پەیامی شانۆکار نیهاد جامی بۆ ڕۆژی جیهانی شانۆ

جیهان پێکەوە لەبەردەم یادکردنەوەی رۆژێکن بۆ شانۆ، رۆژێک تیایداین کولتووری شاشە کۆمەکی زۆرمان دەکات کاتێک کۆڕۆنا نایەڵێت کۆ ببینەوە، بە واتای لە ڕێگەی پرۆگرامە ڤیدیۆییەکاندا ئەمڕۆ دەتوانین کۆ ببینەوە، تەنانەت نمایشەکانیشمان دەکرێت وەک شانۆی تەلەڤزیۆنی نیشان بدەین، بەڵام ئێمەی دابڕاو لە کولتووری شاشە و لە هەنگاوە درووستەکانی شانۆ لەم ڕۆژەدا تێدەگەین چەند نائومێدین، چەندە خۆفریودەرین لە بەرامبەر کۆی شتەکاندا، ئەوە تاریک بینین نییە، ڕووناکییەکە ئەو تاریکییە دەبینێت کە ساڵەهای ساڵ بە ناوی فێستیڤاڵی شانۆیی و ناوەندەکانی شانۆ بۆتان دروست کردین، ئێستا ساتی ئەوە نییە بە ئاگاتان بێنێنەوە، ئێوە خەونتان ئەوەیە کۆڕۆنا تەواو بێت و درێژە بە فێستیڤاڵە فریودەرەکانتان بدەن، بۆیە دەبێت ئەم ڕۆژە بیانوویەک بێت بۆ هەڵتەکاندن نەک یادهاتنەوەتان.

ئاساییە پلان نەبوو هەڵەکردن بێشوومار بوو، بەڵام ئەم دۆخە نوێیە با تێمانبگەیەنێت کە هەڵە هەبوو، ئیدی دوای ئەم دۆخە با لەسەر هەڵەکان نەڕۆین، ئاساییە بپرسیت ئەی چی بکەین؟ سەیرکە ساڵەکانی ڕابردوو بەهۆی بێ پلانی هیچی لێ دروست نەبوو، کەواتە زۆری نمایش و فێستیڤاڵەکان نەیانتوانی زەمینە بخوڵقێنن، بە بەڵگەی ئەوەی ئاخۆ توانرا لە دەرەوەی فێستیڤاڵەکانەوە کاتێک نمایشی شانۆیی هەبێت مانگێک نمایش بەردەوام بێت، نرخی پلیتی شانۆ ببێت بە بیست دۆلار؟ ئاخۆ لە هۆڵەکانی شانۆ هەر تەنیا ئێمەی شانۆکار نین بینەر و ئەکتەر؟ کەوابێت هیچمان نەکرد تەنیا خۆمان سەرگەرمکرد لە هەفتەی فێستیڤاڵەکاندا.

پێویستمان بە گۆڤاری مانگانە و وەرزنامەی شانۆیی و زنجیرەی کتێبی شانۆیی هەیە، کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ناوخۆیی شانۆمان پێویستە تا لەو رێگایانەوە شانۆ بکەین بە کولتور، نەبوونی شانۆی تەلەڤزیۆنی و تۆمارنەکردنی نمایشەکان گەورەترین خەوشی بەردەم شانۆی ئێمەیە، ئێستا پێویستمان بەم زەمینەیە هەیە، بەبێ بوونی ئەم زەمینەیە هەزار ساڵیتریش خەریکی شانۆ بین نە شانۆ بەرەو  پێش دەچێت نە دەتوانین بیکەین بە کولتوور لە کۆمەڵگادا.

پێویستە یادکردنەوەی ڕۆژی شانۆ هەڵتەکاندنی ئەو فەرشە ناشیرینەی ژێرمان بێت کە بۆ میوانانی ڤێستڤاڵ ئامادە دەکرێت، داهاتێکی بە خۆرایی سەرف دەکرێت، نمایش بۆ ڕۆژێک دروست دەکرێت، پارە سەرف دەکرێت تا گروپی ئاست نزم بە ناوی شانۆی ئەوروپی بهێنرێنە کوردستان و خۆڵ بکەینە چاوی نەوەی نوێ بە ناوی شانۆی ئێستای دنیا لەو ئاستەدایە، مەعریفەی شانۆییمان لە ئاستی سفردایە ناوەندە شانۆییەکان بەرپرسیاری یەکەمن تیایدا، نەبوونی دەزگای توێژینەوەی شانۆیی و نەبوونی کۆرسی شانۆیی و بانگهێشتکردنی خەڵکانی پسپۆر لەئێستادا پێویستن نەک بانگهێشتکردنی نمایش، بەبێ نمایش شانۆ نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێمە هێشتا نازانین دەبێت چیبکەین، بۆیە پێویستە سەرەتا توێژینەوە بخەینە ڕوو بۆ ئەوەی سەرەتایەکی نوێ دابمەزرێنین، بەبێ هەنگاونان بۆ بە کولتوورکردنی شانۆ، نمایشی شانۆیی هەروا لەناو شانۆکاراندا دەمێنێتەوە، کاتێک ڕۆژێکی نوێ هەڵدێت و ناوەندەکانی شانۆ هەروا بێدەنگ دەبن، ناچارین قسەیتر و پرۆژەیتر بخەینە ڕوو بۆ چارەسەری بە کولتورکردنی شانۆ وەک کێشەی سەرەکی مرۆڤی کوردیی.

 وارشۆ- پۆڵەندا

٢٧-٣-٢٠٢١

ڕۆژی جیهانی شانۆ

blank
نیهاد جامی؛ نووسەر و شانۆکار