ناوی مردووەکە سەلیمە

لە تورکییەوە: ئازاد ئەسوەد

چواردە سەعات، بە بیستوپێنج قرووش هەڵی نەکرد

وتی پەنجا قرووش و دە سەعات

کرێکارەکانی دیش هەمان بیریان هەبوو

ئەڵبەت بیرێکی قووڵ و فەلسەفی نییە

بەڵام بیرێکی ترسناکە

لەبەر ئەوە، کوڕە بوڵگارییەکە و حیکمەت

خێرا ئەم هەواڵەیان گەیاندە پۆلیس

پۆلیس یەکسەر حەپسی کردن

دە کەسیان بردە بەڕێوەبەرایەتی:

چوار ژن، شەش پیاو

ئەمانە سەرگەورەیان بوون

لەگەڵ سەلیمی کۆمونیست

گەرچی سەلیم کۆمونیست نەبوو

نەشیئەزانی کۆمونیزم چییە

ئەو تەنیا هەژدە ساڵان بوو

لەبری بیستوپێنچ قرووش داوای پەنجا قرووشی ئەکرد

لەبری چواردە سەعاتیش، دە سەعات

بەڵام پۆلیس باوەڕی بەمە نەئەکرد

سەلیمیان لەسەر زەوی پاڵ خست

کاتێ سەلیم هەڵسایەوە

قاچی زەویی نەئەگرت

سەلیمیان لەسەر زەوی پاڵ خست

کاتێ سەلیم هەڵسایەوە

بەردەمی خۆی نەئەبینی

سەلیمیان لەسەر زەوی پاڵ خست

سەلیم هەڵسا و خۆی گرمۆڵە کرد

چوونە بن هەنگڵیەوە

بردیانە ژوورێکی تاریک

بە پرچەوە هەڵیانواسییە قەد دیوار

بە شێوەیەک،

تەنیا نووکی پەنجەی قاچی بەر فەرشەکە ئەکەوت

تراموایەک بە جیڕەجیڕ بەو کۆڵانەدا تێپەڕی

لە شوێنێکی نزیک، بانگی شێوان درا

سەلیمیان لە بزمارەکە کردەوە

سەلیمیان لەسەر زەوی پاڵ خست

کاتێ سەلیم هەڵسایەوە

لە دوور، زۆر دوور، پەنجەرەیەکی بەدی کرد

پەنجەرەیەکی بێپەردە و تاریک

بەرەو ئەوێ هەڵدرا

جام شکا و وردوخاش بوو

یەکەم جار سەری مرۆڤێ دیار نەما

ئنجا هەردوو قاچی.

photo_٢٠٢١-٠١-٠٤_٠٩-٣٠-١٤

سەرنجێک بنوسن