شیعرێکی بۆب دیلان

لە فرەنسییەوە: فازڵ مەحموود

به‌ڵێ من دزی هزره‌كانم

لێ نا، نه‌خێر، ڕفێنه‌ری ڕۆحه‌كان نیم

له‌ سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی پێی ده‌ڵێن چاوه‌ڕوانی

سازاندم و ده‌یسازێنمه‌وه‌

چونكه‌ له‌ سه‌ر لمی كه‌ناراوه‌كان 

ته‌لاری زۆریان پێكه‌وه‌ناوه‌

له‌و شوێنه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌، ‌

به‌ر له‌ زه‌مه‌نی من

وشه‌یه‌ك، هه‌وایه‌ك، دیرۆكێك، دێڕێك

كلیله‌كانی نێو بابوون، زه‌ینی منیان ده‌كرده‌وه‌

شنه‌بای باخچه‌ی پشته‌وه‌یان به‌سه‌ر هزره‌ داخراوه‌كانم هه‌ڵده‌كرد 

ئیشی من نییه‌، دانیشتن و تێڕامان

بۆ ڕوانین و له‌ده‌ستدانی كات

بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌و هزرانه‌ی كه‌ بیریان لێ نه‌كراوه‌ته‌وه‌

بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌و خه‌ونانه‌ی وا به‌دی نه‌هاتوون

یان ئه‌و ئایدیا نوێیانه‌ی هێشتا نه‌نووسراون

یان ئه‌و وشه‌ نوێیانه‌ی له‌گه‌ڵ كێشدا سازگارن..

چیمداوه‌ له‌ ڕێسا نوێیه‌كان 

ئنجا ئه‌وانه‌ هێشتا دانه‌ڕێژراون

هاواری ئه‌و شته‌ ده‌كه‌م وا له‌ مێشكمدا ده‌چریكێنێ

چونكه‌ ئه‌زانم ئه‌وه‌‌ من و له‌ ڕه‌گه‌زی منن‌

‌ ئه‌م ڕێسا تازانه‌ داده‌ڕێژن

‌كێ ده‌ڵێ خه‌ڵكانی سبه‌ی 

هه‌ر پێویستییان به‌ ڕێساكانی ئه‌مڕۆ ده‌بێ

كه‌واته‌ هه‌مووتان كۆببنه‌وه‌، پارێزه‌ره‌ گشتییه‌كان

دونیا هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ دادگایه‌ك 

به‌ڵێ

به‌ڵام من باشتر له‌ ئێوه‌ تۆمه‌تباره‌كان ده‌ناسم و

كاتێ ئێوه‌ سه‌رقاڵی لێپێچینه‌وه‌یانن

ئێمه‌ سووكباڵ فیكه‌ لێ ده‌ده‌ین

هۆڵی دادگاییه‌كه‌ خاوێن ده‌كه‌ینه‌وه‌

به‌ گسكدانه‌وه‌ به ‌گسكدانه‌وه‌

به‌گوێڕادێرانه‌وه‌‌ به‌ گوێڕادێرانه‌وه‌

چاو لێك داده‌گرین

وریا بن  

     وریا بن

نۆره‌ی ئێوه‌ش وا دادێ.

سه‌رچاوه‌: Bob Dylan, Ecrits et dessins, éd. Seghers (traduction modifiée).

بۆب دیلان

سەرنجێک بنوسن