لە ڕووناکیدا بنووسە، تووڕە بە و یاخی بە

وەرگێڕان: سۆران عومەر

جوبران خەلیل جوبران، بیرمەندی لوبنانی، لەسەر هەق بوو کاتێک گووتی: “ئەوانەی کە بە مەرەکەب دەنووسن، جیاوازن لەوانەی کە بە خوێنی دڵ دەنووسن”. نووسەرە ژنە فێمینیستە عەرەبەکانیش نموونەی مەزنن لەو بارەیەوە. لە کۆمەڵگای نێرسالاری ئێمەدا، کە بە کۆمەڵێک بیری قەتیسماو دەورەدراوە، بەتایبەت لە پرسی هەبوونی دیواری دابەشبوونی نێوان ژن و پیاودا، ژنانی عەرەب لەبەردەم ئاڵنگاری سلەماندنی خۆیاندان  و ڕێگای خۆیان بۆ سەربەخۆیی بدزۆنەوە و لەو واقیعە تاڵە ڕابکەن بەرەو جیهانێک کە تێیدا لەسەر بنەمای ڕەگەز حوکمیان بەسەردا نەدرێت. لەکاتێکدا کە ژنان خاوەنی چەکی فیزیکی نین بۆ سەلماندنی هێزی خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا، بەڵام ئەوان جۆرێکی دیکەی چەکیان هەیە: پێنووسێک کە بەهۆیەوە شۆڕش دەستپێدەکات و کۆمەڵگەکان دەگۆڕن. 

مەرەکەبی ئازار

باشترین نووسین ئەوەیە کە لە ئازار و  ناڵاندنەوە لەدایک دەبێت. لە عایشە تەیمور و هودا شەعراوییەوە تا مونا ئەلتەحاوی، جومانا حەداد و نەوال  سەعداوی، زۆر لە ژنان بوونە بەشێک لە بیری فیمینیستی و لەپێناو ساڕێژکردنی ئازار و ناساندنی خۆیان بە ئێمە دەستیان کرد بە نووسین، کە بڵێن ئەوانیش خاوەنی خەون و تموحی بێسنوورن. پێنوسەکانی ئەوان بوون بە چەکێک دژ بە یاسای دارستان و هاواری دڵ بەڕووی نادادپەروەریدا.  لە یادی رۆژی جیهانی ژناندا، ئەمانەی خوارەوە  لە فیمینستە هەرە کاریگەرەکانی عەرەبن کە بەربەستەکانیان بە کارە نایابەکانیان تێکشکاند و بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ چەندان ژانی دیکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. 

۷ نووسەر کە بوونە سیمبولی فێمینیزم

عایشە تەیمور

عایشە تەیمور سیمبوڵی جووڵانەوەی فێمینیستییە و سیمبوڵی یاخیبوونی ژنانە لەسەردەمی عوسمانییەکاندا. عایشە چالاکوانێکی کۆمەڵایەتی بوو، شاعیر و رۆماننووسێکی سەرکردە بوو لە بواری بزوتنەوەی مافی ژناندا لە ڕۆژهەڵات. نووسینەکانی ئەو ڕووناکیان ڕژاندە سەردەمێک کە تێیدا زۆر لە ژنان لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەری کرابوون. یەکێک لە کارە هەرە دیارەکانی “ئاوێنەیەک لەبەرامبەر هەندێک بابەتدا”، کە لە ١٨٩٢ بڵاوکراوەتەوە. تەنیا لە چەند لاپەڕەیەکی کەمدا، عایشە ڕاڤەی هەندیک ئایەتی قورئان دەکات لەپێناو ڕوونکردنەوەی مافی پیاوان و ژنان. ئەمە هەوڵێکی دیارە و یەکەمین هەوڵیشە لەو بوارەدا کە لەلایەن ژنێکی موسوڵمانەوە ئەنجام درابێت. هەروەها قسەشی لەسەر پێوەندی خێزانی (هاوژینی) لە کۆمەڵگی میسریدا دەکات، لەوێدا هەوڵدەدات هۆکاری ئاڵۆزیی و کێشەکانی ئەو پێوەندییانە دەستنیشان بکات. یەکێک لەو ئایەتە قورئانیانەی عایشە بەکاری دەهێنا بۆ بەرگری کردن لە بنەماکەی خۆی لە بواری مافی ژنانددا، ئەمەیە: “پیاوان بەرپرسن لە ژنان بەپێی ئەو مافانەی خودا پێی داون و بەپێی ئەوەی ئەوان دەتوانن لە سامانی خۆیان خەرج بکەن”. نووسەر لەوێدا گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژنەوە لە توانای ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ پاراستنی سامان. لەم خاڵەوە عایشە دەیەوێت قسە لەسەر ئەوە بکات کە چی لە قورئاندا نووسراوە بە بەراورد بە واقیع. ئەو پیاوانی سەردەمی خۆی وا دەبینێت کە لە سیفاتە پیاوانەییەکانی خۆیان دوور کەوتوونەوەتەوە تەنیا خۆیان وەک هیزێکی پیاوانە نیشان دەدەن و هیچ زانیارییەکیشان لەسەر ئایەتەکان نییە. ئەو پێی وایە پاسەوانیکردن لەڕاستیدا مافێکی جێگیر نییە،  بەڵکو بابەتێکی مەرجدارە و لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی دارایی وەستاوە، لەمەشەوە ئەرکی پاسەوانیکردنەکە دەکرێت بگوێزرێتەوە بۆ ژنان ئەگەر هاتوو پیاوان لە ئەرکی خۆیاندا شکستیان هێنا. 

هودا شەعراوی

هودا شەعراوی لە میسر لەدایک بووە لە ناو جەرگەی سیستەمی حەرەمسەراییدا، کە تێیدا ژن لە مافی خوێندن بێبەری دەکرا. لەگەڵ ئەوەشدا شەعراوی لە ماڵەوە پەروەردەی وەرگرت و فێری خوێندن بوو. ئەو زۆر لەوە نیگەران بوو کە نەیدەتوانی وەک براکەی بچێت بۆ قوتابخانە. دواتر لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بە زۆر لە پیاوێکی ٤٠ ساڵەی خزمی خۆیان مارە کرا، بەڵام ئەو بەو چارەنووسەی خۆی ڕازی نەبوو. چەوسانەوەی ژنان وایلێکرد بۆ یەکەمجار وانەی تایبەت بە ژنان و بە ئاشکرا بۆ خەڵک بە گشتی رێکبخات. لەساڵی ١٩٢٣دا ئەم ژنە یاخییە بۆ یەکەمجار لە وێستگەی شەمەندەفەری قاهیرە نیقابەکەی فڕێ دا، کە هانی هەندێک ژنی دیکەشی دا هەمان کار بکەن، پاشان قوتابخانەیەکی کچانی کردەوە و یەکێتی ژنانی میسریشی دامەزراند. یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی هودا لە بواری ئالناگاریی مافی یەکسانیدا بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکی فێنمینستی بوو بەناوی “مسرییە” لەساڵی ١٩٢٥ بە زمانی فرەنسی و دواتریش لە ١٩٣٧ بە زمانی عەرەبی. 

لەتیفە زەیات

لەتیفە زەیات ڕۆماننووسی میسری، لەڕێگەی کارە ئەدەبییەکانیەوە، تەرکیزی دەخستە سەر پرس و نیگەرانییەکانی ژنان. ڕۆمانی “دەرگای کراوە”ی لەتیفە (١٩٦٠)، کە بوو بە براوەی یەکەمین خەڵاتی نەجیب مەحفوز بۆ ئەدەب لە ١٩٩٦، دواتریش کرا بە فیلم و فاتن حەمانە و ساڵەح سەلیم ڕۆڵیان تێدا گێڕا، پێشکەوتنی ڕاستەقینەی ئەو بوو کە ڕێگای بۆ ژنانی نووسەری دیکەش کردەوە رۆمانی ڕیالیستی بنووسن. لەم ڕۆمانە ناوازەدا زەیات هەوڵی داوە ژنان لە پەراوێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەربهێنێت و بیانکات بە کارەکتەری سەرەکی لە کۆمەڵگە و سیاسەتدا. لێرەوە، ئەم ڕۆمانە وەک یەکێک لە باشترین و گرنگترین کارە فێمینستییەکان دادەنرێت و بوو بە یەکێکیش لە ١٠٠ باشترین ڕۆمانی عەرەبی لە مێژوودا. زەیات هەوڵی دا دووفاقیەتی کۆمەڵگە ئاشکرا بکات و  ئەو بۆچوونە سواوەی لەمەڕ ئافرەتان نیسان بدات لەڕێگەی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیەوە، واتە لەیلا، کە لە کۆمەڵگەیەکی پاتریارکیدا دەژی و ئەو وەک تاوانبارێک سەیر دەکرێت چونکە مێینەیە. باوکی یاسا نادادپەروەرەکانی کۆمەڵگەی بەسەردا دەسەپێنێت، دەزگیرانەکەی خۆی بە پاسەوان و پارێزەری ئەو دەزانێت کە بەلای ئەوانەوە ژن وەک بوونەوەرێکی جوانکاری و دیکۆر وایە، براکەشی خۆی بە یەکێک لە پشتیوانانی یەکسانی دەزانێت، بەڵام هێشتا بە کەم سەیری ژن دەکات و یەکەم خۆشەویستیشی بۆ ژنان تەنیا جەستەیی بووە. سەرەڕای هەموو ئەم زەحمەتییانەی کە توووشی دەبێت، پاڵەوانەکەی زەیات لەکۆتاییدا هەڵدەستێتەوە و لەبەرامبەر ئەم هەموو نادادپەروەردییەی کۆمەڵگەی پاتریارکیدا دەوەستێتەوە و لایەنە یاخییەکەی بەسەر ڕووە نەرمونیانەکەیدا سەردەکەوێت. 

فاتیمە مەرنیسی

“ئایا ئەستەمە خەیاڵی هەسارەیەک بکەیت کە تێیدا هێزی نێرینە بە  حەنانێکی ڕژاو وەک لافاو بێت؟ پیاوان بگرین کاتێک ئێمە بەیانیان بەجێیان دەهێڵین و بە شیعرێکی نزار قەبانی سڵاومان لێبکەن لە شەواندا؟”. فاتیمە مەرنیسی، کۆمەڵناسی مەغریبی بایەخی بە پرسەکانی ژنان و هەندێک چەمکی تایبەت بە بزووتنەوەکانی بواری مافی ژنان دەدا، کە ئەمانە بەشی زۆری هەموو کارەکانی ئەویان داگیر کردبوو. مەرنیسی قسە لەسەر سیستەمی پاتریارکی دەکات کە پاوانی ژیانی ژنانیان کردووە، هەروەها قسە لەسەر کێشە ڕەگەزییەکانی مێینە دەکات لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی ئیسلامیدا. لەناو کتێبە گرنگەکانیدا سەبارەت بە سەربەستبوونی ژنان لە کۆتوبەندەکان، کتێبی یاخیبوونی ژنان و یادەوەری ئیسلامی هەیە، کە تێیدا ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئازادی لە بنەڕەتدا بابەتێکی ماددیە و ڕۆحی نییە، هەروەها کتێبی “ئەودیو نیقاب: سێکس وەک ئەندازەی کۆمەڵایەتی”، کە لە ١٩٧٥ بڵاوکراوەتەوە و یەکەمین بەشی ئەو کتێبە لێکۆڵینەوەیە لە ئەندازەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە بەشداری دەکەن لە بنیاتنانی خێزاندا لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا و  باس لەوەش دەکات کە چۆن پیاوان سەیری ڕۆڵی سەرکردایەتیکردن دەکەن. ئەم بیرکەرەوە مەغریبییە گفتوگۆی لەسەر ڕۆڵی رەگەزیی پیاوان و ژنانیش کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە ترسی ژن و ترس لەوەی زنجیر بکرێت لە وێنەیەکی نائەخلاقیدا هەمووی پێوەندی بە ترسیەوە هەیە لە بابەتە سێکسییەکان، و دەشپرسێت: بۆچی پیاوان لە هێزی سەرنجڕاکێشانی ژنان دەترسن؟ پێشخەمڵاندنێک هەیە کە پیاوان نەتوانن لەڕووی سێکسیەوە ژنێک تێر بکەن، لە ئەنجامیشدا وا لای پیاوانی دیکە دەردەکەوێت کە بتوانن تێری بکەن و بەم شێوەیە پشێوی دروست دەبێت ئەگەر ئەم ژنە ئازادی هەبێت”.

نەوال سەعداوی

“شۆڕش بە نهێنی ڕوونادات. شۆڕش و نووسین، هەر دووکیان کردەی نهێنی نین. کلیلی دۆڵابەکە بشکێنە، لە ڕووناکیدا بنووسە، تووڕە بە و یاخی بە، بێدەنگ مەبە”. نەوال سەعداوی، کە بە سیمۆن دی بۆڤواری عەرەب ناسراوە، یەکێکە لە هەرە ژنە بوێرەکانی عەرەب لە پرسە دیالێکتییەکاندا کە قسە لەسەر پرسەکانی تایبەت ژنان دەکات. بەوەش بووەتە یەکێک لە ژنە  فێمینیستە هەرە دیارەکانی ناوچەکە بە گشتی. سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی دەبوویەوە، سەعداوی هەر سوور بوو لەسەر بۆچوونی خۆی لەمەڕ نێرینە و بەها تەقلیدییەکان. ئەو بە شەڕکردن لەدژی خەتەنەکردنی ژنان، کە ئەو وەک بەرهەمی سیستەمی پاتریارکی ناوی دەبات. لەساڵی ١٩٧٢، کاتێک کتێبەکەی بەناوی “ژن و سێکس” بڵاوکرایەوە، تێیدا باسی ئەو هەموو دەستدرێژییە دەکات کە دەکرێنە سەر جەستەی ژن، وەک شێواندنی ئەندامی جێنەتیکی ژنان. مایەی سەرنجدانە کە ئەم کتێبە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی وایکرد ئەو لە پۆستەکەی لە وەزارەتی تەندروستی دوور بخرێتەوە. سەعداوی بە هەڵوێستە مشتومڕئامێزەکانیشی سەبارەت بە ئایین، بۆچوونی دژ بە حیجاب و سەیرکردنی وەک بەندایەتی، دەناسرێتەوە، ئەو دەپرسێت: “بۆچی دەبێت ژنان حیجاب بکەن و پیاوان نەیکەن، خۆ هەردووکیان هەمان ئارەزوویان هەیە؟

ئەحلام موستەغەنیمی

“بۆ نووسین، تەنیا ئەوە بەس نییە دەفتەری تێبینی و قەڵەمت پێبدرێت، بەڵکو پێویستە کەسێک تا سنووری نووسین ئازارت بدات”. ئەحلام موستەغەنیمی، پڕفرۆشترین نووسەرە لەجیهانی عەرەبیدا. دەستپێکی کاری ئەو لە کتێبی “یادەوەری گۆشت: دەستیپێکرد، کتێبێک کە لەسەر پرسە سیاسییەکان  قسە دەکات و بیرێکی دیارە کە ڕەنگدانەوەی ژیانی واقیعی ژنانی جەزائیرە. موستەغەنیمی بە کتێبە دژە نۆرمەکانی و بیرۆکە دیارەکانی دەناسرێتەوە، کە باسی یاخیبوونی ژنان دەکەن بە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێت ئەو سنوورانە تێکبشکێنن کە بۆیان دانراون.

جومانا حەداد

“بەڵام ئایا نووسین مردنێک نییە لەپێش مردن، یان جۆرێکی خۆکوژی نییە، پێش خۆکوشتن؟”. ڕۆژنامەنووسی لوبنانی جومانا حەداد، زیاتر لە جارێک وەک یەکێک لە ١٠٠ ژنە عەرەبی هەرە کاریگەر لە جیهاندا هەڵبژێردراوە. حەداد چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنانە و دامەزرێنەری گۆڤاری جەسەد- ە، کە تایبەت کراوە بۆ  ئەدەبی جەستە و هونەرەکانی. کارە گرنگەکانی بریتین لە: “گەڕانەوەی لیلیت”، “مردن دێت و داوای چاوت دەکات”، “من شەهرەزادم کوشت”، “سوپەرمان عەرەبە”، و ” کچی بەرگدروو”، کە داستانێکی خێزانییە سەبارەت بەو ژنانەی پێش فێمینیزم لەدایک بوون و سەرەڕای هەموو تێکشکانێک دەبنە پاڵەوان: ئەو ژنانەی شیر لە مەمکیاندا نەبوو تا شیر بدەن بە منداڵەکانیان لەکاتی گەشتی ئازارە سەختەکانی ئەرمەنییەکاندا، ئەو ژنانەی ئامادەبوون دەستدرێژییان بکرێتە سەر بۆ ئەوەی کچەکانیان بپارێزرێن، ئەوانە شەڕ، برسێتی، هەژاری و زەلیلی… لە حەلەب، لە گازی عەنتاب، لە ئۆرشەلیم لە شام و لە بەیروت، وێرانی کردن”.

سەرچاوە:

Write in the light, be angry and revolt: 7 Arab women writers who became icons of feminism’, Raseef22, 13 March 2019