ڕەهەندی بوونخوازی له هۆنراوەی “بێ ئارامی”ی “ئەحمەد هەردی”دا

گرنگی دیدگای بوونخوازانە

بەو پێیەی سروشتی فەلسەفەی بوونخوازی بە ‌جۆرێكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئاستە تیۆرییەکەی بریتی بێت له‌ تێكسته‌ تیۆرییه‌كانی فه‌یله‌سوفان، ئه‌وا له‌ ئاسته‌ پراكتیكییه‌كه‌یدا بریتییه‌ له‌ پراكتیزه‌كردنی بیرۆكه‌ تیۆرییه‌كان له‌ دووتوێی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا. کەواتە بۆ ئەوەی بابەتەکە بابەتییانە و ڕوون بێت، ئەوا وا پێویست دەکات، لە دەستپێکدا دەروازەیەک بە ڕووی فەلسەفەی  بوونخوازیدا بکەینەوە بۆ ڕۆچوونە ناو بابەتەکە، چونکە (ئەدەب و فەلسەفە) بە یەکەوە، دوو ڕووی ئەو فەلسەفەیە پێکدەهێنن کە پێی دەوترێ، فەلسەفەی بوونخوازی.

  وەک دیارە کە ناونیشانی‌ بابه‌ته‌كە‌ ئاماژەیە بۆ  دەرخستنی ڕووێکی فەلسەفی بوونخوازی، لە کۆنتێکستی دەقێکی شیعریدا، مێژووی  نووسینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٨ز، بەر لەوەی بوونخوازی بە فەرمی وەکو فەلسەفەیەک فۆرمەلە بکرێت.  پەیبردن بەم ڕەهەندە و زەقکردنەوەی لە خۆیدا گرنگی هەیە، هاوکات پێگەی ئەدەبی کوردی سەردەخات بەرەو ئاستە کۆسمۆلۆجییەکە. 

  گرنگییەکەی لەوێوەیە کە فەلسەفەی بوونخوازی هەر خۆی لە ئاستە کۆسمۆلۆجییەکەدا فەلسەفەیەکی تازە و نوێیە، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم. تا ئەوکات ئەورووپییەکان لاسایی پێش خۆیان دەکردەوە بە کەمێک گۆڕانکاری لە فۆرم ،  نوێگەری (داهێنان و گۆڕانکاری) لە ئاستێکی تەنگ و لاواز بوو. بەم واتایە ئەو گۆڕان و نوێبوونەوانەی دەکران، (جەوهەر)ی نەبوون، (فۆرم)ەکی بوون. هەڵبەتە بوونخوازی نوێیە بەو واتایەی کە وەک ستایل و مۆدێل کە لە دەقی ئەدەبی و شانۆیی ڕەواجی پێدرا، دەنا وەکوو هزری فەلسەفی و تیۆری، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. سارتەر و کامۆ ئەم فۆرم و ستایلەیان بە فراوانی لە ئەدەبدا بە کار هێنا و، هاوکات میتۆدی (فینۆمینۆلۆجیا)یان وەرگرت، بەمەش گەیاندیانە لوتکە..

  لەلایەکی تر گرنگییەکەی دوو هێندەیە بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتیش، لە کاتێکدا کە ئەوروپا سوا بوون لە لاسایی کردنەوەی پێش خۆیان، ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لاسایی ئەوانمان دەکردەوە، کەواتە ئێمە دووجار لە دۆخی جووینەوە و لاساییدا بووین. 

  لە وەها دۆخێکدا، لە گۆڕینی ناوەڕۆکی شیعری هەردی پێش بوونخوازەکانیش کەوتووە. بیستنی دەنگێکی جیاواز، بەمجۆرە خۆی بۆ خۆی گرنگە، جا ئەگەر ئەو دەنگە تاکە شیعرێک نەبێت و نوزەیەکی سروشتی و خۆڕسکی منداڵانە بێت. هەرچەندە لە ڕووی بابەتییەوە زۆربەی شیعرەکانی باسی دڵداری و خۆشەویستییە و دەچنە خانەی ڕۆمانتیکی، بەڵام ئەوە لە بابەتە کەم ناکاتەوە، لە پاڵ ڕۆمانسیەت ڕووحیەتی قوڵی ڕەشبینی و نائومێدی، ئامادەگیی هەیە و دێت و دەچێت. وەکوو لە شیعری (ڕازی تەنیایی)دا بە زەقی دیارە.

ئەحمەد هەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦) شاعیر و نووسەر

فەلسەفەی بوونخوازی: دیدگا و بابەت و میتۆد:

   فه‌لسه‌فه‌ی بوونخوازی (Existentialism)، ئەو مۆدێلە بوو نەک گۆڕین بەڵکو (دابڕین و ڕێنیسانسێکی فەرهەنگی) بوو لە بواری فەلسەفە و ئەدەب و هونەر، خۆی فۆرمەڵە کرد، گۆڕانێکی جەوهەری و جۆری لە (بابەت) داهێنا، (مرۆڤ)ی کرد بە بابەتی توێژینەوە، بەمە بازنەی پارادیمی کۆنی تێکشکاند، کە تا ئەوکات ئاراستەی توێژینەوە و کەرستەی ئەدەبیش، لە دەرەوە بوو ((جیهان)) بابەتەکە بوو. ئێستا ئیتر لەم مۆدێلەدا ((مرۆڤ)) ناوەندە و (خود و بابەت) یەک چییەتین کە ئەویش (مرۆڤ)ە. بەم پێیە، فه‌لسه‌فه‌ی بوونخوازی فه‌لسه‌فه‌ی (خود)ه‌ نه‌ك (بابه‌ت)، فه‌لسه‌فه‌ی (سوژه)‌یه. کەواتە (مرۆڤ) لێرەدا ئامرازی توێژینەوەیە و هاوکات کەرستەی توێژینەوەشە.

   بوونخوازەکان لە سەرەتادا لە ڕێگای ئاوەژووکردنەوەی مۆدێلی پارادایمی مۆدێرنیتە و عەقڵ سەنتەریزمی دیکارتی، لوتکەی ڕۆشنگەری کانتییان خستە ژێر ڕەخنەی تووند. پاشان مرۆڤیان لە دەست فرە خودایی (دین، سیاسەت، ئابووریی سەرمایەداری و ئایدۆلۆژیاکان) دەرهێنا. دووبارە شوناس و ماهیەتی “مرۆڤ”یان بە “عەقڵی مرۆڤ” پێناسە کردەوە. بەمەش مۆدێلێکی هیومانیتی نوێیان داهێنا بە (بابەت و میتۆد و کۆمەڵێک چەمک و پرسیار)ی نوێ. ئەمە وەک پەرچەکردارێک بوو بەرامبەر بە سەراوژێربوونی ئامانجەکانی ڕۆشنگەری. بوونخوازی خۆی کرد بە فریادڕەسی خەمەکانی مرۆڤ و تێگەیشتن و گرنگیدان بە کێشەکانی. دوای ئەو نائومێدییەی مرۆڤ تووشی بوو، لە ئەنجامی هەڵخلیسکانی مرۆڤ بەرەو گۆمی بەربەرییەتەوە، لە عەقڵانییەتەوە بەرەو ناعەقڵانییەت لە مەدەنییەتەوە بەرەو هەمەجییەت. 

بەم شێوەیە فەیلەسوفی بوونخواز، خەریکی ئەزموونکردن و نووسینەوەی کێشەکانی مرۆڤە لە بووندا، لەلای ((بوونخواز))ەکان، ((بوون)) بنەڕەتی هەموو شتێکە و پێش ((چییەتی)) دەخەن. ئا لێرەوە لە بابەت و میتۆد، جیا دەبنەوە، ئامانجە سەرەکییەکەشیان مرۆڤە دروستتر بڵێین له پێناو پڕۆژەی (مرۆڤ) له (بوون)دایه. بوونخوازەکان چییەتی مرۆڤ وەکوو چییەتییەکی ناجێگیر و كراوه، كه له گۆڕانكاری دایه پێناسە دەکەن.

میتۆد:

بوونخوازەکان لە توێژینەوەکانیاندا، میتۆدی (فینۆمینۆلۆجی) بە کار دێنن، فینۆمینۆلۆجی: ڕێبازێکی فەلسەفی سەربەخۆیە، هاوکات میتۆدەیە و دامەزرێنەرەکەی (ئیدمۆند هوسەرل)ی پزیشکە، لە دیاردەکان دەکۆڵێتەوە وەک ئەوەی لە هۆشی مندا خۆیان دەردەخەن، واتە لێکۆڵینەوە لەسەر ناوەڕۆکی هۆش دەکات، ئەم ڕێبازە، لەگەڵ ڕێبازە لۆجییکییەکاندا دەرگیرە، کە لە ڕووخساری هۆش دەکۆڵنەوە. بوونخوازەکان ئەم میتۆدە بۆ توێژینەوە لە پرسیار و چەمکەکانیان بە کار دێنن. واته چۆن دیارده (بوون)ییەکان له (هۆش)ی من دەردەکەون یان خۆی دەردەخەن؟ گرنگترین چەمکە کلیلی و بنەڕەتییەکانی ئەم فەلسەفەیە بریتین له (ئازادی، نیگەرانی، ترس، نامۆبوون، پووچییەت، خۆكوژی، یاخی بوون، مردن، هتد…).

تایبەتمەندی ئەم فەلسەفەیە به جۆرێكه ئەگەر له ئاسته تیۆرییەکەیدا بریتی بێت له تێكسته تیۆرییەكانی فەیلەسوفان، ئەوا له ئاسته پراکتیکییەکەیدا، پراکتیزەکردنی بیرۆكه تیۆرییەکانە له دووتوێی دەقە ئەدەبییەکاندا، بەم شێوە بیرۆكه تیۆرییەکان تێکەڵ به دەقە ئەدەبییەکان دەکرێن. سارتەر و کامۆ دیارترین نموونەی ئەمەن.

دیدگای بوونخوازانە چۆن کار دەکات:

   بەر لە هەر شتێک، هەموو چرکەساتێکی نووسینی ئەدەبی بۆ ئەدیب خەسڵەتێکی بوونخوازانەیە، ئەمە بەو واتایەی کە ئەو مادام خەریکی دەستبردنە بۆ (شعور و لاشعور و سۆز و هەستە ناوەکییەکان)ی (خۆ)ی لەو چرکەساتەی کە (ئاگامەندی)ی ئەو بەر بابەتێکی ناو جیهانی دەرەوە دەکەوێت، پرۆسەیەکی پەیوەندی دروست دەبێ و ئەو پەیوەندییە زادەی دروستبوونی (مانا، وێنە، دیدگا)یەکە. ئەدیب کۆپییەکی وێنەکانی ئەوێمان بۆ دەگوازێتەوە لە ڕێگەی دروستکردنی پانۆرامایەکی درامایی بە زمانی ئەدەب. ئەم پرۆسەیەش بە تەواوەتی بوونخوازانەیە ئەمە هیچ قسەیەک هەڵناگرێت، هاوکات چرکەساتێکی بوونخوازانەشە بۆ ئەدیب، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە مۆرکیەتی بوونخوازی بە ئەدەبەکە بدات، بەڵکو ناوەڕۆک و بابەت و میتۆد و شێوازی کارکردنی ئەدیب بڕیار لە بارەی ئەوەوە دەدەن.

 وردەکاریی پرۆسەی داهێنانی دەقی ئەدەبی لە ڕێگەی زمانی تایبەت بە ئەدەب، کە لە چەند هیولا (ماتەر) کەرەستە و ئاستێک پێکدێت تا دەگاتە داهێنانی بەرهەمێکی  ئەدەبی تەواو. بەم شێوەیەیە:

* (هیولا) بنچینەییەکەی بریتییە لە خەیاڵ دوای چنینی تەونی عەرشی پانوپۆڕی خەیاڵ، *هیولا دووەمینەکە بابەتی جیهانی دەرەکییە، کە بەر هەست (شعور)ی تایبەتی (خود) من دەکەوێت، کە مانا و تێگەیشتنێکی تایبەتی بۆ (خود) دروست دەکات. *هیولا سێیەمینەکە بریتییە لە زمان (زمانی تایبەتی ئەدەبی)، دیارە مەبەست لە زمان لێرە زمانی تایبەتی ئەدەبیی بوونخوازییە…

زمانی تایبەتی ئەدەبیی بوونخوازی: ئەرکی ئەم زمانە دەربڕین و لێکدانەوە و مانا پێدان و مانا دروستکردن و یاریکردن و هتد…. بەو پەیوەندییە تایبەتییە ئاڵۆز و خودیانەیە کە لە بەریەککەوتنی (هۆش)ی من بە (دیاردە) و بابەتی دەرەکیی (بوون)ی دروست دەبێ.  واتە هؤشی من چۆن لەو دیاردەیە تێدەگات. ئەدیبی بوونخواز ئەم هەستە تایبەتە وەردەگێڕێت بۆ سەر زمانی ئەدەبی. بەرهەمێکی ئەدەبی بوونخوازانەمان پێشکەش دەکات.

ڕەگ و ڕیشەو دیدگای بوونخوازانە له ئەدەبی كوردیدا، هەردی وەک نموونە:

   هەڵبەتە بۆ ئەوەی خۆم هەڵپەسێرم لە حوکمی تووند و نابابەتی، قسەکان فۆڕمێکی زانستی وەربگرێت. تەنها لەسەر ئەدەبی ئەو کۆنتێکست و بەروارەی پێش کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی قسە دەکەم،  ساڵی ١٩٣٨ز هەردی شیعری “بێ ئارامی” نووسیوە. هەمان ئەو ساڵە سارتەر ڕۆمانی (هێڵنج)ی نووسی، ساڵی ١٩٤٥ جەنگ کۆتایی هات. ساڵی ١٩٤٦ بوونخوازی بە فەرمی ناسێنرا. لەسەر دۆخی ئەدەبی کوردی پاش جەنگی دووەمی جیهانی ، هەر چۆنێک بێت هیچ قسەیەکم نییە.

  دیارە له‌لای میلله‌تانی تر پرسە بوونخوازییەکان بایەخی پێدراوە و زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌ و له‌ناو كولتووری كوردیدا هه‌نگاوی نه‌هاویشتووه‌ و چه‌كه‌ره‌ی نەكردووه‌، ئه‌مه‌ش ڕەنگە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ تایبه‌تمه‌ندی میلله‌تی كورد، بە درێژایی مێژوو پرسە لۆکاڵییەکانمان هەناسەی لێ بڕیووین، نەمانتوانیووە‌ لە پرسە کۆسمۆلۆجییە یۆنیڤێرساڵەکاندا جێ و پێی خۆمان دەستنیشان بکەین. له ‌سه‌ده‌ی بیسته‌م كه‌ خاوه‌ن دۆزێكی جیاواز بووین، كێشه‌ی شوناس و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی بوو. بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌ده‌بی كوردی خاوه‌ن ته‌رزێكی ناسیۆنالیستیانه‌یه‌،‌ ئەمەش به ‌جۆرێكه‌ وه‌كوو تارماییه‌ك تێكڕای ئه‌ده‌بی كوردی ته‌نیووه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین شوێنێك نەماوەتەوه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی لای شاعیرانی كورد كه‌ هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری نەیته‌نیبێ، هه‌روه‌ك لای “هێمن”ی “شاعیری گەل” به‌ ڕوونی دیاره‌، ساڵی ١٩٤٤ نووسیویەتی: (ته‌نانه‌ت وه‌ختی ده‌ستبازی له‌گه‌ڵ یار ئه‌من ئه‌ی نیشتیمان تۆم هه‌ر له‌بیره‌) له‌م نموونه‌یه‌دا هه‌ستی به‌هێزی نیشتیمانپه‌روه‌ری شاعیر، زاڵتره‌ له‌ هه‌ستی تایبه‌تی و بوونخوازانه‌ی ئه‌و، هه‌ستی (خودی) چركەساتی له‌گه‌ڵ یار بوون كه بنەڕەتی (بوون)ی ترە، ئەویش نیشتیمان داگیری کردووە. هه‌ستی بوونخوازانەی ئه‌و بە کردەوە بوونی نییە یان پله‌یه‌ك پاش هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی ئەو دێت، هه‌ستێكی لاواز و نائاماده‌ و ناچالاكه‌، هێمن پێمان ده‌ڵێت: من و یار و شیعریش قوربانی نیشتیمان. له‌لای “هەژار”یش ئه‌م هه‌سته‌ نیشتیمانپه‌روه‌رییه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی تر خۆی مانیفێست ده‌كات بارگاوی دەكرێت به ‌كۆمه‌ڵێ گوتەزای ئایینی.  هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ میراتێكه‌ و پێش ئه‌م شاعیرانه‌، لەلای خانی و جگەرخوێن دەبیرێت و دواتریش ئه‌م هه‌سته‌ گشتییه‌ (ده‌سته‌ جه‌معی)یه ‌لەلای زۆربه‌ی له‌ شاعیره‌ نوێكان و گروپی ڕوانگه‌ش به‌رده‌وامی ده‌بێت.

ڕەگ و ریشەی بوونخوازانەی ئەحمەد هەردی لە شیعری “بێ ئارامی”دا:

    بێگومان بۆ ئەوەی فۆرمێکی زانستی و توێژینەوەیی و خەسڵەتی بابەتی بوون بە قسەکانمان بدەین، پێویستە بە وردی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە:

ئایا ئەحمەد هەردی بوونخوازە؟ چی کردووە؟ بۆچی؟ چۆن؟

 بەر لەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەش بدەمەوە، چەند کەرستەیەکم لەبەر دەستە لێرەدا بە کاریان دێنم و بۆ بەڵگاندن و پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانم کۆمەکیم دەکەن:

  *کەرستەی یەکەم دیوانی (ڕازی تەنایی) یە، چاپی سێیەم ١٩٩١.

* کەرستەی دووەم بەکارهێنانی فەلسەفە وەک کەرستەیەکی گرنگ، بۆ ڕاڤەکردن.

  * بۆچوونی سێیەم: ڕای ئەدیبان لەسەر هەردی.

دوو تێبینی گرنگ، کە پێویستە سەربەخۆ ئاماژەی پێبدەم، چونکە ڕەنگە لە چەند شوێنێک، وتنی دووبارە پێویست بێت، ئەوا لێرە بە یەکجار دەیڵێم: لە پێشەکی دیوانی (ڕازی تەنیایی)دا کە تاکە دیوانی (هەردی)یە، دەڵێت: “من خوێنەرێکی بەردەوامی بواری فەلسەفە بووم، زیاتر لەوەی خوێنەری دیوانی شیعری شاعیران بم، ئەگەر کتێبیکی فەلسەفیم ونکردایە خێرا دەمکڕییەوە، تا تەواوم دەکرد”. ئەمە واتای ئەوەیە کە (هەردی) بێئاگای دنیای فەلسەفە نەبووە، بۆیە دەکرێ لاشعوری کاری تێکردبێ و نووسیبێتی.

لە ڕووی فەلسەفییەوە، ئه‌گەر هۆکاری دۆخە (هۆش)ەکییەکانی مرۆڤ کەوتە ناو سنووری ماددەوە ئەوا بە دۆخێکی (ئۆنتۆلۆجی) و ڕەسەن دانانرێت به‌ڵكو دۆخێکی ساخته و ناڕه‌سه‌نه‌.  بەڵام ئه‌گەر هۆکاری دۆخە (هۆش)ەکییەکان لە سنوری ماددەدا بەدەر بوو،  ئەوا ئۆنتۆلۆجی و ڕه‌سه‌ن و زیندووه‌ و ئاماژەی چرکە ساتی فەلسەفیین.

    یه‌كێك له‌و شاعیرە كوردانەی كه لەو ڕووەوە‌ جێگەی سەرنجە “م. ئه‌حمه‌د هەردی”یه،‌ بۆ ئەدیبێکی شارەزا یان خوێنەرێکی وردو کارامە، به ‌ڕوونی ئەمە دیارە و هه‌ستی پێ دەکرێت کە ئەو هەستەی کە (چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتیمە)ی پێ دەنووسێت جیایە لە هەستی نووسینی شیعری (بێ ئارامی) ئه‌وه‌ی یەکەمیان شیعرێکی ڕۆمانتیکییە و‌ ئەوەی دووەمیشیان شعور و دیدگایەکی بوونخوازانەی پەتییە. جیا لەو هەستەی  پێشوو كه‌ لای شاعیرانی وه‌ك (خانی و جگه‌رخوێن و سالم و كوردی و هێمن، هتد…) هه‌بوو.

  ئه‌گه‌ر بە وردی سه‌رنج بده‌ینە ناو دێرەکانی، هه‌ست بە ڕەشبینیەک دەکەیت کە لە سەرەتای دیوانەکەیەوە درێژ دەبێتەوە تا کۆتایی، وەکو پەڵە هەورێکی ڕەش بێت و بچێ، لە هەندێ شوێندا بە چڕی دایدەبارێنێ،  هەندێ شوێنیش هەمیشە هەورە و بەرۆکی ئارامی گرتووە و بێزار و هەراسانی کردووە. لە هەندێ  شیعره‌كانیدا هۆكاری ئەو بێزاری و ڕەشبینییە دیارە، لە ناو هەندێک لە دێرە‌كانیشدا هۆكار ونە و نادۆزرێتەوە، هۆکار بە کراوەیی و هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، هیچ هۆکارێکی ماددی بوونی نییە، ئه‌و نیگەرانییە له‌ بونیادی ئه‌و (شاعیر)ه‌دایه‌، ڕیشه‌یه‌كی ئۆنتۆلۆجی و بوونخوازانه‌ی هەیه‌.

له‌ شیعری “بێ ئارامی” كه‌ له‌ ساڵی ١٩٣٨ نووسیویەتی:

  هەڵبەتە ناونیشانی “بێ ئارامی”، باری نەرێیی دۆخێکی ئاگامەندی هەستەکییە، وشەی “بێ” کە خراوەتە سەر وشەی “ئارام”، پێی نەرێ کراوە، لە فەلسەفەدا ئەم دۆخە وشەی “نیگەرانی” بۆ دانراوە. هیچ جیاوازی نییە و بێ ئارامی جۆرێکە لە نیگەرانی و یان هەمان نیگەرانییە.

ئاخ و داخ و ده‌رد، له ‌ده‌ست ته‌نیایی،

په‌شێوی بێ حه‌د، ده‌ردی بێ دوایی

  شێوەیەک لە (تەنیایی) هەیە، کە تایبەتمەندی و بەهایەکی فەلسەفی هەیە، ئەو چرکەساتەی کە مرۆڤ هەست دەکات فڕی دراوەتە ناو بوون و بە تەنیا بەجێهێڵراوە و دەرگیرە لەگەڵ چارەنووسێکی نادیار، ئەمە ئەو دۆخەیە کە هایدیگەر باسی کردووە. ئەم دیوانەم چەند جارێک سەراو بن کرد زیاتر لە چل جار بەم شیعرەدا چوومەتەوە، تەنانەت یەک تاکە هۆکاریش پێشکەش ناکات، لەوە زیاتر، لە کۆتایی شیعرەکەدا، دەڵێت (نە لای دۆست و یار و نە لە دەشت و شار ئۆقرە ناگرم) بەمە زۆر شتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ئەوە حاڵەتێکی دەروونی تایبەت نییە کە لە دووری یار یان لە گۆشەکیربوونی کەوتبێتەوە) تا کۆتایی شیعرەکە هۆکارەکە هەر بە کراوەیی و هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. لە دەرئەنجامی ئەمەدا، دەکرێت ئەمە ناوبنێین سەرەتای چرکەساتێکی فەلسەفی بوونخوازانە لەمەڕ بوونی خۆی.

ئه‌م سه‌رسامییه‌

بێ ئارامییه‌

دڵ ناكامییه

كه‌ی كۆتایی دێ؟

(سه‌رسام بوون، یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی بیری فەلسەفییە، کاتێک مرۆڤ قوڵ دەبێتەوە لە هەندێ بابەت و دیاردە تێناگات، سەرسامی دایدەگرێت)

وشەکانی پەشێوی و ‌ بێ ئارامی و دڵ ناكامی، لە زمان و ئەدەبیاتی کوردی، نزیکن لە چەمکی نیگەرانی، زۆرجار تیکەل دەبن، یان وەکوو هاوواتا بە کار دەهێنرێت. وای لێکردووە لە خۆی بێزار بووە و دەپرسێ کەی کۆتایی دی.

نه‌ له‌ناو گوڵزار

نه‌ لای خزم و یار،

ئۆقره‌ ناگرم…

له‌ ده‌ست شار هه‌ڵدێم، ده‌چمه‌ ناو گوڵزار

له‌وێش هه‌ڵناكه‌م، دێمه‌وه‌ ناو شار!

(دیارە ئەوەی کە زۆر کۆمەکی و کارئاسانیم بۆ دەکات تا دواجار دەستکراوەتر و بوێرتربم لە ئەنجامگیریدا. ئەم نیوەدێرانەن،  دیارە مامۆستا هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی، ئەم تەنیایی و نیگەرانییەی خۆی بڕەوێنێتەوە هەموو ڕێگایەکی گرتۆتەبەر بەڵام سەرئەنجام بێ سوود ناکام بووە، چونکە لە بنەمادا، هۆكارێكی ماددی و سۆزداری له‌ پشت نەبووە‌، کە هۆكاری دروستبوونی دۆخەکە بووبێت، جارێکی تریش دڵنیا دەبینەوە ئەم هه‌سته‌ ئۆنتۆلۆجی و ڕه‌سه‌نە).

وه‌ك ئارام نه‌ماو

دڵ و پێ سوتاو

خانه‌ی خه‌و ڕوخاو

له‌ دنیا بێزار…!

 (ئەم نیوەدێرانە، وەسف و لێکچواندنن بۆ وێناکردنی دۆخی بێ ئارامییەکەی، دەیەوێ بڵێت ئەگەر ئێوە نیگەرانی و بێ ئارامی من نابینن، ئەوا وەکوو:  ( ئارام نه‌ماو و دڵ و پێ سوتاو و…. له‌ دنیا بێزار…!) واتە دۆخە زەینییەکەی وەکوو دۆخی ئەو نموونانە بێزارکەرە.

كه‌ به‌ تێكه‌ڵبوون، وه‌ها بێزارم

بۆچ به‌ ته‌نیایی په‌شێوه‌ كارم؟!

(وادیارە مامۆستا بێزاری تێكه‌ڵبوونی بەلاوە گرفت نییە، ئاساییە تێكه‌ڵبوونی بێزارت بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئاستێکی هۆشیاری بەرز، بەڵام دووباره‌ پرسیار لە ‌دۆخی ته‌نیابوون‌ دەکات. و واقی وڕماوە کە بۆچی حاڵی هەر خراپە .

بۆ وه‌ك ڕه‌نجه‌ڕۆم؟

وه‌ڕس بووم له‌ خۆم

بۆ هه‌ر كوێ ئه‌ڕۆم

دڵ بێ قه‌رارم؟!

(ئەم نیوەدێرانەش دیسان، وەسف و لێکچواندنن، دەیەوێ بڵێت هەموو ڕێگەکانم تاقیکردەوە هەر دڵە کوتێمە و  نیگەرانم و بێ ئارامم و بێ قەرارم. بەم شێوەیە پاش چەند هەوڵێکی ناکامانە بۆ دەربازبوون لە دۆخەکەیدا، کۆتایی بە شیعرەکە دەهێنێ دوای ئەوەی لەو دۆخە زەینییەی کە تێی کەوتووە، چەند وێنەیەکی ئازارەکانیمان لە ڕێگەی چەند دۆخێکی تری واقیعییەوە بۆ دەکێشێت). بێگومان ئەگەر هۆکارەکەی بۆ ڕوون بوایە، ئەوا چارەسەری دەکرد، ئەوکات ڕەنگە لە بیری نووسینیدا نەبایە.

  لە پەراوێزی ئەم  شیعرەدا لە چاپی دووەم، هەردی نووسیویەتی: ئەم شیعرە لە چاپی یەکەمدا نییە، و کەچی لە 1938 لە سەرەتای لاویەتیمدا نووسیومە. وا دیارە زانیوویەتی کە لە ستایلی باو دەرچووە و (نەیوویستووە و بەلایەوە گرنگ نەبووە یان نەیوێراوە) ئەم گۆڕینە لە کەرستەی شیعریدا بکات، بەڵام هەر چۆنێک بێت، دواجار ئێمە وەک توێژەر مامەڵە لەگەڵ ئەو کەرستەیە دەکەین کە لەبەردەستمانە، .ئەمە دیوێکی ئاشکرای شیعرەکەیە و ئه‌م هه‌سته‌ چالاكه‌ تایبه‌تییه‌، ئەگەر بە نەفەسێکی کورتیش بێت باڵی به‌سه‌ر شیعره‌کەدا كێشاوه‌.

  کۆی نیوە دێرەکانیش بە ڕیز وەکوو پەنجەکانی دەست کە بەدوای یەکدا دەچنەوە سەر مەچەک وایە، دوو چەمکی سەرەکی (بوونخوازی) لەم شیعرە بەکارهێنراوە، کە هەموو وشەکان و لێکچواندنە وێنەییەکان، پیت بە پیتیان دەچنەوە خزمەت ئەو دوو چەمکە و وەسفی زیاتریان پێدەدەن. ئەوانیش: (بێ ئارامی) و (تەنیایی)ن.

ئەنجامگیری:

  لەم کۆنتێکستە مێژووییەدا، بەکارهێنانی ئەم ستایلە لە  نووسینی شیعری و به‌م شێوەیە ڕووكردنه‌ (خۆ)، خۆ خستنە جێگەی بابەت، قسە لەسەر خۆ کردن تاوتوێكردن و وتوێژكردنی هۆش و ئاگامەندی خود (خۆ)، پێم وایە قسەی زۆر هەڵدەگرێ.

  بەو پێیەی کە هەردی شیعری “بێ ئارامی”‌ له‌ ساڵی ١٩٣٨دا نووسیوە، واتا بوونخواز نییە بەو واتایەی شوێنکەوتەی ئەوان بێ، بەڵکو زۆر پێش ئەوان کەوتووە، زۆریش ڕەسەنترە، ئەمەش  بۆمان ڕوون دەکاتەوە، ڕیشەی بوونخوازانەی هەردی لە بوونیادی ئەو شاعیرە دایە.  ساڵی ١٩٤٦ بوونخوازی بە فەرمی ناسێنرا.

گۆران وتویه‌تی: (هه‌ردی قوتابخانه‌یه‌كی زۆر نوێ و تایبه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی)دا.

  ئایا دەکرێ ئەو بابەت گۆڕین و شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵیدا نکوڵی بکرێ و بە هیچ وەرنەگیرێ؟ هەر چۆنێک بێت ستایل و مۆدێلێکی نوێیه‌، بابەت و کەرەستەی شیعرەکە، خودی _(هۆش و ئاگامەندی) شاعیرەکەیە، واتا ناوەڕۆکی شیعری دەگۆڕێت کە پێشتر “دڵی شاعیر خورپەکانی نیشتیمان بوو، دڵی شاعیر نیشتیمانی دڵدارەکەی بوو، دڵی شاعیر خەڵوەتگەی  سۆفیگەری بوو و هتد …” ، بەمەش لە ستایلی نووسینی سوننەتی دەچێتە دەرەوە، جا خودئاگایانە بێ یان ناگایانە. بەڵام وا پێدەچێت ناگایانە بووبێت، چونکە لە پەراوێزی شیعرەکەیدا وتوویەتی لە چاپی یەکەم بڵاوم نەکردۆتەوە چونکە ((پێم شتێکی ئەتۆ نەبوو)). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێ کە بابەتی شیعریم گۆڕیووە. بە دیاریکراوی ئەمە ئەو خاڵە جەوهەرییە گرنگە بوو لە پاڵ بۆچوونەکەی گۆراندا، هانییاندام  توێژینەوە دەست پێ بکەم.

  هه‌ردی یه‌كێك‌ له‌و شاعیرانه‌یە كه‌م له‌سه‌ری نووسراوه‌، لە کاتێکدا زۆر هەڵدەگرێ. مێژوونووسی ئەدەبی هەن، هەر پەڕاندوویانە و ناویشیان نەهێناوە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە تەنها دیوانێکی هەیە نزیک بە بیست شیعرە. بەڵام ئەوان نەیانتوانیووە پەی بە نهێنی ئەم کەم نووسینە ببەن، بۆ منێکی خوێنەر ئێستا ڕوونە کە هەردی کێیە، به‌ڵام بۆ مێژوونووسان ئەم هەڵاواردنە، کێماسی و بۆشاییەکی گەورەیە لە بابەتیبووندا. لەبەرامبەردا دیارە (گۆران) پەی بە کۆدە گرنگەکانی بردووە و ستایشی کردووە و وتویه‌تی: (هه‌ردی قوتابخانه‌یه‌كی زۆر نوێ و تایبه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی)دا. بەڵام زیاتری نەوتووە و وردی نەکردۆتەوە کە گرنگییەکەی چییە و نوێییەکەی چۆنە. لە راستیدا من زوو ئەوەم بۆ دەرکەوتبوو، بەڵام هەرکە ئەو بۆچوونەی گۆرانم بینی، پشت قایمتر بووم بڕیارم دا، لێکۆڵنینەوە دەست پێ بکەم، تاکو قسەکەی گۆران وردتر بکەمەوە، بۆ پاڵپشتیکرنی بۆچوونەکانی خۆم.