ئێمه‌ و بووكه‌ڵه‌كان له‌ناو گێڕانه‌وه‌دا

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی "یادەوەریی بووکەڵەکان"

 خوێندنه‌وه‌ و نووسین له‌باره‌ی ڕۆمانی (یاده‌وه‌ریی بووكه‌ڵه‌كان)، بیانووه‌ تا به‌گشتیی له‌سه‌ر‌ دیوێكی پڕۆژه‌ی گێڕانه‌وه‌ لای كاروان عومەر كاكه‌سوور بووه‌ستین و ئاماژه‌ به ‌هه‌ندێ چه‌مك و فۆڕمی گێڕانه‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كاروانی پێ ده‌ناسرێنه‌وه‌.به‌م هۆیه‌شه‌وه هاوشانی یاده‌وه‌ریی بووكه‌ڵه‌كان، ئاماژه‌ و نموونه‌مان له‌ چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی نووسه‌ر هێناوه‌ته‌وه‌.‌

بەرگی پێشەوەی ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان)ی کاروان کاکەسوور، کتێبخانەی فێربوون، ٢٠٢١

مرۆڤ و ناو‌

مرۆڤ وەک چۆن بە پۆشینی پۆشاک ڕووتیی خۆی دەشارێتەوە، ئاوایش بە هۆی ناونانەوە، ناسنامەیەک دەشارێتەوە و ناسنامەیەکی دیکە وەردەگرێ. نە ڕووتی لەناو دەچێت و نە بێناسنامەییش، بەڵکوو تەنیا ئەوەیە خۆمان دژ بەو بنەڕەتە سروشتییە دەوەستینەوە و جێپەنجەمان دەخەینە سەر مرۆڤ.

لەناو ژیاندا، هەریەکەمان بە جۆرێك له‌ چەمکی ڕووتی ده‌ڕوانین. لانی کەم ڕووتیی ئێمە بۆ خۆمان کارێکی ئاساییە و بەردەوام دەکرێ لێی ڕابمێنین. دەشێ لەو ڕێگەیەوە دەستەڵاتی جلوبەرگ بەو ڕادیکاڵییە بەهێز نەبێت، وەک ئەو هێزەی ناو بەسەر مرۆڤەوە دروستی ده‌كات. شاردنەوەی ڕووتی بە پۆشاک لە ئەوانی دیکە، کارێکی بنچینه‌یی نییه‌، په‌رچه‌كرداره‌. ئاكتێكی کاتییە دژ بە چاوی کەسانی دیکە. مرۆڤ کە خۆی بۆ خۆشەویستەکەی ڕووت دەکاتەوە، ئەوە تەنیا وەڵامدانەوەی فشاری هەستەکان نییە، یان ئاوڕدانەوە نییە لە حەزێک بۆ خۆبوون، بەڵکوو مەیلێکی نادیار و شاراوەیە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەڕەتێک، كه‌ خۆمان به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی شاردوومانه‌ته‌وه‌. ئێمە دەزانین ئەو بنەڕەتە تێکەڵ بە دەستەڵاتی ئارەزوو بووە. هەروەها بووەتە پێداویستییەکی جەستە… لێرەدا مەبەست لە باسکردنی بنەڕەتی ڕووتی، بۆ ئەوەیە بەبێ ناسنامە لە كڕۆكی مرۆڤ تێبگەین. ناسنامە واتا پڕۆسەسی ناونان، پڕۆسەسی ناسینەوە و جیاکردنەوە. کاروان کاکەسوور لە ڕۆمانی (مامزێر)دا، پرسی ناسنامە و ڕووتی شڕۆڤە کردووە. پیاوێک بە ڕووتی خراوەتە قەفەزێکەوە، ورد ورد لە ڕێگەی دەستەڵاتە ناوەکی و دەرەکییەکانی مرۆڤ، تێكه‌ڵ به‌ پرسیارەکانی وابه‌سته‌ به‌ ڕووتی ده‌بین.

ناو و ناسنامە تۆختر لە پێوەندیی جلوبەرگ و ڕووتی، فۆڕم و جێپەنجەی خۆیان لەسەر مرۆڤ جێدەهێڵن. مرۆڤ ئەگەر هیچ ناوێکی نەبێت و بێناو بێت، چۆن بیناسینەوە؟ چۆن بیخەینە فۆڕمی وەکیەکی ژیان؟ ئێمە لە ڕێگەی ناو و ناسنامەوە، مرۆڤەکان فڕێ دەدەینە ناو کۆمەڵگە. له‌گه‌ڵ لەدایکبووندا دژ بە بنەڕەتی ڕووتی و بێناسنامەی دەوەستینەوە، بۆیە یەکەمین دوو شت بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو، گرنگتر لە خواردن، ناو و پۆشاکن. دوای پۆشاک ناو دەبێتە دیارترین شوێنەواری دەستکاریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ.

ناو شڕۆڤە و مانای جیاواز هەڵدەگرێ، بۆ من دیوە سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژییەکەی جێگەی سەرنجن.

مرۆڤ بە هۆی ناوەوە لە سەرەتاوە لەناو کۆمەڵگەدا دەچێتە قاڵبێکەوە. دەکرێ بڵێین: ناو خۆی قاڵبە، مرۆڤی دەخرێتە ناو یان وەک تابووتێکە مرۆڤ ئیتر مرۆڤی بێناسنامە نییە. باشتره‌ بڵێین، مرۆڤ دەخرێتە تابووتی ناو و ناسنامەوە. لە ڕێگه‌ی ئه‌و تابووتەوە مرۆڤ پێوەندییەکانی له‌گه‌ڵ دەرەوە و ناوەوەی ده‌به‌ستێت. مرۆڤ له‌گه‌ڵ ناوه‌كه‌یدا به‌رده‌وام له‌ پێوه‌ندییدایه‌، خزمه‌تی ده‌كات. ئاگایی لێیه‌تی، ته‌نانه‌ت له‌ پێناو ناوه‌كه‌یدا زۆر سه‌كێشی ئه‌نجام ده‌دات. به‌ تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن، سێبه‌ری ناو به‌ته‌واوی مرۆڤ داده‌پۆشێت. لای كاروان ناو سه‌ره‌تا جۆرێكه‌ له‌ خه‌یاڵ و خه‌ون‌، دواتر ده‌بێته‌ ڕاستی، چیرۆكی پشت ناوه‌كان مرۆڤ وا لێ ده‌كه‌ن، خوڕافه‌ی لا ببێته‌ حه‌قیقه‌ت. ناو لای كاروان قۆناغی جیاواز جیاواز ده‌بڕێت. هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌ له‌ناو چیرۆكێكداین له‌گه‌ڵ ناوه‌كانمان.

پرسیارەکە ئەوەیە، مرۆڤ ئەگەر بێناو بێت، سیناریۆی ژیان چۆن دەبێت؟ فۆڕمی ژیان و ناسنامە لەناو یەک هاوکێشەن. مرۆڤی بێناو، واتا مرۆڤی بێناسنامە، له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا مرۆڤی بێناسنامه‌ جێگه‌یه‌كی نییه. ‌هەر لە بنەڕەتەوە کارێکی ئاوا ئەگەر وەک گریمانەیش بێت، وێنا دەکرێ؟ ئایا زمان و گێڕانەوە، ئەو گرنگییەی ئێستایان دەمێنێ بۆ کەسی بێناسنامە؟ مرۆڤێک هەیە یان ددانی پێدانراوه‌ لەسەر ئەم زەوییەدا ناوی نەبێ؟ تا چەند ناو ڕاستەوانە دەگۆڕێ لەگەڵ بوونی ئێمه‌دا؟

ئەم باس و پرسیارانە لەو ڕوانگەیەوە گرنگن، کە سەرنج دەدەینە ڕۆمان و چیرۆکەکانی “کاروان کاکەسوور”، بەر سەدان ناوی سەیر و نامۆ دەکەوین.

کاروان لە پڕۆژەی گێڕانەوەکانیدا، دەمانخاتە بەردەم کۆمەڵێ پرسیار و گومانی لەو جۆرە، کارێکی ناواقیعییە یان نزیک ئەستەمە ناو لە مرۆڤ بکەیتەوە و لەناو کۆمەڵگەشدا ئەرکی پێ بدەیت و بەردەوامیش بێت، بەڵام ڕێی تێدەچێت و کردارێکە ئەگەری ڕوودانی نۆرماڵە، بۆیە لە ناو ئەدەبی گێڕانەوەدا، کارێکی زەحمەت نییە، دەبینین و گریمانەکان دەبنە وێنەی جواروجۆری پڕ هەست و مانا.

لە ڕۆمانی (مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ)ی “کاروان”دا ناو نامێنێت، هەموو کارەکتەرەکان بێناون، بەڵام کۆمەڵگە ئەمە قبووڵ ناکات و هەرکەسە و بە ئاوەڵناوێک لە قاڵب دەدات، وەک کوڕەکەچەڵ، یان کوڕەقژدرێژ… چۆن دەستکاریی فۆڕمی ناوەکان بکەین؟ ناوەکان چەندان ساڵە یەک شێوەن. جارێ با فۆڕمێکی نوێی ناوی مرۆڤەکان تاقی بکەینەوە، ئینجا دەکرێ لەسەر وێناکردنی مرۆڤی بێناویش بوەستین. لە ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان)یشدا هەندێ ناوی نوێ دەکاتە ناسنامەی کارەکتەرەکانی، بۆ نموونە: (پەنژین پیرۆت)، کە لە عەرەبیدا بۆ (بنزین بەیروت) گۆڕاوە، (نەرزان چەرکەش)، (نیدۆ)، (کوڕمان) و هتد. لەم کارەدا نووسەر بەدەر لە تێکشکاندنی فۆڕمی باوی ناو، لە ڕێگەی ناوی نوێوە هەوڵی شاردنەوەی ڕەگەز دەدات‌. شەڕی جیاوازیی ڕەگەز و پرسوباسی ڕەگەز تێکەڵ بە ناسنامە بووە. لای نووسەر تا ئاستێکی زۆر ڕەگەز لە توخمی ناودا شاردراوەتەوە، بۆیە هەوڵی سڕینەوەی سنوورەکانی ناو دەدات.

ئایا لەو ڕێگەوە هەست بە نوێبوونەوە و نامۆبوون دەکەین؟ هەست دەکەین لانی کەم ئەوە چەندان سەدەیە ئێمە یەک فۆڕممان لە ناو هەیە؟ خۆشی و ناخۆشیی ناو؟ درێژی و کورتی، نێر و مێ، تا دەگات بە واتاکەی… ئەی ئەگەر ناوێکمان بیست لە دەرەوەی ئەم کۆدەنگییە مێژوویییە؟ (کاروان) لەو نووسەرانەیە زۆر ورد و تایبەت لەسەر پرسی ناو و ناسنامە ڕاوەستاوە، ئەمە لە هەموو ڕۆمانەکانیدا هەستی پێ دەکرێت.


بووكه‌ڵه‌ وه‌ك مێتافۆڕ

(یاده‌وه‌ریی بووكه‌ڵه‌كان) مێتافۆڕه‌، چۆن دیوی پشته‌وه‌ی ئه‌و مێتافۆڕه‌ ببینین؟ بووکەڵە وەک هەر پێداویستییەکی دیکە، مرۆڤ دایهێناوە. مرۆڤ لە پاڵ ئۆتۆمۆبێل، خانوو، تەلەڤیزیۆن و مۆبایل و.. هتد، بووکەڵەیشی دروست کردووە. گەر هەموومان چیرۆکی دروستکردنی بووکەڵەکان بۆ یەکەمجار نەزانین، بەڵام تا ڕادەیەک ئامانجەکانی بۆ هەموومان ڕوونن. مرۆڤ سەرەتا بووکەڵەی خستە بەردەستی منداڵ، جیهانی منداڵ پێویستی بە هاوشێوەیەکی وەک خۆی هەبوو، تا منداڵەکە چۆنی بووێت، ئاوا مامەڵەی لەگەڵ بکات. دنیا و بیرکردنەوەی منداڵ لەگەڵ بووکەڵەکاندا جۆرێکە لە پڕکردنەوەی گاپەکان، کە ڕەنگە مرۆڤ نەتوانێت لە ویست و خواستی منداڵێک وەک خۆی تێبگات، بەتایبەت کە هێشتا زمان ناتوانێ وەک پێویست هاریکار بێت، تا گاپەکان نیشانی دەوروبەری بدات. ئەم تێگەیشتنە گەشەی پێدرا.

دەکرێ بڵێین: مرۆڤ بە کۆمەڵێک برینەوە لە دایک دەبێت، برینەکانی منداڵ بەس بە دیالۆگ و مامەڵەی منداڵ لەگەڵ بووکەڵەکاندا بە شێوەیەکی کاتی سارێژ دەبن. هەر لە ڕاستیدا مرۆڤ لەوە تێگەیشتووە هەمان دۆخی منداڵ لە گەورانیشدا هەیە. هەمان برین لەگەڵ تێپه‌ڕینی ته‌مه‌ندا گەورە دەبن، بەڵام لە کات و شوێنی جیاواز، مرۆڤ بە شێوەی تایبه‌ت تیماریان دەکات.

لە فیلمی(Cast Away)ى کاتێک (تۆم هانکس)، دەکەوێتە چۆڵەوانییەوە. تۆپێک کە خۆی دوو چاو و دەمی بۆ دروست دەکات، دەبێتە هاودەم و فریادڕەسی. تۆپەکە وەک سەری مرۆڤێک ڕۆڵ دەگێڕێ. کارەکتەر لە بەرانبەری دادەنیشێ و ڕازه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌گۆڕێته‌وه‌. دەکرێ بڵێین: ئەو تۆپە بووکەڵەیە، وەک منداڵێک، پاڵەوان دڵی خۆی بۆ ده‌كاته‌وه‌ خواسته‌كانی دەدركێنێ. لێی توڕە دەبێت و دواتر لەگەڵی پێدەکەنێ. لێرەوە دەزانین، هەمان برینەکانی منداڵی ماون، لەو دۆخەدا دەردەکەونەوە.

بەشێک لە دیمەنەکە واتا هەموو شتێ دژ بە تەنیایی، بەڵام باسەکە لەوە قووڵترە. لەو قۆناغەدا دۆخێک دێتە پێشەوە، جیاوازە لە قەرەباڵغیی ناو کۆمەڵگە، بەڵام ئەو بووکەڵە دروستکراوە، پاڵەوان لە تەنیایی ڕزگار دەکات و برینەکانی بە شێوەیەکی کاتی، هاوشێوەی منداڵێک ساڕێژ دەکات. دەکرێ بووکەڵەکان چەندان هەزار مرۆڤیان لە بیرۆکەی خۆکوشتن بەتاڵ کردبێتەوە. ڕەنگە بووکەڵە هۆکار بێت کە منداڵ بەرگەی پرسیارەکانی بگرێ، وەک چۆن لای گەوران بووکەڵە هۆکارە کە مرۆڤ لە خۆکوشتن پەشیمان ببێتەوە. دەکرێ بڵێین: بووکەڵەکان، ئێمە هەم لە پرسیار و هەم لە تەنیایی بەتاڵ دەکەنەوە. ئەوان وەڵامی منداڵ نادەنەوە، بەڵام منداڵ وا دەزانێ ئەوانە هەمان ئەو وەڵامانە دەدەنەوە، کە لە ناخی ئەواندایە.

مێتافۆڕی بووکەڵە بە ڕووبەرێکی فراوان لە شڕۆڤەی جۆراوجۆر دەورە دراوە. (کاروان) لە (یادەوەریی بووکەڵەکان)دا، لە پنتێكی جیاوازه‌وە سەیری دنیای بووکەڵەکان دەکات و دەیانگەڕێنێتەوە سەر بوون و گێڕانەوە. لە ڕێگەی گێڕانەوەیشەوە مانای بووکەڵەکان تێکەڵ بە بنەڕەتی مرۆڤ دەبێت. یەکێک لەو تێکنیکانەی (کاروان) بەردەوام لە ڕۆمانەکانیدا بەکاریان دەهێنێت، تێکنیکی هەڵگێڕانەوەی ئەرکەکانە، بۆ نموونه‌: ئه‌ركی بووكه‌ڵه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌وه‌ی تا ئێستا ئێمه‌ زانیومانه‌. ئەرکی ناوی مرۆڤ، ته‌نیا جۆرێك له‌ سه‌پاندن و نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فۆڕمێكی چه‌سپاو نییه‌، به‌ڵكوو دیوی دیكه‌ی هه‌یه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی ناوی باو هه‌ڵگێڕینه‌وه‌، ده‌بێت سه‌ره‌تا ناوه‌كه‌ تێك بشكێنرێت و دواتر به‌ جۆری دیكه‌ دروست بكرێته‌وه‌، یان هه‌ر بسڕدرێته‌وه‌ و فۆڕمێكی دیكه‌ تاقی بكرێته‌وه‌‌. ئه‌م هه‌وڵه‌ ئیشكردنێكی دژواره‌، باسێكی فره‌ڕه‌هه‌ندی فیكری و سۆسیۆلۆژییه‌، به‌ڵام كاروان هاتووه‌ له‌ناو ئه‌ده‌بیاتدا، ئیشی تێدا كردووه‌.

خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدات، له‌ زۆرینه‌ی به‌رهه‌می كارواندا تێكشكاندنی شته‌ باوه‌كان ده‌بینین، نه‌ك دروستكردنیان. ئه‌مه‌ كۆدێكه‌ تا له‌و ڕێگه‌وه‌ شتی جیاواز دروست بكه‌ینه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی لە چیرۆکی (کۆیلەی پیتەکان) كردوویه‌تی، کە بەشێکە لە ڕۆمانی (ڕێگەکانی ژەهر). له‌و چیرۆكه‌دا هه‌ر ڕۆژه‌ و پیتێك ته‌واوی سیسته‌می ژیانی خێزانێك ئاراسته‌ ده‌كات. مه‌به‌ست له‌م تێكنیكه‌، بینینی شته‌كانه‌ پێچه‌وانه‌ی ڕۆتینی ژیانی زۆرینه‌مان‌. مرۆڤ دەکرێ سیستەمێکی نوێی ژیان بە کەرەستەی زۆر بچووک بنیات بنێت، ئه‌گه‌ر بوێر بێت و له‌ تێكشكاندن نه‌ترسێت. ئه‌ده‌بیاتی كاروان ئه‌و به‌رچاوڕوونییه‌مان بۆ دروست ده‌كات، كه‌ کارێکی نۆڕماڵە پێچه‌وانه‌ی شته‌كان ببینین. مرۆڤ هەزاران ساڵە لە قاڵبێکدا خەریکی تێپەڕاندنی ژیانە.

نووسەر لە ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان)دا جێگۆڕکێ لەنیوان مرۆڤ و بووکەڵەدا دەکات. بووکەڵە دەبێتە مرۆڤ و مرۆڤ دەبێتە بووکەڵە، وا جێیان دەگۆڕێتەوە، ئیتر خوێنەر نازانێت کامیان کامیانە. دنیای تەکنەلۆژیا بەگشتی و دنیای پشت شاشەی لاپتۆپ و مۆبایل بەتایبەتی، مرۆڤی بۆ ناو جۆرێکی دیکە لە تایبەتمەندی گواستووەتەوە. مرۆڤ لەناو کۆمەڵگادایە و تەنیایە، مرۆڤ لەناو قەرەباڵغیدایە و کەچی کاتێ تەماشای دەورووبەری خۆی دەکات، هیچ کەسێ نابینێت. لێرەوە، ئامێرە زیرەکەکان، بوونەتە فۆڕمێک لە بووکەڵە، دەکرێ ناویان بنێین: بووكه‌ڵه‌ی زیره‌ك (Smart Dolls). بووکەڵەی زیرەک لەگەڵ خواستەکانی مرۆڤدایە. مرۆڤ حەزێکی شاراوەی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە کۆیلە یان کۆیلەی هەبێت. ئیستاکە لە ڕێگەی بووکەڵەی زیرەکەوە، مرۆڤ هەم کۆیلەیە و هەم کۆیلەیشی هەیە. ئەوەی وای کردووە بووکەڵە زیرەکەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر برەویان پێبدرێ و لای مرۆڤ بەهایان هەبێت، پێوەندیی بە هیلاکبوونی مرۆڤەوە هەیە بەدەست مرۆڤەوە.

بووکەڵەی سێکسی کە ئێستا لە گەشە و برەو دایە، بەڵگەی ئەوەیە مرۆڤ بە دوای جۆرێک لە مرۆڤدا دەگەڕێت، کە هاوشێوەی بووکەڵە بێت. ئەگەر ئەوەی دەست نەکەوت، دەچێت بووکەڵەیەک دەکڕێت. ڕه‌نگه‌ ئەمە لە داهاتوودا زیاتر تۆخ بێتەوە. مرۆڤ کە یەکسان بوو لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی بووکەڵە، ئەوکات تەنیا یادەوەرییەکان وەک مرۆڤ دەیهێڵنەوە. کاتێک مرۆڤ ئەمەیش لەدەست دەدات، بووکەڵەکان دەبنە خاوەنی یادەوەرییش، جێگۆڕکێ نێوان بووکەڵە و مرۆڤ زۆر ئاسان و بەربڵاو دەبێت. لەم کاتەدا دۆخێک دێتە پێشەوە، وەک ئەوەی (کاروان) کردوویەتی، مرۆڤ دەڵێت: یادەوەریی بووکەڵەکان، نەک یادەوەریی مرۆڤەکان. بووکەڵە زیرەکەکان ئیستاکە هێندە نزیکبوونەتەوە لە شوێنی مرۆڤ، باوەڕ ناکرێت ئەوەی قسە دەکات و دەجووڵێت و کار دەکات، مرۆڤە یان بووکەڵەیە، ئەمە مێتافۆڕی بووکەڵەیە لە ڕۆمانەکەدا.


یاده‌وه‌ری و گێڕانه‌وه‌

ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سه‌رنج بخه‌ینه‌ سه‌ر چه‌مكی یاده‌وه‌ری(Memory)، واباشه‌ خوێنه‌ری ئه‌و نامه‌ كراوه‌یه‌ی كاروان خۆی بین، كه‌ بۆ (كه‌ریم كاكه‌) نووسیویه‌تی و چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. له‌و نامه‌یه‌دا ئێمه‌ تێده‌گه‌ین یاده‌وه‌ری پانتاییه‌كی چه‌نده‌ فراوان و گرنگی هه‌یه‌. تێده‌گه‌ین چۆن یاده‌وه‌ری و هۆشیاری هاوواتان. ئێمه‌ مه‌به‌ستمان نییه‌ باس له‌ چه‌مكی یاده‌وه‌ری بكه‌ین، به‌ڵكوو ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ناونیشانی ڕۆمانی (یاده‌وه‌ریی بووكه‌ڵه‌كان)ەوە هه‌ندێ پرسیاری ساده‌ بورووژێنین. ئایا ئەوە تەنیا مرۆڤە مانا بە یادەوەری دەبەخشێت، یان دەکرێ شتەکانیش یادەوەرییان هەبێت؟ واتا دەکرێ مۆبایلێک یان کتێبێک یادەوەری هەبێت، مه‌به‌ست له‌م پرسیاره‌ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی مانای شته‌ باوه‌كان نییه‌، به‌ڵكوو ڕامانه‌ له‌ پرسی به‌ره‌وپێشچوونی ته‌كنه‌لۆژیا و بووكه‌ڵه‌ زیره‌كه‌كان. پرسی تێكه‌ڵبوونی مرۆڤ و بووكه‌ڵه‌. ئایا پڕۆسه‌سی گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان له‌ هۆشیاری داده‌بڕدرێت؟‌ ئێمه‌ ده‌زانین، ده‌كرێت لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە، یادەوەرییەکانمان به‌ ده‌نگ و وێنه‌ تۆمار بكه‌ین و پاش چەندان ساڵ هەر لە ڕێگەی ئەو ئامێرانەوە دووبارە گوێیان لێ ڕاگرین و ته‌ماشایان بكه‌ینه‌وه‌. واتا دەکرێ بووکەڵەکانیش یادەوەری تۆمار بکەن، بیگێڕنەوە؟ (كاروان) له‌و جیهانه‌ی دروستی كردووه‌، هیچ یه‌قینێك نمایش ناكات، هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه‌ ڕه‌نگه‌ مرۆڤ له‌ناو گێرانه‌وه‌كانی خۆیدا ون ببێت. (كاروان) ئه‌و گومانه‌ تۆخ ده‌كاته‌وه‌، وامان لێ ده‌كات له‌ ئاوێنه‌وه‌ سه‌یری خۆمان بكه‌ین و بڵێین: ئه‌رێ ده‌بێت ئێمه‌ له‌ناو چ گێڕانه‌وه‌یه‌كدا ڕۆڵمان هه‌بێت و ئێستاكه‌ لێره‌، له‌ كات و شوێنێكی دیكه‌ ئێمه‌یش خه‌ریكین درێژه‌ به‌و یارییه‌ ده‌ده‌ین. ئامانج له‌و گومانه‌، به‌ستنه‌وه‌ی پڕۆسه‌سی یاده‌وه‌رییه‌، به‌ جیهانی گێڕانه‌وه‌وه‌. له‌ به‌رده‌م جیهانێكداین، ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤ له‌گه‌ڵ خه‌یاڵه‌كانیدا له‌ شه‌ڕی ئه‌وه‌دایه‌، ئه‌وێكی دیكه‌ به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاوازه‌وه‌، جا ناوی بووكه‌ڵه‌یه‌، یان هه‌ر ناوێكی تر، ده‌بێته‌ هاوتای مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌. لای (كاروان) تێكه‌ڵ به‌ فۆڕمی ڕاسته‌قینه‌ و ساخته‌ی شته‌كان ده‌بین. ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌ر خه‌ریكین به‌رگری له‌ فۆڕمه‌ باوه‌كانی هه‌قیقه‌ت بكه‌ین، له‌ كاتێكدا مرۆڤی ساخته‌(بووكه‌ڵه‌)، هۆشیاریی ساخته ‌(ئامێره‌ ڕاهێنراوه‌كان) به‌ته‌واوی ڕه‌نگی جیهانی ئێمه‌یان گۆڕیوه‌. چاره‌یه‌كمان نییه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌باره‌یانه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین و بنووسین.

 لە ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان)دا مرۆڤ بووەتە بووکەڵە و بووکەڵە بووەتە مرۆڤ، بۆیە ئەوەی یادەوەرییەکان دەگێڕێتەوە، دیار نییە مرۆڤە یان بووکەڵەیە. لە ڕاستیدا لە ڕێگەی گێڕانەوەوە، تێدەگەین مرۆڤ چیتر لەناو یادەوەرییەکاندا سەنتەر و سەروەر نییە. هاوبەشێکی بۆ پەیدا بووە، هاوبەشێكی نه‌ناسراو و جیاواز له‌ هەڵسوکەوت و مامەڵە. بووكه‌ڵه‌ی زیره‌ك لە گێڕانەوە و ڕۆچوون بەناخی مرۆڤدا زۆر قووڵتر دەڕوا، چونكه‌ مرۆڤ هه‌ست به‌ ئازادییه‌كی زۆر ده‌كات و پێویستی به‌ هیچ ماسكێك نییه‌. مرۆڤ لە جیهانێکدا کە جێگە و پێگەی هاوشێوەی بووکەڵەیەکە، ئیتر یادەوەرییەکانیشی دەبنە یادەوەریی بووکەڵەیەک.

کۆی ڕۆمانەکانی (کاروان) دژ بە گێرانه‌وه‌ی كرۆنۆلۆژین. گێڕانەوەکان فۆڕمێک لە ژیان پیشان دەدەن، کە ناکۆتا چیرۆکی دیکەی لێ دەبێتەوە، لەو چیرۆکانەش ناکۆتا چیرۆکی دیکە هەن

گێڕانەوە لای (کاروان کاکەسوور)، لە خاڵێکەوە دەست پێ ناکات، لە خاڵێکیش کۆتایی نایەت. هەر لەبنەڕەتەوە ئەم مۆدێل و فۆڕمە لە گێڕانەوە دژ بەهەر سەرەتاو ناوەڕاست و کۆتایییەکە. لێرەدا (کاروان) دژ بە هەموو ئەو گریمانە و پرس و باس و چیرۆکانە دەوەستێتەوە، کە بناغە و سەرەتایەک بۆ ژیان دادەنێن. ژیان لە سەرەتاوە دەستی پێ نەکردووە. ژیان ناوەڕاستی نەبووە، ژیان کۆتاییشی نییە. ئەم تێگەیشتنە لەناو گێڕانەوەكانی كارواندا مانیفێست دەبێت.

نووسەر لە گێڕانەوەدا دنیا و پاشان ژیان دروست دەکاتەوە، به‌ڵام لەناو بازنەیەکدا، بەبێ سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی. کۆی ڕۆمانەکانی (کاروان) دژ بە گێرانه‌وه‌ی كرۆنۆلۆژین. گێڕانەوەکان فۆڕمێک لە ژیان پیشان دەدەن، کە ناکۆتا چیرۆکی دیکەی لێ دەبێتەوە، لەو چیرۆکانەش ناکۆتا چیرۆکی دیکە هەن، ئیتر ئاوا هاوشێوەی چیرۆکێکی بێسەرەتا و بێکۆتایی گێڕانەوە لای (کاروان) درێژەی پێ ده‌درێ. نووسەرانی دنیا هەریەکە و بەجۆرێک هەوڵیانداوە لەناو گێڕانەوەدا جیهانێک بە ویستی خۆیان دروست بكه‌ن، جیهانێک کە دەکرێ لە ئاسمان یان له‌ زەوی بیت، واتا چ ئەوەی بە فانتازیا و جادوو هەستێکی واقیعی لای خوێنەر دروست بکەیت و  بیگێڕیتەوە، چ ئەوەی لەناو واقیعدا خەیاڵ و فەنتازیا دروست بکەیت بیگێڕیتەوە. (کاروان) لەو نووسەرانەیە دنیای تایبەتیی خۆی دروست کردووە. دنیایەک کە شتەکان لە جێگەی خۆیان نین. کۆدەکانی گێڕانەوە لای کاروان، هێندە زۆرن، مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێ لە توانای مرۆڤ.گێڕانه‌وه‌ له‌ (یاده‌وه‌ریی بووكه‌ڵه‌كان) گێرانه‌وه‌ی چیرۆكێكی ناو ژیان نییه‌، به‌ڵكوو گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو چیرۆكه‌كانی ژیانه‌ له‌ كات و شوێنێكی دیاریكراو، له‌گه‌ڵ چه‌ند كاره‌كته‌رێكی دیاریكراودا. لێره‌ ده‌كرێ دیسان ئه‌وه‌ بڵێینه‌وه‌: (كاروان) ژیانی ئه‌و جیهانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ خۆی دروستی كردووه‌.