بۆچی ئارەزووی وێنە کۆنەکان دەکەین

وەرگێڕانی: توانا حەمەنووری

وێنە کۆن و ڕەنگ زەردەکان، چێژ و هەستێکی تایبەتیان هەیە، زۆرجار هەستی بیرکردنی ڕابردوو لە ناخماندا ڕادەچەڵەکێنێت، کاریگەری وێنە کۆنەکان هەر ئەوەندە نین کە چێژبەخش و ڕابردومان بە بیر دەهێنێتەوە، بەڵکو چەند فەیلەسوفێک کۆمەڵێک بیانوویان بۆ ئەم هەستانە هێناوەتەوە.

سارتەر، بنیامین، بارت، دێریدا

لە پێناو گەیشتن بە پیرۆزی

واڵتەر بنیامین (١٨٩٢-١٩٤٠)

بنیامین لە کتێبێکیدا بە ناوی (مێژویەک لە وێنەی فۆتۆگرافی) کە لە ساڵی ١٩٣١ نووسیوێتی، دەڵێت: هەموو شتێک لە وێنە کۆنەکاندا ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، تەنانەت لۆچ و شوێنەواری قەدکردنی جلەکانیش دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بمێننەوە، با بڕوانینە پاڵتۆکەی شیلین (La redingote de Schelling)، ئەم پاڵتۆیە بۆی هەیە بگاتە ئاستی نەمریی. وێنەی سەردەمە کۆنەکان بە شێوەیەکی نایاب دروست دەکران، دیمەنێکی تایبەتی هەبوو، هەروەها دەخرایە چوارچێوەیەکی هێلکەییەوە، وەکوو ئەوەی ئێمە چاپی ڕەسەن مەزن بکەین.

ئەگەر ئێمە ئارەزووی وێنە کۆنەکان بکەین (وەکو ئە وێنانەی کە لەساڵی ١٨٨٠ گیراون، کاتێک وێنەی فۆتۆگرافی لە بارودۆخی دروستکردندا بوو)، ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئێمە هەست دەکەین پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا بووەتە هۆی داڕمانی وێنە، لە ڕێگەی تاکگەرا و جێگیرکردن و کۆپیکرن و سڕینەوە.

لە پێناو دەرخستنی ئازادییەکەمان

ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠)

سارتەر لە کتێبێکیدا بە ناوی (ئەندێشەیی)، کە لە ساڵی ١٩٤٠دا نووسیوێتی دەڵێت، کاتێک ئێمە لە وێنە کۆنەکان دەڕوانین، ئەوە لە ئەزموونێکی هاودژ و ئازاددا دەژێین. تێدا ئامادەبوو و ئامادەنەبوو تێکەڵ دەکەین. وێنەی (بێیر)ی هاوڕێیم کە ساڵی ڕابردوو لە پاریس گرتوویەتی وای لێدەکات لێرە ئامادەبێت، بەڵام جیای دەکاتەوە، چونکە جێگیر بووە، لەبەر ئەوەی جیهانی وێنە جیهانێکە هیچ شتێکی تێدا ڕوونادات، کەچی مادەکە وێنەکەیە، وەکوو نیمچە گیانەوەرێکە (چونکە بەرجەستەی واقیعێک دەکات کە بوونی نییە)، ڕێگە بە ئازادییەکەم دەدات خۆی خۆی بدۆزێتەوە، وەکوو هەر وێنەیەک کە لە هزرمدایە، وێنەی ئێستای جیهانم بە شێوەیەکی غیاب بۆ ئاشکرا دەکات، هەر کاتێک لێی بڕوانم دەورووبەرم دیار نامێنێت، وەکوو ئەوەی لە زیندانی ئێستا ئازادم بکات.


ئایە ئارەزوومان بۆ وێنە کۆنەکان جۆرێک نییە لە دانپێدانان بەوەی قەرزاری مردنین؟ ئایە هەوڵێک نییە بۆ ئەوەی تەمەنی خۆمان لە دوای خۆمان درێژتر بکەینەوە؟

بۆ ئەوەی دوای مەرگیش بژێین

ژاك دێريدا (١٩٣٠-٢٠٠٤)

دێڕیدا لە کتێبێکیدا بە ناونیشنی (ماڵ)، لە ساڵی ١٩٩٦ لە ئەسینا نووسیوێتی دەڵێت: وێنەی فۆتۆگرافی کاری ئەوە نییە ڕابردوو هەمار(عەمبار) بکات، بەڵکو داهاتووش هەمار دەکات، بەو پێیەی دواتر سەیرکردنێک هەیە توانای ئەوەی هەیە وێنەی فۆتۆگرافی شی بکاتەوە، چونکە وێنە ڕکابەری زەمەن دەکات.

ئەم وێنەیەم کە لە تەمەنی هەشت ساڵیم، لە کاتی پشوومدا لە شاری نیس گرتوومە، وەکو شایەدحاڵێکە لەسەر ئەو دۆخەی کە تێیدا بووم، هەروەها شایەدحاڵێک بۆ ئەوانەی کە لە دوای من دەژێن. بەم شێوەیە وێنە لەناوچوونی سەرچاوە دوادەخات، بە مەرجێک لە ئایندەدا ئەگەر لەلایەن کەسێکەوە سەیر بکرێت و ئێمە نەتوانین کۆنتڕۆڵی ئەو کەسە بکەین.

ئایە ئارەزومان بۆ وێنە کۆنەکان جۆرێک نییە لە دانپێدانان بەوەی قەرزاری مردنین؟ ئایە هەوڵێک نییە بۆ ئەوەی تەمەنی خۆمان لە دوای خۆمان درێژتر بکەینەوە؟


بۆ ئەوەی هەست بەو شتانە بکەین کە کەسانی تر نایبینن

ڕۆلان بارت (١٩١٥-١٩٨٠)

بارت، بە هۆی مردنی دایکییەوە زۆر خەمبار بوو، هەوڵی دەدا لە ڕێگەی سەیرکردنی وێنەکانییەوە بیهێنێتەوە بۆ ژیان، لەوەدا بوو هەوڵەکانی شکست بێنێت، تا ئەو کاتەی کە بە ڕێککەوت وێنەیەکی دۆزیەوە بە ناوی (باخچەی زستان)، ئەو وێنەیە هەستێکی بەهێزی پێی بەخشی.

لە چوارچێوەی ئەزمونەکەیدا بارت لەساڵی ١٩٨٠ کتێبێکی نووسی بە ناونیشانی (ژوورە ڕووناکەکە)، تیێدا دەڵێت: هەندێک وێنە توانایەکی تەمومژاوییان هەیە، جگە لەوەی لەمسەیەکی نایابی لازەمەنی دەخاتە سەر چیرۆکی کەسایەتی نێو بابەتی وێنەکە، ئەوە ئەو وێنەی ئەو کەسایەتییە تاک دەکاتەوە. پێدەچێت ئەوەی وامان لێدەکات کە ئارەزوی وێنە کۆنەکان بکەین ئەوە شتانە بێت، کە لەلای وێنەگرەکە دەرنەکەوتوە.

بارت ئەو حاڵەتی ناوناوە بۆنكتۆم (Le punctum) (بەلاتینی “کون”، “پەڵەیەکی بچووک”)، ئەو وردەکاریانە هەستی قوڵ دەوروژێنێت. بۆنکتۆمی وێنە ئەو ڕێککەوتەیە کە وەکوو دڕک دەچەقێت، ئازاری هەیە.


سەرچاوە:

https://www.fikrmag.com/article_details.php?article_id=701