سوپاس بۆ ئەوەی ترس زمانی خۆی دۆزییەوە

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی "ئەگەر مردن شتیکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە "

لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

یەکەمین شت کە لە دوای خوێندنەوەی کتێبی نایا مارییا ئایت دەبێت بوترێت، سوپاسە! سوپاس بۆ ئەوەی ترس زمانی خۆی دۆزییەوە.

(ئەگەر مردن شتیکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە) لە ناونیشانێکی پارادۆکس دەچێت. چۆن ئەو شتە دەدەرێتەوە کە پێشتر لەو کەسە وەرگیراوە؟

لە ساتێکی هەنووکەییدا وا هەست پێ دەکرێت کە لەم گەردوونەدا، چەپڵە بە یەک دەست لێدەرێت و دەبێت بە تەنیا بەرەنگاری شیوەن و ناخۆشییەکان ببیتەوە. بەڵام لە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆمان دەردەکەوێت کە تۆ دیارییەکت پێ بەخشراوە: ئەو ترسە بچوکە لە کاتی لەدەستدانی منداڵەکەت، وا لە هەر باوانێک بکات کە بکەونە گێژاو و ناخۆشییەکی ئەوتۆ کە ئێمە تەواو لەم کتیبەدا بەدی دەکەین. لەنێو پەڕەکانی ئەم کتێبەدا چەندین هاوار و گازاندە و لە هەمان کاتدا خەمباری دەبیسترێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەم کتێبە وات لێ دەکات بە هەمان ئەندازە ئەو ترسە بژیت بێ ئەوەی ناچار بیت لە خەمناکیدا خول بگریت.

کتێبی (ئەگەر مردن شتیکی بردوویت بۆی بگەرێنەوە) لە نووسینی خانمە نووسەری دانیمارکی: نایا ماریا ئایت و ئالان پەری لە دانیمارکییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکاروەکانی وەشانی نووسیار ٢٠٢١

ڕەنگە ئەم کتێبە وەک چارەسازێک بێتە پێش چاو، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم کتێبە زۆر دوورە لەوەی وەک چارەسازێک بێت بۆ خەمناکی؛ بەڵکو تا ئاستێکی زۆر بەرز وەک کتێبێکی ئەدەبی لە قەڵەم دەدرێت.  چونکە ئەمەیە کاری ئەدەبی بەرز کە دەیکات: کە وامان لێدەکات خراپترین هەست و دژوارترین ترس لە گێڕانەوەکاندا بژین، بەم شێوەیەم ئێمە وەک مرۆڤ زیاتر قوڵ دەبینەوە بەرەو ئەو شتانەی کە زۆر سەخت و توانای تێپەڕاندنیان نییە، وایان لێدێت ببن بە بەشێک لە هەستی دەروونی خۆمان.

چی لەوە خراپ و دژوارتر هەیە کە لە شەوێکی شەممەی مانگی مارسدا بە تەلەفۆنێک ئاگادار بکرێیتەوە کە کوڕە ٢٥ ساڵەکەت لە پەنجەرەی ئاپارتمانی نهۆمی چواردا خۆی فڕێداوەتە خوارەوە؟ ئەوە (کاڕڵ) کوڕی نووسەر نایا مارییا ئایت بەهۆی بە ژەهراییبوونی بە قارچکێکی کێوی ئەم کارەساتەی بەسەردا هاتووە.

دەنگە نەشازەکان

ئەم کتێبە لە چەند کۆدەنگێک پێکهاتووە یان دەتوانین بڵێین لە چەند دەنگێکی نەشاز پێکهاتووە، کە زۆربەی ئەو دەنگانە بەچەند جۆرە فۆنت و قەبارەی فۆنتی جیاواز بە سەر پەڕەکانی ئەم کتێبەدا دابەش دەبێت. چیرۆکە سەرکییەکە و ئەو تەلەفۆنەی کە هەواڵی کەوتن و مردنی کاڕڵ لە نەخۆشخانەی (غیس) و کاتێک کارڵ لە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردا هەناسە دەدات و دواتر هاوڕێ و تەوای خێزان لە نەخۆشخانە چاوەڕوانی مردنی دەکەن و دواتر ڕێوڕەسمی ناشتن و بەخاکسپاردن و پرسەکەی، ئەمانە بە شێوەیەکی بەرچاو نووسەر هەوڵی داوە وەک جەختکردنێک بۆ زمانی مانەوە و خۆڕاگری بیانووسیت تا دەگاتە دوا ڕستەی ئەم کتێبە: (ئەمەش لەڕۆژی ١٦ی مارسی ٢٠١٥ بوو، کارڵ مرد.)

هەندێ جار چەند دەنگێکی تر لەگەڵ خۆیان دەدوێن: هەر لە نووسینی پایە بەرز تا دەگاتە نووسینی نووسەرانی پێشوو تر کە ئازیزان و منداڵی خۆیان لەدەستداوە لەوانە: سیسرۆ و مالارمێ. هەروەها یادەوەری کارڵ لە سەردەمی منداڵیدا دەنگی نەخۆشخانە و ڕاپۆرتی پۆلیس و چارەسازی دەروونی و فەلەکناس و پزیشکی توێکاری، هەموویان لەنێوان خۆیاندا دێنە قسە تا دەگاتە دەنگی باوکی کاڕڵ کاتێک بە دەنگێکی سارد و میکانیکی هەواڵی کەوتنە خوارەوەی کاڕڵ بە دایکی دەڵێت.

ناوەڕۆکی ئەم کتێبە وەک ناونیشان شێواو و پەشۆکاوە: شیعرێک لە خوارووی پەڕەیەک دەستپێدەکات و لە بەشی سەرووی پەڕەی دوای خۆی کۆتایی دێت، لەنێوان ئەو شیعرە چەندین تێکستی تر وەک ناوبڕ دێنە شیعرەکەوە، ئەمەش پەرتەوازی و شێواوی تیا دەبینرێت کە کار بۆ دابەشکردنی پەڕە نەکراوە، ئەمەیش لەبەر هۆکاری زمانی شۆک و غافڵبوونە لەناو ئەم کتێبە.

بەخت

لە سەرەتای ئەم بەرهەمەدا هەستکردن بە بەدحاڵیی و توڕەبوون دەردەکەوێت، هەستێک وا لە مرۆڤ دەکات کە خۆی نەبێت، توڕەبوون لەهەموو ئەوانەی هۆشیارن، توڕەبوون لە چارەسازی دروونی و ڕۆحانی کاتێک پێی دەڵێن ”خەمەکت نۆڕماڵە و نەگیشتۆتە ئاستێکی ئاڵۆز”.  چارەسازەکان دەستێکی گەرمی لێدەدەن ”خەمباری شتێک نییە چارسەر بکرێت”.

نووسەر هەست بە ئازاری ویژدان دەکات کاتێک بەختی کوڕەکەی دەخوێنێتەوە:

”هەرچەندە واش دیار بێت، دەڵێی دایکت لە سۆزداریدا درێغيی نەکردووە و ئازادانە لە خودی خۆیدا بەخشندە بووە، لە پشتەوە دادەنیشتیت، هەست و سۆزێکی دژوارت هەبوو، بە شێوەیەک لە شێوەکان هەستت دەکرد گوناهێکت کردووە و کەسێکی ناحەزیت. ئەمە بە شێوەیەکی بەهێز و بێئەندازە کاری تێ کردبوویت .ئەمە ئەو هۆکارە بووە کە تۆ لە خۆت دڵنیا نەبیت و بووە بە کەمایەسی لە باوەڕبەخۆبوونی خۆتدا.”

ئەوە بەختی بوو. ئەو ئێستا مردووە.

کاردانەوەی دایکی، توڕەبوونێکە لە خودی خۆی:

”خه‌تابارانه‌ ئازاری گیانم دەدەم و/ بە ده‌م قیژە و هاواره‌وه‌ خۆم بەسه‌ر زه‌وييه‌كه‌دا/به‌ كێش ده‌كه‌مه‌ خواره‌وه‌./ تف له‌ فەله‌كناسى دەکەم/ بەڵام هێشتا خۆم بە خەتابری ئازاری گیانم دەدەمو/ بە دەم قیژە و هاوار خۆم بەسەر زەوییەکەدا بە کێش دەکەمە خوارەوە. ”

”ئەوەی پێشتر واتایەکی هەبووە ئەوا ئێستا هیچ واتایەکی نییە”.

بێ زمان بێ کات

کات لەم کتێبەدا دەشکێت، کات ناڕوات، ناگوزەرێت، کات هەر نییە، داهاتوو نییە، تەنیا و تەنیا خەمێکی ئەبەدی هەیە کە ئێستایە.

توڕەبوونێک لە هونەریشدا هەیە، ڕقگرتن و هەستکردن بە قێزەونی لەو زمانەی کە کار ناکات ئەو زمانەی کە زوقم و توانای خنکاندنی هەیە و لە هەموو شتیکیدا زمانی شۆکە. ”ئەوەی پێشتر واتایەکی هەبووە ئەوا ئێستا هیچ واتایەکی نییە”.

بەڵام نایا مارییا ئایت نووسەرە و ئەو تەنها دەتوانێ پەنا بۆ زمان بەرێت. بۆیە ئەم کتێبە باس لە دووبارە دانان و سەرکەوتنی زمان دەکات. ئەویش بە خوێندنەوەی ئەو نووسەرانەی هەمان باری ئەویان هەبووە، چۆن بەسەر زمان و گەڕانەوەی زمان سەرکەوتوو بوون. تەنانەت بە دانانی چەند وشەیەکی سادەی وەک ”خەمڕەوێن” یان ”زیندان”، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نایا دان بەوەدا دەنێت کە هەرگیز نابێتەوە بە خۆی، ئەو ئێستا یەکێکی ترە.

خۆشەویستی

من دەنووسم ”ئەو-نایا” لەبەر ئەوەی لەم کتێبەدا هەموو دەستەواژەکانی گێڕەرەوە ڕەت دەکاتەوە. هیچ بۆشاییەک نییە لەنێوان ماریا ئایت و ئەوەی نووسراوە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت لاپەڕەکانی ئەم کتیبە بۆ دواوە هەڵبدەیتەوە ئەوا بەم کتێبە کە کارێکی هونەری پێکهێناوە.

ئەو هەڵکشان و پەرتەوازبوون و شێوازی مۆنۆلۆگ و شیعر و وێنە کەرتکراوانە بەشێکی گرنگ پێکدێنن لە ناوەڕۆکی کارێکی ئەدەبی و هونەری. بۆ نمونە: ”چیتر خۆمان نین” دەبێتە دژ بەیەکی دێڕەکانی پێشووتر کە ئەمە دێتە بەر دیدەمان: ”ئێمە لە ناو خۆمانین”.

ئەوەی لە سەرەتای ئەم کتێبە دەبینرێت پەرتەوازەییە، بەڵام لە دوای وەرگرتنەوەی زمان و هۆشی نووسەر بە ڕادەیەکی زۆر دەبێتە شاکارێکی هونەری.

توڕەبوونێک هەیە لەم کتێبەدا کە نووسەر شیکردنەوەی خۆی بۆ دەکات، قەدەر و پێشبینی کردنی مردن. بۆ نموونە خوێندنی هەمان کتێب (كتێبى تیبته‌کان له‌باره‌ى ژیان و مردنه‌وه‌) کە کوڕەکەی لەسەر هەمان پەڕەی ئەو کتیبە جێهێشت بوو پێش مردنی.

ئەوەی لە سەرەتای ئەم کتێبە دەبینرێت پەرتەوازەییە، بەڵام لە دوای وەرگرتنەوەی زمان و هۆشی نووسەر بە ڕادەیەکی زۆر دەبێتە شاکارێکی هونەری.

هەر لە ناونیشانی کتێبەکەدا دەردەکەوێت، ئەمەیش لە سەرەتا و ناوەڕاستدا هەیە بەڵام لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە ناونیشانی ئەم کتێبە پێشتر نایا مارییا ئایت لە شیعرێکیدا پێش مردنی کاڕڵ نوویسوەیەتی و لێرەشدا نووسەر پێشبینی مەرگی کردووە. شیعرەکە بەم دێڕانە دەست پێدەکات: ”ئه‌گه‌ر مردن شتێکى بردوويت/ بۆی بگەڕێنەوە/ بۆی بگەڕێنەوە،/ ئەوەی لەو مردووەت وەرگرتووە/ ئەو کاتەی ئەو مردووە دەژیا.

 – ئا بەم شێوەیە ناونیشانی کتێبەکە کتوپڕ واتای خۆی دەگەێنێت: ئەوەی لە کۆتاییدا دەبێت بۆی بگەڕێنرێتەوە خۆشەویستییە.

تۆ ئێستا لە بەردم کتێبێدا دانیشتویت کە بە هێزێکی پێویست نووسراوە و وەک پێوسیتییەکیش تۆ سەرقاڵی خوێندنەوەی دەبێت و بە قووڵی کار لە ناخ و دەروونت دەکات.

*کتێبی (ئەگەر مردن شتیکی بردوویت بۆی بگەرێنەوە – کتێبی کارڵ) لە نووسینی خانمە نووسەری دانیمارکی: نایا ماریا ئایت و ئالان پەری لە دانیمارکییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکاروەکانی وەشانی نووسیار ٢٠٢١

 لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان دەست دەکەوێت

سەرچاوە: لاپەڕەی کولتووری ڕۆژنامەی ئینفۆرماشیۆن– کۆپنهاگن

https://www.information.dk/kultur/anmeldelse/2017/03/tak-raedslen-faaet-sprog