زەهرا دۆغان
(خوێنی پریۆدی ژنانی بەندیخانەی کرد بە ڕەنگێک بۆ هونەر)

ئا: ژنەفتن

بەرهەم و تابلۆکانی زەهرا دۆغان کاتێ ناوبانگی جیهانی پەیدا کرد کە بانکسی هونەرمەندی ناسراوی بەڕیتانی لەساڵی ٢٠١٨ بۆ پشتیوانی ناوبراو تابلۆیەکی دیواری گەورەی لە یەکێک لە شەقامەکانی نیو یۆرک وەک ناڕەزایەتییەک بە بەندکردنی دۆغان کێشا و داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد کە زەهرا دۆغان ئازاد بکات.

زەهرا دۆغان لەساڵی ٢٠١٦ پاش کێشانەوەی تابلۆی داگیرکاری شارۆچکەی نەسێبین لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیرکرا و لەساڵی ٢٠١٧ دادگای تورکیا سزای دوو ساڵ و دە مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند. لەو کاتەدا دانوستانی ئاشتییانەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و لایەنە کوردییەکان گەیشتبووە بونبەست، سوپای تورکیاش شارە کوردییەکانی سەرکوت و خاپوور دەکرد. لەم ڕەوتەدا شارەکانی نەسێبین و سوور خاپوور کران. زەهرا دۆغان لەیەکێ لە تابلۆکانیدا ئاڵای تورکیای کە لەسەر خانوو و باڵەخانە خاپوورەکانی شاری نەسێبین بە جێ مابوو کێشا بوو.

لەساڵی ٢٠١٧ فریتینکەر ئەسۆسیەشنی سویسرا خەڵاتی کەسایەتی ساڵی بە دۆغان بەخشی. دۆغان ئەو کات لە بەندیخانەدا بوو، بەم بۆنەیەوە نامەیەکی نووسی، کە (ناز ئۆکە) ڕۆژنامەنووسی هاوکاری ناوبراو لە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکەدا بۆ ئامادەبوانی خوێندەوە. ئەو لە بەشێک لە نامەکەیدا نووسی بووی:

«هەنووکە من تەرکیزم خستووەتە سەر کولتوور و مێژوو و ئەفسانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە شێوازی خۆم سەرقاڵی گواستنەوەی هونەرم بۆ جڤات. لە بەندیخانە بۆ هاوبەندییەکانم کلاسی شێوەکاری بەڕێوەدەبەم و هاوڕێکانم فێری نیگارکێشان دەکەم. ئێستا ئەویندارانە شێوەکاریان خۆش دەوێ. فێرم کردوون لە پرچەکانیان و لەو پەڕی باڵندانەی کە لە حەوشە دەیدۆزنەوە فڵچە دروست بکەن چوونکە ئێمە لێرە پێداویستییەکانی نیگارکێشیمان نییە و بۆ دەربڕینی هزر و بیروباوەڕمان کەڵک لە هەموو شتێ وەردەگرین. هەروەها ڕۆژانە چوار سەعات لە کاتەکانمم تایبەت کردووە بۆ وتووێژ لەگەڵ ژنانی ئێرە تا بتوانم ڕۆمانێک لەسەر بنەمای چیرۆکی ژیانیان بنووسم. من حەز ناکەم ئێوە پێتان وابێ کە ئێستا زەهرا لە بەندیخانە بووەتە ژنێکی غەمگین، ژنێک کە کاتەکانی بە هەدەر دەدات. ئەم نامەیە دەنووسم تا سەرجەم ئەو کارانەی لێرە خەریکی جێبەجێ کردنیانم بۆ ئێوەی ڕوون بکەمەوە، چونکە دەمەوێ ئێوە هەر کاتێک ناوی من دەبیستن لە زەینتاندا وێنای ژنێکی خاوەن هیوا و ڕۆحیەتێکی بەهێز بکەن، ژنێکی بەهێز و خۆڕاگر…»

دۆغان لە شوباتی ٢٠١٩ لەگەڵ ئازادبوونی لە زیندان، تورکیای جێهێشت و بەرەو بەریتانیا کۆچی کرد، پاش ئەوە بەرهەمەکانی بە شێوەی پیشانگای شێوەکاری و نمایشی پێرفۆرمانسی هونەری لە گۆشە و کەناری جیهان دەخاتەڕوو.

زەهرا لە ٢٥ نۆڤەمبەری ٢٠١٩ هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە یادی “هەڤرین خەلەف” ژنە سیاسەتمەداری کورد کە بە دەستی سوپای تورکیا لە ڕۆژئاوا کوژرا، بەرهەمێکی لە مۆزەخانەی شاری برێشیای ئیتالیا نمایش کرد. ئەو لەم نمایشە هونەرییەدا کەڵکی لە شیوازێک وەرگرت کە لە دەورانی بەندیخانەدا وەرگرت کە بەرهەمەکانی پێ خوڵقاندبوو.

لە سەرەتای ٢٠٢٠ پیشانگەیەکی لە ژێر ناوی «ئێمەش رۆژانێکی خۆشمان دەبێت» لە مۆزەخانەی سانتاجولیای ئیتالیا کردەوە. لەم پیشانگەیەدا کە نزیکەی ٦٠ بەرهەم کە زۆرینەیان لە بەندیخانەی دیابەرکر کێشابوونی، نمایشکران.

بەرهەمەکانی بەندیخانەی دیاربەکر بەزۆری بە ماتریاڵی وەک خوێن، قاوە، زەردەچەوە، سووتووی جگەرە و پاشماوەی خۆراک لەسەر پارچە قوماشی جلی ژنانی بەندیخانە یان پارچە ڕۆژنامەکان کێشراون. لەم بەرهەمانە ناوەڕۆکیەلی فیمێنیستی و جێندەرکوییر ئامادەییەکی بەرفراوانی هەبوو. هەروەها دۆغان تێدەکۆشێت کە بە هونەرەکەی ناڕەزایەتی لە ئاست دۆخی کوردستان دەرببڕێ.

بە بۆچوونی من ژیان خۆی هونەرە، بەتایبەت ژیانی مرۆڤە ناڕازییەکان، ئەوانەی کە لەبەرانبەر شتێ دەوستنەوە و بە بۆچوون و کردەوەکانیان ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن. ئەوان بە خستنەڕووی بیروباوەڕیان خەریکی خەڵقکردنی شتێکن و خەڵقکردنیش هونەرە

زەهرا لە وتووێژێکی لەگەڵ وێب مەگەزینێک بەم شێوەیە باسی چالاکیی و پێوەندییەکانی لەگەڵ ژنە بەندییەکان دەکات:

«بە بۆچوونی من ژیان خۆی هونەرە، بەتایبەت ژیانی مرۆڤە ناڕازییەکان، ئەوانەی کە لەبەرانبەر شتێ دەوستنەوە و بە بۆچوون و کردەوەکانیان ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن. ئەوان بە خستنەڕووی بیروباوەڕیان خەریکی خەڵقکردنی شتێکن و خەڵقکردنیش هونەرە.

هەموو ئەو مرۆڤانەی کە سەرقاڵی خەڵقکردنن هەر کامیان بە جۆرێک لە جۆرەکان هونەرمەندن، چونکە هەوڵەکانیان لەبەر جوان کردنی ژیانە. هەموو ئەوەی کە ئێمە لە قوتابخانە هونەرییەکان فێری دەبین هەر ئەمەیە. لە ژیانی منیش ڕێک ئەمە ڕوویدا. هەموو شتێکم لە کێشمەکێشەکان دەستکەوت. با نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە. ئاڵایەکی سپی لەبەرچاو بگرن کە (تایبێت ئانا) بە یەکێ لەو قوماشە ئاساییانە دروستی کردبوو و حەوت شەو و ڕۆژ لەبەردەم ماڵەکەی وەک ئاڵایەکی سپی ڕاوەستا. ئەم ئاڵایە دەکرا لەچکێک، دەسڕێک یان هەر شتێکی تر بێت بەڵام ئێمە چۆن ئەومان بینی؟ ئاڵایەک کە دەیگوت: “من کەسێکی مەدەنیم و ئێرە ماڵی منە” و ئێوە کاتێ کە تەماشاتان دەکرد بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی (تایبێت ئانا) پێویستتان بە وشەکان نەبوو، ئەو قسەی نەدەکرد، هاواری نەدەکرد، هیچی نەدەگوت بەڵام لەو تێدەگەیشتن و ئەمەش تەنیا بە هۆی ئەو ئاڵا سپییەوە بوو کە لەنێوان خاپوورەکان هەڵواسرابوو. قوماشێکی سپی هەرچی هەیە ئێمە نازانین بەڵام کاتێ (تایبێت ئانا) لە ناو گەرمەی هێرشی سەربازی سوپای تورکیا بۆ سەر شار و جێی ژیانی لە ترسا و بێ ئۆقرەیی و بۆ پارستنی گیانی منداڵەکانی لەسەر دەرگەی ماڵەکەی هەڵیدەواسێ، ماناکەی تێدەگەیین. من دەڵێم هەر شتێ دەتوانێ بگۆڕدرێ بۆ شتێکی بەتەواوی جیاواز و هونەر ڕێگەی دەربڕینی ئەم بنەمایەیە. گەڵایەک، کوپیک قاوە، خوێنی پریۆدی ژنانی بەندیخانە، ئەمانە هەموو ئەو شتانە بوون کە من بۆ کێشانی تابلۆکانم کەڵكم لێوەردەگرتن. بەڵام ئێستا کە ئێوە سەیری تابلۆکانم دەکەن چی دەبینن؟»

زەهرا درێژەی دەداتێ:

«من لە بەندیخانە هاوڕێگەلێکی زۆرم پەیدا کرد کە زۆر هۆگری شێوەکاری بوون و ئێمە تاڕادەیەک بە پێداویستی تا ئاستی سفر دەستمان بە نیگارکێشان کرد. بۆ نموونە لە فەزای بەتاڵی ژێر تەختەخەوەکان، لە نوورێکی کەم و دیدێکی لاوازی بێ هیچ ڕەنگ و کانڤاس و فڵچەیەک تابلۆمان کێشا، چونکە پێوستمان بەوە بوو کە خۆمان مانیفێست بکەین. من پێم وایە کە شێوەکاری شێوازێکی سەرەڕۆیانە بووە بۆ ڕەهاکردنی بۆچوون و مانا بەندکراوەکان لە زەین و ڕۆحی ژنانی بەندکراو. ڕۆژانی سەرەتا ژنەکان لە دەورەوبەرم کۆدەبوونەوە و بە وردی سەیری نیگارکێشانەوەکەیان دەکردم. پاش ماوەیەک دەستیان کرد بە ڕادەربڕین و قسەکردن و کەم کەم بینین و وێناکردن. لێرەدا بوو کە گەیشتم بەوەی کە دەتوانم نیگارکێشانیان فێر بکەم. هەڵبەتە من بانگەشەی ئەوە ناکەم کە مامۆستایەکی باش بووم، من تەنیا هەوڵم دا کە ئەزموونەکانم بگوازمەوە بۆ ئەو ژنانەی کە هیچ ڕێگەیەکیان بۆ خۆمانیفێست کردن نەبوو و لە کۆتاییدا ڕۆژێ کە ئەم تابلۆیانە ڕێگەیەک بۆ نمایش لە ئێرە و ئەوێی جیهان دۆزییەوە و ئێمە شایەتی گاریگەری فراوانی ئەوانە لەسەر بەردەنگەکان بووین. ئەوان کاتێ سەیری تابلۆکان دەکەن ئیدی لەوێ گەڵا، خوێن، قاوە یان پاشماوەی خۆراک نابینن، بەڵکوو لە بەرهەمی کارەکە دەڕوانن. لەڕاستیدا هەر هێندە سادەیە، ئێمە بۆ مانیفێست کردنی خۆمان دەبوایە ڕێگەیەک هەڵبژیرین و بەردەوام بین.

لەو ڕۆژانەدا هەفتەی جارێک لە حەوشەی بەندیخانە کۆبوونەوەمان هەبوو. ڕۆژانی هەینی پاش جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنی مۆڵەتیان دەداینێ تا بۆ خواردنەوەی قاوە لە دەوری یەک کۆببینەوە. پاش خواردنەوەی قاوە پارچە قوماشێکم لە جلێک لێدەکردەوە و قوماشەکەم لەسەر مێزەکە ڕادەخست. هەر قوماشێك جوانییەکی سەرنجڕاکێشی جیاوازی هەیە. پاشان بۆ نموونە قاوە یان خوێنمان دەڕشتە سەری، کاتێ قوماشەکە خوێنەکەی هەڵدەمژێ، نازانی بڕیارە خوێنەکە لە کوێ ڕاوەستێ، خەڵقی بەرهەمەکە لەدەستت دەردەچێ. لەم ساتەدا دەوەستن و لە نەزمی وەرگرتنی خوێنەکە لەلایەن قوماشەکەوە دەڕوانن. لێرەدا ئێوە دەسەڵاتتان نییە، تەنیا سەبر دەکەن کاتێ ڕەوتی خوێنەکە بەرەو ئاراستەی دڵخوازتان دەڕوا، دەبزوێن و لەدڵی خۆتاندا دەڵێن: “بریا لێرە بوەستێ” بەڵام پێدەچێ کە خوێنەکە درێژە بە بڵاوبوونەوە بدات و دیسان لەگەل خۆتاندا دەڵێن: “ئەمەش باشە، دەکرێ ئەمەش بکێشم”. لەکۆتاییدا چی دەبێ؟ تێدەگەن کە بەدەسەڵات نین و ئەمە هێواش هێواش لە تەواوی ژیانتاندا دەردەکەوێ، لەبەر ئەوەی ئەم ئەزموونە و پرۆسەیەتان ناخودئاگا بە مەشق و دووپاتکردنەوە قبوڵ کردووە و درکتان کردووە و هەر ئەم ئەزموونە لە تەواوی ڕەهەندەکانی ژیانتاندا لە پێوەندی ئەویندارانە و هاوڕێیانەوە بگرە تا هەر شتێکی تر ڕەنگدەداتەوە. فێر دەبن کە کەسەکان بە تێگەیشتن لێیان و گوێگرتن لێیان بەهایان بدەنێ. پاش ئەوەی کە کارتێکردنی نێوان خوێن و قوماشەکە تەواو بوو، سەرەی ئێوە دێت و ئیتر هەر کارێک لە دەستتان دێت و حەزتان لێیە دەتوانن بیکەن و ئەوان ئەو دەرفەتەتان دەدەنێ و لەم مەودای هێنان و بردنەدا فێری چەمکیەلی وەک درکەکان، گوێگرتن، هاوبەشی، ئەوین و میهربانی دەبن. ئێمە هەموو ئەمانە لەکاتی کێشانی ئەم تابلۆیانەدا فێر بووین. لەبەر ئەمەیە کە بەهای ئەم پەڵە و لەککانە زۆر زۆرە.”

زەهرا دۆغان لە ١٤ی  ئەڤریلی ١٩٨٩ لە شاری دیاربەکری باکووری لەدایکبووە، ڕۆژنامەنووس و شێوەکار و نووسەرە. دامەزرێنەر و سەرنووسەری ناوەندی هەواڵنێری (ژنها)یە کە میدیایەکی تایبەت بووە بە پرسی ژنانەوە، کە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن دادگای تورکیاوە داخرا. زەهرا ساڵی ٢٠١٦ نەسێبین دەستگیر دەکرا و ساڵی ٢٠١٧ دادگای تورکیا سزای دوو ساڵ و دە مانگی بەسەردا سەپاند و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ ئازاد کرا و پاشان کۆچی کرد بۆ وڵاتی بەریتانیا و  ئێستا لە بەریتانیا دەژی.

لەماوەی زیندانی کردنیدا ڕێکخراوە جیهانییەکانی بواری ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین و ژنان و مافەکانی مرۆڤ پاڵپشتی و پشتگیری خۆیان بۆ ناوبراو ڕاگەیاند. زەهرا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری پێبەخشراوە، لەوانە خەڵاتی مەتین گۆکتەپە، خەڵاتی هونەرمەندی یاخی، خەڵاتی فریتینەرکی، خەڵاتی بوێری لە ڕۆژنامەنووسی و ئێستاش ئەندامی فەخری ڕێکخراوی پێن ئینتەرناشیۆنالە.

کۆی نامە و یادداشتەکانی بەندیخانەی زەهرا دۆغان لە ساڵی ٢٠١٩ لە کتێبێک لە ژێر ناوی “ئێمەش ڕۆژانێکی خۆشمان دەبێت” لە وڵاتی فەڕەنسا چاپ و بڵاوکرایەوە.

سەرنجێک بنوسن