یەڵماز گۆنای؛ باوکی سینەمای کوردی

دەستپێکی کاری هونەری


سەرەتای کاری هونەر ئەوکاتە بوو کە تەمەنی تەنیا ٢١ ساڵ بووە، وەکوو ئەکتەر لە چەندین فیلمی تورکی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو. ئەمە بووە سەرەتای ناساندنی یەڵماز گۆنای بە کۆمەڵگە و بەناوبانگ بوونی.
لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو دەست دەکات بە کاری دەرهێنان، لەو فیلمانەی دەریهێناون زۆرتر کار لەسەر ژیانی خەڵکی گوند دەکات نەك شار. ئەو ڕووی کامێراکانی لە چەقی شارەکانەوە بەرەو گوندەکان وەرگێڕا و زوومی کامێراکەی خستە سەر ژیانی ڕۆژانەی هەژارە تەپوتۆزاوییەکانی باکووری کوردستان.

یەڵماز گۆنای و پاڵەوان؛


چیتر پاڵەوانەکان قات و کراوات لەبەرەکان نین. ئەو دێت پاڵەوانە شیکەکان تێک دەشکێنێت! لە فیلمەکانی یەڵمازدا پاڵەوانەکانی یەڵماز خەڵکانی گوندن. پاڵەوانەکانی ئەو، پاڵەوانە ڕاستەقینەکانی ژیانن. ئەوەش یەکانگیر بوو لەگەڵ ئایدیای چەپی یەڵماز کە پێی ناسرابوو. بۆیە بە تەواوی مێژووی سینەمای لە تورکیادا گۆڕی.
زۆرتر کاری لەسەر چینە کۆمەڵایەتییەکان و پێکدادانی چینایەتی دەکرد. باسی لەو کێشانە دەکرد کە سەرمایەداری بۆ جوتیاران و گوندییەکانی دروست کردووە، ئەو فشارەی بەهۆی ئەو سیستمەوە لەسەر ژیانیان دروست بووە. هەروەها باسی لە کێشەکانی خودی ئەو کۆمەڵگە دواکەوتووانە دەکرد کە زۆرتر لە گوندەکان نیشتەجێن. ئەوکات ژنکوژی و کێشەی هەژاری و چەوساندنەوە بۆ ئەو، بابەتە گرینگەکانی فیلمەکانی بوون. هەر ئەمە بوو وایکرد دواجار لە ساڵی ١٩٨٢ خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فیستیڤاڵی سینەمایی کان لە وڵاتی فەڕەنسا بۆ فیلمی (Yol  واتە ڕێگا) وەربگرێت. ساڵی دواتریش هەمان فیلم بە باشترین فیلمی بیانی لە فیستیڤاڵی سێزاری فەڕەنسی هەڵبژێردرا کە دوای کان لەسەر ئاساتی فەڕەنسادا گەورەترین و بەناوبانگترین فیستیڤاڵی سینەمایە.

یەڵماز گۆنای (١٩٣٧-١٩٨٤)

چ جۆر سینەمایەک؟


سینەمای یەڵماز گۆنای دەکرێ بە سینەمایەکی ڕیالیستی تەماشا بکەین. هەرچەندە ناچێتە ناو چوارچێوەی دۆکیۆمێنتارییەوە، بەڵکو فیکشن و نواندنە، بەڵام زۆرتر لە دۆکیومێنتار نزیکە وەک لە فیکشن.
یەڵماز بە باوکی سینەمای کوردی ناسراوە. لە کاتی باسکردن لە سینەمای کوردی، یەکەم کەس کە باسی دەکرێت یەڵمازە. هەرچەندە فیلمەکانی بە زمانی تورکین، بەڵام ناوەڕۆکی فیلمەکانی کوردین. وەک خۆی گەلێک جاران ئاماژەی پیداوە، زۆر سوودی لە چیرۆک و کولتووری کورد وەرگرتووە و سیناریۆی فیلمەکانی لەسەر ئەوە داڕشتووە.
ئەو شوێن دەستی لە سینەمای تورکیش یەکجار بەرچاوە. بەشداری زیاتر لە ١٠٧ فیلمی تورکی کردووە، لە زۆربەی فیلمەکاندا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.

یەڵماز گۆنای و کوردبوون:


پێم وایە راشکاوانەترین قسەکانی یەڵماز گۆنای لەسەر کورد و کوردبوونی خۆی لە دوایین دیمانەیدایە، کە ڕۆژنامەوانی فەڕەنسی کریس کۆچێرا لەگەڵیدا کردووە بۆ گۆڤاری  The Middle East  دیمانەکە هی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٣یە واتە ساڵێک پێش مردنی یەڵماز گۆنای. لەوێ وەڵامی زۆر پرسیار دەداتەوە کە دەربارەی کوردبوونی خۆی و ڕەوشی کوردان لە باکووری کوردستان. باس لەو نەهامەتییانە دەکات کە بەهۆی کوردبوونییەوە بەسەر خۆی و بنەماڵەکەیدا هاتوون.
دوای دوورکەوتنەوەی لە خانەوادەکەی لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە یەڵماز بەرەبەرە زمانی کوردیشی بیردەچێتەوە.
لەو دیمانەیەدا باس لەوە دەکات کە ئەو زۆر حەزی دەکرد لە فیلمەکانیدا زمانی کوردی بە کار بهێنێت، بەڵام ئەگەر ئەوەی کردبا، خۆی و هەموو ئەکتەرەکانیشی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەخرانە زیندان. دەربارەی کوردبوونی خۆی دەڵێت “ئەگەر راستیتان دەوێ، من کوردێکی ئەسیمیلەکراوم. دایکم کورد بوو، باوکیشم کوردێکی زازا بوو. لە هەموو تەمەنی منداڵیم تا ١٥ ساڵێ لە ماڵەوە هەر بە کرمانجی و زازاکی قسەمان دەکرد کە دوو شێوەزاری کوردین. بەڵام دواتر بەهۆی باردۆخێکی تایبەتەوە لە خانەوادەکەم دابڕام، ئیتر چیتر گوێم لە وشەی کوردی نەبوو، هەموو شتێ بوون بە تورکی. زۆر جار گوێم لێ دەبوو تورکەکان دەیانوت: کورد بوونی نییە، زمانی کوردی نییە. بەڵام من دەمزانی ئەو شتە راست نییە. باوکم خەڵکی سیڤریک بوو، یەکەمجار لە تەمەنی ١٦ ساڵی سەردانی ئەوێم کرد. بینیم کە ماڵباتی باوکم چۆن لە ڕەگ و ڕیشەی کوردبوونەوە هەڵکەندراون. هەموو جار باوکم دەیوت: ڕەگی ئێمەیان هەڵکەندووە. من ئەو ناخۆشی و ستەمانەم دەبینی کە لە کورد دەکرێن لە باکووری کوردستان. بەڵام بۆ یەکەمجار لە تەمەنی ٣٤ ساڵی چوومە مووچ، ناوچەکەی دایکم. بیرۆکەی فیلمی “Troupeau”م لەوێوە بۆ هات، کە باس لە خێڵ دەکات”. هەندێ لە هاوڕێ نزیکەکانی گۆنای باس لەوە دەکەن کە جارێک یەڵماز گۆنای داوای لە دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو، سکرتێری گشتی ئەوکاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کردووە کە یارمەتی بدات بچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێ فیلمێک بەرهەم بهێنێت، هەرچەندە دکتۆر قاسملو ئەوکات بەڵێنی پێ دەدات کە یارمەتی بدات، بەڵام بەهۆی خراپ بوونی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای شۆڕشی ئیسلامی و دەستپێکردنی شەڕ لەوێ، نەیتوانیوە بچێتە ڕۆژهەڵات.

blank
یەڵماز گۆنای لەگەڵ فەتوشی هاوسەریدا

تاراوگەنشینی


دوای ئەوەی لە تورکیا تووشی چەرمەسەری زۆر دەبێت و لە دواجاردا، ساڵی ١٩٨٠ حوکمی زیاتر لە ١٠٠ ساڵ زیندانی بۆ دەدرێت، یەڵماز گۆنای بڕیار دەدات تورکیا جێبهێڵی و بە ناچارێ بچێتە تاراوگە. کچەکەی « ئێلیف گۆنای » لە دیمانەیەکدا دەڵێت: “ئەوکات من تەمەنم پانزە ساڵ بوو، لەگەڵ باوکم هاتینە دەرەوە، ئەو وڵاتەی کە پێشوازی لێ کردین فەڕەنسا بوو. فەڕەنسا باوەشی بۆ ئێمە و باوکم کردەوە، بەڵام باوکم خۆشحاڵ نەبوو بە تاراوگەنشینی، ڕەنگە هەر ئەوەش بووبێ کە وایکرد نەخۆشییەکەی تەشەنە بسەنێ. تا دوا ساتەکانیش نەیدەوت نەخۆشم، کاتێکیش ئێمە پێمان زانی زۆر درەنگ بوو”.

دامەزراندنی ئەنستیتیوتی کورد لە پاریس:


یەڵماز گۆنای دەستێکی باڵای هەبوو لە دامەزراندنی ئەنستیتیوتی کورد لە پاریس. لە وارگەی ئەنستیتوتی کورد لە لیستی دامەزرێنەراندا یەکەم ناو کە ئاماژی پێ کراوە وەکوو دامەزرێنەر ناوی یەڵماز گۆنایە. ئەو دەمانەی لە فەڕەنسا بوو، گۆنای بەردەوام هەوڵی دەدا جگە لە کاری فیلم، کارگەلێکی دیکەش بۆ کوردان بکات. بە تایبەتیش ئەو حەزێکی زۆری بۆ کاری فەرهەنگی هەبوو، بۆیە بە تاسەوە بەشداری کۆبوونەکانی دامەزراندنی ئەنستیتیوتی کوردی دەکرد، تا دواجار هەوڵەکانی خۆی و هاوڕێکانی سەریان گرت. لەوکاتەوە ئەنستیتیوتی کورد سەرەڕای چالاکییە کولتوورییەکان، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان کورد و دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا.

زیندان و بەردەوامی:


یەکەمجار لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ -١٩٦٢ ماوەی ١٨ مانگ بەهۆی نووسینی رۆمانی (ئەوان بە سەرشۆڕی مردن) دەخرێتە زیندانەوە. ئەوکات دادگای تورکیا بە کۆمۆنیست بوون تۆمەتباری دەکات.
دوای دەرچوونی لە زیندان، دەست دەکاتەوە بە کاری نواندن. ماوەی پێنج ساڵ جەماوەریترین ئەکتەری تورکیا بووە.
پاشان کە دەست دەکات بە کاری دەرهێنان، زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری نیوڕیاڵیستەکانی ئیتاڵیا و ئەمە لە فیلمەکانیدا بە روونی دەبینرێت.
ساڵی ١٩٧٤ دووبارە لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی یارمەتیدانی خوێندکارە ئەنارشیستەکان ٢ ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. بەڵام بەهۆی ناڕەزایی و پشتگیرییەکی زۆرەوە فشار لەسەر حکومەتی ئەوکات دروست دەبێت و دوای ماوەیەکی کەم ئازاد دەکرێت.
دوای ئازاد بوونی یەکسەر دەست دەکات بە دەرهێنانی فیلمی « هاوڕی » کە باس لە چینی سیاسیی کۆمەڵگەی تورکی دەکات. دواتر دیسان دەزگیر دەکرێتەوە، ئەمجارە بە ١٥ ساڵ زیندانی حوکم دەدرێت.
لە زیندان بەردەوام دەبێت لە نووسین، لە ماوەیەکی کورتدا سێ ڕۆمان دەنووسێ لەگەڵ چەند سیناریۆیەک کە لە لایەن هاوڕێیەکی بە ناوی زەکی ۆکتەن دەبریتە دەرەوەی زیندان و دەکرێن بە فیلم.
لە ئۆکتۆبەری ساڵێ ١٩٨١مۆڵەتێکی کاتی پێ دەدرێت تا سەردانی ماڵباتەکەی بکات، بەڵام بە یارمەتی هەندێ هاوڕێی لە تورکیا و لە ئەورووپا دەتوانێ بگاتە فەڕەنسا و ببێت بە پەنابەر.
کاتێ هێشتا لە بەندیخانە بوو داوا لە شەریف گورەن دەکات کە کاری دەرهێنان بۆ سیناریۆی Yol-ڕێگا بکات، بەڵام دوای ئەوەی ڕادەکات ساڵێ دواتر خۆی بەسەر فیلمەکادا دەچیتەوە و لە سویسرا تەواوی دەکات. فیلمەکە باس لە کۆمەڵێك زیندانی دەکات کە مۆڵەت وەردەگرن بۆ ئەوەی سەردانی ماڵباتەکانیان بکەن، بەڵام هەریەکەیان شتێك لە ژیانیان ڕوودەدات کە تووشی کێشە و ناخۆشی زۆر دەبن. ئەو فیلمە ساڵی ١٩٨٢ لە فیستیڤاڵی سینەمایی کان چڵە خورمای زێڕینی بردەوە، کە یەکێکە لە بەهادارترین خەڵاتە سینەماییەکانی جیهان.

فیلمی دیوار لە فەڕەنسا:


دوای ئەوەی دێتە فەڕەنسا، یەڵماز لە کاری دەرهێنان بەردەوام دەبێت، بە ماوەیەکی کەم دەتوانێ فیلمێک دەربهێنێت بە ناوی « دیوار » کە دواتر دەنگدانەوەی زۆری هەبوو لە ناوەندە سینەماییەکانی دونیا. ئەمە دوایین فیلمی بوو و شێرپەنجەکەی پەرەی سەند و ساڵی دواتر لە پاریس کۆچی دوایی کرد.
فیلمی دیوار باس لە گرتووخانەیەکی ئەنقەرە دەکات کە چەندین منداڵێ تێدایە و لە لایەن پاسەوانانی گرتووخانەکەوە دەچەوسێندرێنەوە و کاری قورسیان پێ دەکرێت و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر. منداڵەکان یاخی دەبن بەو هیوای بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەیەکی باشتر.

ژیاننامە:


١ی نیسانی ١٩٣٧ لە گوندی یەنیس لە ناوچەی کەرەتاشی شاری ئەدەنەی باکووری کوردستان لەدایک دەبێت.
زانستی ئابووری لە هەردوو زانکۆی ئەنکەرە و ئیستەنبۆڵ خوێندووە.
ساڵی ١٩٥٨ لە تەمەنی ٢١  ساڵی بووەتە ئەکتەری سینەما.
لەبەر ڕۆڵەکانی و هەڵسوکەتەکانی بە « پاشای ناشیرین » ناسرابوو.
ساڵی ١٩٦٠ تا ١٩٦٢ ماوەی ١٨ مانگ زیندانی کرا بەهۆی نووسینی ڕۆمانێکەوە بەناوی »ئەوان بە سەرشۆڕی مردن » ئەوکات  بە کۆمۆنیست بوون. تۆمەتبار کرا.
ساڵی ١٩٦٥ دەستی کرد بە کاری دەرهێنانی فیلم و کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی فیلمی تایبەت بە کارەکانی خۆی دانا بە ناوی Güney Filmcilik
لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨ و ١٩٧٤ لە ١٠٧ فیلمدا ڕۆڵی بینیوە.
٢٥ فیلمی دەرهێناوە کە دواینیان فیلمی « دیوار » بوو لە فەڕەنسا ساڵی ١٩٨٣ دەریهێنا
٩ی ئەیلولی ١٩٨٤ بە نەخۆشی شێرپەنجە لە پاریس دەمرێت و لە گۆڕستانی پێرلاشێز نێژراوە.