هونەری ئاڤانگارد
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ هونه‌ری ئاڤانگارد و شیعری ئاڤانگارد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا





ماکس ئێرنست: لە دیداری هاوڕێکانیدا، دادایستەکان ١٩٢٢

١

فوکۆ دەربارەی مێژووی هونەر و ئەدەب و ئەوەی کە هونەر و ئەدەب، جگە لەو کەیسە گشتییەی کە لەگەڵ بەستێنە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکاندا هەیەتی، بۆ خۆیشی خاوەنی مێژووییەکی تایبەتە، ئاماژە بە بابەتێکی گرنگ دەدات؛ ئەویش مێژووی هونەر و ئەدەبە بە شێوەی سەربەخۆ، فوکۆ دەڵێت: مێژووی هونەر و ئەدەب بە تەنیا بریتی نییە لەو مێژووەی کە مێژووی کۆمەڵگەیە، بەڵکوو لە هەمانکاتدا بریتییە لە میژووی خودی هونەر و ئەدەبیش، بەو مانا نووسەر و هونەرمەند بە تەنیا پەیوەست نییە بە مێژووی کۆمەڵگەوە، بەڵکوو لەهەمانکاتدا درێژەپێدەری مێژووییەکیشە بە ناو مێژووی هونەر و ئەدەب، بەمەوە هونەر و ئەدەب لەگەڵ ئەوەی لە دیالێکتیکێکی هێگڵیدا لە پێوەندیی لەگەڵ کۆمەڵگە و بەستێنە فەرهەنگی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی دەبینێتەوە، لەهەمانکاتدا و هەندێ جار پشت لەو دیالێکتیکە دەکات. بەو مانا هونەر و ئەدەب بە گشتی و بزاڤ و ڕەوتە ئەدبییەکان بە تایبەتی بە نیسبەت بەستێنە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانەوە لە حاڵەتی دیالێکتیکدان، بەمەوە زۆرجار هونەر و ئەدەبیات و ڕەوتە ئەدەبییەکان لە ژێر کاریگەریی بەستێنە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و کەش و هەوای سیاسی و فەرهەنگیدا تووشی ئاڵوگۆڕ دەبن، وەک چۆن  لە زۆر حاڵەتدا دەبینین هونەر و ئەدەب  لەشێوەی قوتابخانە و ڕەوتە ئەدەبی و هونەرییەکاندا بەرانبەر بەو بەستێنانەش پەرچەکردایان هەبووە. وەک چۆن ئەو بەستێنانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر هونەر و ئەدەب بە هەمان شێوەیش هونەر و ئەدەبیات (بەوەی کە ڕەهەندە شاراوەکانی ژیان و مرۆڤ دەردەخەن و بەرجەستەی دەکەنەوە)، بە شێوەی تایبەتی خۆیان کاریگەریی دادەنێن لەسەر بەستێنە مێژوویی کۆمەڵایەتیی و فکریی و فەرهەنگییەکان.

٢

بەرهەمی هونەری وەک ئەمرێکی سەربەخۆ

پێدەچێ هەوڵی تەواوی ئادۆڕنۆ وەک سەرەتاییترین کارێک بۆ گەیشتن بە ئامانجی ڕەخنەی ئەدەبیات یان دەکرێ بڵێم تیۆریی جوانیناسیی ئادۆرنۆ خەجتکردنەوەی بێت لەسەر سەربەخۆیی و ئوتۆنۆمی دەق یان بەرهەمی هونەری. ئادۆرنۆ بۆ لێکدانەوەی زیاتری ئەم بابەتە کەڵک لە چەمکی “موناد” کە چەمکێکی فەلسەفەی متافیزیکی “لایبینتس”ە وەردەگرێت، “موناد” یان جەوهەری پاژەکان لە واقیعدا دەرخەرێکی باشە بۆ سەربەخۆیی یان ئوتۆنۆمی (خودآیین) دەق. لە فەلسەفەی “لایبنیتس”دا “موناد”ەکان کۆی ئەو پاژگەلەن کە تەواوی گشتەکان دروست دەکەن و ڕێکیان دەخەن، لەهەمانکاتدا کە سەربەخۆییەکی تەواویان هەیە بە نیسبەت یەکترەوە هەڵگری هیچ جۆرە پێناسەیەکیش نین بە مەبەستی ترازان لە یەکتر و هەڵوەشاندنەوەیان. “موناد”ەکان کۆی ئەو پاژانە پێکدەهێنن کە هەرکام لەوان بە تەنیا و وەک دنیایەکی بچووک لەناو خۆیدا هەموو ئەو گشتییەتەی کە بۆ خۆیشی بەشێکیەتی شاردۆتەوە و هاوکات دەرخەر و پێناسەی هەمان گشتییەتیش دەکات، ئادۆرنۆ بە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بە ناتەواوی هەرجۆرە پێناسەیەکی گشتی لە ئەدەبیات و جەسارەت و مەترسییە شاردراوەکانی ئەم کارە دەڵێت: ئەگەر بمهەوێت بە جەسارەتەوە باس لە بەرهەم و دەقی هونەری بکەم پێویستە لە بەستێنی مێژووی فەلسەفەدا لە خوازەیەکی ناسراو واتە “موناد” کەڵک وەربگرم و بەرهەمی هونەری لەگەڵ ئەم چەمکە بەراورد بکەم. بە بۆچوونی “لایبینتس” هەر مونادێک دەرخەری تەواوی جیهانە، بەو مانایە هەر پاژێک پێناسە و دەرخەری هەموو گشتییەتێکە کە بۆ خۆیشی بەشێکە لەو گشتییەتەیە، ئەم بەو مانایە دێت پێکهاتە(ساختار)ی خودی پاژەکانیش لە ڕووی ئوبژکتیڤەوە هەمان پێکهاتەی ئەمری کوللییە، ئێستا بەدەر لە ڕوانینی ئێمە سەبارەت بە مەنتقی بوون یان متافیزیکی بوونی ئەم چەمکە، پێموایە ئەم بەراوردەی ئادۆرنۆ لەنێوان بەرهەمی هونەری و موناد وەک چەمکێکی فەلسەفەی لایبینتسی ئەگەر نەڵێم بە تەواوی تاڕادەیەکی زۆر زاتی بەرهەمی هونەری بە جوانی دەردەخات. بەمەوە پێوەندیی بەرهەمی هونەری و ئەمری کوللی هەمان پێوەندیی دیالێکتیکی “موناد” و ئەمری کوللییە، و دەق لەگەڵ ئەوەدا کە دەبێتە بەشێک لە ئەمری کوللی و جیهانی دەرەوەی دەق دەنوێنێتەوە لە هەمانکاتیشدا وەک خۆی پێکهاتێکی سەربەخۆ و ئوتۆنۆمیشی هەیە، وەک فەرهادپوور دەڵێ: باسکردنی ئادۆرنۆ لە بەرهەمی هونەری وەک “موناد” داخستن و کۆتاییهێنان بوو بە زۆرێک لەو سەرگەردانی و پێناسە تەمومژاوییانەی کە پێشتر دەربارەی هونەر و ئەدەبیات هەبوون. مونادۆلۆژی جوانیناسی ئادۆڕنۆ لە واقیعدا تەنیا وڵامێکە بەو باسە دوورودرێژەی کە هەندێ جار بە بیانووی بابەتگەلی پێوەندار بە هونەر و ئەدەبیاتەوە لە چەشنی هونەری بەڵێندار “متعهد” یان هونەری ناب و دیکەی جۆرکانی تری هونەر. ئادۆرنۆ پێی وایە بەرهەمی هونەری بە هۆی سەربەخۆیی و خەسڵەتی “موناد”ی خۆی لە بەرانبەر هەر چەشنە کەمکردنەوەیەکدا دەوەستێت.

٣

هونەری ئاڤانگارد

ئەگەر بمانەوێ ئەو هونەرەی کە سەرەتا لە ڕۆژئاوادا خۆی بەدیار خست پێناسەیەکی ئاسایی بۆ بدۆزینەوە دەبێ بڵێم بزووتنەوەگەلی ئەدەبی و هونەریی ئاڤانگارد بە گشتی هێرشێک بوو بۆ سەر پێگەی هونەری بورژوایی وەک “سسیستەم” لە کۆمەڵگەی بورژوازیدا و هاوکات دژکردەوەیەکیش بوو بە نیسبەت هونەری ئوتۆنۆمی مودێڕن کە پێوەندیی خۆی لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا پچڕاندووە، دادایستەکان کە ڕادیکاڵترین بزووتنەوەی ئەدەبی پێشرەوی ئەوروپایە، بەرلەوەی ڕەخنەی لە هەموو ڕێچکە ئەدەبییەکانی پێش خۆی هەبێ، رەخنەی ڕادیکاڵی بە نیسبەت هونەرو ڕەوەتی بەرەوپێشچوون و دیکەی ئەو ئاڵوگۆڕانە هەیە کە هونەر وەک “بنیات” و ناوەند لە کۆمەڵگەی بورژوازیدا ڕۆڵ دەبینێ، مەفهوومی هونەر وەک “بنیات” یان ناوەند ئاماژەیە بە سیستەمی(بڵاوکردنەوە و داهێنان) و هاوکات ئەو ئایدیاگەلەی کە لە سەردەمێکی دیاریکراودا بە لێشاو دەبینرێ و شێوازی بەکارهێنانی بەرهەمی هونەری دیاری دەکەن (بەو مانا بە خوێنەر و بەردەنگی بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان دەڵێن چی هونەرە و چی ناهونەرە یان چی ئەدەبیاتە و چی ئەدەبیات نییە) واتا دیاریکردنی چییەتی هونەر و ئەدەبیات و دەستنیشان کردنیان بۆ بەردەنگی هونەر و ئەدەبیات، ئەمەش وەک “پیتر بورگر” دەڵێت کاری سەرەکی سیستەم و بنیات و ناوەندە هونەری و ئەدەبییەکانە لە کۆمەڵگەی بورژوازیدا کە هونەر وەک شتومەک و بەرهەمی هونەریش وەک بەرهەمێکی بازاڕی دەخاتە بەر دەستی بەردەنگ و پێی دەڵێت ئەو شتەی ئێمە وەک هونەر و ئەدەبیات دیاری دەکەین لە واقیعدا هەر ئەوەیە و بەدەر لە سیستەم و ناوەند بەدیارکردنی هەر چەشنە بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەری بەیسێکی ناهونەری و نائەدەبییە. بەمەوە هونەری “ئاڤانگارد” لە بەرانبەر هەر یەک لەم دوو خەسڵەتەدا بە جیدی هەڵوێست دەگرێ، لە بەرانبەر ناوەندی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی هونەری و پێگەی هونەر لە کومەڵگەی بورژوازیدا کە لەڕێگای چەمکی ئوتۆنۆمییەوە خۆی پێناسە دەکات، بەمەوە هونەر و ئەدەبی پێشڕەو یەکەم هەنگاوی بەرەنگاریی خۆی لەگەڵ هونەری خودئایین دایە لە کۆمەڵگەی بورژوازیدا کە هونەر وەک “سیستەم و ناوەند” دەستنیشان دەکا.

ئادۆرنۆ پێی وایە هونەری ئاڤانگارد هونەری بەرهەڵستییە، هونەری هەڵوێست گرتن و بەرپەرچدانەوەیە، بە گشتی ناڕەزایەتییەکی ڕیشەیی هەیە و لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا قایل بە هیچ جۆرە ئاشتی و ڕێکەوتنێک نییە، بەمەوە ئادۆرنۆ پێی وایە هونەری ئاڤانگارد تەنیا فۆرمی هونەریی ڕەوای هاوچەرخی ئێمەیە

٤

 بەمەوە بە پرسیارێکەوە تێکەڵ بە باسەکە دەبم، شیعری هاوچەرخی ئێمە بە تەواوی نوێگەرییەکانییەوە، لە ڕووی فۆرم، زمان، ئامرازی مادی و تەکنیکی و موحتەوایی و کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکە هونەرییەکانیتر تا چەند توانیویەتی تێکەڵ بە بزووتنەوەی هونەری پێشڕەو(ئاڤانگارد) ببێ؟ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە دیارە پێویستمان بە هەندێک باسیترە دەربارەی هونەری پێشڕەو و پێناسە گشتییەکان و هاوکات تیۆرە ئەدەبییەکان سەبارەت بە هونەری ئاڤانگارد. بۆ ئەم باسەش ئاماژە بە دوو بۆچوون یان دوو تیۆریی دژبەیەک دەکەم کە لە (ئادۆرنۆ و لۆکاچ)ەوە جیا دەبێتەوە. لە پێشدا ئەوە بڵێم دژایەتی نێوان بەرهەمی ئورگانیک و ئاڤانگارد یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی بۆچوونی هونەریی ئاڤانگارد سەر بە لۆکاچ و ئادۆڕنۆ، بەڵام شێوازی گرنگی پێدانی هەریەک لە ئادۆرنۆ و لۆکاچ بە هونەری ئاڤانگارد لەگەڵ یەکتر جیاوازە، لوکاچ بەهەمی هونەریی ئورگانیکیان بە مانا لۆکاچیەکەی “ڕیالیست” بە پێوەری جوانیناسی هونەریی دادەنێ و لەم ڕوانگەوە بەرهەمی ئاڤانگارد وەک بەرهەمێکی نزم و ڕوو لە خوار ڕەت دەکاتەوە، لەولاتر ئادۆرنۆ بە پێچەوانەی لۆکاچ دەقی ئاڤانگارد و نائورگانیک ئەڵبەتە بە مانا مێژووییەکەی بە پێوەری جوانیناسی هونەریی دەزانێ و هەر چەشنە هەوڵێک لە ئێستادا بە مەبەستی گەیشتن بە هونەری “ڕیالیستی” بە مانا لوکاچییەکەی لە ئێستادا بە چەشنێک لە دابەزین و دواکەوتوویی جوانیناسی تاونبار دەکا، بێگومان هەر کام لە ئادۆرنۆ و لۆکاچ لە تیۆریی جوانیناسانەی “هێگڵ” دەیخوازن، ئەوەندە هەیە پێوەری گرنگی پێدانی هەر کام لەم دوو نووسەرە بە نیسبەت هونەری ئاڤانگاردەوە جیاوازە. ئادۆرنۆ بە نیسبەت هونەر و ئەدەبی ئاڤانگاردەوە بۆچوونی پۆزەتیڤی هەیە و پێی وایە هونەر و ئەدەبی ئاڤانگارد دەکرێ تەنیا پێوەری جوانیناسی هونەریی بێت لە ئێستادا. ئادۆرنۆ هونەری ئاڤانگارد بە پێشکەوتووترین قۆناخی هونەر دەزانێ، بەڵام لوکاچ هونەری ئاڤانگارد وەک هونەری داڕماو (انحطاط) دەبینێ. ئەگەرچی لوکاچ بە نیسبەت خوێندنەوەی هونەرەکانەوە زیاتر پشت بە باگراوەندێکی مێژوویی دەبەستێت تاکوو جوانیناسانە و پێی وایە هونەری ئاڤانگارد وەک هونەرێکی خاوەن هەڵوێست و بەرهەڵستکار نەیتوانیوە هونەر وەک بنیات (کە بورژوازیی  قۆرخی کردووە) تێکبشکێنێ. لوکاچ کە بە نیسبەت هونەر و ئەدەبی ئاڤانگاردەوە بۆچوونی نێگەتێڤی هەیە و پێیوایە کە هونەر و ئەدەبی ئورگانیک و دژە ئاڤانگارد دەکرێ وەک پێوەری جوانیناسی هونەریی باس بکرێ. ئادۆرنۆ بەرهەمی هونەری پێشڕەو لە باسکردن و دەربڕینی دۆخی ئێستای جیهان سەرتر لەهەر چەشنە هونەرێکیتر دەبینێ، لوکاچ (گرنگیدان بە هونەری ڕومانتیک و ستایشی لە ڕادەبەدەری هونەر و ئەدەبی کلاسیک) دەباتە ژێر پرسیارەوە و ڕەتی دەکاتەوە، بەڵام ئادۆرنۆ هەوڵدەدا ڕادیکاڵتر بۆ بابەتەکە بڕوانێ و دەرئەنجامی باسەکەی هێگڵ بە مێژوویی کردنەوەی فورمی هونەرە جیاوازەکان تەواو بکات، بۆیە دەتوانم بڵێم ئادۆرنۆ یەکەم کەس بوو کە پێگە و گرنگی هونەری ئاڤانگاردی بۆ ئێمە بەدیار خست. ئادۆرنۆ پێی وایە هونەری ئاڤانگارد هونەری بەرهەڵستییە، هونەری هەڵوێست گرتن و بەرپەرچدانەوەیە، بە گشتی ناڕەزایەتییەکی ڕیشەیی هەیە و لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا قایل بە هیچ جۆرە ئاشتی و ڕێکەوتنێک نییە، بەمەوە ئادۆرنۆ پێی وایە هونەری ئاڤانگارد تەنیا فۆرمی هونەریی ڕەوای هاوچەرخی ئێمەیە، هەرچەند “لوکاچ” یش قائیل بە فۆرمی بەرهەڵستکاری هونەری ئاڤانگاردە وەک تایبەتمەندییەک، بەڵام بۆ خۆی رەتی دەکاتەوە، لەبەرئەوەی کە لوکاچ پێی وایە هەڵوێست و دژکردەوەی هونەری ئاڤانگارد هەڵوێستێکی ڕووکەشیانەیە وهیچ چەشنە نوێنگەیەکی مێژوویی نییە، بەهەرحاڵ بەو پێناسەوە کە لە هونەری ئاڤانگارد (هونەری ئاڤانگاردی مێژوویی) هەیە، (هێرشکردنە سەر هونەر وەک بنیات و داهێنانی دەقی هونەری نائورگانیک) بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی زیاتری هونەر وەک بنیات، دەبێ بڵێم بزووتنەوەی ئاڤانگارد بە گشتی و هونەری ئاڤانگارد بە تایبەتی وەک بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانە، هونەر وەک بنیات دەباتە ژێر پرسیارەوە، لێرەدایە کە هونەر و ئەدەبی ئاڤانگارد بەدەر لەو تەکنیک و پارامێترانەی کە لەڕێگای زمانەوە دەیهێنێتە نێو دەق، پێش هەموو شتێک ڕادیکاڵانە لە خودی “هونەر وەک بنیات” ڕەخنە دەگرێ و هێرشی دەکاتەسەر. وەک نموونە دادایستەکان زیاتر لەوەی کە ڕەخنە لە ڕێباز و ڕەوتە هونەرییەکانی پێش خۆیان بگرن، ڕەخنەیان لە هونەر و ڕەوتی بەرەو پێشچوونی هونەرە وەک “بنیات” لە کۆمەڵگەی بورژوازییدا، هونەر وەک بنیات ئاماژەیە بە دەزگای بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی هونەر و هاوکات پلانی دیاریکردنی بەرهەمی هونەری، هونەری ئاڤانگارد لە واقیعدا لە بەرانبەر بەم دوو چەمکە (هونەر وەک بنیات) و (پلانی دیارکردنی وەرگرتنی بەرهەمی هونەری) ئەوەی کە پێت دەڵێ ئەو چەشنە هونەرەی کە من دیاری دەکەم تۆ دەبێ ئەوە ببینی و بیخوێنیتەوە، هەڵوێست دەگرێ و ڕادیکاڵانە ڕەخنەی لێ دەگرێ.

٥

“پاش داکارییەکان و بیچمگرتنی وەزعیەتی دووەم”

بەدوای گۆڕانکارییەکانی نیوەی دووەم و کۆتایی دەیەی حەفتاکانی هەتاوی لە ڕووی سیاسیی و فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییەوە کە بە تێکڕا کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، دەرەتانێک درووست بوو کە هەندێ شاعیر و نووسەر لە ژێر کاریگەریی ئەو بەستێنانەدا بە نیسبەت هونەر و ئەدەبیاتەوە هەست بە گۆڕانێک بکەن، بە مانا “بەدیۆ”یەکەی بەستێنێکی گونجاو بۆ (ایجاد امکانیت) یان هەمان وەزعیەتی دووەم کە “بەدیۆ” وەک ڕووداو (رخداد)ی سیاسی باسی دەکات، هاتە ئاراوە، لەم نێوانەدا ئێمە لەگەڵ دوو جۆر دەقی ئەدەبیدا بەرەو ڕوو دەبینەوە، تاقمێک لەو نووسەرانەی کە پێشتر لە ژێر کاریگەریی ئەدەبیات و شیعری باشوور و شیعری وەرگێڕاندا دەیاننووسی و ئاسۆی ڕوانینیان زیاتر گەیشتن بوو بە نووسەران و شاعیرانی دەرکەوتووی ئەو ئەدەبانە، دوابەدوای ئەو گۆڕانکاریانە و هەستکردن بە زەروورەتی تازەکردنەوەی شیعر و ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات و هەوڵدان بۆ پێناسەدارکردنیان بە شێوەی سەربەخۆ و دەبازبوون لە ژێر سێبەری ئەدەبی باشوور و ئەدەبی فارسیدا، لە نیوەی دووەمی حەفتاکان (هەتاوی) لە بەیاننامەیەکی ٨ بڕگەییدا و بە واژۆی هەندێ لە نووسەران و شاعیرانی ئەو کات مانیفێستێکی ئەدەبی و هونەریی لە ژێر ناو “داکار” ڕاگەیەندرا. پرۆژەی داکار لە سەرەتادا و بە پێی بەیاننامەکەی پرۆژەیەکی جیاوازی هونەری و ئەدەبی بوو، هاوکات هەڵگری مانیفێستێکی جیاوازیش بوو بە نیسبەت ئەدەبی پێش خۆی، بەڵام داکار بە هۆی قەتیس بوونی لە بازنەی ئەو ڕۆمانتیسیزمەی کە لە پاش سوارەوە تا سەر خۆیان بەردەوام بوو، کە دەکرێ وەکوو یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش ناوی ببەین، بە بن بست گەیشت. تاڕادەیەک لەو وەزعیەتی دووەمە کە وەک (ایجاد امکانیت) بە نیسبەت فەزای هونەری و کولتوورییەوە ساز ببوو، نەیتوانی یان ئیمکانی ئەوەی نەبوو بەستەرێکی گونجاو بۆ چەسپاندنی وەزعیەتی دووەم و تێپەڕاندنی وەزعیەتی یەکەم بڕەخسێنێ و قەیرانێکی جیدی بۆ درووستکردنی ڕووداوێکی تازەی ئەدەبی بێنێتە ئاراوە، هەر چەند دواتر هەندێک لە شاعیرانی داکار وەک “حەمە ساڵە سووزەنی” کە ئەزموونێکی بە نیسبەت تازەتر بوو لە شیعرەساتدا، یونس رەزایی بە هەندێ دەقی تازەوە کە دواتر وەک شیعری “شێت” ناوی لێ برا و ئیبراهیم ئەحمەدی و بێهزاد کوردستانی بە چەند دەقێکی تازەوە کە لە سیروانی ئەوکاتدا بڵاوکرایەوە و هەندێ لە شاعیرانی تریش لە دەرەوەی بازنەی داکار وەکوو ڕەووف مەحموودپوور بە هەندێ تازەگەرییەوە لە شیعری هەورامیدا، ئەنوەر هوژەبری و مێهران ئەحمەدی و هەندێکی تر تێکەڵ بەو فەزا تازە بوون. بەمەوە ئەو بەستەرە گونجاوە بۆ پێکهاتنی وەزعیەتی دووەم وەک (رخداد) تاڕادەیەک بیچمی گرتبوو.

خاڵێکی گرنگ و بەدیار کە بەرەی “چوار”ی شیعری ڕۆژهەڵات وەک جەریانێکی بێ مانیفێست لە ڕەوتە شیعرییەکانی پێش خۆی لە پاش سوارەییەکانەوە تا ساتەوەختی دەرکەوتنی ئەو گۆڕانە بنەڕەتییەی کە بە ناوگەلی جۆراوجۆرەوە وەک (جیاواز، ئاڤانگارد، شیعری زمان و ناشوێن و شیعری شار و دواتر بەرەی چوار) ناوی لێ نرا و هەندێ دەقی شیعریی جیاوازی لێکەوتەوە

٦

دەقێکی جیاوازتر

 لە لایەکیترەوە و لە دەرەوەی داکارییەکان و لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان بەرەیەکی گەنجی تازەپێگەیشتوو دێتە نێو پانتای ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتەوە کە ڕوانین و پێناسەیەکی جیاوازتری هەیە بۆ شیعر. ئەم شیعرە هەڵگری هەندێ تایبەتمەندی و پارامێتری ئاڤانگاردیسمی هونەرییە بۆ ناو پانتایی شیعری هاوچەرخی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا. دیارە هەر چەشنە ڕەوت و جەریانێکی ئەدەبی جیاواز بە مەبەستی پێناسەی خۆی وەک ڕەوتێکی ئەدەبی پێویستی بە کۆمەڵێک ئێلێمانت و پارامێتری تایبەت بە خۆی هەیە (هاوکات ڕەنگە هەندێ پارامێتر و ئێلێمانتی هاوبەشی لەگەڵ ڕەوت و شیعری پێش خۆیشی هەبێت)، کە وەک پاکێجێک  لە دەقدا بە نواندنیان بخات. بەدەر لەمە هەر جەریان و ڕەوتێک بە هەر عینوان و ناوێکەوە هەڵگری تایبەتمەندیی و پارمێتری تایبەت بە خۆی نەبێ، ناکرێ وەک ڕەوت ناوی لێ ببرێت، دیارە ئێمە هیچ ڕەوت و جەریانێکی ئەدەبی نابینین کە هەڵگری هەندێ تایبەتمەندیی و پارامێتری تایبەت بە خۆی نەبێ ئەگەرچی ئاساییە هەندێ خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ئەدەبی پێش خۆی و ڕەوتی پێش خۆیشی هەبێت، بەڵام دەرئەنجام ئەوە تایبەتمەندیی و پارامێترەکانن و هاوکات ئەو ڕوانین و زەینیەت و پێناسە جیاوازەیە بە نیسبەت شیعرەوە کە خەسڵەتێکی جیاواز و سەربەخۆ دەبەخشێت بە ڕەوتێکی ئەدەبی، وەک نموونە کاتێک باس لە بەرەی چواری شیعری کوردی وەک دەقێکی جیاواز یان وەک ڕەوتێکی نوێ کە هەڵگری هەندێ تایبەتمەندیی و پارامێتری هونەری دێتە ئاراوە، باس لە هەندێ ئایتم و ئێلێمانت، پارامێتر و تایبەتمەندیی و دواجار هەندێ پێشنیار دێتە ئاراوە کە ئەم ڕەوتە شیعرییە ئاراستەی شیعری کوردی کردووە.

شیعری بەرەی چوار لەگەڵ خۆیدا هەندێ پێشنیاری تازە و ئیمکاناتی زمانی و فۆرمیکی ئاراستەی شیعر کردووە تاڕادەیەکی زۆر کاریگەریی هەبووە لەسەر نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو

پێموایە خاڵێکی گرنگ و بەدیار کە بەرەی “چوار”ی شیعری ڕۆژهەڵات وەک جەریانێکی بێ مانیفێست لە ڕەوتە شیعرییەکانی پێش خۆی لە پاش سوارەییەکانەوە تا ساتەوەختی دەرکەوتنی ئەو گۆڕانە بنەڕەتییەی کە بە ناوگەلی جۆراوجۆرەوە وەک (جیاواز، ئاڤانگارد، شیعری زمان و ناشوێن و شیعری شار و دواتر بەرەی چوار) ناوی لێ نرا و هەندێ دەقی شیعریی جیاوازی لێکەوتەوە، جگە لەو پارمێترە جیاوازانەی کە وەک پاکێجێ لە زۆربەی دەقە شیعرەکانی ئەم ڕەوتە شیعرییەدا بەدیار دەکەوێ، وەکوو (فرەیی فۆرمی و زمانی، داڕشتنی تەسویری ئایزنشتاینی، کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی ژانرە هونەرییەکانیتر بە تایبەت سینەما و فۆتۆگرافی ساختی فەزای پچڕ پچڕ و کەتکراو، ساختی نیو فەزا، ڕەهاکردنی زمان لە هەر چەشنە تێڕوانینێکی ئامرازیانە، شکستی ڕەوایەت، ئافراندنی پرسۆنا و دژە پرسۆنای شیعری، داگرتنی تۆپوسی شیعر لە گوند و شاخەوە بۆ ناو شار و  بەرجەستەکردنەوەی شار بە هەموو جومگە و ترافیکەکانییەوە)، جگە لە کۆی ئەم پاکێجە کە دەکرێ هەندێکیان وەک پارامێتر و تایبەتمەندیی شیعری ڕەوتی چوار باس بکرێ. وەک ئاماژەم پێدا خاڵی جیاواز و بەرچاوی ئەم شیعرە کە دەکرێ بە خاڵی جیاکەرەوش ناوی ببەین. ئەو پێناسە تایبەت و جیاوازە کە بە نیسبەت شیعرەوە هەیەتی و لە ساتەوەختی دەرکەوتنییەوە بە خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی ئەدەبی پێش خۆی و دواتردەسهەڵگرتن و لادان لە فۆرم و زمانی شیعری پێش خۆی وەکوو هەر مەسەلەیەکی نوێخوازانە (کە بە دوو چەمکی “نەفی و تەئیید” کار دەکات، خۆی بەدیار خستووە، وەک ئاماژەم پێدا لە سەرهەڵدان و دەرکەوتنی هەر جەریان و ڕەوتێکی ئەدەبی و هونەرییدا کۆمەڵێک هۆکاری دەرەکی و ناوەکی دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان هەیە، بە نیسبەت “نەسڵی چوار”ەمی شیعری هاوچەرخی کوردیش بە هەمان شێوە کۆمەڵێک هۆکاری ناوەکی و دەرەکی لە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە شیعرییەدا دەخاڵەتیان هەبووە و هۆکارە دەرەکییەکان لە سەرەتاوە ئاماژەم پێدا و ناچمەوە سەریان، بەڵام وەک خۆم پێموایە یەکێک لە هۆکارە سەرەکی و گرنگەکان پەیوەست بە هۆکاری ناوکییەوە ئەو “زەینییەت و ڕوانین و پێناسە” جیاواز و تایبەتەیە کە بۆ شیعر هەیەتی، تاڕادەیەکی زۆریش تەکلیفی شیعری ڕۆژهەڵات لە شیعری باشوور کە زیاتر لە دوو دەیە باڵی کێشابوو بە سەر ئەدەبی ڕۆژهەڵاتدا رۆشن کردوەتەوە. پێش دەرکەوتنی ئەم شیعرە، لە ڕۆژهەڵاتدا شیعرێک لە ئارادا بوو لە جەلال مەلەکشاوە تا سەر کۆچکردوو مارف ئاغایی و دواتریش تا سەر داکارییەکان لەنێوان ئەدەبی فارسی و شیعری باشووردا لە هاتووچۆدا بوو، ئەگەرچی جوانەمەرگ مارف ئاغایی تاڕادەیەک هەوڵیدا بۆ لادان و دەربازبوون لەو فەزایە، بەڵام مەرگ مەودای پێنەدا، وەک پێشتر باسم کرد، ئەدەبی باشوور و بە تایبەت شیعری شێرکۆیی و شیعری فارسی سێبەریان خستبووە سەر شیعری ڕۆژهەڵات و ئاسۆی ڕوانینی هەندێ لە نووسەری دەقەکان بە شێوەیەکی ڕومانتیک گەیشتن بوو بە شاعیرانی دەرکەوتووی ئەدەبی فارسی و شیعری باشوور، ئەمەش جۆرێک لە پاشکۆیەتی شیعری ڕۆژهەڵاتی بە نیسبەت شیعری باشوورەوە درووست کردبوو، ئەمە لەلایەکەوە، لەلایەکیترەوە ئەم شیعرە بە پێچەوانەی ئەوەی کە دەڵێن نەک بە هۆی (تیۆریی بردەیی)ییەوە، بەڵکوو بە زۆری لەڕێگای خوێندنەوەی تیۆرە ئەدەبییەکان و ئەدەبی نوێی جیهانی دروست بووە، ئەم شیعرە لەگەڵ ئەوەی کە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی هەبووە بە نیسبەت ئەدەبی فارسی و شیعری باشوور، لەهەمانکاتدا لە هەوڵی دەستبەرکردنی ناسنامەیەکی تایبەتیشدا بووە بۆ شیعری کوردی لە ڕۆژهەڵات. ئەم شیعرە دواتر و لەڕێگای دەقەکانییەوە بە هۆی دەرخستن و کەشفی زەرفیەت و ئیمکانە زمانییەکان و هەندێ پێشنیاری تازە وەک ڕەوتێکی (بێ مانیفێست و شیعرێکی تاڕادەیەک ئاڤانگارد) خۆی بەدیارخست. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ڕەوتی چوار وەک ڕەوتێکی شاری و تاڕادەیەک ئاڤانگاردیش بۆ ئەوەی سەییال بێ و بەردەوام لە حاڵەتی سەیروورت و خۆ تازەکردنەوەدا بێ، پێویستە لە بوون بە کەلان ڕەوایەت خۆی بپارێزێ و لەهەمانکاتدا هەوڵی زیاتر بدات بۆ نەگەیشتن بە خاڵە هاوبەشەکان و  بەرجەستەکردنەوەی خاڵە جیاوازەکانی لە دەقدا. وەک خۆم پێموایە ئەم شیعرە تا ئێستاش یەکێک لە چالاکترین و بە دەقترین ڕەوتە شیعرییەکانی ئەدەبی هاوچەرخی ئێمەیە، پێویستە لەوەش تێبگەین ڕەوتی چوار بە مەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی شیعری دەبێ سەییال بێ و سەییال بمێنێتەوە و بەردەوام لە حاڵەتی سەیروورەت “شدگی”دا بێت، بۆ ئەم مەبەستەش هاوکات دەبێ لەنێوان کەشف و داهێناندا لە باڵانسدا بێ و بە دوو چەمکی “نەفی و تەیید” کار بکات، لەو شوێندا کە خەریکە ڕەخنە لە بابەتێکی خۆی دەگرێ و دژ بە خۆی ئەوەستێتەوە، گەرای ئەمرێکی نوێترخوازانە دابنێ و پێشنیاری تازەتری بۆ شیعر هەبێت.

 شیعری بەرەی چوار لەگەڵ خۆیدا هەندێ پێشنیاری تازە و ئیمکاناتی زمانی و فۆرمیکی ئاراستەی شیعر کردووە تاڕادەیەکی زۆر کاریگەریی هەبووە لەسەر نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو، ئەوانەش کە هەر ئێستا لە پێشنیار و ئیمکاناتی زمانی و فۆرمی و پارامێترەکانی ئەم شیعرە دەخوازن و بگرە ڕەتیشی دەکەنەوە.

ئەو سەرچاونەی بۆ ئەم وتارە بە کارهێنراوە.

١-آنارشیسم/ سیاست شاعرانە، هربرت ریدات. ترجمە؛ حسن چاوشیان. تهران، نشر اختران، چاپ اول  ١٣٨٥

٢-فصلنامە ارغنون، شمارە ١٤ “دربارەی شعر”  تهران ١٣٨٦

٣-نظریەی هنر آوانگارد، پیتر بورگر. تهران ، چاپ دوم ١٣٩٤

٤-رخداد، سوژە و حقیقت در اندیشە سیاسی آلن بدیو،  پوریا پرندوش. با مقدمە محمد رضا تاجیک . تهران انتشارات تیسا، چاپ یکم. ١٣٩٧

٥-گۆڤاری کولتووری هونەریی هیچ ژمارە ٦ فایلی “شیعری نوێ لە کوردستانی رۆژهەڵات” ٦-گۆڤاری زرێبار فایلی ( شیعری هاوچەرخی  کوردستانی ئێران) ژمارە ٦٧ و ٦٨ وتووێژ لەگەڵ ڕەزا عەلی پوور. سازدانی : حەمەی کەریمی