مێش

لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد

لە قەد دار بییەکدا هەڵنیشت

ئەیڕوانییە دیمەنێکی شەڕی (کرێسی)،

قیژە و هاوار و،

هەناسەبڕکێ و،

نرکە و ناڵە و،

پلیشانەوە و ساتمەدان.

لە کاتی چواردەهەمین هێرشی

سوارە فڕەنسییەکاندا

ئەو لەگەڵ مێشێکی نێرینەی چاو قاوەییدا زاوزێی کرد

کە لە (ڤادینکۆرت)ەوەهاتبوو.

کاتێ لەسەر ئەسپێکی ڕیخۆڵە دەرهاتوودا هەڵنیشت

قاچەکانی لەیەك خشاند و

بیری لە نەمریی مێشەکان کردەوە

بە ئاسوودەییەوە لەسەر

زمانی شینی

دۆقی (کلێرڤۆ) نیشتەوە.

کاتێ بێدەنگی ئەو ناوەی گرتەوە و

تەنیا چرپەی بۆگەنیو

بە دەوری لاشەکاندا ئەخولایەوە

تەنیا هەندێ دەستوقاچ

لەژێر درەختەکاندا

هێشتا تەکانیان ئەدا،

گەراکانی

لەسەر تەنیا چاوەکەی

(یۆهان ئوور)ی چەخماخسازی پاشا

خستەوە.

ئا لەم کاتەدا

باڵندەیەکی تیژڕەو

کە لە ئاگری شارۆچکەی (ئێستری) هەڵاتبوو

قووتیدا و خواردی.

سەرچاوە:

Miroslav Holub, Poems Before and After, Collected English Translations, Translations by Ian & Jarmila Milner et al, Bloodaxe Books, Newcastle upon Tyne, 1990

photo_٢٠٢٠-١١-٢٠_٠٨-٣٦-١٧

سەرنجێک بنوسن