دوو باڵندە و سێ مەیموون و درۆزانێک

سی و سێ لۆچ و خەت و خێچ

ناسنامەی ڕووخساریان گۆڕیووم


بەیانیان کە بێدەنگیی ئاوێنەکە دەبینم

دەچرپێنمە بن گوێی و دەڵێم:

“خۆمم، نامناسیەوە!

ئەو کەسەی هەموو ڕۆژێک

بە ڕووخسارێکی خۆهەڵخەڵتێنانە دێتە بەردەمت و

دەست بە چەند تاڵێکی کەمی پرچە سیسەکەی دادەهێنێت و

بزەیەکی ساختەت بۆ دەکات!”


ئەو باڵندە ڕەشەی دوێنێ شەو لەناو خەونمدا

باسی دڵخۆشیی و گەشبینیی بۆ کۆمەڵێک گورگ دەکرد

لە ناو ئاوێنەکەدا

لە گۆشەی چاوی چەپمدا دەیبینیم، خەمبارانە چاوەکانی کز کەوتوون

وەک ئەوەی ناچارانە لە چاوەڕوانیی تەڵەی فێڵێکدا بێت!


دەبووایە من خەڵاتی فێڵزانترین مرۆڤم پێدرابووایە

کێ هەیە هێندەی من

ڕۆژانە فێڵێ تازە

بۆ خۆهەڵخەڵەتاندن بەرهەم بهێنێت


بەڕاست!

بۆچی تا ئێستە بە درۆزنترین مرۆڤ دەستنیشان نەکراوم!

ئاوێنەکەم زمانی هەبووایە، شایەدی ئەو هەموو ڕووخسارە درۆیینانەی بۆ دەدام

کە بەیانیان و ئێواران و شەوان

وەک بزوێنەر، ژیانمی پێ گڕ دەدەم.


سێ مەیموون

لەسەر ڕۆخی ئاوێنەکە وەستاون

چاوەڕێن بزانن ئەمڕۆ چ قسەیەکی پووچ بۆ خۆگێژکردن ئەو کەسەی ناو ئاوێنەکە دەکەم

لەبەر خۆمەوە دەڵێم:

“ئەمڕۆ هەوڵ دەدەم باش بم”

مەیموونی یەکەم گوێی

مەیموونی دووەم چاوی

مەیموونی سێیەم بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ئەم درۆیەمدا جوێنم پێ نەدات دەمی دەگرێت


“تۆ بەهێزیت، ئەم ڕۆژ و ساڵە سەختانە تێدەپەڕێنیت”


درۆیەکی خۆمە، دەیناسمەوە

دوێنی یان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر

بەو درۆزانەی لەناو ئاوێنەکەدا وەستابوو، گوتم.


شەوێک

بە دەم سەیرکردنی بوتڵێکی وێسکی ئێرلەندیی نیوە بەتاڵەوە

گوتت:

لەو بەیانییە بترسە، بۆ خۆگێلاندن درۆ و فێڵ و چیرۆکت پێ نەماوە!


لە چاوی فێڵزانی ناو ئاوێنەکەوە

پەیکەرێکی بچکۆلەی کوندەپەپوویەک دەبینم

کە بە چاوە نیمچە کراوەکانییەوە گوێی بۆ درۆیەکی دووبارەی من هەڵخستووە

چاوەڕێیە بزانێت ئەمڕۆ

چۆن و بە چ خۆتەفرەدانێک

سەری ئەهریمەنی ناو ئاوێنەکە دەسووڕێنێم!


باڵندەی ڕەش و

سێ مەیموون و

کوندەپەپووی چاو کزی گوێ هەڵخستوو و

کەسی ناو ئاوێنەکە

لە یەک چرکەدا چاوەڕێن، من بۆ ئەمڕۆ شتێک بڵێم!


لەبەرخۆمەوە دەڵێم:

“ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایکبوونمە!”


کێکێکی سپی بە دەست باڵندەی ڕەش و کوندەپەپووی چاوکزەوە،

یازدە مۆم لەناو دەستی هەر یەک لە مەیمونەکان،

بەرەو ڕووی درۆزانی ناو ئاوێنەکە دێن.

هەموو بەیەکەوە بزە دەکەن و چەپڵە لێدەدەن.

photo_٢٠٢١-٠٤-٢٠_١٢-١٩-٥٩

سەرنجێک بنوسن