سێ شیعری یڵماز گونەی

لە کورمانجییەوە: ڕێبین محەمەد

پێشتر تەنیاییم نەدەناسی

پێشتر تەنیاییم نەدەناسی

وەک درەختێک لە دارستانەکەی

وەک گوڵێک بە چڵەکەی

پێشتر تەنیاییم نەدەناسی

ئێستە تاک و تەنیا ماوم

لە چڵەکەم قرتێندراوم

لە دارستانەکەم دوورخراوم.


بە زمانی خۆت

بە زمانی خۆت سترانێکم بۆ بڵێ،

بەناوی کێ دەیڵێی بیڵێ

ھەر قیڕانەکە ھیی خۆت بێت بەسە

با سەرھەڵدانەکە لە دەنگتدا ڕەنگبداتەوە

با دەنگت ببێتە لافاو و بقیڕێنە

شتێکم بۆ بڵێ،

بلۆرینە،

بەڵام بە زمانی خۆت بچریکێنە

خۆ ڕەنگە بیڵێیت و ھیچی لێ تێنەگەیت

قەیدێ ناکا، تەنھا با بە زمانی خۆت بێت!


دەمویست

دەمویست شەڕ لەسەر گەڵاکان بنووسم

بۆ ئەوەی لەگەڵ ھاتنی پاییزدا ھەڵوەرێن

دەمویست ڕکوکینە لەسەر ھەورەکان بنووسم

وەختێ کە باران ببارێ ھەورەکانیش بڕۆن

نەفرەت، دەمویست لەسەر بەفر بینووسم

وەختێ کە ڕۆژ ھەڵبێ ئەویش بتوێتەوە

دەمویست ئەڤین و خۆشەویستی

لەسەر دڵی منداڵاندا بنووسم

بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەواندا گەورە ببێت و

ھەموو دونیا بگرێتەوە.

photo_٢٠٢١-٠٩-١٠_١١-١٩-٣٩

سەرنجێک بنوسن