چوار شیعری برتۆلد برێشت

وەرگێڕانی: سیا مەمەند

١

لێرەدا یاسای سرووشت کار ناکات

کاتێ بەرد بڵێ: دەکەومە سەر زەوی

ئەگەر هەڵمبدەی بۆ ئاسمان

باوەڕی پێبکە!

کاتێ ئاو بڵێ: تەڕ دەبی،

گەر ڕۆ بچیتە نێو ئاو

باوەڕی پێبکە

ئەگەر مەعشوقەکەت بڵێ دەمەوێ بێم بۆلات

باوەڕی پێمەکە

لێرەدا یاسای سرووشت کار ناکات.

****

 

٢

تۆ خاڵی لاوازت نەبوو

تۆ هیچ خاڵێکی لاوازت نەبوو

من هەمبوو

من عاشق بووم.

***

 

٣

کەسێک کە خۆشم دەوێت

کەسێک کە

خۆشم دەوێت

پێی گوتووم کە

پێویستی بە منە

هەر لەبەر ئەوەشە

من ئاگام لە خۆمە و

چاوەکانم کراوەن

کاتێ بە ڕێگەیەکدا تێدەپەڕم

ترسم هەیە

لە هەر دڵۆپە بارانێ

نەوەک

بە‌ لێدانێک

لەناوم بەرێت

***

 

٤

بۆم بنوسە

بۆم بنوسە، چیت لە بەردایە؟ جلەکەت گەرمە؟

بۆم بنوسە، چۆن چۆنی دەخەویت؟ شوێنەکەت نەرمە؟

بۆم بنوسە، شێوەت چی لێهاتووە؟ ئێستاش وەک جارانیت؟

بۆم بنوسە، لە چیت کەمە؟ قۆڵەکانی من؟

بۆم بنوسە، وەزعت چۆنە؟ خۆش ڕادەبورێ؟

بۆم بنوسە، ئەوان چی دەکەن؟ ئازایەتیت وەک خۆی ماوە؟

بۆم بنوسە، سەرقاڵی چیت؟ ئیشت باشە؟

بۆم بنوسە، بیر لەچی دەکەیتەوە؟ لە من؟

بە باوەڕەوە من لە تۆ دەپرسم

گوێم لە وەڵامەکانت دەبێت، کە لە دەمت و دەستت بەردەبنەوە

ئەگەر ماندوو بیت، ناتوانم

بارەی سەر شانەکانت هەڵگرم

ئەگەر برسیت بێ، هیچم نییە بیخۆیت

وەک ئەوەی دەڵێن لە دنیایەکی ترم

وەکبڵێی لە بیرم کردبیت.

photo_٢٠٢١-٠٢-١١_١٢-٢١-٢٥

سەرنجێک بنوسن