چوار شیعری ژنە شاعیری ئەمریکی ئێمیلی دیکنسن

لە ئینگلیزییەوە: هیوا قۆچاڵی

١

من کەسێ نیم! ئەی تۆ کێی؟

تۆش کەسێ نیت؟

دەی ئەوەتا ئێمە جووتێکین- بە کەس مەڵێ

دەمانتۆرێنن، خۆت دەزانی

چ دەردەسەرییە کەسێ بیت

چ بێ پەردە! چەشنی بۆقێ

تا ئێوارە ناوی خۆت بڵێیەوە! بۆ زەلکاوێکی دۆشداماو.

***

٢

سەرەتا، دڵ داوای چێژ دەکات

دواتر خۆبواردن لە ئازار و

 دواتر ئەو دنکە وردانەی

ئازار دەڕەوێننەوە

 دواتریش خەو بیباتەوە و

 دواتر، ئەگەر

پشکنەر مەیلی لە سەر بێ

ئازادانە بمرێ.

***

٣

مردن گفتوگۆیە لە نێوان

گیان و خۆڵ

مردن دەڵێ: ”بپڕژێ”

گیانیش: ”گەورەم، بەڵێنی دیکەم داوە”

مردن گومان دەبا و، دەبێتە دەمەقاڵێیان

گیان سەری خۆی هەڵدەگرێ

تەنیا وەک بەڵگەیەک

کەوای گڵینی ڕادەخا.

***

٤

هیوا ئەو شتەیە پەڕی پێوەیە

کە لە سەر گیان هەڵدەنیشێ

بێ وشە ئاوازی خۆی دەچڕێ و

هەرگیزیش دەم لێک نانێ و

شیرینترین ئاوازە لە ڕەشەبا ببیسترێت

و دەبێ ئەو زریانە دڵتەزێن بێ

کە توانی ئەو باڵندە چکۆلەیە بتۆرێنێ

کە زۆر کەسی گەرم کردبووەوە

من لە ساردترین سەرزەمین و

سەر نامۆترین دەریا دەنگیم ژنەفت

هێشتا، هەرگیز لەوپەڕی برسێتیشدا

داوای تیکە نانێکی لێ نەکردم.

photo_٢٠٢٠-١٢-١٣_١٥-٥٥-٢٤

سەرنجێک بنوسن