یەکەمین گرووپی مۆسیقای ڕاکی کوردی و بنەڕەتەکانی لە وڵاتی گورجستانی سۆڤیەتدا

کاتێک کۆما وەتەن دامەزرا، گۆرانی گوتن به زمانی کوردی لە تورکیا قەدەخە بوو. ئێستا ئەم گرووپە بۆ ڕاک‌ژەنەکانی باکوور میراتێکی ئیلهام‌بەخشه.

سۆلیستی گرووپەکە، کەرەم گەردەن‌زەری لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی کۆما وەتەن، ساڵی ١٩٧٣ (ئینستاگرامی کەرەم گەردەن‌زەری)

گەلێک ساڵ بەر لەوەی لە کوردەواریی نەریتپەروەردا مومکین بێ، چوار کوڕی لاو لە تبلیسی سۆڤیەت یەکەمین کۆمی ڕاکی کوردییان لە جیهاندا بونیات نا.

کۆما وەتەن (گرووپی نیشتمان) ساڵی ١٩٧٣، لەلایەن سێ کوردی ئێزدی و ئەرمەنییەکەوە دامەزرا. سۆلیستی گرووپەکە کەرەم گەردەن‌زەری لە شاری تبلیس، بەشێک لە کۆمەڵگا کوردییە بچووک بەڵام زیندووەکەی ناوچەی قەوقاز، هاتووەتە دنیا و هەر لەوێش گەورە بووە. بەڵام ڕەچەڵەکی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاکانی قەرس و وان لە باکووری کوردستان، کە ئەمڕۆکەش گەلێک کورد لەوێ دەژین.

شیعری یەکێک لە گۆرانیەکانی گرووپەکە بە ناوی “وەلاتێ مە” (وڵاتی ئێمە)، بەمجۆرەیە: “کوردستان وڵاتی باب و باپیرانمانە، نیشتمانی دایک و بابی گەلەکەمانە. ئەم گۆرانییە بۆ تۆیە، کوردستان، بۆ چیا و کانییەکانمانه. ئێرە زێد و ماڵی ئێمەیە.”

ئەم جۆرە هەست‌دەربڕینە، واته گۆرانی گوتن به زمانی کوردی، لەو کاتەدا لە دەورووبەری وڵاتی تورکیا، وڵاتێک کە تا سەرەتاکانی ساڵی 1990 قسەکردن به زمانی کوردی تێیدا قەدەخە بوو، نامومکین بوو. بەکارهێنانی وشەی “کوردستان” لە پەرلەمانی تورکیا هێشتا هەر ڕێگەپێنەدراوە.

بەڵام لە کۆمەڵگای فرەنەتەوە و کراوەی تبلیسی ئەو کاتەدا، کۆما وەتەن نە تەنها ئیزنی پێ دەدرا مۆسیقا پێشکەش بکا، بەڵکوو لەلایەن حکوومەتەوە پاڵپشتی لێ دەکرا. شاری تبلیس لە سەردەمی سۆڤیەتدا یەکێک لە ناوەندەکانی ڕاک بوو، هەروەها ساڵی 1980 میوانداریی یەکەمین فستیڤاڵی فەرمیی ڕاک لە یەکێتی سۆڤیەتدا کرد.

یەکێک لە پاڵپشتەکانی گرووپەکە، ڕووناکبیر و سیاسەتوانی کورد-گورجی، کەرەم ئانقۆسی بوو. ئانقۆسی پارێزەری بەناوبانگی کولتووری کوردی لە گورجستانی سۆڤیەت بوو کە بۆ ماوەی پتر لە 25 ساڵ لە ڕادیۆی نەتەوەیی گورجستان پرۆگرامێکی به زمانی کوردی بەڕێوە برد. هەروەها هاوکاریی کۆما وەتەنی دەکرد بۆ ئەوەی یارمەتیی ماڵی لەلایەن حکوومەتەوە بگاتە دەستیان تا بتوانن ئامێری مۆسیقا بکڕن، کە ئەگەر لەم ڕێگەیەوە نەبوایە نەیاندەتوانی لە قەرەی تێچووەکەی بێن.

کۆما وەتەن توانی لەژێر ناوی “گرووپی ئاواز و گۆرانی”، دەستەواژەیەکی سەردەمی سۆڤیەت بۆ ئەو گرووپە پاپ و ڕاکانەی ئیزنی چالاکی‌کردنیان پێ دەدرا، به فەرمی بناسێنرێ. بەپێی وتەکانی کاخا تۆلۆرداڤا، ڕەخنەگری مۆسیقای گورجی، ئەوانە “کۆمەڵێک گرووپ بوون کە لە لایەن حکوومەتەوە دامەزرابوون، یا حکوومەت پەژراندبوونی و، دەبوو خاوەنی ڕەپێرتوار (چەند بەرهەم) لەسەر بناخەی کولتووری مۆسیقای ناوچەیی بن؛ هەروەها ئیزنی ئەوەیان هەبوو گۆڕانکاری له فۆرمەکاندا درووست بکەن، بەڵام لە چوارچێوەیەکی قەبووڵکراودا.”

به لەبەرچاوگرتنی پێگەی تورکیا لەو کاتەدا، وەک دوژمنێکی ئەندامێکی ناتۆ کە هاوسنووری قەوقازی سۆڤیەت بوو، ڕەنگه جێی سەرسڕمان نەبێ کە حکوومەت[ی سۆڤیەت] لانیکەم ئەو هەست و سۆزە تەحەمول بکا کە ئانکارا وەک جودایی‌خوازی سەیری دەکرد.

تۆلۆرداڤا دەڵێ: “لەوە ناچێ لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا وڵاتی سۆڤیەت کێشەی لەگەڵ ئاماژەکردن به ناوی کوردستان لە گۆرانییەکاندا هەبووبێ.”

وەک گەردەن‌زەری ئاماژەی پێ دەکا، کۆما وەتەن بە بەردەوامی لە تەلەڤیزیۆنەکانی گورجستان و سۆڤیەتدا دەردەکەوت. هەروەها ساڵی ٢٠١٢ لە گفتوگۆیەکدا دەڵێ: “ئێمە لە گەلێک فستیڤاڵ و کۆنسێرتدا بەشداریمان دەکرد. لە سەرانسەری یەکێتی سۆڤیەت و لە هەر شوێنێک کوردی لێ ژیابا، ناوبانگمان هەبوو.”

ئەم گرووپە دیمۆ (نوسخەی سەرەتایی)ی یەکەم و تاکە ئەڵبۆمی خۆی، بە ناوی بایێ پایزێ (بای پایز)ی لە ساڵی ١٩٧٩دا نووسی، هەرچەندە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە تا ساڵی ١٩٨٩ی خایاند. ئەڵبۆمەکە ئاوێتەیەک بوو لە شێوازی کلاسیکی ڕاک، فانفاری هۆشبەر و، کۆمەڵێک شیعرەگۆرانی کە گەردەن‌زەری به ئیلهام‌وەرگرتن لە بەرهەمە بەرچاوەکانی شاعیرانی کوردی قەوقاز، نووسیبوونی.

ئۆزکان ئۆزتاشی مرۆڤناس لە کتێبەکەی بە ناوی هونەری کوردی لە یەکێتیی سۆڤیەتدا دەنووسێ: “جێی گومان نەبوو کە ڕاکی کوردی لە هەرێمی یەکێتیی سۆڤیەتدا سەر هەڵبدا. هەم شانسی دەستخستنی باشترین و پێشکەوتووترین ئامێرەکان و، هەم سوودوەرگرتن لە پەروەردەیی زمانی زگماکی و پەروەردەیی مۆسیقا، هۆکار بوون بۆ پێکهاتنی یەکەمین مۆسیقای ڕاکی کوردی لە مێژوودا.”

ئەگەرچی دەستپێکی بەهێزی گرووپەکە، لە سەروبەندێکی پڕ لە ئاژاوەدا بوو.

ئۆزتاش دەنووسێ: “ساڵی ١٩٨٩، کاتی بڵاوبوونەوەی ئەڵبۆمەکە، لە لایەکەوە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، لە لایەکی‌تریشەوە سەروبەندی کۆمەڵکوژی و کیمابارانی کوردەکان، چەندین کیلۆمەتر لەولاتەرەوە لە شاری هەڵەبجەی باشووری کوردستان، به دەستی سەدام حوسێن بوو. کۆما وەتەن داهاتی فرۆشی ئەڵبۆمەکەیان وەک پاڵپشتی، بەخشیه خەڵکی هەڵەبجە.

بەپێی قسەکانی گەردەن‌زەری، ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بووە هۆی لەناوچوونی باندەکەیان، لەبەر ئەوەی نەمانی پاڵپشتیی حکوومی، ئەندامانی گرووپەکەی ناچار کرد لە دەرەوەی گورجستان بکەونە شوێن کاری‌تر. گەردەن‌زەری خۆی چوو بۆ مۆسکۆ.

blank
گەردەن‌زەری، بەم داواییانه (ئینستاگرام)

بەڵام لە تورکیا، شوێنی نیشتەجێ‌بوونی زۆرترین ڕێژەی کوردەکان، ناوبانگ و کاریگەریی کۆما وەتەن پەرەی ستاند و، بووە ئیلهامی گەلێک مۆسیقاری کوردی پاش خۆی. تەنگوچەڵەمەکان لە دژی زمان، وێژە و مۆسیقای کوردی لە ساڵەکانی ١٩٩٩٠دا کەمتر بوونەوە. کاتێکیش نوسخەی دووبارە یەکگرتووی کۆما وەتەن بە بۆنەی چلەمین ساڵی دامەزرانی، کۆنسێرتێکی پێشکەش کرد، ئەم ڕووداوە هونەرییە لە شاری ئەستەمبۆڵ، شاری نیشتەجێبوونی زۆرترین ڕێژەی کوردانی دنیا، بە ئەنجام گەیشت.

لەو کۆنسێرتەدا، کۆما وەتەن لەگەڵ گرووپێکی‌تری گرینگ لە مێژووی مۆسیقای کوردیدا چووە سەر سەکۆ: فەرەج، یەکەمین گرووپی هێڤی مەتالی کوردی بوو کە ساڵی 2004 لە پارێزگای حەکاری دامەزرابوو.

سۆلیستی فەرەج، کە لە ژێر ناوی “رەح” مۆسیقا پێشکەش دەکا، بە یۆراسیانێتی ڕاگەیاند کە کۆما وەتەن “یەکێک لە گرینگترین باندەکان بوو بۆ ئێمە… کۆما وەتەن، وەک یەکەمین گرووپی کوردی، ڕێگەی بۆ گەلێک گرووپی ڕاکی کوردی خۆش کرد و کاریگەریی هەبوو لەسەریان.” رەح وتی کە یەکەمجار، لە کۆتایی ساڵەکانی ١٩٩٠دا کاسێتی بایێ پایزێی کڕی.

هەروەها وتی: “کاتێک بۆ یەکەم جار گوێم لێ ڕاگرت، تا سەر ئێسک هەستم پێکرد. ئەو کاسێتە، هەرچەندە گوێی بدەیتێ، هەرگیز کۆن نابێ و هەمیشە چێژبەخشه.”