مامۆستا مەزنەکە

ڕەهەندی فۆتۆکانی 'فان هۆ'

‎”ڕقم لە دووبارەبوونەوەی خۆمە، ھەمیشە ڕێگای نوێ دەدۆزمەوە بۆ بینینی نوێ”

    ‌                                                               فان هۆ

دەگمەنن ئەو فۆتۆگرافەرانەی کە لە کارکردنیاندا ستایلێکی تایبەت بە خۆیان هەیە،  ستایلەکەشیان دەبێتە شوناسیان. ئەمە لەوانەیە بۆ فۆتۆگرافەرانی فۆتۆ ستریت قورس بێت، بەڵام کەمیش نین ئەو فۆتۆگرافەرانەی هەر لەگەڵ بینینی فۆتۆکانیان دەزانین فۆتۆی چ  فۆتۆگرافەرێکن. (فان هۆ) لەناو هەموو فۆتۆگرافەرەکان وردتر دەیناسینەوە، بە حوکمی ئەو ستایلە ئەندازەسازییەی لە فۆتۆکانی هەن. فۆتوکانی فان هۆ، چرکەی دراماتیکی و ئەندازەسازییان هەیە. پەیوەندی و هارمۆنیی لەنێوان ڕووناکی و تاریکی ڕێک دەخەن. بەشێکی زۆر لەو کارانەی پێی ناسرا فۆتۆکانی شاری “هونگ کونگ”یەتی، کە لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو چرکێندراون. فۆتۆکانی جگە لە بە دیکۆمێنت کردنی ڕوژانەی هونگ کۆنگ و گێڕانەوەی ئەو قۆناغە مێژووییەیە؛ وردەکاری و هونەرکاری لە فۆتودا کردووە، وەک ئەوەی جگە لە فۆتۆگرافەری، تەلارسازیش بێت! جیاواز لەم ئەندازەسازییە، خەتی درامیی سینەمایی لە فۆتۆکانی دەبینین، بە حوکمی ئەوەی حەزێکی زۆری بۆ سینەما هەبووە و چەندین هەوڵی فیلمسازیشی هەبووە، بەڵام زیاتر بەفۆتۆکانی ناسرا. ڕۆحی گرتە فیلمەکانی لە فوتۆدا جێ و جێ کردەوە.

‎ لەوانەیە قەدەری “فان هۆ”بوون بە فۆتۆگرافەری بێت، چونکە نەخۆشی سەرئێشە وای لێ کرد کاری فۆتۆگرافەری بکات، کاتێک تووشی سەر ئێشە هات و دکتۆرەکان پێییان گوت کە دەبێت بە شەقامەکانی هۆنگ کۆنگدا بگەڕێیی، تا باشتر دەبیتەوە، ئەویش نەیدەتوانی بێ ئامانج و تەنیا بە شەقامەکاندا بسووڕێتەوە، بۆیە کامێرایەکی ڕۆڵیفلێکسی بەدەست خست و کەوتە فۆتۆگرتنی ئەو خەڵکەی کە لە شەقامەکاندا لە هاتوچۆدا بوون؛ هەڵبەتە پێشینەیەکی فۆتۆیی هەبوو و فان هۆ کاری فۆتۆگرافەری لە باوکییەوە بۆ مابووەوە و باوکی لە تەمەنی چواردەساڵییەوە کامێرایەکی کۆداکی بۆ کڕیبوو.

‎فان هۆ شارێکی گەورەی وەک هۆنگ کۆنگی هەڵبژارد، بەشێکی لەژێر جەبری ژیانکردنی خێزانەکەی بوو. ئەو شارمان بە جەنجاڵی پێ پیشان نادات، بەڵکوو فۆتۆکانی جۆرێک لە هێمنی پێوە دیارە و مەنفەزێکی بۆ بینەر هێشتوەتەوە کە دەکرێت لەناو ئەو جەنجاڵییە شتی تر بینین؛ ئەویش ئارامییە. شاری گەورە بەرلە هەموو شتێک بوونەوەرێکی نائارامە، بەڵام فۆتۆکانی ‘فان هۆ’ شتێکمان پێ پیشان دەدات ناوی ئارامییە، بەڵام ئارامییەکی ماندوو.

یەکێکی تر لە توخمە گرنگەکانی فۆتۆکانی ناوبراو بە پاڵەوان کردنی مرۆڤە، واتە لە کارەکانیدا مرۆڤ سەنتڕاڵە. لەگەڵ ئەوەشدا سرووشتی پشتگوێ نەخستووە بەردەوام فەزا و دیمەنی سرووشتی پێ پیشانداوین وەک؛ ئاسمان و دەریا و درەخت و … هتد

‎ئێستا کە سەرەنجی فۆتۆکانی ‘فان هۆ’ دەدەین، گۆڕانکارییە خێراکانی ئەو سەردەمەی هۆنگ کۆنگ دەبینین، گۆڕان لەنێوان دوو دونیا، دونیای کۆن و دونیای نوێ، دونیای سادە و بێ مەکینە، لەگەڵ دونیای تازە و پێشکەوتنی پیشەسازی و زۆربوونی ڕێژەی دانیشتوان.

‎هەموو فۆتۆکانی ‘فان هۆ’ بە شێوەی ڕەش و سپی پیشان دراون، لەفۆتۆی ڕەش و سپییدا کاتێک ئێفێکت لەفۆتۆیەک دەدەیت فۆکسی بینەر لەسەر زۆر شت لا دەدەیت و دەیبەیتە سەر ئەو ڕەگەز و پۆینتانەی فۆتۆگرافەر یان ئیدیتۆر دەیەوێ، هەر بۆیە وردەکارییەکان بەرجەستە دەکات، بەتایبەت لە بابەتی تاریکی و ڕووناکیدا. فان هۆ لە داڕشتنی فۆتۆکانییدا ئەو وردەکارییانەی بە تەکنیکی تاریکی وڕووناکی پێ پیشانداوین. لە فۆتۆکانیدا هۆ جۆرێک لە ئارامی و هەست بزواندنی تیایە، تەنانەت هەندێک فۆتۆی هەیە دەڵێی پێشتر ئامادەسازی بۆ کردووە، چونکە زۆر تایبەت فۆتۆکەی گرتوە، کە ئەمە ئەستەمە لە فۆتۆستریتدا، ڕێک ئەو دۆخە بە ڕاستەقینە بە کامێراکەی بۆی چرکاندووین.

‎فان هۆ کاتێک لەبارەی ‘فۆتۆ’وە دەدوێ، فۆتۆ تەنیا و موجەڕەد وەک فۆتۆ نابینێت، هەروەها ڕەهەندی فۆتۆکانی تەنیا بە تەکنیک و چرکە ڕاوکردن نابێنێت، بەڵکوو دەیبەستێتەوە بە شیعر و میوزیکیشەوە. ئەو دەڵێت: “شیعری ‘چین’یم خوشدەوێ، کاریگەری بەسەر فۆتۆکانمدا هەبووە، بە تایبەت شیعرە کۆنەکان، کە رۆح و بوونیان تێدایە. هەروەها مۆسیقای کلاسیکیش وەک سەمفۆنیاکانی جوهان برامز و گوستاف مالەر و  دیبۆسی و ئیگۆر سترافینسکی ئیلهامیان لەشوێنی کارکردنم لەژوورە تاریکەکەم پێ بەخشیووم”. فان هۆ فێرمان دەکات؛ دەبێت فوتۆگرافەر روئیای هونەری هەبێت و کارەکەی خۆش بوێت و راستگۆبێت لەتەک کارەکەییدا و هەستە ڕاستەقینەکانی بگوازێتەوە ناو فۆتۆکانی. لە هەمووی گرنگتر باوەڕبوونە بە داهێنانی هونەریی، کە ئەم ئەزموونە ئیتر هەموو شتێکە.

‎فان هۆ فۆتۆگرافەر و ئەکتەر ودەرهێنەری سینەماییە، ساڵی ١٩٣١ لە شاری شەنگەهای چین لە دایکبووە. لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە دەستی بەکاری فۆتۆگرافەری کردووە. فان هۆ بە(هێنری کارتیە بریسۆن)ی ڕۆژهەڵات ناسراوە. خاوەنی چەندین فیلم و کتێبە، هەروەها دەیان خەڵاتی ناوخۆیی و نیودەوڵەتی لەبواری فۆتۆگرافی بردووەتەوە، ساڵی ٢٠١٦ لە ‘سان خوسێ’ی  ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.

*ھینری کارتیە بریسۆن، فۆتۆگرافەرێکی بەناوبانگی فۆتۆستریتی فەڕەنسیە، دیکۆمێنتی فۆتۆیی کوچە و شەقامەکانی پاریسی کردووە.