شاعیران خوڵقێنەری جیهانێکی نوێن

وتووێژ لەگەڵ شاعیر "جەلال مەلەکشا"

لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا، گەلێک کەس هەبوون و هەن کە پێش ئەوەی سەرنجی بەرهەمەکانییان بدرێت، شێوازی ژیانیان دەبێتە بەرهەمێک -ـی چاک یان خراپ لە ڕوانگەی کۆمەڵگەوە- کە بەردەنگەکانی ئەدەبیات زیاتر هەوڵی خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە دەدەن تا کۆی بەرهەمەکانی ئەو کەسە. ئەو بەرهەمەش، لە ڕێگەی هەڤپەیڤین و چاوپێکەوتنە میدیاییەکانەوە زیاتر ڕوون دەبێتەوە، ئەویش بە مەرجێک ئەو کەسایەتییە هەوڵی خۆشاردنەوە، یاخود قارەمان دروستکردن لە خۆی نەدات. هەڵبەت ئەم خاڵەیان، ئەویش لەم سەردەمە میدیاییەدا، لە کەم کەسدا  هەیە. بە واتایەکی دیکە، گەلێک شاعیر و نووسەر و هونەرمەند، هەتا چاویان بە میدیاکارێک یان ڕۆژنامەنووسێک دەکەوێت، ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆیان فەرامۆش دەکەن و هەوڵی دروستکردنی ڕوویەکی گونجاو و دڵخوازی کۆمەڵگا دەدەن. ئەمە رێک هەمان ئەو خاڵە بوو کە منی شەیدای مەلەکشا کرد. منیش وەک زۆر کەسی دیکە ئەو قسە بێ بنەمایانەم بیستبوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لێدەکرا کە گوایە شاملوو گوتوویەتی “دوای من شێعری فارسی بە مەلەکشا هەڵدەستێتەوە…”، یان “خەمتان نەبێ ئەگەر منیش نەمام مەلەکشا هەیە…”. لە راستیدا لە دووهەمین دانیشتنم لەگەڵ مەلەکشا، رێک هاوکات بوو لەگەڵ هەڤپەیڤینی یەک لەو رۆژنامەنووسە ڕۆژهەڵاتییانە کە لە دەقەکەی لە باشوور چاپ کردبوو و تێیدا لەو جۆرە قسانەی کردبوو. ئەو رۆژە مەلەکشا زۆر تووڕە و عەسەبی بوو، تا کۆتایی هەڤپەیڤینەکە هەر باسی ئەو بابەتەی دەکرد، دەیگوت –فیلمی ئەو هەڤپەیڤینەم هەیە- “ئەوەی کە ئەو قسانە بە دەمی شاملووەوە ساز دەکەن بۆ گەورە کردنەوەی من، نازانن تەنیا منی پێ سووک دەکەن”. 

کە مەلەکشا ڕۆیی، تازە زانیم دەڵێ چی، دیم هیچکام لەو رۆژنامەنووسانە لە دەوری تەرمی بەجێماوی قەسیدەی نەبوون. 

بۆیە حەزم لێبوو دوای ئەم ماوە لە رۆشتنی، ئەم هەڤپەیڤینە، جارێکیتر بخوێندرێتەوە. پێشتر لە ژمارە (٦)ی گۆڤاری (شی) بڵاوکراوەتەوە.

فریا: پێش هەر شتێک پرسیارم لەسەر بارودۆخی جەستەیی و ڕۆحی خۆتە و دەمەوێ بزانم لە ئیستادا باری سڵامەتیت چۆنە؟

مەلەکشا: باری سڵامەتیم باشە و هەروا کە دەمبینن هێشتاش بە خۆشی و ئازایەتی ژیان دەکەم، نێو سروشت دەچم، کاروباری خۆم بەڕێوە دەبەم و لە هەمووی گرینگتر دەخوێنمەوە و دەنووسم. 

فریا: واتە ئیستاش شیعر دەنووسی؟ دواهەمین شیعرێک کە نووسیت کەی بووە و پێم خۆشە بزانم ڕوانگەی ڕاستەقینەی تۆ لەسەر شیعر چییە؟

مەلەکشا: بەڵێ، ئەی مەگین دەکرێ نەنووسم؟ ئەی شاعیر بە چی شاعیرە، هەر بە نووسینی شیعرە کە دەتوانێ بڵێ من شاعیرم. منیش هەر دەنووسم و دواهەمین شیعرم یەک دوو شەو لەمەوبەر تەواو کرد. من پێم وایە ئەگەر شیعر نەکەینە کەرەستەیەک بۆ خۆ نواندن و ئامڕازێک بۆ دەربڕینی بیروبڕوا سیاسی و دینی و…ــەکان و نەهێڵین شیعر و شوعار جێگەیان بگۆڕدرێت و لە جیاتی وشەی شاعیرانە و ڕوانگەی ئینسانی، نووسراوەکانمان پڕ ببن لە دروشمی سیاسی؛ ئەوە ئیتر هەرگیز شیعر لێمان ناتۆرێت و دەتوانین بەردەوام شیعر بنووسین. باسی ڕوانگەی منت کرد لەسەر شیعر، دەمەوێ ئەوە بڵێم کە بێتو ئێمە بتوانین شیعرییەتی شیعر، وەک خۆی بپارێزین و نەهێڵین ببێتە دەستەچیلەی هیچ مەرام و بیر و بڕوایە، ئیتر شیعر هەر درێژە بە ژیانی خۆی دەدات و لەهەر شوێنێکدا کە پێویستی کۆمەڵگە بێ، دەتوانێ هەم مێژوو، هەم ئایین، هەم سیاسەت و… بێت. هەروا کە هەموومان باش دەزانین شیعرمان هەیە لە زمانی کوردیدا کە ڕەنگە هی ١٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر بێت و لە سەردەمی هاتنی ئیسلامدا بۆ ئەم ناوچە، نووسرابێ. دەبینین وەها بە زمانی شیعر، مێژووی لە خۆیدا تۆمار کردووە کە ڕەنگە دەقە مێژووییەکان بەو جوانییە و بە شێوەیەک کە لە هەموو دەورەیەکدا هەستی مرۆڤدۆستانە ببزوێنێ، باسی ئەو کوشتوبڕانەیان نەکردبێ. وەها بە شیعر و لەڕێگەی وشە و کێش و دووپاتکردنەوەی هەستە جەرگبڕەکان، باس لە وێرانی و بەدبەختی خەڵک لەو سەردەمەدا دەکا، کە بێگومان مێژوو هەرگیز بەو وردەکارییانەوە و لەو ڕوانگەوە باسی ئەو کارەساتانەی نەکردووە. من پێم وابێ هەمیشە هەم و غەمم هەر ئەوە بووە و لە شیعرەکانیشما هەر وام کردووە. لە کاتی ڕوودانی هەر کارەساتێکدا بەسەر ئەم گەلە لێقەوماوەی خۆماندا، من بە زمانی شیعر باسی دەرد و ئازارەکانمانم کردووە و هەرگیز بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبووم لە ئاست ئەو گشتە مەینەتی و ناخۆشییانەی کە لە مێژووی ئەم چەن ساڵەدا بە سەرماندا هاتووە. دەبینی لە زۆر کاتدا، شیعرەکانیشم کاریگەرێتی سەدان مانیفێستی سیاسی بووە. من هەرگیز وەکوو شاعیرێک لە ئاست هیچ یەک لەو زوڵمانەدا بێدەنگ نەبووم. لەبیرتانە کاتێ کارەساتەکەی “ئایلان” لە دەریای تورکیا ڕووی دا، هەموو دنیا بە شێوەیەکی سیاسییانە هەڵوێستییان گرت و دەشتوانم بڵێم زۆربەی ئەو هەڵوێستانە، لەلایەن کەسانێکەوە کە خۆیان هۆکاری ئەو کارەساتە بوون، پڕوپاگەندایەکی سیاسی بوو بۆ خۆیان. کاتێ هاواریان دەکرد ئەوە ڕەساڵەتی سەدەی ئێمەیە و بە مەکرەوە دەگریان. من بە شیعر بە گوێی نوستووی ئەواندا هاوارم دەکرد کە ئەوە ڕەساڵەتی ئێوەیە. ئێوەن کە هۆی دروست بوونی ئەم سەدەیە بوون و ئیستاش نکووڵی لە هەموو دزێوییەکانی خۆتان دەکەن. بەڵام نازانن هێشتا کەسانێک هەر ماون کە بە دەنگی خۆشیان نەبێ، بە دەنگی شیعر و چیرۆک و هزریان بە گوێیاندا هاوار دەکەن و ڕۆژێک دەبێ هەر بە وشە و بە شیعر، کۆتایی بە ناحەزی و بەدڕەوشتیی هەموو ئەو ملهووڕانە بهێنن…

فریا: بە تێر و تەسەلی باسی خۆتمان بۆ بکە. باسی ئەو مێژووەی بووە هۆی دروست بوونی کەسایەتی جەلالی مەلەکشا. دەمانەوێ خوێنەرانمان بزانن لە کوێوە و چۆن دەستت پێکردووە و بە ئێرە گەیشتوون؟ سەرەتا لە گەڵ شیعری کوردی چۆن ڕووبەڕووبوونەوە و چۆنتان مامەڵە لەگەڵ زمانی زگماکی خۆتان کردووە بۆ نووسینی شیعر؟ بە تایبەت لە سەردەمێکدا کە ڕەنگە نووسین بە زمانی زگماکی –ئەویش نووسینی شیعر- زۆر سەخت و ئەستەم بووبێت. ئەوەی دیارە و تا ئیستا لە زۆر جێگەدا باسی لێکراوە، ئەوەیە کە ئێوە لە سەردەمی خۆتاندا، یەکێک بوون لە کەسایەتییە پێشەنگەکانی شیعری کوردی و تەنانەت جار و باریش زۆرێک لە قۆناغە جیاوازە ئەدەبییەکان و سەبکە تایبەتییەکانی ئەو سەردەمە، ئێوە دەخەنە پاڵ خۆیان و وەک یەکێک لە داهێنەرانی ئەو ڕەوتە دیارانە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ناوتان دەبەن. لەلایەکی دیکەشەوە زۆرێک لە شاعیرانی بەناوبانگی سەردەم –وەک شێرکۆ بێکەس- بە باشی باسی ئێوە دەکەن و وەک یەکێک لە باڵەکانی شیعری کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا ناوتان دەبات. لەو سەردەمەشدا هەندێک شاعیری دیکە کە ئیستا خۆیان دەنگێکی دیارن لە ئەدەبی کوردی ڕۆژهەڵاتدا، لەگەڵ ئێوە هاوڕێ و هاوهزر بوون –وەکوو بەڕێزان فەرەیدوون ئەڕشەدی و ئیبراهیم ئەحمەدی نیا- کە گەشەیەکی تایبەتیتان بە شیعری ئەو سەردەمەی ڕۆژهەڵات دابوو. دەمەوێ بە وردی باسی ئەو مژارە تایبەتەم بۆ بکەن. 

مەلەکشا: سەرەتا پێم خۆشە خاڵێکی گرینگتر لەوانە بێنمە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە کە دەبێ دیان بەوەدا بنێم کە من پیاوێکی گوندیم. واتە کەسێکم کە هێشتاش و هەمیشە هەر عاشقی گوند و سروشت و کشتوکاڵ و هەموو ئەو لایەنە گوندییانەم کە مرۆڤی مودێڕن لێی وەڕەزن و لەگەڵی بێگانەن. هێشتاش هەموو وجوودی من بە گۆشت و پێست و ئێسقانەوە، هەر گوندییە و تاکوو بشمێنم لە گوند نابڕێم. هێشتاش لە گوندی خۆمان زەوینم هەر هەیە و ماڵیشم هەر لەوێ ماوە و دەخوازم تا کۆتایی تەمەنم هەروا بمێنمەوە. هەربۆیە ڕاشەکاوانە دەڵێم ئەم خاڵی گوندنشینی و خۆشویستنی سروشتە لەلایەن منەوە، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ڕۆح و هزری من داناوە و هەمیشەش ئەو کاریگەرێتییە بە ڕوخساری شیعرەکانمەوە دەمێنێتەوە. هەر ئەم حەزە کارێکی کردووە کە هەمیشە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی من لە پڕۆسەی ئەدەبیی شیعردا ئەوە بێ کە ئاوڕی جددی لە بارودۆخی مرۆڤی گوندنشین –یان باشتر وایە بڵێم مرۆڤی سروشتی- بدەمەوە و هەوڵ بدەم شیعرەکانم هاواری گوندییەکان و سروشتپەروەرەکان بن. بەڵام بەداخەوە بارودۆخی ژیانم بە بۆنەی پیشەی باوکمەوە کە کارمەندێکی دەوڵەتی بوو، ناچاری کردین کە بێینە شار و بۆ هەمیشەش لە شار بمێنینەوە. لە شاریشدا لە جێگایەک دەژیاین کە جێی ژیانی مودیری گشتی ئەو سازمانە بوو کە باوکم کارمەندی ئەوێ بوو. ژیانی ئەوێش بە بۆنەی هاوسێیەتی لە گەڵ مودیری گشتی ئەو سازمانە و دیکەی کارمەندەکانی، بووە هۆی ئەوەی کە ئاگەداری شێوازێکی دیکەی ژیان لە دەروبەری خۆمان بین کە ئەویش ژیانێکی بۆڕژوازییانە و لوکسی شاری بوو. لێرەدا دژوازییەکی گەورە لە ژیانی مندا دروست بوو: ژیانی کارگەری و هەژارانەی ئێمە لە هاوسێیەتی ئەو ژیانە لوکسە بۆڕژوازییانەی مودیر و کارمەندە باڵادەستەکان. بەراوردی ژیانی دوو کەسایەتی ئەم دوو بوارە –کارگەرێک و مودیرێک- دەبێتە هۆی تێڕامانی زیاتری منداڵێک کە هەموو خولیای ئەوەیە ببێتە شاعیر و هاوارەکانی خەڵکی گوندەکەی خۆی بە گوێی دنیا بگەیەنێت. ئەم دژوازی و پاڕادۆکسە کە لە هەموو شتێکدا بە حاسانی دەبیندرا، لە جلوبەرگەکاندا، لە شێوەی قسەکردنەکاندا، لە شێوەی هەڵسوکەوتی کەسەکاندا، لە شتومەکی نێو ماڵەکاندا، بە حاسانی دەهاتنە بەرچاو، ببوونە هۆی ئەوەی کە زیاتر بیر لە ژیان و ئازارەکانی و کەموکووڕی و مەحرووم بوونەکانی بکەمەوە. ئەم پاڕادۆکسە، ڕەنگە لە وجوودی مندا زۆر نەبووبێتە هۆی نەفرەت و ڕق، بەڵام جۆرێک بێزاری لە مندا بە نسبەت ئەو کەسانەوە کە بێ هیچ هۆیەک ژیانێکی خۆشتر و شاهانەتر لە ئێمەیان هەبوو، دروست کردبوو. جۆرێک جیاوازی و لە یەکنەچوون کە هەر ئەم جیاوازی و لەیەکنەچوونە بوو خەریک بوو وردەوردە ڕێگەی بۆ دەردەخستم و دەیبردم بەرەو شیعرەوە و لە شیعریشدا کە ئاساییە ئەو دژوازییە، ڕەنگدانەوەی خۆی هەبێت. لە راستیدا ئەو دژوازیی چینایەتییەی کۆمەڵگەی ئێرانی –کە بە ئاشکرا لەنیو کورد و فارسدا هەبوو، ئیستاش هەر هەیە- ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە من و شیعردا باڵای کردووە و لە گەڵمان گەورە بووە. ئەو سەردەمە بە تایبەت لەنێو سیاسییەکاندا، زۆرتر باس لەو دژوازیی چینایەتییە دەکرا و منیش هەر بەو دژوازییەوە سیاسەت و دوجار شیعرم دەست پێکرد. خەبات لە دژی ئەمپڕیالیزم و چینە بۆڕژواکانی کۆمەڵگە، دەبوونە هەوێنی شیعرەکانم و بەم ڕوانگەوە هاتمە دنیای ئەدەبییەوە. تەنانەت یەکەمین زیندانیش کە چووم، هەر لەپێناو ئەو خەباتە بوو کە لەو سەردەمدا بە بۆنەی ڕوانگە تایبەتییەکانی ماڕکسەوە لە مندا شکڵی گرتبوو. چەند ساڵێک بەم بۆنەوە لە زینداندا مامەوە و دوای ئەوەش چەن جارێک بە بۆنەی بابەتی دیکەی وەکوو بابەتە نەتەوایەتییەکان کەوتمەوە نێو زیندان و ئەم زیندان چوونانەم بووە هۆی ئەوەی لە گەڵ کەسایەتییە گەورەکانی ئەو سەردەمە و بەرهەمە ناوازەکانییان ئاشنا ببم. لە سەردەمی شۆڕشی سپیی ئێراندا کە ڕێفۆڕمخوازییەکی جددی شکڵی گرتبوو، لە قوتابخانە و بەندیخانە، یەکێک لەو کەسانە بووم کە هەمیشە بانگەشەی ئەو خەباتە تازە لەدایکبووەم دەکرد و جاروباریش شیعرم لەو بارەیەوە دەنووسی و دەمخوێندەوە. ئێمە ئاوا گەورە بووین: بە زیندان و شاربەدەرکران و گرتن و ئەشکەنجە، منداڵی و مێرمنداڵیمان تێپەڕاند. منیش وەک زۆرێک لە شاعیرانی کوردی ئێرانی، لە خوێندنەوە و نووسینی شیعر بە زمانی فارسییەوە دەستم پێکرد. کەم کەم لەگەڵ شاعیرانی ناسراو و نەناسراوی ئەو سەردەمەی ئێران، پێوەندیم دروست کرد و لە زۆرێک لە کۆبوونەوەکاندا شیعرم دەخوێندەوە. تەنانەت جارێک چەن شیعرێکم بۆ ئەحمەدی شاملوو خوێندەوە –بە پێکەنینەوە- کە زۆر بە دڵی نەبوو و وتی لەو شێوازە شیعرییە وەرە دەر، کاتی خۆت بە فیڕۆ مەدە لەوەزیاتر. لەگەڵ کەسانی دیکەش وەک خوسرەوی گوڵسورخی پێوەندی باشم هەبوو. چونکە شەو و ڕۆژ بە شوێن جەرەیانی سیاسیی ڕۆژی ئێرانەوە بووم و دەمویست سەری لێ دەر بهێنم. نەک بە مەبەستی ئەوەی کە داخڵ بەو جەرەیانانە ببم، نا. زیاتر بە مەبەستی ئەدەبیات و شیعر وام دەکرد و دەمویست کار بکەم. نزیکیش بوومەوە لێیان. بەڵام کە لەگەڵ زمانی زگماکی خۆم ئاشنا بوومەوە و زانیم بەو زمانە جوانتر و باشتر دەتوانم شیعر بنووسم، لەو جەرەیانانە دوور کەوتمەوە و زیاتر هاتمەوە بەرەو هەستە نەتەوایەتییەکانی خۆمان کە بە هەموو شێوەیەک پاماڵ کرابوون و لەبەرچاو نەدەگیران.

فریا: سەرەتا کە دەستتان کرد بە نووسین بە زمانی زگماکی، شیعرەکانتان لە چ ڕێگایەکەوە بڵاو دەکردەوە؟

مەلەکشا: ئەو سەردەمە نە گۆڤارێکی وەها هەبوو کە تایبەت بێ بە شیعر و بابەتی کوردی، نە کەسیش بە جۆرێکی جددی بیری لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب دەکردەوە. زۆرتر لە کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمە سیاسییەکان بوو کە جار و بار هەلێک دەڕەخسا بۆ کەسانێکی وەک من کە شیعرێک بخوێنینەوە. ساڵانیکی زۆر دوای ئەوە کە کەم کەم گۆڤاری کوردی هاتنە ئاراوە، منیش لە گۆڤار و هەفتەنامەکان نزیک بوومەوە. ئەگەرچی زیاتر لە ڕووی باندبازی و کەس و ئاشنا و ڕۆشناوە کارەکان چاپ دەکران. بەڵام من زۆر پێشتر لەوە و لە سەردەمی فارسی نووسینمدا، چەن کەسێکم پەیدا کرد کە بتوانم لە ڕێگەی ئەوانەوە خۆم دەرخەم. یەکیان حەسەنی موزەییەن بوو و یەکیشیان عەلیڕەزا تەبایی. ئیسماعیل خوویی و نووری عەلاش کەسانێک بوون کە زۆر هەوڵییان دەدا یارمەتیم بدەن لەو بوارەدا. گۆڤارێکی بەرشکەستەمان گرتە خۆ بە نێوی “ئومیدی ئیران” کە بە شێوازێکی جددی توانیمان گەشەی پێ بدەینەوە و ناوی بخەینەوە نێو ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەی ئێران و تەنانەت ڕێژەی چاپی گۆڤارەکەش تا ئاستێکی باش چووە سەر. هەر ئەو کارە بووە هۆی ئەوەی کە تا ڕادەیەکی باش بناسرێم و لەو ماوەدا کەسانێکی جددی داوای بابەتیان لێ کردم بۆ چاپ. ئەوە بۆ من زۆر سەرسووڕهێنەر بوو. لەو کاتەدا خوسرەو گوڵسورخیش لەگەڵ خێزانی گۆڤارێکی چاپ دەکرد بە نێوی “ڕازی گوڵی سوور” کە گۆڤارێکی زۆر پڕۆفێشناڵ بوو. هەموو شومارەیەک بابەتی منی چاپ دەکرد و بە تایبەت شومارەی شەش یا حەوت بوو کە دۆسییەیەکی تایبەتی لە سەر من کردبۆوە و تێیدا کەسانێکی زۆر لە سەر شیعرەکانم نووسیبوویان و ڕێژەیەکی باشی شیعرەکانیشمی پاشکۆی دۆسییەکە کردبوو کە بە گشتی نزیک ٤٠ لاپەڕەیەکی دەگرتەوە. گوڵسورخی خۆمی خۆش دەویست و تەنانەت چەن جاریش هاتە ماڵمان و زۆر نزیک بووین پێکەوە.

لە بواری ناسرانی شیعرەکانیشم بە زمانی زگماکی کە دەتوانم بڵێم زیاتر لە دوای شۆڕشی ئێرانەوە و بە تایبەت لە گۆڤاری سروەی ئەو سەردەمەدا کە سەرەتای بوو و ئاوڕێکی باش و جددیی لە ئەدەب و هونەری کوردی دەدایەوە، دەستی پێکرد. زۆربەی شومارەکانی سروە بابەتی منی تێدا بوو و ماوەیەکیش تەنانەت هاوکارییەکی جددیی ئەو گۆڤارەم کرد و وەکوو پیشەیەک تێیدا کارم دەکرد. هەر ئەوە بووە هۆی ئەوە کە شیعرەکانی من بە زمانی کوردی زیاتر ئاوڕییان لی بدرێتەوە و تەنانەت کەسایەتییە گەورەکانی ئەدەبی کوردیش لوتفی خۆیان نواند و لەسەر کارەکانی من قسەیان کرد. سەردەمێک لەگەڵ خوالێخۆشبوو مارف ئاغایی بە شوێن کۆبوونەوە و ساغ کردنەوەی کارەکانی سوارەی ئیلخانی‌زاده کەوتین و توانیمان لەو بوارەشدا زۆر کار بکەین. بە گشتی هەموو ئەو هەوڵانە بوونە هۆی ئەوەی کە کەم کەم لەنێو کۆمەڵگەی ئەدەبدۆستی کوردیدا جێگە و پێگەیەکی دیار بە دەست بهێنم و شیعرەکانم ئاوڕی جددیی لێ بدرێتەوە.

جەلال مەلەکشا فۆتۆ: فریا یوونسی

فریا: چۆن بوو بڕیارت دا بە کوردی بنووسیت و واز لە فارسی نووسین بهێنیت؟ ئایا لەو ئاڵوگۆڕەی زمانی نووسینت خۆشحاڵ هەی؟ پێت وانییە بەو کارە غەدرت لە خۆت کردبێ؟ 

مەلەکشا: من نەک تەنیا پەشیمان نیم لەو کارە، بەڵکوو زۆریش شادمان و ڕازیم. چونکە ئەوەی ڕاستی بێ ئێمە تەنانەت ئەو کاتەش کە خەریکین بە زمانێکی دیکەی جگە لە زمانی خۆمان دەنووسین، لە راستیدا خەریکین خۆمان تەرجەمە دەکەینەوە و ئەو جۆرەی کە زمانی دایکییمان شارەزای هەموو کەلوکوونەکانی بیروهزری مرۆڤانەی ئێمەیە بۆ دەربڕینی هەست و سۆزمان، زمانێکی دیکە ناتوانێ ئەو کارەمان بۆ بکات. هەموو هەستێکی ئێمە بە زمانی دایکیمانە و هەر بەو زمانەیە کە وەرگری ئێش و ئازارەکانمان و خۆشحاڵی و شانازی و سەربەرزی و دیکەی هەستەکانمان دەبین. کەواتە تەنیا بەو زمانەشە دەتوانین بە باشی بەیانی بکەینەوە. زمانی ئێمە زیاتر پێویستی بە کار و خزمەت هەیە و دەبێ هەر کام لە ئێمە لە جێگەی خۆمانەوە هەوڵی بۆ بدەین کە زیاتر گەشەی پی بدەین و ڕازاوەتری بکەین. بۆیە هەرگیز پەشیمان نیم لەوەی کە ڕێگەی خزمەت و گەشەدان بە زمانی دایکیمم هەڵبژارد و لەم ڕێگەشدا ڕەنگە چەرمەسەری و لەمپەرگەلێکی زۆرم لە سەر ڕێ بووبێ، بەڵام ئیستا کە ئاوڕی لێ دەدەمەوە، پڕ بە دڵ رازیم لە هەموو ئەو ئازارانەشی کە لە پێناو ئەو زمانەدا کێشاومە.

فریا: لە پێشانگای کتێبی ئیمساڵی سنە کە لەم ماوەدا بەڕێوەچوو، کتێبی کۆی بەرهەمەکانی بەڕێزتان وەکوو کتێبێک کە لەنێو کتێبەکانی دەزگای چاپی پانیزدا زیاترین فڕۆشی کردبوو ناوی برابوو، هەروەها کتێبی کارەساتیش لە ڕێزی سێهەمی دەزگای کالێجدا ناوی هاتبوو. بە گشتی ئیمساڵیش و زۆرێک لەو ساڵانەی کە کتێبەکانی بەڕێزتان لە پێشانگای کتێب پێشکەش کراوە، فڕۆشێکی باشی بووە و پێشوازییەکی بێوێنەی لێ کراوە. ئایا ئەم پێشوازی و فڕۆشە باشە، هیچ داهاتێکی بۆ ئێوە وەکوو نووسەری کتێبەکان هەیە؟ یاخود باشتر وایە بڵێم ئەو دەزگایانەی کە کتێبەکانی بەڕێزتان چاپ و بڵاو دەکەنەوە، لە داهاتی فڕۆشی ئەو کتێبە کە جاری وایە بە چەندین چاپ دەگات، بەشی ئێوە چۆن حسێب دەکەن؟

مەلەکشا: بەڵێ. ئەوە زۆربەی ئەو کتێبانە کە ئیمساڵ ئەو فڕۆشە باشەیان هەبووە، چاپی دووهەم و سێهەم و تەنانەت پێنجەمیشی بووە. بەڵام بە داخەوە بەشی ئێمە لەو پێشوازییە باشانەی کە لێیان دەکرێ و یا بڵێین نامێننەوە بە سەر دەستی دەزگای چاپەکانەوە، لە سەدا دە و دوازدەیە و ئەمە زۆر بەشێکی کەمە بۆ کەسێک کە بە ڕاستی ماندوو دەبێ بە بەرهەمهێنانی ئەو کتێبەوە و دەکرێ بڵێم بۆ کەسێک کە تەمەنی خۆی لەسەر نووسینی شیعر داناوە و هەموو ئەو شیعرانەش دەبن بە کتێبێک کە داهاتی ڕەنج و ئێش و چەرمەسەریی ژیانێتی، بەڵام خۆی بەشێکی زۆر کەم لەلایەنە پۆزێتیڤەکەی –کە چاپ و بڵاوبوونەوە و فڕۆشی کتێبەکانە- دەستی دەگرێت. بە گشتی بارودۆخی هەموومان وایە و هیچمان لەوە باشتر نین، تازە دەکرێ بڵێم کە ئەو بەشە دە دوازدە لە سەدییە، بۆ من ئاوا حسێب دەکرێ، ئەگینا بۆ شاعیران و نووسەرانی دیکە زۆر لەوە کەمترە و ڕەنگە هەر نەشبێت. بەڵام چاری ناچارە و هیچی لەگەڵ ناکرێ. وایان لێکردووین کە تەنیا بەوە ڕازی بین کە شکور کتێبەکانمان چاپ دەبن و دەچنە بەردەستی خوێنەر، ئیتر هیچیشمان لێی دەست نەکەوت، کێشە نییە. ئەمە فەزای ناپڕۆفێشناڵ بوونی ئەدەب و کولتوورە لەم وەڵاتەی ئێمەدا و هیچیشی لەگەڵ ناکرێ. هەڵبەت هەندێک لەو وەشانخانانە باشترن و بەشێکی زیاتر بۆ من حسێب دەکەن، بەڵام بە گشتی کێشەکە هەر هەیە و چارەسەری ئەستەمە.

فریا: لە چۆنییەتی چاپی کتێبەکان لە بواری کوالیتی و دیزاین و جۆری کاغەز و ڕووبەرگ و… ڕازی بوون؟

مەلەکشا: نا. بەداخەوە جاری وایە کتێبێکم لە بازاڕدا نایابیش بووە من هێشتا نەمدیوە، چ بگا بەوەی پێش چاپ و بلاوبوونەوەی، چەن بەرگێکی کتێبەکەم نیشان بدرێ بۆ ئەوەی کە ڕای من بزانن. کتێبی کۆبەرهەمەکان، لە چاپی یەکەمی کە بە داخەوە بە هیچ شێوەیەک ڕازی نەبووم. بەڵام لە چاپی دووهەمیدا، هاوڕێیەکم بە ناوی “ڕەزا نەقشبەندی” هاوکاری کردم و توانیمان کواڵیتی کتێبەکە لە بواری دیزاین و چنینی شیعرەکانەوە، تا ئاستێکی زۆر بەرز بکەینەوە و باشتر بێ لە جاری یەکەم. خاتوونێکی هاوڕێشم هەیە لە کانادا کە ئەویش بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی کواڵیتی کتێبەکانم، زۆر یارمەتیم دەدات. خاڵێکی جێی سەرنج کە پێم خۆش بۆتی بگێڕمەوە ئەوەیە: کە لە چاپی دووهەمی ئەو کتێبەدا، کتێبی “زەڕە زەنجیری شەهیدان” کە کۆمەڵە شیعرێکی زووی خۆم بوو، هەر بە مجەوزی ئەو کۆبەرهەمانە چاپمان کرد و بە چاپی دووهەمەکەمان زیاد کرد و لە ٤٠٠ لاپەڕەوە کردمانە ٦٠٠ لاپەڕە. کە ئەوە زۆر بووە هۆی ڕەزامەندی و خۆشحاڵی خۆم. هەڵبەت من دەربایستی ئەوە نیم کتێبێکم بە چاپی شەشەم و حەوتەم بگات، بەڵام هەوڵ دەدەم لە جاپەکانی دیکەدا، بواری کواڵیتی کتێبەکە لەوەی کە هەیە باشتری بکەم و بەرزتری بکەمەوە.

فریا: لە باشوور-لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی- و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشەکانی ئەوێوە، تا ئیستا هیچ پێشنیارێکتان بۆ چاپی کتێبەکانتان لەوێ هەبووە؟ ئایا بە تەمای ئەوە نین ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆی کتێبەکانتان لەوێش –بۆ خوێنەرانی ئەوێ- چاپ بکەن؟

مەلەکشا: بێگومان تا ئیستا لەلایەن دۆستی ئازیزمەوە کاک ئازاد بەرزنجی لە دەژگای چاپ و پەخشی سەردەم، چەن جار پێشنیاری ئەوەم پێدراوە کە ئەو کارە بکەم. بەڵام بە داخەوە هەر جارەی بە بۆنەیەکەوە دواکەوتووە و نەکراوە. بە دڵنیاییەوە لە باشوور ڕێژەیەکی باشی خوێنەری ئەدەبیمان هەیە کە زۆربەی ئەو خوێنەرانە بە جۆرێک لەگەڵ شیعرەکانی من ئاشنان و خوازیاری کتێبەکانم هەن. بەڵام بە داخەوە بە هۆی نەخۆشی و نەتوانینی منەوە، تا ئیستا نەکراوە بچمە ئەوێ و گرێبەستییان لەگەڵ بکەم بۆ چاپی کتێبەکانم. هەڵبەت چەن ساڵ لەمەوبەر چووم و تەنانەت لەلایەن بەڕێز مەسعوود بارزانیشەوە پێشنیاری مانەوەم پێدرا و تەنانەت ماڵ و ژیانێکی باشیشیان خستە ئیختیاری خۆم و دایکمەوە، بەڵام نەمتوانی و بە هۆی ئەوەی کە دڵم تەنیا لەم شارە ئۆقرە دەگرێت و دەحەسێتەوە، گەڕامەوە. بەڵام بە تەمام بەمزووانە دیسان بچمەوە و لەوێ چەندەها کۆڕ و کۆبوونەوەی باش بۆ خوێندنەوەی شیعرم بە دەستەوە دەبێ کە لەلایەن ستافە ئەدەبی هونەرییەکان و کەناڵە ناسراوەکانی ئەوێوە بەڕێوە دەچێت. ئومێدم وایە کە بتوانم لەگەڵ دەزگا ناسراوەکانی چاپ و پەخشی کتێبیشدا، گرێبەستێکی باش بنووسم بۆ چاپی کتێبەکانم لەوێ. ئەوەی ڕاستی بێ باشووری کوردستان لە ئیستادا هەلێکی باشە بۆ نووسەران و هونەرمەندانی ئێمە کە بتوانن لەوێ کارەکانیان بڵاو بکەنەوە. بەڵام بە مەرجێک لەوێش باسی باندبازی و ئاشنا و ڕۆشنا نەیاتە گۆڕێ و زیاتر مەبەستییان لە خزمەت و ناساندنی ئەدەبیاتێکی جددیی و پڕۆفێشناڵ بێ تا ناساندنی کەسە نزیکەکانی خۆیان لە باری خزمایەتی و سیاسییەوە. ئیستا لە هەموو کاتێک باشتر دەتوانین لە فرسەتەکانی ئەوێ کەڵک وەربگرین بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەدەبیاتەکەمان و بە جیهانی کردنی ئەم پڕۆسە مەزنە کولتوورییە.

فریا: شیعرەکانی ئێوە ئەوەندەی کە لە فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەست بە دەست دەگەڕێت، لە فەزای چاپی و وەشاندا وەکوو کتێب یاخود گۆڤار، بەو جۆرە کە شیاوە، بەداخەوە کاری لەسەر نەکراوە و هەر ئەمە ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرهەمەکانی ئێوەی وا لێکردبێت کە ئاستی ڕێنووسی و چنینییان، بە پێی نووسینی ناشارەزایانەی کەسەکان لەو جۆرە فەزایانەدا، دابەزێت. هەڵبەت ئەم کێشەیە بە گشتی لەگەڵ زۆرێک لە نووسەرانی کورد هەیە. بەڵام لە بەرهەمەکانی ئێوەدا ڕەنگدانەوەی ئەم خاڵە بەجۆرێکی دیکە بووە. ئێوە بۆ زۆر بۆنەی تایبەت وەکوو شەهیدبوونی کەسایەتییە گەورەکانی کورد، ئێعدامی ڕۆڵەکانمان، کۆڕەوەکانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان، هەرەسهێنانی سیاسەت و ئابووری لە پارچە غەدرلێکراوەکانی دیکەی کوردستان و… هتد، زۆر بابەتی گەورە و تایبەتیتان نووسیوە کە بە حاسانی هەر لە ڕێگەی ئەم تۆرە کۆمەڵایەتییانەوە، زووتر لە کتێبەکانتان چوونەتە نێو خەڵکی. ئایا ئەم خاڵە چەنێک دڵخوازی خۆتانە و ڕای بەڕێزتان لەسەر ئەم بابەتە چییە؟

من بە ڕاستی شاعیری “بۆنە” نیم و کەم شیعرم هەیە کە بە تایبەت بۆ بۆنەیەکی دیار و تایبەتیی مێژووییم نووسیبێ

مەلەکشا: ئەوەی بە پێویستی دەزانم باسی لێبکەم، ئەوەیە کە پێم خۆشە خوێنەرانم بزانن کە من بە ڕاستی شاعیری “بۆنە” نیم و کەم شیعرم هەیە کە بە تایبەت بۆ بۆنەیەکی دیار و تایبەتیی مێژووییم نووسیبێ، نا. ئەگەر دانیشی بە وردی شیعرەکانی من بخوێنیتەوە و ڕێککەوتی نووسینەکەیان بەراورد بکەی، دەبینی کە زۆرێک لەو شیعرانە بە هیچ بۆنەیەکەوە نەنووسراون و تەنانەت لەگەڵ ڕێککەوتی ئەو بۆنانەی کە خەڵکی پێیان وایە بۆنەی فڵانە شیعری منن، مەودایەکی زۆریان هەیە. بەڵام ئەوە ڕەنگە لایەنێکی مێژووی ئێمە، یا خود شێوازێکی ئەو جۆرە شیعرانە بێ کە وەها بە حاسانی لەگەڵ بۆنە جۆراوجۆرەکاندا دەگونجێت و ڕێک دەخرێن. بۆ نموونە من بێ ئەوەی لە بیری شتێکدا بووبێتم یا مەبەستێکم بووبێ، هاتووم لە شیعرێکدا لە سەر مەرگی کەسێک، شەهیدێک وەکوو ناوێکی گشتی نەک ناوێک بە نموونە، چەند کۆپلەیەکم نووسیوە، دوایی لێیان پرسیوم –بە پێکەنینەوە: یەخەیان گرتووم- کە ئەو شیعرەت بۆ کێ نووسیوە؟ بۆ کێم وتووە؟ ئەبێ ئەم هەموو ساڵە بۆتان دەرکەوتبێ کە من لایەنگری هیچ حیزبێک و ڕێبازێکی تایبەت نیم، ئەوەشی کە دەبینن هەر ئەو شیوەنەی کە وا من کردوومە بە شیعر بۆ شەهیدێک و کەسایەتییەکی نادیار، بە بۆنەی شەهیدبوونی ڕێبەرانی کوردەوە داندراوە، من ئاگەداری نەبووم و ناکرێ بۆ ئەوەش هیچ وەڵامێکی لایەنێکی تایبەت بدەمەوە کە بۆ وابووە؟ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئێمە و ئەو بەسەرهاتانەی کە وا لە درێژای ئەم مێژووەدا بە سەرماندا هاتوون. ئیتر بە مەحزی ئەوە شاعیرێک لە شوێنێک شیوەنێک دەهۆنێتەوە، خێرا ئەو بەسەرهاتانە دەگرێتەوە، نابێ کەسی پێ تاوانبار بکرێت و بخرێتە ژێر پرسیارەوە. زۆر نموونەی دیکەی ئاوا هەن. بۆ نموونە شیعرێکم هەیە کە ئاوا دەست پێدەکات: کە خۆم ناسی، وتم دایە/ من کێم و چیم؟

لە هەزاران جێگە ئەو شیعرە بەکار هاتووە و ڕەنگە هەر کەس بە مەرامی خۆی بە بارێکا خستبێتی. لە حاڵێکدا مەبەستی من هیچ یەک لەوانە نەبووە کە باسی لێدەکرێت. هەر کەسێکیش موختارە لە بۆنە و ڕێوڕەسمی خۆیدا شیعری من یا هەر شاعیرێکی دیکە بەکار بهێنێت و لە مابەینی وتار و پڕۆگرامەکانیدا، بیخوێنێتەوە. بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوە کە جەخت بخەینە سەر شاعیرەکەی و بڵێین تۆ سەر بەو ڕێکخراوە و حیزبەی کە شیعرەکەی تۆیان خوێندووەتەوە و یا نەخێر و تۆ ئەو شیعرەت بۆ ئەو بۆنەیە نووسیوە. من پێکەنینم بەم ڕوانگە و هەڵوێستەی هەندێک کەس و لایەن دێت. من وەکوو خۆم ئیستا بەو قەناعەتە گەیشتووم کە شیعر دەبی بچێتە نێو خەڵک. شاعیر دەبێ هەموو هەوڵی ئەوە بێ کە شیعرەکانی ڕێگە بکەنە نێو دڵی کۆمەڵگا و ببنە وێردی سەر زمانی خەڵکی ئەو کۆمەڵگایە. هەڵبەت دیارە مەبەستی من لەمە، شیعری کلاسیک و سوننەتی نییە، بەڵکوو من باسی شیعری نوێ ئەکەم. شیعری نوێ زیاتر باسی ژانەکانی کۆمەڵگایە و ئیتر لەو ڕوانگەیەی شیعری سوننەتی و کلاسیک کە هەر باسی گوڵ و بولبول بوو، دوور دەکەوێتەوە و زیاتر لەسەر ئەوە پێداگری دەکات کە ئازارە مێژووییەکانی گەلەکەی بەرباس بداتەوە. ئەم خاڵەش کە باسمان لێکرد، خۆی نیشانەیەکە بۆ ئەو مەبەستەی کە وتم. واتە ئەوەی وا شیعرێک بۆ هەر بۆنە و ڕێوڕەسمێکی دیاریکراو، بەکار دەهێندرێت و دەخرێتە پاڵ ئەو جۆرە بۆنانە، خۆی نیشان دەدات کە ئەو شیعرە باسی ئازارە گشتییەکانی کۆمەڵگای کردووە و چووەتە نێو دڵی کۆمەڵگا و –بە پێکەنینەوە- چیش لەمە باشتر؟

blank
جەلال مەلەکشا فۆتۆ: فریا یوونسی

فریا: دوایین بابەتێک کە لە ئێوە بڵاو بووبێتەوە چی بووە و لە کام بڵاڤۆکدا و کەی بڵاو بووەتەوە؟

مەلەکشا: ئەوەی ڕاستی بێ زۆر حسێبی ئەوانەم لە دەستدا نییە. دوایین بابەتێک کە بڵاو بووبێتەوە و خۆم ئاگەداری بم بە شێوەی وتار بووە کە لە گۆڤارە کوردییەکاندا و لەسەر کارەکانی من نووسراوە. بابەتی خۆشم لەم چەند مانگەی دواییدا لە چەند گۆڤارێکی کوردیی ناوخۆ و دەرەوەدا بڵاو بووەتەوە کە بە داخەوە ئیستا لە زەینمدا نییە کام گۆڤارانە بوون. چونکە ئەوەی ڕاستی بێ من زۆر ئیهتیمام نادەم بە کۆکردنەوەی ئەو لاپەڕە گۆڤارانەی کە کارەکانی منی تێدا بڵاو بووەتەوە و هەمیشە بە پەرشوبڵاوی لەملاوئەولا بینیومن، یا لە ڕێگەی دۆستانەوە ئاگەدار بوومەتەوە. مرۆڤ کاتێ تەمەنی تێپەڕ دەبێ و دەڕوا بەرەو ژوور، زۆر تاقەتی هەنێک کاری نامێنێ. منیش وەک خۆم –هەمیشە- بە خەمی نووسینەوە بووم زیاتر. بۆ بڵاو کردنەوەی بابەت هەمیشە کات هەیە و نەشبێ –بە پێکەنینەوە- دوای مردن کەسانێکی دڵسۆز هەر پەیدا دەبن کە شانی ژێر بدەن و بابەتەکان بڵاو بکەنەوە. ئەوەختە ئەوەی باشە هەرچی بکەوێتە دەستیان چاپی دەکەن. –کەمێک پێدەکەنێ و دوای چەن چرکە بێدەنگی دیسان درێژە بە قسەکانی دەداتەوە- زەمانێک لە گەڵ مارفدا –مارف ئاغایی- دەگەڕاین بە شوێن شیعرەکانی سوارە ئیلخانی زادەدا و هەموو هەموغەممان ئەوە بوو شیعرەکانی بە کامڵی پەیدا بکەین. هەمیشە قسەم ئەوە بوو بۆ مارف، ئەمگوت: “مارف ئەوەت لە بیر بێ سوارە لە چاو شیعری فارسیدا، شاعیرێ زۆر گەورە نییە، ها! ئەوەت لەبیر بێت. ئەگەر بێ تەعەسوب حسێبی بکەین، ئەو شاعیری دەرەجە سێی شیعری فارسییە.” کەچی ئیستا ئەبیسم کەسانێک هەڵساون و ئەڵێن سوارە هیچ کەمییەکی لە شاعیرە گەورەکانی فارس نییە و تەنانەت لەگەڵ شاعیرانێکی وەک نیما و شاملوو بەراوردی دەکەن. من ئەم تەعەسوبەم پێ باش نییە. کابرا چووە لەسەر سوارە نووسیوێتی: شاعیرێکی تاقانە کە شیعرەکانی گشتی دانسقەن و تازە وەکوو ئەو وجوودی نابێتەوە! کاکە بۆ وا دەکەن؟ دەتانەوێ بەو کارانە چی بسەلمێنن. بەخوا ئەو تەعەسوبە جگە لە سووکی و بێ بایەخ کردنی ئەو شتانەی کە هەمانە و پێویستە بە بێ تەعەسوب خوێندنەوەیان لەسەر بکەین تا مێژووی ئەدەبیی خۆمانی پێ دروست بکەین؛ هیچ دەسکەوتێکی دیکەی نییە بۆمان. داوەرییەکانی ئێمە هیچی زانستییانە نین و کاتێکیش قسە دەکەی هەمووی تاوانبارت دەکەن بەوەی کە ڕێزی کەسە باشەکانی خۆمان ناگرم. وا نییە برا. کەسێک بهێنن بە چاوێکی زانستییانە و شیعرناسانە بەراوردی بکات. زمانی زگماکی جیاوازی زۆرە لەگەڵ زمانێکی بێگانە کە تۆ دەتەوێ شیعری پێ بنووسی. من سەرەتا بە زمانی فارسی دەستم بە نووسینی شیعر کرد. دڵنیا بن ئەگەر سەد ساڵی دیکە خۆم ماندوو بکردایە بە نووسینی شیعری فارسییەوە، هەرگیز نەدەگەیشتمە شیعری ئەخەوانی سالس. من لەنیوەی ڕێگەدا بووم کە شیعری فارسیم لابرد و هاتمەوە نێو زمانی زگماکی خۆم و بە کوردی دەستم بە نووسینی شیعر کرد. بەو حاڵەوە هەر یەکەم شیعری کوردیم بووە وێردی زمانی خەڵکی ئەو سەردەمە. ئەزانی بۆ؟ چونکە ئەوە زمانێکە کە من بیری پێ دەکەمەوە، قسەی پێدەکەم، پێی دەژیم، پێی دەگریم و هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانم بەو زمانە ئەزموون دەکەم و لەگەڵ هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو زمانەدا ئاشنام. کاتێک ئێژم: ئـــــــــــــــاخ، کزەی جەرگم! دە وەرە بە فارسی ئەم هەستەم بۆ دەربڕە، بەشێوەیەک کە کوردێک هەستی پێی بجووڵێت.

blank
مەلەکشا لەگەڵ دایکیدا فۆتۆ: فریا یوونسی

فریا: پرسیارێکی گرینگ کە هەیە، چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانە لەگەڵ بەڕێزتان. چەندە ئاگەداری ئەو بابەتانە هەی کە لەسەر ئێوە دەنووسرێت و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو دەبێتەوە. ئایا ئەوانەی گفتگۆیان لەگەڵ کردووی، چەندە دەروەست و ڕاست بوون بە نسبەت پرسیارەکانیان و ئەو وەڵامانەی ئێوە کە بە لاڕێدا بردبێتیان یان نا؟

دەبێ ڕۆژنامەنووس ئەوەندە دەروەست بێ بە کارێک کە دەیکا کە هیچ قسەیەکی ناڕاست نەنێ بە زاری ئەو کەسەوە کە خەریکە وتووێژی لەگەڵ دەکات

مەلەکشا: ئەوەی ڕاستی بێ، هەروا کە پێشتریش باسم کرد، تەنیا لە ڕێگەی دۆستانەوە ئاگەدار دەکرێمەوە و زۆرجار لینک یا خود وێنەی ئەو بابەتانەی لە سەر شیعرەکانی من نووسراون، بە دەستم دەگات. هەڵبەت لە بواری وتار و شیکاریی شیعرەکانەوە کە ئەوە من نابێ هیچ بڵێم. چونکە مافی ئەو توێژەرەیە کە خۆی چۆنی پێ زانستی و پسپۆڕانە بێ، لەسەر بابەتێک بدوێت و بە پێی ئەو خوێندنەوەی کە لەو بابەتە هەیەتی، شیکاری و توێژینەوەی خۆی پێشکەش بکات. بۆ نموونە هەر لەو ژمارەی گۆڤاری “شی”ـدا کە ئێوە خوێندنەوەیەکتان لەسەر شیعرەکانی من و دنیای نووسینم، دانابوو و بە قەڵەمی هاوڕێی لاو “ئەنوەری عەڕەب” نووسرابوو. بە گشتی شیکارییەکی خراپ نییە، بەڵام لە زۆر جێگەدا بێ ئەوەی ئەو جۆرە کە شیاوە بچێتە نێو ناخی ڕاستەقینەی شیعرەکانەوە، باسی ئەوە بۆ خوێنەر دەکا کە دنیای شیعری من، دنیایەکی تاریک و نائومێدانەیە. لە حاڵێکدا ئەوە بە ڕای من خوێندنەوەیەکی دروست نییە. ئەمە من خۆم نابێ باسی بکەم، بەڵام پێویستە خوێنەر ئەوە بزانێت کە ئەو بیرۆکەیە دروست نییە. چونکە لە شیعرەکانی مندا، تەنانەت لەوانەدا کە بۆنی خەم و کەسەرییەکی قووڵی لێدێ، ئومید بەرق دەداتەوە و بە ئاشکرا دەدرەوشێتەوە. هەرچەن پێم وابێ خوێنەر خۆی ئەمە بزانێ و پێویست بەوە نەکا ڕوون کردنەوەی بۆ بدرێت. چونکە هەروا کە وتم بۆ ئەو وتار و لێکۆڵینەوانەی کە لەسەر شیعرەکانی من نووسراون و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو بوونەوە، پێویست ناکا من دەخالەت لە هیچ خاڵێکیدا بکەم. بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر گفتگۆ و وت‌ووێژ، ئیتر جیاواز دەبێتەوە. دەبێ ڕۆژنامەنووس ئەوەندە دەروەست بێ بە کارێک کە دەیکا کە هیچ قسەیەکی ناڕاست نەنێ بە زاری ئەو کەسەوە کە خەریکە وتووێژی لەگەڵ دەکات. زۆر جار ئەو شتە بۆ من پێش هاتووە کە بە داخەوە بووەتە هۆی ناڕاحەتی و دڵئێشانم. بۆ نموونە لەم دواییانەدا لەلایەن دۆستێکمەوە ئاگەدار کرامەوە کە لە ڕۆژنامەی هەولێردا بابەتێک وەکوو ناساندنی من بڵاو بووەتەوە کە گوایە لەوێدا باس لەوە کراوە کە شاملوو لە سەر شیعری من قسەی کردووە و وتوویەتی شیعری من و شەفیعی کەدکەنی وەکوو یەک وان و… هەندێک قسەی زۆر نابەجێی دیکە کە بەڕاستی بۆ من زۆر جێی داخە ئەو قسانە بە بێ ئەوەی هیچ تەعەهود و ڕاستییەک لە خۆ بگرن و پڕن لە درۆ و ناڕاستی، لە ڕۆژنامەیەکی کوردیدا بڵاو دەبنەوە. یان لە زۆر وت‌ووێژی دیکەدا کە لە خۆڕا هەندێک قسەی ناڕاست و درۆ نراوە بە دەمی منەوە. لە حاڵێکدا من هەمیشە وتوومە کە ئەوانە گشتی درۆن و شاملوو هەرگیز لە هیچ شوێنێک باسی منی نەکردووە. تەنیا ئەو باسە نەبێ کە خۆم جاری تر ئاماژەم پێکردووە و وتوومە کاتێک شیعرم لە حوزووری شاملوودا خوێندەوە، زۆر بە ناخۆشی و تووڕەییەوە باسی شیعرەکەمی کرد و وتی دەورەی ئەو شیعرانە ئیتر بەسەر چووە. ئیتر من نازانم ئەمە لە کوێ شاملوو شتی وای دەربارەی من وتووە، خۆم نەمزانیوە؟ بە دڵنیاییەوە من باوەڕم وایە شاعیر کەسایەتییەک نییە کە بە تەئید و تاریفی شاعیرێکی دیکە ببێتە شاعیر و بەرز ببێتەوە. شاعیر لە ڕێگەی شیعرەکانییەوە پەیوەندەی دەکا بە دڵی کۆمەڵگەی خۆیەوە و تەنیا شیعرە دەبێتە هۆی سەنگینی و سووکی شاعیرێک. هیوادارم ڕۆژێک ڕۆژنامەوانیش لە لای ئێمە بەو ئاستە پڕۆفێشناڵە بگات کە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان هەراسی ئەوەیان نەبێ لەگەڵ گۆڤار و ڕۆژنامە، دانیشتن بکەن و نەترسن لەوەی قسەکانیان تەحریف دەکرێت و بەلاڕیدا دەبردرێ. کە ئەوە بە دڵنیاییەوە لە سەر کەسایەتی ڕاستەقینەی ئەو شاعیر و هونەرمەندانە کاریگەریی خراپی دەبێت و نابێ ڕۆژنامەکان ئیجازە بدەن بۆ بازاڕگەرمیی خۆیان، هەموو چەشنە درۆ و ناڕاستییەک لەسەر ژیانی کەسایەتییە ئەدەبی و هونەرییەکان، بگاتە دەست کۆمەڵگە و ببێتە هۆی ڕووخانیان.

فریا: شتێک کە ئیمڕۆ بە ڕاستی لە نێو کۆمەڵگەی شاعیران و نووسەرانی ئێمەدا، بە شێوەیەکی زۆر ئازاربەخشانە هەست بە نەبوونی دەکەین، دەروەست بوونی نووسەرانمانە. ئەو جۆرەی کە من ئاگەداری ئەو بابەتە هەم، هەر ئیستا لە ڕۆژهەڵات زیاتر لە پێنج‌هەزار نووسەر و شاعیرمان هەیە کە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، دەبیندرێن و تەنانەت زۆرینەی ئەمانە چەندەها کتێبی بڵاوکراویان هەیە. بەڵام دەبینین هێشتا ڕێژەی چاپی کتێبی نووسەرێکی کورد لە ٥٠٠ دانە و هەزار دانەدایە، کە ئەمە ئاماژەیەکی تاڵە بەوەی کە تەنانەت شاعیران و نووسەرانی ئێمە، ئامادە نین کتێبی یەکترین بکڕن و بەو جۆرە پشتیوانی لە خۆیان و لەو کۆمەڵگەی کە هەمیشە لە لایەن چاوچنۆکانەوە، حەز بە نەمانی دەکرێ، بکەن. لەوە گرینگتریش ئەوەیە لە تەنگانەکاندا کە دەبینین کێشەیەکی جددی بۆ کۆمەڵگە دێتە پێش، وەکوو کوشتنی کۆڵبەران، یا خود زۆرێک لەو پڕۆسە جەرگبڕانەی کە ساڵانە بەسەرماندا دێن، یەک نووسەر و هونەرمەندی کورد –تەنانەت لە کاناڵە تاکەکەسییەکانی خۆشیاندا لە فەیسبووک و ئینستاگرام و تێلێگرام و…- متەقیان لێ نایەت. پێنج هەزار بێدەنگی… ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە وەڵاتانی دیکە –زۆر دوور نەچین، تەنانەت- لە نێو هەر ئەم کۆمەڵگەیەی فارسی پەنادەستی خۆماندا، لە هەر کێشەیەکی ورد و درشتی کۆمەڵگەدا، هەست بە سێبەری قورسی نووسەران و هونەرمەندان دەکەین و زۆر جار دەبینین دەسەڵات لە ترسی لایەنگرییەکانی ئەوان لە مژارە کۆمەڵایەتییەکاندا و لەو زوڵمانەی لە کۆمەڵگەیان دەکرێ، دەکشێتەوە و ناوێرێ چیدی درێژە بەو باس و خواسە بدات. پێم خۆشە بیر و ڕای بەڕێزتان لەسەر ئەم نەبوونی تەعەهوود و دەروەست بوونەی نووسەران و هونەرمەندانی کورد بزانم.

مەلەکشا: بە داخەوە ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورە و ڕیشەدارە و پێم وانەبێ چیتر بە قسە کردن و بەرباس دانەوەی، چارەسەری بکرێ. من پێم خۆشە لەسەر ئەم بابەتە بە وردی قسە بکەم و هەموو هۆکارەکان و خەسارەکانی ئەم خاڵە گرینگە بخەمە بەرباس. بەڵام هەروا کە دەزانن ناکرێ. هەر ئەو نەبوونی تەعەهوودە کارێکی کردووە کە ئەو چەند کەسەش لەنێو شاعیران و نووسەراندا کە دەتوانن و دەیانەوێ قسە بکەن، نەوێرن بە عامی ئاشکرا پشتگیری لە کۆمەڵگاکەیان بکەن. ئەگەرچی من هەر بە شیعرەکانم، هەمیشە دەرەوەست بوونی خۆمم نیشان داوە و بە زمانی وشە بە کۆمەڵگاکەمم وتووە کە لەگەڵتاندام، بەڵام… –هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و بێدەنگ دەبێت. وەها کە ئیتر مافی ئەوە بە خۆم نادەم لەوە زیاتر درێژە بەو باسە بدەم-.

ئەدەبیات نەک تەنیا نەیتوانیوە من بژیەنێت و بژیوی ڕۆژانەی ژیانم تەئمین بکات، بەڵکوو زیاتر منیشی بە قوڕدا بردووە و هەمیشە ئەوە من بووم بۆ ئەوم خەرج کردووە و لە هەموو حەز و تاسەکانم گوزەراوم، ئەو هیچی بۆ من نەکردووە تا ئیستا

فریا: پرسیارێک کە ڕەنگە زۆر بە کەمی لە نووسەرێک کرابێت لە بواری ماددیی ئەدەبیاتەوەیە و ئەویش ئەوەیە ئایا ئەدەبیات چەندە توانیوێتی بژیوی ڕۆژانەت تەئمین بکات و بتژیەنێت؟ 

مەلەکشا: هیچ. بە داخەوە ئەدەبیات نەک تەنیا نەیتوانیوە من بژیەنێت و بژیوی ڕۆژانەی ژیانم تەئمین بکات، بەڵکوو زیاتر منیشی بە قوڕدا بردووە و هەمیشە ئەوە من بووم بۆ ئەوم خەرج کردووە و لە هەموو حەز و تاسەکانم گوزەراوم، ئەو هیچی بۆ من نەکردووە تا ئیستا…

فریا: ئایا پێت وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان، ئەدەبیات چیتر بەم شێوە لەگەڵ ڕۆڵەکانی خۆی مامەڵەیەکی وا دڵڕەقانە نەکات و ڕۆژگارێک بێت کە نووسەران و شاعیرانی ئێمەش لە ڕێگەی کتێبەکانیانەوە بژین و کاری چاپ و پەخشی کتێب لە نێو ئێمەشدا وەها پڕۆفێشناڵ ببێتەوە کە چیتر پێویست بەوە نەکا نووسەرانمان لە لایەکەوە بە شوێن بژیوی ڕۆژانەی ژیانیاندا عەوداڵ بن و لەلایەکی دیکەشەوە لە خەمی نووسین و تەواو کردنی بەرهەمەکانیان و چاپ و بڵاوکردنەوەیاندا بن؟

مەلەکشا: نا. پێم وا نەبێ ئەو شتە هەرگیز ڕووبدات. یان لانیکەم بەم زووانە ڕووبدات. هەڵبەت ئەوە نیشانەی بەدبینی من نییە، بەڵکوو من ئەوەی وەکوو ڕووی ڕاستیی باسەکە دیومە و ئەزموونم کردووە، دەیخەمە بەردەست. ڕەنگە لە ئەورووپا، لە ئەمریکا، ئەو شتە بۆ نووسەرێکی ئێمە تا ئاستێک ڕووبدات –کە دەبینین بۆ نووسەرانی خۆیان لە ئاستێکی زۆر باڵادا، ئەو بابەتە بایەخی خۆی پەیدا کردووە و چیتر نووسەرانیان ناچار نین بۆ پەیدا کردنی بژیوی ڕۆژانەی ژیانیان، لە سەر نووسینەکانیان بوێستن و ماوە ماوە لێی دابڕێن- چونکە ئەوان ئیتر بە پێی ئەو گشتە تەمرینی ڕۆشنبیرییە کە کردوویانە و خۆیان لە بواری کلتووری و هونەرییەوە بەهێز و پتەو کردووەتەوە، بوونی نووسەر و ئەدەبیات بۆ کۆمەڵگا بە زەروورەتێکی زۆر جددی دەزانن و هەر خەڵکەکە خۆی –تەنانەت بە کڕین و خوێندنەوەی کتێبیش بووبێ- ناهێڵن نووسەرانیان پەکیان بکەوێت. هەر بەو هۆیەشە کە ڕێژەی چاپ و فڕۆشی کتێب لەوێ هەزار ئەوەندەی لای ئێمەیە. بەڵام لە وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا –بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە تێیدا هیچ دەنگێکی دیموکڕاسی نییە- هەموو نووسەران و هونەرمەندانی بە خراپترین شێوە دەژین و دەمرن و هیچ ڕێزێک لە بەرهەمەکانیان ناگیرێت و تەنانەت ڕێژەی چاپ و فڕۆشی کتێبەکانیشیان –بە زۆرەملێ- خۆی دەگەیەنێتە ٥٠٠ دانە و هەزار دانە کە بە داخەوە خەرجی چاپەکەشی دەرناهێنێتەوە. لێرە هیچ شاعیر و نووسەرێک نابینی بارودۆخێکی باشی هەبێ.

من لە شاعیر بوون پەشیمان نیم. هەر نووسەر و شاعیرێک بە بڕوای من خوداخالەقە، واتە نووسەران خالەق و ئەفرێنەری دنیایەکن کە خۆیان بە جوانی دەزانن و حەز دەکەن هەموو خەڵک لەو جوانییە بەشدار بێت. نووسەران چیها جیهانی جیاواز دروست دەکەن و مرۆڤانێکی جیاواز لەم مرۆڤانەی لە دەوروبەرمان هەن دەخوڵقێنن، ڕێک وەک خودا حاکمن بە سەر ژیانی ئەو مرۆڤانە و ئەو جیهانەدا کە دەیخوڵقێنن.

فریا: وەکوو دواهەمین پرسیار: ئەگەر جارێکی دیکە لە دایک ببیتەوە، ئامادەی دیسان ببیتە شاعیر؟ پێت خۆشە ئەگەر وابوو، بە چ زمانێک لە دایک ببیتەوە و ببیتە شاعیری چ زمانێک؟ مەلەکشا: (بە پێکەنینێکی تاڵەوە) ئەرێ و نا. بێگومان، ئەگەر جارێکی دیکە لە دایک ببمەوە پێم خۆشە ببمە شاعیر بەڵام نەک شاعیرێک کە شیعر دەنووسێ. من لە شاعیر بوون پەشیمان نیم. هەر نووسەر و شاعیرێک بە بڕوای من خوداخالەقە، واتە نووسەران خالەق و ئەفرێنەری دنیایەکن کە خۆیان بە جوانی دەزانن و حەز دەکەن هەموو خەڵک لەو جوانییە بەشدار بێت. نووسەران چیها جیهانی جیاواز دروست دەکەن و مرۆڤانێکی جیاواز لەم مرۆڤانەی لە دەوروبەرمان هەن دەخوڵقێنن، ڕێک وەک خودا حاکمن بە سەر ژیانی ئەو مرۆڤانە و ئەو جیهانەدا کە دەیخوڵقێنن. وەک خودا بە مەیلی خۆی، دەیانژیەنێ، دەیانکووژێ، چیی پێ خۆش بێ لەگەڵیان دەیکا. ئەمە چێژێکی کەم نییە و پێم وانەبێ هەرگیز بتوانم دەستبەرداری ئەم چێژە بم. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ هەموو خواست و حەزی من ئەوەیە کە ئەگەر جارێکی دیکە لە دایک بوومەوە، لە ڕێگەی شیعر نووسینەوە ژیان نەکەم. بەڵکوو حەزم لە کشتوکاڵە و خۆزگەم دەخواست لە گوندێک لە دایک ببمەوە کە هەر لە منداڵییەوە خەریکی کشتوکاڵ بم، بەڵام بە ڕۆحێکی شاعیرانەوە. هەر بەم ڕۆحەوە کە ئیستا خەریکی نووسین و خوڵقاندنم. چونکە هەروا کە پێشتر باسم کرد شاعیر بوون ژیانی منی بە قوڕدا بردەخوار و هەرگیز هیچ خزمەتێکی ئابووریی بە من نەکرد. بەڵکوو ئەوەشی کە بووم لێ سەندم و لە ڕێگەی ئەدەب و شیعر و کتێبدا، پێی خەرج کردم. بۆیە پێم خۆش نییە ببمەوە بە شاعیر، بەڵام ئاواتم ئەوەیە ئەگەر جارێکی دیکە ئەو هەلەم بۆ بڕەخسێ، کشاوەرزێکی شاعیر بم و شاعیرانە ژیان بکەم.