جەنگی جیهانیی چوارەم

-١-

خودا لە مرۆڤ هەڵدێ،

لە بۆشایی نێوان ڕەنگەکان و تۆنەکان،

لەو گۆرانییانەی بۆ خۆشبەختی وتران،

لەو  میوزیکەی سیحری لە دەنگی ئەو کرد،

ڕەنگە تاکە بوونەوەرێ خودا فریو بدا، مرۆڤ بێ.

-٢-

بایەک هەڵدەکا لەگەڵ خۆیا بێدەنگی و

تەنیایی و

سوڕانەوە بەدەوری سفردا دێنێ.

مرۆڤ سروشت فریو ئەدا.

-٣-

جەنگ دەست پێ ئەکا،

شەپۆلەکان

نەهامەتییەکان ئەخەنە دڵمان،

ڕۆحمان خاڵی ئەکەنەوە لە توڕەیی و

لە ڕوانین و

لە خودا.

-٤-

مردن هەڵدەکا،

بە شەقام و کۆڵان و گەڕەکەکاندا،

ژیان ترسنۆکانە خۆی ئەشارێتەوە.

مرۆڤ، ژیانیش فریو ئەدا.

-٥-

لەش ئاو ئەیبا و

ماسییەکان دڵیان تەنگ نابێ و

هیچ خاکێکیش نییە بکەوێتە کەناری.

مرۆڤ، دەریاکانیش فریو ئەدا.

-٦-

ئاگر بەرئەبێتە لەش و گیان،

داستانەکان بێدەنگ ئەبن و

شاخەکانیش ڕوویان ئەکەنە ئاسمان.

مرۆڤ، سەوزیش فریو ئەدا.

-٧-

بێدەنگی دێ و

ئەو گۆرانییانەی بۆ جوانی و

خاک و

خودا گوتران کۆتاییان دێ.

مرۆڤ، دەنگیش فریو ئەدا.

-٨-

ڕووناکی دێ،

بەدوای شوێنێ ئەگەڕێ لەدەرەوەی دەنگ و تۆن،

لەدەرەوەی ڕێکەوتن،

لەدەرەوەی بینیین.

ڕەنگە تاکە بوونەوەرێ مرۆڤ فریو بدا ڕووناکی بێ.


یۆنان

٢٠٢١/١١/٧

photo_٢٠٢١-١١-٠٩_١٩-١٤-٥٧

سەرنجێک بنوسن