گەردوونی یەكەم

مانیفێستی شیعری

پێشكێشە‌ بە‌ شاعیرە‌ لاوە‌كان

مرۆڤی شاراوەبین لە‌ هونە‌ری شێوازدا فۆرمێكی زمانییە. لە‌ وردبوونە‌وە‌ لە ‌ناخی خۆمدا، دوو پانتایی بێسنوور: بە‌هە‌شت و دۆزەخم وێناكرد. هە‌وڵدان بۆ ناسینی ئە‌م دوو پانتایییە‌ حوكمڕانی لە ‌بیركردنە‌وە‌ی مندا بە‌ڕێوە‌دە‌با. دۆخی گشتی و بە‌ها و ناوەڕۆكی مرۆڤ و جیاوازییە‌كانم تێدا ناسی. جیاوازی بە ‌مانای بیناكردنی مرۆڤ و كۆمە‌ڵگا، بێ بوونی كولتووری كوردی ناتوانم خۆم و جیاوازییە‌كانم بێتە‌ بە‌رچاو.    

جیاوازییە‌كان بە ‌شێوە‌یە‌كی كردە‌یی گوزارشت لە‌ هە‌قیقە‌تی جیهان و ڕێكخستنی ئە‌زموونە‌كان دە‌كە‌ن، جیهان شایە‌نی پە‌یپێبردن و ناسینە. لە‌ داهێناندا پێویستە‌ شكۆی جیهانێك بناسین و خۆشمان بووێ، جیهانی جیاوازییە‌كان. ئە‌ستێرە‌ی چلپە‌ڕی خۆداڕشتنن. خوڵقاندنی جیهانی جیاوازییە‌كان، جیهانێكی تە‌واو ڕە‌سە‌ن و هونە‌ری ژیانێكی بێگە‌ردە، واتە: گە‌ردوونی یە‌كە‌م. تە‌نیا شتێك هە‌ڕە‌شە‌ لە‌ داهێنان دە‌كات، نە‌بینینی جیاوازییە‌كانە، نە‌بینینی هونە‌ری ژیانێكی بێگە‌رد و پە‌یپێنە‌بردنە.

هیچ شتێك لە‌ مرۆڤ و مردن بە‌هێزتر نییە. تە‌نیا داهێنان نە‌بێت. مرۆڤ كاتێك ئە‌ركی مرۆڤبوون و مرۆڤایە‌تی تە‌واو دە‌بێت، كە‌ جیاواز بێت. جیاوازبوون چنینێكی ئێستێتیكییە، مرۆڤ فۆرمە‌لە‌ دەكات، بە‌ درێژایی ژیان یاوە‌ری دە‌كا و دە‌یخە‌مڵێنێ. جۆرناسی و بینین و دانپێدانانی جیاوازییە‌كان، لە‌ هێزی ڕوونی داهێنان و پێكەاتەی ڕووداوە‌وە‌ سە‌رچاوە‌ دە‌گرێت و پە‌رە‌دە‌ستێنێ، دە‌بێتە‌ بابەتی دە‌ربڕاو و بابە‌تی دە‌ربڕ، بە‌ ئاستی داهێنە‌رانە‌ی خۆیدا دەڕوات و ڕێڕە‌و دە‌كاتە‌وە. گۆڕان و وە‌رچە‌رخان و واقیع و خە‌یاڵ و دە‌نگ و زرینگانە‌وە‌ و سە‌رمە‌شقییە‌كان، لە‌دایكبووی جیاوازییە‌كان و تەواوكە‌ری ژیانێكی بێگە‌ردن، واتاكانی نوێبە‌خشی دیاری دە‌كە‌ن و پە‌ی پێدە‌بە‌ن، بە‌ڵام زمانی هاوبە‌ش و هێزی كاركردنی هە‌موومان نییە. جیاوازی نیازێكی مرۆیییە‌ و تێكڕای هە‌بوون لە‌خۆدە‌گرێت، لەناو قە‌وارە‌ و ئاست و ویستی خۆمان داماندهەێنێتە‌وە.

نالی و گۆران، هۆگرییە‌كی تایبە‌تیم بۆیان هە‌یە، جادووگە‌ر و خۆداڕێژن لە‌ زمان و وێناكردندا. دوو هێمای گە‌ورە‌ و جیاوازی زمانی كوردین. ئە‌و زمانە‌ی داهێنە‌ری زۆری پە‌روە‌ردە‌ كردوون و خستوونیە‌تە‌ سە‌ر سە‌كۆ و پێشانی داون، شە‌رمێكی ترسناكم بە‌رانبەریان هە‌یە، نموونە‌ی داهێنانیان دامە‌زراندووە‌، لە‌ناو خوێندەوارانی كۆمە‌ڵگای كوردیدا لە‌ شوێنی شیاوی خۆیان داندراون، خاوە‌ن تاج و تە‌ختن، لە ‌هە‌لومە‌رجی گونجاو و كراوە‌دا هە‌ناسە‌ دەدەن، هە‌موو ئە‌زموونێكیش ناتە‌واوی و كە‌موكوڕی تێدایە.

هە‌قیقە‌ت، یان نوێبە‌خشی تە‌نیا لای شاعیرێك نییە. نوێبە‌خشی دیاردە‌یە‌كی كۆمە‌ڵایە‌تییە. نوێبە‌خش هە‌ستە‌كانی كۆمە‌ڵگا و ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆی تێدا كۆدە‌كاتە‌وە. بە ‌ئامادە‌یییە‌كی تە‌واوە‌وە‌ دە‌چێتە‌ گفتوگۆی ئە‌بە‌دی و جە‌نگێكی ڕاستە‌قینە‌وە. نموونە‌یە‌كیش نوێنە‌ری گشت نییە. لە‌ هە‌مان كاتیشدا سنووردار ناكرێت. نالی شیعری: (مە‌ستوورە، دیوانی نالی. ل: ٦٠٣)ی لە‌ ئە‌نجامی ناكۆكی نێوان میرنشینی بابان و میرنشینی ئە‌ردە‌ڵان، لە‌ژێر كارتێكە‌ر و ڕاسپاردە‌ی سەرلەشكر و فە‌رمانڕە‌واكانی بابان وە‌ك دە‌ربارێك فریوی خواردووە، بۆ شكۆشكاندن و لە‌كە‌داركردنی سە‌رلە‌شكر و فەرمانڕەواكانی ئە‌ردە‌ڵان نووسیوە. دە‌رباربوون ڕێگایە‌كی تایبە‌تی دە‌ربڕینە، تیرت لە‌ كە‌وان پێ دە‌ترازێنێت و بە‌ شێوە‌ی جۆراوجۆر فریوت دە‌دا، وە‌ك دە‌ق، دە‌قێكی تابڵێی ئێستێتیكی و پڕ هونە‌ری جۆراوجۆرە و خە‌یاڵی خوێنە‌ر دە‌گە‌یە‌نێتە‌ ئاستی باڵا، هە‌موو وزە‌ی زمانی كوردی بە‌كارهێناوە. فۆرمی گۆشە‌نیگای هە‌یە. مە‌ستوورە‌ی لە‌ خە‌ونێك وە‌رگرتووە، دە‌یە‌وێ قە‌دە‌غە‌كراوە‌ی لێ لە‌دایك ببێت. خە‌ونی هونە‌ری شیعرییە‌ت، كاری لە‌سە‌ر پێكهاتە‌ زمانە‌وانییە‌كان و دیوی نەێنی زمان و وردبێژی كردووە، بە‌ ئە‌ندازیارییە‌كی ورد وریایی بیناكردنی نیشانداوە. هیچ بوارێكیش بۆ ئە‌گە‌ر و گومان نە‌ماوە‌تە‌وە، وە‌ك مە‌بە‌ست و مە‌رام ئاراستە‌كراوە، خۆڕسكی چێژ و چە‌شە‌ی كەسایە‌تی خۆی تێدا نییە، دە‌سە‌ڵاتی ئاراستە‌كە‌ریش پشتیوانی و هەلی بۆ ڕە‌خساندووە.

ئە‌م پرسیارە‌ی لە‌م پرس و هۆكار و بە‌رهۆكار و بزواندنی كردە‌ی داهێنانە‌وە‌ دە‌بێت بكرێ. خۆ حە‌بیبە‌ تاكە‌ دڵبە‌ری ڕە‌سە‌ن و نموونەیی، بێگە‌رد و پاراو و هە‌ستی خۆڕسكی شاعیر بووە، ئە‌گە‌ر مە‌رام و مە‌بە‌ست و تاكتیكێكی سیاسی نە‌بووبێت، بۆ ئە‌م ئە‌زموونە‌ بێگە‌رد و پاراوە‌ی لە‌گە‌ڵ ئە‌مدا تاقی نە‌كردووە‌تە‌وە، ئە‌مە‌ پرسیارێكی ناڕوون و لێڵ نییە. هۆكارێكی درە‌وشاوە‌ی ناسینی دە‌قە‌كە‌یە.

مرۆڤێكی داهێنە‌ر و پڕ زانیاری، بە‌ زانیاری هاوچە‌رخی وە‌ك گۆران، ئاشتی شیعر لە‌ ئاشتی ڕۆحیی دە‌ستە‌بە‌ر دە‌كات، تا ئاستی گە‌وهە‌ری بابە‌ت ناسین، گە‌شە‌ بە‌و ئاشتی ڕۆحییە‌ دە‌دات و بەدیدەهێنێ و جۆری جووڵە‌یان دە‌ستنیشان دە‌كات. پاشتر شیعر دەخاتە‌ ژێر كاریگە‌ری پە‌یامی فریادڕە‌سە‌وە. پە‌یامی ئایدیۆلۆژیا، كە‌ ڕوویە‌كی بێ قووڵایییە، مە‌ستبوون بە ‌شە‌رابی ئایدیۆلۆژیا وات لێدەكات هە‌موو شتێك بە‌ ئارە‌زوو ببینی. پێوە‌ری گە‌ردوونبوونی شیعری بێگە‌رد و پاراوی تا ئاستێك لە‌ چە‌ند شیعرێكیدا، بە‌ تایبە‌تی لە‌ شیعری: (ڕێگای لە‌نین، دیوانی گۆران. ل: ٣٠٦)، یان شیعری: (مۆسكۆی ئە‌یار، دیوانی گۆران. ل: ٣٢٤) … تاد، لە‌ دە‌ست دە‌ترازێ، یان لێی دە‌گۆڕێ، بەها و پێوە‌ری هونە‌ریی و هە‌ستە‌كانی خۆی سەركوت دە‌كات، شیعر ئە‌گە‌ر ئایدیۆلۆژیای قبووڵ نە‌كرد، هە‌میشە‌ مرۆڤانە‌ دە‌مێنێتە‌وە. خوێنە‌ری بێدە‌نگ و جووڵە‌ و نە‌ناسراو، واتە: خوێنە‌ر وە‌ك تاك. نە‌ك وە‌ك جە‌ماوە‌ر، دە‌بێتە‌ فۆرم و بنە‌مای. خاوەن فۆرم و بنە‌ما پێویستە‌ لە‌ هە‌موو كاتێكدا پابە‌ندی بنە‌ماكانی خۆی بێت و لێی فێربێتە‌وە، زاڵبوونی تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیا بۆ شیعری بێگە‌رد، دۆزە‌خێكی زیندووە، لە‌ قووڵایی بڕیار و هە‌ڵبژاردندا دە‌یهاڕێ، ئێستا بۆ شیعری ئایدیۆلۆژیایە. ئایندە، تە‌واوی ئایندە‌ بۆ شیعری هە‌ستیی.

بە ‌ئارە‌زوویە‌كی سۆفییانە‌ لە‌ چركە‌ساتی بەهرە‌وە‌ دە‌چمە‌ ناو كردەی نووسینە‌وە: ئە‌زموونخواز، كە‌ هە‌موو هە‌ستە‌كان و هێزی بەهرە‌ی لە ‌دە‌قێكدا كۆدە‌كاتە‌وە‌ و دایدەهێنێت و لێیدە‌بێتە‌وە، دە‌بێتە‌ نموونە‌ی دە‌ربڕینێكی ناوازە، دە‌چێتە‌ ناو پانتایییە‌كی هە‌ستییە‌وە‌ و تووشی خۆشییە‌كی منداڵانە‌ دە‌بێت، خۆشترین ساتی تە‌مە‌ن. هیچ شتێك ناتوانێت ئازادی ئازار بدات، چونكە‌ هە‌ستی بە‌ ئە‌زموونخوازی خۆی كردووە و خۆی لە‌ دە‌رە‌وە‌ی دیمە‌نە‌ گشتییە‌كاندا بینیوە، خوێنەریش بانگ دە‌كات هە‌ست بە‌ ئە‌زموونخوازی خۆی بكات و نموونە‌ی دە‌ربڕینێكی ناوازە‌ ببینێت، كە ‌وە‌ك تە‌واوكە‌ری بوون مامەڵە‌ی لە‌گە‌ڵدا كراوە، لە‌و مامە‌ڵە‌كردنە‌دا، ئازادی دە‌چێتە‌ ناو خەیاڵەوە. دیوی ڕاستە‌قینە‌ی ڕووداوە‌كان سروشتێكی ئە‌فسانە‌یی و حاڵە‌تێكی شیعرییان هە‌یە. دە‌گونجێت لە‌گە‌ڵ باری ئاڵۆزی جیهان لەبەر یە‌كدا ڕابگیرێن و پێوانە‌یان بۆ بكرێ، بە‌ پە‌لە‌پە‌ل و گیانێكی تووڕە‌یییە‌وە‌ نە‌نووسرێن، بە ‌سروشتی خۆی شێوە‌ وە‌ردە‌گرێ و لە‌كۆی پێكهاتە‌كانییە‌وە‌ كامڵ دە‌بێت و دە‌بێتە‌ ئە‌زموونی كە‌سیی. لە پرسیار و ڕوانینی مندا: گوتن بە فۆرمی (من) تا ئاستی نەبوون كەمە، ئەگەر هەشبێت، بۆ ئەوەی بە فراوانی و وردی تەماشای خۆی بكات. لە بەكارهێنان و دەربڕیندا بەهایەكی هەستیی: لێكچوون و خەیاڵكردن و خوازە و هێمای هەمەچەشنم داوەتێ. ئەمانەش واقیع و بوون و قووڵایی مرۆڤ لە هەقیقەتێكی ئێستێتیكیدا بەرز دەكەنەوە و پیشانی دەدەن.

خۆم هە‌بوویە‌كی هێزپێدراوم: دڵنیام ئە‌زموونە‌كانی خۆم بنە‌ڕە‌تمن، پێش هە‌موو شتێك بە‌ هانای شیعر‌مە‌وە‌ دێن، لە ‌تیۆرە‌كان باشتر پێكهاتە‌ی هونە‌ریی شیعرم تێدە‌گە‌یە‌نن، هە‌ر هە‌موو زە‌وی جوگرافیای شیعرمە‌ و جیهان یە‌ك جیهانە. مرۆڤ بەها و پێوە‌ر و سنوورەكانیەتی.

جیاوازی لای داهێنە‌ر زیرە‌كییە‌كە‌ تە‌واو نابێت. بە‌ردە‌وام زاوزێ دەكات و هاوچە‌رخ دە‌بێتە‌وە. وێنە‌یە‌كی تۆقێنە‌ر نییە. ناسنامە‌ی لە‌ هاوچە‌رخبوونی دە‌خوڵقێنێت.

هە‌میشە‌ لێكۆڵە‌ران هێما و ناسنامە‌ و مۆرك و ئە‌زموونی تاكە‌كە‌سی داهێنە‌ر لە‌ناو گوتاری دە‌ربڕاودا دە‌دۆزنە‌وە و پشكنینی شارە‌زایی و دانایی لە‌ مانای كراوە‌دا بۆ دە‌كە‌ن، دە‌یخە‌نە‌ بە‌ردە‌م هە‌ڵبژاردنی زمانی كولتوور و ساتی داهێنان. داهێنە‌ر بەهای خۆی دە‌ناسێت و بە‌ تێگە‌یشتنە‌وە‌ لە‌ ئاڵوگۆڕە‌ جیاوازە‌كان و خانە ‌چندراوە‌كانی نوێبەخشی قووڵ دە‌بێتە‌وە، ڕایە‌ڵ و تانوپۆی تاوتووێیە‌كان ورد دەچنێت، خۆدروستكردنێكی ڕاستە‌قینە‌ دە‌كاتە‌ بنە‌مای وردبوونە‌وە. لە‌ یە‌كێتی بۆچوون و یە‌ك بنە‌ڕە‌تی و ئومێدی فریودە‌ر و وێرانكردنی ژیان و بە‌لاڕێداچوونیش دووردە‌كە‌وێتە‌وە، لە‌ كارتێكردن لە‌ خوێنە‌ر و هۆكاری كارتێكردن لە‌ خوێنە‌ریش نزیكدە‌بێتە‌وە.

شیعر هە‌رچە‌ندە‌ خودیی و فە‌نتازیش بێت، بە‌ڵام دە‌بێ لە گە‌وهە‌ر و ناوكیدا پە‌یوە‌ندییە‌ك لە‌گە‌ڵ خوێنە‌ر دروست بكات. خوێنە‌ریش قە‌ت ناتوانێ بە‌ تە‌واوی داروپە‌ردووی داهێنانە‌كە‌ی بە‌رجە‌ستە‌ بكات. وێنەیە‌ك ئە‌گە‌ر خە‌یاڵییش بێت، كە‌ بووە‌ نووسین و نووسرا، دە‌بێتە‌ هە‌قیقە‌ت. واقیع تێیدا دە‌گۆڕێ، خوێنە‌ر دە‌خاتە‌ باوە‌شی ئێستێتیكایەكی نە‌بینراو و پە‌روە‌ردە‌كردنی زە‌ینییە‌وە. تۆڕێكی بەرفراوانی پە‌یوە‌ندییە‌ زە‌ینییە‌كان دێتە‌ ئاراوە‌ و نیشانە‌ زە‌ینییە‌كان دە‌ناسێنێت.‌

لە‌م باروبوارە‌دا شیعر واقیع بە ‌قە‌وارە‌ی خۆی دروستدە‌كات. كاتەكان تێیدا تێكە‌ڵدە‌بن و ڕیتمی كات وە‌ك ئامادە‌یییە‌كی ئێستێتیكی دەردە‌كە‌وێت و دە‌بێتە‌ ڕیتمێكی كراوە‌ی پە‌یوە‌ندیی دامە‌زراندن، وزەی پە‌یوە‌ندی و كرداریش لە‌ خۆی وە‌ردە‌گرێت. خە‌یاڵ بانگی شاعیر دەكات بینووسێت و ڕووبە‌ڕووی هە‌قیقە‌تی بكاتە‌وە، پێ بنێتە‌ دنیای بوونە‌وە‌ و بە‌ر شتە‌كان بكە‌وێت و شتە‌كان ناوبنێت، كە‌ شتەكان ناونران، هێزی شاراوە‌ دە‌جووڵێ و زمان بە‌ ڕاپە‌ڕیوی دەمێنێتە‌وە، پە‌یوە‌ندییە‌كی بەهێز و كاریگە‌ر لە‌نێوان وشە‌ و شتە‌كاندا دروستدە‌كات و دە‌یكاتە‌ كولتوور و خوێندنە‌وە‌ و گوتن.

لە‌ تە‌مە‌نی نۆزدە‌ تا چل ساڵی، وە‌ك كردە‌یە‌كی مرۆڤایە‌تی لە‌ نەخۆشخانە‌كانی هە‌ولێر بیست و یە‌ك شووشە‌ خوێنی خۆم بەخشیوە‌ بە‌ مرۆڤی خاوە‌ن پێداویستی. واهە‌ست دە‌كە‌م ئە‌م بە‌خشینە‌ بووە‌تە‌ ڕامان و مە‌یلی سۆفیزم، هاتووە‌تە‌وە‌ ناو بیركردنە‌وە‌م. پڕ وزە‌ی كردوومە‌تە‌وە‌ بۆ سە‌رە‌تا، چونكە‌ شیعری بێگە‌رد و پاراو، لە‌دوا ئاراستە‌یدا هە‌میشە‌ سە‌رە‌تایە. سە‌رە‌تا شوێنێكە. ماڵ، یان نیشتمان، یان بەهەشت. هە‌وڵدە‌دە‌ین پێی بگە‌ین. یە‌كە‌م كردە‌ی زمانی تێدا هە‌ستیار بكە‌ین و بیكە‌ین بە‌ پێویستییە‌كی ڕەهایی نوێبە‌خشی و تاهە‌تا نە‌ناسراو.

داهێنە‌ران هە‌میشە‌ پشتگوێخراو و سە‌ركۆنە‌كراو و لۆمە‌كراو و گیرۆدە‌ و تێكشكێندراو و نائومێدن لە‌ وڵاتە‌كە‌یاندا: من هاووڵاتیم، شاعیریشم. وشیاری ئێستێتیكی دروست دە‌كە‌م و جۆری جووڵە‌یان دە‌ستنیشان دە‌كە‌م. بڕوای تە‌واوم بە‌ سە‌ر‌وە‌ر‌ی و دە‌سە‌ڵاتی ڕەها و ڕە‌وای میللە‌ت هە‌یە، لە‌گە‌ڵ وڵاتە‌كە‌مم و دژی دوژمنە‌كانی دەوەستمەوە‌ و دە‌جە‌نگم. ڕووگە‌نمای ئێستێتیكی دە‌درە‌وشێنمە‌وە، بە‌ڵام لە‌ ناخێكی باوە‌ڕبە‌خۆبوو و كاریگە‌رییە‌كی ڕاستە‌قینە‌دا بە‌ بچووكترین هە‌ڵە‌ی دە‌سە‌ڵات ناڵێم بە‌ڵێ، بە‌ ڕوونی لە‌ بنە‌ڕە‌تی هە‌ڵە‌ دە‌دە‌م. لە‌ بنیادنانی نوێبە‌خشیدا، پێشڕە‌وی بە‌ڕێوە‌بردن و دامە‌زراندن دە‌كە‌م و مێژوو دە‌خە‌مە‌گە‌ڕ، مێژووی چالاكییە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كان نا، مێژووی پە‌یوە‌ندیی ئە‌ندازە‌یی ئێستێتیكا و داهێنان. بە‌ تە‌واوی كارامەیییە‌وە، باوە‌ڕم بە‌ هێزی دیدی تایبە‌تی شاعیر هە‌یە، كە‌ تاقیكردنە‌وە‌كانمان پاگژدە‌كاتە‌وە‌ و دە‌یخە‌مڵێنێ. بە‌و باوە‌ڕە‌ی خودا بە‌ نێردراو و پە‌یامبە‌رانی تە‌ورات و ئینجیل و قورئانی بە‌خشیوە‌، ڕێنوێنی كردوون بۆ بە‌ڕێوە‌بردن و دامە‌زراندن. لە‌وانە‌ش دووركە‌وتوومە‌تە‌وە، گیرفانی داوایان لە‌ بانكی پایتە‌خت قووڵ و پانوپۆڕترە، ڕاوچی فیستیڤاڵ و خە‌ڵاتە‌كانن.

واقیع و سروشت هیچ بەها و پێوە‌رێكیان نابێت، ئە‌گە‌ر تێكە‌ڵی هەستی مرۆڤ نە‌كرێن. واقیعم وە‌ك ئە‌وە‌ دە‌وێ، كە‌ لە‌ناو تابلۆكانی (محەمەد عارف)دا هە‌یە‌ و دە‌یە‌وێ ڕێگایە‌كی چالاك بۆ وشیاربوونەوە‌ی كۆمە‌ڵگا بژاربكات، نە‌ك واقیعێكی بێبە‌زە‌یی و دڵڕە‌ق و پڕ بە‌رنامە‌ی هە‌ڵە. سروشتیشم وە‌ك ئە‌وە‌ دە‌وێ، كە‌ لە‌ناو تابلۆكانی (ئازاد شەوقی)دا هە‌یە و سوورە‌ لە‌سە‌ر سە‌ركێشیی و بەردە‌وام دامە‌زراندنە‌وە، دامە‌زراندنە‌وە‌یە‌كی پڕ تە‌زووی شیعریی و وە‌فادار بۆ ژیانێكی بێگە‌رد و ڕەها. هە‌م ئە‌فسانە‌ن و هە‌م هێما. توندوتیژيیان بە‌رانبە‌ر وێناكردن تێدا نییە، وزە‌ی دە‌سە‌ڵات لە‌ خۆیان وە‌ردە‌گرن و بە‌ردە‌وام خۆیان دادە‌مە‌زرێننە‌وە. واقیع و سروشت بنەچە‌ی ئە‌فسانە‌ و هێماكانن. ناتوانین ناڕە‌زایی بە‌رانبە‌ریان دە‌رببڕین بێئە‌وە‌ی بچینە‌ ناوچە‌ قووڵە‌كان و لە‌ ڕووداوی مە‌رگیش نە‌ترسێین، یان بوونی شاعیر بە‌را‌نبە‌ر بوونی و‌اقیع و سروشت ڕانە‌گرین. شیعری بێگە‌رد، واقیع و گشت شتە‌كان تاقیدە‌كاتە‌وە، نە‌ك واقیع و شت ئە‌و تاقیبكە‌نە‌وە، چركە‌ساتی نووسین چركە‌ساتێكی ئەفسووناوییە، هە‌موو دە‌وروبە‌ر لە‌ خۆیدا نقووم دە‌كات.

ئە‌گە‌ر من هە‌ر لە‌دایك نە‌بوومایە، یان بمردبوومایە، یە‌كێكی دی واقیع و سروشتی بە‌ دیدی شیعریی من دە‌بینی و دە‌ربڕینی لێ دەكردن. گرینگ ئە‌وە‌یە‌ بیركە‌رە‌وە‌یە‌ك بە‌ فیكر دە‌ژیا و دە‌ربڕینی لە‌ واقیع و سروشت دە‌كرد و توانایی و ئامادە‌یی منی دە‌ڕسكاند، بەرانبە‌ر بوونی واقیع و سروشتی ڕادە‌گرت، كە ‌بە‌رپرسە‌ لە‌ ئێستێتیكا و بە ‌نە‌رمییە‌كی زۆرە‌وە‌ كاری بۆ كردووە. ئە‌مە‌ ناوكی جیاوازییە‌كانە، لە ‌یە‌ك شوێن ناوە‌ستێت، بە‌شدار دە‌بێت لە‌ بیركردنەوە‌ و دە‌ركە‌وتە‌كان، هێز بۆ واقیع و سروشت و خۆی دروست دە‌كات و بۆچوونە‌كان لە‌دایك دە‌بن، ئە‌و بۆچوونانە‌ی مرۆڤ یە‌كە‌م جار هە‌ستی كرد مردن بە‌رهە‌می ژیانە.

من لە‌ قوڕێكی خوساو و شێلدراودا دروستبووم. قوڕی زمان و كەلە‌پووری ئە‌دە‌بی كوردی. ەیچ شتێك نە‌گۆڕ نییە. زێڕیش نە‌جووڵێ ژە‌نگ لێیدە‌دا. دوازدە‌ كتێبی شیعرییم نووسیوە. وە‌ك ئە‌وە‌ی لە‌ نووسینی هە‌ر كتێبێكمدا بە‌ جلوبە‌رگە‌وە‌ لە‌ ئاوێك بدە‌م و بپە‌ڕمە‌وە. بۆ نووسینی كتێبێكی دی تە‌واو وشك بووبێتمە‌وە. ئە‌وجا دووبارە‌ لە‌ ئاوێكی دی بدە‌مە‌وە. بە‌ مافی سە‌د لە‌ سە‌دی شیعریشم زانیوە‌ بە‌ ئازادی تە‌واوە‌وە‌ پرسیار لە‌ بوون بكە‌م، پێمان ناڵێیت تۆ چیت. ڕاسپاردە‌م ئە‌وە‌یە، ئە‌گە‌ر مردم لە‌سە‌ر كێلە‌كە‌م ئە‌و ڕستە‌یە‌ هە‌ڵكۆڵن. (بە‌دوای وشە‌دا گە‌ڕا). لە‌ ژیاندا نە‌یدۆزییە‌وە، دوای مردنی مرۆڤی ناو شیعرە‌كانی دە‌یدۆزنە‌وە‌ و بە‌ دڵێكی تە‌واو كوردییە‌وە‌ دە‌یبە‌خشن.

ئە‌دە‌ب بە‌خشندە‌ و میهرە‌بانە، لە‌گە‌ڵیدا مامە‌ڵە‌م خۆشە‌ و هە‌ر زوو چێژ و چە‌شە‌ی وشە‌ و بوون و مانە‌وە‌م تێدا دۆزییە‌وە‌ و شاگە‌شكە ‌بووم، خوێن لە‌ بڕبڕە‌ی پشتمە‌وە‌ بۆ مێشك و دڵم جما و هە‌ڵكشا، خانە‌كانی سووڕی پێگە‌یشتنی چالاك كرد. هە‌میشە‌ لە‌ ئاسۆیە‌كی دوور بە‌ وێناكردنێكی زە‌ینییە‌وە‌ دە‌ست پێدە‌كە‌م، خوێنە‌ریش ئاشنای ئە‌و هە‌ستە‌م دە‌بێت و توانایی و ئامادە‌یی من دە‌ناسێت. لە‌ چە‌ند شیعرێكمدا درێژدادڕیم كردووە‌ و چە‌ندان لێكچوون، كە‌ پێویستییان بە‌ بژاركردن بووە، بژارم نە‌كردوون و هێشتوومنە‌تە‌وە، یە‌ك لە‌ كە‌متە‌رخە‌می و نە‌زانینی من بووە. گرفتی چێژ و چە‌شە‌ دەهێننە‌ پێشەوە‌ و مە‌یل و ئارە‌زووی خوێنە‌ر دە‌كوژن، وە‌نە‌وزدە‌دا و پەرۆشی بۆ خوێندنە‌وە‌ كە‌م دە‌بێت. ئە‌وكات ئە‌م ڕووداوە‌ لە‌ شیعری من ڕوویدا، كە‌ بیری سوریالیزم بە‌سە‌رمدا زاڵبوو، وێنە‌م بە‌سە‌ریە‌كدا كە‌ڵە‌كە‌ دە‌كرد، جۆرێك تێئاخنینیش دەهاتە‌ ئاراوە. لە‌م جە‌نگە‌دا تا كۆتایی نە‌مامە‌وە، تە‌لیسمم شكاند و چوومە‌ دە‌رە‌وە‌.

كە‌ جیاوازبم بە‌ ئازادیی تە‌واوە‌وە، لە ‌بنە‌ڕە‌ت و چۆنیە‌تییە‌وە‌ جیاواز دە‌بم، پێویستیم بە‌ پاڵپشتێكی گرینگ، نووسین و پێكەاتە‌ و توانایی و ئامادە‌یی خۆم لە ‌بیركردنە‌وە‌ و ڕووداودا هە‌یە‌ و بە‌س، كە‌س ناتوانێت شیعرە‌ سە‌رسوڕهێنە‌رە‌كان سنووردار بكات. شیعری سەرسوڕهێنە‌ریش بە‌ وێنە ‌سە‌رسوڕهێنە‌رە‌كان، هە‌ڵكۆڵین لە‌ یادەوەری خوێنە‌ر دە‌كا و دە‌بێتە‌وە‌ جووڵە‌ی ئاگایی، نائاگاییش سەرزە‌مینێكی نە‌ناسراوە، ئە‌وە‌ی ئاگایییە‌ گونجاوە. ئە‌وە‌ی نائاگایییە‌ بابە‌تێكە‌ بیری لێدە‌كرێتە‌وە‌ ئاخۆ بۆ نییە، ئە‌گە‌ر هە‌بوو ئایا دە‌بێتە‌ گونجاو، یان نا.

لە‌ فە‌رهە‌نگی هیچ نە‌تە‌وە‌یە‌كدا ڕووینە‌داوە‌ شاعیرێك هێزی ئە‌وە‌ی تێدابێت، شاعیرانی دی بداتە‌ دواوە‌ و بیانخاتە‌ بازنە‌ی مە‌ترسییە‌وە، خۆی بە ‌تە‌نیا ببێتە‌ مێژووی داهێنانی ئە‌و نە‌تە‌وە‌یە. بە‌ پلە‌ی یە‌كە‌م نەمویستووە ‌لە‌ شاعیرانی هاوچە‌رخ و دە‌وروبە‌رم جیاوازبم. جیاوازیم لە‌ دیوی ئە‌و دیودا نییە. لە‌ دیوی هە‌ستە‌كانی خۆمدایە. ئاستدارییە‌كانیش لە‌ ماك و شێواز و ماناكاندایە. بێ پە‌روا هە‌وڵم داوە‌ لە‌ ئە‌زموونی خۆم جیاوازبم، لە ‌شوێنە‌واری ئە‌زموونی پێشتریشم بە‌تاڵ ببمە‌وە. گوێڕایە‌ڵی ئە‌و ڕۆحە‌ جیاوازانە‌ دە‌بم، كە‌ ڕێنوێنیم دە‌كە‌ن بۆ جیاوازبوون و حە‌ز و توانام بە‌كاربهێنم، بە‌ سادەیی و ڕاستگۆیی دۆخ بگۆڕم و پێوە‌رێكم هە‌بێت بۆ بە‌كاربردنی كار و تواناكانم لە‌ بە‌ڕێوە‌بردن و دامە‌زراندندا، مۆسیقاش پێش زمان دە‌ربڕینی لە‌ هە‌ستە‌كان و پێداویستییە‌ جیاوازە‌كانی ڕۆحی مرۆڤ كردووە.

مرۆڤ، كە‌ لە‌ ئازارە‌ باوخوازە‌كان ڕادە‌كات، بۆ كە‌ناڵێكی چێژبە‌خش دە‌گە‌ڕێت تا هۆكاری چارە‌سە‌ری ئازارە‌ باوخوازە‌كان بدۆزێتە‌وە. دەچێتە‌ ناو ڕەهەندی چێژبە‌خشی شیعری بێگە‌رد و پاراو و جیاوازەوە. لە‌ جیاوازبووندا شیعری بێگە‌رد و پاراو خۆی كە‌شفدەكات و خۆیمان پێشكێش دە‌كات.

جیاوازییبوون بە‌خشینێكی هە‌ستییە. بە ‌مانای بیناكردنی مرۆڤ و كۆمە‌ڵگا، تە‌مە‌نم لە‌ پێناوی دانا. جە‌ستە‌ و ڕۆحم بۆی تە‌رخانكردووە، بە‌ قووڵایی نادیارییە‌كان و ئاوێنە‌ی هە‌ستە‌وە‌ردا ڕۆچووم، ئاگایی داهێنان و ئاگایی داهێنە‌رم بۆ دروستبووە، كە‌ هە‌موو وزە‌ی خۆمی تێدا بە‌كاربەێنم و بە ‌كۆششێكی سیزفیانە‌ ژیان لە‌ناو شیعردا بگە‌یە‌نم بە ‌واتا ڕاستە‌قینە‌كە‌ی خۆی. ستایشی جیاوازی و داهێنان دە‌كە‌م. هەوڵدان بۆ دۆزینە‌وە‌ی داهێنانی جیاوازییە‌كان، ئاواز و زە‌نگ و زرینگانە‌وە‌یە‌كە، یان سە‌رسوڕمان و ئە‌فسوونێكی كتوپڕە، لە‌ ژیاندا ونە.

لە‌ شاعیرە‌ جیاوازە‌كان زۆر فێربووم. هاوپە‌یمانی بنە‌ڕە‌تین، تا خەون و بە‌رزە‌ئاواتە‌كانم بە‌رجە‌ستە‌ بكە‌م و دۆخی پە‌روە‌ردە‌كردن وە‌ربگرن. پە‌یوە‌ندیی جیاوازییە‌كان بەهێزن و منیان وە‌ك شاعیرێك پە‌روە‌ردە‌كرد و پانتایییە‌كی لێحاڵیبوونیان بە‌ كاركردن و نیشانە‌كردن بۆ كردوومە‌تە‌وە، لە‌ناویدا ئە‌ركی بوون و بە‌خشین و توانایی و ئامادە‌یی خۆم بڕسكێنم، بە‌ كۆششێكی سیزفیانە‌ ژیان لە‌ناو شیعردا بگە‌یە‌نم بە ‌واتا ڕاستە‌قینە‌كە‌ی خۆی، كە دوائاراستە‌ و باڵاترین پلە‌ی خۆبوونییە. پرسیاری كاركردن و نیشانە‌كردنی لێ دروستدە‌كە‌م و وە‌ك بەها و پێوە‌ر دە‌یخە‌مە‌ڕوو. باش و خراپی لە‌بارە‌وە‌ دە‌ڵێم، هەندێك نیشانە‌ و پرسیاریش بە‌ هە‌ڵواسراوی دەهێڵمە‌وە، لە‌ ڕوونترین فۆرمیشدا، چێژ لە‌ پە‌ڕانپە‌ڕی كلاسیك و پە‌ڕانپە‌ڕی نوێبەخشی وە‌ردە‌گرم، لە‌ چییە‌تی زیندووبوونە‌وە‌ی دە‌پرسم، ئە‌م پرسین و پرسینە‌وە‌یە‌ لە‌نێوان من و شیعردا، وە‌ك جە‌نگێكی گە‌ورە‌ی بێكۆتایی دە‌مێنێتە‌وە. جە‌نگی ناوە‌وە، پێداگری لە‌ پێناوی مانە‌وە‌ دەكەم، تا شەهیدم دە‌كات. دە‌چمە‌ ڕوونترین فە‌زای بوونە‌وە، كە‌ هەموو فە‌زاكانی دیكە‌ تێیدا كۆتایییان پێدێت، جگە‌ لە‌ فە‌زای جیاوازییەكان.

نیسانی 2020 هە‌ولێر