لە پاشاى كۆنچێرتۆوە بۆ پاشاى سەمفۆنیا

لە عەرەبییەوە: هاوار محەمەد

تۆبڵێیی ڕۆژێك لە ڕۆژان مۆزارت و بێتهۆڤن چاویان بە یەكتری كەوتبێت؟ حیكایەت و چیرۆكی زۆر هەن باس لەوە دەكەن یەكجار یەكترییان بینیووە. بەڵام بەڵگەی مێژوویی و حاشاهەڵنەگری ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە شتێكی لەم بابەتە بسەلمێنن. خۆ وەختێك كە مۆزارت كۆچی دوایی كرد تەمەنی بێتهۆڤن (٢١) ساڵان بوو، بۆیە ڕێی تێدەچێت یەكتریشیان بینیبێت، چوون بێتهۆڤن لە تەمەنێكی زۆر زوودا دەستی كرد بە چالاكییە موزیكییەكانى خۆی، هەر لەو سەرەتایانەیشیدا زۆر لەژێر كاریگەری مۆزارت و مۆسیقای ئەودا بوو، تەنانەت ئەو پێی وابوو مۆزارت یەكێكە لە گەورەترین ئەو مۆسیقارانەی كە مێژووی مرۆڤایەتی بەرهەمی هێناون.

      بۆیە بێتهۆڤن هەمیشە پێیوابوو مۆزارت خاوەنی ئەو مۆسیقایانەیە كە هەر لەو كاتەوەی منداڵ بووە و تازە هونەری مۆسیقای دەرك پێكردووە، بۆی بۆتە ئیلهامبەخش. چەند حیكایەتێكیش هەن وا دەگێڕنەوە گوایە مۆزارتیش هەندێك لەو بەرهەمانەی بێتهۆڤنی گوێ‌ لێ‌ بووە كە هەر لە تەمەنێكی زوودا داینابوون، بۆیەشە ئەگەرچی ئەو ١٤ ساڵ لە خۆی بچووكتر بووە بەڵام ستایشی ئەو بەرهەمانەی كردووە و پێشبینی ئەوەی بۆ كردووە كە لە دونیای مۆسیقادا دەبێتە كەسێكی مەزن. دەشێت ئەم سەرسامییەی مۆزارت بە كارەكانی بێتهۆڤن ئەسڵ و ئەساسی هەبێت. كەچی وێڕای هەموو ئەو قسانەی كە لەبارەی نزیكایەتی ئەو دوو كەسەوە دەگووترێن، هەریەكەیان لە مۆسیقادا خاوەنی ڕێبازی تایبەت بە خۆیان بوون و لەم ڕووەوە دووری لەنێوانیشیاندا هەیە.

      بەڵام جەختكردنەوە لەسەر دووریی ڕێبازی ئەم دوو مۆسیقارە لە یەكتری، نابێت ئەوەمان لەبیر بباتەوە كە بێتهۆڤن لە سەرەتای تەمەنی مۆسیقیی خۆیدا و لایەنی كەم لە مۆسیقا – پێش- سەمفۆنیاكانیدا و ڕێك لە هەندێك كۆنچێرتۆیدا (concerto) زۆر نزیكە لە دونیای مۆزارت. بۆیە سەیر نییە ژمارەیەكی زۆر لە مێژوونووسانی مۆسیقا هەڵوێستەیان لایەنی كەم لەسەر دوو بەرهەمی مۆزارت كردبێت لە بواری نووسینی كۆنشێرتۆدا، گوایە بێتهۆڤن كەوتۆتە ژێر كاریگەرییەكەیانەوە، ئەو دوو بەرهەمەیش دوو كاری تەواو كراون و ساڵی ١٧٨٦ عەزف كراون، واتە كاتێك بێتهۆڤن لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بووە. ئەم تەمەنەیش تەمەنی كاریگەریی و خوێنگەرمی و سەرسامبوونە.

      ئەم دوو بەرهەمەی مۆزارت (كۆنچێرتۆی پیانۆ ژمارە ٢٤) و (كۆنچێرتۆی پیانۆ ژمارە ٢٥)ـن، هەردووكیشیان لە مەقامی (سی مینۆر)ـدان و بە پیانۆ و ئۆركێسترا عەزف دەكرێن. لێكچوونی نێوان ئەم دوو بەرهەمە زۆرە: هەریەكەیان سێ‌ جووڵەی هاوشێوەی یەكجۆرە ڕیزبەندین: یەكەمیان (ئالیگرۆ لە مەقامی سی مینۆر) و (لارگیتۆ) ئینجا (ئالیگریتۆ)یە، دوومیشیان (ئالیگرۆماستوزو) و (ئانداننی) و (ئالیگریتۆ)ـیە. ئەمەی دووەمیان دوا دانەی ١٢ كۆنچێرتۆی هاوشێوە بووە كە مۆزارت لەماوەی سێ‌ ساڵدا (١٧٨٤-١٧٨٦) لە ڤیەننا داینابوون و یەكێكیشە لە درێژترین كۆنچێرتۆكانی مۆزارت لە ڕووی ماوەی كاتەوە كە ٣٣ خولەكە.

      با بگەڕێینەوە بۆ بەسەرهاتی بێتهۆڤن لەگەڵ ئەم دوو بەرهەمەدا وەك نموونەیەك بۆ حیكایەتی بێتهۆڤن لەگەڵ سەرجەم بەرهەمەكانی مۆسیقارەكانی پێش خۆی. ئەگەرچی ئێمە واى بۆ دەچین بێتهۆڤن لە ڕادەبەدەر بە مۆزارت سەرسام بووە، دەبێت ئەوەش بڵێین كە ئەو لە بواری ئاوازدانانی كۆنچێرتۆیشدا مۆزارتی كردووە بە سەرمەشقی خۆی. بە تایبەتی لە كۆنچێرتۆی پیانۆی ژمارە ٢٤ـەكەیدا، چونكە بە بۆچوونی پسپۆرەكان بێتهۆڤن لەم بەرهەمەیدا بە ڕوون و ئاشكرایی قەرزداری مۆزارتە، بە تایبەتیش قەرزداری كۆنچێرتۆی ژمارە ٢٥ـیەتی. دەشتوانین بڵێین سەرچاوەی كۆنچێرتۆی پیانۆیی سێیەمی بێتهۆڤن وا لەنێو كۆنچێرتۆی ژمارە ٢٤ی مۆزارتدا و بگرە لە چەند ساتێكیدا لەوە دەچێت ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ مۆزارت دەرببڕێت.

      لەبارەی ئەم بەرهەمی دواییەوە ڕیوایەتێك هەیە كە دەڵێت بێتهۆڤن لە ئاهەنگێكدا لەگەڵ هاوڕێ و قوتابیەكی خۆیدا بەناوی فرناند ڕەیسی گوێی لەم كۆنچێرتۆیەی مۆزارت دەبێت و كاتێكیش ئۆركێستراكە لە جووڵەی كۆتاییدا دەگاتە لوتكەی نائاسایی خۆی، بێتهۆڤن بە تەنگەنەفەسی دەڵێت: “هیچ یەكێك لە ئێمە بیرمان لەوە نەكردۆتەوە ئاوازێكی ئاوا بنووسین”. حیكایەتێكی تر دەڵێت بێتهۆڤن ڕۆژێك چوارینەیەكی مۆزارتی عەزف دەكرد لەنێو قوتابییەكانیدا هاواری كرد “واى هاوار لەم پارچەیان، داد لە مۆزارتیش كە لەم پارچەدا پێمان دەڵێت: فەرموون.. من دەتوانم كاری ئاوا بكەم، دەی ئێوەش ئەگەر گوێتان هەیە فەرموو بیبیستن”!.

ئەمادییوس وۆلفگانگ مۆزارت (١٧٥٦-١٧٩١)

      زۆر پسپۆری بواری مۆسیقایش پێیان وایە پێنجینەی پیانۆی بێتهۆڤن و ئامێرە هەواییەكان نیشاندانی ڕێز و پێزانینە بۆ مۆزارت، بە تایبەتیش بۆ پێنجینەیەك كە مۆزارت بۆ ئەو جۆرە ئامێرانەى نووسیوە. بێتهۆڤن كاتێكیش مۆسیقای هەمەچەشنی لەبارەی بابەتە مۆزارتییەكانەوە نووسیوە ڕێز و سڵاویشی بۆ ناردووە، لەوانەیش دوو كۆمەڵە مۆسیقای هەمەچەشن لەبارەی بابەتی “فلووتى ئەفسوناوی”ـیەوە.

      تەنیا بێتهۆڤن نەبووە كە بە مۆزارت سەرسام بووە و لەژێر كاریگەرییەكەیدا بووە، بەڵكو زۆر گەورە مۆسیقاری تریش هەن كە سیحری مۆزارت كاری تێ‌كردوون، هەر لە چایكۆڤیسكییەوە هەتا مالەر، هەر لە ڕۆسنییەوە هەتا بێریلیۆز. ئەمەش لەبەر ئەوەی مۆسیقای مۆزارت هەمیشە لە نا-شوێن و خەیاڵدانی خاوەنەكەیەوە دێت، یان ڕەنگە لەو توانا زۆرەیەوە كە هەیبووە و هەر لە منداڵییەوە داهێنانی مۆسیقارە گەورەكانی پێش خۆیی وەرگرتووە و ئینجا خۆیشی بووەتە داهێنەرێكی ناوازە و تازەكەرەوەیەكی هەمیشەیی مۆسیقا.

     هەر بە ڕاستیش شیكردنەوەیەكی وردی كۆنچێرتۆی ٢٤و ٢٥ی دەستەخوشكی سەلمێنەری ئەم وتەی سەرەوەن، بۆیە مۆسیقاناسێكی وەكو ئارسەر هاچینگز كۆنچێرتۆی ژمارە ٢٤ی مۆزارت لە هەموو كۆنچێرتۆكان بە كامڵتر و سەركەوتووتر دەزانێت، گیر لیدستۆنیش هەمان بۆچوونی خستۆتە ڕوو.

     بەڵام هاچینگز وای دەبینێت كۆنچێرتۆی ژمارە ٢٤زیاتر لە نووسینی سەمفۆنیاوە نزیكە بە تایبەت گەر ئەوە ڕەچاو بكەین كە جووڵەی یەكەمی لەدەرەوەی مەقامی نزمە، بە تایبەتیش لەو ساتەدا كە جووڵەی یەكەم لە “مارش”ـێك دەچێت وەك ئاوازی “مارسیاز”. جا بۆیە ئەوەی دەیەوێت دەرك بە سەرچاوەی ئەو پێویستییە بەناوبانگە بكات كە لە سەمفۆنیای پێنجەمی بێتهۆڤندا هەیە، ئەوا دەبێت بچێتەوە سەر كۆنشێرتۆی ٢٥ی مۆزارت. 

      بە كورتی، كەواتە ئەگەرچی دەشێت و توێژەرانیش هاوڕان كە لۆدڤیك ڤان بێتهۆڤن (١٧٧٩-١٨٢٨) بە هۆی نۆ بەرهەمە بەناوبانگەكەیەوە هونەری سەمفۆنیای گەیاندە چڵەپۆپەی داهێنان كە لە مێژوودا وێنەى نەبووە، كەچی ئەمادییوس وۆلفگانگ مۆزارت (١٧٥٦-١٧٩١)ـیش هەمان شتی بۆ هونەری كۆنچێرتۆ كرد و لە هونەری ئۆپێرا و مۆسیقا ئاینییەكانیشدا لە زۆرینەی هەرە زۆری مۆسیقارەكانی مێژووی مرۆڤایەتی بڵندتر و بلیمەتتر بوو. جا بۆیە ئەگەر نەشێت سەمفۆنیاكانی مۆزارت و سەمفۆنیاكانی بێتهۆڤن لە یەك ئاستدا دابنرێن، ئەوا ناشێت كۆنچێرتۆكانی بێتهۆڤنیش بە كۆنچێرتۆكانی مۆزارت بەراورد بكرێن. ئەگەرچی بێتهۆڤن لە كۆنچێرتۆیشدا بلیمەت بوو بەڵام كۆنچێرتۆكانی مۆزارت و بەتایبەتی و پێش هەموویشیان كۆنشێرتۆی ژمارە (٢٤و ٢٥) لە مێژوودا بێوێنەن و هەر بەو جۆرەیش بە نەمری دەمێننەوە، بۆیەشە كاریگەرییان لەسەر چەندین مۆسیقاری دوای خۆیان داناوە، لەوانەیش بێتهۆڤن. 

سەرچاوە:

https://www.almadasupplements.net/news.php?action=view&id=8239