ئەرێ ئەوە کانت و فۆکۆ لە کوێن؟

نامە بۆ ئارام سدیق

برای ئازیز، کاک ئارام سدیق!

دوای ڕێزی زۆر:

سەرەتا ڕێم بدە لە دڵەوە، نەوەک بە تەوسەوە خۆشحاڵیی خۆم لە ئاستی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانتدا دەرببڕم، بە تایبەتی ئەوانەی چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ پێوەندییان بە منەوە هەیە. لەو ڕێیەوە هەوڵم داوە ئەو چەمکانە هەڵبگرمەوە، کە تۆ ناویان دەهێنیت، تا بە ئاڕاستەی دایەڵۆگیاندا ببەم و ڕەگەکانیان بدۆزمەوە، کە ئەوە هێزێکی گەورەی پێ داوم. هەم بە نووسین و هەم لای هاوڕێ نزیکەکانیشم ئەوەم دەربڕیوە، کە بوونی تۆ ئەمڕۆ بۆ ئەم ململانێیە گرنگە، بەوەی لە ڕێی ئەو چەمکانەوە زەمینە بۆ ئەوە خۆش دەکەیت، کەسانی دیکە بە شێوەی جیاواز لێیانەوە بدوێن. دواتر بۆ بایەخی ئەو کارەت دەگەڕێمەوە. ئەوەتە دیسان چاوم بە گوتارێکی نوێت ڕۆشن بووەتەوە، کە ناوت ناوە (ئایا قەبووڵکردنی ڕەخنە کردەیەکی ناسروشتییە؟) و بەم پەرەگرافە دەست پێ دەکەیت:

[لە وانەوتاری “ڕەخنە چییە؟”دا میشیل فۆکۆ دەگەڕێتەوە بۆ وتارە بەناوبانگەکەی ئیمانوێل کانت کە ناونیشانی “ڕۆشنگەریی چییە؟”یە و لەوێدا فۆکۆ ڕەخنە دەبەستێتەوە بە چەمکی ڕۆشنگەرییەوە. واتە هەرکەس ڕەخنە بگرێت (بێگومان ئەگەر ڕەخنەکە لە سیاقی ڕەخنەییدا بێت) کەسێکی ڕۆشنگەرە. بەو پێیەی ڕەخنەگرتن پەیوەندی بە ڕۆشنبیریی و وشیاریی تاکەکانەوە هەیە لەبارەی ئەو شتانەی ڕەخنەی لێ دەگرن. ڕەخنە بەتەنها کردەیەکی کەشفکاریی نییە، بەڵکو کردەی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و دیاریکردنی پێگەی تێکست و کەشفکردنی بونیادی فیکرییەتی، هاوکات دەرخستنی کەموکوڕییەکانیشیەتی].

سەرەتا با بگوترێت ئەو گوتارەی (مێشێل فۆکۆ)، کە لە ژێر ناوی (ڕەخنە چییە؟)دا بڵاو کراوەتەوە، دەروازەیەکە بۆ چوونەناو گوتاری (ڕۆشنگەری چییە؟)یە و لەوێ وردتر لەبارەی ئەو فیلۆسۆفەوە دەدوێت. یەکەمیانی وەک لێکچەیەک لە ساڵی (1978)دا پێشکەشی کۆمەڵەی فەلسەفیی فرانسی کردووە، لە کاتێکدا دووەمیانی لە (1984)دا نووسیوە. بەڵێ، لەبارەی ئەو گوتارەوەیە، کە (کانت) بە هەمان ناونیشان نووسیویەتی. من خۆم لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا لێم وەرگرتووە و سەرچاوەکەیشم نووسیوە. لێرەدا تەنیا فۆکەس دەخەمە سەر دووەمیان، بەڵام ئەگەر پێویستی کرد، ئەوە لە ئاییندەدا بۆ یەکەمیشیان دەگەڕێمەوە، بگرە ئامادەم لەبارەی ئەو ڕوانینەوە بابەتێکی سەربەخۆ بنووسم، کە بە گشتی (فۆکۆ) بۆ (کانت)ی هەیە. لە ئاستی خۆتدا خۆشەویستیم دەردەبڕم، بەڵام وەک دەزانیت و لە بەرهەمەکانی پێشوومدا دیوتە، لە بەرانبەر بۆچوونەکانتدا نەرمی نانوێنم، بۆیە ڕێم بدە بڵێم گومانی گەورەم هەیە تۆ ئەو گوتارەت هەر بینیبێت، چجای بگاتە ئەوەی خوێندبێتتەوە. دیارە ئەمە لەبەر ئەوە ناڵێم، کە ئەو وشانەی نووسیوتن، پێوەندییان بەو دوو فیلۆسۆفەوە نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئاگام لە نووسینەکانی پێشووتە و لە بەرهەمەکانمدا، بە تایبەتی لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا دەرمخستووە چۆن کاتێ گوتەی فیلۆسۆفێکت بەر چاو دەکەوێت، دەیگوێزیتەوە ناو نووسینت، بەبێ ئەوەی ڕایەڵ (کۆنتێکست)ـەکانی ئەو گوتەیە بناسیت و هیچ گومانێکت لەوە هەبێت، کە ئەو نووسەرەی لێت وەرگرتووە، وەک خۆت لە سەرچاوەیەکی دیکەوە نەیهێناوە. هەر لەم گوتارەی ئێستاتدا نووسیوتە: (زۆرجاریش ڕەخنەنووسانی کورد بەلای تێکستدا ناچن و کاریان بە نووسەرە و لە نووسەرەوە بڕیار لەسەر تێکستەکەش دەدەن، کە زۆرجار تێکستەکەیان نەخوێندووەتەوە).

هەر خۆت بە ڕاستی ئەوەت کردووە و دواتر بۆی دەگەڕێمەوە، بەڵام ئێستا لێت دەپرسم: دەتەوێت پێم بڵێیت ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت بە چ زمانێک خوێندووەتەوە؟ ئایا دەتوانیت سەرچاوەکەم بۆ بنووسیت؟

ئەرێ ئەو گوتەیەی سەرەوەت و هیی لەم شێوەیەت: (ئەوەی لای ئێمە زۆرجار بەناوی ڕەخنەوە دەنووسرێت هەڵڕشتنی ڕقی شەخسی و نەبینینی کۆی تێکستەکەیە، یان بەلاڕێدابردنی تێکستەکەیە بەو مەرامەی ڕەخنەگر مەبەستییەتی)، هیی نووسەرێکن چوار دێڕی (فۆکۆ)ی خوێندبێتەوە؟ ئەگەر بۆ سەرەتای حەفتاکان و دروستتر بۆ ڕۆژنامەی (هاوکاری) بگەڕێیتەوە، دەیان بابەتی لەم شێوەیە دەبینیت. جیاوازیی ئەو نووسەرانە لەگەڵ تۆ، ئەوەیە، کە ئەوان ناوی فیلۆسۆفانیان نەهێناوە، بەڵام تۆ لەم ڕووەوە درێغیت نەکردووە، دەنا ئەوانیش لە هەمان ئاستی تێگەیشتن و زمانی تۆدا نووسیویانە. ئەم جۆرە نووسینەم بە منداڵی خوێندووەتەوە و لێیشی تێگەیشتووم، چونکێ زانیومە هەمان ئەو گوتانەن ڕۆژانە لە دەمی خەڵکەوە بیستوومن. لەو سەردەمەدا هەندێک زانیویانە ئەم شێوازە ئاسانە و هیچی نوێ بە دەستەوە نادات. بۆیان دەرکەوتووە هەر کاتێ هەندێک نووسەر نەیانزانیوە چی بنووسن، هاتوون و گوتوویانە پێویستە مرۆڤ دڵی فرەوان بێت. وا چاکە بە ڕەخنە تێک نەچێت، بەڵکوو پێویستە قەبووڵی بکات، کە دواتر لای (فۆکۆ) دەبینین ئەو جۆرە نووسینە بۆچی هێندە سادەیە. لە کۆتاییی حەفتاکاندا (بورهان قانیع) و (مەحموود زامدار)، کە بە دوو مرۆڤی قسەخۆش ناسرابوون، لە دانیشتنێکی ئێوارانی بەغدادا ئەم باسە دەهێننە گۆڕێ. (قانیع) ناوی دەنێت (بۆڵەبۆڵ)، بەڵام (زامدار) (منگەمنگ)ی لا دروستە. وەک دەزانین (زامدار) بە (ئیڵیۆت) سەرسام بوو، کە ئەو پێچەوانەی شاعیرانی کلاسیک، پەنای بۆ جۆرێک لە پەنهانی، سیمبۆل و میستری دەبرد، وەک لە دیوانی (وێرانەخاک)دا دەیبینین، کە هەر خۆی کردوویەتیە کوردی. لەوێدا مانای مانگی نیسان لە ئارامی و بووژانەوەوە دەگۆڕێت بۆ دڵڕەقی و وێرانکاری.

کاک ئارامی ئازیز، من گوتم گومانی گەورەم هەیە تۆ ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت خوێندبێتەوە، چونکێ ئەگەر تەنیا کەمێکت لە بارەی ئەو فیلۆسۆفەوە بیستبێت، بەم زمانە نانووسیت، کە ڕۆژانە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵکی ئاسایی بە کاری دەهێنن. ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی پێشووم بگەڕێیتەوە، دەبینیت بە ڕوونی دەرمخستووە زمانی نووسینت هەمان زمانی جەماوەرە. ئەوەتە دەمەوێت ئەم نووسینەیشت بە مێتۆدی پرسیار و ڕاڤە بخوێنمەوە. واتە دەبێت ئەوە بسەلمێنم، کە ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت نەدیوە و هاوکات خۆم لەو بارەیەوە بنووسم. ئایا تۆ دەتوانیت پێشانی بدەیت، خوێندووتتەوە و لێی تێگەیشتوویت؟ مەبەستم تێگەیشتنی تایبەت بە خۆتە، کە پێم وایە بەوەدا تێکست لە بێژمار ئاڕاستە پێک دێت، تێگەیشتن پرۆسێسێکی تاکانەیە، بەو مانایەی هەر یەکێ بە شێوازی خۆی ئەو تێگەیشتنە دادەمەزرێنێت. واتە تێگەیشتن بۆ تێپەڕاندنی ئەو بابەتەیە، کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. تێپەڕاندنی، نەوەک دەستپێوەگرتنی. ئایا ئەو تێگەیشتنەی (فۆکۆ) لەم گوتارەتدا کاری پێ کراوە، بەو مانایەی ئایا خوێنەرێکی بێلایەن دەتوانێت ئەو تێگەیشتنە لە بۆچوون و دەربڕینتدا ببینێت؟ ئایا لە بەرهەمەکانی پێشووتدا هیچ یەکێ لە تێزەکانی (فۆکۆ)ت لێک داوەتەوە؟ من خۆم نەمدیوە، بەڵام ئەگەر لانی کەم نموونەیەکم پێشان بدەیت، بە بایەخەوە دەیخوێنمەوە.

ئایا ئەوەی لەبارەی ئەو گوتارەی (فۆکۆ)وە نووسیوتە، کارێکی سەختە؟ گوتووتە: [لەوێدا فۆکۆ ڕەخنە دەبەستێتەوە بە چەمکی ڕۆشنگەرییەوە. واتە هەرکەس ڕەخنە بگرێت (بێگومان ئەگەر ڕەخنەکە لە سیاقی ڕەخنەییدا بێت) کەسێکی ڕۆشنگەرە.].

ئایا زەحمەتە مرۆڤ شتێکی لەم شێوەیە لەبارەی ئەم گوتارەی (فۆکۆ)وە بنووسێت، هەتا ئەگەر نەیشیخوێندبێتەوە؟ ئەرێ (ڕەخنەکە لە سیاقی ڕەخنەییدا بێت) چییە؟ گوتووتە: (کەشفکردنی بونیادی فیکری). پێم دەڵێیت ئەوە مانای چییە؟ خوێنەری (فۆکۆ) ئەوانە دەنووسێت؟ ئایا من کاتێ گوتاری (چۆن ماست هەوێن دەکرێت؟)م لە شوێنێکدا بەر چاو دەکەوێت، ناتوانم بڵێم باسی شیر، ئاگر، مەنجەڵ، کەوچکی گەورە و شتی دیکەی لەم بابەتە دەکات، هەتا ئەگەر نەیشمخوێندبێتەوە؟ ناتوانم وەسفی مەنجەڵەکە بکەم و بڵێم قووڵە و سەرقاپەکەی تۆکمەیە؟ ئەرێ سەختە بنووسم ئەو کەوچکەی شیرەکەی پێ تێک دەدرێت، درێژییەکەی سی سانتیمەترە؟ ئایا تۆ لەبارەی ئەو گوتارەوە شتێکت گوتووە، کە هەر ئەندامێکی تری ئەم کۆمەڵگەیە، بێ ئەوەی وەک نووسەر خۆیی ناساندبێت، نەتوانێت بینووسێت؟

بۆ منی خوێنەر لەوانە سەیرتر، ئەوەیە، کە نووسیوتە:

(ئەوەی لەنێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا هەیە دوور و نزیک پەیوەندی بەو چەمکەوە نییە، کە فۆکۆ بۆ ڕەخنە بەکاری دەهێنێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێت ڕەخنەیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، دەبێت پەیڕەوکاری فۆکۆ بین و بە عەقڵێکی کراوە و بە فرەدیدگاییەوە لە تێکست بڕوانین. ئەگەر بەمشێوەیە نەبێت کەسی ڕەخنەگر دروست نابێت، چونکە ڕەخنەگر کەسێکی ڕۆشنگەری بیرکەرەوەیە، کە توانای بینینی دیوێکی دیکەی تێکستی هەیە، کە هەموو چاوێک توانای بینینی ئەو دیوەی تێکستی نییە).

مەبەستت کام چەمکەی (فۆکۆ)یە؟ ئایا تۆ هیچ شتێکت لەبارەی ئەو فیلۆسۆفەوە گوتووە؟ دیسان دەپرسم ئەرێ سەختە هەر کەسێک بیەوێت ئەم چەند وشەیە بنووسێت؟ ئایا منێک هەتا ئەگەر گوتاری (چۆن ماست هەوێن دەکرێت؟)م نەخوێندبێتەوە، ناتوانم بڵێم خەڵکێکی زۆر نازانن بەم شێوەیە ماست هەوێن بکەن؟ ئایا زەحمەتە بنووسم بۆ ئەوەی بە چاکی هەوێنی بکەین، پێویستە ڕێی نووسەری ئەو گوتارە بگرین؟

ئایا لای تۆ چەمک چییە؟ بە تێگەیشتنی من ڕاڤەی چەمک هەیە، بەو واتایەی لە ڕێی ئەو ڕاڤەیەوە چەمک مانا و ڕەهەندەکانی دەردەکەون، کە ئەو مانایانە بەپێی ئەپیستیمەکان دەگۆڕێن. مانای چەمکێک لە سەردەمی ڕێنەیسانسدا هەمان ئەو مانایە نییە، کە لە سەردەمی کلاسیکدا هەیەتی و ئەوەیشان جیاوازە لەو مانایەی لە سەردەمی مۆدێرندا پێی دراوە. دواتر هەر لای (فۆکۆ) ئەوە لێک دەدەینەوە. تکایە جارێکی دیکە بۆ سەرەتای حەفتاکان بگەڕێرەوە و سەرنجی نووسینی خۆمان بدە، تا بزانیت تەمەنی ئەم گوتانە پەنجا ساڵی تێپەڕاندووە و سواونەتەوە. ئینجا ئەوەی دەڵێیت: (دەبێت پەیڕەوکاری فۆکۆ بین)، بەڵگەیەکی دیکەیە، کە تۆ ئەو گوتارەت نەدیوە، چونکێ (فۆکۆ) خۆی لە تێکڕای نووسینەکانیدا دژی ئەو تێگەیشتنە وەستاوەتەوە. لەم گوتارەیشیدا جەخت لەسەر بۆچوونەکانی (کانت) دەکاتەوە، کە پێویستە پێڕۆکەری هیچ دەستەڵاتێک نەبین. ئەوەی تۆ گوتووتە، هیی بواری ئایینە و دەروێشان پێڕۆییی تەریقەت دەکەن. فەلسەفە بە گشتی دژی ئەو تێگەیشتنەیە، بەڵام (فۆکۆ) بەوەدا ئاستی نەبینراوی چەمکی دەستەڵاتی دۆزیوەتەوە، بە هێزێکی گەورەترەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. دواتر لەم گوتارەیدا بە ڕوونی ئەوە دەبینین.

ئەگەر ناوی (فۆکۆ) لەم گوتارەت لا ببەیت و پێشانی خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفەی بدەیت، بڕوا دەکات تۆ ناوی ئەو فیلۆسۆفەت بیستووە؟

من لە خوارەوە هەوڵ دەدەم ئەو گوتارەی (فۆکۆ) بە تێگەیشتنی خۆم لێک بدەمەوە، تا لەوێوە بۆ نووسینەکەت بگەڕێمەوە و لە ڕێی پرسیارەوە ڕووبەڕووی ببمەوە. دەمەوێت دەریبخەم ئەو گوتەیەی وەرتگرتووە: یەکەم، دوورە لەوەی هیی (فۆکۆ) بێت و دووەم، هیچ پێوەندیی بە بابەتەکەتەوە نییە، بەڵکوو هەم سادەیە و هەم فریودەرانەیش. هیوادارم تۆ بێیت و هەر لە ڕێی ئەو گوتارەوە بیسەلمێنیت پێوەندیی پێوە هەیە و بە ئاگایییەوە دەستت بۆی بردووە.

****

لێرەدا گوتارەکەی (فۆکۆ) لێک دەدەمەوە:

گۆڤاری مانگانەی بەرلین (Berlinische Monatsschrift) لە ساڵی (1784)دا پرسیاری ڕۆشنگەری چییە؟ (Was ist Aufklärung?)، یان (What is Enlightenment?) دەکات، بەو مەبەستەی بیرمەندانی ئەو سەردەمە وەڵامی بدەنەوە، کە (کانت) یەکێکیانە.(1) وەک (فۆکۆ) دەڵێت دەشێ تێکستێکی سادە بێت، بەڵام بە نیشانەیەکی گرنگی دەزانێت بۆ دەرخستنی پرسیارێکی گرنگ لەناو دنیای فکردا، پرسیارێک فەلسەفەی مۆدێرن نەتوانێت وەڵامی بداتەوە، بەڵام هەرگیز نەیشتوانێت لێی ڕزگار ببێت. ئەو پرسیارە بەردەوام و بە شێوەی جیاواز، لەم دوو سەدەیەدا هەم ڕاستەوخۆ و هەم ناڕاستەوخۆ خۆیی سەپاندووە. لای (هیگڵ) دەردەکەوێتەوە و بە (نیتشە)، (ماکس ڤیبەر)، (هۆرکهایمەر)، (هابرماس)دا تێدەپەڕێت. ئینجا وەک (فۆکۆ) دەڵێت ئەوەتە خۆیشی ڕووبەڕووی بووەتەوە. دەنووسێت با وای دابنێین گۆڤارەکە هێشتا بەردەوامە و ئەو پرسیارە ئاڕاستەی خوێنەرانی دەکات: فەلسەفەی مۆدێرن چییە؟ دەکرێت بە دەنگدانەوەیەک (an echo) بگوترێت ئەو فەلسەفەیەیە، کە هەوڵ دەدات وەڵامی پرسیارێک بداتەوە، دوو سەدە لەمەوبەر بە شێوەی سۆزرەت (imprudently) خۆیی دەرخست. (فۆکۆ) دەڵێت (مووسا مەندەلسۆن: Moses Mendelssohn)ی فیلۆسۆفیش دوو مانگ پێشتر هەر لەو گۆڤارەدا وەڵامی هەمان پرسیاری داوەتەوە، بەڵام (کانت) کاتێ ئەوەی خۆیی نووسیوە، هیی ئەوی نەدیوە. (فۆکۆ) گوتارەکەی (کانت) جودا دەکاتەوە، کە گرفتی نوێ دەخاتە ناو فکر و نەریتی کریسچیانیتییەوە و پێی وایە سێ فۆرم لە خۆی دەگرێت:

یەکەم: ئێستا (present) وەک ئەوەی سەر بە ماوەیەکی دیاریکراوی جیهان خۆی دەردەخات (as belonging to a certain era of the world)، بە هەندێک خەسڵەتی تایبەتی خۆی لێی جودایە، یان لە ڕێی هەندێک ڕووداوی دراماتیکییەوە لێی دادەبڕێت.

دووەم: لێکدانەوەی ئێستا بەو مانایەی هەوڵێکە بۆ دەرخستنی ئەو ئاماژە مژدەدەرانەی (heralding signs) ڕووداوی ئاییندە پێشان دەدەن. لێرەدا بنەمای جۆرێک هێرمینیۆتیکیی مێژوویی (historical hermeneutics)مان هەیە، کە دەشێ (ئۆگستین) نموونەیەکی دیار بێت.

سێیەم: ڕاڤەکردنی ئێستا بەو مانایەی خاڵی وەرچەرخانە بۆ بەرەبەیانی جیهانێکی نوێ، وەک ئەوەی (ڤیکۆ: Vico)ی فیلۆسۆف لە بەشی کۆتاییی کتێبی (زانستی نوێ:La Scienza Nuova)دا باسی لێوە دەکات.

لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا وەک (فۆکۆ) پێی لەسەر دادەگرێت تێگەیشتنی (کانت) لەم ڕووەوە لە هیی هەموو ئەوانەی دی جیاوازە، بەوەی ڕۆشنگەری بە ماوەیەکی دیاریکراوی جیهانێک نازانێت، کە تێیدا دەژین. پێیشی وا نییە ڕووداوێکە و لە نیشانەکانی دەگەین، وەک چۆن ناکرێت خۆری هەڵهاتووی بەرەبەیانێکیش بێت (nor the dawning of an accomplishment)، بەڵکوو بە شێوەیەکی نەگەتیڤانە لێکی دەداتەوە، کە وای دەناسێنێت (دەرچوون: Ausgang)، یان (“exit,” a “way out.”)ـە. ئەگەرچی لە تێکستەکانی تریدا پرسیار لەبارەی بنەمای شتەکانەوە دەورووژێنێت، یان ئامانجی ناوەکییانە (internal teleology)ی پرۆسێسی مێژوو دەستنیشان دەکات، بەڵام لێرەدا لە وەڵامی (ڕۆشنگەری چییە؟)دا دەبینین دەیەوێت تەنیا لە شێوەی پرسیاری واقیعی هاوچەرخ (question of contemporary reality alone)دا دەریبخات. ئەو هەوڵ نادات لەسەر بنەمایەکی گشتی (the basis of a totality)، یاخود دەستکەوتێکی داهاتوو (a future achievement) لە (ئێستا) بگات، بەڵکوو بە دوای جیاوازیدا دەگەڕێت: ئەو جیاوازییە چییە، کە ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ دوێنێ دەیخاتە ڕوو؟

(فۆکۆ) دەڵێت نایەوێت ڕۆ بچێتە ناو وردەکارییەکانی ئەو تێکستەوە، کە لەگەڵ ئەوەیشدا کورتە، بەڵام هەمیشە زۆر ڕوون نییە. مەبەستیەتی سێ چوار خەسڵەتی گرنگی تێدا دەستنیشان بکات، کە پێوەندییان بە شێوازی ورووژاندنی ئەو پرسیارە فەلسەفییەوە هەیە لەبارەی (ئێستا)وە. بەم شێوەیە ئاماژە بەو دەرچە (way out)یە دەکات، کە ڕۆشنگەریی پێ دەناسرێتەوە. پرۆسێسی ڕزگاربوونە لە کەموکورتی، یان کەموکووڕی (immaturity). کەموکورتی بە چ مانایەک؟ بەو مانایەی دۆخێکی دیاریکراوی ویستمانە و وامان لێ دەکات دەستەڵاتی کەسێک پەسەند بکەین، تا لەو بوارانەدا بە ڕێوەمان ببات، کە بەکارهێنانی عەقڵ دەخوازن. لەم ڕووەوە سێ نموونە دەهێنێتەوە: یەکەم: ئێمە لە دۆخی کەموکورتیداین، کاتێ کتێب شوێنی تێگەیشتنمان دەگرێتەوە. دووەم: کاتێ ڕابەڕێکی ڕۆحی (spiritual director) شوێنی ویژدانمان دەگرێتەوە. سێیەم: کاتێ پزیشک لە جیاتیی ئێمە بڕیار دەدات چی بخۆین. بەهەرحاڵ لێرەدا ڕۆشنگەری وا پێناسە دەکات، کە دەستکاریکردنی ئەو پێوەندییە پێشوەختە (preexisting relation)یە، ویست (will)، دەستەڵات (authority) و بەکارهێنانی عەقڵ (the use of reason) پێکەوە دەبەستێتەوە. واتە ئەو (دەرچوون)ـە هێندەی دۆخێکی تاکانەیە، بەو ئەندازەیش کۆیە، بەوەی ئەوە دەخوازێت (ویست) بخرێتە گەڕ.

وەک (فۆکۆ) ئاماژەی پێ دەکات، (کانت) دەڵێت مرۆڤ خۆی لەو کەموکورتییەی بەرپرسە، بۆیە پێویستە وای دابنێین، کە تەنیا بە گۆڕانکارییەک، خۆی لە خۆیدا بەرپای دەکات، دەتوانێت لێی هەڵبێت. پێی وایە ڕۆشنگەری درووشم (Wahlspruch)ێکی هەیە، کە بریتییە لە (با بوێریی زانینت تێدا بێت، با ئازایەتیی زانینت هەبێت) (dare to know,” “have the courage, the audacity, to know.”). ڕاستییەکەی زاراوەی بوێریی بیرکردنەوە، یان بوێریی زانین (Dare to know) لە بنەڕەتدا دەربڕینێکە (هۆراس)ی شاعیر بە کاری هێناوە، کە ڕەگی بۆ لاتینی دەگەڕێتەوە (Sapere aude).

کەواتە بەپێی (کانت) ڕۆشنگەری ئەو بوێرییەیە، ئێمە دەیخەینە بەر خۆمان، تا بەبێ پاڵپشتیی ئەوانەی دی خۆمان بە ڕێوە ببەین، کە ئەوەیش ڕێمان دەدات پرسیاری نوێ دابهێنین، چەمکەکان لێک بدەینەوە و گفتوگۆیان لێوە بکەین، بەبێ ئەوەی ملکەچی هیچ دەستەڵاتێک ببین.

(کانت) پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، هەر یەکێکمان کەڵک لەوە وەربگرین، کە هەمانە، بێ ئەوەی ڕێ بدەین کەسانی تر ڕێنوێنیمان بکەن. ئەو ئازادییە بەرهەمهێنەری بیرکردنەوەی ئازادە، کە هەر ئەویشە دەبێتە بنەمای ڕۆشنگەرییەکی عەقڵانی. دەکرێت بگوترێت فەلسەفەی (کانت) فەلسەفەیەکی خودگەرایە، بەو مانایەی سێکوچکەی پرسیاری ئەو لەبارەی خودڕاڤە (Self-reflection)ـەوەیە: دەکرێت چی بزانم؟ لەسەرمە چی بکەم؟ چی بە ئاوات بخوازم؟(2)

زەحمەتییەکی دیکەی ئەو تێکستە، کە (فۆکۆ) تێیدا دەدۆزێتەوە، ئەوەیە، (کانت) چەمکی مرۆڤایەتی (mankind,’ Menschheit) بە شێوەیەکی جیاواز بە کار دەهێنێت. ئەو چەمکە لە تێگەیشتنی ئەو فیلۆسۆفە بۆ مێژوو، بایەخی خۆیی هەیە. ئایا ئێمە لەوەوە وا تێدەگەین، کە تێکڕای توخمی مرۆڤ لە ڕۆشنگەریدا ڕۆ دەچێت؟ لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا پێویستە ڕۆشنگەری وا بێنینە بەر چاو وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی کاریگەریی لەسەر بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەرجەم مرۆڤایەتی جێ دەهێڵێت. یان پێویستە وا تێبگەین گۆڕانکارییەک دەگرێتە خۆی، کە کاریگەریی لەسەر مرۆڤایەتیی مرۆڤ (humanity of human) دادەنێت. لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات: ئایا گۆڕانەکە چییە؟ وەڵامی (کانت) بۆ ئەو پرسیارە ناڕۆشنە. بەهەرحاڵ ئەگەرچی وەڵامەکەی سادەیە، بەڵام ئاڵۆزە. (فۆکۆ) وا دەڵێت. (کانت) دوو مەرج دادەنێت، بۆ ئەوەی مرۆڤ لەو کەموکورتییەی ڕزگاری ببێت. یەکەم: ڕۆحی و دامودەستگەیی (spiritual and institutional). دووەم: ڕەوشتی و سیاسی (ethical and political). مەرجی یەکەم جوداکردنەوەیەکی ڕوونی نێوان بواری ملکەچی (obedience) و بواری بەکارهێنانی عەقڵە. لێرەدا بۆ دەستنیشانکردنی تایبەتمەندێتیی دۆخی کەموکورتی دەربڕینە باوەکە بە کار دەهێنێت: (بیر مەکەرەوە، تەنیا فەرمان جێبەجێ بکە!). پێی وایە ئەمەیان ئەو شێوازەیە، کە دیسپلینی سەربازی، دەستەڵاتی سیاسی و دەستەڵاتی ئایینی تێدا بە کار دەهێنرێت. بەم شێوەیە مرۆڤایەتی ئەو کاتە ناگاتە ئاستی پێگەیشتن (maturity)، کە داوای لێ ناکرێت گوێڕایەڵ بێت، بەڵکوو ئەو کاتە پێی دەگات، کە پێی دەگوترێت: (مل کەچ بکە، ئەودەم دەتوانیت وەک ئەوەی دەتەوێت، بیر بکەیتەوە). واتە مەرجە بە ویستی خۆی بیر بکاتەوە، کە بەم شێوەیە (ملکەچی) ماناکەی دەگۆڕێت و دەچێتە دۆخی ئازادییەوە. (فۆکۆ) دەڵێت پێویستە لێرەدا سەرنج بدەینە وشەی (räsonieren)ی ئەڵمانی، کە لە ڕەخنەیشدا بە کاری هێناوە، ئاماژەیە تەنیا بۆ هەر بەکارهێنانێکی عەقڵ، بەو مانایەی عەقڵ جگە لە خۆی، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە. واتە بیرکردنەوە لە پێناوی بیرکردنەوەدا، یاخود عەقڵ لە پێناوی عەقڵدا. (äsonieren is to reason for reasoning’s sake). نموونە دەهێنێتەوە: لەسەرتە باج بدەیت، بەڵام ئازادیت چۆن بیر لە سیستەمی باج دەکەیتەوە. بانگخوازی ئایینی بەپێی ئەو باوەڕەی هەیەتی، دەدوێت، بەڵام ئازادە چۆن بیر لە باوەڕی ئایینی دەکاتەوە.

بەم شێوەیە (کانت) بەکارهێنانی تایبەتییانەی عەقڵ و بەکارهێنانی گشتییانەی عەقڵ لە یەک جودا دەکاتەوە، کە عەقڵ پێویستە لە دووەمیاندا ئازاد و لە یەکەمیاندا ملکەچ بێت، بەڵام کەی؟ کاتێ لە کۆمەڵگەدا ئەرکێکی لەسەر شانە. دەبێت وەک بوونەوەری بیرکەرەوە بیر بکەینەوە، نەوەک بورغوو بین لە ئامێردا، مادام بەشێکین لە مرۆڤایەتیی بیرکەرەوەوە. لێرەوەیە دەکرێت بگوترێت بەکارهێنانی عەقڵ ئازاد و گشتییە. بەرژەوەندیی گشتی وا دەخوازێت یەکەمیان سنووری بۆ دابنرێت، بەو مانایەی تاک ملکەچ بکرێت، مادام ئەندامێکی کۆمەڵگەیە و ئەو کۆمەڵگەیەیش یاسا بە ڕێوەی دەبات، بەڵام بۆی هەیە لەبارەی یاساکان و شتەکانی دیکەی کۆمەڵگەوە ئازادانە بۆچوون دەرببڕێت. بە مانایەکی دی، ئەوە کاتێ بە دی دێت، کە ڕۆشنگەری تێکڕای کۆمەڵگە دەگرێتەوە و تێیدا مافەکانی تاک پارێزراون. (کانت) ئەمە بە دۆخێکی جێگر نازانێت، بەڵکوو پێی وایە دەبێت لە ڕێی ڕەخنەوە بەردەوام گۆڕانی بەسەردا بێت. واتە هۆشیاریی ئازاد، کە بەرهەمی (ویستی ئازاد: Free will)ـە، بزوێنەری ئەو پرۆسێسەیە. (فۆکۆ) جەخت لەسەر بۆچوونی (کانت) دەکاتەوە، بەوەی بەکارهێنانی گشتییانەی عەقڵ بابەتێکە، پێوەندیی بە تاکەوە هەیە.

دەگەینە ئەوەی بڵێین مرۆڤ کاتێ لە دامودەستگەی دەوڵەتدا کار دەکات، عەقڵی تایبەتی خۆی ناخاتە کار، بەوەی پابەندی ئەرکێکی دیاریکراوە. بە مانایەکی دی، ئامێری دەوڵەت ڕێنوێنیی دەداتێ، تا کار بۆ گشتی بکات. لێرەدا تاک گوێڕایەڵە و ئازاد نییە، بێ ئەوەی ئازادییەکەی لە دەربڕیندا لە دەست دابێت. واتە ڕۆشنگەری بەکارهێنانی ئەو عەقڵە تایبەتەیە، بەڵام ملکەچی بۆ دەستەڵاتیش دەداتە دواوە.

(فۆکۆ) پێی وایە باسی سەرەکیی فەلسەفە و فکری ڕەخنەیی لە سەدەی هەژدەمەوە لەبارەی پرسیارێکەوە بووە، کە خۆی لەوەدا دەنوێنێت: ئەو عەقڵە چییە، بە کاری دەهێنین؟ کاریگەری و شوێنەوارە مێژوویییەکەی چین؟ سنوورەکانی چین و ئەو مەترسییانە چین، لێی دەکەونەوە؟ ئەگەر فەلسەفە لە چوارچێوەی بیری ڕەخنەیییانەدا ئەرکێکی هەیە، ئەوە ئەرکەکە بریتییە لە پەسەندکردنی ئەو دەرگە چەرخەدار (Revolving door)ـەی دەمانگەیەنێتە پێداویستی و مەترسییەکانی لە یەک کاتدا. لێرەوە لای ئەو فەلسەفەی (کانت) بایەخی هەیە، بەوەی ڕەخنەئامێزە و بە ڕوونی ئەوە دەردەبڕێت، کە نابێت ملکەچی دەستەڵات ببین، مادام داوا دەکات ئەو مرۆڤە لە دۆخی کەموکورتیی خۆی بێتە دەرێ و بەرەو ڕۆشنگەری هەنگاو بنێت.

دەگاتە ئەوەی بپرسێت چۆن ڕابردوو جێ بهێڵین، بێ ئەوەی دەست بە ئێستاوە بگرین، کە سبەی ئەو ئێستایە دەبێتە ڕابردوو؟ چۆن ئەو دینامیکییە لە بیرکردنەوەماندا بەرجەستە دەکەین؟ کەواتە (ئەمڕۆ)، نەوەک (دوێنێ) لای (کانت) دەبێتە بابەتی بیرکردنەوە، بۆیە (فۆکۆ) بایەخی ئەو لەوەدا دەبینێت، کە ئۆنتۆلۆجیای ئێستا (ontology of the present)ی کردووەتە پرسیار(3)، بەو مانایەی جەختکردنەوەی ئەو لەسەر (ئێستا)، بۆ ئەوە نییە دەستی پێوە بگرێت، بەڵکوو بەو مەبەستەیە تێی بپەڕێنێت، کە ئەمەیش تەنیا لە ڕێی ڕەخنەوە دێتە دی. ئەو ڕەخنەیە لە ڕووی ئامانجەوە ئارکیۆلۆجی و لە ڕووی مێتۆدەوە جینیالۆجییە. بەم شێوەیە هەردوو پرسیاری سەردەمی ڕۆشنگەری چییە؟ و شۆڕش چییە؟ دوو فۆرمی یەک پرسیارن، کە لەبارەی (ئێستا)وەیە. ئەو ئێستایە تەنیا مەرجەکانی بوونی مەعریفە لە خۆ ناگرێت، بەڵکوو دەبێتە بابەتی بیرکردنەوەیش و بە سەردەمەکاندا تێدەپەڕێت. لێرەوە پێی وایە مۆدێرنیتیی (بۆدلێر) هۆشیارییەکی وایە، سنووری کات دەبڕێت و خۆی لە نەریت دادەبڕێت. ڕۆشنگەریی ئەو پێشکەوتنێکی مێژوویییانەی ڕۆشنگەریی (کانت)ـە.

دیارە ئەو بایەخەی (فۆکۆ) بەو گوتارەی (کانت) لای هەندێک وا دەکەوێتەوە، کە لە کۆتاییی تەمەنیدا لە بۆچوونەکانی پاشگەز بووەتەوە، بەوەی ئەو هەمیشە ڕوانینێکی نەگەتیڤانەی بۆ ڕۆشنگەری و مۆدێرنیتی هەبووە، ئەدی چۆنە ئێستا بەو شێوەیە بەرگری لەو تێزەی (کانت) دەکات؟ گوتارەکەی لە ساڵی (1984)، ماوەیەکی کەم بەر لە مەرگی بڵاو کراوەتەوە. هەمان شت لەبارەی (دێریدا)وە دەگوترێت، کاتێ کتێبی (تارمایییەکانی مارکس) دەنووسێت و بۆ یەکێ لە فیلۆسۆفە دیارەکانی مۆدێرنیتی دەگەڕێتەوە. لەو تەوەرەیەی (گۆران عەبدولڵا)ی بەڕێوەبەری (دەنگەکان) بۆ (مارکس)ی کردووە و من یەکێكم لە بەشدارانی، ئەو باسەم هێناوەتە گۆڕێ و ئێستا بە پێویستی نازانم بۆی بگەڕێمەوە. (هابرماس) یەکێکە لەوانەی پێیان وایە دووفاقییەک لە ڕوانینی (فۆکۆ) بۆ (کانت)دا هەیە، بەوەی لە نووسینەکانی تریدا ڕەخنەی لێ گرتووە، لە کاتێکدا ئێستا وا بۆی دەگەڕێتەوە.(4)

لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا (فۆکۆ) لێرەدا بەرگری لە تەواوی ڕوانینی (کانت) ناکات، بەڵکوو لانی کەم لەوەدا دژیەتی، کاتێ ڕۆشنگەری و هیومانیزم پێک دەبەستێتەوە، بەوەی خۆی پێی وایە هیومانیزم توخمەکانی لە ئایین، زانست و سیاسەت وەرگرتووە و ئەو ڕەخنەی لەو پێکبەستنەوەیە هەیە، مادام بە لای مێتافیزیکادا دەشکێتەوە.

****

کاک ئارامی ئازیز!

ئەوەی لەو بارەیەوە نووسیومە، تەنیا سەرەتایەکە و بۆ ئەوەیە لە ڕێگەیەوە بانگهێشتی ئەو گفتوگۆیەت بکەم، دەنا بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە دەڵێم ئامادەم گوتارێکی پوختتر بنووسم. ئێستا با جارێکی دیکە بۆ ئەو گوتەیەت بگەڕێینەوە: (ئەگەر بمانەوێت ڕەخنەیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، دەبێت پەیڕەوکاری فۆکۆ بین).

وەک بینیمان هەم (کانت) و هەم (فۆکۆ)یش ڕەخنەیان لەو تێگەیشتنە گرتووە. ناویان لەوەی تۆ ناوە دۆخی کەموکورتی، کە وەک گوترا (کانت) پێی وایە ئێمە لە دۆخی کەموکورتیداین، کاتێ سێ شت شوێنمان دەگرنەوە، کە یەکێکیان ئەوەیە کاتێ ڕابەڕێکی ڕۆحی (spiritual director) شوێنی ویژدانمان بگرێتەوە. واتە ئەو ڕابەرە ڕۆحییە، کە دەکرێت پیاوی ئایینی، یان سەرکردەی ئایدیۆلۆجی، یان بیرمەندێک بێت، دەکەینە پێشڕۆمان و دوای دەکەوین، ئەوە لە دۆخی کەموکورتیداین. ئینجا دوو مەرجی داناون، تا لێی ڕزگار ببین، کە یەکێکیان جوداکردنەوەیەکی ڕوونی نێوان بواری ملکەچی (obedience) و بواری بەکارهێنانی عەقڵە. وەک پێشانمان دا لای (کانت) کەموکورتی دۆخێکی دیاریکراوی ویستمانە و وامان لێ دەکات دەستەڵاتی کەسێک پەسەند بکەین، تا لەو بوارانەدا بە ڕێوەمان ببات، کە پێوەندییان بە بەکارهێنانی عەقڵەوە هەیە. ئەوەی تۆ گوتووتە، ئەوەیە: (بیر مەکەرەوە، تەنیا فەرمان جێبەجێ بکە!). (کانت) پێی وایە ئەمەیان ئەو شێوازەیە، کە دیسپلینی سەربازی، دەستەڵاتی سیاسی و دەستەڵاتی ئایینی تێدا بە کار دەهێنرێت. ئەوەیشمان گوت چۆن (فۆکۆ) بایەخی (کانت) لەوەدا دەبینێت، کە ئەو دژی ئەوەیە لە بەکارهێنانی عەقڵدا جگە لە خۆمان، پشت بە کەسی دیکە ببەستین. (کانت) دەڵێت مرۆڤ خۆی لەو کەموکورتییەی بەرپرسە، بۆیە پێویستە وای دابنێین، کە تەنیا بە گۆڕانکارییەک، خۆی لە خۆیدا بەرپای دەکات، دەتوانێت لێی هەڵبێت. ئەگەر لەو دیدەی (کانت)ـەوە بڕوانین، ئەوەی تۆ، کە دەڵێیت دەبێت پێڕۆکەرت هەبێت، کەموکورتییە، بەوەی دەتەوێت ئەو لە جیاتیت بیر بکاتەوە، بەڵام دەکرێت لێی ڕزگار ببیت. چۆن؟ گۆڕانکاری لە خۆتدا بکەیت. واتە خۆت عەقڵی خۆت بە کار بهێنیت و نەبیتە پێڕۆکەری هیچ کەس، کە ئەمە وات لێ دەکات خۆیشت ڕێ نەدەیت کەس ڕێنوێنی بکەیت. واتە ناڵێیت دەبێت ڕەخنەتان قەبووڵ بێت. بەم شێوەیە بەرپرسیت لەوەی دەست بۆ ئەو گۆڕانکارییە دەبەیت، یان نا! کەواتە وەک گوترا ڕۆشنگەری ئەو بوێرییەیە، ئێمە دەیخەینە بەر خۆمان، تا بەبێ پاڵپشتیی ئەوانەی دی خۆمان بە ڕێوە ببەین، کە ئەوەیش ڕێمان دەدات پرسیاری نوێ دابهێنین، چەمکەکان لێک بدەینەوە و گفتوگۆیان لێوە بکەین، بەبێ ئەوەی ملکەچی هیچ دەستەڵاتێک ببین. ئایا هێشتا سووریت لەسەر ئەوەی بڵێیت دەبێت پێرۆکەری (فۆکۆ) بین؟

کاک ئارامی ئازیز، ڕێم دەدەیت جارێکی دیکە بپرسم ئایا تۆ بە ڕاستی ئەو گوتارەت دیوە؟ ڕاستییەکەی پێویستە هەردووکیانت خوێندبنەوە، بەڵام من تەنیا لەبارەی ئەوەی (فۆکۆ)وە دەپرسم. چۆن پێڕۆکەری کەسێک بین، لە کاتێکدا نەمانناسیوە، بەڵکوو تەنیا ناویمان بیستووە؟ ئینجا هەر بە ڕاستی ناوێکی سیحراویی هەیە و لەم سێ دەیەی ڕابردوودا نووسەران زۆر هێناویانە. گوتارەکەتت لە ئەکاونتی فەیسبوک داناوە و هاوڕێیەک سکرینشۆتێکی ئەوی بۆ ناردووم. دەبینم هەشتاوچوار کەس لایکیان کردووە. ئایا لەو هەشتاوچوار خوێنەرە، یەکێکیان نەیپرسی ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت خوێندووەتەوە؟ ڕەنگە هەڵەکە هیی ئەو نووسەرە بێت، لێیت وەرگرتووە، یان دوور نییە ئەویش هەر بە هەڵە هێنابێتی، بەڵام خۆ دەکرا هەم تۆ بە دوایدا بگەڕێیت و هەم خوێنەرانیشت شتێکی لەم شێوەیە بپرسن. با وای دابنێین (کانت) و (فۆکۆ) ماون و لێیان دەپرسین ئایا دەزانن هەشتاوچوار کەس گوتارێکیان بە دڵە، کە ناوی ئێوەی تێدا هاتووە، بگرە گوتراوە دەبێت ببینە پێڕۆکەرتان. ئەرێ چ وەڵامێکمان دەدەنەوە؟

هەر خوێنەرێک چەند لاپەڕەیەکی لەبارەی (فۆکۆ)وە خوێندبێتەوە، دەزانێت ئەو فیلۆسۆفی جیاوازییە و ڕەخنە لە ناسنامە (Identity) دەگرێت، کە ئەو ناسنامەیە تەنیا خۆی بەرهەم دێنێتەوە. ئایا ئێمە ئەگەر پێڕۆکەری ئەو بین، چ جیاوازییەک دەهێنین؟ لە کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا، کە گفتوگۆیەکە و (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم، نووسیومە: [ڕەخنەدۆزانی وەک (فۆکۆ) و (دولووز) ڕەخنە لە هەموو ئەو چەمک و سەرچاوانە دەگرن، کە دەیانەوێت ناسنامەی مرۆڤ پێک بهێنن، کە ناسنامەیەکی چەسپاوە، هاوکات پێ لەسەر ئەوە دادەگرن، کە مرۆڤ بەردەوام ناسنامەی خۆی دروست دەکات؛ ئەو ناسنامەیەی بە بەردەوامییەوە بەستراوەتەوە، نەوەک بە سەرچاوە و چەمکەکانەوە، بۆیە هەموو پابەندی و لەچاوکردنەوەیەک دەدەنە دواوە. پابەندبوون بە چەمک و سەرچاوەکان واتە نەبوونی جیاوازی، بەوەی ئەوانە چەسپاون. بە مانایەکی تر، هەر کاتێ لە ڕێی چەمک و سەرچاوەوە بیر دەکەینەوە، ئێمە پابەندی ناسنامەی نەگۆڕین و هەر ئەو ناسنامەیە وەک خۆی بەرهەم دەهێنینەوە. (فۆکۆ) مێژوو بە هێڵێکی ڕێک نابینێت، بەڵکوو پێی وایە بریتییە لە پچڕان و جیاوازی. بە مانایەکی دی، مێژوو جێگیر و پێکبەستراو نییە، وەک ئەوەی پێشتر (مارکس) بەسەر قۆناغەکان دابەشی کردووە، بۆیە لە بەرهەمەکانیدا، بە تایبەتی لە (ئارکیۆلۆجیای زانین)دا وێناندن، یان نوێنەرایەتی (Representation) دەداتە دواوە، چونکە ئەوەیان هەموو جیاوازی و لەیەکنەچوونێک بە لاوە دەنێت. لەم نێوەدا چەمکی (عەقڵ) زەق دەکرێتەوە و چەمکی (شێتی) دەشاردرێتەوە، کە (فۆکۆ) لە ڕێی ئەوەی دوایییانەوە مێژوو دەخوێنێتەوە و ئەو جیاوازییانە دەدۆزێتەوە، کە لەو دابەشکارییەدا گوم بوون. (دولووز) بە هەمان شێوە لە دژی هەموو لەیەکچوون و وەکیەکییەکدا وەستایەوە].

****

کاک ئارامی بەڕێز!

لە سەرەوە هەندێک نموونەم لە گوتارەکەت وەرگرت و پرسیم ئایا دەکرێت خوێنەرێکی (فۆکۆ) ئەو شتانە بنووسێت و لەم ئاستەی زماندا دەریانببڕێت؟ ئێستا هەوڵ دەدەم هیی دیکەی لێ وەربگرم و پرسیاری ترت ئاڕاستە بکەم. با دیسان بۆ ئەم بڕگەیەی نووسینەکەت بگەڕێینەوە: (ئەوەی لای ئێمە زۆرجار بەناوی ڕەخنەوە دەنووسرێت هەڵڕشتنی ڕقی شەخسی و نەبینینی کۆی تێکستەکەیە، یان بەلاڕێدابردنی تێکستەکەیە بەو مەرامەی ڕەخنەگر مەبەستییەتی).

لێرەدا بە تایبەت مەبەستم لەوەیە، کە دەڵێیت (کۆی تێکست) ببینرێت. ئایا سەیر نییە یەکێ پێی وا بێت ئەگەر لە (فۆکۆ)وە بڕوانین، بەم ئەنجامە دەگەین، لە کاتێکدا ئەو فیلۆسۆفە پێچەوانەی ئەوەی کردووە؟ ئایا ئامادەیت گفتوگۆیەکی سەربەخۆ لەو بارەیەوە بکەین؟ ئەگەر ئامادە نییت، ئەوە پێت خۆشە خۆم باسێکی تایبەت بنووسم و پێشانی بدەم، کە (فۆکۆ) چۆن دەڕوانێتە چەمکی تێکست؟ دیارە هێندەی ئاگام لێ بێت، پێشتریش لە گوتارێکی ترتدا هەمان بۆچوونت دەربڕیوە و من لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) بۆ گۆڤاری (وانەر) لەگەڵیدا کردووم، وەک نموونە هێناومەتەوە و نووسیومە:

[ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت پێویستە ڕەخنەگری ڕاستەقینە کۆی تێکست ببینێت. هەر بە ڕاستی وەک شتێکی فیزیکی دەڕوانێتە تێکست. واتە ئەو تێکستە بریتییە لەو ڕووبەرەی وا لەسەر کاغەزدا شێوەی گرتووە. لایەنە دیارەکەی تێکست، نەوەک لایەنە نادیارەکەی بۆ ئەو گرنگە. ئەوە چ تێکستێکە، کە تا ئەو ڕادەیە سادەیە، دەتوانیت هەمووی ببینیت؟ ئەوەی لە ڕێی دایەڵۆگەوە، دایەڵۆگ لەگەڵ فکری ڕەخنەییدا، نەهێناوە، بەڵکوو لەو دۆخەی وەرگرتووە، کە (دۆرکایم) بە کۆویژدان، یان کۆهۆش (collective consciousness) ناوی دەبات. ئەو کۆویژدانە تێکڕای ڕوانینی کۆمەڵگە دەگرێتە خۆی. ئەگەر ئەو پەرەگرافە بدەیتە هەر خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفە، پێی پێدەکەنێت، بەڵام لەم دۆخەی ئەمڕۆی ئێمەدا دەتوانێت لەگەڵ کۆمەڵێک پەرەگرافی دیکەی هاوشێوەی خۆیدا یەک بگرێت و کتێبێک پێک بهێنێت. ڕەخنەگری میلـلی دەیەوێت کۆی تێکست ببینێت، بۆیە ئەو نووسەرانە دەدۆزێتەوە، کە خۆیشیان لەو کۆویژدانەیان وەرگرتووە. لە ماوەیەکی کورت و بە ئاسانی دەتوانێت کتێبیان لە بارەوە بنووسێت].

****

کاک ئارامی ئازیز، ئێستا ئەم پەرەگرافە لە نووسینەکەت وەردەگرم:

[بێگومان لەنێو فەزای ڕۆشنبیرییەکی نۆرماڵدا ڕەخنە قەبووڵ نەکردن کردەیەکی ناسروشتییە، بەڵام لەنێو ئەم فەزا ئاڵۆزەدا، کە سیخنانە بە نەخوێندەواریی و ناڕۆشنبیریی و دووربوون لە کتێب و مەعریفە، بەڵام خۆ هەڵواسین بە نووسین و کتێب و مەعریفەدا قەبووڵکردنی ڕەخنە دەبێتە کردەیەکی ناسروشتی و نەخوێندەوارەکانی نێو کایەی رۆشنبیریی کوردی بە وتار و نامە و لاوانەوەوە دەکەونە پێداهەڵگوتن بە یەکتریدا.

مانگی ڕابردوو سێ هاوڕێی نووسەر لەسەر ئەوەی ڕەخنەیان لە یەکتری گرتووە (کە بێگومان ئاستی ڕەخنەکان بە جۆرێکە مەگەر لەنێو کورددا پێی بوترێت ڕەخنە و من قسە لەسەر ناوەرۆکی ڕەخنەکان ناکەم) و هەرسێکیان سەری قەبوڵکردنیان بۆ یەکتری ڕاوەشاندووە، ئیدی دووبارە کەوتوونەتە پێداهەڵگوتن و جۆرێک لە هۆنینەوەی ستایشنامە، کە وەکو ئەوەی قەبوڵکردنی ڕەخنە کردەیەکی ناسروشتی بێت؟ بێگومان ئەم کردەیە لەنێو نووسەرانی نەخوێندەوار و لیبۆکدا کردەیەکی ناسروشتییە. دەنا لەنێو نووسەرانی داهێنەر و ڕەخنەگرانی بەئاوەزدا کردەیەکی گەلێک سروشتییە و پێویست بە شانوباڵ هەڵدان ناکات].

پێش ئەوەی لەبارەی قەبووڵکردنی ڕەخنەوە هیچ شتێک بڵێم، دەپرسم ئایا کەسێک چەند لاپەڕەیەکی (فۆکۆ)ی خوێندبێتەوە، ئەم وشانە دەنووسێت؟ تۆ بە ئێمەت گوتووە لەو گوتارەی (فۆکۆ)وە دەستت پێ کردووە و بەو ئەنجامە گەیشتوویت، لە کاتێکدا بە ڕوونی پێشانمان دا گوتارەکەت نەدیوە، بۆیە ئەوەی لەسەریت هەڵچنیوە، بایەخی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا من بە لاوەی نانێم و دەمەوێت بیخەمە ژێر پرسیارەوە:

ئەرێ ئازیزی من، (لەنێو فەزای ڕۆشنبیرییەکی نۆرماڵدا) مانای چییە؟ دەتوانیت چەند دێڕێک لەو بارەیەوە بنووسیت؟ خوێنەری (فۆکۆ) ڕۆشنبیری بەسەر (نۆرماڵ) و (ئەبنۆرماڵ) دابەش دەکات؟ ئەرێ لای ئەو فیلۆسۆفە شتێک هەیە بە ناوی چاکیی نۆرماڵ؟ ئەگەر هەیە، چەمکی ئارکیۆلۆجیا و جینیالۆجیا مانایان چییە؟ کاتێ شتەکان بە نۆرماڵ دەزانین، واتە دەستمان بە حەقیقەتەوە گرتووە، کە (فۆکۆ) لە پاڵ (نیتشە)دا ڕەخنەدۆزێکی سەرسەختی حەقیقەتە، یان بە دەربڕینێکی تۆکمەتر، هەموو ئەو چەمک (discourse)انە دەداتە بەر ڕەخنە، کە ئەو حەقیقەتەیان پێک هێناوە، بەوەی ئەوە چەمکەکانن لە هەر ماوەیەکی دیاریکراوی مێژوودا حەقیقەتێکی دیاریکراو پێک دەهێنن. وەک لە کتێبی (لەدایکبوونی کلینیک: The Birth of the Clinic)دا ئەو قۆناغانە جودا دەکاتەوە، کە تێیاندا چەمکی (شێتی) لێک دراوەتەوە. لە کتێبی (مێژووی شێتی لە سەردەمی کلاسیکدا)دا باس لەوە دەکات چۆن لە سەردەمی ڕێنەیسانسدا شێت وەک بلیمەت سەیر دەکرا، بگرە بە کەناڵێکی گرنگی زانین دادەنرا، کە ئەمە لە شیعری (کەشتیی شێتان)ی (برانت سەبیستیان)دا ڕەگی داوەتەوە و (هیرۆنیمۆس بۆش)ی شێوەکار تابلۆکەی کێشاوە. ئەوان لە دەرەوە ئازادانە دەسووڕانەوە، بەڵام دواتر لە سەردەمی کلاسیکدا وەک نەخۆش، دڕندە و لادەر لێیان دەڕوانرا. لە سەردەمی مۆدێرندا، دوای گەشەکردنی زانستە مرۆیییەکان (Humanities)، بە تایبەتی پزیشکی و دەروونی، ئەم مرۆڤە خرایە ئەو بنکانەی بە مەبەستی (نەخۆشیی دەروونی) کرانەوە، کە زیندانن، هەموو شێوازەکانی ئەشکەنجە و سەرکوتیان تێدا جێبەجێ دەکرێن. ئەوە لە مێژووی سیاسیدا دیار نییە، بەوەی زانستی مێژوو لەسەر ئەوە دامەزراوە، کە قۆناغەکان بە شێوەی ڕیزبەندی ببینێت. ئەوەیان شێوەیەکی ئاسۆیییە، لە کاتێکدا ئارکیۆلۆجیا بە سروشتی خۆی شاقووڵییە و دەگاتە ئەو شوێنانەی، وا مێژووی فەرمی، کە مێژووی دەستەڵاتە، بە لاوەی ناون. زیندانەکان، نەخۆشخانەکان، دادگاکان، بنکەکانی نەخۆشیی دەروونی و ئەوانەی دی دەبنە جێگەی بایەخی ئەو ئارکیۆلۆجیایە. (ئەمە ئەو شتەیە، ئێمەی نووسەرانی ئەدەبی گێڕانەوە لە کارەکانماندا دەیکەین. خۆم بە تایبەتی لە ڕۆمانی تەرمەواندا پەنام بۆ بردووە. تۆ وەک ڕەخنەگرێکی ئەدەبی ناکرێت لێی بێئاگا بیت). ئارکیۆلۆجیا وەک زانستی مێژوو نییە، مێژووی فکر (history of thought) بنووسێتەوە، تا بۆچوونەکان ڕاڤە بکات، بێ ئەوەی بە دوای حەقیقەتدا بگەڕێت. ئەوەیان مەبەستیەتی هەڵەکان دەربخات، لە کاتێکدا ئارکیۆلۆجیا پێوەندیی پرۆبلەماتیکییانەی مەعریفە و دەستەڵات لێک دەداتەوە. دەبێتە تێکشکێنەری هەموو چەسپاو و هەڵوەشێنەری تێکڕای یەکگرتووەکان، کە وەک گوترا ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەی مێتافیزیکایە. (فۆکۆ) پێی وایە (نیتشە) ویستوویەتی مێژوو بە شێوەی جینیالۆجی بخوێنێتەوە. مەبەستی ئەوەیە لەو ڕێیەوە مێژوو لەو مێژووە ڕزگاری دەبێت، وا خۆی دەخاتە سەرووی مێژووەوە. واتە دەیەوێت هەر ڕووداوێکی ئەو مێژووە بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەوەی شتەکان لە کۆمەڵێک سیستەم و پێوەندیی ئاڵۆزی تێکچڕژاو پێک هاتوون، کە تێیدا کایەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، مەعریفی و هیی دیکە تێکەڵی یەک دەبن. لێرەدا کۆمەڵێک فێڵ و تەکنیک لە پێناویدا دەخرێنە گەڕ. پێوەندیی دەستەڵاتخوازانەی کۆمەڵگە لەو کایانەوە بەرهەم دێت، نەوەک لە دەرەوەیان، کە دەکرێت بڵێین هاوشانیانە. ئەو ئارکیۆلۆجیایە تەنیا ڕووبەڕووی ڕابردوو نابێتەوە، بەڵکوو وەک لە گوتاری (ڕۆشنگەری چییە؟)دا بینیمان بایەخی بۆ (ئێستا)یش هەیە، بەو مانایەی ئەو پرۆسێسە بە دوای دابڕان و کەندڕەکاندا دەگەڕێت، لە کاتێکدا ئەوانە جیاوازییەکان پێشان دەدەن. بە مانایەکی دی، بایەخی ئارکیۆلۆجیا تەنیا بۆ شتە دیار و زەقەکان نییە، بەڵکوو بە پلەی یەکەم بۆ پەراوێزەکان (margins)ـە. پێداچوونەوەی هەموو ئەو نووسراو و نەنووسراوانەی بە لاوە نراون، بە مەبەستی خوێندنەوەیەکی دیکەی جیاواز. لە کتێبی (ئارکیۆلۆجیای زانین: The Archaeology of Knowledge)دا ڕوانینێکی دیکەی تەواو جیاواز بۆ خوێندنەوەی مێژوو دەخاتە ڕوو. ئەو لە تێکڕای بەرهەمەکانیدا دەیەوێت چەمکەکان (discourse) ڕاڤە بکات، بەو مانایەی ئەوانە کۆمەڵێک ئاستی گۆکراون، ئینجا چ لە دۆخی زوباندا بن و چ لە دۆخی نووسیندا، کە مرۆڤ لە ماوەیەکی دیاریکراوی مێژوودا بە کاریان دەهێنێت، بەوەی پێوەندییان بە خود، دەستەڵات و زانینەوە هەیە، کە ئەو دووانە، دەستەڵات و زانین (knowledge and power) لە یەک جودا ناکرێنەوە، بەوەی زانین، یان مەعریفە هەمیشە بریتییە لە بەکارهێنانی دەستەڵات، لە کاتێکدا دەستەڵات، کە (مەبەست لە هێزە)، ئەرکێکی ئەو زانینەیە، بۆیە دەستەڵات ئیستراتیجییە و لە بەکارهێناندا دەردەکەوێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەو دووانە لە یەک ئاستدان، بەڵکوو ئەگەر مەعریفە دەستەڵات بە دەست دەخات، مانای وا نییە خودی دەستەڵاتە، وەک چۆن ئەگەر دەستەڵات مەعریفە بەرهەم دێنێت، ناکرێت بڵێین خۆی مەعریفەیە. دەتوانین بڵێین دەستەڵات هێندەی بەکارهێنانە و خۆی لە پێوەندییە بەرهەمهێنەکاندا دەنوێنێت، هێندە دامودەستگەیی نییە. بەم شێوەیە لە پشت هەر مەعریفەیەکدا دەستەڵات ئامادەیە. ئەوانەیشن شێوازی ژیانی کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هیی تر پێک دەهێنن. هەر لەو کتێبەدا پێی وایە (چەمک) هۆشیارییەک نییە، پڕۆژەکەی لە فۆرمی دەرەوەی زماندا نیشتەجێ بکات، بەڵکوو بەجێهێنانێکە شێوەی تایبەتی لە پێکبەستنەوە و بەدواداهاتندا هەیە. کەواتە (چەمک) مەڵبەندی چالاکیی خودە جیاوازەکانە، بەو مانایەی هەموو کردار، ململانێ، ئارەزوو و شتەکانی تری تێدا دەردەکەون. بەم شێوەیە (چەمک) بریتییە لە کۆمەڵێک تێگەیشتن (concepts)، کە بە ڕێی دیاریکراو بە تێگەیشتنەکانی دیکە دەگەنەوە. هەر لێرەوە دژەکان دەردەکەون. بۆ نموونە (سروشتی) لە بەرانبەر (نەخۆش)دا، کە دەستەڵات لە ڕێی ئەو چەمکانەوە زانست دادەمەزرێنێت. چەمک و تێکست جیاوازن. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە ڕاچێتەی پزیشک بە دەستەوە بگرین، تێکستێک دەبینین، بەڵام کاتێ لێی ورد دەبینەوە، چەمکەکان دەردەکەون. کێ نووسیویەتی؟ پزیشک. ئەو پزیشکە لێرەدا دەستەڵاتدارە، بەوەی لە ڕێی ڕێنوێنییەکانەوە پێمان دەڵێت ئەو دەرمانانە چۆن و کەی بە کار بهێنین. چی بخۆین، چی نەخۆین و هیی دیکەی لەم بابەتە. بەم شێوەیە دەستەڵات جێبەجێ دەکات و دەیسەپێنێت. لێرەدا هێز و ملکەچی دەردەکەون. نەخۆش ملکەچی پزیشکە، کە ئەو پزیشکە لەو ڕێیەوە هێزی بە کار هێناوە. واتە ئێمە ملکەچین لەلایەن دەستەڵاتەوە حەقیقەت بەرهەم بهێنین، بەو مانایەی تەنیا لە ڕێی جێبەجێکردنی دەستەڵاتەوە بەو حەقیقەتە دەگەین. پزیشک ئەو زانیارییەی لە کوێوە هێناوە؟ لە زانستی پزیشکییەوە، کە ئەو زانستە وەک گوترا بۆ ئەوە لە دایک بووە، تا مرۆڤ بۆ بابەت بگۆڕێت. مرۆڤ خراوەتە تاقیگە و زانستی لەسەر تاقی کراوەتەوە. بەم شێوەیە ئەو زانینە لەوەوە هاتووەتە دی، کە ئەوەتە جارێکی دیکە پزیشک بەسەریدا دەسەپێنێتەوە. کاتێ پێمان دەگوترێت دەبێت ڕەخنە قەبووڵ بکەن، واتە گومانمان لەو زانینە نەبێت، کە لە ڕێی دەستەڵاتەوە بەرهەم هاتووە، بەڵکوو چۆن نەخۆش بەپێی ڕێنوێنییەکانی پزیشک دەرمان دەخوات، ئاوا پێویستە ئێمەیش ئەو ڕێنوێنییەی ڕەخنەگر لە بەرچاو بگرین، دەنا پێمان دەگوترێت نەخوێندەوار، پاسەوان، لێبووک و شتی دیکەی لەم بابەتە. بە مانایەکی دی، سزا دەدرێین.

ئەوە دەستەڵاتی سیاسییە لە ڕێی دامودەستگە جیاوازییەکانەوە بڕیار دەدات چی پەسەندە و چی ناپەسەند؟ چی بگوترێت و چی نەگوترێت؟ چی دەربخرێت و چی بشاردرێتەوە؟ هەر لێرەیشەوە میکانیزمی سزا و چاودێری دەردەکەوێت، بگرە ئەشکەنجە و زیندان دێنە ئاراوە، کە لە کتێبی (دیسپلین و سزا: DISCIPLINE AND PUNISH)دا باس لەو تەکنەلۆجیایە دەکات، وا بۆ دەستبەسەرداگرتنی جەستە داهێنراوە. (دامیان: Damiens) بە نموونە دەهێنێتەوە، ئەو مرۆڤەی دوای ئەوەی لای جەلادەکەی ددان بە تاوانەکەیدا دەنێت، دەخرێتە سەر عەرەبانە و بە شەقامەکانی پاریسدا دەگێڕرێت، تا دەگەیەنرێتە سەر سەکۆی سێدارە. پارچەکانی جەستەی یەک لە دوای یەک دەبڕن. ئەگەر ئەمە توندوتیژییەکی دیارە و شوێنەواری لەسەر جەستەدا دەردەکەوێت، ئەوە هاوکاتی توندوتیژییەکی دیکەیە، کە بە شاراوەیی لەسەر دەوروبەریدا جێ دەمێنێت.

وەک هەر  لە کتێبی (ئارکیۆلۆجیای زانین)دا دەڵێت یاریی گەورەی مێژوو خۆی لەوەدا دەنوێنێت کێ سەر دەکەوێت و دەست بەسەر یاساکاندا دەگرێت؟ واتە خاوەنی یاساکە دەتوانێت پاوانخوازی (dominance)ی خۆی بسەپێنێت و مەعریفە هەڵبسووڕێنێت. لەمەوە ڕەخنەی (فۆکۆ) دەگاتە دامەزراوەی دەوڵەت، بەو مانایەی ڕووبەڕووی چەمکی پەیمانی کۆمەڵایەتی (Social contract) دەبێتەوە، کە وەک پرۆسێسێکی چاکسازیی کۆمەڵایەتی دەستەڵاتی بۆ بۆرجوازی گوێزایەوە و ئەویش لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیدا، پەنای بۆ سزا برد، بەو مانایەی دەوڵەت بووەتە قەبارەیەک، کە بەرژەوەندیی خۆی دەخاتە سەرووی هەموو ئەوانەی ترەوە. کاتێکیش بەرژەوەندیی دەوڵەت شتی بنەڕەتییە، ئەوە هەر شتێک لەبارەی سروشتیەوە بگوترێت، بێبەهایە و بە لاوە دەنرێت.

وەک گوترا جینیالۆجیا لای ئەو فیلۆسۆفە پرۆسێسی ڕۆچوونە بە ناو مێژوودا، بەوەی ئەو مێژووە بەردەوام حەقیقەت کەڵەکە دەکات. بە مانایەکی دی، جینیالۆجیا لە ڕێی پرسیارەوە ڕووبەڕووی مێتافیزیکا دەبێتەوە و دەیەوێت دایبڕووخێنێت. لە شوێنی پرسیاری (چاکە و خراپە چین؟)دا، پرسیاری لە شێوەی (کێ بڕیار دەدات چی چاکە و چی خراپ؟)، (کێ ئەوە دادەمەزرێنێت؟) و هیی دیکە دادەنێت. بەم شێوەیە هیچ شتێک ناتوانێت وا خۆیمان پێ بناسێنێت، نۆرماڵە و حەقیقەت دەرنابڕێت.

میشێل فوکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤) فەیلەسووفی فەڕەنسی

کاک ئارامی ئازیز، هەر لەو دیدگەیەی (فۆکۆ)وە دەپرسین کێ بڕیار دەدات چی نۆرماڵە و چی نۆرماڵ نییە؟ ئێمە کاتێ شتەکان بەسەر نۆرماڵ و ئەبنۆرماڵ دابەش دەکەین، واتە پەنامان بۆ پێوەر بردووە و لە ڕێی پێوەرەوە، کە تەنیا حەقیقەتێک دەردەبڕێت، بەو ئەنجامە دەگەین، لە کاتێکدا (فۆکۆ) وەک پێشتر گوتمان فیلۆسۆفی جیاوازییە و دژی هەموو پێوەرێکە. ئەوەمان بینی لە ڕێی پێوەرەوە شێتەکان لە مرۆڤی ئازادەوە کرانە کەسانی نەخۆش، دڕندە و لادەر، گۆیە خاوەنی مەعریفە نین، یان خاوەنی مەعریفەی شێواون، لە کاتێکدا (فۆکۆ) پێی وایە شێت خاوەنی مەعریفەیە، بەڵام مەعریفەیەکی جیاواز. لە سەردەمی کلاسیکدا نەخۆشیی گەڕی (Leprosy) وا سەیر دەکرا، گۆیە نەفرەتی خودایە. ئەو کەسانە لە کۆمەڵ دوور دەخرانەوە، کە تووشی دەبوون. تۆ ئەوەی خۆتت لە تێگەیشتنی میلـلییەوە هێناوە و ناوی (فۆکۆ)ت لەسەر نووسیوە. ئەم تێگەیشتنە هەر خۆی لای ئەو فیلۆسۆفە دەکەوێتە بەر ڕەخنەی توند، چونکێ وەک گوترا (چەمک)ـە و حەقیقەت دەردەبڕێت. ڕۆشنبیری بە نۆرماڵ ناو دەبەیت، بۆ ئەوەی لەو ڕێیەوە هەر کەسێک بخەیتە دەرەوە، کە لەگەڵ ئەو پێوەرە نایەتەوە؟ هەر بە ڕاستی (فۆکۆ)ت خوێندووەتەوە؟ ئەوەی تۆ گوتووتە، ڕۆژانە خەڵکیش دەیڵێن، بەڵام ئەوان ناوی فیلۆسۆفانیان نەبیستووە.

دەبێت ئەوە بخەینە بەر چاو، کە (فۆکۆ) دژی ئەوەیە شتەکان یەک بنەمایان هەبێت، گۆیە هەموو چەمکەکان لەوێوە هاتوون، بەڵکوو پێی وایە شتەکان لە کۆمەڵێک ڕەگ پێک دێن. لێرەوەیە ناکرێت مانای شتەکان چەسپاو ببینین، بەڵکوو بەپێی کات و شوێن گۆڕانیان بەسەردا دێت. (نیتشە) هەر بە تەواوی بنەما بە لاوە دەنێت، بەڵام (فۆکۆ) لەگەڵ هەبوونیدایە، لە کاتێکدا ئەم هەبوونە ئەوە ناگەیەنێت سنوورەکانی دیاری بکرێن. (فۆکۆ) لەو پێشەکییەی لە ژێر ناونیشانی (نیتشە، فرۆید و مارکس)دا بۆ کتێبی (فەلسەفە لە سەردەمی تراجیدیای ئەگریکیدا)ی (نیتشە)ی نووسیوە، دەڵێت: (لای نیتشە هیچ مانایەکی بنەڕەتی بوونی نییە). هەر بە گشتی پێی وایە ئەو سێیانە لەوەدا دابڕانیان دروست کرد، کە ئیدی تێکست وا نەخوێنرێتەوە، کە تەنیا شتی ڕاستەوخۆ دەردەبڕێت، بەڵکوو ناڕاستەوخۆیی بووە خاڵێک، سەردەمەکەیانی پێ لەوانەی پێشوو جودا بکرێتەوە. دەتوانین بڵێین ئارکیۆلۆجیای (فۆکۆ) و جینیالۆجیای (نیتشە) لەوەدا بە یەک دەگەنەوە، کە دژی هەر لێکدانەوەیەکی مێتافیزیکییانەن، بگرە دژی ئەو میراتەی (پلاتۆ)ن، کە لە چەمکەکانی (قووڵایی)، (ئامانج) و (بنەما)دا بەرجەستەیە. ئارکیۆلۆجیای لای (فۆکۆ) جینیالۆجیاییشە، کە ئەویش بە کار دەهێنێت. ئەو بە ڕادەیەک خود بە لاوە دەنێت، دەگاتە ئەوەی بڵێت ئەوە چەمکەکانن مرۆڤیان بەرهەم هێناوە، نەوەک بە پێچەوانەوە، کە ئەوانە وەک تۆڕێک ڕایەڵ، هەم لە ئاگایی و هەم لە نائاگایی پێک هاتوون، لە گۆڕانی بەردەوامدان. پێی وایە ئەو مرۆڤە هەمووی دوو سەدەیەکە دەرکەوتووە، کە هیچ پێوەندیی بەوانەی سەردەمی پێشووەوە نییە، بۆیە دەکرێت هەر بە جارێ ونیش ببێت. واتە مەرگی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت. دوایی کاتێ باسی (هەڵسەنگاندن) دەکەین، کە تۆ دەڵێیت ڕەخنە بریتییە لە هەڵسەنگاندن، بۆ چەمکی (خود) دەگەڕێینەوە و پێشانی دەدەین، ئەو وەک یەکێ لە فیلۆسۆفانی پۆستمۆدێرن چۆن لێی دەڕوانێت. ئینجا کاتێ باس لە مەرگی مرۆڤ دەکات، مەبەستی لایەنی فیزیکیی ئەو مرۆڤە نییە، بەڵکوو مەبەستی لەوەیە مرۆڤ بووەتە بابەتی زانستە مرۆیییەکان، بگرە ئەوانە بۆ ئەوە لە دایک بوون، تا ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ، ئەرکی ئەوەی چۆن مرۆڤ وەک دیاردە بخوێننەوە. مرۆڤ ئەو خودە هۆشیار (conscious subject)ـە، یان ئەو خودە بیرکەرەوەیە نەماوە، گۆیە بیر دەکاتەوە و بەپێی بیرکردنەوەکەی بڕیار لە ژیانی دەدات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە نە بیرکردنەوەکە هیی خۆیەتی و نە کردارەکانیشی لە ویستیەوە سەرچاوە دەگرن، چونکێ ئەو زمانەی پێی دەدوێت، هیی خۆی نییە، بەڵکوو پابەندی ڕێزمان و ئەو یاسایانەیە، کە بۆی دانراون. ئەو دەبێت زمان لەو چوارچێوەیەدا بە کار بهێنێت، کە بۆی کێشراوە. (وەک ئەوەی ڕەخنەگرێک پێت دەڵێت تۆ بۆت هەیە تەنیا لەو سنوورەدا بیر بکەیتەوە و هەڵبسووڕێیت، کە من بۆم داناویت)، بە مەرجێ ئەوەی دایناوە، هیی خۆی نییە، بەڵکوو لە ڕێی پێوەرەوە لەو دەستەڵاتەی وەرگرتووە، کە شتەکانی دابەش کردووە. ئەو ڕەخنەگرە خۆی پابەندی سیستەمێکی دیاریکراوە و دەیەوێت ئێمەیش بە هەمان سیستەمەوە گرێ بدات. بە مانایەکی دی، بمانکاتە پێڕۆکەر. لە ڕووی ئابوورییەوە، خاوەنی کۆمپانیا سیستەمی بەسەر مرۆڤدا سەپاندووە، بەوەی کەی دەبێت لە خەو هەڵبستێت؟ کەی بگاتە شوێنی کار؟ چی بکات و کەی بگەڕێتەوە؟ لێرەوە ئەو چەمکە بە چەمکی (مەرگی خوداوەند)ی (نیتشە) و (مەرگی دانەر)ی (ڕۆلان بارت) دەگاتەوە. خۆیشی گوتارێکی بە ناوی (نووسەر چییە؟: What Is An Author?) نووسیوە و پێی وایە ئەوە نووسەر، یان دانەر نییە گرنگە، بەڵکوو ئەوەی بایەخی هەیە، چەمکە. هەر لەبەر ئەوەیشە ناپرسێت نووسەر، یان دانەر کێیە. ئەو پرسیارە لە (بیکیت) وەردەگرێت: (ئاخۆ گرنگە کێ قسە دەکات؟)، کە بە گوێپێنەدان (indifference)ـەوە دەیڵێت، بەو مانایەی گوتە گرنگە، نەوەک خاوەنی گوتە. (فۆکۆ) لەو ڕێگەیەوە ڕۆڵی نووسەر لە بەرانبەر نووسیندا، یاخود لە ئاست گوتراودا کەم دەکاتەوە. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا لێم وەرگرتووە و سەرچاوەکەیشیم نووسیوە.

دەگەینە ئەوەی بڵێین ئەگەر ئارکیۆلۆجیا هاوواتای هەڵکۆڵینی مێژووە، ئەوە پرۆسێسێکی بەردەوامە و ئەو بەردەوامییەی ڕێگرە لەوەی هیچ خاڵێک بە بنەما بزانین. کەواتە (نۆرماڵ) شتێک نییە، کە خۆمانی پێوە هەڵبواسین. ناکرێت بڵێین لێرەوە دەست پێ دەکات و لەوێ تەواو دەبێت، بەڵکوو هەر لە بنەڕەتەوە هیچ شتێک بە نۆرماڵ نازانین. بینیمان (فۆکۆ) پێی وایە ئەو دابەشکارییە تەنیا لە ڕێی دەستەڵاتەوە بەرهەم دێت. پێشتریش گوترا ئەو وا لە ناسنامە ناڕوانێت، کە جێگیرە، بەڵکوو لە گۆڕاندایە، بەوەی خود بەرهەمی چالاکییەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر پێکی دەهێنن، تەنانەت چالاکییەکانیش لە گۆڕاندان. ئێمە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بە دایەڵۆگی (Dialogism) و دەقئاوێزان (Intertextuality) ناسیومانە، بەو مانایەی تێکستەکان بەناو یەکدا دەچن و هاوڕەگی دەردەخەن، بە ڕادەیەک ناکرێت هیچ شتێک بێگەرد بێت، بەڵکوو تێکڕایان لە کۆمەڵێک توخمی جۆراوجۆر پێک دێن. (فۆکۆ) وەک لەم گوتارەیشیدا، کە لە سەرەوەی ئەم نامەیەمدا لێوەی دوام، جەخت لەسەر بۆچوونی (کانت) دەکاتەوە، بەوەی نابێت (ئێستا) لە باوەش بگرین، بەڵکوو پێویستە تێی بپەڕێنین، کە ئەوە بە دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی (Epistemological Rupture) ناو دەنێت. لە کتێبی (وشەکان و شتەکان: The Order of Things)دا پێ لەسەر بایەخی پرسیارەکانی (کانت)دا دەگرێتەوە، کە پێوەندییان بە (ئێستا)وە هەیە، تا بە شێوازی خۆی دایانبڕێژێتەوە: (ئەمڕۆ چی ڕوو دەدات؟ ئێستا چی دەقەومێت؟ ئەو ئێستایە چییە، کە ئێمە و ئەوانەی تری تێدان؟ ئەرێ هەر بە ڕاستی مرۆڤ هەیە؟).

ئەگەرچی چەمکی دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی (گاستۆن باشلار) دایهێناوە، بەڵام (فۆکۆ) بە تایبەتی لە کتێبی (مێژووی شێتی)دا بە شێوەیەکی جیاواز بە کاری دەهێنێت. دەبێت ئەوە بگوترێت ئەو پرۆسێسە لای (فۆکۆ) بە مانای ڕەخنە دێت. واتە هێزێکی ڕەخنەیییە و ڕووبەڕووی هەموو ئەو چەمکانە دەبێتەوە، کە دەیانەوێت وەک حەقیقەت خۆیان دەربخەن.

(ئەوەی تۆ دەیڵێیت، کاک ئارامی ئازیز، گۆیە دەبێت ڕەخنە قەبووڵ بکەین، هێندە سادە دێتە بەر چاو، کە سەختە لە کاتێکدا باس لەو فیلۆسۆفەیە، ناوی بهێنین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا من مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵدا دەکەم و ئەوەتە ئەم گفتوگۆیەی بە دوای خۆیدا هێنا).

لە کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا نووسیومە: [(فۆکۆ) پێی وایە هەر ماوەیەک خاوەنی نموونەی زانینی خۆیەتی، بۆیە دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی پێویستە. هەروەها زانستی ئیمپیریکی (Empirical science)، یان زانستی ئەزموونییش بە لاوە دەنرێت و لە خوێندنەوەی کەلتوور و کۆمەڵگەدا پشتی پێ نابەسترێت، بەوەی ئەو زانستە مەبەستیەتی بە حەقیقەتی بابەتی بگات]. ئایا هێشتا پێت وایە شتێک هەیە بە ناوی (ڕۆشنبیرییەکی نۆرماڵ)؟ من ئامادەم بە تایبەت لەم ڕووەوە گوتارێک بنووسم، ئەگەر داوای بکەیت. ئەوانەی لەو بارەیەوە نووسیومن، لە یادەوەریی خۆمەوەم وەرگرتوون، بەڵام دەتوانم لە ڕێی دایەڵۆگ لەگەڵ بەرهەمەکانی ئەو فیلۆسۆفەوە بابەتێکی دیکە بخەمە ڕوو.

تۆ هاتوویت (ڕەخنە)ت وەک شتێکی گشتی بینیوە، بەو مانایەی قاڵبێک هەیە و هەموو ڕەخنەکانی پێ داڕێژراون، بۆیە قەبووڵنەکردنی هەر یەکێکیان، کارێکی ناسروشتییە. ئەرێ تۆ چەمکی (سروشتی) و (ناسروشتی)ت پێناسە کردوون، تا بزانین بە چ مانایەک ئەوە دەخەیتە ڕوو؟ دەتوانیت پێم بڵێیت مەبەستت لەو دوو چەمکە چییە؟ ئایا وشەکان هەر خۆیان مانای چەسپاو و ئامادەیان هەیە، یان وەک (لودڤیگ ڤیتگینیشتاین) پێی وایە (مانای وشە لە بەکارهێنانیدا دەردەکەوێت، بۆیە پێویستە بپرسین چۆن بە کار هاتووە، نەوەک مانای چییە؟). پێشتریش لای (فۆکۆ) گوترا ئەو بەوەدا خوێندنەوەی ڕیزبەندییانەی مێژوو دەداتە دواوە و پەنا بۆ ئارکیۆلۆجیا دەبات، تا ئەو جیاوازییانە بدۆزێتەوە، کە دابڕانیان دروست کردووە، ئەوە وا لە وشە ناڕوانێت، مانایەکی چەسپاوی هەیە، بەڵکوو بەپێی کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکان ئەو مانایانە دەگۆڕێن. لە کات و شوێنی جیاوازدا مانای جیاوازی وشە دەردەکەوێت. پێی وایە دوالیزمی (سروشتی/ ناسروشتی) بەرهەمی دەستەڵاتە و ئێمە لە ڕێی دەستەڵاتەوە بەوە گەیشتووین. ئەلفبێیە و ناکرێت خوێنەری (فۆکۆ) بەسەریدا تێبپەڕێت. وەک بینیمان مانای (شێتی) لە سەردەمی ڕێنەیسانسدا جیاوازە لە هیی سەردەمی مۆدێرن. بۆ نموونە مانای (تەندروستی) لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت، کە لێرەدا پێوەندییە تێکچڕژاوەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتووری و هیی دیکە ڕۆڵی خۆیان لەو گۆڕانەدا دەبینن. لە سەردەمی حەڤدەی شوباتدا تەنیا لەبەر ئەوەی تۆ خەڵکی هەولێر، یان دهۆک بوویتایە، دەدرایتە بەر جنێو و وەک بەکرێگیراوی پارتی دادەنرایت، هەتا ئەگەر وەک من نەک هەر لە تەمەنی بیستودووساڵییەوە ئەو حزبەت بۆ هەتاهەتایە جێ هێشتبووبێت، بەڵکوو ڕەخنەیشت لێ گرتبێت، کەچی کاتێ دۆخی شەقام گۆڕا، مانای چەمکەکانیش گۆڕان. بینیمان زۆر ئاسایییە ڕۆشنبیری هاوارکەری تووڕە لەوێوە بێتەوە و لە مێدیای پارتیدا بە هێمنی ببێتە کلێرک. چەمکێک هەیە و ناوی (desensitization)ـە، کە بەو مانایە دێت چۆن هەستیاریی کەسێک لە ئاستی شتێکدا ناهێڵیت. واتە ئەو هەستیارییەی بۆ نموونە لە بەرانبەر ترس و نیگەرانیدا هەیەتی، یان هەست بە ئازاری ویژدان دەکات، تۆ لەو ڕێگەیەوە لە ناوی دەبەیت و شتەکانی لا دەکەیتە ئاسایی. ئەمڕۆ ئەو هەستیارییە لە ئاستی پارتیدا نەماوە و بووەتە شتێکی ئاسایی. هیچ گرفت نییە ڕۆشنبیر ئەندامی مێدیای پارتی، یان هیی یەکێتی بێت و هاوکات وەک بیرمەندی ڕەخنەگریش لای بەشێکی جەماوەر بناسرێت، بگرە شەڕی لە پێناودا بکرێت. ئایا دەیتوانی لەو کاتەی شەقام ورووژاوە، کاری وا بکات؟ ئایا ئەو جەماوەرە لێیان قەبووڵ دەکرد؟ نەیدەتوانی، چونکێ چەمکەکان بە شێوەیەکی تر لێک دەدرانەوە و ئەو زەمینەیە بۆ جەماوەر خۆش نەبووبوو. هەستیاریی ئەوانە ڕێێ نەدەدا ڕۆشنبیر جگە لە هاوار، پەنا بۆ شتێکی دیکە ببات. (دلێر سەلیم)ی هاوڕێم و من زۆرجار باس لەوە دەکەین، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا نوکتە لەسەر خەڵکی هەولێر کەم بووەتەوە، بگرە نەماوە، بە مەرجێ لە سەردەمی حەڤدەی شوباتدا لای بەشێکی ڕۆشنبیران گەیشتە لووتکە. حەڤدەی شوبات پەردەی لەسەر ڕووی زۆر ڕۆشنبیری ئێمە هەڵماڵی و پێشانی داین بەرهەمەکەی لە هاوار، هوتاف، تۆمەتبەخشینەوە و جنێو زیاتر، شتێکی دیکە نییە. وەک پاشکۆی کارەکتەری سیاسی و ئایینیی دژەگۆڕان دەرکەوت و دواتر، کاتێ ئەوانە هێزیان لە دەست دا، ئەویش بە ئاسانی بەیعەی بە لاکەی تر دایەوە. ئەوەم لەو کاتەدا لە گوتاری (هەولێر و هەولێری لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە)دا دەربڕی، کە پێراریش وەک یەکێ لە کتێبەکانی پرۆژەی (ڕێگە) چاپ کرا.

****

کاک ئارامی ئازیز، ئایا هەموو ڕەخنەکان وەک یەکن، تا ئێمە پێشتر بڕیارمان دابێت قەبووڵیان بکەین؟ بەپێی ئەو ئاگایییەی هەمە لە فەلسەفەدا شتێک نییە بە ناوی قەبووڵکردن و قەبووڵنەکردنی ڕەخنە، بەڵکوو ئەوەی هەیە دایەڵۆگێکە، کە پرسیار و گومان بە ڕێوەی دەبەن و ڕووی لە نەزانراوە، بەو مانایەی لەو ڕێگەیەوە چەمکەکان دەپشکنێت و هۆشیارییەکی نوێ بەرهەم دێنێت، کە ئەو هۆشیارییە هێزی هەیە جارێکی دیکە و هەر لە ڕێی پرۆسێسی دایەڵۆگەوە گەشە بکات و لە یەک دۆخدا نەمێنێتەوە. ئەو دایەڵۆگە بە سروشتی خۆی ڕەخنەیییە، بەڵام نە سەپێنەرە و نە چەسپاو، نە لووتبەرزە و نە سازشکەریش. وەک هەر لەو گوتارەی (فۆکۆ)دا بینیمان ئێمە نابێت هیچ دەستەڵاتێک قەبووڵ بکەین، کە ئەوانەی دی بەسەرمانیدا دەسەپێنن. هیوادارم بۆ ئەو بەشەی ئەم نامەیەم بگەڕێیتەوە، کە تێیدا گوتارەکەی (فۆکۆ) شی دەکرێتەوە، تا بزانیت قەبووڵکردنی ڕەخنە، مانای ئەوەیە (بیر مەکەرەوە، بەڵکوو تەنیا فەرمان جێبەجێ بکە!). (کانت)ی فیلۆسۆف، کە یەکێکە لە ڕەخنەدۆزەکانی مێژووی فەلسەفە، هەر لەم گوتارەیدا ناو لەوەی تۆ دەنێت (ڕێنوێنیی ئەوانەی تر) و دەڵێت پێویستە ڕووبەڕووی ببینەوە، دەنا لەناو کەموکورتیی خۆماندا دەمێنینەوە. من لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا نووسیومە: (قەبووڵکردنی ڕەخنە واتە دەمت دابخە و هیچ مەپرسە، کە ئەمە شتێکی هەرەمییە. واتە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە. باوک بۆی هەیە ڕەخنە لە دایک، برا لە خوشک، مامۆستا لە قوتابی، گەورە لە بچووک بگرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە نا. هەر ئەو باوکە، مامۆستایە، برایە، گەورەیە، لە شوێنێکی تری ئەو هەرەمەدا ڕەخنەی لێ دەگیرێت و دەمی دادەخات. من خۆم بە دایەڵۆگ ڕووبەڕووت بوومەتەوە. لە دایەڵۆگدا ئەو هەرەمیەتە تێک دەشکێت و دەنگەکان هەم ئازاد دەکرێن و هەم هێندەی یەکتر توانای دەربڕینیان هەیە. هەر لە دەروازەکەدا گوتم لەم دایەڵۆگەدا بەهای تۆ یەکسانە بە بەهای من).

ئەگەر هەر بۆ ئەو کتێبەم بگەڕێیتەوە، دەبینیت لەوێیشدا ڕەخنەم لەوە گرتووە، کە گوتەیەکت هێناوە، گۆیە هیی (هایدگەر)ـە و دەڵێیت باوەڕی تەواوم پێی هەیە، بە مەرجێ گوتەکە نەک هەر پێوەندیی بەو فیلۆسۆفەوە نییە، بەڵکوو هەر خوێنەرێکی سەرەتاییی ئەو دەزانێت مایەی پێکەنینە، ئەگەر شتی وای گوتبێت. من بۆچوونێکی دیکەی جیاواز لەوەی تۆم هەیە و ڕەخنە قەبووڵ ناکەم، بەڵام هەمیشە ئامادەی دایەڵۆگم. پێویستە بپرسین ئایا ئەگەر من ڕەخنەم قەبووڵ نییە، چ ڕێیەکم گرتووە؟ ئەوە بەرهەمەکانم ماون، کە جگە لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)، لە ڕێی گوتاری (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)، (ئایا من وازم هێناوە و گەڕاومەتەوە)وەیشەوە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی بۆچوونەکانت بوومەتەوە. لەبارەی ئەو چەمکانەی فڕێت داون، پرسیارم لێ کردوویت و هاوکات خۆم بە تێگەیشتنی خۆم بۆچوونمم نووسیوە. پەنام بۆ دەیان سەرچاوەی گرنگی فەلسەفی بردووە و ئاماژەیشم بەوە کردووە، کە لە کوێم وەرگرتوون. لە هەموویاندا گوتوومە مەبەستم نییە دەنگت بسڕمەوە، بەڵکوو دەمەوێت لە پاڵ دەنگی تۆدا هیی منیش هەبێت. نەک هەر وشەیەکم لەبارەی کەسێتیتەوە نەگوتووە، بەڵکوو هەمیشە خۆشەویستیم لە ئاستتدا دەربڕیوە، لە کاتێکدا بە شایەنتی دەزانم، چونکێ من کێشەم لەگەڵ خۆتدا نییە. هەر دەمێ لەسەر چەمک دەوەستین، بە سروشتی خۆمان لەوە دوور دەکەوینەوە کێشەکە بهێنینە ئاستی پێرسۆناڵیتییەوە. گاڵتەم بە بۆچوونەکانت کردووە؟ بەڵێ، کە گاڵتەپێکردن هەمیشە بەشێک بووە لە پرۆسێسی ڕەخنە، بەڵام جنێو ئەو شتەیە نەک هەر لە بەرهەمی مندا نییە، بەڵکوو بەردەوام ڕەخنەم لەو نووسەرانە گرتووە، کە پەنایان بۆ بردووە. کەی جنێو هەیە؟ کاتێ ڕاڤەی چەمکەکان ونە. ئەوەتە هەر لەم گوتارەتدا کۆمەڵێک جنێوت بە (شاخەوان سدیق)، (گۆران سەباح) و من داوە. ئایا من خۆم گوێ دەدەمە جنێوەکانت؟ هەرگیز. (نیتشە) دەڵێت: (بۆ ئەوەی پێشەنگ بین، دەبێت بە نەفرەت بکرێین و ببێزرێین). ئەوەی لام گرنگە ڕاڤەی چەمکە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لێوەی بدوێم، ئەوەیە تۆ ئەو گوتارەی (فۆکۆ)ت نەدیوە، کە ئەوە بەسەریدا سەپاندووم خۆم بۆ گوتارەکە بگەڕێمەوە و لەو بارەیەوە بنووسم.

هەرگیز ڕەخنەی من لە تۆ ئەوە نەبووە، ئاخۆ ڕەخنە قەبووڵ دەکەیت، یان نا، چونکێ ئەو باسەم لا بێبایەخە، بەڵام بۆ ئەوەی بزانین چەند لەگەڵ گوتەکەتدا ڕاستگۆیت، دەپرسم ئایا تۆ ڕەخنەت قەبووڵ کردووە؟ بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بۆ سەرەتای پێوەندییەکەمان دەگەڕێینەوە، کاتێ تۆ یەکەم ئیمەیڵ بۆ من دەنێریت و لەبارەی ئەو گفتوگۆیەی (دانا فایەق) لەگەڵیدا کردووم، سەرنجی خۆتم پێ دەڵێیت. نامەکەت هێشتا ماوە و پێشتریش گوتوومە زۆر شتی سادەی تێدان، بەڵام هیوادارم بۆ وەڵامی من بگەڕێیتەوە، تا بزانیت چیم بۆ نووسیویت. لەمەوە بووینە هاوڕێیش. ئینجا تۆ هەر جارێ گوتارێکت بڵاو دەکردەوە، دەمخوێندەوە و لەبارەی ئەو چەمکانەوە پرسیارم لێ دەکردیت، کە لەو گوتارانەتدا ناویان دەهات. هاوکات باسێکم بۆ دەنووسیت و کۆمەڵێک سەرچاوەم پێ دەناساندیت. سەرەتا بە سادەیی وەڵامت دەدایەوە، بەڵام دوایی دەنگت نەما. ئەو ڕۆژەی ڕاگەیاندنی وازهێنانم بڵاو کردەوە، هەر خێرا هاتیت و گوتت کەسێکی موفلیسم. هیچم پێ نەماوە و شتی دیکەی لەم بابەتە. هێشتا نەهاتمە دەنگ، تا لە گوتارێکی دیکەتدا هێرشت کردەوە سەرم. لەمەوە لە ڕێی کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)ـەوە گەڕامەوە، کە لە شێوەی نامەدا بۆم نووسیویت. دەتوانیت بۆ کتێبەکە بگەڕێیتەوە و ئەگەر وشەیەکت دۆزییەوە، ئەوەی گەیاند هێرش کراوەتە سەر کەسێتیت، ئاگادام بکەرەوە! دەتوانم بڵێم بە پێچەوانەوە، وەک گوتم بەردەوام هەستی خۆشەویستیم بۆ دەربڕیویت، بگرە سپاسم کردوویت و گوتوومە تۆ لەم کارەدا بەشداریت. بەر لە بڵاوکردنەوەی بۆم ناردیت، تا ئەگەر هەر شتێکیت بە دڵ نییە، ئاگادارم بکەیتەوە. وەڵامت نەداومەتەوە و پەنام بۆ هاوڕێی ئازیزم (کارا فاتیح) بردووە، بەو مەبەستەی لێت بپرسێت، ئاخۆ پێت گەیشتووە، یان نا؟ لەو کتێبەدا وشەیەکی زبری تێدا نییە، بەڵام ئەوەتە لەم گوتارە کورتەتدا تۆپەڵێک جنێوت داوە. هەرگیز تۆمەتێکم نەخستووەتە پاڵت. بە ئاماژەیش پێم نەگوتیت تۆ نازانیت، تێناگەیت و شتی دیکەی لەم بابەتە، بەڵکوو گوتوومە ئەوەی من دەیڵێم، تەنیا پێوەندیی بەم بابەتەوە هەیە، کە ئێستا جێگەی گفتوگۆمانە. نووسیومە هەرگیز بڕیار لەسەر ئاییندەت نادەم و توانات ناخەمە چوارچێوەیەکی دیاریکراوە و شتی لەم بابەتە.

ئایا تۆ نەک ڕەخنە، بەڵکوو سەرنجەکانی منت قەبووڵ کرد، کە وەک گوتم لە ڕێی ئیمەیڵەوە دەمناردن و بۆ بڵاوکردنەوەیش نەبوون؟ دوای چاپبوونی کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)، دەنگت نەما و وازت لێ هێنام، بگرە وەک لە ڕێی (عەباس بۆسکانی)ی هاوڕێمانەوە زانیم، پۆزەتیڤانە لەبارەی بەرهەممەوە دواویت، بەڵام کاتێ من هاتم لەبارەی ئەوەی دەڵێیت: {بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”.}، گوتارێکم لە ژێر ناونیشانی (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)دا نووسی و ڕەخنەم لەو بۆچوونە سادەیەت گرت، تۆ دیسان دەستت پێ کردەوە.(5) هیوادارم بۆ ئەو گوتارەم بگەڕێیتەوە، تا بزانیت ئەو چەمکەم چۆن لێک داوەتەوە. تۆ لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کۆمەڵێک گوتارت نووسیون، کە لە هەموویاندا پێم دەڵێیت: (موفلیس، نووسەری ساختە، بۆش، نەخوێندەوار، پاسەوان، بچووک، لێبووک و زۆری دیکەی لەم بابەتە). دیسان دەپرسم: ئایا پێم ناخۆشە؟ نا، بە چاوی هەموو خۆشەویستانم. ئەم نامەیشم بۆ ئەوە نییە واز بهێنیت، بگرە هانت دەدەم بەردەوام ببیت و بەردەوامیت بۆ ئەمڕۆ مایەی خۆشحاڵییە. وەک گوتم بۆ من ئەوە گرنگە ئەو چەمکانە شی بکەمەوە، کە فڕێیان دەدەیت و فکری ئەو فیلۆسۆفانە بناسێنم، ناویان دەهێنیت. من لەناو دنیای ئاماژەدام و لێرەدا مانای شتەکان جیاوازن. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا هەوڵم داوە بە وردی مانای موفلیس لە فەلسەفەدا شی بکەمەوە و گوتوومە هەر بە ڕاستی موفلیسم، چونکێ بۆ ئەوەی ژیان بە دەست بێنم، دەبێت شتەکانی دنیا لە دەست بدەم، کە ژیان و دنیا دوو کایەی تەواو جیاوان.

تۆ خوێنەری (فۆکۆ) بیت و جنێویش بدەیت، شتەکە سەیر دێتە بەر چاو، چونکە جنێو واتە دابەشکردنی شتەکان، کە بێگومان دەبێت پەنا بۆ پێوەر ببەیت، لە کاتێکدا وەک بینیمان (فۆکۆ)ی فیلۆسۆفی جیاوازی دژی دابەشکارییە. من ئەگەر جنێو بە تۆ نادەمەوە، لەبەر ئەوە نییە ناتوانم. دەتوانم، چونکێ لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تیپەکانی کوردی دەناسم و دەزانم وشەیان لێ پێک بهێنم. هەر زۆر ئاسانە. لەبەر ئەوەیش نییە سیستەمێکی مۆڕاڵی هەیە و ڕێی لێ گرتووم، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەیە بۆ جنێودان دەبێت پەنا بۆ پێوەر ببەم، کە مانای وایە شتێکی نوێم نەکردووە. ئەگەر بە یەکێ بڵێم (نەزان)، مانای وایە (زانا)م لا گرنگە و هیچ گومانێک لێی نییە. ئەوە چۆن بەوە گەیشتووم؟ وەک پێشتر لای (فۆکۆ) بینیمان دەستەڵات دابەشی کردووە. نووسەری داهێنەر شتێک ناکات، کەسانی تر کردبێتیان. ئایا ئەگەر بۆ هەر ناوەندێکی کۆمەڵایەتیی وەک گەڕەک، یاریگە، بازاڕ و هیی دیکە بچین، گوێمان لە دەیان جنێو نابێت؟ ئەوە چ ئازایەتییەکە لە پشت کیبۆردەوە، لە پشت ئەو کیبۆردەی ناوی دەیان فیلۆسۆفم پێ نووسیوە، جنێو بدەم؟ لەبارەی دوو فیلۆسۆفی گەورەی وەک (کانت) و (فۆکۆ) تەنیا سێ دێڕت نووسین، کە وەک بینیمان دووانیان هیچ پێوەندییان بەوانەوە نییە و لە سێیەمیاندا گوتراوە دەبێت ببینە پێڕۆکەری (فۆکۆ)، بەڵام بزانە لەبارەی ئەوەی کێ باشە و کێ خراپ، چەندت نووسیوە! ئەگەر لە ڕوانگەی (فۆکۆ)وە بۆ ئەمە بڕوانین، چۆن لێکی دەدەینەوە؟ واتە بۆچی کاتێ باسەکە پێوەندیی بەوەوە هەیە، ئاخۆ باشە ڕەخنە قەبووڵ بکرێت، یان خراپە، تۆ دەتوانیت هێندە بنووسیت، بە ڕادەیەک تەنیا لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کۆمەڵێک گوتارت نووسیون، بگرە زۆرینەی بەرهەمەکانت، با نەڵێم تێکڕایان بەو شێوازە نووسراون؟ (فۆکۆ) پێی وایە هەر سەردەمێک ئەپیستیمی خۆی هەیە، کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ لە هەر ڕشتەیەکدان، ملکەچی دەبن. دەچێتە نەستی خەڵک و پێڕۆییی یاساکانی دەکەن. پێشتر گوتمان دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی واتە دەرچوون لەو دۆخە و هێنانی دۆخێکی جیاوازتر. ئەوە تەنیا لە سێ بواری بایۆلۆجیا، زمان و ئابووریدا دەردەکەوێت. ئەوانە بەرهەمهێنەری زانستە مرۆیییەکان (Humanities)ن، کە فەلسەفە، مێژوو، یاسا، کۆمەڵناسی و هتد دەگرێتەوە. (فۆکۆ) لە کتێبی (وشەکان و شتەکان)دا وای دەبینێت، کە لەم پێنج سەدەیەی ڕابردوودا تەنیا سێ دابڕانی ئەپیستمۆلۆجی ڕوویان داوە: ڕێنەیسانس (The Renaissance Episteme)، کلاسیک (The Classical Episteme) و مۆدێرن (The Modern Episteme). ئەوەی بەسەر یەکەمیاندا زاڵە، لەیەکچوون (resemblance)ـە، کە لەسەر ئەمانە دامەزراوە: (گونجاندن؛ لەچاوکردنەوە؛ هاوشێوەکردن؛ سۆزنواندن: convenience; emulation; analogy; sympathy). ئێمە لێرەدا تەنیا ڕێنەیسانس وەردەگرین، تا ئەوە لێک بدەینەوە بۆچی تۆ دەتوانیت بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک هێندە لەو بارەیەوە بنووسیت. ئەوەیان لەسەر لێکچوواندنی شتەکان دامەزراوە. واتە ئەو لەیەکچوونە زانینی مرۆڤ پێک دەهێنێت. بەم شێوەیە بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت چی لە چی دەچێت. لێرەوە دەکرێت هەر شتێک بە شتێکی دیکە بچووێنێت، کە دەبێتە پرۆسێسێکی بێسنوور و نابڕێتەوە. کاتێکیش شتەکان لە یەک دەچن، هیچ گۆڕانێک ڕوو نادات. خانوو لە شاخ دەچێت، شاخ لە هەور، هەور لە گردۆلکە و تاد. ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە، بزانرێت نهێنیی ئەو لەیەکچوونە چییە. وەک لە سەرەوە پێشانمان دا (فۆکۆ) ئەو چوار توخمەی بۆ لەیەکچوون دیاری کردوون. بۆ نموونە لە یەکەمیاندا، کە گونجاندنە، ئەو مرۆڤە دەیەوێت جەستە و ڕۆح پێک بچووێنێت. لەمەوە پەنا بۆ لێکدانەوەیەکی ساکار دەبات، گۆیە ڕۆح هێندەی گوناهـ لێ بار کراوە، وەک جەستە قورس بووە، بۆیە لە یەک دەچن. ئەمیان بینراو و فیزیکی، ئەویان نەبینراو و مێتافیزیکی. چۆن لە یەک دەچن؟ ئەو لێکدانەوەیە چ هێزێکی هەیە؟ یان بەپێی چوارەمیان، کە سۆزنواندنە، دەڵێت گوڵەبەڕۆژە لە خۆر دەچێت. شێوەیان وەک یەک وایە. لەسەر ئەوە تێگەیشتن دادەمەزرێنیت. ئەوانە مەعریفەیەکی دەرەکی پێک دەهێنن و ئامانجەکە تەنیا ئەوەیە پێشان بدرێت لەنێوان ئەو شتانەدا لەیەکچوون هەیە. ئەگەر کتێبی (منداڵیم بەسەر پەلکەزێڕینەکاندا بازبازێنی دەکرد)ی من بخوێنیتەوە، دەبینیت ئەو منداڵە چەند شەیدای ئەوەیە پێوەندیی نێوان شتەکان بدۆزێتەوە. لەم ڕووەوە کۆمەڵێک نموونەت بەر چاو دەکەون. (فۆکۆ) پێی وایە ئەو مەعریفەیە هەڵدەقوڵێت و زۆرە، چونکێ شتەکان بێسنوورن. با نموونەکە لە قەبووڵکردن و قەبووڵنەکردنی ڕەخنەوە بهێنینەوە. هەر کەسێکی ئەم کۆمەڵگەیە هەتا ئەگەر خوێندەوارییشی نەبێت، دەتوانێت بڵێت: (ڕەخنە کارێکی باشە، چونکە ڕەخنە وەک دەرمان وایە بۆ چارەسەری نەخۆش. ئەمڕۆ نەخۆشی لە زۆربووندایە، بۆیە پێویستمان بە ڕەخنەیە. کاتێ نەخۆشی کەم دەبێتەوە، کۆمەڵگەکەمان دەبووژێتەوە. بووژانەوەی کۆمەڵگە بایەخی گەورەی لە پێشکەوتنی ئێمەدا هەیە. ئەوەی ڕەخنە قەبووڵ ناکات، وەک ئەوە وایە نەخۆشیمان بۆ بهێنێت. ئەوانە دژی تەندروستین. مرۆڤی بچووکن، نەخوێندەوارن، کتێب ناناسن، لێبووکن، واتە قەشمەر و قەرەقۆزن. دیارە هەموومان دەزانین ئەوەی قەشمەر بێت، لە کۆمەڵگەی نۆرماڵدا شوێنی نابێتەوە. کۆمەڵگەی نۆرماڵ کۆمەڵگەیەکە شتەکانی نۆرماڵن. وەک ئەو کۆمەڵگایانە نییە، کە شتەکانیان نۆرماڵ نین…تاد). دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت درێژی بکەیتەوە و هەر نەهێڵیت تەواو ببێت. خۆ دەکرێت ناوی (فۆکۆ)یشی هەر بەم شێوەیە تێ بخەیت، وەک ئەوەی کردووتە: (فیلۆسۆفێکی مەزنە. ڕەخنەی گرنگی گرتووە. ڕەخنەکانی کاریگەریی زۆریان هەبووە و هیی دیکەیشیان دەبێت. ئەوەی کتێبی ئەوی نەخوێندبێتەوە، بوودەڵەیە. هەر بوودەڵە نا، بەڵکوو پاسەوانیشە و ڕەخنە قەبووڵ ناکات…تاد). ئایا بەو مەبەستەی ئەمانە بنووسین، پێویستمان بەوەیە یەک کتێبی ئەومان دیبێت؟ با نوکتەیەکت بۆ بگێڕمەوە. لە قۆناغی سەرەتایی بیستوومە و خۆشە. فێرخوازێک داڕشتنێکی لە بەر کردووە، کە لەبارەی (حوشتر)ـەوەیە: (حوشتر ئاژەڵێکی بەسوودە. بەهێزە و بەرگەی ژیانی سەخت دەگرێت. دەتوانێت چەند ڕۆژ لە بیاباندا بەبێ ئاو بژی. باری قورس لە شوێنێکەوە دەگەیەنێتە شوێنێکی ترەوە…. تاد.). ئەگەر مامۆستا هەر داڕشتنێکی داوا لێ بکات، ئەو هەر ئەمەی بۆ دەنووسێت. با بڵێین ئەمجارە داڕشتنەکە لەبارەی (ڕاسگۆیی)یەوەیە. دەنووسێت: (ڕاستگۆیی پیشەی مرۆڤی چاکە. مرۆڤی ڕاستگۆ زەویی خۆش دەوێت. مەگەر هەر ئەو زەوییە نییە، حوشتری بەسەردا دەڕوات؟ حوشتر ئاژەڵێکی بەسوودە. بەهێزە و بەرگەی ژیانی سەخت دەگرێت….تاد.).

ئایا ڕاستە تۆ ڕەخنە قەبووڵ دەکەیت؟ خانمێک لەبارەی نووسینی یەکێ لەو نووسەرانەی تۆ بە داهێنەری گەورەیان دەزانیت، بۆچوونێک دەردەبڕێت و لە ئەکاونتی فەیسبووکیدا بڵاوی دەکاتەوە. تۆ دێیت و بۆی دەنووسیت: (مەعریفەت نواند). ئەم گوتەیە تەمەنێکی درێژی هەیە و زۆرینەمان لە منداڵییەوە لە دەمی نەنە و باپیرانمانەوە بیستوومانە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم ئەو گوتەیە ئەمڕۆ کەمتر لە جاران بە کار دەهێنرێت، کەچی لای تۆ، کە کۆمەڵێک کتێبی ڕەخنەییت چاپ کردوون، هێشتا هێزی خۆی لە دەست نەداوە. ئەو هاوڕێیەی لەو کۆمێنتەتی ئاگادار کردوومەتەوە، دەڵێت ئەوە ڕوانینی ڕەخنەگرێکی ئێمەیە بۆ چەمکی مەعریفە، کە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی مرۆڤی بە کار دەهێنێت. ئەمڕۆ ئەو خوێنەرە وریایە دەرکەوتووە، کاک ئارامی ئازیز، کە شتی بەسەردا تێناپەڕێت. لە دیدی (فۆکۆ)دا سەرکوت (Repression) وەک میکانیزمێکی دەستەڵات تەنیا پرۆسێسی قەدەغەکردن نییە، بەڵکوو سڕینەوە، بێدەنگکردن، بەلاوەنان و هیی دیکەیش دەگرێتەوە. هەر (فۆکۆ) پێ لەسەر لایەنی سایکۆلۆجیی دەستەڵات دادەگرێت، بەوەی دەستەڵات تەنیا ئەوە نییە، دەتوانین بیبینین، بەڵکوو ئەوەیشە نادیارە و نایبینین، بۆیە لە هەموو شوێنێکدا هەیە. لێرەوە پەنابردنی تۆ بۆ ئەو گوتەیەی نەنە و باپیران لایەنێکی سایکۆلۆجیی هەیە، بەوەی لەو ڕێیەوە ویستووتە هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیمبۆلی بۆ ئەو سەرکوتکردنەت بە دەست بهێنیت. لێرەدا تۆی خوێنەری (فۆکۆ)، بگرە تۆی پێڕۆکەری (فۆکۆ) نەک هەر پەنات بۆ پرۆسێسی جینیالۆجیا و ئارکیۆلۆجیا نەبردووە، تا ڕووبەڕووی مێژوو ببیتەوە و هەڵیبکۆڵیت، بەڵکوو بە پیرۆزت زانیوە و وەک چەک بۆ سەرکوتکردنت بە کار هێناوە. (کانت) و (فۆکۆ) بەو خانمەیان گوتووە: (با بوێریی زانینت تێدا بێت، با ئازایەتیی زانینت هەبێت)، بەڵام تۆ سەرکوتی دەکەیت و پێی دەڵێیت: (بیر مەکەرەوە، تەنیا فەرمان جێبەجێ بکە!). هەر بە ڕاستی (کانت) لە گوتارەکەی خۆیدا باس لەوە دەکات چۆن دەستەڵات بە مەبەستی سەرکوتکردنی تاک پەنا بۆ کۆمەڵێک فێڵی سەیر دەبات. ئایا نەدەکرا لە جیاتیی ئەو گوتە سواوە، بێیت چەمکەکانی ئەو خانمە هەڵبگریتەوە، بەو مەبەستەی ڕەهەندەکانیان بدۆزیتەوە؟ واتە نەدەکرا لە ڕێی دایەڵۆگەوە ڕووبەڕووی نووسینەکەی ببیتەوە و چەند سەرچاوەیەکی فەلسەفیی پێ بناسێنیت؟ پرسیاری من ئەوەیە لەو کاتەی ئەو گوتەیەی نەنە و باپیرانت نووسیوەتەوە، (فۆکۆ) لە کوێ بووە؟ لە خۆم ڕادەبینم بڵێم خوێنەرێکی زۆری خۆمان ئەگەر تەنیا ناوی (فۆکۆ)یان بیستبێت، دەزانن چەمکی مەعریفە بەو فیلۆسۆفەوە لکاوە. مەعریفە و دەستەڵات، کە لە سەرەوەی ئەم نامەیەدا بەشێکم بۆی تەرخان کرد و هەوڵم دا ئەو پێوەندییە پرۆبڵەماتیکەڵە پێشان بدەم. تۆ لە ڕوانگەی ئەو ئەپیستیمەوە، کە (فۆکۆ) ڕاڤەی کردووە، دەڕوانیت و بۆچوونی جیاوازی خانمێک قەبووڵ ناکەیت، چونکێ لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەت نایەتەوە، کە بۆت دروست بووە. ئەوە دەستەڵاتێکی دیاریکراوە، لە ماوەیەکی دیاریکراوی مێژوودا بڕیار دەدات ئێمە چی بڵێین و چێ نەڵێین. گوتمان لای ئەو فیلۆسۆفە دەستەڵات تەنیا هیی بواری سیاسەت نییە، بەڵکوو هیی تێکڕای بوارەکانە و لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە. وەک گوترا دووان لە خەسڵەتەکانیشی قەدەغەکردن و سەرکوتکردنن. واتە ئێمە وەک (فۆکۆ) دەڵێت مافی ئەوەمان نییە هەموو شتێک بڵێین. ناتوانین لە هەموو بارودۆخێکدا لەبارەی هەموو شتێکەوە بدوێین. دەیشزانین دواجار کەس ناتوانێت لەبارەی هیچ شتێکەوە بدوێت. بابەت هەیە، کە ڕێ نادرێت قسەی لێوە بکرێت و ڕیچوەڵی تایبەت بۆ هەموو لایەک لە ئارادایە. لە بەشی یەکەمی کتێبی (مێژووی سێکسوالیتی: The History of Sexuality)دا دەڵێت ئەگەر ئەمڕۆ خەڵكێکی زۆر لەبارەی سەرکوتکردنەوە قسە دەکەن، ئەوە ئەو سەرکوتکردنە لە ڕووی مێژوویییەوە بە ڕوونی دەرکەوتووە. ئەوان ئەگەر لەمێژە بە چڕی لەو بارەیەوە دەدوێن، لەبەر ئەوەیە ئەو سەرکوتکردنەیان تێدا ڕۆ چووە (firmly anchored) و هۆکاری ڕیشەییش هەن، کە ئەمە سروشتی دەستەڵاتە. (فۆکۆ) پێی وایە مەرج نییە شتەکان هەر بە یاسا قەدەغە کرابن، بەڵکوو بەشێکیان لە ڕێی پێوەری بەهاوە سەرکوت دەکرێن، بەو مانایەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا پێشیان لێ دەگیرێت، کاتێ بۆچوون و هەڵسوکەوتمان لە هیی ئەوانەی تر ناچێت. ئەو خانمە تەنیا لەبەر ئەوە سەرکوت کراوە، کە شتێکی گوتووە، جیاواز بووە لەوەی جەماوەر لەبارەی بەرهەمی هەمان نووسەرەوە گوتوویانە.

blank
ئیمانۆیل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) فەیلەسووفی ئەڵمانی

کاک ئارامی ئازیز، ئەو گوتەیەی تۆ لە گوتەی یەکێ لەو نووسەرانە دەچێت، کە لە ڕێی ئەکاونتی ساختەوە هێرشیانە کردە سەر (سۆران ئازاد)، تەنیا لەبەر ئەوەی لەبارەی پڕۆژەی ڕەهەندەوە ڕەخنەی گرت.(6) ئەمە گوتەکەیە: (مەعریفەی بەختیار عەلی بە تایبەت و دواتر مەریوانیش بەم گەنجە راسپێردراوەی کە ئوستازێکی خراپی هەیە ناشیرین نابێت. کاتی خۆی ئوستازە گەورەکانیان قسەیان دەکرد بە قەولی بەختیار خۆی ئەمانە لە دونیای فکردا وەک فیلێک وابوون لە دوکانێکی شوشەواتدا هەرچۆن بجوڵانایەتەوە شتێکیان ئەشکاند).

دیارە لێرەدا بە هیچ شێوەیەک ڕێ بە خۆم نادەم تۆمەتبارت بکەم، بەوەی ئەوەیان تۆیت، لە کاتێکدا دەزانم شێوازەکەی هیی یەکێکی دیکەیە، بەڵکوو دەمەوێت بڵێم ئەو سەرکوتکردنە وەک (فۆکۆ) دەڵێت زەمینەی هەیە. ئەمڕۆ ئەو خوێنەرە وریایەی دەرکەوتووە، تەنانەت شێوازی ئەو نووسەرانەیش دەناسێتەوە، کە لە ڕێی ئەکاونتی ساختەوە کۆمێنت دەنووسن، بگرە بۆ تەنز دەگوترێت: (نووسەری ڕاستەقینە ئەوەیە کۆمەڵێک ئەکاونتی ساختەی هەبن، تا بۆ نەیاران بنووسێت ئێوە پووچن و بە خۆی بڵێت تۆ داهێنەری مەزنیت). ئەرێ ئەوە مانای چییە پڕۆژەیەکی فکریی ڕەخنەییی مەزنی وەک ڕەهەند لە ڕێی ئەکاونتی ساختەوە بەرگریی لێ دەکرێت؟ بە چی بەرگریی لێ دەکەن؟ بە جنێو. ئایا هەندێک ئەندامی ڕەهەند خۆیشیان جنێویان نەداوە؟ لە بیرتە لای (فۆکۆ) گوترا بەشی زۆری کۆمەڵگە بەپێی ئەو ئیپیستیمە بیر دەکەنەوە؟ ئەوەتە لەم سی ساڵەدا چەمکی (مەعریفە) ئەو پێناسە چەسپاوەی وەرگرتووە. لەم ڕووەوە تۆ و ئەو نووسەرەی لە ڕێی ئەکاونتی ساختەی (دیلمان دیلمان)ـەوە کۆمێنتی نووسیوە، وەک یەک وان، بەو مانایەی هەمان زمانتان هەیە و هەمان تێگەیشتن دەگوێزنەوە. دیارە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)ی من لەوەوە هاتە بوون، کاتێ ڕووبەڕووی ئەو چەمکانە بوومەوە، کە لەوێ فڕێ درابوون.(7) گوتەی فیلەکە هەر خۆی یەکێکە لەو گوتە سواوانەی دەکرێت بەسەر زمانی هەر ئەندامێکی دیکەی ئەو کۆمەڵگەیەدا بێت. سێ دەیەی تەواو چەمکی مەعریفە گوترا و گوترایەوە، کەچی ئەوەتە نووسەرەکان، ئەوانەی خۆیان بە خوێنەر و پارێزەری ڕەهەند دەزانن، بەم شێوەیە لە بارەیەوە دەدوێن. ئایا ئەو (دیلمان دیلمان)ـە گەڕایەوە، تا لەبارەی بۆچوونەکانی منەوە وشەیەک بڵێت؟ نەخێر. ئایا لە ڕێی ئەکاونتێکی دیکەی ساختەوە گەڕایەوە؟ ئایا بۆ من گرنگە بگەڕێتەوە، یان نەگەڕێتەوە؟ نەخێر. ئەوە گرنگە بۆچوونی خۆمم لەو کتێبەدا نووسیوە. هیوادارم بۆی بگەڕێیتەوە، بە تایبەتی بۆ پەراوێزی کۆتایی، تا ببینیت لەوێدا چۆن ئەو چەمکەم لێک داوەتەوە. ئەو چەند دێڕەی سەرەوەیشم هەر لە کتێبەکە وەرگرتوون. لە ڕاپەڕینەوە ناوی (فۆکۆ) دێت و دێت، بەڵام ئەوەتە تۆ دوای چاپکردنی پاشۆلێک کتێب، ئەمانەت لە بارەیەوە نووسیون، بگرە دەڵێیت با ببینە پێڕۆکەری. پرسیارە بەردەوامەکەم ئەوەیە: ئایا تۆ بە ڕاستی خوێنەری (بەختیار عەلی) نییت، یان بەڵێ، بە ڕاستی خوێنەری ئەویت و لە بەرهەمەکانیدا شتی جیاوازت بینیوە؟ ئایا دەتوانیت نکووڵیی لێ بکەیت و بڵێیت خوێنەرێکی هەمیشەییی ئەو نییت؟ ئەمە تەنیا پرسیارە و کردوومە.

یەکێ لەو جنێوانەی لەم گوتارەتدا بە (گۆران سەباح)، (شاخەوان سدیق) و منت داوە، نەخوێندەوارە، کە پێشتر لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)، (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ) و (کوشتنی فیل و پاراستنی شووشەوات)دا ئەو چەمکەم لێک داوەتەوە، کە لەم سی ساڵەدا ڕۆشنبیرە دیارەکانمان لە دژی هەر کەسێکدا بە کاریان هێناوە، کاتێ بۆچوونی جیاوازی دەربڕیوە. وەک بینیمان فکری (فۆکۆ) هیچ کاریگەرییەکی بەسەر بیرکردنەوەتدا نییە، بەڵام هیی ئەو ڕۆشنبیرانەت بە ڕوونی پێوە دیارە. تۆ خوێنەری (فۆکۆ) بیت و هێرشیش بکەیتە سەر نەخوێندەوار، شتەکە بۆ من سەیر دێتە بەر چاو. دابەشکردنی چەمکەکان بەسەر دوو بەرەدا، بەو مەبەستەی دژی ئەمیان بوەستیتەوە و باوەش بەویاندا بکەیت، ئەوە وەک گوترا لە ڕێی دەستەڵاتەوە جێبەجێ دەبێت. نامەوێت جارێکی دیکە بۆ پێوەندیی نێوان زانین و دەستەڵات بگەڕێمەوە، بەڵام ئەوەتە نامەکە لە بەردەستدایە و دەکرێت کەمێک بۆ دواوە بگەڕێیتەوە، تا ڕوونتر بیبینیت. بەکورتی هێندە دەڵێم خوێندەواری چەمکێکی بێوەی نییە، بەڵکوو لە پشتیەوە دەستەڵات هەیە. ئەوە حزبی حوکمڕانە دەیەوێت تۆ لە پێناوی ئەودا، نەوەک لە پێناوی خۆتدا خوێندەوار بیت. دەیەوێت ئایدیۆلۆجیای خۆیت لە ڕێی فێرگەوە بەسەردا بسەپێنێت. ئەوە بازرگانەکانن مەبەستیانە فێرگە دابمەزرێت و هەر ئەوانیشن کەلوپەلەکانی ساغ دەکەنەوە. بوونی خوێندەواری وا دەکات هەم سیاسەتمەدار و هەم بازرگان ئاسانتر بماندۆزنەوە، بەوەی لە ڕێی خوێندەوارییەوە لە چوارچێوەیان گرتووین. ئێمە لە ڕێی خوێندەوارییەوە خراوینەتە ژێر چاودێرییەوە. خوێندەواری، کە ڕووە زەقەکەی مەعریفەیە، دەستەڵات بە کەسانێک دەدات، تا بتوانن کەسانی تر، کە خوێندەوارییان نییە، یان ئاستی خوێندەوارییەکەیان نزمترە، بچەوسێننەوە. ئەوانەی لەبەر هەر هۆکارێک بێت ئەو دەستەڵاتە ڕێی نەداون ببنە خوێندەوار، لەلایەن ڕۆشنبیرە دیارەکانمانەوە دەکەونە بەر شاڵاو و جنێویان پێ دەدرێت. ئەوەی پێی وایە ئەو نووسەرانە چەمکی (نەخوێندەواری)یان بە شێوازی تر بە کار هێناوە، با بێت و پێم بڵێت چۆن! بەگشتی زمانی نووسینی ئەوانە هێندە ڕاستەوخۆیە، کە جەماوەر بە ئاسانی دەیانناسێتەوە و لێیان تێدەگات. ئینجا هەندێک بەرگرییان لێ دەکەن و هەندێکی تر لە هەمان ئاستدا ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

(پیر بۆردیۆ)ی کۆمەڵناس، کە لەگەڵ (فۆکۆ)دا خاڵی هاوبەشی لەم ڕووەوە هەیە، بەشێکی بەرهەمەکانی بۆ ئەوە تەرخان کردووە، بەڵام پێم خۆشە زیاتر فۆکەسمان لەسەر (فۆکۆ) بێت. (کلوود لیڤی شتراوس)ی هاوڕێی (فۆکۆ) لە کتێبی (خولگە خەمناکەکان: Tristes Tropiques)دا وا لە خوێندەواری دەڕوانێت، کە ڕێگەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەوانەی دیکە، بەڵام نامەوێت لەسەر بۆچوونی ئەویش هەڵوێستە بکەم. ئەگەر چاوێک بەو کتێبانەدا بخشێنیت، کە لە فێرگەکانی باشووری کوردستاندا دەخوێنرێن، دەزانیت خوێندەواری دەستی بەسەردا گیراوە و تەنیا خزمەتی دەستەڵات دەکات. دامودەستگە کولتووری و مێدیاکانیش بە هەمان شێوە. حزب و بازرگانەکان فێرگە دادەمەزرێنن، تا لە منداڵییەوە بمانکەنە خوێندەوار و بە ئاسانی لە ئایدیۆلۆجییەکەیان بگەین. ئینجا کاتێ گەورە دەبین، لە ڕێی مێدیاوە، کە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش دەگرێتەوە، زیاتر شتەکانیانمان بەسەردا دەسەپێنن. ئایا ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی حزب بۆ خوێندەوارانە، یان بۆ نەخوێندەواران؟ بۆ خوێندەواران. ئەوە بەشێکی زۆری نەخوێندەوارەکانن فریویان نەخواردووە و ئایدیۆلۆجیای دەستەڵاتی سیاسییان لا نەبووەتە حەقیقەت. لە پێشەوە لای (فۆکۆ) گوترا ئەوە دەستەڵاتی سیاسییە، لە ڕێی دامودەستگە جیاوازییەکانەوە بڕیار دەدات چی پەسەندە و چی ناپەسەند؟ چی بگوترێت و چی نەگوترێت؟ چی دەربخرێت و چی بشاردرێتەوە؟ هەر لێرەیشەوە میکانیزمی سزا و چاودێری دەردەکەوێت، بگرە ئەشکەنجە و زیندان دێنە ئاراوە.

ئەو نووسەرانەی ئێمە کاتێ دەست بە خوێندەوارییەوە دەگرن و دژی نەخوێندەواری دەوەستنەوە، تێگەیشنەکەیان لە ئاستی زانراوی میلـلییەوە هێناوە، دەنا هەر ئەوانە کاتێ لەبارەی چەمکەکانی زمان، قسە، نووسین و ئەوانەی دیکەوە نووسیویانە، بۆچوونەکانیان زۆر سادە کەوتوونەتەوە، بگرە بوونەتە مایەی قاقای خوێنەری وریا.

خوێندەواری هەستێکی ساختەمان لا دروست دەکات، تا لە ڕێیەوە خۆمان پێ لەوانەی تر گەورەتر بێت، لە کاتێکدا وا نییە. فێربوونی زمان، کە زۆرینەی کات لە ڕێی خوێندەوارییەوە جێبەجێ دەبێت، ئەو هەستە ساختەیەمان زیاتر لا دەچەسپێنێت، کە ئێمە لەوانەی تر باڵاترین، دەنا فێری ئەو زمانانە نەدەبووین. لێرەوە وا دەچێتە عەقڵمانەوە زمانەکانی تر لە زمانی خۆمان باڵاترن، بۆیە لە ڕێی پەیژەی خوێندەوارییەوە پێیان گەیشتووین. سەرنجم دەدایە ئەوانەی بە گەورەیی فێری زمانی عەرەبی دەبوون. شانازییەکی زۆریان بە خۆیانەوە دەکرد و بە چاوی نزم دەیانڕوانییە زمانی کوردی، بەوەی لە ڕێی پەیژەی خوێندەوارییەوە پێی گەیشتبوون و لەوێوە دەیانڕوانییە خوارەوە. ئێمە هەر جارێ شانازی بە خوێندەواریی خۆمانەوە دەکەین، هاوکات ئەوانە دەسڕینەوە، کە نەخوێندەوارن. ئینجا ئەو دەستەڵاتە بە پیرۆز دەزانین، بواری بۆ ڕەخساندین، تا ببینە خوێندەوار. واتە هەر بیرکردنەوەمان لە (خوێندەواری)، بە دەستەڵاتدا تێدەپەڕێت. (سپاس، دەستەڵات، کە منت کردە خوێندەوار و نەتهێشت وەک ئەوانەی تر لە تاریکاییدا بمێنمەوە). ژنێکی خانەقینیی نەخوێندەواری بەتەمەنی دەراوسێمان لە گەڕەکی ئیسکانی بەغداددا زمانی کوردی، عەرەبی، تورکی، فارسی و ئینگلیزیی دەزانی. لە ڕێی ڕەیدیۆوە خۆیی فێری ئینگلیزی کردبوو. هەر بە کوردی لەگەڵ ئێمە دەدوا. نەماندەبینی شانازی بەوەوە بکات، کە ئەو زمانانە فێر بووە.

ئایا نەخوێندەوارێک چیی لە دەست چووە، کە وەک تۆ نازانێت بنووسێت و بخوێنێتەوە، تا ببێتە خاوەنی ئەم گوتارە؟ ئایا ئەو نەخوێندەوارانە کەموکورتییان هەیە، کە وەک تۆ نازانن وشەی (نۆرماڵ) بخەنە ڕستەوە؟ ئایا خوێندەواری قاڵبێکە و بە دەستی دەهێنین، تا ئەگەر هەمانبوو، هیچ پرسیارێکی لێوە نەکەین؟ شتەکە هەرەمییە. ئەمە ئەو شتەیە، وەک (فۆکۆ) پێی وایە پێڕۆکاران دروست دەکات، تا لە ئاستی ئەوانەدا بچەمێنەوە، کە خاوەنی مەعریفەی زۆرن. دەشێ هەندێک لەوانەی لە تۆ زیاتریان خوێندووە، بە هەمان ئەو پێوەرەی خۆت لێت بڕوانن. ئایا ئەودەم ناڕەزایی دەردەبڕیت؟

ئایا من دژی خوێندەواری و فێربوونی زمانەکانی ترم؟ شتەکە پێوەندیی بەوەوە نییە، ئاخۆ دژیانم، یان لەگەڵیاندام، لە کاتێکدا پرسیاری فەلسەفی بە (ئا) و (نا) وەڵام نادرێتەوە، بەڵام پێم وایە خوێندەواری کاتێ بەهایەکە و دەکرێت بە کەڵکی ژیان بێت، کە من کەسێکم فریوم نەخواردووە و گومانم لەو خوێندەوارییە هەیە. بە مانایەکی دی، پێویستە بەو ئەندازەیەی خوێندەوارم، نەخوێندەواریش بم، دەنا دەبمە کەسێکی تاکڕەهەند و ئاڕاستە دەکرێم. ئەوەتە بە دەمی خۆم دەڵێم نەخوێندەوارم. کاتێ خوێندەواری هەڵبژاردەی خۆمە، کە هاوکات بتوانم وەک نەخوێندەواریش بمێنمەوە، دەنا ئەگەر دەستەڵات پێویستی بەوەیە ببمە خوێندەوار، ئەوە (ویست)ی من بە لاوە نراوە. وەک چۆن بە بڕیاری خۆمان نەهاتووینەتە دنیاوە، بە هەمان شێوەیە بەشێکی زۆرمان بە (ویست)ی خۆمان نەبووینەتە خوێندەواریش، بەوەی لە منداڵییەوە بۆ فێرگەیان ڕاپێچ کردووین و بەپێی سیستەمی سزا لەگەڵماندا جووڵاونەتەوە. لە زۆرینەی بەرهەمەکانمدا منداڵێک هەیە و لە ئاستی دەستەڵاتی خوێندەواریدا بەرگری دەکات. کتێبی (منداڵیم…) نموونەیەکی دیارە، کە ژیاننامەی خۆمە. وەک گوترا تۆ خوێندەوارییشت وەک قاڵبێک بینیوە، کە دەکرێت هەمووان وەک یەک خوێندەوار بن. پێت خۆشە تەنیا لەبارەی ڕێنووسەوە، کە بەشێکی خوێندەوارییە، سەرنجی خۆمت بۆ بنووسم و پێشتریش بۆم نووسیویت؟ ئایا (ڕەخنە قەبووڵ نەکردن) وا دەنووسرێت؟ من بم (ڕەخنەقەبووڵنەکردن)، یان دروستتر (قەبووڵنەکردنی ڕەخنە) دەنووسم. ئایا وشەی (پەیوەندی)ت دروست نووسیوە؟ بەم شێوەیە نانووسرێت: (پێوەندی)؟ ئایا (پەیڕەوکار)ـە، یان (پێڕۆکەر)؟ ئەمانە و زۆری دیکەیش. مەبەستمە بڵێم ناکرێت خوێندەواری و نەخوێندەواری لە چوارچێوە بگرین، بەڵکوو لێرەدا ڕووبەرێکی فرەوانی ڕێژەیی هەیە و تێیدا مانای هەردووکیان بەپێی دۆخەکان دەگۆڕێت. لای (فۆکۆ) گوتمان مانای شتەکان چەسپاو نین و لە گۆڕاندان.

بە ئێمەت گوتووە لە کتێب دوورین و ناخوێنینەوە. دیارە هەرسێکمان جیاوازین، بۆیە ئەو تێکەڵکردنە هەڵەیەکی لۆجیکە، بەڵام ئەوە بە خاڵێکی گەوهەری نازانم. پێشتریش گوتوومە پێویست ناکات لە نووسەرێک بپرسیت چی دەخوێنێتەوە، چونکێ لە بەرهەمەکانیدا ئەوە دەبینیت. با خوێنەر دوای خوێندنەوەی گوتارەکەت، خۆی بەوە بگات، ئاخۆ تۆ (کانت) و (فۆکۆ)ت خوێندووەتەوە و لێیان تێگەیشتوویت، یان نا، کە ئەوە لە ڕەخنەی نوێدا بایەخی هەیە، بەوەی نووسەر ڕێ بە خۆی نادات ببێتە نوێنەری خوێنەر، بەڵکوو شتەکان بە کراوەیی جێ دەهێڵێت. تیۆریی خوێنەر/وەرگر پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە پێویستە تێکست پڕی بێت لە بۆشایی، تا خوێنەر خۆی لە ڕێی چالاکیی خۆیەوە پڕیان بکاتەوە، کە ڕاستییەکەیشی هیچ تێکستێکی فرەئاڕاستە پڕ ناکرێتەوە، بەوەی هەر خوێنەرێکی دیکە، کاتێ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کۆمەڵێک بۆشاییی تر لە بەردەمیدا دەردەکەون، بەوەی پێشینە (background)ی هەر خوێنەرێک هەم لە هیی نووسەر و هەم لە هیی خوێنەرێکی دیکەیش جیاوازە. بۆ ئەوەی تێکست ئەو چالاکییە بۆ خوێنەر فەراهەم بکات، دەبێت لە قاڵب و کڵێشە دوور بکەوێتەوە، بگرە پێویستە شتی نەزانراو بهێنێت.

پێویستە هۆشیاری پرۆسێسێکی سروشتی بێت، بەو مانایەی لە پێناوی هیچ شتێکی دیاریکراودا نەخرێتە گەڕ، بەڵکوو ڕوو بکاتە نەزانراو. بەهای خوێندنەوە پێویستە بچێتە ناو ژیان، نەوەک ناو دنیا، کە ژیان فرەوان و بێسنوورە، لە کاتێکدا دنیا سنووردارە. هۆشیاریی سروشتی ئەوەیە لە بیرمان نییە هەمانە، بەڵکوو بووەتە بەشێکی جودانەکراوەی ڕوانین و هەڵسوکەوتمان. هۆشیاری ئەگەر بەشێک نەبێت لە خۆمان، ئەوە لەسەر ڕەفمان داناوە، تا بەپێی پێویست بە کاری بهێنین، کە مەرج نییە هەمیشە لە بیرمان بێت، یان ڕەنگە هەر دەستمان پێی نەگات. ئەگەر تۆ بەرهەمی (کانت) و (فۆکۆ)ت خوێندووەتەوە، پێویستە لە هەڵسوکەوتتدا دەربکەوێت، بێ ئەوەی هەر ناوت هێنابن. کاتێ لە کۆڵانەکەتاندا بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ منداڵێکدا مامەڵە دەکەیت، ڕەنگە ئەو منداڵە هەر نەزانێت دوو فیلۆسۆفی وا هەن و تۆ دەیانناسیت، بەڵام دەزانێت لە بەرانبەر کەسێکی جیاوازدایە. کاتێ بۆچوونی ئەو خانمەت خوێندەوە، دەکرا بێ ئەوەی ناوی یەک فیلۆسۆف بهێنیت، بزانێت لە ئاستی کەسێکی جیاوازدایە، دەنا ئەگەر خوێندنەوە بووە ڕیچوڵ، ئەوە هێزی ئەوەی نابێت ئێمە کاریگەرییەکەی ببینین.

****

کاک ئارامی ئازیز، ئێستا لەسەر ئەم پەرەگرافەت دەوەستم: [مانگی ڕابردوو سێ هاوڕێی نووسەر لەسەر ئەوەی ڕەخنەیان لە یەکتری گرتووە (کە بێگومان ئاستی ڕەخنەکان بە جۆرێکە مەگەر لەنێو کورددا پێی بوترێت ڕەخنە و من قسە لەسەر ناوەرۆکی ڕەخنەکان ناکەم) و هەرسێکیان سەری قەبوڵکردنیان بۆ یەکتری ڕاوەشاندووە، ئیدی دووبارە کەوتوونەتە پێداهەڵگوتن و جۆرێک لە هۆنینەوەی ستایشنامە، کە وەکو ئەوەی قەبوڵکردنی ڕەخنە کردەیەکی ناسروشتی بێت؟ بێگومان ئەم کردەیە لەنێو نووسەرانی نەخوێندەوار و لیبۆکدا کردەیەکی ناسروشتییە. دەنا لەنێو نووسەرانی داهێنەر و ڕەخنەگرانی بەئاوەزدا کردەیەکی گەلێک سروشتییە و پێویست بە شانوباڵ هەڵدان ناکات].

ئەمجارەیان لێت ناپرسم ئایا خوێنەری (فۆکۆ) ئەم وشانە دەنووسێت، بەڵکوو دەپرسم خۆت لێرەدا دەزانیت باسی چی دەکەیت؟ تۆ ڕەخنەت لەوەیە ڕەخنە قەبووڵ دەکرێت، یان ناکرێت؟ ئەو سێ هاوڕێیە بەپێی ئەو گێڕانەوەیەی تۆ جارێک ڕەخنەی یەکتریان قەبووڵ نەکردووە و جارێک کەوتوونەتە پێداهەڵگوتی یەکتر، یان چی؟ ئەوانە چۆن لێک دەدەیتەوە؟ تۆ لە یەکەم ئیمەیڵت، کە بۆت ناردووم، نووسیوتە دەبێت بوێر بین و ناوی کەسەکان بێنین. ئەوەتە خۆت ناوی (گۆران سەباح)، (شاخەوان سدیق) و منت نەهێناوە. ئەوەیان واز لێ دێنین، بەڵام ئایا ئەو گێڕانەوەیە دروستە، یان شێوێندراوە؟ بەر لەوەی ڕاستی بکەمەوە، دەپرسم ئەرێ ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، خوێنەرێکی (کانت) و (فۆکۆ) پێوەی خەریک ببێت؟ ئەگەر جارێکی دی بۆ لای (فۆکۆ) بگەڕێینەوە و پرۆسێسی ئارکیۆلۆجیا بە بیری خۆمان بهێنینەوە، دەبینین ڕووبەڕووی هەموو ئەو گێڕانەوانە (Narratives) دەبێتەوە، کە هەن. ئەوانە زۆرینەی کات لە پێناوی پاوانخوازیی دەستەڵاتدا هەڵبەستراون، بۆیە ساختەن. ڕاستییەکەی تۆ هونەرێکی سادە و ڕوونت لەو شێواندنەدا بە کار هێناوە، کە بڕوا دەکەم هەر خوێنەرێک هەستی بکات.

من خۆم هەمووی دوو ساڵە دەزانم نووسەرێک هەیە و ناوی (گۆران سەباح)ـە. ئەویش کەی؟ کاتێ لە نووسینێکیدا ئاماژەی بە ڕۆمانی (ماڵی نانی)ی من کردبوو. لەمەوە نامەیەکم بۆ نارد و بۆچوونی جیاوازی خۆمم تێدا نووسی. ئینجا لە تەلەفۆن بە هەمان شێوە ڕەخنەی خۆمم لێی نەشاردەوە. چەند مانگ لەمەوبەر لەبارەی ڕۆمانی (تەرمەوان)ی منەوە ڕەخنەیەکی بڵاو کردەوە، کە پێی وایە چاپکردنی کارێکی خراپە. یەک خاڵی پۆزەتیڤی لەم ڕۆمانەی مندا نەدیوە.(8) منیش گوتارێکم لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمانی تەرمەوان لە دیدێکی دیکەیشەوە) نووسی و بەرپەرچی تێکڕای بۆچوونەکانیم دایەوە، بێ ئەوەی دەنگی ئەو بسڕمەوە.(9) لەوێیشدا ئەوەم گوتووە. دەسا با خوێنەر خۆی بچێت بیخوێنیتەوە و بزانێت لە چ ئاستێکدا نووسراوە. ئینجا چونکێ بە لای کەسێتیی (سەباح)دا نەچووم، بەڵکوو تەنیا بۆچوونی جیاوازی خۆمم نووسیوە، ئەو لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووکدا بڵاوی کردەوە. دەکرێت وەک نموونەیەکی جیاواز لێی بڕوانرێت، کە دوو نووسەر لەگەڵ ئەوەیشدا لە یەک خاڵی تێگەیشتندا بە یەک ناگەنەوە، بەڵام باوەڕیان بە دایەڵۆگە و هیچ تووڕەیییەک لە تۆنی دەنگیاندا بە دی ناکرێت. کاتێ دەڵێم لە کەسێک جیاوازم، مەبەستم ئەوە نییە بیرکردنەوەی من دروستە و هیی ئەو هەڵەیە، یان من لەو چاکتر بیر دەکەمەوە، بەڵکوو تەنیا دەمەوێت بڵێم جیاوازم. دەتوانم بڵێم بیرکردنەوەی (سەباح) چەند بڵێی لە هیی من دوورە. کتێبی (ڕۆمان و خوێنەرە جیاوازەکانی)ی (شاخەوان سدیق) بڵاو دەکرێتەوە، کە کۆمەڵێک نووسەر وەڵامی پرسیارێکیان لەبارەی کاریگەریی ڕۆمان لەسەر خوینەرەوە داوەتەوە. یەکێکیان منم. ئەمجارەیان (سەباح) دێت و ڕەخنە لە هەموو وەڵامەکان دەگرێت.(10) لە ڕێی نامەیەکەوە بۆچوونی خۆمی بۆ دەنووسم.(11). گوتوومە لەگەڵ ئەوەیشدا ڕوانینم تەواو لەگەڵ هیی ئەو جیاوازە، بەڵام ئەو جووڵەیەم پێ خۆشە. بەو جووڵەیەی پاڵی پێوە نام دوو بابەت بنووسم، کە ماندوویان کردم و ئەو ماندووێتیەمم خۆش دەوێت. هەمان شتیشم بەردەوام بە تۆ گوتووە، کاک ئارامی ئازیز. لە ڕێی مەسیجی دەنگییەوە بە (سەباح)م گوتووە ئەوەی (ئارام سدیق)یش بە گرنگ دەزانم، کە جووڵە دەخاتە ناو دنیای نووسینمانەوە. ئەو جووڵەیە لە خزمەتی تێکستی فرەئاڕاستە و فرەڕەهەنددایە. واتە ئەو تێکستەی ئاستی زانراوی تێپەڕاندبێت، بەرگەی ڕەخنە دەگرێت، بگرە دەتوانێت لەو ڕێیەوە زیاتر هێز بە دەست بێنێت، مادام کراوەیە و ڕووی لە نەزانراوە. لەو وەڵامەی (شاخی)دا باسی ئەوەم کردووە. ئەوە تێکستی داخراوە ناتوانێت دایەڵۆگ دروست بکات. وایشی پێویست کردووە بڵێم پرسیارەکەی (شاخی) گرنگە، چونکێ لەو ڕێیەوە ئاستی تێگەیشتنی ڕۆماننووسانی ئێمە دەردەکەوێت. نەک من، هەموو ئەو نووسەرانەی تریش پرسیارەکەیان لا گرنگ بووە، دەنا وەڵامیان نەدەدایەوە. ئەوە هەموو شتەکەیە و تێکستەکانیش ماون. لەمێژە ئاگام لە نووسینی (شاخی)یە، بەڵام چوار ساڵە پێوەندیی کەسێتیمان هەیە، کە هەمووی چەند جارێک پێکەوە دواوین. ئەوانەیش پێوەندییان بە گفتوگۆوە هەبووە. تۆم بینیوە، بەڵام ئەو دوو ئازیزەی تر نا. ئەمڕۆ لە کاتی نووسینی ئەم نامەیەدا ڤیدیۆیەکی (سەباح)م پێ گەیشتووە، کە تێیدا هێرش دەکاتە سەر نووسینم. ناومی خستووەتە پاڵ ناوی چەند ڕۆماننووسێکی تر، گۆیە نازانین بە دروستی بنووسین و زمانی کوردیمان شێواندووە. ئەو تێکەڵکردنە هەڵەیەکی لۆجیکییە. ئەوە چۆن بەو ئەنجامە سەیرە گەیشتووە؟ هەر خوێنەرێکی وریا بەرهەمی هەردووکمانی خوێندبێتەوە، دەزانێت جیاوازییەکەمان زۆر گەورەیە. ئەو نایشارێتەوە دەیەوێت بە زمانی سادەی جەماوەر بنووسێت، لە کاتێکدا زمان لای من تێپەڕاندنی بەردەوامی ئەو ئاستەیە، کە هەیە. ڕوانینمان بۆ چەمکەکان لە هیچ ڕێیەکەوە بە یەک ناگەنەوە. بۆ نموونە ئەو تێکڕای فکری خۆرئاوا بە هیچ دەزانێت. ئەمە ئەو ڕەخنەیش دەگرێتەوە، کە لانی کەم لە (نیتشە)وە تا (فۆکۆ) و دواتر لەو فکرە گیراوە، لە کاتێکدا شتەکە وەک لەم نامەیەیشمدا دیارە لای من تەواو جیاوازە. ئەگەرچی هیچ گوتارێکی ئەوم لەو بارەیەوە نەدیوە، بەڵام بەردەوام بە زارەکی دەریبڕیوە. لەوە دەچێت خۆرئاوا بەر نەفرەتێکی سەیر کەوتبێت، بە ڕادەیەک هەر فکرەیەک بەرهەم بهێنێت، خێرا بۆگەن بکات. بۆ نموونە لە ڤیدیۆیەکیدا پێی وایە ئەوانەی باس لە (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف و تیۆلۆجن (Theologian)ی دانمارکی دەکەن، دوای مۆدێل کەوتوون. نایشارمەوە شتەکە سەیر، بگرە ساکار دێتە بەر چاوی من. کەی ئەو هەموو فکرەی خوێندەوە، تا بتوانێت بڕیارێکی لەم شێوەیە بدات؟ ئایا هەر دوای ئەوەی چەند لاپەڕەیەک لەو فکرە دەخوێنینەوە، خێرا دەست لە حوکمدان هەڵناگرین؟ ئاستی تێگەیشتنمان ناگۆڕێت و لە زمانماندا ڕەنگ ناداتەوە؟ ئێستا بواری ئەوەم نییە لەوە زیاتر بڵێم، بەڵام جووڵەیە و دەیکات. ئەوانەی پێیان وایە بە چاکی بەرهەمی نەخوێندوونەتەوە، با بێن و چەمکەکانی هەڵبگرنەوە، تا بە شێوازی خۆیان لێوەی بدوێن. لەو جیاوازییەدا شتی نوێ دێتە کایەوە، ئەگەر ئەوان بتوانن جیاوازیی خۆیان دەربخەن.

گوتووتە: (سێ هاوڕێی نووسەر)، بۆ ئەوەی بڵێیت هاوڕێیەتییەکەمان وای کردووە… (بڕوا بکە نازانم بڵێم هاوڕێیەتییەکەمان وای کردووە چی بکەین! بۆچی؟ چونکێ دوو شتی جیاوازی ئاڵۆزت گوتوون). نازانم ئەوەیانە، کە (زامدار) گوتوویەتی، یان هیی (قانیع)ـە. تێکەڵییەکە لە بۆڵەبۆڵ و منگەمنگ. ئایا دەکرێت بڵێین بۆڵەمنگە؟ ئێستا من نازانم بۆچی سەرزەنشتت کردووین! ئایا ڕەخنە قەبووڵ دەکەین، یان نایکەین؟ یان هەردووکیان پێکەوە؟ یان هیچیان نا، بەڵکوو…؟ بەڵکوو چی؟ ئەرێ ئەو شتە گرنگە، ئێمە پێوەی خەریک ببین؟ بەهەرحاڵ من هاوڕێی ئەوانم، وەک ئەوەی هاوڕێی تۆیشم. ئێمە دەبێت ئەو شتانە لە تێکستەکاندا بدۆزینەوە، نەوەک لە دەرەوەی. ئایا سەیر نییە ڕەخنەگرێکی وەک تۆ، کە خوێنەری (فۆکۆ)یە، پشت لە تێکست بکات و لە دەرەوەیدا بە دوای شتدا بگەڕێت؟ ئەمە هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە (straw man fallacy) ناسراوە. واتە شتێک بۆ کەسێک هەڵدەبەستیت، کە هیچ پێوەندیی پێیەوە نییە، تا لە ڕێی ئەو شتەوە خۆی دادگایی بکەیت.

لەوانە سەیرتر، ئەوەیە، کە دەڵێیت: (بێگومان ئاستی ڕەخنەکان بە جۆرێکە مەگەر لەنێو کورددا پێی بوترێت ڕەخنە و من قسە لەسەر ناوەرۆکی ڕەخنەکان ناکەم).

ئەوەیان لای من نوێ نییە، کە بێ ئەوەی پەرەگرافێک لە تێکستێکم وەربگریت، ئەو هەموو گوتارە لەبارەی کەسێتیمەوە بنووسیت. وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، کە (فۆکۆ) لە ڕێی چەمکی (لەیەکچوون)ـەوە لێکی دەداتەوە و دەڵێت ئەم جۆرە نووسینە هێندە سادەیە، دەتوانیت لە ماوەیەکی کورتدا بێسنوور شت بە دوای یەکدا ڕیز بکەیت. پێشتریش پێم گوتوویت هەموو بەرهەمەکانمت بە وۆرد و لە ڕێی ئیمەیڵەوە بۆ دەنێرم، تا بە ئارەزووی خۆت ڕەخنەیان لێ بگریت. ئێستا ئامادەم ئەو گوتارە و نامەکەمت بۆ بنێرم، کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردن. ئایا دەتەوێت لە بارەیانەوە بنووسیت؟ ئایا تۆ پێت وایە خوێنەرەکانت تەنیا پێویستیان بەوەیە جنێوم پێ بدەیت؟ نایانەوێت بزانن من چەند ڕووکەشم و چەند سادە دەنووسم؟ بۆچی نایەیت نموونە لە بەرهەمەکانم بێنیتەوە و پێشانیان بدەیت؟ هەم گوتارەکە و هەم نامەکەم لەبارەی ئەدەبی گێڕانەوەوەن، کە چەمکێکی فەلسەفییە و لە سەردەمی یۆنانەوە تا ئەمڕۆ بێژمار فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆز پێوەی خەریک بوون. یەکێکیان (فۆکۆ)یە، ئایا تۆی خاوەنی ئەم گوتارە دەتوانیت لەم بارەیەوە بنووسیت؟ ئایا پێشتر نووسیوتە؟ دەتوانیت یەک نموونەم لە بەرهەمەکانت بۆ بێنیتەوە؟ ناڵێم تەحەدات دەکەم، ئەگەر بەم تێگەیشتنەی ئێستات بتوانیت چوار دێڕ لەبارەی ئەو چەمکەوە بنووسیت، بەڵام هانت دەدەم لانی کەم ئەم گوتارە و و نامەکەم بدەیتە بەر ڕەخنەی توند.

هەر لەو کتێبەی (شاخی)دا (ئارام کاکەی فەلاح)ی هاوڕێیشت بەشدارە، کە وەڵامەکەی لای زۆر کەس بووەتە مایەی پێکەنین. کار گەیشتووەتە ئەوەی خوێنەرێکی وریای وەک (ڕێباز ئەکرەم) نەک هەر قاقا لێ بدات، بەڵکوو لە بارەیشیەوە بابەتێک بنووسێت. ئەگەر تۆ، خۆی، یان هەر کەسێکی دی پێی وایە لەو وەڵامەدا جگە لە پێکەنین، شتێکی دیکە هەیە، با بێت، تا بە دەنگی خۆم بۆی بخوێنمەوە. لەم وەڵامەیدا گوتوویەتی ڕۆمان بۆ نەهێشتنی سترێس باشە. ئەوە چ ڕۆمانێکە تا ئەو ئەندازەیە سادەیە، کە خەمی مرۆڤ دەڕەوێنێتەوە؟ ئەوەی خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفە بێت، دەزانێت (خەم)، (ئازار) و (نیگەرانی) بە تایبەتی لە (نیتشە)وە بۆ ئەمڕۆ مانای جیاوازیان وەرگرتووە، بگرە بایەخی گەورەیان هەیە، کە نابێت لە ناو ببرێن، بەوەی بوونی ئێمە پێک دەهێنن. (نیتشە) لە کتێبی (ئاوابوونی بتەکان)دا ڕەخنەی توند لە باوەڕی کریسچیانیتی دەگرێت، بەوەی دەیەوێت ئەو خەم و ئازارە لە مرۆڤدا بکوژێت. بەو ددانسازە نەشارەزایەی دەچووێنێت، کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ددان، خودی ددانەکە لە بنەوە هەڵدەکێشێت. ئەمە وەک دژایەتییەکی گەورەی مرۆڤ لێک دەداتەوە. (هایدیگەر) پێی وایە بوونی ڕەسەن و ڕاستینە لەگەڵ دڵەڕاوکێ و نیگەرانیدا هاوکاتە، بەوەی ئەو بوونە ناتوانێت لەگەڵ (ئێستا)ی خۆیدا بگونجێت و لە ئاستی (داهاتوو)یشدا هەست بە ترسێکی گەورە دەکات. ئەو ترسە ڕوویەکی دیکەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییە. بە مانایەکی تر، ترسە لە مردن، کە دەیکاتە بوونەوەرێکی نامۆ، مادام عەدەم (Nihil) پێوەندیی نێوان واقیعی ئەو بوونەوەرە و (بوون) پێک دەهێنێت.

کاک ئارامی ئازیز، لەم چەند ساڵەدا بەردەوام ناوی (هایدیگەر)ت هێناوە، کەچی ئەوەتە هاوڕێیەکی نزیکت بەم شێوەیە لە (سترێس) گەیشتووە. ئینجا دوای ئەو گوتە پێکەنیناوییانە دەڵێت: (ئەوانە قسەی من نین، هیی زانایانن).

سترێس بزووێنەری ڕۆمانە، کە ئەو سترێسە لە سەدەی بیستەمەوە بە هێزێکی گەورەترەوە دەردەکەوێت. کاریگەریی بەرهەمەکانی (نیتشە)، (فرۆید)، (هۆسێرل)، (بێرگسۆن) و ئەوانەی دی بە ئاشکرا بەسەر شێوازەکانی ڕۆمانەوە دەبینرێت. دەکرێت ناوی ڕۆمانی (شەپۆلەکان)ی (ڤیرجینا ۆلف) بۆ (سترێسەکان) بگۆڕین، بەوەی لە پشت هەر دێڕێکیدا ئەو سترێسە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بۆیە زمانی ڕۆمانەکە، کە ڕەخنەدۆزان بە گشتی پێیان وایە تێکەڵییەکە لە شیعر و پەخشان، وای کردووە نەتوانرێت ئەو تێکستە وەک جۆرێکی دیاریکراوی ڕۆمان پۆلێن بکرێت. لێرەدا زمان بەر لە هەرچی (کات) بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی هەیە، دەردەبڕێت. منداڵی و گەورەییی هەرشەش کارەکتەر تێکەڵی یەک دەبن. لەمەوە ڕۆمانەکە نە گرێچنی دەمێنێت و نە ڕووداوی زەق. مەنەلۆگ شوێنی دایەڵۆگ دەگرێتەوە، کە دۆخی تەنیایی و گۆشەگیریی هەر یەکەیان دەردەخات.

لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا (مام جەباری شێلمرۆش) لە بازاڕی هەولێردا شێلمی دەفرۆشت و بە دەنگێکی بێوێنە هاواری دەکرد: (شێلمەکەم خەمڕەوێنە؛ وەرە بۆ لای، بیدوێنە!). جارێکیان (فرسەت ڕۆژبەیانی)، (ئازاد ئەحمەد) و من بە مەبەستی خواردنی شێلم چووینە لای. (ئازاد) پێی گوت دەنگی لە هیی (ماملێ)ی تێپەڕاندووە، بۆچی ناچێت گۆرانی بڵێت؟ گوتی: (من لێرە هەم شێلمی کوڵاو دەفرۆشم و هەم گۆرانییش دەڵێم. ئەگەر ببمە گۆرانیبێژ، ئەوەیانم لە دەست دەچێت). ئەودەم تازە کتێبی (بنیادی زمانی شیعری: بنیة الـلغة الشعریة)ی (جان کۆهین) بە عەرەبی دەرچووبوو، کە باس لە تیۆریی ترازاندن (نظریة الانزیاح) دەکات، بەو مانایەی شیعر یاساکانی زمان تێک دەشکێنێت، بۆیە هەر وێنەیەکی شیعری لە بڕینی یاسا و پرینسیپەکانی زمان پێک دێت. منیش لە ژێر کاریگەریی ئەو کتێبەدا دوو دێڕە شیعرەکەی (مام جەباری شێلمرۆش)م لێک دایەوە و گوتم لێرەدا کرداری (دواندن) لە پاڵ کرداری (خواردن)دا دەرکەوتووە، بێ ئەوەی دووەمیان یەکەمیانی سڕیبێتەوە. ئێمە وا ڕاهاتووین شێلم دەخۆین، بەڵام ئەو دەڵێت بیدوێنە. واتە دواندن هەم خۆیەتی و هەم شتێکی دیکەیش، کە خواردنە. ئێستا لەوەی (ئارام کاکەی فەلاح)ی نزیک دەکەینەوە و دەڵێین شێلم ئەگەر خەم دەڕەوێنێتەوە، ئەوە هیی دنیای شمەکە و لێرەدا بەهایەکی جیاوازی هەیە، بەڵام ڕۆمان، کە هیی دنیای ئاماژەیە، ئەگەر خەم بڕەوێنێتەوە، مانای وایە لە دنیای شمەکدا ماوەتەوە و هیچی تێنەپەڕاندووە، بگرە دەستی بەو چەسپاوەوە گرتووە. چی وای کردووە ئەوەی (ئارام کاکەی فەلاح) دەربکەوێت، بەڵام هیی (مام جەباری شێلمرۆش) بشاردرێتەوە؟ دەستەڵاتی چەمکەکان، کە وەک گوترا ئەوانن مرۆڤیان بەرهەم هێناوە، نەوەک مرۆڤ ئەوانی بەرهەم هێنابێت، بەڵام دەستەڵات هەندێک دەکاتە خاوەنی چەمکەکان، کە دەتوانن لەو ڕێیەوە ئەوانەی دی بسڕنەوە. لێرەدا (ئارام کاکەی فەلاح)ی خوێندەوار، بەوەدا دەتوانێت تیپەکان بنووسێت و وشەیان لێ پێک بهێنێت، گوتەکەی لە هیی (مام جەباری شێلمرۆش)ی نەخوێندەوار زیاتر بایەخی پێ دەدرێت، چونکێ دووەمیان بەو پێوەرەی دانراوە، دەکەوێتە پەراوێزەوە و دەسڕێتەوە. وەڵامی (ئارام کاکەی فەلاح) دەمێنێتەوە و لە شێوەی کتێبدا چاپ دەکرێت. دەشێ پێویست بەوە بکات لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەیدا ئاهەنگی بۆ بگێڕن و کۆمەڵێک کەس ئامادە ببن. ئەوەتە لای تۆ ئەو وەڵامەی لە ڕەخنە دوور خراوەتەوە.

لە شوێنێکی وەڵامەکەیدا نووسیویەتی، گۆیە عەقڵیەتی شەڕکەر (ئامادەیە دەیەها نامەت بۆ بنووسێ تا ڕەخنەیەکی لێ نەگری. دەپاڕێتەوە). پرسیارێک لەبارەی کاریگەریی ڕۆمان لەسەر خوێنەرەوەیە و ئەو دێت ئەمەت پێ دەڵێت. لەو نامەیەی بۆ (گۆران سەباح)م ناردووە، ئەوەی خوارەم نووسیوە:

[من بەوەدا خۆم چەند جارێک ڕووبەڕووی نووسینەکانی بوومەتەوە، بۆ نموونە لە پاشکۆی کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام) و لە گوتاری (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی)دا، بۆیە هێندە دەڵێم نامەی لەم شێوەیەم نە بۆ ئەم ناردووە و نە بۆ هیچ کەسێکی تریش.(12) هیوادارم ئەگەر مەبەستی منە، بڵاویان بکاتەوە! بە هیچ شێوەیەک لە کەسێتیی ئەو نزیک نەبوومەتەوە، بەڵکوو تەنیا لەبارەی نووسینیەوە پرسیارم لێ کردووە و بۆچوونی خۆمم نووسیوە. بەر لەوەی بابەتەکەم بڵاو بکەمەوە، بە ئیمەیڵ بۆیم ناردووە، کە بێگومان بەوەدا کێشەی کەسێتیم لەگەڵیدا نییە، سڵاو و خۆشەویستیم بۆ نووسیوە. ئەوەم لەگەڵ نووسەرانی تریشدا کردووە. واتە بەر لەوەی بڵاویان بکەمەوە، بۆم ناردوون، تا بزانن لەبارەی بەرهەمیانەوە نووسیومە. ئەو بابەتەی پێی گەیشتووە، ڕەخنەی توندە و بە پرسیار ڕووبەڕووی بوومەتەوە، تەنانەت داوام لێ کردووە وەڵامم بداتەوە. دیارە ئەگەر بۆ ئەوەم ناردبێت، ڕەخنەم لێ نەگرێت، ئەو هەموو پرسیارەی ئاڕاستە ناکەم. خوێنەر دەتوانێت پاشکۆی کتێبەکە بخوێنێتەوە، تا بزانێت پرسیارەکان چین. ئیمەیڵەکە لای خۆم پارێزراوە. ئەگەر ئەوەی بە پاڕانەوە داناوە، ئەوە با بڵاوی بکاتەوە! ئایا ئەم دانەیەیە بووەتە دەیەها؟ دەیەها؟ زۆر نییە؟ دیارە پێشتریش نامەمان گۆڕیوەتەوە، بەڵام پێوەندییان بە بابەتی لەم شێوەیەوە نەبووە. دەتوانێت ئەوانیش بڵاو بکاتەوە. پاڕانەوە؟].

تۆ ئەوت لێ کردووینەتە بیرمەندێکی گەورە، بە مەرجێ لە گفتوگۆکان و ئەو یەک دوو گوتارەی نووسیونی، پەرەگرافێک نادۆزیتەوە، بڵێیت ئەوە هیی پێکەنین نییە، کە لە بەرهەمەکانی پێشوومدا ئاماژەم پێ کردوون. کێ پەرەگرافێکی ئەو نووسەرەی لە بیرە، کە ئەوە پێشان بدات خوێنەرە، نەک بیرمەند؟ من کێشەم لەگەڵ ئەوەدا نییە، کە بیرمەندە. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵێک نموونەی نووسینەکانی ئەوم لە شێوەی نوکتە پێ گەیشتوون. دوای هەموو ئەوانە تۆ هاتوویت گفتوگۆیەکت لەگەڵدا کردووە، کە لە شێوەی کتێب، بە ناوی (هێزی گێڕانەوە) چاپ کراوە. یەکێ نەزانێت، دەڵێت ئەو نووسەرە لەبارەی چەمکی گێڕانەوەوە کۆمەڵێک بەرهەمی هەن و لە ڕووی تیۆرییەوە نووسیونی. ئینجا بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لەو تیۆرییانە، پێویستە پرسیاری لێ بکرێت، تا خوێنەر پتر لەم بارەیەوە بزانێت، ئاخۆ مەبەستی لەو چەمکانە چین، کە بە شێوازی خۆی بە کاری هێناون. خوێنەرێک هەر بۆ نوکتە نووسینێکی (ئارام کۆشکی)ی پەیامنێری (ڕۆژنامەی هەولێر)ی بۆ ناردووم، کە لەبارەی ئەو گفتوگۆیەوەیە. لەوێدا (کۆشکی) بە سادەییدا هەڵدەڵێت و هێرش دەکاتە سەر ئەوانەی، کە دژی سادەیین. ئەو هێرشە (کانت) و (فۆکۆ)یش دەگرێتەوە، بەوەی هەردووکیان ڕەخنەی توندیان لە سادەیی گرتووە. چ خوێنەرێکی وریا هەیە، ئەمە دەخوێنێتەوە و قاقا لێ نادات؟ ناوی چەمکی (هێزی گێڕانەوە) بهێنیت و بە سادەییشدا هەڵبڵێیت. من لەو سێ (ئارام)ـە، تەنیا ئەو دووانەتان دەهێڵمەوە، بۆ ئەوەی ئەمبیگویتی دروست نەبێت، بەڵام پێش ئەوەی (کۆشکی) بڕوات، لێی دەپرسم ئایا (ڕۆژنامەی هەولێر)، کە بەشێکی هەر بە خۆڕایی بڵاو دەکرێتەوە، بۆ خوێندەوارانە، یان بۆ نەخوێندەواران؟ ئایا بۆ خوێندەواران نییە؟ تا ئێستا ژمارەیەکی ئەو ڕۆژنامەیەی بە دەست نەخوێندەوارێکەوە دیوە؟ بۆچی خوێندەوارەکە بەهایەکی گەورەتری لە نەخوێندەوارەکە هەیە؟ ئەوە (فۆکۆ) لە کوێیە؟ ئینجا دەپرسم ئایا ئەو دووانەتان ئامادەن بێن لەبارەی ئەم کتێبەوە گفتوگۆ بکەین؟ نایشارمەوە لێم بووەتە مەراق، چۆن ئەو چەمکەی لە فەلسەفەدا شەڕی گەورەی بە فیلۆسۆفان فرۆشتووە، ئێوە خۆتان لە قەرەی داوە و هاوکاتیش بە سادەییدا هەڵدەڵێن؟ گوتارێکم لە ژێر ناونیشانی (چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان)دا نووسیوە و ماوەیەکی دی بڵاو دەکرێتەوە. ئەرێ کەسێک لاپەڕەیەکی بۆ نموونە لە بەرهەمەکانی (پۆول ڕیکۆر) و (جیرار جینێت)دا خوێندبێتەوە، کە بە وردی لەبارەی چەمکی (گێڕانەوە)وە نووسیویانە، بە سادەییدا هەڵدەڵێت؟ ئەرێ دەتوانین بە ئاسانی لەو چەمکە تێبگەین؟ ئایا ئەو چەمکە وامان لێ ناکات بۆ فەلسەفە و لینگویستیک بگەڕێینەوە؟ پرسیارێکی دیکەم ئەوەیە: (ئارام کاکەی فەلاح) هەر ئەو نووسەرە نییە لەو کتێبەی (شاخی)دا بەشدارە؟ ئەرێ لەم ماوەیەدا چی گۆڕاوە، تا بێت و لەو کتێبەدا شتی نوێ بڵێت؟ ئەو نووسەرە نییە لە گفتوگۆیەکدا دەڵێت حەزی لە چییە و ڕقی لە چییە، کە هەر لەوێدا گوتوویەتی زۆر شت لە (کارڵ پۆپەر)ـەوە فێر بووە، بە مەرجێ چەند دێڕێک دواتر پێشانی داوە تەنیا ناوی بیستووە؟ ئایا دەتوانن جارێکی دیکە بۆ گوتاری (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی)ی من بگەڕێنەوە؟

****

کاک ئارامی ئازیز، ئێستا دەگەینە چەمکی (پاسەوان)، کە تۆ لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەردەوام وەک جنێو بۆ منت بە کار هێناوە. سەرەتا با بزانین ئەو چەمکە داهێنانی خۆتە، یان وەرتگرتووە؟ ئەگەر بۆ کتێبی (گەڕانەوەیەکی…) بگەڕێیتەوە، ئەوە لەوێدا دەیبینیت، بەڵام من وەک چەمکێک بۆ دیاردە بە کارم هێناوە. نەیشمگوتووە هیی خۆمە، بەڵکوو سەرچاوەکەیم نووسیوە. کاتێ تۆ گوتەیەک دەهێنیتەوە، گۆیە هیی (هایدیگەر)ـە و دەڵێیت باوەڕی تەواوم پێیەتی، من دێم پێشانی دەدەم بە هیچ شێوەیەک پێوەندیی بەو فیلۆسۆفەوە نییە. ئینجا دەنووسم:

[ئەو باوەڕە تەواوەی چ لای تۆ هەیە و چ لای بەشێکی زۆری ئەندامانی تری کۆمەڵگەیش وەک (ئەنتۆنی گیدینز: Anthony Giddens)ی کۆمەڵناس لە کتێبی (ژیان لە کۆمەڵگەی پۆستترادیشنەڵدا)دا پێی وایە لەو کەلەپوورەوە، یان لەو دابونەریتەوە ماوەتەوە، کە بە یادەوەرییەوە لکاوە. واتە ئەو باوەڕە هیی ئێستا نییە و ڕیشەی لە قووڵاییی مێژوودایە. لەم ڕووەوە ئاماژە بە (مۆریس هالبواچس: Maurice Halbwachs) دەدا، کە ئەو ناوی کۆیادەوەری (collective memory)ی لێ ناوە. واتە ئەو مرۆڤە دەستی بەو حەقیقەتەوە گرتووە، کە لە نەوەکانی پێش خۆیەوە بەردەوام کەڵەکە بووە. (گیدینز) خۆی ئەمە بە (formulaic notion of truth) ناو دەبات. واتە ڕوانینی تەقلیدییانە بۆ حەقیقەت. دەڵێت: {ئەو کەلەپوورە خاوەنی پاسەوانە. دیارە کەلەپووریش پێچەوانەی عادەت هێزێکی پێوەندیدار (binding force)ی هەیە، کە خاوەنی ناوەرۆکێکی جووتلایەنییانەی مۆراڵ و سۆزە}.

بەکورتی دەکرێت بڵێم (گیدینیز) پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە ئەو مرۆڤە کاتێ خۆی بەو کەلەپوورەوە دەبەستێتەوە و لەوێوە لە دنیا دەڕوانێت، ئەوە دەبێتە پاسەوانی و لەمەوە هەر شتێک دەداتە دواوە، ئەگەر لەگەڵ حەقیقەتەکەیدا نەیەتەوە، بەوەی هەم بە شتێکی مۆراڵیی دەزانێت و هەم وەک سۆزێکیش بۆ ئەو ڕابردووە، بەرگریی لێ دەکات. ڕێک وەک ئەوەی لەو ڕێگەیەوە دڵسۆزی و وەفای خۆی بۆ باوک و باپیرانی دەرببڕێت. لای من سەیر نییە ڕەخنەگری میلـلی هێندە توند دەستی بەو کەلەپوورەوە گرتووە و بە زمانی ئەو کەلەپوورەیش لە دژی هەر نووسەرێکی داهێنەردا دەوەستێتەوە، کە ڕێگەیەکی جیاواز بگرێت].

ئینجا لە کتێبی (کوشتنی فیل و…)دا جارێکی دیکە بۆ ئەوانەم بە کار هێناوە، کە بە جنێو و گوتەی بریقەداری ڕۆژانە بەرگری لەو نووسەرانە دەکەن، گۆیە داهێنەرانی مەزنن و کەس بۆی نییە ڕەخنەیان لێ بگرێت. هەر لەوێیشدا چەند جار گوتوومە مەرج نییە ئەوانە تا سەر دەست بەو باوەڕەیانەوە بگرن. واتە لە لایەک نەمویستووە بە کەسانی دیاریکراوی بڵێم و لە لایەکی دیکە دۆخەکەم بە ئەزەلی نەبینیوە، بەڵکوو پێم وا بووە و پێم وایە دەشێ بگۆڕێت، بەڵام تۆ منت خستووەتە ناو ئەو چوارچێوەیەوە و بڕیاری تەواوت داوە. ئایا دەتوانیت پێناسەیەکی چەمکی (پاسەوان) بکەیت، تا بزانین چۆن لێی دەڕوانیت؟ ئایا لە ڕوانگەی میلـلییەوە تەماشای دەکەیت، یان وەک لە سەرەتای ئەم گوتارەتدا پێت گوتووین دەتەوێت لە دیدی (فۆکۆ)وە لێکی بدەیتەوە؟ پێشتر هەر لای ئەو فیلۆسۆفە گوتمان مانای شتەکان چەسپاو نین، بۆیە پێویستە بەردەوام پێناسەی تریان بۆ بکەینەوە. کاتێ چەسپاون، لە مانا بە دەرن. من پاسەوانی چیم؟ ئەوە پرسیارەکەیە. ئایا پاسەوانی بوونی ڕەسەنی خۆمم، یان لە شتدا تواومەتەوە و بوومەتە پاسەوانی دامودەستگەی کۆمەڵایەتیی لە چەشنی حزب؟ بەڵێ، من پاسەوانی جەستەی خۆمم، کە پێم وایە جەستە ڕووبەرێکی بێسنوورە. پێشتریش هەر بۆ نموونە لە (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا ئەوەم گوتووە.

وەک بینیمان لای (فۆکۆ) کاتێ کەسێک دەخەینە چوارچێوەوە، ئەوە مەبەستمانە لە ڕێی دەستەڵاتەوە سەرکوتی بکەین و بە لاوەی بنێین. واتە بە پاسەوانم دەزانیت، تا دەستەڵاتی خۆتم بەسەردا بسەپێنیت، بەوەی خاوەنی چەمک واتە خاوەنی دەستەڵات. ئەوانەی خراونەتە نەخۆشخانەی دەروونییەوە، وەک (فۆکۆ) پێی وایە، نەخۆش نین، بەڵکوو سەرپێچییان لەو یاسایانە کردووە و لەگەڵ ئەو چەمکانەدا ڕێک نەکەوتوون، کە هەن. واتە ئێستا پێوەرێکت داناوە و شتەکانت بۆ دوو بەرە دابەش کردوون: بەرەی (پاسەوان) و بەرەی (ناپاسەوان). ئایا ئامادەیت بە تایبەت لەبارەی چەمکی (پاسەوان)ـەوە گفتوگۆ بکەین؟ پێویستە بە خوێنەرەکانت بڵێیت بەوەدا پاسەوانە، ئەمانەی نووسیون. واتە نموونە لە نووسینەکانم بهێنیتەوە. ئایا هەرگیز وات کردووە؟ ئەرێ لەوە ئاسانتر هەیە من تۆمەتێک بدەمە پاڵ هەر کەسێکەوە، بێ ئەوەی نموونەیەک لە کارەکانی بهێنمەوە؟ من بەرگری لە خۆم ناکەم، چونکێ پێم وایە ئەوە دەمکاتە بابەت، بابەتێک بۆ قسەلێوەکردن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە وەک لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)یشدا گوتوومە لە دژی ئەوە دەوەستمەوە، کە کراومەتە بابەت. ئەوەتە سەرەڕای ئەوەی پەنات بۆ تۆقاندن بردووە، تا جارێکی دیکە ڕووبەڕووت نەبمەوە، گۆیە ئەگەر هاتمەوە دەنگ، پێم بڵێیت پاسەوان، بەڵام ناوەوەم داوای لێ کردم بەم نامەیەیش بگەڕێمەوە و ئەوەتە گەڕامەوە. من هەر جارێ ڕووبەڕووت بوومەتەوە، هەستم بە ئازادییەکی بێسنوور کردووە و بەو چێژەوە بە دوای ڕەهەندی دیکەی چەمکەکاندا گەڕاوم. بۆ من ئەوە گرنگە، نەوەک بۆچوونی ئەوانەی تر لەبارەی کارەکەمەوە، یان لەبارەی خۆمەوە. ئایا من پاسەوانم؟ بەڵێ، پاسەوانم، وەک چۆن موفلیس، نەخوێندەوار و لێبووکم، بەڵام لە دنیای ئاماژەدا. ڕەخنەگرێک دوای چاپکردنی ئەو هەموو کتێبە هێشتا وشەکان بە مانای فەرهەنگی، ئەو مانایەی دەستەڵات بۆی کردوون و بوونەتە زمانی ڕۆژانەی جەماوەر، بە کار دەهێنێت. گوتارەکەیشی بە (کانت) و (فۆکۆ) دەست پێ دەکات.

نووسەرێک بنووسێت: (ڕەخنە بەتەنها کردەیەکی کەشفکاریی نییە، بەڵکو کردەی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و دیاریکردنی پێگەی تێکست و کەشفکردنی بونیادی فیکرییەتی، هاوکات دەرخستنی کەموکوڕییەکانیشیەتی)، دەبێت ڕەخنەی چیی گرتبێت، تا من قەبووڵی بکەم؟ ئەوە چ خوێنەرێکە ناتوانێت ئەم وشانە بە دوای یەکدا ڕیز بکات؟ ئەوە پێناسەی ڕەخنەیە، لە کاتێکدا گوتارەکەتت بە (کانت) و (فۆکۆ) دەست پێ کردووە؟ دەتوانیت گوتاری (لە ڕەخنەگر کێیەوە بۆ ڕەخنە چییە)ی من بخوێنیتەوە، تا بزانیت چۆن لەو چەمکە دەڕوانم؟(13) پێم خۆشە لە ڕێی مێتۆدی پرسیار و ڕاڤەوە هەڵیبوەشێنیتەوە. پێشنیازەکەمت لا پەسەندە؟ لەوێدا یەکێ لەو چەمکانەی ڕەخنەم لێ گرتووە، هەڵسەنگاندنە. نازانم چۆن تۆی ڕەخنەگر دەیان جار ناوی (هایدیگەر)ت هێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدایت تێکست هەڵبسەنگێنرێت. لە پەنجاکانەوە تا ئەمڕۆ کێ هەیە نەیگوتبێت ڕەخنە بریتییە لە هەڵسەنگاندن؟ چاوێک بە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمانەدا بخشێنەرەوە، تا هەموو ئەوانە ببینیت! ئایا تۆ لە (فۆکۆ)وە ڕوانییت و بەوە گەیشتیت، کە ڕەخنە هەڵسەنگاندنە؟ ئەگەر ڕەخنە بریتی بووایە لە هەڵسەنگاندن، نە (کانت)مان دەبینی و نە (فۆکۆ)یش. ئێستا ناویشیان لەم گوتارەی تۆدا نەدەهات. ئەگەر ڕەخنە هەڵسەنگاندنە، واتە پێوەرمان هەیە و شتەکانی پێ دەپێوین. واتە هەر ئەوە بەرهەم دێنینەوە، کە هەیە. ئایا نەگوترا (فۆکۆ) ڕەخنەدۆزی جیاوازییە، دژی ناسنامە و پێوەرە؟ گوتمان ئەو ئەگەرچی خود تەواو بە لاوە نانێت، بەڵام پێی وایە لەتلەت و پەرشوبڵاوە. تۆ پەنا بۆ هەڵسەنگاندن دەبەیت، تا بۆ ئەو مەعریفەیە بگەڕێیتەوە، کە خود هەیەتی. دەتەوێت دەرەوەی پێ هەڵبسەنگێنیت، لە کاتێکدا ئەو خودە لای (فۆکۆ) کەوتووەتە بەر شاڵاوی دامودەستگەکانەوە، بەو مانایەی مەعریفە ملکەچی ئەو ئیپیستیمانەی دەرەوەی خودی هۆشیار، یان خودی بیرکەرەوە (conscious subject)ـەیە. ئەوانە لە فێرگەوە تا نەخۆشخانە لە هەوڵی سڕینەوەیدان. ئەو خودە بەرهەمی دەستەڵاتە، بگرە بەر لەوەی دەستەڵات بێتە کایەوە، ئەو هەر نەبوو. ئەو دامودەستگەیانە وا لەو مرۆڤە دەڕوانن بابەتێکە بۆ جێبەجێکردنی تەکنیکەکانی دەستەڵات. لە فێرگەدا تەکنیکەکانی پەروەردەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، لە نەخۆشخانەدا هیی چارەسەر، لە زینداندا هیی ئەشکەنجە، لە کاتێکدا وایان لێ دەکرێت وەهمی ئەوەیان لا پێک بێت، گۆیە ئازادن و بە ئازادیی خۆیان هەڵدەسووڕێن. بەم شێوەیە ئەو خودە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر لە (سۆکرات)ـەوە تا (دیکارت) وا لێی دەڕوانرا خودێکی بیرکەرەوەی ئازادە، ئەو پێی لەسەر ئەوە داگرت، ملکەچی دەستەڵاتە و ئەو ملکەچییەیشی لەوەدا خۆی دەنوێنێت، کە ئەو مەعریفەیەی هەیەتی، هیی دەستەڵاتە، بەو مانایەی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو پابەندی میکانیزمی دەستەڵاتی جۆراوجۆرە. خود ئەو مەعریفەیەی لە ڕێی زانستە مرۆیییەکانەوە وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئەوانە بۆ ئەوە پەیدا بوون، تا بیکەنە بابەتی کاری خۆیان. واتە ئەو خودە ملکەچی میکانیزمەکانی چاودێری و سزایە. دیسان دەپرسم مەبەستت لە (کردەی هەڵسەنگاندن) چییە، کە لەو پەرەگرافەدا دەکەوێتە بەر چاو؟ ئەرێ (دەرخستنی کەموکوڕییەکان) کاری ڕەخنەدۆزە؟ گوتووتە یەکێ لە ئەرکەکانی ڕەخنە (خوێندنەوە)یە. ئایا ئەوە پێویستە بگوترێت؟ ئەرێ قسە لەبارەی خوێندنەوەیە، یان چۆنیەتیی خوێندنەوە؟ (دیاریکردنی پێگەی تێکست) مانای چییە؟ ئەوە پێگەکەیت دیاری کرد، بەڵام چی بەوە دەکەیت؟ ئایا پێگەی تێکست دیاری دەکرێت؟ ئایا تێکست ئەگەر لایەکی فیزیکیی هەیە، بەڵام ڕووبەرێکی بێسنووری لەناو دنیای ئاماژەدا نییە، کە هەر ئەو ڕووبەرەی گرنگە؟ ئایا ئەو ڕووبەرە فیزیکییە، تا بتوانین بڵێین لێرەوە دەست پێ دەکات و لەوێ کۆتاییی دێت، یان وەک هەر ئەم (فۆکۆ)یەی خۆت پێی وایە لە بێژمار ئاڕاستە پێک هاتووە؟ ئەگەر تێکستێک پێگەکەی دیاری بکرێت، مانای وایە تا بڵێی سادەیە. ئەرێ مادام ئامانجەکە سادەیییە، ناوی ئەو هەموو فیلۆسۆف و ڕیزکردنی بێژمار چەمک لە پای چی؟ دەتوانیت بڵێیت (دیاریکردنی پێگەی تێکست…. ئەمە و ئەوەیە)؟ پێشتریش پرسیم (کەشفکردنی بونیادی فیکرییەتی) چییە و دیسان دەپرسم دەتوانیت لانی کەم پێناسەی بکەیت؟ ئەمانە بۆ منی خوێنەر دەنووسیت و دەتەوێت لێت نەپرسم چین؟ ئەمڕۆ خوێنەرێکی وریا دەرکەوتووە، نووسینی نووسەرە گەورەکان بەم مێتۆدە دەخوێنێتەوە. من ناوم لێ ناوە خوێنەری قاقالێدەر، کە لە ڕێی قاقاوە ڕووبەڕووی ئەو سادەیییە دەبێتەوە. شتی وا لەبارەی ئەو چەمکانەوە گوتراون، دەگاتە ئەوەی لە خۆت بپرسیت ئایا ئەو نووسەرانە تا ئەو ڕادەیە سادەن؟ من چی لەو هەموو گوتە بریقەدارە بکەم، کە لەسەر هەر کامیاندا بوەستیت، جگە لە ڕووکەشی زیاتر، شتێکی دیکەت ناکەوێتە بەر چاو؟

****

کاک ئارامی ئازیز، لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)دا لەسەر ئەم گوتەیەتدا وەستام: (نووسەری ڕاستەقینە بۆ ئەوە دەنووسێت، کە لێنەکانی بوون و ژیانی لە ڕێگەی نووسینەوە پڕ بکاتەوە). لەم دوایییەدا هەر لە (ڕۆژنامەی هەولێر)دا بابەتێکت بڵاو کردووەتەوە و دەڵێیت، گۆیە هیی خۆت نییە، بەڵکوو هیی (هایدیگەر)ـە. سەرەتا با لێت بپرسم دەتوانیت سەرچاوەکەیم بۆ بنووسیت؟ لە کام کتێب، یان کام گوتاری (هایدیگەر)ت وەرگرتووە؟ ئەگەر هیی ئەو فیلۆسۆفەیە، بۆچی بە ناوی خۆت بڵاوت کردووەتەوە؟ ئایا ئەوە پێی ناگوترێت (دزیی ئەدەبی: Plagairism)؟ لەو کتێبەمدا بەشێکم بۆ تەرخان کردووە و نموونەم هێناوەتەوە چۆن پێشتریش کاری وات کردووە، تەنانەت پارچەت لە نووسینی من وەرگرتووە و کردووتتە هیی خۆت. پرسیارێکی تر ئەوەیە: ئایا ئەگەر من ڕووبەڕووت نەبوومایەتەوە، ئەوەت ئاشکرا دەکرد؟ ئەوە چ خوێنەرێکە گومان لە ڕاستگۆییت ناکات و ناپرسێت ئایا چۆن دڵنیا ببم کاری دیکەی لەم شێوەیەت نەکردووە؟ چۆن بزانێت لەمەودوایش نایکەیت؟ ئینجا هاتوویت هێرشت کردووەتە سەر ئەوانەی گاڵتەیان بەو گوتەیە کردووە و بە تەوسەوە دەڵێیت ئەوانە خۆیان بە بیرمەند دەزانن. ئەوە من دیسان و زیاتر پێی پێدەکەنم. دەتوانیت سەرچاوەکەی بهێنیت؟ دەتەوێت هەر لەبارەی ئەم گوتەیەتەوە چەند دێڕێکی تر بنووسیت؟ دەتوانیت لەبارەی چەمکی (نووسین)ـەوە، کە لە (سۆکرات) و (پلاتۆ)وە بووەتە پرسیاری فەلسەفە و زمانەوانی، بە دەیان فیلۆسۆفدا تێپەڕیوە، تا گەیشتووەتە (دێریدا) و دوای ئەویش. لە سەرەوە بۆچوونی (شتراوس)م هێناوە. لەو گوتارەی لە ژێر ناونیشانی (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)دا نووسیومە، بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆم لە قەرەی ئەو چەمکە داوەتەوە. هەر بۆ نموونە بۆچوونی (جیل دولووز)ی هاوڕێی (فۆکۆ)ت بە بیر دێنمەوە:

[(جیل دولووز) بە شێوازی خۆی ڕەخنە لە دەستەڵاتی نووسەر دەگرێت، کە لە شێوازی نووسینی کلاسیکدا بەرجەستەیە، بەوەی شێوەیەکی چەسپاو و تاکڕەهەندە. لە کتێبی (هەزار بان: A Thousand Plateaus)دا، کە بە هاوکاریی (فلێکس گواتاری) نووسیویەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێی چەمکی ڕایزۆم (rhizome)ـەوە، دروستتر لە ڕێی (نووسینی ڕایزۆمییانە: rhizomatic writing)ـەوە ڕووبەڕووی لۆجیکی درەخت ببێتەوە. ( ڕایزۆم، یان ڕایزەم، یانیش ڕیزوم، ڕووەکێکە لەسەر زەویدا دەردەکەوێت و ڕەگی نییە). پێیان وایە دوالیزمی درەخت/ڕەگ لە دنیا و نووسینیشدا ڕەنگی داوەتەوە. نووسین وەک درەخت سەرەتایەکی هەیە و دەگاتە کۆتایی. درەخت خاوەنی ڕەگ، لق، گەڵا و بەرهەمە. نووسینی کلاسیک وەک خۆیان ناوی دەنێن، لاساییکردنەوەی درەختە. لە درەختدا ڕەگ هەیە و لە نووسیندا گرفت. درەخت لە ڕێی لق و گەڵاکانیەوە بڵاو دەبێتەوە، نووسینیش بە هۆی ڕاڤەکانیەوە. درەخت بەر دەگرێت و نووسینیش ئەنجام بە دەست دێنێت. بەم شێوەیە (دولووز) و (گواتاری) دەیانەوێت ئەو لۆجیکە تێک بشکێنن، کە تەنیا چەسپاوی و وەستان بەرهەم دێنێتەوە. سەرجەم بوارەکانی بایۆلۆجی، سیاسی، ئابووری و ئەوانەی دیکەیش بەپێی ئەو لۆجیکەی درەخت بە ڕێوە دەچن، لە کاتێکدا شتەکە لە سروشتدا جیاوازە، بەوەی سروشت پێچەوانەی فکر، ڕێی ئەو دوالیزمە نادات، تێیدا کار بکات، لە کاتێکدا خاوەنی خەسڵەتی دینامیکییە. درەخت شێوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە شاقووڵییە، بەڵام ڕایزۆم ئاسۆیییانە دەکشێت و قووڵاییی نییە، بەڵکوو لەسەر زەویدا بڵاو دەبێتەوە. واتە هیچ شتێک ناشارێتەوە، کە مەبەستی (دولووز) و (گواتاری) مێتافیزیکە. ناونیشانی کتێبەکەیش (هەزار بان)، یان (هەزار ڕوو)ـە. ڕایزۆم خاوەنی پرینسیپی گەیاندن و جۆراوجۆری (Principles of connection and heterogeneity)یە، بەو مانایەی پێویستە شتەکان (چەمکەکان) جیاواز و هەمەڕەنگ بن، بۆیە پێچەوانەی درەخت بە هەموو لایەکدا دەجووڵێت و لقی جۆراجۆری لێ دەبێتەوە. کتێب تەواو بووە و داخراوە، لە کاتێکدا ڕایزۆم بەردەوامە و بەسەر هەموو ئاڕاستەکاندا کراوەیە، کە هەر خاڵێکی دەگریت، پێوەندیی بە خاڵێکی تریەوە هەیە و هەر خاڵێکی ئێرە بە خاڵێکی ئەوێ دەگاتەوە، بۆیە پێچەوانەی درەخت سەنترالیزمی تێدا ونە. ڕایزۆم ئەگەر لە خاڵێکدا بپچڕێت، دەست پێ دەکاتەوە، کە ئەو خەسڵەتە لە درەختدا نییە. بەم شێوەیە پێچەوانەی درەخت، لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا کراوەیە و ڕێ دەدات دەستکاریی بکەیت. ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی مۆدێرنیزم، کە لەسەر بنەمای بیری دژبەیەک (Binary thinking) دامەزراوە، ڕێی ڕایزۆمییانە (rhizomatic approach) دەگرنە بەر، بەوەی شتەکان هەموو کاتێ پێوەندیی ڕایزۆمییانە (Rhizomatically interconnected)یان پێکەوە هەیە و ئاماژە بە هەمەڕەنگی دەدەن. ئەوە لە لایەک وەستانەوەیە لە دژی پرینسیپی هۆکار و ئەنجام، کە لە درەختدا بەرجەستەیە، بەوەی سەرەتا و کۆتاییی هەن، لە لایەکی دیکە بەلاوەنانی سیستەمی کرۆنۆلۆجییە، بەو مانایەی کولتوور بەرەو ئامانجی دیاریکراو ناچێتە پێشەوە، بەڵکوو کۆچەرییانە ڕێ دەگرێت. ئەو تێگەیشتنە، کە مەبەستیەتی شێوازی نووسین بگۆڕێت و دەرگەکانی بەسەر دەرەوەدا بکاتەوە، مانای دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز و بەشداریی خوێنەرە لە کاری هونەریدا. نووسەر و خوێنەر پێوەندیی ڕایزۆمییانەیان پێکەوە هەیە. نووسینی ڕایزۆمییانە جووڵەیەکی ڕوواڵاییانە (arbitrary)یە و ئامانجی دیاریکراوی نییە، وەک چۆن خوێندنەوەی ڕایزۆمییانە ئازادە و گوێ بە هیچ یاسایەک نادات].

کاک ئارامی ئازیز، لە فەلسەفەدا بەو زمانە باس لە چەمکی (نووسین) و هەر چەمکێکی تر دەکرێت، لە کاتێکدا تۆ دەتەوێت هەموو شتێک بۆ تێگەیشتنی میلـلی بگەڕێنیتەوە. ئەرێ دەتەوێت ئەو گوتە ساکارە بدەیتە پاڵ (هایدیگەر)، گۆیە باسی چەمکی (نووسین)ت کردووە؟ پرسیارێکی تر: ئایا بەر لەوەی کتێبەکەم بۆ چاپ بنێرم، بۆ تۆم نەنارد، تا ئەگەر هەر سەرنجێکت هەیە، ئاگادارم بکەیتەوە؟ بۆچی تا ئەمساڵ ئەوەت شاردەوە؟ لە گوتارێکی ترتدا بە ناوی (کاروان کاکەسوور خۆی بچووک دەکاتەوە)دا گوتووتە، گۆیە من لەو کتێبەدا کۆمەڵێک بوختانم بۆ کردوویت. دەتوانیت یەک دانەیان بە خوێنەر بڵێیت؟ ئامادەیت؟

****

ئایا ئەوە گرنگە گوتارێک لەبارەی ئەوەوە بنووسیت، کە نووسەری وا هەیە ناخوێنێتەوە، بەڵکوو هەر لە خۆیەوە حوکم دەردەکات؟ داخلەدڵە و تەنیا ڕق هەڵیدەسووڕێنێت. موفلیسە، ساختەیە، بچووکە و شتی دیکەی لەم بابەتە؟ ئەوە دەکرێت کاری ڕۆژنامەنووسێکی سادە بێت و لە شێوەی بابەتێکی کورتدا بڵاوی بکاتەوە، کە ئەودەم ناکرێت ناوی فیلۆسۆفان بهێنێت. ئایا ئەو ئەنجامە گرنگە تۆ پێی بگەیت، لە کاتێکدا شتێکی ئاسایییە ئەو جۆرە نووسەرە لە هەر کولتوورێکدا هەبێت؟ خۆزگە دیسان بۆ ڕۆژنامەکانی پێش ڕاپەڕین دەگەڕێیتەوە، نا بزانیت چەندی وات بەر چاو دەکەوێت. ئەوەت بە گرنگ زانیوە، بەڵام دەڵێیت ناتەوێت لەبارەی ڕەخنەی ئێمەوە هیچ بڵێیت. ئایا کامیان گرنگترە؟ تەنیا لە ماوەی شەش حەوت مانگدا کۆمەڵێک گوتارت لەبارەی ئەو شتانەوە نووسیون، کەچی خۆت لەوە دوور دەگریت بە لای بەرهەمی مندا بچیت. دیسان خۆم داوات لێ دەکەم نەک هەر ئەو دوو گوتارەم، بەڵکوو ئەوانەی دیکەیشم بدەیتە بەر ڕەخنەی توند.

پێت خۆشە لەبارەی (ڕوانینی فۆکۆ بۆ قەبووڵکردنی ڕەخنە) گفتوگۆ بکەین؟ بۆیە دەڵێم (فۆکۆ)، چونکێ باسەکەی ئەمجارەمان لەبارەی ئەوەوەیە. تۆ وات دەرخستووە لە ڕێی ئەم گوتارەیەوە، کە دەرکەوت نەتخوێندووەتەوە، بەو ئەنجامە گەیشتوویت. ئایا (فۆکۆ) ڕێمان دەدات ببینە پێڕۆکەری؟ ئەو لەناو مێژووی فەلسەفەدا کەناڵێکی جیاوازە و زمانی ئەو پڕە لە ئەمبیگویتی، کە دەکرێت ئەو چەمکانەی وەک شێتی، سێکسواڵیتی، دەستەڵات، مەعریفە، توندوتژیژی و زۆری دیکە بە مانای جیاواز بخوێنرێنەوە و لە ئاستی جیاوازیشدا دەربکەونەوە. ئەوێک بە شێوەی جیاواز لە بواری فەلسەفە، مێژوو، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، ئەنترۆپۆلۆجیا، زمانناسی و هیی دیکەدا کاری کردووە، بەرهەمەکانی سەختە پۆلێن بکرێن، بۆیە هەر ڕێمان نادات ببینە پێڕۆکەری. ئەو لە کتێبی (ئارکیۆلۆجیای زانین)دا، کە ناونیشانێکی دیکەی لۆکاڵییشی بە ناوی (ئارکیۆلۆجیای زانستە مرۆیییەکان)ی هەیە، هاوار دەکات: (لێم مەپرسن من کێم و داوایشم لێ مەکەن هەر ئەو کەسە بمێنمەوە، کە هەم!). ئەو خۆی بە یەک مێتۆدەوە نابەستێتەوە و ڕازی نییە هیچ ناونیشانێکی بۆ دابنرێت. هەر لەو کتێبەدا دەڵێت: (با ئەو ئەرکە، ئەرکی پشکنینی ناسنامەمان بۆ بیرۆکراتی و پیاوانی ئاساییش جێ بهێڵین)، بەو مانایەی ئەو ناسنامەیە بۆ خۆمان مانایەکی نییە و لە گۆڕانی بەردەوامدایە. وەک گوتمان ئەو بە مێتۆدی ئارکیۆلۆجی و جینیالۆجی ڕووبەڕووی مێژوو دەبێتەوە و خوێندنەوەیەکی دیکەی تەواو جیاواز بۆ زانستە مرۆیییەکان دەکات. سەختە کەس بتوانێت ببێتە پێڕۆکەری، هەتا ئەگەر ئەو کەسە ئارەزوویەکی گەرمیشی بۆ ئەوە هەبێت. نامەوێت وشەی (دەروێش) بە کار بهێنم. ئێمە بەو نووسەرە سادەنووسانەی خۆمان ڕاهاتووین، کە هەمان زمانی جەماوەریان هەیە و ئاسان خۆیان دەردەبڕن، بۆیە ئەو جەماوەرە دەبنە پاسەوانیان، وەک لە کتێبی (کوشتنی فیل و ….)دا گوتوومە. ئەو نووسینەی تۆ هەشتاوچوار کەس پەسەندی کردووە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم بە (کانت) و (فۆکۆ) ناتوانن چارەکی ئەو دەنگە بە دەست بێنن. ئایا پێت وایە ئەو جەماوەرەی ڕۆژانە لە سۆشیاڵمێدیادا جنێو بەوانە دەدەن، کە بۆچوون لە ئاستی نووسینی ئەو نووسەرە گەورانەی خۆماندا دەردەبڕن، یەک پۆستی ئەو دوو فیلۆسۆفە لایک بکەن؟

نازانم وەڵامی ئەم نامەیەم دەدەیتەوە، یان وەک ئەوانەی دیکە بە لاوەی دەنێیت، بەڵام یەک داوام هەیە. ئەویش ئەوەیە: ئەگەر ئەمجارە ناوی ( (فۆکۆ)، یان هەر بیرمەندێکی ترت لە گوتارێکتدا هێنایەوە، لینکەکەم بۆ بنێرە! لە ئێستاوە سپاس.

****

کاک ئارامی ئازیز، لە کۆتاییی ئەم نامەیەدا ڕێم بدە هەندێک تێبینی بخەمە ڕوو:

یەکەم: وەک خۆت دەزانیت ئەوە یەکەمجار نییە بە مێتۆدی پرسیار و ڕاڤە ڕووبەڕووی بۆچوونەکانت دەبمەوە. هەوڵم داوە تەنیا مامەڵە لەگەڵ چەمکەکاندا بکەم و بە لای کەسێتیتدا نەچم، کە ڕەنگە ئەم گوتەیەم هەر پێویست نەبێت، بەوەی ناکرێت ئێمە ڕاڤەی چەمک بکەین و هاوکات لە ژیانی تایبەتی نووسەر نزیک ببینەوە. ئەوەیان زیاتر کاری ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆیە، کە دەتوانێت لە ڕێی پرسیاری زیرەکانەوە هەر یەکەمان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار بکاتەوە، تەنانەت بۆی هەیە لەبارەی هەندێک ژیانی تایبەتمانەوە بپرسێت. مەبەستم لەو بەشە تایبەتەی ژیانمانەوەیە، کە پێوەندیی بە کارەکەمانەوە هەیە. بۆ نموونە ڕۆژنامەنووسێکی بێلایەن بۆی هەیە لە من بپرسێت، ئاخۆ هیچ دامودەستگەیەکی حزبی بە پارە، یان بە هەر شتێکی تر کۆمەکی کردووم؟ ئایا بە نهێنی لە یەکێ لەو دەستگەیانە دامەزراوم؟ بەڵێ، پرسیاری لەم بابەتە ڕەوان، تەنانەت بۆی هەیە فایلی نهێنیم بدۆزێتەوە و ئاشکرای بکات، بەو مەبەستەی خوێنەر دڵنیا ببێت، کە فریوم نەداوە. هەروەها دەتوانێت لەبارەی نووسینەکانیشمەوە بپرسێت، بەڵام من بەوەدا کاری ڕۆژنامەوانی ناکەم، شێوازەکەم لە هیی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازادە جیاوازە. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بەرهەمی چەند نووسەرێک بوومەتەوە، کە تۆ یەکێکیانیت. پرسیومە و بۆچوونی جیاوازی خۆمم لەبارەی چەمکەکانەوە نووسیوە.

دووەم: هەندێک ڕەخنەیان لە من ئەوەیە، کە چۆن دەبێت لەبارەی بەرهەمەکانتەوە بنووسم، لە کاتێکدا پێم وایە سادەن؟ ڕاستییەکەی وەک بەردەوام گوتوومە کاتێ چەمک هەیە، بۆ من جیاواز نییە کێ و لە چ ئاستێکدا ناوی هێناوە. کێشەیەکم لەگەڵ ناودا نییە. کاتێک دایەڵۆگ دادەمەزرێنم، ڕووم لە نەزانراوە و پێشتر هیچ بڕیارێکم نەداوە. ئەوەی ئەو چەمکانەی فڕێ داون، هەر کەسێکە و هەر ناوێکی هەیە، شتێک لە پرۆسێسی دایەڵۆگەکە ناگۆڕێت. وەک لای (فۆکۆ) بینیمان ئەو کۆنتێکستانە هەن و فکری کەسەکان پێک دەهێنن، بۆیە دەکرێت نووسەرانی دیکەیش هەر ئەوانە بڵێنەوە، کە تۆ گوتووتن. من ڕووبەڕووی ئەو تێگەیشتنە دەبمەوە، بێ ئەوەی لەبارەی ئەو کەسەوە بپرسم، وا ئەو تێگەیشتنە باوە دەردەبڕێت. واتە تێگەیشتنەکە هەیە و ئامادەیە، تەنیا کەسانێکی دەوێت دەریببڕن. ئەوەتە تۆ ئەو ئەرکەت گرتووەتە ئەستۆ. لێرەوەیە هێندەی من بەهات هەیە و پێشتریش بەردەوام گوتوومە. ئەوەی سەیرە، ئەو تێگەیشتنە لای خۆیشت دەرکەوتووە، گۆیە نابێت من ڕووبەڕووی تۆ ببمەوە. ئەوەتە گوتارێکت ناو ناوە (کاروان کاکەسوور خۆی بچووک دەکاتەوە)، بەو مانایەی چۆن دەبێت خۆم داببەزێنمە ئەو ئاستە، بەڵام ڕاستییەکەی من تۆم وا نەدیوە. لەو دەمەی خەریکی نووسینی نامەیەک بووم بۆت، هاوڕێی ئازیزمان (بۆسکانی) زەنگی بۆ لێ دام، تا لەبارەی ئەو گوتارەتەوە بدوێین. ڤیدیۆکەم کردەوە و لەسەر شاشەی لاپتۆپەکەمدا پێشانم دا، کە نووسیومە (ئارام سدیق بە گەورە دەزانم). درافتی نامەکەم هێشتا ماوە.

سێیەم: لەوانەیە بپرسن نەبڕایەوە؟ چۆن دەبێت هەر جارێ تۆ شتێک لەو بارەیەوە بنووسیت، منیش بۆی بگەڕێمەوە؟ پێشتریش گوتوومە و ئێستایش دەیڵێمەوە، کە تێکست دنیایەکی بێسنوورە. دەکرێت بەردەوام و بە شێوەی جیاواز لێی بڕوانین، تا لە هەر ڕوانینێکدا ڕەهەند و ئاڕاستەی نوێ بدۆزینەوە. بەوەدا تێکستەکان جیاوازن، ئەوە جیاوازییەکە لە گفتوگۆکەیشماندا ڕەنگ دەداتەوە. یەکەمجارە من لەبارەی ئەم گوتارەی (فۆکۆ)وە دەدوێم. کەواتە گفتوگۆکەمان لەوانەی پێشوو ناچێت. پرسیار ئەوەیە: ئایا چیم لەو بارەیەوە گوتووە، نەوەک بۆچی لەو بارەیەوە گوتوومە؟ هیچ پێوەرێک لە بەرچاو ناگرم و ئازادم چی بڵێم. هەوڵم داوە بەپێی تێگەیشتنی خۆم لە فکری ئەو فیلۆسۆفە بدوێم، کە ئاسان نییە. وەک پێشتر گوتم ئەوەی نووسیومە، سەرەتایەکە بۆ چوونەناوەوەی باسێکی فرەوانتر، کە ئەودەم بە شێوازێکی تر بۆی دەگەڕێمەوە. دەکەوێتە سەر ئەوەی، ئاخۆ تۆ ئامادەییی خۆت بۆ ئەو گفتوگۆیە دەردەبڕیت، یان نا؟ باسەکە خۆت کردووتتەوە، کە پێویستە پێت خۆش بێت خوێنەرێک دەیەوێت لەو بارەیەوە زیاتر بنووسیت.

چوارەم: بە خوێندنەوەی خۆم لە دوای ڕاپەڕینەوە ململانێ لەناو کولتووری نووسینماندا کاڵ بووەتەوە، ئەگەر نەڵێم گوم بووە، لە کاتێکدا پێش ڕاپەڕین ئەو ململانێیە، ئەگەرچی بە سادەیی بە ڕێوە چووە، بەڵام هەبووە و توانیویەتی شتەکان بە یەکدا بدات. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەدەبی ڕوانگەدا، ئاڕاستەیەکی دیکە لە بەرانبەریدا دەردەکەوێت، کە ڕێ نادات شتەکان بە ئارامی تێبپەڕن، بەڵکوو جووڵەیان تێ دەخات و خوێنەر دەکاتە بەشێک لەو ململانێیە. ئەو بەیەکدادانە وای لە خوێنەرێکی وەک من دەکرد بە دوای ئەو چەمکانەدا بگەڕێم، کە ناویان دەهات، تا ڕەهەند و ئاستی دیکەیان بدۆزمەوە. لە دوای ڕاپەڕینەوە بتخانەیەک دروست دەبێت، کە بتەکانی ناوی بە شێوەی هەرەمی دادەنرێن. بۆ مانەوەی ئەو بتخانەیە، وای پێویست کردووە ململانێ دوور بخرێتەوە، چونکێ هەر قسەکردنێک لەبارەی چەمکەکانەوە، وا لێک دراوەتەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو بتخانەیە. خۆشبەختانە نووسینی کەسانی وەک تۆ، با ژمارەیەیشیان کەم بێت، بەڵام وایان کردووە ئەو ململانێیە زیندوو ببێتەوە. بایەخی ئەو جۆرە نووسینە لەوەدایە، کە واقیعێکی دیاریکراو لە خۆیدا بەرجەستە دەکات، بەوەی بە زمانی ڕۆژانە دەنووسرێت. با هەر لەم گوتارە دوور نەکەوینەوە و بپرسین ئایا ئێمە چۆن بزانین چەمکی مەعریفە، کە ئەوە سی ساڵ زیاترە ناوی دێت و کتێبی لە بارەوە دەنووسرێت، بەڵام هێشتا لەو تێگەیشتنە جودا نەبووەتەوە، کە خەڵکی ئاسایی بۆیان هەیە، ئەگەر ئەم نووسینەت نەبێت؟ چۆن بزانین ئەو (فۆکۆ)یەی لە هەر فیلۆسۆفێکی دیکە زیاتر ناوی هاتووە، کەچی لای ڕەخنەگرێکی وەک تۆ بەم سادەیییە باسی لێوە دەکرێت؟ چۆن بزانین لەم سێ دەیەی ڕابردوودا هێندەی مەعریفە کاری بۆ ئەوە کردووە مرۆڤی دیسپلینکراو بەرهەم بهێنێت و لە ئاستی پرسیاری فەلسەفیدا دەستەوستان بیهێڵێتەوە، هێندە هەوڵی نەداوە مەعریفەیەکی ئازادی بەرگریکەری دژی دەستەڵاتەکان بخاتە ڕوو، ئەگەر نووسەرێکی وەک تۆ نەنووسێت: (دەبێت پەیڕەوکاری فۆکۆ بین)؟ من ئەو دەرفەتە لە دەست خۆم نادەم و دەمەوێت ئەوە تێبپەڕێنم، کە هەیە. دەکرێت هەر خۆت، یان کەسانی دیکەیش ئەوەی من تێبپەڕێنن. دەمەوێت بڵێم پرسیاری من تەنیا پێوەندیی بەو (فۆکۆ)یەوە نییە، وا لەم گوتارەی تۆدا ناوی هاتووە، بەڵکوو پرسیارە لە هەر (فۆکۆ)یەکی دیکەی ناو نووسینمان لەم سێ دەیەی ڕابردوودا. ناکرێت بۆ نووسینی هەموو ئەوانە نەگەڕێینەوە و بە شێوەی دیکەی جیاواز نەیانخوێنینەوە، کە تۆ بە داهێنەرت زانیون. هاوکات پێویستە ئەوەیش بپرسین: ئایا ئەوانەی پێت وایە نووسەر نین، بەڵکوو کۆمەڵێک نەخوێندەوارن، هەر بە ڕاستی وان؟ بەم شێوەیە چەمکی (نەخوێندەوار) و ئەوانەی دیکەیش هەڵدەگرینەوە، تا بە ئاڕاستەی نەزانراویاندا ببەین و لە ئاستێکی دیکەی جیاوازی زماندا دەریانبخەینەوە. ئەوەی تۆ لێرەدا بایەخی هەیە.

پێنجەم: ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بۆ من گرنگە، بەوەی وام لێ دەکات زیاتر لە چەمکەکان ورد ببمەوە و پتر بۆ لێکدانەوەیان، کەناڵی دیکەی فەلسەفی بە سەر بکەمەوە. ئایا من هەمان ئەو کەسەم، کە بەر لەوەی دەست بە نووسینی ئەم نامەیەم بکەم؟ نەخێر، دەتوانم بڵێم گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر ڕوانینمدا هاتووە. ڕەنگە ئەمە بە تەنیا بەس بێت، تا نەتوانم شتەکە بهێنمە ئاستی کەسێتییەوە و بڵێم تۆ شەڕت پێ فرۆشتووم، بەڵکوو وای لێک بدەمەوە بۆ گفتوگۆ بانگهێشتت کردووم و بە خۆشحاڵییەوە ئامادەییم دەربڕیوە. دیارە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە لە ئاستی بۆچوونەکانتدا نەرمی دەنوێنم، بگرە ئەوە ڕێم لێ ناگرێت پێیان پێبکەنم. هیوادارم منیش بەو ئەندازەیە بتوانم تۆ بۆ کارێکی وا پاڵ پێوە بنێم، بە ڕادەیەک بگاتە ئەوەی بە بۆچوونەکانم پێبکەنیت و قاقا لێ بدەیت. من خۆم جاری وا هەیە گاڵتە بە بۆچوونەکانی پێشووم دەکەم و قاقا لێ دەدەم، کە دەکرێت ڕۆژگارێک ئەمانەی ئەمڕۆیشم هەر لای خۆم ببنە مایەی قاقالێدان. ئەو قاقالێدانە توانای هەیە پیرۆزییەکان تێک بشکێنێت و چەمکەکان لە بەردەمی خوێندنەوەی جیاوازدا بکاتەوە. ئاماژەمان بە (فۆکۆ) کرد، کە دەڵێ لێی نەپرسین کێیە و وا نەزانین هەر ئەو کەسە دەمێنێتەوە، ئێستا هەیە. هاوڕێکانم دەزانن گوتوومە ساتێکی ژیانی (ئارام سدیق) لە هەموو نووسینەکانم گرنگترە. (کامیۆ) لە (مرۆڤی یاخی)دا پێی وایە قاشێ پەنیر لە بەرهەمەکانی (شەکسپێر) و (پوشکین) بەنرخترە. من پێم وایە ئەو مەعریفەیەی بۆ ئەوەیە ژیانی مرۆڤ بکوژێت، لەگەڵ هیچ چەکێکی تری فیزیکی جیاواز نییە، کە بۆ سڕینەوەی جەستە بە کار دێت.

شەشەم: لە شێوەی نامەدا نووسیومە، کە پێم وایە ئەم شێوازە کاریگەریی زیاتری لە هیی ئەکادیمی هەیە، چونکێ دەگاتە ئەو شوێنانەی هەمان قسەی ڕۆژانەن و دەتوانێت لێکیان بداتەوە. بۆ نموونە کاتێ شتەکە پێوەندیی بە چەمک و ناوی (فۆکۆ)وە هەیە، پەنام بۆ شێوازی ئەکادیمی بردووە، بەڵام ساتێ ویستوومە لەبارەی گلەیییەکانتەوە بدوێم، شێوازەکەم گۆڕیوە، بێ ئەوەی بهێڵم بچێتە ئاستی میلـلییەوە، بەڵکوو هەوڵم داوە ئەوانیش بخەمە جووڵەوە و مانای دیکەیان لێ پێک بهێنم. ئایا دەمتوانی گوتارێک لەبارەی فکری (فۆکۆ)وە بنووسم، بێ ئەوەی بە لای ئەو باسەی تۆدا بچم؟ بەڵێ، بەڵام ئەم هێزەی ئێستای نەدەبوو. نەیدەتوانی ئەو تێپەڕاندنە بێنێتە دی. لە نامەیەکی لەم شێوەیەدا ئامانج سڕینەوەی دەنگی تۆ نییە، بەڵکوو هێشتنەوەی ئەو دەنگەیە، کە ئەوە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بە (نارەتێ: Narratee) ناوی هاتووە. ڕەنگە سەخت بێت بە کوردی ناوێکی بۆ بدۆزمەوە، بەڵام ئەوەیە، کە ڤیبێژەر بەسەرهاتەکانی بۆ دەگێڕێتەوە. وشەکە خۆی ئیسپانیایییە و وەک (Narrataire)ی فرانسی بە هەمان ڕێنووس هاتووەتە ناو زمانی ئینگلیزییەوە. بەم شێوەیە (نارەتێ) بایەخی گەورەی هەیە. شێوازی نامە لە هەندێک کۆت ڕزگارمان دەکات. دەتوانین ئازادانە و لەبارەی هەموو شتێکەوە بدوێین، وەک ئەوەی لە دارستانێکدا بە دەم پیاسەوە شتەکان بۆ یەکتر دەگێڕینەوە.

هیوادارم ئاسوودە و سەرفراز بیت.

کاروان کاکەسوور

****

پێم خۆشە لە پاشکۆی ئەم نامەیەدا ئەم دوو تێکستە دابنێم، کە لە شێوەی نامەدا نووسراون. یەکەمیان ئاڕاستەی (هەندرێن)ی شاعیر و دووەمیان ئاڕاستەی (ئیسماعیل سابیر)ی نووسەر کراوە. ڕاستییەکەی (هەندرێن) کۆمێنتێکی بۆ گوتاری (ئایا من وازم هێناوە و گەراومەتەوە؟)ی من نووسیبوو. وەک خۆت دەزانیت گوتارەکەم لەبارەی نووسینێکی تۆوەیە. پێی وایە ئەم جۆرە نووسینە کاریگەریی نابێت، چونکێ وەڵام نادرێتەوە، یان هەتا ئەگەر وەڵامیش درایەوە، وەڵامەکە ئاستی فەلسەفی لە خۆی ناگرێت، بەڵکوو دەبێتە شەڕەقسە:

هەندرێن گیان، هاوڕێی ئازیزم، دیسان سپاس بۆ کۆمێنتەکەت، کە تێیدا بووچونەکانت پوخت کردوونەتەوە. بەڵێ، هاوڕاتم لە کۆیادەوەریی ئێمەدا ڕووبەڕووبوونەوە دەنگدانەوەیەکی ناخۆشی هەیە و زیاتر ئەو فۆرمە باوە وەردەگرێت، کە لامان چەسپاوە، بەڵام هەوڵم داوە لەم ڕووەوە ڕێیەکی جیاواز بگرم. وەک گوتم لەسەر چەمکەکاندا وەستاوم و ئاستی دیکەم تێدا دەرخستوون، بۆیە پێم وایە ناکرێت وێنەیەکی ئایدیاڵی گشتی لە بەرچاو بگرین و لەوێوە بۆی بڕوانین. ئەو ئاوەی لە فرێزەردایە، جیاوازە لەوەی وا لەناو مەنجەڵی ئاگردا بڵق دەدات. ئەوەی لە بەفردان دامانناوە، هەمان ئاوی بەلووعە نییە. چوار دۆخی جیاوازی ئاون. ڕووبەڕووبوونەوەکان جیاوازن و ئەوانەی ڕووبەڕووی یەکتریش دەبنەوە، هەر جیاوازن. ئایا ئێمە بە ڕەهایی ڕووبەڕووبوونەوە دەدەینە دواوە؟ واتە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەکان وەک یەکن و دواجار هەر ئەو فۆرمە وەردەگرن، کە ناسیومانە؟ ئایا هەتا ئەگەر ئێمە بمانەوێت وەک ئەوان نەبین، ئەنجام وەک ئەوانمان لێ دێت و وا نووسینەکانمان دەخوێنرێنەوە؟ باسمان لە ئامانجە. من دەڵێم ئامانج خۆی سنووردار نییە، تا لە کاتێکی سنوورداریشدا دەربکەوێت. ئەگەر ئێمە ئەنجام لە بەرچاو بگرین، مانای وایە ڕوومان لە زانراوە و کردارەکانی خۆمان بەپێی ئەو ئەنجامە ڕێک دەخەین. بگرە بەپێی ئەم بیرکردنەوەیەی ئێستمان خاڵێکی دیاریکراو دەهێنینە بەر چاو و دوای دەکەوین. (کارل پۆپەر) پێی وایە زانیارییەکانی مرۆڤ دەگۆڕێن، کەواتە پێشبینی ئەو بایەخەی نامێنێت. ئەنجام شاراوەیە و دەکرێت هەر بە شاراوەیی لە ئاستی جیاواز و لە کاتی جیاوازیشدا دەربکەوێت. وەک لەم نووسینە و هەندێک لەوانەی پێشوویشمدا باسم لە فیلۆسۆفانی جیاوازی کردووە، کە پرینسیپی هۆکار بە لاوە دەنێن و ئامانج بە شتێکی دیارکراو دانانێن، بەوەی ئەو تێگەیشتنەی لەسەر حەتمیەتی مێژوو دامەزراوە، جێگەی ڕەخنەیە. مێژوو هێڵی ڕاست نییە، بەڵکوو پڕە لە توخمی ناکاوی، کە ئەدەبی پۆلیفۆنی بایەخی گەورەی بەم تێگەیشتنە داوە. ئایا ئێمە کاتێ دەنووسین، یان کاتێ بیر دەکەینەوە، ئامانج لە بەرچاو دەگرین؟ هەر لەم نووسینەدا ئاماژەم بە چەمکی (کاتێتی: Temporality) کردووە لای (هایدیگەر)، کە مەبەستی ئەوەیە، ئێمە لەگەڵ کاتدا یەکمان گرتووە، بگرە بووەتە هەستمان و بە شێوەی ڕەسەن و هۆشیار تێیدا دەژین، بۆیە پێم وایە ئەو ئامانجە ناکرێت تایبەت بێت بە دۆخێکی دیاریکراوەوە. ناکرێت ئەگەر ئەمڕۆ خوێنەر خوێندنەوەیەکی بۆ نووسینێکمان هەبوو، سبەی هەر ئەو خوێنەرە، یان خوێنەرێکی دیکە هەمان خوێندنەوەی هەبێت. ئایا من کاتێ کتێبێکی (نیتشە)، یان کتێبێکی شیعریی تۆ بە دەستەوە دەگرم و دەیخوێنمەوە، ئەنجامەکەی دەبینم؟ دەشێ لەو ساتەدا لە دە دێڕیان تێنەگەم، بەڵام ئەوە مانای وایە ئەنجامیان نییە؟ ئایا هەر ئەوەی لە بەرانبەر تێگەیشتنێکی دیکەدام، مانای وا نییە شتێکی دیکە لە مندا ڕووی داوە؟ ئەگەر لەوەوە بڕوانین، کە بە گشتی خوێنەر ڕووبەڕووبوونەوە بە شەڕەقسە دەزانێت، ئەوە مانای وا نییە کاتێ بە جیاواز لە تێکستەکان دەڕوانێت، جیاوازی نابینێت. ئەگەر ئێستا نایبینێت، دیسان مانای ئەوە نییە لە دۆخێکی تری کاتدا نایبینێت. ئەم خوێنەرە نایبینێت، یەکێکی دیکە دەیبینێت. لێرەدا مەبەستمە بڵێم ئامانج ناکرێتە پێوەر بۆ ئەوەی تێکستێک چۆن دامەزراوە. خۆت دەزانیت لە بواری تێکستناسیدا تێکست بە توخمەکانی ناوەوەی خۆی دەخوێنرێتەوە و لێک دەدرێتەوە. ئایا لەم تێکستە و ئەوانەی دیکەیشمدا چەمکەکان لێک دراونەتەوە و ئاستی دیکەیان دەرخراوە، یان ڕووی لە نووسەری بابەتەکەیە؟ لە کۆتاییی گوتارەکەمدا بەشی تایبەت بە لەچاوکردنەوە هەیە، بەو مانایەی ناکرێت نموونەیەکی ئایدیاڵ بکەینە چەق و ئەوانەی تری پێ بخوێنینەوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم ڕووبەڕووبوونەوەی من جیاوازە. بۆ نموونە لەبارەی کۆمەڵێک چەمکی وەک (نووسین)، (خوێندنەوە)، (زمان)، (تێکست) و هیی دیکەوە بۆچوونم خستووەتە ڕوو، کە ئەگەر لە گوتاری سەربەخۆیش بووایە، هەر بەم شێوەیەم دەنووسین. ئەگەر لە دەرەوەی ئەم تێکستەدا چەمک بە لاوە نراوە و ژیانی نووسەر کراوەتە ئامانج، ئەوە پێم وا لێرەدا بە شێوەیەکی دیکەی جیاوازە، کە ئەو جیاوازییانەن دەبێت قسەیان لێوە بکرێت، هەتا ئەگەر جێگەی ڕەخنەیش بن. ئینجا ڕووبەڕووبوونەوەی نووسەران شتێک نییە تایبەت بە ئێمە، بەڵکوو لە دەرەوەیشماندا بەردەوام هەبووە. (سۆکرات)، (پلاتۆ) و (ئەریستۆ) ڕووبەڕووی سۆفیستەکان بوونەوە. (کامیۆ)، (بارت)، (دێریدا)، (هابرماس)، (لیوتارد) و زۆری دیکە ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە. کتێبی (دیسکۆرسی فه‌لسه‌فییانه‌ی مۆدێرنیتی‌)ی (هابرماس) نموونەیەکی دیارە، کە تێیدا مۆدێرنیتی بە پڕۆژەیەکی تەواونەبوو دادەنێت و لەم ڕووەوە ڕووبەڕووی (هایدیگەر)، (فۆکۆ)، (دولووز)، (دێریدا) و (لیوتارد) دەبێتەوە. لە سەردەمی (مارکس)یشدا هەبووە. بەرهەمەکانی (نیتشە) سەرجەمیان ڕووبەڕووبوونەوەن. (فۆکۆ) و (چۆمسکی) گفتوگۆیەکی تیڤیی بەناوبانگیان هەیە و لە یوتیوبدا دەست دەکەوێت. لە دنیای عەرەبیدا بۆ نموونە (ئەدۆنیس)مان هەیە، کە ڕووبەڕووی (محەمەد دەکروب) دەبێتەوە. (نەوال سەعداوی) و (جۆرج تەرابیشی) دەکەونە بەرانبەر یەک. هەر (تەرابیشی) لە نەوەتەکاندا ڕووبەڕووی (محەمەد عابد جابری) دەبێتەوە. (بورهان غەلیۆن) و (سەمیر ئەمین) بە هەمان شێوە. دەزانم خۆیشت ئاگات لەوانە هەیە، کە ئێمەی نەوەی هەشتاکان بە پەرۆشەوە ڕووبەڕووبوونەوەکانمان دەخوێندنەوە و گفتوگۆمان لە بارەیانەوە دەکرد. هەر کولتوورێک وەک (شتراوس) پێی وایە بە ئێڵەمێنتەکانی ناوەوەی گەشە دەکات و هەر ئەوانەیشن بەر یەک دەکەون. چارەنووسی ئێمە وای هێناوە ڕووبەڕووی فکری میلـلی ببینەوە. من لە ئاستی نووسینێکی وادا ئەم مێتۆدەم گرتووەتەوە بەر، کە لەوەدا هاوڕاتم ناتوانێت شتێکی گەورە بە دەستەوە بدات، بەڵام ئەوە سروشتی کولتوورەکەیە. واتە ئەوەی ڕووبەڕووی دەبیتەوە، خۆی لاوازە. وەک (نیتشە) دەڵێت چارەنووسە و دەبێت ڕووبەڕووی ببمەوە. هیی ناو دنیاکەی منە. مێژوویەکی زۆر تازەمان لەناو دنیای نووسیندا هەیە. تا ئەو ئاڕاستانە بەر یەک دەکەون، ماوەیەکی درێژی دەوێت. تا لەو ئاڕاستانەدا هیی نوێ دێتە کایەوە، دیسان پێویستی بە کاتە. ئەگەر نووسەرێک دوای چاپکردنی کۆمەڵێک کتێب هێشتا پێی وا بێت نووسین لە وشە پێک دێت، ناکرێت من بۆ ئەو کەناڵانە نەگەڕێمەوە، کە بە شێوەی دیکە لەو بارەیەوە دواون. ئەگەر نووسەرێک چەمکی خوێنەر، زمان، نووسین و هیی دیکە بەو شێوەیە ببینێت، ناکرێت بۆچوونی جیاوازی خۆم دەرنەبڕم. بەشێکی نووسینەکانم ڕووبەڕووبوونەوەن، کە لە خۆم ڕادەبینم بڵێم هەمیشە ڕووم لە چەمک بووە و بە لای ژیانی نووسەردا نەچووم، بگرە بە مەبەستی دایەڵۆگ نووسراون. واتە ڕوویان لە نەزانراوە و حوکمم دەرنەکردووە. هەمیشە گوتوومە نووسینی ئەدەبی گێڕانەوە بواری منە، بەڵام کاتێ تووش دەبم، هەوڵ دەدەم تووشبوونەکەم بە شێوەیەک بێت، کاتی خۆم و هیی خوێنەر بە فیڕۆ نەدەم. دیسان سپاس بۆ کۆمێنتەکەت. خۆشحاڵم، کە نووسینەکەم بۆچوونی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە.

کاروان کاکەسوور

****

برای ئازیزم، کاک ئیسماعیل سابیر!

سڵاوت لێ بێت. سەرەتا سپاس بۆ کۆمێنتەکەت. وەک لەم نووسینەی ئێستامدا گوتوومە: (وا ڕاهاتووم هەمیشە جووڵە بخەمە سەرووی نەجووڵانەوە)، بۆیە پۆزەتیڤانە لەوەی تۆیش دەڕوانم. با لە گوتەی کۆتاییت دەست پێ بکەم، کە دەڵێیت لەسەر کۆمێنتی فەیسبووکیش باز نادەم. هاوڕاتم. ڕاستییەکەی وا ڕێک کەوتووە تا ئەم ئەندازەیە شەیدای دایەڵۆگ بم. هەر کاتێ دەرفەتی دایەڵۆگم بۆ بڕەخسێت، لە دەست خۆمی نادەم. (هابرماس)ی فیلۆسۆف پێی وایە مۆدێرنیتی لە ڕێی دایەڵۆگەوە ڕزگار دەکرێت، کە لەو دایەڵۆگەدا عەقڵانیەت دەردەکەوێت، بەوەی کاتێ کەسەکان پێکەوە دەدوێن، لە ڕووی ڕەوشتییەوە بەرپرسیارن لەوەی جوان لەگەڵ یەکدا بدوێن. من کارم تەنیا بە چەمکەکانە و هەر تێکستێکیش بگریت، لانی کەم دانەیەک دەگرێتە خۆی. تۆ خۆت نووسەریت و دەزانیت کاتێ چەمکی تێکستمان هەیە، گوێ بەوە نادەین کێ خاوەنیەتی، لە کوێ دانراوە، لە چەند وشە پێک هاتووە و هیی دیکەی لەم بابەتە، تەنانەت بە دوای هۆکاریشدا ناگەڕێین، چونکێ هۆکاریش دەکەوێتە دەرەوەی. واتە تێکست تێکستە و خاوەنی یاساکانی یاریی خۆیەتی. وەک (دێریدا) پێی وایە (هیچ شتێک لە دەرەوەی تێکستدا نییە، بەو مانایەی لە هەموو سەرچاوەکانی دەرەوەی خۆی دابڕاوە). ئایا کۆمێنتی فەیسبووک تێکست نییە؟ ئایا ناکرێت وەک چۆن کۆمێنتی تۆکمە هەیە، هیی لاوازیش هەبێت؟ بەشی زۆری بەرهەمەکانی من لەو تێگەیشتنەوە هاتوون، کە خۆت ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبێتم، کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)ی منت وەک کارێکی گرنگ بە خوێنەر ناساندووە. لەم کتێبە و ئەوانەی دیکەیشمدا تەنیا لەسەر چەمکەکان وەستاوم و بۆ ئاستی دیکەم بردوون. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم ئەم کتێبەم کاریگەریی لەسەر تێگەیشتنی خوێنەراندا جێ هێشتووە، ئەگەرچی من خۆم تەنیا لەوێوە سەرنجی نادەمێ، بەڵکوو ئەو جووڵەیەم لا گرنگە، کە هێناویەتی. هەر لێرەیشەوە ئەم بۆچوونەی تۆیش بەو جووڵەیەوە پێوەست دەکەم. بە هاوڕێیانی دەوروبەرمم گوتووە، کە ئێمە لەناو دنیای نووسیندا زۆر نوێین، لە کاتێکدا وەک (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت ئەوە نووسینە توانای هەیە مێژووی ئێمە دروست بکات و بوونمان بپارێزێت. تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش لە شیعر زیاترمان نییە، کە پەخشان، یان ئەدەبی گێڕانەوە بە شێوە سادەکەی لەو سەدەیەدا وردەوردە دێتە ناو ئەو کولتوورەمانەوە. من خۆم مێژووی ئەدەبی کوردی بە ڕاستی بۆ ئەدەبی ڕوانگە و گرووپی کفری دەگەڕێنمەوە، کە لە سەرەتای حەفتاکاندا دەرکەوتوون. مانای وا نییە پێشتر بەرهەمی نووسراومان نییە، بەڵام لەوێوە مێژوویەکی دیکە دەست پێ دەکات. لەو دەمەدا، دروستتر لە ساڵی (1972)دا (ئەدۆنیس)ی شاعیر چوار بەرگی کتێبی (الثابت والمتحول) دەخاتە ڕوو، کە نامەی دۆکتۆراکەیەتی. ئەو بیرمەندە لانی کەم بەرهەمی نووسینی دووانزدە سەدەی لە بەردەستدایە. (ئەبوو حەییان تەوحیدی)، (ئەبوو عەلای مەعەری)، (ئەبوو تەمام)، (ئیبن روشد)، (ئیبن خەلدوون)، (موتەنەبی) و سەدانی دیکە دێنە ناو ئەو پڕۆژە فکرییە ڕەخنەیییەی ئەوەوە. تۆ و من ئەمڕۆ خاوەنی تەنیا چەند دەقێکین و مێژووی نووسینمان وەک گوترا نوێیە، چۆن دەتوانین ئەوەی هەیە، بخەینە جووڵە، ئەگەر ئەو پێکدادان و ململانێیە بەرپا نەکەین؟ من خۆم لە دژی هیچ یەکێ لەوانە نەوەستاومەتەوە، کە بۆچوونیان لەبارەی بەرهەممەوە، بگرە لەبارەی خودی خۆمەوە دەربڕیوە، بگرە لە ئاستیاندا خۆشحاڵیم دەربڕیوە. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی…)، لە گوتاری (ئایا من وازم هێناوە و گەڕاومەتەوە)، لەو گفتوگۆیەی گۆڤاری (وانەر) لەگەڵیدا کردووم و ئەوانەی دیکەیشدا گوتوومە ئەوانە گرنگن، بەوەی واقیع لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن. من، کە ویستی دایەڵۆگ و تێپەڕاندنم هەیە، دەتوانم چاکتر ڕووبەڕوویان ببمەوە. ئەم جووڵەیەم بۆ گرنگە، بەڵام ئەگەر ئەوان خۆیان وا لێیان نەڕوانیوە، ئەوە پێوەندیی بە منەوە نییە. دەڵێم کاتێ دەتوانین ئەم چەمکانەی، ئەمڕۆ لە ئاستی میلـلیدا بە کار دەهێنرێن، بخەینە ئاستی ترەوە، کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوویان دەبینەوە. ماوەی پێشوو لەبارەی (کارڵ پۆپەر)ـەوە گوتارێکم نووسی و لەوێدا ئاماژەم بەوە کرد چۆن ئەو فیلۆسۆفە بە سوودوەرگرتن لە (داروین) پێی وایە تیۆرییەکان لە ڕێی ئەو ململانێیەوە گەشە دەکەن، بەو مانایەی تۆکمەکان دەمێننەوە و لاوازەکان دەپووکێنەوە، کە ئەمە پرۆسێسێکی سروشتییە. بۆچوونەکانی ئێمەی نووسەرانی کورد لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەردەکەون، ئاخۆ هێزیان هەیە، تا بمێننەوە و خۆیان نوێ بکەنەوە، یان هەمان دۆخی زانراوی میلـلییان لە خۆ گرتووە و دەپووکێنەوە؟

شاد و سەرفراز بیت.

برات: کاروان کاکەسوور

1. Michel Foucault. What is Enlightenment?

What is Enlightenment? in Rabinow (P.), éd., The Foucault Reader, New York, Pantheon Books, 1984, pp. 32-50.Pantheon Books, 1984, pp. 32-50.

دەکرێت خوێنەر لەم لینکەی خوارەوەیشدا بیخوێنێتەوە:

Foucault, What is Enlightenment? (utoronto.ca)

2. Garrath Williams, Kant’s Account of Reason. Available at:

https://plato.stanford.edu/entries/kant-reason/

3. Christina Hendricks, Foucault’s Kantian Critique: Philosophy and the Present. Available at:

https://blogs.ubc.ca/christinahendricks/files/2012/11/Hendricks-FoucaultKantCritique-WebVersion.pdf

4. Ibid.

5. https://jineftin.krd/2022/11/21/%DA%95%DB%95%D8%AE%D9%86%DB%95%DA%AF%D8%B1%DB%8C-%D9%85%DB%8C%D9%84%D9%80%D9%84%DB%8C-%D9%88-%D9%BE%DB%95%D8%B2%D9%BE%DB%95%D8%B2%DB%95%DB%8C-%DA%86%DB%95%D9%85%DA%A9%DB%8C-%D8%AE%D9%88%DB%8E%D9%86/

6. https://jineftin.krd/2022/01/30/%d9%87%db%8e%d8%b2%db%8c-%d8%aa%db%8e%da%af%db%95%db%8c%d8%b4%d8%aa%d9%86-%d9%84%db%95-%d9%88%db%95%d9%87%d9%85%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af-%d9%88-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af/

7. https://jineftin.krd/2022/03/11/%DA%A9%D9%88%D8%B4%D8%AA%D9%86%DB%8C-%D9%81%DB%8C%D9%84-%D9%88-%D9%BE%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D9%86%DB%8C-%D8%AF%D9%88%D9%88%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D9%88%D8%B4%DB%95%D9%88%D8%A7/

8. https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=pfbid02Qm3k1AXbzVBsRZPsXvXy9FBfiDTJhEV7bRqqa6wgMzsbYwMX5yun4ohJwX9W7RP8l&id=1255665836&mibextid=Nif5oz

9. https://jineftin.krd/2023/07/15/%DA%95%DB%86%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%AA%DB%95%D8%B1%D9%85%DB%95%D9%88%D8%A7%D9%86-%D9%84%DB%95-%D8%AF%DB%8C%D8%AF%DB%8E%DA%A9%DB%8C-%D8%AF%DB%8C%DA%A9%DB%95%DB%8C%D8%B4%DB%95%D9%88%DB%95/

10. https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=pfbid02XBnJ5doJgHSGXLEjYyHJjKFZgogC2s1wAEmDqCMJX6TXsm9NkA5GGLh4KiYu2EJtl&id=1255665836&mibextid=Nif5oz

11. https://dengekan.info/archives/42903

12. https://jineftin.krd/2022/12/21/%D9%84%DB%95-%D9%86%D8%A7%D9%88%DB%8C-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DA%B5-%D9%BE%DB%86%D9%BE%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95-%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88-%D9%81%DB%95%D9%84%D8%B3%DB%95%D9%81%DB%95%DA%A9%DB%95/

13. https://jineftin.krd/2020/12/20/%D9%84%DB%95-%DA%95%DB%95%D8%AE%D9%86%DB%95%DA%AF%D8%B1-%DA%A9%DB%8E%DB%8C%DB%95%D9%88%DB%95-%D8%A8%DB%86-%DA%95%DB%95%D8%AE%D9%86%DB%95-%DA%86%DB%8C%DB%8C%DB%95/