سیاسەت

لە شاردا

سیاسەت هێڵی زەردی ناوەڕاستی جادەکانە

کاولی!

تۆ لەوبەرەوە

من لەمبەرەوە

کە هەردووکمان دەبێ دادوورێین

بەدەم هەودای هێڵێکەوە

کە ئێمە تەنانەت زیپکەبەردی سەر کۆنە ئاسفاڵتەکەیشی نین

لە شاردا

شاعیر دەخزێتە قاوەخانەوە و

تۆش دەبیتە پرتەقاڵی سەر مێزی دانوستانەکان

لە نهۆمی بێ پەنجەرەی قەڵاغێکدا

کە ئەسپی باڵدار ناتگاتێ…

سیاسەت

لە شاردا

گوشینە

مژینە

هی خوێنی گوڵە شلێرە

کە ڕۆژانێک گڵۆکی کراسەکەت بوو.

کراسەکەت

کە نەخشی نیشتمانم بوو

کە ئاڵای هەڵکراوم بوو

کە دلەخورپەی گشت ساتی رەوین و رەوینەوەم بوو.

تۆ لە ئاسمان باڵندە بووی

لە پێدەشتەکان مامز بووی

لە رووبارەکان دا ماسی و

لە زەینمدا پاڵەوانی هەمیشەی مەشخەڵەکان بووی

لە خەونمدا زنجیرێکی هەڵپساو بووی و

لە شاردا

کەو…

کە لە شاردا

سیاسەت

هێڵی زەردی ناوەڕاستی جادەکانە.

photo_2020-08-29 21.25.57

سەرنجێک بنوسن