ لاکه‌ی دیکه‌یشدا کاتێ ده‌سته‌ڵات وا پێشان ده‌دات به‌هه‌شتی له‌سه‌ر زه‌وی دامه‌زراندووه‌، دیسان هه‌مان ترسی ڕووبه‌ڕووبه‌نه‌وه‌ی هه‌یه، به‌وه‌ی چۆن ده‌بێت به‌هه‌شت تێک بدرێت‌. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا شتی جه‌وهه‌ری ونه‌، که‌ ڕه‌خنه‌یه‌. ته‌نیا ڕه‌خنه‌یش ده‌توانێت نهێنییه‌کانی ده‌سته‌ڵات بدۆزێته‌وه‌ و ئاسته‌کانی تێبپه‌ڕێنێت. وه‌ک پێشتر گوترا لای ڕۆشنبیری میللی ده‌سته‌ڵات بریتییه‌ له‌ که‌سانێکی دیاریکراو، که‌ ئه‌و که‌سانه‌ی یان زۆر خۆش ده‌وێن، یان زۆر ڕقی لێیانه‌‌. ئه‌گه‌ر ده‌بینین ئه‌و ڕۆشنبیره‌ هێنده‌ له‌ ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و که‌سانه‌ به‌ئاگا‌یه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر پێوه‌ندیی به‌و ترسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌: ئه‌میان قه‌ڵه‌وه‌، ئه‌ویان له‌ مه‌یموون ده‌چێت، فڵان قژی بۆیه‌ ده‌کات، فیسار تاقمی ددانی به‌ چه‌ند ده‌فته‌ر دۆلار کردووه‌، تێچووی نه‌شته‌رگه‌ریی لووتی ئه‌میان هێنده‌ هه‌زار یۆرۆ بووه‌، کۆشک و ئۆتۆمۆبیلی ئه‌ویان به‌ بانکی سویسرا ناکڕێت و شتی له‌و بابه‌ته‌، نیشانه‌ی ترسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌. ئه‌و زانیارییانه‌ به‌شێکیان ڕاستن، به‌ڵام به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان هه‌ڵبه‌ستراون، چونکه‌ وه‌ک پێشتر گوترا ئه‌و نووسه‌ره‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ ده‌سته‌ڵات به‌ شێوه‌ی نائاسایی ببینێت و به‌ هه‌مان شێوه‌یش پێشانی ئه‌وانه‌ی دیکه‌ی بدات. هه‌موو هاوار ده‌که‌ن فڵان و فیسار بده‌نه‌ دادگا، بگره‌ هه‌ر خۆیان ده‌بنه‌ دادوه‌ر، دادگای تایبه‌تی خۆیان داده‌مه‌زرێنن و بڕیار له‌ چاره‌نووسیان ده‌ده‌ن. هه‌ر به‌گشتی ئه‌م شێوازی نووسینه‌، واته‌ ئه‌وه‌ی باس له‌ تاوان و گه‌نده‌ڵیی به‌رپرسانی حوکوومه‌ت ده‌کات و هاوکات دادگایان بۆ داده‌نێت، تایبه‌ته‌ به‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی پشت به‌ فه‌رهه‌نگی زاره‌کی ده‌به‌ستن، ده‌نا له‌و که‌لتوورانه‌ی بایه‌خی نووسینیان زانیوه‌، ده‌مێکه‌ تێپه‌ڕێنراون. ئه‌وه‌ ته‌نیا ڕۆژنامه‌نووسی پرۆفیشیناڵه‌ له‌وێ‌ ده‌ست بۆ کاری ئاوا ده‌بات. واتە بە بەڵگەوە تاوانی بەرپرسان دەردەخات، که‌چی لای ئێمه‌ بووه‌ته‌ ئه‌رکی ڕووناکبیران. که‌م نین ئه‌و ڕۆشنبیره‌‌ به‌ناوبانگانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی جوێندان به‌ به‌رپرس و باسکردنی ژیانی تایبه‌تیانه‌وه‌ ده‌رکه‌وتوون و لای ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی ئومێدی گه‌وره‌. ئەوانە هەندێکیان هاتوونەتە ناو دنیای ئەدەب و هەمان تێگەیشتنیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. جەماوەری زۆریان هەیە، کە لەو ڕێیەوە پەیدایان کردووە. ئەو جەماوەرە پێی وایە ئەوانە ڕۆماننووس و شاعیری زۆر مەزنن، چونکێ بە زمانی ئەوان دەنووسن.
ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌ی زۆر ساده‌یان بۆ ڕووداو هه‌یه‌، که‌ پێیان وایه‌ هه‌ر ڕووداوێک سه‌ربه‌خۆیه‌ و هیچ کۆنتێکستێکی نییه‌. هه‌ر هێنده‌ داعش دێت، تێکڕا ده‌که‌ونه‌ نووسینی گوتار له‌و باره‌یه‌وه‌. به‌ڵام ئایا هه‌ر بۆ نموونه‌ داعش ڕووداوێکی نوێیه‌؟ درێژکراوه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشوو نییه‌ و به‌ هه‌مان ئێڵه‌مێنتی ئه‌وانیش‌ فۆرمی وه‌رنه‌گرتووه‌؟ بۆچی ئه‌و ڕۆشنبیره‌ پێی وایه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ یان هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌ نوێیه‌ و به ‌جیا لێی ده‌کۆڵێته‌وه‌، ڕاستتر بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات؟ چونکه‌ خۆی بۆ ئاماده‌ نه‌کردووه‌ و ناتوانێت ئه‌و کۆننێکشنه‌ له‌نێوان ئه‌و ڕووداوه‌ و کایه‌کانی مه‌عریفه‌دا دروست بکات. وه‌ک کایه‌ی مێژوو، سۆسیۆلۆجی، سایکۆلۆجی و هیی دیکه‌. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ که‌مترین کاتی بۆ بیرکردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌م که‌ناڵی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیکه‌یان جرتوفرتیه‌تی، نه‌بادا له‌ به‌رچاوان ون ببێت، بۆیه به‌ زمانی میللی‌ له‌باره‌ی هه‌موو شتێکه‌وه‌ ده‌دوێت و ئه‌وه‌ی پشتی پێ ده‌به‌ستێت، کولتووری زاره‌کییه‌. ڕۆشنبیر کاتێ ڕێگه‌ به‌ خۆی ده‌دات ئامۆژگاریی خه‌ڵک بکات، یان ببێته‌ پێشڕۆی، ئه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌ لایه‌ک گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی ته‌واوی به‌ ده‌ست هێناوه‌ و پێویستی به‌وه‌یه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ به‌وانی دیکه‌یش بگه‌یه‌نێت، له‌ لایه‌کی دیکه‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ توانای ده‌رچوونی له‌م دۆخه‌ی ئێستای نییه‌. وا ده‌زانێت ئه‌و ئاسته‌ی پێی گه‌یشتووه،‌ ئه‌زه‌لییه‌ و پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی دیکه‌یش بیگه‌نێ. له‌ مێژووی ژیانی ڕووناکبیر و فیڵۆسۆفاندا خاڵێکی جه‌وهه‌ری سه‌رنجڕاکێش هه‌یه‌، که‌ هه‌موویان پێک ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ تێکڕایان ته‌نیایی به‌ ماڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌زانن و له‌وێوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌ڕوانن، که‌چی ڕۆشنبیری جاگله‌ر له‌ ئاوه‌دانی و قه‌ره‌باڵغیدا نه‌بێت، هه‌ڵناکات. ته‌نیایی لای ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز هه‌رگیز مانای دابڕان نییه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بینینی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌و شوێنه‌وه‌، که‌ هه‌موو ڕووه‌کانی لێ دیاره‌، بگره‌ له‌وێ نه‌بێت، ناگاته‌ قووڵایییە‌کانی.30
ڕۆشنبیری جاگله‌ر و ونبوونی زمانی ڕەخنە
له‌ ئه‌نجامی نه‌بوونی ڕه‌خنه و که‌میی ویستی تێپه‌ڕاندندا خه‌ریکه‌ ئایدیۆلۆجیی حیزبی باڵاده‌ست به‌ هاوکاریی ئایین خۆی ده‌خزێنێته‌ ناو هه‌موو کایه‌کانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی کایه‌ی خوێندن. لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسیی ئه‌و پرۆسێسه‌مان چاکتر له‌ به‌رچاو بێت، ده‌کرێت په‌نا بۆ چه‌مکی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ (Reproduction)ی (پیر بۆردیۆ) ببه‌ین‌، که‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئه‌و کو‌لتووره‌ی‌ خوێندکار له‌ خوێندنگه‌ وه‌ریده‌گرێت، بێلایه‌ن نییه‌، به‌ڵکوو ئایدیۆلۆجیی زاڵ هه‌ڵیده‌سووڕێنێت. نموونه‌ی خوێندنگه‌کانی فره‌نسا ده‌هێنێته‌وه‌ چۆن تێیاندا سۆسیالیزه‌یشن، واته‌ په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ تاک وا ڕابهێنێت نه‌ک هه‌ر به‌و ئایدیۆلۆجییه‌ زاڵه‌‌ قایل ببێت، به‌ڵکوو لای ببێته‌ ڕاستی و خۆی له‌گه‌ڵدا بگونجێنێت، بگره‌ ته‌واو پێوه‌ی پێوه‌ست ببێت. به‌م شێوه‌یه‌ چینی باڵاده‌ست له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌مان تێگه‌یشتن درێژه‌ پێ بدات. لێره‌دا خوێندن ئاسانکاری بۆ منداڵی چینی سه‌رده‌ست ده‌کات و هاوکات ته‌گه‌ره‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م منداڵی چینی ژێرده‌سته‌وه‌، به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ خوێندگه‌دا ده‌خوێنرێت، کولتووری یه‌که‌میانه‌ و به‌ ئاسانی لێی تێده‌گات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌م ده‌بێت له‌ کو‌لتووری چینی خۆی داببڕێت و به‌ر کولتوورێکی دیکه‌ی نامۆ بکه‌وێت، که‌ مادام‌ هیی خۆی نییه‌، وزه‌یه‌کی زۆری ده‌وێت، تاکوو لێی تێبگات، بۆیه‌ هه‌مان توانای منداڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی نابێت و دوا ده‌که‌وێت. به‌م شێوه‌یه‌ فێرکردن ده‌بێته‌ ده‌سته‌ڵاتێکی سیمبۆڵی و به‌ نهێنی ده‌ست به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌گرێت، که‌ (بۆردیۆ) خۆی پێی وایه‌ ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ نه‌بینراوه‌ کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه‌.31.
پییەر بۆردیۆ (١٩٣٠-٢٠٠٢) کۆمەڵناسی فەڕەنسایی
ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ ته‌نیا له‌ فۆرمدا جیاوازه‌، به‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هێشتا ئاستی سه‌ره‌تاییی نه‌بڕیوه‌، به‌ڵام له‌ ناوه‌رۆکدا هه‌مان شته‌، که‌ ئه‌وه‌ی مرۆڤی پێ په‌روه‌رده‌ ده‌کرێت، ئه‌و ئایدیۆلۆجییه‌یه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ باڵی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگه‌دا کێشاوه‌. پێکهاته‌یه‌که‌ له‌ سیاسه‌تی حیزبی ده‌سته‌ڵاتدار و ئایین. مرۆڤ به‌ ئاسانی له‌و کتێبانه‌ی له‌ خوێندنگه‌کاندا ده‌خوێنرێن، هه‌ست به‌ چه‌واشه‌کاری ده‌کات و تێده‌گات چۆن خوێندن بووه‌ته‌ ڕێگه‌یه‌ک بۆ خوشه‌ویستکردنی ده‌سته‌ڵات و ئایدیۆلۆجیی زاڵ. له‌ولایشه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر خوێندکاری سه‌ره‌تایی، به‌ڵکوو منداڵی باخچه‌ی ساوایانیش به‌ زۆر کۆمەڵێک تێکستی پێ له‌ به‌ر ده‌کرێن و وەک حەقیقەت پێشانی دەدرێن، له‌ کاتێکدا ئەوانە لای ڕاڤەکاران ساغ نەکراونەتەوە و کێشەیان هەیە.
ده‌کرێت لێره‌دا ئه‌و کۆنسێپته‌ی (بۆردیۆ) له‌ به‌رچاو بگرین و جارێکی دیکه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌، که‌ تێیدا گوترا سلێمانی له‌ نه‌وه‌ده‌کان، له‌ کاتێکدا هه‌موو شاره‌کانی ده‌وروبه‌ری به‌ ده‌ستی ئیسلامییه‌کان ده‌ڕووخێن، به‌ ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌ و خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات، که‌چی له‌ حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ به‌ره‌و داڕووخان مل ده‌نێت. له‌ ڕێگه‌ی (خوێندن)ـه‌وه، که‌ ئایدیۆلۆجیی حیزبی ده‌سته‌ڵاتدار و ئایین ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌، هه‌روه‌ها به‌ هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگله‌ر نه‌وه‌یه‌کی نوێ پێ ده‌گات. ئه‌و نه‌وه‌یه‌‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و یاخیبوونه‌ دانه‌مه‌زراوه‌، که‌ نه‌وه‌کانی پێشوو به‌رهه‌میان هێناوه‌، به‌ڵکوو ته‌واو له‌و مێژووه‌ی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه‌. دیسان ده‌ڵێین مرۆڤ ده‌توانێت لە دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ کاریگه‌ریی ئه‌و خوێندنه‌ به‌ ڕوونی ببینێت. ئه‌وه‌تە هەر لەژێر چەتری زۆرایەتیدا سه‌له‌فییه‌کان دەردەکەون. ڕێگه‌ به‌ خۆم ده‌ده‌م بڵێم وا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌و زۆنه‌ی ناوی (هه‌رێمی کوردستان)ـه،‌ وه‌ک‌ کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بستانی سعوودیی لێ دێت. له‌وێدا ڕێککه‌وتن له‌نێوان دین و سیاسه‌تدا کراوه‌. پاشا و داروده‌سته‌که‌ی بۆیان هه‌یه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بژین، به‌و مه‌رجه‌ی ڕێ له‌ پیاوانی ئایینی نه‌گرن چۆن له‌ ناوه‌وه‌ وڵات به‌ ڕێوه‌ ده‌به‌ن. ئه‌مان بۆیان هه‌یه‌ بچن له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه‌ کافره‌کانی جیهان دابنیشن، ده‌ست بخه‌نه‌ ناو ده‌ستیان، بگره‌ پێکه‌وه‌یش مه‌ی بنۆشن، ئه‌وه‌یش قه‌یدی ناکات له‌ فره‌نسادا به‌شداری له‌ پرۆتێستی دژی تیرۆریستان بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش مافی خۆیانه‌‌ له‌و کاته‌دا به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ ده‌ستی دز ببڕن و جه‌ڵده‌ له‌ هه‌ر که‌سێک بده‌ن، که‌ گوێ به‌ یاساکانیان نادات.32 له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌مه‌ خه‌ریکه‌ به‌ ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت. ئێستا بۆ پارتی ئه‌وه‌ گرنگه‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی له‌ ده‌ست نه‌چێت و خۆی وه‌ک سه‌رۆک بمێنێته‌وه‌. لێره‌یشدا دۆستی دڵسۆزی وه‌ک سه‌له‌فییه‌کان نادۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ خودی حیزبه‌ ئیسلامییه‌کانی ترن کێشه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌له‌فیدا هه‌یه و ده‌رکه‌وتنی به‌ مه‌ترسی ده‌زانن‌، نه‌وه‌ک پارتی، چونکه‌ وه‌ک گوترا ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ بۆ پارتی، (ده‌ڵێم ئه‌مڕۆ و ناڵێم سبه‌ی)، جێگه‌ی دڵنیایین، مادام نابنه‌ تێکچوونی دۆخه‌که‌ی، بگره‌ ده‌بنه‌ پاڵپشتی و هێزی ده‌ده‌نێ.
ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی جیاوازدا نییه‌، به‌ڵکوو پێوه‌ندیی به‌و زۆرایه‌تییه‌‌وه‌ هه‌یه‌. واته‌ له‌ ئه‌نجامی به‌رهه‌مهێنانه‌وه،‌ چ به‌رهه‌مهێنانی فیزیکی و چ به‌رهه‌مهێنانی هزرییه‌وه‌ نییه‌، که‌ دابه‌ش ده‌بێت، به‌ڵکوو ئاڕاسته‌ی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت چۆن دابه‌ش ببێت، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و دابه‌شکارییه‌‌ دۆخی ژێر چه‌تره‌که‌ بگۆڕێت. ئه‌و بۆچوونه‌ی ڕۆشنبیری جاگله‌ر هه‌ر زوو کورتی هێنا، که‌ پێی وا بوو به‌هێزبوونی پایه‌ی پیاوانی ئایینی ده‌بێته‌ هۆی بێهێزبوونی پارتی. جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ ئه‌مڕۆ خه‌ریکه‌ کۆمه‌ڵگه‌ به‌سه‌ر پارتی و سه‌له‌فی دابه‌ش ده‌بێت، یان لانی که‌م ئه‌و دوو ته‌وه‌ره‌ به‌ زه‌قی ده‌رده‌که‌ون و ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر پێوه‌ندیی دۆستانه‌یان ده‌رده‌که‌وێت. پارتی له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌زموونی زۆره‌ و له‌وانی دی چاکتر ده‌زانێت چۆن له‌گه‌ڵ ته‌وژمی ئیسلامیدا مامه‌ڵه‌ بکات. هه‌ر له‌ شاخه‌وه‌ ئه‌مه‌ی پێڕۆیی کردووه‌ و درێژه‌ی پێ داوه‌. له‌ ده‌ره‌وه‌یش پارتی له‌گه‌ڵ هه‌موو حوکوومه‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ردا پێوه‌ندیی پته‌وی دامه‌زراندووه، به‌وه‌ی خاوه‌نی نه‌وتێکی زۆره‌ و بواری فرۆشتنی به‌ چاکی بۆ ڕه‌خساوه‌‌. لای تورکیای (ئه‌ردۆگان) په‌سه‌نده‌ و له‌گه‌ڵ ئێرانیشیدا پێوه‌ندیی دێرینه‌ی هه‌یه‌، بگره‌ توانیویه‌تی لای عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌یش به‌ دۆست بزانرێت‌.33لێره‌دا ڕۆشنبیری جاگله‌ر هیچ ڕۆڵێکی نییه‌، مادام ئه‌وه‌ خواستی زۆرایه‌تییه‌‌ و ئەتمۆسفێری ژێر چه‌تره‌که‌ خۆی ئه‌وه‌ی سه‌پاندووه، بگره‌ ئه‌مه‌ به‌رهه‌می هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگله‌ر و سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ره‌‌. ئێستا بۆ ئه‌و شوێنه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، که‌ تێیدا گوترا هه‌ر لایه‌نێک له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا سنوورێکی بۆ خۆی داناوه‌،‌ لێی تێنه‌په‌ڕێت، چونکوو به‌زاندنی سنووره‌که‌ تووڕه‌بوونی خودی زۆرایه‌تییه‌که‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.
ڕۆشنبیری جاگلەر و پەیام
ئه‌مڕۆ ڕۆشنبیری خاوه‌ن په‌یام ڕۆشنبیرێکی کۆنی ته‌قلیدییه‌. ڕۆشنبیرێکه‌ وه‌ک سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تمه‌دار پابه‌ندی خواسته‌کانی زۆرایه‌تییه‌‌. ڕۆشنبیرێکه‌ نه‌ توانای تێپه‌ڕاندنی هه‌یه‌ و نه‌ ده‌یشیه‌وێت له‌و زۆرایه‌تییه‌‌ داببڕێت. ڕۆشنبیرێکه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام ده‌ربکه‌وێت و به‌ جه‌ماوه‌ره‌که‌ی بڵێت پشتی تێ نه‌کردوون، به‌ڵکوو هه‌میشه‌ له‌ناویاندایه‌. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ ڕۆژنامه‌ و که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کان به‌ چاکترین ڕێگه‌ ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام خۆی به‌و جه‌ماوه‌ره‌ پێشان بدات. کاتێ ڕۆشنبیر په‌یامی هه‌یه‌، مانای وایه‌ هه‌م بابه‌تی په‌یامه‌که‌ی دیاری کردووه‌‌ و هه‌م ئه‌وانه‌یش په‌یامیان ئاڕاسته‌ ده‌کات، ناسراون، که‌ ئه‌مه‌ مانای مانه‌وه‌ی ڕۆشنبیره‌ له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی خۆی بۆ خۆی کێشاوه‌.
ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕووناکبیر و فیڵۆسۆفێک دروست ده‌کات، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ داڕووخان و تێکشکانی کۆمه‌ڵگه‌دا، نه‌وه‌ک خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی، که‌ هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ ده‌بێته‌ فاکته‌ری دۆزینه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی نوێی بیرکردنه‌وه‌.‌ ده‌کرێت لێره‌دا ئێمه‌ ته‌نیا (هیگڵ) به‌ نموونه‌ بهێنینه‌وه‌ چۆن به‌ هۆی شۆڕشی فرانسی و بارودۆخی ئه‌ڵمانیای سه‌رده‌مه‌که‌یه‌وه‌ گۆڕانکاریی گەورە له‌ بیرکردنه‌وه‌ی خۆیدا ده‌کات، بگره‌ له‌مه‌وه‌ زیاتر تینوێتیی بۆ ئازادی تاو ده‌ستێنێت و قووڵتر له‌ دنیا ده‌ڕوانێت. له‌م ڕووه‌وه‌ کۆنسێپتی نێگه‌یشن (Negation) داده‌هێنێت، که‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی دیالێکتیکه و ئه‌مه‌‌یان تاکه‌ ڕێگه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ هۆشیاری‌. نێگه‌یشن واته‌ گواستنه‌وه‌ له‌ بیرۆکه‌یه‌که‌وه‌ بۆ دژه‌که‌ی. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ گواستنه‌وه‌ له‌ پۆزێتیڤه‌وه‌ بۆ نێگه‌تیڤ، بۆیه‌ پێی وایه‌ نێگه‌تیڤ به‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی نێگه‌تیڤه‌، پۆزێتیڤیشه‌، که‌ دواتر هه‌ردووکیان یه‌ک ده‌گرن، به‌ڵام له‌ دۆخێکی باڵاتردا. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م شێوازی نه‌فیکردنه‌وه‌یه‌ نه‌فیکردنه‌وه‌ی ته‌واو نییه‌، به‌ڵکوو نه‌فیکردنه‌وه‌ی به‌شێکی دیارکراوه‌، که‌ هه‌ر خۆی خه‌ریکه‌ ده‌توێته‌وه‌. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و نه‌فیکردنه‌وه‌یه‌یشدا ناوه‌رۆک ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌و نێوه‌دا به‌ ده‌ست دێت، نوێیه‌، به‌ڵام باڵاتره و له‌و کۆنسێپته‌ی پێشوو ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌‌. که‌واته‌ له‌ ڕێگه‌ی پرۆسێسی نه‌فیکردنه‌وه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌.به‌ هه‌رحاڵ ئه‌مه‌ ئه‌و ڕێگه‌یه‌یه‌، که‌ (هیگڵ) ده‌یه‌وێت واقیعی پێ ڕاڤه‌ بکات، به‌وه‌ی نێگه‌یشن چه‌مکێکی کراوه‌یه‌، دۆگما نییه‌ و توانای به‌رده‌وامیی هه‌یه‌. وه‌ک (هێربێرت مارکیوز) جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌ (هیگڵ) ده‌یه‌وێت له‌و کۆنسێپته‌وه‌ واقیعی تێکشکاو و داڕووخاوی ئه‌ڵمانیا بخوێنێته‌وه‌. واته‌ هه‌ر ده‌بێت سیستێمی سیاسی تێک بشکێت و بۆ سیستێمێکی نوێی عه‌قڵانی(a new rational order) بگۆڕێت. گۆڕانکارییه‌کی له‌م شێوه‌یه‌یش به‌بێ توندوتیژی نایه‌ته‌ کایه‌وه‌.34
ڕۆشنبیری جاگله‌ر دووره‌ له‌وه‌ی گۆڕانکاری بکات، مادام له‌ ڕێگه‌ی‌ ئازاره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی واقیع نابێته‌وه‌، له‌ کاتێکدا‌ ته‌نیا ئازاره‌ ئه‌و توانایه‌ به‌ ڕۆشنبیر ده‌به‌خشێت له‌ خۆی و له‌ ده‌وروبه‌ری قووڵ ببێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی زۆرایه‌تی‌ ده‌جووڵێنێت و گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هێنێت، ئاڕاسته‌ی جیاواز و پێچه‌وانه‌یه‌. داعش، که‌ هێزێکی نه‌خوازراوه‌، کاتێ به‌ر ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ده‌که‌وێت، به‌ توندی به‌ لاوه‌ ده‌نرێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویشه‌ ده‌یهه‌ژێنێت. قورس نییه‌ به‌رهه‌می ئه‌و هه‌ژانه‌ ئه‌گه‌ر که‌میش بێت، ببینین، که‌ ئه‌مه‌ پێمان ده‌ڵێت ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ته‌نیا به‌ ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ ده‌ورووژێت و ده‌گۆڕێت، نه‌وه‌ک به‌و فکرانه‌ی دڵنه‌واییی ده‌ده‌نه‌وه، که‌ هێشتا ڕۆشنبیری ئێمه‌ ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ی نه‌گرتووه‌‌. خۆ ئه‌وانه‌ی ویستوویشیانه‌ به‌  مێتۆدی ڕه‌خنه‌ ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌‌، تاکوو ئه‌مڕۆ ژماره‌یان که‌مه‌ و هه‌وڵه‌کانیان سه‌ره‌تایین.35
ئانتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧) ڕۆشنبیر و فەیلەسووفی ئیتالیایی
(گرامشی) باوه‌ڕی و‌ایه‌‌ هه‌موو خه‌ڵک به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ڕۆشنبیرن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی فکری باڵان‌ و کاریگه‌رییان هه‌یه‌، به‌ ڕۆشنبیر داده‌نرێن. مه‌به‌ستی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکه‌،‌ له‌ ڕۆشنبیری ترادیشیۆنه‌ڵی جیا ده‌کاته‌وه.‌36وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ بڵێت ڕۆشنبیر کاتێ ده‌توانێت ڕۆڵی کاریگه‌ر له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا ببینێت، که‌ ئاستی میللی تێده‌په‌ڕێنێت‌ و ده‌بێته‌ خاوه‌نی تێگه‌یشتنێکی تایبه‌ت و ڕەخنەدۆزانه‌، به‌وه‌ی ته‌نیا له‌ ڕێی دابڕانه‌وه‌ پێوه‌ندیی خۆی به‌ داموده‌ستگه‌کانه‌وه‌ ده‌پچڕێنێت و ئازادانه‌ له‌ کونوکه‌له‌به‌ره‌کانیان ده‌ڕوانێت. واته‌ به‌بێ ئه‌و ئازادییه‌ ئه‌سته‌مه‌ ڕۆڵی ڕەخنەدۆز ببینێت. ده‌کرێت بگوترێت ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز نه‌ک هه‌ر ئاستی خه‌ڵک، به‌ڵکوو ئاستی خۆیشی تێده‌په‌ڕێنێت، که‌ ته‌نیا پرسیاری نوێ و وردبوونه‌وه‌ی زیاتره‌ ئه‌و تێپه‌ڕاندنه‌ ده‌هێننه‌ دی.
بەگشتی مرۆڤی ئێمه وه‌ک چۆن‌ نه‌یتوانیوه‌ ژیانی خۆی وا بێنێته‌ به‌رچاو،‌ سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تمه‌داری نییه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ده‌ستیشی نه‌هاتووه‌ ڕۆشنبیر له‌ دنیای خۆی بکاته‌‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵکوو ترسی له‌ده‌ستدان‌ وای لێ کردووه‌ له‌سه‌ر شێوازی ئه‌فسانه‌کاندا وێنه‌یان بکێشێت و قه‌باره‌یان زۆر گه‌وره‌تر له‌وه‌ی هه‌ن،پێشان بدات، به‌ڵام گرنگه‌ ئێمه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و شۆکه‌ بگرین، که‌ زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی دوێنێ به‌ گه‌وره‌مان ده‌زانین، جاگله‌ر ده‌رچوون و ئه‌مڕۆ هیچ پڕۆژه‌یه‌کی فکریی ڕه‌خنەیییان نییه‌. پێم وایه‌ ته‌نیا شۆکێکی له‌م شێوه‌یه‌‌ ده‌توانێت وامان لێ بکات نه‌ک هه‌ر ئاستی ئه‌م ڕۆشنبیره‌، به‌ڵکوو ئه‌و دۆخه‌ی ئێستایش تێبپه‌ڕێنین.37
یه‌کێ له‌و خاڵانه‌ی هه‌ر ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەدۆز، که‌ خواستی تێپه‌ڕاندنی مۆدێلی ڕۆشنبیری جاگله‌ری هه‌یه‌، لێیان تێده‌گات، ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌رکی ڕۆشنبیر ئه‌رکێکی قورسه‌ و بیرکردنه‌وه‌ پرۆسێسێکی سه‌خته‌. هه‌میشه‌ کاری ده‌سته‌ڵات چ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی، چ ده‌سته‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ شێوه‌ی خێزان، قوتابخانه‌، په‌رستگه‌ و ئه‌وانه‌ی دی ئاسانه‌، به‌وه‌ی ئه‌وان نه‌ک مه‌به‌ستیان نییه‌ زۆرایه‌تی‌ تێبپه‌ڕێنن، به‌ڵکوو تا بۆیشیان بکرێت شه‌ڕ له‌ پێناوی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ جێگیره‌دا ده‌که‌ن. ئایدیۆلۆجی، هه‌م ئایدیۆلۆجیی سیاسی و هه‌م ئایدیۆلۆجیی ئایینی له‌سه‌ر ئاسانکاری دامه‌زراون‌. چه‌ند پرینسیپێکیان هه‌ن‌، که‌ به‌ ئاسانی له‌ به‌ر ده‌کرێن و ده‌گوترێنه‌وه‌. هه‌موو داموده‌ستگه‌کانی وه‌ک خێزان، په‌رستگه‌، قوتابخانه‌ و زۆری تریش ده‌یانڵێنه‌وه‌ و به‌ ئاسانی له‌ مێشکدا ده‌چه‌سپێن، به‌ڵام کاری ڕۆشنبیر قورسه‌، به‌وه‌ی ده‌بێت گومان له‌و پرینسیپانه‌ بکات و هه‌ڵیانبوه‌شێنێته‌وه، بگره‌ به‌ ئایدیای نوێ ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌ شته‌ گه‌وره‌ و زه‌قه‌کانه‌وه‌ ده‌لکێت، به‌ڵام ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز بۆ ناو شته‌ ورده‌کان ڕۆ ده‌چێت و ئاڕاسته‌ی نوێیان تێدا ده‌دۆزێته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆشنبیر ئه‌وه‌ نییه‌ کێشه‌ی له‌ قه‌باره‌ی خۆی بچووکتر، یان هێنده‌ی قه‌باره‌ی خۆی دروست ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه‌ کێشه‌ی گه‌وره‌تر له‌ قه‌باره‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێت. ڕۆشنبیری میللی، که‌ هێنده‌ ڕووی له‌ زۆرایه‌تییه‌‌ و لێی جودا نابێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ خه‌مه‌کانیدا بژی، وه‌ک ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه‌ توانای نییه‌ ئه‌و ئاسته‌ جێ بهێڵێت، به‌وه‌ی له‌ داڕشتنی پرسیاری نوێدا ده‌سته‌وستانه‌، له‌ کاتێکدا ته‌نیا له‌ ڕێی پرسیاری نوێوه‌ ڕۆشنبیر ده‌توانێت مه‌ودا (Distance)ی نێوان خۆی و جه‌ماوه‌ر دروست بکات، که‌ مه‌رجی سه‌ره‌کیی داهێنانه‌.(عه‌لی حه‌رب) پێی وایه‌ (له‌ پیتاگۆراسه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ بریتییه‌ له‌ فێرکردنی تایبه‌ت، نه‌ک هیی گشت، مادام گشت به‌رگه‌ی ناگرێت و لێی تێناگات، بگره‌ تێکیشی ده‌دات. که‌واته‌ چاک نییه‌ ڕاستییه‌کان له‌ به‌رانبه‌ر جه‌ماوه‌ردا بگوترێن، به‌ڵکوو پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌ک تۆمار بکرێن له‌ گرێ و سیمبۆڵ خاڵی نه‌بن، به‌ ڕاده‌یه‌ک ته‌نیا ئه‌وانه‌ ده‌ستیان بگه‌نێ، که‌ شایانیانن و هه‌قی خۆیانیان پێ ده‌ده‌ن).38
تێڕوانینی ڕۆشنبیری میللی بۆ جه‌ور و سته‌م له‌ سنووری هاوکێشه‌ی (سه‌ره‌تا، ناوه‌ڕاست و کۆتایی) تێناپه‌ڕێت. واته‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ پێی وایه‌ جه‌ور و سته‌م سه‌ربه‌خۆن و لینکی جۆراوجۆریان نییه‌، تاکوو به ‌دوایاندا بگه‌ڕێت و لێکیان بداته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ک شتی فیزیکه‌ڵ لێیان ده‌ڕوانێت. پێی وایه‌ زوڵم سه‌ره‌تای هه‌یه‌، ده‌گاته‌ ناوه‌ڕاست، دواتر تێک ده‌شكێت و کۆتاییی دێت، بۆیه‌ زمانێکی ئاسانی پێویسته‌، ئه‌و زمانه‌ی ڕۆژانه‌ خه‌ڵک به‌ کاری ده‌هێنن، له‌ کاتێکدا ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز و تێپه‌ڕێنه‌ر پشت له‌و تێگه‌یشته‌ ساده‌یه‌ ده‌کات و له ‌ناوه‌وه‌ چ له‌ چه‌مکی زۆرداری و چ له‌ هه‌ر چه‌مکێکی دی ده‌ڕوانێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی تێیانبپه‌ڕێنێت، نه‌وه‌ک ده‌ستیان پێوه‌ بگرێت. واته‌ ئه‌و تاکه‌ ئاڕاسته‌یه‌ تێک ده‌شکێنێت و ده‌یان ئاڕاسته‌ی دیکه‌ی جیاواز داده‌هێنێت.39(ژیل دۆلۆز) و (کلێر پارنێ) له‌ کتێبی (دایه‌ڵۆگه‌کان)دا ده‌نووسن: (ئامانج وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان نییه‌، به‌ڵکوو ده‌رچوونه‌ لێیان. خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ن باوه‌ڕیان وایه‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ی پرسیار مانای ده‌رچوونه‌…. به‌ڵام ده‌رچوون هه‌رگیز ئاوا نایه‌ته‌ دی)40
ده‌شێ ئه‌مڕۆ له‌ ئەتمۆسفێرێکی ئاوادا جوێنێک، نزایه‌ک، سلۆگه‌نێک، یان هاوارێکی ڕۆشنبیری جاگله‌ر له‌ ده‌یان شیعر و ڕۆمان گرنگتر بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ر شیعر، ڕۆمان، چیرۆک، شانۆ، میوزیک، هونه‌ری شێوه‌کاری و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ن ده‌توانن زه‌مه‌نه‌کان ببڕن، مادام له‌سه‌ر جیاوازی دامه‌زراون و له‌ توانایاندا هه‌یه‌ جیاوازی به‌رهه‌م بهێنن.
تێبینی: ئه‌م باسه ساڵی (٢٠١٥) له‌ دوو سێمینار چ له‌ سوێد و چ له‌ دانمارکدا پێشکه‌ش کراوه‌. ڕاستییەکەی تەنیا خاڵە بنەڕەتییەکانی دیاری کرابوون، دەنا نەنووسرابووەوە. ساڵی دواتر لە (دەنگەکان)دا بڵاوم کردەوە. هاوڕێی ئازیزم (دلاوەر ڕەحیمی) وای پێ باش بوو دیسان بڵاو بکرێتەوە، بۆیە پێیدا چوومەوە و چەند پەراوێزێکم بۆ نووسیوە. ئه‌وده‌م وشه‌ی (زۆرینه‌)م به‌ کار بردبوو، به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌م (زۆرایه‌تی) دروستتره‌. وشەی (ڕەخنەگر)یش بۆ (ڕەخنەدۆز) گۆڕاوە.
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
پەراوێزەکان
1    سەیری ئەمە بکەThe Power of Language: Emile Zola and the Dreyfus Affair (bookstellyouwhy.com)
2     ئه‌م باسه‌ له‌ کاتێکدا پێشکەش کراوە‌، که‌ هێشتا کێشه‌ له‌ په‌رله‌ماندا دروست نه‌بووه‌.
3     لە کاتێکدا وا بەم بابەتەدا دەچمەوە، تا بۆ (ژنەفتن)ی بنێرم، هاوڕێیەکم پێم دەڵێت پەیجی (مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر) بە سینگی  فرەوانەوە یادی ڕۆژی شەهیدی بەعسی کردووەتەوە. لۆگۆکەیان داناوە و نووسیویانە: (لەسەردەمی حیزبی بەعسدا هەموو ساڵێك ڕۆژی١ی ١٢ی هەموو ساڵێك بە ڕۆژی شەهیدی عێراقی ناوئەبرا). خەڵکیش هەر بەو دڵفرەوانییە وەریانگرتووە. کاتێ یەکێک پرسیویەتی چۆنە کارێکی وایان کردووە، ئەم ڕوونکردنەوەیەیان داوە: (هەموو قوتابییەك و مامۆستایەكی ئەو سەردەمە یادگاری لەگەڵدا هەیە ساڵێ جارێك لەم ڕۆژە ئەم یادە دەكراوە ئەوەش وەك وێنە و یادگار بەبیر هێنانەوە داماناوە). ڕاستییەکەی لای ئەو زۆرایەتییە هەر شتێک پەسەند دەکرێت، کە نیشانەکانی ئەوی هەڵگرتوون، بۆیە تا ئەم ساتەیش بەعس بەشێکی دانەبڕاوی ئەم زۆرایەتییەیە. هەر بۆ زانین! کاتێ پێمان دەڵێن فڵان کتێب هەزاران دانەی لێ فرۆشراوە، بۆیە نووسەرەکەی داهێنەرێکی مەزنە، ئەوە بەم زۆرایەتییە ساغ کراوەتەوە. واتە ئەو کتێبە تاکە شت نییە، زۆرایەتی پەسەندی کردووە، بەڵکوو لە پاڵیدا زۆری دیکەی وەک خۆی هەن.
4    سەیری ئەم لینکە بکە:  http://www.chawdernews.com/Direje.aspx?Jimare=12901
5    ڕاستییه‌که‌ی (یه‌کێتی)ی مامۆستایانه‌، نه‌وەک (یه‌کێت)ی مامۆستایان. (ی)یەک دەتوانێت مانایەک بگۆڕێت.
6    پرسیاری ئەوەی (مادام حه‌زیان له‌ چاره‌ی داعش نییه‌،‌ بۆچی نایه‌نه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و له‌ دژی ناڕه‌زایی ده‌رنابڕن؟) زوو ورژێنرا. داعش خۆیشی زۆرایه‌تییه‌، به‌ڵام زۆرایه‌تییه‌کی گه‌ڕۆکه‌. له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نداندا پێوه‌رێکی دیکه‌ی جیاوازیان هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌وان تاکن. ئایا تێکستی یه‌کێ له‌و نووسه‌رانه‌ی فه‌توای کوشتنیان بۆ ده‌رکراوه‌، خراپتره‌ له‌وانه‌ی داعش کردوونی؟
7    (جاگله‌ر و جاگلینگ)، ناوی یه‌کێ له‌و چیرۆکانه‌مه‌، که‌ له‌پێش ڕاپه‌ڕیندا نووسیومن. له‌ کتێبی (ڕاگه‌ردان)دایه‌‌.
8    محمد نور الدین افایه‌، الحداثه‌ والتواصل في الفلسفه‌ النقدیه‌ المعاصره‌ نموذج هابرماس، افریقا الشرق، بیروت، لبنان، 1998 الطبعه‌ الثانیه‌، ص18
9    فردریك نیتشه‌، افول الاصنام، ترجمه‌ حسن بورقیه‌ ومحمد الناجی، افریقیا الشرق، الطبعه‌ الاولی، 1996، ص35
10    هه‌مان سه‌رچاوه‌ و هه‌مان لاپه‌ڕه‌.
11    ده‌کرێت خوێنه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌م بخوێنێته‌وه‌، که‌ له‌ژێر ناونیشانی (کێ شار داده‌مه‌زرێنێت؟ فریشته‌، یان ئیبلیس؟)دا نووسراوه‌ و له‌ (ده‌نگه‌کان) و له‌ (ماڵێک له‌ ئاسمان)دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. له‌وێدا باس له‌وه‌ ده‌کرێت‌ چۆن زۆرایه‌تی کاتێ به‌ر هه‌ر شتێکی نوێ ده‌که‌وێت، وه‌ک شه‌یتان لێی ده‌ڕوانێت و دواتر ورده‌ورده‌ بۆ فریشته‌ی ده‌گۆڕێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی هیچ گۆڕانکارییه‌ک نه‌هێنێته‌ کایه‌وه‌. ئه‌مانه‌ لینکه‌کانین:
12     له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لە ماڵپەڕەکەیاندا بۆ نه‌دۆزرایه‌وه‌، تاکوو وه‌ک سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ی پێ بده‌م، بۆیه‌ ناوی ڕۆژنامه‌ و لایه‌نه‌که‌م نه‌نووسیوه‌. له‌ کاتی خۆێدا ئه‌و ڕاپۆرته‌ ساخته‌یه‌م خوێندووه‌ته‌وه‌. هەندێک هاوڕێیشم خوێندوویانەتەوە و لە بیریان ماوە.
13    به‌ بڕوای من حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان ته‌نیا گۆڕان، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو و بزووتنه‌وه‌ نین، به‌ڵکوو پارتی و یه‌کێتییش هه‌مان تێڕوانینینی ئه‌وانیان بۆ حوکمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن هه‌یه‌. لام ڕوونه‌ ئه‌گه‌ر (ده‌وڵه‌تی ئیسلامیت ده‌وێت، یان ده‌وڵه‌تی سیکۆله‌ر؟) له‌ناو به‌رپرس و ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیدا بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، یه‌که‌میان زۆر له‌ دووه‌میان زیاتر ده‌هێنێت. له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا بابه‌تی هه‌ندێک نووسه‌رم خوێندووه‌ته‌وه‌، که‌ سه‌ره‌تا وام زانیوه‌ ئه‌ندامی حزبه‌ ئیسلامییه‌کانن‌، که‌چی دواتر بۆم ده‌رکه‌وتووه‌ مووچه‌خۆری پارتی و یه‌کێتین‌ و به‌ یارمه‌تیی ئه‌وانیش بڕوانامه‌ی به‌رزیان لە زانکۆکاندا وه‌رگرتووه‌.
14    ده‌کرێت خوێنه‌ر جارێکی دیکه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌م بگه‌ڕێته‌وه‌، که‌ له‌ژێر ناونیشانی (کێ شار داده‌مه‌زرێنێت؟ فریشته‌، یان ئیبلیس؟)دا نووسیومه‌:‌http://www.dengekan.info/dengekan/gshty/20808.html
15     له‌ که‌ناڵی (KNN)دا زووزوو ڕاپۆرت له‌باره‌ی (ئه‌ردۆگان) و (ئاکه‌په‌)وه‌ په‌خش ده‌کرێت و ڕه‌خنه‌ی توندیان لێ ده‌گیرێت. بینه‌رێک ئه‌گه‌ر یه‌که‌مجاری بێت ئه‌و که‌ناڵه‌ ببینێت، نازانێت هیی بزاڤێکی ئیسلامییه‌ و سه‌رکرده‌کانی به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر (سه‌وابت) ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵکوو وا تێده‌گات هێزێکی سیکۆله‌ری له‌ پشته‌وه‌یه‌. هۆکاره‌که‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕوونی ده‌رکه‌وتووه‌ پێوه‌ندیی (ئه‌ردۆگان) و پارتی گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێک، که‌ تێکڕای ئه‌وانه‌ی دوێنێ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا به‌ ئاشکرا پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ ئه‌و خه‌لیفه‌ عوسمانییه‌ ده‌کرد، ئێستا خراونه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌، به‌وه‌ی پارتی خۆی هەمووانی بە لاوە ناوە و خۆی شوێنی گرتوونەتەوه‌. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی سه‌رکرده‌ دیاره‌کانی گۆڕان، که‌ ئیخوانین و ئه‌مرۆ وه‌ک نەیار له‌ (ئه‌ردۆگان) ده‌ڕوانن، مادام هاوپه‌یمانی پارتییه‌، دروستتر پارتیی گرتووه‌ته‌ خۆی، تاکوو دوێنێ خۆیان ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ دەگرت‌. ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وانه‌ کاتێ زۆرایه‌تییه‌ک له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، پێویسته‌ زۆرایه‌تییه‌کی دی به‌ ده‌ست بهێنن. به‌م شێوه‌یه‌ گۆڕانیش وه‌ک پارتی پێویستی به‌ زۆرایه‌تییه‌کی ئیسلامی هه‌یه‌، تاکوو ئه‌و بۆشایییە‌ پڕ بکاته‌وه‌. هاوکات ده‌بێت هه‌ندێک تۆپی دیکه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرێت. که‌واته‌ ئه‌وه‌یش سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ که‌ناڵی ئه‌و کۆنه‌ئیخوانییانه‌ی ناو گۆڕاندا باس له‌و زوڵمه‌ بکرێت، که‌ کوردی باکوور و ڕۆژئاوا ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه، مادام که‌ناڵی (ڕووداو) ته‌رخانه‌ بۆ پێداهه‌ڵدانی (ئه‌ردۆگان) و بێنرخکردنی هه‌ر ده‌نگێک، که‌ له‌ دژی خه‌لیفه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.‌ ئه‌و بینه‌ره‌ی (KNN) ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێ بکات ڕاپۆرته‌که‌ ته‌واو ببێت، ئه‌وا به‌ر کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ ده‌که‌وێت، که‌ هه‌موویان جه‌خت له‌سه‌ر ئیسلامه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌که‌نه‌وه‌.
16     لێره‌دا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک مه‌به‌ستمان نییه‌ هه‌موویان وه‌ک یه‌ک ببینین، به‌ڵکوو هێشتا جیاوازییه‌ک له‌نێوان ئه‌میان و ئه‌ویاندا هه‌ست پێ ده‌کرێت. تێیاندا هه‌یه‌ لای خوێنه‌ری سه‌ره‌تاییش له‌وه‌ ده‌رچووه‌ به‌رهه‌مه‌کانی، چاکتره‌ بگوترێت گوته‌کانی شتی نوێیان تێدا بێت، له‌ کاتێکدا هه‌ر بۆ نموونه‌ (فارووق ڕه‌فیق)، که‌ له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتدا ته‌واو بۆ ئاستی میللی داده‌به‌زێت، به‌ڵام خێرا به‌ ئاگا دێته‌وه‌ و گۆڕانکاری له‌ خۆیدا ده‌کات. ئه‌مه‌یش پرۆسێسێکی ئاسایییە‌، که‌ ڕەخنەدۆزان هاوکاتی هه‌ر ڕووداوێک به‌ چه‌مکه‌کانیاندا ده‌چنه‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاستی تێگه‌یشتنی خۆیان تێبپه‌ڕێنن. لێره‌دا (هیگڵ) نموونه‌یه‌کی دیاره‌.
17    هه‌رگیز دژی ئه‌وه‌ نیم نووسه‌ری سه‌ربه‌خۆ و ڕه‌خنه‌گر له‌ مێدیای حزبیدا ده‌ربکه‌وێت، به‌رهه‌می له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کانیاندا بڵاو بکاته‌وه‌، یان له‌ فێستیڤاڵه‌کانیاندا به‌شدار ببێت، به‌ مه‌رجێ وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت، بدوێت و سانسۆر نه‌خرێته‌ سه‌ر بابه‌تیان، ئه‌گه‌رچی خۆم چه‌ند توانبێتم له‌وه‌دا پارێزم کردووه، به‌تایبه‌تی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا‌. لێره‌دا باسی ئه‌و ده‌بڵستاندارده‌ ده‌که‌م، که‌ ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ ده‌یگرنه‌ به‌ر. هه‌ر که‌سێ به‌ خۆفرۆش ده‌زانن، کاتێ شه‌قام ورووژاوه‌ و له‌وێدا به‌رهه‌م بڵاو ده‌کاته‌وه‌، که‌چی دوای ئارامبوونه‌وه‌ی هه‌مان شه‌قام خۆیان لایان داده‌مه‌زرێن و پاره‌یان لێ وه‌رده‌گرن. هه‌ر ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ ده‌که‌ن و به‌ شانوباڵی به‌رهه‌مه‌کانیاندا هه‌ڵده‌ده‌ن. ده‌کرێت ئه‌وه‌یش بڵێم هه‌ندێک له‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ی له‌ناو داموده‌ستگه‌ی حزبدا ده‌رده‌چن زۆر له‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ی دیکه‌ کراوه‌ترن، گوایه‌ سه‌ربه‌خۆن. (چاودێر) زۆر له‌ (ئاوێنه‌) کراوه‌تره‌، یان دروستتر (ئاوێنه‌) هێشتا به‌ (چاودێر) نه‌گه‌یشتووه‌، که‌ نه‌ده‌بووایه‌ ڕێگه‌ بده‌ین به‌ یه‌کدییان به‌راورد بکه‌ین. ئه‌وه‌ی لە دوای حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ به‌ ڕوونی ده‌رکه‌وتووه‌، ئه‌وه‌یه‌، زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیره‌ میللییانه‌ی به‌ حه‌ماسه‌وه‌ ده‌نووسن و په‌لاماری هه‌ر ڕۆشنبیرێک ده‌ده‌ن، که‌ بیرکردنه‌وه‌ و تێڕوانینی جیاوازی هه‌ن، خۆیان له‌ناو داموده‌ستگای حزبه‌کاندا‌ چاویان هه‌ڵهێناوه‌ و دوای ئارامبوونه‌وه‌ی شه‌قامیش بۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ بیریان نامێنێت، یاخیبوونه‌…
18    بۆ نموونه‌ (ڕێبین هه‌ردی) له‌باره‌ی (دیبه‌یت!)ی (مه‌لا به‌ختیار) و (مه‌لا عه‌لی باپیر)ـه‌وه‌ پۆستێکی له‌ فەیسبۆکدا کردو‌وه‌ و تێیدا به‌ باڵای هه‌ردووکیاندا هه‌ڵده‌دات. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وه‌یه،‌ (مه‌لا به‌ختیار) جارێکی دیکه‌ بووه‌ته‌وه‌ خاوه‌نی زۆرایه‌تی، که‌ له‌ گه‌رمه‌ی حه‌ڤده‌ی شوباتدا له‌ ده‌ستی دابوو، چونکوو (هه‌ردی) وه‌ک نموونه‌یه‌کی زه‌قی ڕۆشنبیری ئه‌مڕۆ، ته‌نیا داکۆکی له‌ هێزێک ده‌کات، زۆرایه‌تیی هه‌یه‌‌. پێشتر هه‌میشه‌ (مه‌لا عه‌لی باپیر)ی وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ ناساندووه‌ و سه‌رسامیی خۆی بۆ ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ (مه‌لا به‌ختیار)یشی هێناوه‌ته‌ ئاستیه‌وه‌. ‌ کاتێ باره‌گه‌ی یه‌کگرتوو ده‌که‌وێته‌ به‌ر شاڵاوی تیرۆر، ئه‌و ڕۆشنبیره‌ و هه‌ندێک له‌ هاوبیرانی ده‌ڵێن ئێمه‌ یه‌کگرتووین، چونکه‌ ئه‌وده‌م یه‌کگرتوو خاوه‌نی زۆرایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام کۆمۆنیسته‌کان، مادام که‌مایه‌تین، ئه‌وا تیرۆری ده‌کرێن، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌نگیان لێوه‌ بێت. من خۆم به‌رده‌وام گوتوومه‌ ڕۆشنبیر به‌رگری له‌ مافی تاک و گرووپ ده‌کات، نه‌وه‌ک له‌ باوه‌ڕه‌که‌ی، بگره ڕەخنە لە‌ باوه‌ڕی دەگرێت. زۆر ڕۆشنبیری دیکه‌ی وه‌ک (هه‌ردی)‌، که‌ له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتدا ده‌یانگوت هه‌ر نووسه‌رێک له‌سه‌ر شه‌قامدا هاوار نه‌کات، دژی گۆڕانکارییه‌، به‌ڵام کاتێ سه‌ری نه‌گرت و دوو حزبه‌که‌ وه‌ک جاران، بگره‌ به‌هێزتر له‌ جاران مانه‌وه‌، پێوه‌ندییان به‌ داموده‌ستگه‌کانیانه‌وه‌ کرد و تێیاندا بوونه‌ فه‌رمانبه‌ر، بگره‌ گوتیان پێویست ناکات هه‌ر کاتێ شه‌قام ورووژا، ڕۆشنبیریش بورووژێت. ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می حه‌ڤده‌ی شوباتدا که‌سێک بیگوتبایه‌ ڕۆژێک دێت ئه‌و ڕۆشنبیره‌ بابه‌تێکی وا ده‌نووسێت و به‌ زمانی میللی ئافه‌رین له‌ (مه‌لا به‌ختیار) ده‌کات، بێگومان له‌ مه‌یدانی ئازادیدا، که‌ خۆیان (میدان‌ التحریر)یان پێ ده‌گوت، به‌ردباران ده‌کرا. وه‌ک چۆن ئه‌گه‌ر یه‌کێ هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا بیگوتبایه‌ دوای سێ چوار وه‌رزی دیکه‌ (به‌ختیار عه‌لی) له‌ ڕۆژنامه‌ی (باس)ی پارتیدا ده‌بێته‌ ڕۆژنامه‌نووسی فه‌رمی، به‌ دوژمن و ناحه‌زی گۆڕان و گۆڕانکاری له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درا. دیاره‌ له‌ دیدی (عه‌لی)دا پارتی ئه‌مڕۆ خاوه‌نی زۆرایه‌تییه‌ و ته‌مه‌نێکی درێژی به‌ به‌ره‌وه‌ ماوه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ حه‌ڤده‌ی شوبات، له‌ناو حه‌ماسی جه‌ماوه‌ردا چاوه‌ڕێی ده‌کرد بڕووخێت، بگره‌ مژده‌ی ڕووخانی ده‌دا. ئێستا بۆ لای (هه‌ردی) ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و ده‌ڵێم ئێمه‌ لێره‌دا ڕۆشنبیرێکمان هه‌یه‌ لای زۆرایه‌تی خۆشه‌ویست و ناسراوه‌، مادام هه‌مان زمان و تێڕوانینی جه‌ماوه‌ری ‌هه‌ن و هه‌موو خه‌ونه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌‌ (دیبه‌یت!)ی ئه‌و دوو مه‌لایه‌ چاک به‌ ڕێوه‌ بچێت. ئایا هه‌ر به‌ ڕاستی مه‌لاکان لای نووسه‌رانی (ڕه‌هه‌ند)دا شوێنی ئه‌و فیڵۆسۆفانه‌یان گرتووه‌ته‌وه‌، که جاروبار له‌‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا ناویان ده‌هات و بڕیار بوو فکره‌کانیان بناسێنن؟ ئه‌مه‌ سه‌رچاوه‌که‌یه‌تی:
19    مرۆڤ لێره‌دا ئه‌و نوکته‌یه‌ی وه‌ بیر دێته‌وه‌، که‌ له‌ منداڵی بیستوویه‌تی: دوو که‌س به‌ دارستانێکدا ده‌ڕۆن و پڵنگێک ده‌بینین. یه‌که‌میان به‌ردێکی تێ ده‌گرێت و پڵنگه‌که‌‌ تووڕه‌ ده‌بێت. شاڵاو ده‌هێنێت و ئه‌م ڕا ده‌کات. له‌ دووه‌م ده‌پرسێت بۆ ڕا ناکه‌یت؟ ده‌ڵێ: خۆ من نه‌بووم!
20    وه‌ک پارادۆکسێک (مسته‌فا عه‌قاد)ی ده‌رهێنه‌ری فیلمی (په‌یام: الرساله‌) به‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ تیرۆر کرا، که‌ له‌ سینه‌ماوه‌ بیرۆکه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی خیلافه‌یان لا دروست بوو. له‌ ساڵی حه‌فتاوشه‌شدا، له‌و کاته‌ی بیرۆکه‌ی خیلافه‌ت له‌ خه‌یاڵی که‌سدا نه‌مابوو و خه‌ڵک به‌ شێوه‌ی تاک و هێمنانه‌ خواپه‌رستییان ده‌کرد، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌وڵی زیندووکردنه‌وه‌ی دا. پاردۆکسێکی دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ (وێنه)‌ له‌ ئیسلامدا حه‌رامه‌ وه‌ک له‌ حه‌دیسی صه‌حیحی (لا تدخل الملائکه‌ فیه‌ کلب ولا صوره‌)دا ده‌یخوێنینه‌وه‌، چجای سینه‌ما! {ده‌کرێت خوێنه‌ر جارێکی دیکه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌م بگه‌ڕێته‌وه‌، که‌ له‌ژێر ناونیشانی (کێ شار داده‌مه‌زرێنێت؟ فریشته‌، یان ئیبلیس؟)دا نووسیومه و پێشتر ئاماژه‌ی پێ درا‌}. به‌ شایه‌تیی زۆر له‌ مه‌لا به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌مڕۆی دنیای عه‌ره‌بی له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکاندا مزگه‌وته‌کان ته‌نانه‌ت له‌ مه‌ککه‌ و مه‌دینه‌دا چۆڵ بووبوون و دواتر بووژانه‌وه‌. من ده‌ڵێم نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌کان له‌وه‌دا ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه‌. ئه‌وانن ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ ئازایانه‌یان پێ گه‌یاندووه‌ و به‌رده‌وامیش له‌ ڕێگه‌ی هوتاف و هاواره‌وه‌ ده‌یانورووژێنن‌، که‌چی گله‌ییش ده‌که‌ن. (مه‌ریوان وریا قانیع) لای سه‌یره‌‌ مه‌لایه‌ک هه‌بێت ئه‌مڕۆ دژی شیعری (قانیع) بێت و ڕه‌خنه‌ له‌ (پێکه‌وه‌بوونی ژن و پیاو) بگرێت، له‌ کاتێکدا ئه‌و مه‌لایه‌ به‌ مافی خۆی زانیوه‌، چونکوو له‌ حه‌دیسی صه‌حیحدا هاتووه‌: (ما خلا رجل بإمرأە إلا کان الشیطان ثالثهما)، کە ماناکەی ڕوونە: (هەر کاتێ ژن و پیاو لە شوێنێکدا پێکەوە بن، ئەوا شەیتانیان لەگەڵدایە). ئه‌و ڕۆشنبیره‌ لانی که‌م له‌ حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ هه‌ر به‌و زمانه‌ی ئه‌وانی نووسیوه‌ و له‌ مێدیاکانیشدا به‌ شانوباڵیدا هه‌ڵداون، که‌چی ئێستا ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت! دەپرسم ئایا چ (عەقاد)، چ ئەو ئەکتەرانە و چ ئەو ڕۆشنبیرانەی لاوان پاڵ پێوە دەنێن خەون بە گەڕانەوەی خیلافەتەوە ببینن، خۆیان لە ژیانی ڕۆژانەدا دوور و نزیک ئەو خەونەیان هەیە و بەپێی شەریعەت دەجووڵێنەوە، یان ئەوە تەنیا جاگلینگە و ئەوانی جاگلەر نماییشی دەکەن؟ ئەوانە مرۆڤ لە ڕێی باوەڕەکەیەوە دەکەنە بابەت. واتە لە بوونەوە دەیگۆڕن بۆ شت، تا بە ئاسانی دەستی بەسەردا بگرن. ئەمە ئەو مەترسییەیە، (هایدیگەر)  و فیڵۆسۆفانی تر لێی بەئاگا هاتوونەتەوە.
21    http://www.dr.dk/nyheder/kultur/video-indsamling-86-millioner-til-syriens-flygtninge ڕه‌نگه‌ ئێره‌ ده‌رفه‌تێکی باش بێت، تاکوو تێیدا بگوترێت زۆرایه‌تییه‌کان له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌کاندا به‌ شێوازی جۆراوجۆر فریو ده‌درێن، به‌ڵام هێشتا جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ له‌نێوانیاندا هه‌یه‌. ئه‌و نموونه‌یه‌ به‌ ڕوونی پێشانمان ده‌دات چ جیاوازییه‌ک له‌نێوان زۆرایه‌تیی کوردی و زۆرایه‌تیی دانمارکیدا هه‌ست پێ ده‌کرێت‌. ده‌توانین هه‌ر له‌مه‌یشه‌وه‌ ئاستی ڕۆشنبیری دانمارکی ببینین و بیهێنینه‌ به‌ر چاومان چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌یه‌.
22    له‌ کتێبی منداڵیمدا به‌تایبه‌ت باسی ئه‌و خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌م کردووه‌ و نموونه‌م لێ هێناوه‌ته‌وه‌.
23    Karl R.Popper,Historicismens elendighed; på dansk ved Gitte Lyngs; Gyldendal, København, 1996, (150_151)د
24    Albert Camus, The Rebel, An Essay on Man in Revolt With a Foreword by Herbert Read, A revised and complete translation of l’homme revolte by Anthony Bower, FIRST VINTAGE INTERNATIONAL EDITION, NOVEMBER 1991,
25     هه‌مان سه‌رچاوه‌، لاپه‌ڕه‌ ٢٢
26    له‌ گه‌رمه‌ی هه‌ڵچوونی جه‌ماوه‌ر و له‌و کاته‌ی ڕۆشنبیری میللی له‌ ڕێگه‌ی هوتافه‌وه‌ مژده‌ی هاتنی سه‌رده‌مێکی نوێی ده‌دا، من ئه‌م گوتاره‌م نووسی، که‌ ئه‌وده‌م هه‌ندێک دژم بوون، به‌ڵام دوای چوار ساڵ هه‌مان قسه‌یان کرده‌وه. گوتیان مه‌رج نییه‌ ڕۆشنبیر هه‌ر کاتێ شه‌قام ورووژا، بورووژێت. ئەمساڵ پڕۆژەی (ڕێگە) وەک نامیلکە چاپیان کرد‌: http://www.dengekan.info/dengekan/gshty/12119.html
27    ئه‌مه‌ باسێکی سه‌ربه‌خۆیه‌، که‌ چ پێشتر خۆیم لێ داوه‌ و چ له‌ ئایینده‌یشدا به‌ شێوازی دیکه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بمه‌وه‌. ئێستا وا دوای حەوت ساڵ ئەم بابەتەم دەخوێنمەوە و دەبینم خودی جەماوەر لەو ڕۆشنبیرە زیاتر توانای تێپەڕاندنی هەیە، لە کاتێکدا دەکرا پێچەوانە بووایە. ئەم هەڵبژاردنەی دوایی پێشانی داین، کە ڕێژەیەکی کەم لەو جەماوەرە دەنگی بە حیزبەکان داوە، بە مەرجێ لێستەکە هەمان ئەوەی جارانە و نەگۆڕاوە. ئەو ڕۆژگارەی ئەم بابەتەم لە کۆڕدا پێشکەش کردووە، ڕێژەی دەنگدانی جەماوەر بە حیزبەکان بەرز بووە. ڕۆشنبیرە دیارەکانت تا ئەم ساتەیش پابەندی ئەو حیزبانەن. ئەودەم کۆمەڵی ئیسلامی لایەنێکی بەهێزی گۆڕەپانی سیاسی بوو، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا یەک کورسیی هێناوە. واتە جەماوەرێکی زۆر دەنگیان پێ نەداوەتەوە، لە کاتێکدا (ڕێبین هەردی) هێشتا داکۆکیکەرێکی بەوەفای ئەم حیزبە و ڕابەرەکەیەتی. لەو سەردەمەدا بە ڕێکەوت (مەریوان وریا قانیع)م بینی لە کەناڵێکی تیڤیدا بە (نەهزە)ێ ئیخوانیی توونسی هەڵدەدا، کە ئەمساڵ خەڵکی ئاسایی بە ویستی خۆیان بە دەریان نا، چونکە دەرکەوت دیوە شاراوەکەی داعشە. ئەمە لە مەغریب و زۆر شوێنی دیکەیشدا بە ڕوونی دەرکەوت.
28     له‌ چیرۆک و ڕۆمانه‌کانمدا به‌رده‌وام کارم له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌ ترسنۆکانه‌ کردووه‌، که‌ چۆن ده‌یانه‌وێت ترسی خۆیان له‌پشت‌ ئازایه‌تیدا بشارنه‌وه.
29    ئه‌ده‌ب و فکرمان بۆیه‌ تاکوو ئه‌مڕۆیش هێنده‌ لاوازن‌، چونکه‌ نووسه‌ری کورد وه‌ک نووسه‌ری هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ سه‌ره‌تایییە‌کانی دیکه‌ پابه‌ندی دیوه‌ ساخته‌که‌یه‌. حه‌ڤده‌ی شوبات به‌ ڕوونی ده‌ریخست، که‌ بە گشتی ڕۆشنبیری کورد چه‌ند ساده‌یه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی دوالیزمی چاکه‌وخراپه‌دا، توانای بینینی دنیای نییه‌. ئه‌و ڕووداوه‌ پێشانی داین ڕۆشنبیری کورد هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی هه‌یه‌، که‌ خه‌ڵکی ئاسایی هه‌یانه‌. ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر شتێک زیاتر بایه‌خی پێ درا و به‌ پیرۆز زانرا، چەمکی ڕەوشتبازی بوو. هوتاف، سۆله‌گه‌ن و نزا لای ئه‌و ڕۆشنبیره‌ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌ گرنگتر بوون.
30    دەکرێت خوێنەر بۆ پێشەکیی کتێبی (هەولێر) و (هەولێری) لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە بگەڕێتەوە، کە لە بڵاوکراوەکانی پڕۆژەی ڕێگەیە. لە پێشەکییەکەیدا باسی ئەوە کراوە (هایدیگەر) چۆن لە چەمکی تەنیایی و گۆشەگیری دەڕوانێت.
31    Heine Andersen & Lars Bo Kaspersen (red): “Klassisk og moderne samfundsteori”, Hans Reitzel Forlag, 3. udgave, København 2005, (360_362
32    لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵگەی سعوودی هەنگاوی بوێرانەی بەرەو کرانەوەیی ناوە و جیاوازە لەو ڕۆژگارەی ئەم باسە پێشکەش کراوە.
33     ئه‌مه‌‌ پێویستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی وردتر هه‌یه‌، به‌ڵام لێره‌دا هێنده‌ی لێ باس کراوه‌، که‌ میتۆدی بابه‌ته‌که‌ ڕێگه‌ی داوه‌.
34    Herbert Marcuse, reason and revolution, Hegel and the rise of social theory, 2nd edition. (London: Routledge and Kegan Paul), 1955. Pp 51
35    فکرە گەورەکان بەرهەمی شۆکن. ئەو شۆکەی داعش توانیی کۆمەڵگەی ئێمە بباتە ئاستێکی جیاوازتر لەوەی چەند ساڵ لەمەوبەر دەمانبینی. مەبەستم ڕۆژگاری پێشکەشکردنی ئەم کۆڕەیە. داعش بەرهەمی خۆمانە، بەڵام بە ڕوانینی (هیگڵ) بەرهەمی جووڵەی خۆیشمانە. ئەو پێی وایە ڕووداوە مێژوویییەکان ئامانجیان لە پشتەوەیە، ئامانجی عەقڵانی (rational aim)، کە عەقڵی گشتگیر هەڵیاندەسووڕێنێت. عەقڵی گشتگیر خواوەندە و دەستەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو ڕووداوانەدا هەیە، بۆیە چاکە و خراپە وەک یەک بەشداری لە بزوواندنی ڕەوتی مێژوودا دەکەن، لە کاتێکدا کارەکتەرەکانیش بە چاک و بە خراپیانەوە لەلایەن ئەو عەقڵە گشتگیرەوە ڕۆڵیان پێ دراوە. (هیگڵ) مێژوو بە شانۆی تراجیدی دەزانێت، نەوەک بە شانۆی بەختیاری، بەڵام هاوکات وای دەبینێت هەموو ئەو ڕووداوە تراجیدییانە بە ئاڕاستەی ئازادیدا دەجووڵێن. هەر لە سەرەتای کتێبی (فەلسەفەی مێژوو)دا ڕایدەگەیەنێت، کە مێژووی جیهان شتێک نییە، جگە لە پەرەسەندنی هۆشیاریی پێوەست بە ئازادییەوە. مێژوو بۆ ئەوە دەچێتە پێشەوە، تا بە ئازادیی زیاتر بگات.  ئەو ڕووداوانە ئەگەرچی بۆ‌ ماوەیەک وەک فاکتەری نەگەتیڤ لە مێژوودا دەردەکەون، بەڵام دواجار ڕۆڵ لە جووڵاندنی ڕەوتی ئەو مێژووەدا دەبینن و هۆشیاری دێننە ئاراوە، بۆیە پێی وایە مێژوو بوونەوەرێکە و گیانی لە بەرە، کە ئەو گیانە لە لایەک ئازادییەکەیەتی و لە لایەکی دیکەیش تێگەیشتنی ئەوە بۆ ئەو ئازادییە. بەم شێوەیە ڕەوتی مێژوو بەرەو ئازادیی زیاترە، کە هەر ئەم ڕووداوە تراجیدییانەن ئەو ڕەوتە درێژە پێ دەدەن، بەڵام بەوە‌دا مێژوو گیانلەبەرە، تووشی وەستان، لادان، لێژی و هەورازی دێت، کە وەک گوترا لەوانەوە هۆشیاریی خۆی بە دەست دەهێنێت. بڕوانە ئەو گفتوگۆیەی لەژێر ناونیشانی (چۆن بۆ ڕزگاری دەگەڕێمەوە؟)، کە ئەمە لینکیەتی:چۆن بۆ ڕزگاری دەگەڕێمەوە؟ گفتوگۆ لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسوور لەبارەی (ئامادەییی ڕزگاری)یەوە … سازدانی: د. شوان سلێمان – Dengekan ئەوەی لەم ساتەدا بۆ من گرنگە، ئەوەیە، بتوانین ئەو توانایە لە خۆماندا پەیدا بکەین بەرهەمەکانمان بمرێنین، مردنی مێتافیزیکی، کە ئەم تێگەیشتنە لە (نیتشە)وە، بگرە لە (شۆپێنهاوێر)ـەوە سەر هەڵدەدات و بە هەر یەک لە (هایدیگەر)، (فۆکۆ)، (بارت)، (دێریدا) و ئەوانەی دیدا تێدەپەڕێت. مراندنی بیرۆکەیەک لە پێناوی لەدایکبوونی بیرۆکەیەکی دی. دەرکەوتنی ئەو لاوە یاخییانە چ لە سۆشیاڵمێدیا و چ لەسەر شەقامەکاندا ئەو گۆڕانکارییە پێشان دەدات. زمانی ئەوانە تەواو جیاوازە لەو زمانەی لە سەردەمی حەڤدەی شوباتدا هەبوو، بۆیە ڕۆشنبیری جاگلەر هەمان ڕۆڵی جارانی نەماوە، بگرە لای ئەو لاوە یاخییانە جاگلینگ بووەتە مایەی گاڵتە. ئەگەر لە حەڤدەی شوباتدا بەردەوام لۆژیکی ڕووخانی حوکوومەت و سێستێممان دەبینی، کە ئەمە لۆژیکی شۆڕشە و وەک (کامیۆ) دەڵێت جۆرێکە لە تیرۆر، ئەوە لای ئەو لاوانە ئەم لۆژیکە تێک شکاوە، لانی کەم کاڵ بووەتەوە، چونکە یاخیبوون سنوور و وێستگەی نییە. بۆ زیاتر تێگەیشتن لە جیاوازیی نێوان لۆژیکی شۆڕش و لۆژیکی یاخیبوون، تکایە بڕوانە پەراوێزی (39).
36    Heine Andersen & Lars Bo Kaspersen (red): “Klassisk og moderne samfundsteori”, Hans Reitzel Forlag, 3. udgave, København 2005, 151
37    ئەو شۆکەی ئەودەم پێم لەسەر داگرتووە، ئەمڕۆ لای ئەو لاوە یاخییانە دەرکەوەتووە، وەک لە پەراوێزی (٣٥)دا ئاماژەی پێ کرا.
38    علی حرب، (النص والحقیقه II) نقد الحقیقه‌، المرکز الثقافي العربي، الطبعه‌ الاولی، 1993، ص12
39    ئەوە لۆژیکی شۆڕشە، کە تا ئەم ساتەیش بەسەر فکری بەشێکی زۆری نووسەری ئێمەدا زاڵە. ڕاستییەکەی ئاسانە و  لە سیاسەتەوە بۆی ماوەتەوە. ئەمساڵ لەژێر ناوی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا (شاخەوان سدیق) گفتوگۆیەکی لەگەڵدا کردم و لەوێدا هەوڵم داوە لۆژیکی شۆڕش و هیی یاخیبوون لە یەک جودا بکەمەوە. شۆڕش سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتاییی هەیە، بەڵام یاخیبوون وەک (کامیۆ) پێی وایە فرەئاڕاستەیە و ناگاتە خاڵی کۆتایی. هەتا ئەمڕۆیش لای ئێمە هەم بەشێکی زۆری ڕۆمان بەپێی پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) دەنووسرێت و هەم ڕەخنەگری میلـلییش ئەوەی کردووەتە پێوەر بۆ ڕۆمانی باش و خراپ. گرێچن پێوەندیی بەو تیۆرییە زەبەلاحانەوە هەبوو، کە وەک قاڵب و کڵێشە خۆیان بەسەر ئەدەبدا دەسەپاند، بۆیە لەگەڵ پووکانەوەیان، ئەو هێڵە دەرەکییەی کاتیش تێک شکا و کاتی ناوەوە بایەخی پەیدا کرد، کە وەک گوترا لەتلەتی بووە خەسڵەتێکی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن… وەک گوترا لۆژیکی شۆڕش، نەوەک لۆژیکی یاخیبوون بەسەر فکری ڕۆماننووسدا زاڵە، کە هەمان لۆژیکی سیاسەتە. قۆناغە دیاریکراوەکان دەبڕێت و دەگاتە کۆتایی. ئەمڕۆ شۆڕش لە باشووری کوردستاندا گەیشتووەتە ئامانجی خۆی، کە نەک هەر دەستی بەسەر ساماندا گرتووە، بەڵکوو خودی کەسەکانیش بە هیی خۆی دەزانێت. ئەوە لە بیرۆکەی بەهشت نزیک دەبێتەوە، بەوەی شۆڕشگێڕان دوای خەباتی بێوچان بەم کۆتایییە گەیشتوون و پاداشت دراونەتەوە. چوونەتە دەرەوەی لێپرسینەوەوە و دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن. ڕۆماننووسانیش دوای بڕینی قۆناغەکان لە هەمان کۆتاییدا خۆیان دۆزیوەتەوە و بە هەمان زمانی ئەوانیش هەر دەنگێک دەسڕنەوە، کە لێیان جیاوازە… شۆڕش وەک گوترا یەک ئاڕاستەی هەیە و بەپێی کاتی دەرەوە دەچێتە پێشەوە، بەڵام یاخیبوون ئاڕاستەی جۆراوجۆری هەن. لۆژیکی کاتی دەرەوە تێک دەشکێنێت و هیی ناوەوەی خۆی دادەمەزرێنێت. بە مانایەکی تر، شۆڕش تاکدەنگ و یاخیبوون فرەدەنگە. (کامیۆ) یاخیبوون لە چەمکی بوغز (Resentment) تەواو دوور دەخاتەوە، بەوەی بوغز سەرچاوەی ئێرەیی (Envy)یە و وا خۆی دەردەخات خاوەنی شتێکە، بەڵام ئەوانەی تر لێیان داگیر کردووە، (ماکس شیلەر) لە پێش (کامیۆ)وە بە ژەهراویبوونی خود، یان خودژەهراوی (Autointoxication) ناوی دەبات، لە کاتێکدا یاخیبوون بە خۆشەویستی، (خۆشەویستیی ئەوانەی تر) گۆش کراوە. ئێرەیی، کە لە بوغزەوە هەڵدەقوڵێت، ڕووی لە بابەتە، بەو مانایەی بابەتێکی دیاریکراو هەیە، ئەو ئێرەیییەی پێک هێناوە.
40    .جیل دولوز_ کلیر بارنیت، حوارات فی الفلسفه‌ والأدب والتحلیل النفسی والسیاسه‌، ترجمه‌ عبدالحی ازرقان_ احمد العلمی، افریقا الشرق_ المغرب، 1999