کاریگەری گوتاری ئەدەبی لەسەر ڕای گشتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا

(بە نموونەی باشووری کوردستان ١٩٩٢-٢٠٠٣)

نامەیەکی دکتۆرایە (هیوا کەریم حسێن) ساڵی ٢٠٢٠ بە سەرپەرشتی (پ. د. محەمەد دلێر ئەمین) پێشکەشی کۆلێجی زمان- زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە بەپێی میتۆدی سۆسیۆلۆجیای ئەدەب خوێندنەوەی بۆ کاریگەریی گوتاری ئەدەبی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی کردووە. نامەکە لە چوار بەش پێکهاتووە:

بەشی یەکەم: ئەم بەشە تیۆرییە، سەرەتا زاراوە و چەمکی گوتار و گوتاری ئەدەبی باسکردووە. دواتر پەیوەندیی و جیاوازیی دەق و گوتاری کردووە، کە گوتار لە دەق فراوانترە. هاوکات باسی ئیستاتیکای گوتاری ئەدەبی و ئەرکەکەی کردووە. زاراوەی گوتار نوێ نییە، بەڵام بەپێی سەردەمەکان لە نوێبوونەوەدایە. ڕیشەی گوتار لە زمانی لاتینی لە ناودا بۆ(Dircursus) کاریش بۆ (Discursere) دەگەڕێتەوە، کە واتای پاڵنان و ناردنی قسە و دیالۆگی ئازاد دەگرێتەوە. دواتر زاراوەکە لە لایەن دیکارت لە کتێبی (گوتار لە میتۆد)دا بۆ مەبەستی ڕۆشنگەری بە کار هات. هاوکات گوتار لە ڕێگەی شیکردنەوەی زمانییەوە، چەندین ئاراستەی جیاوازی هەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕستەکان سازێنەری گوتارن و بەهۆی شیکردنەوە و پەیوەندی ڕستەکان گوتار دەردەکەوێت، ئەمەش زیاتر بۆچوونی هاریسە، سۆسێریش پێیوایە گوتار زمانە لە کاتی بەکارهێناندا؛ زمانی زارەکییە، کە دواتر بەشێک لە ڕەخنەگرانیش هەمان بۆچوون دووپات دەکەنەوە. گوتار لای فۆکۆ ئەزموون و بیرکردنەوەیە، گوتراوەکان بەشێکن لە گوتار کە گشتە، لەبەر ئەوە گوتار ئاستێکی بەرینتر لەخۆدەگرێت. پێکهاتەی گوتاریش سیستمێکی گوتراوی گشتییە، کە لە کۆمەڵێک یاسا پێکهاتووە. هاوکات لای تۆدۆرۆف گوتار و چیرۆک وەک دوانەیەک بەرامبەر بە یەکدی دادەنێت و پێیوایە، گوتار ئەو ڕێیەیە بەهۆیەوە گێڕەرەوە ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. هەرچی جیرار جینێتە، گوتار بە جۆرێکی گێڕانەوە دادەنێت، چونکە چیرۆک ناتوانێ بەبێ گێڕانەوە هەبێت، ئاستەکانی گوتاریش: ڕێزمانی، سەرفی و دەلالییە.

سەبارەت بە دەق و گوتار زۆر نووسەر وەک یەک دەیبینن، بۆ یاکۆبسن دەق گوتارێکە لە پێناو خودی خۆیدا. لای بارت، دەق گوتارە لەبارەی گوتار، زمانی دووەمە لە ڕێی ڕاڤە و وەسفەوە لەبارەی زمانی یەکەم. گوتار کردەی بەرهەمهێنان و ئەنجامی دەقیشە. فۆرمالیستەکان لەسەر بنەمای ئەدەبیەتی ئەدەب، جەختیان لەسەر گوتاری ئەدەبی دەکردەوە، کە لە گوتارەکانی دیکە جیاوازە و ئەرکێکی ئیستاتیکی هەیە و خوێنەریش ڕۆڵی گرنگی لەو نامە ئەدەبییە هەیە کە دەق دەینێرێت. سەعید یەقتین گوتار بە ڕێزمان و دەقیش بە دەلالەتەوە دەبەستێتەوە، ریڤاتێریش لە ڕێگەی چەمکی وزەی دەلالی دەقی ئەدەبی لە نائەدەبی جیادەکاتەوە. هەندێک ڕەخنەگریش گوتار بە دەوروبەر دەبەستنەوە و پەیامی بێ دەوروبەر دەبێتە دەق نەک گوتار. توێژەر پێیوایە گوتار لە دەق فراوانترە و جیهانبینییە، کە دونیا و واقیعی پێ دەبینین.

گوتاری ئەدەبی ڕۆڵی لە پێشخستنی لایەنی ڕۆشنبیریی و هونەریی و فیکریی نەتەوەکان هەیە. هاوکات بەرامبەرە بە چەمکی ئەدەبییەت و شیعرییەت، کە کۆمەڵێ بنەمای جوانیناسی هەیە و ڕوو لەخۆیە و لە نا-ئەدەبییەت خۆی جیادەکاتەوە. هەوڵەکانی فۆرمالیستەکان بۆ جیاکردنەوەی گوتاری ئەدەبی و نائەدەبی خۆی لە جیاکردنەوەی: زمانی ئەدەبی و نائەدەبی، دەرچوون لە واتای باوی فۆرم و گەیشتن بە چەمکی سیستم و نەسەق، هاوکات لە واتا باوەکانی کێش و ئیقاعی شیعری دەرچوون. فۆرم کە بیر و وێنە و بابەت لەخۆ دەگرێ، لای فۆرمالیستەکان بە گوتارەوە گرێدرا، لەبەر ئەوە چۆنێتی نەک چی دەربڕین بەهای ئیستاتیکی هەیە. ئیستاتیکای گوتاری ئەدەبیش لە”لادان”دا بەرجەستە دەبێت، لادانیش ڕووداوێکی زمانی شیعرییە، لای کۆهینیش ئەرکی گوتاری دەق بەرهەمهێنانی جوانی و چێژە، کە خوێنەر ڕۆڵێکی گرنگ  دەگێڕێت.

“شیعر یەکێکە لە گرنگترین بەڵگەنامەکان لەبارەی ژیانی نەتەوەکان، بەردەوام لە قۆناغێکی شارستانییەوە بۆ قۆناغێکی تری شارستانی دەگوازرێتەوە”

بەشی دووەم، ئەرکی گوتاری شیعر لەسەر کۆمەڵگەی کوردی، ئەمە ناونیشانی بەشەکەیە، سەرەتا باسی ڕۆڵ و گرنگی شیعر دەکات، کە شیعر ڕۆڵی لە پەروەردە و ڕەفتاری مرۆڤ هەیە. شیعر بەرهەمێکی دەرەکی و بێ کاریگەر نەبووە، لەگەڵ واقیع و ژیان و ڕووداوەکاندا ڕۆشتووە و کاریگەری داناوە و کاریگەر بووە. حسێن جومعە دەڵێ “شیعر یەکێکە لە گرنگترین بەڵگەنامەکان لەبارەی ژیانی نەتەوەکان، بەردەوام لە قۆناغێکی شارستانییەوە بۆ قۆناغێکی تری شارستانی دەگوازرێتەوە”. توێژەر باسی گرنگی شیعر لە چوار لایەنەوە لە بواری پەروەردە دەکات، شیعر بەپێی ڕەگەز و تەمەن و چینەکانیش دەگۆڕێت، بۆیە کاریگەری لەسەر بەها و ڕەفتاری تاکەکان هەیە. داهێنانی شیعری زیاتر ناوەکی و دەروونییە، کاریگەریشی لەسەر سۆز و دەروونە، ویژدانی مرۆڤ دەجوڵێنێت و ئاراستەی دەکات، ئەمەش دەکرێ لە ڕێگەی مۆسیقا و وێنە و زمانی شیعرەوە بێت. سێیەم، شیعر دژە سیستمە و جیهانێکی ئازادە، کاریگەری لەسەر ئازادی مرۆڤ-خوێنەریش دادەنێت. چوارەم، شیعر بەهۆی وشەی جوان و مۆسیقای بەرزەوە پەروەردەیەکی گونجاو دەڕەخسێنێت. توێژەر سەبارەت بە ئەرکە پەروەردەییەکانی گوتاری شیعر لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات:

١ـ بەهاکان، لێرەدا ئاماژە بە کۆماری ئەفلاتون دەکات، کە شیعری لاساییکەرەوە بۆ پەروەردە ناشێت، بەڵکو ئەو شیعرانەی ڕاستی دەردەخەن گونجاون. لای ئەرستۆش شیعر بۆ پەروەردە و فێربوونە، شیعری تراجیدیش دەروون خاوێن دەکاتەوە. لە شیعری کوردیدا پەروەردەکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بە چڕی ئامادەیی هەیە، توێژەر نموونەی شیعرێکی لەتیف هەڵمەت کە بۆ مناڵانی نووسیوە، دەهێنێتەوە، لە شیعرەکەدا لە ڕێگەی ماڵی ئاژەڵانەوە باسی نیشتمانی[ماڵ] کورد دەکات. هاوکات بەشێک لە ئایینەکان بە شیعر هۆنراونەتەوە. هەر لەم بەشەدا نموونەی شیعری کوردی بۆ خۆشویستنی ژینگە و خوێندن دەهێنێتەوە. ئاماژەش بەوە دەکات کە شیعری کوردی تا ڕاپەڕین زیاتر هاندانی خوێندنی کچ و کوڕ بووە، بەڵام دوای ڕاپەڕین زیاتر فێرکاری بووە.

٢ـ گەشەپێدانی هەستی ڕەخنەیی: شیعر کاریگەری لەسەر گەشەی مەعریفە و خەیاڵ و جوانیناسی خوێنەر هەبووە، چونکە تا سەرهەڵدانی ڕۆژنامە تەنیا شیعرمان هەبووە. کەواتە شیعر سەرچاوەی ڕەخنەگرتن بووە، پەشێو دەڵێ:

قەڵەمەکەم چەکوچە و

هەر پەیڤێکم-بزمار

ستەم لە هەرجێیەک بێ

دەیسمم وەک تەختەدار!

هاوکات نموونەی شیعری لەتیف هەڵمەت دەهێنێتەوە، بۆ ڕەخنەگرتن لە دەستەڵاتداری ئێستاکە بە گورگی برسی دەیانچوێنێت، بەڵام گورگی ئێستا کەڵبە و چڕنوکی نییە، بەڵکو شاڵی حاجی و بۆینباخی ئەفەندیان پۆشیوە:

گورگ ئێستاکە بێ چڕنووک و بێ ددانە

تۆبەی تەواوی کردووە

ئەندامی پەرلەمانە

هەقی لە هیچ شتێک نییە

تەنیا وەستای دروستکردنی گیرفانە.

شاعیران بەپێی قۆناغەکان ڕەخنەیان لە دەستەڵاتە جیاوازەکان گرتووە، ڕەخنە لە داگیرکاری بێگانە، لە کورد خۆی و بیری دواکەوتوانەی و شەڕی ناوخۆ و کەلتووری دواکەوتوو. کەواتە شیعر بووەتە سەرچاوەی هەڵوێست و بیری ڕەخنەگرانە.

٣ـ گەشەپێدانی زمان و شێواز: بەر لە نووسین ئەدەبی زارەکی-فۆلکلۆرمان هەبووە، کە کاریگەری لەسەر شیعری نووسراو هەبووە. زمان و شێوازی شیعریمان بەپێی قۆناغەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەحمەدی خانی، نالی، دواتریش شیعری نوێی کوردی گۆڕانیان بەسەر زمان و شێوازدا هێنا، هەروەک گۆران و شێرکۆ بێکەس و ئێستاش دەتوانین ئاماژە بە شاعیرانی شێوازگۆڕ بدەین. بۆ نموونە ئەڵماس خانی کەندووڵەیی ١٧٠٢-١٧٧٦ بە پێچەوانەی زۆر شاعیری هاوچەرخییەوە فۆرمی نوێی شیعری وەک ڕۆمانە شیعر و چیرۆکە شیعر دەهێنێتە ناو شیعری کوردییەوە. شێرکۆ بێکەس لە دیوانی “ئافات”دا مێژوو بە شیعر دەنووسێتەوە، ئەنوەر مەسیفی لە ١٩٩٣ بەیاننامەی “فۆرمی گران” بڵاو دەکاتەوە، یاخود گروپ و مانیفێستی وێران لە ساڵی ١٩٩٤، ئەمانە هەموو کاریگەریان لەسەر گۆڕانی فۆرم و زمانی شیعری کوردی هەبووە، زمان و فۆرمیش هەڵواسراو نییە، بەڵکو ناوەڕۆکگۆڕیش بوو.

٤ـ ئەرکی گوتاری ڕاگەیاندنیی شیعر لەسەر کۆمەڵگەی کوردی ١٩٩٢-٢٠٠٣ لەم بەشەدا باسی چەند ئەرکێکی گوتاری ڕاگەیاندنی شیعر لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دەکات، لەوانە:

١ـ شیعری پیاهەڵدان و قارەمانێتی.

٢ـ شیعر و پەیامی ئاشتی.

٣ـ شیعری فێرکاری(زانیاری)

٤ـ شیعری نەتەوەیی و نیشتمانی

٥ـ فێمینیزم و خەباتی ژنان، لەم بەشەدا ئاوڕ لە شیعری ژنان خۆیان دەداتەوە، نەک ئەو شاعیرە پیاوانەی بەرگرییان لە مافی ژن دەکرد، واتە قۆناخی بە دەنگهاتنی ژنان خۆیان، کە نموونەکان زیاتر لە دوای هەشتاکانەوەیە.

لەتیف هەڵمەت (١٠٤٧ -) شاعیری کورد

بەشی سێیەم، بە ناونیشانی “گوتاری ژانرەکانی پەخشانی کوردی”. سەرەتا باسی گوتاری پەخشانی هونەری دوای ڕاپەڕین دەکات و پێیوایە پاش ڕاپەڕین گوتاری پەخشان زیاتر لە گوتاری شیعر زاڵ و کاریگەرترە. باسی ئەوەش دەکات، کە تێکستە گەورەکانی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی جەمسەرێکی فیکری و ئایدۆلۆجی دەکەن، بەر لە ڕاپەڕین کپکردنی ئایدۆلۆجیا و بیرە ئازادەکان دەبینین. سەرەتا باسی نامەی ئەدەبی لەنێوان نووسەران دەکات، کە گفتوگۆی ئەدەبی و ڕەخنەیی لێوە ئاڵوگۆڕ دەکرێت. توێژەر لە ڕووی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجییەوە باسی نامەکانی ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٣ دەکات، کە نووسەران زۆرتر ڕوویان لە تاراوگە کردووە. نمونەی نامەیەکی ڕەئوف بێگەر بۆ هادی مەهدی دەهێنێتەوە، کە باسی دوای ڕاپەڕین دەکات و دۆخی خەڵک نیشان دەدات “ئەم چەند مانگە…چاوەڕێی مەرگ بووین زیاتر لەوەی لەسەردەمی بەعسدا چاوەڕێی بووین، سیاسەتی کوردی ئەو خزمەتەی پێکردووین و ترسێکی دوولایەنەی پێ بەخشیوین.” بێگەرد ئاماژە بە گۆڕانی مانای مەرگ لە پێناو نیشتمان، مەرگ لەپێناو بێ هیچ‌دا- لە سەردەمی دەستەڵاتی کوردی دەکات. دواتر چەندین نامە بە نموونە دەهێنێتەوە کە هەڵسەنگاندن و قسەکردنە لەسەر بەرهەمی نووسەرەکان کە بۆ یەکدیان ناردووە.

دواتر باسی وتاری ئەدەبی دەکات، سەرەتاش پێناسە و مێژووی وتار دەخاتەڕوو. هاوکات باسی وتارە کوردییەکان لە ڕۆژنامە کوردییەکان و بە تایبەت پاشکۆ ئەدەبی هونەرییەکان دەکات، ئەو وتارانەی بڵاو کراونەتەوە تێکەڵییەکیان لەباری وتار و توێژینەوە و ئاریتکڵ هەیە؛ لەڕووی ناوەڕۆک و ژمارەی وشەکانەوە. هاوکات لە ڕووی بابەتییەوە تێکەڵی هەیە، نووسینە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان هەمووی بە وتار دانراون، کەواتە پێناسەیەکی ورد و گشتگیر بۆ وتار لە ئارادا نەبووە، هەربۆیە تێکەڵی لەنێوان وتار و گوتاریشدا کراوە.

blank
جێرار جێنێت (١٩٣٠-٢٠١٨) ڕەخنەگر و تیۆرسێنی ئەدەبیی فەڕەنسی

پاشان باسی گوتاری چیرۆکی کوردی دەکات. لە سەرەتاکانی سەدەی بیست چیرۆکی هونەری کوردی دێتەئاراوە، بەڵام ئاراستەی نوێی چیرۆکی کوردی لە پاش ڕاپەڕینەوە سەرهەڵدەدات کە زۆرتر کاریگەرە بە ریالیزمی جادوویی، گوتاری چیرۆکەکانیش زیاتر بایەخی بە خود دەدا، لایەنی سەیروسەمەرە و فەنتازیا فراوان دەبێت، واتە جۆرێک لە ئاڵۆزی و دەرچوون لە واقیع هەیە. هاوکات دەلالەتەکان چڕ دەبنەوە و جوانیناسی دەقەکان بایەخیان پێدەدرێت. لە لایەکی دیکەوە لە ڕووی بونیاد و تەکنیکەوە گۆڕانکاری زۆر کراوە، بۆ نموونە کات و شوێن، ڕووداو، کەسێتی، فەزا، زمان، پێشخستن و دیالۆگ.. هونەریتر و جوانتر لە چیرۆکەکانی سەرەتا نووسراون.

گوتاری گێڕانەوە لەسەر بنەمای ئەم سێ جۆری پەیوەندییە: گوتار و گێڕانەوە، گوتار و حەکایەت، حەکایەت و گێڕانەوە، دێتە ئاراوە،

دواتر توێژەر باسی وەرگێڕان و گوتاری ڕۆشنبیریی دەکات، کە وەرگێڕان تێکەڵی و گواستنەوە و گفتوگۆی شارستانیەتەکان لە خۆدەگرێت، لە پاش ڕاپەڕینیشەوە وەرگێڕان زۆر فراوان بووە و پانتایی ڕۆشنبیریی کوردی بەسەر دنیای دەرەوەدا کراوەتەوە، وێڕای ئەوەش هەوڵی وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی بۆ زمانەکانی دیکە دەبینرێت. لەپاڵ فراوانی وەرگێڕان، کۆمەڵێک گرفت و کێشەی وەرگێڕانیش لەبێ پلانی و خراپ وەرگێڕان و بێ سانسۆری هەن. دواتر باسی گوتاری نووسینی ژیاننامەی خودی[ئۆتۆبیۆگرافیا] دەکات، کە خودنووسینەوەیە و زیاتر پشت بە گێڕانەوە و بیرەوەری خودی و دانپێدانان دەبەستێت. لە ئەدەبی کوردیدا ئەحمەد خواجە، بە دەقی “چیم دی” و رەفیق حیلمی بە ناوی “یاداشت”، “گەشتی ژیانم”ی مەسعود محەمەد و “چێشتی مجێور”ی هەژار موکریانی لەو ئۆتۆبیۆگرافیایانەن کە بەر لە ڕاپەڕین نووسراون، بەڵام دوای دوای ڕاپەڕین تا ٢٠٠٣ چەندین ئۆتۆبیۆگرافیا لە لایەن نووسەران-بە تایبەت نووسەرانی کە لە شاخ بوون، نووسراوە، کە گفتوگۆی زۆری لەسەر کراوە و زووش لە لایەن کەسانی دیکەوە وەڵام دراونەتەوە، کە نیشانەی ناڕاستگۆیی و یاخود بێ بەڵگەیی یاداشتنووسییەکانە. تایبەتمەندی سەرەکی ئەم نووسراوانە زیاتر سیاسین، یاخود تێکەڵی یادەوەری و خودنووسینەوەن. لە کۆتایی ئەم بەشەدا باسی گوتاری ڕۆمانی کوردی دەکات، لە ڕووی ناونیشان و ڕۆمان بە گشتییەوە. ناونیشانی ڕۆمانە کوردییەکان لە کۆندا کەم دەلالەت و تاک مانابوون، بۆ نموونە “پێشمەرگە، ژانی گەل، ڕێگا، بەردەژن، درز، ئاگری بنکا، دیوەخان، زمناکۆ، عەلەبەستێ و گەماڵ..” ئەم ناونیشانانە لایەنی هونەری و سەرنجکێشی خوێنەریان فەرامۆش کردووە. هەرچی نەوەی دوای ڕاپەڕینە ناونیشانی ڕۆمانەکانیان هونەریی و فرەمانایە “دواهەمین هەناری دنیا، تەونی جاڵجاڵۆکە، سۆناتای رۆح، دنیا لە کتێبێکدا..”، وەک چۆن ڕۆمانەکان شیعرییەت و فەنتازیایەکی پێویست بە ڕووداوەکان دەخولقێنن. سەبارەت بە گوتاری گێڕانەوە بە سوودوەرگرتن لە جیرار جینێت، کە پێیوایە گوتاری گێڕانەوە لەسەر بنەمای ئەم سێ جۆری پەیوەندییە: گوتار و گێڕانەوە، گوتار و حەکایەت، حەکایەت و گێڕانەوە، دێتە ئاراوە، بۆ ئەمەش سوود لە سێ چەمکی کات، شێواز و دەنگی گێڕەرەوە وەردەگرێت.

blank
ئەنوەر مەسیفی

بەشی چوارەم، بەناونیشانی “گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی”. توێژەر باسی ئەوە دەکات کە زۆرێک لە ڕەخنەی پێش ڕاپەڕین بڕیاردان بووە لەسەر دەق، کە باشە، خراپە، جوانە، ناشیرینە. بەڵام ڕەخنە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە، بۆیە ڕەخنە جۆرێکە لە ڕاڤەی ڕاڤە. هاوکات لە پاش ڕاپەڕین وێڕای دەرگا کردنەوە لەسەر ڕەخنە و بڵاوکردنەوەی چەندین بڵاوکراوە، ڕەخنەگرانی تاراوگەنشین ئەزموونی ڕەخنەی ڕۆژئاواییان بۆ ڕەخنەی کوردی دەگواستەوە. هاوکات تێکستی کوردیش لەوە کەوت تەنیا ئایدۆلۆجی و سیاسییانە بنووسرێت، بەڵکو لایەنی هونەری و جوانیش بایەخی پەیداکرد. لێرەوە تیۆرە ڕەخنەییە نوێیەکانی وەک بونیادگەری و وەرگرتن و ڕەخنەی فیکری هێواش ‌هێواش دەرکەوتن. توێژەر پێیوایە ڕەخنەی ئەدەبی زیاتر لە گۆڤارەکاندا دەرکەوتووە تا کتێب، بۆیە گوتاری ڕەخنە ئەدەبی لەنێو گۆڤارەکاندا دەکاتە پانتایی کارکردنی، لە گۆڤاری ئەدەبی کرێکاری دەست پێ دەکات، کە زۆرتر ئاوڕی لە ڕەخنەی کۆمەڵایەتی داوەتەوە، واتە پەیوەندی ئەدەب و کۆمەڵگە. لە ژمارەی یەکەمی گۆڤاری ئەدەبی کرێکاری کە لە سلێمانی دەردەچوو، بانگەواز بۆ ئەدیبە کرێکارەکان دەکات کە هاوکاری بڵاوکراوەکە بکەن، واتە زۆرتر بایەخ بە ئەدەبی چینێکی دیاریکراو دراوە، کە مارکسیزم و لینینزمە. دواتر باسی گوتاری گۆڤاری پرۆژە دەکات، کە دەیانەوێت ڕەوتی ڕەخنەی کوردی بگۆڕن و نوێ بکەنەوە، هەر لە گۆڤارەکەدا هاتووە کە ڕەخنەی پێش ڕاپەڕین زیاتر ئەرکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبووە و دووربووە لە ئەدەبەوە، بۆیە ئەمان دەیانەوێت بە تیۆرە نوێیەکان ئاوڕ لە دەق و خوێنەر بدەنەوە، دەقی ئەدەبی خۆی بکەنە سەنتەری کارکردن، نەک لە دەرەوەی دەق لە دەق بڕوانن، بەڵام دەقیش وەک سندوقێکی داخراو نابینن، بەڵکو لە ڕێگەی زمانی دەقەوە و پەیوەندییەکانی بە دەرەوە دەق هەڵدەسەنگێنن. ئەوان پێیان وایە ڕەخنەی بەر لە ڕاپەڕین بۆ هەموو دەقەکان یەکجۆر گوتاری هەبووە، نەک گوتاری ژانرەکان لە یەکدی جیابکاتەوە. کەواتە گۆڤاری پرۆژە زۆرتر جەخت لەسەر بونیادگەری کراوە[یان پێکهاتەیی] دەکاتەوە. هاوکات باسی پەیوەندی فیکر و ڕەخنە  لە گۆڤاری ئازادیدا دەکات. گۆڤار ئازادی لە ساڵی ١٩٩٢ دەست پێ دەکات و هەوڵیداوە بیری فەلسەفی دوور لە چەپگەرایی و ناسیۆنالیستی بۆ خوێندنەوەی ئەدەبیات سەر ڕێ بخات. لە بەشێک لە وتارەکانی ئەم گۆڤارەدا ئاوڕ لەو فەیلەسوفانە دراوەتەوە کە زۆرتر لە شیعرەوە نزیکبوون، لەوانە نیچە و هایدیگەر. دواتر توێژەر باسی پرۆژەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕەهەندییەکان دەکات، کە بەشێک لە بەرهەمەکانیان تایبەت بووە بە ڕەخنە و لە ڕێگەی دیدی فەلسەفییەوە ڕەخنە و ڕەخنەی ئەدەبیان پەرەپێداوە. دواتر باسی ڕێباز ئەدەبی و گوتاری ڕەخنە دەکات، کە لە کۆندا ڕێبازە ئەدەبیە کوردییەکان هەڵگری تێڕامانێکی خۆڕسکانە لە ئەدەبی کۆمەڵگەی کوردی نەبوون، بەڵکو جۆرێک لە کاریگەریی و لاساییکردنەوەی ئەدەبی دراوسێ بووە، بەڵام لە پاش ڕاپەڕین کەسێکی وەک فەرهاد پیرباڵ ڕاستەوخۆ بە کاریگەری ئەدەبی ئەوروپی[فەرەنسا بە تایبەتی] ڕێبازی سوریالیزم دەهێنێتە ناو ئەدەبی کوردییەوە. لێرەشەوە گۆڤاری وێران دادەمەزرێنن کە پانتایی ڕەخنە فراوان دەکەن. لە کۆتاییدا باسی گوتاری سیاسی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا دەکات، بە تایبەتیش باسی شەڕی ناوخۆ دەکات کە نووسەرانی بۆ دوو دەستە دابەش کردبوو، ئەوانەی بە تەواوی دژی شەڕەکە بوون، دەستەی دووەم ئاگرخۆشکەربوون. لە کۆتاییدا توێژەر بە دوانزە خاڵ ئەنجامی نامەکەی دەخاتەڕوو، کە گوتار لە دەق گەورەترە، شاعیران ئەرکی پەروەردەییان بە شیعر بەخشیوە. هاوکات ئەدەبیاتی قۆناخی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٣ پاش ئازادی، زۆرتر لە خەمی تاکدا بووە، واتە شیعری پێشوو خەمی ئازادیی نەتەوەیی بووە، بەڵام ئەم قۆناخە زیاتر لە خەمی تاکدایە، هەر بۆیە چیرۆکی کوردیش زیاتر ئیشکردنە لەسەر خود. هاوکات گوتارێکە دژ شەڕ و تێکەڵی هزر و فەلسەفەش دەبێت.لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی زاڵی سیاسەتەوە، ئەدەب کەمتر لە سیاسەت ڕۆڵی لەسەر کۆمەڵگە هەبووە.