کێ سالە شێتی کوشت؟

گێڕانەوەیەکی نیمچە بێکۆتا لە جوگرافیای گێڕانەوەی کوردیدا

«مەنووسن؛ بە نووسین دەچنە نێو دنیایەکی پڕ لە نەهامەتی و تەنهاییەوە، هەروەها جۆرێکیش لە خۆشاردنەوە لە دنیا.. کردەی نووسین وەک ئەوە وایە لە گروپێکی ئایینییەوە فەرمان وەربگریت.. بە کورتی و پوختی نووسین دەردە…!؟»

پۆڵ ئۆستەر

ڕۆمانی (کێ سالەشێتی کوشت؟) دوو بەرگ، د. عەلی کەریم. چاپی یەکەم ٢٠١٩

عەلی کەریم دانەری ڕۆمانی ‘کێ سالە شێتی کوشت’، لە دواییەکانی تەمەنیدا بە قەولی پۆڵ ئۆستەر دەچێتە نێو دنیا پڕ لە نەهامەتی و دەردئامێزەکەی نووسینەوە و لە پەنجاونۆ ساڵیدا لە مۆسکۆ دەبێتە هاوڕێی عومەر بابەکر سەلیم و هەر ئەویش لە پێشەکی بەرگی یەکەمی ڕۆمانەکەدا نووسیویەتی:

«بە هۆی تامەزرۆیم لە خوێندنەوەی کوردی و کۆڕی شیعری لەو کاتانەدا باسەکان هێنایانە سەر ڕۆمانەکەی دکتۆر عەلی و پێیوتم کە بێتاقەتی شتێکی نووسیوە و حەز دەکات بیخوێنمەوە و بزانم چۆنە، هەر لەم خاڵەوە تا ٢٠١١ ئەگەر بڵێم ئەم ڕۆمانە زیاتر لە ٣٠ جار نووسراوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لەلایەن خودی دکتۆر عەلی’یەوە و بۆ خۆشم دەیان جار تۆماری دەنگیم بۆ کردووە تا لە ڕستەکان و دەربڕینەکان دڵنیاببمەوە و دەربڕینەکان سادە و بێکێشە بن. هەر کاتێک تێبینییەکم دەدایە، ئەو نەدەهات ئەو خاڵە ڕاست بکاتەوە یان بیگۆڕێت، بەڵکوو لە سەرەتاوە ڕۆمانەکەی دەنووسییەوە، تا هەستم پێکرد، ئیتر وازم لە تێبینییەکان هێنا و تا تەواوی نەکرد پێیدا نەچوومەوە و تەنها وشە عەرەبییەکانم کە هەندێک جار هەبوون، لە ڕستەکاندا دەگۆڕینەوە بە وشە کوردییەکان».

جێگەی ئاماژە پێدانیشە، کە نامەیەکی عەلی کەمال بۆ عومەر بابەکر سەلیم، لە پێشەکی بەرگی یەکەمدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: «یەکەم.. باسی کوشتنی سالە شێت؛ لە کۆتایی بەرگی دووهەمدا تەواو دەبێت.. لە بەرگی سێهەمدا سالە لە ئاسمانە و بووە بە مەلائیکەت لە بەهەشت، لە هەموو تەنگ و چەڵەمەیەکدا ڕۆحی سالە پەیا ئەبێت، بۆ یارمەتی دانیشتوانی سلێمانی…. کاک عومەر، بڕوام پێبکە بەرگی سێهەم ئەمەندە بەرزە خۆم سەرم لێدەرناچێ، چۆن شتی وا خۆش و پڕ لە نوکتە و پێکەنینم بە خەیاڵدا هاتووە.»

لەم سەرەتایەوە، ئەگەر منی نووسەری ئەم کورتە خوێندنەوەیەش شتێکی ئەوتۆ نەدرکێنم؛ ئەوە خوێنەری زیرەک دەتوانێت هێدی هێدی لە پەنهان و نهێنی کۆدەکانی ئەم دانەرە و هاوڕێکەی بگات و کەمێک لە ماجەراکانی پشت کەوالیسی کردەی گێڕانەوەی “کێ سالە شێتی کوشت” حاڵی ببێت!؟

هەروەها دەشێت خوێنەر، چەندین پرسیاری تریشی لا دروست ببێت و ئیدی ئەوەی ئێمەش لێرەدا مەبەستمانە وەک خوێنەرێکی ئەم گێڕانەوە تولانییە، ورووژاندنی چەشنە پرسیارێکە؛ دووربێت لە شارچێتی و بەرزکردنەوە و پێداهەڵدانی کوێرانە، یان لێدان و دژایەتی کردنێکی بێمانا.

blank
د. عەلی کەریم (١٩٣٥-٢٠١٧) نووسەری ڕۆمانی کێ سالەشێتی کوشت؟

حەقیقەتی ئەم گێڕانەوەیە؛ دواجار قابیل بە هەموو جۆرە خوێندنەوە و تێڕوانین و بگرە و بەردە و قووڵ بوونەوە و گرتنەخۆ و ڕەتکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم چەمکە ئەبستمۆلۆژیی و تەفکیکییەکانە. سەرباری پێویست بوون بە هەڵسەنگاندێکی جدی و کاریگەر، چونکە ناکرێت ماندووبوون و هەوڵدانی بەردەوامی دانەرەکەی لە دواییەکانی تەمەنیدا بە هەند وەرنەگیرێت و زۆر بە وردی لەوە تێنەگەین بۆ ئەم پیاوە، لەو کاتەوە کە دەزانێت کەسێک گوێگریەتی یان با بڵیین خوێنەرێتی، بە فیعلی هەوڵی نووسینەوەی گێڕانەوەیەکی نیمچەبێکۆتا دەدات وەک عومەر بابەکر سەلیم-ی هاوڕێی ئاماژەی پێدەدات:

«هەر کاتێک تێبینییەکم دەدایە، ئەو نەدەهات ئەو خاڵە ڕاست بکاتەوە یان بیگۆڕێت، بەڵکوو لە سەرەتاوە ڕۆمانەکەی دەنووسییەوە، تا هەستم پێکرد، ئیتر وازم لە تێبینییەکان هێنا و تا تەواوی نەکرد پێیدا نەچوومەوە و…»

کەواتە دانەر لە تەمەنێکدا کە زۆرێک لە خەڵکی لەو تەمەندا، تووشی لەبیرچوونەوە و ئەزهایمەر دەبن، کەچی ئەم بە پێچەوانەوە لە بەرزترین ئاستی گەنجێتی یادەوەرییەکانیدا بووە و بە زیادەوە هەموو ئەوەی ساڵانێک لە زاکیرەی خۆیدا پاراستوونی؛ لەمیانی گێڕانەوەی بەسەرهات و ڕووداوەکاندا هەڵیڕشتوون!؟ بەڵام ئاخۆ ئەم هەڵڕشتنە، لەو جۆرە تێکستانەی هێناوەتە بوون کە تەنها لە قاڵبێکدا ڕادەوەستن؛ ئیتر ناشێت دەستکاریان بکەیت و دەبێت لەو فۆرمەدا پارێزراو بن و گونجاو نییە بە شێوەیەکی تر ئەندێشەیان بکەیت.. یان پێچەوانەکەیەتی و ئاشکراشە هەر لە پێشەکی ڕۆمانەکەوە دیارە کە پێچەوانەکەیەتی!؟ 

دەکرێت ئەم ڕۆمانە وەک تێکستێکی دەرەوەی گێڕانەوەی تا ئێستا بڵاوکراوەی نێو ئەدەبیاتی کوردی بخوێنرێتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان، لە جۆری چەشنی تەنز و گاڵتەوگەپ و قۆشمەچێتییەکی هاوشێوەی ‘ڕشتەی مرواری’ و  ‘قووتووی عەتار’ و زۆرێک لە شیعرەکانی ‘شێخ ڕەزا’ و کۆمەڵێک لە نوکتە و قسەوباسە نووسراو و نەنووسراوە سێکسییەکانە.. وەک پۆلێنکردنیش هەن ئەم جۆرە تێسکتانە دەخەنە نێو کایەی ئەدەبیاتی میللییەوە؛ ئەگەر دروست بێت وای ناو بنرێت یان…؟

پۆڵ ئۆستەر دەڵێت کەمجار خۆم وەک نۆڤێللانووس دێتە پێشچاو و زیاتر خۆم بە گێڕەڕەوەی حیکایەتەکان و خۆم بە حیکایەتخوان دەزانم!؟

دەشێت بە سانایی لەم تێڕوانینەی پۆڵ ئۆستەر-ەوە بگەینە گرنگی و بەرزی توانستی گێڕانەوە و بوون بە گێڕەڕەوە، کەواتە ناوهێنانی ئەم تێکست و ئەو تێکست بە هەر ناوبراوێک،    لە کورتە نێرەیتیڤ Narrative –سەرد- ەوە تا نۆڤێڵ و نۆڤێللا و ڕۆمان.. هیچ نین، ئەگەر توانای گێڕانەوە و ڕاکێشانی خوێنەر نەگاتە پلەیەکی باڵا، ئەلحەقی ئەمەش بە تەواویی و بە تایبەتیش لەبەرگی یەکەمی کێ سالە شێتی کوشت-دا، بە ئاشکرا زاڵە و دەزانیت، گێڕەڕەوەکەی بە فیترەت گێڕەڕەوەیە و ئیدی ئامادەیە هەموو کەرستەکانی جەزبکردنی خوێنەر بەکار بهێنێت، ئەگەر بەمەش زمان بهێنێتەوە ئاست زمانی بازاڕ و لگاوخانە و مەلها و گوزەری نێربازان و چەقۆکێشەکان و خوێڕی و نامەرد و ناکەس بەچەکانیش.. بەم ئاماژەیەشمان؛ نە مەبەستمانە ئەم دوو بەرگی ڕۆمانە حەوا بدەین و نە گەرەکیشمانە لە هەڵدێر هەڵیدەینە خوارەوە!؟ بەڵکو دەشێت بڵێین ئەوەی عەلی کەریم کردوویەتی، وەک نووسەرێکی دەرەوەی نووسەرە پرۆفیشناڵ و تەقلیدییەکان، بە تەواویی نووسینەوەیە بە زمانی خەڵکی ئاسایی ڕەشۆک و نەخوێندەوار و سادە و ساکارەوە، بە ڕیتمی “ڕشتەی مرواری” و هاوچەشنەکانی کە بەمەش بە ناچاری لە زۆربەی جومگەکانی ڕۆمانەکەدا لەپێناو نەدۆڕاندنی ئاستی بازاڕێتی ئاخافتن و دیالۆگەکاندا، قوربانی بە تەکنیک و بەهای ڕۆمانەکەی داوە.. چونکە هەر لەسەرەتاوە مەبەستی نووسەر خستنە پێکەنینی خوێنەر-ەو وەک لە پێشەکییە ئاماژە پێدراوەکەماندا هاتووە:

«کاک عومەر، بڕوام پێبکە بەرگی سێهەم ئەمەندە بەرزە خۆم سەرم لێدەرناچێ، چۆن وا شتی خۆش و پڕ لەنوکتەو پێکەنینم بەخەیاڵدا هاتووە.»

باشە ڕەنگە یەکێک بپرسێت؟ ئەی ناشێت ئێمەش ڕۆمانی هەزەلی و کۆمێدی هاوشێوەی گێڕانەوە میللیەکانی هەندێک لە میللەتانمان هەبێت!؟ بێگومان دنیای نووسین فراوان و دەرکەی نووسینیش واڵایە. ئەم زاتە دانەرە، لە کاتی نووسینەوەی ڕۆمانەکەیدا و بە هەڵهێنجان لە بینینی فیلم و خوێندنەوەی گێڕانەوە پۆلیسییەکانی سەردەمانی گەنجێتی خۆی؛ هەر لە شێڕلۆک هۆڵمزەوە بۆ ئەجاسا کریستی و ئەوانەی تر، بە تایبەتیش ماجەرەکانی شێڕڵۆک هۆڵمزی نووسەری ئۆسکۆتلەندی ئارسەر کۆنان دوێل کە بە ئاشکرا و شاراوە، بە شێوازێکی تر و ئیشپێکردنێکی خۆماڵییەوە هێناویەتە نێو ڕۆمانەکەیەوە و هەرچەندە مەبەستی ئێمە لێرەدا ئەوە نییە کە بڵێین ئەم جۆرە ئەدەبە کەمایەسییە لەچاو ژانرەکانی دیکەی دنیای گێڕانەوە و نووسینی کورتە نەرەیتیڤ-سەرد- و نۆڤێڵ و نۆڤێللا و ڕۆماندا؟! بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە بڵێین، ساڵانێکی دوور و درێژی ئەم زاتە لە یەکێتی سۆڤێتی جاران، ئەگەر خوێنەرێکی جدی بووایە، ئەوە بێگومان دەیتوانی لە ڕێی خوێندنەوە و دیراسەکردنی هەندێک نموونەی ئەدەبیاتی تەنزئامێزی نووسەرانی ڕووسەوە، بە تایبەتیش گۆگۆڵەوە؛ هەمان بەسەرهات و سەرگوزشتەی سالە شێت و خەڵکەکانی ترمان لەنێو ئەندازەسازییەکی دیکەی تەکنیکە گێڕانەوەیەکی ئەدەبیانەی باڵادا بخاتە پێشچاو!؟ 

نووسەری ڕۆمانی ناوبراو، زۆر خۆڕسکانە و لە تەمەنێکی هەڵکشاوی نزیکە کۆتایدا، دەکەوێتە جۆرە گێڕانەوەیەکی جیاواز و جودا لەگەڵ چەشن و شێوازی گێڕانەوەی باوی ئەدەبیاتدا و لە هەمووشی گرنگتر توانای تەواویەتی لە بەکارهێنان و دروستکردنی دیالۆگی بەردەوامدا! باڵانەبوون و پتەونەبوونی دیالۆگ؛ کەموکوڕییەکی زۆربەی گێڕانەوەکانی پێشووتری ئەدەبیاتی کوردی بووە، واتە ئەدەبیاتی سەردی- نێرەیتیڤ-ی کوردی زیاتر وەسفی بووە و کەمجار توانیویەتی لەڕێی دیالۆگی لۆژیکی و جالیبەوە خوێنەر کەمەندکێش بکات. ئەم جۆرە دیالۆگەی کە نووسەر لە دوو بەرگی بەردەستی ڕۆمانەکەیدا بەکاری هێناوە، زیاتر لە سیناریۆ دەچێت و زێدەتریش هەر لەو ڕێیەوە دنیایەک بەسەرهاتی بێکۆتا و لەبن نەهاتووت بۆ دەگێڕێتەوە و ئەمەش ڕاستییەکە و ناکرێت نکووڵی لێبکرێت، ئەگەر زۆر هەڵە و کەموکوڕیش لە خۆ بگرێت، بەڵام دواجار زیندوویەتی دەق لەوەدایە قابیل بە جەدەل و بگرە و بەردە بێت، بەجیا لە پێداهەڵدان و لێدان و بەرزکردنەوەی، شتێکی تر بێت!؟

بەڕاستی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؟! بە هەموو ئەو بێزارییەی کە وەک خوێنەرێک لە خوێندنەوەیەدا ڕووبەڕووی بوومەوە، یاخود لەگەڵ زۆر دیمەن و بەسەرهاتی کاڵوکرچ و نەشاز و بێمانای تێکترنجاوی نێو ڕۆمانەکە نامۆ و تەریک مامەوە، بەڵام ناشێت توانای گێڕانەوەی نیمچە بێکۆتای دانەرەکەی نەبینین. دانەر؛ لە توخمی ئەو حیکایەتخوانانەیە، کە بە منداڵی لە بەساڵاچووەکانەوە بیستبووم، کە چۆن چۆنی لێرە و لەوێی هەندێک لە شوێنەکاندا هەبوون و تەنانەت هەندێکیان لە فڵانە قاوەخانە و فیسارە مەجلیسدا بوونی نیمچە بەردەوامیان هەبووە. ئیتر وەک بۆیان دەگێرامەوە، هەبوون ئەوەندە ڕۆچوونەتە نێو دنیای گێڕانەوەکان و هێندە بەرجەستەی کەسایەتییەکانیان کردووە، کە جار جارە گێڕانەوە و نواندنیان تێکەڵ کردووە و جار هەبووە دارعەساکەی دەستیان لێبۆتەوە شمشێر و لە کاتی وەشاندنیاندا گۆزە و شەربەئاوێکی نزیکە دەستیان شکاندووە!؟

ئێمە لێرەدا خوێنەرین و ڕەنگە بتوانین بەپێی ئەم خوێندنەوەی ئێستامان ئەمەی ئێستای لەبارەوە بڵێین و دەشێت لە خوێندنەوەکانی تریشماندا بۆ هەمان ڕۆمان ئەگەر کاتمان بۆ ڕەخسا، شتی نوێ و جیاوازتر بڵێین.. کەواتە ئەوەی خوێنەر دەیڵێت، ناشێت وەستاو بێت و وەک سوێندی خواردبێت؛ تا سەر و دوای چەندین خوێندنەوە هەر ئەوە بێت، چونکە ئەم جۆرە دەمارگیرییە لە سەپاندنی ڕا و بۆچوونێکی دیاریکراودا، دۆگمایە و هەر ئەمەشە حاڵی ئەدەبیاتی میلۆدرامییانەی کوردی. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، بۆ دەبێت لە دنیای گێڕانەوەدا، هەر ئەوانە هەبن کە هەن و هەر ئەوانەش بخوێنرێنەوە و ناویشیان وەک بەسامترین و جوانترین و گەورەترین گێڕەڕەوەی کورد بهێنرێت و چەند دام و دەزگایەکیش کار بۆ ناساندن و ڕیکلام کردن بۆ ئەو جۆرە نووسەرە پێشتر هەڵبژێردراو و دیاریکراوانە بکەن!؟

ئەوەتا عەلی کەریم ئەم نەخشەیە دەشێوێنێت و بە تەمەنێکی گەورە و لە دەرەوەی ئەم دنیای ڕیکڵام و گەورەکردنەی ئێستای واقیعی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردییەوە، دێت و بە چەشن و شێوازێکی جودا، جۆرە گێڕانەوەیەکی تر دەهێنێتە نێو دنیای ئەدەبیاتی گێڕانەوەی کوردییەوە. هەرچەند ئێمەی خوێنەر ناتوانین، هیچ زیاد و کەمێک بخەینە سەر ئەم تێکستە نووسراوە ناوبراوە.. بەڵام دەشێت هەندێک تەمەننامان هەبێت و بتوانین بڵێین خۆزگە دانەر، بە چەشنی گۆگۆڵ، بابەتێکی زۆر سانای وەک پێداویستی کاراکتەری تێکستی پاڵتۆ –ئەکاکی ئەکاکیڤیچی بۆ پاڵتۆیەک کردبایەتە بابەتێکی تەفکیکی زۆر کاریگەر…!؟

بێگومان بمانەوێت و نەمانەوێت کۆمێدیا تەڵخەکەی گۆگۆڵ، دیوەکەی ئەودیوی شتەکانمان پیشان دەدات و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری ویژدانی و ئەخلاقی زۆر کاریگەرمان دەکاتەوە، بەڵام لە ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؛ وەک نووسەرەکەشی ئاماژەی پێدەدات و بۆ خستنەپێکەنینی خوێنەرە. باشە خۆ دەشێت خوێنەر، بە خوێندنەوەی تێکستە گێڕانەوەکانی عەزیز نەسینیش پێبکەنێت.. بەڵام ئاخۆ ئەو تێکستانەی ئەو تا چەند لەکۆمەڵە جومگەیەکدا دەبنەوە بەیەکپارچە گێڕانەوەی سەرزارەکی کاڵوکرچ!؟ بێگومان نابن و هیچ زیاد و کەمییەک لەبەکار‌هێنانی وشە و دەستەواژە و دیمەن و درێژکردنەوە و یان کورتکردنەوەی گێڕانەوەکاندا نییە، گێلەپیاوەکەی عەزیز نەسین و زووربەی تێکستەکانی تریشی.. کاتێک دەتخەنە پێکەنین و وات لێدەکەن لە پێکەنیندا دەست بکەیتە گریان، پێویستیان بەوە نییە، ئەدەب دابەزێنە ئاست نوکتەبازاڕییە سێکسییەکان، یاخود زمانی نووسین پڕ بکەن لە جوێن و جۆرێک لە بە کەم زانین و سووک سەیرکردنی ئەوانی تر!؟ ڕاستە؛ گەر ئەم ڕۆمانەی‘عەلی کەریم یادەوەریی بووایە، ئەوە لەڕووی مێژووییەوە، گواستنەوەی ئەو هەموو جوێن و دزێوی و شزوز و ناشیرینییە، بەجۆرێکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بەڵام مەسەلەکە لێرەدا ناو‌هێنانی هەزارودووسەد و قسوور لاپەڕەی ئەم دوو بەرگەیە بە ڕۆمان و دیارە بەرگی سێیەمی تەواوکراو یان نەکراویش؛ درێژەی هەمان گێڕانەوەی دانەرە.

لەکۆتایی ئەم کورتە خوێندنەوە سادەیەشماندا دەڵێین؛ ئەوەی لێرەدا وتومانە، نە بۆ هێنانە خوارەوەی ئاستی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت و نە بۆ بەرزکردنەوەی بێزەمینە و لەخۆڕاشیەتی؟! یان با بڵێین، ناشێت خوێندنەوەی ڕاستەقینە و جدی بۆ هیچ کام لەم دوو مەرامە بێت؛ بەڵکو خوێندنەوە هەر ئەوەیە کە تۆی خوێنەر لەماوەیەکی دیاریکراوی خوێندنەوەی خۆتدا پێی دەگەیت و نە ڕاستە و نە هەڵەشە، نە عەلی کەریمیش لە نووسینەوەی زنجیرە گێڕانەوەکانیدا بە هەڵەدا چووە، بەڵکوو ئەوەی ئەو نووسیویەتی، جۆرە گێڕانەوەیەکی نیمچە بێکۆتای نێو جوگرافیای گێڕانەوەی کوردییە و وەک پۆڵ ئۆستەریش دەڵێت؛ ئەگەر پاڵنەرێکی توند و پتەوت بۆ نووسین نەبێت، ئەو دەم پێویست ناکات بنووسیت.

ژێدەر: کێ سالە شێتی کوشت/ ڕۆمان ٢بەرگ/ لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی وشە/٢٠١٩

Youssef Ezzeddine

The writer and novelist published the following books for him;

1-A bed of blood – narratives/aras2008

2-Just a cold day – novella/ mukriyan2008

3- Another face of unwritten tales –novella/slemani2006

4-The adventures of Persian Salman –novella/slemani2009

5-Virtual mazes of memories- novella /slemani 2009

6-Illusion and Identity – Interviews and Articles/slemani2012

7-Infarar – translation by the Amazigh language of some of my narratives / by Saeed Bulgrabi – Morocco – Al-Kabdani Publishing House-2015

8- Absolutely hangman and always the victim-

Articles, interviews, and translations/slemani-2020

9- Secret in the middle of the river- Novella and Narrative/ slemani2020