چەند ڕاستییەک لەبارەی بێباوەڕییەوە

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

من جولیان باجینیم، دانەری کتێبی (بێباوەڕیی: دەروازەیەکی زۆر کورت). دەمەوێت ١٠ شتتان بۆ باس بکەم کە پێویستە هەر هەمووتان لەبارەی بێباوەڕییەوە بیزانن.

بێباوەڕیی مانای دوژمنایەتیکردنی باوەڕ ناگەیەنێت

یەکەم؛ ناونانی بێباوەڕیی ڕێککەوت و ڕووداوێکی مێژووییە. ئێمە لە کولتوورێکدا ژیاوین کە بە درێژایی مێژوو باوەڕدار بووە، هەر بۆیە ناونانی بێباوەڕەکانیش وەک ناکۆک و دژ بە باوەڕدارەکان، زادەی ئەو کولتوورە مێژووییەیە. چونکە گەر جیهانێک هەبووایە خاڵی لە باوەڕداران بە خودا، بە دڵنیاییەوە ئەو کات بێباوەڕەکانیش هەر دەبوون.

دووەم؛ بێباوەڕیی مانای دوژمنایەتیکردنی باوەڕ ناگەیەنێت. چونکە هەموو بێباوەڕەکان لە دوژمنایەتیەکی تەواو توند و دڕندانە لەگەڵ ئاییندا نین. واتە ئەوان ناخوازن ئایین لەناو ببەن و بە بەردەوامی لۆمە و سەرزەنشتی پیاوانی ئایین بکەن.

سێیەم؛ مەرج نییە بێباوەڕیی هەڵوێستێکی دۆگماتیکی توند بێت. باوەڕنەبوون بە بوونی خودا وەک ئەوە نییە کە بڵێێت من تەواو دڵنیام لە نەبوونی خودا و هیچ بوارێک بۆ هەڵەبوونی من نییە. تۆ دەتوانیت کەسێکی کراوە بیت لە بیرکردنەوەتدا، بەڵام لە ئێستادا باوەڕت وایە کە بەپێی زانیاری تۆ، هیچ هۆکارێک نییە وات لێ بکات باوەڕ بە بوونی خودا بکەیت کە ئەوەیش بۆ خۆی هۆکاری بێباوەڕییەکەتە.

چوارەم؛ هەندێک دەڵێن هیج پاساوێک بۆ بوونی بێباوەڕیی نییە و دەبێت زادەی ئەگنۆستیزم (نازانین و نەزانی) بێت، چونکە گەیشتن بە ڕاستی مەحاڵە و زۆر دژوارە. ئەمە هەڵەیە، چونکە تۆ ئەوکاتە ئەگنۆستیکیت و وەک (نازان و نەزان) پێناسە دەکرێیت کە پێت وایە تای تەرازووەکە هاوسەنگە و ئەوە تۆیت کە نازانیت چی هەڵبژێریت. زۆر بە سادەیی بڵێین، بێباوەڕیی واتە تۆ پێت وایە کە تای تەرازووی بەڵگەکان بایی ئەوە لاسەنگ و ناهاوسەنگن کە بیسەلمێنن خودا بوونی نییە، بەڵام ئەمەیش هەر خۆی مانای ئەوە ناگەیەنێت کە تۆ لە سەدا سەد دڵنیابیت لە نەبوونی خودا، ڕێک وەک ئەوەی کە لەبارەی دۆگماتیزمەوە باسمان کرد.

پێنجەم؛ زۆر لە مێژوونووسەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە یەکەمین بێباوەڕ لە سەردەمی مەسیحیەتی خۆرئاواییدا قەشەیەکی فەرەنسی بووە بە ناوی (ژۆن میزلیێ). ئەمەیش بۆ خۆی مایەی تێڕامانە و سەرنجڕاکێشە، چونکە شتێکی دانسقە و ناوازە نییە کە تەنانەت لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆیشماندا، لەنێو پیاوانی ئایینیدا، کەسانی بێباوەڕ ببینیت. خۆی ئەوەیش مایەی سەرسوڕمانە و نابێت فەرامۆشی بکەین کە نەبوونی باوەڕ شتێک نییە بەتەنها تایبەت بێت بە ئەوانەی کە هەموو شتیکی ئایین ڕەت دەکەنەوە.

شەشەم؛ ڕەوشت و چاکە، زیاتر گرفتی باوەڕدارن، نەوەک کێشەی کەسانی بێباوەڕ بن. چونکە گەر تۆ باوەڕت بە خودا بوو، بە بەردەوامی ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبیتەوە: ئایا خودا فەرمانت پێ دەکات چاکە بکەیت چونکە کردەکە خۆی لە خۆیدا چاکە یا لەبەر ئەوە چاکە چونکە خودا فەرمانی پێ کردوویت؟ ئەگەر کارەکە لەبەر ئەوە چاک بوو چونکە خودا فەرمانی پێ کردوویت ئەوا ئەم دیدە ئاکارییە زۆر لەرزۆک و بێبنەما دەردەچوو، خۆی پەند و وانەکەیش لە ئەوەدایە کە تەنانەت خودا کرداری چاکەت بۆ هەڵدەبژێرێت لەبەر ئەوەی چاکەن، ئەمەیش مانای وایە کە چاکە دەبێتە شتێک جودا لە خودا کە دیسان بەڵگەی ئەوەیە گەر تەنانەت هاتوو تۆ بێباوەڕیش بوویت، ئەو کات هەر دەتوانیت لە چلۆنایەتی چاکە تێ بگەیت.

حەوتەم؛ زۆرجار کە دەوڵەتێک ڕایدەگەیەنێت بێباوەڕە، یەکسەر نمونەی یەکێتی سۆڤێت بۆ شتە خراپەکان دەهێندرێتەوە. ئەوەی کە لای من جێی سەرنجە ئەو ڕاستییەیە کە تەنانەت لە سایەی یەکێتی سۆڤێتیدا و لەژێر فەرمانڕەوایەتی خودی ستالینیشدا، کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسی  هێشتا هەر ڕووبەرێک لە ئازادی پێدرابوو. ڕاستییەکەیشی ئەوەیە کە ئەو کەنیسە ئۆرتۆدۆکسیەیش پشتگیری لە هەندێک کردە و ڕەفتاری یەکێتی سۆڤێت کردووە. کەواتە ئەو وتەیەی کە گوایە یەکێتی سۆڤێت دەوڵەتێکی تەواو بێباوەڕ بووە، هیچ نییە جگە لە خورافەت.

هەشتەم؛ هەمیشە ئەوەم پێ دەڵین کە هیچ بێباوەڕێک لە بەرەکانی جەنگدا نابینین، بەو مانایەی کە هەر کاتێک شتەکان تێکدەچن، کە قەیرانێک دێتە ئارا و خەڵکی ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، ئەوان یەکسەر دەست دەکەن بە دوعاکردن، نوێژ و پاڕانەوە لە خودا. ئەمەیش هەر هەڵەیە، چونکە چەندین چیرۆکی ئەو خەڵکە بێباوەڕانەیشمان بیستووە کە ڕووبەڕووی مەرگ بوونەتەوە و هەرگیزیش لە خودا نەپاڕاونەتەوە. نەک هەر ئەوە، ڕێک دەتوانم پێچەوانەکەی بسەلمێنم و بڵێم: باشە گەر باوەڕدار باوەڕی بەوە هەیە کە لە ئایندەدا کەسە مردووە لێ ڕۆیشتووەکەی لەو دنیا دەبینێتەوە، ئەی بۆچی لەکاتی بە خاکسپاردنی تەرمەکەیدا دەگری و دەیکات بە شیین و شەپۆڕ؟

نۆیەم؛ بێباوەڕی هیج پەیوەندی بە ڕێبازی زانستخوازییەوە نییە. ڕاستە زۆر جار بێباوەڕەکان باس لە دید و تێڕوانینی زانستی دەکەن، بەڵام ئەمە تەواو جیایە لە ڕێبازی زانستخوازیی کە دەڵێت: تەنها و تەنها بیر لەو شتانە دەکەینەوە و باوەڕمان بەو ڕاستییانەیە وەک ڕاستی، کە زانست بۆمانی دەدۆزێتەوە و دەیانسەلمێنێت. بەڵێ، ڕاستە هەندێک بێباوەڕی زانستخواز هەن، بەڵام هەموویان وا نین، چونکە بێباوەڕیی هیچ ناچار و پەیوەستت ناکات وا بیت.

دەیەم؛ لە ئێستادا نزیکەی ١٢ وڵات لە جیهاندا هەن کە دەشێت تەنها لەبەر ئەوەی کە بێباوەڕ بیت، تیایاندا ڕووبەڕووی مەرگ ببیتەوە.