“ئەمە بوو ژیان؟!”

ڕۆژانی ڕەش!

ڕۆژانی تەڵخ و غەمناکم، بێ شومار دیتوون.

وای لەو ڕۆژگارە تاریک و نسرمانەی کە بێ پەروا،

قوتار دەبوون/دەبن..

بەڵام چوونکە غەمگینی،

وەک هیچ دەردێکی دی نەبوو/نییە!

ئێستاشی لە تەکدا بێت ژیان،

هەر بە ڕیتمە نەشازەکەی خۆی تێ دەپەڕێت و

ڕۆژەکانیشی وەک عادەتی هەمیشەییان،

هەم تاریکن و

هەم لێڵ!


ڕۆژێک، لەو ڕۆژگارە نامورادانەی عومر.

ڕۆژێک، لەو ڕۆژگارە قەترانیانەی نائومێدی،

لە قاتی پێنجەمی باڵەخانەی ژمارە چلوهەشتی شارێکی

جەنجاڵ و شلۆق، لەبەردەمی ئاوێنەی ئاسانسۆرێکدا،

خۆمم دیتەوە!

هەڵبەت، وا دێتە پێشچاو و ناوزەینیشەوە،

کە هەمان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بووبێت!؟


وەڕس و بیمار

بێ خولق و کەمدوو

لە ناو ئاوێنەی ئاسانسۆرەکەدا،

سێبەر و وێنەی پیاوێکی چل ساڵەی هەڵاتووی نیشان دەدا!

بەڵام،

بێ ئەوەی سەیری هیچ کەسێک

یان، هیچ شتێک بکات.

بە چاوەکانیدا، شپرزە و داڕوخاو

بە جەستەش، ماندوو و تەنیا.

کتومت تارماییەک،

کە دەنگی بە هیچ کەسێک ڕاناگا و

سنگیشی پڕە، لە دەردی غەمگینی!


تەنانەت،

هێشتا دەرگای ئاسانسۆرەکە دانەخرا بوو،

کە بە ئاڵمانییەکی تێکشکاو

یەک بە خۆم و

یەک بە ئاوێنە،

هاوارمان کرد:

“Das war das Leben?!”

photo_٢٠٢١-٠٩-١١_١٢-١٧-٤٩

سەرنجێک بنوسن