شارلی ئیبدۆ.. دنه‌ده‌ره‌كه‌

کاریکاتێر یان گەمەی سیاسی؟

ڕۆژنامه‌یه‌كی جیاواز له‌دایك بوو

هه‌فته‌نامه‌ی شارلی ئیبدۆ، ساڵی ١٩٧٠ له‌لایه‌ن فڕۆنسوا كاڤانا و پرۆفیسۆر “شارۆن’ه‌وه‌ دامه‌زرێنراوه.‌

شارلی ئیبدۆ ڕۆژنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ی ساتیریكه هه‌موو ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ به‌ تیراژی ٦٠ هه‌زار دانه‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا و وڵاتانی دی، به‌تایبه‌ت وڵاتە فرانكۆفۆنه‌كان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌. ڕۆژنامه‌كه‌ زیاتر به‌ كاریكاتێره‌ ڕه‌خنه‌ ئامێزه‌ سیاسی و ئایینییه‌كانی به‌ناوبانگه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان ده‌مدا ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گری جدییه‌ و هه‌فتانه‌ چه‌ندین بابه‌ت و ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامه‌وانی بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

شارلی ئیبدۆ و كاریكاتێره‌كانی محه‌مه‌د، پێغه‌مبه‌ری ئیسلام

کاریکارتێری پێغەمبەری ئیسلام شارلی ئیبدۆ ٢٠٠٦؛ کاریکاتێرست کابوو

دوای ئه‌وه‌ی ساڵی ٢٠٠٦ رۆژنامەی Jyllands-Posten دانیماركی چه‌ند كاریكاتێرێكی مه‌حه‌مه‌دی بڵاو كرده‌وه‌، كاردانه‌وه‌ی توندی له‌لایه‌ن توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان و موسڵمانان لێكه‌وته‌وه‌ و ڕۆژنامه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێكرا و بانگه‌شه‌ی بایكۆتی كاڵای دانیماركی كرا، ڕۆژنامه‌ی شارلی ئیبدۆ بڕیاری دا هه‌موو كاریكاتێره‌كانی ڕۆژنامه‌ دانیماركییه‌كه‌ بڵاو بكاته‌وه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می هه‌مان ژماره‌دا كاریكاتێرێكی كاریكاتێریستی ڕۆژنامه‌كه‌ كابوو بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ كاریكاتێرێكی پێغه‌به‌ری ئیسلامه كه‌ ده‌ستی به‌ چاویه‌وه‌ گرتووه‌‌ و له‌سه‌ری نووسراوه‌ (مه‌حه‌مه‌د له‌ توندڕه‌وه‌كان بێزار بووه‌) له‌لایه‌كی كاریكاتێره‌كه‌ وه‌كو وته‌ی مه‌حه‌مه‌د نووسراوه‌ (ناخۆشه‌ گه‌مژه‌كان خۆشیان بوێی).

ڕۆژنامه‌كه‌ هه‌موو هه‌فتان كاریكاتێر و نووسینی ڕه‌خنه‌یی و ساتیر له‌سه‌ر سیاسییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا و دنیا و ئاینه‌كان و بارودۆخ و ڕووداوه‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه‌. له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردووشدا چه‌ندین جار كاریكاتێری پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیان بڵاو كردۆته‌وه‌. به‌و هۆیه‌وه‌ ڕۆژی ٧ی كانوونی دووه‌می ساڵی ٢٠١٥ ڕۆژنامه‌ كه‌وته‌ به‌ر هێرشێكی چه‌كداریی دوو برا به‌ ناوی شه‌ریف و سه‌عید كواشی و ١٢ كه‌س كوژران كه‌ له‌ ناویاندا سه‌رنووسه‌ر و به‌ڕّه‌به‌ری ڕۆژنامه‌كه‌ و چوار كاریكاتێریستی سه‌ره‌كی ڕۆژنامه‌كه‌ هه‌بوون. دوای چه‌ند كاتژمێرێك دوو هێرشبه‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی فه‌ڕه‌نسیه‌وه‌ كوژران. ئه‌وكات فڕۆنسوا ئۆلاندی سه‌رۆكی ئه‌كاتی فه‌ڕه‌نسا هێرشه‌كه‌ی به‌ تیرۆریستی ناوبرد.

مافی کفرکردن لە فەڕەنسا

دوای شۆڕشی فەڕەنسی، ساڵی ١٧٨٩ جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی نووسرایەوە. بە گوێرەی بەندی دەیەمی جاڕنامەکە هیچ کەسێک لەسەر بیروڕا و دەربڕینی بۆچوونەکانی لەسەر هەر شتێک، تەنانەت لەسەر ئاینیش سزا نادرێت.

لە لێدوانێکدا دەربارەی کاریکاتێرەکانی شارلی ئیبدۆ لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا ڕەتی کردەوە هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت یان ئیدانەی ڕۆژنامەکە بکات، بەڵکو داکۆکیشی لێ کردن و گوتی “لە فەڕەنسادا کفرکردن مافە”.

بۆچی شارلی ئیدۆ کەوتەوە ڕۆژەڤ

بەهۆی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دادگایی کردنی ئەو ١٤ تۆمەتبارەی کە بەشداربوون لە هێرشە تیرۆریستییەکەی ساڵی ٢٠١٥، ڕۆژنامەکە بڕیاری دا جارێکی دیکە کاریکاتێرەکانی پێغەمبەری ئیسلام بڵاو بکاتەوە. سەرەتا ناڕەزاییەکان زۆر نەبوون، بەڵام دواتر بابەتەکە لەلایەن تورکیا و ڕەوتی ئیسلامیی ئیخوان موسلیمەنەوە دژ بە فەڕەنسا قۆستراسەوە تا گەیشتە ئەوەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خودی ئەردۆگان بانگەوازی بایکۆتکردنی کاڵای فەڕەنسی کرد.

کاریکاتێر یان گەمەی سیاسی؟

بۆچی تورکیا ئێستە بابەتی کاریکاتێرەکانی شارلی ئێبدۆ دەقۆزێتەوە لەکاتێکدا بەشی زۆریان هی دە تا پازدە ساڵ پێش ئێستەن؟

ماوەیەکە تورکیا تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە لەگەڵ ئەوروپا بەگشتی و بەتایبەتیش فەڕەنسا.

گرژبوونی پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و تورکیا لە لیبیا و پاشان سوریا دەستی پێ کرد، دواتر لەسەر بەزاندنی سنوورە ئاوییەکانی یۆنان لەلایەن تورکیاوە بە مەستی دەرهێنانی گاز لەناو دەریای ناوەڕاست. دوایین دۆسیەش پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەی زیاتر گرژ کرد، شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجانە لەسەر هەرێمی قەرەباخ.

تورکیا دەیەوێ بایکۆت وەکو کارتێکی فشار دژ بە فەڕەنسا بەکاربهێنێ تا فەڕەنسا پاشەکشێ بکات لە داکۆکی لە یۆنان و لە کورد و لە حکومەتەکەی حەفتەر لە لیبیا، هەروەها لە ئەرمینیا.

لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ڕۆژنامەکە ماوە ماوە کاریکاتێر و بابەتی ڕەخنەیی لەسەر ئایینەکان و کەسایتییە ئاینییەکان، لەناویشیاندا پێغەمبەری ئیسلام بڵاوکردۆتەوە، بەڵام تورکیان قەت ناڕەزایی دەزنەبڕیوە، ڕەنگە لەبەر ئەوە بوو بێت کە هێشتا ئۆمێدی هەبوو ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ئەو کێشانەی دیکەشی لەگەڵ فەڕەنسا بۆ دروست نەببوو. پێدەچێ بەهۆی بەرهەڵستی توندی فەڕەنسا لە هەمبەر ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، تورکیا توشی بێئومێدی بووبێ لە فەڕەنسا، بۆیەشە سڵ ناکاتەوە لە هێرشکردنە سەر فەڕەنسا لە میدیاکان و تەنانە لێدوانەکانی ئەردۆگانیش. لە دوا لێدوانیدا ئەردۆگان، ماکڕۆن ناتەواوی عەقڵیی ناو دەهێنێ!

شارلی، ڕۆژنامه‌ دنه‌ده‌ره‌كه‌

blank


کاریکاتێرەکەی ٢٨ی ئەکتۆبەری ٢٠٢٠ی شارلی ئیبدۆ لەسەر ئەردۆگان،

زۆر جار شارلی ئیبدۆ به‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی دنه‌ده‌ر و بێشه‌رم ناو ده‌برێت. هیچ سنوورێكی نییه‌ له‌ بابه‌ته‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی و كاریكاتێره‌كانیدا. تا هه‌نووكه‌ زیاتر له‌ ٥٠ جار له‌ دادگاكانی فه‌ڕه‌نسا به‌ تۆمه‌تی سووكایه‌تی داوای یاسایی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌كه‌ تۆمار كراوه‌.

دوایین كاریكاتێری شارلی ئیبدۆ كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كاریكاتێرێكی ئه‌ردۆگان، سه‌رۆكی توركیایه‌ كه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی توركیا و سه‌رۆكه‌كه‌ی لێكه‌وته‌وه‌. له‌ لێدوانێكیدا ئه‌مرۆ ئه‌ردۆگان ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ قێزه‌ونن و ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاریكاتێرانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و و پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌سانی بێڕه‌وشتن.

لە کاریکاتێرەکەدا نووسراوە: “ئەردۆگان لە حەرەمسەراکەید زۆر گاڵتەچییە”.

لەخوارەوەش وەک وتەی ئەردۆگان نووسراوە : ئۆۆۆ پێغەمبەرەکە.

سەرنووسەرە کوردە تیرۆرکراوەکەی شارلی

blank
وتارەکەی ‘شارب’ی سەرنووسەری تیرۆرکراوی شارلی ئێبدۆ لەسەر کورد

لە هێرشە تیرۆریستیەکەی ٢٠١٥دا، یەکێک لەوانەی کوژرا شارب بوو. شارب سەرنووسەری ئەوکاتی ڕۆژنامەکە بوو. دوای ئەوەی داعش بەشێکی زۆری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی داگیر کرد و لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی گەل لە ڕۆژئاوا تووشی شەڕێکی سەخت بوو، لەکاتی شەڕی کۆبانێ، شارب لە نووسینێکدا لە ڕۆژنامەکەیدا بە ناونیشانی “کوردەکان بەرگری لە هەموومان دەکەن” دەنووسێت:

من کورد نیم. تەنانەت وشەیەکی کوردیش نازانم. ناوی یەک نووسەری کورد نازانم. کولتووری کوردی بەتەواوی بۆ من نامۆیە. ئا، بیرمکەوتەوە، جارێک خواردنێکی کوردیم خواردووە. بەڵام ئەمڕۆ من کوردم. بە کوردی بیر دەکەمەوە. بە کوردی دەئاخڤم. بە کوردی گۆرانی دەڵێم. بە کوردی دەگریم. کوردەکان لە سوریادا کە گەمارۆ دراون، تەنیا کورد نین، بەڵکو لەباتی تەواوی مرۆڤایەتی شەڕی تاریکی دەکەن… بەرگری لە هەموومان دەکەن. ئەوان دژی دەوڵەتی تیرۆریستی داعشن… دژ بە تاریکی و مەرگ ئەمڕۆ گەلی کورد هەیە.