لە ‘با’وە، بۆ شۆستەکان…

لە عەربییەوە: خەڵات عەلی


پەنجەکانت هی بان،

کاتێک هیچ شەمەندەفەرێک نادۆزیتەوە کە تێیدا پێشوازی لە ژنێک بکەیت…

پەنجەکانت هەمووی هی شەمەندەفەرن

کاتێک ئەو عەرەبانەیە نادۆزیتەوە کە ژنێکی هەڵگرتووە..

پەنجەکانت هی هەموو پەنجەرەیەکن…

کاتێک لە هیچ یەک لە پەنجەرەکانەوە ژنێک دەرناکەوێت…

پەنجەکانت هی ڕێگای ئاسنینن

تا هەموو فارگۆن و گەشتیار و کەلوپەلەکانی شەمەندەفەرەکە بە تەواوی بەسەریدا تێ بپەڕن.

کاتێکیش کە دەزانیت ئەو فارگۆنەی کە ژنەکەی هەڵگرتووە تێپەڕیووە، بە تەواوی تێک دەشکێیت.

دوای ئەو هەموو دوودڵی و ڕاوەستانەی بەر ئاوێنە،

پاش مەشق و ڕاهێنانێکی ماندووکەر

بۆ تێپەڕین بەو شەقامەی کە ماڵەکەتانی لێیە بێ ئەوەی شپرزە بم

دوای ئەوەی وەک هەورەبروسکە بە بەردەمتدا تێ دەپەڕم،

بە ئەنقەست لەبەردەم قاچەکانتدا، ناونیشانی خۆم لەبیردەکەم.

ئەها ئەوە منم کە لە دەرگات دەدەم

بەڵام ئایا نائومێدیم چەند گەورە دەبێت،

ئەگەر لەوێ نەبیت؟

چونکە من ناتوانم جارێکی دی ئەو ئازایەتییە دووبارە بکەمەوە.

بە هێواشی دەمجوڵێنێت، بۆ ئەوەی پێم بڵێ “بەیانیت باش”

جەستەی جێهێشتووم بۆ گەرمی و خەو

بە هێواشی دەیجوڵێنم، بۆ ئەوەی پێی بڵێم:

“ئێوارەت باش”

بەرەو لای ئاگردانەکە دەڕۆم،

ماوەیەکی زۆرە ڕۆیشتووە و دوو خووی بۆ بە جێهێشتووم:

یەکەمیان ئەوەیە کە سەرینەکە دەجوڵێنم و

 بە نوێنە بەتاڵەکە دەڵێم “ئێوارە باش”

دووەمیشیان تا بەیانی بێدار دەبم

بەبێ ئەوەی کەسێک بە “بەیانیت باش” ئاگام بێنێتەوە.

لە گوڵێک دەپرسم،

لە قەسیدەی ناو جانتاکە

“ئەو خۆشی دەوێیت و ئاگادار نەبووە”

لەو ژاکانەی ناو دەستی دەپرسم

لە پیتە هەڵگەڕاوەکانی ناو قەسیدەکە

“ئەو چیتر خۆشی ناوێیت و ئاگاداریش نەبووە”

نەریتی پیاوەکە ئەوەیە چاوەڕێ بکات

نەریتی ژنەکەش ئەوەیە کە نەیەت،

نەریتی پیاوەکە کورسییەک و چاو بڕینە دەرگایە

نەریتی ژنەکەش ئەوەیە کە لە دەرگا نەدات

جارێک هات و لە دەرگای دا،

بەڵام پیاوەکە هەر لەسەر کورسییەکە مایەوە

ئەی ئەو هەترەبوونەی تاجی ئاگاییت لەسەر نراوە

ئەی ئەو گوڵەی باخچەکانی ونکرد و لە پێدەشتەکاندا ڕوا، بێهوودە دەستەودامێنت دەبم.

ئەی ئەو باڵانەی کە کەوتن و چۆلەکەکانیان لە هەوادا مانەوە، جگە لە پەڕ و چریکە چیترن؟

“با” کێیە دوای قژە درێژەکەت؟

شۆستە کێیە دوای پێیە بچکۆلەکانت؟

دڵخۆشم پێت

وەک ئەو پەیکەرەی کە تازە دۆزراوەتەوە…

لە شەقام خەمی تۆمە و لەسەر شۆستە خۆشم دەوێی

کاتێکیش جەنگ هەڵدەگیرسێ

لەبەردەم ئەو شەقامەی ماڵەکەتان وەک بەرگریکارێک دەوەستم

لەسەر شۆستەکان گوێم لە ترقەی پێڵاوەکان دەبێت

لە هەموو چاوێکیش نیگای تۆ دەبینم

وێنەی هەموو پیاوان لەسەر پەنجەرەکەی دەسڕمەوە

کاتێکیش دەگەڕێمەوە بۆ ژوورەکەم

هیچ شتێک ڕامناچڵەکێنێ جگە لە “نەبوونت”

کە لە شەوێکی ترسناکدا

بە تەنیا و بە دڵتەنگی

وەک پەیکەرێک کە تازە دۆزرابێتەوە وابوو.

وەک ئەوەی من ئاو بم،

بەردەکان بۆ کەنارەکان دەگەڕێنمەوە..

یاری لەگەڵ “با”دا دەکەم

کە ئەو کەشتیانەی مافیاکانی دەریایان هەڵگرتووە تێ دەپەڕن، ئارام دەبمەوە

کاتێکیش قایەخە بچکۆلەکەی تۆ تێ دەپەڕێ، وەک ئەوەی ئاو بم، بە هەڵم دەبم

لە خۆشیاندا دەمرم کە دەست لە قاچەکانت دەدەم لەکاتی بەرزبوونەوە٭

لە خەماندا دەمرم کە لەکاتی نیشتنەوەدا٭ داخت بۆ هەڵدەکێشم

چاوەڕێت دەکەم..

کاتێکیش کە نایەیت

شەپۆڵەکانم بەسەر خۆمدا دەدەم و وشک دەبمەوە

وەک ئەوەی ئاو بم

گوڵەگەنم لە لانەی دڕندەکاندا نەیتوانی تۆ بدۆزێتەوە

هیچ هەڵۆیەکیش لەسەر شانی من نەنیشتەوە

نە تەمەنم لە مەچەکی تۆدا،

نە ئاویشم لە لەرزینی جەستەتدا تەواو نەبوون

ئەو باڵایە نەبووم کە جگە لە تۆ سەر بۆ کەس نەوی نەکەم

ئەو ماسییەش نەبوویت کە هەر جارێک چاوم پێت بکەوتبایە نوقم ببیت

وەک ئەوەی پیاوێک بم تۆڕی جاڵجاڵۆکە لە چواردەوری دڵم دروست بکەم،

سەرنخونم، کراسەکەشم بە جەستەی تۆوە گوڵ دەگرێت..

تۆش لە کراسە ڕەنگاوڕەنگەکەمەوە سەر هەڵدەبڕیت

چۆن دەست پێ بکەم؟

کە دۆزەخەکەم بچوکە بۆ ئەوەی بتخەمە ناوی و

خوێنیشم هەرچەندە سەراوژێر بڕژێت، پێت ناخلیسکێت.

پەراوێز: ٭جزر و مد: بەرزبوونەوە و نیشتنەوەی دەریا، کە بە هۆی هێزی خۆر یان مانگ لە ڕووکاری دەریا ڕوودەدات.

photo_٢٠٢١-٠٦-١٧_١٦-٢١-٣٣

سەرنجێک بنوسن