یەھودیا


كاتژمێری یەكەم


ئاخۆ چەند شەوی تر دەبێ لێرە بم؟

ئەوەم کە؛ نامەوێ لاشەم

بەر بزەی كەناری ئەم ڕووبارانە بكەوێ

لافاواكانیان، سەوڵەکانمیان دەشکاند…


كاتژمێری دووەم


ئەو پەڕۆیەی

“دەم”می پێ پێچراوە، دەپچڕێنم.

دەبێ هاوار بکەم:

ئەو که‌شتییانە هی من نین

خەونی ئەو ماسییانە لە مندا نەخنکاون

ئەی ئەو مێرووە خەوندزانەتان بۆ لە سنگمدا جێھێڵدراون؟


كاتژمێری سێیەم


ئەو غەمگینە من نیم

دڵشادم کە ئەو کۆڵانە تۆ نیت

لەنێو جامە شكاوەكەت، منت بە تریفەدا برد.


كاتژمێری چوارەم


ئەم دیرۆكە بۆ وایە…

من و تۆ “بەردێک” بووین

لە سێبەری خودا داتاشرابووین و

“ئیبراهیم”ییەکان تێكیان شکاندین.


كاتژمێری پێنجەم


لە پەڕێکدا ماین

چیتر حەرفێك نین بۆ خوێندنەوە.


كاتژمێری شەشەم


خودا…

دوا ئایەتی کامە پێغەمبەرە

لەم برینە بێبەندانە…


كاتژمێری حەوتەم


ئەی یەھودیا

ئێمە دوایین دێڕی خودا بووین

و کوڕە نەسرانییەکە خاچیان بۆ کێشاین؟


كاتژمێری ھەشتەم


ئومێد بە نۆتە و موزیک

بە مەرگی منداڵێک ناپێورێ

کێ هەیە لە بوون

پەیڤەکانی ئومێد بە ژیان و مەرگ بگۆڕێتەوە؟


كاتژمێری نۆیەم


گۆزەکان شکان

كانییەكانیش تینوویەتیان لە خۆدا هەڵکێشا و

ئیبراهیمییەکان لە بیری یووسفدا مان


كاتژمێری دەیەم


نوکتەیەک بوون برینەکانم

بۆ برینی ھەموو كەسێكت دەگێڕانەوە


كاتژمێری یازدە


جەنگ بوو فێری كردین

نیشتمان بكەین بە پارچە پەڕۆی سەر برینەكانمان.


كاتژمێری دوازدە


ئەوەتا تریفەی نیگاکانت

لەسەر شوێن چەقۆی هاوڕێکانم جێدەهێڵم

پشتیان تێ دەكەم و دەڕۆم.


كاتژێری سێزدە


ژیان لەوە جوانترە

دوای بەڕەڵاییەکانی مردنمان بخا…


كاتژمێری كۆتایی


ئەی یەهودیا بەسەر ئەو خاچەوە

عیسا هوتافم لە دژ دەدا و

منیش برینداری ورتەیەکم

و

.

photo_٢٠٢١-٠٦-٠٥_٠١-٣٧-٤٢

سەرنجێک بنوسن