ڕەنگدانەوەی ڕووداوی مێژوویی لە ڕۆمانی کوردیدا

نامەیەکی ماستەرە (ئیبراهیم عەبدولڕەحمان مەحموود جاف) بە سەرپەرشتی (د. فواد حسێن ئەحمەد) ساڵی (٢٠٠٤) پێشکەشی بەشی کوردی، کۆلێجی پەروەردەی -ئیبن ڕوشدی زانکۆی بەغدادی کردووە.

نامەکە خستنەڕووی چەمکی ڕۆمانی مێژووییە، کە ڕووداوە مێژووییەکان لەناو ڕۆماندا ڕەنگیان داوەتەوە و ڕۆماننووسان لە چوارچێوەی جیاواز و بەتایبەت ڕیالیزمی مێژوویی ئەو ڕووداوە مێژووییانەیان بەرجەستە کردووە. ڕۆماننووسانی کورد پشتیان بە مێژووی کورد بەستووە و بە خەیاڵێکی هونەری توانیویانە ڕاستی ئەو ڕووداوانە داڕێژن، بەڵام زۆرتر پشتیان بە مێژوو تا خەیاڵ بەستووە، بۆ ئەوەی بە گێرەشێوێنی ڕاستی مێژوویی تاوانبار نەکرێن. سنووری نامەکە تەنیا ڕۆمانەکانی سەدەی بیستی وەرگرتووە و لە چوار بەش پێک دێت و میتۆدی وەسفیی شیکاریشی بەکار هێناوە.

بەشی یەکەم، لە سێ تەوەردا سەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆمانی کوردی و ڕۆمانی مێژوویی و جیاوازیی ڕۆماننووس و مێژوونووس خراوەتە ڕوو. ڕۆمان لە ئەوروپا بە شار و چینی ناوەڕاستەوە گرێدراوە، ئیشی ڕۆماننووس نیشاندانی ژیانی خەڵک بووە لە چوارچێوەیەکی میسالی و خەیاڵیدا، لەبەر ئەوەی ئەدەبی هەر نەتەوەیەک ڕەنگدانەوەی باری ژیانی ئابووری و شارستانی و کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی ئەو نەتەوەیەیە، لەبەرئەوە هەموو ئەدەبێک مۆرکی نەتەوەیی خۆی هەیە. ئەدەبی کوردی وەک هەر ئەدەبێکی دیکە بە شیعر دەستی پێ کردووە، پەخشانیش لەگەڵ ڕۆژنامەگەری کوردی سەر هەڵدەدات و سەرەتاش چیرۆکی هونەری و دواتر ڕۆمان دەبن بە میوانی ماڵی زمانی کوردی. (مەسەلەی ویژدان ١٩٢٧یا ١٩٢٨) لەگەڵ ئەوەی بۆچوونی جیاواز لەسەر ڕۆمان‌بوونی هەیە، بەڵام توێژەر بە یەکەم ڕۆمانی کوردی دادەنێت. هەرچی ڕۆمانی (نازدار یان کچی کورد لە لادێ-١٩٣٦) یەکەم بەرهەمە ڕۆماننووسە زاراوەی ڕۆمانی بەکار هێنابێت، هەرچەند هەندێک توێژەر بە ڕۆمانی نازانن و شڤانی کورد وەک یەکەم ڕۆمانی کوردی دەناسێنن. ئەم هەوڵانە هاوشان و هاوکاتی ڕۆماننووسینە لای نووسەرانی عەرەبی عێراقی. دیارە ئەم دەروازەیەی توێژەر دووبارەکردنەوەی هەمان بۆچوونەکانی نامەکەی ئیبراهیم قادر محەمەدە و خۆی هیچ زیادەیەکی نەخستۆتەسەر، بەڵکو کۆپی کردووە و لە زۆر شوێن زانیارییەکانی بەبێ ئاماژەدان بە نامەکە گواستۆتەوە!. دواتر باسی چەمکی ڕۆمانی مێژوویی دەکات، کە ڕۆمانێکە لە پێناو سەرلەنوێ داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو، یاخود خەلقکردنی سەردەم و کۆمەڵ و جیهانێکە لە بیر و هەستی ڕابردوو هاوکات بایەخ بە خودنامەی کەسایەتییەک یان چەند کەسایەتییەک دەدات. کاتی ڕۆمانی مێژوویی هەمیشە دەکەوێتە بەر لە کاتی ڕۆماننووسەوە، واتە ڕۆماننووس نابێت زۆر خۆی لە قەرەی مێژووی هاوچەرخ بدات. والتەر سکۆت لە ڕۆمانی ئەوروپیدا ڕۆڵێکی چالاکی لە دامەزراندنی ڕۆمانی مێژووییدا هەبووە، هاوکات سەدەی نۆزدە بە گەشەی ئەم جۆرە ڕۆمانە دادەنرێت. ڕۆمان و ڕۆمانی مێژووییش لە وڵاتانی عەرەبیدا درەنگ سەری هەڵداوە، لە عێراقیشدا درەنگتر، سەبارەت بە کوردیش ئەوا ڕۆمانی مێژوویی درەنگ سەری هەڵدا، بەهۆی هەوڵەکانی محەمەد موکری و خوسرەو جاف و بەختیار عەلی توانرا ڕۆمانی مێژوویی بنووسرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی هەوڵەکانی عەرەبی شەمۆ و ڕەحیمی قازی. دیارە ڕۆماننووسانی کورد بایەخیان بە ڕووداوەکان داوە، بەڵام وەک ڕۆمانی مێژوویی بەشێوەی لاوەکی پابەندی نووسینی ئەم جۆرە ڕۆمانە بوون، چونکە خودی ڕۆمانیش درەنگ سەری هەڵدا.

هەندێک توێژەر بە ڕۆمانی شڤانی کورد وەک یەکەم ڕۆمانی کوردی دەناسێنن

عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ پێی وایە دەستکاری ڕووداوی مێژوویی ناپەسەندە، بۆ پاراستنی ئەمانەتی مێژوویی، هەرچەند دەتوانیت دەستکاری شتە مێژووییەکان بکەیت، بەڵام ساڵ و کەسایەتییە مێژووییەکان گرنگە بپارێزرێن، بەڵام بۆچوونگەلێکمان دژی ئەمە هەیە، کە ناوی کەسایەتییەکان و هەڵبژاردنی کەسێتییەکان ئازادیی ڕۆماننووسە، چونکە ڕۆماننووس مێژوونووس نییە. جیاوازییەکانی ڕۆماننووس و مێژوونووس فرەن، لەوانە ڕۆماننووس بە خەیاڵ و شێواز و تەکنیکی خۆی ڕووداوە مێژووییەکان بەرجەستە دەکات و کاریگەری لەسەر هەست و سۆزی خوێنەر جێ دەهێڵێت. بەڵام مێژوونووس پابەندە بە گەیاندنی ڕاستی ڕووداوەکان وەک ئەوەی ڕوویانداوە، وەلێ بۆ ئەدیب چۆنێتی ڕوودانی و چۆن ڕووبدەن و ڕوویان بدایە گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەدەب بایەخ بە خەیاڵی هونەری دەدات، ئەمەش لە لایەن ئەرستۆوە خراوەتە ڕوو. ڕۆماننووسی مێژوویی دەبێت باش ئاگاداری ڕووداوەکان و مێژووی ئەو ماوەیە بێت کە ڕۆمانەکەی لەبارەوە دەنووسێت، تا نەکەوێتە هەڵەی مێژوویی زەقەوە، چونکە ڕۆماننووس لەم کاتەدا ڕۆڵی شایەد و حاکمیش لە شانۆی ڕووداوەکاندا دەبینێت، لەبەرئەوە ناکرێت ڕۆماننووسی مێژوویی باسی سەدەیەک پێشتر بە زمانی ئەم سەردەمە بکات، یاخود ڕووداوگەلێک باس بکات ڕوویان نەدابێ، شوێنێک نیشان بدات نەیبینبێت. شێرزاد حەسەن پێی وایە مێژوو پڕە لە درۆ، درۆیەک ئەدیب قەت نایکات، گەڕانی ئەدەب گەڕانە بەنێو ڕۆحی ژیان و نهێنییەکان کە مێژوو قەت ناینووسێتەوە، “ئەدەب و مێژوو لەناو خۆیاندا جێی هەموو شتەکان دەکەنەوە، بەڵام ئەدەب دەگاتە ئەو چینانەی ژیان کە مەحاڵە لە ڕێی زمانی مێژووەوە پێی بگەین”. ئەدەب ئەو زام و گریان و ئازارە دەنووسێتەوە کە مێژوو نایبیستێت، ئەو ساتانە دەنووسێتەوە کە مێژوو نایبینێت. توێژەر پێی وایە دەبێت مێژوونووس و ڕۆماننووس بێلایەن بن و خاوەن تێڕوانینی بابەتی بن لە ئاست تۆمارکردنی ڕووداوە مێژووییەکان.

بەشی دووەم، باسی ڕەنگدانەوەی مێژووی کۆنی کورد لە دوو ڕۆمانی (قەڵای دمدم و پاشایان کوشت)دا دەکات. قەڵای دمدم باسی دۆخی کورد سەدەی حەڤدە دەکات، کە لەنێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا بوون. سەرەتا نێوانی ئەمیرخانی برادۆست و شاعەباسی سەفەوی خۆش بووە، بەڵام لەگەڵ عوسمانییەکان دژ بووە، بۆیە ویستوویەتی کەنارگیرییەک بکات و دەستەڵاتی خۆی بەهێز بکات، بۆیە داوای هاوکاری لە سەفەوییەکان دەکات بۆ ئەوەی قەڵای دمدم بونیاد بنێت، بەڵام پاش ماوەیەک دوژمنایەتی دەکەوێتە نێوانیان و کۆتایی بە فەرمانڕەوایی دەهێنرێت. ڕۆمانەکە بە زمانێکی ئەدەبی و شێوازێکی هونەریی بەرز داڕێژراوە، هاوکات چەندین دابونەریتی کوردەواری بەرجەستە کردووە و گێڕانەوە و کەسێتییەکانی ناو ڕۆمانەکە ورد چنراون. هەرچی ڕۆمانی پاشایان کوشتە، ئەوا فەرمانڕەوایی بابان و جاف بەرجەستە کراوە. میرانی بابان ڕۆڵێکی کارایان لە دامەزراندنی کتێبخانە و قوتابخانەی ئەدەبیی بابان و ڕۆشنبیریی ناوچەکە بینی، هاوکات خۆشیان دەستەڵاتێکی فراوانیان لە ناوچەکە هەبووە، عەبدوڕحمان پاشا دوو خوێندگای کردۆتەوە کە چەندین زانا و شاعیری گەورە تێیدا پەروەردە بوون، لەوانە مەولانا خالید، نالی، شێخ عەلی بەرزنجەیی.. هتد. خێڵی جافیش لەو خێڵانە بوون کە هێز و دەستەڵاتێکی گەورەیان هەبووە و ملکەچی عوسمانی و سەفەوییش نەبوون و دژایەتی میرانی بابانیشیان نەکردووە، لە کاتێکدا میرانی بابان، عەبدوڵا بەگیی جافیان دەرمانخوارد کرد. لە ڕۆمانەکەدا خوسرەو جاف، چەند ڕووی جوانی بابانەکانی نیشان داوە، هێندەش ڕەخنە و ناڕەواییان دەردەخات، بەڵام لەبەرانبەردا هێزە جوان و چاک و نەبەرد و پاکەکە جافەکانن، ئەوان بە ڕاوێژ کارەکانیان دەکەن، دوورن لە کەموکورتی، بەڵام بابانەکان وێنەیەکی شەڕانی و ناشیرینیان هەیە، ئەمەش لایەنداری ڕۆماننووس کە خۆی جافە نیشان دەدات.

بەشی سێیەم، ڕەنگدانەوەی چەند ڕووداوی مێژووی نوێی کورد. بۆ ئەمەش دوو ڕۆمانی “وابەهار هات-پێشمەرگە” هەڵبژێردراوە. ڕۆمانی یەکەم باسی کوشتارگەی کورد و ئەرمەن بە فیتی عوسمانییەکان دەکات. مێژووی کورد زیاتر چەوساندنەوەی ئێمەیە بە دەست ئەوانی ترەوە، نەک بەپێچەوانەوە، بەڵام لێرەدا چەوساندنەوەی ئەرمەن لەلایەن هەندێک لە کوردەکانەوە دەخرێتە ڕوو. عوسمانییەکان سەردارە کوردەکانی دژی ئەرمەنەکان بەکار هێناوە، دەنا جگە لە چەند جیاوازییەک بەتایبەت جیاوازیی ئایینی، هاوبەشییان لەگەڵ کورد زۆر بووە، چارەنووسییان ئەوەیە لەژێر دەستەڵاتێکی بێگانەدا بژین. خیانەت و خەنجەر لەپشتەوە لێدان لە لایەن بزووتنەوە و ڕێکخراوە عەفەوییە کوردەکانەوە زۆر بووە، زۆربەی دەستەڵاتە کوردییەکان بە خیانەت کۆتاییان هاتووە، ئەوەی گرنگە لەم ڕۆمانە خیانەت لە دەرەوەی ئایینە ئێزیدییەکەوە دێت، بەڵام خیانەت لەناو کوردان-بەتایبەت دەستەڵاتداران لە هەموو ئاستەکاندا باوە، لەبەرانبەر ئەم کوشتار و خۆخۆریەی کورد، پەنایەکی فریشتەئاسای ئەرمەن بۆ کوردان هەیە، کە سێ کوردی ئێزیدی لە دژی خۆیان و عوسمانییەکان پەنا دەدات، بەڵام دواتر ئەم فریشتەیە بە فیتی عوسمانی دەبێتە ئەهریمەن و ئێوە دژی ئەرمەنەکان هاندەدات.

سەبارەت بە خەباتی کورد، توێژەر سەرەتا پێشەکییەکی چڕ لەبارەی شۆڕشە کوردییەکانەوە دەخاتە ڕوو، دواتر باسی ڕووداوەکانی ڕۆمانی پێشمەرگە دەکات کە ڕۆماننووس توانیویەتی کۆماری کوردستان و خودی قازی و چالاکییەکانی ژ.ک بە جوانی بنەخشێنێت، هاوکات لە هەندێک شوێندا هێند ڕووداوەکانی بە زەقی نیشان داوە کە لە وتاری مێژوویی نزیک‌بووەتەوە، تا ڕۆمان، لەگەڵ ئەوەشدا هونەر و تەکنیکی جوانی بەکار هێناوە، بەتایبەت لە گێڕانەوەدا لە ڕووی پێشکەوتن و گەڕانەوەی ڕووداوەکان، کە تا ئەوکاتە نوێ و یەکەمجار بووە بەکار بێت[لە ڕۆمانی کوردیدا]. توێژەر پێی وایە ڕۆماننووس دەیتوانی کۆتاییەکی دیکەی بۆ ڕۆمانەکە دابنایە، بەڵام پێویستبوونی بابەتی ڕووداوەکان وای خواستووە، لەبەرئەوە پێشمەرگە زانیاری و چێژێکی هونەری بە خوێنەر دەبەخشێت.

بەشی چوارەم، ئەم بەشەی نامەکەش تەرخانە بۆ چەند ڕووداوێکی مێژوویی شاری کەرکووک.

دەرکەوتنی چینی کرێکار لە عێراقدا بۆ پاش داگیرکردنی عێراق لە لایەن بەریتانییەکانەوە دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوە لە ڕۆمانی کوردیشدا کرێکار زۆر درەنگ بەرجەستە دەبێت، چونکە کێشەی جوتیار و دەرەبەگ هەر زاڵبووە. ڕۆمانی “هەڵکشان بەرەو لوتکە” ڕەنگدانەوەی مانگرتن و ناڕەزاییەکانی کرێکارانی نەوتی کەرکووکە لە گاورباغی. سەرەتا توێژەر لە ڕووی مێژووییەوە باسی ڕووداوەکە دەکات، کە لە ١٩٤٦ پاش جەنگی جیهانیی دووەم مانگرتنی کرێکاران دەستی پێ کردووە، دەستەڵاتدارانی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک و پارێزگاریش وەڵامی داخوازییەکانی نەداوەتەوە، لە کۆتاییشدا مانگرتن کراوە و شەش کەس و ١٤ برینداری لێکەوتۆتەوە، هاوکات ناڕەزاییەکە چەندین نەتەوەی جیاواز تێیدا بەشدار بوون: کورد، عەرەب، تورک و ئەرمەن و ئاشووریش، بەڵام هەموو کرێکار بوون، هەروەک بزووتنەوەی چەپی عێراقیش ڕۆڵێکی هاندەری بینی. بەهۆی مانگرتنەکەوە وەزیری ناوخۆ دەستی لە کار کێشایەوە. هەرچی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەیە، ئەوا ڕۆماننووس لە ڕێگەی خێزانێکی کوردەوە کە تۆفیق کە کرێکارێکی کوردە و شاکەسە، ئەو ڕووداوەمان بۆ دەگێڕێتەوە. توێژەر پێیوایە ڕۆماننووس ڕووداوەکەی تێکەڵ کردووەو ڕاستی ڕووداوەکەی ئاوەژوو کردۆتەوە؛ چ کاتی ڕووداوەکە و چ ماوە و ژمارەی کوژاراوان.. هتد، کەواتە ڕۆماننووس بە تەواوی ئاگاداری ڕووداوەکە نەبووە.هاوکات ڕۆماننووس باسی یوسف حەننا وەک کرێکارێکی خیانەتکار دەکات، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا وانییە، ئەمەش کەم گەڕان و دۆزینەوەی ڕاستی ڕووداوەکان لای ڕۆماننووس دەردەخات. ڕۆمانەکە بە کراوەیی ماوەتەوە و بواری ئەوە هەیە بەرگی دیکەی بەدوادا بێت، بەڵام دیارە نەفەسکورتی ڕۆماننووسە کە ڕۆمانەکەی ئاوا بەجێهێشتووە. لە کۆتاییدا توێژەر دەڵێ، دەکرێت ئەمە یاداشتیشی پێ بگوترێت، چونکە ئەو کەس و ڕووداوانەی لە ڕۆمانەکەدا هەن، هەمووی لە هزری کەرکووکییەکان هەن و زیندوون، ناوەکانیش وەک خۆیان هەن، نەک داهێنەری خەیاڵی خۆی بن، لەبەرئەوە پێی وایە بە کەمێک دەستکارییەوە چێشتی مجێوری هەژار موکریانی ڕۆمانترە تا هەڵکشان بەرەو لوتکە. ڕۆمانەکە کەرەستەی فۆلکلۆری زۆری بە زۆر بەسەردا سەپاندووە، کە لە خزمەتی لایەنی هونەری و رووداوەکاندا نییە. هاوکات شوێنی ڕووداوەکەش -کەرکووک- زۆر ڕێبەری و واقیعییانە بەرجەستەی کردووە و ئیستاتیکای شوێنی فەرامۆش کردووە.

دواتر باسی ڕۆمانی هەرەس و عەلی بەستێ دەکات، کە پەیوەستن بە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٥٩ و شەڕی نێوان کورد و تورکمان، کە دیارە مێژووی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە لەم شارە پڕە لە پێکەوەیی، بەڵام ئەو ڕووداوە هێند دڵتەزێن بوو، نەتوانرا ئاسان ئاسەوارەکانی بسڕێنەوە. ڕووداوەکە بەشێکی بەهۆی دەستی دەرەکییەوە ڕوویداوە. دیارە پاش شۆڕشی چواردەی تەمووز، ڕووخانی حوکمی پاشایەتی و دامەزراندنی سیستمی کۆماری، عێراق بەرەو خۆبونیادنان هەنگاوی نا، بەریتانییەکان دەیانویست پشێوی ناوخۆیی بنێنەوە، تا نەکەونە سەرخۆیان و بیر لە خۆماڵیکردنەوەی نەوت بکەنەوە، هاوکات ڕابەرانی شۆڕشەکە بڕوایان بە هاوبەشی عەرەب و کورد هەبوو، ئەمەش بۆ دەستەڵاتدارانی تورک و ئێران مەترسی بوو، لەبەرئەوە تورکمانەکانی کاریان بۆ تورک دەکرد، لەم نێوانەدا ڕۆڵێکی خراپیان گێڕا، هەروەک بەشێک لە شیوعییەکانیش، لەبەرئەوە لە ساڵیادی شۆڕشەکەدا ڕووداوەکە ڕوویدا و بە جۆرێک بەسەر کورددا شکایەوە، کە ئەمەش ناڕەوایی تێدابوو نەک هەقیقەت. تورکمانەکان خۆیان گەیاندە عەبدلکەریم قاسم و خۆیان بە قوربانی دەزانی و شیوعی و کوردیش بە زاڵم، بۆیە دواتر کەوتنە کوشتن و ئازاردانی کورد، بۆیە پارتی لەگەڵ شیوعییەکان کۆبۆوە تا چارەسەرێک و بەربەستێک بۆ تورکمانەکان دابنێن، بەڵام دەستەڵاتدارانی شار پاڵپشتی تورکمانیان دەکرد، بۆیە بە ناچاری کوردان کەوتنە تۆڵەسەندنەوە تا ئەو ئاژاوەیە ڕاگرن. دواتر توێژەر دەپرسێت ئایا ڕۆماننووسان توانیویانە ئەم ڕووداوە لەبیرچووە وەک مێژوویەکی ڕووت بەرجەستە بکەن، یاخود لە چوارچێوەی ئایدۆلۆجی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، یاخود لە چوارچێوەی هونەری و ئەندێشە و خەیاڵدا وەک پێویستییەکی ئەدەبی مامەڵەی لەگەڵ کراوە؟ ئەو پێی وایە ڕۆماننووسان نەیانتوانیوە مامەڵەی گونجاو لەگەڵ ڕووداوەکە بکەن، چونکە تەنیا باسی کوشتنی تورکمان دەکات بێ ئەوەی باسی کوردکوژی بکات، هاوکات باسی هۆکاری ڕوودانەکە و هۆکاری تورکمان‌کوژی نەکردووە، لەبەرئەوە ڕۆمانەکە باسی سەرجەم ڕووداوەکەی نەکردووە. هەرچی کورتە ڕۆمانی عەلی بەستێیە، زیاتر یاداشتە و کەمتر هونەری ڕۆماننووسی تێدا ڕەچاوکراوە. ڕۆمانەکە باسی نەهامەتی کورد و کوردکوژی بە دەست تورکمان و هێزەکانی ئاسایش دەکات، هاوکات باسی دۆخی زیندانییە کوردەکان و پاڵەوانی عەلی بەستێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئینگلیزەکان بۆ ناموسپارێزی موسڵمانەکان دەکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەناوبانگبوونی. لە ئەنجامدا توێژەر پێی وایە جیاواز لە موکری، حەسەن جاف واقیعی تر و هەردوو دیوی ڕووداوەکەی خستۆتە ڕوو، کە سەرەتا کورد دژی تورکمان بوون، بەڵام دواتر تورکمان، بەپێچەوانەی موکری کە کورد بە تاوانبار دەزانێت، جاف هێزی سوپاس و تورکمان تاوانبار دەکات. بەڵام لە ڕووی هونەرییەوە جاف سەرکەوتوو نەبووە و زیاتر پابەندی یاداشتنووسی تا ڕۆماننووسی بووە. لە کۆتاییدا توێژەر ئەنجام و سەرچاوەکان دەخاتە بەردەست.