کاتژمێر هەشت

تۆ دێیتەوە یادم و خەیاڵ ئەمباتەوە

جیهان ئەیەوێ من بگۆڕێ

ئەو گۆڕینە بە خۆرهەڵهاتن دەست پێ ئەکا

خۆر دنیا بۆ خۆی ڕووناک ئەکاتەوە و

عاشقی ئەبەدی خۆیەتی.

دەست ئەخاتە نێو دەستم و سەری ئەخاتە سەر شانم و

پێم ئەڵێ ئێستا کاتژمێر هەشتە.

جیهان نوقمی بێدەنگییە و

منیش بە دەنگی گرتنەوەی قاوەیەک خۆم بەخەبەر دێنم،

وەنەوز ئەمباتەوە بۆ دوێنێ

بەڵام دوێنێ هەرگیز ناگەڕێتەوە.

هێشتا خەیاڵ ئەمباتەوە بەردەرگای خۆی

کاتژمێر هەشتە و

دووبارە زانیارییەکان دێنەوە،

وشە و ڕستەکان

بیرکردنەوە دەربارەی گەشتێکی دورودرێژ و

لیستی کاروبارەکانی ئەو ڕۆژە.

کاتژمێر هەشتە و دەنگی با دێ

لە خەوی چنینەوەی گوڵاڵە سوورە گەڕامەوە و

 خۆم ئامادە ئەکەم تۆ ببینم.

کاتژمێر هەشتە و

یەکەمین جگەرە بەدەم گۆرانی و قاوەکەمەوە دەکێشم

لە باڵکۆنەکەوە لە درەختێکی مەزن ئەڕوانم کە هەمیشە بەپێوە وەستاوە

گەڵاکانی ورد ورد دەشەکێنەوە و دەدرەوشێنەوە.

 دوو گوڵی سوور وەک ڕوومەتی تۆ بەدەممەوە پێئەکەنن

باوەشم بۆ ئەکەنەوە و

سڵاوێکی گەرمم لێئەکەن و ئەپرسن

چی تازەت پێیە بۆ ئەم بەیانییە

شتەکان هەر لە جێی خۆیانن و

منیش ئەمەوێ یاساکانى هەنگ بگۆڕم و

قانون بۆ ئاخرەت دابنێم.

شەق لە ڕێساکانى زەوى بدەم و

بیردۆزی بێهۆشی شی بکەمەوە.

من و گوڵەکان سنگمان لەیەک نزیک کردەوە

گوڵەکان دەپرسن

شتێکی تر هەیە وەک عەشقە هەموو دەم وەک خۆی بێ

هەموو دەم خۆی نوێ بکاتەوە.

کۆترێکیش لەو لاوە بە دەنگێکی مڕ ڕۆژەکانی بۆ ئەژماردین و

مژدەی هاتنی وەرز‌ێکی نوێی پێ ئەبەخشین.

دەستی کرد بە دانانى ڕەنگ بۆ سێبەرەکان

بۆنى درەختەکانی دیارى ئەکرد و

مۆسیقای بۆ بێدەگی دائەنا

کاتژمێر هەشتە و

دەستت ناگا بە خوێندنەوەى دڵى من

پەنجەت درێژ نابێ بەر دەستم بکەوێ و

دڵت نامێنێ غەمم بۆ بخۆى.

کاتژمێر هەشتە و

نانی بەیانی ئامادە ئەکەم

دوو هێلکە و کەمێک ماست و کوپێ چا.

رۆحم کۆئەمەوە کە وەک شوشە پارچە پارچەیە.

کاتژمێر هەشتە و لەماڵ دەچمە دەرێ

بەدەم ڕێوە لەنێو بێدەنگیدا ون ئەبم

بێ نیشتمان بە کۆڵانەکەدا تێئەپەڕم و

بێ کۆڵانیش لە نیشتمان ورد ئەبمەوە.

غەریبى بێ کۆڵانى و غەریبى نیشتمان چیان فەرقە.

ئەگەمە وێستگەکە و چاوەڕێی هاتنی پاسی ژمارە ٣٩ ئەکەم.

٢٩/٤/٢٠٢١

photo_٢٠٢١-٠٥-٠١_١٢-٤٤-٠٩

سەرنجێک بنوسن