پرسیار و گەڕان بەدوای شوناسدا

دیمانەیەک لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار "هێرۆ شێخە"دا

بەرایی

هونەرمەندی شێوەکار “هێرۆ شیخە” لە ساڵی ١٩٩١ لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. هەتا تەمەنی حەڤدە ساڵی هەر لە شاری شنۆ ژیاوە. دوای خوێندن لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ بنەماڵەکەی دێنە بۆ باشووری کوردستان و لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە هەولێر دەژیت. هەر ئەو ساڵە لە بەشی شێوەکاریی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین وەرگیراوە و درێژەی بە خوێندن داوە. هێرۆ شێخە پاش تەواکردنی زانکۆ دوو پیشانگای تایبەتی لە  ساڵێ ٢٠١٣، پێشانگای دووەمیشی ساڵی ٢٠١٤ کردووەتەوە. هەروەها بەشداری لە چەندین پێشانگای هاوبەش کردووە. شێوەکار شێخە ئیستا خوێندکاری ماستەرە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان.

 بۆ قسەکردن لەسەر ئەزموونی خۆی وەک هونەرمەندێکی شێوەکار و هونەری شێوەکاریی بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی و بەپیشەییبوونی هونەری شێوەکاری و، هەروەها پرسی ژن لە هونەردا و لە تابلۆکانی هێرۆ شێخەدا و هونەری فێمینیستی و پێوەندیی سیاسەت و هونەر و چەندین پرسی دیکە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار “هێرۆ شێخە”دا ساز داوە. هەروەها لەگەڵ وڵامەکانیدا چەندین تابلۆی خودی هێرۆ بڵاو دەکەینەوە.

هێرۆ شێخە (١٩٩١- ) هونەرمەندی شێوەکاری کورد

دەستپێکی هێرۆ

دەستپێکی کاری نیگارکێشانم دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانە. لە پۆلی سێی ناوەندی مامۆستای وانەی هونەر ڕۆژێکیان بانگی کردمە لای مێزەکەی خۆی و وێڕایی هەڵدانەوەی پەڕەکانی دەفتەری نیگارەکانم وتی “دەزانی نەقاشی(نیگارکێشان)ت زۆر باشە. بۆچی ناچی لە هونەرستان نەقاشی بخوێنی؟” منیش کە تا ئەوکات قەت بیرم لەوە نەکردبووەو بە خەیاڵمدا نەهاتبوو، هەر نەشمدەزانی هونەرستان لە شارەکەمدا هەیە. هەمیشە لاساییی هاوپۆلییەکانم کردبووەوە کە لێیان دەپرسین دەتهەوێ لە داهاتوودا چی بخوێنی و چ پیشەیەکت پێ خۆشە هەر جارەو بە جۆرێک وەڵامم دەدانەوە. جارێک دەبوومە مامۆستا، جارێک دکتۆر، جارێک ئەندازیار، ئەگەرچی لەو قۆناغەدا بۆم دەرکەوتبوو زیاترین چێژ لە وانەی هونەر وەردەگرم. ساڵی دواتر کە چوومە قۆناغی دواناوەندی وانەی هونەر لە خشتەی وانەکان هەڵگیرابوو، بەڵام من هەر لە نیگارکێشان بەردەوام بووم. لەبەر ئەوەی کەسێکی گۆشەگیر و هەر لە سەردەمی منداڵییەوە بێ هاوڕێ بووم ئەوەم بە باشترین هاودەم دەزانی. دەچووم لە کتێبخانە کتێبی هێڵکاریم وەردەگرت و هێڵکارییەکانیم کۆپی دەکرد. ئەمە بوو بە سەرەتا و بناغەی کارکردنم بە شێوازێکی ئاکادیمی و ڕیالیستییانە بێ ئەوەی هیچ لەبارەی هونەر و ڕێبازە هونەرییەکان بزانم. بۆ ساڵی دوای ئەوە کە دەبووایە لەنێوان خوێندن لە بەشی زانستی و ئەدەبی یەکێکیان هەڵبژێرم، سەرەڕای ئەوەی زۆر کەس پێیان باش نەبوو بچمە پەیمانگای هونەر و پێیان وابوو بەم هەڵبژاردنە هەڵەیە داهاتووی خۆم تێک دەدەم، بەڵام من هەر بە قسەی خۆمم کرد و چوومە پەیمانگای هونەر و لە بەشی بیگارکێشان دەستم بە خوێندن کرد.

blank
ڕەنگی ڕۆنی لەسەر کانڤاس، ٢٠١٣، ٨٠ بە ١٠٠

لە قۆناغی پەیمانگا لەو ئەرکانەی مامۆستاکان پێیان دەداین وەک هێڵکاری و ناسینی ڕەنگ و تەکنیکەکان، لەبەر ئەوەی بە خۆشەویستییەوە کارم دەکرد بەرهەمەکانم هەم بۆ مامۆستاکان و هەم بۆ ئەو کەسانەی لەدەرەوەی پەیمانگا کارەکانیان دەدیتم جێی سەرنج بوون. لە لایەک زۆر کەیفم بە خۆم دەهات کە دیمەنێکی سروشت، سروشتێکی بێگیان یان پۆرترێتێکم دەکیشاوە و دەیانگوت ئافەرین زۆر وەک خۆی دەچێت، لە لایەکیشەوە بەرەبەرە گومانی ئەوەم لا دروست دەبوو ئاخۆ بە کۆپیکردن و کاری ڕیاڵ دەمهەوێ بە کوێ بگەم. دوای دوو ساڵ خوێندنی پەیمانگا لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتمە باشوور و لە هەولێر لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان وەرگیرام. لێرە کەوتمە ناو دنیایەکی تەواو جیاواز. ئەو مەدرەسە و شێوازە هونەرییانەی لە پەیمانگا تەنیا لەنێو کتێبی مێژووی هونەردا بەسانایی باسیان کرابوو و خوێندبووم لێرە بە شێوەی پراکتیکی کارم لەسەر کردن. هەوڵم دا زیاتر مەدرەسە و شێوازە جیاوازەکان بناسم و تاقیان بکەمەوە. کۆلێژ کە لە چاو پەیمانگا دنیایەکی ڕەنگاوڕەنگتر بوو هەروەها خۆشم هەوڵم دەدا زیاتر لە هونەر تێبگەم، وردە وردە و لەگەل تاقیکردنەوەی شێوازی نوێ زیاتر خۆم ناسی و سەربەستتر و بوێرانەتر خەریکی ئەزموون و خەتا بووم. ئەو ساڵانەی لە کۆلێژ بووم بۆم دەرکەوت شێوازی کارکردنی ئیکپرێشنیستەکان زۆر لە کەسایەتی و ڕۆحیەتی من نزیکە. من کەسێکی شەرمن و کەم‌دوو بووم، بەڵام زۆرم لە دڵدا بوو بۆ گوتن، ئەم شێوازی دربڕینە دەرفەتی پێدام بەوپەڕی ئازادییەوە خۆم و هەست و هزرم وێنا بکەم. چوار ساڵی کۆڵێژیش تێپەڕی. ئیدی کاتی ئەوە هاتبوو خۆم بم. دەستم کرد بە کەڵک وەرگرتن لە نیکارکێشان وەک ئامرازێکی خۆدەربڕین. وەک کچێک کە لە بارودۆخی ژیانی خۆم و ڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ژن ناڕازی بووم، دەمهەویست بێزاربوونم لە ناحەزییەکانی ژیان و مرۆڤ دەرببڕم. بە پشتگوێ خستنی هەموو یاسا و ڕێسا ئاکادمییەکان تەنیا دەمویست ئەوەی لە دڵم دایە دەریببڕم.

blank
ڕەنگی ڕۆنی و برین پێچ لەسەر کانڤاس، ٢٠١٤، ٨٠ بە ١٠٠

لەدوای ئەم کارانە ماوەی دوو ساڵێک زۆر کەم کارم کرد. لە ماوەی ئەو دابڕانەدا بەوە گەیشتم بەبێ نیگارکێشان بوونێکی ناتەواوم. لەوە تێگەیشتنم تەنیا هونەر دەتوانێت مانا بدات بە ژیانم و ناخی شڵەژاوم ئارام بکاتەوە. دەستم کردەوە بە وێنەکێشان بەڵام ئەم جارەیان تەنیا بۆ دەربڕینی ئازار و ناڕەزایەتی دەربرین نەبوو. ئەمجارەیان لە جیاتیی ئەوەی مەبەستی سەرەکیم بینەر بێت و بمهەوێت پەیوەندیی لەگەڵ بەردەنگ دروست بکەم، خۆم بوومە بەردەنگی یەکەم و هەرچی لەو کۆتاییانەدا کێشاومەتەوە تەنیا و تەنیا بۆ زیاتر نزیک بوونەوە لە خودی خۆم و لێکۆڵینەوە لە شوناسی خۆمە. ئەگەر هەڵە نەبم هەست دەکەم بەرهەمەکانم زیاتر ئیگزیستانسیالیستین. ئیدی بۆم گرینگ نییە بینەر لە پێش تابلۆکەم  بوەستێت و بە نیگایەکی پڕپرسیارو زۆر جار بە تەوسەوە بڵیت “جا باشە ئەوە چییە؟! ئەوە یانی چی؟!”، زۆر هاوڕێ پێیان وایە لە ئاست بەرهەمەکانم کەمتەرخەمم  و پێشنیار دەکەن کارەکانم لە وڵاتانی ڕۆژاوا پێشان بدەم بۆ ئەوەی بینەری زیاترم هەبێت. بەڵام ئێستا زۆر بوونی ژمارەی بینەر بە لامەوە گرینگ نییە. گرینگ ئەوەیە بە ئاستێک گەیشتووم تا ڕادیەکی زۆر سەربەستانە ئەوەی بۆ خۆشم زۆر جار نازانم چییە وێنا بکەم.

blank
وێنەی پرینت کراو و ڕەنگی رۆنی لەسەر کانڤاس، ٢٠١٣، ٦٠ بە ٩٠
blank
وێنەی پرینت کراو، خۆڵ و ڕەنگی ڕۆنی لەسەر کانڤاس، ٢٠١٣، ٨٠ بە ١٣٠

ئیگزیستانسیالیستی و هونەر

لەو ڕووەوە کە بەرهەمەکانم هەوڵی وێناکردنی ئەزموونە تاکەکەسییەکانم دەدەن و لەم قۆناغەدا مەبەستم وردبوونەوە لە شوناس و کەسایەتیی خۆمە، پێم وایە بوونگەران لەبەر ئەوەی لەم شێوازی بیرکردنەوەیە‌دا جەخت لەسەر شیکردنەوەی خود و خۆناسین لە دنیابینییەکدا دەکرێت کە ناسینی ئاستەمە.

لە بەرهەمە هونەرییەکانی بوونگەراکان‌دا بابەتە سەرەکییەکان بریتیین لە خۆف، دڵەراوکێ، نامۆیی، وەرەسی، پێشاندانی بێ‌هۆبوون و بێ‌مانابوونی ژیان و بوونی بۆشایی لە وجودی مرۆڤدا و هەروەها پێگەی تاک لە جیهاندا. ئەم مژارانە لە بەرهەمی شێوەکاران بۆ نموونە فریدا کالۆ، فرانسس بێیکن، ئامێدێۆ مۆدیلیانی ‌و ئالبێرتۆ جاکۆمێتی‌دا ڕوون و ئاشکران.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کارتۆن، ٢٠١٩، ٣٠ بە ٥٠
blank
ڕۆژنامە، ڕەنگی ڕۆن و تێخ لەسەر فرێن، ٢٠١٦، ١٠٠ بە ١٠٠

ژن لە بەرهەمەکانیدا

هەر بەپێی ئەم بۆچوونانەی پێشتر باسم کردن، ژن لە تابلۆکانمدا خەریکی وردبوونەوە لە خۆی و پرسیارکردن سەبارەت بە بوون و پێگەی خۆی لەم جهانەدایە. واتە بەدوای پێناسەکردنی ژندا نیم. وەک ژنێک کە لەناو ئەم کۆمەڵگەیەدا گەشەم کردووە، هەموو کات بە هەستیارییەوە لە کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و کەسایەتیی ژن ڕوانیومە. پێم وایە نەک هەر ژنان بەڵکوو مرۆڤ بەگشتی سەرەڕای پێشکەوتن و داهێنانەکانی، لە ڕووی ڕۆحی و کەسێتییەوە زیاتر و زیاتر تووشی سەرلێشێوان دەبێت. هەر لەبەر ئەمەشە کارەساتەکان زیاتر و زیاتر دەبن. هەموو کات ئەو کارەساتانە کە زیاتر کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە، لە کارەکانمدا ڕەنگ دەدەنەوە. بەڵام من لەجیاتیی ئەوەی لە فۆڕمی هونەری ناڕەزایەتیی دەربڕێن کەڵک وەرگرم یان بمهەوێت ژن تەنیا وەک بوونەوەرێکی پاسیڤ و ماف زەوتکراو وێنا بکەم، زیاتر بیرم بۆ لای هۆکار و دەرئەنجامەکانی ئەم ڕووداو و کارەساتانە دەچێت. لەوانەیە بەوە بڵێن ڕەش‌بینی بەڵام لەبەر ئەوەی گەشە‌کردنی ڕۆحی و کەسایەتیی مرۆڤ بەلامەوە زۆر لە پێشکەوتن لەهەر بوارێکی دیکەدا گرینگترە، ئاکار و کردارە نەرێنییەکان زیاتر سەرنجم ڕادەکێشن.

ژن لە تابلۆکانمدا، جگە لە چەند تابلۆیەک هاوار ناکەن، لەبەر ئەوەی گومانیان هەیە بتوانن تەنیا بە هاوارکردن خۆیان ڕزگار بکەن و گۆڕانێک دروست بکەن. ئەو ژنانە هەندێک کات نیگایەکی تاساویان هەیە، هەندێک جار بە گومانەوە لە بینەر دەڕوانن، هەندێک جار بە بێزارییەوە، جاری وا هەیە چاوەکان پڕپرسیارن، یان لە نەهامەتییە دووبارەکان ماندوو بوونە و چاوی دیتنیان نییە و لەنێوان هیوابڕاوی و گەشبینیدا ماونەتەوە. لەگەڵ ئەمانەدا بوونی خۆم و پرسیارەکانم سەرەکیترین بابەتی تابلۆکانمە. لە دوای کێشانەوەی هەر تابلۆیەک زیاتر لە خۆم تێدەگەم. واتە دەتوانم بڵێم نیگارەکانم فانتازیا نین و ڕەگ و ڕیشەیان لە واقیعدایە، بەڵام بابەتەکان بە فیلتەری تێگەیشتن و بەکگراوندی پەروەردەی هونەری و فیکریی مندا وەک تاکێک تێدەپەڕن و دووبارە وێنا دەکرێنەوە.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠٢٠، ٤٠ بە ٦٠

ماتریاڵی مەعنەوی

سەبارەت بە کارەکانی خۆم نازانم هۆگریم بۆ بەرهەمی ئەم هونەرمەندانە بووەتە هۆکاری ئەوەی لەسەر ئەم شێوازە و نیگار بکێشم و ئەم بابەتانە ببن بە ماتڕیاڵی مەعنەوی بەرهەمەکانم، یان هەر تایبەتمەندیی کەسێتیمە هانم‌ دەدات بەم شێوەیە خۆم وێنا بکەم. بەڵام لەوە دڵنیام هەڵبژاردنی فۆرمی کارەکانم بە ئەنقەست و بۆ لاسایی‌کردنەوەی ئەم هونەرمەندانە نەبووە و نازانم تا کەی لەسەر ئەم فۆرم و شێوازە هونەرییە بەردەوام دەبم لەبەر ئەوەی مێشک و هزری هەزار بە هەزارم هەر ڕۆژە و داوای جۆرێک دەربڕینم لێ دەکات. تا ئێستا چەندین جار بڕیارم داوە ئیدی لەسەر ئەم فۆڕمە بەردەوام دەبم بەڵام دوای کێشانەوەی چەند تابلۆیەک هەست دەکەم خەریکە بەربەست بۆ خۆم دادەنێم، بۆیە فۆڕمەکە دەگۆڕێت بەڵام ناوەڕۆک یان مەتڕیالی مەعنەوی هەمان شتە و دووبارە دەبێتەوە.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠١٧، ٧٠ بە ١٢٠

هاودەمی ماسی و ژن لە کۆمەڵەبەرهەمێکدا

لەمێژ بوو بیرم سەرقاڵی ژیانی ئەو ژنانە بوو بۆ پارستنی گیان و ژیانیان هانایان بۆ ماڵی داڵدەدانی ژنان بردووە. هەوڵم دا خۆم بگەیەنمە لایان، ماوەیەک لەگەڵیان بژیم بۆ ئەوەی باشتر لە خۆیان و لە ئازارەکانیان تێبگەم. هەر لەوێ لەژێر کاریگەریی ئەو ژینگە و فەزایەی تێیدا دەژین تابلۆکان بکێشمەوە و داوا لە خۆشیان بکەم ئازار و چیرۆکەکانیان بە ڕەنگ و هێڵ دەرببڕن و بۆ خۆیان تابڵۆی ژیانی خۆیان وێنا بکەن. بەو هیوایەی کاریگەریی ئەرێنیان لەسەر دابنێت. چەند جار سەردانی بەرپرسانی ئەو شوێنەم کرد، بەڵام بە داخەوە هاوکار نەبوون و دەرفەتیان پێ نەدام. بەڵام باس‌کردن لەم بابەتە جگە لە وێناکردنی ئازاری ئەم ژنانە، لە بنەڕەتدا بۆ ڕۆحی خۆم پێویست بوو. ئەوە بوو بڕیارم دا هەر بە پشت بەستن بە خەیاڵ و هەستی هاوئاسا بوون  ( Sympathyهمزاتپنداری) لەگەڵ ئەم ژنانە، دەست بە کێشانەوەی ئەم کۆمەڵە تابلۆیە بکەم. ئەگەرچی ئیستاش مەراقی تاقیکردنەوەی ژیان لەنێو کەشی ئەو پەناگەیەدا بەرینەداوم و زیاتر هەوڵدەدەم ڕەزامەندیی بەرپرسان وەرگرم، لەبەر ئەوەی بە دڵنیایییەوە هەڵسوکەوتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم ژنانە بەرهەمی ڕەسەنتر و مانادارتری لێ دەکەوێتەوە.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک و خەلوز لەسەر کانڤاس ٢٠١٩، ١٥٠ بە ٢٠٠ کۆمەڵەبەرهەمی ماسی و ژن
blank
ڕەنگی ئەکریلیک و خەلوز لەسەر کانڤاس ٢٠١٩، ١٥٠ بە ٢٠٠ ماسی و ژن

لە داڕشتنی ئەم تابلۆیانەدا لە موتیفی ماسی وەک هێمایەک کەڵکم وەگرتووە. ماسی و ژن لە تابلۆکاندا هاودەمن. لە کارە سەرەتاییەکاندا ماسی سوور لە داڕشتنەکاندا زاڵە. ماسی بەگشتی و ماسیی سوور بەتایبەتی لە کۆنەوە و لە کولتوور و ئایینە جۆراوجۆرەکاندا وەک هێمای ژیان، سەرکەوتن، شادی، گەشە و خۆشەویستی پێشاندراوە. هەموو ئەمانە ئەو ئاواتانەن مرۆڤ بەدرێژاییی ژیانی لەدوای وەدیهێنیانە. وێڕایی بەکارهێنانی ئەم هێمایە، ڕەنگەکانیش گەشتر و زیندووترن. بەرە بەرە تا بەرەو کارە کۆتایییەکان بچی ڕەنگەکان تاریکتر دەبن و ئێسکبەندی ماسی شوێنی ماسیی سوور دەگرێتەوە. سەرەتا لە تابلۆکاندا هیوایەک هەیە بۆ ژیان، گەشبینییەکی ڕێژەیی هەیە. هێشتا هیوایەک بۆ وەدیهێنانی خەونەکان هەیە. بەڵام زۆربەی ئەو ژنانەی لەم دۆخەدا دەژین، تووشی خەمۆکی دەبن. هەندێکیان تا ڕادیەک لە دەست نەهامەتییەکانیان وەتەنگ دێن و ڕوو دەکەنە خۆکوشتن. لەم وێنانەدا هەوڵم داوە ساتە کەسی و تەنیایی و بێدەرەتانیی ئەم ژنانە پێشان‌بدەم.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠١٩، ٤٠ بە ٦٠

کۆمەڵەبەرهەمی (هەورییەکەی دایکم)

ئیستاش کۆمەڵە تابلۆیەکم لە بەردەستە کە ساڵی ٢٠١٧ دەستم پێ کرد و ئێستا دووبارە کاری لەسەر دەکەمەوە.ئەم تابلۆیانەش وەک زۆربەی کارەکانی پێشترم باس لە هەست و شوناسی ژن بە تایبەت ژنی کورد دەکەن. ناوی ئەمانە (هەورییەکەی دایکم)ە. بیرۆکەی ئەم تابلۆیانە لەوەوە سەرچاوەی گرت کە دەمهەویست دایکم کە هەردەم پشتیوانم بووە و هانی داوم خۆم بم و لە کارەکەم بەردەوام بم، بهێنمە ناو تابلۆکانم. وەک زۆربەی کارەکانی پێشووترم بابەت و ناوەڕۆکی تابلۆکان ژن و تێڕامانەکانی لە خود و ژیانە. هەوریم وەک ماتریاڵێک هەڵبژارد کە پەیوەندیی بە ژیانی دایکم و زۆربەی ژنانی کوردەوە هەیە. لە زۆربەی بیرەوەرییەکانی منداڵیمدا دایکم ئەم کراسە هەورییەی لەبەردایە. دوای چەند ساڵێک کراسەکەی کۆن بوو  و ویستی فڕێی بدات بەڵام من هەڵمگرت و لەبەر فیگەری ناو تابلۆکانم کرد. لە ڕوانینی منەوە هەر شتێکی بێگیان ئەگەر بۆ ماوەیەک لەگەڵ کەسێک بێت دەبێتە بەشێك لەو مرۆڤەو بەشێک لە ڕۆح و بوونی ئەو کەسە لە خۆیدا هەڵدەگرێت. لەبەر ئەوەی بە درێژاییی ئەو ماوەیەی لەگەڵی بووە شایەتی ساتە خۆش و ناخۆشەکان و هاوبەشی هەستەکانی بووە. کاتێک لەم تابلۆیانەم دەڕوانم خەیاڵی ئەو هەستە خۆش و ناخۆشانەی دایکم و هەورییەکەی هەڵمدەگرێ.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک و هەوری لەسەر کانڤاس ٢٠١٧، ٩٠ بە ١٣٠ کومەڵەبەرهەمی(هەورییەکەی دایکم)

هونەری فێمینیستی

دەرکەوتن یان دەستپێکی هونەری فێمینیستی هاوکات لەگەڵ جووڵانەوەی فێمینیستی و بە ماوەیەکی کورت دوای سەرهەڵدانی هونەری هاوچەرخ هۆکارێک بوو ژنان چیدیکە خۆیان بە پاشکۆی پیاوان نەزانن. هەوڵ ‌بدەن یان باشترە بڵێین شەڕ بۆ ئەوە بکەن ئەو غەدرەی بە درێژاییی مێژوو لێیان کرابوو، بخەنە ژێر پرسیار و بەرنگاری ببنەوە. لە هونەریشدا وەک بوارەکانی دیکەی ژیان هەموو کات ژنان وەک ئۆبژەیەک لێیان دەڕوانرا کە تەنیا ئەرکیان هەڵسوکەوتی بەدڵی پیاوان یان جوان بوون و چێژدان بە پیاوان بوو. تەنانەت زۆربەی ژنانیش لە ڕووی بێ‌ئاگایی و بە‌ هۆی پەروەردەی هەڵەوە بڕوایان بە ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە هەبوو و خۆیان لە ڕوانگە و گۆشەنیگای پیاوانەوە هەڵدەسەنگاند و هەموو هەوڵیان ئەوە بوو بەدڵی پیاوان بن. بەڵام هەوڵ و چالاکییەکانی ژنانی ئازاد و سەربەخۆ کە بڕوایان بە خۆیان و تواناییەکانیان هەبوو لە کۆمەڵگەدا بەگشتی و بەتایبەتی لە دنیای هونەردا بووە دەستپێکی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی. بەر لەم بزووتنەوەیە توانایی ژنانی هونەرمەند دانی پێدانەدەنرا. ئەگەرچی ژنان بە درێژاییی مێژوو بەرهەمی هونەرییان خوڵقاندووە، بەڵام تەنیا ناوی پیاوان و لە لایەن پیاوانەوە تۆمار کراون. “ئارتمیسیا جێنتلیسکی“ی نیگارکێشی سەردەمی بارۆک نموونەیەکە لەو ژنە هونەرمەندانەی هونەر و داهێنانەکەیان لە لایەن پیاوانەوە دەستی بەسەردا گیرا. ئەم هونەرمەندانە بەگشتی لەژێر دەستی پیاوێکی بنەماڵەکەیان کاریان دەکرد و بەرهەمەکانیان یان بە ناوی پیاوانی بنەماڵەیان دەناسرانەوە یان بۆ ئەوەی بفرۆشێن ناسناوی پیاوانەیان بۆ بەکار دەهێنرا.

تەنانەت لە سەردەمی مۆدێرنیشدا سەرەڕای تەواوی گۆڕانگاری و پیشکەوتنەکان هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هونەردا هەر بەردەوام بوو. ژنە نیگارکێشی ئیمپرێشنیست “بریت مۆریسۆ” کە یەکێک لە پربەرهەمترین نیگارکێشانی گروپی ئیمپرێشنیستەکان بوو، بە هۆی ڕەگەزییەوە نکۆڵی لێ دەکرا. یان یەکەمین نیگارکێش بە شێوازی ئابستراکت کاری کردبێت ژنێکی سویدی بە ناوی “هێلما ئێت کلینت” بوو، بەڵام ئەمەشیان هەر وەک داهێنانێکی پیاوانە تۆمار کراوە.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک و خەلوز لەسەر کانڤاس ٢٠١٩، ١٥٠ بە ٢٠٠

بەر لە بزووتنەوەی فێمینیستی و هەوڵەکانیان تەنیا بەرهەمی هونەریی پیاوان ڕێزی لێ دەگیرا و وەک هونەری باڵا باسی دەکرا. لە سەرەتای سەرهەڵدانی هونەری فێمینیستیدا کە شەپۆلی یەکەمی هونەری فێمینیستیشی پێ دەگوترێت، ژنانی وەک “ئیڤا هانس” و “لویس بۆرگێس” و چەندین ژنی دیکە بە وردبوونەوە لە شوناسی ژن و وێناکردنی بوێرانەی ئەزموونە تایبەتییەکانیان، هەروەها بە تەکنیک و فۆرمی ڕەسەن و داهێنەرانەیان سەلماندیان ژنانیش دەتوانن لە داهێنانی هونەریدا پێشڕەو بن و لە دنیای هونەردا هاوتای پیاوانن و زۆر کات داهێنەرتریشن. پاش ئەو هونەرمەندانە یەکێک لە کاریگەرترین ڕووداوە پەیوەندیدارەکان بە ژنان و هونەر لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا ڕوویدا. لەو ساڵانەدا ئینستەلێیشنەکەی جودی شیکاگۆ بە ناوی خوانی شەو یانThe Dinner Party   و هەروەها وتارەکەی “لیندا ناکڵین” و پرسیاری وتارەکەی سەبارەت بەوەی بۆچی لە مێژوودا باس لە هیچ هونەرمەندێکی مەزنی ژن نەکراوە، بووەنە دوو ڕووداوی گرینگ کە لێکۆڵینەوە و بەهەند وەرگرتنی زیاتری داهێنانی هونەریی ژنانیان بە دوای خۆیاندا هێنا. دواتر کەسانێکی دیکەی وەک کچە گەریلاکان(Guerrilla Girls) دژی هەڵاواردنی ڕەگەزیی بەگشتی و هەڵاواردنی ژنانی هونەرمەند و هەروەها ڕوانگەی ئۆبژێکتڤ سەبارەت بە ژنان ناڕەزایەتییان دەربڕی، هەروەها چالاکییەکانیان جموجۆڵی زیاتری خستە نێو هونەری هاوچەرخ  کە تا ئەو کاتیش هەر پیاوان تێیدا باڵادەست بوون و گرینگی زیاتر بە بەرهەمەکانیان دەدرا. بە چاوخشاندنێک بە مێژووی کورتیی بزووتنەوەی فێمینیستی لە دنیای هونەردا بەڕوونی کاریگەرییان بۆمان دەردەکەوێت. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە هێشتا بە ئامانجە سەرەکییەکەی نەگەیشتووە و ژنان هێشتا پێگەی شیاویان لە دنیای هونەردا وەدەست نەخستووە. وەک چۆن سەرەتای سەرهەڵدانی هونەری فێمینیستی هاوکاتە لەگەل خەباتی ژنان بۆ وەدەستخستنی دادپەروەری لە هەموو بوارەکانی دیکەدا، تا کاتێک ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا مافی هاوتای پیاوانیان نەبێت، هونەری فێمینیستیش هەر دەمێنێت.

سەبارەت بە کارەکانی خۆم بێگومان ڕەگەز کاریگەریی لەسەر شێوەی کارکرن و بابەت و نێوەڕۆکی کارەکانم هەیە. ئەمە بە ئەنقەست نییە بابەتی سەرەکیی زۆربەی تابلۆکانم ژنە. هیچ کات هەوڵی ئەوە نادەم بۆ پێناسە‌کردنی کارەکانم یان گونجاندنیان لە چوارچێوەی هونەری فێمینیستیدا بەرهەمم هەبێت. من ئەوەم کە لە تابلۆکانمدا دەردەکەوێت. ئەگەر وەک هونەری فێمینیستی پێناسە بکرێت، یان نا کێشە نییە. دەربارەی ئەو پرسیارە کە ئەم جۆرە لە هونەر چۆن خزمەتی بە دۆزی ژنان و یەکسانیی جێندەری دەکات؟ لەوانەیە نیگارکێشان و باسکردن لە ژن لە تابلۆکاندا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر باشتربوونی بارودۆخی ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو یان دابینکردنی یەکسانی بۆیان نەبیت، بەڵام خودی کردارەکە و کارکردن و خۆدەربڕین لە بوارێکدا کە وەک زۆربەی بوارەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە داهێنان، بە هەرێمێکی پیاوانە ناسراوە، ڕێگایەکی بەرنگاربوونەوەی ئەم تێگەیشتنەیە کە بەرهەمی پیاوان بەرزتر دەنرخێنت و لەوانەیە دروستکردنی گۆڕانێک بێت بەرەو باش بوون. 

blank
میکس مێدیا، ٢٠١٧، ٩٠ بە ١٣٠ (هەورییەکەی دایکم)

مامەڵەکردن لەگەڵ فۆڕمدا

فۆڕم یان ڕواڵەتی گشتیی تابلۆ یان ئەوەی لەسەر پانتاییی تابلۆ بە چاو دەبینرێت لە نیگارکێشاندا لە چەند توخمی سەرەکیی وەک هێڵ، ڕەنگ، شێوە و داڕشتن پێک دێت. هەر یەک لەم توخمانە وێڕای ئەوەی مانای جیاوازیان هەیە، دەتوانن هەستی جیاواز بۆ بینەر بگوازنەوە، یان هەستێکی تایبەت لە بینەردا بورووژێنن. بۆ نموونە هێڵی شکاو یان هێڵی لارهەستی ناجێگریی و شڵەژان یان تووڕەی و شێوان پیشان دەدات. هێڵی چەماوە هەستی ئارامی و جێگیری دەردەخات.

 ڕەنگیش بە هەمان شێوە. ڕەنگی سوور هێمای خرۆشان، وزە، خۆشەویستی، هێز، شەڕ، مەترسی و توندوتیژییە. بەپێچەوانەوە شین هێمای ئاشتی، ئارامی، جێگیری وهارمۆنییە. بینەر لە دوای دیتنی ئەو توخمانە و ئەو کاریگەرییەی لە سەری دادەنێن مانا و ناوەڕۆکی بەرهەمەکە لێکدەداتەوە.

نیگارکێش بە هەڵبژاردنی ئەو توخمە گونجاوانەی لە کۆتاییدا فۆڕمی بەرهەمەکە پێکدێنن، دەتوانیت ئەو بابەت یان ناوەڕۆکەی لە هزر و هەستیدا هەیە، سەرکەوتووانەتر وێنا بکات و مەبەستەکەی باشتر بپێکێت و کرۆک یان ئامانجی بابەتەکە بۆ بینەر بگوازێتەوە. واتە پەیوەندییەکی دانەبڕاو لەنێوان فۆڕم و ناوەڕۆکدا هەیە و ئەم دووانە تەواوکەری یەکترن.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠٢٠، ١١٠ بە ١٠٠

لە پەیوەندیی لەگەڵ بەرهەمەکانی خۆم‌دا ئەگەرچی بە هۆی خوێندنی ئاکادیمییەوە زانیاریم لە سەر توخمە هونەرییەکان و تایبەتمەندییەکانیان هەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر پشتی پێ دەبەستم غەریزەیە، لەبەر ئەوەی بە ڕای من بەبێ خوێندنی زانستیی هێڵ و رەنگیش مرۆڤ بە شێوەیەکی غەریزی لە ڕەگەزەکانی پێکهێنەری کاری هونەری تێدەگات. هۆکارەکەشی ئەوەیە هەمان ئەو ڕەگەزانە لە سروشت‌دا هەن و لە زەینی تاک‌دا جێگیر بوونە. زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی بە پشت‌بەستن بە ئەزموونی کەسی و غەریزەییان کاری هونەرییان کردووە، ڕەسەنترین بەرهەمیان خوڵقاندووە. جا هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە لە زۆربەی بەرهەمەکانمدا گوێ دەدەمە هەستەکانم و لێیاندەگەڕێم ئازادانە فۆڕمەکانم بۆ دیاری بکەن. بەر لەوەی دەست بە کێشانەوە بکەم لە زەینمدا بابەت(نێوەڕۆك) و فۆڕم کە بەیەکەوە گرێدراون، هاوکات دروست دەبن. نێوەڕۆک و فۆڕم بە یەک ڕادە بیرم سەرقاڵ دەکەن. هەموو کات فۆڕم هاوتەریب لەگەڵ نێوەڕۆک لە خەیاڵمدا دروست دەبێ. بەڵام کاتێک فڵچە هەڵدەگرم و دەست بە بەرجەستەکردنی خەیاڵم دەکەم، زۆر خۆم بەو فۆڕمەی لە زەینمدایە نابەستمەوە و ئازادانە خۆم دەردەبڕم. کاتێک تووڕم، یان ئارامم، یان سەرلێشێواوم، بێ ئەوەی خۆم بمهەوێت، واتا بە شێوەیەکی ناخودئاگایانە جۆری هێڵ و ڕەنگ و تێکسچەر و تەنانەت ماتریاڵیش دەکەونە خزمەتی هەست و نەستم و نێوەڕۆک لە فۆڕمێکی ڕەسەندا دێتە سەر تابلۆ. هەست دەکەم هەر ئەم سەربەستییەشە بووەتە هۆکاری ئەوەی لە زۆربەی نیگارەکانمدا لەدوای تەواوبوونیان بینەر بەسانایی لە هەستی من وەک بەدیهێنەری تابلۆ تێدەگات.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠٢١، ١١٠بە ١١٠

بینەر، بەردەنگی نیگارکێشی

هیچکات بیر لەوە ناکەمەوە تابڵۆکانم بۆ چ جۆرە بەردەنگێکە. لەوانەشە هەر ئەمە هۆکار بێت ناتوانم بەپێی داوای کەسانی دیکە و بەدڵی ئەوان نیگار بکێشمەوە و بیکەمە سەرچاوەی داهاتی مادی. وەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد یەکەم بەردەنگی کارەکانم خۆمم. دوای تەواوبوونی هەر تابڵۆیەک، کاتێک دەست لە کار هەڵدەگرم و پێم وایە بەرهەمەکە کامڵ بووە، ئەگەرکاریگەریی لەسەر خۆم دانێت، ئەوە پێم بەرهەمێکی باشە و زۆربەی کات کە بەرهەمە کۆتایییەکە بەدڵی خۆم بێت و بە ڕای خۆم لە وێناکردنی ئەوەی لە خەیاڵمدا بووە سەرکەوتوو بوومە، ئەوە بینەریش ئاسانتر پەیوەندیی لەگەڵ دەگرێت. سەرەڕای ئەوەی گرینگیی زیاتر بە ڕازیبوونی خۆم لە بەرهەمەکەم دەدەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەست دەکەم سروشتی کارەکانم بەجۆرێکە بینەران بە بەکگراوندی فیکریی جیاوازەوە دەتوانن تا ڕادەیەکی کەم یان زۆر پەیوەندییان لەگەڵ بگرن. لەبەر ئەوەی نێوەڕۆکی زۆربەی تابلۆکان ئازار و خولیا هاوبەشەکانی مرۆڤەکانن. ئەگەر تێنەگەیشتنیش هەبیت ئاساییە. وەک بینەرێک لە یەکەم پیشانگام وتی تابلۆکان بەجۆرێکن بینەر هەم لێیان تێدەگات و هەم لێیان تێناگات. بۆ خۆشم هەر بەم شێوەیە لێیان دەڕوانم و لەگەڵی هاوڕام. هەموو کات شتێک لە تابڵۆکاندا هەیە، بۆ خۆشم لێی تێناگەم. سەرەتا وام دەزانی ئەوە خاڵێکی لاواز و نەرێنییە، بەڵام دوایی هاتمە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەوە ڕەنگدانەوەی سروشت و تێگەیشتنی خۆمە. خۆشم زۆر جار لە خۆم تێناگەم. زۆر جار تووشی سەرلێشوان دەبم. ئەمەش زۆر ئاساییە و بەرهەمی ڕەسەن (ئەگەر سەرکەوتوو بووبم لە بەرهەمهێنانیدا) پێویستی بە ڕاستگۆییە. پێش هەموو کەس ڕاستگۆبوون لەگەڵ خۆم و هەست و تێگەیشتنەکانم، ئێستا بۆم ئاساییە جگە لەو پرسیارانەی لەدوای دیتنی تابلۆکانم لە لای بینەر دەورووژێن، بۆ خۆشم زۆر پرسیارم بۆ دروست ببێت. وەک پێشتر باسم کرد لە کاتی نیگارکێشان‌دا ئازادیی خۆدەربڕێن سەرەکیترین ئامانجمە. لەبەر ئەوەی وەک سروشتی تاکەکەسی مرۆڤێکم کەم دەدوێم. هۆکارەکەشی یان ئەوەیە کە من تواناییی خۆدەربڕینێکی ئازادانەم بە وشەکان نییە یان هەندێک بابەت هەیە وشە لە باس کردنیان بێ توانایە، بەڵام کە دەست بە وێناکردن دەکەم هەست بە سەربەستییەک دەکەم ئاستەمە بە وشە باس بکرێت. سەبارەت بەوەی کە بەردەنگی کورد وەک ڕەخنەگر تەماشا دەکەم، پێویستە ئاماژە بە چەند شت بکەم.  هونەری شێوەکاریی مۆدێرن و هاوچەرخ ئێستاش بە لای زۆرینەی خەڵکی کوردەوە شتێکی نوێ و نامۆیە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی ژیانی مرۆڤی کورد لە کۆنەوە ئاوێتەی هونەر بووە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیربوونی ژیانی بە ناچاری لێی دابڕاوە و دواتر بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان بە هۆی سەقامگیرێکی ڕێژەییەوە کتوپڕ هونەری شێوەکاری لە وڵاتانی رۆژاواوە هێنرا و بێ ئەوەی هیچ پێشینەیەک و ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ئەم شێوازە هونەرییانەوە بکرێت، خرایە بەرچاوی بینەر. هۆکارێکی دیکەی گرینگی نەدان بە پەروەردەی هونەرییە، ئیستاش لە زۆربەی قوتابخانەکان هونەر وەک وانەیەکی لاوەکی لێی دەڕوانرێت. هەوڵیک بۆ ناساندنی هونەر و گەشەپێدانی تواناکان لەم بواردەدا نادرێت. بەڵام کەمینەیەکیش لەنێو بینەرانی بەرهەمە شێوەکارییەکان هەن بە پشت بەستن بە خۆیان لە ڕووی هونەرییەوە خۆیان پەروەردە کردووە و زۆر جار ڕەخنەکانیان بەسوود بوون.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک، خەڵوز و هەوری لەسەر کانڤاس، ٢٠٢١، ٨٠ بە ١٠٠

هونەری هاوچەرخ و نیگارکێشان

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هونەری هاوچەرخ ڕزگارکردنی هونەر لە چەنگ مێدیۆمە کۆنەکانی بەرهەمهێنانی هونەر بوو. نیگارکێشانیش کە مێدیۆمی نەریتی بەرهەمهێنانی هونەری بوو، ئامانجی سەرەکییان بوو. بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکان وێنەکێشان پێگەی خۆی هێشتا لە دەست نەداوە و وەک ئامرازێکی سەرەکیی داهێنانی هونەری کەڵکی لێوەردەگیرێت. وێنە‌کێشان بە درێژاییی مێژوو چەندین قۆناغی جیاوازی تێپەراندووە و گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە. لەماوەی نزیک بە دووسەت ساڵی ڕابردوو باس لە “مەرگی نیگارکێشان” وەک مێدیۆمێک کراوە. سەرەتای ئەم باسە بۆ داهێنانی کامێرای فۆتۆگرافی لە ساڵی ١٨٣٠ دەگەڕێتەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەم داهێنانە نەبووەتە هۆی مەرگی نیگارکێشان وەک مێدیۆم. داهێنانی فۆتۆگرافی، کرداری نیگارکێشانی لە ئەو ئەرکەی  پێی‌سپێردرابوو، ڕزگاری کرد. پێش داهینانی کامێرا نیگارکێشان نەیتوانیبوو خۆی لە چوارچێوەی دووبارەکردنەوە و لەبەرگرتنەوەی ڕاستەخۆی سروشت دەرباز بکات و بووبوو به کەرەستەی تۆمارکردنی ڕووداوە مێژوویییەکان یان وێناکردنی چیرۆکی ئاینی و ئەفسانان. کامێرای فۆرتۆگرافی ئەم ئەرکەی لەسەر شانی هونەرمەندان هەڵگرت. بوو به هۆی وەدیهاتنی ڕێبازی هونەری وەک ئیمپرێشنیزم و پۆست ئیمپرێشنیزم کە هونەرمەندانی سەر بەم بزووتنەوەیە سەربەستانە دەستیان بە تاقیکردنەوەی ڕەنگ و لێکۆڵێنەوە لە کاریگەریی ڕووناکیی بە سەر ڕەنگدا کرد، هەروەها لە هەڵبژاردنی بابەتی نوێی ئازادتر بوون. لەدوای ئەمانە فوڤیستەکان، بەتایبەت “هێنری ماتیس” ڕەنگ و فۆڕمیان لەو ڕۆڵە نەریتییەی پێ درابوو ئازاد کرد و ژیانێکی نویێان بە هونەری نیگارکێشاندا. پاش ئەوان ئیکسپرێشنیستەکان وێنە‌کێشانیان کردە ئامرازێکی دەربڕینی ئاڵۆزییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی خۆیان. واتە لەم قۆناغەدا داهێنانی فۆتۆگرافی نەیتوانی هونەری نگارکێشان لەنێو ببات.  

باسی مەرگی وێنەکێشان جارێکی دیکە بە نمایش‌کردنی ڕێدی مێیدەکانی “مارسێل دۆشان”( Marcel Duchamp) دەستی ‌پێ کردەوە. دۆشان بە ئینستەلێیشنێک کە لە لکاندنی تایەیەکی پاسکیل و ستوونێکی دارین دروستی کرد بە گژ پێناسە کۆنەکانی هونەردا چووە. دۆشان بەو کارەی کارامەبوون لە بواری نیگارکیشان یان باشترە بڵێین پێویستیی بوونی “سکێڵ”ی وەک پێداویستییەکی بەرهەمهێنانی هونەر و هونەرمەندبوون بردە ژێر گومان و گرینگی زیاتری بە کۆنسێپت لە بەرهەمهینانی هونەریدا و سەرەتای هونەری هاوچەرخی دامەزراند. تەواوی مێدیۆم‌ و ماتریاڵ و هەروەها یاساکانی جوانیناسی خستە ‌ژێرپرسیار. بەڵام بە ماوەیەکی کەم دوای ئەم داهێنانەی دۆشان، سوریالیزم لە وێنەکێشاندا سەری هەڵدا. دواتر ئەبستراکت ئیکسپرێشنیزم و دوای ئەوە نێۆئێکسپرێشنیزم و چەندین بزووتنەوە و شێوازی دیکەی گرینگ لە دنیای هونەردا سەریان هەڵدا. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە هونەری چەمکی و پێرفۆرمێنس ئارت هاوکات لەگەڵ شێوازە نوێیەکانی وێنەکێشان خەریک‌بوون گەشەیان دەکرد. کەواتە ئەگەرچی هونەری هاوچەرخ بە شکاندنی بەربەستەکان و لادان لە نۆرم و یاساکانی جوانیناسی دەستی هونەرمەندی لە داهێنانی هونەریدا کراوەتر کرد و دەرفەتی داهێنانی زیاتری پێدان، بەڵام نەیتوانی بە یەکجارەکی وێنەکیشان لەنێو ببات. تەنانەت هەندێک لە هونەرمەندانی هاوچەرخی وەک “ترێیسی ئێمن” لە دوای کارکردن لە بواری ئینستەلێیشن لە تازەترین پێشانگایدا کە ئەمساڵ بەڕێوە چوو، تابلۆی نیگارەکانی نمایش کرد.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠٢٠، ١٠٠ بە ١٥٠

بەپیشەییبوونی هونەری شێوەکاری

ژمارەیەکی کەم لەو کەسانەی کاری شێوەکاری دەکەن دەتوانن بیکەنە پیشەیەک و داهاتی مادی بۆیان هەبێت. تەنات لە وڵاتانی ڕۆژاوایش کە بازاری هونەر چالاکە و ساڵانە  میلیۆنان دۆلار بۆ کڕین و فرۆشتنی بەرهەمە شێوەکارییەکان خەرج دەکرێت، هێشتاش ژمارەی ئەو کەسانەی لەو بازاڕەدا سەرکەوتوو دەبن بە بەراورد لە گەل ژمارەی گشتیی ئەو کەسانەی لەو بواردە کار دەکەن، زۆر کەمە. کردنی بەرهەمی شێوەکاریی بە سەرچاوەی داهات بۆ زۆربەی هونەرمەندان کارێکی ئاسان نییە، ئەوەی لە بازاڕی هونەر و بەگشتی لە مارکێتینگ شارازا بێت و بتوانێت لەو بازاڕەدا خۆی بناسێنیت یان لە لایەن فرۆشیاران و کیورێترەکانەوە سەرنجی بدرێتێ دەکرێ بڵێین بەخت ڕووی تێکردووە و دەتوانێت لە داهێنانەکانی دەستکەوتی مادی هەبێت. بەڵام لە کوردستان کە بازاڕی هونەری نییە یان زۆر لاوازە شێوەکاری ناتوانێت ببێتە پیشە. لەبەر ئەوەی بەرهەمی هونەری لە لایەن خەڵکەوە داواکاری لەسەر نییە کە ئەمە یەکەم مەرجی مارکێتینگە. هۆکاری سەرەکیی نەبوونی داواکاریش نەبوونی زانیاری و لاوازیی پەروەردەی هونەری لە کۆمەڵگەدایە.

 لەو وڵاتانەی بازاڕی هونەرییان گەرمە ئەگەر هونەرمەند هەوڵ بدات دەتوانێت هونەرەکەی بکاتە سەرچاوەی داهات. بەڵام ئەوە شتێکی ڕووەنە کە  لە کوردستان بازاڕی هونەرمان نییە. دەکرێ بڵیین گەلەری و کیورێیتێری هونەریمان هەر نییە. ئەگەر گەلەرییەکیش هەبێت ئەوە بینەری بەو رێژەیە نییە، لەبەر ئەوەی کات دانان بۆ چوونە گەلەری و دیتینی بەرهەمی شێوەکاری نەبووەتە کولتوور. ئەگەر بینەریش هەبێت کە ڕێژەی زۆر کەمە، کەم کەس هەیە بەرهەمەکان بکڕێت. ئەوەی من تێبینیم کردبێت لەناو بینەری کاری هونەری لە کوردستان دوو جۆرە بینەر هەن. جۆرێکیان کە زۆرینەن، ئەوانەن توانای کڕینی بەرهەمەکانیان هەیە بەڵام لە بایەخی کارەکان تێناگەن و پێیان خەسارە ئەو بەرهەمانە بکڕن. ژمارەیەکی کەمیش لە بینەران لە بایەخی بەرهەمەکان تێدەگەن و پێیان خۆشە ببنە خاوەنی بەرهەمەکان بەڵام توانای مادییان لەو ئاستەدا نییە بتوانن بەرهەمەکان بکڕن. ئەمانە چەند هۆکاریی سەرەکیین بووەنەتە ڕێگر و وای کردووە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە هونەرمەدانی کورد لە بە‌پیشەییکردنی هونەرەکەیاندا سەرکەوتوو ببن. ئەم ژمارە کەمەش کە سەرکەوتوو دەبن زۆربەیان  بازاڕی بەرهەمەکانیان لە وڵاتانی دیکەیە یان باشترە بڵێم کڕیارەکانیان خەڵکی بیانین. ئەگەرچی لەم چەند ساڵەی دواییدا بازاڕی ئۆنلاین دەرفەتی بە هونەرمەندان داوە بەرهەمەکانیان بە بینەری زیاتر پێشان بدەن بەڵام لەو جیهانە مەجازییەشدا سەلیقەکان هەمان سەلیقەی دنیای واقعین. هەمان ئەو کێشانەی لە بازاڕی هونەریی دنیای واقعیدا هەن، لەوێش هەن.

blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠٢٠، ١٠٠ بە ١٥٠

هونەر و سیاسەت

لەو ڕوانگەیەوە کە سیاسەت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و چارەنووس و داهاتووی جیهان و مرۆڤان هەیە و ئەم پەیوەندییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چڕتر دەبێت، هەروەها لەو ڕوانگەیەوە کە سەرەتاییترین مەبەستی هونەر پەیوەندی‌گرتن و دەربڕینی هەست و ئازارە، دەکرێت بڵێین “هەموو ئەکتێکی هونەری سیاسیشە”.کاریگەریی بڕیار و کردەوە سیاسییەکان لەسەر ژیانی مرۆڤ تا ڕادەیەکە، تەنانەت کاریگەریی لەسەر ئەو هەوایەش هەیە هەڵیدەمژین و پێی دەژین. بۆ نموونە ئەو کارەساتانەی مرۆڤ لەم ڕۆژانەدا بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا دەستە‌وئێخەیەتی، دەرئەنجامی سیاسەتە. سیاسەت کار لە ڕۆح‌ و هەستی مرۆڤ دەکات و تاکەکان لە سۆنگەی ئەو بارودۆخەی بە هۆی سیاسەت و بڕیارە سیاسییەکان بۆیان دەخوڵقێندرێت لە ژیان دەڕوانن. کەواتە هونەرمەندیش بەرهەمی دەوروبەر و ژینگەکەیەتی و لەوانەیە بێ‌ئەوەی مەبەستی بێت و بێ‌ئەوەی بۆخۆی هەستی پێ ‌بکات، سیاسەت خۆی دەخزێنێتە نێو بەرهەمە هونەرییەکانی.

هونەر و سیاسەت پەیوەندیی مێژوویی کۆنیان هەیە. دەکرێت ئەم پەیوەندییانە بەسەر چەند جۆردا دابەش بکرێن. ئەگەر بگەڕێنەوە سەردەمی دروستبوونی یەکەم شارستانییەتەکان، یەکێک لە گرینگترین ئامانجەکانی بەکارهێنانی هونەر بریتی بوو لە دەستگرتن بەسەریدا بە مەبەستی کاریگەریی دانان لەسەر تاکەکان و ملکەچکردن و ژێردەستەکرنی کۆمەڵگەکان ‌و پێداهەڵگوتن بە سیاسەتی پاشا و فەرمانڕەوایان. هاوکات لەگەڵ سەرەتای شارستانییەت مرۆڤ لە گرینگی هونەر وەک ئامرازێکی پەیوەندی‌گرتن تێگەیشتووە و دەستەڵاتداران و حکومەتەکان هەوڵیان داوە خەڵک و هاووڵاتییانیان بە کەڵکوەرگرتن لەم ئامرازە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. ئەم نموونە هونەرییانەی لە ئیمپراتوریەتەکانی مێزۆپۆتامیا بەردەستن، جگە لە بەهای جوانیناسییان ئامانج و ئەرکی سەرەکییان پڕوپاگەندە و برەودان بە دەستەڵاتی حاکمان بووە. نواندنی شکۆی پاشا و بەستنەوەی هێزیان بە خواوەندەکان‌ و وزە مێتافیزیکییەکان، شەڕ و سەرکەوتن، داگیرکردن و سەرکەوتن بەسەر دوژمندا بابەتی سەرەکیی پاشماوە هونەرییەکانی ئەو سەردەمەن. نموونەیەکی سەرەتایی و گرینگی بەجێماو لەو سەردەمە بۆ کەسە لە دار دروستکراوەکەی شاری ئورە کە دیمەنی شەڕی ئەو سەردەمەی لەسەر نەخشێندراوە. ئەو بەرهەمە هونەرییە سەرکەوتنی سۆمەرییەکان لە شەڕدا و شکستی بەرهەڵستکارانیان و بەکۆیلەکردنیان ‌و شکۆی ڕێبەرەکەیان پێشان دەدات. دەگوترێت سۆمەرییەکان لەگەڵ خۆیان دەیانبردە مەیدانی شەڕ و وەک ئاڵایەک بۆ وەبیرهێنانەوەی ئازایەتیی خۆیان و ترس خستنە دڵی دوژمنانیان هەڵیاندەدا.

ڕەوتی کەڵکوەرگرتن لە هونەر وەک بەهێزترین ئامرازی پڕوپاگەندە لە قۆناغە مێژووییەکان تا ئەم سەردەمەش بەردەوامە. لە سەردەمی مۆردێرندا و لە ماوەی شەڕە جیهانییەکان و بەتایبەت شەڕی جیهانیی دووەم وڵاتانی جیاواز و حکومەتە فاشیست و دیکتاتۆرەکان مێدیۆمە جیاوازە هونەرییەکانی وەک فیلم، بیناسازی، پۆستێریان وەک ئامرازی سەرەکیی پڕوپاگەندە و راکێشانی خەڵکی ئاسایی بۆ بەشداریی کردن لە شەڕ و بەرەوپێش بردنی مەرام و ئایدیۆلۆژیی خۆیان بەکار دەهێنا.

هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی هونەر لە بەرژەوەندیی دەستەڵاتدا، هونەر وەک ئامرازی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەکار هێنراوە. لە تەواوی بزووتنەوە و سەرهەڵدانی کۆمەڵگەکاندا هونەر وەک چەکێکی بەهێز لە دژی سەرکوتکاری، نایەکسانی و توندوتیژی کەڵکی لێوەرگیراوە. لەو کاتانەدا هونەر ڕۆڵی کاریگەری لە بردنە ژێر پرسیار و دژایەتی‌کردنی دەستەڵاتداران و هەوڵی لادانی بەربەستەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی دەنگهەڵبڕین لە جیاتیی ستەملێکراوان هەبووە. وەک چەند نموونەیەک لە دەرىڕینی نارەزایەتی و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی دەستەڵاتداران دەکرێت ئاماژە بە بزووتنەوەی ڕۆمانتیسم بکرێت کە هۆکارێکی سەرەکی سەرهەڵدانی دەربڕینی دژایەتی لەگەڵ شۆڕشی پیشەیی و سیاسەتی بەکار‌هێنانی زانست وەک ئامرازی دەستکاریکردنی سروشت بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کاڵای زیاتر و دابڕاندنی مرۆڤ لە سروشت و لە ئەنجامدا لە ڕۆح و شوناسی خۆی بوو. یەکێکی دیکە لە دیارترین نموونەکانی تێکەڵاویی هونەر و سیاسەت بزووتنەوەی دژە شەڕی داداییەکان لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم بوو کە بە هۆی هەستیاربوونی کۆمەڵێک نووسەر و هونەرمەند سەبارەت بە لێکەوتە وێرانکەرەکانی شەڕ بنیاتنرا و بە زمانێکی زبر ڕەخنەی لە بارودۆخی خوڵقیندراو بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانەوە گرت. تەنانەت لە هونەری هاوچەرخیشدا ئەو هونەرمەندانەی لە بەرهەمەکانیاندا زیاتر باس لە بابەتی سیاسی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی دەکەن، ناودارترن. (مارینا ئابرامۆڤیچ) کە یەکێک لەو هونەرمەندانەیە، ڕیشە و هۆکاری هەڵبژاردنی ژان و خوێن وەک تەوەری سەرەکی لە پێرفۆرمێنسەکانیدا دەرئەنجامی ئەزموونی ژیانی منداڵی لە سەردەمی دیکتاتۆریەتی کۆمۆنیستی لە سلۆڤاکیا و پەروەردەبوون لە بنەماڵەیەکی سەر بە ئەم ڕژێمە‌دایە. (ئای وی وی) هونەرمەندی خەڵکی وڵاتی چین بە هۆی ڕەخنەگرتن لە گەندەڵی و پێشێل‌کردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەستەڵاتدارانی وڵاتەکەی لە جیهاندا ناسراوە. (بەنکسی)، هونەرمەندی بەریتانی کە وەک چالاکڤانێکی دژی شەڕ، دژی کاڵاگەرایی، دژی فاشیزم و دژی داگیرکاری لە ڕێگەی گرافیتییە ڕەخنەگرانەکانی بەناوبانگ بووە.

بەرهەمی هونەرمەندانی کوردیش هەموو کات لەژێر کاریگەریی سیاسەتدا بووە بەتایبەت لەو ڕوانگەیەوە کە نەتەوەیەکین بە درێژاییی مێژوو دوژمنانمان لە هەوڵی لەناوبردنمان و داگیرکردنی خاکمان و ئاسمیلەکردنمان بوونە، هونەر یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی بەرنگاربوونەوە بووە. لە هەموو پارچەکانی کوردستان هونەرمەندان لە ڕێگەی بەرهەمە هونەرییەکانیانەوە لە دژی دارگیرکەرانیان هەڵوێستیان هەبووە. لە باشووری کوردستان لە بواری شێوەکاریدا لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە کە هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ هونەری شێوەکاریی مۆدێرن ئاشنا بوون، بەرهەمەکانیان هەر لە سەرەتاوە مۆرکی سیاسی پێوە دیارە. ئەم هونەرمەندانە کە لە حەفتاکانەوە بەرهەمەکانیان زیاتر تێکەڵ بە سیاسەت بووە، بەم هۆیەوە کە زۆربەیان تاڵی شەڕ و کارەساتەکانیان چێشتووە و تەنانەت لە نێویاندا کەسانێک هەن پێشمەرگە بوونە، سیاسەت بووەتە بەشێکی دانەبڕاو و تەوەری سەرەکیی بەرهەمەکانیان. ڕووداوە سیاسییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە بەرهەمەکانیاندا وێنا کراون. ئەگەرچی وەک نەتەوەیەکی دابەشکراو شێوازی ڕەنگدانەوەی سیاسەت لە بەرهەمی هونەرمەندانی هەموو بەشەکانی کوردستان جیاوازە بەڵام لە هەموو پارچەکان پەرۆشیی سەرەکییان کێشە و پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانیانە.

blank
ڕەنگی ڕۆنی و برین پێچ لەسەر کانڤاس
blank
ڕەنگی ڕۆنی لەسەر کانڤاس، ٢٠١٦، ٨٠ بە ٨٠
blank
ڕەنگی ئەکریلیک لە سەر کارتۆن، ٢٠١٧، ٧٠ بە ١٠٠
blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠٢٠، ٤٠ بە ٦٠
blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کارتۆن، ٢٠٢١، ٥٠ بە ٧٠
blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠٢١، ٨٠ بە ١٠٠
blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠١٨، ١٥٠ بە ١٥٠
blank
ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، ٢٠١٦، ٧٠ بە ١٢٠

سەرنجێک بنوسن