بەخێربێن بۆ مۆدێرنیزم

مێژوو کوێرە

ڕەنگە شیعر دروستکردنی گۆچانێک بێت

یان لە باشترین حاڵەتدا جەختکردنەوە بێت لە کوێری دونیا

وەکوو ئەوەی من کردم.

تەنها وەستاکانی وەهم بە دوای گێڕانەوەی بینایین بۆ جیهان،

ئەندێشەکردن بریتییە لە هەڵە ڕەهاکە،

جیهان جمەی دێت لە خەڵک،

بەلایەنی کەمەوە لەوەدا گرنگم

کە ئەتوانم خۆم وەک شیعرێکی نەنووسراو بژیم.

من لە هەموو شتێک تێئەگەم

بەڵام پارێزگاری لە هەست ئەکەم،

لە سەردەمی هۆشمەندیدا…

 

شتەکە سادەیە،

کە بەهاری خۆت لێ ون ئەبێت

دەست بۆ  یارمەتی زستانە دڵڕەقەکان درێژ دەکەیت.

من لە دوای تێپەربوونی خۆمەوە  بیر ئەکەمەوە،

بایەخدانەکە تەنها بۆ کاتی خۆی گرنگ بوو،

بێگومان وەک پاڵەوانێک ئەوە هەڵئەبژێرم بە تەنیا بمێنمەوە.

شوێنیک هەیە مرۆڤ دەرگا لەسەر خۆی دادەخات،

ئێستا ڕێک ئەو  شوێنەیە.

بەیانی کە ڕۆژ ئەبێتەوە هەر  هی من نییە،

ئێوارەکەشی کە بەرەبەرە  شەو دەست ئەخاتە بینەقاقای ڕۆژ

هەر  هی من نییە.

لە ڕاستیدا سەرلەبەری چیرۆکی نەبوون بەسەر مندا ساخ بۆتەوە،

  منیش بە شانازییەوە نووسیمەوە،

شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە

ئەبێت بە تەنیا و بێ هیچ کەسێک ئاگری خۆی بکاتەوە.

سوپاس بۆ  نەهاتن و  هەموو  پشت تێکردنەکانتان،

کارەکانم بەوە جوانتر بوو.

 

دەستی هاوڕێکان کورتن،

خەڵکی بۆ ڕابردووی جوان دەگرین،

من هێشتا خەونێکی تەنیام،

لە تەماشاکردنی داهاتوویەکی ئارامدا دەمرم،

حەز ئەکەم ئیتر بایەخ بە خۆم بدەم،

حەزم  لە دەنگی تۆیە،

من نەفرەتی ئەوانی تر بە قازانجی خۆم دەزانم…

بیری ئەو جۆرە هەستانە ئەکەم قەت دەرم نەبڕیون لە خۆمدا و

ئێستا دەریانئەبڕم.

بەلام من نامەوێت تێبگەم و

ڕەنگە حەزم چووبێتە سەر  ئاسنی ساردکوتین..

من بە باوەشێکی گەورەی خاڵییەوە لێرەم،

لە کۆتاییدا ڕەنگە ئەوە بەس لە خۆم جوان بێت

بە دەستی بە تاڵ بگەڕێمەوە…

من بە تەنیا دەستم پێکرد،

بە تەنیاش کۆتایی بە چیرۆکەکە دە‌‌‌هێنم…

من لە خۆم کۆچم کردووە

واتە ئاوارەیەکم لە خودی خۆم…

نەک هەر دەرگا داخستنێکم پێویستە لەسەر خۆم،

تەنانەت لەسەر ئەوانی تریش.

 

من ئیتر ئەڕۆمەوە ماڵەوە،

بە دڵنیاییەوە لە دەرەوە

شکستی زیاتر لە خۆم کۆ ناکەمەوە…

چۆڵ و هۆڵییەکەی خۆم نانێمەوە بە نیازی کەسێک بێت،

نە من کەسم نە کەسێک دێت نە کەسێک ماوە…

جیهان جمەی دێت لە خەڵک،

چی لێ بکەم؟

  خۆ من شۆڕشگێڕ نیم

داو بۆ مێژوو بنێمەوە.

من بۆ چارەنووسی خۆم دەگەڕێم

ئێستە جیهان داخراوە،

زۆر نییە هەواڵەکەیان پێڕاگەیاندم،

لە داڵغە درێژەکەی خۆم دێمە دەرەوە وەک شاعیرێک،

بە ڕاکردن ئەڕۆمەوە ماڵەوە

خەو بە باوشێکی ترەوە ئەبینم،

من نازانم دەبێت چۆن بژیم،

یان بۆچی بژیم،

چونکە هەم ڕێگاکەم لێ ونبوو

هەم ئامانجەکە.

من وەک شاعیرێک بەمە دەڵیم؛ ئەیگوزەرێنم.

لەوانەیە بە بەردەوامی تۆم خۆشبوێت،

لەوانەشە وا نەبێت…

هەڵەیەک لە هەموو خەمڵاندنە هەمیشەییەکاندا هەیە

ژیان داوای کاتی کردنەوەمان لێ دەکات…

 

کەس حەز بە گوێگرتن لە قسەکانی من ناکات

لەوانەیە قسەکانم هەڵەیەکی تیابێت

من ئەزانم قسەکردنەکانی من بێزراون

بەڵام قسەکردنەکانی ئێوەش بێزراون و دووبارەن بۆ من

کەواتە ڕێککەوتین کەسمان قسە ناکەین

ئەگەرچی ئەزانم ئێوە لە قسەکردنەکانی خۆتان بەردەوام ئەبن

من قسەکردنێکی بێ شومارم نووسییەوە

بە هۆی عەقڵ پێنەشکانەوە.

 

ئیتر  کاتی ئەوەیە

زمان بۆ بێدەنگی و نەگوتن بگێڕمەوە…

شۆڕش ڕێک بریتییە لە لەکارخستنی زمان…

لەناو شیعردا گونجاو نییە بە شێوەیەکی فەلسەفی ئەوە ڕوون بکەمەوە،

 بەڵام ڕوونیشم کردەوە.

یەکێک لەو وشانەی

لە ڕووی زمانەوانییەوە حەز بە بیستنی ناکەم ڕێگایە

چونکە من حەواڵەی ماڵەوە کراوم لە جیهانیكی پڕ لە ڕێگادا

هەموو هێزی من لە ماڵەوە بوونە

گرنگ نییە لە ماڵەوە بوونی من تەریقتان ئەکاتەوە یان نا

دەرەوە بۆ ئێوە

ئیتر بێدەنگی بانگ ئەکەم

 ڕەنگە پێویستیم کەوتبێتە قسەکردن لەگەڵ خۆم

هەموو ئەوانە ڕۆشتن

وایان پیشان ئەدا، ئەمێننەوە.

لە شوێنێکی ترم،

من لەناو سەرگەردانترین شوێندام کە ناوی زمانە

ئیتر بە دوامدا مەگەڕێ

ئارەزووەکەی جاران نەما بۆ قسەکردن

ئەوەش چاوەڕوانکراو بوو.

باشتر

حەز ئەکەم باسی زمان بکەم

لەو شوێنەدا کە توانای خۆ دەربڕینی نییە

من ژیانیکم لە نەژیانی ئێوە هەڵهاتووم

بەخێربێن بۆ مۆدێرنیزم

واتە ئەو کاتەی مرۆڤ ئەدۆزرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا بە دیل ئەگیرێت.

جانیوەری ٢٠٢١

ڕامیار مەحمود، فۆتۆ: ڕامیار محەمەد
photo_٢٠٢١-٠١-٠٢_٢٢-٣٦-٠٨

سەرنجێک بنوسن