ماچت دەکەم لەنێوان تاڵیبانەکاندا

وەرگێڕانی: سیروان عومه‌ر حه‌مه‌

سات بە سات و مەنزڵ بە مەنزڵ خۆشم دەوێی

لە دژی نەریتە بکوژەکان خۆشم دەوێی

تۆ باوەڕداریت و نوێژه‌كانت ماچەکانتن

تۆ جیاوازیت و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانت ماچەکانتن


لە عەشق، لە ئومێد، لە سبەینێ ناترسی

لەنێوان تاڵیبانەکاندا ماچت ده‌كه‌م ناترسی

لە گۆشەی مزگەوتدا ماچت ده‌كه‌م نالەرزی

لەنێوانی زەیتونە کێوییەکاندا… نالەرزی


ماچت دەکەم لە تەکسییەکاندا، لەسه‌ر شه‌قامه‌كان

ماچت دەکەم لە دژی تەکفیرکردنی موسڵمانه‌كان

لەنێو برین و خوێن و تلۆقەکاندا لێوه‌كانم بگه‌زه‌

لەنێو دەستڕێژی ڕەشاشەکاندا لێوه‌كانم بگه‌زه‌


ماچت دەکەم لەنێوان پرمە و پرسەکاندا

ماچم دەکەی لە شەڕوهەرای خۆکوژەکاندا

ماچم دەکەی تا ساتێ بەرەو ئاسمان بچین

تا لە شارە پیر و مردووەکەیاندا گەنج بین


گەرچی خەنجەرێ بوو لەسەر گەردنمان، گەنجێتیمان

شیوەن بوو لەگەڵ ناڵەی “زاھیر ھۆوەیدا”دا، گەنجێتیمان

تەنیا له ‌ماڵه‌وه‌ مانه‌وه‌ و تەنیا سه‌فه‌ركردن

بە باخەڵی بەتاڵەوە ‌تا ئەوپەڕی دنیا سەفەرکردن


وەک پرمەیەک لەژێر باران تەقینەوە

له‌گه‌ڵ “سه‌ید قوتبێک”دا له‌ شه‌قام ‌ته‌قینه‌وه‌

شه‌وان “غه‌زالی” خوێندنه‌وه‌ و خەوێکی ناخۆش بینین

ھەموو پەڕە گوڵێک لە نیگای ھەڵگەڕاوەیەک بینین


لە قوتابخانە فێربوونی کوشتنی براکان

لە پشتەوە چەقۆدان لە گوڵی سنەوبەرەکان

بوونە شاعیر، بە تاسەی لەگەڵ مانگ خەوتن

لەگەڵ “پیاوانی ئایینی پەیامبەری خودا”دا خه‌وتن


بەشی تۆ لەم شارە تەنیایەدا پێنه‌زانینه‌

ھەر فرمێسکێکی من مۆرەیەکی باشی سیاسییە

بە ئارامی دێیت و به‌ ئارامی لە باوەشت ده‌گرم.

مەگری مەگری بە ئارامی بۆت دەمرم.


ماچ دەکەم فرمێسکی ڕەوانی سەر گۆناکانت

پرچەکانت، دەنگت، لێوە وشکەکانت

لەگەڵم بدوێ، تەمەنێکە لێوت داخستووە ئەگەرچی

مەگری باخی ھەناره‌م، ‌سووتاوی ئەگەرچی


خونچه‌ گوڵی تازەپشکووتووی سه‌ر گڵکۆ‌كی ‌من!

با هەر سەرت لەسەر شانم بێ، دارونەداری من

ماچت دەکەم لەنێو تەکسییەکان لەسه‌ر شه‌قامه‌كاندا

ماچت دەکەم لەدژی غەزالی خوێندنەوەیاندا


ماچت دەکەم لەسەر منبەری مزگەوت ناترسی

ھەرچەندە بە مولحید بانگمان دەکەن، ناترسی

لەنێو برین و خوێن و تلۆقەکاندا لێوه‌كانم بگه‌زه‌

لەنێو دەستڕێژی ڕەشاشەکاندا لێوه‌كانم بگه‌زه‌


ماچت دەکەم لەنێوان پرمە و پرسەکاندا

ماچم دەکەی لە شەڕوهەرای خۆکوژەکاندا

ماچم دەکەی لە پرسەکان و کۆڕوکۆبوونەوەکان

ماچت دەکەم لە دژی فتوای بکوژەکان.

photo_٢٠٢١-٠٩-١٢_١٢-١٦-٣٨

سەرنجێک بنوسن