سروودی تارماییەکان

سیسرکەکانی شەو بەدیار چرایەک دادەنیشن و میزی پاش خواردنەوە دەخەنە بوتڵی بەتاڵ.

زیکەزیکیان لە شەودا زەمینلەرزەيه بۆ ئەو وڵاتانەی جانتا بەکۆڵان لە ڕەحمییەوە هاتوونەتە دەر: “مەرگستان“.

بە چەک، لاسایی گیتارژەنان دەکەنەوە (دەنگ دەرناچێ. چەک ئامێری موزیکە، ئاوازی تێدا نێژراوە). گۆرانیی قەرەجیی فڕ دەکەن

بە پۆستاڵ مرۆڤ دەپلیشێننەوە. تەقە لە خەونەکان دەکەن.

خوێنی وشکەوەبووی پۆلێ ناولەپی بێ پێست، ڕووناک دەبێتەوە بە فڕینی گوڵەئەستێرە بەسەر تەلبەندەکانی سنوور.

گەنجانی خەونبین

کاتێک دادەنیشن، گوڵەوردیلەی کەنار ڕووبار دەخەنە زەرفی نامەکانیان، کەچی نازانن ڕادەستی بای کام ئاراستەی بکەن تا ڕەوانەی بکا

خەیاڵیان ئەو شڕە ئۆتۆمبێلەیە، گۆی زەوی بە تایە قوڕاوییەکانییەوە دەبەستێتەوە

لەم دارستانە، پیاسەی ئێوارانی پەمەیی لەگەڵ یار چەند جوانە… بووم! بۆمبی بێھوودەیی بە خەیاڵیاندا دەتەقێتەوە؛ پەمەییش بەرگی شێرپەنجەیی دەپۆشێ

بە بینایی نابیناوە چووکیان لە مابەینی درەخت گیر دەکەن؛ تەکان و تەکان… وەختێک دەبینن وا تۆواو، چما جۆگەلەیەکی دێرین ڕێ دەکا

لە ترسا ڕیقنەی باڵندە لە دەموچاویان ھەڵدەسوون، وادەزانن دەبنە تارمایی

کە دەیانەوێ سەرخەوێک بشکێنن، سەرینی ڕەق لەبن سەریان لەنگەر دەگرێ و بە بۆگەنی پەیڤی شاعیرانە بەخەبەر دێنەوە

شەپقەکانیان بە لقەکاندا هەڵدەواسن، تا ئەگەر ملیان لە ڕێی هەڵە نا، فریشتەی ڕێنیشاندەریان بۆ دابەزێ. بەڵام ئەوان کە جەستەی خۆیان ون کردووە، فریشتە چۆن بیانبینێ و شەپقەی شاهانەیی مسیۆ فڕەنسییەکانیان بنێتە سەر؟

کۆڵەپشتەکانیشان پەڕۆی پیسی چادری ئەو یەختەی تێدا، کە هەرکات برسی بوایە، چەند سەرنشینێکی هەڵدەلووشی

گیرفانیان سەرشار لە ئەسپێی بان پێخەفی ڕزیوی زیندان

نیگایان جێماوە لە وێنەی گۆڤارەکانی پۆڕنۆ، کە تێکەڵ ببوون لەگەڵ وێنەی دایکانی چارشێو لە قەد دیواری زیندان

مووی لووتیان تووتنی حەشیش دایپۆشیوە هیی زیندان

خدری زندە دەستی بە دەستیانەوە دەبێ کاتێک لۆریی بەخێرایی ٢٠٠ دەڕوا و ئەمان لەژێرین؟

پیرەکان، کە ئازار جومگەکانیان دەکڕێنێ و ناتوانن لە پلەی سفر سیلیزیی ڕێ بکەن

ھەرزەکاران کە لەبەرچاوی خودا پانتۆڵ دادەکەنن و شەیتان لە شێوەی مار ڕۆدەچێتە قووڵایی چاڵەکانیان، دوایی دەڵێن: ھۆمۆسێکواڵین!

ژنان کە مەمکیان ھەرجارە و میوەی خۆشە لە زاری پیاوێک

منداڵان، کە وادەزانن دنیا فیلمی ئەنیمەیشنە و قرشەکان بۆ یاریی ددانەکانیان دەردەخەن

کەللەسەریان لە کام نیشتمان بچێنن؟

حیکایەتی دەریا بۆ درەخت بگێڕنەوە، سیس دەبێ.

حیکایەتی چەرمەسەریی بۆ پوول بگێڕنەوە، پێدەکەنێ.

لە ئێوارەیەکی لەرزیو، بە کامێرای یەکێکیان، وێنەیەکی بەکۆمەڵ دەگرن بۆ یادگاری.

بەیانی دواتر، خۆر شیشی داغ دەچەقێنێتە چاوی سیسرکەکان، ئەمانیش ڕووەو “ژیانستان” غار دەدەن.

ساڵانێکی زۆر ڕادەبوورێ، چەندەها نامە بۆ دۆست و کەسوکاریان دەنێردرێ و چەندان وێنەی پرشنگدار دەچرکێنرێ و چەندین کچیش لەبری درەخت، چووکیان لە باڕە هەرزانەکاندا بۆ دەمژن…

ئێستا هەرکامیان تەماشای ئەو وێنە تۆز لێ نیشتووە دەکەن، شتێکی نامۆ دەبینن!

هەریەکەیان بوونەتە دوو بوونەوەر؛ کۆپییەکان لەپشتیانەوە ڕاوەستاون و ڕەنگێکی کاڵتر دەنوێنن، کەچی سیمایان گەشاوەتر.

درکیان بەوە کردووە: ئەوەی ئێستا هەیە جەستەی بەتاڵە، چونکە ڕۆحیان لەنێو باران و گەردەلوولی تاریکیی و وێنەکە فەوتا…

photo_٢٠٢٠-٠٩-٢٨_٠٠-٢٧-١٧

سەرنجێک بنوسن